ئارامتر بخوێنەوە!

ئەسڵە بنەڕەتییەکانی خوێندن و پەروەردەی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە کوردستاندا

ئیبراهیم ساڵح‌ڕاد

کولتووری ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازانە بووەتە سیمای هەرە ئاشكرای ئینسانی کورد. لە لایەکی دیکەشەوە ژیان و ململانێ و بەرخۆدان و بەربەرەکانێ دەگەڵ داگیرکەران و پەلاماردەرانی کوردستان، ڕۆڵەکانی گەلی کوردی دەگەڵ زۆر لایەنی فەرهەنگی ئەوان ئاشناکردووە. ئەو پەیوەندییە نابێ ببێتە مایەی خۆبەکەمزانی و خۆبەکەمگریی ئینسانی کورد. ڕاست بە پێچەوانەوە، پێویستە کولتورو فەرهەنگ و سیاسەتی ئێمە وەک نەتەوە بەهێزتر بکات، بە جۆرێک کە باشتر لە کڵ بێینە دەر وهەستی نەتەوایەتیمان تۆختر و بەهێزتر بکات.



سەرەتا

لەو وتارەدا، بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی کار و خوێندنەوەی خۆم و هەروەها لەبەر ڕووناکاییی پڕۆگرامەکانی پەروەردە و فێربوون لە نۆروێژدا، هەوڵ دەدەم ئەو هێڵە گشتییانەی کە دەکرێ وەک ئەسڵە بنەرەتییەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا، هەموو پڕۆگرامەکانی دیکەی پەروەردە و خوێندن و فێربونیان لەسەر بنیات بنرێ، پێشنیار دەکەم.

وتارەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت. لە پێشەکیی باسەکەدا هەوڵ دەدەم بایەخی ئەو ئەسڵە گشتییانە، وەک بەردی بناخەی پەروەردە و فێرکردنی نیشتیمانی ڕوون کەمەوە. دوایە زۆر بەکورتی پرەنسیپ و بایەخە بنەڕەتییەکانی پەروەردە و خوێندن و فێربوون، دەخەمە بەرباس.

بەشی یەکەم: ئەو بایەخ و نرخە بنەڕەتییانەی کە پێویستە پەروەردەی ئێمەیان لەسەر بنیات بنرێ.

بەشی دووهەمڵ پرەنسیپە گشتییەکانی پەروەردە و فێربوون و گەشەسەندن و پێگەیشتن.

بەشی سێهەم: ئەسڵە بنەڕەتییەکانی کار و پراکسیسی قوتابخانە و ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن.


پێشەکی

گرینگیی ئەو ئەسڵە گشتییانە لەچیدایە؟

ئەو سێ ئەسڵە گشتییانە بە سەر یەکەوە، بە کۆڵەکەی هەموو بەرنامە و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و فێرکردن بە حیساب دێن. هەموو منداڵان و لاوان و خوێندکاران، کە بە قۆناخەکانی پێش سەرەتایی و سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و لقەکانی دیکەی خوێندنی پیشەییدا تێدەپەڕن، پێویستە لەبەر ڕووناکاییی ئەو سێ ئەسڵە بنەڕەتییەدا، پەروەردە بکرێن و باربهێنرێن. ئەو ئەسڵانە، ئەو بایەخ و نۆرم و نرخانە لە بەرنامەکانی خوێندن و پەروەردەدا بەرجەستە دەکەن، کە وەک ئەستێرەی ڕێنیشاندەر، نەتەوەی کورد وکۆمەڵگای کوردستان بۆ پێشەوە ئاراستە دەکەن. ئەو ئەسڵانە، هەموو پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون، دەگرنەوە. بۆیە هەموو ئەوانەی لەو پڕۆسەیەدا ئەرک و بەرپرسایەتییان لەسەر شانە، پێویستیە پەیڕەوییان لێ بکەن و تێکۆشن لەکاری ڕۆژانەی خۆیاندا دەکاریان بکەن.

پەروەردە و فێربوون لە کوردستاندا، بە هاوکاریی ماڵ و کۆمەڵگا، پێویستە دەرگای دونیای ئەمڕۆ و سبەی بەڕووی قوتابیدا بکاتەوە. خوێندکار لەگەڵ کولتوور و فەرهەنگی نیشتیمانی و نەتەوەیی و جیهانی ئاشنا بکا و توانایی و لێوەشاوەیییەکانی، لە ڕێگای وەدەستهێنانی شارەزایییە تەکنیکی و زانستییە جۆراوجۆرەکانەوە بەرێتە پێش، تا بتوانێ لە کۆمەڵگادا، وەک کەسایەتییەکی کارا و دێموکڕات کار بکا و هەڵسوڕێ، ماڵیات بدا و ئەرکی خۆی بەڕێوەبەرێ و ئازایانەش بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خۆی و گەل و خەڵکانی دیکە بکات.

پەروەردە و فێربوونی ئێمە پێویستە لەسەر بناخەی ئەو نرخە جەوهەرییە کوردستانی و ئینسانییانە، ئەو داب و نەریتە ڕەسەنە کوردستانی و ناوچەیی و جیهانییانە، کە لەگەڵ ستانداردە نێونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ دێنەوە، بڕواتە پێش. دێموکڕاسی. برایەتی، ئاشتی، تۆلێرانس، عەداڵەت و عەداڵەتخوازی، یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ و ماف و ئازادییە بنەرەتییەکانی ئینسان، بەشێکی بەرچاوی ئەو بایەخە ئەساسییانەن.

ئینسانی کورد پێویستە هەموو ئەو شارەزایییانە فێربێت کە بۆ ژیان و کار لە کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ و مۆدێڕندا، پێویستی پێیەتی. ئەوە ئەرکی پەروەردەیە ئەو ئامانجە وەدی بێنێ. لە پێناوی ئەو مەبەستەدا ئەو پرەنسیپە بنەرەتییانە پێشنیار دەکەین کە دەبێ سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی نیشتیمانی لە کوردستاندا، لەسەریان بنیات بنرێ.


ئەو بایەخ و نرخە بنەڕەتییانەی کە پێویستە پەروەردەی ئێمەیان لەسەر بنیات بنرێ

1- لێرەدا ئەو نرخ و بایەخانە دەخەینە بەرباس کە کۆمەڵگای کوردستان و مێنتاڵیتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆحیی ئینسانی کورد و نەتەوەی کوردیان لەسەر دادەمەزرێ. ئەو نرخانە بە بەردی بناخەی کۆمەڵگای مۆدێڕن و دێموکڕاسی لە کۆردستاندا دادەنرێن و یارمەتیمان دەدەن کە پێکەوە بژین و کاربکەین و بڕۆینە پێش.

2- ئەونرخانە وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ لە فۆڕممان دەدەن و بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە، دەگەڵ یەک ئاوێتەمان دەکەن. ئەو نرخانە لەو داب و نەریت و ڕێوشوێن و بایەخانەدا خۆیان نیشان دەدەن کە لەو دین و مەزهەب و ڕوانگە سیاسی و فەلسەفییانەوە سەرچاوەدەگرن، کە لە کوردستاندا هەن و لەگەڵ نۆرمە گشتییەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا دێنەوە. پەروەردە ئەو بایەخانە زەق دەکاتەوە و دەیانکاتە بەشێکی جیانەکراوە لە کەسایەتیی ئینسانی کورد. قوتابخانە و مامۆستایان تێدەکۆشن ئەو نرخانە بکەنە چرای ڕێنیشاندەری هەموو کار و بەرنامەکانیان لەکاتی فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکان و لاوەکاندا. لە پڕۆسەی پەروەردە و فێربووندا قازانج و بەرژەوەندییەکانی قوتابی دەخرێنە پێش هەر شتێکی دیکەوە. مامۆستا بە تایبەتی و سیستەمی پەروەردە، پێویستە ئامێز بۆ هەموو کەس لە کوردستاندا بکاتەوە و مەیدانی هەڵدان و گەشەی بۆ دروست کات.

1. بایەخ و کەرامەتی ئینسان

سیستەمی پەروەردە پێویستە تێکۆشێ کە ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و بەهێزکردنی ئەو بایەخانەی پەیوەندیان بەوەوە هەیە، بکاتە ئامانجی سەرەکیی پەروەردە وفێرکردن و پڕۆگرامەکانی خوێندن وڕاهێنان. عیززەت و کەرامەتی مرۆڤ، بەرز و پیرۆزڕادەگیرێ و لە هیچ هەلومەرجێکدا، نابێ هێرش و پەلاماری بکرێتەسەر. سەرەڕای هەموو ئەو جیاوازییانەی نێوانمان، مرۆڤەکان بایەخی وەک یەکیان هەیە. کاتێک مامۆستا لە کاری ڕۆژانەیدا ڕێز و حورمەت بۆ قوتابییەکەی دادەنێ، ئەوە بەکردەوە کەرامەتی ئینسانیی خوێندکارەکەی بەرز دەنرخێنێ و لەهەمان کاتدا لەنێو پۆل و قوتابخانەشدا، لەنێوکۆڕی گشتیی هاوپۆلەکانی قوتابییەکەشدا، پلەوپایەی ئینسانیی قوتابی بەرزدەکاتەوە و ئەوانیش فێردەبن دەگەڵ یەکتر ئاوا ڕەفتار بکەن. بەوجۆرە ئەو هەڵسوکەوتە دەگوێزرێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگاش و ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە نێو خەڵکدا و لە پەیوەندیی نێوان ئینسانەکاندا، بەرجەستە دەبنەوە.

مافەکانی مرۆڤ لە عیززەت و كەڕامەتی مرۆڤەوە سەرچاوەدەگرن و بە بەردی بناخەی دەوڵەتی قانوون دادەنرێن. ئەو مافانە بریتین لەو نۆڕم و ستانداردە جیهانییانەی کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا پەسندکراون وهەموو مرۆڤەکان، بە هەموو جیاوازییەکانی نێوانیانەوە، لە هەر کوێی ئەو سەرزەوییە بن و لە هەر جێیەکەوە هاتبن، دەگرنەوە. لەو نێوەدا کۆنڤانسێۆنی مافەکانی منداڵ، کە لە پەیوەندی دەگەڵ منداڵان و مێرمنداڵان و لاواندا، بە بەشێکی گرینگی میکانیزمە نێونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت، شوێنێکی تایبەتی هەیە و سیستەمی پەروەردەی ئێمە لە کوردستان، لەسەریەتی، لە کاری خۆیدا، قورسایییەکی زۆرتری بخاتە سەر. پەروەردە و فێرکردن بە گشتی پێویستە لەهەموو ئاستەکانیدا. لەگەڵ مافەکانی مرؤڤ و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤدا هاوئاهەنگ بکرێ. جیا لەوەش لەهەموو قۆناخەکانی خوێندن و پەروەردەدا، قوتابی پێویستە زانیاریی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ وەدەست بێنێ. بەومانایە کە دەبێ خوێندنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ، لە خشتەی ڕۆژانە و هەفتانەی دەرسەکانی قوتابخانەدا، جێگای تایبەتی و گرینگیی خۆیان بۆ بکرێتەوە. لەو ڕێگایەوەیە کە ئەو نۆڕمانە، کە بنچینەی ئاشتی و برایەتی و عەداڵەتن، جێگای خۆیان دەکەنەوە و دەبن بە بەشێک لە کەسایەتیی ئینسانی کورد وتایبەتمەندیی کۆمەڵگای کوردستان.

یەکسانی و هاوبایەخی لە نێوان ئینسانەکاندا، لەو بایەخە ئینسانییانەن، کە مرۆڤ لە سەرتاسەری مێژووی خۆیدا، لە پێناوی جێگیرکردنیاندا خەباتی کردوە. بەوحاڵەش هێشتاش پێویستە پەروەردە بەگشتی و ناوەندەکانی خوێندن بەتایبەتی، کاری زۆرتریان لەسەر بکەن تا باشترجێگیربن. مامۆستا، قوتابخانە و پەروەردە، پێویستە بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروارانە، بێ هیچ چەشنە جیاوازی دانانێک، هەڵسوکەت و ڕەفتار دەگەڵ هەریەکێک لە قوتابییەکاندا بکات. جیا لەوە قوتابییان دەبێ دەرفەت و شانسی وەک یەکیشیان بدرێتێ، تا بتوانن، بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاڕ بدەن و هەڵبژێرن. قوتابخانە و پەروەردە بەگشتی، پێویستە ڕێز لە جیاوازییەکانی نێوان قوتابییەکان بگرن. ئەو ڕەنگاوڕەنگییەی نێوان منداڵەکان، ئەو جۆراوجۆرییەی لە نێو قوتابییان و خوێندکاراندا هەیە، دەبێ بە هێند بگیرێ و بە ڕەسمیش بناسرێ. پەروەردە لە سایەی ئەو ڕەنگاورەنگیە، بە مایەی دەوڵەمەندی بزانێ و وەک کەرەسەیەکی بەنرخ لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، بەکاری بێنێ و ئیلهام و هێزی لێ وەرگرێ. قوتابخانە دەبێ ئەو دەرفەتە، ئەو فەزایە بۆ هەموو قوتابییەکان دروست بکات، کە هەست بە بوونی خۆیان و پەیوەندیی توندی خۆیان دەگەڵ پۆل و قوتابخانە و کۆمەڵگای دەوروبەیان بکەن. واتە خۆیان لەو چواچێوەیەدا بدۆزنەوە. هەموومان پێویستە بە ئێسک و پێستەوە لەوە حاڵی بین کە هەر لەوکاتەدا کە جیاوازیمان لە نێواندا هەیە، هاوبایەخین و لەسەرمانە بە ڕێز و حورمەتەوە ڕەفتاردەگەڵیەکتر بکەین. بۆیە زۆرگرینگە پەروەردە بایەخ بە جیاوازییەکانی نێوان قوتابییان بدات، بە هێندیان بگرێ و بیانبینێ و بەرەسمیان بناسێ. سەرەڕای ئەوەش قوتابخانە پێویستە ئەوەمان فێرکات کە بەو هەموو جیاوازییانەشمانەوە، ئێمە ئینسانەکان بەهەزار و یەک داوی دیتراو و نەدیتراوە وە، پێکەوە بەستراوینەتەوە.

مرۆڤەکان ناسکن و توشی هەڵەش دەبن. بۆیە لێبوردن، هاوپەیوەندی نیشاندان دەگەڵ یەکتر، هاوکاری و چاکە دەگەڵ یەک، چاوپۆشی لەهەڵەی یەکتر، خۆشەویستی بۆ یەکتر، پشتیوانی لە یەکتر، لەو شتە پێویستانەن کە ئینسانەکان لە پڕۆسەی گەشەسەندن و پەروەردەبونی خۆیاندا پێویستە تاقییان بکەنەوە و لەگەڵیان ڕابێن، بە جۆرێک کە ببنە عادەتی ژیانی ڕۆژانەمان.

ئازادیی عەقیدە و ویژدان و ئازادیی بەیان، لە پرەنسیپە بنەرەتییەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤن. پەروەردە لەسەریەتی ئەو نۆڕمانە بەرجەستەبکات، ڕۆح و گیانیان وەبەربنێ. بەجۆرێک کە هەموو بتوانن بە ئازادی بیربکەنەوە و بە ئازادیش عەقیدە و بیروباوڕی خۆیان دەربڕن. قوتابییان دەبێ لەسەرتاسەری پڕۆسەی پەروەردە و فێربووندا، فێربن کە چۆن ڕێز و حورمەت لە کەرامەت و عیززەتی مرۆڤ دەگرن. لەوەش زیاتردەبێ ئەوەش فێر بن کە ئەوان خۆیان چۆن دەتوانن ئەو ڕێز وحورمەتە پەرەپێ بدەن.


