ئارامتر بخوێنەوە!

چه‌ند سه‌رنجێک سه‌‌باره‌ت به‌ سیستەمی په‌روه‌رده‌ی وڵاتی سوئێد

تاهیر عەلیار

دیارده‌یه‌کی به‌رچاوی سیستەمی فێرکردن و په‌روه‌رده‌ی وڵاتی سوئێد مافی خوێندنی زمانی دایک بۆ منداڵی بیانی له‌ قوتابخانەکانی ئه‌و وڵاته‌یه‌. ئه‌و شاگردانه‌ی که‌ له‌ وڵاتانی دیکه‌ڕا هاتوونه‌ سوئێد و زمانی دایکیان سوئێدی نییه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌رسی زمانی دایکیی خۆیان هه‌بێ و بیخوێنن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کۆمۆنه‌کان مامۆستای ئه‌و زمانانه‌ دادەمەزرێنن و ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌رس به‌و منداڵه‌ بیانییانه‌ ده‌ڵێن به‌و شه‌رته‌ی له‌ قوتابخانەکه‌ لانی که‌م پێنج شاگردی هاوزمان هه‌بێ کلاسه‌که‌ بۆ فێرکردنی ئه‌و زمانه‌ دابین ده‌کرێ. 



سیستەمی په‌روه‌رده‌ی وڵاتی سوئێد یه‌کێک له‌ مودێڕنترین و سه‌رکه‌وتووترین سیستەمه‌کانی په‌روه‌رده‌یه‌ که‌ نێوبانگی جهانیی هه‌یه‌ و له‌ ڕده‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیستەمه‌ فێرکارییانه‌دا ده‌ژمێردرێ که‌ پله‌ی هه‌ره‌ به‌رزی له‌ ئه‌مری فێرکاریدا بۆخۆی مسۆگه‌ر کردووه‌ و کۆمه‌ڵێک‌ له‌ وڵاتانی دیکه‌ ته‌نانه‌ت وه‌کوو نموونه‌ ڕه‌چاوه‌ی ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌شێک یا هه‌مووی به‌کار بێنن.

