ئارامتر بخوێنەوە!

خۆڕاگریی ناتوندوتیژ لە کوردستانی ئێران دوای شۆڕشی 1979

ئالان حەسەنیان[1]

وەرگێڕان: میرخان موکری، هەرمان کرماشانی



پوختە

ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر گرینگیی شۆڕشی 1979 لە ئێران لەمەڕ بزووتنەوەی کورد لە ئێران و پێی وایە کە شۆڕشی 1979 دەرفەت و هەروەها کێشەشی بۆ کوردەکانی ئێران ساز کردووە. بزووتنەوەی کورد لە ساڵانی پاش شۆڕش چووە ناو قۆناغێکی نوێی ئاخێزی خۆیەوە. بزووتنەوەی کورد لەگەڵ پەیدا‌ بوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پارتە سیاسییەکان، گەشە و فرەچەشنییەکی بێ وێنەی سەبارەت بە ئەکتەر و ڕێکخراوەکان ئەزموون کرد. کۆمەڵگای مەدەنی، بەشێوەیەکی بەهێز گەشەی سەند و بەشێکی گرینگ لە ململانێی بزووتنەوەی کورد لە بەرانبەر حکوومەتی تازە پێکهاتووی تاران لە ڕێگەی خەبات یان خۆڕاگریی ناتوندوتیژەوە بەرەنگاریی لەگەڵ کرا و بەرهەڵستی بوونەوە. پێکهێنانی شۆڕای شارەکان لە سەرانسەری کوردستان، یەکەمین کرەدەوەی بەرهەڵستکارانەی گرینگی دەسەڵاتی کاتیی حکوومەتی شۆڕشی (ئینقلابی) بوو و لە حاڵێکدا جێگیرکردن و جووڵەپێدانی خەبات و خۆڕاگریی ناتوندوتیژیی گشتی، فۆڕمێکی نوێی لە خۆڕاگری لە بەرانبەر سیاسەتگەلی پاوانخوازانەی حکوومەت لە پاش شۆڕشی 1979 لە کوردستان هێنایە ئاراوە.

وشە سەرەکییەکان: شۆڕشی ئێران، بزووتنەوەی کوردی، حدکا[2]، کۆمەڵە، ناتوندوتیژ.

 

شێخ عێزەدین حسەینی[3]: “ئێمە لە کوردستان دەزانین کە شەڕ بە قازانجمان نییە، ئەگەرچی دوژمنەکەمانە کە بڕیار دەدا شێوازی خەباتی ئێمە چۆن بێت” (تهران مصور 1979f، 36-37)


دەستپێک

لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پەهلەوی لە ساڵی 1979، ئێران گۆڕەپانی پێکدادانی گرووپ و کۆمەڵە جیاوازەکان بوو و هەر کام لەو گرووپانە بەرژەوەندیی لێکدژیان هەبوو. ئەم بارودۆخە، هەلێکی لەباری بۆ دەرکەوتنی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان لە وڵاتدا پێکهێنا. لێکۆڵینەوه ‌لەسەر سەردەمی شۆڕش و کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە لەسەر شوناسی نەتەوەییی نەتەوە نافارسەکان (وەکووکورد، عەڕەب، تورکمەن و بەلووچەکان و هتد…) لە ڕوانگەی تیۆری ڕەخنەییەوە پێشاندەری ئەوەیە کە شۆڕش هەلێکی ڕەخساندووە تا گرووپە ژێردەستەکان، لە بەرانبەر چەندین دەیە سیاسەتی هەڵاواردن و جیاوازیدانانیان و بێبەش کردنی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە لایەن ڕێژیمی پەهلەوییەوە، دژایەتیی بەهێزی خۆیان دەربخەن. ئەم گرووپە ژێردەستە[4] نەتەوەیییانە دوابەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی پەهلەوی، داخوازییەکانی خۆیانیان تا ئاستی ئۆتۆنۆمیی سیاسی و کەلتووری بەرزکردەوە (Sharifi 2013)، هەروەک ڕۆژنامەیەکی ئێرانی لە ساڵی 1979دا ئاماژەی پێ کردووە: “شۆڕش خەڵکانی سەرکوتکراوی لەخەو هەڵستاند” (Tehran Musavvar 1979e, pp.30-32).

نەتەوە نافارسەکان، شۆڕشیان وەکوو دەرفەتێک بۆ وەجووڵەخستنی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان و داخوازییەکانیان بۆ ئۆتۆنۆمی دەبینی. خەڵکی خووزستان لە باشووری ڕۆژئاوا، کوردستان لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا و تورکەمەن سەحرا لە باکووری رۆژهەڵات، شۆڕشیان بە شێوازێکی جیاواز لە زۆرینەی فارس ئەزموون دەکرد. خواستی ئۆتۆنۆمیی سیاسی_کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ئەم نەتەوانە، بەخێرایی خەڵکی ئەم ناوچانەی لە بەرانبەر دەسەڵاتی کاتیی شۆڕش لە تاران دانا.[5] چوونەسەری خێرا و بەرچاوی چالاکیی سیاسیی ئەم نەتەوە ژێردەستانە، وەکوو ململانێیەکی گرینگ بۆ دەسەڵاتی ئێلیتی حوکمڕان لە تاران هاتە بەرچاو (Elling 2013, 45-6). ڕێژیمی ئیسلامی، کە بە دەسەڵاتی ڕەهای ئایەتوڵڵا خومەینی خۆی خستە بەرچاو، هەر زوو هەموو بوارێکی بۆ چالاکیی سیاسی دژبەران لەناوبرد و بووە دەسپێکێک بۆ تێرۆری دەوڵەتیی پاش شۆڕش.(Ghamari-Tabrizi 2016, 8).

بە لەبەرچاوگرتنی کوردەکان و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەیان، هەر بەو جۆرەی لەم وتارەشدا ئاماژەی پێ کراوە، شۆڕش دەرفەتێکی باشی بۆ بزووتنەوەی کورد پێکهێنا. بزووتنەوەی کورد، توانی کۆمەڵگای کوردی بەجۆرێک ڕێک بخات کە هاوشێوەکەی تەنیا لەسەردەمی کۆماری کوردستان لە کۆتاییەکانی 1946دا[6] دیترابوو (Elling 2013, 45). شۆڕش دەرفەتگەلێکی باشی بۆ بزووتنەوەی کوردی هاوکات لەگەڵ ساز کردنی پێکهاتەگەلی نوێ‌ لە بواری سیاسی، فەزایی و سەرچاوەکان پێکهێنا(Romano 2006, 109). دەبێ ئاماژە بکرێ کاتێک دەگوترێ شۆڕش دەرفەتگەلی زۆری بەپێی دۆخی نوێ هێناوەتە ئاراوه،‌ نابێت گرینگیی ئەزموونی سێ دەیەی پێشووتری کۆمەڵگای کوردی لەبەر چاونەگرین(Faltis 2014; Khosravi, Aghapouri and Hamehmorad 2016). یەکێک لە لێکدانەوە لاوەکییەکان بۆ هۆکاری خێراییی له ‌وەجووڵەخستنی کۆمەڵگای مەدەنیی کورد لە ئێران، باس لەوە دەکات کە بزووتنەوەی کوردی بە شێوەیەکی بەهێز میراتی دۆخەکانی ڕابردووی خۆی بووە. بزووتنەوەی ئۆتونۆمی‌خواز لە پاش شۆڕشی ئێران بە شەوێک و بەسادەیی پێک نەهاتبوو: بەرەوپێشچوونە کۆمەڵایەتی – سیاسییەکان و ڕووداوەکانی نێوان کۆماری کوردستان و شۆڕش، کاریگەرییەکی وەهای دانابوو کە دواتر لە ڕوانین و هەڵسووکەوتی کورد لەگەڵ حکوومەتی “پاش شۆڕشدا” ڕەنگی دایەوە.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە ساڵی 1945 لە مهاباد دامەزرا کە تا ئەمڕۆش گەورەترین هێزی سیاسی و سەربازیی کوردە لە ئێراندا، ئەم حیزبە دوابەدوای ڕووخانی کۆمار، چەندین جار هەوڵی بۆ زیندووکردنەوەی خەباتی سیاسی و نیزامیی خۆی دا کە ئەم هەوڵانە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە سەرکوتکردن پێشیان پێ گیرا. کۆمیتەی ئینقلابیی حدکا، لە حەوت کەس پێکهاتوو کە سمایل شەریفزادەوە یەکێک لەو حەوت کەسە بوو، لە هاوینی 1966 لە نزیک ئالانی سەردەشت ڕاگەیەندرا(Kaveh, 1996, pp. 151-152) . کۆمیتەی ئینقلابی لە کۆتاییەکانی دەیەی 1960 بۆ پێکهێنانی خەباتێکی چالاکانەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی ئێراندا هەوڵی دا کە ئەم بزاڤە یەکێک لە دیارترین ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە بوو. لە ماوەی ساڵانی 1967-1968 ناوچەکانی کوردستانی ئێران وەکوو: سەقز، بانە، سەردەشت، بۆکان و پیرانشار، گۆڕەپانی چالاکییە سیاسییەکانی شەریفزادە و هاوڕێکانی بوون (Kaveh 1996, 170-73)، بەڵام کۆمیتەی ئینقلابی، سەرەڕای کەمبوونی پشتیوانییەکی خەڵکی و نەبوونی ناوچەیەکی پارێزراو کە بتوانن لەوێوە ڕێبەریی چالاکییەکانیان بکەن، بە تەریکی مایەوە. دوای تێپەڕینی 18 مانگ و دوابەدوای شەهیدبوونی شەریفزادە و بەشێک لە هاوڕێیانی لە ئاوایییەکی بانە لەلایەن هێزی نیزامیی ئێرانەوە، کۆمیتەی ئینقلابی چالاکییەکانی لە ساڵی 1968دا کۆتایی پێ هات و ئەندامەکانی دیکەی کۆمیتە، بەهۆکاری دیکە گیانیان لەدەست دا و پاش نەمانی ڕێبەرایەتی، کۆمیتەی ئینقلابیش بە تەواوی لەناوچوو (Hisami 1971, 91).

سەرەڕای تەمەنی کورتی کۆمیتەی ئینقلابی و هەروەها سەرکەوتوو نەبوونی لە پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی چالاک، بەڵام کۆمیتە، گرینگترین و کاریگەرترین دیاردەی ساڵانی کۆتاییی 1960 لە کوردستانی ئێراندا بوو (Moradbeigi 2004, 28). دوابەدوای کۆتاییهاتنی کۆمیتەی ئینقلابی، ڕووناکبیرانی سیاسیی چالاکی کورد بۆ زیندووکردنەوەی جووڵانەوە لە ڕێگەی پێکهێنانی شانەی نهێنی لە نێوخۆی کوردستانی ئێران هەوڵیان دا. هاوکات لە نێوان ساڵانی 1960  بۆ 1970 پڕۆسەی بەسیاسی کردنی شوناسی نەتەوەیی و کەلتووری، گۆڕانێکی دیکەی لە کۆمەڵگای کوردیدا پێکهێنا. ئەم گۆڕانە لە ڕێگای وشیاریی چینایەتی بەتایبەت لە ناو وەرزێڕانی بێ زەویدا دەبیندرا و ناوەناوە ئاخێزێک لە ناو وەرزێرانی بێ زەویدا لە سەرانسەری کوردستان ڕوویدەدا(Gelawj 1983; Hassaniyan 2019a).


چوارچێوەی تیۆریک و سەرچاوە ماددییەکان

خوێندنەوەیەکی پوخت لە مێژووی کورتخایەنی سەردەمی “پاش شۆڕش” لە کوردستاندا رووانینێکمان بۆ تێگەیشتن لە کردار و کارلێکی گرووپە جیاوازەکان لەو ماوە مێژویییە گرینگەدا بۆ ساز دەکات. بە بۆچوونی تیلی، شیکردنەوەی مێژوویییانە گرینگیی خۆی هەیە بۆ پێکهێنانی مۆدێلێکی گونجاو لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هێز. کردەوەی بە کۆمەڵ، مشتومڕ و خەباتکردن بۆ دەسەڵاتی سیاسی وەها دەردەکەوێت کە زیاترین کاریگەرییان لەسەر ماددە خاوەکانی مێژوو هەیە (1978, 231-2).

تێکەڵێک لە سەرچاوە سەرەتایییەکان، وەکوو بەڵگە ئەرشیڤ کراوەکان و نووسینە تاکەکەسییەکان و گێڕانەوەی کەسەکان لەبارەی بزووتنەوەی کورد لەگەڵ سەرچاوە دووهەمییەکان کە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسییە لە بزووتنەوەی ئێران و کوردستانی ئێران لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم، لەم وتارەدەا کەڵکی لێ وەرگیراوە. بۆ ئەرشیڤە تایبەتەکانی سەرچاوە سەرەتایییەکان، کەڵک لە ئەرشیڤەکانی بێهزاد خۆشحاڵی[7] و کۆلێکسیۆنی ڕۆژنامەی نەشریە لە زانکۆی مانچێستێر وەرگیراوه[8].

