ئارامتر بخوێنەوە!

خوێندنه‌وه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی هێزی داگیرکه‌ر له ‌کوردستان

حەسەن ساڵ‌حزادە*

ئەگەر بمانەوێ پرسی فێرکاریی حکوومەتی ئێران‌ بە تەنیایی و لە یەک ڕەهەندەوە بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی کارناسانەی بۆ بکەین، ئاکامەکانی جێ متمانە نین و ئەنجامێکی دڵخواز و گونجاوی لێ‌ناکەوێتەوە. بە واتایەتی دیکە، ئەگەر لە ناو سیستەمی فێرکاریی ئێراندا، بە تەنیایی بە دوای خەسارەکاندا بگەڕێین، تا ئەو ساتەی کە پەردە لە سەر دامەزراوە و قۆڵە جۆراوجۆرەکانی نیزامی سیاسیدا کە پێوەندیی قووڵ و دوولایەنەیان لە گەڵ مەسەلەکەدا هەیە، هەڵنەدەینەوە، ئەنجامێکی گونجاومان بۆ چارەسەریی گرفتەکان وەچنگ ناکەوێ.


پێشەکی

لە زۆربەی نێزیک بە تەواوی وڵاتانی جیهانی ئەمڕۆ، منداڵانی تەمەن ٦ بۆ ١٨ ساڵ، ڕێژەی قوتابیان پێکدێنن. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی کات و قۆناخی ژیان، دەتوانێ بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە لەخۆ بگرێ. بە چاوپۆشین لە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە بە درێژاییی تەمەنیان بواری خوێندنیان بۆ نەڕەخساوە، دەکرێ بگوترێ کە تێکڕای ئەندامانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ، بەشێک بوون لە قوتابیانی دوێنی و هەروەها منداڵانی تەمەن ژێر ٥ ساڵیش بە زوویی بەم قۆناخەدا تێدەپەڕن. هەر بۆیە توێژی قوتابی، تەنها چینێکی تایبەتی گەل ناگرێتەوە، بەڵکوو هەمووان بە بێ‌جیاوازی لەخۆ دەگرێ. ئاوڕدانەوە و گرینگیدان بە فێرکار، وەک بەهای پێوەرە ئەخلاقییە پەسەندکراوەکان وایە کە دەتوانێ فاکتۆرێکی ڕێخۆشکەر بۆ دەستڕاگەیشتن بە پرسی خوێندن بێ و گەشەی هەمە لایەنەی جۆراوجۆر بە دوای خۆیدا بێنێت.

منداڵ لە تەمەنی ٥-٦ ساڵیدا ڕەوانەی قوتابخانە دەکرێ و قوناخەکانی گەشەی فیزیکی،هزری، دەروونی و سۆزداریی خۆی لە قوتابخانە تێپەڕ دەکات. قوتابییان لە قوتابخانە بابەتەکان وەردەگرن و دەیانگوازنەوە بۆ بنەماڵە. کە وایە ئەم کارە پێوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی دوولایەنەی هەیە و دەتوانێ کاردانەوەی ئەرێنی یان نەرێنیی بۆ بنەماڵە بە دواوە بێ. لەخۆڕا نییە کە ئەگەر دەسەڵات، دەوڵەت یان سیستەمێکی حکوومەتداری بخوازێ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، ئیدیۆلۆژیکی، مۆڕاڵی  و هتد لە وڵاتەکەیدا پێک‌بێنێ، لە یەکەم هەنگاودا دەرکەی قوتابخانەکان دەکاتەوەو لەوێوە دەست بە دابەزاندنی پرۆژەکەی دەکا. چونکوو ئەوەی ئەمڕۆ لە قوتابخانە ڕوودەدا، لە دوارۆژدا لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەدا خۆی دەبینێتەوە. هەر لە بەر هەست‌کردن بەم گرینگییەشە کە حکوومەتە نادیموکراتیک‌ و داسەپاوەکان، قوتابخانەکان بە بارمتە دەگرن و بە شێوەیەکی دواکەوتووانە و بێ‌رەحمانە ئیدە و مەرامەکانیان لەوێ دادەمەزرێنن هەتا بەشکم بتوانن وەک سەرەتایەک بۆ داهاتوو، کۆمەڵگەی پێ گوێڕایەڵ و دەستەمۆ بکەن.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوەتی هەیە، هەوڵ و تەقالای بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگەی بە شێوەی ڕواڵەتی و دڵخوازی خۆی دەدا و ئەم ڕەوتە تا ئەمرۆش هیچ سنوورێکی بۆ بنەماڵە و ئازادیی تاکەکەسی نەهێشتووەتەوە. دەسەڵاتخوازە داسەپاوەکان لە درێژەی ئامانج و مەبەستە سیاسییەکانیاندا هەمیشە پێیان وایە کە لە بە ئەنجام ‌گەیاندنی ئەرکە پێ ‌ئەسپێردراوەکانیاندا ناسەرکوتوون و وادەزانن کە هیچ سەرکەوتنێکیان وەدەست نەهێناوە. هەر بۆیە پاش چوار دەیە بەردەوام بە کردەوەکانیاندا دەچنەوە و بە بیانووی جۆربەجۆر، هێرشی کۆنەپەرەستانەی خۆیان لە ژێر ناوی “بەربەرەکانێ لە گەڵ هێرشی فەرهەنگی بێگانە” بەڕۆژ دەکەنەوە.

لە بەرانبەردا ئێمە دەبینین نەتەوەی کورد سەرەڕای ئەوەی کە لە سەر زێد و خاکی خۆی دەژی و خاوەن کولتوور و تایبەتمەندییە بەرزو بە نرخەکانی خۆیەتی، کەچی مخابن دەرەتانی ئەوەی نییە کە بە پێی بنەمای داب و نەریت و کەلەپووری خۆی، قوتابخانە دڵخوازەکانی بنیات بنێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە پێی هەموو پێوانەکانی سەردەم، گەلی کورد مافی خۆیەتی کە خاوەن دەزگا و پەروەردەی سەردەمیانەی تایبەت بە خۆی بێت؛ دەزگایەک کە لەودا منداڵی کورد بە زمانی کوردی لە سەر نیشتمانی خۆی‌ گەشە بکات و  مێژووەکەی بنوسێ و بخوێنێتەوە. منداڵەکانی کوردستان دەبێ مافی ئەوەیان هەبێ کە بەیت، چیرۆک، گۆڕانی، شیعر، ‌حەیران‌، کەلەپوور، بەسەرهات، پەند و تێکڕای خسڵەتە ڕەنگاوڕەنگەکانی دیکەی گەلەکەیان بزانن و بە ئەمانەتەوە بۆ نەسڵەکانی دوای خۆیان ڕایان‌بگوازن.