1 1. 2 شوناس و ناسنامە، هەمەچەشنیی فەرهەنگی و فرە کولتووری

سیستەمی پەروەردە بەگشتی و قوتابخانە بە تایبەتی، پێویستە زانیاری لەسەر چۆنیەتیی پەرەسەندنی مێژوویی و کولتووریی مرۆڤ بداتە قوتابی، بەجۆرێک کە هەر قوتابییەک و هەر تاکێکی کۆمەڵ بتوانێ شوناس و ناسنامەی خۆی ئازادانە گەشە پێ بدا و لە چوارچێوەی کولتوور و فەرهەنگی گشتیدا، شوێنی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە کە قوتابخانە و کۆمەڵگا بەگشتی فەرهەنگێکی کراوەیان هەبێت و توانای ئەوەیان تێدا بێت کە باوەش بۆ هەموو قوتابییان و هەموو ئینسانەکان بکەنەوە و کەس هەڵناوێرن و جیاوازی بەکەس نەکەن.

بۆ ئەوەی قوتابی و تاکی کورد بتوانێ ناسنامە و شوناسی سەربەخۆی خۆی پەیدا بکات، پێویستە پەروەردە و قوتابخانە دەرفەتی ئەوەی بۆ بڕەخسێنن کە شارەزایی لەسەر مێژوو وکولتوور و فەرهەنگی نەتەوەییی خۆی پەیدا بکات. تەنیا لەو ڕێگایەوەیە کە ئینسانی کورد پەیوەندییەکی توندوتۆڵ دەگەل نەتەوەی خۆی و نیشتمانی پەیدا دەکا و هەستی کوردستانی بوون لە ناخیدا ڕەگ دادەکوتێ وغرووری میللی و نیشتیمانیی لەلا دروست دەبێت.

لەو ڕێگایەوە قوتابییان دەگەڵ ئەو بایەخانە، دەگەڵ ئەو دابونەریت و نرخە کولتووری و مێژووییانە ،کە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و زیندوو، کە لەسەر نیشتیمانی هەزاران ساڵەی خۆی دەژی و بەشێک لە مرۆڤایەتیی گەورەتر پێناسەدەکەن، ئاشنادەبن. لەونێوەدا فەرهەنگ و کولتووری کوردی، زمان و ئەدەبیاتی کوردی بە هەموو زاراوە و بنزاراوەکانەوە، ئەو بایەخە ئایینی و مەزهەبییە جۆراوجۆرانەی خەڵکی کوردستان پەیڕەویییان لێ دەکەن، ڕووداوە مێژوویییەکان و بەسەرهات و سەربردەکانی نەوەکانی ڕابردوومان، تێکەڵ لەگەڵ بایەخە بەرزەکانی مرۆڤایەتی و گەلانی دیکە بەگشتی و بەتایبەتی فەرهەنگی دێموکڕاسی، دەتوانن ببنە دەسمایەی گەورە بۆ قوتابخانە و سیستەمی پەروەردەی ئێمە تا لەو ڕێگایەدا هەنگاو هەڵگرن. فەرهەنگ و کولتوور و زمان و ئەدەب و داب و نەریتی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و زمانییەکانی خەڵکی کوردستان، بەشێکی گرینگ و هەرگیز جیانەکراوەی کولتوور و فەرهەنگی کوردستانین و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، دەبێ بایەخیان پێ بدا، بیانباتە پێش و کاریان لەسەربکا و بە هێندیان بگرێ و دەرفەتی گەشە و هەڵدانیان بۆ بخوڵقێنێ. بەو شێوەیە فەرهەنگ و کولتووری هاوبەشی کوردستانی دروست دەبێ و دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

ئەو کولتوور و فەرهەنگە هاوبەشە کوردستانییە زۆر گرینگە تا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد خۆیان بناسنەوە و هەستی هاوفەرهەنگی و هاوچارەنووسی وهاوپەیوەندییان لەنێواندا دروست و بە هێزبێ. ئەمە ش بە نۆرەی خۆی ناسنامەی تاکی کوردستانی، کە لە چوارچێوەی فەرهەنگ و کولتووری کۆمەڵگای کوردستاندا دروست بووە و لە ڕەوتێکی مێژووییی درێژخایەندا فۆرمی گرتووە، بەهێزدەکات. ئەو چوارچێوە بەرینە هاوبەشە کولتورییە، جێگای کولتوور و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکانی تێدا دەبێتەوە و مەیدانێکی بەرین بۆ گەشەی هەمووان لە چوارچێوەی خۆیدا دەکاتەوە. بەو جۆرە ئینسجامی میللی و هاوپەیوەندیی نەتەوەیی لە نێو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستاندا دروست دەبێت. لە قوتابخانە و ناوەندەکانی دیکەی پەروەردە و فێرکردندا، منداڵان، لاوان، خوێندکاران، فێردەکرێن کە گوێ لە سەرنج و بیروڕا و هەڵوێستی جیاوازی یەکتر بگرن و بە سنگفراوانییەوە تۆڵێرانس لە خۆیان نیشان دەن و لەو شوێنەش کە پێوستە، ڕەخنە بگرن و پێرسپێکتیڤی خۆیان و ڕوانگەکانی تایبەت بە خۆیان بەیان بکەن و بۆ بردنەپێشیان بە شێوەیەکی ئوسولی و دێموكراتیک لە ئیمکانات و کاناڵە جۆراوجۆرەکانی بەشداری و شوێندانان کەڵک وەرگرن. کۆمەڵگایەکی فرەفەرهەنگی، فرەکولتوری، فرە نرخ و فرەچەشن، دەرفەت بۆ دروست بوونی شوناس و ناسنامەیەکی بەهێزی کوردستانی پێک دێنێ.

قوتابخانە و پەروەردە لەسەریانە توانا و لێوەشاوەیییەکانی قوتابی بۆ بەکارهێنانی زمان، بە هەموو شێوەکانیەوە، بە هێز و پەرە پێ بدەن. گەشەپێدانی شوناسی زمانی لەلای قوتابی، یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی قوتابخانەیە لە کوردستان. مەبەست ئەوەیە کە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا پێویستە هێندە سەرمایەگوزاری لەسەر خوێندن و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بکات، کە قوتابی بتوانێ بە ئاسانی و بە دڵنیایییەوە زمان بۆ بیرکردنەوە، بۆ فێربوونی زیاتر، بۆ کۆمیونیکاسیۆن(پەیوەندیگرتن)، بۆ دروست کردنی ڕایەڵەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی، بۆ داهێنان و گەڕان بەدوای مانا و جوانی و زانیاریدا، بەکاربێنێ. زمان ناسنامە و ئاگاهیی کولتووری و فەرهەنگیمان دەداتێ. لە کوردستان، زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانیەوە و زمانی کەمایەتییەکانی دیکەی خەڵکی کوردستانیش وەک یەک و بێ جیاوازی، لە قوتابخانەکانماندا و لە لایەن سیستەمی پەروەردە وە، سەرمایەگوزارییان لەسەردەکرێ. قوتابی و تاکی کورد پێویستە زانیاری سەبارەت بە زمان و ئەدەبی کوردی و زمان و ئەدەبیاتی گەلانی دیکەی دانیشتووی کوردستان هەبێ، تا بتوانێ لە و دەرفەتانە کەڵک وەرگرێ کە لە کۆمەڵگای فرەفەرهەنگی کوردستاندا لە ئارادان. تا بتوانێ لە ژیانی ڕۆژانەیدا لەو دابونەریتە جۆراوجۆرانە تین و هێز بۆ ژیان و چوونەپێش وەرگرێ کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەرچاودەکەون و بە سەرچاوەی دەوڵەمەندیی کولتووری کوردی بە حیساب دێن. هەموو قوتابییان لە کوردستان و هەموو تاکێکی کورد پێویستە وێرای زمانی دایکی، چەند زمانی دیکەی ناوچەیی و جیهانیش بزانن و لە کار و ژیانی ڕۆژانەدا کەڵکیان لێ وەرگرن تا بتوانن بازاڕ و فەرهەنگی کوردستان بە بازاڕ و فەرهەنگی ناوچەکانی دوور و نزیکی کوردستانەوە ببەستنەوە و هەڵدانی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەستەبەربکەن.

کوردستان بە درێژایی مێژوو، بە گوێرەی هەڵکەوتە جوگرافیاکەی خۆی، هەمیشە کەوتۆتە بەر کاریگەریی سیاسەت و فەرهەنگ و کولتووری نەتەوە و گەلانی دیکەی ناوچەکە. بە تایبەتی دوای دابەشبوون و سەرلەنوێ دابەشبوونەوەی کوردستان، ئەو دیاردەیە زەقتر خۆی نیشان داوە. ئەوە بۆسەدان ساڵ دەچێ، هەوڵدان بۆ سەرکوت وسڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی، سیاسەتی ڕەسمیی ئەو حکومەتانەیە کە کوردستانیان لە نێوان خۆیان دا دابەش کردووە. لەو پەیوەندییەدا تەنانەت بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی خۆیان ڕەفتاری ئیستعماری و تەنانەت فاشیستیشیان لەخۆیان نیشان داوە. هیچ گومانی تێدا نییە کە ناسنامەی کوردستانی و شوناسی نەتەوایەتیی ئێمە لەو ململانێ و خەبات و بەربەرەکانێ و بەرخۆدان و ڕاپەڕینانەدا، شكڵی گرتووە، خەمڵیوە و پوختەتر بووە. ئەو بەربەرەکانێیە گەلی کورد و ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستانی لە مەیدانی خەبات بۆ ئازادی و مافە ئینسانییەکانی خۆیاندا، قاڵ کردوونەتەوە. ئەو مێژووە دوور و درێژە کە پڕیەتی لە حەماسە و بەربەرەکانی، خسڵەتێکی تایبەتی بە ڕۆڵەکانی کوردستان بەخشیوە. کولتووری ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازانە بووەتە سیمای هەرە ئاشكرای ئینسانی کورد. لە لایەکی دیکەشەوە ژیان و ململانێ و بەرخۆدان و بەربەرەکانێ دەگەڵ داگیرکەران و پەلاماردەرانی کوردستان، ڕۆڵەکانی گەلی کوردی دەگەڵ زۆر لایەنی فەرهەنگی ئەوان ئاشناکردووە. ئەو پەیوەندییە نابێ ببێتە مایەی خۆبەکەمزانی و خۆبەکەمگریی ئینسانی کورد. ڕاست بە پێچەوانەوە، پێویستە کولتورو فەرهەنگ و سیاسەتی ئێمە وەک نەتەوە بەهێزتر بکات، بە جۆرێک کە باشتر لە کڵ بێینە دەر وهەستی نەتەوایەتیمان تۆختر و بەهێزتر بکات.

لە دونیای هاوچەرخ و گلۆباڵدا، شارەزایی لەسەر کولتوور و زمان و فەرهەنگ و داب و نەریتە جۆراوجۆرەکانی گەلانی دیکە، بۆخۆی بە چەشنێک لە زانست و لێوەشاوەیی، بەحیساب دێت. بۆیە پەروەردەی ئێمە لە کوردستان هەرلەوکاتەدا، کە سەرمایەگوزارییەکی زۆر لەسەر پەرەپێدانی ناسنامەی کوردستانیی ئینسانی کورد دەکا، پشتیوانیی ئەوەش لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەکا تا کۆدە فەرهەنگی و کولتورییەکانی گەلان ومیللەتانی دیکە فێربن و بۆ بردنەپێشی خۆیان و قازانج و بەرژەوەندییەکانی کوردستان، بەکاریان بێنن. ئەوە هەر لەوکاتەدا کە شوناسی مرۆڤی کورد بەهێز دەکا و شوێن پێی لە نێو گەلانی دیکە قایم دەکا، دەرگای دونیای ئەمڕۆ و سبەینێشی بە ڕوودا دەکاتەوە.


3 بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئازایەتی و ئاگاهیی ئەخلاقی

سیستەمی پەروەردە بە گشتی و قوتابخانە بە تایبەتی پێویستە پرسیار لە لای قوتابی دروست بکا، عیشق و توانای گەڕان و لێکۆڵینەوەی تێدا بخوڵقێنێ، هانی بدا و فێری بکات کە بە دوای لێکۆڵینەوەی زانستیدا بگەڕێ و بە شێوەیەکی زانستی بیربکاتەوە و بەگوێرەی پرەنسیپە ئەخلاقییەکان ڕەفتاربکات.

قوتابخانە لەسەریەتی قوتابی بە جۆرێک باربێنێ کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و زانستی بیربکاتەوە. مەبەست ئەوەیە کە قوتابی فێربێت ئەقڵ و میتۆدی تەحقیقات و لێکۆڵینەوەی زانستی و ڕەخنەگرانە، بۆڕووبەروو بوونەوە دەگەڵ دیاردە سروشتی و کۆمەڵاتی و فەرهەنگییەکان دەکار بکا. لەو پەیوەندییەدا دەبێ ئەوە بزانین کە کە ئەو میتۆدانەی بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوەی حەقیقەت و دیاردە جۆراوجۆرەکان بەکاریان دێنین، کاریگەرییان لەسەر ئەو ئاکامانە هەیە کە لەو پەیوەندییەدا وەدەستمان دەکەون. بۆیە هەمیشە دەبێ لەکاتی لێكۆلینەوەکانماندا، میتۆدێک یا ئەو میتۆدانە هەڵبژێرین کە دەگەڵ لێکۆڵینەوەکانمان دێنەوە.

بۆ ئەوەی بە زانیاریی تازە و حەقیقەتی نوێتر بگەین، پێویستە زانیارییە جێکەوتووەکان بخەینە بەر زەڕڕەبینی لێکۆڵینەوەی زانستی و بە تیئوری و میتۆدی زانستی و ڕەخنەگرانە هەڵیانسەنگێنین و بە بەڵگەی ڕوون و حاشاهەڵنەگرەوە بیانخەینە ژێر پرسیار. خوێندکاران دەبێ فێر بن بۆ وەدەستهێنانی زانست و زانیاری، بە دوای سەرچاوەی جۆراوجۆردا بگەرێن و بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیربکەنەوە و لە سەرچاوەکان کەڵک وەرگرن. قوتابی پێویستە میتۆدەکانی گەیشتن بە زانیاری و زانست فێربێ. هەر لەوکاتەدا قوتابخانە و سیستەمی پەروەردە پێویستە قوتابییان وا ڕابێنێ کە لەوەش حاڵی بن کە هیچ دوور نیە ڕوانگە و هەڵوێست و ئەزموونەکانی ئەوان کەموکوڕیان تێدا بێ و هەڵە بن. لێکۆڵینەوە و وردبونەوەی ڕەخنەگرانە پێویستی بە زانست و زانیاریی تایبەت بە خۆیەتی. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە، فەزایەکی پڕ لە دڕدۆنگی و شک و گومانیش دروست دەکات. بۆیە پەروەردە و قوتابخانە لەسەریانە باڵانسێک لە نێوان ڕێزگرتن لە حەقیقەتە جێکەوتووەکان لە لایەک و ڕوانگەی ڕەخنەگرانە و هەستی گەڕان بە دوای زانیاریی تازە و پێویستیی لێکۆڵینەوەی زانستییانە لەلایەکی دیکەوە، پێک بێنێ. ئەو خەللاقییەتە بۆ دۆزینەوەی زانستی و پەرەسەندنی زانستی پێویستە.

