ئارامتر بخوێنەوە!
پەروەردەی سەقەتی دۆگماتیسم و ئێلیناسیۆن
ڕۆژبین بۆکانی
“پەروەردەی مۆدێڕن وشیارکردنەوەیە، ئاواڵا کردنی مێشک و هزری کۆمەڵگایە، چێ کردنی بەرە و جیل و چینێکی ڕووناکبیر و ئاوانگارد و گەشەخوازە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی متمانە بە خۆ، زیندوو و دینامیکی لێ بکەوێتەوە. پەروەردەی بەپێز و پڕبەها، کۆمەڵگای ڕەخنەگر و ڕووناکبیری لێ پەیدا دەبێ، وەک “کانت” دەڵێ: ڕووناکبیربوون گوزەری مرۆڤە لە داڵانی ناباڵغی بەرە و کامڵ بوون.“
دیارە یەکێ لە نیشانەگەل و کۆدەکانی مۆدێڕنیزم، پەروەردە و ڕاهێنان بە شێوەیەکی سەردەمیانە و مودێڕنە و سنووری نێوان نەریت و مۆدێڕنیتەیە. ئەو بزاڤە، دوو خاڵی گرینگ لە خۆ دەگرێ:
- خوێندن و پەروەردە و ڕاهێنان، ڕێچکەیەکی نوێباوە چونکە تاک بەرە و دونیایەکی ڕوون و زانستیانە ڕێنمایی دەکا و هانی دەدا دنیای بەرچاوی بە بەرچاوڕوونییەکی زانستییانە و ئەزموونێکی پاقژوە وێنا بکات.
- پەروەدەی مودێڕن ئەو قازانجەی بۆ کۆی کۆمەڵگا هەیە کە پێناسەیەکی باشتر و پۆزیفانەتری بۆ خۆی و گەلەکەی هەبێ و باشتری بە دنیا بناسێنێ، هەوڵ و کۆششی بۆ سەرخستن و گەشە پێدانی هەموو ڕەهەندەکانی پێویستی کۆمەڵگاکەی هەبێ. لەوە گرینگتر پەروەردەی سەردەمیانە، دەبێ ئەو گرینگایەتییەی بۆ خوێندکار بە دیاری هێنابێ کە مێژوو و ڕەسانایەتی و ئۆستوورەی نەوتەوەیی بوونی باشتر و زانستیانە ئانالیز بکات، وزەیەک بێ بۆ ئەوەی کەلتوور و ستراکچێری نەتەوایەتییەکەی بە شێوازێکی سەردەمیانە بە دونیای گلۆباڵ بناسێنێ.
پەروەردەی مۆدێڕن وشیارکردنەوەیە، ئاواڵا کردنی مێشک و هزری کۆمەڵگایە، چێ کردنی بەرە و جیل و چینێکی ڕووناکبیر و ئاوانگارد و گەشەخوازە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی متمانە بە خۆ، زیندوو و دینامیکی لێ بکەوێتەوە. پەروەردەی بەپێز و پڕبەها، کۆمەڵگای ڕەخنەگر و ڕووناکبیری لێ پەیدا دەبێ، وەک “کانت” دەڵێ: ڕووناکبیربوون گوزەری مرۆڤە لە داڵانی ناباڵغی بەرە و کامڵ بوون.
فێرکاری وپەروەردە، هەر لە سەردەمانی وشیاریی مرۆڤەوە هەبوون، لە کەڵک وەرگرتن لە کەرەسە و ئەمرازی جۆراوجۆر و پێویستی ڕۆژانەی مرۆڤەوە بگرە هەتا خۆپێگەیاندن و ڕاڤەی ڕەهەندەکان و کەلێنەکانی ژیانی ئێکۆسیستمی گۆی زەوی و هەموو جیهانی کەونارا.
مرۆڤایەتی بۆیە پەروەردەی وەک بزاڤێکی جودا و تەوەرێکی سەرەکی پێناسە کردووە، تاکوو هەنگاوی بەرەو پێشکەوتن و گەشە و نەشەی لێ بکەوێتەوە. لە ڕاستیدا بە درێژاییی مێژووی تەمەنی مرۆڤایەتی، هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ دوو دەسکەوتی سەرەکی بوە؛
یەکەم: کەڵکئاژۆ وەرگرتنی باشتر لە کات و زەمان، واتا بە فێرۆ نەدانی چرکەکانی تەمەن.
دووهەم: بە پێی ئاوەز و هۆش و زەینی مرۆڤ، هەوڵێکە بۆ دەستەبەرکردنی کەرستە و پێداویستیی نوێ و باشتری ژیان، واتا ئاسایش و تەناهی و ڕاحەتتر کردنی ژین و زەین.
