ئارامتر بخوێنەوە!
پەروەردە له قۆناغی ڕاپەڕیندا
سەرۆ شەمزینی
“لە جیهانی پێش مۆدێڕندا شێوازی پەروەردە زیاتر لە سەرەوە بۆ خوارەوە بووە. پەروەردەیەکی لەو چەشنه پێویستی به دامودەزگای فەرمیی پەروەردەوە هەیە. بەڵام لە جیهانی مۆدێڕن و پاش مۆدێڕنی ئێستادا، پەروەردە زیاتر سروشتێکی ڕایەڵەیی و ناهیرەمی هەیە. لەم جیهانەدا ئەگەر دیسکۆرسێکی نەتەوەیی بەهێز لەگۆڕێدا هەبێ، بەهۆی سروشتی ڕایەڵەییی جیهانەوە، ئەو گوتارە، نابەئاگایانە و نابەرهەست و نافەرمی لە هەموو ئاستەکاندا بڵاو دەبێتەوە.“
هەندێک لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان سروشتێکی کاتییان هەبووە، واتە بۆ ماوەیەک دامەزراون و دواتر هەڵوەشاونەتەوە. یان زۆر دەورانی وا هەبووە مرۆڤ بە بێ ئەو دامەزراوانە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی بەڕێوە بردووە و ئاستەنگێکی ئەوتۆش نەکەوتووەتە ناو ژیان و کاروبارەکانییەوە. بەڵام هەندێک دامەزراوەی کۆمەڵایەتی هەبوون کە بە درێژاییی ژیانی مرۆڤ لە مێژوودا لەگەڵیدا بوون و لێی جیا نەبوونەتەوە. ئەو دامەزراوانە بە ئەژمار زۆر نین، بەڵام به گرینگایەتی و قورسایەتی بنچینەی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤیان پێک هێناوە. یەکێک لەو دامەزراوانە “پەرورەدە و فێرکاری”یە. دامەزراوەی پەروەردە دەکەوێتە پاڵ هەندێک دامەزراوەی تری وەک “سیاسەت”، “ئابووری”، “بنەماڵە”، “ئایین” و … ئەم قسەیە بەم مانایەیە کە لە هیچ دەورەیەکی مێژووییدا ژیانی مرۆڤ لەو دامەزراوانە بەتاڵ نەبووه و کاروباری کۆمەڵایەتیی مرۆڤ بەهۆی ئەم دامەزراوانەوە ڕاپەڕیوە. ڕەنگه بتوانین بڵێین فۆنکسیۆن یان کارکردی ئەو دامەزراوانە بەدرێژاییی مێژوو نەگۆڕ بوون بەڵام شێوە و جۆرەکانیان گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە سیاسەتی خێڵ بە شێوازێک بەڕێوە چووە و سیاسەتی کۆمەڵگای مۆدێڕنیش به شێوازێکی دیکە بەڕێوە چووە. بەڵام ئەوەی لەم ناوەدا لە دەورانی ژیانی خێڵایەتییەوە هەتا دەورانی مۆدێڕن گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، مودیرییەتی سەرچاوەکانی دەسەڵاتە. دامەزراوەکانی دیکەش بەم چەشنەن. ئابووری مۆدێل و سیستەمی جۆراوجۆری هەبووە. لە دەورانە سەرەتاییەکانی مێژووەوە هەتا ئێستا، ئابووری هەر هاتووە و لە شێوازی ساکار و سەرەتاییەوە بۆلای شێوازەکانی ئاڵۆزتر و پێچەڵپێچتر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە دەورانی مۆدێڕندا مۆدێلە ڕکەبەرە ئابوورییەکان پێکەوە لە ڕکەبەرایەتیدا بوون. بەڵام لە هەموو دەورانەکاندا و لە هەموو مۆدێلەکاندا فۆنکسیۆنی دامەزراوەی ئابووری ئەوە بووە کە مودیرییەتی شێوازەکانی بەرهەمهێنان و دابەش کردن و مەسرەف کردن بکا.