سیستەمی پەروەردەی دەسەڵاتی ئەمڕۆکەی ئێران، جیا لەوەی کە خاوەن ناوەڕۆکی سەردەمیانە نییە، لە هیچ بوارێکەوە ناتوانێ وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد بێ. هەر بۆیە ئەرکی سەرشانی چالاکان و تێکڕای تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە کە لەگەڵ ئەم داگیرکارییە ئاشکرایەدا بەربەرەکانێ بکەن و بە پێی ویستی ئەمڕۆیی و داخوازییەکانی گەلی کورد، قوتابخانەی خۆیان دابمەزرێنن.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان هەنووکە  ٦ میلیارد لە حەشیمەتی جیهان واتە ٨٣% بە زمانی دایکی خۆیان دەخوێنن. لە بەرانبەردا تەنها ١٧% منداڵان ئەومافەیان پێ نەدراوە کە بە زمانی دایکی خۆیان گەشەو نەشە بکەن. هۆکاری ئەم ئاستەنگەش دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانێک کە دەزگای سیاسیی تۆتالیتێرو دواکەوتوویان بەسەردا سەپاوە، یان پێکهاتەی وڵاتەکەیان چەند ڕەگەزییە و لەودا ڕەگەزێک بە شێوەی ڕەگەزپەرەستانە، دەسەڵاتی گشتیی قەبزە کردووە. بە پێی ئاماری بروا پێ کراو، ٢ لەسەر ٣ی حەشیمەتی ئێران، واتە ٦٧% مافی خوێندن بە زمانی دایکیان لێ ئەستێندراوە.

بە پێی داتاو ڕاپۆرتەکان، قوتابیگەلێک کە زمانی فێرکاری و زمانی دایکییان یەکە، گەشەی پەروەردەیییان بە نیسبەت ئەوانی‌تر زیاترە. ئەو قوتابیانەی کە زمانی خوێندنیان لە گەل هی خۆیان جیاوازە، تووشی دواکەوتەییی فێرکاری دەبن و ڕێژەکەی بە نیسبەت ئەوانی‌تر بە ٩ بەرانبەر مەزەندە دەکرێ. زۆربەی پسپۆڕانی بواری زانستی پەروەردە و ڕاهێنان لە سەر ئەو باوەڕەن کە دەبێ لانی کەم ٥ ساڵی دەسپێکی فێرکاریی بەرنامە و پرۆگرامی خوێندکاریی منداڵ، بە زمانی دایکی بەرێوە بچێ. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە قوتابی، بە سانایی پێوەندیی سۆزدارانە لەگەڵ مامۆستاکەی و دەوروبەری پێک بهێنێ و لە ئاکامدا لە باری هزر و دەروونەوە گەشە و باڵا بکا.


سیاسەتی زاڵ بە سەر سیستەمی فێرکاریی وڵاتی ئێمە

ئەگەر بمانەوێ پرسی فێرکاریی حکوومەتی ئێران‌ بە تەنیایی و لە یەک ڕەهەندەوە بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی کارناسانەی بۆ بکەین، ئاکامەکانی جێ متمانە نین و ئەنجامێکی دڵخواز و گونجاوی لێ‌ناکەوێتەوە. بە واتایەتی دیکە، ئەگەر لە ناو سیستەمی فێرکاریی ئێراندا، بە تەنیایی بە دوای خەسارەکاندا بگەڕێین، تا ئەو ساتەی کە پەردە لە سەر دامەزراوە و قۆڵە جۆراوجۆرەکانی نیزامی سیاسیدا کە پێوەندیی قووڵ و دوولایەنەیان لە گەڵ مەسەلەکەدا هەیە، هەڵنەدەینەوە، ئەنجامێکی گونجاومان بۆ چارەسەریی گرفتەکان وەچنگ ناکەوێ.

لە ناو هەر دەسەڵاتێکدا، هێڵە سیاسی و ستراتێژیکەکان هەر کام بە جۆرێک کارتێکەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر پرسی پەروەردە هەیە. ئەم هێڵگەلە دەتوانن بە شێوەی ئەرێنی یا نەرێنی ئاڵوگۆڕ لە ناو قوتابخانەکاندا ساز‌بکەن و لەوێ ڕا بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی پێوەندیداری خۆیانی بگوازنەوە. ڕوانگەی سیاسیی دەسەڵاتی ئێران لە هەمبەر پرسی پەروەردە و فێرکردن، ڕوانینێکی ئاشکرایە و کۆمەڵگەی ئێران ساڵانێکە پێوەی دەناڵێنێ. هەربۆیە سەرچاوەی ئەم سیاسەتە نەشیاوە جێگەی تێڕامانە. سیاسەتێک کە پرسی فێرکاری و دۆخی خوێندنگەی بۆ سەردەمانی کۆن و دەورانی نەزانی بردووەتەوە. نوسخەی فێرکاریی کۆمەڵگەی ئێمە کە هەڵقوڵاوی پێداویستییەکانی گەلی کورد نییە، ساختە و نێردراوی سپای داگیرکەرە. لەوەش خراپتر، کاکڵی کۆی بەرنامەو سەرچاوە دەرسییەکان، زەلکاوی ئەندێشەی کۆمەڵە کەسانێکن کە جیا لەوەی لە زاتی مرۆڤ ناگەن، بگرە زۆریش دژەمرۆڤن و گومانی جینایەت و تاوانیان لە ئەستۆیە. کەواتە بنەمای فیکری و هزریی وەها سەچاوەگەلێک نەتەنیا خزمەت بە گەشەی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناکەن، بەڵکوو ڕێگە خۆشکەری مانەوەی کۆمەڵگە لە زەلکاوی نەزانی و گەڕانەوە بۆ سەدە ئەوێستایییەکانن. لە کوردستان، ڕوانگەی بەرتەسکی هەڵێنجاوی بیری شۆڤێنیزمی ئێرانی ئاوێتە بە ئایین، بە نەرمی قۆناخەکانی داگیرکاریی تێپەڕاندووە و مانای ڕاستەقینەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییی ساخ‌کردووەتەوە. بیری داگیرکاریی کوردستان، لە توێی پلان و بەرنامەی چەشناوچەشندا خزاوەتە ناو ناوەندەکانی خوێندن و دەزگای پەروەردە و فێرکاریی وڵاتی ئێمەی قورخ کردووە، بە جۆرێک کە دەرەتانێک بۆ بژاردەکانی خۆیان لە بەردەستدا نەماوەتەوە.

