ئارامتر بخوێنەوە!

قۆناغەکانی گەشەی ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بابان ئەلیاسی

ئەم نوسراوەیە هەوڵێکە بۆ شێکردنەوەی کۆمەڵناسی-سیاسی قۆناغەکانی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، لە میتۆدی بەراوەردی مێژووییی میرۆسلاڤ هرۆک کەڵک وەردەگرین، کە بۆ لێکدانەوەی قۆناغەکانی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی گرووپە بندەستەکانی[1]Nondominant groups ئۆرووپای ناوەندی و ڕۆژهەڵاتی بەکاری هێناوە. هرۆک قۆناغەکانی دروست بوونی نەتەوە، لە نێو گرووپە بندەستەکانی ئۆرووپای ناوەندی و ڕۆژهەڵاتیدا بە سەر سێ فازدا دابەش دەکا. ئەم فازانە، بە فازەکانی A، B و C ناو دەبا. لە هەرییەک لەم قۆناغانەدا، چالاکانی نەتەوە بندەستەکان ئەرکی جیاوازیان دەکەوێتە سەر شان. قۆناغبەندییەکەی هرۆک لە سەرەتای سەدەی ١٩وە دەست پێ دەکا.

ئەم نووسراوەیە هەروەها هەوڵ دەدا بە ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی گرووپە بندەستەکان لە ئۆرووپا، پێش گەیشتن بە قۆناغی نەتەوە بوونیان، بەرچاوڕوونییەک بدا بە خوێنەر. دیارە هرۆک لە دەستەواژەی کەمینە کەڵک وەرناگرێ. بەڵکو دەستەواژەی گرووپە بندەستەکان، یان گرووپە ئیتنییە بندەستەکان بەکار دێنێ.


پێشەکی

هەستی نەتەوەیی وەک لایەنێکی دیکەی گەشەی مرۆیی، قۆناغی هەڵدانی هەبووە. بۆیە بۆ لێکدانەوەی پرسی نەتەوە، دەبێ ڕەهەندی مێژووییی ڕەوتی دروست بوونی نەتەوایەتی لەبەرچاو بگیردرێ. دەستەواژەی دەوڵەت-نەتەوە دروستکراوی مێژووی نوێیە. زۆربەی وڵاتانی ئۆرووپایی، چەند دەوڵەت-نەتەوەیین. واتە زیاتر لە یەک ئیتنیک لە نێو ئەو دەوڵەت-نەتەوانەدا دەژین. دەوڵەت-نەتەوەکانیش لە کەمینەگەلێک پێک هاتوون کە ئەندامەکانیان سەر بە نەتەوەیەکی دیکەن. ژمارەیەک دەوڵەت-نەتەوە کە وەک یەکەیەکی ئیتنیکیی خودموختار بوونیان هەبووە، وەک فرانسەوییەکان، پرتەقاڵییەکان، هۆلەندییەکان، لانیکەم لە سەدەی ١٦وە، بەردەوام بوونیان هەبووە. نموونەی ئەو نەتەوانەش کە دەسەڵاتی ئیمپراتوورییان هەبوو و چەند ئیتنیکیان لە خۆیان دەگرت، ئینگلیزییەکان، دانمارکییەکان و سویدییەکان بوون. ئەگەر کورد لە دوای هاتنی ئیسلامەوە خاوەنی دەوڵەتێکی یەکپارچەی کوردستان، کە کورد خۆی حوکمی بەسەردا بکا، نەبووە، بەڵام چەندین ئیمارەتی ناوچەیی(لۆکاڵ) لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان بوونیان هەبووە. کەوابوو کورد دەچێتە نێو ئەو چینە نەتەوانەی کە پێش بوونیان بە نەتەوە، ناوچەی خودموختار و نیمچە-خودموختاریان هەبووە. لێرە دەتوانین ئاماژە بە حوکمڕانیی حەسەنوویە(یا حەسنەوییە) لە باشووری کێوی بێستوون بکەین کە لە ٩٥٩ تا ٩٧٩ میلادیدا بوونی هەبووە[i] و حوکمڕانییەکانی سۆران و ئەردەڵان، لە سەدەی ١٦ەوە تا کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە بوونیان هەبووە. دوو هۆکاری سەرەکییش بۆ خێرا کردنی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی لە قۆناغی ئیتنییەوە بۆ نەتەوە، لە ڕوانگەی هرۆکەوە، پەیوەندیی بە هەبوونی دوو فاکتەری بنەمایی هەببووە: یەکەم، هەبوونی حوکمڕانییەکی سوننەتی لە مێژوودا. دووهەم، چڕوپڕ بوونی ئاستی زوڵم و زۆری نەتەوەی سەردەست، دەرحەق بە گرووپە ئیتنیکییە بندەستەکە. نوخبەی کورد هەر لەسەرەتاوە، بۆ دروست کردنی وشیاریی نەتەوەیی، پەنای بردۆتە بەر تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی کورد، وەک گرووپێکی ئیتنیکی و هەر وەها حوکمڕانیی کورد لە مێژووی دوورتردا. ئەم هەوڵانە لە نووسراوەی نوخبە کوردەکانی ئەو سەردەمە، واتە شەرەفنامەی شەرەفخان و مەم و زینی ئەحمەدی خانی، بە زەقی دەردەکەون. بە پێی چەشنی خەباتی ڕووناکبیری و سیاسیی کورد لە سەدەی ١٩، دەکرێ دەستپێکی قۆناغی یەکەمی وشیاریی نەتەوەیی کورد، بگەڕێنینەوە بۆ ئەو سەدەیە، کە هاوکاتە لە گەڵ خەباتی بەشێک لە گرووپە ئیتنییە بندەستەکانی ئۆرووپا بۆ دروست کردنی نەتەوە و نەتەوایەتی. بە پێچەوانەی نەتەوەکانی سەرەوە، کە نەتەوەیان لە سەر ئاسەواری حوکمڕانییەکی سوننەتیی مێژووی دوور و نزیکی خۆیان دامەزراندوە، کۆمەڵێک نەتەوە دەوڵەتیان لە سەر بنەمای یەکەی ئیتنیکیی خودموختاری سەدەکانی ناوەڕاست دانەمەزراند، بەڵکوو هێز و وزەی خەباتی نەتەوەییی خۆیان لە گرووپە ئیتنیکییەکان و کۆمەڵگەی (کۆمۆنیتی) خۆیان هەڵێنجاوە.


چەمکی ناسیۆنالیزم

بە گوێرەی بیردۆزی ئیتنۆ-سامبۆلیست، نەتەوە مودێڕنەکان ڕیشەی ئیتنیکییان هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی پێش مۆدێڕنیتە و مێژووی دوور زەمان. ئەم مەکتەبە پێی وایە نەتەوەکان هەریەکە بە شێوەی جیاواز گەشەیان کردووە، بەڵام هەر نەتەوەیەک لە سەر بنچینەیەکی ئیتنیکی دروست بووە. تیۆرییە مۆدێڕنەکانیش لە پێناسەیان بۆ ناسیۆنالیزم و نەتەوەدا جیاوازییان هەیە. بەڵام خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە نەتەوە دەستکردە و دیاردەیەکی نوێیە و لە لایەن ناسیۆنالیزمەوە لە سەردەمی مۆدێڕنیتەدا، دروست کراوە.

ئیرنست گیلنر[ii]گرنگییەکی بنەمایی دەدا بە مۆدێڕنیزاسیۆنی ئابووری و هەبوونی دەوڵەت وەک پێشمەرج. ئەم مۆدێلە تیۆرییەی گیلنر، لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژهەڵات ناگونجێ، چونکە کۆمەڵگای کورد لەو بەشەی کوردستان، گۆمەڵگایەکی سەنعەتی نییە. نەتەوەی کوردیش لە سەر بنەمای ساختار دەوڵەتی (دەوڵەتی لە پێش دروستکراو)، دروست نەکراوە. دەوری بنەڕەتییش کە بنێدیکت ئاندرسن[iii] دەیدا بە زمانی چاپکراو، وەک پێشمەرجی دروست بوونی نەتەوە، ئەویش لەگەڵ واقعییەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناگونجێ، چونکە بەکارهێنانی زمانی کوردی زۆر سنووردارە.[iv] بەگوێرەی ئەم تیۆرییە، نەتەوە، دەرئەنجامی پڕۆسەی هاوبەشی سەرمایەداری و تێکنولۆژیی چاپە، کە لە ڕێگای هەمەگیر کردنی زمانێکی ستاندارد و هاوبەش، پێک دێت. کەوابوو هەستی نەتەوەیی دەرئەنجامی زمانی نووسراوی گشتگیر و ستانداردی کوردی نییە.


میتۆدۆلۆژی

فازی A. لەم فازەدا، چالاکانی نەتەوەیی لە هەوڵی ئەوە دان کە بناغەی پێناسەیەکی نەتەوەیی دابڕێژن. هرۆک قۆناغی یەکەم بە قۆناغی ڕۆشنگەریی ئەکادیمی و زانستی دادەنێ. چالاکان بۆ بەرز کردنەوەی وشیاریی نەتەوەییی تاکەکانی کۆمەڵگاکەیان پەنا دەبەنە بەر زیندووکردنەوەی کەلەپوور و پاشخانی فەرهەنگی، زمانی و سفەتە تایبەت و هاوبەشەکانی کومەڵگاکەیان. بە تایبەت لەم قۆناغەدا پەلە ناکەن بۆ گەڵاڵە کردنی داوا نەتەوەیییەکان. پێشوەچوونی فازی یەکیش بەستراوەتەوە بە ئاستی تێکۆشان و چالاکی لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەکادمیک و بڵاو کردنەوەی وشیاریی زمانەوانی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و هێندێ جار، لایەنی مێژووییی گرووپە بندەستەکە.

