ئارامتر بخوێنەوە!

ژنان و پەروەردەی نیشتمانی

خەزان هەورامی

پەروەردەی ژنان پەروەردەیەکی هەستیار و گرنگە و ئەگەر لە سەر بنەما و شێوازی کلاسیک و تەنانەت ئایدۆلۆژیک ژنان بخرێنە بەر پرۆسە و پەروەردەی نیشتمانی، ئەوا سەر لە نوێ، ئەکەونە نێو بازنەی پەروەردە و بیری پیاوسالاریی سەردەم. کاتێک باسی نیشتمان دێتە پێشەوە، باسەکە بە شێوەی خۆڕسک پیاوڕەهەندانە ئەبێتەوە چونکە نیشتمان بریتییە لە جوغرافیایەکی دیاریکراو کە لە سەر هەندێک بنەما و تایبەتمەندی وەک زمان، خاک، جوغرافیا، مێژوو، شانازییە مێژوویی و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و … هتد چەقی بەستووە.



پەروەردەکردن و ڕاهێنان باسێکی بەربڵاو و زانستییە و دەروونناسان و ڕاوێژکارانی بنەماڵە و منداڵان بە بایەخ و گرنگییەوە ئەڕواننە ئەو بابەتە. هەر مرۆڤێک بە ڕادەی تێگەیشتن و پەروەردەبوونییەوە کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی بۆ سەر کۆمەڵگا و ژینگە هەیە. پەروەردە و ڕاهێنانەکان لە ڕابردوودا لە ژێر چەتری ئایین و ئایدۆلۆژیاکاندا بەڕێوە دەچوون بەڵام لە سەردەمی ئیستەدا، ئایدۆلۆژیاکان دەوریان کەم بۆتەوە و پەروەردەکردن بەگشتی لە ژێر هێژموونیی ستانداردە جیهانییەکان و زانستەکاندا بەڕێوە دەچێ. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا لە پرۆسەی پەروەردەدا هەموو لایەنە کۆمەڵایەتی، ئایینی، شێوەزاری، دەروونی، تەمەنی و … هتد ڕەچاو ئەکرێ و دەزگاکانی پەروەردە هەر لە پەروەردەی منداڵانەوە بگرە هەتا پەروەردە چەکدارییەکانی ئەرتەش و … هتد بە شێوەی دیموکراتیک و مۆدێڕن دیاریکراوە و داڕێژراوە. پەروەردەی ناوخۆییی وڵاتان لە هەندێک باسی زانستیدا، هاوبەشی و لێكچوونی زۆرە بەڵام کە گەیشت بە پەروەردەی نیشتمانی، باسەکە تا ڕادەیەک تایبەتی ئەبێتەوە. بەگشتی، پەروەردەی نیشتمانی لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشێکیان لەسەر بنەمای ستانداردە جیهانییەکانە و بەشەکەی دیکەش لە سەر کلتوور، نەریت، زمان و بایەخە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە چەقی بەستووە.


ژنان و پەروەردە

سەدەی بیستەم بۆ ژنان، سەدەی پڕ لە دەسکەوت بوو. لەو سەدەیەدا بە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان، زۆرێک لە تابۆکان شکێندران و ژنان لە سێ قۆناخ و شەپۆلی گەورەدا بە مافی سەرەتایی و بنەڕەتی گەیشتن. لە سەردەمی ڕابردوودا بزاڤی ژنان لە ژێر چەتری ئایدۆلۆژیاکاندا هەوڵیان بۆ پەروەردەکردن و ڕاهێنانی ژنان داوە. دەستپێکی ڕۆشنبیریی ژنان لە جیهاندا بەهۆی هێژموونیی ئایدۆلۆژیا، جوغرافیا و پێشکەوتنی وڵاتانەوە، کاریگەریی نەرێنیی لە سەر ژنان دانا و بەڕاستی زۆرێک لە هەڵاواردن و بۆشاییی چینایەتی و باڵادەستی و ژێردەستیی دنیای پیاوانە، بە شێوەی خۆڕسک گوازرایەوە بۆ ناو بەرەی ڕۆشنبیریی ژنان.