لە قوتابخانە بە بارمتەگیراوەکانی ئێمەدا، بیر و باوەڕگەلێکی نەشیاو، شەڕەنگێزانە و ڕیاکارانە، خاوەندارێتی لە چارەنووس و داهاتووی بە نرخترین سەرمایەکانی گەل و نیشتمان کە هەمان جگەرگۆشەکانمانن، دەکەن. ئەم باوەڕانە، نە تەنیا توانای نواندنی تایبەتمەندی و داخوازییەکانی گەلی کوردیان تێدا بەدی ناکرێ، بەڵکوو دایم بیر لە دۆزینەوەی پیلانگەلێک دەکەنەوە کە بتوانێ پانتاییی داگیرکارییەکانیان پەرە پێ‌بدات. بەرپرسان و کارگێڕانی پەروەردەی دیاری ئێمە، بە ڕواڵەت هەوڵی بارهێنانی منداڵەکانمان بۆ دنیای مەعنەوی و بەختەوەریی قەبر و قیامەت دەدەن، کەچی لە کردەوەدا، بۆخۆیان چاوچنۆکانە و بێ‌شەرمانە، باوەشیان بۆ دنیای مادی کردووەتەوە و هیچ نان و خوانێک دەریای تەماحیان تێر ناکات. دیارە چەرخی دەزگای پەروەردەیەک کە بە دەستی ئەندیشەی ئەم توێژەوە بگەڕێ، بەرهەمەکەی لەوەی کە هەیە باشتر نابێ. 


قوتابخانەی دڵخواز و سەردەمیانە

 بە خوێندنەوەی سیستەمی پەروەردەی پێشکەوتووی وڵاتان و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کومەڵگەی جیهانی لە بوارە جۆربەجۆرەکانەوە، بۆمان دەردەکەوێ بەرنامە و مادە فێرکارییەکانی ئەوان بە بەراوەرد لەگەڵ هی وڵاتی ئێمە جیاوازیی زۆریان هەیە. پێشوەچوونی ئاستی پێوەندیی چڕوپڕی گەلانی وڵاتان و گۆڕینەوەی بەها کولتوورییەکان، کارتێکەریی بەرچاوی کردووەتە سەر سەرچاوە دەرسییەکان. بۆ وێنە لە قوتابخانەی سەردەمی ئەمڕۆدا، زانستە مرۆیییەکان هاوتەریب لە گەڵ زانستە ئەزموونی و ڕاهێنانە هزری و فیزیکییەکان بە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندەوە دەچنە ناو بەرنامە دەرسییەکان و قوتابیان ڕادێنن کە بە چ شێوەیەک لە گەڵ هاوشێوەکانیان هەڵسوکەوتی سەردەمیانە و شیاو بکەن.

ئەمڕۆ کارناسان‌ و سیاسەتوانانی بواری پەروەردە، لەوە تێگەیشتوون کە سەرتیترەکانی ئازادی، بەرانبەری، برایەتی و یەکێتی، وەختێک جێبەجێ دەبن کە بە وردبینییەوە بەها و گرینگی بە زانستە مرۆییەکان بدرێ. تاکی کۆمەڵ بە تێپەراندنی قۆناخەکانی خوێندکاری، ئەخلاقە شیاوەکان فێردەبێ و وەخۆگرانە بۆ ناو کۆمەڵگای ڕاستەقینە دەیانگوازێتەوە. قوتابخانەی شیاوی سەردەم ئەو شوێنەیە کە بە بێ جیاوازییەکانی ڕەگەزی، ئایین، چینایەتی و پێشینە و پلە و پایەی سەرپەرەستانی قوتابی، باوەش بۆ منداڵانی کۆمەڵگەی خۆی دەکاتەوە و بۆ هەموان دەرفەتی بەرابەر دەرەخسێنێ. ئەگینا ناتوانن لە مەیدانی کردەوەدا دروشمە سەرەکییەکانی ئازادی، بەرانبەری، برایەتی و یەکێتی، لە ناو کۆمەڵگەی خۆیاندا جێگیر بکەن. قوتابخانەی ئەمرۆ بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە زانستییەکانی تایبەت بە مەسەلەی فێرکاری، وەک ئەرکێکی گرینگ، شوناسی ڕاستەقینەی تاکی قوتابی ڕوون دەکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، قوتابیان دەبێ لە قوتابخانە، وانەکانی مێژوو، جوگرافی، زمان و کەلەپووری تایبەت بە خۆیان و دەورووبەریان فێرببن و لە کەشوهەوایەکی گونجاودا، دەرەتانی ئەوەیان بدرێتێ کە شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ دیتران دەربخەن. ئەوەش لە ڕاستیدا بەستێنێکی لەبار بۆ بەهێزکردنی گۆڕینەوەی بیروڕا دەرەخسێنێ.

قوتابیانی هەر نەتەوەیەک، ئەو کاتە دەتوانن خۆیان لە ناو قوتابخانەی دڵخوازی خۆیاندا ببیننەوە کە خاوەنی دەسەڵاتێکی دادپەروەرانە و دێموکراتیک بن. ڕەخساندنی زەمینەی پێویست بۆ بەهێزکردنی کولتوور و تایبەتمەندیی دیکە، وەک پرسی زمانی دایکی، ڕێزگرتنی بنەمای سەرەکیی مافەکانی مرۆڤە کە دەبێ دەوڵەتان بە بێ‌ منەت و بێ فێڵ و تەڵەکە لە بەرچاوی بگرن و لە قوتابخانەدا کارئاسانیی بۆ بکەن. زەرورەتی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی وڵاتانی دێموکراتیک لە ڕەنگاورەنگیی فرە ئەتنیکی و فرە زمانییەوە دەردەکەوێ و لە ئاکامدا جێگەو پێگەی ئەم بەها گرینگە وەک ڕاستییەکی ئاشکرا مامەڵەی لە گەڵ دەکرێ. جیهانی مرۆییی ئەمرۆی ئێمە، دنیایەکە کە بەرەو پێکەوە سازانی ئاشتیخوازانە پەلکێشمان دەکات و بۆ خۆی بەرەو باوەڕ و ئەندێشە جیاوازەکان دەخزێ، هەر بۆیە دەبێ کاری ڕاهێنان لە سەر بنەمای پشوودرێژی بکرێ. سەقامگیر کردنی ئەمەش ئاستی گەشە و باڵغ بوونی هزری و کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکان پیشان دەدا.

کە واتە ئەو دەسەڵاتانەی کە بە هەڵبژاردنی ڕێبازی کۆنەپەرەستانە و ناسەردەمیانە، هەوڵی لەباربردنی پرۆسە پەرەگرتووەکانی کۆمەڵگەی بەشەری دەدەن، بەشیان لە ڕەوڕەوەی مێژوودا تەنیا ڕسوایییە و شوێنەواریان بە نفرین‌کراوی دەمێنێتەوە. ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە تایبەتمەندییەکانی قوتابخانەی سەردەم کە لە سەرەوە باسیان کرا، ڕێژیمی نووکەی ئێرانمان بۆ دەخاتە لیستی ڕەشی دەسەڵاتە کۆنەپەرەست و دژە مرۆیییەکان کە تا ئێستا لە پێناو دامەزراندنی قوتابخانەی سەردەمدا تێنەکۆشاون.