ئەم لێکۆڵینەوەیه بۆ ڕەهەندی کردەیی‌ لە مەک ئادام[9]، تارۆو[10] و بۆچوونی تیلی[11] سەبارەت بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کەڵکی وەرگرتووە. بۆچوونی ئەو بیرمەندانە سەبارەت بە بزووتنەوەکان دیاردەگەلی جیاوازی کۆمەڵایەتی وەکوو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، شۆڕش، ناسیونالیزم و دیموکڕاتیزاسیۆن لە خۆدەگرێ(James, 2019; McAdam, McCarthy, & Zald, 1996, p. 4).

بە پشتبەستن بە پێکهاتەی بزووتنەوەی کوردی و ئەو ململانێ پەیتاپەیتایەی کە ئەم بزووتنەوەیه ‌بەسەر ڕێژیمەکانی ئێرانی سەپاندووە، دەتوانین بزووتنەوه لە چوارچێوەیەکی مشتومڕی نەتەوەخوازانەدا پۆلێنبەندی بکەین، کە دوای شۆڕشی 1979 پشتیوانی لە داخوازیی دێموکراتیزەکردنی ئێرانی، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی کورد و پرسە نەتەوەییەکانی تر لە ئێراندا، کردووە(Entessar, 1992).

هاوکات دەکرێت تیۆرییەکانی خۆڕاگریی ناتوندوتیژ یان بەرەنگاریی مەدەنی، لەسەر کۆمەڵگای کوردی لە ماوەی پۆست_شۆڕشدا جێبەجێ بکرێت. ڕۆبێرتس، بەرەنگاریی مەدەنی بە “هێزی خەڵك” پێناسە دەکات کە جووڵانەوە مەدەنییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەرتاسەری جیهان، بە بەکارهێنانی شێوازە ناتوندوتیژەکانی بەرەنگاری و هاوبەشی نەکردن، توانیویانە لە سیاسەتی جیهانیدا جێی بکەنەوە. بۆچوونی تیۆریکی تیلی (1978) سەبارەت بە کردەوەی گشتی بە “داینالیک ستەیتیزم” ناسراوە و دەپەرژێتە سەر ئەوەی کە چلۆن گۆڕینی دۆخەکان، دەرفەتی کردەوەی بەکۆمەڵ بەرهەم دێنێت یان دیسان بەرهەم دێنێتەوە. ئەم بۆچوونە ئیزن بە ئێمە دەدات تاکوو دەرفەتی سیاسی بۆ بکەر و بەشە جیاوازەکان ڕوون بکرێتەوە و چاومان لە ڕەوتی گۆڕانەکان لە بەستێنی کاتدا ببێ و دەتوانین توێژینەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بخەینە قەبارەیەکی سەرو نەتەوەیییەوە (McAdam et al., 1996, pp. 45-46).. بە بۆچوونی مەک ئادام بزووتنەوەگەلی کۆمەڵایەتی و شۆڕشەکان بەپێی سنوورە سیاسییەکان و دەرفەتە تایبەتەکان کە لە بەستێنە نەتەوەیییەکەیاندا هەیە شکڵ دەگرێ (1996, pp. 2-3). هەر چەشنە فاکتەرێکی ژینگەیی کە کارئاسانی بۆ چالاکیی بزووتنەوەیەک دەکات، دەکرێ وەکوو دەرفەتێکی سیاسی چەمکبەندی بکرێ (Bhat, 2019; Tolba, 2018). تیوریگەلی ناتوندوتیژ و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی، دەتوانرێ بۆ کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان لە چوارچێوەی کردەوەی بە کۆمەڵ لە سەردەمی پاش شۆڕش بەکار بهێنرێ. بە بۆچوونی ڕۆبێرتس، خۆڕاگریی مەدەنی “هێزی خەڵکە”، کە لەو چوارچێوەیەدا بزووتنەوەی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەرانسەری جیهاندا کەڵک لە میتۆدگەلی ناتوندوتیژ بۆ ناڕەزایەتی، هاندان و ڕازی کردن و هاوکاری نەکردن وەردەگرن(2009, pp. 1-20).

ڕۆبێرتس، خۆڕاگریی مەدەنی وەکوو چەشنێک لە کرداری سیاسی پێناسە دەکات کە پشتئەستوورە بە شێوازە ناتوندوتیژەکان و بوارێکی فراوان و بەردەوامی چالاکییەکان دەگرێتەوە کە بەرهەڵستی هێزێک، سیاسەتێک، دەسەڵاتێک یان ڕێژیمێکی دیاریکراو دەبێتەوه و‌ وەکوو خۆڕاگری پێناسە دەکرێت. هەربۆیەش ئاوەڵناو(سیفەت)ی مەدەنی لەم دەستەواژە لێکدراوەدا(خۆڕاگریی مەدەنی) دەگەڕێتەوە بۆ شارۆمەندان و کۆمەڵگا، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئامانجی بزووتنەوە، بڵاوبوونەوەیە لە کۆمەڵگەدا و هاوکات ئەو خاڵەش بە دەستەوە دەدات کە ئەم چەشنە چالاکییانە، تایبەتمەندیی ناسەربازی و ناتوندوتیژبوونیان هەیە(2009, pp. 1-20)..

ئەم وتارە، ئاماژە بە کارلێککردنە دژیەکەکانی نێوان کوردەکان و تاران لە ماوەی کورتی سەردەمی پاش شۆڕش دەدات؛ هاوکات تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە چالاکییە گرینگەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردی، بە ئامانجی داخوازیی ئاشتییانەی ئوتۆنۆمیی سیاسی و کەلتووری و هاوکات خۆڕاگری لە بەرانبەر هەوڵەکانی حکوومەتی نوێ لە مەڕ پێکهێنانی دەسەڵاتی پاوانخوازانەی خۆی.

بە بۆچوونی ئەم وتارە هۆکاری بەردەوامیی پرسی کورد لە ئێراندا، بەرهەمی مشتومڕی نێوان کوردەکان و تاران لە سەردەمی “پاش شۆڕش” بووە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای کوردی و بزووتنەوەکەی هەوڵیان داوە لە ڕێگەی ناتوندوتیژ و چالاکیی جەماوەری (کردەوەی بەکۆمەڵ)ـەوە، بەرەنگاری سانتڕالیزەکردنی هێز (کانگایی کردنی هێز) و هەروەها جێگیری و سەقامگیریی دەسەڵاتێکی پاوانخواز ببنەوە، حکوومەت بەردەوام بۆ بەرەنگاریی خۆڕاگریی کوردەکان هێزی بەکارهێناوە.


سیاسەتی کوردانی ئێران لە ماوەی “پاش شۆڕش”دا

یەکێک لە گەوەرەترین دەرفەتە ڕەخساوەکان بۆ بزووتنەوەی کورد لە لایەن شۆڕشەوە، بریتی بوو لە کۆتاییهاتن بە سێ دەیە تاراندن یان تەبعیدی نەتەوەخوازان[12]. تاراندنی کوردەکان بۆ دەرەوە، ئاکامی سەپاندنی حاڵەتی بێ تۆلێرانسی محەممەدڕەزا شای پەهلەوی لە بەرانبەر چالاکانی سیاسی و کەلتووری، پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان بوو. لەگەڵ گەڕانەوەی ڕێبەران و ئەندامانی حدکا چەند مانگ پێش شۆڕش و دەسپێکی قۆناغێکی نوێی بزووتنەوەی حدکا لەمەڕ وەجووڵەخستن لە چوارچێوەی کارڵێککردنی نزیک لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی دەستی پێ کرد و سێ دەیە تاراندن و دوور خستنەوە کۆتاییی پێ هات (Hassaniyan, 2019b; Vali, 2016).” میتینگی گەورەی”مهاباد کە لە 1ی مارسی 1979دا پێک هات، یەکەمین ڕووداوی گرینگی کە دوای گەڕانەوەی ڕێبەرایەتیی حدکا لە تاراوگە بوو. لەم میتینگەدا ڕێبەری حدکا “عەبدولڕەحمان قاسملوو”، چالاکیی فەرمی و ئاشکرای حدکای دوای سێ دەیە خەباتی نهێنی و خەبات لە تاراوگە، ڕاگەیاند.

دوکتۆر قاسملوو لە بەرچاوی ڕۆژنامەوانە ئێرانی و جیهانییەکاندا دەپەرژێتە سەرئەوەی که ‌”ئازادی و دێموکڕاسی لە ئێراندا بەبێ دابینکردنی ئازادی و دێموکڕاسی بۆ خەڵکی کورد بەدی نایەت. هەروەها خەباتی کورد هیچ دەسکەوتێکی نابێت بەبێ ئازادی لە ئێراندا”(Ettelaat 3 March, 1979, see, Khoshhali, 2008a, p. 3; Mohséni, 2018, p. 225) ، هاوکات ڕاگەیاندنی چالاکیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە 15ی فێوریەی [13]1979، وای کرد کە بۆ یەکەمین جار بزووتنەوەی کوردی لە ئێراندا، فرەچەشنییەک لە بکەرەکان و ڕێکخراوەکانیدا ئەزموون بکات، بۆچوونی کۆمەڵە بۆ سیاسەت و کۆمەڵگای کوردی، بەتەواوی جیاوازبوو لەگەڵ حدکا؛ کە تا ئەوکاتە تاقە حیزبی کوردی لە ئێراندا بوو(Mofidi, 2016, pp. 30-31).

سەرەڕای کاریگەریی میراتی مێژوویی لەسەر بزووتنەوەی کوردی، هاوکات ڕووداو و پێشهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەو سەردەمە کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا هەبوو. بزووتنەوەی کوردی سەردەمی “پاش شۆڕش” خۆی بەسەرچاوەگرتوو لە خۆڕاگریی ناتوندوتیژیی گشتی و کەمپەینەکانی نافەرمانیی مەدەنی پێناسە دەکات کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی تێیدا بەشداربوون. ئەم چالاکییانە بە دوو هۆکار ئەنجام دەدران. یەکەم: بەرەنگاری لە بەرانبەر هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی، دووهەم: بەرەنگاری لەمەڕ قایلکردنی ڕێژیم بۆ بەفەرمی ناسینی “شۆڕا” هەڵبژێردراوەکانی شارەکان کە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا پێکهاتبوون.

پێکهێنانی شۆڕاکانی شار، یەکەمین هەنگاوی کردەیی بۆ دروستکردنی سیستەمێکی دێموکراتیکی ئاڵتێرناتیڤ بۆ حکوومەت بوو، کە لەڕێی بەخشینی دەسەڵات بە نوێنەرە خۆجێیییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری شارەکانی خۆیان و دەوروبەرەکانیان پێکهاتبوو(Golperiyan, 2014, p. 25). بەرزیی ئاستی هاوکاریی نێوان ئەندامە جیاوازەکانی شۆڕا کە هەڵگری ئیدۆلۆژیی جیاوازبوون، ئەو دڵنیایییەی بەخشییە شۆڕاکان کە وەکوو مۆدێلێکی بێ وێنە بۆ بەڕێوەبردنی شارەکان[14] فام دەکرا(Ardelan, 2015).

گۆڕانی خێرای خەباتی کوردەکان بۆ بزووتنەوەیەکی چالاک و گشتی، بەشێکی بۆ لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندی لە کۆتایییەکانی دەسەڵاتی شا و سەرەتای شۆڕشدا دەگەڕێتەوە (بڕوانە Keddie, 2003, pp. 249-256)، ئەم لاوازییە دەرفەتی بۆ کوردەکان ڕەخساند تا ناڕەزاییەتی و داخوازییەکانیان بە شێوازێکی تەواو سیاسییانە پێشان بدەن واتە داخوازییەکانیان بە سیاسی کردەوە. گەڕانەوەی حدکا و هاتنی کۆمەڵە بۆ نێو مەیدانەکە، هاوکات ڕۆڵێکی گرینگیان هەبوو لە سەرلەنوێ وەجووڵەخستنی بزووتنەوەی کوردیدا. لەم سەردەمەدا کۆمەڵگای کوردی لە ئاستێکی بەرزی سیاسیدا بوو و بزووتنەوەی کوردی بووە خاوەنی ئەندامگەلێک کە وەفادارییەکی بەهێزیان هەبوو. تێکەڵبوونی خەڵکی کورد لە چالاکییە ناتوندوتیژەکاندا نیشان لە ڕەزامەندی و پێخۆشبوونی گشتی، هەڵسوکەوتی ئالیکارییانە، ڕێڕەوی سیاسی و وەفادارییان بۆ بزووتنەوەی کورد بوو.

ئێنتێسار سەبارەت بە بەشداریی کوردەکان لە شۆڕشدا، بەم شێوەیە دەنووسێت: “کوردەکانی ئێران بەشێکی بنەڕەتیی ئەم خەباتەیان پێکهێنا و ئەوان هەوڵێکی زۆریان بۆ بە فەرمی ناسینی مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتوورییەکانیان لە بەستێنێکی پان و بەریندا بۆ دێموکراتیزەکردن و دیسانتڕالیزەکردنی ئێران داوە”(2014, p. 211).

پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی کورد و ڕێژیم لەدوای شۆڕش ئالۆز بوو و چوار دەیە ناکۆکیی لێ کەوتەوە. بە دووپات کردەنەوەی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی پەهلەوی لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە، لەمەڕ پرسە نەتەوەیییەکان لە ئێران، بوو بەهۆی پێکهێنانی نارەزایەتی و دڵساردی لە نێو نەتەوە نافارس و کۆمەڵە ئایینیییە ناشیعییەکان(Elling, 2013). بەرزکردنەوەی گوتاری خودموختاریخوازی لە لایەن بزووتنەوەی کوردییەوە، کاردانەوەیەکی توندی لە لایەن خومەینی و بازنەی دەوروبەرییەوە بوو بەجۆرێک کە بزووتنەوەی کوردیان بە پیلانێکی دژەشۆڕش ناو برد کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن (Shams, 2006, pp.158-160). تەنیا مانگێک دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا و بەهۆی سیاسەتی سەربازیی ڕێژیم، کوردستان بوو بە ناوچەی شەڕ. وێنەی وێنەگران کە هاوشان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکان لە کوردستان بوون، لیپاولیپن لە وێنەی مەتەرێز، چەک، ئامبوولانس و جەستەی بریندار و بێ گیانەکان. بەرپرسی زۆرێک لە تەقەکردنەکان ئەڕتەش بوو، هەر وەک لە “تاران موسەووەر”دا هاتبوو: “هەزارن هاوەن و بۆمبی دەنگی و دەلاقەی شکاو، نەورۆزانەی ئەڕتەشی ئێران بۆ خەڵکی کوردستان بوو”(1979b, pp. 12-13).


شۆڕش لە ئێران، شەڕ لە کوردستان

لەماوەی چوار دەیەی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران، ویستی کوردەکان بۆ ئۆتۆنۆمی، وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەییی ئێران چاوی لێ کراوە، هاوکات ئیدئۆلۆژیی سێکۆلاری بزووتنەوەی کورد، هۆی پێکدادن لەگەڵ حکوومەت بووە. بزووتنەوەی کورد لە سەرەتادا وەکوو بزووتنەوەیەکی بەرگریکار جومگەبەندی دەکرێ، تاکوو پێشان بدەن کە سەرهەڵدانی سەربازیی کورد دیاردەیەکی سەپێندراو لەلایەن حکوومەتەوەیه ‌و کوردەکان جگە لە بەرگریکردن، هیچ بژاردەیەکیان لەلایەن حکوومەتەوە بۆ نەماوەتەوە. ئەم بۆچوونە لە جومگەبەندیی خواستی ڕێبەرانی کورددا ڕەنگی داوەتەوە و لە کردەوەکانیشیاندا بیندراوە. بۆ وێنە شێخ عێزەددین حسێنی دەڵێت:

“شەڕ لە کوردستاندا لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵگیرسێنرا. کاتێک ئەوان هێرشیان کردە سەر ئێمە، تاکە شتێک ئێمە کردمان بەرگریکردن لە خۆمان بوو، خەڵکانێک کە خوازیاری مافی دیاریکردنی چارەنووسن و کەمینەن، هیچکاتێک خوازیاری شەڕ نین، چونکە ئەوان دەزانن لایەنی بەرانبەریان لەباری سەربازییەوە لەوان بەهێزترە. ئەوە ئەو بابەتەیە ئێمە ئەنجامماندا و بیرمان لێ کردەوە” (BBC Hardtalk, 2015).

شۆڕش، دوو پێشهاتی بنەڕەتیی بۆ کوردەکان لەگەڵ خۆیدا هێنا. یەکەم: دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە بزووتنەوەی کوردی، دووهەم: گۆڕینی کوردستان بە گۆڕەپانی شەڕی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی؛ کە سەرکەوتن، بوو بە ئامانجێکی زۆر گرینگ بۆ ڕێژیمی تازە، بەو مەبەستەی کە دەسەڵاتی خۆی پتەو بکات. کوردەکان گۆڕینی ڕێژیمیان وەکوو دەرفەتێکی بێ هاوتا دەدیت بۆ هەنگاونان بەرەو وەدیهێنانی خەونی مافی دیاریکردنی چارەنووس. هەروەک ئێنتێسار نووسیبووی: “سروشتییە کە دوای ساڵانێک لە سەرکوتی ڕیژیمی شا، کوردەکان پاڵپشتیی شۆڕشی ئێران -19781979 بکەن، هەربۆیەش لە دەستپێکدا بەشێکی زۆر لە حەشیمەتی کورد لە پڕۆسەی شۆڕشدا بەشدار بوون”(2009, pp. 34-35).). بە هەبوونی ویستێکی لەم شێوەیە بۆ گۆڕینی ڕێژیم لە کاتی شۆڕش و دوای ئەویش، کوردەکان خۆیان بۆ خۆبەڕێوەبەری ڕێکخستبوو. ئەکتەرەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردی، ڕێکخراوە خۆجێیییەکان و حیزبە سیاسییەکان، بە هەڵبژاردنی شۆڕای شارەکان، یەکەمین هەنگاویان بۆ خۆبەڕێوەبەری هەڵهێنایەوە. دامەزراندنی ڕێکخراوە خۆجێیییەکان و یەکیەتییەکان وەکوو: یەکیەتیی بێکاران لە بانە، یەکیەتیی مامۆستایان لە مەریوان، یەکیەتیی نانەواکان لە سەقز و هەروەها بنکەی بووژانەوەی فەرهەنگی کورد لە سەقز(Khoshpeyam, 2019; Mostafa Sultani & Watandust, 2015)، پێشاندەری ویستی خەڵکی مەدەنی بوو، بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە کوردستانی سەردەمی “پاش شۆڕش”دا لەڕێگا ئاشتیخوازانە و کۆمەڵگاتەوەرەکان. ئەم ئاڵوگۆڕانە هەلومەرجێکی نوێی لەگەڵ گۆڕانی ڕێژیمدا پێکهێنا، دەرفەتی نوێ هاتنەئاراوە کە لەگەڵ چوونەسەری ئاستی بەسیاسیبوونی کۆمەڵگای کوردیدا ئاوێتە ببوو کە ئەوەش تایبەتمەندیگەلێکی دیاریکراوی بە شۆڕش لە کوردستان بەخشی. لەماوەی شۆڕشدا چەندەها ڕێکخراوەی جۆراوجۆری کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتن، ڕێکخراوی دێموکراتیکی کوردستان، کۆمیتەی ژنانی مەریوان، یەکیەتیی خوێندکاران، یەکیەتیی کرێکارانی بێکار، کۆمەڵگای ژنانی چەکدار لە سەقز و دامەزراوەکانی دیکەش پێکەوە کاریان بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی دەکرد(Moradbeigi, 2004, pp. 210-238). بۆ وێنە ئامانجی ژنانی چەکداری سەقز، نەهێشتنی نایەکسانیی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی ژنان بەدەستی پیاوان بوو. ئەم ڕێکخراوەیە هەوڵی دەدا بۆ دابینکردنی ئەو بابەتەی کە بە “تایبەتمەندیی ڕەگەزی” ناسراوە و بەرژوەندییەکان بۆ ژنی کورد لەبەر‌چاو دەگرێت و بۆ وێنە بردنەسەرێی ئاستی خۆشبژێوی و دۆخی کارکردنی ژنی کوردی لە خۆدەگرت (Entessar, 1984, p. 931)

چالاکیی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردی، بوو بە هۆی سەرنجڕاکێشانی ڕووناکبیری ئێرانی، بۆ وێنە “شوکروڵڵا پاکنەژاد” دەڵێت: “من پێموایە کە دڵی شۆڕشی ئێران لە کوردستاندا لێدەدات، لەبەرئەوەی کوردستان بۆتە سەنگەر و بەندەری دێموکڕاسی لە ئێران” (بڕوانن: Mostafa Sultani, 2006, p. 241).

کوردستان ڕێبەری بوارێکی فراوانی چالاکییە ناتوندوتیژەکانی دەکرد، بۆ وێنە چۆڵکردنی شاری مەریوان کە ئەم کردەوەیە بە کۆچی مێژووییی مەریوان ناسراوە و لە درێژەدا باسی دەکرێت. کوردەکان داخوازییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی چەمکگەلی وەکوو خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکڕاسی و سێکۆلاریزم بۆ ئێران لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیی نوێدا دەخستەڕوو. هەروەک شێخ عێزەدینی حسێنی ئاماژەی پێ کردووە: “لەم سەردەمەدا ئێمە پێویستمان بەحکوومەتێکە کە بتوانێت گوێ لە خەڵک بگرێت، ئەگەر حکوومەتی نوێ ئەم داخوازییە لەبەرچاو نەگرێت ئەوا سیستەمێکی نوێی “خەفەقان”بەسەر وڵاتدا زاڵ دەبێ”(Tehran Musavvar, 1979c, p.31).

بزووتنەوەی ناتوندوتیژی کۆمەڵگای کوردی، ڕوبەڕووی وڵامێکی توندی ڕێژیمی نوێ بوویەوە. لە کاتێکدا کە لە ماوەیەکی کورت دوای دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامی، دەسەڵات توانی زۆرینەی وڵات بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەڵام کوردستان هێشتا جیاوازبوو(Kreyenbroek & Sperl, 2010, p. 150). لە کوردستان ڕێژیم هەوڵی بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی دەدا و کۆنتڕۆڵی بارودۆخی کوردستان، ببوو بە ئەرکێکی سیمبۆلیک و ستراتێژیک، سەرەڕای لێکەوتەکانی لەسەر دەسەڵاتی ڕێژیم لە شوێنەکانی تری ئێران. ترس لەوەی کوردستان ببێت بە سەرچاوەیەکی خورپەبەخش و شوێنێکی ئارام بۆ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن (Saheb, 2017))، هاندەربوو تا ڕێژیم دەستبەجێ و بە توندی، دژکردەوە پێشان بدات. لە هەفتە و مانگەکانی دوای شۆڕش، کوردستان بەهۆی ڕووداوگەلێکەوە شڵەژا کە نموونەیان لە بەشەکانی دیکەی وڵات نەبینرابوو.

دوابەدوای شۆڕش خومەینی ببوو بە سیمبۆلی زۆرێک لە گرووپە شۆڕشگێڕەکان لە تاران، بەڵام لە کوردستاندا خاوەنی پێگەیەکی لەمجۆرە نەبوو و لەگەڵ بەڵێنە خۆشەکانی کە بە کوردستانی دابوو، پاڵپشتیی کوردەکانی بەدەست نەهێنا ((Abrahamian, 1993, p. 3 و وێژمانی پۆپۆلیستیی خومەینی نەیتوانی سەرنجی پشتیوانیی کوردەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. خومەینی خەونی بە پێکهێنانی سیستەمێکی سیاسیی نوێوە دەبینی کە لەگەڵ خواستەکانی کورد ناکۆک بوو، شێخ عێزەدین حسێنی، وڵامی بۆچوونی پاوانخوازانەی خومەینی داوە و گوتی: “خەڵکی قەیوومیان ناوێت ” واتە خەڵکی سەرپەرشتیاریان ناوێ (Khoshhali, 2008c, p. 31).

لە سەرەتای دەسپێکردنی شۆڕش، هاوبەشییەکی بچووک لە نێوان هۆکاری بەشداریی کوردەکان لە شۆڕش و هەروەها ئامانجەکانی خومەینی و پشتیوانەکانی بۆ شۆڕش هەبوو. بە گوێرەی وتەکانی سەیدی(2108): “کوردەکان لە شۆڕشدا بەشدارییان کرد بەڵام ئەوان پشتیوانییان لە ئاڵتێرناتیڤێکی ئیسلامی بۆ جێگرتنەوەی سەڵتەنەت نەدەکرد و بۆ کوردەکان پرسە نەتەوەیی و چینایەتییەکان، هۆکاری بنەماییی هاندەریان بۆ بەشداربوونیان لە شۆڕشدا بوو.”

پەیوەندییە پڕ لە مشتومڕەکانی بزووتنەوەی کورد و ڕێژیمی ئیسلامی، ئاکامی پێشهاتگەلێکی خوێناوی لە کوردستاندا بوو (Tehran Musavvar, 1979a, p. 16)، لە ماوەی ئاڵۆزیی “پاش شۆڕش”دا، پێکدادانی ئێتنیکی و فیرقەیی لە کوردستاندا ڕوویدا کە لە شارەکانی کوردستان شەڕ و کۆمەڵکوژیی بەدوای خۆیدا هێنا، لە نەغەدە و ورمێ کە پێکهاتەی دێموگرافییەکەی لە کورد و ئازەری پێکدێت، گرووپە ئازەرییە بناژۆخوازەکان بە ڕێبەریی مەلا حەسەنی (مەلایەکی ئازەری کۆنزێڕڤاتیڤ) و یارمەتیی ئەڕتەشی ئێران، کۆمەڵکوژییان لە دژی خەڵکی مەدەنیی کورد ئەنجامدا (Khoshhali, 2008f, p. 6; Mohséni, 2018, pp. 217-232).

