ئارامتر بخوێنەوە!
دیاردەی بەکرێگیراو و ئاشتەوایی لە داهاتوودا
کاوە حەسەنپوور
“ئەوەی لەو بابەتەدا دەمهەوێ جەختی لە سەر بکەم، شیکردنەوە یان خەسارناسیی دیاردەی بەکرێگیراوی نییە، بەڵکوو ڕوانینە لە ئاسۆی دواڕۆژی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لێدانی چەخماخەی باسێکە لەو پەیوەندییەدا. دەسەڵاتی دواڕۆژی کوردی لە ڕۆژهەڵات دەبێ چۆن دەگەڵ بەکرێگیراو هەڵسوکەوت بکا؟ ئایا لێبوردەیی و بەخشینی بەکرێگیراو هەڵبژاردەیەکی باشە؟ دەکرێ بەکرێگیراو لە پڕۆسەیەکی عادڵانەدا دادگایی بکرێ؟ مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی دەگەڵ بەکرێگیراو لە چ پێناوێکدا؟“
“بەکرێگیراو” کە لە زمانی خەڵکی عاممەی کورددا زیاتر بەکارهێنراوە، بە کەسێک دەگوترێ کەدەستی دەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە یەکێک لە بەشەکانی کوردستانی بندەست، تێکەڵ کردووە و لە بڕی پارە یان ئیمکانات، بە شێوەی جۆراوجۆر بە دژی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، هەڵسوکەوت دەکا و دەگەڵ ڕۆڵەکانی گەلی خۆی، بە شەڕ دێ. بەکرێگیراوی وەکوو کاسبی یان کردار تایبەت بە گەلی کورد نییە و بە باوەڕی خاوەن ڕایان ئەو دیاردەیە یەکێک لە کۆنترین سەرچاوەکانی بژیوی مرۆڤ بووە و بە درێژاییی مێژوو لە نێو زۆر میللەتدا سەری هەڵداوە. وەک لقی یۆنانییەکان کە لە شەڕەکانی نێوان ئێران و یۆناندا (٥٠٠ ساڵ پێش لەدایک بوونی مەسیح) لە نێو ئەڕتەشی ئەو کاتی ئێران (هەخامەنیشییەکان)دا سازمان درابوون و بە دژی گەلی خۆیان بەشەڕدەهاتن و یارمەتیی سوپای ئێرانیان دەدا.
ئەوەی لەو بابەتەدا دەمهەوێ جەختی لە سەر بکەم، شیکردنەوە یان خەسارناسیی دیاردەی بەکرێگیراوی نییە، بەڵکوو ڕوانینە لە ئاسۆی دواڕۆژی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لێدانی چەخماخەی باسێکە لەو پەیوەندییەدا. دەسەڵاتی دواڕۆژی کوردی لە ڕۆژهەڵات دەبێ چۆن دەگەڵ بەکرێگیراو هەڵسوکەوت بکا؟ ئایا لێبوردەیی و بەخشینی بەکرێگیراو هەڵبژاردەیەکی باشە؟ دەکرێ بەکرێگیراو لە پڕۆسەیەکی عادڵانەدا دادگایی بکرێ؟ مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی دەگەڵ بەکرێگیراو لە چ پێناوێکدا؟ ئایا تەنیا دەبێ بەکرێگیراو بە سزای تاوانەکانی خۆی بگا؟ تەکلیفی هەواڵگر، موخبیر و بەسیجییە کوردەکان چییە و لەو هاوکێشەیەدا لە کوێ ڕاوەستاون؟ ئەوانە و چەندین پرسیاری دیکە هەوێنی نووسینی ئەو بابەتەن. لە ڕاستیدا لەو بابەتەدا دەمهەوێ ئەزموونی ٣ وڵاتی ژاپۆن، ئاڵمان و ئەفریقای باشوور بخەمە ڕوو کە لە هەر سێکیاندا چۆنییەتیی ڕووبەڕوو بوونەوە دەگەڵ ڕابردوو جیاوازە، تەنیا خاڵی هاوبەشی ئەو٣ وڵاتە ئەوەیە کە لە هەر سێکیاندا تاوانبارمان هەیە. هیچ وێکچوونێک لە نێوان ئەزموونی ئەو سێ وڵاتە دەگەڵ دیاردەی بەکرێگیراو دە ئارادا نییە بەڵام دەکرێ وەکوو مۆدێل چاویان لێ بکەین و دەرسیان لێ وەرگرین و ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، بە ڕاست لە داهاتوودا و بۆ یەکلاکردنەوەی دیاردەی بەکرێگیراو کێهە مۆدێل هەڵدەبژێرین؟
