ئارامتر بخوێنەوە!
دێموکراسیی ڕادیکاڵ و کوردایەتی
سارۆ ئەردەڵان
“خەباتێکی هێژمۆنیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستە بە سەرنجدان بە تایبەتمەندییەکانی دێموکراسییەکی ڕادیکاڵ و پلۆڕال، ئاوڕ لە هەر دوو قۆناغی خەبات بداتەوە. سەرەتا بۆ ڕزگاری لە دۆخی بندەستی و بە مەبەستی سەربەخۆییی کوردستان، بزووتنەوەکانی دژەچەوساندنەوە لە کوردستان بە شێوازێکی هاونرخ و جیاواز جومگەبەندی دەکا، بێ ئەوەی بۆ گەیشتن بە مافی هەر بزووتنەوەیەک چاوپۆشی لە مافی ئەوانی تر بکرێ؛ دواتر و بۆ سازکردنی کۆمەڵگایەک کە کەمترین ئاستی چەوساندنەوەی تێدا بێ و هەروەها بۆ سڕینەوەی ئاسەواری زیاتر لە یەک سەدە کۆلۆنیالیزم، بە شێوازێکی دێموکراتیک، گرنگی بە فرەچەشنیی کۆمەڵگای کوردی دەدا، تا دەنگی هەموو گرووپە پەڕاوێزخراوەکان ببیسترێ.“
داگیرکەری دڵ پڕ لە قین. . . هەر کورد بووین و هەر کورد دەبین””
(هۆنراوەی ئیبراهیم ئەحمەد)
“هەرگیز خەبات بۆ دێموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی یا خەباتی چینایەتی. “
(قاسملوو ٢٠٠٣، ٦٧)
دەستپێک: خوێندنەوەیەک بۆ فەلسەفەی سیاسیی قاسملوو
لە وتووێژێک کە تەنیا چەند مانگ پێش تێرۆرکرانەکەی لەگەڵ عەبدولڕەحمان قاسملوودا (١٩٨٩-١٩٣٠(کراوە، بەڕێزیان ئاماژە بەوە دەکا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرچەند نە بە خێرایی، بەڵام لەبەر قەیرانی ناوخۆیی بەدڵنیاییەوە لەناو دەچێت. بەڵام پاش تێپەڕینی سی ساڵ نەک ڕێژیم نەڕووخاوە بەڵکوو تەنانەت لەناو جێگرەوەکانیشیدا (لە سەڵتەنەتخوازەوە تا دێموکراسیباوەڕ) بیرۆکەی ئێرانچیەتی هەم لە ترۆپکی خۆیدایە و هەم بە هیچ شێوەیەک ئیلیتی فارس/ئێرانی نایانەوێ دیان بە مافی نەتەوەی کورد لە ئێراندا بنێن. دوور نەڕۆشتووین تەنانەت ئەگەر بڵێین بە هەمان شێوە کە دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم میراتداری ژووری فیکریی ساواک بۆ کوردستان بوون، ڕێژیمی نوێش (لە هەر قەوارەیەکی سیاسیدا) لەسەر هەمان هێڵ بەردەوام دەبێ و بە پشتبەستن بە میراتی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی درێژە بە سیاسەتەکانی چەوساندنەوە لە کوردستان دەدا. کەواتە بە سەرنجدان بە هەر دوو ئەگەری بەهێزی مانەوەی ڕێژیم یا بە دەسەڵات گەیشتنی ئەو جێگرەوانەی کە خاڵی هاوبەشیان دژایەتیکردن لەگەڵ داخوازییەکانی نەتەوەی کوردە، ئەم پرسیارەمان لە لا ساز دەبێ کە ڕێکارەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەر دوو گریمانە و شیکردنەوەی دۆخی هەنووکەیی چییە؟
بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە گرنگە، دەمەوێ سەرەتا باس لە فەلسەفەی سیاسیی قاسملوو – وەک نەخشە ڕێگایەک بۆ شۆڕش – بکەم کە لە ماوەی نیو سەدەدا بنەمایەکی بەهێزی فیکریی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز کردووە. هەر بۆ ئەم مەبەستە، بیرۆکەی هزری قاسملوو وەک کڵاوڕۆژنەیەک وایە کە دەتوانین لە ڕێگەیەوە تیشکی زیاتر بخەینە سەر ئەو سووچە کەمتر باسکراوانەی شۆڕش کە نەک لەبەر نادیاربوونیان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هەمیشە لەبەر چاومان دیارن، پێمانوایە هێزی ئەوەیان نییە بتوانین وەکوو تایبەتمەندییەک بۆ بزووتنەوەی نەتەوایەتی، کەڵکیان لێ وەربگرین. بیرکردنەوەی من لە چوارچێوەی ستراتێژیی سوسیالیستیدا بیچمی گرتووە و تیایدا ئەو جۆراوجۆرییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەچاوکراوە کە دەکرێ وەک هەوێنی خەباتێکی هێژمۆنیکی نوێ لە سەدەی بیست و یەکەم، بزوێنەری خەباتی دژەکۆلۆنیالیستی و سازکردنی دێموکراسییەکی ڕادیکاڵ و پلۆڕاڵ بۆ دواڕۆژی کوردستانێکی سەربەخۆ بێ.
سەرەتا، من دەمەوێ لە جیاکارییەک کە هوسێرل لە نێوان ئەو بابەتە تیۆرییانەی دایناوە کە بە شێوازێکی نەگۆڕ مانایەکی فیکسیان بەخۆیانەوە گرتووە، لەگەڵ چالاک کردنەوەیان (لاکلاو و موف، ١٩٨٥، viii) کەڵک وەرگرم. بەم گوێرەیە، لە ناو بیرۆکەی قاسملوودا، ئەو تیۆرییانە چین کە کارکردە سەرەکییەکانیان شاردراونەتەوە، لە کاتێکدا لە ساتەوەختی دیسان چالاک کردنەوەیانەدا دەکرێ مانای نوێ ساز بکەن؟ فەلسەفەی سیاسیی قاسملوو، بەتایبەت لە کتێبی کورتەباسدا، لەسەر بنەمای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سێ ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیچمی گرتووە. لە کاتێکدا قاسملوو پێداگرییەکی بەهێز و هەمیشەیی لە خەباتی دژی چەوساندنەوە دەکا، بەردەوام باس لەوە دەکرێ کە خودموختاری و پابەندبوون بە دێموکراسی (تەنیا لە مانا لیبراڵییەکەیدا) کاکڵی باسەکانی ئەو پێک دێنن. هەر بۆیە من دەمەوێ لێرەدا نە تەنیا ئەو بەشانە لە تیۆریی قاسملوو نیشان بدەم کە لە چوارچێوەیەکی حیزبیدا بەکارهاتوون، بەڵکوو هەروەها هاوکات لەگەڵ دەستنیشانکردنی سنوورەکانیان، هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی سەر لە نوێ خوێندنەوەیان، لە ئاراستەیەکی نوێدا چوارچێوەیەکی تیۆرییان بۆ ساز بکەم و پەرەیان پێ بدەم؛ هەتا لەم ڕێگەیەوە زیاتر لە جاران تایبەتمەندیی دژبەرایەتیی ئاشتیهەڵنەگریان لەگەڵ بیرۆکەی ئێرانچیەتیدا دەرکەوێ و، هەروەها بە ڕوونی لەوە تێبگەین کە ئەم تایبەتمەندییانە لە پراکتیسەکانی سازکردنی هێژمۆنیی کوردایەتیدا چۆن دەور دەگێڕن. بە واتایەکی تر چۆن دەتوانین بنەما فکرییەکانی قاسملوو لە دەست دەرەنجامەکانی سیاسەتی ڕۆژەڤی ڕابردوو ڕزگار بکەین؟
ئاشکرایە هەڵسەنگاندن، هەڵوەشاندنەوە و خوێندنەوەی نوێ بۆ فەلسەفەی سیاسیی قاسملوو، لەبەر حەزێکی ئایدیالیستی و تەنیا لە بەستێنێکی تیۆریکدا نییە. بەڵکوو ئەمە واقیعی ئەمڕۆکەی پرسی سیاسی – کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ناچارمان دەکا تێگەیشتن و سیاسەتێکی نوێمان بۆ شۆڕش هەبێ. قاسملوو خۆی دەرکی بەم پێویستییە کردبوو و تەنانەت وەک تایبەتمەندییەکی جیاکەرەوەی حیزبی دێموکرات بە دروستی ئاماژەی پێ کردووە:
فەرقی ئێمە لەگەڵ زۆربەی ئەو دەستە و تاقمانە [تودە و بەگشتی بەرەی چەپ] ئەوەیە کە ئەوان هەوڵ دەدەن واقعییاتی وڵاتەکەمان لەگەڵ تیۆرییەکەیان ڕێک بخەن و، ئێمە بەپێچەوانەوە، دەمانهەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆری و ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی وڵاتەکانی دیکە و دەرسەکانی جووڵانەوەی مێژووییی گەلی کورد، تیۆرییەکە بە جۆرێک ڕیکوپێک بکەین کە وڵامدەرەوەی واقعییەتی هەڵقوڵاو لە وڵاتەکەمان و گەلەکەماندا بێ (قاسملوو ٢٠٠٣، ٥٠).
ئەگەر سەیری واقیعی ئیستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، هەندێکجار وا دەردەکەوێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وایە ڕێژیمی ئێران لەبەر قەیرانە ناوخۆیییەکانی لە درێژەی زەمەندا و لە پرۆسەیەکی حەتمیدا لە ڕێگەی شۆڕشی نەتەوەکان/خەڵکی ئێران بەرەو نەمان دەڕوا. ئەم شێوازە بیرکردنەوە کە لە بنەمادا لە بەڵگاندنی مارکسیستەکان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم سەبارەت بە “قەیرانی گشتیی سەرمایەداری” دەچێ و لەگەڵ هەمان کێشەی بەدینەهاتنی پێشبینیدا بەرەوڕوو دەبێ. قاسملوو کە خۆشی لە کێشەی ئەم بەڵگاندنە ئاگادارە، هیچ کات باوەڕی وا نەبووە کە سیاسەتەکانی چاوەڕوانی بۆ ڕووخان یا گوشاری هێزی دەرەکی دەتوانن بۆ پێشخستنی دێموکراسی و بەدیهاتنی “مافی دیاریکردنی چارەنووس”، لە شۆڕشدا کاریگەرییەکی یەکلاییکەرەوەیان هەبێ. هەر بۆیە وەک خەباتی چەکداری لە سەردەمی سمکۆ و کۆماری کوردستان بەدواوە، قاسملووش پێی وایە دەبێ پشت بە خەباتێکی چەکدارانە بۆ بەدیهاتنی ئامانجی ڕزگاری ببەسترێ. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش باس لەوە دەکا کە سێ مژار بە قازانجی خەباتن: “یەکێکیان پشتیوانیی گەل لە خەباتی ئێمەیە. ئەوەی دیکە سیاسەتێکی واقعبینانەیە. . . و سێهەم پێشمەرگەکانمان.” (قاسملوو١٣٨٤ت، ٣٤؛ ١٣٨٤ئا، ٢٥٥). قاسملوو بەردەوام لە نووسین و وتووێژەکانیدا باس لە دێموکراسی وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد دەکا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەزانێ کە زۆربەی جار لابردنی توندوتیژانەی ڕێژیمێکی سەرکوتکەر پێشمەرجی هەر پێشکەوتنێکی دێموکراتیکە.
قاسملوو لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە حیزبی دێموکرات بۆ چی خەبات دەکا و بۆ چی تێدەکۆشی؟ بیرۆکەی سەرەکیی خۆی بەکورتی لە وتاری شیکردنەوەی کورتەباسدا شرۆڤە دەکا و پێی وایە “حیزبی دێموکرات بۆ وەدی هێنانی سێ ئامانجی گەورە پێک هاتووە و خەباتیشیان بۆ دەکا. یەکەم لابردنی ستەمی نەتەوایەتییە. دووهەم لابردنی ستەمی چینایەتی یا چەوساندنەوەی ئادەمیزادە. حیزبی ئێمە بۆ لابردنی هەموو چەشنە زۆردارییەک تێدەکۆشی. چەوساندنەوەش، ستەمی چینایەتیش بەشێکە لە زۆرداری. . . [سێهەم] خەبات دەکەین بۆ ئەوەیکە هەموو چەوساندنەوەیەک واتە چەوساندنەوەی سیاسییش لەبەین بچی. . . ئێمە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئازادی خەبات دەکەین. . . حیزبی ئێمە خەبات دەکا بۆ ئەوەی. . . ستەمی نەتەوایەتی، ستەمی چینایەتی و ستەمی سیاسی هەر سێکیان لەنێو بچن” (٢٠٠٣، ٦٥-٦٦). ڕێکارێک کە قاسملوو بۆ ڕزگاری لەم ستەمانە نیشانی دەدا، لە دروشمی ستراتێژیکی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتدا ڕەنگی داوەتەوە کە بریتییە لە دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان. لەسەر بنەمای لۆژیکی دێموکراسی، هەر دوو بژاردەی فێدراڵیزم و خودموختاری گرێدراون بە بوونی دێموکراسی لە ئێراندا و هەر بۆیەش لێرەدا بەرەوڕووی دوو کێشە دەبینەوە کە دەکرێ وەک کلیلی چوونە ژوورەوە بۆ ئەو باسە بن کە لە هێزی ناوەکیی بیرۆکەکانی قاسملوو کەڵک وەردەگرن و لە مەودایەکی بەرفراوانتردا ڕێگەیان پێ دەدەن پەرە بستێنن و لە چوارچێوەی دێموکراسییەکی ڕادیکاڵ و پلۆڕاڵدا جومگەبەندییە سیاسی – هێژمۆنیکییەکانی دەربکەون.