کوردستان بوو بە ئامانجی هێرشێکی قورسی ئەڕتەشێکی پۆشتە، ئەڕتەشی ئێران کە لەوەپێش و لە کاتی شۆڕشدا، سەرچاوەی سەرەکیی سەرکوت و دژبەری گرووپە شۆڕشگێڕەکان بوو، بە شەوێک بوو بە هێزێکی کاریگەر بە دەستی حکوومەتی ئیسلامییەوە بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان. بەشداریی ئەڕتەش لە کوشتارەکانی نەغەدە، پاوە، قاڕنێ و قەڵاتان پێشاندەری ڕۆڵی وێرانکاری ئەڕتەش لە کوردستاندا بوو. ڕووداوگەلێکی وەکوو نەورۆزی خوێناویی سنە (18 تا 30 مانگی مارچی 1979) و شەڕی سێ مانگە، لە ئۆگۆست بۆ دێسامبری 1979(Moradbeigi, 2004, p. 143)، پەیوەندیی نێوان کورد و حکوومەت بۆ دەیەکانی داهاتوو دیاری و پێناسە دەکات. خومەینی بەشێوەیەکی زۆر توند وڵامی هەموو ئەوانەی دەداوە کە لە بەرانبەریدا ڕاوەستابوون و هەر لە دوای گەیشتنەوەی بۆ ئێران لە فێوریەی 1979 فەرمانی بە ئەڕتەش دا کە وڵات بکات بە گۆڕستانی دژبەرانی ((Nikraftar, 2017, p. 11.


دوژمنایەتیی میدیای ڕێژیم و پڕوپاگەندای دژەکورد

ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی گشتی، یەکێک لە دامەزراوە چالاکەکانی ئەو سەردەمەبوو، ئەم کێشەیە لە لایەن تێهرانی مۆسەووەرەوە (تهران مصور) بە ڕوونی ئاماژەی پێ دراوە کە دەڵێت: “ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی گشتی، ڕۆڵێکی وێرانکەریان هەبوو و ڕاستیی ڕووداوەکانی کوردستانیان چەواشە دەکرد” (1979e, p. 22). ڕادیۆ و تەلەفزیۆن وەکوو ماشێنێکی پڕوپاگەندا کاریان دەکرد کە بوونەهۆی ورووژاندنی کوردەکان، بە جۆرێک کە کوردەکان چەندین جار ئەم هەوڵانەی کاناڵە دژە کوردەکانیان مەحکووم کرد. مێدیای دەوڵەتی، زانیاریی هەڵەی بڵاودەکردەوە و ئامانجی لەقاڵبدانی کوردەکان بوو لە خانەی دژەشۆڕشدا و پێشاندانیان وەک ئامرازێکی دەستی ڕۆژئاوا. بۆ وێنە ئەوان چیرۆکی درۆیینی لەمشێوەیان بڵاودەکردەوە: “پێشمەرگەکان ژنان و کچان دەڕفێنن” و “حدکا و کۆمەڵە تەواوی مزگەوتەکانیان قەپات کردووە و ڕێگەی خەڵک نادرێت کە لە مزگەوتدا‌ نوێژ و تاعاتی خۆیان بکەن” و ئیسڕائیل یارمەتیی کوردەکانی ئێران دەدات و چەکیان پێ دەدات” و “٥٠٠٠ کورد لە تورکیاوە سنووریان بەزاندووە بۆ یارمەتیدانی کوردانی ئێران”(Khoshhali, 2008e, pp. 65-67). لە بەرانبەردا شۆڕای شارە جیاوازەکانی کوردستان، داوایان لە خەڵکی کرد لە خۆپێشاندانی جەماوەریدا بۆ لەقاودانی پڕوپاگەندا و سیاسەتی دژە کوردی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، بەشداری بکەن کە لەو ماوەیەدا کوردەکانی نیشتەجێی تارانیش بەشدارییەکی ئەرێنییان لە بزووتنەوەی کوردیدا کرد و بۆ وێنە بۆ گفتوگۆ لە نێوان ڕێبەرانی کورد و حکوومەتدا ئاسانکارییان کرد. ناوەندی پارێزەرانی ئێرانی لە تاران ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لە پشتیوانی کردنی کوردەکان. گەڵاڵەی 26 خاڵی (گەڵاڵەی خودموختاری) لە لایەن ڕووناکبیر و پارێزەرە دیارەکانی کورد وەکوو عەزیز ماملێ، عەلی حەسەنیانی و سارمەدین سادق وەزیری (Aliyar, 2019)، کە هەموویان دانیشتووی تاران بوون، داڕێژرابوو. بۆ وێنە بێهروز سولەیمانی، کە کوردێکی دانیشتووی تاران بوو، لە کۆبوونەوەیەکی وەزیری ناوخۆدا گوتبووی: “کوردەکان، بە پشتبەستن بە تۆمەتێکی هەڵە هێرشیان کراوەتە سەر و بوونەتە قوربانیی ڕاستەوخۆی دوژمنکاریی ڕێژیم” (برواننە: Khoshhali, 2008g, pp. 1-2).

قەمەری تەورێزی دەڵێت: هۆکاری توندوتیژبوونی ڕێژیم لە بەرانبەر هەرچەشنە ئۆپۆزیسیۆنێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خومەینی دەیزانی بە یەکیەتی و یەکبوونی خەڵکی، پێگەی‌ ڕێبەریی ئەو لە بزووتنەوەی شوڕشدا و لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش وەک خۆی نامێنێتەوە(2016, p. 121).

ئەم بەشە لە بزووتنەوە لە ژێر کاریگەریی زنجیرەیەک لە ڕووداوە سیاسییەکان بوو (Thomasson, 2012, pp.702-703)، کە ئاکامی مشتومڕی نیوان کورد و حکوومەتی ئیسلامی بوو. هەر ئەو جۆرەی تامسۆن دەلێت: “هێندێک ڕووداوی گەورە و بەشێکی زۆر لە ڕووداوە بچووکەکان کە خەڵکی بۆ بردنە سەرێی ئاستی خۆیان دەیانکەنە توخمێکی پێکهێنەر؛ گۆڕینی کاتە هەستیارەکانی شۆڕش بەڕێوەدەبەن واتە مودیرییەتی دەکەن(2012, p. 682). ڕووداوە دیارەکانی وەک: نەورۆزی خوێناویی سنە، کۆچی مێژووییی مەریوان وکاریگەرییەکانیان لەسەر کۆمەڵگای کوردی، سێبەری خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی کوردی و دەوڵەتی ناوەندی لە دەیەکانی داهاتوودا. شۆڕش لەسەرەتادا وەکوو دەرفەتێک دەبینرا، هاوکات لە کۆتاییدا نائومێدی و شەپۆلێکی نوێی پاوانخوازی و سەرەڕۆییی جێخستراوی پێکهێنا. ئەم گۆڕانکارییانە، لەمەڕ سەرزەنشتکردنی ئەم توندوتیژییەی لە کوردستاندا هەبوو و بەتایبەت هۆکارەکانی پشت ڕووداوێكی هاوشێوەی وەک نەورۆزی خوێناوی، لەلای بزووتنەوەی کورد پرسیاری دروست دەکرد. (Tehran Musavvar, 1979a, p. 13).


سنە ناوەندی ناکۆکییەکان

سنە یەکەمین شار بوو کە دوابەدوای شۆڕش کەوتە بەر هێرشی ئەڕتەشی ئێران. پێگەی ستراتێژیک و سیمبۆلیکی سنە کە وەک پایتەختی ناوچەی کوردستان دەبینرا، هاندەری حکوومەت بوو بۆ ئەم هێرشە. نەورۆزی خوێناوی لە ماوەی کەمتر لە پێنج هەفتە دوای شۆڕش، هاوکات چەند ڕۆژێکیش پێش سەری ساڵی تازەی کوردی و ئێران، لە 18ی مارسی 1979دا ڕوویدا. هێرشی ئەڕتەش زیاتر لە 220 کەس قوربانی و برینداری لێ کەوتەوە (Nesrollabaegi, 2011). ئەم ڕووداوە سیگناڵێک بوو لە لایەن حکوومەتەوە تا بە بزووتنەوەی کوردی بڵێت ئەڕتەش و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، تاکە هێزێکن کە دەبێت لە ئێراندا بمێننەوە و هاوکات دەرخەری ئەوەش بوو کە حکوومەت، ئیرادەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە دژبەرانی خۆی و شکستدانیانی هەیە (Tehran Musavvar, 1979a, p. 18).

لە دیدی ڕێژیمەوە، دامەزراندنی شۆڕاکانی شار و داخوازیی ئەوان بۆ خودموختاری، وەکوو ڕێگرێکی جیدی لە بەردەم پێکهێنانی ڕێژیمێکی ناوەندگەرای دینی پێناسە دەکرا. هەروەک مۆرە کۆنسێرڤاتیڤەکانی ڕێژیم، چەمران، بەنی سەدر و ڕەفسەنجانی ئاماژەیان پێ دابوو، حکوومەت بە هیچ شێوەیەک بارودۆخێکی لەم چەشنە قەبووڵ ناکات و کوردستان ڕەفتارێکی جیاواز لە بەشەکانی دیکەی وڵاتی لەگەڵدا ناکرێت(Seyedi, 2018). ئەحمەدی موفتیزاده،‌ دامەزرێنەری بزووتنەوەی مەکتەبی قوڕئان[15] و عەلی سەفدەری[16] مەلای ئایینیی شیعە و نوێنەری خومەینی لە کوردستان، گرووپگەلێکیان ڕێبەری دەکرد کە بە ئامانجی چارەسەری کێشەگەلی کوردستان، یەکیەتییەکی کورتماوەیان پێکهێنا کە پەیوەندییان بە سەرچاوە نیزامی و سەربازییەکان و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی سنەوە هەبوو. ئەم پشتیوانییە لەناوچوو و ئاکامەکەی بوو بە کێشە و مشتومڕ لە نێوانیاندا. دەرکەوتن و سەرهەڵدانی وەها پەیوەندییەک زیاتر بووە هۆی نادڵنیایی و بێمتمانەیی سەبارەت بە دۆخی هەستیار و لەرزۆکی کوردستان (Mohséni, 2018, p. 225; Moradbeigi, 2004, pp. 84-85). پەیوەندیی نێوان ئەو دوو گرووپە، ناڕەزاییەتییەکانی شۆڕای شار دژ بە بوونی ئەڕتەش و دژایەتی لەگەڵ کۆمیتەی ئینقلابی ئیسلامی لە سنەدا، بوون بە فاکتۆرگەلێکی سەرەکی بۆ خراپتربوونی دۆخی شار و لە ئاکامدا بوون بەو ڕووداوەی کە لە قامووسی بزووتنەوەی کوردیدا بە نەورۆزی خوێناوی ناسراوە.

لە وڵامی هێرشی ڕێژیمدا، خەڵکی سنە, لە ژانڤییەی 980دا سی ڕۆژ مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاند کە بە ڕۆژووی سیاسی ناسرابوو. تاکتیکێک کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا بەکارهێنرابوو. ئەم کردەوەیە تێکەڵێک لە دژایەتی و مەحکوومکردن بە ئامانجی چوونەدەری پاسداران و ئەڕتەش لە سنە بوو لە رێگەی‌ کەڵکوەرگرتن لە ئامرازە ناتوندوتیژەکانی وەکوو ڕۆژووی سیاسی‌. ئاواد، کاتێک باس لە مانگرتن وەکوو شتێکی بنەڕەتی لە خۆڕاگریی ناتونوتیژدا دەکات دەڵێ: “مانگرتنەکان، پێمل نەبوون بە هاوکارییە؛ کە فەلەستینییەکان دژ بە ئیسڕائیل لە غەزە و کەناری ڕۆژئاوای چەمی ئۆردۆن بەکاریان هێناوە(1984, p. 32). یەكێک لە مانگرتووانی ئەم بزاڤە لە ژانڤییەی 1980دا دەڵێت: “ئێمە ئەندامی هیچ حیزبێکی سیاسی نین و ئامانجی ئێمە لە مانگرتن لە خۆراک، بۆ دەرکردنی پاسداڕەکان بوو، چونکە ئەوان لەژێر دەمامکی دابینکردنی نەزم، هاتوون دەنگی خەڵک سەرکوت بکەن” (بڕواننە Khoshhali, 2008e, pp. 212).

سەیدی (2018) دەڵێت: “ڕێژیمی ئیسلامی، بزووتنەوەی کوردەکانی وەک هۆکارێکی دژبەر دەبینی کە پێویست بوو پێش لە ڕیفراندۆمی بەرنامە بۆ دانراوی ڕێژیم لە 30 مارسی 1979، شکستی پێ بهێنرێت”.