دامەزراوەی پەروەردە و فێرکارییش هەر بەم شێوەیە بەدرێژاییی مێژوو، خاوەنی فۆنکسیۆنێکی نەگۆڕ و مۆدێل و شێوازی زۆر جۆراوجۆر بووە. کارکردی دامەزراوەی پەروەردە بەگشتی بریتی بووە لە ڕاگواستنی زانیاریی بەردەست و مەوجوود و ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەرهەم هێنانی زانیاریی نوێ.
دامەزراوەی پەروەردەش لە دەورانی کۆنەوە هەتا دەورانی مۆدێڕن گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە. لە سەرچاوە زانستییەکانی تایبەت به فەلسەفەی پەروەردەدا، ڕەنگه زۆر باسی جۆراوجۆر کرابێ. باسێک کە جەختی کەمتری لەسەر کراوە بریتییە لە جیاوازییەک کە لە نێوان سیستەمی پەروەردە لە وڵاتێکی سەربەخۆدا و سیستەمی پەروەردە لە کۆمەڵگایەکی شێوە کۆلۆنیالدا لەگۆڕێدایە.
دیارە پێویست به لەسەر ڕۆێشتنی زۆر ناکا کە ئەو دەرەتان و کۆمەڵە ئیمکاناتەی لە وڵاتە سەربەخۆکاندا بۆ پەروەردە و فێرکاری لەبەردەستدایە لە وڵاتە شێوە کۆلۆنیالەکاندا نییە، یان ئەگەر هەیە لە خزمەت سیاسەتی کۆلۆنیالیستیدایە. واتە ئەو دیاردەیەی بۆ دەسەڵاتدار و داگیرکەر به پەروەردە ئەژمار دەکرێ، بۆ گەلی ژێردەست به دژەپەروەردە ئەژمار دەکرێ.
پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە: لە وڵاتێکدا کە کەرەستە سەختئامێرییەکان و دەرەتانە نەرمئامێرییەکانی پەرورەدە لەبەر دەستی دەسەڵاتی خۆماڵیدا نییە، سیستەمی پەروەردە دەبێ چۆن ڕێک بخرێ هەتا لە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا بێ؟
بەگشتی دەکرێ دوو شێوازی گشتی بۆ پەروەردە دەسنیشان بکەین. لە شێوازێکدا پەروەردە به شێوەی نابەئاگا بەڕێوەدەچێ. واتە نە فێرکار و نە فێرخواز ئاگاداری ئەوە نین کە خەریکن شتێک فێر دەکەن یان فێر دەبن. ئەم زانیارییانەی بەم چەشنە دەگوازرێنەوە وەک نیشتنی ئارام و لەسەرخۆی بارستایییەکی زۆر لە مادەیەک لە بەستێنی دەریایەکدایە کە دوای ماوەیەکی زۆر ئیدی دەبێ به چینێکی سەخت و لەشکاننەهاتووی بەستێنەکە. یان وەک شوێنی ئەو ئاوەیە کە بە درێژاییی زەمان لەسەر بەردێک دەمێنێتەوە و دەبێت بە بەشێک لە ڕووبەری بەردەکە. بە درێژاییی ژیانی بەشەر ئەم چەشنە پەروەردەیە هەبووە. لەڕاستیدا ئەو بابەتانەی بەم شێوەیە ڕاگوێزراون هەر ئەوەیە کە به “تڕادیسیۆن” یان “سوننەت” یان “نەریت” ناسراون. کۆمەڵگای مرۆڤ تایبەتمەندیی نەریتهەڵگر بوون یان فەرهەنگهەڵگر بوونی هەیە. ئەم تایبەتمەندییە ڕێک لەم شێوازە پەروەردە نابەئاگایانەوە هاتووە. نەریت یان فەرهەنگ وەک هەوا وایە کە هەموو ئاقاری دەوروبەری ئێمەی تەنیوەتەوە و ئێمەش هەڵیدەمژین و پێیەوە زیندووین بەڵام ڕەنگه نەیبینین و هەستی پێ نەکەین. هەر بەرەیەک نەریتەکان لە بەرەی پێش خۆی وەردەگرێ و بۆ بەرەکانی دوای خۆی ڕایدەگوێزێ.