پێداگریی قاسملوو لەسەر دێموکراسی و ڕۆنانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک لە ئاستێکدایە کە دەکرێ بگوترێ لە هەموو نووسین، چاوپێکەوتن و کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکاندابەردەواوم پێداگری لەم بنەمایانە کردووەتەوە؛ تەنانەت لە دوایین چاوپێکەوتنیشیدا باس لە باوەڕی خۆی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دێموکراسیی عەمیق [قووڵ] دەکا (قاسملوو ٢٠١٥؛ زەنگین [1]٢٠١٩؛ د. ئالان ٢٠١٩، ٩٠[2]). پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەمەیە چۆن دەتوانین دێموکراسییەکی ڕادیکاڵ لەگەڵ لابردنی جۆرەکانی ستەم لە کوردستان پێکەوە گرێ بدەینەوە؟ ئایا بە ئەزموونی ئیستاکەمان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و خوێندنەوەمان بۆ کۆی پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، دەکرێ لەسەر بنەمای فەلسەفەی سیاسیی قاسملوو و پەرەپێدانیان، بیر لە ستراتێژییەکی نوێ بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەینەوە؟
هێژمۆنی و جومگەبەندی
لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا چەندین شێوازی دیکەی نابەرابەری و تێکۆشان بۆ سڕینەوەیان، ئاراستەی خەباتی دژە چەوساندنەوە یان فرەڕەهەندی کردووەتەوە. هەر تیۆرییەکی سیاسی دەیهەوێ باس لە وردەکارییەکانی ئەو مێکانیزمانە بکا کە تیایدا کۆمەڵانی خەڵک دەجمێن و لە ڕێگەیانەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ساز دەبن. بۆ زۆربەی مارکسیستەکان پرسیارێک ساز ببوو کە چۆن دەتوانن سەرەڕای ململانێی چینایەتی، هەوێنێکی تر بۆ شۆڕش بدۆزنەوە. تیۆریسییەنەکانی مارکسیزم بۆیان دەرکەوتبوو کە چیتر سەرمایەداری لەبەر قەیرانی ناوخۆیی، بە تێپەڕینی زەمەن و بە شێوەیەکی حەتمی، ناڕووخێت و شۆڕشی چینی کرێکار توانای ئەوەی نییە کە نایەکسانییەکان بسڕێتەوە، کەواتە دەبێ ڕێڕەوێکی نوێ بۆبزووتنەوەی چەپ بدۆزرێتەوە. گرامشی لە ڕێگەی تیۆریی هێژمۆنییەوە باسی لەوە کرد کە هۆی لەناونەچوونی سەرمایەداری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم سیستەمە سەرەڕای توندوتیژی و بووژاندەوەی ئابووری، توانیویەتی لە ڕێگەی نوخبەکانەوە بەها، بایەخ و دابونەریتەکانی چینی دەسەڵاتدار وەک تایبەتمەندییەک نیشان بدا کە عەقڵی باویکۆمەڵگا پەسەندی بکا. کاتێک بەها و بایەخەکانی سەرمایەداری دەبنە جێی پەسەندی هاووڵاتیان و خەڵک بە ڕەزامەندیی خۆیان پەیڕەویان دەکەن، سیستەمی سەرمایەداری دەتوانێ دۆخی هەنووکەیی وەک خۆی بهێڵێتەوە چونکە کۆمەڵانی خەڵک لە ڕێگەی پەسەندکردنیانەوە مەشروعییەتیان بە ئایدیۆلۆژییەکەی داوە. “هۆی سەرنەکەوتنی چەوساوەکان (چینی کرێکار لە خەباتی چیانەیتیدا و نەتەوەی بندەست لە خەباتی نەتەوایەتیدا) ئەوەیە کە بەهاکانی چەوسێنەرانیان قەبووڵ کردووە و بە کردەوە لە ژیانی خۆیاندا ڕەچاوی دەکەن. واتە چەوسێنەران بۆ ڕێبەڕایەتی کردنی چەوساوەکان، لە جۆرە ڕیبەڕایەتییەک کەڵک وەردەگرن کە بە زۆر و بە تۆپزی نییە، بەڵکوو چەوساوەکان بە دڵ ئەو ڕێبەڕایەتییەیان قەبووڵ کردووە، هەرچەندە ئەو بەهایانە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەوانە” (کەریمی ٢٠١٥، ٩٩-١٠٠).
ئەم دەستپێکە بۆ خوێندنەوەی شۆڕش، یارمەتیی “لاکلاو و موف” دەدا کە بە گرنگیدان بە ناکۆکی نێوان دێموکراسی و لیبرالیزم و هەروەها ئەو ئیمکانە هێزەکییەی کە داواکاری نوێی ناسنامەیی بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سازی کردووە، تیۆریی ڕادیکاڵ دێموکراسی خۆیان لە کتێبی هێژمۆنی و ستراتێژی سوسیالیستیدا جومگەبەندی بکەن. جومگەبەندی (articulation) زۆربەی جار بەو بەستنگە و جەمسەرانە دەگوترێ کە جومگەکان لێک گرێ دەداتەوە؛ یا مەبەست کردەوەیەک لە دەربڕینێکی زمانناسییانەدایە کە بۆ سازکردنی مانا، وشەکان پێکەوە دەبەستێتەوە. لاکلاو و موف ئەم دوو بەستێنە واتایییە پێک دێنن و لایەنی سێیەمی کۆمەڵایەتی – سیاسی پێ زیاد دەکەن. لە ڕوانگەی تیۆریی سیاسیی ئەوانەوە جومگەبەندی بریتییە لە “هەر پراکتیسێک کە لە نێوان توخمەکاندا پەیوەندییەک ساز بکا و ناسنامەکان لە ئەنجامی پراکتیسی جومگەبەندیدا بگۆڕدرێن” (٢٠٠١، ١٠٥). کەواتە، جومگەبەندی پراکتیسێکە کە لە ڕێگەی لۆژیکی هاونرخی و جیاوازییەوە، پەیوەندییەک لە نێوان توخمە لێکچوو و نالێکچووەکان ساز دەکا و بەم شێوەیە ناسنامەی توخمەکان دەگۆڕدرێ و ناسنامەیەکی نوێ ساز دەبێ. دەکرێ بگوترێ کاتێک کە سوژەی تاک یا بەکۆمەڵ گیرۆدەی جومگەبەندیی سیاسییە، فۆڕمێکی هاوپەیمانی یا تێکڕایی ساز نابێ کە هەر توخمێک تیایدا ناسنامەی سەرەتایی و ڕەسەنی خۆی هەڵبگرێتەوە، یا یەکیەتییەک ساز ببێ کە توخمەکان ناچار ببن ناسنامەکانی پێشووتری خۆیان لەبیر بکەن، بەڵکوو بەرەیەکی هێژمۆنیک پێکدێ کە لە ڕێگەیەوە ناسنامەی هەر سوژەیەک شێوازێکی نوێ بە خۆیەوە دەگرێ. هێژمۆنی پەیوەندییەک لە نێوان ئەو گرووپانەدا نییە کە ناسنامەکان و بەرژەوەندییەکانیان دیاریکراو بێ، یاکوو بە مانای ئەوە نایەت کە ئەم گرووپانە پێکەوە یەکگرتوویییەک ساز بکەن، بەڵکوو بە واتای پرۆسەیەکی ئاوێتە دێ کە هەموو بەشەکان، لە ڕێگەی سەرقاڵ بوون بە کارلێکردنێکی دینامیک لە نێوان بیرۆکەکان، نەریتەکان و پراکتیسەکان، تیایدا سەر لە نوێ شکڵ بگرنەوە (موف، ١٩٧٩). لاکلاو و موف، لە ڕێگەی چەمکی جومگەبەندییەوە، هەوڵیان داوە تیۆریی هێژمۆنیی گرامشی لە ئابووریباوەڕیی مارکسیزم ڕزگار بکەن و لە بیاڤێکی سیاسیدا بیگونجێنن کە تیایدا خەبات و بریکارەکان فرەچەشنن و هیچ کامیشیان باڵادەست نین. بە تێگەیشتنی ئەوان شۆڕشیکی دێموکراتیک کردارێکی بەکۆمەڵ و دژ بە نابەرابەرییە کە لە ڕێگەیەوە خەڵک دەتوانن بەرەنگاری پەیوەندییەکانی ملکەچی ببنەوە.
مارکسیزم بەشێک لە شۆڕشێکی دێموکراتیک بوو و هێزەکەی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم لەو توانایەوە سەرچاوەی گرتبوو کە توانیبووی بەرەیەکی نوێ لە ژێر بەیداخی خەباتی چینایەتی بۆ کۆکردنەوەی گرووپە جیاوازەکان و داواکارییەکانیان سەبارەت بە بەرابەری ساز بکا. بەرەبەرە تا نیوەی سەدەی بیستەم، مارکسیزم خۆی لە بنبەستێکدا دەبینییەوە چونکە چیتر نەیدەتوانی هێزی یەکخستنی پڕۆلتاریا بەکار بێنێ و لە هەمان کاتدا نەیدەتوانی کەڵک لە فرەچەشنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێکان (وەکوو بزووتنەوەی فێمێنیستەکان، ئێتنیکەکان و ژینگەپارێزەکان و هتد.) وەربگرێ کە لە هەمان کاتدا ببوونە هۆی ئەوەی چیتر خەباتی چینایەتی دەوری سەرەکیی لە سیاسەتەکانی بەرابەریخوازی و دێموکراتیکدا نەبێ(هەمان، ١٥٩). هەر بۆیە ئامانجی دێموکراسیی ڕادیکاڵی لاکلاو و موف ئاوێتەکردنی بارودۆخەکانی گرێدانی خەباتێکی سیاسییە کە سێ تایبەتمەندیی نوێی هەیە: لە ڕوانگەی ئەوانەوە، گۆڕانی کۆمەڵایەتی بابەتێکی حەتمینییە کە دەبێ هەر ڕوو بدا. لە خەباتدا دەبێ بپرسین کە لە چ کاتێکدا، بۆچی و چۆن گۆڕانی کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو دەبێ؟ و تەنانەت هەندێکجار ڕەنگە گۆڕانی کۆمەڵایەتی هەڵگری هەندێک ئەنجامی پێچەوانە بێ. هەروەها ئەوان بۆچوونێکی پلۆراڵیستییان سەبارەت بە سیاسەت هەیە کە تیایدا بکەرە کۆمەڵایەتییەکان کە لە کۆمەڵگادا چالاکن فرەچەشن و جۆراوجۆرن. بە واتایەک چیتر ناکرێ تەنیا لە ڕێگەی بەریەک کەوتنی چینایەتییەوە خەڵک بجمێندرێ. لە کۆتاییدا، گۆڕانی کۆمەڵایەتی پێویستی بە گوتارێکە کە ئەو توانایە بە چالاکەکانی بیاڤی سیاسی – کۆمەڵایەتی ببەخشێ کە نابەرابەریی دەسەڵات وەکوو بەشێک لە سیستەمی سەرکوت دەرک و جومگەبەندی بکەن.
هەر جومگەبەندییەک حەتمەن سیاسی نییە. لۆژیکی جومگەبەندی، بە شێوازێکی نوێ تیشکی خستووەتە سەر داواکارییە سیاسییەکان و بەڕێوەچوونی خەباتەکان و بە هەمان شێوە بەرەی هێژمۆنیکی ساز کردووە. لاکلاو و موف باس لەوە دەکەن کە هێژمۆنیی سیاسی کاتێک دەتوانێ فۆڕم بگرێ کە شێوازی دەرکەوتنی پراکتیسە گوتارییەکان و ناسنامەکان ئانتاگۆنیسم (دژبەرایەتی) بەرهەم بهێنن. واتە، سووژە توانای ئەوەی هەبێ کە “تەواو وەکوو خۆی” دەرکەوێ و ناسنامەیەکی دیاریکراوی لە ناو سیستەمێکی سەقامگیر لە جیاوازییەکاندا هەبێ: “سەبارەت بە ئانتاگۆنیسم دەتوانین بڵێین بوونی “ئەویتر” ڕێگرە لەوەی کە من ‘بە تەواوەتی وەک خۆم’ بم” (هەمان، ١٢٥). لێرەدا باشترە زیاتر هەم لەسەر چەمکی دژبەرایەتی هەڵوێستە بکەین و هەم دواتر بە دیاریکردنی جۆرەکانی ملکەچی، نیشانی بدەین کە کامەیان دەتوانن ببنە هۆی ئەوەی دۆخێکی ڕاستەقینەی دژبەرایەتی ساز ببێ.
موف لە کتێبی دەربارەی بابەتی سیاسی (٢٠٠٥) بە جیاوازیدانان لە نێوان دوو چەمکی دژبەرایەتی (antagonism؛ ئانتاگۆنیسم) و نەیاریەتی (agonism؛ ئاگۆنیسم) هەوڵ دەدا لە چوارچێوەی دێموکراسیی ڕادیکاڵدا، پێناسەیەکی نوێ بۆ سیاسەتی ناسنامە بە دەستەوە بدا. موف سەرەتا لە ڕێگەی هێنانەبەرباسی جیاکاریی نێوان دۆست/دوژمن باس لە کاریگەریی ئەندێشەی کارڵ شمیت بە سەر بیرۆکەکانی خۆیدا دەکا. بە باوەڕی شمیت پێوەری سەرەکیی بابەتی سیاسی، جیاوازیی نێوان دۆست و دوژمنە و بابەتی سیاسی تاوتوێ کردنی شێوازی شکڵگرتنی “ئێمە” لە بەرانبەر “ئەوان”دایە و هەمیشە (دژ بە تاکباوەڕیی لیبراڵیزم و بەرژەوەندییەکانی) هۆگری پێناسەکردنی تایبەتمەندییەکانی کردارێکی بەکۆمەڵە؛ ئەم تێڕوانینە هەڵگری ناکۆکی و ئانتاگۆنیسمە و دژەبەرایەتییەکی ئاشتیهەڵنەگر ساز دەکا، کەواتە پەیوەندیی بە بڕیاردانەوە هەیە و کاری بە سەر گفتوگۆی ئازادەوە نەداوە. بە باوەڕی شمیت “دەکرێ تەنیا لە بەستێنی دەستەبەندیی دۆست/دوژمنەوە[3] (the friend/enemy grouping) و بەدەر لە ڕەهەندەکانی ئەخلاق، جوانیناسی، و ئابووری، لە بابەتی سیاسی تێبگەین” (شمیت ٢٠٠٧، ٣٥). شمیت بەو ئەنجامە دەگا کە وەدیهاتنی ئامانجی کۆتایی لە سیاسەتدا پەیوەندیی بە لەناوچوونی دوژمنەوە هەیە، چونکە ئەگەر ئەویتر لەناو نەچێ ئەوە ئێمەین کە لەناو دەچین. موف ڕەخنەی شمیت لە دێموکراسیی لیبراڵی قەبووڵ دەکا و پێی وایە بابەتی سیاسی بێ بەریەککەوتنی گوتارەکان و پێکدژییەکان مومکین نییە و لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکا نەیارەکان تەنیا هەندێک ڕەقیب نین کە بکرێ بەرژەوەندییەکانیان لە ڕێگەی دانوساندنەوە دابین بکرێ و لە کۆتاییدا ئاشتی ساز بکرێ. هەر بۆیە موف ڕێگەی سێیەم پێشنیار دەکا: ئەم جۆری سێیەمی پەیوەندییە لە دێموکراسییەکی پلۆڕاڵدا پەیوەندیی ئێمە/ئەوان بە شێوازی ئاگۆنیسمی ڕێک دەخات و تیایدا هیچ ڕێگەچارەیەکی لۆژیکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نابیندرێ بەڵام دوو لایەنی پەیوەندییەکە لە جیاتی دژبەرایەتی دەبنە نەیار (adversary)ی یەکتر و مەشروعییەتی یەکتر بە ڕەسمی دەناسن و لەم ڕێگەیەوە لە بیاڤێکی سەمبولیکی هاوبەشدا بەشدار دەبن. لە ڕاستیدا “دەتوانین بڵێین کە ئەرکی دێموکراسی، گۆڕانی ئانتاگۆنیسم (دژبەرایەتی) بە ئاگۆنیسمە (نەیاریەتی)” (٢٠٠٥، ٢٠). لە ئاکامدا، هەر نەزمێک سیاسییە و لەسەر بنەمای فۆڕمێک لە دەرهاویشتنە. هەمیشە هەندێک ئێمکان هەبووە کە سەرکوت کراون و دەکرێ سەر لە نوێ چالاک بکرێنەوە. ئەو پراکتیسانەی کە جومگەبەندی کراون بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە نەزمێکی تایبەت دابمەزرێ تا وەکوو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان سەقامگیر ببن، پراکتیسە هێژمۆنیکەکانن. هەر نەزمێکی هێژمۆنیک دەتوانێ لە لایەن پراکتیسە دژەهێژمۆنیکەکانەوە بکەوێتە ژێر پرسیارەوە (هەمان، ١٨).
