ئارامتر بخوێنەوە!
فێرکردن و بارهێنان لە ژێر ڕکێفی ئایینی سیاسیدا
بیریار ژاوەرۆیی
“هەموو حکوومەتەکان لە پێناو ڕاپەڕاندنی سیاسەتە کۆمەڵایەتی و چاندییەکانی خۆیاندا تیشک دەخەنە سەر سیستەمی “فێرکردن و بارهێنان” و وەک بناغەی بارهێنانی تاکی داهاتوو سەیری دەکەن. لەو پەیوەندییەدا، لە حکوومەتە ئایینییەکاندا هەوڵ دەدرێت ئەم سیاسەتە ڕەنگی ئایینیی هەبێت و بە ناوی ئایینەوە کار دەکرێت. بۆیە سیستەمی سیاسیی حکوومەتی ئایینیش، بارهێنانی تاکی کۆمەڵگا دەکاتە ئامانجی ئایینی سیاسی. “
فێرکردن و بارهێنانی تاک، لە گرنگترینی ئەو هۆکارانەن کە لە جیهانی مۆدێڕندا ڕەنگە لەسەر هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا و ژیانی کۆمەڵایەتی کاریگەرییان هەیە؛ بۆیە بۆ دەوڵەت و حکوومەتەکان گرنگیی تایبەتی هەبووە. لەو پەیوەندییەدا لە ڕوانگەی ئاڵتۆسێرەوە دوو مێکانیزمی گرنگ، وا لە خەڵکی دەکات کە بەپێی یاساکانی دەوڵەتی پەیوەندیداریان هەڵسوکەوت بکەن. یەکەم، لە ڕێگای دامودەزگاکانی سەرکوتی دەوڵەتییەوە وەک پۆلیس، بەندیخانە و دادگا کە ڕاستەوخۆ بە زۆر خەڵکی ڕادەهێنن و وایان لێ دەکەن کە بە جۆرێکی تایبەت هەڵسوکەوت بکەن. دووەم، لە ڕێگای دامودەزگا ئایدۆلۆجیکەکانی دەوڵەتەوە، واتە ئەو دامەزراوانەی کە ئایدۆلۆجیای دەوڵەت بەکاردەهێنن تاکوو تاک و گرووپەکان، ئەوانە لە خۆیاندا دەروونی بکەن و بەپێی ئەوانە بجووڵێنەوە لەوانە بنەماڵە، ئایینەکان، خوێندنگەکان، سیستەمی یاسایی، سیاسەت، هونەر، وەرزش و هتد. گەرچی ئەو بیردۆزەی ئاڵتۆسێر لە بەستێنێکی تردا و لە ڕوانگەی مارکسیستییەوەیە، بەڵام لێرەدا دەکرێ کەڵکی لێ وەرگیرێت. لە پەیوەندی لەگەڵ مێکانیزمی دووەمدا ئەم وتارە ئاوڕێک دەداتەوە سەر پەیوەندیی نێوان “ئایینی سیاسی” و “فێرکردن و بارهێنان” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
دیارە هەموو دەوڵەتەکان بە جۆرێک هەوڵ دەدەن بۆ بەکۆمەڵگاییکردنی سیاسیی خەڵک و لەو ئاراستەیەدا سیستەمی “فێرکردن و بارهێنان” و ڕاگەیەنەکان لە گرینگترین ئامرازەکانن. هەموو حکوومەتەکان لە پێناو ڕاپەڕاندنی سیاسەتە کۆمەڵایەتی و چاندییەکانی خۆیاندا تیشک دەخەنە سەر سیستەمی “فێرکردن و بارهێنان” و وەک بناغەی بارهێنانی تاکی داهاتوو سەیری دەکەن. لەو پەیوەندییەدا، لە حکوومەتە ئایینییەکاندا هەوڵ دەدرێت ئەم سیاسەتە ڕەنگی ئایینیی هەبێت و بە ناوی ئایینەوە کار دەکرێت. بۆیە سیستەمی سیاسیی حکوومەتی ئایینیش، بارهێنانی تاکی کۆمەڵگا دەکاتە ئامانجی ئایینی سیاسی. لێرەدا مەبەست لە ئایینی سیاسی، ئەو ئایینەیە کە حکوومەت دەیکات بە ئایدۆلۆجیای سیاسیی خۆی و وەک ئامرازێک بەکاری دەهێنێت و بە هۆی ئەوەوە دەست لە هەموو بوارەکانی ژیان وەردەدات. ئەم جۆرە ئایینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پاش شۆڕشی 1979 کاریگەریی زۆری لەسەر بارهێنانی تاک هەبووە و لەوە بۆ ڕاپەڕاندنی سیاسەتی ئێتنۆ-نەتەوەیی، چاندی، جیندەری و. . . لەلایەن حکوومەتەوە کەڵک وەرگیراوە.