جۆری دووەمی پەروەردە، پەروەردەی ئاگایانەیە. لەم شێوە پەروەردەیەدا هەم فێرکار و هەم فێرخواز ئاگاداری ئەوەن کە خەریکن بابەتێک فێر دەکەن یان فێر دەبن. ئەم جۆرە پەروەردە ئاگادارانەیە، خۆی دوو شێوەی هەیە. لە یەکێکیاندا فێرکارەکە، فێرخوازەکە فێری شتێک دەکا هەتا لە دواڕۆژدا وەک خۆی لێ بێ؛ واتە فێرخواز هاوشێوەی فێرکاری لێ بێ. بۆ نموونە نیگارکێشێک قوتابییەکی خۆی فێری تەکنیکەکانی نیگارکێشی دەکا هەتا لە دواڕۆژدا وەک خۆی ببێ به نیگارکێش، یان دارتاشێک کەسێک فێری دارتاشی دەکا هەتا لە داهاتوودا ئەویش ببێ به دارتاش. لە شێوەی دووهەمدا فێرکار بابەتێک فێری فێرخوازەکە دەکا بەڵام نەک بەو نییەتەی حەتمەن ببێ بە پسپۆری ئەو بوارە، بەڵکوو لەبەر ئەوە فێری دەکا کە فێرخوازەکە ئەم بابەتەی بۆ ڕاهێنانێکی گشتی پێویستە. بۆ نموونە قوتابییەکی دواناوەندی زۆریەک لە وانەکانی بیرکاری و فیزیک و شیمی و زیندەوەرناسی و مێژوو و جوغرافیا دەخوێنێ، بەڵام قەرار نییە ببێت به پسپۆڕی ئەم بوارانە.
دیارە لە کۆمەڵگادا هەموو ئەو جۆرە فێرکارییانە کەم و زۆر کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئێمە ئەوە بوو که بۆ کەمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای کوردستان کە لە دۆخێکی تایبەتدایە، چ شێوە ڕوانینێک و چ مۆدێلێکی پەروەردە، دەتوانێ زیاترین سوودمان پێ بگەیێنێ و ڕێگای گەیشتن به ڕزگاریمان بۆ کورتتر و ساناتر بکاتەوە.
دیارە وڵامێکی بەردەست و سادەتر ئەوەیە کە بڵێین یەکەم: ڕەوتی پەروەردەی نەتەوەیی لە هیچ قۆناغێکدا ڕانەوەستێ. پەروەردەی نەتەوەیی لە هەر قۆناغێکدا ڕابوەستێ دەبێ دڵنیا بین کە هەر لەو کات و شوێنەدا خەباتی ڕزگاریخوازانە کۆتاییی پێهاتووە. دووەم: بەگوێرەی دۆخ لە هەموو شێوازەکانی پەورەردە کەڵک وەربگیرێ.
ئەو وڵامە دروستە بەڵام پێویستی به ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەی زیاتر هەیە. دیارە لەناو خودی تەشکیلاتی حیزبیدا مۆدێلی پەروەردە کردنی ئاگایانە بە باشترین شێوە وڵام دەداتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە فاکتەرێکی زۆر گرینگی هەڵسەنگاندنی ڕادەی دەسەڵات و نفووزی هەر حیزبێک، تەنانەت پێش ژمارەی ئەندامان و ڕادەی ئیمکاناتی ماددی و هتدیش، سیستەمی پەورەدە لەناو حیزبەکەدایە. تۆکمەترین و دەستڕۆیشتووترین حیزبەکان ئەوانەن کە شێوازی پەروەردەی ڕێکوپێک و بەهێزیان هەیە. بە بێ پەروەردەیەکی کاریگەر، حیزبی کاریگەریشمان نابێ. لەناو حیزبێکی هەڵسووڕدا لە هەر ئاستێکی تەشکیلاتیدا پەروەردەی گونجاو لەگەڵ ئەو ئاستە، دەبێ لەگۆڕێدا هەبێ. دەورەی ڕاهێنانی ئەندام هەر تایبەت بە ئەندامانی تازە پەیوەستبووی حیزب نییە، بەڵکوو هەر ئاستێکی تەشکیلاتی ـ لە ئەندامانی سادەوە بگرە هەتا باڵاترین ئاستە تەشکیلاتییەکان ـ سیستەمی ڕاهێنان و پەروەردە کردنی خۆی هەیە. بۆ نموونە ئەگەر بۆ ئەندامە تازە پەیوەستبووەکان ، ڕاهێنان لەسەر کلاس و بەشێوەی پێوەندیی ڕاستەوخۆی مامۆستا و قوتابییە، بۆ ئەندامانی ڕێبەری، پەروردە بریتییە لە کەڵک وەرگرتنی بەردەوام لە باشترین و لێهاتووترین ڕاوێژکارەکان.