فێمێنیزمی مارکسی، فێمێنیزمی لیبڕاڵ، فێمێنیزمی دینی، فێمێنیزمی ڕەنگی (ڕەش، زەرد و سپی)، فێمێنیزمی جوو، فێمێنیزمی جیهانی سێهەم و ،،، هتد، نموونەی ئەو ڕەوتگەلە بوون کە لە نێو بزاوی فێمێنیستیدا درووست بووە. ژنان کە هەموو بەتێکڕا دەردێکی هاوبەشیان هەیە، دەبوا لە کاتی گیروگرفت و کێشەکاندا دەستی یەکتریان بگرتایە؛ بەڵام بە پێچەوانە و بەداخەوە ئەوان بە سەر ئایدۆلۆژیا و حیزبە ناکۆک و دژبەیەکەکاندا دابەش بوون و لە ناو ویست و داخوازییەکانی دنیای پیاوسالاریدا توانەوە. بە خەسارناسیی بزاڤی فێمێنیستی، ناکۆکی، دژایەتی و بەربەرەکانێکانی نێوان ڕەوتە فێمێنیستەکان دەرئەکەون. بۆ نموونە، هەر یەک لە ڕەوتەکان خوێندنەوەیەکی تا ڕادەیەک جیاوازی لەسەر پرسی ژنان هەیە و لە سەر ئەو بنەمایەش پەروەردە و ڕاهێنان سەبارەت بە ژنان ئەنجام ئەدەن. دژایەتی و ناکۆکییەکانی نێوان ڕەوتەکان بە شێوەی سەرەکی بریتین لە: زۆربەی ڕەوتەکان ڕەخنەیان لە “فێمێنیزمی مارکسی ئەوەیە کە ئەو ڕەوتە، سەبارەت بە ژنان، تەنیا لایەنی ئابووریی زەق و بەرجەستە کردۆتەوە و کەمتر ئاوڕی لە بوارەکانی دیکە داوەتەوە”( فرهنگ اصطلاحات فێمێنیستی). فێمێنیزمی ڕەنگی “باسی هەڵاواردنەکانی نێوان فێمێنیزمی سپی سەبارەت بە ڕەشەکان (ڕەشپێستەکان) و زەرد پێستەکان ئەکات”.(هەمان سەرچاوە ) فێمێنیزمی جیهانی سێهەم ڕەخنەیان لە فێمێنیزمی وڵاتانی پێشکەوتوو و ڕۆژئاوایی ئەوەیە کە “ئەوان خۆیان بە خوێندەوار، پێشەنگ، سەربەخۆ لە بڕیاردان و … هتد ئەزانن و ژنانی جیهانی سێهەم بە نەخوێندەوار، بەستراوە و گیرۆدەی پیاو و بنەماڵە و منداڵ ئەزانن. هەر وەها وەک گەدا و  شوێنکەوتوویی ڕێبازە فێمێنیستییەکانی ڕؤژئاوا حەسابیان بۆ دەکرێ”.(هەمان سەرچاوە ) هەموو ڕەوتە فێمێنیستییەکان پێیان وایە کە “هەستێکی دژە سامی لە ناخی فێمێنیزمی یەهووددا (جوولەکەکاندا) خۆی حەشار داوە و بە جۆرێک ئەو ڕەوتە فێمێنیستییە ڕەگەزپەرەستە”( هەمان سەرچاوە) و … . ئەوەی لێرەدا باس کرا، کورتە ئاوڕێکە لە ناکۆکی و دژایەتیی نێوان ڕەوتە فێمێنیستییەکان لە جیهاندا. ژنان لە جیهاندا بە شیوەی ناوبەناو و دووڕگەیی (جزیرەای) کەم تا فرە مافی یاسایی و ئینسانیی خۆیانیان بەدەست هێناوە، بەڵام بەگشتی ژنان لە ژێر چەرخی تەکنۆلۆژی و ئایدۆلۆژیادا پێشێل ئەکرێن و هەم لە لایەن دەسەلاتی سیاسییەوە و هەم لە لایەن پێکهاتەی بنەماڵە و کۆمەڵگاوە دوو جار دەبنە قوربانی. پەروەردەی سەقەت لە ڕاستیدا دەتوانێت وەک هۆکارێک بۆ دواخستن و چەواشەکاریی مافەکانی ژنان لە قەڵەم بدەین. بۆ نموونە، پەروەردەیەک کە بە شێوەی فرە ڕەهەند لە ژێر ناوی مافی ژنان و ئازادیی تاکەکەسیدا بانگەشە بۆ ئاڕایشت و مۆد ئەکا. لەو کاتەدا بێجگە لەوەی هیچ مافێک بۆ ژنان دەستەبەر نابێ، بەڵکو بە شێوەی ئاشکرا و ڕەوا پۆل پۆل ژنان بۆ کۆیلەتی و دنیای پۆرن ڕادەکێشرێ. جا لەو دنیا ئاڵۆزەی فێمێنیزمدا کە چەواشەکاری لە تەشقی خۆیدایە، دەستی پیاوسالاری و نێرسالاری و … پازڵەکانی ڕەوتی ژنانە جێبەجێ ئەکات. ئاخۆ ئێمەی کورد دەتوانین بە شەنوکەو کردنی ئەو ڕاستی و ناڕاستییانە حەقیقەتی مافی ئینسانی و ئیخلاقی بۆ ژنان دیاری و دەستەبەر بکەین؟؟