لە پەیوەندی لەگەڵ فێرکردن و بارهێناندا، سیاسەتی ڕژێمی ئایینیی ئێران تیشکی خستووەتە سەر ئەو زانستانەی کە بۆ مانەوەی ڕژێم و ئایدۆلۆجیاکەی مەترسیدار نەبن، واتە زانستی ئایینی و زانستە پەتییەکان، گەر خاوەنەکانیان لە بازنەی ئایدۆلۆجیای حکوومەت تێنەپەڕن. ئەو ڕژێمە بە تەواوی هەوڵی داوە کە بازنەی بیرکردنەوەی قوتابی و خوێندکارەکان بەرتەسک بکاتەوە و نەهێڵێت بەرەو بیری جیاواز ڕابکێشرێن. تەنانەت لە نێوان زانستە پەتییەکانیشدا ئایدۆلۆجیای ئایینیی حکوومەت بەپێی بنەمایەکی ئایینی، لە پەنای زانستی ئایینیدا تەنیا گرنگایەتیی تایبەتی بە یەک زانست داوە؛ واتە یەکەم زانستە ئایینییەکان و دووەم زانستی پزیشکی. لە ڕوانگەی زانا ئایینییەکانەوە زانست ئەو دوو جۆرەیە (العلم علمان: علم الأديان وعلم الأبدان).
بەپێی ئەم بنەمایە ڕژێم زیاتر لە بوارەکانی تر تیشکی خستە سەر دوو بواربۆ بارهێنانی تاکی دڵخوازی خۆی کە لە هەردووکیاندا ئایین وەک ڕێخۆشکەر و پاساودەر بەکارهێنراوە؛ یەکەم بە گشتی سیستەمی فێرکردن و بارهێنانی فەرمی لە ڕێگای خوێندنگەکان بە مامۆستا و قوتابییەکانەوە و دووەم سیستەمی فێرکردن و بارهێنانی نافەرمی لە ڕێگای ناوەندە ئایینییەکان بە مەلا و ئاییندارەکانەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ بواری یەکەمدا، دیارە لە سەرتانسەری وڵاتداوێرای بە ئایینیکردن و دەرهێنانی لە سیستەمێکی زانستیی، سیستەمی ‘فێرکردن و بارهێنان’ بە تەواوی لەلایەن نەتەوەی باڵادەست و پاوانخوازی فارسەوە بە ناوی ئایینەوە قۆرخ کراوە و دەرەتانێک بۆ نەتەوەکانی تر نەماوەتەوە و ئەو سووکە ئاماژەش کە لە یاسای بنەڕەتیدا بە مافی نەتەوەکان لە باری زمانەوە کرابوو، جێبەجێ نەکراوە. حکوومەتی فارس بە ڕواڵەتی ئایینییەوە سیاسەتی یەکدەست کردنی نەتەوەییی خۆی و تواندەوەی نەتەوەکانی ترلە ڕێگای سیستەمی فێرکردن و بارهێنانەوە وەک ساکارترین ڕێگا بە توندی جێبەجێ دەکات. بۆیە لە کوردستانیشدا ئازادیی خوێندن و بارهاتن لە بەستێنێکی ئازاد و بە چاند و زمانی کوردییەوە نییە.