پەروەردە، بناغەی قورس و قایمی هەر وڵات و نەتەوەیەکە بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی تۆکمە و مۆدێڕن، تاکوو بنەما سەرکی و بنەڕەتییەکانی لەسەر دابڕێژرێ. هەر وڵاتێک کە مکوڕ بێ بۆ گۆڕینی بیچمی وڵاتەکەی، دەبێ بەها و سەنگینی بە پەروەردە بدا، لە واقیعدا دەبێ شۆڕشێکی کۆپێڕنیکی بخوڵقێنێ. سەنگاپوور و کۆریای باشوور باشترین نموونەی ئەو باسەن. ژان ژاک ڕۆسۆ بیرمەندی سەدەی هەژدەی زاینی، گەرچی یەکێ لە ڕەخنەگرانی قوتابخانەی مۆدێڕنیتەشە، باوڕی وایە، مرۆڤ بۆ خۆی بە شێوەیەکی سروشتی پاک و بێگەردە و ئەوە پەروەردەیە دەیگۆڕێ، واتا کۆمەڵگا ئەگەر پەروەردەیەکی سەقەتی بە سەرەوە حاکم بێ، بێ شک پرەنسیپەکانی دەبێتە ئاناڕشیزم. هەر وەها ڕۆسۆ لە سەر ئەو باوڕەبوو: منداڵ گرینگترە لە مژاری وانە و دەرسودەوری قوتابخانە. ئەو تیئۆرییە شۆڕشێکی کۆپێرنیکیی مەزن بوو لە بواری پەروەردە و بارهێناندا. مەزنایەتیی ژان ژاک ڕۆسۆ پاشخانێکی ئەوندە بە هێزی هەبوو، باندۆڕ و ڕەنگ دانەوەیەکی قووڵیشی لە سەر شۆڕشە مەزنەکەی فەڕانسەش دانا.
لە داڕێژەی دەسەڵاتە توتالیتێر و پەساتوتالیتێرەکانی وەک ئەمڕۆی ئێراندا، هەموو پێناسە و خاڵە بەرچاو و فاکتە سەرکییەکانی ملهوڕان و دیکتاتۆڕەکانی پێشووتری دنیای لە نێوئاخنی نیزامەکەی خۆیدا جێگیر کردووە و لە تانوپۆی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانیدا سیستماتیکی کردووە، دیارە پڕۆسەی پەروەردە و ڕاهێنانیش بە ئاقاری قازانجی ئیدیئۆلۆژیکیی خۆیدا گەڵاڵە دەکات.
لە مۆرفۆلۆژیی سیستمێکی ئۆپۆرتۆنیزم/کلۆنیالیزمی ئێرانیدا، سانتڕالیزمی و سانترالیزم تەوەری پێکهاتەی سەرەکی و بنەڕەتیی وەها دەسەڵاتێکی فەناتیکە. بە لێکدانەوەیەکی مەیدانی و کۆمەڵایەتی، باشتر ئەو گەڵاڵەیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. لە ئێرانی ناوەندخۆازدا، هەموو خواست و شتگەلێک لە قەوارەی ناوەنددا ڕەنگدەداتەوە. ئەو فکر و ئایدیایە پاشخانێکی مێژووییی لە پشتە؛ هەر چەندە لەم سەدەی بیستەدا مکوورتر بوون لەوەی زیاتر و خێراتر بەهای پێ بدرێ. لە کۆمەڵگای فرە چەشنی و فرە ئیتنیکی جوغرافیای ئێرانیدا ئەو تیئۆرییە ڕاسیزمییە باشتر پەڕە پێ دەدەن، ئەویش لە ڕێگای پەروەردە و قوتابخانە و دەرس و دەوردا. ئەم فکرە ناوندتەوەرەیە ڕێگا بە کولۆنیالیزم دەدا هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی ئاساییی کۆمەڵگا بەرەو ناوەند ڕێنوێنی بکات. دەسەڵاتی پاوانخوازی تاکڕەهەند لە قوتابخانەدا بە چڕی جەخت لە سەر ئەو ئایدیایە دەکاتەوە و گەڵاڵە و پەکەیجی یاساییی ڕەنگاوڕەنگی بۆ دادەڕێژێ و ناوەند وەک خودا و خوالەیەک دەستنیشان و پێناسە دەکات. ناوەند گەورەیە، زمانی ناوەند پیرۆزە و هەرکەسێک بە باشی بە زمانی ناوەند قسە بکات مرۆڤێکی شارستانییە و بۆ ئەوەی خۆت زۆر پێشکەوتوو نیشان بدەی دەبێ زمانی ناوەند واتا فارسی بە باشی و بە بێ “لەهجە” بزانی. چونکە ئەو زمانە هێمایە، بیچمە، تووتمی پێناسەیی و پێشکەوتنخوازییە. لەوە سەیرتر دەبێ باقی ئیتنیکەکانی جۆغڕافیای ئێرانی هەوڵ بدەن بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی کلۆنیالیزمی ناوەند خواز. چونکە زمانی ئیداری و دەسەڵاتە، زمانی سەرکوتە، کوتکی سەرکوتی زمانە زیندووەکانی نەتەوەکانی دیکەیە. ئەو تیۆرییە سەقەتەی توتالیتاریزمی مەزهەبی، نە تەنیا