کێشەی سەرەکیی مارکسیزم هەر بۆ ئەم ڕاستییە دەگەڕایەوە کە بەریەککەوتنی چینایەتی نەیدەتوانی گشتییەتی جەستەی کۆمەڵایەتی بە سەر دوو بەرەی ئانتاگۆنێسیتیدا (دژبەرایەتیدا) دابەش بکا و لە هەمان کاتیشدا نەیدەتوانی بە شێوازێکی خۆبەخۆ هێڵێکی جیاکەرەوەی سیاسی بەرهەم بهێنێت. لە بەرانبەردا، لاکلاو و موف بۆ ئەوەی ئاستی دژبەرایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا بتوانن تاوتوێ بکەن، سێ دەستە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە یەک جیا دەکەنەوە: (١) پەیوەندییەکی نابەرابەر کە تیایدا بەشداربووان سەبارەت بە لاسەنگبوونی دەسەڵات کێشەیان نییە و پرسیاری لێ ناکەن و لە ژێر ناونیشانی گوێڕایەڵیدا قەبووڵی دەکەن و ملکەچی دەبن. هەر مرۆڤێک لە چەندین بواری گرنگی ژیاندا ئەم جۆرە پەیوەندییە قەبووڵ دەکا. بۆ نموونە، کاتێک بەڕێوەبەری پڕۆژەیەک دەستنیشانی دەکا کە فەرمانبەرەکان بەپێی یاسا پەسەندکراوەکان چۆن دەبێ کار بکەن، یاکوو دایک و باوک هەندێک ڕێوشوێن بۆ ژیانی باشتری منداڵەکانیان دەستنیشان دەکەن. ئەم ڕەزامەندییە بەو مانایە نییە کە ئێمە وەکوو مرۆڤ لەم پەیوەندییانەدا نابەرابەرین؛ بەڵکوو وەکوو بەشێک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئەم جۆرە نابەرابەرییە مەشروعییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. بەها و بایەخەکانی کۆمەڵگا بۆ نموونە مەشروعییەت بە دایکێک دەدەن کە بە منداڵەکەی بڵێ کاتژمێر نۆی شەو نابێ لە دەرەوە بێ، بەڵام لە هەمان کاتدا رێگە نادەن کە توندوتیژی بەرانبەر بە منداڵەکە بەکار بێت. دیارە ئەم بەهایانە بەپێی کات و شوێن ڕەنگە بگۆڕدرێن و یا لە کولتوورە جیاکاندا فۆڕمی جیاواز بەخۆیانەوە بگرن؛ (٢) سەرکوت کە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای دەسەڵاتێکی نابەرابەر کە تیایدا بەشداربووەکان سەبارەت بە جۆری پەیوەندییەکە پرسیار دەکەن و کێشەیان لە لا ساز دەبێ. لێرەدا دەبێ ئەوە لەبیر نەکەین ئەو شتەی کە دەبێتە هۆی سەرکوت ڕەنگە بگۆڕدرێ، بەڵام ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە سەرکەوتوو دەبن کە بتوانن گوتارێک پەروەردە بکەن کە تیایدا پەیوەندییەک وەک سەرکوت نیشان بدرێ و داوا لە خەڵک بکەن چیتر ئەو پەیوەندییە قەبووڵ نەکەن. بەشداریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەم باسەدا بریتییە لەوەی چۆن ئەوان دەتوانن گێڕانەوەیەک ساز بکەن کە تیایدا بەشێک لەو پەیوەندییانەی وەک گوێڕایەڵی مەشروعییەتیان هەیە، چیتر ئاسایی دەرنەکەون و لە ڕێگەیەوە خەڵک داوا بکەن کە دەبێ بگۆڕدرێن. بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵات هەوڵ دەدرێ تەقە کردن لە کۆڵبەران لە ڕێگەی گوتاری قەدەغەی قاچاغ و پێشلکردنی ئەو یاسایانەی کە پشتی ئازادیی ئابووری دەگرن مەشروعییەت پەیدا بکا، بەڵام ئەگەر بکرێ ئەم پەیوەندییە وەک سەرکوت و چەوساندنەوەی تاکی کورد نیشان بدرێ، لە لای خەڵک سەبارەت بە گۆڕانی دۆخی هەنووکەیی پرسیار ساز دەبێ. هەروەها، لە ڕۆژهەڵات دەنگی سەربەخۆ لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا سەرکوت دەکرێ بەڵام سیستەم هەوڵ دەدا ئەم سەرکوتە بۆ زۆرینەی خەڵک وەک گوێڕایەڵییەک لە کاتی دەنگداندا شرۆڤە بکا؛ (٣) سوڵتە کە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای دەسەڵاتێکی نابەرابەر کە تیایدا ئەکتەرێک لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییە پرسیار دەخاتە سەری. بۆ نموونە، لەبەر سیستەمی سوڵتەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە لای زۆرینەی خەڵک لە کوردستان خوێندن بە زمانی فارسی و بەکارنەهێنانی زمانی کوردی وەک بابەتێکی کێشەدار پرسیاری لەسەر ساز ناکرێ و بە ڕەزامەندیی خەڵک بۆخۆیان قەبووڵ دەکرێ.
خەباتی هێژمۆنیکی کوردایەتی
منیش وەکوو فوکۆ لەو باوەڕەدام کە لە هەر شوێنێک دەسەڵات هەیە بەرگریش ساز دەبێ. بەڵام دیارە کە بەرگری شێوازی جۆراوجۆری هەیە. تەنیا هەندێک جار ئەم شێوازانەی بەرگری دەتوانن تایبەتمەندییەکی سیاسی بە خۆیانەوە بگرن و لە چوارچێوەی خەباتێکی دیاریکراودا فۆڕم بگرن و تیایدا داواکاریی چەوساوەکان، کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکانی ملکەچی بێ. بۆ نموونە ژنان بە درێژاییی چەندین سەدە، شێوازی بەرهەڵستکارانەی جیاوازیان دژ بە سوڵتەی پیاوانە هەبووە بەڵام تەنیا هەندێک شێوازی تایبەت و لە ژێر هەلومەرجی دیاریکراودا، توانیویانە دەربکەون و داواکاریی بەرابەریخوازانەیان هەبێ. لەم ڕوانگەیەوە هەر کاتێک باس لە تایبەتمەندیی سیاسیی ئەم جۆرە خەبات و بەرگرییانە دەکرێ، مەبەست سنووردارکردنیان بە حیزب یا دەوڵەتەوە نییە، بەڵکوو ئاوڕدانەوە لە کردارێکە کە ئامانجەکەی گۆڕانی فۆڕمی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەیە کە تیایدا سووژە لە ناو پەیوەندییەکانی ملکەچیدا ساز دەبێ. بەمگوێرەیە “ناکرێ سیاسەت وەکوو پراکتیسی پێکهێنان، سازکردنەوە و گۆڕانی فۆڕمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لەچوارچێوەی ئاستێکی دیاریکراوی بابەتی کۆمەڵایەتیدا جێ بکرێتەوە. هەروەها پرسی بابەتی سیاسی (the problem of the political) پرسی دامەزراوەی بابەتی کۆمەڵایەتییە و بە واتایەکی دیکە، لە بەستێنی لێکدراوی دژبەرایەتییەکاندا گرێدراویی بە پێناسەکردن و جومگەبەندیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە” (لاکلاو و موف ٢٠٠١، ١٥٣). هەر بۆیە لە بابەتی سیاسیدایە کە دەرفەت وتوانای گۆڕانی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و فۆڕمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (لە ملکەچییەوە بگرە تا سەرکوت و سوڵتە) دەخوڵقێ و کردەوەیەکی بەرگریکارانەی دژەچەوساندنەوە مانادار دەبێ.
دەتوانین بڵێین کوردایەتی خاوەنی هەوێنی شۆڕشێکی دێموکراتیکە، چونکە هەڵگری گوتارێکە کە تیایدا کردەوەی شۆڕشگێڕانە لە پێناوخەباتێکی دژ بە چەوساندنەوەیە و دەیەوێ بەرهەڵستکاری پەیوەندییەکانی ملکەچی ببێتەوە. واتە کوردایەتی دەیەوێ لە ڕێگەی شکڵبەندیی گوتاری ڕزگارییەوە دۆخی دژبەرایەتی دژ بە گوتارەکانی ئەویتر ساز بکا و نیشانی بدا چۆن دەتوانین پەیوەندییەکانی ملکەچی، وەک پەیوەندییەکانی سەرکوت پێناسە بکەین. مرۆڤی کوردی ملکەچ لە دۆخی کۆلۆنیالیستی، پێویستی بە گوتارێکی دەرەکیناسێنەر هەیە کە نیشانی بدا ئەم ملکەچییە پەیوەندییەکی سەرکوتکەرانەیە و بەرهۆی دۆخێکی سروشتی نییە. گوتاری دوژمن هەوڵ دەدا بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی بندەستی پەیوەندییەکانی ملکەچی وەکوو جیاوازییەکی سروشتی نیشان بدا، بەڵام گوتاری کوردایەتی دژی دەوەستێتەوە و دەیەوێ لە ڕێگەی جومگەبەندیی هاونرخی شێوازەکانی خەباتەوە، شۆڕشێکی فرەڕەهەندی بەکۆمەڵ ساز بکا کە تیایدا وەک قاسملوو ئاماژەی پێ دەکا نەمانی سێ شێوازی ستەمی نەتەوایەتی، چینایەتی و سیاسی دوا ئامانجی خەبات دەبێ.
ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدوای سازبوونی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانەوە کەوتووینەتە دۆخی بندەستی و لە ژێر سیستەمی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا خاک و نەتەوەکەمان بەکۆلۆنی گیراوە. لە تیۆریی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگردا، وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکی سیستەمی سوڵتەی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی، نیشانم داوە کە “کۆلۆنیالیزمی ئێرانی هاوکات لەگەڵ سەرکوت و توندوتیژی کە تایبەتمەندییەکی خێرا، ئاشکرا، ماڵوێرانکەر، دژەمرۆییانە و دڕندانەی هەیە و لە هەر قۆناغێکی میژووییدا پڕۆژەی جۆراوجۆریان بۆ پێناسە کردووە، کەڵک لە مێکانیزمەکانی وەخۆگرانەی ئایدیۆلۆژیی ئێرانچیەتی وەردەگرێ کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، بە مەبەستی تواندنەوەی ناسنامەی کوردی، چەندین شێوازی بەخۆوە گرتووە. ئەم شێوازە لە ڕواڵەتدا هێواش، شاراوە، شارستانیانە، مرۆییانە، ئاکادیمیک و بەپێی بەهاکانی کولتووری کۆنی جێی شانازی و کۆنی ئێرانییە؛ ئێرانییەکان لە پرۆسەیەکی هەمیشەیی، نەگۆڕ و درێژخایەندا وا دەنوێنن کە بە گەرموگوڕی لەگەڵ کوردەکان هەڵسوکەوت دەکەن و لە ڕووی نەژادی، زمانی، ئایین و کولتوورییەوە، پێداگرییان لەسەر نزیکایەتی لەگەڵ نەتەوەی کورد کردووە” (ئەردەڵان ٢٠١٩ب، ٢٧). کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر کە تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لە هاوشێوەکانی دیکەیەتی، خۆی لە ڕاستیدا بۆ پاساوهێنانەوە، ئاسایی نیشاندان و بە یاسایی کردنی تاڵانکردن و چەوساندنەوە ساز بووە تا لە ڕێگەی کولتووری سەردەستەوە، دۆخی چەوساندنەوە وەک دۆخی هەنووکەیی و سروشتی نیشان بدا. گەشەنەسەندووییی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرەنجامی ڕاستەوخۆی مێکانیزمە ئابوورییەکانی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە ئێرانە کە لە لایەکەوە ناسنامەی کوردیان وەک ئەویتری خۆیان و بە مەبەستی پەڕاوێزخستن پێناسە کردووە (سلێمانی و محەمەدپور ٢٠١٩) و لە لایەکی دیکەوە، لە ڕێگەی دابەشکردنی هێزی کارەوە، هێزی کاری ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکان بە مەبەستی گەشەی ناوەندی ئێران گوازراونەتەوە و لە هەمان کاتدا ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکانی پەڕاوێز لە ڕووی ئابوورییەوە وابەستەی ناوەند دەکرێن و لە نەبوونی سیستەمێکی ئابووریی خۆبژێوی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵات، سەرچاوە مادییەکانی کوردستان بەتاڵان دەبرێن (ئەردەڵان ٢٠١٩ئا). لێرەدا ئەم پرسیارە ساز دەبێ بۆ ڕزگاری لەم چەوساندنەوەیە، نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو دەبێ کەڵک لە چ شێوازێک لە خەبات وەرگرێ؟
پێش لەوەی کە ڕاستەوخۆ هەوڵ بدەم لە وڵامی ئەم پرسیارە نزیک ببمەوە، دەمەوێ باسێکی دیکەی پەیوەندیدار بورووژێنم. ئەگەر خەبات لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان تەنیا بە بەرگری کورت بکەینەوە، توانای سازکردنی پڕۆژەیەکی هێژمۆنیکمان لێ سەندووەتەوە. کاتێک دەڵێین کوردستان کۆلۆنییە و خوازیاری ئەوەین کە نەتەوەی کورد/کوردستانی لە دۆخی بندەستی ڕزگار بکەین، دەبێ باس لە مێکانیزمەکانی سەرکوت و سوڵتە بکەین. بەمگوێرەیە، لەسەر بنەمای لۆژیکی دێموکراسی، بەڵگە دەهێنینەوە کە مرۆڤی کوردیش دەیەوێ بە ڕزگاری و ئازادی بژی. لەم ئاستەدا کەڵکمان لە لۆژیکی دێموکراتیک وەرگرتووە و دەبێ ئاگادار بین کە لۆژیکی دێموکراسی بۆ جومگەبەندیی هەر پڕۆژەیەکی هێژمۆنیک مەرجی تەواو نییە. “لۆژیکی دێموکراسی تەنیا جێگۆڕکێ بە وێنایەکی بەرابەریخوازانە دەکا کەتیایدا هەندێک پەیوەندیی کۆمەڵایەتی زیاتر بەربڵاو دەبێتەوە، کەواتە تەنیا لۆژیکی سڕینەوەی پەیوەندییەکانی ملکەچی و نابەرابەرییەکانە. لۆژیکی دێموکراسی، لۆژیکێکی ئەرێنیی بابەتی کۆمەڵایەتی نییە و هەر بۆیەش ناتوانێ خاڵێکی سەرەکی (a nodal point) دابمەزرێنێ کە بە دەوریدا بنیاتێکی کۆمەڵایەتی سەر لە نوێ ساز بکرێتەوە” (لاکلاو و موف، ١٨٨). لێرەوە بەم ئەنجامە دەگەین کە لایەنی تێکدەری لۆژیکی دێموکراسی، بۆ سڕینەوەی نەزمی پێشتر دەبێ لەگەڵ کۆمەڵە گەڵاڵەیەک هاوکات بێ کە بە شێوازێکی ئەرێنی هەندێک دامەزراوە بۆ بابەتی کۆمەڵایەتی لەخۆ بگرێ. ئەگەر داواکارییەکانی گرووپە ژێردەستەکان تەنیا وەک داواکارییەکی نەرێنی ئاراستە بکرێ کە نەزمێکی تایبەت هەڵتەکێنێ و پڕۆژەی تایبەت و جێی سەرنجی بۆ دیسان بنیات نانەوەی کۆمەڵگا پێ نەبێ، لە هەمان سەرەتاوە تواناکەی بۆ کردەوەی هێژمۆنیک لەناو دەچێ. شێوازی خەباتێک کە تەنیا لەسەر بنەمای لۆژیکی دێموکراسی بێ بە سیاسەتێکی داخراو دەگا، بەڵام خەباتێک کە لەسەر بنەمای دێموکراسیی ڕادیکاڵ بێ، تەنیا کۆمەڵە داواکارییەکی دژەسیستەم لە ڕوانگەی بندەستەکانەوە نییە، بەڵکوو هەروەها بە شێوازێکی هێژمۆنیک بەرەو سەرلەنوێ سازکردنەوەی کۆمەڵگا لە لایەن گرووپە بندەستەکانەوە هەنگاو دەنێ. کەواتە ئەم سەرلەنوێ سازکردنەوەیە لە “ستراتێژییەکی پێکدژییەوە” بەرەو “ستراتێژیی سازکردنەوەی نەزمێکی نوێ” هەنگاو دەنێت. [4]
بۆ وڵامی پرسیاری پێشوو دەگەڕێمەوە بۆ ئەندێشەی قاسملوو کە بە ڕاشکاوی پێی وایە خودموختاری دەتوانێ لە ستەمی نەتەوایەتی ڕزگارمان بکا و هەر ئەمە بە سیاسەتی واقعبینانەی نەسلی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشان دەکا. لە هەمان کاتدا خۆی بە ڕوونی ڕێگەیەکی کراوە بۆ دوو بژاردەی دیکە واتە فێدراڵیزم و سەربەخۆیی دەهێڵێتەوە: “نەسلی داهاتوو بۆخۆی بڕیار دەدا ئایا وەک ئێمە خۆدموختاری دەوێ یان نا. . . ئەگەر ڕۆژێک قەرار بێ مەسەلەن شوعاری سەربەخۆییمان هەبێ یەکێک لە شتەکان ئەوەیە کە لە باری نێونەتەوەییشەوە دەبێ وەزعەکە ئامادە بکرێ” (قاسملوو ١٣٨٤ج، ٣١٢). ئەگەر لەم تێبینییەی قاسملوو ورد ببینەوە پرسیارێکمان لە لا ساز دەبێ بۆچی ئەو ڕێگای خودموختاری هەڵبژارد؟ دیارە جومگەبەندیی پڕۆژەی قاسملوو بۆ ڕزگارییە و دەیەوێ مرۆڤی کورد لە چەوساندنەوە ڕزگار بکا. پێشتر باسمان لەوە کرد کە کوردستان و نەتەوەی کورد لە لایەن دەوڵەت نەتەوەی ئێرانەوە بەکۆلۆنی کراوە. لە هەمان کاتدا ئەزموونی مێژوویی پاش قاسملوو بۆمان دەردەخا کە لە پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکانی ناوەندی ئێرانی/فارس لەگەڵ کورد نەک هیچ جیاوازییەک ڕووی نەداوە بەڵکوو هەروەها بە تۆکمەترکردنی هێژمۆنیی کولتووریی خۆیان لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە دەیانەوێ ناسنامەی کوردی لە هەناویدا بپووکێننەوە و ناوەڕۆکی ئێرانیی بۆ ساز بکەن. کەواتە لە خەباتێکی هێژمۆنیکی دژەکۆلۆنیالیستیدا، سەرەتا دەبێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەربەخۆیی بگا، چونکە هەتا زنجیرەکانی وابەستەییی نەتەوەی کۆلۆنی بە نەتەوەی کۆلۆنیالیستەوە مابێ، گۆڕانێکی ڕادیکاڵ لە پەیوەندییەکانی ئەم دوو نەتەوەیەدا ساز نابێ کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە پێناسە کراوە. لە ئیستادا ئێمە دەزانین کە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک پەڕاوێزێکی کۆلۆنی بۆ گەشەی ناوەند بەکار هێناوە. هۆکاری گەشەنەسەندنی ڕۆژهەڵات لەبەر کەموکوڕیی یاسایی یا کەمترخەمی ناوەند لە ماوەی تەمەنی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانیدا نەبووە. بەڵکوو لە هەمان ساتەوەختی پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، خاک (سەرچاوە مادییەکان) و نەتەوە (سەرچاوە مرۆییەکان وەک هێزی کار) بۆ گەشەی ناوەند بەکار هاتووە و چەوساتەوە یان ئەوەی پەڕاوێز خراوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئەنقەست لە دۆخی کۆلۆنیدا هێشتراوەتەوە و تیایدا ناسنامەی کوردی/کوردستانی سەرکوت کراوە (ئەردەڵان ٢٠١٩ئا). چونکە ئەگەر کورد وەک نەتەوەی بندەست بیهەوێ لە دۆخی چەوساوەیی ڕزگاری ببێ، چیتر ناسیۆنالیزمی ئێرانی مانای نامێنێ. بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە تەنانەت هێزە بەناو پێشکەوتووخوازەکانی بەرەی چەپ لە ئێران (لە توودەی سەدەی بیستەمەوە بگرە تا ئانارشیستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی بیست و یەکەم) هێڵی سووریان ناسنامەی کوردی/کوردستانییە. [5] لە ڕاستیدا، مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنی هەر شۆڕشێکی دێموکراتیک، سڕینەوەی ئەو پەیوەندییانەیە کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە ساز بوون و لە ڕۆژهەڵات لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێ کوردستان لە دۆخی کۆلۆنیالیزم ڕزگاری ببێ. بەڵام تێگەیشتنی پێشووترلە شۆڕش ڕەنگە نەتوانێ بەم ئامانجە کۆتایییە بمانگەیەنێت، چونکە هەم لە لایەکەوە پێیوایە دەکرێ بە مانەوەی پێکهاتەی سیاسیی ئێران مرۆڤی کورد ڕزگاری ببێ؛ هەروەها لەم شێوازەدا زیاتر بیر لەوە کراوەتەوە کە یەک ناوەند بۆ چڕکردنەوەی هێز هەیە کە تیایدا کۆمەڵگا لە ڕێگەی هێزیکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتووەوە (هێزی پێشمەرگە) بەرەو ئامانجی کۆتایی هەنگاو هەڵبێنێت. بەڵام ئەم دیمەنە لە لایەکەوە ناتوانێ لە هەموو تواناکانی بەشە چەوساوەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ شۆڕش کەڵک وەرگرێ و بە واتایەک کراوە نییە، هەروەها ڕێگە بۆ هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمی ئێرانی خۆش دەکا کە بە ئاسانی هێزی شۆڕشگێڕ سنووردار بکا و لە ئاستی کاریگەریی کەم بکاتەوە. لێرەدا بۆ شرۆڤە و وردبوونەوەی زیاتر دەتوانین کەڵک لە چەمکی شەڕی پێگەی (the war of position) گرامشی وەربگرین.
گرامشی شەڕی پێگە لە بەرانبەر شەڕی مانۆر (the war of maneuver) دادەنێ کە شۆڕش تەنیا لە ڕاپەڕینی چەکداریدا دەبینێ و تیایدا چەک و تەقەمەنی بەکار دێت. هەڵبەت لە بەرانبەردا، سەرمایەداریی پێشکەوتوو لە ڕێگەی کولتوورییەوە کە درێژخایەنتر و ئاڵۆزترە شۆڕشی چەکداری بنکۆڵ دەکا. گرامشی بەپێچەوانەی کاڕڵ کاوتسکی و ستراتێژیی شەڕی بەچۆکداهێنان (the war of attrition) باس لەوە دەکا کە چیتر تەنیا شەڕی چەکداری وڵامدەری بەرەوڕووبەنەوە لەگەڵ سەرمایەداری نییە (لاکلاو و موف ٢٠٠١، ٧٠) بەڵکوو دەبێ لە کۆمەڵگادا بتوانین لە هەموو جۆرەکانی بەرهەڵستکاری لە پێگە جیاوازەکاندا، دژ بە سوڵتەی کولتووریی سەرمایەداری کەڵک وەرگرین. قاسملوو وەک ستراتێژیستی حیزبی دێموکرات و پاش میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، بەخێرایی شەڕی جەبهەیی بەرەو شەڕی پارتیزانی دەبا، بەڵام لەوەش ئاگادارە کە ئەم شەڕە دەتوانێ زۆر درێژخایەن بێ چونکە “شەڕی پارتیزانی شەڕی ماندووکردنی دوژمنە، بۆیە زۆر وێ دەچێ، شەڕی ئێمە لە دژی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی و دیکتاتۆری شەڕێکی درێژخایەن بێ.” (قاسملوو ١٣٨٤ئا، ٢٥٧-٢٥٨). هەر بۆیە قاسملوو لەم جۆرە ستراتێژییە نوێیە بۆ بەکارهێنانی شەڕی پێگە ئاگادار بووە و لەم ڕوانگەیەوە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ:
لەو بڕوایەدام کە ئەم ڕێژیمە لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و نووسینی چەند وتار لە دەرەوەی وڵات ناڕووخێ. [بەڵکوو] دەڵێم لە ڕێگای زاڵبوونەوە ئەم ڕێژیمە لە بەین دەچێ؛ ئیستا ئەم زاڵبوونە ڕاپەڕینی چەکدارانە لە نێو شارەکان دەبێ یا تێکەڵێک لە شەڕی چەکدارانەی شاری لەگەڵ شەڕی پارتیزانی لە دێهاتەکاندا و مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵکی لە نێو شارەکاندا، لەو بڕوایەدام ناکرێ لە پێشدا ئەمە دیاری بکرێ. بەڵام سەبارەت بەوە کە داخوا ئەو ڕێژیمە دەڕووخێ ئەویش لە ڕیگای زاڵبوون بە سەریدا، من هیچ لە شک و گوماندا نیم کە ڕێژیم لە قەیرانێکی قووڵدایە (قاسملوو ١٣٨٤ب، ٥٥).
فرەچەشنکردنی بیاڤی سیاسی و ڕێگرتن لەوەی کە هێز تەنیا لە یەک ناوەندا چڕ ببێتەوە، یارمەتیدەری گوتاری کوردایەتی دەدا کە لە نێوان بزووتنەوەجیاکانی ناو کۆمەڵگای کوردی لە ڕێگەی جومگەبەندییەکی هێژمۆنیکەوە پێگەی فرەڕەهەند لە هەناوی یەکیەتییەکی دژەچەوساندنەوە بۆ خەبات ساز بکا. ئەگەر داواکارییەکانی دەستە و گرووپە جیاکان لێک جیاواز بن، لە زۆربەی کاتەکاندا پێکەوە ناگونجێن و هیچ جۆرە هاونرخییەک لە نێوانیاندا ساز نابێ. هەروەها کاتێک باس لەوە دەکەین کە کوردایەتی خەباتێکە بۆ لابردنی ستەم و چەوساندنەوە، کاتێک دەتوانین باس لەوە بکەین کە ئەم خەباتە توانایەکی هێژمۆنیکی هەیە کە بەسەر هەموو جومگەکانی ڕۆژهەڵاتدا شۆڕ ببێتەوە؛ هەروەها بتوانین بە شێوازێکی دێموکراتیک و پلۆڕال ئەو نابەرابەرییانەی کە پەیوەندییەکانی سەرکوت و سوڵتە سازیان کردووە، پێکەوە جومگەبەندی بکەین. واتە ئێمە دەبێ لە ڕێگەی گێرانەوەیەکی بەهێزی پێشووتر (گوتاری دژەچەوساندنەوەی کوردایەتی) بتوانین بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان لە هەمان کاتدا کە سەربەخۆن و گرنگی بە داخوازییەکانیان دەدرێ، هاونرخ بکەین و لە پێناوی ڕزگاریدا دوژمنی پێ لەناو بەرین و پێگەکانی لە ناو کۆمەڵگادا پڕ بکەینەوە.