به‌ گوێره‌ی یاسای بنه‌ڕتیی وڵاتی سوئێد خوێندن بۆ هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی له‌و وڵاته‌ دا ده‌ژین له‌ ته‌مه‌نی 6 تا 16 ساڵی ئیجباری و به‌ خۆڕایییه‌‌. به‌ دایک و باب نییه‌ بڕیار بده‌ن منداڵه‌که‌ بخوێنێ یا نه‌خوێنێ؛ به‌ڵکوو یاسا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ڕوون کردۆته‌وه‌ و له‌ سه‌ری ساغ بۆته‌وه‌. له‌و ماوه‌ی 10 ساڵه‌دا تێچووی خوێندن ناکه‌وێته‌ سه‌ر شانی دایک و باب، به‌ڵکوو به‌ گوێره‌ی نۆڕمێکی دیاریکراو ده‌وڵه‌ت وه‌ستۆی ده‌گرێ. ئه‌و یاسایه‌ هه‌موو منداڵی سوئێدی یا بیانی ته‌نانه‌ت ئه‌و منداڵانه‌ش تازه‌ هاتوونه‌ ئه‌و وڵاته‌ و تا ئێستا ئیجازه‌ی نشتەجێ بوونیان نیه‌ ده‌گرێته‌وه‌. نه‌بوونی ئیجازه‌ی نشتەجێ بوون نابێته‌ هۆی بێبه‌ش بوونی منداڵ  له‌ په‌روه‌ده‌ و فێرکاری و ئه‌وه‌ڵین کارێک که‌ بۆ منداڵی تازه‌ هاتوو ده‌کرێ دیتنه‌وه‌ی جێگا بۆ منداله‌که‌یه‌ له‌ قوتابخانەیه‌کی ئه‌و شاره‌ی منداڵه‌که‌ی لێ ده‌ژی. به‌ڵام بۆ گه‌وره‌ساڵ تا ئیجازه‌ی نشتەجێ بوون وه‌رنه‌گرێ ناچێته‌ قوتابخانە.  له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵ به‌ولاوه‌ ئیجباری خوێندن  نامێنێ و شاگرد به‌ ڕاوێژ ده‌گه‌ڵ دایک و باب و(رێنوێنیکاری خوێندن و بازاڕی کار) که‌ له‌ هه‌موو قوتابخانە کان هه‌یه،‌ ڕێبازی داهاتووی خۆێندنی خۆی دیاری ده‌کا. یه‌ک له‌ ئه‌رکه‌کانی ئه‌و ڕێنوێنیکاره‌ له‌ قوتابخانە ئه‌وه‌یه‌ زانیاری به‌ شاگرد بدا له‌ بازاڕدا چ شوغڵێک خوازیاری زۆره‌ و له‌ چ ڕێگایه‌که‌وه‌ زووتر پیاو ده‌ستی ده‌گاته‌ ئه‌و کاره‌ی بۆی خوێندووه. مه‌به‌ست له‌و ڕێنوێنییانه‌ ئه‌وه‌یه‌ شاگرد وه‌دوای ڕشته‌یه‌ک نه‌که‌وێ که‌ دوای ته‌واو کردنی خوێندن، بێکار بمێنێته‌وه‌ و توانایییه‌کانی بۆ خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگا به‌ فیڕۆ بچێ و وڵاتیش له‌ توانایییه‌کانی ئه‌و بێبه‌ش بێ. له‌ ڕاستیدا فه‌لسه‌فه‌ی فێرکاری و په‌روه‌رده‌ له‌و وڵاته‌ به‌هێز کردن و په‌روه‌رده‌ کردنی ئینسانه‌کان بۆ خزمه‌ت به ‌ خۆی و کۆمه‌ڵگا‌یه‌. ئه‌و شاگردانه‌ی ڕێگای خوێندنی باڵا هه‌ڵده‌بژێرن، کۆمۆنه‌کان پێویستییه‌کانیان بۆ دابین ده‌که‌ن و به‌ گوێره‌ی یاسای تایبه‌ت، یاریدەیان ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها له ناوه‌ندی خزمه‌تگوزاریی فێر کردن وبارهێنانه‌وه‌ پشتیوانیی ماڵی ده‌کرێن تا ئه‌و کاته‌ی له‌ خوێندن ده‌بنه‌وه‌.

ساڵی خوێندن به‌ دوو تێرمی جیاواز دابه‌ش ده‌کرێ. تێرمی پاییز و تێرمی به‌هار. تێرمی پاییز له‌ ئاخری مانگی ئاگوست ده‌ست پێ ده‌کا تا نیوه‌ی مانگی دیسامبر و تێرمی به‌هار له نیوه‌ی مانگی جانیوێری ده‌ست پێ ده‌کا تا نیوه‌ی مانگی جون. له‌ مابه‌ینی ئه‌و دوو تێرمه‌دا ته‌عتیلاتی یول هه‌یه‌ که‌ له‌ نیوه‌ی مانگی دسامبره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کا تا ئه‌وه‌ڵی مانگی جانیوێری هه‌روه‌ها ته‌عتیلاتی هاوینی هه‌یه‌ که‌ له‌ نیوه‌ی مانگی جونه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا تا نزیک ئاخری مانگی ئاگوستی.

