ئارامتر بخوێنەوە!

تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پەروەردەی کوردستان

نیشتمان کوردستانی

پەروەردەی شیاو و شایستە بۆ هەموو مرۆڤەکان زۆر گرینگە. ئەم بابەتە، فێربوونی باش، بەدرێژایی ژیان لەناو تاکەکانی هەموو چینەکان، بیروڕاکان، ئایینەکان و هەرێمەکان سانا دەکات. پەروەردە، پڕۆسەی گەیشتن بە زانیاری، بایەخەکان، کارامەیییەکان، بڕواکان و دابونەریتە ئاکارییەکانە. پەروەردە، کلیلی سەرکەوتن لە داهاتوو و وەدەستهێنانی دەرفەتگەلێکی زۆر شیاو لە ژیاندایە و قازانجی بەرچاوی بۆ مرۆڤ هەیە


دەستپێک

تەوەرەی سەرەکی لە پڕۆسەی پەرەسەندنی هەر کۆمەڵگایەک، پەروەردەیە. پەروەردە لە کۆی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەیە کە هاوکاریی بێدرێخی یەکەیەکەی کۆمەڵگا بە پێویست دەزانێت. هەر مرۆڤێک وەکوو تاکێک لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا مافی ئەوەی هەیە لە پەروەردەی شیاو و هاوڕیز دەگەڵ پێداویستییە تاکی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەک کە تێیدا دەژی، بەهرەمەند بێت. هەروەها، بۆ پەرەسەندنی هەمەلایەنە، پێویستمان بە بارهێنانی قوتابییانێک هەیە کە داهێنەر، دوورنواڕ، پەیجۆر و پرسیارکەر بن. لەم پێناوەدا، ناسینی ڕەوتەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسیی هەر کۆمەڵگایەک بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی دوورەدیمەن و ئاسۆگەلی سیاسەتگوزاری و داهاتووبینیی زانستی زۆرپێویستە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، پەیوەندیی سیستەمی پەروەردە دەگەڵ پەرەسەندن لەو ڕووەوە شیاوی تاوتوێ کردنە کە پەرەسەندن(تەوسعە)، ڕاستییەکی دابینکراوە لە کۆمەڵە کردەوەگەلی ژیرانە و بیرسایی تاکەکانی کۆمەڵگا و لەم نێوەدا پەروەردە، هۆکارێکی هەرە گرینگە کە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین کردەوەکان ژیرانە و ڕەفتاری مرۆڤەکان بە باشترین دۆخی گونجاو دەربهێنین و لە دەسکەوتە زانستی و کولتوورییەکانی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو کەڵک وەربگرین. هەروەها، پێویستە سەرنجێکی زۆر بدرێتە پێکهاتەی پەوروەردەیی و جۆری سیستەمە فێرکارییەکان. سیستەمی پەروەردەی هەر وڵاتێک کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر تواناییی ئاکام و بەرهەمدانی ئەو وڵاتە هەیە؛ چونکە ئەم سیستەمانە بە خستنەکاری بەرنامە، ئامانج، پڕەنسیپ و سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە، کاریگەرییەکی جیاواز لەخۆیان بەجێدێڵن. بەم پێیە، پەروەردەی شایستە گرنگترین هۆکاری گەشە و پەرەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییە و ئاستە جیاوازەکانی پەرەسەندن، خۆی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پەروەردە.