هوشیاری و ئازایەتیی ئەخلاقی ئەوەیە کە لە پەیوەندی دەگەڵ مەسەلە جۆراوجۆرەکاندا، هەموو لایەنەکانی کێشەیەک و هەموو ڕوانگە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندیدار بەو مەسەلەیە لە بەرانبەر یەکدا دانێی و دوای باس و هەڵسەنگاندن، بەتێبینیەوە ڕەفتار بکەیت و ئینسانێکی بەرپرس بی و بەرپرسایەتیی کار و کردەوەکانی خۆت وەئەستۆ بگری. بۆیە سیستەمی پەروەردەی ئێمە لە کوردستان پیویستە قوتابی فێری لێکدانەوە و هەلسەنگاندنی ئەخلاقی بکات و ئەزموونی ئەوان لە مەڕ کێشە و مەسەلە ئەخلاقییە جۆراجۆرەکان دەوڵەمەند بکات. بۆ ئەو مەبەستە، شارەزاکردنی قوتابی دەگەڵ ڕوانگە فەلسەفی و ئایینی و قوتابخانە فکرییە جۆراوجۆرەکان، تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەگ بە قوتابی دەکات. بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، مەرجی سەرەکیی فێربوون و چونەپێش و هەڵدانی کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کولتووریی ئێمەیە. لەو ڕێگایەوەیە کە قوتابی پوختە دەبێ و دەتوانێ قەزاوەتی سەربەخۆبکات. ئەوەش بۆ ژیان و کار لەنێو کۆمەڵگادا پێویستن. کارکردن لە کارگە و کارخانە و ناوەندە سەنعەتی و پێشەسازییەکاندا و ژیان لە نێو بنەماڵە و دۆست و هاواڵاندا، بەبێ لێوەشاوەییی زانستی و ئازایەتیی ئەخلاقی و توانای قەزاوەتی سەربەخۆ و عادڵانە، زۆر سەخت و دژوار دەبێ.

  1. 1. 1. 1. 1
  2. 4 عیشق وعەلاقە بە گەڕان بەدوای جوانی و مانا و داهێناندا، کار و زەحمەتی بێ وچان بۆ گەیشتن بە ئامانج

پەروەردە لە کوردستاندا، لەسەریەتی ئەو دەرفەتە بۆ منداڵان، لاوان و قوتابییان بخوڵقێنی کە بە عیشق و عەلاقەوە بەدوای جوانی و مانا و داهێناندا بگەڕێن و لەو ڕێگایەدا قەت هەراسان نەبن و ئازایەتیی ئەوەیان لەلا دروست کات، کە ئیدە و بیروڕاکانیان بکەنە کردەوە.

منداڵان بە گشتی کونجکۆڵن و هەمیشە بەدوای ئەوەوەن کە شتی تازە بدۆزنەوە و دونیای دەوروبەریان بە تاقی بکەنەوە و شت دروست کەن. بۆیە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن پێویستە دەرفەتی زۆر بۆ منداڵان و قوتابییان بخوڵقێنێ تا خەللاقییەتەکانیان پەرە پێ بدەن و بەهرە و تواناکانیان دەکاربکەن و بە دوای هیوا و ئارەزووکانیاندا بڕۆنە پێش. هەر بۆیە زۆر گرینگە قوتابخانە پرسیار لای قوتابی دروست کا، هانی بدا تا پرسیار بکا و بە دوای وڵامدا بگەڕێ و لێکۆڵینەوە بکا. ئەوە باشترین ڕێگایە بۆ فێربوونی قووڵ و هەمەلایەنە. قوتابخانە ئەرکی سەرشانیەتی هەلومەرجی لەبار بۆ قوتابی پێک بێنێ تا ژینگەی دەوروبەری خۆی تاقی کاتەوە و ئەزموونی جۆراوجۆر وەدەست بخا و بۆ گەیشتن بە زانیاری و داهێنان و خوڵقاندن، خەللاقییەت لەخۆی نیشان بدات. خوێندکاران دەبێ لەسەر ئەوە ڕابهێنرێن تا لە ڕێگای بەکارهێنانی هەستەکانیان و عەقڵ و شعوریانەوە، گەشە بە خۆیان و توانا و لێوەشاوەیییەکانیان بدەن و لە پڕاکتیکی ژیان و فێربووندا، بایەخە ئەخلاقییە بەرزەکان وەدەست بخەن و لە کار و چالاکیی ڕۆژانەیاندا بەتاقییان بکەنەوە. بەوجۆرە پوختە دەبن و هەڵدەدەن.

بۆ منداڵانی قۆناخە سەرەتایییەکانی خوێندن و یاری کردن بە مەرجێكی سەرەکیی گەشە و بەکۆمـەڵایەتی بوون دێتە ئەژمار. لەوەش زیاتر یاری کردن، توانا و خەللاقییەتی منداڵ بۆ فێربوون و وەدەستهێنانی زانیاری و لێوەشاوەیییە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان، دەباتەسەرێ. بۆیە دەبێ لەو قۆناخانەدا، قوتابخانە بایەخێکی زۆر بە یاری بدا و مەیدانێکی بەرین بۆ یاری و یاری کردن، وەک بەشێکی بەرچاوی پڕۆگرامی خوێندن، دروست بکات. یارییە کوردەوارییە جۆراوجۆرەکان و ئەفسانە و حیکایەتە کوردییەکان دەکەونە ڕیزی پێشەوەی خشتەی وانەکانی ڕۆژانەی قوتابییان. بەو شێوەیە دەرفەت بۆ فێربوونی پڕ مانا دەخوڵقێ. لەو ڕێگایەوە منداڵان فێردەبن کە باشتر بتوانن گیر و گرفتەکان چارەسەرکەن و کەسایەتیی هەمەلایەنەی خۆیان بخەمڵێنن.

گەشەسەندنی بەهرە و توانا و خەللاقییەت لەلای قوتابییان، کۆمەڵگای کوردستان دەوڵەمەند و بەهێز و کارا دەکات. ئەوەش بە نۆرەی خۆی دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ داهێنان و کارگوزاری و گەشەسەندنی ئابووری و پیشەسازی لە کوردستاندا.

کولتوور وهونەر مەیدانێکێ دیکەن بۆ کار و چالاکی لەخۆ نیشاندانی منداڵان و قوتابییان. قوتابخانە ئەرکی سەرشانیەتی لە زۆر بواردا، دەرفەتی کار و خەللاقیەتی هونەری و فەرهەنگی و ئەدەبی و تەکنیکی بۆ قوتابییان پێك بێنێ، تا لەو بوارانەدا پەرە بە بەهرە و لێوەشاوەیییەکانیان بدەن. هەستەکانمان و ویژدان و ئەخلاقمان لە ڕێگای بەرهەمە هونەری و فەرهەنگی و کولتورییە جۆراوجۆرەکانەوە، دەخەمڵێن و گەشەدەکەن. ڕوانگە و پێرسپێکیڤمان بەرین دەکەنەوە. دەربڕینە هونەری و فەرهەنگی و کولتورییەکان، نەک هەر مۆری خۆیان لە سیمای میللیمان دەدەن، کەسایەتیی تاکی کوردیش لە بەرانبەر کولتور و فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکەدا، شکڵ پێ دەدەن. بۆیە سیستەمی پەروەردەی ئێمە لەسەریەتی لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا، بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی هونەر و کولتور و فەرهەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆری کوردستانی بدات و شوێنی تایبەتی بداتێ. دیتن و گوێ گرتن و ئەزموون کردنی بەرهەم و دیاردە هونەری و کولتورییەکان، بایەخی خۆیانیان هەیە و شوێنەواری پۆزەتیف لەسەر زەین و بیری منداڵ بەجێ دێڵن. هەربۆیە پێویستە قوتابخانە ببێتە کارگایەکی گەورەی کاری هونەری و کولتوری و فەرهەنگی و قوتابییان لەوێدا هەموو لایەنە جۆراوجۆرەکانی هونەر و کولتوری نەتەوەیی و ئینسانی بە تاقی کەنەوە.

ئەگەر لە پێرسپێکتیڤێکی بەرینترەوە تەماشای مەسەلەکە بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە گەڕان بەدوای فێربوون و مانا و جوانیدا، کاریگەرییەکی حاشاهەڵنەگری لەسەر پەرە پێدانی شوناسی ئینسانیی تاکی کورد دەبێ وشەقڵ بە کەسایەتییەکەی دەدات. کەسایەتیەک کە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا بە ڕێگایەکی لەو جۆرەدا تێپەڕیبێ، بەهێز و کاراش دێتەدەر. پەروەردە لەسەریەتی هەستی کونجکۆڵیی قوتابی و تینویەتیی ئەو بۆ فێربوون و بەداواچوون بەهێزبکا و لە سەرتاسەری ئەو پڕۆسەیەدا پشتیوانیی لێ بکا و دەستی بگرێ. قوتابخانە پێویستە دەرفەتی فێربوون و خەللاقییەت لەخۆنیشاندان لە هەموو بوارە هونەری و فەرهەنگییە جۆراوجۆرەکان بۆ قوتابی بخوڵقێنێ.

  1. 1. 1. 1. 1. 1
  2. 5 رێزگرتن لە سروشت، هوشیاری و ئاگاهی ژینگەیی

سیستەمی پەروەردە لە کوردستاندا بە گشتی و قوتابخانە بە تایبەتی، پێویستە هوشیاریی ژینگەیی و لێوەشاوەییی ژینگە پارێزی، لە لای قوتابی و تاکی کورد بەرێتە سەر و خۆشەویستی و ڕێز بۆ سروشت بە گشتی و بەتایبەتی سروشتی کوردستان لە کەسایەتیی ئینسانی کورد دا بخوڵقێنێ .

مرۆڤ بەشێکە لە سروشت و بەرپرسایەتیی ئەوەی لەسەر شانە کە بە شێوەیەکی دروست پارێزگاریی لێ بکات. بۆیە پەروەردە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا لەسەریەتی، زانست و زانیاری و میتۆدەکانی ڕێزگرتن لە سروشت و پارێزگاری لە سروشت، فێری قوتابی بکا. لە پڕۆسەی خوێندن و فێربووندا، قوتابییان دەبێ لەسەر ئەوە ڕابهێنرێن کە چۆن لە سروشت لەززەت بەرن و بۆ لەشساخی و شادی و شادمانیی خۆیان کەڵکی لێ وەرگرن و بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە بەکاری بێنن. قوتابییان پێویستە فێربن کە چۆن شێوە ژیانی ئینسان، شوێنەوار لەسەر سروشت دادەنێ و کار لە ئاو و هەوا و کەش و ژینگە دەکا و لە ئاکامدا کاریگەریی لەسەر کۆمەڵیش دەبێ. یەکێک لە ئەرکە هەرە گەورەکانی قوتابخانە لە کوردستاندا ئەوە دەبێت کە قوتابییان فێربکات ئاگایان لە سروشتی کوردستان بێت، لەوە حاڵی بن کە وەک میللەتی کورد تەنیا ئیمکاناتێک کە لەبەر دەستماندایە تا پێی بگەینە ڕیزی میللەتانی دیکەی دونیا، سروشتی کوردستانە و یادگاری باوک و باپیرانمانە و لەسەرمانە بە ئەمانەتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆمانی بە جێ بێڵێن. لەوەش زیاتر ئینسانی کورد دەبێ بزانێ کە مان و مەوجوودییەتمان وەک نەتەوەی کورد بەو خاکەوە بەستراوەتەوە. بۆیە پەرەپێدانی خۆشەویستیی نیشتمان لە کەسایەتیی تاکی کوردا، پێویسیە لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا بایەخی زۆری پێ بدرێ.

لەوەش زیاتر منداڵان، لاوان، قوتابییان و خوێندکاران، پێوستە هوشیاریی ژینگەیی وەدەست بخەن و قوتابخانە فێریان بکات کە لەو سەر زەوییەدا، چارەنووسمان لەگەڵ میللەتانی دیکەی دونیا پێکەوە بەستراوە. لەسەرمانە ژیان و پایەکانی ژیان لەسەر زەوی بپارێزین و لە هەرەوەزی جیهانیی پاراستنی ژینگەدا، لە کەس و لە هیچ میللەتێکی دیکە نەمێنینەوە. پیس بوونی ئاوی دەریا و کانیاوەکان، لەنێوبردنی جەنگەڵ و دارستانەکان، ژەهراوی بوونی هەوا، گۆڕانی ئیقلیم و کەشوهەوا لە زۆر جێگا، لە نێوچوونی ڕۆژانەی هەزاران جۆری دار و درەخت و زیندەوەر، تەنیا گۆشەیەکی بچووکی ئەو کارەساتەیە کە خەریکە ڕوودەدا. بۆیە سیستەمی پەروەردە لە کوردستان لەسەریەتی وشیاریی پێویست لەلای ئینسانی کورد دروست بکات تا بتوانێ سروشت و سروشتی کوردوستانی خۆش بوێ و بیپارێزێ. پێویستە ئەوە فێربین کە ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لە سەر سروشت و ژینگە و ژیانن، تەنیا بە هەرەوەزی جیهانی چارەسەر دەبن. بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییانە، پێویستیمان بە تێکنۆلۆژی، زانیاری و هوشیاریی ژینگەیی و ئەخلاقێکی بەرزی سروشتدۆست و ژیاندۆست هەیە تا ئاڵوگۆڕی پێویست لە شێوەی ژیان و کار و سەنعەتەکانماندا پێک بێنین بە جۆرێک کە بتوانین ژیان بپاریزین و بە ئەمانەت و بەرپرسایەتییەوە بیگەیەنینە نەوەکانی داهاتوو. لەوپەیوەندییەدا، پێویسیتە جیهانی بیربکەینەوە و کوردستانیش بجووڵێینەوە. پاراستنی کوردستان و سروشت و ژینگەکەی ئەرک و بەرپرسایەتیی ئەسڵیی ڕۆڵەکانی نەتەوی کوردە. ئەگەر بتوانین لەوبارەیەوە ڕووسوور بێینە دەر، ئەوە توانیومانە لەو هەرەوەزە جیهانییەشدا کاریگەر بین کە بۆ پاراستن و خاوێن ڕاگرتنی سروشت و ژینگە لە گۆڕێدایە.

  1. 1. 1. 1. 1. 1. 1
  2. 6 دێموکڕاسی وبەشداری لەکاروباری کۆمەڵدا

پەروەردە بەگشتی و قوتابخانە بەتایبەتی، پێویستە مندالەکان، لاوان و قوتابییان و بە گشتی هەموو تاکێکی کورد بە دێموکڕاسی ئاشنا بکا. لەوەش زیاتر پێویستە ڕۆڵەی کورد فێربێ و ڕابهێنرێ کە دێموکڕاسی لە کردەوەدا چییە و چۆن پیادە دەکرێ.

