ئارامتر بخوێنەوە!

ڕەوتی بەنەتەوەبوونی وەدرەنگخراو یان بنبەست؟

مەسعوود بابایی

لەوەدا کە مێژوو و سیاسەت پێوەندییەکی نزیکیان هەیە، هیچ گومان و دڕدۆنگییەک نییە. تەنانەت بەسیاسییانە خوێندنەوەی مێژووش بە مانای بەسیاسیکردنی مێژوو نییە. بەسیاسیکردنی مێژوو، کوشتنی ڕۆحی هەقیقەتە. سەروژێر و سەرولێژکردنەوەی هەرچییەکە کە لە دەرەوەی سیاسەت ڕووی داوە، ئەگەرچی کاریگەریی سیاسیی هەبووە بەڵام پاڵنەرەکەی سیاسەت نەبووە.


بەرایی

ئەرکی سەرەکیی کۆمەڵگەی سیاسی گەیشتن بە شیرازە و هارمۆنییە؛ بۆ ڕێکخستنی وەها کۆمەڵگەیەک تەنیا پێویستیمان بە دەستنیشانکردنی “ئەرک” و “ماف” لە دەستوور و یاساکاندا نییە، چونکە “یاساکان” ئامانجێکی سەرووتریان هەیە کە دەرکەوتیان لە “هێزی نەتەوە لە دەوڵەتدا”دەردەکەوێت. “دەوڵەت” وەک پێکهاتەیەک کە یارمەتیی مرۆڤ دەدات “دۆخی سروشتی”ی خۆی تێپەڕێنێت. تێپەڕاندنی دۆخی سروشتی، بە مانای لەدایکبوونی مرۆڤی یاسادانەر، سەرپشک لە سەر چارەنووسی خۆی و خاوەندارێتیی جوگرافیاکەیەتی. “دەوڵەت” سنوورەکانی نێوان مرۆڤەکان جیا دەکاتەوە کە ئەمە وەک دەسکەلای بەڵگەهێنانەوە ئانارشیستەکان سوودی لێ وەرگیراوە. هەرچەند گومان لەوەدا نییە کە دەوڵەت وەها کارێک دەکات و ڕێ‌ لە دروستکردنی کۆمەڵگەی جیهانیی مرۆڤایەتی دەگرێت (بەگوێرەی بەڵگەهێنانەوەی ئانارشیست و مارکسیستەکان) بەڵام هیچ ئاسۆیەکی ڕوون لە خەیاڵانی کۆمەڵگەی جیهانی(کۆمۆنەکان) کە گوایە بەختەوەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەدی ناکرێت. دەستنیشانکردنی ئاکامێک و وێستگەیەک بۆ مرۆڤ (لەجیهاندا) کە بەختەوەری وەک دوایین ئاکامی گشتی دادەنێ‌ و لە خۆسالاریی کۆمەڵگەکان دەدوێ‌، بەراوەژوویەکی بیرۆکەی سیاسیی ئەفلاتوونە بە بێ‌ ناوی ئەفلاتوون لە چوارچێوەی یاسایەکی هەمەکیدا کە یەکسانی دەخاتە جێی هەڵاواردن و چینایەتی سەروژێر دەکات. هەرچەند لەوەدا کە ئیدئۆلۆگ لەسەر ئەسکەملی فەیلەسووف دادەنیشێ‌ جیاوازیی بەڵغەکی(عرضی)ی هەیە، بەڵام لەباری گەوهەرییەوە مرۆڤ وەک هەمەک لە بیرۆکەی ڕێکخەردا ـ بۆ لەباربردنی جیاوازی، باشترین دەسکەلایە.


پێدراوەکانی نەتەوە

لە سەرەتای ئەم جۆرە باسوخواسانەدا هەمیشە بە باسکردنی پاوەجێکەرەکان(مقومات) هەنگاوەکانی بەڵگەهێنانەوە و بەرینکردنەوە مەیدانی توێژینەوە دەست پێدەکەن. “خاک” و “جوگرافیا” وەک شوێنی نیشتەجێبوون، یەکەمین پاوەجێکەری قەوارەی نەتەوایەتین، چونکە “مێژوو” تەنیا “کات” نییە و دەفری “شوێن” و “ڕوودان” بۆ تۆماری مێژوو گرنگن، “مرۆڤ”ی نێو ئەم دەفرە، یادەوەریی خۆی کۆڵکێش دەکات بەم یادەوەرییەوە شوناسی خۆی تەدارەک دەدات. چەندین جار “چارەنووسی هاوبەش” وەک دەرهاویشتەی ئەم مێژووی پێکەوەبوونە، بەگوێماندا دەدرێتەوە و “مێژووییبوون” وەک پاوەجێکەری سەرەکی دەخرێتە بەرباس. بەڵام “مێژوویببوونی”ی ئێمەی کورد هەندەش سەلمێنەری “پێکەوەییبوون”مان نییە؛ “مێژووی” ئێمە مێژووی”نیشتەجێبوون”مان لەسەر جوگرافیا و ئاو و خاکی خۆمانە. “بەرخۆدان بۆ مانەوە” شوێنهەڵگری بیرۆکەی “دەبم بە چی” نەبووە. واتە بیرۆکەیەکی سیاسیی تۆکمەی نەتەوەسازی بە گوێرەی توێژینەوە لەسەر “پاوەجێکەرەکان” لەگۆڕێدا نەبووە. هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ بەرتەکدانەوەی ئەم بۆچوونە، پێویستیی بە بەڵگەی بەرهەستەکی هەیە تا پێچەوانەکەی بسەلمێنرێ‌.

شێوەی دابەشبوونی کورد بەسەر جوگرافیاکەیدا لەباری چەندایەتییەوە بەگوێرەی پێوەری خاک و ئاووهەوا و ژینگەکەی تا ڕادەیەک هەماهەنگ بووە، ڕووبەری جوگرافیایی و ژمارەی حەشیمەت، هاوسەنگیی تێدا هەبووە بەڵام لەباری بەکۆمەڵایەتیبوون و هاوپێوەندی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کە ببێتە مایەی تێکشکاندنی فۆرمی ژیانی پشتاوپشتی خێڵایەتی و نەریتپارێز وەدی نەهاتووە و هەموو هۆکارەکەش “ڕامیاری”یە. ڕامیارییەک کە نیازی تێکشکاندن یان تێکوپێکنان (شالودەشکنی Deconstruction )ی نەبووە، لێرەشەوە هەر بانگەشەیەک لە لایەن هەر هێزێکی سیاسییەوە دەبێ‌ بسەلمێنرێت. بە پێچەوانەوە نۆژەنبوونەوەی ئەو شێوە ژیانە لە ڕەفتاری سیاسیشدا بەزەقی ڕەنگی داوەتەوە. چ گومان لەوەدا نییە، حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کورد پڕبووە لە سەرۆک خێڵانی خاوەن دەسەڵات کە دابینکەری هێزی ڕەق بوون کە چەندە لە لایەن حیزبەوە کۆنترۆڵ دەکران ئەوانیش بەو ڕادەیە لە دەستنیشانکردنی ڕەفتاری سیاسیی حیزبدا دەستڕۆیشتوو بوون. تەنیا کاریزمایەکی بەهێز دەیتوانی دەمکوت و بێدەنگیان بکات و تا ڕادەیەک لە چوارچێوەیەکدا پێکەوەیان گرێ‌ بدات. هۆگری بە کاریزما وەک “هۆکاری ڕێکخەر لە خۆیدا” نەک “بیرۆکەی ڕێکخەر لە هەمەکدا” ڕێی لە شیرازەترازان گرتووە، بەڵام نەیتوانیوە بەتەواوەتی سەروبەری سەرەکان بێنێتەوە یەک و جوگرافیای زەینیی سەرۆک خێڵان بگۆڕێت و “نیشتمان”ی زەینی ڕووناکبیران هیچ کات “نیشتمان”ی سەرۆک خێڵان نەبووە. هەر بۆیە هەمیشە بیاڤی سیاسی، لەتەک بیاڤی فەرهەنگی ڕووناکبیری کە کێڵگەی “تاکی سەربەست”ە لە ناکۆکیدا بوون و لە ئێستاشدا هەر بەو جۆرەیە. سەیریش لەوەدایە کە “تاکی سەربەست” هەمیشە پەراوێز خراوە و تەنیا لە هەندێ‌ وێستگەدا توانیویەتی بەسەر بنەماڵە گەورە و سەرۆک خێڵاندا زاڵ ببێ‌ کە ئەمە خاڵێکی بەهێزی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی کورددا بووە، دەتوانین د. قاسملو بە نموونە بهێنینەوە و ئەمە یەکێک لە نموونە دەگمەنەکان بووە.