گرفتە دەرەکی و ناوخۆیییەکانی بەردەم پرسی پەروەردە

به‌ گشتی کاتێک با‌س له ‌گیروگرفته‌کانی ده‌زگای په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ین، له‌م بواره‌دا دوو کێشه‌ی سه‌ره‌کیمان دێته‌ به‌رچاو، که‌ دەکرێ‌ بە سەر دوو بەرەی ناوه‌کی و ده‌ره‌کیدا دابه‌شیان بکەین. مه‌به‌ست له‌ گرفتی ده‌ره‌کی و ناوه‌کی ئه و کێشانه‌ن که‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ سیستەمی په‌روه‌رده و فێرکردنه‌وه‌ هه‌یه و هه‌ریه‌ک به‌ جۆرێ له‌ وزه و ئینێڕژیی ئه‌م ده‌زگا پر حه‌شیمه‌ت و هه‌ستیاره‌ که‌م ده‌که‌نه‌وه‌. لێرەدا به‌ پێی تواناو ده‌رفه‌ت هه‌ر یه‌ک له‌م کێشانه‌ ده‌خرێنە به‌ر سه‌رنجی خوێنه‌ران.


کێشه‌ ده‌ره‌کییه‌کان

 سه‌باره‌ت به‌ گرفته‌ ده‌ره‌کییه‌کان ده‌کرێ باس له هێندێک بابەت بکه‌ین وه‌ک‌، په‌ره‌نه‌گرتووییی وڵاتانی جیهانی سێهه‌م (که‌ ئێرانیش یه‌کێک لەوانە‌)،‌ گۆڕانکاریی بێ کۆتاییی زانست و تێکنۆلۆژیی نوێی کۆمه‌ڵگە پێشکه‌وتووه‌کان و خۆنەگونجاندنی به‌شێک له‌ وڵاتان له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وته‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی چاوەڕوانییەکانی خه‌ڵک له‌ داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده‌، به‌ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ربوونی مافه‌کانیان، هه‌روه‌ها نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی ئابووریی پێویست بۆ ته‌یارکردنی قوتابخانه‌کان له‌مه‌ڕ کاروباری په‌روه‌رده و ڕاهێنان،‌ به‌شێکن لەو گرفتانه‌ی که‌ پەروەردەی هێندێک له‌ وڵاتان و یه‌ک له‌وان وڵاتی ئێران له‌ گه‌ڵیان بەرەوڕوون.

 ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ حکوومەتی ئێران سیاسه‌تی پۆلێن کردنی کارو پیشه‌کان پێڕەو ده‌کا و به‌ چاوی ئه‌منیه‌تی بۆ زۆربه‌ی کار و چالاکییه‌ پیشه‌ییه‌کان ده‌ڕوانێ‌، له‌ناو کۆمه‌ڵگەدا کاردانه‌وه‌ی خراپی به‌ دواوه‌ بووه‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌‌ دابه‌شکردنی ناشیانەی بوودجه‌ی وڵات به‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌‌کاندا گه‌لێک ناعادڵانه‌یه‌. بە هه‌ژاری هێشتنه‌وه‌ی چینی مامۆستایان له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری و پێڕانه‌گه‌یشتن به‌ دامەزراوە و ناوه‌نده‌ خوێندکارییه‌کان ته‌نها بەو بیانووه‌ی که‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی ئابوورییان نیه‌، بۆچوونێکی گزه‌ونانه و فریوده‌رانەیه‌. له‌ ئارادابوونی ناوه‌ندگه‌لێکی سه‌رکوتکەری وه‌ک سپای پاسداران و به‌سیج و ده‌یان ناو و ده‌سته‌واژه‌ی هاوچەشن و لێڵی دیکه‌ که ئه‌ندامه‌کانیان‌ هه‌ر یه‌ک به‌ جۆرێک بوودجه‌ی وڵاتیان خستووەته‌ به‌رچنگی خۆیان و له‌ به‌رانبه‌ر هیچ لایه‌نێکی حقوقی و یاساییشدا به‌رپرسیار نین‌. وەک دیارە هه‌ر مامۆستایانی ئێمه‌ن که‌ له‌‌ پێناو ویژدانی ئینسانیی خۆیاندا خزمه‌ت به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان ده‌که‌ن. به‌ هۆی نزم بوونی ئاستی مووچه‌ی مامۆستایان و کەم بوونی پێداویستیییە سەرەتایییەکان، زۆربه‌ی تاکە شیاو و لێهاتووه‌کان له‌ هاتن بۆ ناو ده‌زگای په‌روه‌رده‌ خۆ ده‌بوێرن، ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا ‌ بۆته‌ هۆی بێ بایه‌خ بوونی پیشه‌ی مامۆستایه‌تی.

کاتێک ده‌مانهه‌وێ باس له‌ کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ناو سیستەمی په‌روه‌رده‌ بکه‌ین، ده‌بێ وه‌ک ئامانج و قۆناخی کۆتایی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ چاو ببڕینه‌‌ زانکۆ  که‌ ئه‌ویش له‌ ڕێگای تاقیکارییه‌کی سه‌راسه‌ریی ئاڵۆز و پر له‌ کێشه‌ به‌ ناوی کونکوور ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ.  سێبه‌ری قورسی دێوه‌زمه‌ی کونکووری سه‌راسه‌ری به‌سه‌ر سیستەمی فێرکارییه‌وه‌، ئامانجه‌ سەرەکییەکانی قۆناخی دواناوه‌ندیی شاردووەتەوە‌. هه‌ڵسوکه‌وتی هەلپەرەستانە و ناشیانه‌ی به‌رپرسانی ئه‌م بواره،‌ کێشه‌کانی ئاڵۆزتر کردووه و تا هه‌نووکه‌ له‌م باره‌وه‌ نه‌یانتوانیوه خۆیان یه‌کلایی بکه‌نه‌وه‌ یان هه‌ڵوێستێکی ئامانجدار کە لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێ، بگرن. ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ وه‌زاه‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ هاوکاریی وه‌زاره‌تی علووم، پێوەن پرسی کونکوور چاره‌سه‌ر بکه‌ن و جێگره‌وه‌یه‌کی گونجاوی بۆ دابنێن، به‌لام چونکوو بەرژەوەندیی شەخسیی بەشێک لە بەرپرسان دەکەوێتە مەترسییەوە،  به‌ هیچ ئامانجێک ناگه‌ن.