بەڵام قورساییی باسی ئێستای ئێمە ڕەنگه لەسەر پەروەردەی حیزبی نەبێ، بەڵکوو لەسەر پەروەردە لە ئاستێکی نەتەوەییدا بێ.
بۆ نەتەوەیەک کە خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆیەتی، پەروەردەی نەتەوەیی زیاتر لەسەر شێوازی ئاگادارانەی پەرورەدە ساغ دەبێتەوە. بۆ ئەو نەتەوەیە کۆمەڵە سازییەکی فەرمی لە تەمەنێکی کەمەوە هەتا ساڵانی دوای تەمەنی پێگەیشتوویی بەرعۆدەی بارهێنانی ئەندامانی کۆمەڵ لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی نەتەوەیی دەبن. بەڵام بۆ نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد کە خاوەنی کیانی سەربەخۆی نییە، پەروەردەی نەتەوەیی چۆن دەکرێ لەناو ئەندامانی کۆمەڵدا سەقامگیر بێ و پەرەی پێ بدرێ؟
ڕەنگه کەسانێک گومان لەوە بکەن کە بکرێ بۆ نەتەوەیەکی ژێردەست سیستەمێکی پەروەردەی نەتەوەیی دابمەزرێ. بەڵگەکەش بۆ ئەو بۆچوونه ئەوەیە کە پەروەردەی نەتەوەیی بەو سازییە فەرمییانە دەکرێ کە لەلایەن دەوڵەتەوە ڕادەسپێردرێن هەتا لە ئاستی نیشتمانیدا ئەو ئەرکە بەڕێوە ببەن. کوردیش چونکه لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و لەو شێوە سازییه فەرمییانە بێبەرییە، کەوابوو شتێکی وا نەگونجاوە.
لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم وڵامە ڕاست نییە. بۆ گەلێکی وەک گەلی کورد کە لە هەبوونی کیانێکی نەتەوەییی سەربەخۆ بێبەرییە، باشترین شێوازی سەقامگیر کردن و پەرەپێدانی پەروەردەی نەتەوەیی کەڵک وەرگرتن لە شێوازی نائاگایەنەی پەروەردەیە؛ با بزانین چۆن.
ئەگەر بمانەوێ شێوازی نائاگایەنەی پەروردە لە ئاستێکی نەتەوەییدا بەکار بهێنین، دەکرێ پشت بەم فۆرمۆلە کاریگەرە ببەستین:
بەرهەم هێنانی دیسکۆرسی نەتەوەیی = مسۆگەر کردنی پەروەردەی نەتەوەیی
بە دەربڕینێکی دیکە باسی پەروەردەی نەتەوەیی دەبێ داببەزێنین بۆ باسێکی بنەڕەتیی دیکە. خودی باسی پەروەردەی نەتەوەیی باسێکی بنەڕەتی و ستراتێژیکە، بەڵام باسی تەنانەت بنەڕەتیتر و ستراتێژیکتر لەویش بریتییە لە باسی بەرهەم هێنانی گوتاری نەتەوەیی.