ئایا فێمێنیزمی کوردی بە هەموو ڕەوتەکانییەوە ئەتوانێ میکانیزم و نەخشەڕێگا بۆ پێناسەی مافی ئافرەت لە کوردستان و سروشتە کۆمەڵایەتی  و کلتوورییەکەی دیاری بکات؟

واقیعی پەروەردەی ژنان: ڕێنسانس و پیشەسازی و بەگشتی تێکنۆلۆژی، هەر هەمووی لە سەر دەستی پیاوان ئەنجام دراوە و هەروەها پیاوان بە شێوەی مۆدێڕن دیاردەی پیاوسالارییان گوازتۆتەوە بۆ ناو دنیای پێشکەوتوو. بۆ نموونە لە بوارەکانی میعماری، هونەر، زانستی پزیشکی و … هتددا بە شێوەی نهێنی و شاراوە، دیاردەی پیاوسالاری ئەبینرێ. ڕەخنەی فێمێنیستی سەبارەت بە بەرگیری لە منداڵبوون دەڵێ کە زانستی پزیشکی ئەگەر پیاوسالار نییە، بۆچی بۆ بەرگیری لە منداڵبوون سەبارەت بە پیاوان تەنیا یەک ڕێکاری بەرگیریی دیاری کراوە بەڵام سەبارەت بە ژنان دەیان ڕێکاری بەرگیری لە زاوزێ هەیە.