قوتابخانە لەسەریەتی نرخ و بایەخە دێموکڕاتیکەکان جێگیربکات و فێرمان بکات پشتیوانی لە حکوومەتێک بکەین کە بە شێوەیەکی دێموکڕاتیک کوردستان بەڕێوە دەبات و پەیڕەوی لە ئەسڵە دێموکڕاتیکە دونیاپەسندەکان دەکات. پەروەردە لەسەریەتی پێ بە پێی چوونەسەری قۆناخەکانی خوێندن و پەروردە، ڕێسا و قانوونە دێموکڕاتییەکان و ڕێوشوێنە پەسندکراوەکانی فەرهەنگی دێموكراسی فێری قوتابییەکان بکات و لەوەشیان حاڵی بکات کە بەڕێوەنەبردنی ئەو ئەسڵانە چ ئاکامێکی لێ دەکەوێتەوە. مەبەست لە بەشداریکردن لە کاروباری وڵات و کۆمەڵدا ئەوەیە کە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، لە پێشدا لەسەر هەندێک نرخ و بایەخی هاوبەش بۆ ژیان و کار دەگەڵ یەک ڕێک کەون و ڕێز لەو ئەسڵە دێموكراتیکە بنەرەتییانە بگرن. گرینگترینی ئەو ئەسڵە دێموکڕاتیکانە بریتین لە تۆلێڕانس، ئازادیی بیروباوەڕ و ڕادەربڕین، ئازادیی پێکهێنانی کۆڕوکۆمەڵی سیاسی و پیشەیی و ئازادیی تێکؤشان لە نێویاندا. هەروەها دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ڕێگای هەڵبژاردن و ئازادیی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژارنیکی سالمدا. قوتابخانە و ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا دەبێ نرخ و بایەخە دێموکڕاتییەکان لە نێو قوتابییاندا پەرە پێ بدەن بە جۆرێک کە ئینسانی کورد وەک کەسێکی دێموکڕات باربێت. ئەوەش بە بەشداریی چالاکانەی قوتابی لە کاروباری پۆل و قوتابخانە و گەڕەک و شارەکەی خۆیدا دێتە دی. قوتابخانە پێویستە مەیدانێک بێت بۆ ئەزموون کردنی دێموکڕاسی و جێگیرکردنی نرخە دێموکڕاتییەکان لە کەسایەتیی ڕۆڵەکانی کوردستاندا.

بە پەرەپێدان و پێداگرتن لەسەر بەها و ئەسڵە دێموکڕاتییەکان، قوتابخانە دەتوانێ دژایەتیی هەموو چەشنە ستەم و هەڵاواردن و تەبعیزێک بکا و قوتابییش بۆ ئەو مەبەستە ڕابێنێ. هەر لەو کاتەشدا قوتابخانە پێویستە قوتابییان فێربکات کە ئینسانەکا جیاوازن و هەربۆیە لە بیرکردنەوە و ڕەفتاریشدا، وەک یەک نین. لەوەش زیاتر قوتابخانە پێویستە لە هەموو قۆناخەکانی خویندن و فێربووندا، قوتابییەکان فێرکات کە چۆن دەگەڵ کێشە و گیروگرفتەکان بەرەوڕوو بن و لەسەر دەکارکردنی میتۆدە جۆراوجۆرەکانی چارەسەریی کێشەکان، بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە، ڕایان بێنی.

تایبەتمەندیی هەرە گەورەی کۆمەڵگایەکی دێموکڕاتیک ئەوەیە کە هەمووان دەرفەت و مافی وەک یەکیان بۆ بەشداری کردن و شوێندانان لە سەر پڕۆسەی سیاسی هەبێت. پاراستنی کەمایەتی و وەبەرچاوگرتنی مافەکانی، بە لایەنێکی دیکەی دێموکڕاسی و فەرهەنگی دێموکڕاسی و کۆڵەکەیەکی پتەوی حکوومەتی قانوون دادەنرێ. لەوەش زیاتر کۆمەڵگایەکی دێموکڕاتیک بە پێی قانوون هەموو کەمایەتییە نەتەوەیی، ئاینی و زمانی و خەڵکە بوومییەکان دەپارێزێ و ماف و ئازادییە بنەرەتییەکانیان دەستەبەردەکات. قوتابخانە پێویستە ئەو پرەنسیپە دێموکڕاتیکانە بچەسپێنی. قوتابییان لە قوتابخانەدا پێویستە لەگەڵ ڕوانگە و بۆچوونی کەمایەتی و زۆرایەتی ئاشنا بن و لەسەر هاوکاریی دیالۆگ و کارکرن دەگەڵ یەکتر، ڕابهێنرین. ڕاهێنانی قوتابی بۆ ژیان و کار لە کۆمەڵگایەکی فرە فەرهەنگ و فرە کولتووردا، ئاشناکردنی قوتابی بە پلۆڕالیزمی فەرهەنگی، ئەرکێکی دیکەی سیستەمی پەروەردەیە لە کوردستان.

قوتابخانە دەبێ ئەو جێگایە بێت، کە منداڵان و قوتابییان لەوێدا بە کردەوە، دێموکڕاسی و بایەخ و پرەنسیپە دێموکڕاتیکەکان، تاقی کەنەوە و بیانکەنە پراکتیکی ژیانی ڕۆژانەیان. منداڵەکان و قوتابییان دەبێ بە ئێسک و پێستەوە هەست بەوە بکەن کە مامۆستا و قوتابخانە گوێیان لێ دەگرن و بایەخ بە ڕوانگە و بیر و بۆچونەکانیان دەدەن. ئەوان پێویستە بە قەناعەتەوە بڕوا بەوە بکەن کە لە کاروباری پۆل و قوتابخانەدا، بەتایبەت لەپەیوەندی دەگەڵ ئەو مەسەلانەدا کە پەیوەندییان بە ژیان و خوێندن و فێربوون و وەرزش و کاروباری ئەوانەوە هەیە، کاریگەر و شوێن دانەرن. ئەوان پێویستە شانسی ئەوەیان بدرێتێ تا بە شێوەی جۆراوجۆر بەشداریی خۆیان لە کاروباری قوتابخانەدا تاقی کەنەوە و لە کاناڵ و میتۆدە دێموكراتیکە جۆراوجۆرەکان بۆ شوێندانان لەسەر ڕەوتەکان، کەڵک وەرگرن. قوتابخانە لەسەریەتی دیالۆگ لە نێوان قوتابی و مامۆستادا، لەمەڕ کاروباری پۆل و چۆنیەتیی دەرس و فێربوون، تەشویق بکات. کاتێک قوتابی بزانی کە دەنگ و نەزەر و بیروبۆچوونەکەی لەلایەن مامۆستا و قوتابخانەوە، بە جددی وەردەگیرێ، هەوڵ دەدا بە تێبینی و وردبینی و بەرپرسایەتییەوە، بیروڕاکانی خۆی دەربرێ و ئەڵترناتیڤ هەڵبژێرێ. بەو جۆرە قوتابخانە قوتابی فێردەکات کە ببێتە کەسێكی دێموكرات و سەرەنجام ، لە دەرەوەی قوتابخانەشدا وەک کەسێکی ذێموكرات و هاووڵاتیەکی بەرپرس ڕەفتار بکات.

بەشی دووهەم

پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی فێربوون وگەشەو هەڵدان

3-2- ئەرکی قوتابخانە بریتییە لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵان و قوتابییان بە گشتی. بۆیە پەروەردە و فێرکردن، دوو ڕووی یەک دراون و تەواوکەری یەکترن. ئەو پرەنسیپە بنەڕەتییانەی خوارەوە یارمەتیی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن دەدەن تا قوتابخانە بتوانێ لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکەی خۆیدا، کە لەسەروە باسمان کرد، سەرکەوتوبێت. پەروەردە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی، بە بەشێکی زۆر گرینگی پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون دادەنرێ و ڕۆڵی بنەڕەتیی لە پەروەردە و گەشەسەندنی منداڵان و لاواندا هەیە. ئەرکی پەروەردە و فێرکردن لەو قۆناخەدا ئەوەیە کە قوتابییان، منداڵان و لاوان، وەک کەسایەتیی ئازاد، سەربەخۆ و بەرپرس، پەروەردە بکا و هەستی هاوپەیوەندیی ئینسانی و ئینسانییەتیان تێدا بەهێز و پتەو بکا. لەو قۆناخەدا، قوتابییان فێردەبن خۆیان و کەسانی دی و کۆمەڵگا و دونیای دەوروبەریان بناسن و زانیاریی پێویست لەو بارەیەوە وەدەست بخەن. هەر لەو قۆناخەدایە کە قوتابییان فێردەکرێن تا لە ژیانی ڕؤژانەیاندا، هەڵبژاردنی ڕاست و دروست بکەن. لەو قۆناخەدا قوتابی ئەو زانست و زانیاری و لێوەشاوەیییانە فێر دەبێت کە بۆ ژیان لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵگا و بازاڕی کاردا پێویستی پێیان هەیە. ئەگەرچی وەک باسمان کرد لەو قۆناخەدا ئەرکی قوتابخانە ئەوەیە کە خویندکاران بۆ ئەو مەبەستانەی سەرەوە باربینێ، بەڵام هەر لەو کاتەدا قوتابخانە لەسەریەتی ڕێز لە منداڵ و پێداویستییە تایبەتییەکانی ئەو قۆناخەی تەمەن بگرێ و دەورانی منداڵی و مێرمنداڵی بە ڕەسمی بناسێ و بایەخ و سەرنجی پێویستی بداتێ.

سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە کوردستان پێویستە هەلومەرجی گەشە و هەڵدان و فێربوونی هەموو ڕۆڵەیەکی ئەو کوردستانە دەستەبەربکا و دەرفەتی پێشکەوتن و پەرەسەندنی بۆ بخوڵقێنێ. قوتابی کاتێک گەشەدەکا و فێردەبی، کە قوتابخانە زانیاریی لەسەر سروشت، ژینگە، مرۆڤ، کۆمەڵ،زمان، کولتوور، دین و ڕوانگە فەلسەفییە جۆراوجۆرەکان ،مێژوو، جوگرافیا و بازاڕی کاری بداتێ. هەروەها قوتابی ئەو کاتە پەروەردە دەبێ و وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی بەهێز باردێ، کە لە ڕەوتی پەروەردە و فێربووندا، لە قوتابخانەدا، لە نێو پۆلدا، ژیانی کۆمەڵایەتیی تاقی کردبێتەوە و پوختە بووبێ و لێوەشاوەیییە کۆمەڵایەتییەکانی وەدەست هێنابن.          لەو پەیوەندییەدا یاریکردن لەگەڵ هاو پۆلەکان، بەشداری لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی قوتابخانە و و هەڵسوکەوت و ڕەفتار و هاوکاری دەگەڵ هاوپۆل و هەڤاڵان لە قوتابخانەدا، هەلومەرجێکی لەبار بۆ قوتابی دروست دەکەن تا سۆسیالیزە (بەکۆمەڵایەتی) بێ و ئەزموونیکی دەوڵەمەند وەسەریەک بنێ. قوتابی لە هەڵسوکەوتی فیزیکی و ئەخلاقی لە قوتابخانەدا و لەگەڵ کەسانی دیکەدا، ئەزمونی زۆر کۆ دەکاتەوە و ئەوەش بە نۆرەی خۆی گەشە بە کەسایەتیی ئەو دەدات. هەروەها قوتابی لە ڕێگای کارکردنی بە تەنیاش، فێردەبێ وئەزموون کۆدەکاتەوە و هەڵدەدا. فێربوونی ماددە دەرسییە جۆراوجۆرەکان، تیئۆرییە جۆراوجۆرەکان، بەکارهێنانی ئامرازەکانی فێربوون و دۆزینەوەی وڵام بۆ پرسیارەکان، هەموویان بە نۆرەی خۆیان ئەزموونی قوتابی بۆ فێربوون و هەڵدان دەوڵەمەند دەکەن.

  1. 1 گەشەسەندن و بە کۆمەڵایەتی بوون

قوتابخانە لەسەریەتی قوتابی بەکۆمەڵایەتی بکات و لە ڕێگای بەشداریی چالاکانە و ئامانجدار لە کاروباری قوتابخانە و لە پڕۆسەی خویندن و فێربووندا، گەشە بە کەسایەتیی ئەو بدات. لە ڕاستیدا فێربوونی ماددە دەرسییە جۆراوجۆرەکان، بە هیچ جۆر لە پڕۆسەی بەكۆمەڵایەتی بوون و پەروەردە بوونی کۆمەڵایەتی جیاناکرێتەوە. هەر بۆیە بەکردەوە قوتابییان ڕۆژانە لە قوتابخانەدا، هەر لەو کاتەدا کە زانست و زانیاریی جۆراوجۆر فێردەبن، لە باری کۆمەڵایەتیییشەوە لێوەشاوەیی وەدەست دەهێنن. لە ڕەوتی بەشداری و هاوکاری لە کاروباری پۆل و قوتابخانەدا، لە چالاکییە پەروەردەیییەکاندا، قوتابی لەگەڵ بیر و هەست و ڕوانگە و ئیحساساتی هاوپۆلەکانی ئاشنا دەبێ و ئەوەش زەمینەی ئەوەی لە لا دروست دەکات تا هەستی هاودەردی و هاوپەیوەندیی بەرانبەر بەوان تێدا پێک بێ. دیارە ئەوەش بە نۆرەی خۆی دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێنی کە هاوڕێ و دۆست پەیدا بکا و دۆستایەتی و هاوڕێەتی بەتاقی کاتەوە. دیالۆگ ڕۆڵی بنەڕەتی لە بەکۆمەڵایەتی بوونی قوتابیدا دەگێڕێ. هەر بۆیە ئەرکی سەرشانی قوتابخانەیە کە قوتابی فێری دیالۆگ و تەکنیکەکانی بکات، فێری بکات کە چۆن لە کاتی باس و وتووێژ و دیالۆگدا، گوێ بگرێ و تێکۆشێ لە مەبەستی بەرانبەرەکەی حاڵی بێت. قوتابخانە لە پڕۆسەی کاری ڕۆژانەدا بە گشتی و مامۆستا بە تایبەتی قوتابی فێری کۆمیونیکاسیۆن و فۆرمۆڵەکردن ودەربرێنی نەزەراتی خۆی دەکات. بە جۆریک کە لە کاتی دەربڕینی بیروبۆچوونی خۆی و بە نوێنەرایەتیی کەسانی دیکەش، لە خۆی دڵنیا بێت. گوێگرتنی بە دیققەت لە کەسی بەرانبەر و لەهەمان کاتیشدا، بەڵگە هێنانەوەی دروست و حیسابی بۆ دیفاع لە بۆچوونەکانی خۆت، بە تایبەتی لەو کاتەدا کە کێشەیەک لە گۆڕێدایە، باشترین تەکنیکە بۆ چارەسەری کێشەکان و ئیدارەکردنی ناکۆکی و نالێکییەکان و گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش. هەموو قوتابییان پێویستە فێری هاوکاری دەگەڵ یەکتر و دەگەڵ کەسانی دیکە بن . کاری هاوبەش بکەن، تا لەو ڕێگایەوە ڕابێن کە بە دەستەجەمعی بڕیار بدەن و بەرپرسایەتیی هاوبەش قەبووڵ بکەن. ماڵەوە، قوتابی و مۆمۆستا و قوتابخانە، هەموو پێکەوە لەسەریانە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشە و فێربوون و هەڵدانی قوتابی پێک بێنن. بەو جۆرە تاکی قوتابی فێردەبێ کە لە نێو گرووپدا بژی و لە نێو گرووپدا ڕەفتاربکا و لەوبارەیەوە خۆی ڕابێنێ. لەولاشەوە پۆل و قوتابخانە زەمینەی ئەوە دروست دەکەن کە قوتابی دەرفەت و شانسی ئەوەی بدرێتێ تا وەک تاکێک پەرە بە توانایی و لێوەشاوەیییەکانی خۆی بدات. بەو جۆرە قوتابی وەک تاکیک پۆلەکەی بەهیز دەکا و پۆلیش وەک گرووپ لە لای خۆیەوە پشتیوان و یاریدەدەری تاکی قوتابی دەبێ بۆ فێربوون و هەڵدان و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی.