یه‌کێکی دیکه‌ له‌ کێشه‌ قووڵه‌کانی به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی ئێران مامه‌ڵه‌ی ناسه‌رده‌میانه‌ی به‌رپرسانه‌‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه و باوەڕمەندە‌ جۆراوجۆره‌کانی ئێران. بێگومان یه‌کێک له‌ گرینگترین لایه‌نه‌کانی پێناسه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵگەیه‌ک پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکیی ئه‌وانه‌ که‌ هێندێ جار ڕواڵه‌تێکی ئایینییش بە خۆوە دەگرێ. بێ‌خەبەر لەوەی کە ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌قیقی و به‌جێی تایبه‌تمه‌ندییه‌ کولتوورییه‌کانی گه‌لانی دانیشتووی ئێران ده‌توانێ وزه‌ی دیارده‌ی هه‌ست به‌ جیایی کردن و له‌ په‌راوێز که‌وتن له‌‌ ناو بازنه‌ی په‌روه‌ردردا لاواز بکا‌. ئێستا به‌ داخه‌وه‌ کتێبه‌ ده‌رسییه‌کان وه‌کوو یه‌کێک له‌ که‌ره‌سه‌ دیاره‌کانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێرکردن، بوونه‌ته‌ ئامرازی پیلانی ده‌سه‌ڵاتداران و دەسەڵاتە سەرەڕۆ‌کان. ڕژێمه‌ داسه‌پاو و دژی گه‌لییه‌کان به‌ پێی کولتوور و ئیدیۆلۆژیی تایبه‌تی خۆیان، پێداگری له‌سه‌ر لایه‌نێکی تایبه‌ت له‌ بایه‌خ ده‌که‌ن کە دەبێتە هۆی ئەوەی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ بکەونە په‌راوێز و بگره‌ حاشایان لێ بکرێ. به‌ واتایه‌کی دیکه‌، له‌ ئێرانی به‌ڵا لێدراوی ئێمه‌دا، کتێبه ده‌رسییه‌کان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ناخی کۆمه‌ڵگە بن، مخابن ئیدیۆلۆژیی ژەنگاویی ده‌سه‌ڵاتە داسه‌پاوەکەی نیزام دەنوێنن.

حکوومەتی ئەمڕۆی ئێران، بۆ خۆی له‌ هه‌مووان باشتر ده‌زانێ که‌ به‌  چ شێوه‌یه‌ک مافی گه‌لانی سته‌م ‌لێکراوی وڵاته‌که‌ ژێرپێ ده‌نێ و بە هەموو تواناوە ڕێگری له‌ وشیار بوونه‌وه‌ی گەلان دەکا. نوێنه‌رانی حکوومەت که‌ پۆسته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ناو په‌روەر‌ده‌یان وەک دەست و دیاری پێشکه‌ش کراوه‌، بێ ئه‌وه‌ی له‌ پێویستیی ڕاسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵگەی ئێران بگه‌ن، ته‌نهاو ته‌نها بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییە شه‌خسییەکانی خۆیان ده‌که‌نه‌وه و دەبێ وەک ڕاسپێردراو فەرمانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌را جێبەجێ بکەن. ئه‌م تاقمه‌ له‌ ڕێگای میدیا پاوانکراوه‌کانی ڕژێمه‌وه‌، به‌ هێنانه‌ به‌رباسی گۆڕانکاری لە سیستەمی په‌روەر‌دەدا‌ خۆڵ له‌‌ چاوی خه‌ڵک ده‌که‌ن و سەرپۆش له‌سه‌ر ڕاستییه‌کان داده‌نێن. ئه‌گه‌رچی دوایین گۆڕانکاریی سیستەمی په‌روه‌ردە‌ پڕه‌ له‌ چه‌واشه‌کاری و ڕواڵه‌تی فریوکارانه‌. به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای ڕیاکارانه‌ی خۆی، تێدەکۆشێ گه‌لانی ئێران بەو قه‌ناعه‌ته‌ بگه‌‌یه‌نێ که‌ گۆڕانکاریی ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر بناخه‌ی زانستی نۆژه‌ن کراوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ دەزگای په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگە پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان هاوتەرازە‌.

 ڕاسته‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتان دوو ڕۆژی کۆتاییی هه‌فته‌ مامۆستا و قوتابییان له‌ پشوودان و ناچنه‌وه‌ قوتابخانه‌، به‌ڵام ڕۆژانی دیکه‌ی هه‌فته‌ به‌ درێژاییی ڕۆژ له‌ قوتابخانه‌ن، ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ کە بۆ نیوه‌رۆژه‌ له‌وێ بمێنه‌وە و بۆ ئەو مەبەستە قوتابخانە یارمەتییان دەکا‌. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌رفه‌تی گه‌شه‌ی زانستی و هزری بۆ منداڵان ده‌ره‌خسێ، پێویسته‌ هه‌ر منداڵێک تا ته‌مه‌نی 16 ساڵی بنێردرێته‌ به‌ر خوێندن و ده‌ست کێشانه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌. هەروەها ته‌واوی پێداویستییه‌کانی خوێندن له‌ ئه‌ستۆی حکوومەته، بە‌‌ بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک منه‌تبار بکا یان وه‌ک کارێکی خێرخوازانه‌ لەو پرسە بڕوانێ‌.

به‌ به‌راوەرد کردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بنه‌ما سه‌ره‌تایییانه‌ له‌ گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌ سانایی ده‌رده‌که‌وێ که‌ په‌روه‌رده‌ی ئێمه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌ ژێر هەڕەشەدایە و بنەماکانی خۆڕانەگرن‌. به‌ پێی گۆڕانکاریی چەند ساڵی ڕابردوو، قوتابخانه‌کانی ئێمه‌ ٥شه‌ممان‌ داده‌خرێن و گۆیا بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ‌کاری ئه و ڕۆژه‌ش ده‌‌بێ به‌ ڕۆژه‌کانی دیکه‌ی هه‌فته‌ کاتژمێرێک زیاد بکرێ. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ قوتابیانی ئێمه‌ به‌ شێوه‌ی دوو شیفتن. جا به‌رپرسانی بواری په‌روه‌رده‌ چۆن ئه‌م شاکاره‌یان خۆڵقاندووه و له‌ قوتابخانه‌ چه‌ند شیفته‌کان به‌ هه‌ر شیفتێک یه‌ک کاتژمێریان زیاد کردووه‌، جێی سه‌رسوڕمانه‌؟

به‌ پێی دوایین گۆڕانکارییه‌کانی په‌روه‌رده‌ی ئێران، ئەوەتا چەندین ساڵە کە قوناغه‌کانی خوێندن ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا هاتووە و سیستەمی 5،3،4 جێگای خۆی به‌ سیستەمی 6، 3، 3 بەخشیوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هیچ گۆڕانێکی بنه‌ره‌تی به‌ سه‌ر ناوه‌رۆکی کتێبه‌ ده‌رسییه‌کاندا نەهاتووە. زانیارییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن  که‌ به‌ هۆی بێ به‌رنامه‌یی و سه‌ره‌ڕۆییی به‌رپرسان، ئه‌م پلانه‌ش چی لە هینەکانی زووتر زیاد نییە و تووشی قه‌یرانی گەورەتریش هاتوون. ئه‌گه‌ر سه‌رەڕۆییی به‌رپرسانی بواری په‌روه‌رده‌ به‌ربه‌ست نه‌کرێ، له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا دووکه‌ڵی چەوتکارییەکانیان، کۆمەڵگەی ئێران لەوە زیاتر به‌ره و تاریکی ده‌بات.