ژنان بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی، ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی دنیای نوێ و مۆدیڕنی نەبووە و نییە و تەنانەت پیاوانیش لەو بوارەدا کێشەیان هەیە. ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، پێویستی بە ڕاهێنان و پەروەردە هەیە. پەروەردە و ڕا‌هێنان بۆ ژنی کورد جیاوازترە لە پەروەردەی ژنانی وڵاتانی  دیکە. گەلی کورد هێشتا بە مافە سەرەتایی و نەتەوایەتییەکانی شاد نەبووە و هەر ئیستەش  بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە خەباتی سەختدان. ژنی کورد لە ژێر باندۆری پەروەردەی دەسەڵاتەکانی تورک، فارس و عەرەب دایە. بەگشتی دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەر کوردستاندا بۆ ئەوەی دان بە مافەکانی کورددا نەنێن، تەنانەت زۆرێک لە ماف و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە خۆیان گرتۆتەوە، واتە نەتەوە باڵادەستەکانی کوردستان، تامی ئازادیی ڕاستەقینەیان نەچێشتووە. ئەو دیاردەیە لە ئێراندا لە تەشقی خۆیدایە. پەروەردە و ڕاهێنان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازیی هەیە. ئەگەر هەڵسەنگاندن و پێوەرێک بۆ دۆخی ژنان لە چوارپارچەی کوردستاندا دیاری کەین، دەبینین کە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەی سیستەماتیک چەوساوەترین پارچەی کوردستانە. ڕێژەی خۆکوشتن، دەستدرێژی، توندوتیژیی سێکسی، ماڵی، ڕۆحی، هەڵاتن، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، تەڵاق و … لە ڕۆژهەڵاتدا لە بەشەکانی تر زیاترە. لە کوردستانی خۆرهەڵات پەروەردە بەگشتی و بەتایبەتیی ژنان لە چوار وێژمانی سەرەکی واتە “دین” ، “دەسەڵاتی سیاسیی زاڵ”، “عورف و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان” و “ئەحزابی سیاسیی کوردستان”ەوە سەرچاوەی گرتوە. دیاردەی دین وەک وێژمانی سەرەکی و گشتگیر هەموو جمگەکانی کۆمەڵگای تەنیوەتەوە. بۆ نموونە سیکولارترین و چەپترین مرۆڤەکان لە کاتی هەستیاری وەک هاوسەرگیری پەنا دەبەنەوە بەر دین. سیستەمی  سیاسی لە ڕێگای دەزگای ڕاهێنان و بارهێنان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، کاریگەریی خۆیان لە سەر پەروەردەکردنی ژنان داناوە. عورف و داب و نەریت بریتییە لەو ڕێوڕەسمگەلەی کە پێوەندییان بە دین و سیستەمی سیاسییەوە نییە. دیاردەی عورف و نەریت بەزۆری لە بۆنە نەتەوەیی، زەماوەند و شادییەکان، هەرەوەزی و هتددا خۆی دەبینێتەوە. ئەو دیاردەیە لە ڕابردوودا لە ژیانی سوننەتیی کۆمەڵگادا کە ژنان شان بە شانی پیاوان بەشداریی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان بوون، بە چڕی هەستی پێ دەکرا. ئەحزابی سیاسیی کوردستان کاریگەریی بەرچاویان لە سەر کۆمەڵگای کوردستان و پەروەردەی ژنان هەبووە. ڕاکێشانی هەزاران ژن بۆ کاری سیاسی و چەکداری، نموونەی چالاکیی ژنانە. ئەڵبەت ئەحزابی ڕۆژهەڵات، بەهۆی دووری و دابڕان لە کۆمەڵگا و هەروەها نەبوونی میدیای بەهێز، نەیانتوانیوە ببن بە وێژمانی سەرەکی. هەر کام لەو وێژمانگەلەی سەرەوە بۆ خۆی کەموکورتیی تایبەتی هەیە و ئەو کەمایەسییانە نەیانهێشتووە پەروەردەیەکی تەندرووست و سەردەمیانە، ئاراستەی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات ببێتەوە. لە کوردستانی خۆرهەڵات سیستەمی ڕاهێنان و بارهێنان هەم بە زمانی ناڕەسەنی کۆمەڵگا (فارسی)یە و هەم لە ناوەرۆکیشدا هەڵگری بابەتی ئایدۆلۆژیکیی شێعەگەرییە. وێژمانی دەوڵەتی لە زۆربەی ڕەهەندەکانی کۆمەڵگادا وەک زمان و ئاخاوتن، جلوبەرگ و بەگشتی لەسەر بنچینە نەتەوەییەکانی کورد شوێنی نەرێنیی داناوە و دەزگای ڕاگەیاندن بەتوندی لە پشت هەموو چەواشەکارییەکاندایە. دۆخی پەروەردەی گشتی لە ئێران چەواشەکارانەیە و لە کوردستان دوو قات تێکدەرانەیە و بەتایبەتیتر لە سەر ژنان زیاتر کاریگەریی نەرێنی و نێگاتیڤی بووە. ژنان کە پارێزەری زمانی دایکین، زیاتر لە پیاوان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی فەرهەنگ و زمانی سەقەتی ناوەند.