ئەوەی ڕاستی بێ مێژووی بەکرێگیراوی لە سەردەمی مۆدێڕندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە سەردەمی بزووتنەوەی سمایل ئاغای سمکۆ، ئەو کاتەی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێران بۆ ئەوەی بتوانێ دەنگوباسی ناوچەی ژێر دەستی سمایل ئاغا بزانێ، کەسانی خۆجێییی وەکوو بەکرێگیراو ڕێک خستبوو و لە ڕێگەی ئەوانەوە دەستی بە هەواڵەکانی کوردستان دەگەیشت. (سمکۆ، ئیسماعیل ئاغای شکاک: محەممەد ڕەسوڵ هاوار). لە دوای شەهیدبوونی سمایل ئاغا و لە دوای هاتنەسەرکاری حکوومەتی حەمەڕەزا شای پەهلەوی، چالاکیی بەکرێگیراوەکان چڕوپڕتر دەبێتەوە، مەلا محەممەد خزری لە کتێبی بزووتنەوە چەکدارییەکانی ٤٦ و ٤٧دا بە وردی باس لەوە دەکا کە لەو سەردەمانەدا حکوومەتی شا ڕێژەی بەکرێگیراوەکانی زۆر زیاتر کردبوو و تەنانەت بەوەش ڕانەوەستاوە و بەکرێگیراوی ئاودیوی سنووری باشووری کوردستانیش کردووە هەتا شوێن پێی چالاکانی ئەوان سەردەمان بدۆزێتەوە. دیاردەی بەکرێگیراو خەساری گەورە و زیانی قەرەبوونەکراوەی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە، بەکرێگیراوەکان لە پێناو بەرژەوەندیی تاکەکەسی و بنەماڵەییی خۆیاندا بە هاوکاریی حکوومەت دەستیان بە خوێنی هاونیشتمانانی خۆیان سوور کردووە، شەیتانی و شۆڤارییان لە خەڵک کردووە، منداڵی خەڵکیان بێ دایک و باب کردووە، هێرشیان کردۆتە سەر کاسبکاران و کۆڵبەران و بەم شێوەیە بژیوی ژیان و قووتی ڕۆژانەی خەڵکیان بڕیوە و. .. کاتێک باسی مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی دەکەین، ڕێک مەبەستمان چارەسەریی کێشەکانە. ئامانجی سەرەکیی ئەو پڕۆسەیە، پێشگرتن لە ڕووداوی نەخوازراو وەک تۆڵە ئەستاندنەوە، تەسفییەحیسابی تاکەکەسی، ئاژاوە و بێسەروبەرییە. یانی کار کردن لە سەر داهاتوویەکە کە لەوێدا ژیان هاسانتر دەبێتەوە، بەم پێیە مەسڵەت کردن مەڵهەمێکە بۆ ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە و ئا لەم قۆناغەدا هەر دووک لا (چ ئەو لایەنەی زیانی بەرکەوتووە و چ ئەو لایەنەی زیانی بە خەڵک گەیاندووە) بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بە دوور لە توندوتیژی بژین، تەنانەت بە ڕوانگە و بۆ چوونی جیاوازەوە. ئاشتەوایی دەکرێ وەکوو ساغ کردنەوە یان چاک کردنەوەی پەیوەندییەکانیش لێک بدرێتەوە. ئاشتەوایی و مەسڵەت کردن، زیاتر وەکوو باڵانس ڕاگرتن لە نێوان دوو لایەندا دێتە ئەژمار. کەوایە ئەساس و بنەمای ئاشتەوایی لە سەر وەدیهاتنی عەداڵەتە. ئایا تاقم و گرووپ یان کەسانێک کە زیانیان بە خەڵک گەیاندووە، توندوتیژی و زۆر جار ناعەداڵەتییان دەرحەق بە خەڵک بە کار هێناوە، دەبێ سزا بدرێن؟ ئەو سزادانە چۆن جێبەجێ دەکرێ؟ سنووری نێوان تاوان و بێگوناهی لە کوێیە؟ ئایا تەنیا ئەو کەسانە دەبێ سزا بدرێن کە دەستیان بە خوێنی خەڵک سوورە یان ئەو کەسانەی سیخوڕی و موخبیرییان بۆ دەسەڵات کردووە، ئەوانیش دەگرێتەوە؟ ئایا دەکرێ لێبوردەیی وەکوو بژاردەیەک سەیر بکرێ؟ بیر و ڕای گشتیی خەڵک لە سەر ئەو لێبوردەیییە چۆن دەبێ؟ خودی دەستەواژەی ئاشتەوایی (مەسڵەت کردن) خۆی لە خۆیدا جێگای باس و گەنگەشەیە بەو واتایە کە زۆر جار لێبوردەیی شوێندانەریی هەبووە.