قوتابخانە لەسەریەتی لێوەشاوەیی و توانای قوتابی بۆ قەزاوەتی عادڵانە و دروست بەرێتە سەر تا لە کاتی پێویستدا بزانێ کە دەبێ ڕێز لە ژیانی خسوسی و تایبەتی کەسانی دیکە بگرێ و ئابڕوو و کەرامەتیان بپارێزی. هەربۆیە قوتابخانە تێدەکۆشێ هەموو وشە ناحەز و پڕ لە سوکایەتی و بێ ئەدەبییەکان، ئەو وشانەی بە ڕق و قین و سووکایەتی بارگاوینە، لە قامووسی قوتابیدا بسڕێتەوە و فێری زمانی ڕێز و حورمەت و دیالۆگ و وتووێژی خەللاقی بکات. قوتابییان لە ڕێگای پرۆگرامی پەروەردەییی تایبەتەوە لەسەر ڕەفتاری دروست و بەرپرسانە لە کۆنتێکستە جۆراوجۆرەکاندا، ڕادەهێنرێن. لەو بارەیەوە بەکارهێنانی تێکنۆلۆژی و فۆرم و شێوازە جۆراوجۆرەکانی دەربڕین و کۆمیونیکاسیۆن، توانای قوتابی لەو پێوەنیەدا دەبەنەسەر و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەند دەکەن. بەو جۆرە قوتابییان فێردەبن کە لە هەموو جێیەک و تەنانەت لە دەرەوەی قوتابخانەشدا، بەرپرسانە هەڵسوکەوت و ڕەفتار بکەن.


4          2. 2 زانست و زانیاری

قوتابخانە فێربوونی ماددە زانستییە جۆراوجۆرەکان بەگرینگ دەزانێ و قوتابی هان دەدات تا زانست و زانیاریی پێویست، بە گوێرەی پرۆگرامەکانی خوێندن، لە هەموو ماددە دەرسییەکاندا وەدەست بێنێ. چونکە ئەوە لایەنێكی زۆر گرینگی سەرجەمی پڕۆسەی فێربوون و پەروەردەبوونە. مەبەست لە فێربوونی دەرسە زانستییەکان ئەوەیە کە قوتابی زانیای و شارەزایی و لێوەشاوەیی لە زانستە جۆراوجۆرەکاندا وەدەست بخا و بتوانێ لە مەیدانەکانەکانی ژیان و کاردا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ گیروگرفتەکان بەکاریان بێنێ . لێوەشاوییی زانستی بریتیە لە تێگەیشتن و توانا بۆ حاڵی بوون لە مەسەلە و مەوقعیەت و دیاردە جۆراوجۆرەکان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.

ئەرکی سەرشانی قوتابخانەیە کە هەوڵ بدا قوتابی لە دەرسە زانستییەکان تێبگا تا پایەی زانستیی خۆی بەرێتە سەر. بە پێی بەرنامە، هەر مادەیەکی دەرسی ئامانجی خۆی هەیە. قوتابخانە دەبێ کارێک بکا هەموو ئەو زانست و زانیارییانەی کە لە بەرنامە دەرسییەکاندا هاتوون، فێری قوتابی بکرێن، بەڵام لە کاتی هەڵسەنگاندا، سەرجەمی ئەو زانیاری و شارەزایییە زانستییە لەبەرچاوبگرێ کە قوتابی وەدەستی هێناوە. واتە دەبێ فێربوونی ماددە دەرسییە جۆراوجۆرەکان لە پەیوەندی دەگەڵ یەکتردا ببینرێ و هەڵسەنگێنرێ.

پایەی زانستی قوتابی کاتێک دەچیتە سەر کە قوتابی فاکتەکان، تێۆرییەکان، زاراوە و بیردۆزەکان لە گشت بابەت و بوارە جۆراوجۆرە زانستییەکاندا بزانێ و لێیان حاڵی بێت. ئەو شارەزاییە دەبێ بە جۆرێک بێت کە قوتابی بتوانێ لە کردەوەدا بەکاری بێنێ و بۆ چارەسەری گرفت و کیشە و ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی کەڵکیان لێ وەرگرێ. مەبەست ئەوەیە کە قوتابخانە هەوڵ بدا قوتابی، توانایییە زانستییەکانی خۆی لە کردەوەدا بەکاربێنێ. بۆیە شارەزاییی زانستی تەنیا هەر زانیاریی تیئوریک ناگرێتەوە. لە پەنا ئەودا لێوەشاوەییی کۆگنێتیڤی(شناختی – ناسیاری)، مۆتۆریک و زمانی و کۆمیونیکاسیۆنیش دەگرێتەوە. لەوەش زیاتر شارەزاییی زانستی ئەوەش دەگرێتەوە کە قوتابی تواناییی ئەوەی هەبێ لە باس و لێکدانەوەی بابەتە زانستییە جۆراوجۆرەکاندا، بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە بەشداری بکا. تواناییی هەڵسەنگاندنی زانستییانە و لێکدانەوەی ڕەخنەگرانە لێک جیاناکرێنەوە و تەواوکەری یەکترن. ئەو توانایییەیە کە هێز و قودرەتی ئەخلاقی و زانستی و لێوەشاوەییی کۆمەڵایەتی لە قوتابیدا پێک دێنێ.

هەروەها قوتابخانە لەسەریەتی دەرفەتی ئەوەش بۆ قوتابی دروست بکات کە لە یەکێک لە بوارە زانستییەکاندا قووڵ بێتەوە و شارەزایی و لیوەشاوەییی هەموولایەنە وەدەست بخا. بۆ ئەو مەبەستە قوتابی دەبێ ڕێگای جۆراوجۆری فێربوون و قووڵ بوونەوەی بۆ برەخسێ و بخرێتە ژێر تاقیکردنەوەی زۆر و بەردەوام. بەتایبەتی لە کوردستاندا ئەو مەسەلەیە زۆر گرینگە. چونکە میللەتی ئێمە ئێستا و داهاتوو، پێویستی بە پەرەسەندنی ئابووری و سەنعەتیی هەموولایەنە هەیە. ئەوەش تەنیا لە سەر بناخەی پەرەسەندنی زانستی و تێکنۆلۆژی لە کوردستاندا بنیات دەنرێ. هەرلەوکاتەشدا قوتابخانە دەبێ بەردوام پێ لەسەر ئەوە داگرێ کە هەرپێشکەوتنێکی زانستی لە قوتابیدا، پێویستە لە پەیوەندی دەگەڵ ئەو بایەخ و نرخە جەوهەری و ئینسانی و ئەخلاقییانەدا ببینرێ کە ئامانجی سەرەکیی پەروەردە و فێرکردنن.

  1. 3 شارەزایی و لێوەشاوەیییە بنەڕەتییەکان

قوتابخانە دەبێ دەرفەتی ئەوە بخوڵقێنێ کە قوتابی بتوانێ ئەو شارەزایی و لێوەشاوەیییە بنەڕەتییانە وەدەست بێنێ، کە بە مەرجی سەرەکیی چۆنەپێش و هەڵدان و گەشەسەندن دادەنرێن. ئەو شارەزایییە بنەڕەتییانە بریتین لە خوێندنەوە، نوسین، ژماردن، قسەکردن و شارەزاییی دیجیتاڵی. پێویستە بگوترێ ئەو شارەزایییە بنەڕەتییانە، لە هەموو ماددە دەرسییەکاندا، لایەنێکی گرینگی فێربونن. بەڵام بایەخ و گرینگیی ئەوان لەوەدایە کە بۆخۆشیان ئامرازی چوونەپێش و فێربوونن. ئاخر ئەوان بۆ یارمەتیدان بە گەشە و جێگیربوونی کەسایەتی و ناسنامە و شوناسی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییی قوتابی ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن. سەرەنجام بەبێ ئەو لێوەشاوەیییە بنەڕەتییانە، مرۆڤ ناتوانێ لە کاروباری کۆمەڵ و وڵاتی خۆشیدا بەشداریی چالاک و کاریگەری هەبێت.

لە هەر قۆناخێکی خوێندندا، لایەنێکی گرینگی پەروەردە و خوێندن و فێربوون، بریتییە لە پەرەپێدانی ئەو شارەزایی و لێوەشاوەیییە بنەرەتییانە لە قوتابیدا. ئەو پڕۆسەیە لە یەکەم قۆناخەکانی خوێندن و فێربوونەوە دەست پێ دەکا، تا دەگاتە لێکۆڵینەوە و نوسینی ئاکادیمیک وتێکست و وتاری زانستی و ئەدەبیی جۆراوجۆر. لە پڕۆسەی خوێندن و فێربووندا ئەو لێوەشاوەیی و شارەزایییە بنەرەتییانە پێویستە لە پەنا یەکتردا ببینرێن و بە تەواوکەری یەکتر بە حیساب بێن. لە هەموو ماددە دەرسییەکاندا ئەو شارەزایییە بنەرەتییانە دەبێ وەک ئامانجی فێربوون دیاری بکرێن و قوتابی بۆ وەدەستهێنانیان بخرێتە ژێر بەرنامەیەکی چڕوپڕی خوێندن و فێربوونەوە. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە هەرکام لە ماددە دەرسییە جۆراوجۆرەکان دەتوانن نەخشی تایبەت بەخۆیان لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی ئەو شارەزایییانەدا هەبێ. دیارە لەو نێوەدا هەندێک ماددەی خوێندن و هەندیک دەرس، بەرپرسایەتیی زۆرتریان دەکەوێتە سەرشان. مامۆستا لەسەریەتی تێکۆشێ لە هەموو دەرسەکاندا، قوتابی ئەو لێوەشاوەیییە بنەڕەتییانە وەدەست بێنی.

  1. 4 فێربین کە بەردەوام فێربین

ئەرکیکی دیکەی قوتابخانە ئەوەیە کە قوتابی فێربکات بتوانێ سەربەخۆ و بەردەوام بەدوای فێربووندا بگەڕێ و لەو ڕێگایەوە زانست و زانیاری و لێوەشاوەییی کۆمەڵایەتی و زانستی وەسەریەک بنێ. کاتێک قوتابی ىڕوا بە تواناکانی خۆی دێنێ و بۆ گەشەپێدانی هەموولایەنەی خۆی دەکاریان دەکات، هەستی بڕوابەخۆبوونی زۆرتری تێدا پەیدا دەبێ. بەو جۆرە قوتابخانە پێویستە قوتابی هان بدا و ئەوینی خوێندن و فێربوونی تێدا پەروەردە بکا و مۆتیڤاشۆن(پاڵنان-هاندان)ی بۆ خوێندن و تەحقیقات و لێکۆڵینەوە و فێربوونی زیاتر بداتێ. بۆ مەبەستێكی لەو چەشنە قوتابخانە لەسەریەتی لە هەر قۆناخێكی خوێندندا، بە گوێرەی تەمەن و ڕادەی گەشەی عەقڵی و جسمیی قوتابی، قوتابی لەسەر فێربوونی تێکنیکەکانی خوێندنەوە و ستڕاتێژییەکانی فێربوون ڕابهێنێ. ئەگەر قوتابی فێری ئەوە بکرێ کە بەرەبەرە و پێ بە پێی چوونەسەری تەمەنی، ڕادە و چۆنیەتیی فێربوونی خۆی و هاوپۆلەکانی هەڵسەنگێنێ، سەرەنجام بە تەواوی فێری ئەو هونەر وتێکنیک و ستڕاتێژییانە دەبێ کە مرۆڤ بۆ فێربوونی سەربەخۆ و ئامانجدار و بەردەوام پێویستی پێییانە.

ئەو قوتابییەی فێر بێ پرسیاری دروست و حیسابی فۆڕمۆڵە بکا و بێنیتە گۆڕێ، بە دوای دۆزینەوەی وڵامەکەیدا لە سەرچاوەی جۆراوجۆردا بگەڕێ و بە میتۆدی زانستی، داتا و زانیارییەکان لەگەڵ یەکتر بەراوەرد بکا، سەرەنجام ڕۆڵی سەربەخۆی خۆشی لە پڕۆسەی خوێندن و فێربووندا دەدۆزێتەوە و ئەو شارەزایییەش بۆ فێربوونی بەردەوام بەکاردێنێ. لە ڕەوتی کارکردن و خوێندنی ماددە دەرسییە جۆراوجۆرەکاندا، بەرەبەرە قوتابی ئەو ئەزموونە وەدەست دێنێ کە بۆ مەبەستێكی لەو چەشنە پێویستی پێیەتی. ئەو لێوەشاوەیییە کاتێک باشتر دروست دەبێ کە قوتابی بتوانێ بابەتە جۆراوجۆرە زانستییەکان و لایەنە ڕەنگاورەنگەکانی دیاردەکان، دەگەڵ یەک بەراوەرد بکا و ئاکام و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بەدەستەوە بدا. تا قوتابی بتوانێ لە پڕۆسەی فێربوونی خۆیدا، باشتر لە میتۆدی زانستی و ڕەخنەگرانە و تێکنیک و ستڕاتێژییە جۆراوجۆرەکانی فێربوون و خوێندنەوە کەڵک وەرگرێ، باشتر دەتوانێ لە کاری خوێندن و لێكۆڵینەوە و فێربووندا سەرکەوتن وەدەست بێنێ.

شایانی باسە هەندێک قوتابی، سەرەڕای هەوڵ و کۆششی زۆر و بەکارهێنانی ستڕاتێژیی جۆراوجۆریش بۆ فێربوون، لە ڕەوتی خوێندن و فێربووندا، توشی گیروگرفت دەبن و پێویستییان بە یارمەتی و دەستگرتنی تایبەتی و تەنانەت میتۆدی گونجاو لەگەڵ ئەو هەلومەرجەدا هەیە کە ئەوان تێیدا بەسەردەبەن. لە وەزعێکی ئاوادا گەلێک هاوکاریی جۆراوجۆر هەن کە پێویستە لە لایەن پسپۆڕانی پەروەردە و سایکۆلۆژی و زانستە کۆمەڵایەتی و پزیشکییەکانی دیکەوە لێک بدرێنەوە و ئاسانکاریی پێویست بۆ قوتابییەکە بکەن تا بتونێ بە شێوەیەکی ئاسایی بڕواتە پێش. بۆیە قوتابخانە پێویستە تێکۆشێ ئەو ئەوین و حەزە لە هەموو قوتابییاندا پێکبێنێ کە بتوانن سەربەخۆ وەدوای زانست و زانیاری کەون و خۆیان باشتر پێبگەیەنن.

  1. 5

پاک و خاوێنی و لەشساخیی گشتی، مودیرییەت و بەڕێوەبردنی ژیان، دێموکڕاسی و هاووڵاتی، پەرەئەستاندنی هەموولایەنە و پایەدار و درێژخایەن

قوتابخانە ئەرکی سەرشانیەتی لە پڕۆسەی خوێندن و فێربووندا، لەسەر ئەو بابەتانە کار بکا. لە سەرتاسەری پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، ئەو بابەتانە هەوێنی بنەڕەتیی هەموو کار و چالاکییەکانی قوتابخانە پێک دێنن. ئەو بابەتانە لەو مەسەلە گرینگانەن کە ئێستا چ لە ئاستی نێونەتەوەیی و چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی میللی و نیشتیمانیدا، بە هێند وەردەگیرێن.