یەکێ لە فاکتە گرنگ و هەستیارەکان کە لە سەر پەروەردەی ژناندا دەوری بەرچاو و براوەی هەیە، پرسی زمانە. ژنان لە قەوارەی زماندا پەروەردە ئەبن و هەتا زمان دەرەتانی پێشکەوتن و گەشەی  ببێ، بێگومان ئاخێوەرانی پێش ئەکەون. لە ڕابردوودا بەهۆی زاڵبوونی بابەتە مەعنەوی و ئیخلاقییەکانەوە زمانیش لە ژێر کارتێکەری و هێژموونیی ئەو بابەتەدا، ڕەگەزایەتی کراوە. ڕەگەزایەتیبوونی زمان حەکایەتە لە درووستبوونی دوو جیهانبینیی جیاواز لە نێوان نێر و مێدا. بۆ نموونە، لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبیدا جێناوەکانی “She و He” و  “هو و هی” سەلمێنەری ئەو وتەیەن  و تەنانەت لە شێوەزاری هەورامیدا کە یەکێ لە شێوەزارەکانی زمانی کوردییە، ئەو دیاردە ڕەگەزایەتییەی زمان بەدی ئەکرێ. پەرەسەندنی دیاردەی دین لە جیهاندا و درێژەکێشانی هێژموونییەکەی هەتا سەردەمی سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیا زەوینی و ماتریاڵیستییەکان لە سەدەی بیستەمدا وەک شێعر، گۆرانی، ڕۆمان، پەندی پێشینیان و … هتدە. کاتێک زمان بە شێوەی یەکلایەنە و بە قازانجی پیاوان ڕەگەزایەتی کراوە، ئیتر بە شێوەی خۆڕسک و بەردەوام ڕەگەزی مێ لە تەمەنی منداڵیدا دەخاتە پەراوێزەوە و هەر ئەو زمانە ئەبێتە هۆی ئەوە کە بۆشایی لە نێوان ژن و پیاودا دروست ببێ. بەردەوامی و بەرهەمهێنانەوەی دیاردەی پەڕاوێز خستن و توندوتیژی لە دژی ژنان سەرەتا لە نێو بازنەی  زمانەوە دەست پێدەکا و تەنانەت ژنان بۆ خۆیان لە دژی ژنان ئەو گورزە ڕەگەزایەتییەی زمان بەکار دێنن.


میکانیزم و ڕێکارەکانی پەروەردەی نیشتمانی

پەروەردەی ژنان پەروەردەیەکی هەستیار و گرنگە و ئەگەر لە سەر بنەما و شێوازی کلاسیک و تەنانەت ئایدۆلۆژیک ژنان بخرێنە بەر پرۆسە و پەروەردەی نیشتمانی، ئەوا سەر لە نوێ، ئەکەونە نێو بازنەی پەروەردە و بیری پیاوسالاریی سەردەم. کاتێک باسی نیشتمان دێتە پێشەوە، باسەکە بە شێوەی خۆڕسک پیاوڕەهەندانە ئەبێتەوە چونکە نیشتمان بریتییە لە جوغرافیایەکی دیاریکراو کە لە سەر هەندێک بنەما و تایبەتمەندی وەک زمان، خاک، جوغرافیا، مێژوو، شانازییە مێژوویی و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و … هتد چەقی بەستووە. ئەو تایبەتمەندییانە ڕەگ و ڕیشەیان لە مێژوودایە و بە کورتی بەرهەمی پیاوسالارییە، هەر بۆیە ئەگەر ئاگادار نەبین، سەرلەنوێ مێژووی کۆمەڵایەتیمان (باش بووبێت یان نا) دەرحەق بە ژنان دووپات ئەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە پەروەردەی نیشتمانی، پەروەردەیەکی فەرمییە و هەم لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ڕەچاو ئەکرێ و هەم پیاوان لە پەروەردەی نیشتمانیدا بەشدارن، هەر بۆیە پێویستە ژنانیش لەو پرۆسەیە بێبەش نەبن. لێرەدا ئەوەی پێویستە، سەبارەت بە پەروەردەی نیشتمانی ژنان لە ئیمڕۆدا ئاوڕی لێ بدرێتەوە، دەخرێتە بەرچاو.