مەرگی کاریزما هەمیشە بە مەرگەسات و لێکترازان کۆتایی هاتووە. چونکە کاریزما هەمیشە “هۆکاری ڕێکخەرە لە خۆیدا” بەڵام لەنێو کورددا نەبووەتە “بیرۆکەی ڕێکخەر لە هەمەکدا”. نەبوونی”بیرۆکەی ڕێکخەر لە هەمەکدا” بووەتە مایەی چاوەڕوانیی کۆمەڵگە، چاوەڕوانیی سەرهەڵدانی ڕزگاریدەر؛ لەبەرئەوەی کۆمەڵگە بەکردەوە نەیتوانیوە لە جەغزی بازنەی جوگرافیای نێوخۆیی دەرباز ببێ‌، ڕۆژبەڕۆژ قاوخی بەڕووی خۆدا داخران لە سووچی جۆرێک لە ژیانی زەینیی مێژووکردی چەقبەستوو دیلی کردووە کە ئەم شێوەژیانە سەرکردەی ناوچە لەنێو بزووتنەوەی سیاسیدا بەرهەم دەهێنێت کە دەنگی ملکەچانە، ئیدی پرس و ڕا بە خەڵکی ناوچەیەک کە ویستی خۆی ڕادەستی دەمڕاستی خۆی کردووە بەکردەوە بێمانایە. دەمڕاستیش دەستڕۆیشتووی شوناسێکی بەکۆمەڵە کە بەئاسانی ناتوانی بیخەیتە لاوە. بە شێوەیەکی گشتی کاتێک جوگرافیایەکی سیاسی لە نێوخۆوە گیرۆدەی سنووری داتەنراوی نێوخۆیی بێت، ناتوانین مرخی خۆمان لە کۆمەڵگەیەکی سیاسی خۆش بکەین کە پێویستیی بە تاکی سەربەستە. تاکی سەربەست مەرج نییە بە مانای تاکی دیمۆکرات بێت و نابێت وەها لێک بدرێتەوە کە تاکی سەربەست بەمسۆگەری ڕەفتاری دیمۆکراتیکی لێ دەوەشێتەوە ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم تاکی سەربەستە هەڵگری ئاوەزی خێڵەکی نییە. بەندە هەبوونی کۆمەڵگەی سیاسی بە تاکی سەربەست دەبەستمەوە کە خاوەنی ویستی ئازادە نەک فەڕی خوێن و فەڕی یەزدانی. لە وەها بارودۆخێکدا بە کردەوە نەتەوەسازی بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە و تەنیا بە خۆسڕکردن دەتوانین بانگەشە بۆ هەبوونی ڕسکانی کۆمەڵگەیەکی سیاسی بکەین کە دەتوانێ‌ هەوێنی دەوڵەت یان هەر جۆرە قەوارەیەکی سیاسیی دیکە بێت. هەڵبەت ئەگەر بتوانین “خێڵ” بە قەوارەیەکی سیاسی لەقەڵەم بدەین، تا ئەم چرکەساتەش “خێڵ” تاکە دامەزراوەی سیاسییە کە بە ناوی هەمەجۆرەوە فەرمانڕەوای دۆخی نەتەوایەتیی کوردە! دیارە خوێنەر ئاگادار بێت مەبەستی بەندە”خێڵی زەینی”یە. لەم ڕووەوە بەریەککەوتنێک کە لەنێوان “ڕووناکبیر” و “سیاسی”دا هەیە ( ڕووناکبیر بە مانای ڕاستەقینەی خۆی) ململانێی “تاکی سەربەست” و “دەسەڵاتی ڕەها”یە. لەم ڕووەوە ئەگەر بیرمەند و ڕووناکبیر هەڵگری ڕۆحی ئازادی تێپەڕیو لە دۆخی خێڵ بن، درۆی ناوێ‌ کە ڕاستەوڕاست لەگەڵ دەمڕاستی ملکەچان دەکەونە ململانێ‌ و بەداخەوە بیرمەند و ڕووناکبیر لە وەها کۆمەڵگەیەدا بۆڕ دەدرێن چونکە نە خاوەنی سیاسەتن و نە خۆشەویستی کۆمەڵگە. بەم پێیە بە بۆچوونی بەندە، لەنێو کورددا “سیاسەت” خۆی گەورەترین لەمپەری “نەتەوەسازی” و “نیشتمانسازی”یە. واتە ئەگەر لێگەڕێن هەمووان دەتوانن کاری خۆیان جێبەجێ بکەن بەڵام تاکە بوار کە ئەرکی خۆی ڕاناپەڕێنێ‌ “سیاسەت”ە. بەو مانایەی کە “سیاسەت” وەک کاتالیزۆری سەرەکیی “نەتەوەسازی” بە کردەوە لەکار کەوتووە. ئەم بانگەشە قورسە تەنیا بە سەیرکردنی دابەشبوونی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستان دەبینرێت. جا ئەگەر ئێمە ئەم دابەشبوونە وەک بارودۆخێکی ئاسایی لەبەرچاو بگرین، دەپرسین ئاخۆ لە وەها بارودۆخێکی ئاساییدا، چلۆن نەتەوەسازی دەلوێ‌؟ ئەمە پرسیارێکە کە دەبێ‌ بانگەشەکارانی ئاساییبوونی وەها بارودۆخێک بیدەنەوە و بەندە هیچ وڵامێکم بۆ ئەم بابەتە پێ‌ نییە. بەڵام ئەگەر ئەم بارودۆخە مێژوویییە وەک ڕەوتێکی ئاسایی و سروشتی نەبینین، ئینجا دەتوانین باس لە دۆخی ئاسایی و سروشتی بکەین. “خەباتی مانەوە” پاراستنی جۆرێک لە مرۆڤە لە جوگرافیادا و دەبێتە مایەی بینیی دەرەوەی خۆت وەک “نەیار” و “دوژمن”. واتە تێکڕای ئەو هێرشبەر و داگیرکارانەی کە پەلاماری خاکی کوردستانیان داوە وەک “بێگانە” و “داگیرکەر” و “دوژمن” لە زەینی ئێمە نەخشێنراون و لەو دۆخەدا جوگرافیا وەک ڕووبەری بەرهەڕەشەکەوتوو بە “نیشتمان” ناسێنراوە. لێرەدا “هەڕەشەی ئەوی دیکە” کۆمەڵانی خەڵکی پەلاماردراو لە یەک خانەی هاوبەشدا “لەبەرانبەر ئەوی دیکە” یەک دەخات. دۆخی بەرەنگاری هەستی هاوچارەنووسیی کاتی دەڕەخسێنێ‌ کە هەرکات بەر هەڕەشە دەکەوین یەکدی وەک هاوچارەنووس وێنا دەکەین، هەرچەند ناتوانین لەمەڕ کورد بەتەواوەتی ئەم داوەرییە پژڕاس بکەینەوە. کاتێک میرنشینەکان لە تەنیشت یەکەوە دەڕووخان بە هانای یەکدییەوە نەچوون. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە “دەسەڵات” هۆگری بە خاکی قەڵەمڕەو دروست دەکات و “میرنشین”یش لە درێژماوەدا “سنووری نێوخۆیی” و “سنووری دەرەکی”، لە زەیندا زیندوو دەکاتەوە. لەو بارودۆخەدا ـ بەو جۆرەی کە پێشتر لە وتاری “بونیادی خێڵەکیبوون” و وتارەکانی دیکەدا باسم کردووە و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکات ـ بەکردەوە (خێڵ ـ شێوەی ئاخاوتن) سەرلەبەری چەمکی نیشتمان بە قەڵەمڕەوەوە گرێ‌ دەدەن و تەنانەت مەترسیی سەر هاونەژاد و هاونەتەوەش بە مەترسیی دەرەوەی سنوورەکانی “میرنشین” لێک دەدرێتەوە و لە ئێستاشدا هەمان سنووری نێوخۆیی لە هۆش و بیری ڕێکخراوی سیاسیدا دەبینرێت؛ بەتایبەتی ئەگەر سەیرێکی ناوچە پەراوێزییەکانی کوردستان بکەین کە ناوەندی هیچ ڕێکخراو و حیزبێکی سیاسی نین، بەزەقی کەمتەرخەمییەک دەبینین کە لە ڕەوتی بەشداری نەکردن یان بەشداری پێ نەکردنی سیاسیدا وەبەرچاو دەکەوێت. ئەم بەربەستانەی بەنەتەوەبوون کە بەندە بە “بەنەتەوەبوونی وەدرەنگخراو” ناودێرم کردووە، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست و یەک بە”بنبەست” دەگات. نامەوێ‌ ئەمە تەنیا وەک “پێشبینییەکی تێخوێندەیی” لەبەرچاو بگیردرێت، چونکە هیچکام لە نیشانەکانی “خێڵی زەینی” نەسڕدراونەتەوە و ئێستە وەک خۆیان دەبینرێن. لێرەدا پێویستە بەدەر لە بارودۆخی کەتوارەکی(واقعی)ی کورد، لە “بەنەتەوەبوون” بدوێین کە ئەگەر بارودۆخ گونجاو بێت دەبێ‌ وەها بێت!