دەسەڵاتداران و ڕامیاریستەکان بەڵکوو لە تانوپۆی کۆمەڵگای ئێرانی و بەرەی بەناو ڕووناک بیردا ڕیشەی داکوتاوە و هەتا دێ زیاتر تەشەنە دەستێنێ و لە سایەی بەناو ڕۆشنبیری فارسیزمەوە ڕەگاژۆ دەکا. چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەوهەرەی ئەو فکر و ئایدیایە دووپاتە و چەند پاتە دەبێتەوە. ناوەند تەوەری و سانتڕالی بوون لە جوغرافیای شاری و دامەزراوەی شارنشینیشدا پێڕەو کراوە، بە ڕوانینێکی وردبینانە و ئانالیز کردنی ستراکچێری شارنشینیی ئێرانیدا دەبینین هەموو دامودەزگا و پێداویستییە سەرەکی و ئیدارییەکان، لە ناوەندی شارەکاندا جێگیر کراون و بە سیاسەتێکی کوشەندە و ڕۆح تەزێن، مرۆڤ مەجبور دەکەن بە فکر و بە پڕاکتیک ڕووی لە ناوەندی شارەکان بێ و وا بە گوێی زەین و ئەندێشەی تاکی کۆمەڵگادا خوێندراوە کە شارستانییەت و مەدەنی بوون، بەو مانایەیە کە هەنگاو بە هەنگاو لە ناوەند و نێوەڕاستی شار نزیک ببیتەوە بۆ ئەوەی کار و ئەرک و پێداویستی ژیانت باشتر و ئاسانتر بۆ ڕابپەڕێ. چونکە پێداویستی و کەرەسەی پێویست و ناوەندە ئیدارییەکانیش زۆرتر لە ناوەندی شار جێگیر کراون. هەر ئەو فکرەیە دەبێتە هۆی ئەوەی بێ ئەوەی تاک هەستی پێ بکات ناوەندی دەسەڵات لە پێتەختدا ببینێتەوە و پێتەخت بە مەکۆی ژیان و پێشکەوتن بزانێ. هەر بەو بنەمافکرییەوە دەسەڵات زۆربەی هەوڵ و کۆششی بۆ ئەوەیە تاران وەک مەکۆی سەرەکیی ژیان چاو لێ بکردرێ. هەر بۆیە تاران لە باری ئابووری و ڕامیاری و زانست و ئاکادمیکیشەوە قسەی یەکەم دەکات، ئەنجامی ئەو گوتارە ئاگۆئیسمییە، ڕاکێشانی هێز و توانایی وهاوردە کردنی سەروەت و داراییی باقی ناوچەکانە بۆ تاران. ئەوە بیچم و سیاسەتی دەسەڵاتدارانی پاسیڤ و فەناتیکە. دەنا لە وڵاتانی ڕاسیۆنالیست و دێموکڕاتخوازدا چۆنکە دێسانتڕالیزەن، دەبینین سەروەت و دەسەڵات بۆ هەموو ناوچە و شوێنێک بە ئایدیایەکی پلۆڕالیسمییەوە پڕاکتیزە ودابەش کراوە، بۆ نموونە لە باری ئابوورییەوە تەنیا پێتەختی وڵات دەسەڵاتی گەورەی ئابووریی پێ نەبڕاوە و زۆربەی شارەکانی دوور و نزیک لەو خوانە بەهرەمەند بوون.
لە پاتۆلۆژیی سیاسەتی ئێرانچییەتیدا، ئیتنیکەکانی دیکەی جوغرافی ئێرانی خەساری گەورەیان لێ کەوتووە و لێ دەکەوێتەوە وەک:
- گەلی فارس خۆی لە جوغرافیایەکدا نیشتەجێیە کە زۆربەی خاک و ناوچەکانی وشکەڕۆ و بیابانە و بە پێی سروشتی ناوچەکەی کۆمەڵگایەکی بەکاربەر و مەسرەفگەرایە و بژێوی خۆی زۆرتر لە بەرهەم و دەستڕەنجی ئیتنیکەکانی دیکەوە پەیدا دەکات. ئەو نەتەوانەی کە شعووری ئێرانی/فارسی پێیان دەڵێ “لۆکاڵی”. بەڵام نەتەوەیەکی وەک کورد کە زاگرۆس نشینە و بە پێی سروشت وهەڵکەوتەی ژینگەیی بوونی، بەرهەم هێنەرە و هەر لە کەوناراوە خۆبژێو و دینامیک بووە، کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێنەرە چونکە لە باری ئابوورییەوە سەربەخۆیە و پێویستییەکی ئەوتۆی بە لایەنی دەرەکی نییە، دیارە ئەو جۆرە کۆمەڵگایانە لە باری فکریشەوە خاوەن ئەندێشەیەکی سەربەخۆخوازن.
- ئۆتۆریتەی توتالیتێرتەوەر بۆ ئەوەی باقی ئیتنیکەکانی دیکەی پەڕاوێز خراوی دەسەڵات بێنێتە ژێر هێژمۆنیی تێئۆکڕاتیکی خۆی، هەوڵ ئەدا بۆ شێواندنی دیسیپلینی کۆمەڵگای بەرهەمهێنەر. ئەویش لە دوو ڕێگاوە هەوڵی چڕی بۆ دەدرێ. پەروەردەی سەقەت ـــ تێکدانی سەرچاوەی بژێو و بەرهەمهێنان واتا گوندەکان.