ئەو بابەتە لە سەر بنەمای ئاشتەوایی یان مەسڵەت کردن “lihevhatinê” یان بە ئینگلیسی “reconciliation” داڕێژراوە، کە لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە. مەسڵەت کردن هەر لە پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکانیشدا بەم شێوەیە پێناسە دەکرێ. مەسڵەت کردن لە کولتووری کۆنی کورددا وەکوو دەستەواژە لە کاتی ژن هەڵگرتن یان کچ ڕەدوو کەوتندا کاری پێ دەکرا، یانی کاتێک عەمەلی ژن هەڵگرتن ڕوویدەدا، بنەماڵەی پیاوەکە دەستەیەکیان کەیخودا دەناردە ماڵی ژن یا کچەکە بۆ مەسڵەت کردن و دوای جارێک یان چەندین جار گفتوگۆ و ئاخافتنی دوولایەنە، لە سەر هێندێک خاڵ وەکوو مەرج پێکدەهاتن و مەسڵەت دەکرا. ئیدی لە دوای ئەو مەسڵەتە دوژمنایەتی لە نێوان بنەماڵە، تایفە و عەشیرەتەکاندا نەدەما و پەیوەندییەکان ئاسایی دەبوونەوە. مەسڵەت کردن هەر بەو پێودانگە بە قۆناغی بەر لە سوڵح یان ئاشتی لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکاندا دێتە ئەژمار، بەو مانایە کە مەسڵەت کردن بنەمای ئەسڵی و بنچینەییی ئاشتییە. Reconciliation لە ئەساسدا دەستەواژەیەکی ئاینییە و لە دینی مەسیحییەتەوە وەرگیراوە. ئەو دەستەواژەیە شی دەکاتەوە چۆن ئاشتەوایی لە نێوان خوا و مرۆڤدا ئیمکانی هەیە؟.
ئاتڵە سۆممێرفێلت (Atle Sommerfeldt) گەورە ئۆسقۆفی نۆروێژی پێی وایە ئەو دەستەواژەیە لە دەیەی نەوەددا لە باری مانایییەوە گۆڕانی گەورەی بە سەردا هاتووە، یانی لەو کۆمەڵگایانەدا کە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەرۆکی پێ گرتبوون، بە مەبەستی هێور کردنەوەی کۆمەڵگاکان و ڕوانین لە دواڕۆژێکی ڕوون بەکار هاتووە (Sommerfeldt, 2005:133). بەم پێیە ئاشتەوایی، دەستەواژەیەکی مۆدێڕنە لە دونیای سیاسەتدا. ئاشتەوایی دەکرێ بەم شێوەیەش تاریف بکڕێ: دوژمنانی پێشوو ڕێگاچارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانیان دەبیننەوە و تەبایی و پێکەوەژیان هەڵدەبژێرن (Sommerfeldt, 2005:135). بە شێوەیەکی گشتی ئاشتەوایی پرۆسەیەکە کە لەودا لایەنە ناتەباکان، کێشە و ململانێیەکان وەلا دەنێن و پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە و توندوتیژی بەرامبەر یەکدی بەکار ناهێنن (Ramsbotham, Woodhouse & Miall, 2016: 286). بەڵام ئاشتەوایی چۆن دێتە دی؟ ئایا جیاوازیی فەرهەنگی دەتوانێ کاریگەریی هەبێ بە سەر پرۆسەی ئاشتەواییدا؟ کاتێک لە نێوان زاڵم و مەزلوومدا عەداڵەت مسۆگەر دەبێ، ئەوە ئاشتەوایی هاتۆتە دی؟ یان کاتێک تاوانبارانی شەڕ بە سزای کردەوەکانی خۆیان دەگەن؟ دەکرێ ئاشتەوایی بە”قووت دانی حەبێکی تاڵ” تەعبیر بکەین؟ خاوەن ڕایان لە سەر هەر یەک لەو پرسیارانە بابەتگەلێکی زۆریان نووسیوە بەڵام ئەوەی بەگشتی لە پەیوەندی دەگەڵ پڕۆسەی ئاشتەواییدا دەبێ لەبەرچاوبگیرێن، بریتییە لە چوار قۆناغ. بۆ ئەوەی بە ئاشتیی ڕاستەقینە بگەین دەبێ سەرەتا مەسڵەت بکەین و ئەو گرینگەش پێویستی بە جێبەجێ کردنی یەک لە دوای یەکی ئەو قۆناغانەیە:
١. قەبووڵ کردنی وەزعییەتی مەوجوود (status quo)
٢. دانیشتن و تێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان.