 فازی B . لە فازی بێ، بە پەیوەست بوونی ژمارەیەکی زیاتری چالاکان، کار بۆ قایل کردن و ڕاکێشانی ئەندامانی دیکەی گرووپە ئیتنییەکانیان دەکرێ بۆ پڕۆژەی دروست کردنی نەتەوە لە داهاتوودا. فازی C. سەرئەنجام لە فازی سێ، چالاکە نەتەوەیییەکان سەرکەوتوو دەبن لە دروست کردنی پێكهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی پێک هاتوو لە زۆربەی حەشیمەتی کۆمەڵگاکەیان و بزووتنەوەیەکی جەماوەری دروست دەکەن. لەم فازەدا، ئیدی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکە گشتگیر دەبێ و لق و باڵی فیکریی وەک، ڕۆحانی-محافزەکار، لیبرال و دێموکڕات، کە هەر یەکەی بەرنامەی خۆی هەیە، دێنە گۆرەپانی خەباتەوە.


دۆخی گرووپە ئیتنیکییە بندەستەکان لە ئۆرووپا

ئاستی هۆشیاریی گشتیی ئەندامانی گرووپە ئیتنیکییە بندەستەکان لە سەدەی ناوەڕاستدا، جیاوازی هەبووە. لە بارودۆخی سیاسیی جیاوازیشدا ژیاون. چیکەکان، کڕۆواتەکان، کاتالانەکان، نۆروێژییەکان، دەیانتوانی سەدەی ناوەڕاست وەک نموونەی دەوڵەتدارییان بهێننەوە. کەچی نەتەوەکانی وەک ئیستۆنییەکان، فینلەندییەکان، لیتوانەکان، سلۆڤانەکان، سلۆڤاک و هتد. . . ، دەوڵەتی سونەتییان نەبووە. هرۆک لە پڕۆسەی دروست کردنی نەتەوە مۆدێڕنەکاندا دوو قۆناغ بە گرینگ دەزانێ؛ یەکەم ئەوەی سەدەکانی ناوەڕاستە، دووهەم، ئەوەی کە چارەنووسسازە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مۆدێڕنیتە، واتە دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووهەمی سەدەی هەژدە.

بە گوێرەی هرۆک، دروست بوونی دەوڵەتەکان لە سەدەی ناوەڕاست، ئاکامی تێکۆشانی چینی سەرەوەی کۆمەڵگا، واتە نۆخبە و بەشێکی چینی خوێندەوار بووە. هرۆک پێی وایە لە جێی خۆیدا نییە ئەگەر باسی دەستەواژەی ناسیۆنالیزم بکەین، لە بەستەری سەدەکانی ناوەڕاستدا. سەبارەت بە دەربازبوون لە قۆناغی ئیتنیکی بۆ قۆناغی نەتەوە، هرۆک پێ وایە بە هەمان شێوە کە دەوڵەتەکان لە سەدەی ناوەڕاستدا، لە خۆوە نەبوون بە دەوڵەتی مۆدێڕن، گرووپە ئیتنیکییەکانیش بە شێوەی جودا گەشەیان کرد. واتە، یان بە خۆیاندا چوونەوە و نوێگەرییان کرد، یان تووشی ئاسیمیلاسیۆن … بوون. چەندین دەوڵەتی سەدەکانی ناوەڕاست و گرووپە بندەستەکان لەناو چوون و ئاسەواریان سڕایەوە. کەوابوو گەشەسەندنێکی خۆبەخۆ لە گرووپی ئیتنیکیی تایبەتەوە بۆ دەوڵەتی مۆدێڕن ئیمکانی نییە. ئەو گرووپە ئیتنیکییانەی توانیان تا سەدەی ١٩ خۆیان بپارێزن و پێناسەی خۆیان ڕاگرن، زوو یان درەنگ، چینێک توانی لە هەناویاندا سەر دەربێنێ و پڕۆژەی دروست کردنی نەتەوەکەیان بەرز بکەنەوە.

دوو فاکتەر کاریگەرییان هەبوو لە پەڕینەوە لە قۆناغی (کاتگۆری ئیتنیکی) بۆ (کۆمۆنیتەی ئیتنیکی). یەکەم، ئەگەر گرووپە بندەستەکە توانیبای مێژووی خۆی لەو سەردەمە بە دەوڵەتێکی سوننەتی(ترادیشنال)ی دێر زەمانەوە گرێ بداتەوە. دووهەم، ئەگەر گوشار و زۆڵمی نەتەوەی دەسەڵاتدار، بە سەر گرووپی بندەستدا زۆر بووبایە، ئەم دوو هۆکارە پڕۆسەی دروست کردنی پێناسەی ئیتنیکیی گرووپەکەیان خێرا دەکرد.

لە هەموو گرووپە ئیتنیکییە بندەستەکاندا، ژمارەیەک ئەندامی خوێندەوار، دەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە گرووپەکەیان نەتەوەیەکی سەرکوتکراو و پشتگوێخراوە، و بە ئەرکی نیشتمانیی خۆیانیان دەزانی کە زیندووی کەنەوە. قۆناغی دەسپێکی جووڵاندنی (Agitation) گرووپە ئیتنیکییە بندەستەکان لە باری مێژوویییەوە هاوکاتوسات نەبوون. ئەگەر بزووتنەوەی نەتەوەییی نۆروێژییەکان، چیکەکان، هەنگارییەکان و یۆنانەکان لە دەوروبەری ساڵەکانی ١٨٠٠ دەستی پێ کرد، خرۆشان و جوڵاندن لای فینلەندییەکان، ئیستۆنییەکان، سلۆنییەکان و … لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩هەمدا دەستی پێ کرد. لە کاتێکدا کە لیتوانییەکان، بیلاڕووسەکان، کاتالانەکان و باسکەکان لە قۆناغی دواتر بوون.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بزووتنە نەتەوەیییەکان توانیویانە کۆمەڵانی خەڵک بۆ پشتیوانی لە داخوازە نەتەوەیییەکان بجووڵێنن و جووڵاندنەوەکەش سەرکەوتنی بە دەست هێناوە. بەم شێوەیە پڕۆسەی بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی نەتەوەیی، وەرگەڕانی نەبووە و گەیشتۆتە ئەنجام. هەرچەند بزووتنەوەی نەتەوەیی، تورمزی پێ کراوە، قەدەخە کراوە، ئاڵا هەڵگرانی ڕاوەدوو نراون، بەڵام هیچ نموونەیەک شک نابەین کە لەو پڕۆسەیەدا نەگەیشتبێتە ئامانج.

بە گوێرەی بۆچوونی هرۆک، لە ئاکامی لێکدانەوەی دوو ڕووداودا دەتوانین لە کۆی پڕۆسەی دروست کردنی نەتەوە، بە تایبەت لە ئۆرووپای ناوەندی لە سەدەی ١٩ و هەروەها لە ئۆرووپای ڕۆژهەڵاتی و باشووری تێ بگەین. هەر گۆڕانێکی بنەرەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکیدا دەبنە هۆی لاواز بوونی پێناسە. بەو واتەیە کە هۆکاری گەڕان بە دوای ناسنامەی نەتەوەیی نوێدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانەی کە لە سیستەمی بایەخە کۆنەکاندا، لە نێو نیزامی کۆنی کۆمەڵایەتی و مەشرووعییەتی سیاسی و دینیی کۆندا، دروست دەبن. ئاڵوگۆڕەکانی وەک ڕزگار بوونی جووتیاران، بە عیلمانی بوونی بیر و هزر لە سێبەری چەرخی ڕۆشنگەری، ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان، پەیوەندییە کۆنەکان، وابەستەیی و بیر و باوەڕەکانی پێش خۆیانیان ڕۆوخاند. ئاڵوگۆڕەکان سەرەتا لە لایەن ئەو چینەوە هەست پێ کرا، کە لە سێبەری خوێندەواریدا، زووتر لە خەڵکی ئاسایی هەستیان بە ئالوگۆرەکان کرد.

 
قۆناغەکانی گەشەی هەستی نەتەوەییی کورد

گەشەی هەستی نەتەویی لە کوردستان، بە قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە. سەرەتا لە نێو نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری کورد سەری هەڵداواە، هەر هەمان چینی باڵای کۆمەڵگای کوردیش بوون کە پرسی نەتەوەییی کوردیان هێناوەتە گۆڕێ. لە سەدەی ١٦ و ١٧ دوو شاکاری وێژەیی لە لایەن دوو زانای کوردەوە نووسراون. ئەوانیش شەرەفنامەی شەرەفخانی بتلیسی و مەم و زینی ئەحمەدی خانین. هەردووکیان بۆ نەوەکانی دوایی گرنگیی زۆریان هەبوو و دەوری بنەمایییان گێڕا لە بەرز کردنەوەی وشیاریی نەتەوەییی کورددا. کوردەکان پێش سەدەی ١٩، ئەو وشیارییەیان هەبووە کە لە تورک، فارس و عەرەب جودان. ئەحمەدی خانی بە ئاشکرا باس لە جیاوازیی نێوان کورد و گرووپەکانی دیکە دەکا و نەهامەتیی کورد لە ژێردەستەییی هێزی عوسمانی و فارسەکاندا دەبینێ. خانی داوا لە کوردەکان دەکا کە پاشای خۆیان هەبێ و پێی وابوو کە کورد دەتوانن نەتەوەیەکی مەزن بن. دەتوانین شەرەفخانی بتلیسی وەک پێشاهەنگی بە قەباڵە کردنی پێناسەی کوردی بناسین و کارەکانی وەک مێژوی گشتیی کورد سەیر بکەین. پێداگریی لەسەر پاراستنی زانیاریی مێژووییی خانەدانی کورد کردووە بۆ وانە وەرگرتنی نەوەکانی پاشتر.