پەروەردەی سەقەت
پەروەردەی ئێرانی وەک هەموو پڕەنسیپ و یاساکانی وڵات پڕۆسەیەکە لە سەرەوە یان لە باڵادەستەوە بەرە و خوارێ دەڕوانێ، واتا ڕوانگەیەکی ئاغا و ڕەعیەتی، گەورەیی و بچووکی، ڕوانگەیەکی زۆردار بەرە و ژێردەست. لە میتۆدی وەها سسیستمێکدا ئەوەی ڕەچاو نەکراوە کەسایەتیی منداڵە، هەر وەها بە دەستی ئەنقەست و زۆر فێڵبازانە هیچ بەهایەک بۆ زمانەکانی دیکە قایل نەبوون و هەموو سەنگینی و قورسایییەکیان بۆ زمانی فارسی داناوە، واتا ئەو سیاسەتەی پەهلەوی و ڕزاشایان پاراستووە و گەرای تێئۆکڕاتیک بوونیشیان پێ زیاد کردووە. واتا: یەک زمان، یەک ڕێنووس و یەک نە تەوە. ڕوانینی باڵادەستانە بۆ منداڵ و قوتابی، کەسایەتییەکی گوێ لە مست و ملکەچی لێ دەکەوێتەوە. محەمەدی بەهمەن بەیگی، گەورە مامۆستا و باوکی پەروەردەی مۆدێڕنی ڕەوەند و کۆچەریانە دەڵێ: “ئەگەر لە سسیستمێکی پەروەردەدا “بوێری” لە منداڵ جیا بکرێتەوە، لە داهاتوودا مرۆڤێکی ترسەنۆک و قزەون، پاسیڤ و گوێ لە مستی لێ دەردێت”. ڕاست ئەو ئامانجەیە کە ڕێژیم مەبەستیەتی. چونکە دروشمی سەرەکیی دەسەڵاتی پاوانخواز ئەوەیە ” ئێمە دەروەست و تەعەهودمان گەرەکە نەک پسپۆڕ”. لە پەروەردەیەکی سەقەتدا کە بکەری” دەبێ و نابێ” ڕۆڵی سەرەکی و گرینگیان لە قوتابخانە و دەرس و وانەدا هەیە و هیچ ئەرزش و بەهایەک بۆ کلتووری بنەماڵەییی قوتابی دانەنراوە و تەنیا و تەنیا مەزەهەب/شیعە هەموو فاکت و دیسکۆرسەکانی خوێندنی قەبزە کردووە، دیارە منداڵ لە کلتووری خۆی دڕدۆنگ دەبێ و هەموو بنەما ڕەسەن و نەتەوایەتییەکانی لە پشت درگای قوتابخانە لێ دەستێندرێ. نامۆیی و ئێلیناسیۆن، دەبێتە دۆڵپای سەرشانی و بە هۆی هەبوونی دوو کلتووری بنەماڵە و لە لایەکی تریشەوە کلتووری پەروەردەی سەقەت، گیردۆەی نەخۆشیی پاڕادۆکس و دوو جەمسەری دەبێ، واتا ” درۆ” .
مەبەستی سەرەکیی ئەو پەروەردەیە ئەوەیە تاک بکاتە مۆرە، یانی دەستەمۆ بوون بە بێ دەربڕینی هیچ ناڕەزایەتییەک. کاک دوکتور قاسملوو لە مێژە وتوویەتی : مرۆڤ نابێ ببێتە مۆرە. چونکە کەسایەتی و پڕستیژی دەچڕژێ. لە وەها دۆخێکدا کە مرۆڤ بوو بە مۆرە، زۆر بە هاسانی ئینگیزاسیۆن دەکرێ و دەبێتە کەسایەتیێەکی قالۆر ئاسای بێ ئیرادە و پێڕەوکەی ئیلیناسیۆن.
پەروەردەی ئێرانی بە شێوەی مۆدێڕنیزم لە دامەزراندنی “دارولفنوون”ەوە دەستی پێ کرد. لەو سەردەمەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ ئەو سیاسەت و گوتارە پێڕەو کراوە و هەر بە دەهۆڵ و زۆرنای ئەو وەخت دەیکوتنەوە. سیاسەتی دارولفنوونیزم لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە بەهایان زۆرتر دابوو بە زانستە فەننییەکان، وەک پزیشکی، ئەندازیاری و. . . . زانستە مرۆیی و فەلسەفییەکان پاشکۆ بوون. ئێستا کە توتالیتێر/کلۆنیالیزمی تێئۆکرات حاکمە، زۆر لەو سەردەم خراپترە و هەر بە دەستووری ڕاستەوخۆی خامنەیی زانستە مرۆیی و ئینسانییەکان بە زۆری و بە ئەنقەست دەکرێتە زانستی دینی و ئیسلامی و لە قورسایی و بەهای ئەو زانستانە کەم دەکەنەوە و خیز دەڕژێننە بەر پێیان، چونکە دەزانن زانستی سیاسی و مرۆێێ و نێونەتەوەیی و. . . . دەبێتە هۆی چاوکراوەییی کۆمەڵگا و گەلێکی دینامیک و دێسانتڕالیزەی لێ دەکەوێتەوە.