ئەم ستراتێژییە نوێیە کە من وەکوو خەباتی هێژمۆنیکی کوردایەتی ناوی لێ دەبەم، لە ڕێگەی خاڵی ناوەندیی دژەچەساندنەوەوە، جومگەبەندییەکی هێژمۆنیک دەکرێ و دژ بە هەموو شێوازەکانی بندەستییە. زنجیرەی هاونرخی خەباتە جیاکان دژ بە نابەرابەرییەکانی ناو کۆمەڵگان و چالاکییەکانی هەندێک بزووتنەوەی وەک دژە ڕەگەزپەرەستی، فێمێنیزم و دژەسێکسیزم، ژینگەپارێزی، و مافە مەدەنییەکان پێک دەبەستێتەوە و هەروەها هاوکات لەگەڵ خەباتی دژی ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتی، لێکیان گرێ دەداتەەوە. دەکرێ بوترێ لە خەباتی هێژمۆنیکی کوردایەتیدا، ئێرادەی بەکۆمەڵ بەرهەمی جومگەبەندیی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی ئەم هێزە بە ڕواڵەت پرش و بڵاوانەیە و دەتوانێ هەموویان لە بزووتنەوەیەکی دژەچەوساندنەوە جومگەبەندی بکا. کوردایەتی[6] بۆ جماندنی کۆمەڵانی خەڵک لەسەر بنەمای رێسای دێموکراتیکی ئازادی و بەرابەری هەڵوێستە دەگرێ و لە چوارچێوەی ماتریسێکی چەند بەشیدا وێنایەکی نوێ لە بابەتی سیاسی پێشکەش دەکا. خەباتی هێژمۆنیکی کوردایەتی مەبەستیەتی کە شۆڕشێکی دێموکراتیک ساز بکا و کۆتاییی سیستەمێکی هیرارشی و نایەکسان ڕابگەیەنێ. لەم ڕووەوە، داواکاریی سوسیالیستی وەک ڕەهەندێکی گرنگ لەم شۆڕشە دەردەکەوێ. قاسملوو لە ڕاستیدا نزیک لەم ڕوانگەی بۆ سوسیالیزم هەبوو[7]، هەر بۆیە لە کورتەباسدا پێش لە لە لاکلاو و موف باس لە ڕەهەندی ڕادیکاڵ و پلۆڕاڵی سوسیالیزم بۆ کوردستان دەکا:
[سوسیالیزمی ئێمە] نەک تەنیا نابێ ئازادییەک [لە ئینسان] بستێنێ، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەبێ زۆر زیاتریشی لە سەردەمی سەرمایەداری بداتێ. ئێمە دەبێ سوسیالیزمێک دروست بکەین کە نەک تەنیا دێموکراسی مەحدوود ناکا، بەڵکوو پەرەشی پێ دەدا… ئێمە کۆمەڵێکمان دەبێ کە لەوەدا گەشەکردنی ئازادانەی هەر کەس، شەرتی گەشەکردنی هەمووانە (قاسملوو ٢٠٠٣، ٣٨).
هەروەها لە درێژەدا بەم ئەنجامە گرنگە دەگات:
کەوابوو، ئێمە دەبێ سوسیالیزمێک دامەزرێنین کە دێموکراتیک بێ. ئەوە هەم بە مانای کەڵک وەرگرتن لە دەستکەوتەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە و، هەم بە مانای کەڵک وەرگرتن لە ئازادیی فەردی و سیاسی و بەشدارکردنی ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی خەڵک لە هەڵسووڕاندنی کاروباری وڵاتدایە. لە سوسیالیزمی دێمۆکراتیدا، فەرد نە لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەچەوسێتەوە و نە لە باری سیاسییەوە، هاونیشتمانیی وڵاتێک کە سوسیالیزمی دێموکراتیکی تێدا پێکهاتووە، هاونیشتمانییەکی ئازادە و بە ئازادی دەژی (قاسملوو ٢٠٠٣، ٤٠).
لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەم ئەو شتەی کە ڕێگە دەدا هەتا شێوازە جیاکانی بەرگری، تایبەتمەندییەکی خەباتێکی بەکۆمەڵ بەخۆوە بگرن، بوونی گوتارێکی کۆکەرەوە ودەرەکییە کە نەهێڵێ ئەو پەیوەندییانە وەک ئەو جیاوازییە کولتوورییە جومگەبەندیی بۆ بکرێ کە لە چوارچێوەی جیاوازیدا و لە لایەن گوتاری کۆلۆنیایستییەوە (و لە دواڕۆژدا لە ڕێگەی سەپاندنی کولتووری مشەخۆریی سەرمایەدارییەوە) وەک بابەتێکی ڕێژەیی کە پەیوەندیی بە لێکۆڵینەوەی کولتوورییەوە هەیەسەقامگیر ببێ.[8] ئەم گوتارە دەرەکییە، لە ڕێگەی حیزبەوە، وەکوو دامەزراوەیەکی سیاسی، دەتوانێ خواستە جیاکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بەدی بێنێ و بە گرنگیدان بە جیاوازییەکان و هێشتنەوەی سەربەخۆبوونیان، بەپێی لۆژیکی هاونرخی، جومگەبەندییان بۆ بکرێ. هەرچەند حیزب هەندێکجار وەک بەدیهێنەری بورۆکراسی دەتوانێ ببێتە لەمپەر بۆ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵک بەڵام “دەشتوانێ ڕێکخەری کۆمەڵانی خەڵکی پرش و بڵاو بێ کە لە ڕووی سیاسییەوە سەربەمۆر ماونەتەوە و کەواتە دەتوانێ ببێتە ئامرازی بەرفراوانبوون و قووڵتربوونی خەباتی دێموکراتیک” (لاکلاو و موف ٢٠١١، ١٨٠). لێرەدایە دەتوانین باس لەوە بکەین کە حیزبی دێموکرات هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە ڕابردوودا بەریەکی بەهێزی دژەچەوساندنەوەی ساز کردووە، لە داهاتووشدا دەتوانێ لە ڕێگەی خەباتێکی هێژمۆنیکەوە کۆمەڵانێکی خەڵک، زیاتر لە جاران بە دوو مەبەستی هاونرخ بجمێنێ. سەرەتا لە چوارچێوەی گوتارێکی دژەکۆلۆنیالیستیدا مانایەکی نوێ بۆ نەتەوەی بندەست، چینی چەوساوە، ژن، ژینگەی کوردستان/زاگرۆس و مافە مەدەنییەکانی هاووڵاتیان پێناسە بکا. ئەو گێڕانەوە مەزنەی کە دەتوانێ خەباتی هەر کام لەم بزووتنەوانە لە پیناو بەرابەری و ئازادی، بە شێوازیکی هاونرخ جومگەبەندی بکا گوتاری کوردایەتییە. خاڵی ناوەندی ئەم گوتارە دژایەتیکردنی هەر جۆرە چەوساندنەوەیەکە کە لە پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا ساز دەبێ.
دوای سەربەخۆبوونی کوردستان، حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی پێشەنگی چەپ پەیوەندیی ئێمە/ئێوە لەسەر بنەمای دژبەرایەتی و دۆست/دوژمن پێناسە ناکا، بەڵکوو لە ناو کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک و پلۆڕاڵدا ئەم بەریەککەوتنە، تایبەتمەندییەکی نەیاریەتی بەخۆیەوە دەگرێ بگرێ. واتە هەرچەند نەیارەکان بۆ بە دەست گرتنی دەسەڵات پێکەوە ڕەقیبن و دەیانەوێ لایەنی بەرانبەریان لە گەیشتن بە دەسەڵات دوور بخەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازی و مافەکانیان قەبووڵ دەکەن و مەشروعییەتی پێ دەدەن. ئەم پەیوەندییە تەواو جیاواز لەو پەیوەندییە دەبێ کە لە قۆناغی کۆلۆنیالیزم نەتەوەی بندەست وەک دوژمن سەیری نەتەوەی سەردەست دەکا و دەیەوێ هەم مەشروعییەتی لێ بسڕێتەوە و هەم لەناوی ببات.
دەرەنجام
سیاسەتی هێژمۆنی و دێموکراسیی ڕادیکاڵ چوار گریمانە سەبارەت بەو مەرجانە پێشکەش دەکەن کە لە ڕێگەیانەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە بەدیهێنانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا سەرکەوتوو بن: (١) هێزی گوتاری هێژمۆنێک: بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەتوانێ لە سازکردنی ئانتاگۆنیزمدا سەرکەوتوو بێ کە بتوانێ نابەرابەریی دەسەڵات لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بەرجەستە بکاتەوە و دوابەدوای ئەوە بتوانێ ئەو نابەرابەرییانە بە گوتارێکەوە گرێ بداتەوە کە پێشتر هەبووە و قەبووڵ کراوە. ئەم گوتارە دەبێ بتوانێ چۆنیەتیی ئەم ناعەداڵیەتییەی کە لە نابەرابەریی دەسەڵاتدا هەیە شرۆڤە بکا و هەروەها بزووتنەوەی کۆمەڵاتیش دەبێ ئەم گوتارە بۆ جماندنی خەڵک و ڕاکێشانی پشتیوانیی ئەوان بۆ خۆی بە مەبەستی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەکار بێنێت. (٢) دێموکراسی ئامانجێکی بزێوە و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەنگاوتنی پێویستی بە خێرایی و چالاکی هەیە. چونکە بە گۆڕانی واقیعی کۆمەڵایەتی نابەرابەریی نوێ لە ناو دەسەڵاتدا دەردەکەوێ و بزووتنەوەیەک سەرکەوتووە کە بتوانێ بە خێرایی و کارامەیی ئەم نابەرابەرییانە بکاتە ئامانج و لەگەڵیاندا بگونجێ؛ (٣) ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی کە داخراوترن تەنیا لەسەر بەدیهاتنی یەک ئامانج چڕ دەبنەوە و هەر لەم ڕووەوە شیمانەی سەرکەوتنیان کەم دەبێتەوە. کەواتە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە دەتوانن چیرۆکێکی خوێندنەوەی هاوبەش لەگەڵ ئامانجی دیاریکراو بۆ گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان ساز بکەن؛ (٤) بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو دەبێ کە بتوانێ وێنایەکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی بەدیل ساز بکا. ئەگەر داخوازییەکانی گرووپێکی بندەست تەنیا وەکوو داواکارییەکی نەرێنی پێشکەش بکرێ و بیهەوێ نەزمی هەنووکەیی تێک بشکێنێ، بێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی کردەیی بۆ سەرلەنوێ سازکردنەوەی کۆمەڵگە بە دەستەوە بدا، بە ئەگەری زۆرەوە ناتوانێ لە هەمان سەرەتاوە کردارێکی هێژمۆنیکی هەبێ و لە ئاکامدا شکەست دێنێ.
لە کۆتاییی ئەم توێژینەوەیەدا دەتوانین بپرسین کە پڕۆژەی دێموکراسیی ڕادیکاڵ چۆن دەتوانێ کاریگەری لەسەر عەقڵی باو لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات هەبێ کە ڕەنگە زیاتر نەتەوەی کوردی وەک بریکاری گۆڕانی سیاسی و تێکدانی دۆخی هەنووکەیی سەیر کردووە؟ دەکرێ باس لەوە بکەین کە خەباتی هێژمۆنیکی کوردایەتی مەبەستی ئەوە نییە کوردایەتی تێپەڕێنێت یاکوو لە خواستەکانی بۆ گەیشتەن بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد چاوپۆشی بکا، بەڵکوو واوەتر دەچێ و دەیەوێ هەم لە لایەکەوە بە گرنگیدان بە خواستە ناسنامەیییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان (وەکوو خەباتی فێمینیزم، ژینگەپارێزی و دژە ڕەگەزپەرەستی) بەرەو شۆڕشێکی دێموکراتیک هەنگاو هەڵبگرێ. لە لایەکی دیکەشەوە کاتێک بکەرە کۆمەڵایەتییەکان فرەتر دەبن، گوتاری کوردایەتی دەتوانێ لە چوارچێوەی سازکردنی وێنایەکی دژەچەوساندنەوەدا ئەم بزووتنەوانە پێکەوە جومگەبەندی بکا و نیشانی بدا کە بەرگریکردن لە مافی کرێکاران هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ داوای مافی بەرابەر لە لایەن بزووتنەوەی ژنانەوە نییە. بۆ نموونە قاسملوو وەک سوسیالیستێک، بەرگریکارێکی بەهێزی داواکاریی کرێکاران لە کوردستان بوو، لە هەمان کاتدا دەیزانی کە لە هەر دوو قۆناغی شۆڕشدا دەبێ بزووتنەوەی ژنان وەک یەکێک لە بنەڕەتە گرنگەکانی سازکردنی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک سەیر بکرێ:
لەم بزووتنەوەیەدا دەبێ ژنان شوێنێکی تایبەتییان هەم لە چالاکیی سیاسی و هەم لە کاروباری حیزبیدا هەبێ. حیزبی ئێمە باوەڕی بە بەرابەریی ژن و پیاوە. بەڵام تەنیا قەبوڵ کردنی ئەم مافانە بە مانای وەدیهاتنیان نییە، چونکە کەلێنێکی گەورە لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە و لە کۆتاییدا دەبێ ئەم مەودایە نەمێنێت. هەرچەندە ژنان چالاک بن و لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا بەشدارییان هەبێ، بە هەمان ئەندازە کۆمەڵگاکە مۆدێرنە و بە هەمان ئەندازەش بزووتنەوەکە دێموکراتیکە و هەروەها بەختی ئەوەی هەیە سەرکەوێ” (وەرگیراوە لە مونەزەمی ٢٠١١ ، ٤٤؛ منظمی ١٣٩٢، ٩٩-١٠٠)
یاکوو داکۆکی کردن لە ژینگەی کوردستان و هەوڵ بۆ پاراستنی سەرچاوە مادییەکانی، هەمان نرخی بەرگریکردن لە نەتەوەی کوردی هەیە کە لە ناو کولتووری فارس/ئێرانیدا نەتوێتەوە؛ هەر بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بابەتی ژینگەپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بابەتێکی ئەمنی سەیر دەکا (حەسەنیان ٢٠٢٠). بەتایبەت کە بۆمان دەرکەوتووە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بۆ سازکردن و هێشتنەوەی جوگرافیایەکی ساختە هەموو ژینگەی کوردستانی بەتاڵان بردووە. تەنانەت بایەخی زنجیرەی هاونرخ لێرەدا گرنگە کە ئەو شوێنانەی زاگرۆس کە لە ئیستادا بەپێی سیاسەتی ناسنامە خۆیان لە ناسنامەی کوردی/کوردستانی بەدوور دەگرن وەکوو ناوچەی لۆڕستان دەکرێ لە ڕێگەی خەباتێکی هێژمۆنیکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی دژەچەوساندنەوە گرێ بدرێتەوە.