لە کوردستاندا ڕژێم هەر لە سەرەتاوە هەوڵی داوە کە لە خوێندنگەکاندا کە فێرکردن و بارهێنان هەمووی هەر بە فارسی بووە، لە باری بیر و هزریشەوە، قوتابی بە بیر و هزری ئێرانچێتی و ئایدۆلۆجیای ئایینییەوە باربهێنرێت. بۆ ئەو مەبەستەش لە هەستی ئایینی کەڵک وەرگیراوە. هەوڵ دراوە ئەو هەستە بەهێز و پتەوتر بکەن و لە کۆتاییدا بە قازانجی خۆیان بیشکێننەوە و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەک نوێنەری هزری ئایینیی ڕاستەقینە بە قوتابییەکان بناسێنن و ڕێگەیان پێ نەدرێت بیر لە بیرۆکە و هزری جیاواز بکەنەوە. لە جێی پەرەپێدانی لایەنی زانستی، زیاتر تیشک خراوەتە سەر لایەنی ئایدۆلۆجیای ڕژێم. لە ڕێگای ناوەندەکانی بارهێنانی مامۆستای حکوومەتی و بەرگیری لە مامۆستایانی ڕووناکبیر و ئاگا، هەوڵ دراوە مێشکی قوتابی بشۆردرێتەوە. لەو سووکە ئاوڕەش کە لە زانست و فێرکردنی زانست دراوەتەوە، هەوڵیان داوە قوتابی تەنیا سەرنجی زانستی پەتی بدات و نائاگا بمێنێتەوە و بیر لە سیاسەت و مافەکانی خۆی وەک مرۆڤ نەکاتەوە تاکوو هەموو کاتێک گوێڕایەڵی سیاسەتی حکوومەت بێت. هەر لە سەرەتاوە فێریان دەکەن کە هەر ئایدۆلۆجیایەک بێجگە ئایدۆلۆجیای حکوومەت دژی ئایینە، سیاسەت بڤەیە و تەنیا لە ڕێگای ئایین و زانستی پەتییەوە دەکرێ خزمەت بە مرۆڤ و کۆمەڵگا بکرێت. ئەگەر کاریان بە هیچ نەبێت و تەنیا سەرنجی ئایین و باری زانستی خۆیان بدەن ئەوە دەگەن بە هەموو شت و کار و ژیانی باشیان دەبێت و بێ کێشە دەژین.
جێی ئاماژەیە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و سپای پاسداران ڕۆڵی گرنگیان لە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەی سەرەوەدا گێڕاوە و تەنانەت پشکی تایبەتیان لە تاقیکارییەکانی چوونەناو زانکۆ هەبووە بۆ هەندێ قوتابی کە هاوکارییان کردوون. ئەم ڕەوتە بە دانانی بەسیجی قوتابییان و بنکەی بەسیج لە خوێندنگەکان و وانە و مامۆستای تایبەت بە ڕەوشت و بارهێنان لە خوێندنگەکاندا و بەڵینی جۆراوجۆر بە قوتابییان زیاتر پەرەی سەندووە. لە پەنای ئەمانەشدا هەوڵ دراوە کە پەیوەندیی نێوان خوێندنگە و مزگەوت، مامۆستا و مەلا زیاتر بکرێت و قوتابییانیان هان داوە کە هاتوچۆی مزگەوتەکان بکەن و لەوێدا فێری وانەی ئایینی و بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان بن تاکوو لە داهاتووشدا کێشەیان بۆ خوێندن و چوونەسەرکار نەبێت. واتە لە بوارێکی ژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵی فەرمیی حکوومەتەوە ڕەوانەی بوارێکی تری کۆنتڕۆڵی نافەرمی دەکرێن.
لە پەیوەندی لەگەڵ بواری دووەمدا کە بواری زانستی ئایینییە، ڕژێم هەوڵی داوە کە هەموو جۆرە شوێنەوارێکی کوردی لەسەر چاندی ئایینیی کوردستان و ڕێگاکانی تری فێربوونی کوردی و بارهێنان لە ژێر کاریگەریی چاندی کوردیدا بسڕێتەوە کە زیاتر لە حوجرەی مزگەوتەکاندا ئەو هەلە دەڕەخسا. بۆ میناک لە باری فێربوونی خوێندنەوەی قورئان، بە بیانووی ئاستەم بوونی شێوازە نەریتییەکان و بەکارهێنانی ڕێگای ساکار و نوێ، لە حوجرە، فێرگە و خوێندنگەکان هەوڵی داوە بۆ سڕینەوەی شێوازی نەریتیی فێرکردن و بارهێنانی ئایینی کە ڕەنگوبۆنی کوردیی پێوە بوو. لەلایەکی تریشەوە رێگای به ڕاڤهی جیاوازی ئایینی نەداوە، جگه لهوهی كه لهگهڵ ئایدیۆلۆجیای خۆی دهگونجێت.