زمانی نوێ

 لە بابەت و چەمکە فێمێنیستییەکاندا زمانی نوێ بریتییە لە زمانێک کە لە توخم و ڕەگەزەکانی پیاوسالاری پاکژ کرابێتەوە و هەروەها بەشی ژنانیشی تێدا ڕەچاو کرابێ. بەکورتی، زمان لەو کاتەدا دەبێ ئاندرۆژنی کرابێت و ژنان وەک پیاوان بەشی خۆیان لە نێو قەوارەی زماندا ببیننەوە. زمان وەک ڕۆحی نەتەوە و یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتە و نیشتمان، ڕۆڵی گرنگی لە پێوەندییەکان و گواستنەوەی زانیارییەکانی نێوان مرۆڤەکاندا هەیە. چارەسەریی توخمە ڕەگەزایەتیکراوەکانی دەروونیی زمان، بەڕاستی بەشی هەرە زۆری کێشە دەروونی، فیکری و ئەخلاقییەکانی پێوەندیدار بە ژنانەوە چارەسەر ئەکات. دەسپێک و سەرەتای چاکسازی لە زماندا بە دیموکراتیک کردنی زمانە. کاتێک زمان دیموکراتیک کرا، ئیتر دیاردە مۆدیڕن و پێشکەوتنخواز و سەردەمییەکان لە بازنەی زماندا جێگیر ئەبن و دەبنە جێگرەوەی دیاردەی نەریتی و پیاوسالارییە باوەکان. بەدیموکراتیک کردنی زمان، واتا  نەهێشتنی دیاردە نهێنی و باوەکانی وەک توندوتیژی، پۆرنۆگرافی و کەم نرخاندنی ژنان لە نێو وتە، ڕستە و دەستەواژەکاندا. دیموکراتیک کردنی  زمان پێویستی بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی درووست و سەردەمیانە هەیە. زمانی نوێی فێمێنیستی ئاوڕ لە هەموو چەمک و بابەتە فێمێنیستییەکان ئەداتەوە.