لەبەرئەوەی لە ڕوانگەی بەندەوە، هیچ هەلومەرجێکی لەبار یان تێکۆشانێکی شێلگیر و ڕژد بە ئاراستەی “نەتەوەسازی” لە سیاسەتی ئێستای کورددا نابینرێ و بانگەشە و لافیش خۆخەڵەتاندنە، تەنیا گریمانی ئەوە دەکەین ئەگەر هەلومەرج لەبار بێت “نەتەوەسازی” و نیشتمانسازی” بە چ ئاقارێکدا ڕێ‌ دەکەن.


جوگرافیا

 خاک و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی وەک ژێرخانی ئابووریی کۆمەڵەخەڵکێکی مێژووییی بەشدار و نیشتەجێ‌، وێڕای یان سەرەڕای ململانێ‌ و بەریەککەوتنی نێوخۆیییان.

کاتێک باسی”خەڵک” دەکەین، لە مرۆڤانێک دەدوێین کە ئەزموونی ژیان لە ڕووبەرێکی جوگرافیاییدا خاڵی هاوبەشی نێوخۆیی و خاڵی جیاوازی دەرەکیی بۆ ڕەخساندوون کە شێوەیەک لە ژیانی بۆ پێکەوە ناون کە ڕەنگە بەئاسانی وازی لێ‌ نەهێنن. تەنیا لە ڕەوتی نەتەوەسازیدا دەتوانین پەی بەوە ببەین کە ئاخۆ ئەو شێوە ژیانە لەمپەرە یان یارمەتیدەر. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم شێوە ژیانە بەگشتی سیمایەکی هەندەکیی لەنێو سیمایەکی هەمەکیی ژیانی نێو جوگرافیاکەن، بەدڵنیاییەوە ئاخێزگەیەکی هاوبەشی هەیە کە دەبێ‌ لە ڕەوتی نەتەوەسازیدا وەک بەشێک لە هەمەک لەبەرچاو بگیردرێ‌ و چ پێویستیش بەوە ناکات خاڵی جیاوازی هەندەکی بسڕینەوە، تەنیا ئەوەندەمان پێویستە کە خاڵی هاوبەشی هەمەکی بخزێنینە نێو وێنای نەتەوایەتیمانەوە. بەم پێودانگە شێوەژیانی هاوبەشی کۆمەڵەخەڵکی نێو جوگرافیایەک لە پێناسەیەکی هەمەکیدا جێ‌ دەکەینەوە و جیاوازییەکان وەک ئەزموونی هەندەکیی نێو مێژوو دەخەینە پەراوێزەوە. واتە لە ڕۆحی پێناسەدا دەیانسڕینەوە و ڕێگە دەدەین لە پەراوێزی پێناسەدا بژین. چونکە جێکردنەوەیان لە کرۆکی پێناسەدا ناکۆکی بەرهەم دەهێنێت.


