ئارامتر بخوێنەوە!

کەی و چۆن بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد دەتوانێ سەرکەوێ؟

ئیدریس ئەحمەدی

چۆنە هێندێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوایەتی سەردەکەون، لە کاتێکدا هێندێکی دیکەیان شکست دێنن، یان تەنانەت دەسکەوتی پێشترمسۆگەرکراویان لەدەست دەدەن؟ لە وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، گوزارەی سەرەکیی ئەم وتارە بریتییە لەمە: بەدەر لەو کەیسانەی کە هێزی دەرەکی توانیویەتی ململانێی نێوان بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی و دەوڵەتێک یەکلا بکاتەوە، فاکتەرگەلێکی نێوخۆیی وەکوو یەکدەستبوونی بزووتنەوەیەک یان گرتنەبەری ستراتێژیی گونجاو، دەکرێ وەک مەرجی پێویست بۆ سەرکەوتن دابنرێن، نەک مەرجی بەس(کافی). بەڵکوو، بزووتنەوەیەک، کاتێک دەتوانێ سەرکەوێ کە ئەو دەوڵەتەی لەگەڵی لە ملمانێدایە، لاواز ببێ. هەر بەو پێیە، ڕێچکە و ماوەی ڕاگرتنی ئەو دەسکەوتانە، بەندن بە ڕادە و ماوەی درێژەکێشانی لاوازبوونی لایەنی بەرانبەر (واتە ئەو دەوڵەتەی کە بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی لەگەڵی لە ملمانێدایە). بە پێچەوانە، هەر ئەم فاکتەرەش دیاری دەکا ئایا دەسکەوتی بزووتنەوەیەکی دیاریکراو لەدەست دەچێ، یان ئەوەی بزووتنەوەکە ناچار بە پاشەکشە دەبێ، یان تووشی شکست دێت.


سەرەتا

ئەم وتارە هەوڵێکی سەرەتایییە بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە: چۆنە هێندێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوایەتی سەردەکەون، لە کاتێکدا هێندێکی دیکەیان شکست دێنن، یان تەنانەت دەسکەوتی پێشترمسۆگەرکراویان لەدەست دەدەن؟

هەرچەند لە درێژەی وتارەکەدا ئاماژە بە هێندێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە دنیادا دەدرێ، لێرەدا مەبەست وردبوونەوەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵات، باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

لەو لێکۆڵینەوانەی کە تاکوو ئێستا سەبارەت بەو بابەتە کراون، دەکرێ چەندین بۆچوونی جیاواز دەسنیشان بکرێن. بە گشتی، ئەو بۆچوونانە دەکرێ بە سەر دوو دەستەدا پۆلێن بکرێن؛ لە لایەکەوە، ئەوانەی کە لەمەڕ پرسی سەرکەوتن و شکست، تایبەتمەندیی نێوخۆییی بزووتنەوەی نەتەوایەتی وەک فاکتەری سەرەکی بەرجەستە دەکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی کە فاکتەری دەرەکی لەو بارەیەوە بە یەکلاکەرەوە لەقەڵەم دەدەن. دواتر، هەرکام لەمانە وردتر دەخرێنەڕوو.

گوزارە، یان دروستر بڵێین، گریمانەی سەرەکیی ئەم وتارەی بەردەست ئەمەیە: بەدەر لەو کەیسانەی کە هێزی دەرەکی توانیویەتی ململانێی نێوان بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی و دەوڵەتێک یەکلا بکاتەوە، بۆ نموونە لە کەیسی پشتیوانیی “ناتۆ” لە بزووتنەوەی کۆسۆڤۆئالبان، کە دواجار سەرکەوتنی ئەوانی لێ کەوتەوە، فاکتەرگەلێکی نێوخۆیی وەکوو یەکدەستبوونی بزووتنەوەیەک یان گرتنەبەری ستراتێژیی گونجاو، دەکرێ وەک مەرجی پێویست بۆ سەرکەوتن دابنرێن، نەک مەرجی بەس(کافی). بەڵکوو، بزووتنەوەیەک، کاتێک دەتوانێ سەرکەوێ کە ئەو دەوڵەتەی لە گەڵی لە ملمانێدایە، لاواز ببێ. هەر بەو پێیە، ڕێچکە و ماوەی ڕاگرتنی ئەو دەسکەوتانە، بەندن بە ڕادە و ماوەی درێژەکێشانی لاوازبوونی لایەنی بەرانبەر (واتە ئەو دەوڵەتەی کە بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی، لەگەڵی لە ملمانێدایە). بە پێچەوانەوە، هەر ئەم فاکتەرەش دیاریی دەکا ئایا دەسکەوتی بزووتنەوەیەکی دیاریکراو لەدەست دەچێ، یان ئەوەی بزووتنەوەکە ناچار بە پاشەکشە دەبێ، یان ئەوەی تووشی شکست دەبێ.