گرینگیی پەروەردە

پەروەردەی شیاو و شایستە بۆ هەموو مرۆڤەکان زۆر گرینگە. ئەم بابەتە، فێربوونی باش، بەدرێژایی ژیان لەناو تاکەکانی هەموو چینەکان، بیروڕاکان، ئایینەکان و هەرێمەکان سانا دەکات. پەروەردە، پڕۆسەی گەیشتن بە زانیاری، بایەخەکان، کارامەیییەکان، بڕواکان و دابونەریتە ئاکارییەکانە. پەروەردە، کلیلی سەرکەوتن لە داهاتوو و وەدەستهێنانی دەرفەتگەلێکی زۆر شیاو لە ژیاندایە و قازانجی بەرچاوی بۆ مرۆڤ هەیە؛ بۆ نموونە: مێشک و تێفکرینی تاک ڕوون دەکات، یارمەتی دەدات تا قوتابییان لە کاتی دەرچوون لە زانکۆ پلانداڕشتنێکی شیاویان بۆ پیشە یان درێژەپێدانی خوێندنی باڵا هەبێت. خوێندن، یارمەتی دەدات تا تاکەکان بەجۆرێک بیربکەنەوە، هەست بکەن و هەڵسوکەوت بکەن کە لە سەرکەوتنیاندا یارمەتییان بدات و سەرەڕای دابینکردنی ڕەزامەندیی کەسێنی، کۆمەڵگای خۆشیان باشتر بکەنەوە. لە بنەڕەتدا، بە هۆی ئەوەی کە سیستەمی پەروەردە لە کۆمەڵگادا لە حاڵی ئاڵوگۆڕ، گۆڕانکاری، وەرچەرخان و نوێخوازیی وشیارانە لە ئاقاری گەشەی توانایییەکان و چاکسازی و گۆڕینی ڕەفتار لە مرۆڤدایە، بۆیە موتۆڕی بزوێنەری (موتورمحرکە) پێشکەوتووییی هەمەلایەنەی کۆمەڵگایە. لە دونیای ئەمڕۆدا، بێگومان سیستەمی پەروەردەی هەر کۆمەڵگایەک، کارتێکراویی گۆڕانکاری و تایبەتمەندییەکانی هەناوەکیی ئەم سیستەمە و هەروەها کارتێکراوی کاردانەوە و شێوازی هەڵسوکەوت کردنەکانی سیستەمی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتوری و سیاسیی کۆمەڵگایە و هاوکات دەتوانێ کاردانەوەی بەسەر ئەواندا هەبێت. کردەوەی ئەم سیستەمە پەروەردانە، گۆڕینی مرۆڤە خاوەن بەهرەکان بە مرۆڤگەلێکی سڵامەت، هاوسەنگ(متعادل)، داهێنەر و بیرمەندە. ئەم بابەتانە و لە لایەکی دیکەشەوە، پێویستی بە پەروەردە و داخوازیی کۆمەڵگا و هەروەها ئاڵوگۆڕە خێراکان لە دنیای هەنووکەدا، بوونی سیستەمێکی پەروەردەی دینامیک و داهێنەر بۆ هاوهەنگاوی دەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا و تەنانەت پێکهێنانی گۆڕانکاریگەلێکی ویستراو دیاریدەکات. هەروەها، سیستەمی پەروەردە ئامرازی سەرەکیی گۆڕانکاری ڕوانگەکان و ئاڵوگۆڕی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و دابینکەری مۆدێلە سیاسییە نوێیەکانە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی لە پەرەسەندن و ڕاگواستنی کارامەییی پەیوەندیدار دەگەڵ بەشداربوونی سیاسی هەبێت. ئەوی کە پەروەردە بە چ چەشنێک بێت و ئامانجی چی بێت، دەتوانێت جۆری حکومەت دیاری کات. ئەگەرسیستەمی پەروەردەچێکەر، بە ڕێزگرتن لە مافی تاکەکەسی، گەشەی جیاوازییە تاکییەکان، ڕێکخستنی بەرنامەگەلی پەیوەندیدار دەگەڵ پەرەسەندن و گۆڕانکاریی مرۆڤی (توسعە و تحول انسانی) و یارمەتیدان بۆ دیسیپلینی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ و … هەبێت، ئەم جۆرە سیستەمە هەر خۆی بەرەو سیستەمێکی دیمۆکراتیک دەگۆڕدرێت. پێکهێنانی سیستەمێکی دیمۆکڕاتیک، پێویستی بە مرۆڤگەلێکە کە بۆچوون و ڕوانگەی دیمۆکڕاسییان پرۆڤە و ئەزموون کردبێت. ئەم بابەتە گرینگە شیاوی ڕەخسان نییە جگە لەوەی کە لە دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە دەست پێ بکات و منداڵان لە پەیوەندی دەگەڵ پرسگەلی وەکوو قوتابخانەتەوەری، دابینکردنی شۆڕاگەلی فێرکاری و … دەنگدان و دەنگوەرگرتن فێربن و ڕای جیاواز و دژ بە ڕای خۆیان ئەزموون بکەن و بەگشتی، ئەخلاق و کردەوەی دیمۆکراتیک فێربن. سەرەڕای ئەمە، هەر لە سەرەتاوە، قوتابی لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیدا بەشدار دەبێت.

پەروەردە وەکوو پارێزەری سیستەمی سیاسی و فاکتەری کاریگەر لە گەشەی سیاسی، سێ کارکردی بنەمایی هەیە کە بریتین لە:١- فاکتەری سەرەکیی کۆمەڵگەویستیی سیاسیی تازەلاوان و لاوان لە کولتووری سیاسی نەتەوەیی؛ ٢- فاکتەری کاریگەر لە هەڵبژاردن و بارهێنانی نوخبەگەلی سیاسی؛ ٣- فاکتەری سەرەکی لە یەکگرتووییی سیاسی و وشیاریی سیاسیی نەتەوەیی. تەنانەت سیستەمی فێرکاری دەتوانێت پێشەنگی سیاسەت وگەشەی سیاسی بێت کە بەم پێیە، سیاسەت یان بڕیارە حکوومی و سیاسییەکان بەشێک لە کۆی گشتیی پەروەردە لەقەڵەم دەدرێت و پەروەردە وەکوو بناغەی دیمۆکراسی و پەرەسەندنی سیاسیی وڵاتەکان بەحەساو دێت. بەپێی ئەم باسانە، شکڵ گرتنی شوناسی نەتەوەیی و شوناسی گشتی، پێکهێنانی نۆرم و چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییە شیاوەکان، گەشەی کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەند کردنی کرداری تاکەکان لە کۆمەڵگای کورددا کە بەردەوام بندەست و داگیرکراو بووە و تاکەکانی وەکوو کەمینە بەحەساو دێن، بۆ گەشە و پێشکەوتنی هەمەلایەنەی ئەم وڵاتە، پێداویستیی سەرەکی و تەنیا ڕێگای زاڵبوون بەسەر کێشە جۆراوجۆرەکان، سیستەمی پەروەردە و چۆنییەتیی فێرکاریی ئەو سیستەمەیە.