فەرهەنگ

وەک دەسکەوتێکی مرۆیی لە دوو ڕەهەندی ماددی و مەعنەوی لە ئەنجامی کار و کارلێک لە چوارچێوەی بەریەککەوتنی هزر لەتەک ژینگە و دەوروبەر، لەنێو زەین و زمان لە سیستمێکی نیشانەناسانەدا بەگوێرەی یاسای (ئاماژە، ئاماژە پێکەر و ئاماژەپێکراو) دەڕسکێت و دەڕەخسێت. بە جۆرێک کە دەتوانین بێژین فەرهەنگیش وەک زمان سیستمێک لە نیشانەکانە. لەم سۆنگەیەوە فەرهەنگ وەک سیستمێکی نیشانەیی، پەیڕەوی لە ڕێسای دیاردە و دەرکەوت و لێکەوتەی دیاردە دەکات و تێکهەڵچڕمسانی*زمان و فەرهەنگیش لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. بەهەرحاڵ لەبەر ئەوەی کە فەرهەنگ دیاردەیەکی مێژوویییە کە لە دۆخی هەنووکەییدا ڕەنگ دەداتەوە، فەرهەنگی کورد بە ئاقارێکی یەکساندا نەڕۆیشتووە و ئەو فرەیییەی کە لە زمان و فەرهەنگی کورددا دەبینرێت، چەندە مایەی دەوڵەمەندییە هەندەش کێشەسازە. مێژوو لە دەفری گێڕانەوەی پەتیدا زیاتر لە ئەدەب دەچێت تا مێژوو. بە گوێرەی ئەوەی کە گێڕانەوە مێژوویییەکانی کورد سەرچاوەکەیان کەمتر ئارشیڤە و بەشێکی زۆری ئارشیڤی کورد پێوەندیی بە سیاسەتەوە هەیە و فەرهەنگیش لە پاشکۆیەتیی سیاسەتەوە سەیر کراوە، بەم شێوەیە هەموو نەخۆشییە سیاسییەکان بۆ نێو کایەی فەرهەنگ شۆڕ بوونەتەوە. دەتوانم بڵێم ڕەنگە کەم مێژوو هەبێت بە بارتەقای مێژووی کورد سیاسی بێت، لەکاتێکدا هەر ئەو مێژووە زۆرترین زیانی لە فەرهەنگی کوردی داوە. بەدەر لەوەی دوژمنانی کورد چ جۆرە سیاسەتێکیان بەرانبەر کورد پەیڕەو کردووە، بەڵام سیاسەت لە کوردستاندا پاش مەرگی کاریزماکان گیرۆدەی ئاوەزی خێڵەکی و ناوچەیی بووە، بەم پێیە دەتوانین لەوە تێبگەین بیرۆکەی “ڕزگاریدەر” بۆچی ئەوەندە لە زەینی مرۆڤی کورددا ڕەگی داکوتاوە. هەروەک باس کرا، “هۆکاری ڕێکخەر لە خۆیدا” (کاریزما) لە پێواری “بیرۆکەی ڕێکخەر لە هەمەکدا” بەردەوام مێژووی کوردی لە هەڵکشان و داکشانی دراماتیکدا قووت داوە. تا ئەم چرکەساتەش بەندە پێم وایە هەموو ئەو بابەتانەی بە لاف و جاڕی “بیرۆکە و بەرنامە و پەیڕەو”ی ڕێکخراوەیی دەخرێنە بەرباس هیچکامیان نەیانتوانی نیشاندەری “بیرۆکەی ڕێکخەر لە هەمەکدا” بن؛ یەکێک لە بەڵگەکانیش ئەوەیە کە بەرنامە و پەیڕەو و پرەنسیپ و دیسپلینەکان، نەیانتوانی پێش بە جیابوونەوە و دابڕانەکان بگرن، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە “بیرۆکەی ڕێکخەر لە هەمەکدا” زادەی هاوچەشنی و لێکچوون و دەروەستبوون و ویستی ئازاد و سەرپشکییە. لەبەرئەوەی دەمڕاستەکان، دەمڕاستی قەڵەمڕەوە نێوخۆیییەکانن، ئیدی نە ویستی ئازاد هەیە و نە سەرپشکی. لە وەها دۆخێکدا لەبەر لاوازیی ئاوەزی بەکۆمەڵ یان هەستی گشتی دوو شت سەر هەڵدەدەن:

  1. بەفەرمی ناسینی قەڵەمڕەوە نێوخۆیییەکان
  2. پاراستنی قەڵەمڕەوەکان لە لایەن دەمڕاستەکانی هەمان قەڵەمڕەو لەنێو ڕێکخراو و حیزبەکاندا کە دیارە ڕۆژبەڕۆژ قەڵەمڕەوە نێوخۆیییەکانیش بچووک و بچووکتر دەکەنەوە و تا ئاستی ئوتۆمیزەبوونی کۆمەڵگە پێشڤە دەچێ‌.

ئەگەر بمانەوێ‌ لە بەرنامەیەکی تۆکمەدا پێشنیاری ڕێکخستنی نەتەوە بکەین، دەبێ‌ سەرلەبەری سیستمی پەروەردە بگۆڕدرێت، بەڵام بۆ ئەم کارە چۆن دەتوانین ئەم قەڵەمڕەوە نێوخۆیییانە کە تێکڕای میراتی قەڵەمڕەوی ئاغەواتی و میرنشینییە بسڕینەوە. سەرلەبەری کێشەکە لەنێو سیاسەتدا پەپکەی داوە و قەڵەمڕەوە نێوخۆیییەکانی جوگرافیای نەتەوەیی کە بوونەتە مایەی دابەشبوونی نەتەوەی کورد، بە شێوەیەکی زەینی و نافەرمی لەلایەن دەمڕاستەکانیانەوە، کە لەنێو ڕێکخراوە سیاسییەکاندان، پارێزراون. کە وابوو دەبێ‌ چارەسەرەکە لەنێو هێزە سیاسییەکاندا بکرێت. چونکە لابردنی بەربەستی دەرهەستەکی لە لابردنی بەربەستی بەرهەستەکی دژوارترە. ئەگەر وەها کارێک بکەین ئینجا دەتوانین لە داڕشتنی سیستمێکی پەروەردە بدوێین کە کار لەسەر ڕاماڵینی تێکڕای کۆسپ و لەمپەرە دەرهەستەکی(زەینی)یەکان بکات.

 
مێژوو و پێشگرتن لە بەسیاسیکردنی خوێندنەوەی مێژوو

لەوەدا کە مێژوو و سیاسەت پێوەندییەکی نزیکیان هەیە، هیچ گومان و دڕدۆنگییەک نییە. تەنانەت بەسیاسییانە خوێندنەوەی مێژووش بە مانای بەسیاسیکردنی مێژوو نییە. بەسیاسیکردنی مێژوو، کوشتنی ڕۆحی هەقیقەتە. سەروژێر و سەرولێژکردنەوەی هەرچییەکە کە لە دەرەوەی سیاسەت ڕووی داوە، ئەگەرچی کاریگەریی سیاسیی هەبووە بەڵام پاڵنەرەکەی سیاسەت نەبووە. “بەسیاسیکردنی مێژوو” بە بڕوای بەندە ڕادەستکردنی مێژووە بە کۆمەڵێک کارەکتەری سیاسی، بەو مانایەی ئەوان دەتوانن بڕیار بەسەر ڕووداودا بسەپێنن کە بە ئارەزووی ئەوان ڕووبدات نەک ئەوەی لە کاریگەرییان بدوێین. ئەم کارە جڵەوگیرکردنی گێڕانەوەی مێژووە، چەواشەکردنی توخمەکانی گێڕانەوەیە. واتە کارەکتەر، ڕووداوەکان بەو جۆرەی کە تێیاندا بەشدار بووە دەگێڕێتەوە وەک “هەمیشە قارەمان” (بڕواننە بیرەوەریی زۆربەی سیاسییەکانی کورد کە جێناوی کەسی یەکەمی تاک “من” بەزەقی تێیدا دەبینرێت). لە وەها بارودۆخێکدا مێژوو دەشێوێت و بەم چەشنە هەقیقەت لەنێوان دێڕەکانی گێڕانەوەدا ون دەبێت؛ لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە لە مێژووی گەلانی بێ‌ دەوڵەتدا شوێنەوارناسی هیچ جێ‌ و ڕێیەکی نییە و تەنیا پاش ساڵانێکی دوورودرێژ، یان بە سەدان ساڵ، ڕاستییەکانیان لە لایەن توێژەرانی خاوەن وڵاتی بێگانە ئاشکرا دەبن و لە مۆزەخانەی ئەواندا سەروەدەردەهێنن کە لەو دەمەدا کەس شک نابەیت تا باجی درۆ بدات! لە ڕاستیدا “بەسیاسیکردنی مێژوو” وەک بڕیاری بەکۆمەڵی کارەکتەرانی سیاسی خۆی دەنوێنێ‌ کە تێیدا ون کردنی هەقیقەت یان چەواشەکردنی ئامانجی سەرەکییە. دەگەینە ئەو بەرەنجامەی کە ئەگەر مێژوو بە ئەرشیڤ و شوێنەوارناسی پشتگیری نەکرێت، سەرگەردانی نێوان بیرەوەرییەکانە. بیرەوەریی بێ‌ بەڵگە و واژۆ بەگەواهگرتنی مردووەکانە کە دەتوانین بێژین چوونە ژێرباری باڵادەستیی گێڕانەوەیەکە، کە ناتوانین دروستی و نادروستییەکەی بسەلمێنین. ئەمە دەبێتە مایەی بڕوا پێ کردن و بڕوا پێ نەکردن لە لایەن دوو بەرەی جیاوازەوە کە هەردووکیان لەسەر بنەمای متمانەکردن و متمانەنەکردن بڕیاری خۆیان دەدەن. واتە گێڕانەوەی بیرەوەریی کەسێکی ناودار لە لای لایەنگرانی ڕاستە و نەیارەکانیشی بە پەسندی نازانن. چونکە لەم نێوەدا تەنیا متمانە لە ئارادایە. تەنانەت گەواهیدەرانی ڕووداوێکی نێو بیرەوەری، بە بارتەقای بەڵگەیەکی نووسراو و واژۆیەک مایەی بڕوا پێ کردن نین. ئیدی لە وەها دۆخێکدا دەقی مێژووییی ڕۆنراوی گێڕانەوەی پەتی دەبێت بە هاوشێوەی دەقی پیرۆز کە پێشتر” ئیمانی پێ‌ دەهێنی و پاشان بڕوای پێ دەکەی” واتە لەو دۆخەدا مێژوو هیچ نرخێکی بۆ نامێنێتەوە. یەکێک لە ڕێگەکانی نەتەوەسازی لە لێڕوانینی مێژوویییەوە بریتییە لە دابڕاندنی لە بەسیاسیکردن و تەیارکردنی بە ئەرشیڤ و شوێنەوارناسی، بە جۆرێک کە نەتەوە تێیدا بەشێوەیەکی زانستییانە لە گێڕانەوەیەکی تۆکمەدا خۆی بنوێنێت.