بزووتنەوەی کوردی وازی لە داخوازییەکانی خۆی بۆ خودموختاری نەهێنا و هاوکات بەرزیی ئاستی بە سیاسیبوونی کۆمەڵگا و توانایی بۆ وەجووڵە خستنی گشتیی کۆمەڵگا، پێگەیەکی دیاری بەرهەڵستکارانەی بە کورد لە بەرانبەر بە ڕێژیمی ئیسلامی بەخشی.

ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێران پێشانی دا کە بردنەپێشێی ئۆتۆریتە لە ڕێگەی دروستکردنی تەنگەژە و قەیران، مێتۆدێکی بەرنامەبۆداڕێژراو لە لایەن ڕێژیمەوە بوو. ئامانجی بنەڕەتیی ڕێژیم لە بەکارهێنانی هێزی چەکدار، بۆ کۆتایهێنان بە دووفاقیی هێز لە کوردستاندا و بەهێزکردنی ئۆتۆریتەی خۆی لەم ناوچەیەدا، پێش ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی بوو. بۆ نموونە مستەفا چەمران (یەکەمین وەزیری بەرگریی ئێران دوای شۆڕش) لە گۆشەنیگایەکی سەربازییەوە لە مەسەلەی کوردی دەڕوانی و بەردەوام پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە بۆ گەرەنتیکردنی دەسەڵاتی ڕێژیم لە کوردستاندا، ناردنی ئەڕتەش وەک کاریگەرترین چارەسەر تاکە ڕێگەچارەیە (Mostafa Sultani, 2006, pp. 374).

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، زیاتربوونی تەنگەژە لە کوردستان و هاوکات بەهێزبوونی بزووتنەوەی کوردی، ڕێژیمی هێنایە سەر ئەو قەناعەتەی کە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی کوردەکان بۆ ڕیفراندۆم، سازشێکی کاتی پێکبهێنێت. زنجیرەیەک لە وتووێژ لە نێوان کوردەکان و نوێنەرانی حکوومەتی کاتیدا (ناسراو بە دەستەی نیاز پاکی) پێکهات (Tehran Musavvar, 1979d, pp. 44-46). هەرچەند ئەمە هیچ ئاکامێکی ئەرێنیی بۆ بزووتنەوەی کوردی نەبوو و لەم ماوەیەدا کوردستان قۆناغێکی ئاڵۆزی نە شەڕ و نە ئاشتیی تێپەڕاند. پاشان حکوومەت بەخێرایی هێزی نیزامیی زۆری بۆ کوردستان ڕەوانە کرد. هاوکات لەگەڵ توندترکردنی کێشمەکێشی نیزامی لە کوردستان، سادق خەڵخاڵی یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییە توندئاژۆکان نێردرا بۆ ناوچەکە، تاکوو تۆڵە لە بزووتنەوەی کوردی و خەڵکی کورد لە بەر بەشداری نەکردنیان لە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە. خەڵخاڵیش هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی تری ڕێژیم پێی وا بوو کە هێزی سەربازی و ئیعدامی بەکۆمەڵ و جەماوەریی نەیاران و دژبەرەکان، تاکە ڕێگەچارەی ئاڵۆزییەکانی کوردستانە. وەحشیگەرییەکانی خەڵخاڵی، بوونە هۆی ئەوەی بە قەسابی کوردستان بناسرێ. لە میانەی ئیعدامە زنجیرەیییەکاندا، خاڵخاڵی سەدان خەڵکی سیڤیل و چالاکی سیاسیی کوردی ئیعدام کرد (Amanat, 2017, pp.779-781; Mahbobi, 2017). کوردستان لەو سەردەمەدا بە شێوەیەکی یەکگرتووانە دەوڵەتی تێرۆری ئەزموون کرد. حکوومەتی ئیسلامی بە دڵخواز و ئیشتیای خۆی ئیعدامی بەکۆمەڵی وەکوو تۆڵەی خواستی خودموختاری و بایکۆتی ڕێفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامی بەکار هێنا. 11 کورد (لە نێوانیاندا زیندانیی برینداریشی تێدا بوو) لە 27ی ئاگۆستی 1979 لە فڕۆکەخانەی سنە ئیعدامی بەکۆمەڵ کران (IHRDC, 2011). 47 ژن و پیاوی کورد لە سنە لە ڕێکەوتی 2ی سێپتامبری1979 ئیعدام کران ، 59 لاو لە مهاباد لە ڕێکەوتی 2ی ژوئەنی 1983 ئیعدام کران کە حوکمەکەیان لە لایەن فەرمانداری مهاباد، حەمیدڕەزا جەلائیپوورەوە، واژۆ کرابوو ((Khoshhali, 2008e, p. 154. زیاتر لە سەد کەس لە سەقز ئیعدام کران لە نێویاندا شەهلا و نەسرین کەعبی کە خوشکی یەکتر و هەردووکیان پەرەستاربوون و بەبێ دادگایی کردن حوکمەکانیان جێبەجێ کرا. ئەوانە میناکگەلێک لە ئاکاری دڕندانەی حکوومەتی ئیسلامی لە بەرانبەر کۆمەڵگای کوردستان بوو. یەکەمین شەپۆلی ئیعدامەکانی خەڵخاڵی، لە ئۆگۆستی 1979 دەستی پێ کرد. دوابەدوای فەرمانی جیهادی خومەینی کە لە 19ی ئۆگۆستی 1979 دەریکرد، لەشکرکێشی بۆسەر شاری پاوە کرا. خەڵخاڵی وەکوو تۆقاندنی گەلی کورد زۆرینەی دوکتۆر و پەرەستار و کارمەندانی بوارەکانی تەندروستی و پەروەردەی تەبعیدی دەرەوەی کوردستان کرد و لە وڵامی ئەم دڕەندایەتییانەدا، موفتی زادە لە نامەیەکی کراوەدا نووسی:

“هاووڵاتییانی ئازیز و ئۆمەتی ئیسلامی لە ئێران، ئەو بارودۆخەی برا و خوشکە کوردەکانتان دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا ئەزموونیان کردووە، زۆر جیاوازە لەوەی کە ئێوە لە ڕۆژنامەکاندا دەیخوێننەوە. لە کاتێکدا هەموو ئێران، بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر شادا سەرگەرمی ئاهەنگ گێڕانن، تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەمە پاشماوەکانی ڕێژیم بە بیانووی “شۆڕش و نەزم”، هێرشێکی بەرفراوانیان دژی نەتەوەی کورد دەست پێ کرد. ئێستاش هاووڵاتییانی کورد، بێ هیوایانە سەریان سووڕماوەتەوە و بۆیان پرسیارە کە بۆچی لە کاتێکدا تاوانبارەکان کوردستان وێران دەکەن، ئێوەی هاووڵاتییان بێدەنگن” ( بڕواننە Khoshhali, 2008d, pp. 42-43).



ڕاگەیاندنی شۆڕاکانی شار

خەڵکی سنە پێداگرییان لەسەر بەهێزکردنی سیستەمی شۆڕاکان دەکرد، بەڵام لە ڕوانگەی حکوومەتەوە شۆڕاکان وەکووهێزێکی هەڤدەم چاویان لێ دەکرا کە بۆ سەر دەسەڵاتی حکوومەت مەترسییە، ئەردەڵان (2015) یەکێک لە ئەندامانی شۆڕای شاری سنە، شۆڕا وەکوو پڕۆژەیەکی لە سەرێوە بۆ خوارێ وەسف دەکات کە لە گەڕەکەکانی شاری سنە لە ساڵی 1978 دەستی پێ کرد و بۆ پێکهاتن و دامەزراندنی شۆڕای هاوشێوە، بۆ شارەکانی دیکەی کوردستانیش هاندەر بوو. لە کوردستاندا شۆڕش لەلایەن هێزە چەپ و نەتەوەیی و سێکۆلارەکانەوە ڕێبەری دەکرا، لە کاتی شۆڕشدا ئەم لایەنانە بەرپرسیارێتیی هاوبەشیان بۆ جووڵەپێدانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لایەنگرانی ئیدیۆلۆژییەکانی خۆیان هەبوو کە لە دامەزراندنی سیستەمی شۆڕادا ڕەنگدانەوەی هەبوو(Mostafa Sultani & Watandust, 2015, p. 23).!

لەدوای سەردانی ئایەتووڵڵا مەحموود تاڵەقانی (کەسایەتیی ڕیفۆڕمخوازی ئیسلامی و ئیدیۆلۆژیکی ئێرانی و مەلای پلەبەرزی شیعە) بۆ کوردستان و دیتنی سیستەمی شۆڕاکان، تاڵەقانی داوای دامەزراندنی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی شۆڕایی بۆ تەواوی ئێران دەکرد. هەڵبەت هەر بە پێی ژیاننامەی خۆنووسیی تاڵەقانی، بەشێک لە هێزە ئیسلامییەکانی سنە لەژێر کاریگەریی هێزە کۆنزێرڤاتیڤەکانی تاراندا، شۆڕاکانی ئێستایان قەبووڵ نییە و داوای شۆڕایەکی تەواو ئیسلامی دەکەن (Seyedi, 2018). هەرچەندە کە بەنیسەدر و ڕەفسەنجانی (کە هەردووکیان لە نوێنەرانی حکوومەت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کوردەکان بوون و لە خومەینی نزیک بوون)، پێشنیارەکەی تاڵەقانییان ڕەد کردەوە و ئەوان شۆڕاکانیان وەکوو دامەزراوەیەک دەبینی کە دەسەڵاتی حکوومەتی لاواز دەکرد. خەڵکی خۆجێیی لە شۆڕاکاندا ڕاستەوخۆ بەشداربوون، تەناهیی گەڕەکەکانیان دابین دەکرد و هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی نرخی بازاڕ، پێداویستییەکانیشیان وەکوو نەوت و ئارد بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد.

ئەم مۆدێلەی شارەداری تا شەش مانگ بەردەوام بوو؛ تاوەکووهێزەکانی پێشمەرگە لە شارەکانی کوردستان کشانەوە. کۆلاقۆچی(2015) دەڵێت کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی هەوڵیان بۆ بەهێزکردنی شۆڕای شارەکان دەدا وەکوو شێوازێکی بێ هاوتای خۆڕاگری و هۆکاری سەرەکیی تەنگەژەی نێوان کوردەکان و حکوومەت. بەهێزکردنی ڕۆڵی شۆڕاکان، بەشێکی گرینگی داواکارییەکان بە مەبەستی دێموکراتیزەکردنی کوردستان بوو. لە بەشێک لە گەڵاڵەی خودموختاریدا، کوردەکان داوایان دەکرد کە هەموو دامەزراوە ئەمنییەتییەکان لە کوردستاندا، پێویستە لەژێر چاودێریی کۆمیتەیەکی هاوبەشی سەربازییدا (پێکهاتوو لە سەربازانی نیشتمانی و نوێنەرانی کومیتەی شۆڕش) بێت و هەروەها پادگانەکان دەبێت ببرێنە دەرەوەی شارەکان (Mohajer, 2014). بەڵام ئەم داواکارییانەی کوردەکان، لەلایەن دەسەڵاتەوە وەکوو هەوڵی کورد بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی حکوومەت لەبەرچاو گیرا، هەربۆیە حکوومەت هیچ کاتێک لە ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانەوە وڵامی داواکاریی کوردی نەداوە (Kolaqochi, 2015).


میتینگی نەغەدە و پێکدادانی ئێتنیکی

لەپێناو بەهێزکردنی دەسەڵات بە سەر کوردستاندا، حکوومەت بە دروستکردنی قەیران و پەیڕەویکردن لە سیاسەتی ئاژاوە بنێوە و حکوومەت بکە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە ئاژاوەنانەوە کەڵکی وەردەگرت (Nikraftar, 2017, p. 32). بە جۆرێک کە ڕێبەرایەتیی کوردەکان، لە دژی پەیڕەویکردن لە سیاسەتێکی لەمجۆرە، چەندین جار هۆشدارییان بە ڕێژیم دا، بۆ نموونە شێخ عێزەدین حسەینی لە نامەیەکدا بۆ بازرگان  (یەکەمین سەرۆکوەزیرانی دوای شۆڕش) دەنووسێت: “گەورەترین هەڵەی حکوومەت، بڵاوکردنەوەی تۆوی دووبەرەکییە لە نێو کورداندا”(Tehran Musavvar, 1979b, p. 22).