منداڵ له‌ ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵییه‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بچێته‌ باغچەی ساوایان و تا ته‌مه‌نی 6 ساڵی له‌وێ په‌روه‌رده‌ ده‌کرێ و دوای 6 ساڵی ده‌چێته‌ کلاسی پێش قوتابخانە. منداڵ له‌ باغچەی ساوایان له‌ ڕێگای ده‌رس پێ کوتنه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ ناکرێ به‌ڵکوو له‌ ڕێگای کایه‌ی فێرکردن و کایه‌ ده‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ شتی فێر ده‌که‌ن و ئه‌و مێتۆده‌ش پاش ساڵها لێکۆڵینه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی منداڵ له‌ باغچەی ساوایان ده‌رسی پێ بکوترێ باشتره‌ یا کایه‌ بکا، هه‌ڵبژێردراوه‌. ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌کان ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ ڕێگای کایه‌وه‌ شتی فێر بکرێ و په‌روه‌رده‌ بکرێ. بۆ وێنه‌ منداڵێک که‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند منداڵی دیکه‌ هه‌رکام ڕۆڵێک له‌ کایه‌که‌دا وه‌ستۆ ده‌گرن، بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی ڕۆڵه‌كه‌ی خۆیان بیر ده‌که‌نه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕۆڵه‌که‌یان به‌ دڵی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ سه‌رکه‌وتنی ڕۆڵه‌که‌یان یاریده‌ بده‌ن و وه‌ربگرن و….. به‌وجۆره‌ زۆر لایه‌نی که‌سایه‌تییان له‌ پێناوی ڕۆڵه‌که‌یاندا ئاکتیو ده‌بێ و به‌هێزتر ده‌بن. منداڵ له‌ باغچەی ساوایان عاده‌ت به‌ گیانی یه‌کسانی ده‌گرێ چونکه‌ ئیمکاناته‌که‌ وه‌ک یه‌ک بۆ کچ و کوڕ و منداڵی دایک و بابی دارا و نه‌دار به‌ کار ده‌هێندرێ و له‌ پەروەردە و ڕ‌اهێنان و فێر کردندا فه‌رقیان پێ ناکه‌ن. ئه‌و ڕه‌وته‌ تا ئاخری خوێندن له‌ داواناوەندی بێ دانانی فه‌رق و جیاوازی به‌رده‌وامه‌.

فێرکاری و په‌روه‌رده‌ی ڕه‌سمی‌ له‌ ده‌وره‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کاو له‌ دواناوەندی و زانکۆدا ته‌کمیل ده‌کرێ.هاوکات ده‌گه‌ڵ ئه‌و فێرکاری و په‌روه‌رده‌ ‌ ڕه‌سمیه‌دا فێرکردن له‌ قوتابخانەی ئازاد و خوسوسیشدا هه‌یه‌ و زۆرشوێنی فێرکاریی دیکه‌ش که‌ قوتابخانەی باڵای خه‌ڵکی پێده‌ڵێن له‌و بواره‌دا چالاکن.  هه‌روه‌ها یه‌کیه‌تیه‌کانی فێرکاری هه‌ن و زۆر شیرکه‌ت و دامه‌زراوه‌ی خوسوسی هه‌ن که‌ ئه‌رکی فێرکاری  و په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

فێرکردن له‌ وڵاتی سوئێد له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییدا له‌ ساڵی 1200ی میلادیه‌وه‌ ڕه‌سمیه‌تی په‌یدا کردووه‌. ئه‌وکات خوێندن ته‌نیا 4 ساڵ بووه‌. له‌ساڵی 1800 به‌ولاوه‌ شکڵ و شێوەی قوتابخانە و فێرگه‌ ئالوگۆڕی کردووه ‌و ساڵی 1936 خوێندن ئیجباری کراوه‌ و ده‌وره‌ی خوێندنی ئیجباری بۆته‌ 7 ساڵ و ساڵی 1950 بۆته‌ 8 ساڵ، به‌ڵام دیسانیش ئه‌وه‌ کۆتاییی ئاڵوگۆڕه‌کان نه‌بوو چونکه‌ ساڵی 1972 بوو به‌ 9 ساڵ. ئێستا له‌ مانگی جانیوێری ساڵی 2018 ڕا کلاسی پێش قوتابخانەش بۆته‌ ئیجباری و باغچەی ساوایانیش بۆته‌ به‌شێک له‌ سیستەمی قوتابخانە و له‌‌ ساڵی 1998 ڕا باغچەی ساوایان پلانی فێرکردنی دارێژراوی سه‌راسه‌ریی هه‌یه‌ و ئامانج له‌ فێرکردنه‌کان و ڕاده‌ی فێر بوون له‌ هه‌ر ساڵێکدا، ساڵ به‌ ساڵ ئاستی خۆی بۆ دیاری کراوه‌.  خوێندن له‌ دواناوەندی له‌ ساڵی 1600ه‌وه‌ و فێرکردنی ئاکادمیک له‌و کاته‌وه‌ که‌ زانکۆی ئوپسالا دروست کرا یانی له‌ ساڵی 1477ه‌وه‌ ده‌ستی پێ کردووه‌. پرسه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ فێر کردن و بار هێنان له‌ ژێر چاوه‌دێریی دێپارتمانی فێرکردن و بارهێناندا تاوتوێ ده‌کرێ.