فاکتەری نێوخۆیی یان هەلومەرجی دەرەکی؟

کاتێک باس لە “سەرکەوتنی” بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی دەدکرێ، زۆرتر مەبەست مسۆگەرکردنی سەربەخۆیییە. هەڵبەت هەموو بزووتنەوەیەک ئامانجی سەربەخۆیی نییە. هەر بەو پێیە، لە دیدی هەر کام لە بزووتنەوە نەتەوایەتییەکانەوە، دەکرێ “سەرکەوتن” بە شێوەی جۆراوجۆر پێناسە بکرێ. دەکرێ بە مەبەستی لێکدانەوەی ئەو جۆراوجۆربوونە، جیاکاری لە نێوان “سەرکەوتنی سنوورداردا” وەک وەدەستهێنانی مافی خوێندن بە زمانی زگماکی و مافی کولتووری تا “سەرکەوتنی کۆتایی” لە شکڵی سەربەخۆییدا بکەین.

لە یەکەم هەوڵدا بۆ وەڵامدانەوە بە پرسیارێکی هاوشێوەی ئەو پرسیارەی سەرەوە، لێکۆڵەڕێک بە ناوی ئاندریو ماک (Andrew Mack) لە ساڵی ١٩٧٥ لە وتارێکدا سەبارەت بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئەلجەزایەر بە سەر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی فەرەنسەدا، ئەو سەرکەوتنەی لە بەر تیشکی پارسەنگی بەرژەوندیدا شی کردەوە. واتە، بەبۆچوونی ناوبراو، ئەو لایەنەی کە لە ململانێیەکی ناهاوسەنگدا(asymmetricconflict) لاوازترە، بە مەرجێ بەرژەوەندیی لە سەرکەوتندا زۆرتر بێ، دەتوانێ سەرکەوێ. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئەلجەزایەر بە نیسبەت فەرەنسە لاوازتر بوو، بەڵام بەرژەوەندیی لە سەرکەوتندا زۆرتر بوو؛ بۆیە ئیرادەشی بۆ سەرکەوتن زۆرتر بوو، چونکە خاکی خۆیان بوو، لە کاتێکدا فەرەنسە هێزێکی کۆلۆنیالیستی بوو. بە واتایەکی دیکە، ئیرادە دەتوانێ لەو جۆرە ململانێیانەدا ىڕیاردەر بێ، سەرەڕای ناهاوسەنگ بوونی ‌هێزی ئابووری و نیزامیی نێوان لایەنەکان. سەرکەوتنی بزووتنەوەی چەپ و نەتەوایەتیی باکووری ڤێتنام بەسەر ئەمریکادا، نموونەیەکی دیکەیە.

لێکۆڵەرێکی دیکە لە هەوڵێکی هاوشێوەدا، گرنگی دەدا بە هەڵبژاردنی ستراتێژیی نیزامیی گونجاو لە لایەن ئەو لایەنانەوە کە لە ململانێیەکی ناهاوسەنگی نیزامیدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. بە گوێرەی ئەم بۆچوونە، ئەگەر لە مملانێیەکی وادا، هەر دوولا ستراتێژیی وەک یەک هەڵبژێرن، بۆ نموونە شەڕکردن بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە شکڵی شەڕی جەبهەییدا، ئەوا بێ گومان لایەنی بەهێز براوە دەبێ، بەڵام ئەگەر لایەنی لاوز ناڕاستەوخۆ و بە کەڵکوەرگرتن لەستراتێژیی چریکی ڕووبەڕووی لایەنی بەهێز بێتەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە براوە بێ، مەگەر ئەوەی لایەنی بەهێزیش، کەڵک لە هەمان ستراتێژی وەرگرێ. بۆ نموونە، دەوڵەتی ئێران، عێراق و تورکییە کەڵکیان لە جاش وەرگرتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و گەریلا. هەر ئەمەش، ویڕای بەئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی و گۆڕینی دێموگرافی و تەنانەت جێنوسایدکردنی خەڵکی کوردستان، وای کردووە خەباتی چەکداری لە کوردستاندا ئەو دەسکەوتەی نەبێ کە لە وڵاتانی دیکەدا هەیبووە.

دوو لێکۆڵەری دیکە خەباتی مەدەنی وەک ستراتێژیی کاریگەر بەرجەستە دەکەنەوە، بۆ نموونە لە کەیسی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و زۆر کەیسی دیکە. هەڵبەت کە ئەگەڕێتەوە سەر بزووتنەوەی نەتەوایەتی، بەو دەرئەنجامە دەگەن کە نە شەڕ، نە خەباتی مەدەنی ناتوانن سەرکەوتن مسۆگەر بکەن، بەڵام بە بێ ئەوەی بە وردی هۆی ئەوە شی بکەنەوە.