 لە سەدەی ١٧ و ١٨ هەستی ناسیۆنالیستی لە نێو هێندێک نوخبەی کورددا چرۆ دەکا. دیارە دین لەو سەردەمەدا دەوری سەرکیی هەبووە و وەک پێناسەیەک جێگیر بووە. ئەحمەدی خانی لە سەردەمێکدا باس لە نەتەوەی کورد دەکا، کە ناسیۆنالیزم، گەشەی نەکردبوو بۆ ناسیۆنالیزمی سیاسی. هرۆکیش پێی وایە، لە جێی خۆیدا نییە باس لە ناسیۆنالیزم لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بکرێ. داڤید مەکداوێڵ پێ وایە لە سەدەی ١٧ تا دەگاتە سەدەی ١٩، هیچ نیشانەیەک نییە کە کوردێکی دیکە جیا لە شاعیری کورد ئەحمەدی خانی، باسی لە هەموو نەتەوەی کورد کردبێ.[v]

بەڵام لە سەدەی ١٩، لە نێو ڕووناکبیراندا هۆنراوە نەتەوەییەکانی شاعیری بە ناوبانگی کورد حاجی قادری کۆیی کە لە سەردەمی ئیمارەتی سۆراندا دەژیا، لە سەرانسەری کوردستان کاریگەریی هەبوو و وەک بیرمەندێکی گەورەی ناسیۆنالیزمی کورد دەناسرێ.[vi] بە گوێرەی بۆچوونی جوەیدە، حاجی قادری کۆیی، لە بەر هۆنراوە بەهێزە نیشتمانییەکانی ناسراو بوو و هەر بەو بۆنەیەشەوە بە یەکێک لە باوکەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەژمێردرێ. لە بواری بزووتنەوەی چەکداریشدا یەکێک لەو بزووتنەوانە کە بە ڕوونی باسی پێک هێنانی کوردستانی گەورەی کردووە، ڕاپەرینی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری بوو کە لە سەدەی نۆزدهەمدا ڕووی داوە و دەکرێ بە گەورەترین ڕاپەرینی کورد لە سەدەی ١٩ ناو ببردرێ. ئامانجی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری کە ڕێبەرێکی ئایینی بووە، پێک هێنانی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان بووە. ئەو ڕاپەڕینە ئەگەر چی لە لایەن ئێران و تورکیەوە سەرکوت کرا، بەڵام توانی هەستی نەتەوەییی کورد ببووژێنێتەوە.

لە سەدەی ١٩هەمدا، هەوڵی زۆر درا بۆ گەشە پێدان بە زمانی کوردی. لە سەرەتای سەدەی نۆزدە، زمانی نووسینی کوردی پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی. تێکەڵاو بوونی نوخبەی ئەدەبیی کوردی، هەبوونی قۆتابخانە ئایینییەکان و هاتوچۆی مەلا و فەقێیەکانی بەشە جیاجیاکانی کوردستان، دەوری سەرەکییان لە بەهێز کردنی پێناسەی نەتەوەیی کورددا گێڕا. ئەگەرچی لە سەدەی ١٩دا هەستی نەتەوەییی کورد لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان گەشە دەکا و کوردەکان بە دوای ڕزگاربوونی خۆیاندان، بەڵام لەو دەمەدا، سیستەمی دەرەبەگایەتی و خێڵەکی لە هەموو بەشەکانی کوردستان زۆر زۆر بەهێزە. بەم پێیە دەکرێ فازی یەکەمی دروست بوونی هەستی نەتەوەییی کورد لە نێو نۆخبەی کورددا، بۆ سەدەی نۆزدە بگەڕێنینەوە. دیارە ئەم وشیاریی نەتەوەیییە تەنها لە نێو چینی باڵای کۆمەڵگادا بوو. دەنا، بە گشتی تاکی کورد لەو سەردەمەدا خۆی بە ئەندامی لادێ، شار، یان ناوچەیەیەک دەزانی.

لە باری دروست بوونی هەستی نەتەوەیییەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو کەوتۆتە ژێر کاریگەرییەکانی خەباتی بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەت باشووری کوردستان. دوای ڕوخانی ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی، بزووتنەوەی بەرینی نەتەوەیی کە لە لایەن شێخ مەحموودەوە دامەزرابوو، توانی کاریگەریی بەرچاوی هەبێ لە سەر وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە سالی ١٩٢٣ سمکۆ چاوی دەکەوێ بە شێخ مەحمود و باسی ڕێکخستنی جووڵانەوەی کورد دەکەن. لە ساڵەکانی ١٩٢٠ تا ١٩٢٢ سمکۆ تەواوی ناوچەکانی باکووری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی. سمکۆ هەوڵ دەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ شێخ مەحموود پەرە پێ بدا و بیریش لەوە دەکاتەوە کە حکوومەتێکی لەو شێوەیە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دروست بکات و دوایی یەک بگرن.[vii] تا پێش پێکهێنانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف)، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شێخ و ئاغا و دەرەبەگەکان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردیان دەکرد. پێش سمکۆ، لە سالی ١٩١٧دا، سەردار رەشید، لە سەروبەندی شەڕی یەکەمی جیهانی، کە پێشتر خەباتی دەست پێ کردبوو، کاتێک کە دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو لاواز دەبێت، ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و بە ئامانجی زیندوو کردنەوەی میرنشینی ئەردەڵان و وەدەست هێنانی سەربەخۆییی نێوخۆیی و بە هاوکاری لەگەڵ چەندین سەرۆک خێڵی دیکەی وەک وەکیلی جوانڕۆ و حەمەخانی بانە و هتد، شۆرشێک دەست پێ دەکا.[viii] بە گشتی شۆرشەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، ئەجێندای ناسیۆنالیستییان هەبوو و ئامانجیان نەهێشتنی دەسەڵاتی بیانی بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جێگیر کردنی دەسەڵاتێکی خۆجێیی بوو.[ix] بێگۆمان، ئامانجی ئەو شۆڕشانە چەسپاندنی دێموکڕاسی، چارەسەر کردنی کێشەی مالیک و جووتیاران، یان گۆڕانی ساختاری کۆمەڵایەتی، دابین کردنی ژیانی سەردەمیانە و ئازادی بۆ شارنشینان نەبووە و باسیش لە مافی ژنان نەدەکرا. لە ڕوانگەی سەربازییەوە، بە گوێرەی ئەمیر حەسەنپوور، لادێ و کێوەکان ناوەندی ئەساسیی خەباتی چەکداری بوون و ڕێبەرایەتیی شۆڕشەکان زۆرتر مەیلیان بە پشت بەستن بە هێزی دەرەوە بوو، تا ئەوەی ستراتێژی بۆ گۆڕانی کۆمەڵگاکەیان دانێن. کاتێکیش هێزی هاوکاری هەلپەرەستی دەرەوە، یارمەتییەکانی لێ دەبڕین، سەرکردایەتیی شۆڕشەکەش وازی لە خەبات دەهێنا.[x] حەسەنپوور پێی وایە کە یەکەمین دابڕانی سازمانی لەگەڵ سیاسەتی فیۆدالی و خێڵەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٤٢، بۆ کاتی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان لە مهاباد کە ڕێبەرایەتی و ئەندامەکانی بە زۆری لە خەڵکی وردە بورژوای شارنشین، لاوانی خوێندەوار، ئەو مەلایانەی کە هەڵگری هەستی ناسیۆنالیستی و ئەربابە مڵکدارەکان بوون.[xi]  شۆڕشەکان بە گشتی لە بەشێکی سنوورداری کوردستان بەڕێوەچوون. پڕۆژەی سیاسیی ڕوونیشیان نەبووە کە لە حاڵەتی سەربەخۆییدا، بتوانن و بزانن دەوڵەتداری بکەن، یان چۆن لە گەڵ ناوەند یان نەتەوە بندەستەکانی هاوسێدا، پەیوەندییەکانیان ڕێک بخەن.


پێکهاتنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان

بێگۆمان بە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف لە ساڵی١٩٤٢دا، وشیاریی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرەو فازی بێ، هەنگاوی ناوە. بە گوێرەی بۆچوونی هرۆک، دوای چالاکی بۆ زیندوو کردنەوەی فەرهەنگ و زمان و … لە فازی یەکەمدا، لە فازی دووهەمدا چینێکی ناسیۆنالیست دێنە نێو گۆڕەپانی خەبات. کۆمەڵەی ژێکاف بە گشتی لە کۆمەڵێ خەڵکی وردە بورژوا و ناسیۆنالیست پێک هاتبوو. ئەم پێکهاتەیە، پێچەوانەی ڕاپەڕینەکانی پێشووتر بوو کە لە لایەن شێخ، ئاغا یان دەرەبەگەکانەوە ڕێبەرایەتی دەکران. کۆمەڵە دوایی دەبێتە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، بۆ ئەوەی کۆمارێکی خودموختار لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی پێک بێنێ.