ده‌وره‌ی سه‌ره‌تاییی خوێندن له‌ حاڵی حازردا 10 ساڵه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ ده‌چێته‌ پێشێ‌. منداڵ که‌ بوو به‌ 6 ساڵ، کلاسی پێش قوتابخانە ده‌ست پێ ده‌کا و تا کلاسی 3 ته‌واو ده‌کا خوێندنی بنه‌ره‌تیی سه‌ره‌تاییه‌ و له‌ کلاسی 4 تا 6  خوێندنی نێونجیی سه‌ره‌تاییه‌ و کلاسی 7 تا 9 که‌ ته‌واو ده‌کا خوێندنی باڵای سه‌ره‌تایییه‌. له‌ قۆناغی قوتابخانەی سه‌ره‌تاییدا شاگرد مێژوو، کۆمه‌ڵناسی، بیولۆژی و زۆر ده‌رسی دیکه‌ ده‌خوێنێ هه‌روه‌ها هێندێک ده‌رسی به‌ کرده‌وه‌ وه‌کوو شێوەکاری و نه‌قاشی، کاری ده‌ستی، و مۆسیقای فێر ده‌کرێ. دوای ئه‌وه‌ی منداڵ کلاسی 9 یان ته‌واو کرد زۆربه‌یان ده‌چنه‌ دواناوەندی و  سێ ساڵ له‌ قۆناغی دواناوەندی ده‌خوێنن. له‌ دواناوەندی  شاگرد ده‌ستی ئاواڵه‌یه‌ چ ڕشته‌یه‌ک ده‌خوێنێ. به‌ڵام هه‌ر ده‌ست ئاواڵه‌ بوونیش بەس نیه‌ به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ن له‌ داهاتوودا لە بەشی تکنیک ده‌خوێنێ، ده‌بێ له‌کلاسه‌کانی 7،8،9، له‌وده‌رسانه‌ی که‌ بەشی تکنیک ده‌گرنه‌وه‌ به‌ نمره‌ی باش قەبووڵ بووبێ و بۆ خوێندنی بەشی تکنیک  پایه‌ی ده‌رسیی باشی هه‌بێ ده‌نا له‌ هیچ قوتابخانەیەک له‌و بەشە وه‌رناگێرێ.

بۆ خوێندن له‌ قۆناغی دواناوەندی ده‌بێ کارنامه‌ی قەبووڵی کلاسی 9 ت پێ بێ هه‌روه‌ها له‌ کلاسی 9، ڕێنوێنیکاری خوێندن وبازاڕی کارت له‌ ڕشته‌ی خوێندنی داهاتووت ئاگادار کردبێ بۆ وه‌ی بە گوێرەی نمره‌کانت، شایسته‌ بوونت ده‌داتێ که‌ له‌ بەشی دڵخواز‌ت بتوانی وه‌رگیرێی یا نا؟ ئه‌گه‌ر له‌ یه‌ک یا چه‌ند ده‌رسدا  که‌م و کووڕییه‌‌کت هه‌بێ کلاسی تایبه‌تیت بۆ داده‌نێن که‌ خاڵه‌ کزه‌کانت بتوانی تا کۆتاییی کلاسی 9 پڕ که‌یه‌وه‌.