لە دوو لێکۆڵینەوەی دیکەدا، بایەخ دراوەتە پێکهاتەی بزووتنەوەی (movement structure) نەتەوایەتی. یەکێکێان بەو دەرئەنجامە گەیشتووە کە ئەگەر بزووتنەوەیەک پێک هاتبێ لە چەندین ڕێکخراوە، یان لەتوپەت (fragmented) بێ، ئەگەری زۆرە لەلایەن ئەو حکوومەتەوە کە ملمانێی لە گەڵدا دەکا، تەنازولی بۆ بکرێ و بە هێندێک دەسکەوتی کەم بگا، چونکە حکوومەت ئەو فرەلایەنیی و لەتووپەتبوونە بە دەرفەتێک دەبینێ بۆ ئەوەی بە ملدان بۆ داخوازیی کەم، بێبەرییان بکا لە دەسکەوتی مەزنتر. بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە، لێکۆڵەرێکی دیکە پێداگریی دەکا کە تەنیا کاتێک لە نێو بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا ڕێکخراوێک هێژمۆنی بەدەست دێنێ، دەکرێ بە دەسکەوتی ستراتێژیک بگا. ئەگەر بزووتنەوەیەک لەتوپەت بێ، جەناح و ڕێکخراوەی جۆراوجۆر ناچار دەبن دژ بەیەکترڕاوستن. بزووتنەوەی لەتوپەت بە هۆی کێشە نێوخۆییەکانەوە، ناتۆانی بپرژێتە سەر تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی ستراتێژیک. بە گۆێرەی ئەم لێکۆڵێنەوە، بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو، بۆ نموونە لە شکڵی بەرەدا، بە ئەندازەی بزووتنەوەیەکی لەتوپەت چارەنووسی خراپ دەبێ، چوونکە ئەو جۆرە یەکگرتوویییە ناتوانێ کۆتایی بە مملانێی دەروون بزووتنەوە بێنێ. بە گۆێرەی ئەم بۆچوونە، تەنیا ڕێگای سەرکەوتن لەوە دایە ڕێکخراوێک بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بێ. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئێرێتێریا نموونەیەکە لەو بارەوە؛ هەتاکوو بزووتنەوەی ئێرێتێریا لەتوپەت بوو، یان تەنانەت ئەو کاتانەی کە یەکگرتوو بوو، هەر تووشی شکست دەهات، بەڵام کاتێک ڕێکخراوێک بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بوو، ئەوجا بزووتنەوەکە سەرکەوت.

هێندێک لێکۆڵەری دیکە زۆرتر گرنگی دەدەن بە پشتیوانیی دەرەکی وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی بتوانێ بە سەرکەوتن بگا. بۆ نموونە، خەباتی بزووتنەوەی باکووری کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ بزووتنەوەی کۆسۆڤۆ درێژخایەنتر و خوێناویتر بووە، بەڵام بە هۆی پشتیوانی و دەستێوەردانی نیزامیی “ناتۆ”، بزووتنەوەی کۆسۆڤۆ سەرکەوت، لە کاتێکدا بزووتنەوەی باکووری کوردستان هەر درێژەی بە خەبات داوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی پشتیوانیی دەرەکی، سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە.

لە درێژەی ئەم وتارەدا، هەوڵ دەدەم نیشانی بدەم کە لە کەیسی بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، نە ئیرادە، نە گرتنەبەری ستراتێژیی گونجاو، هەروەها نە جۆری پێکهاتەی ئەو بزووتنەوانە، فاکتەری یەکلاکەرەوە نەبوون، کاتێک سەرکەوتنی سنوورداریان وەدەست هێناوە. هەڵبەت پشتیوانیی دەرەکی، بە تایبەت لە لایەن زلهێزێکەوە، دەشێ یەکلاکەرەوە بێ، بەڵام هیچکام لە بزووتنەوەکانی کوردی لە هیچ بەشێکی کوردستاندا، پشتیوانیی دەرەکیی بە شێوەی درێژمەودا لێ نەکراوە.


دەرفەت، بەڵام کام دەرفەت و کەی؟

دەستەیەک لێکۆڵینەوەی دیکە هەیە کە مێژوویەکی دێرینتریان هەیە، بەڵام سەبارەت بە شکست و سەرکەوتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دراون. بە مانایەک، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و تەڤگەری نەتەوایەتی هاوشێوەن، هەردووکیان ئەکتەری نادەوڵەتین (لانیکەم تاکوو ئەو کاتەی نەگەیشتوونەتە دەسەڵات)، هەروەها دەکرێ ئامانج و ستراتێژییان هاوشێوە بێ (لە گۆڕینی ڕێژیمەوە بگرە تاکوو بەکاربردنی خەباتی چەکداری یان خەباتی مەدەنی). هەڵبەت بە پێچەوانەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، چ ئەوانەی ڕیفۆرمخواز یان شۆڕشگێڕن، بزووتنەوەی نەتەوەیی، ئامانجی وەدەستهێنانی سەروەرییە بە سەر خاکی خۆیدا، جا لە شکڵی خودموختاریدا بێ یان بە وەدەست هێنانی سەربەخۆیی.