دیارە خوێندن و بە گشتی فێرکردن و بارهێنانی نەریتیی لە کوردستانی پێش مۆدێڕندا سەربەخۆیانە، دڵخوازانە و هەر لەو کاتەشدا تا ڕادەیەک کوردی و زیاتر لە حوجرەی مزگەوتەکاندا بوو. هەوڵ دەدرا کە بە شێوەی کوردی وانە بوترێتەوە و شێوازێک لە خوێندنی کوردی گەشەی سەندبوو. بۆ وێنە “ئەلف و بێ”یەک کە بۆ خوێندنی قورئان فێر دەکرا بە شێوازی کوردی بووو بە بزوێنەکان دەوترا “سەرە، ژێرە، بۆرە”، یان لە وتنەوەی پیت و دەنگەکاندا “ئەلف سەر ئە. . . ب ژێر بێ. . ، لام ئەلف لا. . . و تاد. ” لە پەنای ئەوەشدا وشەدانی عەرەبی-کوردی و. . . پەرەی سەندبوو. هەرچۆنێک بێت، خوێندنی نەریتی لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتە ناکوردەکاندا نەبوو و لە حوجرەی مزگەوتەکاندا چالاکییەکی سەربەخۆیانە هەبوو. بۆیە لە چوارچێوەی بیری ئایینیدا، باس و ڕاگۆڕکێ لەسەر پرسە هزری، نەتەوەیی و سیاسییەکان، جموجووڵی تایبەتی لە حوجرەکاندا هەبوو و بە جۆرێ گرنگایەتی دەدرا بە شوناسی کوردی.
ئەو دۆخەی خوێندنی نەریتی، کاریگەریی ئەرێنیی هەبوو. توێژی مەلا و فەقێیەکان لە پەرەسەندنی وێژە و سیاسەتی کوردیدا بەشداریی گرنگیان هەبوو و تەنانەت لە پێکهاتنی گیانی کوردایەتی لە سەرەوەی چین و توێژ و هۆز و خێڵەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان دەگێڕا. زۆرێک لە وێژە و دەقی کوردی بەرهەمی چالاکی و خزمەتی مەلاکان بووە هەر لە جزیری، خانی، مەولەوی، مەحوی و. . . تاکوو ئەو سەردەمەی خۆمان. هەروەها لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەوە، زۆرێک لە مەلا و شێخەکان بەشداریی سیاسەتی کوردی بوون و زۆر جار ڕێبەرایەتیی ئەو بزووتنەوەیان لە ئەستۆ بووە. بەوەشەوە وێرای ئەو کاریگەرییە ئەرێنییە، لە مێژوودا و تاکوو ئێستا تاقمێ لەم توێژە دیارە لە بواری سیاسەتدا لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ئایینیی دەوڵەتەکان و نائاگاییی سیاسیدا کاریگەریی نەرێنییان لە دژی کورد هەبووە هەر لە شێخ ئیدریسی بتلیسی ڕاوێژکاری سوڵتانی عوسمانی لە سەدەی 16 و دواتر مەلای خەتێ لە سەدەی 19 بگرە تاکوو مەلا حکوومەتییەکانی ئەم سەردەمە کە کەوا سووری بەر لەشکر و داردەستی دوژمنانی کورد بوون.