قوتابییان لە ڕێگای خوێندن و فێربوونی ماددە دەرسییە جۆراوجۆرەکانەوە، شارەزاییی پێویست لەسەر ئەو پرسانە وەدەست دەخەن. ئەوان لە قوتابخانەدا، لە ڕێگای ئەزموون کردنی زانستە جۆراوجۆرەکان و بەراوەرد کردنی بابەت و دیاردەکان دەگەڵ یەکتر، فێردەبن ڕێگا چارەی گونجاو بدۆزنەوە وچارەسەری کێشە و کەموکوڕییەکان بکەن. بۆیە ئەرکی سەرشانی قوتابخانەیە کە هەموو ئەو بابەتانە لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و فێربووندا بگونجێنێ و قوتابی بە زانست و زانیاریی پێویست چەکدار بکات تا سەرەنجام بتوانێ وەک هاووڵاتییەکی چالاک و بەرپرس و کارا هەڵسوڕێ و ئەرکەکانی خۆی بەجێ بێنێ.

  1. 5. 1 لەشساخی و هونەرەکانی ئیدارەکردنی ژیان

قوتابخانە پێویستە لە ڕەوتی کاری پەروەردە و فێرکردندا، لەشساخیی فیزیکی و سایکۆلۆژیی قوتابی بەرێتە سەر و بەهێزی بکا. ئەو مەسەلەیە زۆر گرینگە تا قوتابی بتوانێ لەباری ڕۆحی و بەدەنییەوە، ساخ بێ . بەتایبەتی لە قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندیدا، کارکردن لەسەر ئەو بابەتانە یارمەتی بەوە دەکا کە قوتابی، وێنەیەکی پۆزەتیڤی لە خۆی هەبێ و شوناس و ناسنامەی خۆی بناسێ و بەهێزی بکات. ئەگەر قوتابخانە لە ڕێگای پەروەردە و فێرکردنەوە بتوانێ لەشساخی و سڵامەتیی ڕۆحی و بەدەنیی منداڵان، لاوان و قوتابییان پەرە پێ بدا، یارمەتی بە دروست بوونی کۆمەڵگایەکی لەشساخ و تەندروست و ساخڵەمیش دەکا.

مەبەست لە ئیدارەی ژیان ئەوەیە قوتابی بتوانێ هەموو ئەو زانیاری و شارەزایییانە فێربێ کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئینسان هەیە و بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە لە نێو خێزان و کۆمەڵگادا پێویستن. قوتابی دەبێ فێر بێ دەگەڵ هەوراز و هەڵدێرەکانی ژیان هەڵبکا، دەگەڵ ناڕەحەتی و قەیران و دەورانە سەخت و دژوارەکان دەست و پەنجە نەرم بکا. لەو ڕێگایەوە پوختە دەبێ و ئەزموونی زۆر وەدەست دێنێ، ئەوەش ئامادەی دەکا تا بەرزی و نزمییەکانی ژیان و ڕۆژگار بە لێوەشاوەیییەوە تێپەرێنێ. بۆ ئەو مەبەستە قوتابخانە لە پرۆگرام و بەرنامەی تایبەت بەوکارە کەڵک وەردەگرێ.

گرینگترین ئەو بابەتانەی کە لەو بارەیەوە قوتابخانە دەبێ سەرنجیان بداتێ و کاریان لەسەر بکات بریتین لە شێواز و ستایلە جۆراوجۆرکانی ژیان، سێکسواڵیتی، ماددە هۆشبەرەکان، پاک و خاوێنی و تەندروستی و نەخۆشییەکان، بەکارهێنانی مێدیاکان، مەسرەفی ڕۆژانە و بەڕێوەبردنی ئێکۆنۆمیی شەخسی و بودجەبەندیی مانگانە و ساڵانە. ئاشنا بوون دەگەڵ نرخ و بایەخە جۆراوجۆرە دینی و ئەخلاقی و فەلسەفییەکان وهەڵبژاردن و پەیڕەوی لێ کردنیان لە ژیانی ڕۆژانەدا. بوارێکی دیکەی کاری قوتابخانە دەبێ بۆ وەدیهێنانی ئەو مەبەستانە بێ کە ژیان بە ماناوە جوانە. قوتابخانە پێویستە قوتابی وا باربێنی کە بەدوای ماناو جوانیدا بگەرێ. کار کردن لە سەر پەیوەندییە ئینسانییەکان لە لایەک و سنوردانان بۆ خۆ و ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە لە لایەکی دیکەوە، مەیدانیکی دیکەن بۆ کارلەسەرکردن و ڕاهێنانی قوتابی لەسەریان. ئەوە کە قوتابی فێربێ هەست و بیر و ئیحساس و ڕەفتارەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ بکا و پەیوەندییەکانی خۆی دەگەڵ کەسانی دوروبەری ڕاگرێ و ئیدارە بکا، دەکەوێتە چوارچیوەی ئەو بابەتە پەروەردەیییانەوە کە لێرەدا باسمان کردن.

  1. 5. 2 دێموکڕاسی و هاووڵاتی

کارکردن لەسەر دێموکڕاسی و ئەو مەسەلانەی پەیوەندییان بە هاووڵاتی هاوولاتیبوونەوە هەیە، مەیدانێکی دیکەی گرینگی بواری پەروەردە و فێرکردنە. قوتابخانە لەسەریەتی قوتابییان دەگەڵ بایەخ و ڕێسا و قانوونەکانی دێموکڕاسی ئاشنا بکا و بە جۆرێک باریان بێنی کە بتوانن لە هەموو پڕۆسە دێموکڕاتیکەکاندا بەشداریی چالاکانە بکەن. قوتابی پێویستە تێبگا کە پەیوەندییەکی نزیک و زیندوو لە نێوان دێموکڕاسی و ستاندارد و نۆڕمە پەسند کراوەکانی یاسای نێونەتەوەییی ماف و ئازادییە بنەرەتییەکانی مرۆڤدا هەیە. گرینگترینی ئەو ماف و ئازادییانە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دێموکڕاسی و کارکردی دێموکڕاسی هەیە، بریتین لە ئازادیی دین وعەقیدە و بەیان، ئازادیی پێکهێنانی کۆڕوکۆبونەوە و حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی و تێکۆشان لە نێویاندا، مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و هەڵبژێران. هەروەها قوتابی دەبێ ئەوەش فێر بێ کە دێموکڕاسی دەتوانێ فۆڕم و شکڵی جۆراوجۆری هەبێ. بەڵام جەوهەرەکەی یەکە.

لێرەدا قوتابی دەگەڵ ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتی ئاشنا دەبێت. ئەگەر لە لایەکەوە هاونیشتیمانی ئازادە بەشداری لە کاروباری سیاسیدا بکات، لەو لاشەوە کۆمەڵگا پێویستی بەوەیە کە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی چالاک و زیندوو لە کاروباری کۆمەڵدا بەشداربن. تەنیا لەو ڕێگایەوەیە کۆمەڵگایەکی مەدەنیی بەهێز دروست دەبێ. ئەرکی قوتابخانە ئەوەیە قوتابی هان بدا ببێتە هاووڵاتییەکی چالاک و هەڵسووڕ و بەرپرس و شوێندانەر. بەو جۆرە قوتابی دەبێتە پاڕامیترێکی کاریگەر بۆ بردنەپێش و پەرەپێدانی دێموکڕاسی لە کۆمەڵگای کوردستاندا. قوتابی لێرەدا دەبێ دەگەڵ ئەو یاسا و پرەنسیپانە ئاشنا بیت کە کارکردی دێموکڕاسی ڕێکدەخەن. وەک مافی زۆرایەتی بۆ بەڕێوەبەری، بە وەبەرچاوگرتنی ماف و ئازادییەکانی کەمایەتی و هەروەها ڕێزدانان بۆ مافەکانی هاونیشتمانان. قوتابی پێویستە دەگەڵ ناتەبایی و دیلیماکانی ئەو بابەتە ئاشنا بێت تا بتوانێ لە کردەوەدا ڕەفتاری دروست و دێموکڕاتیک لەخۆی نیشان بدا. بۆ ئەو مەبەستە بارهێنانی قوتابی کە بتوانێ بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیربکاتەوە و مەسەلەکان هەلسەنگێنێ، کاریگەریی زۆری هەیە. تایبەتمەندییەکی گەورەی کەسێکی دێموکڕات ئەوەیە کە پلۆرالیزمی سیاسی و فەرهەنگیی قەبووڵ بێ، بتوانێ دەگەڵ نەیار و ڕکابەر و موخالیفانی خۆی بحاوێتەوە و لەسەر ئەوە ڕێک کەوێ کە زۆر جار مرۆڤ ناتوانێ دەگەڵ ئەوان بە تەوافوق بگا. لەوەش زیاتر قوتابی دەبێ ئەوەش فێر بێ کە دێموکڕاسی ناتوانێ ڕاوەستێ. هەمیشە بۆ پێشەوە دەڕوا و دەوڵەمەندتر دەبێ و گەشەدەکا. ئامانجی سەرەکیی دێموکڕاسی بریتیە لە دێموکڕاسیی زۆرتر.

  1. 5. 3 پەرەسەندنی پایەدار و بەردەوام

ئاشناکردنی قوتابی دەگەڵ یاسا و لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵ لەباری ئابووری و سەنعەتییەوە، ئەرکێکی دیکەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنە. مەبەست لە پەرەسەندنی پایەدار و بەردەوام ئەوەیە کە بتوانین شانبەشانی پەرەسەندنی ئابووری، ژیان و سەرچاوە و کۆڵەکەکانی بپارێزین . واتە هەرلەو کاتەدا کە ئابووری و پیشەسازیی ئەمرۆمان لە کوردستان، پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی دانیشتوانی کوردستان دابین دەکا، پێویستە قازانج و بەرژەوەندییەکانی نەوەکانی داهاتووی نەتەوەی کوردیش لەبەرچاو بگرێ و کارێک نەکا کە ئەوان بەسەر کوردستانێکی وێران و کەسنەكیڵ و بەردەڕەقدا بکەون. پەرەسەندنی بەردەوام بریتییە لە پێکهێنانی باڵانس و هاوئاهەنگی لە نێوان پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگەدا. قوتابخانە پێویستە قوتابی فێربکات کە شێوەی ژیان و ڕادەی مەسرەفی سەرچاوە سروشتییەکان لەلایەن تاکەکان و کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانەوە، ئاکامی میللی و ناوچەیی و جیهانیی بەدواوەیە.

لە ڕێگای کارکردن لەسەر پرۆگرامە دەرسییەکانی تایبەت بەو بابەتەوە، وشیاری و ئاگاهیی ژینگەیی لە لای قوتابی دروست دەبێ. بە جۆرێک کە بتوانی لە کاتی مەسرەف و بەکارهێنانی سەرچاوەکاندا، بە شێوەیەکی بەرپرسانە و ئەخلاقی و بە تێبینییەوە ڕەفتار بکات. هەر لە ژێر ئەو بابەتەدا، قوتابی دەگەڵ مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە، ئاڵوگۆرێ کەشوهەوا، هەژاری، چۆنیەتیی دابەش بوونی سەرچاوە سروشتییەکان، شەڕو کێشەکان، لەشساخی، یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، پەیوەندیی نێوان وڵاتانی دەوڵەمەند و وڵاتانی هەژار، دیمۆگرافی و خوێندن و فێربوون لە ناوچە جیاجیاکانی دونیادا ئاشنا دەبێت. قوتابی پێویستە زانیاری لەسەر هەموو لایەنەکانی پەرەسەندنی پایەدار و بەردەوام وەدەست بێنیێ.

تێکنۆلۆژی، کاریگەریی گەورەی لەسەرمرۆڤ، کۆمەڵگای ئینسانی و ژینگەهەیە. بۆیە زۆر گرینگە قوتابی، زانست و زانیاری لە سەر پەرەسەندنی ئابووری، ژینگە و پێشکەوتنە تێکنۆلۆژییەکان و پەیوەندیی نێوان ئەوان وەدەست بێنێ. هیج گومانی تێدا نییە کە پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی، دەتوانێ زۆر گیروگرفت چارەسەرکات. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە هەرهەمان پێشکەوتنی تێکنیکی دەتوانێ گیروگرفتی دیکەش بۆ مرۆڤایەتی بخوڵقێنێ. بۆیە قوتابخانە دەبێ قوتابی بەجۆرێک بار بێنێ کە ئاگاداریی بەسەر ئەو مەسەلەیەدا هەبێ و بتوانێ هەمیشە هەڵبژاردنی دروست بکا .


5 پڕاکسیسی قوتابخانە

قوتابخانە پێویستە بە ڕێز و حورمەتەوە قوتابی وەرگرێ، هەڵسوکەوتی دەگەڵ بکا، ئەمنیەتی ڕۆحی و فیزیکیی بۆ برەخسێنێ و لە هەمان کاتدا چاوەڕوانیشی لێی هەبێ و ئەرکی پێویستی بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە و بەدواچووندا بخاتە سەر شان. بە جۆرێک کە بۆ فێربوون هان بدرێ. بۆ ئەو مەبەستە قوتابخانە لەسەریەتی ژینگەیەکی لەبار و هەلومەرجێکی گونجاو بۆ فێربوونی قوتابی بە هاوکاری دەگەڵ ماڵەوە دەستەبەر بکا. ئەوەش پێویستی بە چەند تێمی پسپۆڕ و کارزان هەیە کە قوتابخانە دەبێ بۆڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانە، لە دەوری یەک کۆیان کاتەوە و بیانخاتە خزمەت پڕۆسەی پەروەردە و فێربوونەوە.

  1. 1 ژینگەیەکی ئامێزئاواڵا بۆخوێندن و فێربوون.

قوتابخانە پێویستە بە ئامێزێکی ئاواڵاوە جێگا بۆ هەموو قوتابییان بکاتەوە وژینگەیەکی ئەوتۆیان بۆ برەخسێنێ کە لەوێدا هەست بە سلامەتی وشادی و خۆشحاڵی بکەن بۆ خوێندن و فێربوون هان بدرێن.

دابینکردنی ژینگەیەکی بەهێز کە لەوێدا قوتابی بۆ خوێندن و فێربوون هان بدرێ و هەلومەرجی هەڵدان و گەشەسەندنی هەموولایەنەی بۆ دەستەبەر بکرێ، یەکێک لە پێشمەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنە. بەبێ ئەوە گەشەسەندنی قوتابی چ لە باری کۆمەڵایەتی و چ لە باری زانستییەوە، مەیسەر نابێ. ئەگەر قوتابی لە پۆل و لە نێو قوتابخانەدا، هەست بە ئەمنییەت وئاسایش نەکا، فێریش نابێت. ژینگەیەکی لەو چەشنە تەنیا لە لایەن مامۆستایانی پسپۆڕ و شارەزا، کە بە بەرچاوڕوونییەوە کاردەکەن، بە هاوکاریی دەگەڵ قوتابییەکان ئیمکانی دابین بوونی هەیە. مامۆستایان و کارمەندانی دیکەی قوتابخانە، دایک و باوکەکان و قوتابییان، بەرپرسایەتیی هاوبەشیان هەیە کە فەزایەکی لەبار بۆ گەشە و هەڵدان و فێربوون، دوور لەهەر چەشنە جیاوازی دانان و هەڵاواردن و تووندوتیژییەک، لە قوتابخانەدا پێک بێنن. قوتابخانەیەکی لەو جۆرە کە باوەشی بۆ هەموو قوتابییان ئاواڵەیە و ژینگەی لەبار بۆ گەشە و فێربوونی هەمووان دەخوڵقێنێ، فرەفەرهەنگی و فرەکولتووری نەک هەر بە هەڕەشە نازانێ، بەڵکوو لە پەیوەندی دەگەڵ بەرنامەکانی خۆیدا بە سەرمایەی لە قەڵەم دەدا.