٣. سازان لەسەر ئەو خاڵانەی ماکەی دژایەتییان لێ ساز بووە یان دروست کردنی پردێک لە نێوان تێبینییە جۆراوجۆرەکان.
٤. ئاشتی لە نێوان دژمنانی پێشوودا. (Ramsbotham et al. , 2016:288)
خاڵی یەکەم قەبووڵ کردنی وەزعییەتی مەوجوودە، زیاتر وەک بژاردەیەکی نیگاتیڤ دەچێ، هەر دەڵێی مرۆڤ هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەر دەم نییە و قەبووڵ کردنی ئەو بارودۆخە بە بەخت و ئیقباڵییەوە گرێ دراوە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە و ئەو کەسانەی خوازیاری ئاشتیی ڕاستەقینە و نەمانی شەڕن، دەبێ سەرەتا وەزعییەتی مەوجوود قەبووڵ بکەن. دەبێ دان بەوەدا بنێن کە لە شەڕ و کێشەدان و درێژەدانی ئەو بارودۆخە غەیری زیان هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە. ئەگەر بمانهەوێ ئەو بەشە دەگەڵ دیاردەی بەکرێگیراودا هەڵسەنگێنین، ئاسایییە دەبێ قەبوڵی کەین ئێمە دیاردەی بەکرێگیراومان هەبووە و خەڵکێک زیانیان بەرکەوتووە و دەبێ چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
قۆناغی دووهەم باسی ئەوەیە هەتا دانیشتن و لێک تێگەیشتن لە نێوان لایەنەکان ڕوونەدا، ئەوا ئاشتیی ڕاستەقینە مەحاڵە دەستبەر بکرێ. دەبێ لایەنەکان داخوازی و ئیدیعاکانیان بێننە بەر باس و گفتگۆیان لە سەر بکرێ. ئەو داخوازییانە دەبێ بەراورەد بکرێن، خاڵی هاوبەشیان بۆ پێکەوە سازان تێدا بدیترێتەوە، ئەگینا بە ڕەخنە لێک گرتن و دیتنەوەی جیاوازییەکان، کێشەکان چارەسەر نابن. دە قۆناغی سێهەمدا کە باسمان کرد دروست کردنی پردێک دەتوانێ جیاوازییەکان لێک گرێ بدا و لێک نزیکبوونەوەیەکی واقیعی بێتە ئاراوە. لێرەدا ئێمە دەرگایەک بە ڕووی یەکتردا دەکەینەوە، دەرەتان و ئیمکان دەدەین بە یەکتر. لە قۆناغی چوارەمدا ئیدی دوژمنایەتیی پێشوو وەلا دەنرێ و کەشێکی عاتیفی و دەلاقەیەکی نوێ بەرەو داهاتوو دەخوڵقێ. (Pankhurst,1998)
بەکارهێنانی میکانیزمی حکوومی لە دوای شەڕ
بۆ گەیشتن بە قۆناغی چوارەم واتە ئاشتیی ڕاستەقینە، دەکرێ حکوومەتەکان کەڵک لە میکانیزمی جۆراوجۆر وەرگرن. پێکهێنانی کۆمیسیۆن بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت یەکێک لەو کەرەستانەیە کە دەتوانێ دەوری بەرچاو بگێڕێ. لەو پرۆسەیەدا گێڕانەوە و شایەتی دان بنەمای ئەو ڕەوتە پێکدێنێ. لە ڕاستیدا کۆمیسیۆن لە پەیوەندی دەگەڵ ئاکاری بەکرێگیراوەکان لە دەورانی حکوومەتی پێشوودا، داوا لە خەڵک دەکا بێن و شکایەتەکانیان تۆمار بکەن، بەم شێوەیە ئەو کەسانەی زەرەرمەند بوون و زیانیان بەر کەوتووە دێن و شایەتی دەدەن و بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە، ئەو ڕەوتە دەبێ لەوپەڕی سەداقەت، ئاوەڵایی وشەفافییەتدا بگیڕدرێتەوە. بە سەداقەتەوە یانی ڕووداوەکان چۆن بوون بە بێ کەم و زیاد کردن وەک خۆی باس بکرێن. بە ئاوەڵایی مەبەست ئەوەیە ڕەگەز، کولتووری نەشیاو و کۆمەڵگا، نەبن بە بەربەست بۆ ئەوەی بۆ وێنە ژنێک نەتوانێ باس لە دەسدرێژی جیسنی بکا کە لە لایان تاوانبارێک کراوەتە سەری و بەم شێوەیە سەرپۆش لە سەر ڕاستییەکان دابندرێ و دیزە بەدەر خوونە بکرێن. (Barash & Webel, 2018: 603).