لە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بۆچوونێکی باو هەیە کە گرنگی دەدا بە “دەرفەتی سیاسیی”. هەڵبەت ئەو دەرفەتانە دەشێ زۆر فاکتەر لە خۆ بگرن، لە قەیرانی ئابووری و سیاسییەوە بگرە تاکوو فاکتەری نێودەوڵەتی. لێرەدا بە پێویست نازانرێ بە وردی باس لەو جۆرە لێکۆڵینەوانە بکرێ، بەڵکوو لەم وتارەدا، گرنگی بە دەرفەتی سیاسیی دەدرێ بۆ شیکردنەوەی سەرکەوتن و شکست لە کەیسی بزووتنەوەی کورددا لە هەر چوار بەشی کوردستان.

وەک سەرەتا باس کرا، گوزارەی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە لە کاتی لەئارادبوونی دەرفەتی لەباردا، بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد دەتوانێ سەرکەوتن بەدەست بێنێ. بە هەمان شێوە، کاتێک ئەو دەرفەتە لەبارانە نامێنن، دەتوانین چاوەڕوانی پاشەکشەکردن و تەنانەت شکشتی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد بکەین.

ئەو دەرفەتە لەبارەش کاتێک دێتە ئاراوە کە ئەو دەوڵەتەی کە بزووتنەوەی کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لاواز بووبێ یان دەسەڵاتی تێکشکابێ. بە گشتی، لە سێ هەلومەرجدا ئەو جۆرە دەرفەتانە بەدی دێن:

  1. کاتێک کە هێزی دەرەکی دەستێوەردان لە یەکێک لەو چوار وڵاتەدا دەکەن کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئەویش بە مەرجێ ئەو جۆرە دەستێوەردانە ببێتە هۆی لاوازبوونی دەوڵەت لە هەرکام لەم وڵاتانەدا، دەرفەتی لەبار بۆ بزووتنەوەی کورد دێتە کایەوە بۆ وەدەستهێنانی دەسکەوت.

بۆ نموونە، سەرکەوتنی بزووتنەوەی سمایل ئاغای سمکۆ، هەروەها دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵات، دواتریش دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە باشوور، بە هۆی ئەو دەرفەتانەوە بوو کە پاش دەستێوەردانی زلهێزان لە ئێران و عێراق پاش شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی، هەروەها پاش شەڕی کەنداو هاتنە ئاراوە. لە هەر سێ کەیسدا، دەوڵەت لە ئێران و عێراق لاواز بوون. لە کەیسی حکومەتی هەرێمدا، پاش شەڕی ئەمریکا دژ بە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ڕێژیم لە بەغدا ڕووخێندرا، دواتریش پێگەی هەرێم لە دی فاکتۆوە (de facto) لە ساڵی ٢٠٠٤ بەدواوە، بوو بەپێگەیەکی دەستووری.

 بزووتنەوەی سمکۆ، یەکدەست بوو. هێشتا حیزبی مۆدێرن لە کوردستان لەو کاتەدا، جێ نەکەوتبوو. هەرچەند بارودۆخ لە کاتی دامەزراندانی کۆماری کوردستاندا گۆڕابوو، حیزبی دێموکرات وەکوو تاکە حیزب، خاوەن هێژمۆنی بوو، ئەویش بە ڕادەیەک کە لە کۆماری کوردستاندا، تاکە حیزبێک حکومەتی دەکرد. لە باشوور، پارتی و یەکێتی دوو حیزبی سەرەکی بوون، هەروەها پێش شەڕی کەنداو، بەرەیان لەگەڵ حیزبەکانی دیکە پێک هێنابوو (هەرچەند ئەو بەرەیە دواتر نەیتوانی ڕێگری لە شەڕی نێوخۆیی بکا).

سەبارەت بە بزووتنەوەی سمکۆ، سەرچاوەی کەم لەبەردەستدا هایە، بەڵام سەبارەت بە کۆماری کوردستان، سەرچاوەکان دەڵێن کە عەشیرەتەکان بە هۆی هێزی نیزامییانەوە، پێگەیەکی گرنگیان هەوبوو، دواجاریش هێندێکیان خەیانەتیان لە کۆمار کرد. لە باشوور، سەرەڕای شەڕی نێوخۆیی و گەمارۆی ئابووری، هەروەها سەرەڕای دەستێوەردانی ئێران و تورکییە بە مەبەستی درێژکردنەوەی شەڕی نێوخۆیی، ستراتێژیی تێکەڵپێجانی (مهار کردن) عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، حکومەتی بەعسی پووچەڵ کردبووە. هەر ئەمەش وای کرد کە حکومەتی هەرێم، سەرەڕای دابەشبوونی، توانی بمێنێتەوە. بزووتنەوەی سمکۆ و کۆماری کوردستان بە هۆی بەهێزبوونی ئێران وێڕای نەبوونی پشتیوانیی دەرەکی لێیان، دواجار تووشی شکست و نەمان هاتن.