پائۆلۆ فرەیەرە، بیرمەند و ڕەخنەگری پڕ ئەزموونی بڕازیلی لە سەر ئەو باوڕەیە: پەروەردە دەبێ کۆمەڵگا وەگەڕ بخات. ئەو پێی وا بوو ئەگەر قەرار بێ گەشە و پێشکەوتنێک بێتە ئاراوە، دەبێ گەشەی بیر و هزر بێ. گۆڕانکاریی ڕوانگە و بۆچوونەکان بێ و لە ئاکامدا پەروەردە دەبێ کۆمەڵگایەکی ڕەخنەگر و پڕ پرسیار بخوڵقێنێ. بە بۆچوونی فرەیەرە سیستمی سەرکەوتووی پەروەردە دەبێ لە دوو چەمک بەهرەوەند بێ: ڕاهێنەرانی ئاوانگارد ـــ پێداگوژی تەحلیلی و ڕەخنەگرانە. مەبەست لە پێداگوژی ڕەخنەییانە، دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دێموکڕاسیخوازی پلۆڕالیست/سکۆلاریستە. وتووێژ و دیالۆگی نێوان مامۆستا و قوتابییە بە لێکدانەوە و دیالێکتیکێکی ڕەخنەگرانە بۆ چێ کردن و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەرابەر و چەسپاندنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی. لەو پڕۆسێسە پەروەردەیییەدا بەرابەریی گروپ و نیژاد و ئیتنیکەکان لە بەر چاو گیراوە.
پەروەردەی سەقەت تەنیا بە گەشەی زانستە فەننی و ئەزموونتەوەرەکان، کۆمەڵگایەکی گەشە کردووی لێ ناکەوێتەوە. هەموو لە بیرمانە لە ساڵانی ڕابردوودا فیلیپین و وڵاتی هێند لە بەر زۆربوونی پزیشک هەناردەی ئێران وباقی وڵاتانیان دەکردن، ئێستاش وڵاتی کووبا پزیشک هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکات. ئەوە لە حاڵێکدایە ئەو وڵاتانە لە زۆر بوار و و ڕەهەندەکانی دیکەی ژیان و کۆمەڵگادا پێشکەوتنێکی ئەوتۆ و گەشە کردووییان بە خۆیانەوە نەدیوە و پێویستییان بە کەرەسە و زانستی وڵاتانی گەشەکردووی دیکە هەیە. سەردەمانێک وڵاتی یەکیەتیی سۆڤییەت بە هۆی ئیدیئۆلۆژیکی تاک ڕەهەندی و داخراوی سۆسیالیستی، ئەو وڵاتانەی وا لە چوارچێوەی جۆغڕافیای سیاسیی خۆیدا بوون وەک ئازەربایجان و قەزاقستان و ئۆزبەکستان و…. هەر وڵاتەو لە بوارێکی ئابووریدا لە گەشە کردندا بوون و نەیدەویست و نەیدەهێشت لە هەموو بوارەکاندا گەشەی ئابووریی هەمە لایەنەیان هەبێ، تاکوو بە ئاسانی بتوانێ ئابوورییەکەیان بە بەستراوەیی وکۆمپڕادۆری ڕابگرێ. ئێستاشی لە گەڵدابێ ئەو وڵاتانە کەم تا زۆرێک ڕوو لە مۆسکۆ دەکەن. ئەو قەیرانە دوو هۆکار لە خۆ دەگرێ:
- کاتی خۆی سیاسەتی پەروەردەی دیکتاتۆری پڕۆلتاریا، ڕێگریی دەکرد لە گەشەی زمانی و کلتووریی وڵاتانی پاشکۆ و ئیتنیکە جیاوازەکان، ئەوەی گرینگ و پڕبەها بوو زمانی ڕووسی و کلتوور و ستراکچێری گشتیی ڕووسی بوو. هەر بۆیە ئەو وڵاتە پاشکۆیانە، دوای سەربەخۆییش ئەلف و بێی پەروەردە و خوێندنگاکانیان هەر ڕێنوسی ڕووسییە.
- مەبەست لە تاکڕەهەندیی ئابووریی وڵاتانی پاشکۆ و ژێردەستە ئەوە بوو تاکوو ئاستی ئابووری و گەشەی گشتیی ئەوان نەگاتە ئاستی وڵاتی ڕووس و هەمیشە چاو لە ژێری ڕووسییە بن و حەوجێ و نیازیان هەر بە مۆسکۆ بێ.
ئێستاش لە ئێرانی فەندەمینتاڵی منۆلۆگتەوەردا، چی زۆرە دوکتۆر و پزیشک، یانی سیستەمی پەروەردەی زاڵی ئێرانی ستراتێژییەکەی وا داڕشتووە تاکوو کۆمەڵگا لە بواری پزیشکی ــ نەک دەرمانسازی ــ دا، لەچاو وڵاتانی دەوروبەر پێشکەوتنێکی باشتری هەبێ، بەڵام سەبارەت بە زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکان، نە تەنیا گەشە کردوو نەبووە، بەڵکوو لە ئاستێکی هەرە نزمیشدا بوە. زۆرجار دیومانە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕاشکاوانە لە ڕاگەیەنە گشتییەکاندا کوتویەتی ئێمە پێویستییەکی ئەوتۆمان بە زانستی ئینسانی نییە چونکە دژایەتیی لەگەڵ بۆچوونەکانی ئایینی ئیسلام هەیە. هەر بۆیە دەبینین زۆربەی سەرچاوە و ژێدەری ئەو لقە ئاکادمیکییانە بە باری فەلسەفەی ئیسلامی/شیعەگەریدا دەشکێتەوە.