حکوومەت بە شێوەیەکی سیستەماتیک کاری بۆ پێکهێنانی تاقمگەرایی دەکرد بۆ ئەوەی پێگەی کوردەکان لاواز بکات. بۆ وێنه ‌حکوومەت و ئەڕتەشەکەی، چەندین جار لە نێو کۆمەڵگەی ئازەریدا، پاڵپشتییان لە گرووپگەلێکی دیاریکراو دەکرد و هاوکات لە ناوچە کوردییە جیاوازەکاندا کاریان بۆ دروستکردنی ناکۆکیی تاقمگەرایی لە نێوان کورد و تورکدا دەکرد (Mohséni, 2018, p. 226). دەرکەوتنی تەنگەژەی جیددی لە نەغەدە و ورمێ و کۆمەڵکوژیی قاڕنێ لە 2ی سێپتامبەری1979  کە تێیدا 47 سڤیل گیانیان لەدەست دا، نموونەگەلێکی کۆمەڵکوژی بە پاڵپشتیی ئەڕتەشی ئێرانن.

لە 20ی ئاپڕیلی 1979 و لە میانەی میتینگێکی پێکهاتوو لەلایەن حدکاوە و لە شاری نەغەدە کە شارێکە دانیشتوانی کورد و ئازەریی هەیە، ڕووداوێکی کارەساتبار ڕوویدا کە ژمارەیەکی بەرچاوی قوربانی لێ کەوتەوە و هاوکات، بوو بە هۆی جێگۆڕکێکردنی زۆرینەی دانیشتوانی کوردی شارەکە. ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد، ئەڕتەشی ئێرانی لە هێرش بۆ سەر کوردەکان لە نەغەدە و ناوچەکانی دەوروبەر بە بەرپرسیار دەزانی، هەربۆیەش ڕێبەریی حدکا “دوکتۆر قاسملوو”، لە سەفەرەکەی بۆ تاراندا گوتی:

“ئێمە دەزانین هەندێک هێز کار بۆ پێکهێنانی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی ئێمە و حکوومەتدا دەکەن.  بۆیە ئێمە لێرەین تا هۆشداری بە دەسەڵات بدەین و هەڵەتێگەیشتن لەمەڕ ئەو بابەتە چارەسەر بکەین. هەرچەندە کە ئەزموونی ئێمە دەرخەری  ئەوەیه ‌کە حکوومەت گرینگی بەو بابەتانە نادات یان دڵخوازانە ئەو بابەتانەی کوردستان پشتگوێ دەخات” (بڕواننە Khoshhali, 2008a, pp. 19-20).


کۆچی مێژووییی مەریوان

لەگەڵ چوونە سەرەوەی ناکۆکییەکانی نێوان کوردەکان و حکوومەت، هاوکات فرەچەشنیی شێوازەکانی خۆڕاگری لەنێو بزووتنەوەی کوردیدا پەرەی ئەستاند. فرەچەشنیی چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بووە پرسێکی ڕاستەقینە لەبەردەم سەپاندنی دەسەڵات لە کوردستاندا.

یەکێک لە نموونەکانی چالاکیی سیاسیی کۆمەڵگای مەدەنی، بریتی بوون لە چالاکییەکان بۆ ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان. بۆ وێنه ‌لە مەریوان، “بەخێرهاتنی کردنی زیندانییە سیاسییەکان” و پێکهێنانی ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن بۆیان، لە لایەن “فواد مستەفاسوڵتانی”یەوە، یەکێک لە ڕێگە کاریگەرەکان بۆ وەجووڵەخستنی کۆمەڵانی خەڵک بوو (Mostafa Sultani, 2006, p. 181).

ئاواد، کە گرینگی بە خوێندنی خۆڕاگریی ناتوندوتیژیی فەلەستینییەکان لە دژی ئیسرائیل دەدات دەڵێت: مانگرتنی قوتابخانە و بازاڕەکان، واژۆکۆکردنەوە، تێلێگرافەکانی ناڕەزایەتییانە، تەبلیغات و مەحکوومکردنەکان لە نووسراوە ڕۆژانەکاندا و هەوڵەکان بۆ بایکۆتکردنی شمەکە ئیسرائیلییەکان لەڕاستیدا دەرخەری خۆڕاگریی ناتوندوتیژن (1984, p. 22).

کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان، پشتئەستوور بوو بە چالاکییە جۆراوجۆرە ئاشتیخوازانەکانی وەکوو: مانگرتن، مانگرتن لە خواردن، خۆپێشاندانە هاوبەشییەکان، داخستنی بازاڕ و قوتابخانە و ئۆفیسەکان، کە وەکوو ئامرازی بەرگریی بەکۆمەڵ پێناسە دەکرێن. چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردی، ئەو کردەوانە بوون کە لە بەرانبەر ڕێژیمی تازە دامەزراوی ئێراندا دەگیرانەبەر(Khoshhali, 2008b, p. 57) . خۆپێشاندانی شاری سنە بۆ ئازادکردنی هەشت زیندانیی کۆمەڵە لە مەریوان (Mostafa Sultani & Watandust, 2015, p. 140)، داخستنی بازاڕ بۆ چەند حەفتە بۆ چوونەدەرەوەی پاسداران لە شارەکان و مانگرتنی خەڵکی بانە و پاوە لە خواردن، نموونەی بەرچاوی چالاکییە ناتوندوتیژەکانی کۆمەڵگای کوردی لە ماوەی “پاش شۆڕش”دان (Mostafa Sultani & Watandust, 2015, p. 26).

مەریوان لەگەڵ زۆرێک لە شارە کوردییەکانی دیکە، ببووە ناوەندی زۆر چالاکی. خەڵکی مەریوان، بەشێکی چالاکیان لە شۆڕشدا پێکهێنابوو و ئەمەش مەریوانی کردبوو بە ناوەندی چالاکیی سیاسیی گرووپە جیاوازەکان.  کۆچی مێژووییی مەریوان، یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی کوردستان بوو. کردەوەیەکی خۆڕاگرانه ‌بوو کە شوناسێکی تایبەتی بە شارەکە بەخشی و هاوکات پێداگریی کوردەکانی لە داواکردنی ویستەکانیان بە ڕێگەی کردەوەی بەکۆمەڵی ئاشتیخوازانەوه پێشان دا‌. ئەم کۆچه ‌گشتییەی دانیشتوانی مەریوان بڕیارێک بوو کە لە لایەن شۆڕای مەریوانەوە درابوو و پاڵپشتیی زۆرینەی کوردستانی ئێرانی لەگەڵ بوو (Mostafa Sultani, 2006, pp. 374-376). ئەم کۆچە چواردە ڕۆژی خایاند. لە 23ی جوولایەوە تاکوو 5ی ئاگۆستی 1979 و فوادی مستەفا سوڵتانی، ڕۆڵێکی دیاری لە چالاکییەکانی شاری مەریوان و ئەم کۆچە مێژوویییەدا هەبوو.

پێش لە کۆچی مێژوویی و لە کاتی کردەوە ناڕەزایەتییەکاندا لە 14ی ژوئیەی 1979، خەڵکی مەریوان لە بەرانبەر بە مەکتەبی قوڕئان لەدژی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سیاسەتەکانی سپا لە شاردا، خۆپێشاندانیان ئەنجام دا، لەو خۆپێشاندانەدا سێ خۆپیشاندەر کوژران و زۆر کەسیش برینداربوون[17](Mostafa Sultani, 2006, pp. 364-364). هۆکاری ئەم خۆپێشاندانە، کردەوە هاوشێوەکانی پاسداران بوو لە شاردا و بۆیە خەڵک داوایان دەکرد هێزە سەربازییەکان لە شارەکەیان بچنە دەرەوە و خەڵکی مەریوان چەندین جار بە ڕوونی گوتبوویان “ئێمە نامانهەوێ لەگەڵ حکوومەت شەڕ بکەین و ئێمە پێدانی دەسەڵات بە پاسداران قەبووڵ ناکەین و دەبێت تەناهیی شارەکەمان بەدەست خەڵکانێکی باوەڕپێکراوی خۆجێیی بێت” (Khoshhali, 2008h, pp. 92-93).

لە میانەی دانیشتنێکی نێوان چەمران و نوێنەرانی خەڵکی مەریوان، چەمران هەڕەشەی ئەوەی لە خەڵک کرد کە لە ئەگەری دەست هەڵنەگرتنیان لە داخوازییەکانیان، ئەوه ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە و گوتی کە ئەڕتەشی ئێران بۆ شەڕ لێرەیە نەک جەژنگرتن (Mostafa Sultani, 2006, p. 374). فواد مستەفا سوڵتانی لە وڵامی ئەودا گوتی: “ئەگەر دەتانهەوێت هێرش بکەنە سەر مەریوان ئێمە شار بەجێدەهێڵین ئێوە دەبێت شارێکی چۆڵ داگیربکەن” (Khoshhali, 2008h, pp. 92-93). لەگەڵ زیاتربوونی ناکۆکییەکان لە مەریوان، لایەنی توندئاژۆ و کۆنزێرڤاتیڤی ڕێژیم، هاوشێوەی چەمران لە گۆشەنیگایەکی تەواو سەربازییەوە بۆ مەسەلەی کوردیان دەڕوانی. چەمران پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە بەکارهێنانی هێزی نیزامی تاکە گەرەنتیی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ڕێژیم لە کوردستانە، ئەم هەڵوێستە دڕندانەیەی چەمران، لەلایەن کاربەدەستانی خودی ڕێژیمیشەوە ڕەخنەی لێ گیرا. بۆ وێنە مەهدی بەهادۆریان، نوێنەری خومەینی بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی کوردستان لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت: “بەڵگەکان پێشان دەدەن کە چینی فێۆدال و خاوەن زەویی کوردستان لە ڕێگەی گەڵاڵەیەکی نهێنییەوە کە لەلایەن کەسانی وەکوو دکتۆر چەمران و و ژێنێڕاڵ زاهیرینەژادەوە داڕێژرابوو، پڕ چەک دەکرێن تاکوو خەڵکی بێبەشی کوردستان سەرکوت بکەن” (بڕواننە Amjadi, 2011).

بەشێک لە ناڕەزایەتییەکانی کورد لە ڕێژیم لە ڕێگەی کۆچە بەکۆمەڵەکانەوە خۆیان پێشان دا. دامەزراوەی سپای پاسداران لە مەریوان و کرداری توندوتیژانەکەیان، رۆڵی ڕووخێنەری چینی فێۆدال و ڕێبەرایەتیی کاتیی پارتی دێموکرات (قیادە موقت)، بووە ئاکامی پەرچەکرداری خەڵکی مەریوان کە لە کۆچی مێژووییدا ڕەنگی دایەوە (Mostafa Sultani, 2006, p. 105). شۆڕای شاری مەریوان کە سیاسەتەکانی نوێنەرایەتیی زۆرینەی شاری دەکرد، ڕێکخەری سەرەکیی ئەم کۆچە بوون. یەکیەتیی جووتیارانی مەریوان و هێزەکانی پێشمەرگەی ئەم یەکیەتییە کە لە 29ی مەی 1979 دامەزرابوو، پێش و پاش کۆچەکە، ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم ڕووداوەدا هەبوو. ئەم یەکیەتییە و هێزە چەکدارە بچووکەکەی، مەشقی پەروەردەیان بەڕێوەدەبرد و هاوکات پشتیوانییان لە چالاکیی بێ زەوییەکان لە دژی خاوەن زەوییەکان لە مەریوان دەکرد. یەکیەتیی جووتیاران لە بردنەسەری بڕوابەخۆییی کۆمەڵگای مەدەنیی مەریوان بەشدار بوو(Mostafa Sultani, 2006, pp. 22-26).

دوابەدوای ڕاگەیاندنی شۆڕای شاری مەریوان، کۆچەکە لە 22ی ژوئیەی 1979 دەستی پێ کرد تاوەکوو چواردە ڕۆژ بەردەوام بوو (Mostafa Sultani, 2006, p. 374) و ئەم کۆچە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە جووڵانەوەی سیاسیی مەریوان لەو سەردەمەدا و هاوکات ناڕەزایەتییەکی ئاشتیخوازانە و کردەیەکی نافەرمانیی مەدەنی و ستراتیژییەک بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنی بەدەستی ئەڕتەشی ئێران و سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بوو. لەمیانەی ئەم کۆچەدا، بە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی مەریوان لە نێوان حەوت بۆ هەشت هەزار لە پازدە هەزارکەس، شاریان بەجێهێشت و لە کانیماران کە ناوچەیەکی دەرەوەی مەریوان بوو، کەمپیان دروست کرد. بەشێکی دیکە لە خەڵک لەگەڵ خزمەکانیان لە دێهاتەکانی دەورووبەر مانەوە. خەڵک لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە خۆراک و پێداویستییان بۆ کەمپی کانیماران دابین کرد، کە ئەمە پێشاندەری یەکگرتووییی ئەوان بوو لەگەڵ خەڵکی مەریوان، بەجۆرێک کە لە شارەکانی سنە، کامیاران، سەقز، بانە و بۆکان خەڵک بەرەو مەریوان کەوتنەڕێ و لە دوای چەند ڕۆژ گەیشتنە کەمپی کانیماران (Mostafa Sultani & Watandust, 2015, p. 405).