ئافریقای باشوور
ئافریقای باشوور یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە دوای ڕێژیمی ئاپاڕتاید و هاتنەسەرکاری نێلسۆن ماندێللا وەک سەرۆک کۆمار، کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی حەقیقەتی دروست کرد. لە ڕاستیدا بە کارهێنانی ئەو کۆمیسیۆنە لە لایان حکوومەتی ماندێللاوە، لە نەوعی خۆیدا بێ وێنەیە.
ئاپاڕتاید بە مانای جیاکردنەوە و هەڵاواردنە و کاتێک لە حکوومەت و سیاسەتدا بە کاردێ، بە هەڵاواردن و جیاوازیی ڕەگەزی وێنا دەکرێ. ئاپاڕتاید لە ئەفریقای باشوور یەکێک لە وەحشیانەترین شێوەکانی ڕاسیزم بوو کە لە لایان کەمینەی سپی پێستەوە بەسەر زۆرینەی ڕەش پێستی ئەو وڵاتەدا سپا. بۆ ماوەی نزیک بە نیو سەدە خەڵکی ڕەش پێست، لە لایان سپی پێستەکانەوە، لە شوێنی ژیانیان دەگوێزرانەوە و کۆچیان پێ دەکرا. حەقی خوێندن، نووسین و کار کردنیان لێ زەوت کرابوو. نێلسۆن ماندێللا کە دژبەری نیزامی ئاپاڕتاید بوو، بە هۆی چالاکییەکانی لەو بوارەدا بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ زیندانی کرا، بەڵام دوای ئازادبوونیشی، دیسان دەستی کردەوە بە خەبات و دوای یەکساڵ، بوو بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە. هەر لە دوای هاتنە سەر کاری، دەستی کرد بە ساز کردنی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی حەقیقەت، بە مەبەستی مەسڵەت کردن و ئاشتەوایی لەو وڵاتە لە نێوان ڕەش پێستەکان و سپی پێستەکاندا. (Barash & Webel, 2018: 604)
ئامانجی ئەو کۆمیسیۆنە چەند ڕەهەندی بوو. لە پلەی یەکەمدا کۆکردنەوەی بەڵگە لە سەر ئەو بەسەرهاتانەی کە ڕوویانداوە، لە پلەی دووهەمدا کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو کەسانە کە وەک قوربانی لە ڕووداەکاندا بوون، هەتا ئەو ڕووداوانە لە زەینی جەمعیی خەڵکدا بمێنێتەوە و ببنە دەرس و سەرمەشق بۆ داهاتوو. لە لایەکی دیکەوە کومیسیۆن پێی وا بوو گێڕانەوەی ڕووداوەکان، باری خەم و ئازارەکان لەسەر قوربانییەکان سووک دەکا و بەم شێوەیە ئازارەکان لە نێو هەموو کۆمەڵگادا بەش کراون. کومیسیۆنی لەم شێوەیە، لە زۆر وڵاتی دونیادا پێکهاتوون و لە زۆربەی ئەو وڵاتانەش نیشانی داوە ئەنجامەکانی باش بوون و دەشێ کاریان پێ بکرێ.