شێوازی نەریتیی فێرکردن و بارهێنانی سەربەخۆیانە، واتە خوێندنی ئایینی، بە زاڵی تاکوو نیوەی دووەمی سەدەی بیست درێژەی هەبوو و دواتر بەرەبەرە دابەزی، گەرچی تاکوو ئێستاش لە هەندێ شوێنی کوردستاندا هەڵبەت زۆر بە لاوازی ماوەتەوە. بە هاتنی ڕەوتە نوێیە ئیسلامییەکان و بەتایبەت پاش شۆڕشی 1979 و سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران، هەوڵ درا بە تەواوی فێرکردن و بارهێنان بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەت. ئەمەش لە تایبەتمەندییەکانی ڕژێمە تەواوەتیخوازەکانە. دیارە وەک ئاماژە کرا هەموو دەوڵەتەکان بە جۆرێک لە سیستەمی “فێرکردن و بارهێنان” و هەروەها ڕاگەیەنەکان، وەک ئامرازگەلێک بۆ بەکۆمەڵگاییکردنی سیاسیی خەڵک کەڵک وەردەگرن. بەڵام لەم دەوڵەتانەدا وێرای ئەوەی کە شێوازەکەی نادێمۆکراتیکە و هیچ دەرەتانێکی کراوە بۆ چالاکیی فەرمی و نافەرمیی لایەنەکانی تر و بیری جیاواز ناهێڵێتەوە، بە مەبەستی دژە مرۆیی جێبەجێ دەکرێت. لەو ئاراستەیەدا حکوومەتی ئیسلامی لە بەرانبەر بزووتنەوەی نەتەوە جیاوازەکاندا، بە توندی تیشکی خستە سەر ئەو ئامرازانە. سەرەتا سەربەستیی ئەوانەی لێ سەندنەوە و دوایی بە هەموو هێزەوە لە ڕاپەڕاندنی سیاسەتی “گۆڕین بە فارس”ی خۆیدا ئەو ئامرازانەی بە شێوەی پاوانخوازانە بەکارهێنا. بۆ ئەو مەبەستەش زۆرترین کەڵکی لە ئایین وەرگرت کە بە ئاسانی وەک ئایدۆلۆجیای حکوومەت ڕۆڵی سیاسی گێڕاوە.
لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵ درا چالاکیی ئایینی کە کاریگەریی گرنگی لە بەکۆمەڵگاییکردنی تاکی کورددا هەبووە لە هەموو شێوازێکیدا بخرێتە ژێر ڕکێفی حکوومەت. بەم جۆرە نە تەنیا بواری خوێندنی فەرمی، بەڵکو ڕژێمی ئیسلامی، بە یەکدەستکردنی خوێندنی ئایینیش، زیاتر کوردستانی گرێ داوە بە ناوچەکانی دیکەوە. لە قۆناخی پاش شۆڕشدا کە زیاتر خوێندنی مۆدێڕن لە کوردستاندا پەرەی سەندبوو، ڕژێم هەوڵی دا هەم مزگەوتەکان و هەم خوێندنگەکان بکات بە ناوەندی پەرەپێدانی ئایدۆلۆجیای ئێرانی-فارسی داپۆشراو بە ئایین. لە پەنای ئەوانەشدا بە جێگەی حوجرە، هەندێ خوێندنگەی سەر بە “ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژئاوای وڵات” (مرکز بزرگ اسلامی غرب کشور) پەرەیان پێ دراوە و لەوێدا بە شێوازی نوێی دوور لە نەریتی کوردەواری و بە شێوەی فارسی، وانەکانی زانستە ئیسلامییەکان دەوترێنەوە. هەروەها بەرەبەرە لە مزگەوتەکاندا بنکەی بەسیج دانرا و بوون بە شوێنی چالاکی و بۆنەی حکوومەتی و لەو ڕێگایەوە کۆنتڕۆڵ کردنی هەموو چالاکییە ئایینییەکان.
هەموو مزگەوتەکان و ناوەندە ئایینییەکان لە چوارچێوەی ئەوقاف و ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژئاوای وڵات، ڕێکخراون و ئاراستە کراون. لە هەژاریی ئابووریی مەلا و زانایانی ئایینیی کورد کەڵکی نالەبار وەرگیراوە و بۆ گرێدانیان بە ڕژێمەوە سووکە مووچەیەکیان بۆ بڕاوەتەوە کە بەرنوێژی و کاروباری ئایینیی مزگەوت و گەڕەکەکان جێبەجێ بکەن. لە نائاگاییی سیاسیی ئەو توێژە و تەشەنەی کۆمەڵایەتیی ئەوان بە تەواوی کەڵک وەرگیراوە. ئەمانە بارهێنراون کە جگە لە هەڵگوتن بە باڵای ڕژێمدا، لە هەرجۆرە باسێکی