زمان و موزیک

بەگوێرەی ئەوەی بەندە لە باسکردنی نەتەوەسازیدا زیاتر زمان بە فاکتەری سەرەکی دەزانم و زمانگەرام، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلێ‌ جار لە وتار و بابەتەکانی دیکەدا بەتێروتەسەلی زمانم وەک تەوەری سەرەکی خستووەتەبەرباس، لێرەدا نامهەوێ‌ بچمەوە سەر ئەو باسە و لە ترسی پاتەوپاتوێژی لە ڕوویەکی دیکەوە لە زمان دەدوێم. دیارە لە توێژینەوەکانی پێوەندیدار بە لایەنی نەتەوەسازی ڕەنگە بەشێوەیەکی ئەوتۆ باس لە موزیک نەکرابێت، بەڵام بەندە سۆنگەیەکی دیاریکراوم بۆ وروژاندنی ئەم لایەنە هەیە کە ڕەنگە نامۆ و نابەجێش بێتەبەرچاو. لەگەڵ ئەوەی کە زمان فاکتەری هەرەسەرەکیی پێناسەی نەتەوایەتیی کوردە، بەڵام بە بارتەقای موزیک پڕکاریگەری نییە. ئەگەر وایە، بۆچی ناتوانین موزیک بە فاکتەری سەرەکی دابنێین. لە درێژەی بابەتەکەدا هەوڵ دەدەم وڵامی ئەم پرسیارە ڕەخنەیییە بدەمەوە. لە پێوەندی لەتەک ڕابردوودا موزیک لە زمان بەبڕشتترە. دەبێ‌ هێڵێک بە ژێر پێوەندی لەتەک ڕابردوودا بکێشین. ڕابردوو لە هەستەکانماندا زیندووترە، دۆخێکی نۆستالێژیکی چێژەکییە کە موزیک بەئاسانی دەتوانێ‌ بیوروژێنێ‌. کاتێک گوێ‌ لە سیاچەمانە، لاوک، حەیران، چەمەری، هۆرە و مەقامەکان دەگرین، لەنێو ئەو جوگرافیایەی کە پڕە لە فرەقەڵەمڕەویی (خێڵ ـ شێوەی ئاخاوتن) موزیک بەئاسانی “هەستی هاوبەش” دەئافرێنێ‌. هەستێکی هەمەکی کە بەشێوەیەکی لێڵ و نامۆ وەک خەوێک کە سەرچاوە کۆنەکانمان وەبیر دەهێنێتەوە؛ چەشنی شەبەنگێک کە بەنێو پەردە تەنکەکاندا تێدەپەڕێ‌ تا بە کرۆک دەگات، لەم سەر و ئەوسەری جوگرافیادا هاموشۆ دەکات و هەندێ‌ وێنای جوگرافیایی لە مێشکدا دەچەسپێنێ‌ کە بیرخەرەوەی چەمکی نیشتمانە. بەڵام بۆچی موزیک ناتوانێ‌ بە بارتەقای زمان فاکتەری پڕباندۆر بێت. موزیک لەگەڵ ئەوەی دەتوانێ‌ “هەستی هاوبەش” بوروژێنێ‌، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێ‌ “مانای هاوبەش” بئافرێنێ‌. مانای موسیقایی، تەنیا لە هەست و جوانییەکی دوورەدەستدا پاچەڤە دەکرێتەوە کە هەستی هاوبەشی هاوشێوەیی دەخوڵقێنێ‌، بەڵام بە بۆچوونی بەندە ناتوانێ‌ سیمایەکی ڕوونی هاوشێوەییی پێناسەکراو بخاتە ڕوو. جیاوازیی نێوان زمان و موزیک لەوەدایە کە موزیک هاوشێوەیی لە هەستی جوانیناسانە و نوستالێژیک بەگوێرەی ڕووی لێکچوونی هەستەکی ـ خەیاڵی پاچەڤە دەکات. زمان، هاوشێوەیی لە پێناسە و چەمک و گوتەزاکاندا پێناسە دەکات. زمان لەگەڵ ئەوەی بە ڕاوێژکردن لەتەک ئاوەز هەست پاچەڤە دەکات، بەڵام پێناسەی دەکات، لە وشەدا دەیپێچێتەوە و عەوداڵی ڕوونکردنەوەیە.  زمان داڕێژەری چەمکگەلی ئاوەزەکییە، هەر بۆیە کاتێک باسی پێناسە دەکەین هەم چەمک ڕوون دەکەینەوە و هەم مەبەست و پێگە و بەستێن دیاری دەکەین. هەر بۆیە دەگوترێ‌ پێناسە هەڵگری ڕۆحی زاڵبوونە. بۆیە نەتەوەکان زیاتر هۆگری ڕێکخستی جیهانی دەوروبەریانن و ئەو زمانەی کە لە جوگرافیاکەیاندا ئامرازی پێناسەکردنە، ڕێکخەری ڕێککەوتنی زمانییانە و ڕێککەوتنی زمانی، هاوپێوەندی و هۆگری دروست دەکات کە هەم ئێستایە و هەم ڕابردووە کە لە سایەیدا داهاتووی ئەو هاوپێوەندی و هۆگرییەش دەستنیشان دەکەن. لەو باوەڕەدام موزیک وروژێنەری پشتەسەر و ڕابردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسۆی خوازراوی داهاتووش دەنوێنێ‌، واتە نواندنەوەیە نەک پێناسە. هەربۆیە هیچکات ناتوانێ‌ جێی گوتەزا(مقولە) بگرێتەوە و بەکورتی گوتەزاسازی و چەمکسازیی ئیپیستمۆلۆژیک لە تواناییی موزیک بەدەرە. لەگەڵ ئەوەی پێوەندیگرتن لەتەک موزیکی کوردی لە پێوەندیگرتن لەتەک زمانی کوردی ئاسانترە، بەڵام زمان لە سیاسەتدا داڕێژەری “وێژمان”(دیسکۆرس)ە و موزیک وەها کارێکی لێ‌ ناوەشێتەوە و بۆیە لەم بوارەدا ناچارە پاشەکشێ‌ بکات. لە سەرێکی دیکەوە زمان کێشەسازیشە، چونکە جیاوازی دروست دەکات و زمانێکی وەک زمانی کوردی بەو هەموو پەرشوبڵاوییەی لەنێو قەڵەمڕەوە نێوخۆییەکاندا دابەش بووە و ئەم دابەشبوونەش بە کەڵکی کەڵکئاوەژووی دەمڕاستەکانی ئەو قەڵەمڕەوە دێت و بەکاریشی دەهێنن و زیاتر مانای لێکترازاندنە تا یەکگرتن.