هەروەها دەبیندرێ کە فرەچەشنبوونی زمانی/زارەکی، ئایینی و کولتووری لە کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بتوانێ کەڵکاژۆ لەم جۆراوجۆرییانە بگرێ و بەپێی لۆژیکی ناسیۆنالیزمێکی سنوردار و ڕەگەزپەرەستانە، بە تەوسەوە چالاکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بخاتە ژێر ئەم گوشارەوە کە گوایە ئێوە خاوەنی گوتارێکی هاوبەش و ڕێکخراو نین، کەواتە ئێمە ناتوانین وەڵامدەری داواکارییەکانتان بۆ نموونە لە ئاست مافی خوێندن بە زمانی کوردی (یا بە وتەی ئەوان خوێندنی زمانی کوردی) بین. لە پڕۆژەی خەباتێکی هێژمۆنیکی کوردایەتی ئەم بابەتە و هاوشێوەکانی (وەک بوونی دوو ئەلفوبێ بۆ زمانی کوردی) نەک جێی مەترسی نین، بەڵکوو وەک دەرفەت سەیر دەکرێن کە لە قۆناغی یەکەمی ڕزگاریدا کۆهێزی گرووپە بندەستە پەڕاوێزخراوەکانی کوردستان دژ بە ناسیۆنالیزمی ئێران جومگەبەندی دەکرێن و هەم لە داهاتوودا و لە دێموکراسییەکی ڕادیکاڵدا ئەم فرەچەشنییە هیچ کە ناسڕێتەوە یا هەوڵ بۆ تواندنەوەیان لە سیستەمێکی ناوەندەرادا نادرێ، بەڵکوو ڕێگە دەردێ پۆتانسیەلەکانی بۆدەوڵەمەندتر کردنی کولتوورێکی ڕەنگاوڕەنگ بەکار بێت. هەر لەم مانایەدا، بەگوێرەی تیۆریی زاگرۆس (زەنگەنە ٢٠١٩) کوردستانی فەرهەنگی خاوەنی چەندین زمان/زار و ئایینە و کولتووری جیایە و تاکوو ئیستا لەبەر چەوساندنەوە هەموویان پەڕاوێز خراون؛ لە کاتێکدا گوتاری کوردایەتی دەرفەتی بەرابەر بۆ داخوازیی هەموو گرووپە بندەستەکانی ئەم هەرێمە بەرینە دەڕەخسێنێت.
سەرچاوەکان
ئەردەڵان، سارۆ. 2019a. “کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیییە. ” گۆڤاری تیشک ٥١: ٣٦-٤٥.
ئەردەڵان، سارۆ. 2019b. “کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر: ئێران چۆن توانیویەتی لە کوردستان هێژمۆنیی کولتووری ساز بکا؟” گۆڤاری تیشک ٥٢: ٢٤-٤٥.
حقمرادی، محمد. ١٣٩٨. “ضرورت تاسیس “دیگری” در گفتمان هویت کردی. ” پولیتیا ٢ (٢): ٤-٢٥.
د. ئالان. ٢٠١٩. “ڕاسان نیشانەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیران. ” گۆڤاری تیشک ٥١: ٨٦-٩٣.
زەنگەنە، شاهۆ. ٢٠١٩. “تیۆریی زاگرۆس. ” گۆڤاری تیشک ٥١: ١٠-٢١.
زەنگین، موستەفا. ٢٠١٩. “دوکتور قاسملوو ڕوخساری پۆستمارکسیزمی کورد. ” وەرگێڕان: سیپان ڕۆژهەڵاتی. گۆڤاری تیشک ٥٣: ٢٧٤-٢٩١.
سلێمانی، کەماڵ و ئەحمەد محەمەدپوور. ٢٠١٩. “ئایا غەیرەفارسەکان دەتوانن قسە بکەن؟: گێڕانەوەی حاکمییەت لە “ناسنامەی ئێرانی. ” وەرگێڕان کەیوان فاتحی. گۆڤاری تیشک ٥٢: ٢٧٧-٣٠١.
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤ئا. “خەباتی هێزی پێشمەرگە (وتارێک بۆ کۆنگرەی پێنجەمی حیزب). ” لە لە تاڤگەی هەقیقەت (بەرگی دووەم). کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی. ٢٥٥-٢٦٣ (سلێمانی).
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤ب. “وتووێژی عاطفە گرگین لەگەڵ دوکتور قاسملوو لە پاییزی ١٣٦٥دا. ” لە تاڤگەی هەقیقەت (بەرگی دووەم). کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی. ٤٧-٦٨ (سلێمانی).
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤پ. “وتووێژی گۆڤاری الصیاد. ” لە تاڤگەی هەقیقەت (بەرگی دووەم). کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی. ١٩-٣٨ (سلێمانی).
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤ت. “وتووێژ لەگەڵ چاپەمەنییەکانی ئیسپانیا. ” لە تاڤگەی هەقیقەت (بەرگی دووەم). کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی. ١٠٧-١١١ (سلێمانی).
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤ج. “دروشمی بنەڕەتیی حیەزبەکەمان. ” لە تاڤگەی هەقیقەت (بەرگی ی). کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی. ٢٨٥-٣١٤ (سلێمانی).
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ٢٠٠٣ [١٩٨٣]. کورتەباس و شیکردنەوەیەکی کورتەباس (ستێکهۆڵم: کتێبی ئەرزان).
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ٢٠١٤. “وتووێژ لەگەڵ عەنایەت فانی: برنامەی بە عبارت دیگر. ” پخش شدە از بیبیسی فارسی
https://www. youtube. com/watch?v=SGsfvkcMn8U
کەریمی، ئەییووب. ٢٠١٥. ئازادی و دەسەڵات (بانە، چاپەمەنیی مانگ).
محەمەدی، جەمال. ١٣٩٨. “کورد و ئەویدی. ” پولیتیا ٢ (٢): ٤-٢٤.
منظمی، علی. ١٣٩٢. اندیشەهای قاسملو دربارە دمکراسی برای ایران کثیرالمللە. ترجمەی کیهان یوسفی (اربیل: اتحادیە دانشجویان دمکرات کردستان ایران)
ولی، عباس. ٢٠١٨. “سکوت روژهلات. ” نقد اقتصاد سیاسی (www. pecritique. com) دسترسی در ٠١/٠٦/٢٠٢٠
ولی، عباس، ١٣٩٨. “تاریخ بە تاراج رفتە. ” در گفتارهایی در خاستگاە ناسیونالیسم کرد. ویراستار عباس ولی. ترجمەی مراد روحی (تهران: نشر چشمە).
Hassaniyan, Allan. 2020. “Environmentalism in Iranian Kurdistan: causes and conditions for its securitization. ” in Conflict, Security & Development. https://doi. org/10. 1080/14678802. 2020. 1769344
Laclau, Ernesto and Chantal Mouffe. 2001. Hegemony and Socialist Strategy: Towards a Radical Democratic Politics. Second Edition (New York: Verso).
Matin, Kamran. 2013. Recasting Iranian Modernity: International relation and social change (London: Routledge).
Matin, Kamran. 2019. “The Iranian Left, Radical Change and the National Question. ” In AbdouFilali-Ansary Occasional Paper Series 1: 10-14.
Monazzami, Ali. 2011. Ghassemlou’s ideas of Democracy and Iranian-Kurdish relations in contemporary Iran. M. A. Thesis (Tromso: University of Tromso).
Mouffe, Chantal. 1979. “Hegemony and Ideology in Gramsci. ” In Gramsci and Marxist Theory. Edited by Chantal Mouffe. 168-204 (London: Routledge & Kegan Paul).
Mouffe, Chantal. 1993. The Return of the Political (New York: Verso).
Mouffe, Chantal. 2005. On the Political: Thinking in Action (New York: Routledge).
Schmitt, Carl. 2007. The Concept of the Political. Expanded Edition. Translated by George Schwab (Chicago: The University of Chicago Press).
Spivak, GayatriChakravorty. 1988. “Can theSubaltern Speak?” In Colonial Discourse and Post-colonial Theory: A Reader. Edited by Patrick Williams and Laura Chrisman. 66-111 (New York: Routledge).
پەڕاوێزەکان
[1] مستەفا زەنگین لەوتاریدوکتور قاسملوو ڕوخساری پۆستمارکسیزمی کورد(گۆڤاری تیشک ٥٣)، باس لە تایبەتمەندییەکانی فیکری قاسملوو لە دوو قۆناغی جیادا دەکا کە سەرەتا مارکسیستێکی ئۆرتۆدۆکس بووە و دواتر بەرەو سوسیالیزمی دێموکراتیک لە نامیلکەی کورتەباسدا ڕۆشتووە. نزیک لەم وتارەی من، زەنگین بەم ئەنجامە دەگا کە لەم قۆناغەی دواییدا بیرۆکەکانی قاسملوو لە ئەندێشەی لاکلاو و موف و تێزی دێموکراسیی ڕادیکاڵ نزیک دەبێتەوە.
[2] ئالان د. لە وتاری ڕاسان نیشانەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیران (گۆڤاری تیشک ٥١) ئاماژەیەکی گرنگ بە چەمکی دێموکراسیی عەمیق لە چاوپێکەوتنەکەی قاسملوو دەکا کە لە تیڤی بیبیسی بڵاو بووەتەوە. هەرچەند وتارەکە زۆر کورتە و نزیک بە نیوەی وتارەکەی ئالان بۆ شرۆڤەی چەمکی قەیران تەرخان کراوە، بەڵام دەردەکەوێ نووسەر هەوڵیداوە لەسەر هەمان بنەمای تێگەیشتنی لاکلاو و موف فەلسەفەی ڕاسان شی بکاتەوە و وەک دەربازبوون لە قەیران نیشانی بدا. نووسەر بێ لەبەر چاو گرتنی دۆخی بندەستیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چۆنیەتیی دەربازبوون لە ستەمی نەتەوایەتی، ڕاستەوخۆ باس لەوە دەکا کە حیزبی دێموکرات دەبێ خەبات پلۆڕاڵ بکاتەوە و هەر بۆیە دوو ستراتێژی پێشنیار دەکا: یەک، ناسەربازیکردنی شەڕ و دوو دژایەتینەکردنی هیچ حیزبێکی کوردی. ستراتێژیی یەکەم هەمان ستراتێژیی شەڕی پێگەی هێژمونییە کە گرامشی باسی لێ دەکا و لەم وتارەی بەردەستاندا باسی لێ کراوە. هەرچەند، بە باوەڕی من، دەرکی نووسەر لە خەبات، لەسەر بنەمای خەباتێکی سوسیالیستی لە وڵاتێکی ڕۆژئاواییە کە لە دۆخی سەربەخۆییدان و ئانتاگۆنیسمی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی دێموکراسییەوە بەرەبەرە جێی خۆی بە ئاگۆنیسمی کۆمەڵایەتی داوە (هەرچەند ڕەنگە زیاتر مۆدێلەکان لە دێموکراسییەکی لیبراڵ نزیک بن). بەڵام، ئەم ڕوانگانەی نووسەر لە ڕاستیدا بۆ دەرکێکی هابرماسیانە لە دێموکراسی دەگەڕێتەوە کە لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێ کردووە و خۆی لە خۆیدا کۆکردنەوەی لاکلاو و وموف لەگەڵ هابرماس هەندێک کێشەی جیددی لێ دەکەوێتەوە. لاکلاو و موف لە دووەم پێشەکیدا (٢٠٠١) کە بۆ کتێبی هێژمونی و ستراتێژیی سوسیالیستی نووسیویانە هێڵی جیاکەرەوەی خۆیان لە پڕۆژەی دێموکراسیخوازیی هابرماس (مۆدێلی دێموکراسیی ڕاوێژکاریانە deliberative democracy) نیشان داوە. هەرچەند لاکلاو و موف وەک هابرماس پێیان وایە کە ناکرێ مێکانیزمەکانی دێموکراسی ئاوڕ لە جۆراوجۆریی گروپەکان و بەرژەوەندییەکانیان نەداتەوە و لە خەباتێکی دێموکراتیکدا دەبێ گوێ لەو دەنگە جیاوازانە بگیرێ کە لە کۆمەڵگادا هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەخنە لە ئاشتبوونەوەیەکی کۆتایی دەگرن کە “ئێمە”یەکی گشتگیر ساز بکا و هابرماسییەکان پێیان وایە بە کەڵکوەرگرتن لە هاودەنگییەکی عەقڵانی دەتوانن پێی بگەن. ئەم تایبەتمەندییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە باوەڕی لاکلاو و موف بێ ململانێ و دابەشکاری، سیاسەتی دێموکراتیک نامومکینە (لاکلاو و موف ٢٠٠١، xvii). بە واتایەکی تر دەرکی ئالان د. لە سیاسەت بۆ ئەوەی هیچ ناکۆکییەک لە مانا ئانتاگۆنیستییەکەی نەمێنێ لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە عەقڵانیەتی پەیوەندی، جێگای عەقڵانیەتی ئامرازی بگرێتەوە و پێی وایە لە ڕێگەی گفتوگۆی ئازاد لە هەرێمی سیاسەتدا، دەکرێ بە کۆدەنگییەکی ئەخلاقی و عەقڵانی بگەین. لەم مۆدێلەدا، سیاسەت نە لە ڕێگەی ئابوورییەوە بەڵکوو لە ڕێگەی ئەخلاقیاتەوە دەرک دەکرێ(موف ٢٠٠٥، ٨٤-٨٩).