قوتابی پێویستە مەیدانی بدرێتێ تا لە کاروباری پۆل و قوتابخانەدا بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکات و بەربرسایەتی وەرگرێ. قوتابییان لە پڕۆسەی هاوکاری و کۆمیونیکاسیۆن و کاری هاوبەش دەگەڵ یەکدا، بیردەکەنەوە، ئەزموون وەدەست دەخەن و زانیاری وەدەست دێنن. قوتابخانە دەبێ بەجۆرێک توانای قەزاوەتی قوتابی بباتە سەر کە لەکاتی هەڵسەنگاندن و قسەکردن لەسەر کەسانی دیکەدا، بە شێوەیەکی بەرپرسانە و بە ئینسافەوە نەزەر بدا. لەوەش زیاتر قوتابی دەبێت فێر بکرێ لە هەموو مەوقعیەتە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ڕۆژانەدا و لە هاوکاری و لە پەیوەندی دەگەڵ کەسانی دیکەدا بە شێوەیەکی بەرپرسانە بجووڵیتەوە .

ئەو نۆرم و نرخ و پرەنسیپانەی بەسەر قوتابخانە و ژینگەی فێربووندا زاڵن، شوێنەواری کاریگەریان لەسەر پەرەسەندنی کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی قوتابی هەیە. هاوڕێیەتی هەر لەوکاتەدا کە هۆگری و ئەمنییەت و ئاسایشمان پێ دەبەخشی، تا ڕادەیەکی زۆر بەهێزیشمان دەکات. وەختێک دەبینین کە بە ڕێزەوە لە لایەن مامۆستا و هاوڕێ و هاوپۆلەکانمانەوە وەردەگیرێین و جێگای بڕوا و متمانەی ئەوانین، بۆخۆشمان تێدەکۆشێن ڕێز لە خۆمان و لە دەوروبەر و هاواڵانمان بگرین و ڕێز و حورمەت لە کەسانی دیکە بنێین. قوتابییان دەبێ فێربکرێن و لەوە حاڵی بن کە ئێمە ئینسانەکان دەگەڵ یەکتر جیاوازین و هەرکاممان شوێن و جێگای تایبەت بەخۆمانمان لە نێو پۆل و لە قوتابخانە و سەرەنجام لە کۆمەڵدا هەیە. هەر قوتابییەک مێژوویەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە بە کۆڵیەوەیەتی و خاوەنی هیوا و هومێد و خەونی تایبەت بە خۆشیەتی. کاتێک منداڵان و لاوان لە قوتابخانەدا ڕێزیان لێ دەگیرێ و بە حورمەتەوە وەردەگیرێن و دەخوێنرێنەوە، هەستی هاوپەیوەندی و هاوچارەنوسیشیان دەگەڵ هاواڵ و هاوڕیکانیان تێدا دروست دەبێ.

کاتێک قوتابخانە مەیدان و دەرفەتی هەمەچەشن بۆ فێربوونی قوتابی پێکدێنی، قوتابی بە کردەوە زۆر ئەزموون وەدەست دەخا کە لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانەی مرۆڤ لەدەرەی قوتابخانە، نزیکن. بەو جۆرە لاوان و مێرمنداڵان پوختە دەبن. ئەگەر گەڕەک وکۆمەڵگای دەوروبەری بتوانن کە ئەوانیش بە شێوەیەکی پۆزەتیف و بەرپرسانە کۆمەك بە چوونەپێشی پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون بکەن و لەو بارەوە هاوکاری قوتابخانە بن، ئەوە دەرفەتی باشتر بۆ گەشەی قوتابخانە و قوتابییان پێکدێ . هەر بەوجۆرە دۆزینەوەی فۆڕم و مەیدانی دیکە بۆهاوکاری و کاری هاوبەش و لێکۆڵینەوە و فێربوون، لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی میللی و ناوچەیی و تەنانەت جیهانیشدا، دەرگای فێربوون و گەشەسەندنی زۆرتربە ڕووی قوتابییاندا دەکاتەوە. قوتابی بە هاوکاری و بە تێکەڵاوی و پەیوەندی گرتن دەگەڵ خەڵکانی دیکە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی دونیا، بێ وەبەرچاوگرتنی سنوورە سیاسی و فەرهەنگی و زمانییەکان، ڕوانگەی خۆی بەرین دەکاتەوە و ناسنامەو شوناسی تایبەت بەخۆی پەیدادەکات.

  1. 2 خویندن و فێربوونی گونجاو دەگەڵ توانا و ئاستی قوتابییان

قوتابخانە لەسەریەتی ژینگەیەکی لەبار بۆ فێربوون و گەشەکردنی هەموولایەنەی قوتابی پێک بێنی. ژینگەیەک کە قوتابی بۆ فێربوون و خوێندن تەشویق بکا و هانی بدا بۆخۆی بە دوای فێربووندا بگەڕێ.

ئەرکی سەرەکیی قوتابخانە ئەوەیە کە فێربوون و گەشەی قوتابی دەستەبەربکا. هەرقوتابییەک کە ڕوودەکاتە قوتابخانە، هەندێک زانیاری و ئەزموون و ڕەفتار و توانا و پێداویستیی تایبەت بە خۆی هەن کە لەگەڵ خۆیدا بۆ قوتابخانەیان دێنێ. بۆیە قوتابخانە دەبێ، بێ لەبەرچاوگرتنی توانا و تایبەتمەندییە تایبەتییەکانی هەر قوتابییەک، دەرفەت و شانسی وەک یەک بۆ فیربوون و گەشەی هەموو قوتابییان پیک بێنێ. بەڕێوەبەری و مودیرییەتی سەرکەوتووانەی پۆل و گرووپ، پێویستی بەوەیە کە مامۆستا وەزعی تایبەتی و پیداویستییە تایبەتییەکانی هەر قوتابییەک ببینێ و بتوانێ پەیوەندی دەگەڵ ئەوان چ تاک تاک و چ بە کۆمەڵ دامەزرێنێ و خۆی بە زانستە جۆراوجۆرەکانی پێداگۆگی(پەروەردەیی) چەکدار بکا. بۆ ئەوەی قوتابی حەز و ئەوینی بۆ خوێندن تێدا پێک بێ، پێویستە قوتابخانە ژینگەیەکی ئەوتۆی فێربوونی بۆ دروست بکات کە لەوێدا بتونێ چالاکیی جۆراوجۆر لە خۆی نیشان بدا و ئەزموونی زۆر وەدەست بێنێ. دیارە دەبێ هەمووی ئەوە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکانی پەروەردە و فێرکردندا بێ. قوتابی دەبێ شانسی ئەوەی هەبێ لە ماددە زانستییە جۆراوجۆرەکاندا قووڵ بێتەوە. بەڵام قوتابخانە پێویستە ئەوە بزانێ کە هەر قوتابییەک بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە لە پڕۆگرامی خوێندندا دیاری کراون، پێویستی بە کات و میتۆدی تایبەت بە خۆی هەیە. هەموو قوتابییان وەک یەک و بە خێرایییەکی وەک یەک فێرنابن. هەرکەس دەبێ دەرفەتی خۆی بدرێتێ و هەلومەرجی تایبەت بە خۆی بۆ فێربون بۆ بڕەخسێ. بەوە دەڵێن خوێندن و فێربوونی گونجاو. بەو جۆرە قوتابی لە پڕۆسەی فێربووندا هەست بەوە دەکا کە ئەویش دەڕواتە پێش و فێر دەبێ، ئەوەش هەستێکی پۆزەتیفی تێدا پێک دێنێ و مۆتیڤاشۆنی زۆرتری بۆ فێربوون دەداتێ. لەو پڕۆسەیەدا هەڵەکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان دەبێ وەک سەرچاوەی فێربوون بە حیساب بێن. بۆیە قوتابی دەبێ تەشویق بکرێ کە هەوڵ بدا ئەرک و وەزیفەکانی قوتابخانەی جێبەجێ بکا، بێ ئەوەی لەوە بترسێ کە ڕەنگە هەڵە بکات. ئەوە ئەرکی قوتابخانەیە کە دەرفەتی لەوچەشنەی بۆ بخوڵقێنێ، تا لە تاقیکردنەوە سەخت و دژوارەکان نەسڵەمێتەوە.

مەبەست لە تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی قوتابی نابێ هەرئەوە بێ کە بزانین قوتابی چ دەزانێ و چ نازانێ. بەمەستی سەرەکی لەو کارە دەبێ ئەوە بێت کە مۆتیڤاشۆن لای قوتابی دروست کا و بۆ پەرەسەندن و خوێندن و خوێندنەوەی زۆرتر هانی بدات. نەخشەکێشانەوە لە قوتابی و لێوەشاوەیییەکانی، لە هەگبە زانستی و ئەزموونە کۆمەڵایەتی و توانا زمانەوانییەکانی، لە شارەزایییە تیئوری و پراکتیکییەکانی، لەو ئامڕاز و میتۆدانەن کە قوتابخانە بەکاریان دێنێ بۆ تۆمارکردنی زانیاری لەسەر قوتابی و بۆ ناسینی قوتابی و بۆ داڕشتنی بەرنامەی تایبەت بە هەر تاکێکی قوتابی، بۆ خوێندن و فێربوون. ئەوە پایەیەکی گەورەی پراکسیسی قوتابخانەیە. بەڵام نەخشەکێشانەوەیەکی لەو چەشنە لە قوتابی، ئەگەر لە کردەوەدا، قوتابخانە بۆ خزمەت بە فێربوون و پێشکەوتنی قوتابییەکە بەکاری نەهێنێ و لەبەر ڕووناکایی ئەودا هەناگاوی پێویست هەڵنەگرێ، بایەخێکی ئەوتۆی پەروەردەیی نابێت. مامۆستا دەبێ وریا بێ و بزانێ کە هەندیک تاقی کردنەوەی ناپێویست و نابەجێ، وێنەیەکی لاواز و مەنفی لە قوتابی نیشان دەدەن و لە ئاکام دا زیان بە ڕۆحیەی قوتابی دەگەیەنن و ئاکامی زۆر خراپیان لەسەر ژینگەی فێربوون دەبێ وعەلاقەی قوتابی بۆ خوێندن و فێربوون سارد دەکەنەوە. بەو جۆرە بە پێچەوانەی مەبەستە پێداگۆگییەکان لە تاقی کردنەوە کە بریتیە لە بردنەپێشی قوتابی، ئاکامی خراپ بەدەستەوە دەدەن.

مەبەست لە خوێندنی گونجاو ئەوەیە کە قوتابخانە بە جۆرێک هەلومەرجی خوێندن و فێربوون بۆ قوتابییان بخوڵقێنێ، کە هەموو قوتابییەک بە گوێرەی توانا و زەرفیەتەکانی خۆی لە پڕۆگرامە گشتییەکانی خوێندن و فێربوون، بەهرەی پێویست وەربگرێ. بۆ مەبەستێکی لەو چەشنە، قوتابخانە دەتوانێ لە ئامراز و میتۆدی جۆراوجۆری پێداگۆگی و پەروەردەیی کەڵک وەگرێ. وەک دابەشکردنی سەرمایە مادی و ئینسانییەکان، دەکارکردنی میتۆدی جۆراوجۆری دەرس گوتنەوە، نەخشەکێشانەوە لە قوتابییەکان، دابەشکردنی قوتابییەکان بەسەر گرووپی بچکۆلەتردا، بە کارهێنانی مامۆستا و پسپۆڕانی تایبەتی، زیاد کردنی ژمارەی مامۆستاکان، بەکارهینانی تێکنۆلۆژییەکانی دەرس گوتنەوە، بەکارهێنانی تێکست و کتێبە دەرسییە جۆراوجۆرەکان، دەسکاری لە خشتەی هەفتانەی دەرسەکان و بەکارهێنانی شێوە و میتۆدی جۆراوجۆر بۆ ئیمتیحان لێ وەرگرتن و هەلسەنگاندنی قوتابییان.

هەلسەنگاندنی قوتابی، لە پڕۆسەی خوێندن و فێربووندا، بەو مەرجەی قوتابی چالاکانە بەشدار بێ و گوێی لێ بگیرێ و بزانێ کە چ چاوەڕوانییەکی لێ دەکرێ، مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنی خوێندنی گونجاوە. ئەوەش ئەو کاتە ئیمکانی هەیە کە قوتابخانە لەپێشدا هەموو دەرفەت و میتۆدێکی پێویستی بۆ فێربوونی قوتابی بەکارهێنابێ و لەوە دڵنیا بێت کە قوتابی دەتوانێ بە گوێرەی پێویست، وڵام داتەوە و لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا بێ. مامۆستا دەبێ لە کاتی دەرس وتنەوەدا پشتیوانی لە قوتابی بکات کە بە گوێرەی تواناکانی ئامانج و قۆناخی جۆراوجۆر بۆ فێربوون و چونەپێشی خۆی دیاری بکات و مەیدانی بداتێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەوڵ بدا. قوتابخانە دەبێ بەجۆرێک بەرنامەڕێژی بکات کە قوتابی، لە نێوان هەموو ماددە دەرسییەکاندا هاوسەنگی پێک بێنی و هەست بە فێربوون و پێشکەوتنی خۆی لە هەموو دەرسەکاندا بکا. مەبەست لەو کارە ئەوەیە کە قوتابی بزانێ کە دەتوانێ بڕواتە پێش و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە ئامێزی گرتووە و دەگەڵ خۆی دەیباتە پێشێ. دروستکردنی هەستێکی لەو چەشنە لە قوتابیدا بە کلیلی سەرکەتن و چوونەپێش دادەنرێ.

خوێندنی گونجاو هەموو قوتابییان دەگرێتەوە. قوتابخانە لە ڕێگای بەکارهێنانی میتۆد و شێوازی جۆراوجۆری دەرس گوتنەوە، لە ڕێگای دابەشکردنی قوتابییان بەسەر دەستەو تاقم و گرووپی فرەچەشندا بۆ ئاسان کردن و بردنەسەری ئاستی فێربوون، لە ڕێگای دەکارکردنی تێکنۆلۆژیی مۆدێڕن و پێویست، لە ڕێگای بە ڕەسمی ناسینی شوناس و کولتور و ناسنامەی فەرهەنگی و ڕێزنان لە پێشینەی بنەماڵەییی قوتابی، دەتوانێ ئەو میتۆدە پێداگۆگییە بەکاربێنی. ئەگەر قوتابییەک، پاش هەڵسەنگاندن لە لایەن دەزگا پسپۆڕەکانەوە، دەربکەوێ کە پێداویستیی تایبەتی هەیە و ناتوانێ لە پرۆگرامە ئاسایییەکانی خوێندن کەڵک وەرگرێ، قوتابخانە دەبێ میتۆد و ئیمکاناتی تایبەت بە خۆی بۆ دابین بکا و خوێندنی تایبەتی بۆ دەستەبەر بکا. لە حاڵەتی ئاوادا، قوتابخانە دەتوانێ سەرەڕای ئیمکاناتی خۆی، لە ئیمکاناتی دامودەزگا جۆراوجۆرە کانی دیکەش بۆ یارمەتیدانی ئەو چەشنە قوتابییانە کەڵک وەرگرێ.