تایبەتمەندییە گشتییەکانی سیستەمی پەروەردەی شیاو بۆ کوردستان

بێگومان، نهێنیی سەرکەوتن و پەرەسەندنی هەر کۆمەڵگایەک، زانیاری و بەهرەبردن لە کەرەستە جۆراوجۆرەکانە و کەسایەتی و مێشکی هەموو نەتەوە و ڕەچەڵەکەکان بە یەک ڕادە بۆ پێشکەوتن خاوەن بەهرەن؛ بەو مەرجەی لە فەزایەکی دوژمنکارانەدا، پێش بە سەرکەوتنی نەگیردرێت. نەتەوەی کوردیش سەرەڕای ژێڕدەستەییی لەمێژینەی خۆی، بەهۆی بوونی توانایی و بەهرەی هەمەجۆرەی، بەردەوام لە ئاستی پزیشکی، ئەندازیاری، بیرکاری، ئەدەبیات، مۆسیقا و … پلەگەلی نایاب و باشی تۆمار کردووە.

سیستەمی پەروەردەی کوردستان پێویستی بە بەرنامەگەلێکی ڕێکارانەی ئامرازییە کە بەپێی ئەوە بتواندرێت ئەولەویەتەکان و چالاکییەکانی فێرکاری دابین بکرێت. ڕێکارگەلێک کە باس لە دوورەدیمەنی فێرکاری و دیاریکردنی ڕێڕەوەکانی سیاسەتی پلانەکانی فێرکاری بکات و هەروەها، ئامانجەکانی فێرکاری، شێوازەکانی بەڕێوەبردن و تاوتوێکردنی ڕەوتەکان شرۆڤە بکات. دوورەدیمەنە فێرکارییەکانی پەروەردەی کوردستان پێویستی بە پلانگەلێکی بەبڕشت و کاریگەر هەیە کە سەرەڕای قەرەبووکردنەوەی بۆشایی و ئەو کەموکۆڕیانەی کە بەهۆی سەرەڕۆیی، ستەم و گەندەڵیی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران –بەتایبەت کۆماری ئیسلامی کە خەساری سەرەکی و زۆرینەی بۆ سەر کورد و کۆمەڵگای کوردی بووە – دروست بوون، بتوانێت دەگەڵ ئاڵوگۆڕییە جیهانییەکاندا بەرەوپێش بچێت. هەر بۆ ئەم مەبەستە، ئامانجەکانی پلان و بەرنامەی فێرکاری لە پەروەردەی کوردستاندا بە دوو دەستەی سەرەکی ١- فێرکاری بە ئامانجی نەتەوەیی و ٢- فێرکاریی گونجاو دەگەڵ ئاڵوگۆڕە جیهانییەکاندا دابەش دەکرێت کە ئەم دوو ئامانجە بە واتای بەڕێوەچوونی بەرنامەکان لە دوو بەشی جیاواز و لە یەک دابڕاودا نییە، بەڵکوو پێویستە لە ڕێکارە سەرەکییەکانی فێرکاریدا بە شێوەی یەکپارچە و تەواوکەری یەکتر بگونجێت و فێر بکرێت.

سیستەمی فێرکاریی وڵات پێویستە تایبەتمەندیگەلێکی گشتگیر لەخۆبگرێت کە هاندەری پەروەردەی هزری نوێ و سوسیالیزە کردنی مرۆڤەکان بێت و ئەرکی قوتابخانەکانیش لە ڕەوتی پەرەسندندا هەر ئەوەیە. ئاپۆرەی نەتەوەیی بە بەرزبوونەوەی لێکدان، بڕەوسەندن، متمانەی هەموویی و بەرینتر کردنی ئاسۆی نۆرمی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا، بەتایبەت لەڕێگای پەرەسەندنی کۆمەڵگای مەدەنییەوە گەشە دەکات. بەم پێیە، پەروەردە هەر بەو ڕادەیە کە خوڵقاوی سیستەم و ناوەندگەلی کۆمەڵگایە، بۆخۆیشی لە پێکهێنانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی نوێ و ئاڵوگۆڕی ڕێکخراوە کۆنەکانی کۆمەڵگادا، ڕۆڵی کاریگەری هەیە. بۆ نموونە، کۆمەڵگا کاتێک لە بواری ئابووری بە مۆدێلی شیاوی خۆی گەشە دەکات کە گۆڕانکارییەکی قووڵ و جیددی لە ئاگایی زانستی، فەننی و کارامەییەکانی(مهارت) خۆی بخوڵقێنێت کە یەکێک لە هۆکارە هەرەگرینگەکان لە پێکهێنانی ئەم ئاڵوگۆڕە، سەروەر کردنی ڕۆحی زانستی لە کۆمەڵگا و بەکارهێنانی توانستی کۆمەڵگا بەرەو ئاقاری بەهێزکردنی سەرمایەی مرۆڤی و بنەما دانانی سیستەمی فێرکاری و تەرکیز لە سەر چۆنییەتی و سازگاربوونی ئەو سیستەمە دەگەڵ پێداویستییەکانی گەشەی ئابووریە.