[3]محەمەد حەقمۆرادی لە وتارێکی سەرنجڕاکێشدا بە ناوی ضرورت تاسیس “دیگری” در گفتمان هویت کردی (پێویستبوونی ڕۆنانی “ئەویتر” لە گوتاری ناسنامەی کوردی) ڕێک لەم ڕوانگە شمیتییەی موفەوە بۆ پەیوەندیی دۆست/دوژمن دەڕوانێت. ئەم وتارە هەڵگری چوارچێوەیەکی تیۆریی بەهێزە، بەڵام مەخابن لە کاتی بەکارهێنانی تیۆرییەکان سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کوردی (کوردایەتی) سەرەڕای ئەوەی بە شێوازێکی لاواز دەردەکەوێ، هەروەها لەبەر تێنەگەیشتن لە ئەدەبیاتی سیاسی و ناسنامەخوازیی کوردایەتی بە هەندێک دەرەنجامی سەیر دەگات. حەقمۆرادی بێهێنانی باسێکی مێژوویی بۆ خوێندنەوەی بزووتنەوەی کوردی دەڵێ کە کورد ناسیۆنالیزمی نییە و “ئەویتر” وەکوو مەرجی سازکردنی “خود” لە گوتاری ناسنامەی کوردیدا نییە (١٣٩٨، ١٩). هەرچەند کەمێک دواتر لەم دڵنیابوونەوەی کەم دەبێتەوە و دەنووسێت “ڕەنگە بکرێ باس لە گوتارەکانی ناسنامەی کوردی بکرێ، بەڵام ناکرێ باس لە گوتارێکی هێژمونیک بکرێ” (هەمان، ٢٠). هەڵبەت، نووسەر هەوڵ دەدا کە تەواو پابەند بە تیۆرییەکان بێ و هەر بۆیە شمیت وەکوو شمیت قبووڵ دەکا و لە هەمان کاتدا کە چەندین لاپەڕە لەسەر ڕوانگەی لاکلاو و موف بۆ شمیت دەنووسێ، بەڵام ئاوڕ لەم باسە ناداتەوە کە موف بەئاشکرا باس لەوە دەکا کە ڕوانگەکەی “لەگەڵ شمیت و دژ بە شمیتە” (موف ٢٠٠٥، ١٤). ئەم تێگەیشتنە یارمەتیمان دەدا لەوە تێبگەین بۆچی شمیت قبووڵی نەدەکرد کە دەکرێ لە ناو حیزبێکدا پەیوەندیی دژبەرایەتی نەبێ. موف لە ڕێگەی چوارچێوەی سیاسەتی دێموکراتیکەوە باس لەوە دەکا کە ئەرکی دێموکراسی گۆڕانی دژبەرایەتی بۆ نەیاریەتییە؛ هەر بۆیە لە دێموکراسییەکی ڕادیکاڵدا بابەتی سیاسی لەسەر بنەمای دژبەرایەتی و پەیوەندیی دۆست/دوژمن ساز نابێ، بەڵکوو ئەویتر وەک نەیارێک سەیر دەکرێ کە مەشروعییەتی هەیە. بە گرنگیدان بەم باسە بەرەو لایەنی دووەمی ڕەخنەکەم هەنگاو دەنێم کە لەبەر گشتاندن و سەرنج نەدان بە وردەکارییە مێژوویییەکان، نووسەر بەم ئەنجامە دەگا کە “ئەویتری” کوردێک هەمیشە کوردێکی تر بووە. لانیکەم لە سەردەمی سمکۆوە کە ناوی “ڕۆژی کورد و شەوی عەجەم”ی بۆ یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەکەی (١٩٢١)دانابوو هەتاکوو ئەنجامی ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان بە جیابوونەوە لە عێراق، گوتاری کوردایەتی بەردەوام لە ڕێگەی لۆژیکی هاونرخی و جیاوازییەوە، لە قۆناغە جیاکانەدا دوژمنی لە بەرانبەر “ئیمە”ی کورددا ساز کردووە. ئەگەرنا چۆن دەتوانین هەڵسووکەوتی زۆرینەی دەنگدەرانی باشووری کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق و بە دوژمن سەیرکردنی عەرەب شرۆڤە بکەین؟ بێگومان دەکرێ لەگەڵ نووسەر لەمەدا هاوڕا بین کە گوتارێکی هێژمونیک لە سەرتاسەری کوردستان بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی دەستنیشان ناکرێ کە هێزی جووڵانی کۆمەڵانی خەڵکی هەبێ. بەڵام ئەم شێوازە ڕوانینەی نووسەر، چاوپۆشی کردنە لە مێژوویەکی سەد ساڵەی شۆڕش کە تیایدا سەدان هەزار پێشمەرگە دژ بە “دوژمن” شەڕیان کردووە. دیارە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی هەر وەک گوتارێکی دیکە دەتوانێ و پێویستە سەر لە نوێ خۆی ڕێک بخاتەوە بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیستا و لەم ساتەوەختەدا من زانیومانە دوژمن کێیە و پێش لە من/ئێمە دوژمن بۆ کورد نەناسراوە.
سپاسی دوکتۆر کەماڵ سلێمانی دەکەم بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو جیاکارییە گرنگەی کە لە نێوان دووانەی دۆست/دوژمن لە ڕۆژنامەی ڕۆژی کورد و شەوی عەجەمدا هەیە.
[4]عەباس وەلی لە وتارێکدا بە ناوی بێدەنگیی ڕۆژهەڵات (سکوت روژهلات) کە پەیوەندی بە لایەنی تیۆریکی توێژینەوەکەی منەوە هەیە، ویستوویەتی هۆکارەکانی، بە وتەی نووسەر، بێدەنگیی ڕۆژهەڵات پۆلینبەندی بکا. وەلی، وەک بەرهەمە پێشووەکانی کەمتر سەرچاوە بە بنەمای تیۆریکی وتارەکەی دەدا، بەڵام ئاشکرایە کە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنەکەی هەمان “دێرینناسیی بێدەنگی”یە (archaeology of a silence) کە لاکلاو و موف لە بەشی یەکەمی کتێبی هێژمونی و ستراتێژیی سوسیالیستی، ئاماژەیان پێداوە تا لە ڕێگەی چەمکی هێژمونییەوە ئەو پچڕانەی کە لە پێویستیەتی زنجیرەی مێژوویدا ڕووی داوە پڕ بکەنەوە (٢٠٠١؛ ٧). هەرچەند، وەلی بە درووستی ئاگاداری کێشەکانی خوێندنەوەیەکی مێژوویییانەیە، بەڵام دیسانەوە لەبەر دوو هۆکار دەکەوێتە داوی جەوهەرگەرایییەکەوە کە خۆی لە سەرەتای بابەتەکەیدا بەتوندی ڕەتی کردووەتەوە. یەکەم کێشە بۆ پابەندبوون بە بنەماگرتنی یەکەیەکی سیاسی بە ناوی جوگرافیای ئێران دەگەڕێتەوە و بەردەوام لە بابەتەکانی وەلیدا وەک یەکەیەکی ئەزەلی سەیر دەکرێ. لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی سەرکوتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و لە سەدەی بیستەمدا پێناسە بکرێ. لە کاتێکدا سازبوونی یەکەیەکی سیاسی بە ناوی ئێران بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، وەلی دەنووسێت: “بەدرێژایی پێنج سەدەی ڕابردوو، باشترین قۆناغ بۆ ناوچە کوردنشینەکان، ئەو قۆناغە بوو کە ئەم ناوچانە لە لایەن میرنشینە نیوەسەربەخۆکانەوە، کە لە بەرزترین ئاستدا سەروەرییەکی ڕەهایان هەبوو، ئیدارە دەکران و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانلەسەر بنەمای خەراج ساز کرابوو” (١٣٩٦، ٦؛ پێداگریکردنە هی منە). لانیکەم هەر توێژەرێک کە کەمترین ئاشناییی لەگەڵ مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێ دەزانێ کە لە ماوەی ئەو پێنج سەدەیەدا (١٩٠٠-١٤٠٠) چەندین پاشایەتی بە سەر بەشگەلێک لە جوگرافیای سیاسییی ئەو ئێرانەی لە سەدەی بیستەمدا ناسراوە، حکومەتیان کردووە و ناوێک لە “دەوڵەتی ئێران” بە هیچ شێوازێک لە ئارادا نەبووە. ئەم بە جەوهەرگرتنی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی بە پاشکۆ و لە ڕاستیدا بە پەرچەکرداری ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئەژمار بکرێ و وەلی بەرەو ئەنجامی لۆژیکی ئەم جەوهەرگەرایییە دەبا. دیارە، چوارچێوەی باسەکەی لاکلاو و موف بۆ خەباتی سوسیالیستی لە “وڵاتانی ڕۆژئاوا” دەگەڕێتەوە کە خاوەنی یەکەیەکی سیاسیی دیاریکراون. وەلی بێ ئاوڕدانەوە لەم باسە، دەقاودەق هەندێک لە ئەنجام و ڕێکارەکانی پڕۆژەی دێموکراسیی ڕادیکاڵ لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار دێنێ. سەرەڕای ئەوەی وەلی زانیاریی زۆر کەمی لەسەر جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و فەکتەکانی زۆربەی کات بە ناوچەی موکریان (و تەنانەت تەنیا بە مەهاباد) سنووردارن، ئاگاداری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە کە چۆن لەگەڵ کوردایەتی (ناسیۆنالیزمی کوردی) جومگەبەندی کراون، هەروەها بە دەرخستنی گۆچانێکی مووسایی لە کۆتاییی وتارە دوورودرێژەکەیدا بیرۆکەی ئێرانچیەتیی خۆی بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی بەم شێوەیە نیشان دەدا: “سەرکەوتنی حیزبی هادەپ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ شایەتی دەدا کە بەرنامەیەکی سیاسیی بەربڵاوتر، وەکوو بەشێک لە بەرگرییەکی دێموکراتیک لە تورکیا، یارمەتیی هادەپی دا کە سنووری لە سەدا دە بۆ چوونە ژوورەوە بۆ پارڵەمان تێپەڕێنێت. . . سەرکەوتنێک کە حیزبە سیاسییەکانی کورد، زۆربەی کات لەبەر خۆبەرتەسک کردنەوە لە ناو سنوورەکانی قەومی – زمانی و پابەندبوون بە ناوچەگەرایی، تا ئەو کاتە بە دەستیان نەهێنابوو. بەپێچەوانەوە، شکەستە یەک لە دوای یەکەکانی پڕۆژەکانی خودموختاریی ناوچەییی کوردی لە ئێران و عێراق و هەروەها دۆخی نالەباری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق نیشاندەری شکستی ئەو پڕۆژانەن کە قەومی کورد بە ناوەند دەگرن لە کاتێکدا لە سیاسەتێکی ڕاستەقینەی دێموکراتیک لە لایەن دەوڵەتی حاکمدا نابیندرێ” (هەمان، ٢٨). هەرچەند منیش لەگەڵ بنەمای ڕەخنەکانی وەلی لە پڕۆژەی خودموختاری هاوڕام و پێم وایە ئەزموونی خەباتی ئێمە بەتایبەت لە ڕۆهەڵات و باشوور نیشانی دەدا کە حاکمییەت و هەروەها جومگەبەندیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، عەرەبی و تورکی ڕێگرن لەوەی کە سیاسەتێکی پلۆڕاڵ و دێموکراسییەکی ڕادیکاڵ لەم وڵاتانەدا ساز ببێ. کەواتە ڕێگەچارەی پرۆژەی پێشڕەوی کوردایەتی، پچڕاندنی زنجیرەکانی کۆلۆنیالیزم و وابەستەیییە کە بەم دەوڵەت نەتەوانەوە دەیانبەستێتەوە. ئەم دەوڵەت نەتەوانە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای بەکۆلۆنی گرتنی کوردستان دامەزراون و مەشروعیەتیان پەیدا کردووە. بەپێچەوانەوەی ئەم بۆچوونە، ڕێگەچارەی وەلی تێکەڵاوبوونی ناسنامەی کوردی لە ناو ناسنامەیەکی مەدەنیی تورکیایی و ئێرانییە. هەر بۆیە ئەو خوازیاری قەومییەتسڕینەوە لە ناسنامەی دەسەڵاتی حاکم بە سەر تورکیا و ئێرانە (وەلی ١٣٩٨، ١٦-١٧). واتە هەرچەند وەلی ڕەخنەگری سیاسەتە لیبراڵییەکانی ئیسلاحی دەستووری بنچینەیییە، بەڵام بە ڕێگایەکی جیاواز خوازیاری ئەوەیە کە ناسنامەی دەسەڵاتی سیاسی بە شێوازێکی ڕادیکاڵ دێموکراتیک ببێ. ئەگەر ئەم شێوازە بە بنەما بگرین خەڵکی ئێران لەسەر بنەمای ئێرانیبوون مافی هاووڵاتیبوونی هەیە و لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا نابێ قەومیەتی فارس، تورک یا کورد خۆی نیشان بدا.