 له‌ ئێران‌ حکوومەت نه‌ته‌نیا له‌ به‌رانبه‌ر دیاردەی نه‌خوێنده‌واریدا بە جیددی خۆی بە به‌رپرسیار نازانێ،‌ به‌ڵکوو تا ڕاده‌یه‌ک زه‌خت و گوشاریش ده‌خاته‌ ‌سه‌ر قوتابیان و لە ئاکامدا زه‌مینه‌ی هەڵاتن له‌ به‌ر خوێندن بۆ  بەشێکی بەرچاو لە قوتابیان دەڕەخسێ. به‌ پێی ئاماری باوه‌ڕ پێکراو ڕێژه‌ی منداڵانی سه‌ر شه‌قام و ئه و منداڵانه‌ی که‌ ده‌خرێنه‌ به‌ر کار، هه‌تا دێ ڕوویان له‌ زیادبوونه و ئه‌م دیارده‌یه‌ وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه‌. یه‌کێکی دیکه‌ له‌ گرفته‌کانی بواری په‌روه‌رده، پەرەپێدانی دیاردەی ناعادڵانەی‌ کەرتی تایبەتی قوتابخانه‌کانه و ئه‌مه‌ش تا دێ لە ناو کۆمه‌ڵگەدا خراپتر خۆی ده‌نوێنێ. بە داخەوە، نیزامی دەسەڵاتدار بە بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ مه‌ترسیی دیاردەی نەشیاوی هه‌ڵاواردن بکا یان گوێرایه‌ڵی ویستی ڕەوای چینی هه‌ژاران بێ، بانگه‌شه بۆ  قوتابخانه و فێرگه‌ تایبه‌تییه‌کان ده‌کا. بەرپرسان لە ئاکامی ئەم کردەوە ناسەردەمییەدا، لە لایەک‌ مافی خوێندن له‌ چینی هه‌ژار زه‌وت ده‌کەن و لە لایەکی‌ترەوە، بە بەردەوامی دەرفەتی زێڕین بۆ چینی بورژوا دەخوڵقێنن کە خۆشیان لەوێدا خۆ دەبیننەوە.

مێژووی پەروەردەی ئێران نیشانی دەدا کە له‌ شۆڕشی مه‌شرووته‌وه‌ تا ئەمڕۆ، حکوومەته‌کانی ئێران ڕۆڵی چاودێری و سیاسیی خۆیانیان له‌ ناو ده‌زگای په‌روه‌دەدا کۆکردووەتەوە و پرسی گرینگی فێرکاری، ‌وه‌ک چه‌مکێکی ده‌وڵه‌تی-سیاسی بە ئەژمار دێ. لە میانەی ئاڵوگۆڕەکانی فێرکاریدا، حکوومەت ڕۆڵی سەرەکی و کۆتایی دەگێڕێ و ڕێگە نادا کە ئه‌کته‌رگەلی مامۆستا، قوتابی، بنه‌ماڵه و ناوه‌نده‌ سەندیکایی و یاسایییە سەربەخۆکان بەشداری بکەن.

به‌مجۆره‌ دەبینین کە حکوومەت و ناوه‌نده‌ بڕیاردەرەکانیان، ویست و سیاسه‌ته‌کانی خۆیان بە شێوەی زۆرەکی له‌ سه‌رەوە بۆ خوارەوە بۆ ناو پانتاییی قوتابخانه‌کان دەگوازنەوە و ڕوانگەی خۆیان دەسەپێنن. ئەم تەقەلاگەلە کەمتر لە جینایەت نین، بە تایبەت ئەوەی کە دەیانەوێ شوێنەوارە کولتوورییەکانی گەلانی ڕەسەنی ئەم دیارە بسڕنەوەو ڕێگەی وێژمان، ڕاپرسی و هاوکاریی گشتی لە نێوانیاندا خاشەبڕ بکه‌ن.


کێشه‌ ناوخۆیییه‌کان

 سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ ناوخۆیییه‌کانی ناو سیستەمی په‌روه‌ده‌ی ئەمڕۆی ئێران ده‌توانین چاو بخشێنین به‌ خاڵگه‌لێکی وه‌ک، شێوازی ناشیانەی هه‌ڵبژاردنی(گزینش) مامۆستا، ڕاهێنان و ڕاگرتنی ناعادڵانه‌ی هێزی کار له‌ ناو په‌روه‌رده‌، پاسیڤ بوونی هه‌ڵبژاردنی مودیران له‌ ئاستی قوتابخانه، ئیداره‌ ناوچه‌یییه‌کان و بگره‌ تا به‌رپرسانی ناو وه‌زاره‌تخانه‌‌، شکستی‌ بەڕێوه‌به‌رایه‌تیی قوتابخانه‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ڕاکێشانی به‌شداربوونی بنه‌ماڵه و مامۆستایان له‌مه‌ڕ باشتر بەڕێوه‌بردنی ناوه‌نده‌ خوێندکارییه‌کان، لاوازبوونی سیستەمی کۆنترۆڵ، لاوازبوونی چاودێری و هێژاندنی پراکتیک له‌سه‌ر به‌رنامه و پلان و گرفته‌کان، نه‌بوونی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و به‌راوردکردن له‌ گه‌ڵ زانستی ڕۆژ، هه‌روه‌ها له‌خواره‌وه‌بوونی ئاستی زانستیی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و بێ‌مه‌یلییان بۆ خۆ ئاکتیڤ کردن له‌ ناو کلاس‌، کزبوونی ڕاده‌ی مێهره‌بانیی په‌یوه‌ندییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایه‌تیی قوتابخانه و مامۆستا، قوتابی و بنه‌ماڵه‌کان‌.