کاتێ چاو لە داڕێژەی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی دەکەین، دەبینین ستڕاتێژیی پەروەردە، هەر لە سەرەتای چوونە قوتابخانەوە بۆ تاکزمانی و تاکنەتەوەیی داڕێژراوە و نەتەوەی فارس ئاغایە و باقی ئیتنیکەکانی ئێران پەڕاوێزخراون و حیسابی تمەن و دوو شاییشیان بۆ ناکرێ. منداڵی بەستەزمانی کورد کە بە کلتوور و زمانی کوردی گۆچ کراوە و ڕاهاتووە، هەرکە پێی نایە قوتابخانە، زمان و مێتۆدێکی نامۆی پەروەردە بە گوێیدا دەئاخنرێ. سەرلە بەری کتێبی قوتابخانە سەرەتایییەکان چاو لێ بکەی، سەداسەد لە خزمەتی زمان و پەروەردەی فارسی بوون دایە و ئوستوورە و سێلێبرێتییەکانی، کەسایەتیی ئێرانی و بەڕەگەز فارسن. بە گشتی دەتوانین بڵێین قوتابخانەکانی وڵات، سیاسەتێکی تەواو ڕاسیسمیی ئینگیزاسیۆن تەوەریان بە سەردا حاکمە. ئاکامی ئەو سیاسەتە بۆ ئاڵۆز کردن مێشکی منداڵانە. منداڵان عومرێک زمان و کلتوورێکی جیاوازیان پێ دەخوێندرێ، کلتوورێک کە بۆی بوونەتە شایەر و پەیتاپەیتا بە باڵایدا دەخوێندرێ، جار جارەیەکیش ئاماژەیەکی سەقەت و نامۆ بە کلتووری خوێندکاری دوو زمانە دەکرێ، بە جۆرێک باسی کلتوور و نەریتی کورد دەکرێ تاکوو منداڵ لێی ببێزرێ و دابونەریتی زمانی زاڵی پێ ڕەسەن بێ و لەخۆنامۆ و دڕدۆنگ بێ و بەرەو هەڵدێری ئیلیناسیۆن هەنگاو بنێ. وەک باقیی کردار و سیاسەتە دوگمەکانی ڕێژیم، پەروەردەی فەرمیی وڵات، پڕۆپاگەندەی ئیدیئۆلۆگی متافیزیکییە و لە گەڵ واقیع و ڕاستییەکانی ژیان پارادۆکسە و زۆر لێک جیاوازن.
ستراتێژیی پەروەردە و سیاسەتی قوتابخانەکانی ئێران هەر وەک ئۆتۆریتەی حاکمانی سەرەڕۆی تارانە، یانی منداڵ گوێگرە و مامۆستاش وەک حاکمێک دەستووردەر و وێژەرە. بە گشتی پەروەردەی ئێرانی، سوڵتەتەوەر و فەرمانبەرتەوەرە. بەڵام لە ئەساسدا قوتابخانە دەبێ دیالۆگتەوەر بێ. سیستەمی فەرمانبەرتەوەر دەبێتە هۆی ئەوەی مناڵ لە داهاتوودا مرۆڤێکی سەرنخوون یان دەسەڵات سەپێن و دیکتاتۆر بێ، وەک دەگوترێ: هەر دیکتاتۆڕێکی زاڵم و زۆردار، سەردەمانێک ژێردەستە و ژێرچەپۆکە بووە.
ژان ژاک ڕۆسۆ لە کتێبی “ئێمیل”دا باس لە ئەوین و خۆشەویستی دەکا و دەڵێ: ” ئەرکی پەروەردە ئەوین و خۆشەویستی و پەڕە پێدانی بەزەیی و دڵسۆزییە”. هەروەها ڕۆسۆدەڵێ: ” خاڵی گرینگ ئەوەیە با قوتابی نەبەسترێتەوە بە فکر و ئەندێشەی هیچ کەسێکەوە. ” یانی با کەس بە جێگای ئەو بیرنەکاتەوە و بۆخۆی فکر وئەندێشەی بخاتە گەڕ، ئەوە نیشانەی ئازادیی دەربڕینە. مەبەستی ڕۆسۆ ئەوەیە بێجگە لە پسپۆڕانی پەروەرردە و بارهێنان، هیچ لایەن و کەسانێکی دیکە بۆیان نییە دەست لە کاروباری پەروەردەدا وەربدەن تاکوو پەروەردە بەرە و ئانارشیزم نەڕوات. لە پڕۆسەی پەروەردەی ئیسلامی/ئێرانیدا ئەوە “حەراسەت و سپا”یە بڕیاردەری سەرەکیی پەروەردەیە و وەک باقیی نەهاد و دامەزراوەکانی وڵات، دەبێ ڕێڕەوی پەروەردە بەرەو ملکەچی بۆ “ویلاتی فەقێ” هەنگاو هەڵێنێ و بە ئاراستەی فەندەمینتالیسمی ئیسلامیدا ڕێچکە بپێچێ.