گومانی تێدا نییە، ئەگەر بزووتنەوەی سمکۆ لەتوپەپ بوایە، هەروەها ئەگەر حیزبی دێموکرات خاوەن هێژمۆنی نەبوایە، لە ڕۆژهەڵات نەدەکرا کەڵک لە دەرفەتی لەباری پاش شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی وەرگیرابا. بە هەمان شێوە، ئەگەر لە باشوور ڕێکختسنی یەکێتی و پارتی نەبوایە، نەدەکرا کوردی باشوور کەڵک لەو دەرفەتە وەرگرن کە پاش شەڕی کەنداو هاتە کایەوە. ئەگەر بزووتنەوەی باشوور لەتوپەت نەبوایە و شەڕی نێوخۆیی بەرۆکی نەگرتبایە، دەکرا کەڵکی باشتر لە دەرفەتی نەوەدەکان، هەروەها دەرفەتی پاش ٢٠٠٣ لە پێناو دەوڵەتسازیدا وەرگیرابا.

  1. کاتێک لە یەکێک لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، شۆڕش، کودەتا یان شەڕی نێوخۆیی ڕوو بدا، بە مەرجێ دەوڵەت لە پرۆسەیەکی وادا لاواز بێ، دەرفەتی لەبار بۆ بزووتنەوەی کورد دێتە کایەوە بۆ وەدەستهێنانی دەسکەوت.

بۆ نموونە، دوای کودەتا، یان بە گوێرەی هێندێک لایەن، شۆڕشی ١٩٥٨ لە عێراق و هاتنە سەرکاری حکومەتی عەبدولکەریم قاسم، دەرفەت ساز بوو بۆ پارتی تاکوو لە تاراوگەوە بگەڕێتەوە بۆ باشوور، هەروەها خۆی ڕێک بخاتەوە و دەور بگێڕێ لە سیاسەتی عێراقدا. دەسکەوتی ئەم قۆناغە، بەفەرمی ناسینی عێراق بوو وەک وڵاتێکی دوونەتەوەیی، هەرچەند دواجار ئەو کرانەوەیە داخرا و بزووتنەوەی کورد و دەوڵەتی عێراق تووشی شەڕ هاتن.

بە هەمان شێوە، شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دەرفەتی بۆ حیزبی دێموکرات پێک هێنا تاکوو لە تاراوگەوە بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و خۆی ڕێک بخاتەوە و ببێ بە سەرەکیترین هێز، هەرچەند ئەو شۆڕشە دەرفەتی بۆ کۆمەڵە و هێندێک ڕێکخراوی دیکەش ساز کرد کە سەرهەڵبدەن و کاری ڕێکخستنی بکەن. دەسکەوتی ئەم قۆناغە مەلمووس نەبوو، بەڵام بووژاندنەوەی خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵات، هەروەها بەرزکردنەوەی مەسەلەی کورد وەک پرسێکی گرنگ لە ئێراندا وێڕای دانوستاندن لە گەڵ کۆماری ئیسلامی، دواتریش بەربەرەکانێی جەماوەری و پیشمەرگە دژ بە هێزەکانی ڕێژیم، سەنگی سیاسی و نیزامیی کوردستانی لە ئێراندا بەرجەستە کردەوە. تاکوو خاکی کوردستان بەدەستی پێشمەرگەوە بوو، کە لە خوێدا دەبێ بە دەسکەوت بێتە ئەژمار، حیزبی دێموکرات و تا ڕادەیەک کۆمەڵە بە شێوەی دیفاکتۆ حکوومەتیان دەکرد.

نوێترین کەیس لەو بارەوە، سەرهەڵدانی رێڤەبەریی خۆسەرە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە بە بێ شەڕی نێوخۆیی لە سوورییە و داڕمانی دەسەڵاتی حکومەی ناوەندی، مەحاڵە ئەو خۆسەرییە دامەزرابایەت. گومانی تێدا نییە، هێژمۆنی پەیەدە لە ڕۆژئاوا وای کرد کەڵک لەو دەرفەتە وەرگیردرێ، بەڵام ئەو هێژمۆنییەی پەیەدە مەرجی پێویست بوو بۆ ئەوەی کوردی ڕۆژئاوا حکومەتی خودموختار پێک بێنن، نەک مەرجی بەس. بۆیە چارەنووسی دواجار بەندە بە بارودۆخی سیاسی و نیزامی لە سوورییە، هەرچەند بە هۆی دژایەتیکردنی تورکییە، کە بە نۆرەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ سەربەخۆ نەبوونی پەیەدە بە نیسبەت پەکەکەوە، ئەو خودموختارییە نەک تەنیا سنووردارکراوەتەوە، بەڵکوو لە بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوادا، تورکییە گۆڕینی دێموگرافیی ئەنجام داوە.