کاری ئەو کۆمیسیۆنە بەم جۆرە بوو کە قوربانی دەهات و بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەی دەگێڕایەوە، لەم پەیوەندییەدا تاوانباری ڕووداوەکەش ئەگەر لە ژیاندا مابا بانگهێشت دەکرا. ئەو دوو لایەنە بەرامبەر یەکدی دادەنران و وتووێژیان دەکرد، قوربانی باسی لە تاوانەکە دەکرد و تاوانبارەکەش دانی بە گوناهی خۆیدا دەنا. ئەو دیمانەگەلە تۆمار دەکران و لە نیهایەتدا تاوانبار و قوربانی وێکڕا ئاشت دەبوونەوە و ڕابردوویان لە بیر دەبردەوە. بە بێ ئەوەی تاوانبار بە سزای تاوانی خۆی بگا یان قەرەبووی بکاتەوە. کۆمیسیۆن توانی زیاتر لە ١٦٠٠٠ دیمانە تۆمار بکا کە لەواندا بۆ وێنە جیرانی سپی پێست، بێ حورمەتیی بە جیرانی ڕەش پێستی خۆی کردووە، منداڵی ڕەش پێست، نراوەتە بەر کاری زۆرەملی، ژن دەستدڕێژیی سێکسیی کراوەتە سەر، لە مەکتەب و قوتابخانەکاندا، هەڵاواردنی سیستماتیک ئەنجام دراوە و ڕەش پێستەکان لە زێدی دایک و بابی خۆیان دوور خراونەتەوە و. ..
گومان لەوەدا نییە کە ئافریقای باشوور بەم شێوەیە ڕێگای خۆی بۆ ڕووبەروو بوونەوە دەگەڵ ڕابردووی خۆی هەموار کرد، بەڵام ئەو کۆمیسیۆنە بەر لە هەموو شت، جەختی لە سەربیستنی حەقیقەت بوو هەتا گەیشتن بە عەداڵەت. دوابەدوای ئەوەی کۆمیسیۆن کارەکانی خۆی تەواو کرد بەرەوڕووی ڕەخنەی زۆر توند بۆوە، ئێستاشی دەگەڵ بێ ڕەخنەی زۆر هاتۆتەوە سەر شێوەی کاری کۆمیسیۆنەکە. دەوڵەتی ماندێللا و هاوکارانیان لە کۆمیسیۆن پێیان وابوو زانینی ڕاستییەکان و کەشفی حەقیقەت، ئاشتی بە دووی خویدا دێنێ. بەڵام وەک گۆڵپن دەڵێ: تۆ بزانی ئەو هەموو کارەساتە ڕوویداوە و کەسانێک تێیدا تاوانبارن و کەسانێک قوربانین، بەڵام بە بێ ئەوەی تاوانبار باجێک بۆ کردەوەی خۆی بدا هەروا عەفووی بکەی، دەتوانێ زۆر بە هاسانی تووڕەیی و دژکردەوەی وەک تۆڵەی لە نێو کۆمەڵگادا لێ بکەوێتەوە. دەرد و ئازاری ئاپاڕتاید بیسترا و دەبیسترێ، زۆر کەس ئێستاش لە ئافریقا چاوەڕوانن تاوانباران لە پڕۆسەیەکی عادڵانەدا بە سزای تاوانەکانیان بگەن. (Gloppen, 2009:9-10)
Vergangenheitsbewältigung لە ئاڵمان
لە نێوان هەموو ئەو ئەزموونانەی لە سەر مەسڵەت کردن لە دونیای سیاسەت و بەتایبەت شەڕدا لە بەر دەست هەیە، ئەزموونی وڵاتی ئاڵمان لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی زۆر جیاوزە. Vergangenheitsbewältigung کە وشەیەکی ئاڵمانییە بە مانای ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ ڕابردوویە. ئەو دەستەواژەیە لە ئەساسدا لە دوو بەش پێکهاتووە لە “رابردوو” و “خۆ دیتنەوە تێیدا”. ئەگەر بمانهەوێ کارکردی ئەو وشەیە لە باری مانایییەوە لە پڕۆسەی ئاشتەواییدا وێنا بکەین، دەتوانین بڵێین، فێر بوونی چۆنییەتیی ژیان دەگەڵ ئەو کارەساتانەی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە.