ده‌وره‌ی دواناوەندی له‌ وڵاتی سوئێد سێ ساڵه‌ و خوێندن له‌ دواناوەندی دوو مه‌سیری هه‌یه‌ یه‌کیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ دوای ته‌واو بوونی دواناوەندی یه‌کسه‌ر ده‌چیه‌ بازاڕی کاره‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی دواناوەندی ئه‌و ده‌رسانه‌ ده‌خوێنی که‌ پێوه‌ندییان به‌ شوغڵی داهاتووته‌وه‌ هه‌یه‌ و  به‌ته‌واوی بۆکار ئاماده‌ت ده‌کا. دووهه‌م مه‌سیر ئه‌وه‌یه‌ که‌ بتهه‌وێ دوای دواناوەندی یه‌کسه‌ر نه‌چیه‌ بازاڕی کاره‌وه‌، به‌ڵکوو بچی خوێندنی باڵا له‌ زانکۆ بخوێنی. ئه‌وکات له‌و سێ ساڵه‌ی دواناوەندیدا ئه‌و ده‌رسانه‌ ده‌خوێنی که‌ ئاماده‌ت ده‌کا بچیه‌ زانکۆ و به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌رسانه‌ ده‌خوێنی که‌ پێوه‌ندییان به‌ بەشی خوێندنی زانکۆتەوە هه‌یه‌.

بۆ وه‌ی له‌ دواناوەندی له‌ یه‌ک له‌و دوو مه‌سیره‌ وه‌ربگیرێی ده‌بێ هێندێک مه‌رجی تایبه‌تی تێپه‌ڕێنی. بۆ وێنه‌ ئه‌گه‌ر بتهه‌وێ له‌ دواناوەندی له‌ مه‌سیری بازاڕی کاردا بخوێنی، ده‌بێ کارنامه‌ی کلاسی9 ت نیشان بدا لانی که‌م له‌ 8 ده‌رسی ئه‌سڵیی پێوه‌ندیدار به‌ بەشی خوێندنی دواناوەندیت قەبووڵ بووی.  له‌و 8 ده‌رسه‌ سێ ده‌رسیان هه‌میشه‌ و بۆ هه‌ر بەشێک بێ، ده‌رسه‌کانی ڕیازی، زمانی سوئێدی و زمانی ئینگلیسیه‌. پێنج ده‌رسه‌که‌ی دیکه‌ ده‌توانێ شتی دیکه‌ بێ. ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌ مه‌سیری خوێندنی زانکۆدا بچیه‌ دواناوەندی و دوای دواناوەندی له‌ زانکۆ له‌ خوێندن به‌رده‌وام بی، ده‌بێ کارنامه‌ی کلاسی 9 ت نیشان بدا لانی که‌م له‌ 12 ده‌رسی پێوه‌ندیدار به‌و بەشەی له‌ زانکۆ دەتهه‌وێ بیخوێنی قەبووڵ بووی و له‌و 12 ده‌رسه‌، سێ ده‌رسیان هه‌میشه‌ و بۆ هه‌ر بەشێکی خوێندن له‌  زانکۆ بێ، ده‌رسه‌کانی ڕیازی، زمانی سوئێدی و زمانی ئینگلیسیه‌.

ئه‌گه‌ر شاگردێک ده‌وره‌ی دواناوەندیی ته‌واوکرد و نمره‌کانی نه‌گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی له‌ زانکۆ وه‌ربگیرێ و ته‌مه‌نی له‌ 20 ساڵ زیاتربێ، ده‌بێ دواناوەندیی ئاسایی به‌ جێ بێڵێ و له‌ دواناوەندیی تایبه‌تی گه‌وره‌ساڵان درێژه‌ به‌ خوێندن بدا و نمره‌کانی بەرێته‌ سه‌رێ و ئه‌وکات بچێتە زانکۆ.