  1. ململانێی جیۆسیاسیی نێوان ئەو چوار دەوڵەتە دەتوانێ دەرفەت بۆ بزووتنەوەی کورد لە بەشێک لە کوردستاندا پێک بێنێ بۆ ئەوەی بە پشتیوانیی یەکێک لەو دەوڵەتانە، خەباتی چەکداری بکا.

نموونەی بەرچاو لەو بارەیەوە، خەباتی چەکداریی پارتی بوو دژ بە عێراق بە پاڵپشتیی ئێران و ناڕاستەوخۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ١٩٦١ەوە تاکوو ڕێکەوتنی ئەلجەزایەر لە ساڵی ١٩٧٥، کە شکستی بزووتنەوەی کوردی لێ کەوتەوە. دەسکەوتی ئەم سەردەمە، ڕێکەوتنی ١١ ئازار بوو لەسەر ئوتۆنۆمی، کە هەڵبەت جێبەجێ نەکرا.

بە هەمان شێوە، شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق دەرفەتی پێک هێنا بۆ حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بە پشتیوانیی حکوومەتی عێراق لە لایەک، هەروەها پارتی و یەکێتی بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی بتوانن خەباتی چەکداری بێ دابڕانی چەندین ساڵە ئەنجام بدەن. هەرچەند دەسکەوتی مەلمووس لەم قۆناغەدا تۆمار نەکراوە، بەڵام درێژەدانی خەباتی نەتەوایەتی لەو دوو بەشەی کوردستان، هەروەها بەنێودەوڵەتیکردنی مەسلەی کورد، دەشێ وەک دەسکەوتی ناڕاستەوخۆ لەقەڵەم بدرێ.

بە هەمان شێوە، ململانێی نێوان تورکییە و سوورییە زەمینەی ساز کرد بۆ ئەوەی پەکەکە بتوانێ چەندین دەیە خەباتی چەکداری بکات. هەرچەند ئەو خەباتە هەر درێژەی هەیە، بەڵام دەرفەتی سنوورداری سیاسی لە تورکییە ویڕای گوشاری یەکێتیی ئەوروپا، دواجار بووە هۆی دانپێدانان بە بوونی کورد لە تورکییە و سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەری و سەرهەڵدانی حیزبی “قانوونی” کە داکۆکی لە بەرژەوەندیی کورد لە پەرلەمانی تورکییەدا بکا. ئەمەش بە بێ خەباتی چەکداری، کە هەروەها بووە هۆی بەرپەرچدانەوەی پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆنی کورد، نەدەهاتە دی.

شێوەیەکی دیکە بۆ سەلماندنی گرنگیی دەرفەتی لەبار لەو بابەتەی کە لێرەدا مەبەستە، واتە لاوازبوونی دەوڵەت لە ئێران، عێراق، تورکییە و سوورییە لەو سێ هەلومەرجەی کە دەستنیشان کران، وێناکردنی لەئارادا بوونی ئیرادە، ستراتێژیی گونجاو، هەروەها هێژمۆنیی ڕێکخراوێک لە نێو بزووتنەوەیەکدایە، بەڵام بە بێ ئەو جۆرە دەرفەتانە. پرسیار ئەوەیە کە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد دەتوانێ بە بێ دەرفەتی لەبار سەرکەوێ، یان نا؟ مێژووی بزووتنەوەی کورد پێمان دەڵێ، نەخێر. کەیسی تورکییەی لێ بەدەر، کە ئەوەیش بە نۆرەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ کرانەوەی ڕێژەیی لە سیستەمی نیمچە دێموکراتیک لەو وڵاتەدا لە هێندێک قۆناغدا.

کەوابوو، دروستتر وایە لەئارادا بوونی ئیرادە، ستراتێژیی گونجاو، هەروەها هێژمۆنیی ڕێکخراوێک لە نێو بزووتنەوەیەکدا وەک مەرجێ پێویست ببیندرێن، نەک مەرجی بەس.

سەبارەت بە ئیرادە دەبێ ئەوەی لێ زیاد بکرێ کە کەم بزووتنەوە لە دنیادا وەکوو بزووتنەوەی کورد ئیرادەی لە خۆی نیشان داوە، بەڵام ئێران، عێراق، تورکییە و سوورییە، دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی لەو بابەتە نین کە لە دوورەوە هاتبێتن و کوردستانیان داگیرکردبێ، هەروەها کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وایان چاو لێ ناکا، ئەمە وێڕای ئەوەی کە کوردستان بە خاکی خۆیان دەزانن و ئەو سیاسەتەیان، پشتیوانیی جەماوەر و تەنانەت گرووپە ئوپۆزیسیۆنەکانی فارس، عەرەب و تورکی لە پشتە. کەوابوو، نزیکیی جوگرافی وای کردووە کە پارسەنگی بەرژەوەندی، ئەو دەورەی لە کوردستاندا نەبێ کە لە ئەلجەزایەر یان ڤیتەنام هەیبوو.