هرۆک پێی وایە،[xii] گوێزانەوە لە فازی ئا بۆ فازی بێ، لە بزووتنەوە نەتەوەیییە سەرکەوتووەکاندا، پەیوەندیی بە جیاوازیی نەوەکانەوە هەبووە. دەکرێ بگوترێ کە حیزبی دێموکڕات کە دواتر جێگەی کۆمەڵەی ژێکاف دەگرێتەوە، یەکەم حیزبە کە بەرنامەیەکی ڕوون و مۆدێڕنی هەبێت. ئەو ‌حیزبە سێ ئەرکی بۆ خۆی دیاری کردبوو: یەکەم ڕێکخستنی خەڵک و کۆ کردنەوەیان لە ژێر ئاڵای کوردستان، لە ڕێگای بەرنامەیەکی ڕوون و ڕێکوپێکی سیاسییەوە. دووهەم، گرێدانی خەباتی کورد بە خەباتی گەلانی دیکەی ئێڕانەوە، بۆ دابین کردنی دێموکراسی و بەربەرەکانێ لەگەڵ فاشیزم. سێهەم، ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە ئازادیخوازەکان و دژە فاشیستەکانی جیهان. [2]

جودا لە هەبوونی ئاڵا، کابینەی وەزیران، هێزی نیزامی، زمانی کوردی، وەک زمانی ڕەسمیی کۆماری کوردستان ناسرابوو. لەم قۆناغەی پڕۆژەی نەتەوەییدا، کار دەکرا بۆ ئەوەی زۆرترین ڕۆشنگەری بکرێ و خەڵکانی دیکە بهێنرێنە نێو ڕیزی خەباتی نەتەوەیییەوە. لەم قۆناغە بوو کە خەڵکی زۆرتر هاتنە نێو پڕۆژەی دروست کردنی دەوڵەت، واتە قۆناغی کۆتاییی گەشەی پڕۆژەی نەتەوەیی. دیارە کۆماری کوردستان، هەنگاوی گەورەی هەڵگرت لە پێناو بەرز کردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەییی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەم قۆناغەدا بوو کە زۆرترین خەڵک هاتنە لای بزووتنەوەی نەتەوەیی بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی نەتەوەییی داهاتوویان. بەڵام بە هۆی زاڵ بوونی ساختاری کۆمەڵایەتیی لادێیی بەهێز و لاواز بوون و سنووردار بوونی وشیاریی نەتەوەیی لە نێو شارنشینەکانی ڕۆژهەڵاتدا، شانسی سەرکەوتنی پڕۆژەی دروست کردنی دەوڵەت لاواز بوو. بزووتنەوەی نەتەوەیی نەیتوانیبوو وشیاریی پێویست لە نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتدا دروست بکا و لە هەمان کاتدا دامەزراندنی کۆمار، بە سەر نوخبەی کوردی ڕۆژهەڵاتدا کەوت. وەک باس کرا، زۆربەتی خەڵک لە لادێکان دەژیان و هەر خاوەن مڵکێک، بە شێوەی مامناوەندی، خاوەنی ١٠ تا ١٠٠ لادێ بوو.

خەڵکیش لە باتی قەبووڵ کردن و پەیڕەوی کردن لە ناسنامەی نەتەوەیی، خۆیان بە ناسنامەی عەشیرەتی و لۆکاڵەوە پێناسە دەکرد. لە دەرەوەی شارەکان سەرۆک عەشیرەت و ئاغا و خاوەن مڵکەکان، دەسەڵاتی تەواویان بە دەستەوە بوو. دیارە ئەمانە پێیان خۆش نەبوو بیر و بەرنامەی حیزب بڵاو ببێتەوە. ئەگەریش مڵکدارەکان پشتیوانییان لە کۆمار دەکرد، لە بەر ئەوە بوو کە لە سیاسەتەکانی ڕەزاشا تووڕە بوون. لە زەمانی ڕەزا شادا زۆریان تووشی ستەمی نەتەوەیی ببون. بە گشتی پشتیوانییان لە کۆمار لە بەر وشیاریی نەتەوەیی نەبوو. لەم قۆناغەی خەباتی نەتەوەیی، کۆسپەکانی بەردەم گەشەی وشیاریی نەتەوەیی و باوەڕی ئازادی زۆر بوون و دامەزرانی ڕێکخراوێکی مودێڕن کە خاوەنی ناسنامەیەکی نوێ بێ، لە گەڵ سروشتی خەڵک نەدەهاتەوە. ژمارەی کادری تێگەیشتوو و تەشکیلاتی بۆ ڕێکخستن و وریا کردنەوەی خەڵک، زۆر کەم بوو. تەنیا لە بواری نیزامیدا کادری شارەزا و پێگەیشتوو هەبوون.

بەشێکی زۆری فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کۆمار پێک هاتبوو لە سەرۆک عەشیرە و ئاغاکان و زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بوون هەتا کۆمار. لەم دۆخەدا، شتێک بە ناوی دیسیپلین لە ئارادا نەبوو. لە لایەکی دیکە، کرماشان کە لە ژێر کونتروڵی بریتانییەکاندا بوو، بۆ ڕێبەرایەتیی کۆمار پڕۆژەیەکی کێشەدار بوو. بریتانییەکان بەرژەوەندییان لەگەڵ تاران یەکی دەگرتەوە تا لەگەڵ کورد. بۆیە لەو سەردەمەدا، ئیمکانی بڵاو کردنەوەی وشیاریی نەتەوەیی لە کرماشان زۆر لاواز بوو.

هەر چەند ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف لە گەڵ ڕێبەرانی جووڵانەوەی پێشووی کورد لە ڕۆژهەڵات، جیاوازییان هەبوو، بەڵام ئاستی جیهانبینیی ئەوانیش، زۆر بەرفراوان نەبوو. ئەمە لە نووسینەکانی گۆڤاری “نیشتمان” دەردەکەوێ کە لەلایەن کۆمەڵەوە بڵاو بووەتەوە. قاسملوو بە هەڵسەنگاندنی نووسینەکانی گۆڤارەکە، پێی وا بوو کە بەڕێوەبەرانی کۆمار، باش لە ئاڵوگۆڕەکان و دۆخی نێودەوڵەتی، شارەزا نەبوون. ئەوان لەو سەردەمەدا، بریتانیا بە دۆستی کورد و تەنانەت بە ئاڵاهەڵگری ئازادی دادەنێن. لە نێو ڕێبەرانی کۆماردا، دەکرێ قازی محەمەد وەکوو تەنیا کەسایەتیی هزری ناو ببردرێ. لە گەڵ ئەوەشدا کۆمەڵە توانی هەستی نەتەوەیی لە نێو خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو بکاتەوە. دیارە دەبێ ئەوەش بگوترێ، کە دەرسەدێکی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان لە سەردەمی دروست بوونی کۆمەڵە نەخوێندەوار بوون. لە سالی ١٩٤٥ زیاتر لە ٪٩٥ دانیشتوانی کوردستان نەخوێندەوار بوون (قاسملوو).

دەکرێ بگوترێ کە قۆناغی پێش کۆمار بە فازی “بێ” ناو ببردرێ، چونکە، نەک تەنیا وشیاریی نەتەوەیی لە ئاستی لۆکاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مایەوە، بەڵکوو هەر وەک عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێ، لە کاتی دروست بوونی کۆماری کوردستاندا، حیزبی دێموکڕات نە لە باری تەشکیلاتییەوە، نە لە بواری دەوڵەتدارییەوە، ئامادەییی تێدا نەبوو. دەکرێ بگوترێ کە یەکێکی دیکە لە لاوازییەکانی کۆمار نەبوونی کۆمەڵگای مەدنیی بەهێز بوو، کە دەیتوانی ببێتە بڕبڕەی پشتی پڕۆژەی کۆماری کوردستان. کۆمەڵگایەکی مەدەنیی ڕێکخراو، دەیتوانی لە تەیار کردنی کۆمەڵانی خەڵک بۆ داکۆکی لە مافە نەتەوەیییەکانیان، لە کۆ کردنەوەی یارمەتی و زۆر بواری دیکە، خەڵکەکە بەسیج بکا. خاڵی لاوازیی بنەڕەتیی دیکەی کۆماری کوردستان، بە گوێرەی بۆچوونی کامرانی مەتین، پێکدژیی بنەڕەتی لە نێوان پێکهاتەی کۆمار، واتە پێگە ماددی و سەربازییەکانی کۆمار وەک پڕۆژەی سیاسی نەتەوەییی مۆدێڕن، کە لە سەر بنەمای چینی کۆمەڵایەتیی پێش-مۆدێڕن و و دواکەوتوو بنیاد نرابوو.[xiii][xiv]

دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و پاشان حیزبی دێموکڕات، نە تەنیا دابڕانێک بوو لە گەڵ جووڵانەوەکانی پێش خۆی لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو وتاری سیاسیی کوردیشی لەو پارچەیەی کوردستاندا داڕشتەوە. ئەمە لەوێ دەردەکەوێ کە دوای ڕووخانی کۆماریش، ئیدی ڕێبەرایەتیی حیزبەکان، بە گشتی کەوتنە دەست نوخبەی ڕووناکبیرەوە. بۆ وێنە، نوسخەی حیزبی دێموکڕات، هەم لە باشووری کوردستان و دواتر لە سوریە و تورکیە پێک هاتن. کە بە گشتی ڕێبەرەکان و چالاکەکانیان، سەر بە چینی ڕووناکبیر (ئینتلیجێنسیا) و مودێڕنی کورد بوون و زۆرتر کەسانی نیشتمانپەروەری پابەند بە پرسی نەتەوەییی کوردیان لە ڕێزەکانی خۆیاندا وەردەگرت.