ئەم ڕێپێوان و کۆچە فراوانە، لە لایەن بەشێک لە میدیای نەتەوەیییەوە پێشان دران. بۆ وێنە تێهران مۆسەووەر، زۆرینەی ڕاپۆرتەکانیان لەسەر ئەم کۆچە و لایەنە جیاوازەکانی ژیانی خەڵک لە کەمپی کانیماران بوو (1979g, pp. 27-37). لایەنە سیاسی و سیمبۆلیکەکانی ئەم کۆچە پێشان دەدات کە کۆمەڵگای کوردی، لەو سەردەمەدا ڕاهێنانی لە بوارێکی فراوانی خۆڕاگریی مەدەنیدا کردووە کە دەرخەری ئاستی بەرزی سیاسیبوونی کۆمەڵگایە. هاوکات هەنگاوە هاوشێوەکانی خەڵکی کوردستان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، پێشان دەدات کە کوردستان توانیویەتی پەرە بە پۆتانسییەلی بەهێزی داخوازییەکانی خۆی بدات، کە لە کردەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پەنابردن بە کردەوەی ئاشتیخوازانە ڕەنگی دایەوە . کۆچی مێژووییی مەریوان، بوو بە سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان. فواد مستەفا سوڵتانی لە کەمپی کانیماران بە خەڵکی گوت: “ئەم کۆچە خەڵکی یەکگرتوو کردووە و مەریوان بۆتە قەڵای ئازادی و ئێمە هەموو ئێران دەکەینە مەریوان” (بڕواننە Mostafa Sultani & Wantandust, 2015, p. 379). ئەم کردەوەیە سازکەری ململانێیەک بۆ هێزە ناخەڵکییەکانی وەک پاسداران، ئەڕتەش، مەکتەبی قورئانی موفتیزادە و خاوەن زەوییەکان بوو. شۆڕا کە پێش کۆچی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە بە نایاسایی دانرابوو، دوابەدوای ئەمە بە شێوەیەکی فەرمی ناسرا، بە چەشنێک کە ڕێژیم بەڵێنی دا کە هەموو هێزەکان، بنکەکانیان لە شار بەجێبهێڵن و تەناهی بدەنەدەست پۆلیس و خەڵکی خۆجێیی، هەرچەندە کە ڕێژیم ئەم بەڵێنانەی بەجێ نەگەیاند (Mostafa Sultani, 2006, pp. 374-389).



ئاکام

لە کاتێکدا شۆڕش بوو بەهۆی گۆڕینی ڕێژیم، دامەزراندنی مۆدێلی نوێی پەیوەندیی دەوڵەت-خەڵک نەبوو بەهۆی دێموکراتیزەکردن و پێشکەوتنی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە ئێران. تێرۆری دژبەران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، سەرلەنوێ بوو بە هۆی بێ هیوایی و دابڕانی زیاتری ئێرانییەکان. بە نیسبەت کوردەکانیشەوە، چوار دەیە مشتومڕی درێژخایەن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەرهەمی ئەم بێ هیوایی و دابڕانەیە.

شۆڕشی 1979، لەڕووی پێکهاتەوە و بوو بە هۆی سەرلەنوێ پێکهێنانەوە و دیسان دەرکەوتنی بزووتنەوەی کوردی، هەروەها فرەچەشنییەکی زۆر لە ژمارەی بکەرەکان و ئایدۆلۆژییە بەشدارەکان لە بزووتنەوەکاندا بەدی دەکرا. ئەم دەرکەوتنە نوێیانە هەم لەگەڵ خۆیاندا هەلیان دروست کرد، هەم بوونە هۆی دروست کردنی ڕکابەری. زۆربوونی لەناکاوی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پێشاندەری ئەوەبوو کە شۆڕش تەنیا هەلی بۆ بزووتنەوەی کوردی پێکنەهێناوە، بەڵکوو هەلێکی لەباریشی بۆ نەوەکانی دواتری ڕووناکبیرانی کوردستانیش ڕەخساندووە، کەسانێک کە شۆڕش هەلی چالاک بوون و بە کردەیی کردنی پۆتانسیێلەکانیانی پێ بەخشین.

بابەتێکی دیکە هەڵسوکەوتی نێوان کوردەکان و حکوومەتی ناوەندی لە پاش شۆڕشی 1979یە،‌ کە لەوێدا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کوردی ئەوپەڕی نەرمییان لەخۆیان نواندووە، تاوەکوو ڕێگەیەکی ئاشتییانە بۆ چارەسەریی دۆزی کورد بدۆزنەوە، لە کاتێکدا حکوومەت و دەسەڵاتداران، هیچ شتێکیان جگە لە توندی و ڕەتکردنەوەی داخوازییەکانیان پێشان نەداوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێبەرانی کورد، نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای کوردیان لە ئێران دەکرد. بۆ نموونە ڕێبەرانی کورد وەکوو دوکتۆر قاسملوو و شێخ عێزەدین، چەندین جار پێداگرییان لەسەر یەکپارچەییی ئێران کردبۆوە و چەندین جاریش، ڕوونکردنەوە و گۆڕانکارییان لە پێکهاتەی خودموختاریدا (خودموختاریی سیاسی، ئابووری و کەلتووری) کە داخوازیی ئەوان بوو پێکهێنابوو. لە هەمان کاتدا قاسملوو و شێخ عێزەددین تاقمگەرایییان ڕەد کردبووەوە. وەک چۆن قاسملوو گوتبووی: “ئەوەی کە کوردەکان دەیانهەوێت، دەستەبەر بوون و گەرەنتی کرانی مافە نەتەوەیییەکانیانە لە ئێراندا نەک کوردستانێکی جیا” (Khoshhali, 2008a, p. 2). لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دەرکەوت کە وەفاداری و ئەمەگناسیی کوردەکان بێهوودە بوو، چونکە ڕێژیمی تاران لە سیاسەتە تێکدەرانە و دژە کوردەکانی بەردەوام بوو.

دەرکەوتنی پێکدادانە ئێتنیکییەکان لە نێوان کوردەکان و ئازەرییەکان، دوای تێپەڕینی چوار دەیە، هێشتاش یەکێک لە کێشەکانی بەردەم بزووتنەوە و کۆمەڵگای کوردییە، بە جۆرێک ئەم بابەتە کوردەکانی خستووەتە بیرکردنەوە بۆ ڕێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونێکی لەوشێوەیە لە ئەگەری پێکهاتنی گۆڕانکاری لە ئێران و ناوچەی کوردیدا و ئازەرییەکان لە نێو کوردەکاندا یان شان بە شانی ئەوان بژین.

بابەتێکی جێگای تێڕامانی دیکە ئەوەیە که ‌کردەوە ناتوندوتیژەکانی کوردەکانی ئێران لە کۆمەڵگا و وڵاتانێکی دیکەوە لە ساڵانی 1970-1980 بە ئیلهام وەرگیراون.

بۆ وێنە ڕانداڵ لە لێکۆڵینەوەکەیدا سەبارەت بە کرداری ناتوندوتیژ و خۆڕاگریی مەدەنی، باس لەوە دەکات کە لەو ماوەیەدا، پێشنیاری جۆرە جیاوازەکانی بەرگریی مەدەنی لەدژی دیکتاتۆرەکان لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئێران و فیلیپین دەکات و دەڵێت ئەم نموونانەی بەرگریی مەدەنی لە دژی حکوومەتی پاوانخوازدا، لە ساڵی 1979 لە ئێران و 1986 لە فیلیپین بووە (1994, p. 89). خوێندنەوەی شۆڕشی ئێران لە ئاستی ناوچەییدا، ئەم ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق، دەرفەتێکی باشیان بۆ هەمیسان رێکخستنەوەی خۆیان بۆ شەڕ لەگەڵ حکوومەتی عێراق وەدەست کەوت. شۆڕشی بارزانی لە ساڵی 1975 بەهۆی گرێبەستی ئەلجەزایەر و نەمانی پشتیوانیی ڕێژیمی شا بە تەواوی بێکەڵک کەوت (Phillips, 2019, pp. 38-39). دوو حیزبی گەورەی کوردستانی عێراق واتە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دێموکڕاتی کوردستان ، شۆڕش و گۆڕینی ڕێژیمیان لە ئێران وەکوو دەرفەتێکی زێڕین بۆ دیسان ساز کردنەوەی خۆیان دژ بە حکوومەتی عێراق دەدیت. حیزبەکانی کوردستانی عێراق بۆچوونێکی ئەرێنییان لەهەمبەر شۆڕشدا هەبوو. بۆ وێنە پارتی هێڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حکوومەتی ئێران پێکهێنا و ڕێبەری یەکیەتی جەلال تاڵەبانی، شۆرشی ئێرانی وەکوو دیاردەیەکی دژەئیمپڕیالیستی دەدیت کە لە بەرژەوەندیی گەلانی سەرکوتکراوی ناوچەکەدایە. لە هەمان کاتدا ئایەتوڵڵا خومەینی وەکوو ڕێبەرێکی پێشڕەو و ئاڤانگاڕد سەیر دەکرا. جەلال تاڵەبانی چەندین جار و لە چەند نامەی تاکەکەسی و سەر ئاواڵەدا، پشتیوانی و یەکگرتووییی خۆی لەگەڵ شۆڕش ڕاگەیاندبوو (van Bruinessen, 1992, pp. 37-39; Entessar, 1984).

ئەوەش پێویستە بگوترێ کە دوای تێپەڕ بوونی چوار دەیە بە سەر دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا، سەرەڕای چەندین هەوڵی ڕێبەرایەتیی کورد بۆ چارەسەری ئاشتییانە، بەڵام لەبەر سروشتی نەگۆڕاوی کۆماری ئیسلامی، ئێستاش پەیوەندییەکانی نێوان کوردەکان و حکوومەتی تاران لە جاران ئاڵۆزترە؛ لەبەر ئەوەی ئاستی سیاسی-کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردەکان، لە کاتی دامەزراندنی ڕێژیمەوە، گەیشتووەتە پلەیەکی بەرچاو. لە لایەکی دیکەوە تێڕوانینی حکوومەتی ئێران بۆ ئەم پێشکەوتنانەی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی کوردی نەگۆڕاوە و ئێستاکەش وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر سیاسەت و یەکپارچەییی ئێران لێیان دەڕوانێ؛ هۆکاری ئەوەش ئاستی بەرزی سیاسیبوون، توانایی لە وەجووڵە خستن و پێکهێنانی کردەوەگەلی بەکۆمەڵ و گشتییە.



سەرچاوەکان

Abrahamian, E. (1993). Khomeinism: Essays on the Islamic Republic. California, CA: University of California.

Aliyar, T. (2019). “Kurdistan’s oral history of left; An Interview of Mohammad Khaki with Tahir Aliyar” [in Kurdish]. Retrieved from http://m-khaki.com/video3.html

Amanat, A. (2017). Iran: A modern history. Connecticut, CT: Yale University Press.

Amjadi, S. (2011). A Review of the historic protest exodus of the people of Mariwan on its 33rd Anniversary [in Persian]. Retrieved from http://news.gooya.com/politics/archives/2011/07/125162.php

Ardelan, Y. (2015). “Interview with Yousef Ardelan on the events of the Bloody Newroz of Sanandaj” [in Kurdish]. Retrieved from https://www.youtube.com/watch?v=fVOLU08yUvM

Awad, E. M. (1984). Non-violent resistance: A strategy for the occupied territories. Journal of Palestine Studies, 13(4), 22-36.

BBC HardTalk (2015). “Interview with Sheikh Ezzedin Hosseini” [in Persian]. Retrieved from https://www.youtube.com/watch?v=_o1vu3jhe5U

Beverley, J. (1999). Subalternity and representation: Arguments in cultural theory. Durham, England: Duke University Press.

Bhat, A. (2019). Islamic Philosophy of Education. Journal of Culture and Values in Education, 2(2), 73-76. Retrieved from https://cultureandvalues.org/index.php/JCV/article/view/20

Elling, R. (2013). Minorities in Iran: Nationalism and ethnicity after Khomeini. London, England: Palgrave MacMillan.

Entessar, N. (1984). The Kurds in post-revolutionary Iran and Iraq. Third World Quarterly, 6(4), 911-933.

Entessar, N. (2009). Kurdish politics in the Middle East. Maryland, MD: Lexington Books.

Entessar, N. (2014). Between a rock and a hard place: The Kurdish dilemma in Iran. In D. Romano & M. Gurses (Eds.), Conflict, democratization, and the Kurds in the Middle East Turkey, Iran, Iraq, and Syria (pp. 211-224). New York, NY: Palgrave Macmillan.

Entessar, N. (1992). Kurdish ethnonationalism. Colorado, CO: Lynne Rienner Publication.

Faltis, C. (2014). Toward a Race Radical Vision of Bilingual Education for Kurdish Users in Turkey: A Commentary. Journal of Ethnic and Cultural Studies, 1(1), 1-5.

Gelawej, A. (1983). Kurdistan’s land relation, collapse of the tribal system [in Persian]. Tehran, Iran: Rozbeh Publication.

Ghamari-Tabrizi, B. (2016). Foucault in Iran: Islamic revolution after the enlightenment. Minnesota, MN: University of Minnesota Press.