[5] کامەران مەتین لە وتاری “چەپی ئێرانی، گۆڕانی ڕادیکاڵ و پرسی نەتەوەیی” ڕەخنە لە ستراتێژیی چەپ لە ئێران دەگرێ و دەیەوێ بە تیشک خستنە سەر پرسی نەتەوەیی لە ئێران “ستراتێژییەکی نوێی سەرکەوتوو بۆ چەپی ئێرانی” داڕێژێت. بە باوەڕی مەتین بۆ گەیشتن بە دێموکراسییەکی ڕادیکاڵ و پێشکەوتوو، چەپی ئێرانی نابێ لە کاتی خەباتدا تەنیا پشت بە بریکاریەتیی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار ببەستێ، بەڵکوو هەروەها دەبێ کەڵک لە هێزی کەمینە نەتەوەیییە سەرکوتکراوەکان و گرووپە پەراوێزخراوەکان و خەباتی ژنان وەربگرێ. مەتین، هەرچەند، بە درووستی لەسەر هەمان بنەما کە من لەم وتارەدا بەکارم هێناوە بیرۆکەی خۆی پەرە پێ دەدا و دژ بە جەوهەرگەرایی دەوەستێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال بنەمای فیکریی خۆی لەسەر جەوهەرگەرایی و پشت بەستن بە چەمکی “ئێران” وەکوو یەکەیەکی یەکپارچەی نەگۆڕی لەمێژینە، لە ڕووی سیاسییەوە، دەبەستێت. واتە هەوڵی ئەو بۆ نوێکردنەوەی خەبات لە ئێران بۆ مانەوەی پێکهاتەیەکی ساختەیە کە لە هەمان یەکەم ڕۆژی سازبوونیەوە لەسەر بنەمای بەکۆلۆنی کردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان دامەزراوە. پێکهاتەیەکی سیاسی بە ناوی ئێران کەمتر لە سەد ساڵ تەمەنیەتی و بێ بوونی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی هاوبەش و لەسەر بنەمای کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییی ئەو ناوچانەی کە دەکەونە دەرەوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە دامەزراوە. هۆکاری گەشەی لاسەنگ لە کوردستان ناکارامەییی بەرپرسان و نەبوونی یاسا و پلانی درێژخایەن نەبووە (یاکوو کەمترخەمی بەرەی چەپی شۆڕشگێڕ)، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی پەراوێزخستنی کوردستان، گواستنەوە و بەکارهێنانی هێزی کاری کوردستان لە ناوەندی ئێران و بەتاڵانبردنی سەرچاوە ماددییەکانی کوردستان بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی ناوەند بووە (ئەردەڵان، ٢٠١٩ئا). دەرکی ناتەواوی مەتین لە دێموکراسیی پلۆراڵ و ڕادیکاڵ دەبێتە هۆی ئەوەیکە بە شوێن سازکردنی گوتارێکی گشتگیری سوسیالیستی بۆ ئێران بێ. ئاشکرایە، لاکلائۆ و موف بۆ خۆیان باوەڕیان وایە ئیمکانی گوتاری یەکپارچەی چەپ لەناوچووە (١٩٨٥، ١٩١-١٩٢). هەر بۆیە، پێم وایە لە ئێران لەبەر ئەوەی بەرنامەی دێموکراسیی ڕادیکاڵ لەسەر بنەمای دامەزراوەی یاسایی، سیستەمی پەروەردەیی، پەیوەندییەکانی کار و گوتارەکانی بەرگری لە نێوان نەتەوە/گروپە پەراوێزخراوەکان دادەمەزرێ و فۆڕمگرتنیان لە کوردستان (لەسەر بنەمای گوتاری کوردایەتی) لە جەمسەرێکی پێکدژی بەرنامەی چەپی ئێرانی جومگەبەندی کراوە، ناتوانین باس لە ستراتێژییەکی چەپی شۆڕشگێڕانە بۆ هەموو ئێران بکەین. بۆ نموونە لە جومگەبەندیی دژەچەوساندنەوەی ستراتێژیی سوسیالیستیی حیزبی دێموکرات، وەک دوژمن سەیری پاشماوەی چەپی ئێرانی دەکرێ. هەر بۆیە پاش لە یەک سەدە سیستەمی سوڵتەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بەسەر کوردستان و هەروەها سەرکوتی ئاشکرای دەنگی ئازادی لە کوردستان کە خاڵی هاوبەشی ناسیۆنالیزم و بەرەی چەپی ئێرانییە، نوێکردنی پڕۆژەی چەپ بە مانای سڕینەوەی پێگەی سوژەی جیاوازی کوردییە کە لە ئاکامدا ناچارە لە ناسنامەی ئێرانیدا بتوێتەوە. جێی ئاماژەیە، مەتین تەنانەت لە کتێبی سەرەکیی خۆی کە سەبارەت بە شۆڕش لە ئێرانە و لە سەدەی شازدەیەم تاکوو شۆڕشی گەلانی ئێران (١٩٧٩) لەخۆ دەگرێ، تنیا لە یەک شوێندا و بە شێوازێکی لاوەکی باس لە کۆماری کوردستان وەک دەرەنجامی بۆشاییی دەسەڵات دەکا کە بە پشتگیریی یەکیەتیی سۆڤییەت ساز بووە (مەتین ٢٠١٣، ٩٠). هەوڵی مەتین بۆ سازکردنی تیۆرییەکی گشتیی کۆمەڵایەتی و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مۆدێرنیتەی ئێرانی لە چوار سەدەدا، لەسەر بنەمای گریمانەگرتنی یەکەی کۆمەڵگای ئێرانییە. هەرچەند نوێکاری هێنانە باسی کاریگەریی بواری نێودەوڵەتی بۆ ناو تیۆریی مارکسیزم لە ڕێگەی بەکارهێنانی تیۆریی گەشەی لاسەنگ و لێکدراوی ترۆتسکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام لەم مۆدێلە نوێیەشدا و لە کاتی ئاوڕدانەوە لە بەستینی نێوخۆیی، گرنگیی سیاسەتی ناسنامە و داخوازییەکانی نەتەوە غەیرەفارسەکان وەک بزوێنەری شۆڕش لانیکەم لە کاتی مەشروتەخوازییەوە کەمتر لەبەر چاو گیراوە.
[6]بەکارهێنانی هەندێک چەمک وەکوو کوردایەتی، نەتەوەی کورد و کوردستان، بەرەوڕووی هەمان ڕەخنەمان دەکا کە لە جەوهەرگەرایی دەگیرێت. بۆ نموونە من لەسەر هەمان بنەما، ڕەخنەم لە وەلی و مەتین گرتووە کە چەمکی ئێران وەکوو جەوهەرێکی نەگۆڕی لەمێژینەی سیاسی بەکار دێنن. بەڵام جەوهەرگەرایییەک کە لە کاتی بەکارهێنانی چەمکی کوردستان خۆی نیشان دەدا لەگەڵ ئەوەی پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە بەپێی هەمان ڕێسای ڕزگاری و خەبات بۆ گەیشتن بە بەرابەری لێک جیاواز دەبێتەوە. سپیڤاک لە وتاری “ئایا بندەستەکان دەتوانن قسە بکەن؟ (سپیڤاک ٢٠٠٣) ئاماژە بەم لایەنی ستراتێژیکییەی جەوهەرگەرایی دەکا. دەتوانین بڵێین ئەم جۆرە جەوهەرگەرایییە ئەرێنییە، بە شێوازێکی ستراتێژیک لە لایەن نەتەوە، ژنان و گرووپە بندەستەکانەوە بەکار دێ بۆ ئەوەی یارمەتیدەریان بێ تا خەڵک لە ڕێگەی وشیارییەکی بەکۆمەڵەوە بجمێن و ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان وەدەست بهێنن. کەواتە جەوهەرگەراییی ستراتێژیک ڕێگەمان پێ دەدا، بە مبەستی ڕزگاری لە دۆخی بەکۆلۆنیبوون و چەوساندنەوە، باس لە کولتوورێکی هاوبەش لە کوردستان بکەینەوە. لە هەمان کاتدا هەر وەک لەم وتارەدا ئاماژەم پێ داوە تایبەتمەندیی تاقانەی کولتووری کوردستانی بۆیە دەبێ دێموکراتیک بێ تا هاوکات لەگەڵ هاونرخ کردنی خەباتەکان، جیاوازییەکان نەسڕێتەوە.
[7]عەلی مونەزەمی لە تێزی ماستەری خۆیدا هەوڵی داوە چوارچێوەی ئەندێشەی قاسملوو تاوتوێ بکا. هەڵبەت لێکۆڵینەوەی مونەزەمی، لە ژێر گرنگیدان بە پرسی خودموختاری/فێدڕالیزم خوێندنەوەیەکی لیبراڵی بۆ قاسملوو بە دەستەوە دەدا و تا ئەو شوێنە دەڕواتە پێشەوە کە کەڵک لە بەرواردکردنی ئەندێشەی قاسملوو لەگەڵ بیرمەندی لیبراڵی ئامریکایی، جان ڕاوڵز، وەردەگرێ (مونەزەمی ٢٠١١، ٤٩؛ ١٣٩٢، ١٠٩-١١٠). ئەم لێکدانەوە بەراوردکارییە لەوەدا جێی سەرنجە کە بەئاشکرا قاسملوو سۆسیالیست بووە و بەدڵنیاییەوە بیرۆکەکانی لە چوارچێوەی پارادایمێکدا بیچمیان گرتووە کە ناکۆکییەکی بنچینەیییان لەگەڵ لیبراڵیزم هەیە. ئەم شێوازە خوێندنەوەیە بۆ قاسملوو، لە لایەکەوە هێزی شۆڕشگێڕانەی بیرۆکەکەی لاواز دەکەن و چیتر ناکرێ ئاراستەیەکی دژەکۆلۆنیالیستییان پێ بدرێ، چونکە هەر جۆرە پڕۆژەیەکی لیبرالیزمی سیاسی لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئانتاگۆنیسم و سازانی کۆتایی ڕێک دەخرێ. لە لایەکی دیکەشەوە قووڵاییی ئەو باسانەی قاسملوو بۆ سازکردنی کۆمەڵگایەکی بێ چەوساندنەوە لە ئاستی گرنگیدان بە مافە مەدەنییەکان بەرتەسک دەکرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە لە قاسملوو، ڕێک بەپێچەوانەی باسەکەی من لەم وتارەدایە کە ویستوومە لە چوارچێوەی پڕۆژەی دێموکراسیی ڕادیکاڵدا خوێندنەوە بۆ میراتی فیکریی قاسملوو بکەم و نیشانم داوە کە دەرکی قاسملوو لە سوسیالیزم لەسەر بنەمایەکی ڕادیکاڵ بووە. ڕەنگە سەرنجڕاکێشیی بیرۆکەی لیبراڵیزمی سیاسیی ڕاوڵز بۆ مونەزەمی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ڕاوڵز توانیویەتی لیبراڵیزمی سیاسی لە لیبراڵیزمی ئابووری جیا بکاتەوە. ڕاوڵز هەروەها هەوڵ دەدا لە ڕێگەی تێزی “عەدالەت وەکوو ئینساف” پرسی یەکسانی و ئازادییەکانی تاک لە جێگای چاکەی گشتی دابنێ. بۆ ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی زیاتر سەبارەت بە لیبراڵیزمی سیاسی ڕاوڵز سەیری بەشی سێیەمی کتێبی گەڕانەوە بۆ بابەتی سیاسیی موف بکەن (١٩٩٣، ٤١-٥٩).
[8]لاکلاو و موف لە کۆتاییی پێشەکیی دووەم بۆ کتێبی هێژمونی و ستراتێژیی سوسیالیستی ڕەخنەیەک لە تیۆرییەکەی خۆیان دەگرن. چوارچێوەی ئەم مشتومڕەی کە لە درێژەدا باسی دەکەم یارمەتیدەری ڕامانێکی زیاتر لەمەڕ گرنگیدان بە بواری لێکۆڵینەوەی کولتووری لە ئێران و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتە. چونکە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دەبیندرێ کە توێژەرە کوردەکان بە زۆری ڕوویان لە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کولتووری کوردی/کوردستان کردووە. لاکلاو و موف باس لەوە دەکەن کە هەندێک بۆچوون هەیە کە لە جیاتی گرنگیدان بە سیاسەتی ناسنامە بۆ بەرەی چەپ، گەنگەشەی ئەوە دەکەن کە “دیسانەوە بۆ خەباتی چینایەتی بگەڕێینەوە”؛ ئەم لایەنە باوەڕی وایە کە بەرەی چەپ بەرەبەرە لەوە نزیک بووەتەوە کە خۆی بۆ پرسی “کولتووری” تەرخان بکا و وای لێ هاتووە کە خەباتی دژە نابەرابەریی ئابووری بەجێ بهێڵێت. لە ئەنجامدا، ئەم دەنگە جیایە بەم ئەنجامە دەگا کە لە جیاتی “سیاسەتەکانی ناسنامە” دەبێ سەر لە نوێ گوێ لە داواکارییەکانی چینی کرێکار بگیرێت. لاکلاو و موف چ وڵامێکیان بۆ ئەم ڕەخنەیە هەیە؟ ئەوان قەبووڵی دەکەن کە پارتە چەپەکان لە ئەنجامی گرنگیدان بە بزووتنەوە نوێکان، زیاتر گرنگی بە چینی ناوەڕاست دەدەن و کەمتر ئاوڕ لە چینی کرێکار دەنەوە. بەڵام ئەمە لەبەر دەستەوەستانیی بەرەی چەپ لە دیتنەوەی بەدیلێک بۆ نیولیبراڵیزم و پەسەندی ناڕەخنەگرانەی بیرۆکەی بەخۆداچوونەوەیە (flexibility) و ئەمە پەیوەندیی بە ڕێکاری گرنگیدان بە سیاسەتەکانی ناسنامەوە نییە. لە ڕاستیدا ئاوڕدانەوە لە ناسنامە، خۆی لە خۆیدا کێشەی نییە و ئەوانیش پێیان وا نییە کە دەبێ لەبەر گەڕانەوە بۆ سیاسەتی واقیعی، خەباتی کولتووری بەجێ بهێڵین (٢٠٠١، xviii). ڕێکاری لاکلاو و موف ئەمەیە کە دەبێ زیاتر لە جاران گرنگی بە زنجیرەی هاونرخی لە نێوان خەباتێکی جۆراوجۆری دێموکراتیک بدرێ کە دژ بە شێوازەکانی ملکەچییە. لە پڕۆژەی سیاسەتی دێموکراتیکدا، هیچ شتێک لەوە ڕێگر نییە کە زنجیرەی هاونرخی دژ بە نابەرابەرییە هەنووکەییەکان وەکوو سێکسیزم، ڕاسیزم و هەڵاواردنی جێندەری نەتوانن لەگەڵ چینی کرێکار جومگەبەندی بکرێن.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بۆ ئەم کێشەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەڕێینەوە کە لە جیاتی گرنگیدان بە خەباتی دژە چەوساندنەوە، لە زانکۆکان باس لە ڕەخنە لە کولتووری کوردستان وەکوو جەوهەرێکی نەگۆڕی پێش مۆدێرن دەکرێ و لە هەمان کاتدا باس لە هەڵسەنگاندنی وەرگیڕان، فیلم، هونەر و بابەتی کولتووری لەگەڵ کولتووری ئێرانی دەکەن. ئەم جێگۆڕکێیە لە خەباتی دژە چەوساندنەوە و شیکاری بۆ شێوازەکانی ملکەچی (سەرکوت و سوڵتە) بۆ توێژینەوە سەبارەت بە بابەتی کولتووری، یەکێک لە مێکانیزمەکانی بە نیولیبرالیزەکردنی کەرتی خوێندن و بەتایبەت زانکۆکان لە ئێرانە. دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم تێڕوانینە ناسیاسی کردنی بیاڤی گشتی و زانکۆکانە (بەتایبەت بواری کۆمەڵناسی). لە کاتێکدا و لە مێژووی خەباتی کوردایەتیدا، کولتووری جیاوازی کوردی بەردەوام لەگەڵ بەرگرییەکی سیاسیی ناسنامەخوازدا جومگەبەندی کراوە. لە یەکێک لە دوایین نموونەکانی ئەم جۆرە توێژینەوانە لە لایەن نوخبەکانی کوردەوە دەتوانن سەیری وتاری “کورد و ئەویدی” (محەمەدی ١٣٩٨) بکەن.