دوای کۆمار تا ١٩٧٩ فازیB 

لە دوای ڕووخانی کۆمار، هەتا شۆڕشی گەلانی ئێران لە سال ١٩٧٩، لە ماوەی نزیک بە چوار دەیە، بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکڕات، بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕی. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەگەڵ هەڕەشەی مان و نەماندا بەرەوڕوو ببوو. جیا لە مەترسی و هێرشە بەرەدەوامەکانی ساواک و هێزە ئینتیزامییەکانی شای ئێران، ململانێی نێوخۆییی ڕێبەرایەتیی حیزب و پشتیوانیی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی عێراق لە باڵێکی نێو حیزب (بە ڕێبەرایەتیی ئەحمەد تەوفیق)، ڕێبەرایەتیی حیزبی ناچار کردبوو کار بۆ ڕزگار بوون لە ژێر ڕکێفی حیزبی توودە بکا، چونکە حیزبی توودە خۆی بە دەمڕاستی حیزبی دێموکڕات دەزانی. کە وابوو، بە هۆی ئەو مەترسییانەوە، ئەولەویەتی حیزب، کار کردن بوو بۆ زیندوو مانەوە (Survival)، لە باری فیزیکی و ساختارییەوە و ڕاگرتنی ئیدیۆلۆژی و پڕۆژەی نەتەوەییی ڕۆژهەڵات.

حیزب بە بەردەوامی لە هەوڵی خۆ ڕێکخستنەوە و خۆ سازکردنەوەدا بوو و ئەگەریش دەرفەتێکی سیاسی برەخسایە دەیقۆستەوە بۆ بڵاو کردنەوەی وشیاری و بەهێز کردنی پڕۆژە نەتەوەیییەکەی. جیا لەو دەرفەتانەی کە لە سەرەتای ساڵەکانی١٩٥٠ بە هۆی بارودۆخی سیاسیی ئێران کە لە سەردەمی موسەددیقدا هاتبووە ئاراوە، ڕێبەرایەتیی حیزب بۆ زیندوو ڕاگرتنی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی بەرچاوی چالاکییەکانیان لە باشووری کوردستان و بەغدا ڕادەپەڕاند. یەکێک لەو جموجۆڵە سیاسی و سەربازییانە کە حیزب لە ڕۆژهەڵات ڕێکی خست، بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ١٣٤٦-١٣٤٧ بوو. دیارە بە هۆی دۆخی زاڵ بە سەر ڕوژهەڵاتدا، هەم لە زەمان و هەم لە شوێن، جموجۆڵەکە لە ئاستێکی سنووردار بەڵام شوێندانەردا بوو. دیارە لەو دەمەدا مانەوەی ئەو کادر و ئەندامانەی حیزب کە لەگەڵ باڵی عەبدوڵڵا ئیسحاقی ڕێک نەبوون لە باشوور ئاسان نەبوو. بەڵام حیزب ئەو دۆخەی کە لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٥٠دا لە ئاکامی ململانێی نێوان موسەددیق و شای ئێران دروست ببوو، توانی بقۆزێتەوەو خۆی ڕێک بخاتەوە. جیا لەوە، حیزب بە کەڵکوەرگرتن لەو فەزا سیاسییە کراوەیە توانی ویستەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات زیاتر تەبلیغ بکا.

بۆ وێنە پاش پەسەند کردنی قانوونی دابەشکردنی بەرهەم لە نێوان وەرزێر و خاوەن مڵکەکاندا لە لایەن موسەددیقەوە، لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان بەڕێوە چوون، و لە دەوروبەری بۆکان جووتیاران دژی خاوەن مڵکەکان ڕاپەڕین. ئەگەر چی ڕێکخراوەکانی حیزب هێشتا نەبووژابوونەوە، بەڵام ئەندامانی حیزب ڕێنوێنیی جووتیارانیان دەکرد حەقی خۆیان بە پێی قانوونی پەسەند کراو وەربگرن. هەوڵیان دەدا ڕاپەرینی جووتیاران لە چاپەمەنییەکانی پێتەختدا بلاو بکەنەوە. لەو سەروبەندەدا، ڕێکخراوەکانی حیزب بووژاندنەوەی باشیان بە خۆیانەوە بینی. دیارە حیزبی توودەش کادری خۆی ناردبوو بۆ یارمەتیی حیزب لە مهاباد. چەند مانگ لە کوردستان مانەوە و هێندێ بنچینەکانی کاروباری تەشکیلاتییان داڕشت کە لە کاروباری حیزبیدا بەسوود بوون (قاسملو). خۆپێشاندانی لاوان کە لە دەرەوەی شاری مهاباد ئامادە ببوون بۆ بەشداری لە فێستیوالی لاوان لە بوخاریست، بە یەکەمین خۆپێشاندانی سیاسی دادەنرێ. لە خۆپێشاندانەکەدا، یەکێک لە لاوان کوژرا و لاوانی دیکە تەرمەکەیان هێنایەوە ناو شاری مهاباد. ئەو کات حیزب کە ڕێکخراوەکانی کاریان دەکرد، توانی خەڵک بەسیج بکا دژ بە گرتنی ٧٠ چالاکی سیاسی کە ڕێژیمی شا گرتبوونی (قاسملوو).

بزووتنەوەی ١٣٤٦-١٣٤٧ دەچێتە پاڵ ئەوانی دیکە، بۆ ڕاگرتنی وشیاریی نەتەوەیی. بە گوێرەی بۆچوونی هرۆک، ئەو گرووپە ئیتنیکییە بندەستانەی کە تا کۆتاییی سەدەی١٩، نەتوانەوە و ئاسیمیلە نەبوون، لە کۆتاییی سەدەی ١٩دا، کەسانێک لە هەناویان دەرکەوتن و پڕۆژەی نەتەوەیییان بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەیان داڕشت و بە گشتی بە ئامانجەکانیان گەیشتن. لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، سەرەڕای کەندوکۆسپەکان، بزووتنەوەی نەتەوەیی زیندوو ڕاگیرا و بەردەوامیی پێ درا تا گەیشتە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩. بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد لەو دەرفەتانەی دەهاتنە پێش، کەڵکی وەردەگرت بۆ ناساندنی پرسی کورد بە غەیرە کوردەکان و میدیایی کردنی داواکانی کوردی ڕۆژهەڵات (قاسملوو). ئەوەی کە لەو سەروبەندەی ململانێی موسەددیق و شادا، ڕۆژنامە چەپییەکان و جەبهەی میللی باسی گرتنی چالاکانی سیاسی لە مهاباد دەکەن، لەو قۆناغەی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی دادەنرێ. سەرەنجام دەوڵەت مەجبوور بوو بە بێ دادگایی کردنیان، زندانیانی سیاسیی کوردستان ئازاد بکا. لەو ماوەیەدا بزووتنەوەی کورد گوڕوتینی باشی بە خۆیەوە بینیبوو. دیارە ئەم چالاکییانە لە پانتایەکی سنوورداردا بوون. گرنگیی ئەو چالاکییانەش لەوەدا بوو، کە توانیان هەستی وشیاریی بزووتنەوەی نەتەوەیی بپارێزن. بە کودتای ١٩ی ئووتی ١٩٥٣، ئەو فەزا سیاسییە کراوەیە کە لە دەورانی موسەددیق دروست ببوو، ئاسەواری نەما و دیسان ئەندامانی حیزب کەوتنەوە ژێر گوشار و گرتن و حیزب ناچار بوو پەنا بباتەوە بۆ خەباتی نهێنی.


کودەتای ١٤ی ژوئییەی ١٩٥٨ لە عێراق

کوودەتای ساڵی ١٩٥٨ بۆ کوردی باشوور هیوابەخش بوو. کوودەتاکە کۆتایی بە ڕێژیمی پاشایەتی و حکوومەتی نووری سەعید هێنا، و بۆ جاری یەکەم مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری کاتیی عێراقدا چەسپێندران و دان بەوەدا نرا کە کورد و عەڕەب لەو ولاتەدا هاوبەشن.  زمان و ئەدەبیاتی کوردی بە شێوەیەکی کەموێنە دەرەتانی پێشکەوتنیان بۆ ڕەخسا. شای ئێران دژی رێژیمی نوێی عێراق بوو و کەوتبووە هەوڵی کز کردنی. کوردستانی عێراق بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات ببوو بە پەناگایەک. تێکوشەرانی ڕۆژهەڵات هەرکات هەستیان بە مەترسی دەکرد پەنایان دەبردە کوردستانی عێراق و لە لایەن شۆڕشەوە داڵدە دەدران (عەبدوڵڵا حەسەنزادە). دوای شورشی ١٩٥٨ لە عێراق، کەم و زۆر ڕێبەرایەتیی حیزب گوێزرایەوە بۆ باشووری کوردستان. دیارە هاتنی ڕێبەرایەتی بۆ باشوور، بووە هۆی دروست بوونی کێشە و دووبەرەکیی نێوخۆیی.