سیاسیی تر خۆ بپارێزن. فێر کراون باسێک لە مافی نەتەوەییی خۆیان نەکەن و لە هەر کوێدا باس کرا بڵێن کە ئەوە دژە ئایینە و لە ئاییندا هەموو بەرابەرن. ئیدی سەرنجی باسی مافی بەرابەری نەتەوەکان نادەن و ئاماژە بە ئافراندنی مرۆڤ لە شێوەی نەتەوە و زمانە جیاوازەکان و… ناکەن و لەخۆیان ناپرسن کە ئەگەر لە دژی ئایینە بۆ حکوومەتی بە ناو ئیسلامیی ئێران، ئەو هەمووە زمانی فارسیی بۆ گرنگە و تەنیا سەرنجی یەک نەتەوە و زمان دەدات و زۆر پرسی تری لەو چەشنە. هەرچۆنێک بێت ئەو توێژە لە مەلایان، زۆرێکیان ئاگایانە و نائاگایانە سیاسەتی حکوومەت لە ناو خەڵکدا جێبەجێ دەکەن. لە پەنای ئەمانەدا هەندێ کەس لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا وەک مامۆستای قورئان، ئەخلاق و… کە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لەوانە سپا و بەسیج بارهێنراون، ڕوانەی مزگەوتەکان دەکرێن و کاری فێرکردن و بارهێنانی ئایینیی منداڵانی کورد دەخرێتە ئەستۆیان. بۆیە بەرەبەرە خوێندن و فێرکردن و بارهێنانی ئایینی، بە ڕەنگوبۆنی کوردییەوە هەڵپێچراوە. ڕەنگ و ڕواڵەتی بۆنە ئایینییەکان لە سڵاوات ناردنێکی سادەوە بگرە تا زۆر شتی تر ئێستا جیاوازتر لە نەریتی ساڵانی زووی کوردەواری و هاوشێوەتر لەگەڵ شوێنەکانی تری ئێرانە. وەچەی نوێی ئایینی و بارهێنراوی سیاسەتی حکوومەت، لە چەند دەیەی ڕابردوودازیاتر لە چاند و نەریتی کوردەواری دوورکەوتوونەتەوە.
کەواتە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای مێکانیزمی دامەزراوە ئایدۆلۆجیکەکانی خۆیەوە واتە ناوەندە ئایینییەکان و سیستەمی “فێرکردن و بارهێنان” لەوانە مزگەوت و خوێندنگەکان و بە ناوی ئایینەوە، چنگی خستووەتە ناو کۆمەڵگای کوردی و بە مەیلی خۆی لە نەبوونی دەسەڵاتی کوردیدا، لە باری سیاسییەوە تاکی کورد باردەهێنێت و شوناسی سیاسیی تایبەت و نامۆ بە سەریدا دەسەپێنێت. لەو ڕێگایەوە هەوڵی داوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگای کوردستان و کەسانێکی بارهێنراو ڕەوانەی کۆمەڵگا دەکات کە خزمەتی بەرژەوەندیی نەتەوەی باڵادەست بکەن و لە دژی بزووتنەوەی نەتەوەکەی خۆیان هەڵسووڕێن. قوتابیی کورد تا دەگاتە قۆناخی زانکۆ ئەوەندە ئاگاییی نەتەوەیی-سیاسیی نییە. دواتریش بە هۆی جۆراوجۆر و بەتایبەت باری ئابووری و دەستەبەرکردنی ئیش و کار، ناوێرێت خۆی لە قەرەی بیرکردنەوە و سیاسەت بدات. لەم دۆخەدا زیاتر لە ناو نەتەوەی باندەستدا نوقم دەبێت. بەم جۆرە دەسەڵات تاکێک باردەهێنێت کە هیچ مەترسییەکی بۆ ڕژێم نییە. ئەم ڕەوتە تا ئەو دەیەیە کە پشکێکی زیاتر لە خەڵک بە هۆی پەرەسەندنی ڕاگەیەنە کۆمەڵایەتییەکان تاڕادەیەک ئاگادار بوونەتەوە، درێژەی هەبووە. بە سەرهەڵدانی زیاتری ڕاگەیەنە کۆمەڵایەتییەکان و دەرهاتنی هەندێ لەوانە لە ژێر ڕکێفی حکوومەت، تاڕادەیەک بەکۆمەڵگاییکردنی سیاسیی تاک لە دەست رژێم دەرهاتووە و هەندێک کاریگەریی ئەو سیاسەتە دابەزیوە. هەروەها لە لایەن دژبەرانی سیاسیی حکوومەت و ڕووناکبیرانەوە هەوڵی پووچەڵ کردنەوەی دراوە، گەرچی ڕژێم بە هەموو پیلان، پلان و شێوازێک بۆ پاراستنی ئەو شێواز و سیاسەتەی بارهێنان و تواندنەوەکار دەکات.