  1. 3 هاوکاریی بەردەوام دەگەڵ ماڵەوە و دایک و باوکی قوتابی

ئەگەر هاوکاری و کۆمیونیکاسێۆنی گەرم و پێویست لە نێوان ماڵ و قوتابخانەدا لەگۆڕێدا بێ، ژینگەی خوێندن باشتر دەبێ و هەلومەرجی گەشە و فێربوونی باشتر بۆ قوتابییان دەخوڵقێ. دەبێ بگوترێ کە دایک و باوک بەرپرسایەتیی سەرەکییان لە پەروەردەکردنی منداڵدا هەیە. ئەوان نزیکترین کەسی قوتابین و زانیارییەکی زۆریان سەبارەت بە قوتابی هەیە کە قوتابخانە دەتوانێ لە ڕەوتی پەروەردە و فێرکردندا، بە قازانجی قوتابی بەکاریان بێنی. دەبێ بگوترێ کە ئەوە بەرپرسایەتیی قوتابخانەیە کە تێبکۆشێ پەیوەندی دەگەڵ دایک وباوکی قوتابی بگرێ و دەرگای هاوکاری دەگەڵ ئەوان بخاتە سەرپشت و هەلومەجێک پێکبێنێ کە ئەو هاوکارییە بەردەوام بێ. لەو پەیوەندییەدا قوتابخانە پێویستە تێبکۆشێ کە زانیاریی پێویست سەبارەت بە قوتابخانە و چۆنیەتیی وەزعی قوتابییەکە، بگەیەنێتە دایک و باوکی منداڵ. ئەوەش دەرفەتی ئەوە بۆ دایک و باوکی قوتابی دروست دەکا تا بتوانن لە کاروباری قوتابخانە و خوێندن و فێربوون و پەروردەی منداڵەکەیاندا بەشداری بکەن.

هەڵسوکەوتی دایک و باوک و چۆنیەتیی پەیوەندیی ئەوان دەگەڵ قوتابخانە، شوێنەوارێکی پۆزەتیف و گرینگی لەسەر ڕادەی فێربوون و چوونە پێشی قوتابی و عیشق وعەلاقەی ئەو بە قوتابخانە و مامۆستاکانیەوە هەیە. دیارە چاوەڕوانیی دایک و باوک لە قوتابخانە و ڕادەی پێویستیی ئەوان بۆ هاوکاری، لە بنەماڵەیەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە. بەڵام قوتابخانە لەسەریەتی ئامادەییی ئەوەی تێدا بێ، دەگەڵ هەمووان و هەریەکە بە ئەندازەی چاوەڕوانی و پێداویستییەکانیان، هاوکارییان بکا. لە کردەوەدا زۆرجار ئەوە سەخت دێتە بەرچاو، بەڵام لە باری پێداگۆگییەوە زۆر پێویستە. شایانی باسە قوتابخانە لەسەریەتی بە ڕێز و حورمەتەوە هاوکاریی دایک و باوکەکان بکاو پێشینەی کولتوری و کۆمەڵایەتیی ئەوان، نابێ شوێنەواری لەسەر ئەو هاوکارییە هەبێ. سەرەنجام قوتابخانە زۆر بە ڕوونی دەبێ دایک و باوکی قوتابی لەوە حاڵی بکات کە قوتابخانە چ چاوەڕوانییەکی لە دایک و باوکی قوتابییەکە هەیە و لەولاشەوە ئەوەش دەبێ ڕوون کاتەوە کە قوتابخانەش دەتوانێ چ بکات.

  1. 4

پەروەردە و فێربوون لە کارگە و کارخانە و بنکە سەنعەتی و پیشەسازییەکاندا

پەروەردە و بارهێنانی قوتابییان، لە نێو کارگە و کارخانە و ناوەندە جۆراوجۆرەکانی دیکەی بەرهەم هێناندا، بەشێکی گرینگی سێستەمی پەروەردە و فێرکردنی کوردستان دەبێ. لەو ڕێگایەوە قوتابییان و فێرخوازان، بۆ کار و بەرپرسایەتی قەبووڵ کردن، لە نێو کۆمەڵ و لە بازاڕی کاردا ئامادە دەکرێن. پەروەردەی پیشەیی، مەیدانێکە بۆ تەربیەتی تێکنێسیەن و کادرە فەننییە جۆراوجۆرەکان کە بازاڕی کار پێویستی پێیانە. زۆرگرینگە قوتابخانە پیشەیییەکان تێبکۆشن، خوێندکارانی ئەو بوارانە، وەک کەسانی خەللاق و شارەزا و لێوەشاوە و بەرپرس و کارزان، بێنە نێو ژیان و بازاڕەوە. لە ڕێگای پراکسیس لە کارگە و کارخانەکاندا، قوتابی ئەزموون و تاقیکردنەوەی بەنرخ وەدەست دێنێ کە دواتر لە بازاڕی کاردا کەڵکی لێ وەردەگرێ. بۆیە لەگۆڕێدابوونی هاوکاری و پەیوەندییەکی زیندوو لە نێوان قوتابخانە و بازاڕی کار و کارخانەکاندا، مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی ئێمە لەوبوارەدا بتوانێ بە ئامانجەکانی بگات. پەروەردەکردنی ژمارەیەکی هەرچی زۆرتر لەو جۆرە کادرە فەننی و تێکنیکییانە، شەرتێکی بنەڕەتییە بۆ گەشەی ئابووری و پێشەسازی لە کوردستاندا.

  1. 5

مامۆستا و پسپۆڕەکانی دیکەی بواری پەروەردە و فێرکردن

قوتابخانە وەک ئەنستیتۆیەکی گرینگی ناو کۆمەڵگا، ئەرکی سەر شانیەتی پەیڕەوی لەو بایەخ و پرەنسیپە بنەڕەتییانە بکات کە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی کوردستانیان لەسەر دامەزراوە. بۆیە مامۆستایان، بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان و بەرپرسانی دیکەی پەروەردە، هەموو وەک یەک بەرپرسیارن کە ئەو نۆڕم و یاسا و ڕێسایانە بەڕیوەبەرن و لە کردەوەدا پیادەیان بکەن. هاوکاری و پەیوەندیی زیندووی نێوان قوتابخانە و ماڵەوە، نێوان قۆناخە جیاجیاکانی خوێندن، مەرجێکی سەرەکیی سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندنە. لەو نێوەدا مامۆستا ڕۆڵی سەرکی دەگێڕی. ئەو دەبێ لە هەموو پڕۆسەکەدا یارمەتیدەر، پشتیوان و ڕێ نیشاندەرێکی ئەمینی قوتابی بێ. مامۆستا دەبێ قوتابیی خۆی خۆش بوێ، بیناسێ و پەیوەندییەکی گەرمی دەگەڵ هەبێ. ئەوە بۆ ئەو قوتابییەش هەر ڕاستە کە گیروگرفتی هەیە، لە دەرس ودەورەکانیدا لە دوایە، وەک پێویست گوێ لە مامۆستا ناگرێ، لە نێو پۆلدا نەیتوانیوە جێی خۆی بکاتەوە. بەڕیوەبەر و مامۆستا دەبێ بزانن کە لە ڕاستیدا قوتابییەک کە لە حاڵەتێکی ئاوادایە، پێویستیی زۆرتری بە پشتیوانی و هاوکاری و ڕێ نیشاندان هەیە تا یەکێک کە دەتوانێ ئەرکەکانی قوتابخانە جێبەجێ بکات. ئەگەر مامۆستا تێبکۆشێ لە نێوان خۆی و قوتابییەکاندا، لە نێوان قوتابییەکاندا دەگەڵ یەکتر، پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو دروست بکات، ئەوە توانیویەتی فەزایەک و کولتورێکی لەباریش بۆ فێربوون و گەشەکردنی قوتابی پیک بێنێ و هانی قوتابی بدا تا هەستی هاوپەیوەندی دەگەڵ هاوپۆلەکانی تێیدا دروست بێ. بەو جۆرە ئاستی زانستیی قوتابیش دەچێتە سەرتر. چونکە قوتابی ئەوکاتە باش فێردەبێ کە هەست بە ئەمنییەت و ئاسایش بکات.

مامۆستایان و پسپۆڕانی دیکەی پەروەردە و فێرکردن، لە کاتی کار و هاوکاری دەگەڵ یەکتر، زانیاری و شارەزاییی خۆیان سەبارەت بە بابەتە پەروەردەیییەکانی وەک پێداگۆگی، دیداکتیک(زانستی وانە گوتنەوە) و هتد دەبەنەسەر. قوتابخانە بەگشتی و تیمی مامۆستایان بەتایبەتی، پێویستە تیمێکی پڕۆفیشناڵ بن کە پێکەوە بتوانن ئەرکەکانی پەروردە و خوێندن و فێربوون لە قوتابخانەدا ڕاپەڕێنن. ئەوەش پێویستی بەوە هەیە کە مامۆستا، بەردەوام خۆی و زانیارییەکانی بەڕۆژ بکاتەوە، کۆرسی جۆراو ببینێ، سەرلەنوێ بچێتەوە زانکۆ و دەرسی تازە بخوێنی.

مەسەلە پەروەردەیی و پێداگۆگییەکان، هەمیشە یەک وڵامیان نییە. بۆیە زۆر گرینگە مامۆستایان مەیدانیان پێ بدرێ زانست و زانیاری و ئەزموونەکانی خۆیان تاقی کەنەوە. مامۆستا بەردەوام دەبێ بیرلەوە بکاتەوە کە خوێندن و فێربوون چۆن دەچێتە پێش و چی دەبێ بکرێ تا دەرفەتی فێربوون و گەشە بۆ قوتابی پێک بێ. کاتێک مامۆستایان پێکەوە نەخشەو پلان بۆ بردنەپێشی پەروەردە و فێرکردن دادەڕێژن و پێکەوە لەسەر مەسەلە و گیروگرفتە جۆراوجۆرەکان باس و موناقەشە دەکەن، مۆدێلێکی باش و سەرکەوتوو لە کاری پەروەردەیی، بەدەستەوە دەدەن.

دەبێ بگوترێ کە کاری پڕۆفیشناڵ لە بواری خوێندن و فێربووندا، پێویستی بە بەڕیوەبەری و مودیرییەتێکی باش و بە هێز و کارا هەیە. مودیرییەتی سەرکەوتوو لەو بوارەدا ئەوەیە کە بایەخی سەرەکی بە دروستکردنی پەیوەندیی باش لە نێوان مامۆستایاندا لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ بەڕێوەبەر و لەگەڵ قوتابییان بدرێ و فەزایەکی پڕ لە بڕوا و متمانە لە قوتابخانەدا پێک بێ. بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانە پێش هەرچییەک دەبێ تێبکۆشێ کە هەلومەرجی لەبار بۆ گەشە و پەرەسەندنی مامۆستایان و قوتابییان پێک بێنێ. بەڕێوەبەر دەبێ مەیدانی ئەوە بۆ مامۆستایان پێک بێنی تا بتوان پێکەوە پراکسیسێکی باشی پێداگۆگی و پەروەردەیی لەخۆ نیشان بدەن و هەر مامۆستایەش لەو پڕۆسەیەدا، دەنگ و ڕەنگی تایبەت بە خۆی هەبێت. ئەوە ئەرکی بەڕێوەبەرە کە ڕێگا بدا هەموو مامۆستایان، لایەنە بەهێزەکانی خۆیان نیشان بدەن و لەو ڕیگایەوە یارمەتی بە پێشکەوتنی پڕۆسەی خوێندن بکەن.

پراکسیسێکی باش لە بواری کاری پەروەردەدا ئەوەیە کە مەیدانمان هەبێ پرسیار بێنینە گۆڕێ و بۆ وڵامدانەوەی دەگەڵ یەک باس و گفتوگۆی زانستی و پێداگۆگی بکەین. هەموو کارمەندانی قوتابخانە دەبێ لەو پەیوەندییەدا بەرپرسایەتی بگرنە ئەستۆ و یارمەتی بەوە بکەن کە ئاستی پسپۆڕی و پرفیسیۆناڵیی قوتابخانە بە گشتی بچێتە سەر. بۆ ئەو مەبەستە دەبێ بەردەوام بایەخ و نۆڕم و ستانداردە پەروەردەیییەکان باس و گفتوگۆیان لەسەر بکرێ، کۆر و کۆبوونەوە و سیمناری پەروەردەیی پێک بێ، کاری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە و پێداگۆگی و دیداکتیکدا لە قوتابخانەدا ئەنجام بدرێ. ئەگەر قوتابخانە بۆ هەموو ئەو کارانەی چواڕچیوەیەکی بەهێزی هەبێ و لەو چوارچیوەیەدا هەڵسوڕێ کە بەرنامە پەروەردەیییەکان لێمان دەخوازن، بێگومان لە کاری خۆیدا سەرکەوتوو دەبێت. پشتیوانی لە فێربوون و هاندانی قوتابی بۆ فێربوون، سیمای هەرە سەرەکیی قوتابخانەیەکە کە کولتوری پەروەردەییی بە هێزی هەیە.

کاتێک قوتابخانە و قوتابی و مامۆستا و قوتابی، ڕۆژانە لە کاتی خوێندن و فێربووندا پێک دەگەن و دەگەڵ یەک قاڵ دەبنەوە، دەرفەت بۆ ئەەوە پێک دێ کە قوتابخانە باشترین پڕاکسیس لە خۆی نیشان بدا. لێرەدایە کە مامۆستایان، شارەزایی و لێوەشاوەیییەکانیان بۆ فێرکردنی قوتابییەکان دەکاردەکەن و تێدەکۆشن گیان وەبەر ئەو بایەخ و نرخە جۆراوجۆرانە بێنن کە قوتابخانە خستونیەتە سەرشانی خۆی. لێرەدایە کە مۆماستا دەبێ تێبکۆشێ لە لایەک هەموو قوتابییەکان وەک پۆل و گرووپ پێکەوە ببینێ و هەرلەو کاتەشدا هیچکام لە قوتابییەکانیشی لە چاوان ون نەبێ. لێرەدایە کە مامۆستا دەبێ هەرلەوکاتەدا کە ئەرک و وەزیفە دەخاتە سەرشانی قوتابی و لێی حاڵی دەکا کە چاوڕوانیی لێیەتی، قوتابیش لەوە دڵنیا دەکاتەوە کە لە پشتیەتی، ئەگەر پێویست بێ یارمەتیی دەدا و ڕێگای نیشان دەدا. لێرەدایە کە مامۆستا نیشان دەدا کە قوتابییەکان جیاوازن و هەر ئاواش تەماشا دەکرێن. ئەو بابەتانە هەموو ڕۆژێ لە نوێ دیسان وەرد دەدرێنەوە.



سەرچاوەکان

            Læreplanverket for Kunnskapsløftet 2020

Per Arneberg og Bjørn Overland, Pedagogikk, 2003

Guttorm Fløistad, Om å kunne mer enn man kan, 1996

John Hattie, Synlig læring, 2013

Dag Einar Thorsen, Demokrati, 2015

Gordon Dryden og Jeanette Vos, Lærings-revolusjon

Stephen Dobson, Astrid B. Eggen, Kari Smith, Vurdering, prinsipper og praksis