سانتایانا فیلسووفی ئیسپانیایی دەڵی: ئەو کەسانەی دەرس لە مێژوو وەرناگرن، محکوومن بەوەی دیسان هەڵەکانیان دووپات کەنەوە. بە ئیلهام وەرگرتن لەو وتەیە، ئاڵمان مەجبوور بوو دەگەڵ هۆلۆکاست و ڕاستییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی ڕووبەڕووبێت. لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، ئاڵمان حەشیمەتێکی لەسەر دەست ماوە کە بەشی زۆریان تاوانبار بوون یانی بە پێچەوانەی ئافریقای باشوور کە دوو لایەنی تاوانبار و قوربانیی تێدابوو و مەجبور بوون دەگەڵ یەک بژین، ئەوا لە ئاڵمان یەک لایەن هەبوو کە بەشی زۆری تاوانبار بوون و مەجبوور بوون دەگەڵ ڕابردووی خۆیان ئاشت بنەوە. ئەو تاوانبارانە بەشێکیان خەڵکی مەدەنی بوون، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە پێ لە هەڵەکانی خۆیان بنێن و بزانن چییان کردووە، هەم کلیسای کاتۆلیک و هەم پرۆتێستان لەو وڵاتە، ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا. ئەو پڕۆسەیە هەر بە دانپێدانان و ناسینی هەڵە تەواو نەبوو، بەڵکوو لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هەتا ئێستا بەردەوام بووە. لە ڕێگای ڕاهێنان، خوێندنەوە، شەفافییەت و ڕاستوێژی، سەردانی ئوردوگاکانی کاری ئیجباری و ئەو کوورانەی لە لایان حکوومەتی نازییەوە بۆ سووتاندنی مرۆڤ کەڵکیان لێ وەرگیرابوو. ئەوانە هەر یەکە و بەشێکن لەو پڕۆسەیە و ئامانجیان ئەوەیە بە تایبەتی جیلی نوێی ئاڵمان و بە گشتی خەڵکی وڵاتەکە دەرس لە ڕابردوو وەرگرن و بزانن کە لە ڕابردوودا چۆنیان ناحەقی بە دژی دیتران کردووە. یەکێک لە کارە گرینگەکانی دیکەی وڵاتی ئاڵمان بۆ مەسڵەت کردن دەگەڵ قوربانیان دانی غەرامەت بە جوولەکەکان و وڵاتی ئیسڕائیل بوو.
لە ٧ی دێسامبەری ساڵی ١٩٧٠دا، بیست و پێنج ساڵ دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، ویلی برانت(راوێژکاری گشتی) یان سەدری ئەعزەمی وڵاتی ئاڵمان بۆ نوێ کردنەوەی دۆستایەتی سەردانی وەرسای وڵاتی لەهێستان(پۆلۆنیا)ی کرد. لەهێستان لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا زیانی بەرچاوی بەرکەوتبوو، برانت لەو سەفەرەدا زۆر خاکەڕایانە لە بەر دەم ئێلێمانی قارەمانانی گیتوو چۆکی دادا و چەند خولەک لەم حاڵەتەدا مایەوە.
هەرچەند ئەو خۆی یەکێک لە دژبەرانی هیتلێر بوو بەڵام ئەو کردەوەیەی برانت، وەکوو کەسی یەکەمی وڵاتی ئاڵمان لەو سەردەمەدا، زۆر جێی بایەخ بوو و وەکوو ڕووداوێکی مێژوویی سەیر دەکرێ. کردەوەی برانت، لە هەر دووک وڵاتی لەهێستان و ئاڵمان، لە لایەن بەشێک لە خەڵکەوە ڕەخنەی هاتەوە سەر. زۆر کەسیش پێیان باش بوو و بە گرینگیان دەزانی. برانت وەکوو نوێنەری خەڵکی ئاڵمان نیشانی دا ئەو وڵاتە ئاشتیی ڕاستەقینەی دەوێ و بە شەهامەتەوە دەتوانێ دان بە هەڵە و تاواکانی خۆیدا بنێ. برانت ساڵیک دوایە لە ئۆسلۆ خەڵاتی نۆبێلی ئاشتیی وەرگرت. (Barash & Webel, 2018: 606)
ژاپۆن- کوشتاری نانجینگ