له‌ گوزه‌ری زه‌ماندا شێوه‌ی دانی کارنامه‌ی قەبووڵیش ئالوگۆڕی کردووه‌. پێشتر به‌شی زۆری به‌ دانی پیتێکی ئه‌لفبا، ڕادەی شایسته‌بوونی شاگردیان له‌ ده‌رسه‌ جۆراوجۆره‌کان دا ده‌ستنیشان کردووه‌. جاری واش بووه‌ به‌ ژمارەیەکی ڕیازی ڕادەی شایسته‌ بوونه‌که‌یان دیاری کردووه‌. بۆ وێنه‌ ژمارەی یه‌ک تا پێنج. ژمارەی پێنج باشترین نمره‌ بووه‌. له‌ ساڵی 1960 ڕا کارنامه‌یان به‌ ڕه‌فتاری شاگرده‌که‌ش ده‌دا. ئه‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌کار ده‌هێندرێ له‌ ساڵی 2011 ڕا داهێندراوه‌ و له‌وه‌دا پیتی ف سه‌رنه‌که‌وتنه‌ و پیتی ئێ قەبووڵ بوونه‌  و له‌ ئێ ڕا به‌ره‌و آ،  ڕاده‌ی شایسته‌ بوونه‌که‌ دیاری ده‌کا. له‌ تێرمی پایزی ساڵی2012 ڕا وای لێ هاتووه‌ شاگرد ده‌بێ له‌ کلاسی 6 ڕا هه‌موو ساڵێ کارنامه‌ وه‌رگرێ، پێشتر له‌ کلاسی 8 ڕا کارنامه‌یان به‌ شاگرد ده‌دا. پێش کلاسی 6 کارنامه‌ پێویست نیه‌ و بریاری ماموستاکه‌ گرینگه‌ بۆ دیاریکردنی ڕه‌دبوونه‌وه‌ یا قەبووڵ بوون. له‌ ڕاستیدا له‌و قۆناغه‌ی خوێندندا ڕه‌د بوونه‌وه‌ی تێدا نیه‌.

خوێندن و فێرکردن له‌ سوئێد به‌ زمانی سوئێدییه‌ که‌ زمانێکی ئورووپاییه‌ و له‌ زمانه‌کانی نوروێژی و دانمارکی و هۆله‌ندی زۆر نزیکه‌ وشه‌ی ئاڵمانیشی زۆر تێدایه‌. له‌ سوئێد پێنج زمانی ڕه‌سمی هه‌یه‌ که‌ بریتین له‌ سوئێدی، فینلاندی، سامی، ڕۆمی، و ئیدیش. به‌ڵام بۆ هاسان کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی گرتن و ڕه‌وتی فێرکردن و بارهێنان، به‌ ته‌وافوق و ته‌فاهوم زمانی سوئێدییان بۆ خوێندن و فێرکردن وه‌ک زمانی (معیار) هه‌ڵبژاردووه‌ و بۆ موکاتباتی ئیداریش به‌کاری دێنن. له‌ زۆر جێگای دیکه‌ی دنیاش که‌ فره‌زمانن وه‌ک ئه‌مریکا که‌ 300 زمانی تێدایه‌ و له‌ یاسای بنه‌ره‌تیدا زمانی ڕه‌سمی دیاری نه‌کراوه‌ و مه‌حدوودیه‌ت بۆ هیچ زمانێک نیه‌ زمانی ئینگلیسییان وه‌ک زمانی معیار هه‌ڵبژاردووه‌ و بۆ خوێندن و فێرکاری و بارهێنان و موکاتباتی ئیداری به‌ کاری دێنن.

دیارده‌یه‌کی به‌رچاوی سیستەمی فێرکردن و په‌روه‌رده‌ی وڵاتی سوئێد مافی خوێندنی زمانی دایک بۆ منداڵی بیانی له‌ قوتابخانەکانی ئه‌و وڵاته‌یه‌. ئه‌و شاگردانه‌ی که‌ له‌ وڵاتانی دیکه‌ڕا هاتوونه‌ سوئێد و زمانی دایکیان سوئێدی نییه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌رسی زمانی دایکیی خۆیان هه‌بێ و بیخوێنن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کۆمۆنه‌کان مامۆستای ئه‌و زمانانه‌ دادەمەزرێنن و ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌رس به‌و منداڵه‌ بیانییانه‌ ده‌ڵێن به‌و شه‌رته‌ی له‌ قوتابخانەکه‌ لانی که‌م پێنج شاگردی هاوزمان هه‌بێ کلاسه‌که‌ بۆ فێرکردنی ئه‌و زمانه‌ دابین ده‌کرێ. کورده‌کان یه‌ک له‌و نه‌ته‌وانه‌ن که‌ له‌وڵاتی خۆیان بێجگه ‌له‌ (هه‌رێمی کوردستان) مافی خوێندن به‌ زمانی دایکییان نیه‌ به‌ڵام له‌وسه‌ری دنیا دوور له‌ وڵاتی خۆیان  له‌ وڵاتی سوئێد، ئه‌و مافه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ.