لێرەدا هەڵسەنگاندێک بۆ ئەو بۆچوونە نەکرا کە دەڵێ لەتوپەت بوونی بزووتنەوەیەک دەتوانێ ببێتە هۆی دانوستاندن و تەنازولکردنی حکومەتی ناوەندی بۆ هێندێک داخوازیی سیاسی سەرەتایی یان مینیماڵ. ڕاستە لە باشوور و ڕۆژهەڵات حکوومەتی ناوەندی دانوستاندنیان لەگەڵ بزووتنەوەی کورد کردووە (لەو کاتانەی کە ئەم بزووتنەوانە لەتوپەت بوون)، بەڵام زۆرتر تاکتیکی و بۆ کڕینی کات ئەنجام دراون. بۆیە، ئەو بۆچوونە لە کەیسی بزووتنەوەی کورددا، دروست نییە.


دەرئەنجام

ئەگەر گریمانەی ئەم وتارە دروست بێ، ئەوجاو ئەوانەی رەخنە لە بزووتنەوەی کورد دەگرن و دەڵێن، هۆکاری سەرکەوتنیان نەبوونی “یەکگرتوویییە”، یان ئەوەی “ستراتێژیی ڕوونیان” نییە، یان ئەوەی گۆیا “نەتەوەیی” نین یان ئەوەی سەرنەکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی داوای سەربەخۆیییان نەکردووە یان نایکەن، بەهەڵەدا چوون. بێ گومان، یەکڕیزی، ستراتێژیی گونجاو و هتد، هەموو ئەوانە گرنگن، بەڵام دەبێ وەک مەرجی پێویست ببیندرێن؛ لە خۆیاندا بەس نین بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتن. بەڵکوو هێز، یان لاوازبوونی لایەنی بەرانبەر، یەکلاکەرەوەیە.

تەنیا دێموکراسی، بە مەرجێک شێوە دێموکراسییەک بێ کە لە ڕووی دەستوورییە مافی نەتەوایەتیی کورد مسۆگەر بکا، دەتوانێ جێگای هێز بگرێتەوە. لە بارودۆخێکی وادا، شەڕ درێژەی سیاسەت نابێ، بەڵکوو هێزی نیزامی هەڵدەپەسێردرێ و جێگا دەدا بە سیاسەتی دەستووری. پێشمەرجی ئەوەش پەسەندکردنی دێموکراسییە لە ئاست نوخبە و جەماوەردا لە ئێران، عێراق، تورکییە و سورییە، کە بە نۆرەی خۆی بەندە بە گۆڕانێک لە ناسیۆنالیزمی فارس، تورک و عەرەبدا بەڕادەیەک کە ڕێگا خۆش بکا بۆ دانپێدانان بە ناسنامە و مافی نەتەوایەتیی کورد. ئەمە لە سپانیا پاش کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت، هاتە دی، هەڵبەت بە بێ ئەوەی نەتەوەی باسک و کاتالان سەربەخۆیی بەدەست بێنن، بەڵکوو دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتی لە شکڵی خودموختاری یان ئوتۆنۆمیدا بۆ وڵاتی باسک و کاتالۆنیا.

بە کورتی، لە گەڵ ئەوەی دامەزراوەیەک وەک دێموکراسی دەتوانێ دەوری هێزی نیزامی هەڵپەسێری، لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناویندا، هێزی نیزامی یەکلاکەرەوەیە لە سیاسەتدا. بۆیە، لەڕۆژهەڵاتی ناویندا، بە تایبەت کە ئەگەڕێتەوە سەر مەسەلەی نەتەوایەتی، شەڕ هەروا درێژەی سیاسەت دەبێ.

سەرکەوتن و شکستی بزووتنەوەی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان بەندە بە ئەگەر، ڕادە و ماوەی لاوازبوون یان بەهێزبوونی دەوڵەت لە ئێران، عێراق، تورکییە و سورییە.

بێ گومان، ئەگەر دەرفەتی لەبار بۆ کورد بێتە کایەوە، بەهۆی نەبوونی ڕێکخستن، هەروەها نەبوونی ڕێکخراوێک کە خاوەنی هێژمۆنی بێ، ناکرێ کەڵک لەو دەرفەتانە وەربگیردرێ. لەتوپەتبوون دەتوانێ وا بکا کورد دەرفەتی زێڕین لەدەست بدا. سەرکەوتن لە هێژمۆنی، ستراتێژیی گونجاو و دەرفەتی لەباردایە، مەگەر ئەوەی ئەو چوار دەوڵەتە بەرەو دێموکراسی هەنگاو هەڵگرن. هەڵبەت لە وەها سێناریۆیەکدا، هێژمۆنیی ڕێکخراوێک پێویستە بۆ کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی دێموکراتیک. هەڵبەت بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەر، لێرەدا مەبەست لە “هێژمۆنی” دەسەڵاتی تەک حیزبی نییە.