ڕەوتی پەرەسەندنی نوێی پەروەردە لە هەر کۆمەڵگایەکدا وەکوو خزمەتکردن، پێویستیی بە تێکنۆلۆژیگەلێکی باشە کە ئاستی فێرکاریی شیاوی پێداویستییەکانی بواری خزمەتگوزارییەکان مسۆگەر دەکات. پێویست بوون بە نوێکردنەوەی سیستەم لە ڕێگەی تێپەربوون لە سیستەمی کۆن، پێویستیی بە گەڵاڵەی نوێی پێشکەوتنی فێرکاری لە ڕێگای پەیوەندییەوەیە. (یادگیری تعاملی). بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵەیە دەبێت بە تایبەتمەندییەکانی فێرکاریی پرۆفیشناڵ دەسپێبکات. بۆ نموونە، پرۆفیشناڵ بوونی پسپۆڕانی فێڕکاری، بەمەبەستی باشتر کردنی پڕۆسەی فێربوون، فێرکاریی پڕۆسەی خزمەتگوزاریی پلاندانان وەکوو بەکارهێنانی فۆڕمگەلی ئۆنلاین و دەستەبەر کردنی زانیاری لە کاردانەوەی پڕۆژەگەلی گرووپی، بەمەبەستی بەجێهێنانی پێداویستییە پرۆفیشناڵەکان لە بازاڕی نوێی کاردا، دروستبوونی زانیاریی پرۆفیشناڵ لە پڕۆسەی کارگەلی زەینیی تاکەکەسی، بەمەبەستی چالاک کردنی بیرکرنەوەی داهێنەرانە و … .هەر بەم مەبەستە دەبیندرێت کە لەم دواییانەدا گۆڕانکارییەکی جیهانی لە پیشەسازیدا دروست بووە و چالاکییە  پیشەسازییەکان لە شێوازی خۆماڵییەوە بۆ بازاڕی جیهانی گۆڕاون. بەم پێیە پێویستە بەرنامەی فێرکاریی کوردستان پێداویستیی نوێی بەرهەمهێنانی زانست بونیان[1] دەستەبەر بکات. ئاست و ڕێژەی دابینکردنی هەلی کار بەرزبکاتەوە و لەسەر کاری تیمی، ڕێبەرایەتی و ڕاستگۆیی و زانیاریی جیهانی تەرکیز بکات. لە پەیوەندی لەگەڵ ململانێکانی شێوازی داهاتووی چالاکیی بازرگانی بۆ پیشەی بەرهەمهێنان، سەرمەشقێکی نوێ لە بەرنامەی فێرکاری لە ڕێکاری بەرهەمهێناندا پێویستە ڕەچاو بکرێت کە تێیدا هەم تێکنۆلۆجیی بەرهەمهێنان و هەم پیشە بەرهەمهێنانەکان لە بەرنامەی دەرسیی ڕۆژانەی فێرکاری لە قۆناغی ناوەندیدا دابنرێت. هۆکاری گرینگی ئەم بابەتە ئەوەیە کە دوورەدیمەنی داهاتووی فێرکاری لە بەرهەمهێنانی باڵادا، ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری لە ئابووریی نەتەوەییی کوردستان و جیهاندا هەیە. تایبەتمەندیی بەربەرەکانێی بەرهەمهێنانی نەتەوەییی کورد، پێویستی بە هێزی کاری خوێندەوار هەیە کە حەزی لە کارەکەی بێت، چونکە تواناییی ئەوان بۆ مانەوە و بوونی داهاتووی بەشی بەرهەمهێنانی نەتەوەیی زۆر گرینگە. لەئاکامدا، فێرکاریی بەرهەمهێنان، پێویستی بە ئاوڕدانەوەیە تاوەکوو بتوانێت لە بەرزکردنەوەی پێشکەوتن بۆ بەرهەمهێنان، ڕەخنەکردن لە سەرترێتی(مزیت)ی بەربەرەکانێی پیشەسازی و هەروەها، باڵانس کردنی ئابووریی نەتەوەیی بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ململانێ جیهانییەکاندا کاریگەر بێت.

پەروەردە دەرگایەکە بۆ داهاتوو و بۆیە دەبێت لەجیاتی شێوازگەلی تێگەیاندنی سەرزارەکی و پاراستنی بابەتە دەرسییەکان، لەسەر فێربوون تەرکیز بکرێت. دەبێت سەرنجێکی تایبەت بدرێتە مامۆستایان و ڕاهێنەران بۆ ئەوەی پاڵنەرێک بێت تا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئیشی پەروەردە بخەنە کار. هەروەها، پێکهێنانی سیستەمێکی فێرکاریی شایستەسالار کە تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەو، هەبوونی مامۆستا و بەڕێوەبەرانێکی لێهاتوو و بەئەزموون و ڕێبەرانێکی بەبڕشت و کارامە بێت (کە بتوانێت دوورەدیمەنگەلێکی درێژمەودا پێکبێنێت)، مۆدێلی پێویستی وەدیهاتنی سیاسەتە هەمەلایەنەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵگایە. بۆ ئەم مەبەستەش فێرکاری و بەتواناکردنی مامۆستایان، بەڕێوەبەران و ڕاهێنەرەکانی قوتابخانەکان، بە شێوازێک کە قۆناغەکانی فێربوون لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکان و لەژێر چاودێریی مامۆستایانی لێهاتوو و بەئەزموون بەڕێوەبچێت، پێویستە. هەروەها، دەبێ گروپگەلێک لە مامۆستایانی وریا و بەهێز لە بواری نووسینی بەرنامەگەلی فێرکاریدا بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو و سەرکەوتوو لەم بوارەدا وەکوو ژاپۆن، کورەی باشوور، سەنگاپوور و فەنلاند ڕەوانەبکرێن تاوەکوو لە بیرۆکەی فێرکاریی ئەوان ئاگادار بن و بتوانین سیستەمێکی فێرکاریی گونجاو لەسەر بنەمای تێکەڵکردنی ئەم بیرۆکانە لەگەڵ میراتی کولتووری، ئەخلاقی، ئەرزشی و نەتەوەییی کورد پێکبێنین.