Golperiyan, A. (2014). History of an era: A review of the political activity in Kurdistan [in Persian]. Retrieved from http://www.azadi-b.com/F-Album/tarix.y.d.abdol.g.pdf

James, K. (2019). The Stagnation, fall and rise of Singapore’s Political Opposition, 1996-2013. American Journal of Qualitative Research, 3(1), 37-56. https://doi.org/10.29333/ajqr/5810

Hassaniyan, A. (2019a). The Kurdish peasant movement (1952–1953): A missing element of the Iranian Kurdish struggle. Asian Journal of Middle Eastern and Islamic Studies, 13(3), 387- 406.

Hassaniyan, A. (2019b). Cross-border Kurdish solidarity: An endangered aspect of Kurdishness. Kurdish Studies, 7(2), 135 – 160, DOI: https://doi.org/10.33182/ks.v7i2.484

Hisami, K. (1971). The martyrs of Iranian Kurdistan [in Kurdish]. Erbil, Iraq: Benkayi Peshewa.

IHRDC. (2011). Haunting memories: Executions of the Kurds by the Islamic Republic in Iran. Retrieved from http://www.iranhrdc.org/english/human-rights-documents/3507-1979-newspapers.html

Kaveh, S. (1996). Looking back in time: Recapture those memories of involvement with the KDPI [in Kurdish]. Stockholm, Sweden: Unspecified Publication.

Keddie, N. (2003). Modern Iran, roots and results of revolution. London, England: Yale University Press.

Khosravi, J., Aghapouri, H., & Hamehmorad, L. (2016). The Islamist Maktab-Quran in Iran and Its Challenges for Kurdish Nationalism. Journal of Ethnic and Cultural Studies, 3(1), 59-73.

Khoshhali, B. (2008a). Doctor Abdulrahman Ghassemlou and Kurdistan [in Persian]. Retrieved from https://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-Akhbar_Kurdestan_01.pdf

Khoshhali, B. (2008b). Kurdistan democratic party [of Iran] and the revolution [in Persian]. Retrieved from https://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-Akhbar_Kurdestan_02.pdf

Khoshhali, B. (2008c). Sheikh Ezzedin Hosseini and Kurdistan [in Persian]. Retrieved from https://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-Akhbar_Kurdestan_04.pdf

Khoshhali, B. (2008d). Allame Ahmad Moftizadeh and Kurdistan [in Persian]. Retrieved from https://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-Akhbar_Kurdestan_05.pdf

Khoshhali, B. (2008e). The provisional government and Kurdistan [in Persian]. Retrieved from https://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-Akhbar_Kurdestan_08.pdf

Khoshhali, B. (2008f). Qarne and the revolution [in Persian]. Retrieved from https://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-Akhbar_Kurdestan_09.pdf

Khoshhali, B. (2008g). The Kurds of Centre [Tehran] and the revolution [in Persian]. Retrieved from https://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-Akhbar_Kurdestan_17.pdf

Khoshhali, B. (2008h). Collection of essays [in Persian]. Retrieved from https://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-Akhbar_Kurdestan_20.pdf

Khoshpeyam, A. (2019). “Kurdistan’s oral history of left, An interview of Mohammad Khaki with Abudallah Khoshpeyam” [in Kurdish]. Retrieved from http://m-khaki.com/video3.html

Khosravi, J., Aghapouri, H., & Hamehmorad, L. (2016). The Islamist Maktab-Quran in Iran and its challenges for Kurdish nationalism. Journal of Ethnic and Cultural Studies, 3(1), 59-73.

Kolaqochi, F. (2015). The history of the city and neighbourhood councils in Sanandaj [in Persian]. Retrieved from http://azadi-b.com/F-Album/Fati_Kolaqochi.html

Kreyenbroek, P. & Sperl, S. (Eds.). (2010). The Kurds: A contemporary overview. London, England: Routledge.

Mahbobi, S. (2017). Me and the butcher of Kurdistan and his daughter Fatema Sadeqhi Kalkhali [in Persian]. Retrieved from https://rowzane.com/content/shiva/article=97950

McAdam, D., McCarthy, J., & Zald, M. (1996). Comparative perspectives on social movements: Political opportunities, mobilizing structures, and cultural framings. Cambridge, England: Cambridge University Press.

Milani, M. M. (1994). The making of Iran’s Islamic revolution, From monarchy to Islamic republic. New York, NY: Westview Press.

Mofidi, S. (2016). The left movement and national question: From romanticism to realism (With a focus on Komala Organization). Journal of Ethnic and Cultural Studies, 3(1), 20-48.

Mohajer, N. (2014). The 18 August 1980 [in Persian]. Retrieved from https://www.radiozamaneh.com/92204

Mohséni, C. (2018). The instrumentalization of ethnic conflict by the state: The Azeri-Kurdish conflict in Iran. In G. Dorronsoro & O. Grojean (Eds.), Identity, conflict and politics in Turkey, Iran and Pakistan (pp. 217-232). London, England: Oxford University Press.

Moradbeigi, H. (2004). Living history: Kurdistan, the left and nationalism [in Persian]. Stockholm, Sweden: Nasim.

Mostafa Sultani, R. (2006). Kak Foad, leader, politician and a political thinker [in Persian]. Selimani, Iraq: Rojhelat Publication.

Mustafa Sultani, M., & Watandust, S. (2015). Kak Foad Mostafa Sultani; Who was he, what was his aim and how did he die? [in Persian]. Sulaimaniya, Iraq: Piramerd.

Nesrollabaegi, A. (2011). The bloody Newroz of Sanandaj [in Persian]. Retrieved from http://komalah.org/Farsi/index.php/didgah/4558.html

Nikraftar, K. (2017). Paweh’s five days war [in Persian]. Retrieved from https://kiumarce.com/main/wp-content/uploads/2017/08/jangeh-paveh-v2-2-1.pdf

Phillips, L. D. (2019). The great betrayal: How America abandoned the Kurds and lost the Middle East. London, England: I.B. Tauris.

Randle, M. (1994). Civil resistance. California, CA: Fontana Press.

Roberts, A. (2009). Introduction. In A. Roberts & T. Garton (Eds.), Civil resistance and power politics: The experience of non-violent action from Gandhi to the present (pp. 1–24). Oxford, England: Oxford University Press.

Romano, D. (2006). The Kurdish nationalist movement: Opportunity, mobilization, and identity. Cambridge, England: Cambridge University Press.

Saheb, S. R. (2017). 19 August: The anniversary of the attack of the people of Kurdistan [in Kurdish]. Retrieved from http://www.komala.org/farsy/drejawtar.aspx?NusarID=4&Jmara=7

Seyedi, H. (2018). The bloody Newroz of Sanandaj [in Persian]. Retrieved from https://soundcloud.com/hemn-seyedi/5hhbjqr4kpqc

[1] a.hassaniyan@exeter.ac.uk

[2]لە دەقی ئەسڵیدا نووسەر کورتکراوەی ئینگلیزیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هێناوە واتە PDKI، بەهۆی ناسراو بوونی کورتکراوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران واتە (حدکا) لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا، ئێمەش هەر کورتکراوی باو واتە حدکامان بەکار هێناوە.

[3][3] شێخ عێزەددین حسەینی ڕێبەری ئایینیی بزووتنەوەی کوردی لەپاش شۆڕشی گەلانی ئێران بوو و هەروەها سەرۆکی تیمی دانوسانکاری کورد لە کاتی دانووستان لەگەڵ حکومەتی کاتی بووە (Khosravi, Aghapouri, & Hamehmorad, 2016; Mofidi, 2016, pp. 30-31 )

[4]دەستەواژەی ژێردەست لە ڕێگەی ئانتۆنیۆ گرامشی، مارکسیستی ئیتالیایییەوە ناسێندراوە تا ئەو گرووپە کۆمەڵایەتییانە پێناسە بکا کە لە دامەزراوە کۆمەڵایەتی – ئابوورییەکانی کۆمەڵگادا جێگەیان لێ ئەستێندراوە و دەرهاویژراون، هەتاکوو حاشا لە دەنگی کۆمەڵایەتی-سیاسی و کەلتوورییان بکرێ. دەستەواژەی ژێردەست و موتالعاتی ژێردەست (Subaltern studies) لە ڕێگەی بەرهەمی لێکۆڵەرانی ئاسیای باشوورەوە هاتووەتە نێو خەزێنەی وشەی پاش-کۆلۆنیالیزمەوە و بۆ ئەو گروپە مێژوونووسانەی کە بە ناوی لێکۆڵینەوەی ژێردەستەکان دایانمەزراندبوو هاتە ئاراوە (سەیری Beverley بکە).

[5] دەسەڵاتی کاتیی شۆڕش لە ئێران (1979-1980) یەکەم حکومەتی دوای شۆڕش لە ئێران بوو. ئەم حکومەتە لە ٤ی فێبریوێریی 1979 بە دەستووری ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرا و ئەمە لە کاتێکدا بوو کە شاپور بەختیار (دوایین سەرۆک وەزیرانی شا) ئیددیعای دەسەڵاتی هەبوو (Milani 1994, 143).

[6]کۆماری کوردستان لە ساڵی 1946دا بە ڕێبەرایەتیی ڕێبەری نەتەوەییی کورد قازی محەممەد لە شاری مەهاباد دامەزرا.

[7] بەرگی ژمارە 20ی سەرچاوەگەلێکی تایبەت بە کۆمەڵگای کورد و حیزبە سیاسییەکان کە لە لایەن بێهزاد خۆشحاڵییەوە کۆکراوەتەوە و لەم ماڵپەڕەدا لەبەردەستە: https://www.iran-archive.com/start/215

[8]گۆڤاری حەوتوویانەی تهران مصور کە له تاران‌ چاپ بووە، ڕاپۆرتێکی ڕێکوپێک لەسەر ڕووداوەکانی کوردستان ئاراستە دەکات. ئەم گۆڤارە زانیاریی پڕ لە وردەکاریی سەبارەت بە پەیوەندی و هەڵسوکەوتی کورد و حكوومەتی ناوەندی لەو سەردەمەدا دەخاتە بەرچاو. سەرچاوەکان به ‌شێوەیەکی ئەلێکترۆنیکی ئاڕشیڤ کراون و لە لایەن زانکۆی مانچێستێرەوە لەبەردەستدان‌: https://luna.manchester.ac.uk/luna/servlet/view/search?q=+musavvar&search=SUBMIT&QuickSearchA=QuickSearchA&sort=title%2CmediafileName%2Cidentifier&pgs=50&res=1&cic=Manchester~18~18

[9] McAdam,

[10] Tarrow

[11] Tilly

[12]نەتەوەخوازیی تاراوگە

[13]مێژووی پێکهاتنی کۆمەڵە باسێکی بەمشتومڕه. بە پێی گێڕانەوە تاکەکەسییەکان؛ کۆمەڵە پێش لە شۆڕشی 1979 گرووپێکی نافەرمی بوو کە تەنیا وەکوو تەشکیلاتێک بوو و لەلایەن کۆمەڵێک لە ڕووناکبیران و خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی تاران و تەورێز لە ساڵانی 1968 دا پێکهاتبوو        (Mofid, 2016, p. 30) .

[14]Municipality: مانای ئەم وشەیە لە زمانی گشتیی باوادا وەکوو سازمانی “شهرداری” بەکاری دەبەن؛ بەڵام لیرەدا مەبەست بەڕێوەبەرایەتیی شارەکانە وەکوو سیستەمێکی سیاسیی نوێ کە چیدیکە هێز به ‌شێوەیەکی کانگایی نامێنێتەوه،‌ بەڵکوو حەولێکە بۆ بڵاو کردەنەوەی هێز لە بەشەکانی دیکەی جوگرافیای ئێران. (وەرگێڕ).

[15] مەکتەبی قوڕئان کۆنترین سازمانی ئیدیولۆژیک/ئایینیی سووننی مەزهەبە لە کوردستانی ئێران. لە دەیەی 1960دا ئیسلامی سیاسی لە لایەن ئەحمەدی موفتیزادەوە پێشکەش کرا (Khosravi, et al, 2016, p. 59 ).

[16]بە پێی وتەی موحسێنی؛ عەلی سەفدەری مەلایەکی شیعه بوو. “له ‌لایان حکومەتەوە بۆ کونتڕۆڵی پادگانی سنە و هێزە سەربازییەکان نێردرابوو (2018, p. 225 ).

[17]ڕەئووف کۆنەپۆشی (مامۆستا)، محەممەد دارسەید (کرێکار، چالاکی سیاسی و ئەندامی یەکێتیی کرێکارانی بێکاری مەریوان) و مەحموود باڵەکی (پێشمەرگەی یەکێتیی جووتیارانی مەریوان) نێوی ئەو سێ کەسەیە کە لە ناڕەزایەتییەکانی مەریوان لە 14ی جولای 1979 لە مەریوان بە دەستی سپا کوژران و گیانیان لە دەست دا (Mostafa Sultani, 2006, pp. 363-364 ).