سەرەڕای دووبەرەکی لە نێوان بەشێک لە ڕێبەرایەتیی حیزب لەگەڵ پارتی دێموکڕاتی کوردستانی عێراق و پشتیوانیی مەلا مستەفا بارزانی لە بەشێک لە ئەندامانی حیزب وەک ئەحمەد تەوفیق، باشوور ببوو بە پەناگای تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات. بارودۆخی لەبار لە باشوور ئەو دەرفەتەی ڕەخساندبوو کە ڕێبەرایەتیی حیزب هێندێ لە کونفڕانس و کۆنگرەکانی لە باشوری کوردستان و بەغدا بەڕێوە ببا. هەر وەها دوای کۆنفڕانسی ٣ی حیزب کە لە سالی ١٩٧١دا بەسترا، حیزب توانی ڕێکخراوەکانی خۆی لە نێوخۆ ببووژێنێتەوە و ڕۆژنامەی کوردستانیش بگاتە دەستی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات (حەسەنزادە). تەنانەت لە تارانیش لە نێو خوێندکارانی حیزب، ڕێکخراوی حیزبی دروست ببوو و بڵاوکراوەکانی حیزب بڵاو دەبوونەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ، کە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەریی ئەرێنی و هێندێ جار نەرێنیی لە دۆخی سیاسیی باشووری کوردستان وەر گرتووە. نموونە بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ١٣٤٦-١٣٤٧ ە، کە زیاتر لە ئاکامی ئەو گوشار و بنبەستەدابوو کە لە باشوورەوە بۆ سەر ڕێبەرایەتیی حیزب پێکهاتبوو.

 لە ١٩٧١ لە شاری کۆیە حیزبی دیمۆکرات، کۆنفڕانسی ٣ی خۆی دەگرێ و لەو کۆنفڕانسەدا پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی حیزب پەسەند دەکرێ و وشەی ئێران بۆ ناوی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان زیاد دەکرێ. حیزب بە نیسبەت کۆمەڵەی ژێکاف، هەوڵ دەدا ئاستی کۆنفڕانس و کۆنگرەکانی بباتە سەر و بەتایبەت ڕۆڵی دوکتور قاسملوو لە بەدامەزراوەیی کردنی ئۆرگانەکانی حیزب بەر چاو دەکەوێ. سەبارەت بە ڕۆڵی فیکریی دوکتور قاسملوو، حەسەنزادە دەڵێ، ئەو شیکردنەوانەی کە دوکتور قاسملوو بۆ بەرنامەی حیزب کردوویەتی، وەک قوتابخانە بووە بۆ ئەو و لێی فێر بووە.

کاریگەریی کۆمار لە دروست بوونی وشیارییی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێراندا بینرا و هەست پێ کرا. ئەویش سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی نزیک چوار دەیەی پاش کۆمار، نە بزاوتێکی جیاواز لە ڕۆژهەڵات سەری هەڵداوە و نە خەڵکی ڕۆژهەڵات ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخساوە کە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەهەندە جیاجیاکانی کۆمار، چ وەک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و چ وەک ئەزموونی دەوڵەتداریی نەتەوەیەکی بن دەست، بکەن. بە بۆچوونی عەباس وەلی، ساختاری کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای دروست بوونیەوە لە سالی ١٩٤٢ ەوە هەتا ئەوڕۆ، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. ئەم ئاڵوگۆڕانە لە نێو وتار و پراکتیکی ناسیۆنالیزمی کوردیدا خۆی دەدۆزێتەوە.[xv]  لە پاش شۆڕش بوو، کە توانرا کۆمار وەک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و فاکتەرێکی کاریگەر لە سەر دروست کردنی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات باشتر بناسرێ و تا ڕادەیەک تیۆریزە بکرێ. پێویستە ڕۆڵ و دەوری هۆنراوە و ئەدەبی بەرگری کە بەرهەمی دوو شاعیری سەردەمی کۆمار، واتە هێمن و هەژار بوون و هۆنراوەکانیان کردبووە چەک و بەگژی دوژمنیاندا دەدا، لە بیر نەکەین. لە قۆناغی پاش شۆڕشدا بوو کە توانرا لایەنە جۆربەجۆرەکانی پێکهاتن و ڕووخانی کۆمار، کەسایەتیی پێشەوا، وشیاریی نەتەوەییی نەوەکانی دوای کۆمار، بە تایبەت نەوەکانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩، بە بیرەوەرییەکانی کۆمارەوە گرێ بدرێتەوە. دیارە بیرەوەرییەکانی کۆمار، بە تاڵ و شیرینەوە، بە تێپەربوونی کات، بوون بە بیرەوەریی گشتیی بەشێکی بەربڵاوتری تاکەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دیارە، کار کراوە بۆ دروست کردنی ئەم بیرەوەرییە گشتییە. بە تایبەت میراتبەرانی کۆمار، لە کاناڵی جیاجیاوە هەوڵیان داوە، لە ڕێگای نووسین و گێڕانەوەوە، بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمە بگوازنەوە بۆ نەوەکانی پاش کۆمار. چالاک بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی ١٩٧٩، بوونیان وەک ئەکتەری سیاسی و نیزامی لە مەیداندا و کار کردنیان بۆ دروست کردنی یەکەیەکی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (خودموختاری)، تین و وزەی بێ سنووری بۆ بەهێز کردنی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرهەم هێنا کە لە گەڵ قۆناغەکانی پێش دروست بوونی کۆمار و قۆناغی پاش ڕووخانی کۆمار، قابیلی بەراوەردکردن نەبوو. هەر وەک هرۆک دەڵێ، یەکێک لە هۆکارەکانی خێرابوونی وشیاریی نەتەوەییی گرووپە ئیتنیکییە بندەستەکان، زوڵم و زۆری نەتەوەی دەسەڵاتدار بەسەر گرووپە بندەستەکانە. لە حاڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە حوکمی ئەوەی هەموو ڕێبەرانی کوردی ڕۆژهەڵات (سمکۆ، قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی)، یان تیرۆر کراون یان لە سێدارە دروان، لە بیری تاکی کورددا و لە بیرەوەریی گشتیی کوردی ڕۆژهەڵاتدا، نە تەنیا بەرەو ڕادیکاڵیزە بوونی نەتەوەیی دەچێ، بەڵکوو، لە هەل دەگەڕێ بۆ خۆ ڕزگار کردن لە دۆخی نەخوازراو!

 سیاسەتەکانی ڕێژیم بە هەڵاواردن دەرحق بە زمان و فەرهەنگی کورد، بە دین و ئایینزاکانی کوردستان دەستی پێ کرد. دواکەوتوو ڕاگرتنی کوردستان لە بواری ئابوورییەوە، بێبەش کردنی کورد لە بەشداری لە بە ڕێوەبردنی کاروباری وڵات و ناوچەکانی خۆیاندا، لە نێوان گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و ناوەند، کەلێنی (Cleavage) مەزهەبی، فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی دروست کرد. داوا ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، بە چەک و توندوتێژی وڵام درانەوە. فەتوای خومەینی و شەڕی سێ مانگە، کوشتارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆڵیان هەبوو لە دروست بوونی هەستێکی هاوبەشی مەزلومییەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. شەهید کرانی دەیان هەزار کەس لە پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنیی ڕۆژهەڵات، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، نەک لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە پەیوەندیی عاتیفی لە نێوان حیزبەکان و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتدا دروست دەکا، بەڵکو، لە باری عاتیفیشەوە، پەیوەندیی خەڵکەکە بە خاکەکەیشییەوە بە هێز دەکا.


فازی سێ C پاش شۆڕشی ١٩٧٩

بە گوتەی هرۆک فازی C، ئەو پلەیە لە هۆشیاریی نەتەوەیییە کە چالاکە نەتەوەیییەکان تێیدا لە پێک هێنانی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و دروست کردنی بزووتنەوەیەکی گەورە و بە هێزی جەماوەری، سەرکەوتوو دەبن. لەم فازەدا، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی تەواو دروست دەبێ و لق و باڵی ئیدیۆلۆژیکی جیای وەک، ڕۆحانی-محافزەکار، لیبراڵ و دێموکڕات، کە هەر یەکەی بەرنامەی خۆی هەیە، لێ دروست دەبێ. ئەم فازەی کە هرۆک باسی دەکا، دەکرێ لەگەڵ قۆناغی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران یەک بگرێتەوە، کە پاش شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبگەلی جیاجیا بە ئیدیۆلۆژیی مارکسیستی، ئیسلامی و دێموکڕات و هتد، دەرکەوتن. دیارە ئەم فازە ئاکامی ڕەوتی پێشکەوتووی هەر دوو قۆناغی A و B ە. بەشداریی سەدان هەزار کەس لە میتینگی مەهاباد کە لە ڕۆژی ١١ ڕەشەمەی ١٣٥٧ لە سەر بانگەوازی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران پێک هێنرا، دەکرێ وەک قۆناغی سەرکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوەییی ڕۆژهەڵات کە هرۆک بە قۆناغی جووڵاندنAgitation ناوی دەبا، دیاری بکرێ. ئەو میتینگە کە تێیدا دکتور قاسملوو پەیامی حدکا دەخوێنێتەوە و حیزب خەباتی ئاشکرا و قانوونیی خۆی دەست پێ دەکا، دەکرێ وەک خاڵی وەرچەرخان لە گەشەی هەستی نەتەوەییی کورد لای بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵات ناو ببرێ. دیارە لە فەزایەکی ئازاددا ئەم میتینگە گیرا، بەڵام بەشداریی دڵخوازانەی خەڵک لەو کۆبوونەوە بەرینەدا، ئاستی وشیاریی نەتەوەییی بەشدارانی میتینگەکە نیشان دەدا.

وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات بەرەو ناوچەکانی دیکەی وەک کرماشان و ئیلام، بە شێوەیەکی خێرا لە گەشەسەندندایە. ئەویش لە سایەی چەندین فاکتەری جیاوازدا، کە هەرە گرینگەکەیان، دەست پێ ڕاگەیشتن بە ڕاگەیاندن و دێموکڕاتیزاسیون و گشتگیر بوونی ڕاگەیاندنە. تاکەکانی ڕۆژهەڵات، ئێستا زۆرتر لە ڕابردوو لە گەڵ پرسی پێناسەیی ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

 هەستی نەتەوەیی لە بەشەکانی کوردستان بە هەمان ئەندازە نییە. کەچی وشیاریی نەتەوەیی لە ناوچەکانی دەرەوەی شاری کرماشان، هەرەوەها لە پارێزگای ئیلام لەم یەک دوو دەیەی دواییدا لە گەشەکردندایە، لەو ناوچانەی کە بە پێگەی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەناسرێن، جەماوەر ڕێکخراوتر و بەربڵاوتر، وڵامی داوای حیزبەکان دەدەنەوە بۆ داکۆکی لە مافە نەتەوەیییەکانیان، ئەوەی کە هرۆک دەلێ جووڵاندن (Agitation)، لە هێندێک لە شارەکانی وەک کرماشان و ئیلام، وشیاریی نەتەوەیی بگرە ئیتنیکی، هێشتا شۆڕ نەبووەتەوە ناو عامەی خەڵکەوە. هۆکارە بنەڕەتییەکانی، دەکرێ بگەڕێنەوە بۆ پڕۆژەی شێواندن و گۆڕانی تایبەتمەندییەکانی شار، لە ڕێگەی کۆلۆنیزە کردنی ئیداری و گۆڕینی دێمۆگرافیاکەی لە لایەن دەوڵەتە ناوەندییەکانی ئێرانەوە. هۆکارەکانی دیکەی گشتگیر نەبوونی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی پەیوەندی بە کەمتەرخەمیی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردەوە هەبووە و بەشی سەرەکیشی، توندوتێژیی سیستەمە سیاسییەکانی ئێران بوونەتە کۆسپ بۆی.

بەڵام وشیاریی نەتەوەیی لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام کە تا ئەم ساڵانەی دوایی و بگرە دەیەی ئاخر بوونی نەبووە یان لاواز بووە، بە هۆکاری جیاجیا لە گۆڕاندایە. ئەم وشیارییە بە تایبەت لە نێو نوخبە (هونەرمەند، وەرزشوان هتد)ی شارەکانی کرماشان و ئیلام بە زەقی بەرچاو دەکەوێ. گرتن و زیندانی کردنی نوخبەی فەرهەنگیی ئەم ناوچەیە، لەم ساڵانەی دواییدا، دەریدەخا، کە کۆماری ئیسلامی بەهێزبوونی نوخبەی ئەم بەشەی ڕۆژهەڵات، وەک هەڕەشە دەبینێ. هۆکارێکی دیکە، زوڵم و زۆری نەتەوەیی و دینی، وای کردووە کە کەلێنی قووڵی فەرهەنگی و نەتەویی. . . لە نێوان دانیشتووانی ئەم بەشەی ڕۆژهەڵات لەگەڵ لایەنی دەسەڵاتداری سەردەست دروست ببێت.

خەڵکی ڕۆژهەڵات، لە ستراتێژیی جیاجیا، بۆ دەربڕینی وشیارییی نەتەوەیی کەڵک وەردەگرن. لە فەزای مومکیندا، بە دەسەڵات پێشان دەدەن کە خاوەنی تایبەتمەندیی جودای خۆیانن. ئەم هەستە هاوبەشە کوردییە، لە کاتی ڕووداو و کارەساتە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەکوو؛ بە هاناوەچوونی خەڵک لە کاتی بوومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو، ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی کۆرۆنا، لە پەیوەندی لە گەڵ کوردی بەشەکانی دیکە: نموونەی گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجالان، بوونی مام جەلال بە سەرۆک کۆمار، ڕیفراندۆم، شەڕی دژە داعش لە ڕۆژئاوا، نەورۆزی جامانەکان و …. خۆی پێشان دەدا.  ئەم جۆرە جووڵانە، تایبەتن بە قۆناغی پاش شۆڕشی ١٩٧٩. ئەم قۆناغە قۆناغی وشیاریی نەتەوییی شارنشینەکانە.

ئەگەر پێش پەیدا بوونی ڕادیۆ، تەلەفزیونی سەتەلایتی و ئینتێرنێت بە حوکمی قەدەغە یان سنووردار بوونی بڵاوکراوەی کوردی، یان لەبەر نەخوێندەوار بوونی دەرسەدێکی بەرچاوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وشیاریی نەتەوەیی بە خێرایی گەشەی نەدەکرد،  لە دوای پەیدابوونی ئامرازەکانی پەیوەندی و تێکنۆلۆژییەوە، گەشەی زیاتری بە خۆیەوەبینی.  ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران کە لە سالی١٣٥٩دا دامەزرا، لەو بوارەدا دەوری بەرچاوی گێڕا. چونکە دوای شەڕی سێ مانگە، ئیدی دەرفەتی چالاکی هەتا دەهات بەرتەسک دەبووەوە. ئەو ڕادیۆیە توانی بۆشاییی پێکهاتوو بە هۆی نەبوونی ڕۆژنامەوە، پڕ بکاتەوە. کۆمەڵانی خەڵک، ئۆگری رادیۆ ببوون. لە ١٥ ساڵی خەباتدا، نزیک ١٥ جار رادیو جێگاکەی گۆڕی. تەنها یەک رۆژ لە ساڵی١٣٦٢دا کاری ڕاوەستا. دیارە لە ساڵی ١٣٧٣دا لە لایەن یەکیەتییەوە و لە سەر داوای ئێران پێشی بڵاو کردنەوەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران گیرا (حەسەنزادە). [xvi]

هۆکارێکی دیکەی دروست بوونی وشیاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕادیکاڵیزە بوونی ئیسلامی سیاسیی شیعەیە کە پێناسەی دەسەڵاتە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و جەوهەرەکەی ناسیۆنالیزمی فارسە. لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەهێز بوونی تیۆلۆژیی شیعە، پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی سەرەڕۆ و کۆمەڵگەی کوردی، لە بەر خاتری بەرجەستە کردنی ڕۆڵی دین، بە تایبەت شیعەگەری وەک پێناسەی دەسەڵات، هەروەها بەکارهاتنی لە وتاری فەرمی و نیوە فەرمیی دەوڵەتدا، گرژیی تێ کەوت.

 ئەم ڕادیکاڵیزە بوونە تەنیا بە ڕەهەندی ئایینییەوە نەوەستاوە. کەلێنە دینی، نەتەوەیی، فەرهەنگی و هتدەکان بە جۆرێک قووڵ بوونەوە. چینێک لەنێو بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد، چاوی هیوای لەوە بڕیوە کە نوخبە و دەسەڵاتدارانی ناوەندگەرا، ددان بە لانیکەمی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بنێن. بۆیە هیوایان بە پێکەوەژیان لەگەڵ ناوەند نەماوە. کەمینەی کوردی یاری، کە بە گشتیی دانیشتووی ناوچەکانی کرماشان و ئیلامن، هەر لە دروست بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە کوردی سوننە خراپتر، لە بوارە جیاجیاکانی ژیانیان کەوتنە بەر هەڵاواردنەوە. چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی خۆ سووتاندن، بۆ ڕسوا کردنی ئەو ئیهانەت و هەڵاواردنانە لە لایەن کوردانی یارییەوە ئەنجام درا. تایبەتمەندیی ئیتنیکی و زمانیی کورد کە سنووری کۆمەڵگای کورد دیاری دەکەن، هەر لە دروست بوونی دەوڵەت-نەتەوەی مودێڕن لە ئێراندا بوونەتە ئامانجی سەرکوت و قەدەخە کران.

 سەرەڕای گەشەی ئیسلامی سیاسیی سوننە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام حیزبە جەماوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەتا ئێستا تایبەتمەندیی سیکۆلاربوونی خۆیانیان پاراستووە. دەبێ ئەوەش بگوترێ کە گەشەی ئیسلامی سیاسی تەنها بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سنووردار نییە، بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و بگرە لە دەرەوەی ولاتانی ئیسلامیش، لە گەشەدایە.

لە دوای شۆڕش، دروستبوونی دیاسپۆرایەکی بەرچاوی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە، توانی لە بڵاوبوونەوەی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کاریگەری دابنێت. شەڕی عێراق-ئێران و وێران بوون و ئاوارە بوونی بەشێک لە خەڵکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان و هاتنیان بۆ عێراق و تێکڵاو بوونیان بە کوردی باشوور، بێ شک لە سەر دروست بوونی وشیاریی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات کاریگەریی هەبوو.

تاکی کورد لەوە ئاگادارە کە دەبێ لە عوقدەی ژێردەستەیی کە دەسەڵاتی سەروەر لە ئێران لە هەست و نەستیدا چاندوویانە، خۆی دەرباز بکا. لەم یەک دوو دەیەی ئاخردا، نوخبەی کوردی ڕۆژهەڵات توانیویەتی لە بوارە جیاجیاکاندا خۆی دەربخا. ئەم نوخبەیە وەک هرۆک دەڵێ ئالنگاری و چالشی بۆ نوخبەی جێگیری سەر بە دەسەڵات دروست کردووە. نۆخبەی کورد لە ڕۆژهەڵات، وەک هرۆک دەڵێ ئامادە نییە مەرج و ئیدئۆلۆژییەکانی نوخبەی باڵادەست قەبووڵ بکا. ئەو دەیەوێ وەک نوخبەی نەتەوەکەی خۆی بدوێت و داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەی خۆی بکات. بە تایبەت ئەم ملمانێیە لە نێو نوخبەی کوردی ڕۆژهەڵات و نوخبەی سەر بە نەتەوەی سەروەر، لە بواری ڕاگەیاندندا لە دەرەوەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زەقی دەردەکەوێ. بوارێکی دیکە، بواری لێکۆڵینەوەی ئەکادمیکە. نوخبەی ئەکادمیکی ڕۆژهەڵات قۆڵی لێ هەڵماڵیوە و لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا لە ڕۆژهەڵات خەریکی لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانن.