ئامانجی بزووتنەوەی کورد هەم ڕزگارییە هەمیش دێموکراسی. هەموو جۆرە هێژمۆنییەک لە گەڵ دیاردەی فرەحیزبی و دێموکراسی گونجاو نییە، مەگەر ئەوەی ڕێکخراوێکی خاوەن هێژمۆنی بۆ خۆی باوەڕی بە دێموکراسیی پاش قۆناغی ڕزگاری هەبێ، دەنا مەترسیی ئەوە هەیە هێژمۆنیی ڕێکخراوێک کە باوەڕی بە دێموکراسی نییە، پاش ڕزگاری، دیکتاتۆرییەتی لێ بکەوێتەوە. هەڵبەت ڕوونە کە دیاردەی فرەحیزبی لەتوپەتبوونی لێ دەکەوێتەوە، هەروەها نەک تەنیا ڕێگرە لە سەرکەوتن و هۆکاری سەرەکیی شەڕی نێوخۆییە، بەڵکوو لە قۆناغی پێش ڕزگاریدا، ئانارشی، نەك دێموکراسی، پتەوە دەکا.

دیاردەی فرەحیزبی لەڕۆژهەڵات ئەمری واقعە، هەرچەند دەکرێ بە یەکبوونەوەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، خەتەری لەتوپەتبوون کەم بکرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، هەبوونی یەک هێزی چەکدار کە بتوانێ تەنانەت پێش قۆناغی ڕزگاری وەک سپای نەتەوەیی خۆی ڕێک بخا، دەتوانێ ڕێگر بێ لە شەڕی نێوخۆیی. هەرچەند شکڵگرتنی سپایەکی وا مومکین دێتە بەرچاو، لە کردەوەدا ڕەنگە ئەستەم بێ. ڕێگاچارەیەک بۆ قۆناغی پێش ڕزگاری ئەوەیە حیزبگەلێک کە لەڕووی ئایدیۆلۆژی و فکرییەوە نزیکین، هەوڵ بدەن ببن بە یەك حیزب لە پێناو ڕووبەڕوونەوەی خەتەری لەتوپەتبوون بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کورد بتوانێ کەڵک لە دەرفەتی لەبار وەربگرێ و سەرکەوتن وەدەست بێنێ.



سەرچاوە

Ahmedi, I. 2018. Explaining Variation in Political Gains: The Case of Iranian Kurdistan, in Serhun Al & Emel Tugdar (eds.) Comparative Kurdish Politics in the Middle East: Actors, Ideas, Interests. New York: Palgrave, 2018.

Arreguin-Toft, I. 2005. How the Weak Win Wars: A Theory of Asymmetric Conflict. New York: Cambridge University Pres.

Chenoweth, E. & Stephan, M. 2011. Why Civil Resistance Works (New York: Columbia University Press, 2011).

Cunningham, K. 2014. Inside the Politics of Self-determination. Oxford: Oxford University Press.

Giugni, M. “Was it worth the effort? The Outcomes and Consequences of Social Movements,” Annual Review of Sociology, 98 (1998).

Gunes, C. 2019. The Kurds in a New Middle East: The Changing Geopolitics of a Regional Conflict. London: Palgrave Macmillan.

Gutaj, P. and Al, S. “Statehood and the political dynamics of insurgency: KLA and PKK in comparative perspective,” Journal of Balkan and Near Eastern Studies, 19:2 (2017).

Harvey, W. “Strategies for conducting elite interviews,” Qualitative Research, 11:4 (2011).

Hendrix, C. 2010. “Measuring state capacity: Theoretical and empirical implications for the study of civil conflict,” Journal of Peace Research, 47:3 (2010).

Koopmans, R. “The missing link between structure and agency: Outline of an evolutionary approach to social movements,” Mobilization, 10:1 (2005).

Krause, P. “The Structure of Success: How the Internal Distribution of Power Drives Armed Group Behavior and National Movement Effectiveness,” International Security, 38:3 (2013/14).

Krause, P. 2017. Rebel Power: Why National Movements Compete, Fight, and Win. Ithaca & London: Cornell University Press.

McAdam, D. & Boudet, H. 2012. Putting Social Movements in their Place: Explaining Opposition to Energy Projects in the United States, 2000-2005. Cambridge: Cambridge University Press.

Mack, A. “Why Big Nations Lose Small Wars: The Politics of Asymmetric Conflict.” World Politics 27:2 (1975).

Natali, D. 2005. The Kurds and the State: Evolving National Identity, in Iraq, Turkey, and Iran. New York: Syracuse University Press.

McDowall, D. 1996. A Modern History of the Kurds. London: I.B. Tauris.

Record, J. 2007. Beating Goliath: Why Insurgencies Win. Washington, DC: Potomac Books.

Romano, D. 2006. The Kurdish Nationalist Movement: Opportunity, Mobilization and Identity. Cambridge: Cambridge University Press.

Vali, A. 2011. Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity. London: I.B. Tauris.