ئه‌وشاگرده‌‌ بیانییانه‌ی ده‌یانه‌وێ بچنه‌ ده‌وره‌ی دواناوەندییه‌وه،‌ به‌گوێره‌ی ڕێبازێکی بۆ خوێندن هه‌ڵیانبژاردووه‌ ده‌بێ 8 یا 12 ده‌رسیان به‌ سه‌رکه‌وتوویی تێپه‌ڕاندبێ تا له‌ بەشی دڵخوازی خۆیان وه‌ربگیرێن، ئه‌و  مافه‌یان هه‌یه‌ یه‌ک له‌و 8 یا 12 ده‌رسه‌، ده‌کرێ ده‌رسی زمانی دایک بێ. هێندێک له‌ دایک و بابی منداڵه‌ کورده‌کان منداڵه‌که‌یان بۆ به‌شداربوون له‌ ده‌رسی زمانی کوردی هان ناده‌ن و ده‌ڵێن منداڵه‌که‌ ئه‌وه تا‌ به‌ کوردی ده‌زانێ قسه‌ بکا و ئه‌وه‌ به‌سه‌، له‌ ئورووپا له‌وه‌ زیاتر زمانی کوردی پێویست نییه؛‌ به‌ڵام به‌رپرسانی فێرکردن و په‌روه‌رده‌ی وڵاتی سوئێد ده‌ڵێن منداڵ هه‌تا زانیاریی له‌ سه‌ر زمانی دایک زیاتر بێ و قووڵتر و به‌رینتر زمانی دایکی بزانێ بۆ فێر بوونی زمانی دیکه‌ و زیره‌کی له‌ خوێندندا تواناییی زیاتر ده‌بێ. موشکلێکی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ماتریاله‌ی مامۆستاکانی زمانی کوردی بۆ فێرکردنی ئه‌و زمانه‌ له‌ قوتابخانەکان به‌کاری دێنن، وه‌ک یه‌ک نییه‌ و جیاوازییان زۆره‌ بۆیه‌ منداڵه‌کان ڕاده‌ی زانستی کوردییان په‌یوه‌ندیی به‌ ناوه‌رۆکی ماتریاله‌که‌وه‌یه‌ که‌ به‌ داخه‌وه‌ هاوئاست نین.

ئاخر شتی که‌ پێویسته‌ باسی بکه‌م له‌ باره‌ی خزمه‌تگوزاریی له‌شساغی و سڵامه‌تییه‌وه‌یه‌. له‌ قوتابخانە ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ ‌ بۆ هه‌موو شاگردێک تا ته‌مه‌نی 20 ساڵی به‌ خۆڕایییه‌‌. په‌رستار و پزیشکی قوتابخانە ئه‌و ئه‌رکه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و چۆنیه‌تیی له‌شساغی و سڵامه‌تی و ڕه‌وتی گه‌وره‌ بوونی شاگرد ده‌خه‌نه‌ ژێر چاوه‌دێرییه‌وه‌. ئه‌و چاوه‌دێرییانه‌ به‌ مه‌به‌ستی پێشگرتن له‌ نه‌خۆشییه،‌ بۆیه‌ به‌ گوێره‌ی به‌رنامه‌ی دارێژراو، کۆنتڕۆڵی هه‌موو باره‌کانی به‌ره‌وپێشچوونی ژیانی شاگرد ده‌که‌ن که‌ مه‌ترسیی تووش بوون به‌ هه‌موو پەتایەکی لێ دوور بخه‌نه‌وه‌.

ئه‌و نووسراوه‌ کورته‌ بۆ ناساندنی ڕه‌وتی فێرکردن و په‌روه‌رده‌ له‌ وڵاتی سوئێد وه‌ک قه‌تره‌یه‌ک له‌ ده‌ریادایه‌ و ڕێچکه‌یه‌کی‌ که‌مڕه‌نگه‌ بۆ چوونه‌ نێو ئه‌و بواره‌وه‌ به‌تایبه‌ت باسی خوێندنی باڵای هیچ تێدانیه‌. به‌لکوو مه‌جالی دیکه‌ ده‌ست بدا له‌ سه‌ر ئه‌و مژارانه‌ زیاتر بنووسرێ.