گوندەکان
لە وڵاتێکی وەک کوردستان بە درێژاییی مێژووە کەوناراکەی ئابوورییەکەی لەسەر دوو کۆڵەکە بنیاد نراوە، ئاژەڵداری و وەرزێری. ئێستاشی لەگەڵدا بێ، ئەو دوو چەمکە ڕۆڵی زۆر گەورەیان لەسەر ئابووریی کورد هەیە. ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی حاکم بە سەر ئێراندا، یەکێ لە سیاسەتە شۆوێنیستییەکانیان زەبر وەشاندن لە ئابووری و ژێرخانی کوردەواری بووە. بە دوای ڕووخانی قاجارەکان وهاتنە سەرکاری پەهلەویی یەکەمدا، دەست کرا بە پڕاکتیزە کردنی پلانی پیلانی شۆوێنیزمی یەک زمان/یەک نەتەوە. بۆ کەم کردنەوەی باری کلتووری/ئابووری و لاواز کردنی ئاستی هێز و وزەی گوند و خێڵەکان، پڕۆسەیەک دەستی پێ کرد کە لە سەردەمی ڕزاشاوە ستارتی لێدراوە و هەتا ئەوڕۆش هەر درێژەی هەیە. ئەو پڕۆسە نگریسە، کلۆنیالیستییە خاوەن سێ بەشە و هەرکام لەوانە پاژێکن لە ئپیزۆتێکی ڕەشی هاوشان و هاوبەش:
- ڕزاشای پەهلەوی عێل وعەشیرەکانی بێ دەسەڵات کرد، بە شێوەیەک کە لە دوای ئەو سەرکوت کردنە ناجوامێرانەیەدا، ئیدی نەبوونە مەترسی بۆ سەر حکوومەتی ناوەندی.
- محەمەدڕەزاشا، واتا پەهلەویی دووهەم دەسەڵاتی خاوەن زەوییەکانی تا ئاستێکی زۆر کەم کردەوە و چاکسازیی ئەرزیی دەست پێ کرد. لە ڕواڵەتدا زەوی بەسەر چینی بێ بەش و وەرزێردا دابەش کرا، بەڵام لە ڕاستیدا هێنانە خواری ئاستی دەسەڵاتی بەرهەمهێنەران بوو کە وردە وردە بووە هۆی کۆچ و کۆچبار بۆ شارەکان و زیاد بوونی چینی پەڕاوێز نشینی شارە گەورەکان .
- یەکێ لە سیاسەتە شۆوێنیستییەکانی کوماری توتالیتێری ئیسلامی، وێران کردنی گوند و دێهاتەکانە، بە واتایەکی ڕوونتر، کامڵ کردنی پڕۆسەی ڕەشی پەهلەوییەکان کە ئێستا ئاخوندەکان بوونەتە ئالتێرناتیو و جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتانە.
وێران کردن و خاشەبڕکردنی گوند و ناوچەکانی وەرزێریی کوردستان لە ژێر سیاسەتی ئاخوندیزمدا ئەو مەبەستانەی لە پشتە:
- وەک پێشتر باس کرا کۆمەڵگای بەکاربەر، خۆپارێز و دوورە پەرێزە. خۆ لە قەرەی شوێنێک نادات کە بە حاڵ بۆنی ترس و دڵەڕاوکێی لێ بێ. وەختایەکی گوندێک وێران دەکرێ و دانیشتوانەکانی ئاوارە دەبن و لە کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێنەرەوە دەکەونە داوێنی کۆمەڵگایەکی بەکاربەر. لە وەها دۆخێکی نەخوازراودا، کەسایەتییەکی داڕماوی هیوابڕاوی چاولەدەس دەمێنێتەوە، بۆ نموونە کاتێ سەددام پتر لە 4500 گوندی کوردستانی باشووری وێران کرد، یانی سەرچاوەی بژێو و بەرهەمهێنەری وڵاتێکی لەناو برد، ئەو کردارە وەها زەبرێکی لە هێزی پێشمەرگەی باشوور وەشاند کە توانایییەکی پڕاکتیکیی ئەوتۆیان بۆ نەمابوو، چونکە شوێنی حەوانەوە و بژێویان تێکدرابوو. کاتی شەڕی عێراق و کوەیەت کە سەدام تەواو لاواز بوو، ئیدی هێزی گەل پشوویەکی هاتەوە بەر خۆی.
- بە گشتی کاول کردنی گوندەکان و کۆچ پێ کردنیان بەرەو شارەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی خسڵەتی مرۆڤەکانیش بەرەو خۆپارێزی و کۆنسێرواتیزم بوون بگۆڕدرێ و ئیدی یاخی بوون و تەواو ملکەچ نەبوون بۆ هەموو جۆرە یاسا و ڕێسایەکی حوکمی کەمڕەنگ دەبێتەوە.
- ئەم خاڵە لە هەر دوو خاڵەکەی دیکە گرینگترە، کاتێ گوند وێران دەکرێ زمان ئازاری بەردەکەوێ، کلتوور خەوشدار دەبێ، چونکە ئیشی گوندی دەبێ کاری پێ بکرێ هەتاکوو ناوی کەرەسە و شوناسی کلتووری گوندی بوون بپارێزرێ. وێران کردنی گوند شێواندنی زمانە، مردنی وشە و ئیدیۆمی ڕەسەنی کوردییە. مردنی حەقایەت و سەربوردە و چیڕۆک و دابونەریتی گەلێکە.