لەم بارەیەوە دەتوانین بێژین موزیک تووشی هیچ بنبەستێک نەهاتووە و بە بەردەوامی لەنێوان قەڵەمڕەوە نێوخۆیییەکانی جوگرافیای کوردستاندا بە ئاسانی هاتوچۆ دەکات، بەڵام بەداخەوە زمان لە نێو ئەم جوگرافیایەدا گیرۆدەی قەڵەمڕەوە نێوخۆیییەکانە و زیاتر لە بنبەست دەچێ‌ تا دەربڕی “بیرۆکەی ڕێکخەر لە هەمەکدا”. دیارە چارەکردنی ئەمەش پێشوەختە بەندە بە سڕینەوەی کۆمەڵە قەڵەمڕەوێکی نێوخۆییی سیاسی کە خەریکە کۆمەڵگە بەرەو ئەتۆمیزەکردن دەبەن و ئەگەر ئەم قەڵەمڕەوانە تێک بشکێن، زمانیش دەتوانێ‌ چەشنی موزیک بە نێو جوگرافیای بەرینی کوردستاندا هاموشۆ بکات کە دیارە هەنووکە ناتوانێت. بۆیە لە پرۆسەی نەتەوەسازی و نیشتمانسازیشدا بۆ ڕێکخستنی “وێژمان” پێویستیمان بە یەکخستنی زمان هەیە.


پەروەردە

یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی دیکەی نەتەوەسازی پەروەردەیە. ئەزموونێک کە ئێمەی کورد لە پەروەردەی نەتەوایەتیدا هەمانە لە ئەدەب و وێژە و بەتایبەتی شیعردا قەتیس ماوە. ڕەنگە کۆنترین شیعری پەروەردەیی لە کورددا لەنێو ئەدەبی فۆلکۆردا و لە چیرۆکی منداڵاندا ڕەنگی داوەتەوە کە هەمووان نموونەکانی دەزانن. ئەم جۆرە پەروەردەیە، شێوازێکی کۆنی خۆرهەڵاتییە کە زۆربەی هەرە زۆری لە زمانی ئاژەڵان و مێرووانەوەیە و کەسیەتییەکانیان بەزۆری لە ڕوانگەی مرۆیییەوە سیفەتی چاکە و خراپەیان بەسەردا سەپێنراوە و هەرکامیان نوێنەری جۆرێک لە مگێزی(طبع) مرۆیی دەکەن. ڕێوی، گورگ، شێر، مشک، هەڵۆ، قاڵاو، مار، پەپوولە و قالۆنچە و دواجار جادووگەر لە شێوەی پیرێژن، هەرکام لە مگێزە سروشتییەکانیان بەسەردا بار کراوە و لە زەینی سادەی کوردد – چەشنی پەروەردەیەکی سەرەتاییی سەر بە ئەدەبی زارەکی – ڕەنگی داوەتەوە. ئەم پەروەردەیە، لە جەرگەی خێزاندا و بە بڕشت و تەوەری “باپیرە” و “داپیرە” و “دایک” و “باوک” و “پوور” بەڕێوە چووە. جۆرە دانایییەکی ئەزموونی کە کوردی پێ‌ گۆش کراوە و ڕەنگدانەوەی ژینگە و شێوەی ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە و بەدەر لە هەموو تیۆریسازییەکی پەروەردەیییە و زیاتر سەر بە داناییی کردەکییە و ئاشکرایە لەم سۆنگەیەوە ئەزموونی ئەوانی دیکە ڕەخسێنەری ئەم پەروەردەیەیە. کە وابوو پێشینانی ئێمە لە پەروەردەدا ژیانی خۆیانیان بە وانە گوتووەتەوە و لەمەڕ “بیرۆکەی پەروەردەیی” و “هاوکێشەسازیی پەروەردەیی لەمەڕ ڕەوشت” هیچ شتێکی نووسراومان نییە و تەنیا لە دەقی گێڕانەوەییی چیرۆکەکاندا دەتوانین وێنای زەینی چیرۆکگێڕەوەکان بکەین کە خۆیان کەسێتیی سەرەکیی ژیانی زیندوو یا “ئەزموونی ژیاو”(تجربەی زیستە)ن. ئەم وانانە بە شێوەیەکی تەڵقینی شۆپاژۆی شێوە ژیانی پێش خۆیان دەکەن و بەشێوەیەکی گشتی ڕەوتی داهێنانی ڕوانگەی نوێ‌ مەودایەکی دوورودرێژی چەندین ساڵە دەخوازێ‌ کە فریای کاتی ئەمڕۆییبوون ناکەوێت. واتە تا بە ئەمڕۆ دەگات، ئەمڕۆی پیر دەبێت و بەم چەشنە ناتوانین کوڕی ئەو سەردەمەش بە سەردەمی خۆی بزانین. چونکە ئەوەی ئەو پەروەردە دەکات، سەردەمی خۆی نییە، بەڵکو سەردەمی پێش خۆیەتی و هەر بۆیە سەردەمەکان ڕەنگدانەوەی نەوەکانیان نین و لەم بارەیەوە ناتوانم بڕوا بەوە بهێنم هیچ ژیانێک کە پابەندی کتومت و دابەستەی نەریت بێت، بتوانێ‌ هاوپێناوی سەردەمەکەی بێت. واتە ئەگەر لە سەردەمێکدا بە پێوەری سەردەمی پێشووتر بژین، مانای ئەوەیە فریای سەردەمەکەمان نەکەوتووین. بەم پێیە تا سەدەی نۆزدەیەمی زایینیش کورد هەمیشە چەند سەدە لەپاش سەردەمەکەی خۆی بووە و ڕۆحی سەردەمی خۆی نەناسیوە. زاڵترین خوێندن، خوێندنی ئایینی بووە و ئێمەش دەزانین “ئایین” لە دۆخێکی “لاهووتی” دەدوێ‌ و بەدەر لە کاتی”ناسووتی”یە. واتە لە تێگەیشتن لە خودا دەدوێ‌ نەک تێگەیشتن لە ڕێسا سیکۆلارەکانی ژیانی زەمینی. بۆیە ناتوانین لە ڕێگەی خوێندنی ئایینییەوە پەی بە هزری زەمینی و سیکۆلار ببەین و کە وابوو ناتوانین لە ڕۆحی سەردەم تێبگەین. چونکە گەشەی ژیار کاتمەندە و بەرەنجامی داهێنانە و شێوەگۆڕانی ژیانە و “دین” تەنیا بە “تازەباو(بدعە)” دەگۆڕدرێت و “تازەباو”یش لە دیندا هێندە بەئاسانی جێ‌ ناگرێت و هەندێ‌ جاریش بابای تازەباوهێن بەکوشت دەچێ‌، بەڵام بابای نوێداهێن بەئاسانی جێی دەبێتەوە و کەمتریش بەر ناتۆرە و هێرشی دین دەکەوێت. لەم سۆنگەیەوە “نوێداهێن” لەبەر ئەوەی هیچ بڕوایەک ناکات بە باو بەڵکو بە شێوەیەکی بەرهەستەکی دەیخاتە ڕوو، ڕەنگە یاسایەکی زانستی و ئەدەبی یان هزری بشکێنێت، بەڵام “باو”ێکی ئایینی یان ڕەوشتی بەئاشکرا ناشکێنێت. چونکە “نوێداهێن”، “نوێ‌” لە بەرانبەر “کۆن”دا قوت دەکاتەوە، بەڵام “باو” چونکە ڕەگی لە “دین” و “نەریت” و “ڕەوشتی کۆمەڵایەتی”دا داکوتاوە، پابەندی “ئەزموون”ە و کە واتە “کۆنەباو”ە و لە بەرانبەردا ، “تازەباو” کەمتر بەختی ئەوەی هەیە پەسند بکرێت. بەم درێژدادڕییە دەمهەوێ‌ بڵێم؛ ئێمەی کورد لەبەر ژێردەستەیی و نەبوونی قەوارەیەکی سیاسی یان دەوڵەت لە پەراوێزی ژیاردا ژیاوین و خوێندنی “حوجرە”ش بۆ هەمووان نەلواو و خودی “حوجرە”ش پارێزەری”نەریتێکی دینی” بوو. لە وەها بارودۆخێکدا سەرهەڵدانی دەستەبژێرێکی ڕووناکبیر لە سەردەمێکی لاهووتباوەڕدا چۆن لواوە؟