کۆبەند

دەکرێ قۆناغی پێش کۆمار بە قۆناغی چالاکیی فەرهەنگی و زمانەوانی، لە لایەن نوخبەی کوردەوە ناو ببەین، چونکە لەو قۆناغەی دۆخی کورددا، بە گشتی ژمارەی خوێندەوار زۆر کەم بووە و تاکی عەوامی کورد زۆرتر لە لادێیەکان ژیاون و پێناسەی عەشیرەتی، لۆکاڵ و ئایینی بەهێز بووە. پڕۆژەی نەتەوەییش لە لای چینی شێخ، ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکانەوە ڕێبەرایەتی کراوە و پڕۆژەی سیاسیی مودێڕنیان نەبووە. تەنیا ویستوویانە، ناوەند بە سەریاندا حوکم نەکا و دەسەڵات لە دەست خەڵکی خۆجێییدا بێت.

گەشەی وشیاریی نەتەوەیی لە فازی ئا بۆ فازی سێ، واتە ئەو قۆناغەی کە بزووتنەوەی نەتەویی بتوانێ جەماوەر بجوڵێنێ بۆ داکۆکی لە مافە نەتەوەیییەکانیان، بەرهەمی پڕۆسەیەکی چەندین دەیەی خەباتی بەردەوامە. بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەریی زۆری لە خەباتی بەشەکانی دیکەی کوردستان وەرگرتوە. بەتایبەت تێکەڵاویی زۆری لەگەڵ خەباتگێڕانی کوردی باکوور و باشوور هەبووە. دروست بوونی ناوچەی خودموختاری باشوور لە١٩٩١وە، پاشان گۆڕان بۆ هەرێمی فیدراڵ، هێز و تینێکی زیاتری بە وشیاریی نەتەوەیی لە رۆژهەڵات داوە.  وەک هرۆک ئاماژەی پێ دەدا، پڕۆسەی زوو یان درەنگ دروست بوونی وشیاریی نەتەوەیی، بە گشتی بەستراوەتەوە بە چڕوپڕیی تێکۆشانی چالاکان و گەیاندنی وشیاری بە خەڵکانی مەبەست. بە جیهانی بوونی ڕاگەیاندن، پڕۆسەی دروست بوونی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خێرا کردووە. بوون لە تاراوگە، ئەو دەرفەتەی بۆ تاکی کوردی ڕۆژهەڵات ڕەخساندووە هەتاکوو خۆی باشتر بناسێتەوە و خۆی لەو پێناسەیە داماڵێنێ کە بە سەریا سەپێنراوە. تاراوگە ئەو دەرفەتەش دەدا کە تاکی کوردی ڕۆژهەڵات، ئەو زانیارییە هەڵانە کە لە لایەن دەسەڵاتی سەردەستەوە، پێی تەڵقین کراوە، لە بیر و هزری خۆیدا بسڕێتەوە و بە دوای ناسنامەی پوختەی کوردایەتیی خۆیدا بگەڕێ.

بە کار هێنانی میتۆدی دروست کردنی نەتەوە بچووکەکان، نیشان دەدا کە ناسیۆنالیزمی کورد زیاتر لە یەک میتۆدی گرتووەتە بەر بۆ دروست کردنی هەستی نەتەوەیی. لە بواری جوغرافیا، ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەتا لە لای ئاغاکان (سمکۆ) و کەسایەتییە ئایینییەکان (قازی) سەری هەڵداوە و بە پێی دۆخەکە، جۆغرافیای ناوەندی نەتەوەیی گۆڕاوە. لە پڕۆسەی فازەکانی ئا، بێ، سێ، وشیاریی نەتەوەیی گەشەی کردووە و لە بواری کۆمەڵایەتییەوە پەرەی سەندووە، بە جۆرێ کە خەڵکی دیکە و چینی دیکە هاتوونەتە ناو پڕۆسەی ڕۆشنگەریی نەتەوەییی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و لە باری جوغرافییەوە هۆشیاریی نەتەوەیی، ناوچەی دیکە و پانتاییی زیاتری گرتووەتەوە.



سەرچاوەکان

[1]بۆ وەرگێرانی Non-dominant group, لە دەستەواژەی (گرووپە بندەستەکان) کەڵکم وەرگرتوە. نووسەر

[2]بۆم شیکردنەوەی ئەم باسە لە(پەرتوکی دەنگی کورتە مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران/ عبدالرحمان قاسملوو و عەبدوللا حسن زادە) کەڵکم وەرگرتە. .

[i]سجادی، عەلائەدین- تاریخ جنبشهای کوردستان – مترجم ڕئوف کریمی انتشارات کردستان ١٣٧٩

[ii]Gellner, Ernest. Nations et nationalismes. Paris, Payot, 1989.

[iii] Anderson, Benedict. Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism (Anglais) Broché – 17 novembre 2006

[iv]Ozoglu, Hakan. Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries. SUNY Press, 2004 – 186 pages.

[v] McDowall, David. A Modern History of the Kurds. London, I. B. Tauris and Co Ltd. 2004.

[vi]Jwaideh, Wadie (2006). Op. cit, p. 24.

[vii]سەرچاوەی پێشووتر. سجادی

[viii]Sardashti,Yasin, چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد لە ڕژهەلاتی کوردستان بەرگی یەکەم سلێمانی ٢٠٠٧

[ix]Hassanpour, Amir. The Kurdish Experienceby published in MER189

[x]هەمان سەرچاوە

[xi]هەمان سەرچاوە

[xii]بۆ شیکردنەوەی ئەم نووسراوەیە، لە سەرچاوە تیورییەکانی قۆناخەکانی دروست بوونی هۆشیاریی نەتەوەییی خوارەوە کەڵکم وەرگرتوە:

  • Miroslav HrochHroch, M. (1995). De l’ethnicité à la nation. Un chemin oublié vers la modernité. Anthropologie et Sociétés, 19 (3), 71–86. https://doi. org/10. 7202/015370ar
  • Hroch, Miroslav. National Romanticism: The Formation of National Movements. Traduction de Derek Paton. Central European University Press
  • Maxwell, Alexander “Typoplogies and phases in nationalism studies: Hroch’s ABC schema as basis for comparative terminology” In: nationalities papers 2010.
  • HROCH, MIROSLAV. Nationalism and national movements: comparing the past and the present of Central and Eastern Europe In: Nations and Nationalism 2 (l), 1996, 35-44. 0ASEN 1996
  • FilosoJckaFaculta, University Karlovy, nam. J. Palacha 2, 110 00 Praha 1, Czech Repub

[xiii]کُردها با کامران متین در گفتگو با غزل صدر18. 03. 1999 enligne : https://www. aasoo. org/fa/articles/2858?fbclid=IwAR30kH68kiGED1CFjQ7UfRk9fdMuKQgkW49TcrDfegwJxoCm_PmFNffEmk4

 

[xv]Vali, Abbas. « Silence au Rojhelat : une étude de cas », Anatoli [En ligne], 8 | 2017, mis en ligne le 22 mars 2018, consulté le 02 mai 2019. URL : http://journals. openedition. org/anatoli/606 ; DOI : 10. 4000/anatoli. 606

[xvi]بۆ شیکردنەوەی دۆخی کۆمار، تا ڕادەیەکی زۆر لە پەرتوکی دەنگی کورتە مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران/ عەبدولرەحمان قاسملوو عەبدوڵڵا و حەسنزادە کەڵکم وەرگرتووە. Enligne : https://youtubedownload.pro/video/ei9saTVNTFhmTzZScStlTmJBQWVnUT09.html

ئەم نوسراوەیە هەوڵێکە بۆ شێکردنەوەی کۆمەڵناسی-سیاسی قۆناغەکانی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، لە میتۆدی بەراوەردی مێژووییی میرۆسلاڤ هرۆک کەڵک وەردەگرین، کە بۆ لێکدانەوەی قۆناغەکانی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی گرووپە بندەستەکانی[1]Nondominant groups ئۆرووپای ناوەندی و ڕۆژهەڵاتی بەکاری هێناوە. هرۆک قۆناغەکانی دروست بوونی نەتەوە، لە نێو گرووپە بندەستەکانی ئۆرووپای ناوەندی و ڕۆژهەڵاتیدا بە سەر سێ فازدا دابەش دەکا. ئەم فازانە، بە فازەکانی A، B و C ناو دەبا. لە هەرییەک لەم قۆناغانەدا، چالاکانی نەتەوە بندەستەکان ئەرکی جیاوازیان دەکەوێتە سەر شان. قۆناغبەندییەکەی هرۆک لە سەرەتای سەدەی ١٩وە دەست پێ دەکا.

ئەم نووسراوەیە هەروەها هەوڵ دەدا بە ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی گرووپە بندەستەکان لە ئۆرووپا، پێش گەیشتن بە قۆناغی نەتەوە بوونیان، بەرچاوڕوونییەک بدا بە خوێنەر. دیارە هرۆک لە دەستەواژەی کەمینە کەڵک وەرناگرێ. بەڵکو دەستەواژەی گرووپە بندەستەکان، یان گرووپە ئیتنییە بندەستەکان بەکار دێنێ.