پێشگریمانەی ئێمە ئەوەیە کاتێک دیسکۆرسێکی نەتەوەییی بەهێز و ئەوڕۆیی لەگۆڕێدا بێ، تەنانەت ئەگەر دەزگا فەرمییەکانی پەروەردە و بارهێنانیش لەبەردەستی ئێمەدا نەبن، ئەو دیسکۆرسە بە شێوەیەکی هەراو بەسەر کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە. بڵاو بوونەوەی ئەو دیسکۆرسە نەتەوایەتییە لە ئاستی هەراودا، لە حوکمی پەروەردەی نەتەوەییدایە. بە دەربڕینێکی دیکە هەر کات پەروەردەیەکی نەتەوەیی چاکمان نەبوو، دەبێ دڵنیا بین کە دیسکۆرسێکی نەتەوەییی باشمان نەبووە. بەپێچەوانەوە بەدرێژاییی هەموو ئەو ساڵانەی کورد ژێردەست بووە بەڵام هەست و هۆشی نەتەوەیی لەوپەڕی خۆیدا بووە و کوردایەتی لە بەرەیەکەوە ڕاگوێزراوە بۆ بەرەیەکی دواتر، لەبەر ئەوە بووە کە گوتارێکی نەتەوەیی لەئارادا بووە. ئەو گوتارە نەتەوەیییە وەک هەوا وایە کە ئێمە هەڵیدەمژین و پێیەوە دەژین بەڵام ڕەنگه هەستی پێ نەکەین.
لە جیهانی پێش مۆدێڕندا شێوازی پەروەردە زیاتر لە سەرەوە بۆ خوارەوە بووە. پەروەردەیەکی لەو چەشنه پێویستی به دامودەزگای فەرمیی پەروەردەوە هەیە. بەڵام لە جیهانی مۆدێڕن و پاش مۆدێڕنی ئێستادا، پەروەردە زیاتر سروشتێکی ڕایەڵەیی و ناهیرەمی هەیە. لەم جیهانەدا ئەگەر دیسکۆرسێکی نەتەوەیی بەهێز لەگۆڕێدا هەبێ، بەهۆی سروشتی ڕایەڵەییی جیهانەوە، ئەو گوتارە، نابەئاگایانە و نابەرهەست و نافەرمی لە هەموو ئاستەکاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەگەر تایبەتمەندییەکی “هەوا” ئەوە بێ کە هەستی پێ ناکرێ، ئەوا هەوا دوو تایبەتمەندیی تریشی هەیە: مایەی ژیانە و کەس ناتوانێ پێش به بڵاو بوونەوەی بگرێ. دیسکۆرس به شێوەیەکی سەیر و سەمەرە هەر سێ ئەم تایبەتمەندییانەی هەوای هەیە: نابەرهەسته و زۆر کەس هەستی پێ ناکا، ژیان و مانەوەی گەل بەندە بەو دیسکۆرسەوە و کاتێکیش بەرهەم هات، کەس ناتوانێ پێش به بڵاو بوونەوەی بگرێ.
کەوابوو ئەگەر لە دابەشکردنێكی بنەڕەتیدا نەتەوەکان بەسەر دوو خانەی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان و نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا دابەش بن، دەکرێ نەتەوە بێدەوڵەتەکانیش بەسەر دوو خانەی تردا دابەش بکەین: ١ـ ئەو نەتەوانەی خاوەن گوتارێکی نەتەوەیین ٢ـ ئەو نەتەوانەی لە دیسکۆرسێکی نەتەوەیی بێبەرین. ئەگەر نەتەوەیەک خاوەن دەوڵەت نەبێت و گوتارێکی نەتەوەییشی نەبێ، بێگومان لە سنووری توانەوە و فەوتان نزیک بووەتەوە، بەڵام نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە خاوەنی گوتاری نەتەوەییی خۆی بێ، توانیویەتی شوناسی نەتەوەییی خۆی بپارێزێ و ئەگەری ئەوە هەیە ببێ بە خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆی.