لەباری پەروەردەیییەوە بەندە بۆچوونێکی سەیر دەخەمە ڕوو کە ڕەنگە نەتوانم بەتەواوەتی بە بەڵگەی بەسندە پژڕاسی بکەمەوە، بەڵام وەک بۆچوونێک کە مایەی تێڕامانە بە گرنگی دەزانم. سروشتی ئایینیی مرۆڤی کورد شەریعەتتەوەر ـ بەو مانایەی کە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا پەیڕەو کراوە ـ نەبووە. “دین” وەک ڕێکخەری یاسای ژیان، بەو شێوەیەی لە سەدەکانی نێوەڕاستی مەسیحی و ئیسلامیدا بەگوێرەی دەسەڵاتی پاپا و دەسەڵاتی خەلافەت یان ئیمپراتۆریی ئیسلامی لەبەرچاو گیراوە، چەندان لە چەقی سەرنجی کورددا نەبووە. هۆی ئەوەش کە دین وەک دەسکەلایەکی سیاسی کەڵکی لێ وەرنەگیراوە ڕەنگە هۆیەکەی ئەوە بووبێت کە فۆرمی دینداری لە کوردەواریدا ڕۆحانی و سۆفییانە و عیرفانی بووە، هەروەها مێژینەی عیرفانی سروشتی بەگوێرەی پێشینەی ئایینیی کوردان لە چوارچێوەی ئیسلامیشدا پەیکاڵکراوە، بەتایبەتی هێزی تەریقەت لەنێو کورداندا لە بەهێزبوونی پێگەی تەکیە و خانەگا(خانەقا)کاندا دەبینرێت کە دامەزراوەی خانەقا لە بەرانبەر مزگەوتی فەقێ‌ و مەلایان بە زەقی بەرچاو دەکەوێت تا ئەو ڕادەیەی کە مەلاکانی پابەندی خەلافەتیش ناچار بوون لەگەڵی هەڵبکەن. ئەمە بە بۆچوونی بەندە وای کردووە کرانەوەی حوجرەکانیش بەڕووی شیعر و سروشتگەرایی و بابەتانی ڕۆحانی و…هتد کە بەهەرحاڵ ئەزموونێکی بەرتەسکی پەروەردەیین بەڵام بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگە داخراوترەکانی دەوروبەر، تەریقەت دەربوونە(منفذ)یەک بوو لە پەراوێزی فیقهتەوەریی خەلافەتدا کە کوردی لە جەڕ و مەنگەنە نەداوە.

پەروەردەی مودێڕن، لە سەدەی بیستدا بە پرۆسەی مودێڕنیتەی نەتەوەی سەردەست، پریشکیشی بەر کورد کەوت. لەگەڵ ئەوەی بەهەرحاڵ لەم پەروەردەیەدا دەروازەی دنیای نوێی بینی، بەڵام ڕاستەوخۆ و بە زمانی خۆی بەر جیهانی نوێ‌ نەکەوت. لە باری زمانەوە لە سەردەمی ئەدەب و شیعری کلاسیکیی کوردیدا، ڕەوتێکی کارکردن بە زمانی کوردی دەستی پێکرد و تا ڕادەیەک زمانی کوردی گەشایەوە. هەڵبەت نموونەی باشووری کوردستان ڕەنگە لە پارچەکانی دیکە جیاوازتر بێت بەوەی کە خوێندن بە زمانی کوردی نەپچڕا، بەڵام لە سێ‌ پارچەی دیکەی کوردستان بەشێوەیەک لە شێوەکان مودێڕنیتەی سیاسیی ئێران و تورکیە و سووریا بەکردەوە هەناسەی زمانی کوردیی بڕی. بەم شێوەیە کرانەوە بە ڕووی جیهانی نوێ‌ بە زمانی بێگانە بوو کە لێرەدا دەرفەتی باسکردن لە زیانەکان کەمە. تەنیا نموونەیەک لەو زیانانە دەهێنمەوە.

خوێندن بە زمانی بێگانە و لە دەرەوەی زمانی نەتەوایەتی دەبێتە مایەی ترازاندنی “بەرهەست”(عین) و “دەرهەست”(زەین). بەو مانایەی کە چەمک و گوتەزاسازیی زانست و لقەکانی ئیپیستمۆلۆژیا هیچ کێڵگەیەکی ماناییان لە زمانی نەتەوایەتیدا نییە و بەم شێوەیە “تێگەیشتن” ئاستەمتر دەبێت.