 پێویست و ئێجبارییە کە مامۆستایانی قۆناغی ئەوەڵی ناوەندی، لانیکەم بڕوانامەی کارناسیی باڵایان هەبێت و بڕوانامەیان لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکان وەگرتبێت و شارەزایییان لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستیدا هەبێت. لەلایەکی دیکەوە، بەرنامە دەرسییەکان دەبێت بەباشی دابڕێژرێن و پێوەرەکانیان دەگەڵ شێوازە نوێیەکانی فێربوون و مێتۆدەکانی هەڵسەنگاندن و بەراورد هاوئاراستەییی هەبێت. بەراوەردی بەرنامە زیاتر دەگەڵ خوێندنی بەرنامەی دەرسی و بەرنامە و سیاسەتەکانی فێرکاری لە پەیوەندیدایە کە دەبێت لە پەیوەندی دەگەڵ ڕەوت، دەرەنجام و کاردانەوەیان تاوتوێ بکرێت. مافی هەڵبژاردنی بەرنامەی دەرسی بە هاوبەشیی قوتابییان، نووسینەوەی بەرنامەی گشتگیری نەتەوەیی بۆ چاکسازییەکان، ئەنجامی هەنگاوگەلێکی جۆراوجۆر سەبارەت بە پێکهاتنی قوتابخانەکان و گۆڕینیان بە پیلانی فێرکاری بەمەبەستی پێکهێنانی پاڵنەر لە قوتابیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە کارامەییەکانی تێفکرین، چارەسەرکردنی مەسەلە و ئیشی گروپی. ئەم بەرنامانە دەبێت داخوازییەکانی کۆمەڵگای سەدەی بیست و یەک وەدی بهێنێت؛ بۆیە خوێندەواریی زانیارییانە(سواد اطلاعاتی) و کارامەیییەکانی [2]ICT بۆ قوتابییان لە دنیای ئاڵۆزی دیجیتاڵ و لە پیشەگەلی داهاتوو بۆ ئەوان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. فێرکاریی خوێندەواریی زانیارییانەی قوتابییان بۆ قوتابخانەکان کارێکی گرینگە و پێویستە کارامەییەکانی ICT  نەتەنیا لە قوتابخانەکان، بەڵکوو لە زانکۆ و کۆلێجەکان و هەروەها لە ژیانی دواتری قوتابییان گرینگیی پێ بدرێت. ئەم سیستەمە وەکوو هۆکارێکی هەرەگرینگی فێربوونی کەسێنی دەبیندرێت. فێربوونی کەسێنی، جۆرە فێرکارییەکە کە بەپێی تاقیکردنەوەی توانستە ناسیارییەکان(تواناییهای شناختی)ی قوتابییان کە لە ساڵی دوایینی خولی سەرەتایی ئەنجام دەدرێت، فێرکاریی تایبەتی کارامەییەکانی فێربوون ڕەچاودەکات، بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەم قوتابییانە بدات تاوەکوو بەشێوەی کاریگەر و بەبڕشت فێر ببن. ئەم جۆرە فێرکارییە پێویستی بە وانەگوتنەوە و فێرکاریی سەدەی بیست و یەکە بۆ هەموو قوتابییان بۆ وەدەستهێنانی کارامەیی، بەرفرەهی و قوڵاییی زانستی خوازراوی ئەوان لە کۆمەلگای جیهانیدا.

سەرەڕای ئەم بابەتانە، بەپێی ئەوەی کە پڕۆسەی فێربوون و وانەگوتنەوە پڕۆسەیەکی ڕاوەستاو نییە و بەڵکوو ڕەوتێکی دینامیک و چيمهەڵگرە، بۆیە پێکهاتەی سیستەمی پەروەردە دەبێت گونجاو دەگەڵ ئاڵوگۆڕە جیهانییەکاندا بێت. پێکهێنانی سیستەمێکی پەروەردە کە چێکەر بە ڕۆحی داهێنەری بێت، دەبێت بەرەو بەنەتەوەییبوونی ستانداردە فێرکارییەکان لە قۆناغی ئامادەییەوە تا دواناوەندی بڕوات و بابەتگەلێکی پەیوەست بە هەست بە بەرپرسیاریەتی، ستانداردە فێرکارییەکان و لێهاتووییەکانی قوتابییان ببێتە ناوەندە سەرەکییەکانی بڕێوەبردنی یاسا. هەروەها، ئەم سیستەمە دەبێت ببێتە هۆی خۆبژێوی و بەرزبوونەوەی کارامەیییە ناناسیارییەکانی(مهارتهای غیرشناختی) قوتابییان و ئێسترێس دابەزێنێت و هەست بە خۆشحاڵی کردن لەواندا بەرزبکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە، سیستەمی فێرکاری دەبێت شوناسی گروپی و بەکۆمەڵ پێک بێنێت و ئەمە کاتێک بەکردەوە دەکرێت کە قوتابی لەگەڵ پۆلی خۆی هاوڕێیە و لەگەڵ پۆلی خۆی خوێندن تەواو دەکات و هیچ جۆرە هەڵاواردنێک لە نێوان قوتابییاندا بوونی نییە. لە کۆتاییدا، کاردانەوەی پەرەسەندنی پەروەردە دەبێت لە دەسڕاگەیشتن بە پلەکانی لەسەرتری تاقیکارییە نێونەتەوەییەکان پیشاندەر بێت.