کورد نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی خاوەن گوتاری نەتەوەیییە. ئەگەر هەتا ئێستا ئاگری خەباتی گەلی کورد بەهۆی داگیرکەرەوە دانەمرکاوەتەوە و بەپێچەوانەوە هەر هاتووە و بڵێسەی ئەستاندووە، بەم هۆیە بووە کە ئێمەی کورد هەر لە خۆیبوونەوە هەتا ژێکاف و هەتا کۆمار و دواتریش حیزبی دێموکڕات، خاوەنی گوتاری نەتەوەییی خۆمان بووین.
“دیسکۆرس” یان “گوتار” چەند تایبەتمەندییەکی هەیە کە ئاماژە به هەندێکیان دەکەین
١ـ دیسکۆرس تاقە تیۆرییەک نییە کە بمانەوێ بەهۆیەوە بابەتێک شڕۆڤه بکەین، دیسکۆرس نەک هەر کۆی چەندین تیۆریی هەراوە، بەڵکوو هەلومەرجەکانی گووران و پێکهاتنی ئەو تیۆرییانەش لەخۆی دەگرێ.
٢ـ دیسکۆرس بە هۆی کەسێک و دوو کەس و لە کاتێکی کورتدا پێک نایێ، بەڵکوو لەلایەن کەسانێکی زۆر و لە بەستێنێکی مێژووییدا پێک دێ.
٣ـ سروشتی گوتار بە چەشنێک نییە دوای ئەوەی پێک هات و خۆی گرت، پێویستیی به گۆڕانکاری نەبێ؛ دیسکۆرس بەردەوام پێیەوە زیاد دەکرێ و هەڵدەپەرتێوترێ و هەموار دەکرێ و لەگەڵ پێداویستییەکانی ڕۆژدا دەگونجێندرێ.
جگه لەم تایبەتمەندییانە، دیسکۆرس لە چەندین ئاستی جۆراوجۆردا کار دەکا. دەتوانین سێ توێژی جۆراوجۆر لێک جودا بکەینەوە کە گوتار لەو ئاستانەدا کار دەکا:
ـ ڕووکەشترین ئاست، ئاستی شیکاریی یەکانگیر(منسجم)ی بابەتەکانی ڕۆژە. لایەنێکی خاوەن گوتار به مەنتیقێکی دیاریکراو دەتوانێ ڕووداوە جۆراوجۆرەکان لە ڕوانگەی خۆیەوە شڕۆڤه بکات. زۆربەی باسەکان لەم ئاستەدا سروشتێکی سیاسییان هەیە. بۆ نموونە باسی وەک “چۆنیەتیی هاوبەندیی هێزە گەورەکان و هێزە ناوچەیییەکان لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا” لەم ئاستەدا جێگیر دەبێ.
ـ ئاستێکی قووڵتر بریتییە لە هەندێک باسی فیکری کە هاوکات سروشتێکی سیاسی و کۆمەڵناسانەیان هەیە. ئەم باسانە لە ئاستی بابەتەکانی ڕۆژ پلەیەک زیاتر هەڵدەکشێن و جگه لەو بوارە باسکراوانە، ڕەنگه پێویستییان بە زانستی مێژووش هەبێ. بۆ نموونە باسی سروشتی دێموکڕاسی یان مۆدێلەکانی فێدڕالیزم دەکەونه ئەم ئاستەوە.
ـ قووڵترین ئاست، ئاستێکە کە تێیدا جگه لە باسی سیاسی و کۆمەڵناسی و مێژوویی، باسی فەلسەفیش دێتە گۆڕێ. باسی وەک قۆناغەکانی پێشکەوتن و تەکامولی مێژوویی، بنەماکانی لیبڕالزم و سۆسیالیزم و … دەکەونە ئەم خانەیەوە.
پوختەی قسەی ئێمە لەم وتارەدا ئەوەیە کە ئەگەر لایەنێک توانیبێتی لەم ئاستە باسکراوانەدا دیسکۆرسی بەرهەم هێنابێ، ئەوا ئەم دیسکۆرسە بەشێوەی پەنامەکی و نائاگایانە دزە دەکاتە ناو کۆمەڵگا و تەشەنە سەندنی بەرە بەرەی ئەو دیسکۆرسە لەناو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگادا لە حوکمی پەرورەدە کردنێکی نەتەوەییدایە.