ژاپۆن لە مەسڵەت کردن و ڕووبەروو بوونەوە دەگەڵ ڕابردووی خۆیدا سیاسەتی حاشا کردنی هەڵبژاردووە. لە شەڕی نێوان ژاپۆن و چیندا، شیمانە دەکرێ سێسەدهەزار کەس لە خەڵکی سیڤیلی چینی، بە دەستی ژاپۆنییەکان کوژراون و بیست هەزار بۆ هەشتا هەزار ژنیش دەستدڕێژیی سێکسییان کراوەتە سەر. ئەو ڕووداوانە لە نانجینگی وڵاتی چین و لە دوای ١٣ی دێسامبەری ١٩٣٧ لە ماوەی ٦ حەوتوودا ڕوویان داوە. وڵاتی ژاپۆن ئێستاشی دەگەڵ بێ ئەو تاوانانەی وەئەستۆ نەگرتووە و بەردەوام لە دیفاعی مەشروع بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ئیدعایانە کەڵک وەردەگرێ. بەڵگە و سەنەدی زۆر ئاشکرا لەبەر دەستن کە نیشان دەدەن ژاپۆن جینایاتی شەڕی ئەنجام داوە، لەوانە ئەو منداڵانەی لە دوای دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنە چینییەکان هاتوونەتە دونیا، لە تێستی دی ئێن ئەی دا، ڕەگەزی ژاپۆنییان هەیە، ئینجا گەواهی دان و دانپێدانانی سەربازانی ژاپۆنی کە دیمانەیان دەگەڵ کراوە، هەم دیمانەی قوربانییەکانیش ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنن. بەڵام ژاپۆن یەکەم ئەو ڕێژەیەی بۆ قوربانییەکان قەبووڵ نییە و ئیدیعا دەکا قوربانییەکان لە مابەینی سەد و دووسەت هەزار کەس دان و ئینجا دەستدرێژیی سێکسیش ئەنجام نەدراوە و هەرچی هەبووە لەو شەڕەدا دیفاعی مەشرووع لە سەروەریی ژاپۆن بووە.
ئاکامی بابەت
ئەزموونی ئافریقا تەنیا بیستن و بە ڕاپۆرت کردنی تاوانەکان بوون، ئەزموونی ئاڵمان دەرس وەرگرتن لە ڕابردوو و ئاشت بوونەوە دەگەڵ مێژوو بوو. بەڵام ژاپۆن حاشا لێ کردن و پشتگوێ خستن بوو. بە بڕوای من کورد بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە دەگەڵ بەکرێگیراو لە داهاتوودا، بە گوێرەی بارودۆخ دەتوانێ سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکەش وەرگرێ.
سەرچاوە نۆروێژی و ئینگلیسییەکان
- Barash, David P. & Charles P. Webel, 2018: Peace and Conflict Studies, 4th edition, Chapman University, University of New York in Prague, kapittel 22
- Gloppen, Siri, 2009: ‘Sør-Afrikas sannhetskommisjon – Et internasjonalt ideal?’, i FN magasinet, Årgang 3, Nr. 1, side 8-11 (kompendium)
- https://www. dictionary. com/browse/atonement
- Pankhurst, D. (1998) Issues of justice and reconciliation in complex political emergencies. Paper given at the British International Studies Association annual conference, Leeds, December. I boka Contemporary Conflict Resolution, Ramsbotham, Oliver; Tom Woodhouse & Hugh Miall, 2016, side287.
- Ramsbotham, Oliver; Tom Woodhouse & Hugh Miall, 2016: Contemporary Conflict Resolution, 4th edition, Polity Press, kapittel 10.
- Skaar, Elin, 2009: ‘Lang veg mot fred og forsoning’ i FN-magasinet, Årgang 3, Nr. 1, side 4-7 (kompendium)
- Sommerfeldt, Atle, 2005: ‘Ingen snarvei til forsoning’, i Heidrun Sørlie Røhr (red. ), 2005: Dialog – Mer enn ord. Jubileumsskrift for Nansen Dialog: 1995-2005, Lillehammer: Nansenskolen, side 133-157 (kompendium)
سەرچاوە فارسی و کوردییەکان
- طباطبایی، محمد حسین. تفسیر المیزان، جلد ۲، دفتر انتشارات اسلامی، اینترنت، صفحه ۳۸۴-۳۸۳، دانلود شدە از: https://fa. alkawthartv. com/news/143339
- محمد، ڕ. هاوار. ١٩٩٥، سمکۆ (سمایل ئاغای شکاک) و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، چاپی یەکەم، ستۆکهۆڵم
- هەمبانە بۆرینە، هەژار موکریانی، نوسخەی ئانلاین بۆ ئاندرۆید، گەڕان لە وشەی بەکرێگیراو