 
بەرنامەی کاری پێشنیارکراو بۆ سیستەمی فێرکاریی کوردستان

لەو ڕووەوە کە مەبەست لە سیستەمی فێرکاری بەتەنیا یەک ئاست نییە وهەمووی ئەو بابەتانەی وا لە پەیوەندی دەگەڵ ئەوەدان لەخۆدەگرێت، پێویستمان بە شیکاریی تایبەتمەندییەکان و ئەرکەکانی ئەم ئاستە پەیوەندیدارانەیە کە گرینگترینیان بریتین لە:

تایبەتمەندییەکانی پەیوەست بە قوتابخانەکان: لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە کە فەزای قوتابخانە، بۆ دروستبوونی باوەڕمەندیی قوتابییان سەبارەت بە داهاتووی خۆیان یارمەتیدەر دەبێت. بەم پێیە، بەرزبوونەوەی تایبەتمەندییەکانی کاریگەربوونی قوتابخانە دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ پێشکەوتنی ئەرێنی و گەش لە داهاتووی لاوان لە ڕێگایەک وەکوو پەیوەندیگەلی باشی قوتابییان و دروستبوونی پاڵنەری خوێندن و پێشکەوتن. قوتابییان بەشێکی بەرچاوی کاتی خۆیان لە قوتابخانە بەسەر دەبەن کە قوتابخانەیەکی باش دەتوانێت لەم بابەتە کەڵک وەربگرێت و وەکوو گۆڕەپانێکی کۆمەڵایەتی دەرفەتگەلێکی شیاو بڕەخسێنێت بۆ دروستبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی بنەماڵەی قوتابییان کە لە سەرەتادا دەگەڵ هاوتەمەنەکان پێکدێت و دواتر دەگەڵ گەورەساڵانێک وەکوو مامۆستا و … بە واتای سەرمەشق و ڕێنوێنی و پشتیوانی لە پەیوەندی دەگەڵ خاڵەکانی ژیانی داهاتوو. لەلایەکی دیکەوە، بۆ هەبوونی سیستەمێکی فێرکاریی بەبڕشت، پێویستییەکی زۆر بە شوێن و ڕووبەرێک هەیە کە شیاو و گونجاوی پێداویستییە ڕۆحی و دەروونییەکانی منداڵان بێت کە لەم بوارەدا مامۆستایان و تەلارسازان بۆ دەستەبەرکردنی پڕۆسەی پلان دانانی دروست و بنەمایی کە بتوانێت داخوازییەکانی قوتابییان دابین بکات، پێویستە لە “زانیارییەکانی زانستی دەروونناسیی شوێن” یارمەتی وەربگرن. کەرەستە و دەرفەتەکانی قوتابخەنەکان بەپێی ڕیزبەندی تەمەن و قۆناغەکانی خوێندن، پێویستە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەو ڕیزە گونجاو بێت، بەڵام بەگشتی کەرەستەگەلێک وەکوو ڕووبەری وەرزشیی پێویست و ستاندارد، ڕووبەری گەورە و پارێزراو بۆ کایە و چالاکیی جەستەیی منداڵان، ڕووبەری گونجاو بۆ هاتوچۆی ئاسانی قوتابییان، دەسڕاگەیشتنی ئاسان و ڕاحەت بۆ هەموو بەشەکانی قوتابخانە وهەروەها لەبەرچاو گرتنی ستاندارد و مسۆگەرکردنی کەرەستەی نوێ بۆ پۆلەکانی وانەگوتنەوە لە هەر قوتابخانەیەک کە ئامانجی پێشکەوتن و فێرکاریی شیاوە، پێویستە.

یەکسانی لە سیستەمی فێرکاری: سەرەکیترین بابەتی پروەردەی هەر وڵاتێک و بەتایبەت کوردستان، بەپێچەوانەی سیستەمە سەقەتەکانی یەک لەدوای یەکی ئێران، یەکسانی لە سیستەمی فێرکاری بۆ هەموو تاکەکانە. ئەم مافە سەرەکییە هەم بۆ کەسانی ساغ و هەم بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەم ئەندام، هەم بۆ کەسانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی باش و هەم بۆ کەسانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لاواز گرینگە. حکومەتی کوردستان ئەرکدارە فێرکاریگەلێک پێشکەش بکات کە بە هەر تاکێک ئەو دەرفەتە بدات تا لە پۆتانسیێلەکانی خۆی زۆرینەی بەهرە ببات و لەم ڕێگەیەوە بتوانێت باشترین جێگە لە کۆمەڵگای خۆیدا دابین بکات و لە ئەنجامدا وڵاتی کوردستان بەرەو پەرەسەندنی جیهانی ببات.