ژن و ژینگە

زمانی نوێی فێمێنیستی بۆ ئەوەی کە گشتگیر ببێ و بەردەوام لەگەڵ سەردەم، بەڕۆژەڤ و نۆژەن ببێتەوە، دەبێ لەگەڵ وێژمانی زاڵ لە کۆمەڵگادا تێکەڵ ببێ و گەشەی پێ بدرێت. لە دنیای ئیمڕۆدا لە هەموو کون و قوژبنێکی ئەو جیهانەدا بابەتی ژینگە بابەتی زاڵ و جیهانییە. لە ڕاستیدا زمانی مرۆڤایەتی بە لای ژینگەدا شکاوەتەوە و زۆربەی بابەت و چەمکەکان ڕوو لە کەمڕەنگبوونەوە چوون و جێیان بۆ پرسی ژینگە خاڵی کردووە. ژنان وەک نیوەی حەشیمەتی سەر زەوی هەم کاریگەرییان لە سەر ژینگە هەیە و هەم لە ڕابردوودا زیاتر لە پیاوان گرێدراوی ژینگە بوون. بە درێژاییی مێژوو، ژنان لە کاولکاریی ژینگەدا هیچ ڕۆڵێکی سەرەکی و پێشەنگانەیان نەبووە. شەڕە گەورەکان سەرەرای ئەوەی لە سەر دەستی ژنان ئەنجام نەدراوە، بەڵکو خەسارمەندی سەرەکی، ژنان و منداڵان بوون. ئێکۆفێمێنیزم وەک ڕەوتێکی پێشکەوتوو و ژینگەپارێزانەی ژنانە، بابەتگەلێکی هێنایە ئاراوە کە “ڕەوتی تێکدەرانە و سەرمایەداریی پیاوسالارانەی ڕووبەڕووی تەنگەژە ئەکردەوە.”(هەمان سەرچاوە ) لەو چەن ساڵەی دواییدا پرسی ژینگە (وشکەساڵی، لافاوەکان، پیسبوونی ئاو، هەوا و خاک، سووتانی دارستانەکان، سەرهەڵدانی نەخۆشینە گشتگیر و جیهانییەکانی وەک کۆرۆنا و … ) هۆکارگەلێکی سەرەکی بوون بۆ زاڵبوونی وێژمانی ژینگە و درووستبوونی زمانی ژینگەیی. لە کوردستان لە مێژە زمانی کوردی بە هۆکارگەلی وەک جوغرافیای سرووشتی و دۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەشداریی ژنان و پیاوان لە دەرەوەی ناوماڵ و لە باوەشی ژینگە، ڕەنگ و بۆنی زمانێکی ژینگەییی  بە خۆوە گرتووە. زمانی کوردی لایەنی ژینگەییی بەهێزە و گەشەپێدان و بووژانەوەی ئەو بوارەی زمانی کوردی، ئەم زمانە بەرەو زمانی هاوبەشی ژنان و پیاوان و دیموکراتیک بوون دەبات. زمانی کوردی پوتانسێل و توانستی ئاندرۆژنی کردنی هەیە و بووژانەوەیشی لە دەستی دەزگای دەسەڵات، نووسەران، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەحزابدایە. بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات کە دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر وەک کۆماری ئیسلامی، کۆلۆنیی کردوە و هەموو مافەکانی سەرکوت و بەربەست کردووە پەروەردەی نیشتمانیی، لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان و منداڵپارێزەکان، ئەحزاب و ڕۆناکبیراندا دەستاودەست دەبێتەوە و ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێ. کاریگەریی ئەو ناوەندە ڕۆشنبیرییانە لە سەر یەکتر بە جۆرێکە کە ئەتوانین بڵێین کە چالاکیی ڕێخراوەکانی ناوخۆ هاوتەریب و هاوکوفی ئەحزابی سیاسیین. یەکەمین هەنگاو بۆ دروست کردنی بناخەیەکی پتەو بۆ پەروەردەی نیشتمانیی ژنان، بە کوردی کردن(کوردیزە)ی هەموو چەمک و بابەتە پێوەندیدارەکانی تایبەت بە پەروەردەیە. هەنگاوی دووهەم ئەوەیە کە ڕێکخستنەکانی ژنان دەبێ لە سەر واقیعی کۆمەڵگا پێک بێن؛ بۆ نموونە لە کوردستانی خۆرهەڵات، چەندین پێکهاتە و کەمینەی ئاینی هەن، هەر بۆیە پێویستە ئەو پێکهاتانە لە سەر بنەمای هزری خۆیان، بزاڤی فێمێنیستی ڕێک بخەن بۆ نموونە فێمێنیزمی ئایین و مەزهەبەکانی( یارسان، سوننە، شێعە و ،،،). ئەو ڕەوتگەلە ئەگەر لە ناو پێکهاتەیەکی گشتیدا بە ناوی ژنانی خۆرهەڵاتدا یەک بگرنەوە، ئەوا هەم ڕەنگ و ڕوواڵەتێکی دێموکراتیک بەخۆوە دەگرێ و هەم  ژنان لە ژێر چەتری بیروبڕوای ئایینی خۆیاندا  بەرەو یەکگرتوویی، کرانەوە بەڕووی جیهانی نوێ و دیموکراتیزاسیۆن دەڕۆن.