پەروەردەی سەقەت و وێرانی و کاولکاریی گوندەکان، دوو سەری مارێکن بۆ زەبر وەشاندن لە کلتوور و ژێرخانی زمانەوانیی گەلی کورد کە ڕاگەیەنە گشتیەکانیش هاوکاری تۆکمەیانن و قەراغیان بۆ تێ دەکاتەوە.
دەیان و سەدان ساڵە لە گوتاری فارسدا تەرکیز و جەخت لە سەر دوو خاڵ دەکەنەوە:
- یەکەمیان برایەتیی ئێرانییەکانە. بە درێژاییی مێژوو دەسەڵات لە دەستی گەلی فارسدا بووە و باقی ئیتنیکەکان نەتتەنیا بە براچکۆلەش چاویان لێ نەکراوە بەڵکوو بە کۆیلە و خزمەتکار سەیر کراون، ئەوە قسەیەکی ئاسایی نییە و باگراوەندێکی دێرینی لە پشتە. لە ناو هەموو ئتنیکەکانی ئێراندا کورد مەترسیدارترین کەیسە بۆ دەسەڵاتی سانتڕاڵخوازی تاران، هەر بۆیە زۆرجار باس لە خزمایەتیی زمانەوانیی کورد و فارس دەکرێ، بە داخەوە هێندێک جاریش ڕووناکبیرانی کورد کەوتوونەتە داوی زەلکاوی ئەو بۆچوونە ئۆپۆرتونیستییانە، وەک لە پێشەکیی کتێبی “کورد و کوردستان: واسیلی نیکیتین”دا هاتووە و وەرگێڕ ئاواتەخوازە بەشەکانی دیکەی کوردستان بلکێندرێن بە خاکی ئێرانەوە، چونکە وەرگێڕ پێی وایە کورد لە تەک تورک و عاڕەبدا هیچ پێوەندییەکی کلتووری و زمانی و ڕەگەزیی نییە بەڵام لە گەڵ فارسدا هاوڕەگەزن! لە باری زمانی و کلتوورییەوە، خزمایەتیی نزیک و دێرینیان پێکەوە هەیە! وەلی لە ئەساس و لە ڕاستیدا کورد چەندە لەگەڵ تورک و عاڕەبدا خزمایەتیی هەیە، هەر ئەوندەش برا و خزمی فارسەکانە. ئەو ژێردەستەیییە دێرین و پەروەردە سەقەتە، ئینگیزاسیۆن تەوەرە کە مێشکی مرۆڤی کورد دەشواتەوە و بە جێگای ئەوەی بەرپەرەچی ئەو گوتارە ساختانە بداتەوە، بۆ خۆی دەبێتە داڵدە دەری ئەو ڕاسیزم تەوەرییە.
- فارس وەک نەتەوە دەستنیشان دەکرێ و کورد و دیتران وەک قەوم! هەتاکوو ئێستا کەم واهەیە لە یەک ڕاگەندراوی ناوخۆ و دەرەوە ئەمە نەکرێ. تەنات ئوپۆزیسیۆنی دژبەری ڕژیمیش، ئەو چەمکە شۆوێنیستانەیە لە بیر و زەینی دێسپۆتیسیمی خۆیاندا ناسڕنەوە و ترسی گەورەیان بەش بەش بوونی ئێران و جیابوونەوەی ئیتنیکە ژێردەستەکانی جۆغڕافیای کۆلۆنیالیزمی فارسی/ئێرانییە. ئەو بۆچوونانە هەمووی سەرچاوە گرتووی پەروەردەی سەقەتی بەربەریسمی ئیدەئالیستانەیە.
دیارە پەروەردەی سەقەتی ئێرانی لە خزمەت کلتووری فارس و دژبەری کلتوور و زمانی کوردی و باقی نەتەوەکانی ئێرانە، تا زەمانێکی کە ڕەگەزپەرەستی و سێبەری تێئۆکڕاسیزم لەسەر پەروەردە نەڕەوێتەوە و ئایدیای “چەوسێنەر و چەوساوە” بەسەر ئێراندا حاکمە، هیچ برایەتی و خزمایەتییەک، کەلێنی نێوان کورد و فارس خۆش ناکاتەوە وتەبایی و ڕەبایی نایەتە ئاراوە.
بە و هیوایەی پەروەردە لە سەر بنەمای سێکۆلاریسم و پڕاگماتیسم دابمەزرێ، بە پێداگووژییەکی ڕەخنە گرانەوە. چونکە سێکۆلاریسم، سڕینەوەی پیرۆزایەتییە لە دەسەڵات، لابردنی سێبەری ئایینسالارییە، چونکە یەکەم هەنگاوی شۆڕشی فەڕانسە، چەسپاندنی پەروەردەیەکی سێکۆلار بوو. پڕاگماتیسم کەشی ئازاد و بەرفراوانی گەرەکە.
ژێدەرەکان
- امیل: ژان ژاک ڕۆسو. مترجم: غلامحسین زیرک زادە.
- قرارداد اجتماعی: ژان ژاک ڕۆسۆ. مترجم : مرتضی کلانتری.
- پداگوژی ستمدیدگان: پائول و فریرە. مترجم: احمد بیرشک.
- پداگوژی برای رهایی: پائول و فریرە. مترجم: حسام حسین زادە.
- کرد وکردستان: وایسیلی نیکیتین.