سیستەمی فێرکاریی بێ بەرامبەر و زۆرەملی: زۆرەملی بوونی خوێندن لە تەمەنی ٣ساڵانەوە –وەکوو قۆناغی ئامادەیی- تا پۆلی ١٢، واتا کۆتایی دەورەی دواناوەندی بۆ هەموو منداڵان و قوتابییانی کورد کە یەکێکی تر لە مافە سەرەکییەکانی هەر تاکێکە، دەبێت بە شێوازی بێ بەرامبەر و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە لایەن حکومەتی کوردستانەوە دابین بکرێت کە بریتییە لە دابین کردنی شوێنی فێرکاری و کەرەستەکانی پێویست بە کوالێتییەکی باش و ستاندارد لەو شوێنەدا، وەکوو پەڕتووک، کەرەستەی نووسین، جلوبەرگی تایبەت بە قوتابخانە، ئامرازەکانی یارمەتیدەری فێرکاری بۆ قوتابییانی داواکار و هتد.

ئامرازەکانی فێرکاری: لە سیستەمی پەروەردەی کوردستاندا وانەکانی فێرکاری بەشێکی هەرەگرینگی پەروەردە و بارهێنانی منداڵانن کە دەبێت بەباشی و بەشێوازی بابەتییانە(عینی) گونجاو لەگەڵ توانایی و ڕیزی خۆیاندا فێر بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە باشتر وایە فێرکار بە ئەرکی تیمی و چارەسەرکردنی کێشە هان بدرێت بۆ فێت بوون نەک بە فێرکاریی ڕاستەوخۆ. بەرنامەی وانەگوتنەوەی قوتابخانەکان دەبێت بەگوێرەی ئامانجە دابینکراوەکان لە قاڵبی وانەگەلێکی پەیوەندیدار وەکوو بیرکاری، زانست، ئەخلاق و مێژوو، هاوئاراستە و هاوتەریب لەگەڵ بەرنامە فێرکارییەکانی زانستی زانکۆیی بێت، تاوەکوو کاردانەوەیەکی ئەرێنیی لەسەر ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگا هەبێت. لە پۆلەکانی یەکەم و دووهەمدا فێرکاریی زمان (کوردی و ئینگلیزی)، بیرکاری، کارامەییەکانی ژیان (کە پێکهاتووە لە زانستەکان و توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان)، مۆسیقا، هونەر (وەکوو وێنەکێشانەوە و پیشەی دەستی)، وەرزش، ئەخلاق، چالاکیگەلێکی تایبەت وەکوو چالاکییەکانی بنەوانی و … پێویستە ئەنجام بدرێت. لە پۆلەکانی سێهەم و چوارەمدا، لێکۆڵینەوەکانی زانستی و کۆمەڵایەتی بەشێوازی لێکۆڵینەوەیەکی یەکدەست بە بەرنامەی وانەکان زیادبکرێت. لە پۆلی ٥ و ٦دا ئابووری لەماڵەوە (وەکوو چێشت لێنان و درومان و …) فێر بکرێت. چالاکییەکانی تایبەتی قوتابخانە لە قاڵبی یاری و ڕاهێنانە خۆجێییە کۆن و مێژوویییەکان، گونجاو لەگەڵ هەر ساڵێکدا دەبێت لە بەرنامەی وانەیی و فێرکاریدا بگونجێت.

گرینگیدان بە بابەتی زمان: پێویستە کە خوێندن، نووسین و فێرکاری بە زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانەکان و باخچەی ساوایان هەر لە قۆناغی ئامادەییەوە بەڕیوەبچێت و زمانی ئینگلیزی وەکوو زمانی فەرمیی نێونەتەوەیی دەگەڵ وانەکانی دیکەدا بەشێوازی بابەتییانە(عینی) و گفتوگۆ فێر بکرێت. زمانی فارسی وەکوو زمانەکانی عەرەبی، فەڕانسە و … بەپێی پێویست و داخوازیی قوتابییان لە دامودەزگاکان یان پۆلەکانی فەوقی بەرنامەی پۆشتەوپەرداخ بەو بەرنامانە فێر بکرێت. بۆ ئەو کەسانەی وا بەنیازی درێژەدانی خوێندن لە زانکۆکان یان قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵاتن، فێرکاری لە قوتابخانەکانی سەرەتاییی نێونەتەوەیی هەر لە سەرەتاوە هەڵبژێراوێکی باشترە.

پەڕتووکە وانەییەکان: چاپەمەنییەکانی، پەڕتووکە وانەیییەکان لەسەر بنەمای ڕێنوێنییەکانی دەورەگەلی فێرکاری، بە چاودێریی ڕاستەوخۆ و چالاکی گروپگەلێکی پسپۆڕی پێکهاتوو لە دەروونناسان و نووسەرانی بواری منداڵان و تازەلاوان، پسپۆڕانی پلانداڕشتنی دەرسی، مامۆستایانی بەئەزموون و لێهاتوو ئامادە دەکەن و لە کۆتاییدا لە لایەنی وەزارەتی پەروەردە، کولتوور، وەرزش، زانست و تەکنۆلۆژیاوە پشتڕاست دەکرێتەوە. دەبێت پەرتووکەکانی تەواوی پۆلەکانی خوێندن لە قۆناغی ئامادەیییەوە تا کۆتاییی قۆناغی ناوەندی بەشێوازی بێ بەرامبەر بڵاو بکرێتەوە. پەڕتووکە وانەیییەکان کەم بارستایی و کاغەزی بێت تا هاتوچۆ پێ کردن و بەکارهێنانیان بۆ قوتابییان ئاسان بێت.