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە لە شێوە و بیچم و پێکهاتەی حیزبیدا دەرکەوت. یەکەمجار بوو کورد لە شیرازەیەکی ئۆرگانیدا دەردەکەوت. واتە”مرۆڤی نێو ئورگانەکان” لە دایک بوو کە فەرمانی هەرەمیی ئورگانیزمێکی بەسەردا جێبەجێ‌ دەکرا کە لە “پەیڕەوی نێوخۆ”دا دەستنیشان کرابوو. واتە یەکەمجار “ئەرک” و “ماف” وەک دووانەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی لەنێو چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ئەزموون دەکرا. “شێخ” کە لە ڕاپەڕینەکانی کورددا پێگەی سەرەکیی هەبوو و ڕاستەوخۆ فەرمانی دەدا، ئەمجارەیان شوێنی بۆ “سکرتێر” و “سەرۆک” و “دەستەی باڵای بەڕێوەبەری” و “کۆمیتەی ناوەندی” و…. گۆڕدرا. مەشقی “ئەرک” و “ماف” بۆ کورد گرنگ بوو، چونکە گەلێ‌ نەتەوەی بێ‌ دەوڵەت هەبوون کە لە دەرەوەی ڕێکخراوی سیاسیی خۆیشیاندا بوون و تا ئەو کات ئەو هەنگاوەیان نەنابوو، لەم سۆنگەیەوە دەرکەوتنی کورد وەک “مرۆڤێکی نێو دامودەزگای سیاسیی خۆی” ئەزموونێکی نوێ‌ بوو کە هەرچەند کرچوکاڵیش بوو، بەڵام دەیتوانی لە بەرانبەر شەپۆلی بەهێز و پڕتین و تاوی ناسیونالیزمی نەتەوە سەردەستەکان وازی بە لای پێناسەی پێچەوانەی خۆکردی خۆی بشکێتەوە و ئەمە لە باری زەینییەوە دەیتوانی لە بەرانبەر دەوڵەت ـ نەتەوەی نەتەوەی داگیرکەردا بەرەنگارییەکی فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت. ئەم ڕێکخستنە هەوێنی پاراستنی کورد لە جیهانی تازەی حەزیای مودێڕنیتە ـ یان ئەگەر بتوانین بەشێوەیەکی هۆبزی بدوێین “لڤیاسان”ی مودێڕنیتە ـ بوو کە دەبێ‌ هاوپێناوی ڕەخنەی توندمان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، ئەم لایەنە وەک خاڵێکی وەرچەرخان سەیر بکەین، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی “وێژمانی مانەوە”شدا بێت – هەرچەند بە بۆچوونی بەندە ئەمە لەوەش زیاترە. “کوردبوون” مانایەکی چەمکیی مرۆڤێکی سیاسیی بەخۆوە گرت کە لەبەرانبەر ناسیونالیزمەکانی دەوروبەر جۆرە کاردانەوەیەکی نەتەوەییی نواند و بۆ یەکەمجار بوو کە وەک “بوونەوەری سیاسی بە پێناسەی خۆکردەوە” بە بێ‌ پاشکۆیەتیی ئیمپراتۆرییەکانی جاران دەربکەوێت.

دیارە نامانەوێ‌ بەم پەسنە خۆمان لە ڕەخنە ببوێرین، زیانەکانی بەریەککەوتنی نێوخۆییی هێزە سیاسییەکان خۆی چیرۆکێکی درێژ و هەژێنەرە کە لە دوتوێی ئەم بابەتەدا ناگونجێ‌. لە باری پەروەردەیییەوە بابەتە سەرەکییەکان کە لە فەرهەنگ و زمانی ئێمەدا حونجە دەکران، سیاسەت وەک کردەوەی سیاسیی هێزەکان و پەیامنامە و ئایدیۆلۆژیایان بوو. بابەتی دووەم گرنگیدان بە وێژە بوو کە شیعر و چیرۆک و دواتر پەراوێزێکی ڕەخنەی ئەدەبی بوو کە ئەویش چەندان بێلایەنانە نەبوو. لەبەرئەوەی دابڕاندنی ئەدەبیات لە کەتواری سیاسی، کارێکی نەکردەیە و بەم پێیە ئەدیب و نووسەرانیش بە تەبا و ناتەبا لە بەرەی جیاجیای سیاسیدا دەگیرسانەوە و بەم شێوەیە مێژووی ئەدەبی کوردیی سەدەی بیستەم، مێژووی ململانێ‌ سیاسییەکانیشی پێوە دیارە. تا ئێستاش ڕەخنەی کەسایەتی و ڕەخنەی ئەدەبی بە بارگاوییبوون بە سیاسەت لە کۆڵی مردووان نەبووەتەوە تا چ بگات بە زیندووان!

ئەمە بووە مایەی جۆرێک لە پەروەردەی نەشیاو کە لە فەرهەنگی گشتی و فەرهەنگی سیاسیدا کۆمەڵگەیشی بەخۆوە خەریک کرد. بۆیە یەکێک لەو بوارانەی کە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا پێویستە شۆپاژۆ بکرێت بریتییە لە کاریگەریی ململانێی سیاسی لەسەر پێوەندیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و جۆرێک شەڕی نێوخۆیییە کە بەشێک لە کۆمەڵگە بە دژی بەشەکەی دیکە بەڕێوەی دەبات. لەو دۆخەدا هیچ خامەبەدەستێک نابێتە موڵکی نەتەوە و ئەمەش لەباری پەروەردەییەوە زیانەکەی لە ئاگری سیاسەتەوە هەڵدەستێ‌ و دووکەڵەکەی لە چاوی سەرلەبەری فەرهەنگ و پەروەردە دەنیشێت. لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا سەرلەبەری کایەکان بە سیاسەتەوە بەندن. چونکە هیچ سووچ و قوژبنێک نییە کە سیاسەت خۆی تێنەخزێنێ‌. بەتایبەتی ئەگەر بەرزەفتکردنی هەموو جومگەکانی ژیان لە ئەستۆی سیاسەت بخرێت، بەسیاسیبوونی هەموو شتێک کارێکی مسۆگەرە. پرۆسەی نەتەوەسازیی کورد لە هەموو سەرێکەوە گیرۆدەی سیاسەتگراوییە و بۆیە هەروەک پێشتر گوتم تا ڕادەیەکی زۆر چالاکانی بوارە جیاجیاکانی نێو فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردستان هەر چۆنێک بێت کاری خۆیان ڕایی دەکەن و خۆ ئەگەر شتێکیش هەبێت بۆ کردن ئەوان دەیکەن، لەم نێوەدا تەنیا بوارێک کاری خۆی بەباشی جێبەجێ‌ ناکات سیاسەتە و کاتێک کە سیاسەت کاری خۆی بەشێوەیەکی باش جێبەجێ‌ نەکات بەکردەوە هیچ کارێک بەباشی جێبەجێ‌ ناکرێت. پێش ئەوەی لە پڕ‌وژە و پرۆسەی نەتەوەسازی بدوێین، پێویستە سنووری سیاسەت دەستنیشان بکەین کە بەڕاستی کایەیەکی گشتگرەوەیە و سەرچاوەی بەشێک لە کێشەکانە. سەرکۆنەکردنی زمانەوان، ئەدیب، شاعیر و ڕووناکبیر و …هتد لە دەرەوەی تواناییی خۆیان ناهەقییە. چونکە ئەرکێک کە دەبێ‌ لە سەدەیەکدا جێبەجێ‌ بکرێت، ناخرێتە ئەستۆی کەسانێکی وەک هەژار و هێمن و مەسعود محەمەد و …هتد کە تا ڕادەیەک ئەرکێکیان جێبەجێ‌ کردووە کە پێیان نەسپێردراوە بەڵام کردوویانە، بەپێچەوانەی کەسانێکی سیاسی کە ئەرکیان پێ سپێردرا و جێیەجێیان نەکرد شیاوی سەرکۆنە و لێپێچینەوەن. سەدەی بیست لەباری کۆستی نێوخۆیی و نەتەوەسازیی وەدەرنگخراوەوە لە ئەستۆی سیاسەتە و سیاسەت وەک هونەری یەکەم لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەکاندا بەرپرسیاری یەکەمە.

ئەرکەکانی سیاسەت، ڕێکخستنی زمان، ئابووری و ئۆرگانیزاسیۆن و داڕشتنی قەوارە و ڕەخساندنی بەستێن بۆ یاساکانە تا تێکڕای بوارەکان بە بێ‌ دەستوەردان لە کاروباری یەکدی لە سنووری خۆیاندا وەگەڕ بکەون. لەم پێوەندییەدا بەندە سیاسەت وەک لەمپەرێکی نەتەوەسازیی کورد دەبینم کە لەباری نێوخۆیییەوە لە ئەستۆی کوردە و لەباری فاکتەری دەرەوەش داگیرکاریی بێگانە لێی بەرپرسیارە.

*تێکهەڵبوون، هەڵچوون، چڕبوونەوە و تێدا ئاوسان