ئه‌گه‌رچی به‌ سانایی ده‌توانین ده‌یان ئاسته‌نگ و ئارێشه‌ی دیکه‌ له ‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ بخه‌ینه‌ به‌رباس که‌ هەریەکەی بە جۆرێک به‌رۆکی ڕه‌وتی فێرکاریی سه‌رده‌میان گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌زگای په‌روه‌رده‌ش هه‌روا سه‌رەڕۆیانه‌ بچێته‌ پێش و چاره‌سه‌ری کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کانی سه‌ر ڕێگای فێرکاری نه‌کا و گوێرایه‌ڵی ڕاستییه‌کان نه‌بێ، ده‌بێ هه‌مووان چاوەڕوانی ئەوە بین کە له‌‌ داهاتوویه‌کی نێزیکدا گه‌وره‌ترین وه‌زاره‌تی کۆمه‌ڵگە، واته‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و فێرکردن به‌رەو ئاقارێکی نه‌خوازراو و مه‌ترسیدار بروات و پێکهاته‌ی فره‌نه‌ته‌وەییی ئەم وڵاتە زیاتر لە جاران تووشی سه‌رلێ‌شێواوی ببێ.


پێش‌بینیی داهاتوو

 ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌کانی په‌روه‌رده‌‌ به‌رەو بارهێنانی مرۆڤ له ‌ناو سیستەمێکی گه‌ل‌سالاردا بن و گه‌شه‌ی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگە له‌به‌رچاو بگیردرێ، ئەو‌ چاوەڕوانییە لە هەر تاکێک ده‌کرێ کە به‌ پێی به‌رنامه و گه‌ڵاڵه‌ی دیاریکراو، وێڕای به‌شداریی چالاکانه‌ له‌ ئه‌رکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و بازاڕی کار، به‌ شه‌رافه‌ت‌ تەکنیکه‌کانی ژیان وه‌ده‌ست بخات و له‌ ڕۆحی مافخوازی، بیرکردنه‌وه‌، بەدواداچوون، ڕه‌خنه‌گری، خوڵقاندن و نوێخوازی به‌هره‌مه‌ند بێ. هه‌روه‌ها له‌ خوێندکارانی دواناوه‌ندی چاوەڕوان ده‌کڕێ که‌ پاش تێپه‌راندنی ده‌وره‌کانیان، هه‌ستی هونه‌ریی خۆیان پیشان بده‌ن و تۆوی هاریکاری، ئازادیخوازی، ئاشتی‌خوازی، به‌رابه‌رخوازی و ڕێزگرتن له‌ ماف و به‌هاکانی مرۆڤ له‌ هزرو دڵیاندا چه‌که‌ره‌ بکا. هەروەها پێویستە زەمینەیەکی وەها لەبار بۆ فێرکاران و لاوان ڕێک بخرێ کە له‌ به‌رانبه‌ر پرسه‌ گرینگە نیشتمانی و کلتوورییەکاندا خۆیان به‌ به‌رپرسیار بزانن و به‌ مه‌به‌ستی سه‌قامگیرکردنی بیری کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ له‌ ئاست هه‌رجۆره‌ هەڕه‌شه‌یه‌کی دژه‌ئینسانیدا دژکرده‌وه‌ له‌خۆیان نیشان بدەن.

دیاره‌ له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتوو و دیموکراتیکه‌کاندا ئامانجی دواڕۆژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ لایه‌ک جێگیر کردنی به‌ها و بایه‌خه‌ مرۆیییه‌کانه و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، به‌رگیری کردن له‌ بەلاڕێداچوون و دوور که‌وتنه‌وه‌ی قوتابیان‌ لەو دیارده و ئاڵۆزیگەلەیە‌ که‌ کۆمه‌ڵگە به‌ره و لێکترازان، هه‌ڵاواردن و پۆلێنبەندیی چینایەتی ده‌به‌ن. له‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ دانیشتووانه‌که‌ی ده‌سته‌به‌ندی ده‌کرێن، پله‌ی هیوا به‌ ژیان به‌رده‌وام سه‌ره‌وخوار ده‌ڕوا‌. کاتێک قوتابییانی ئەمڕۆ ‌وه‌ک‌ پێکهێنه‌رانی کۆمه‌ڵگەی ڕاسته‌قینه‌ی داهاتوو‌ له‌ یه‌که‌م ساته‌کانی چوونیان بۆ خوێندنگه‌، خۆیان به‌ ڕۆح و جه‌سته‌وه‌ له‌ ناو گێژاوی نکۆڵی و شاردنه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ته‌کاندا دەبیننه‌وه، گه‌شه و نه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ناکرێ لەو بەستێنەدا چاوەڕوانی کۆمه‌ڵگەیه‌کی به‌خته‌وه‌ر بین، واتە ئەو داهاتووەی که‌ چاوەڕوانی ئه‌وانه تاریکە و تروسکەکانی هیوای بە گوێرەی دڵخوازی سەردەمیانە تێدا بەدی‌ناکرێ‌.

وەک دەبینین، ئەگەر ڕێگەچارەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ دۆخی مەترسیداری پرسی فێرکاری لە کوردستان نەدۆزرێتەوە و مافی زەوت ‌کراوی ئەو گەلە نەدرێتە دەست خاوەندارانی ڕاستەقینەی خۆی، ئەرکی تاکەکانی گەلی کورد لە داهاتوودا قورستر دەبێت.  قوتابیانی کوردستان که‌ هه‌ڵقوڵاوی دڵی گه‌لێکی به‌شخوراون، له‌ بارودۆخێکدا ده‌ژین که‌‌ زمانه‌که‌یان به‌ هێند ناگیرێ، کلتووره‌که‌یان به‌ پلە دوو یان سێ دێته‌ ئه‌ژمار، مێژووه‌که‌یان گیرۆده‌ی چه‌واشه‌کاریی بێ‌بەزەیییانەیه و جوگرافیا و ژینگه‌یان لێ‌ زه‌وت کراوه‌. لە ڕاستیدا ئەم تایبەتمەندیگەلە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بە گوێچکەماندا دەچپێنین کە ڕابین و چیتر ستەم و داگیرکاری قەبووڵ نەکەین.


دوا وتە

گەلی کورد ئه و کاته‌ ده‌توانێ به‌ داهاتووی خۆمان پشت ببه‌ستێ که‌ له‌ودا ڕووی ڕاستییه‌کان پێشان لاوان و مێرمنداڵانی بدرێ و بە بێ دڵه‌راوکێ و به‌ ئه‌منییه‌ته‌وه‌ بۆ داهاتوویه‌ک ڕابێن که‌ له ودا هەر تاکێکی ئەمڕۆیی، جێگە و به‌هاکانی خۆی بدۆزێته‌وه و بە بێ‌هەڵاواردنی نژادی، جنسی و چینایه‌تی لە کەشوهەوایەکی ئازاد، بەرابەر و برایانەدا بژی.