کاتی یەکپارچەکردنی خوێندن: کاتی پێویست بۆ هەر وانەیەک ٣ کاتژمێر لە حەوتوودا بۆ پۆلەکانی سێهەم تا شەشەم دابین بکرێت. ئامانج لەم بەرنامەیە، ڕێدانی پلانداڕشتن بە قوتابخانەکانە بۆ پێکهێنانی چالاکییە فێرکارییەکان، بەپێی بارودۆخی کۆمەڵگا، قوتابخانە، قوتابییان و ئاڵوگۆڕییەکی لەناکاوی کۆمەڵگادا. هەروەها، پێویستە وانەگوتنەوەی وانە نێونەتەوەییەکان، توێژینەوەکانی کامپیوتێر، توێژینەوەکانی ژینگەیی، خزمەتگوزارییەکانی چاودێری و تەندروستی و بەتایبەت مێژووی جیهان و کورد لە بەرنامەدا بگونجێت.

هەڵسەنگاندنی قوتابییان: سازگاری و ڕوونبوونی ئامانجەکانی سیستەمی فێرکاری و بەکارهێنانی ئەو تاقیکردنەوانە کە تواناییی قوتابییان لە دەرک پێ کردن و بەکارهێنانی بەرنامەگەلی دەرسی، بەشێوازی دروست بەراورد دەکات، دەبێتە هۆی پێشکەوتنی سیستەمی فێرکاری. بۆ ئەم مەبەستە، کردەوەی قوتابییان پێویستە لە هەر سێ مانگدا بەپێی بنەماکانی هەر قوتابخانەیەک، هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. شێوازەکانی هەڵسەنگاندنی مامۆستایان سەرەڕای جیاوازبوون دەبێت بەپێی نەریتی باو، بەشێوازی گشتی و لەسەر بنەمای تاقیکارییە دەرسییەکان و ڕەفتاری ڕۆژانە لە پۆلەکاندا بێت. ڕەوتی نمرەدانان لە پێوەری هەڵسەنگاندنی وەسفی ئەنجام بدرێت.

چالاکییەکانی سەرووی بەرنامە: چالاکییەکانی سەروو بەرنامە پێویستە لە پۆلی چوارەمەوە دەست پێ بکات و لە دوای تەواوبوونی کاتی دەرسی، فێرکاریی سەرگەرمی و کارامەیی دابنرێت کە بریتی بێت لە: وەرزشگەلێکی وەکوو بەسکێتباڵ، والیباڵ، مەلە، کایەی خۆجێیی و کۆن، زمان، نەرمئامێر، زانست، هەوافەزا، ڕاهێنان و ڕۆڵگێڕانی قوتانبییان بۆ کارامەیییە کۆمەڵایەتییەکان، شوێنەوارناسی و … .

فێرکاری و مەشقی نێوماڵ: مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتاییەکان، ڕۆژانە بە وانەگوتنەوەی خۆیان بە منداڵان فێردەکەن کە ڕەوشتی خوێندنی باش و دروست لە ماڵەوە ئەنجام بدەن. قوتابییان هەرڕۆژ مەشقی خۆیان بەپێی بابەتی فێرکاری ئەنجام دەدەن، بەڵام مەشقەکانی هەریەک لەوان بەپێی ئەو بابەتانەی وا تێیدا پێویستییان بە ڕاهێنان و هەوڵی زیاترە، جیاوازە. لە کۆتاییی هەر حەوتوشدا قوتابییانی تەواوی پۆلەکان پێویستە تەواوی چالاکی و ئیشی خۆیان بەشێوازی لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرت ئامادە بکەن.

قۆناغی ئامادەیی و چاودێرییە ڕۆژانەییەکان: فێرکاریی سەرەتای تەمەنی منداڵی لە ماڵەوە دەست پێ دەکات. هەر بەم مەبەستە، دەبێ پەڕتووکەکان و بەرنامەگەلی تەلەویزیۆنی جۆراوجۆر بۆ یارمەتیدانی دایکان لە بەردەستیاندا دابندرێت. زۆرینەی فێرکارییەکانی ماڵەوە بە شێوازەکانی وانەگوتنەوە لە قوتابخانە، ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی شیاو، بنەمای کایەکان، کارامەیییەکانی وێژەیی و ژمێریاری، دەبێت لەژێر چاودێری و فێرکاریی دەروونناسانی پسپۆڕ لە بواری منداڵ و بنەماڵە و قوتابخانە کە لە قاڵبی تیمی پزیشکان و دەروونناسانی بنەماڵە سەرقاڵی ئیشن، بەڕێوەبچێت. فێرکاری لە قۆناغی ئامادەییدا دەبێت دەرفەتی سازگاریی منداڵ لەگەڵ ژیانی بەکۆمەڵ لە قوتابخانە و دواتر ژیان لە کۆمەڵگادا پێکبێنێت.



سەرچاوەکان

  • 1- Kevin K.H. chung, in international Encyclopedia of the social & behavioral sciences (Second Edition), 2015.
  • 2- Myrdal. G. (1967). Economic Growth and Human capital. Ph.D Thesis. Kent State University. United States.

[1]– Knowledge Base

[2] Information and Communication Technology