ئەگەر بارودۆخی قوتابخانەکانی ئێران سەبارەت بە ویست و داخوازیی گەلانی ئەم وڵاتە بدەینە بەر سەرنج، دەبێنرێ کە دەزگای پەروەردەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، نە تەنیا گوێبیستی داوای ڕەوا و ئینسانیی کۆمەڵگەکەی نەبووە و گەشەی سەردەمیانەی بە قوتابخانەکان نەداوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، لە ژێر کەرەسەی ڕیاکارانەی بە ئیسلامی کردن بەردەوام سیاسەتی مراندنی حەز و خولیای منداڵانی ڕەچاو کردووە. هەروەها چارەنووسی ئەوانی کردووەتە قوربانیی مانەوەی حاکمییەت و ساتە شیرینەکانی تەمەنی هەستیاریانی فەوتاندووە. زۆربەی بەرپرسانی سەرەکی و پلەباڵای ناوچە بێبەشکراوەکان و یەک لەوان کوردستان، لە کەسانی ناپسپۆری بواری پەروەردە پێکهاتوون و لە جیاتی پلەی زانستی، پایەو دەرەجەی نیزامییان هەیە. هەر بۆیە لەوێ دەزگای پەوەردە لە جیاتی خزمەت کردن بە کولتوور و فەهەنگی تایبەت بە خۆیان، مخابن لە ژێر پیلانی جۆراوجۆر و ڕەوشتی دژە مرۆییانەدا هەوڵ دەدا شوناسی ڕاستەقینەی دانیشتووانەکەی لە ڕێگەی قوتابییانەوە بگۆڕێ و کەلەپووری دەوڵەمەندی سەر بە خۆیان، بە جێگیر کردنی سیستەمی تۆقاندن و کوشتن بفەوتێنێ.

ئەزموونی چەند ساڵەی نیزامی ئیسلامیی زاڵ بە سەر وڵاتەکەماندا نیشانی داوە کە زۆربەی بەرنامە و پلانەکانی قوتابخانە و سەرچاوەی کتێبە دەرسییەکان، لە گەڵ زات و سروشتی قوتابییان نامۆن. وەها بابەت و ناوەرۆکگەلێک ناتوانن هاندەری درێژەدان بە خوێندنی منداڵان بن. سیاسەتی ئەمنییەتی و مێتۆدی سەدە ناوەندییەکان بەسەر کەشوهەوای قوتابخانەکاندا زاڵە و ئامانجدار کردنی پەروەردە و ڕاهێنان تەنها بە مەبەستی خزمەت بە بەهێزکردنی ئیدئۆلۆژیی بەرتەسک و وشکی دەسەڵاتی داسەپاو، قوتابخانەی لە گەشە و نەشە خستووە. ئەگەر دەزگای پەروەردەی وڵاتێک نەتوانێ منداڵەکانی خۆی بۆ داهاتووی وڵاتەکەی ئامادا بکات، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە لەدوارۆژدا تووشی قەیرانی سالمی پێکەوەهەڵکردن دەبێت و لە ڕەهەندەکانی دیکەشەوە لە گەیشتن بە ئامانجە سەردەمییەکان سارد دەبێتەوە.


پێشنیار بۆ چارەسەریی گرفتەکان

بە هۆی هەبوونی هەندێ بارودۆخی تایبەت بە وڵاتی ئێران، وەک پێکهاتەی فرەنەتەوە، بەدیهاتنی دێمۆکڕاسی لەم وڵاتەدا بە بێ سیستەمێکی حکوومەتیی شیاو و ڕاهاتوو لە گەڵ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی، ئاستەمە و یەک ناگرێتەوە. گونجاوترین ڕێگەچارە بۆ چارەسەریی ئەو گرفتەش دەتوانێ سیستەمی فیدراڵی بێت. ئەگەرچی چەندین دەیە لە دامەزرانی دەوڵەتی مودێڕن لە ئێران تێدەپەڕێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە مافی نەتەوە جۆراوجۆرەکان لەوێدا لە بەرچاو نەگیراوە، دێمۆکڕاسی پەرەی نەسەندووە و پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەدیوە.

ئەمڕۆکانە لە زۆربەی وڵاتانی فرەنەتەوەدا، کێشەی مافی پێکهاتەکانیان بە گرێدانی دێمۆکڕاسی و فیدراڵیزم چارەسەر کردووە. لە ئاکامی پشتگوێ خستنی چەمکی گرینگی فیدراڵیزم لە پانتاییی کۆمەڵگەی ئێران، مەسەلەی فرە نەتەوەیی و ڕێدۆزە پێوەندیدارەکانی هەتاکوو ئێستاش دەرفەتی باسوخواستی بۆ نەڕەخساوە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە، بە هۆی زاڵ بوونی تەنیا گەلێک بە سەر پێکهاتەکانی دیکەدا و قۆرغ کردنی حکوومەتی ناوەندی‌، دەسەڵات نەیتوانیوە پارێزەری مافی هەمووان بێ یان لە گۆڕەپانە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا لە نوێنەرایەتی کردنی گەلان و کولتوورە دەوڵەمەندەکانیان دەستەوەستان ماوەتەوە.

هەرچەند ناکرێ یەک ڕەهەندی چاو لە کێشەکان بکرێ و لە ڕاستیدا کۆمەڵە گرفتێک بە یەکەوە ئەو دۆخە لێڵەیان بە سەر کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئێراندا هێناوە، بەڵام نابێ نکۆڵی لەوە بکەین کە هەتا بیرێکی ئازادانە و دێمۆکڕاتیک دنیای مرۆییی وڵاتی ئێمە دانەگرێ و سیستەمێکی دێمۆکڕاتیکی دەسەڵاتداری لێ ‌نەکەوێتەوە، گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی، ناتوانن بە سانایی لە سێبەری دەزگایەکی پەروەردەی عادڵ و سەردەمیانەدا خۆیان ببیننەوە. گرینگترین و گونجاوترین چارەش ئەوەیە کە هەمووان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی فیدڕاڵی، بە پێی تایبەتمەندییە ئەتنیکی و جوگرافییەکانی تێکڕای پێکهاتەکانی وڵاتی ئێران تێبکۆشین.


حەسەن ساڵح‌زادە- چالاکی یەکێتی پیشەییی مامۆستایان



سەرچاوە

  • قوتابخانەکان بۆ داهاتووی منداڵانمان نۆژەن بکەینەوە

Refondons l’école pour l’avenir de nos enfants

  • بنەماکانی کۆمەڵناسیی لاوان، برنهارد شیفەرس، وەگێڕانی یووسف فەقیهی
  • فیدراڵیزم لە وڵاتانی فرە نەتەوەدا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیکی حدکا-پاییزی ٢٧١٢ی کوردی