ئارامتر بخوێنەوە!

شوناسی نەتەوەیی و نەتەوەکان لەسەردەمی ئینتێرنێت و ڕاگەیەنە کۆمەڵایەتییەکاندا*

ژیار ئاغاپووری
و: ئیبراهیم ساڵح ڕاد


پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیی پەیوەندی و ڕاگەیاندن، کارتێکەرییەکی بەرچاوی لەسەر پێکهاتەی تیئوری و پڕاکتیکیی دیاردە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکان داناوە. ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە زانیاری، بە خێرایییەکی زۆر و لە قەبارەی گەورەگەورەدا دەتوانرێ بنێردرێ، وەرگیرێ و کاریگەریی هەبێ. لەسەردەمی پەیدابوونی تێکنۆلۆژیی چاپەوە، هەرگیز وەک ئێستا مێژوو، ئاوا ئاسان، بە بەڵگەوە و لە ئاستێکی ئاوا بەریندا، لەبەردەستدا نەبووە ( Arthur 2011:175) مێدیای ئەلەکترۆنی و ئینتێرنێت نیشانیان داوە کە لە پێکهێنانی ئەو ئاڵوگۆڕە خێرایە، کە لەو بوارەدا هاتۆتەپێش، بە دوو ئامرازی کاریگەر لە قەڵەم دەدرێن. ئینتێرنێت، وەک ئامرازێکی خزمەتگوزار، توانیویەتی هەموو لایەنەکانی ژیانی ئینسان بخاتە ژێر شوێنەوار و کاریگەریی خۆی و تواناکانی ئێمەی بۆ پەیوەندیگرتن لە ئاستی ناوچەیی، نەتەوەیی و جیهانیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەرین کردووەتەوە. هەروەها بە قازانجی”دروستکرن و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی” گۆڕانی بەسەر ژینگەی میدیاییدا هێناوە (Saunders 2011: 58).

هەروەک کاستێلز (:22001) بە کورتی دەڵێ: “ئینتێرنێت بریتییە لە ئامرازیك بۆ پەیوەندیگرتن کە بۆ یەکەمجارە ئیمکان و دەرفەتی ئەوەی پێکهێناوە تا خەڵكیکی زۆر دەگەڵ خەڵکێکی زۆری دیکە، لە هەرکاتێکدا کە بیانهەوێ، بتوانن لە ئاستی دونیادا پەیوەندی بگرن. ” تێکنۆلۆژیی ڕاگەیاندن و پەیوەندیگرتن، بۆ بزووتنەوە ئیتنیکی و ناسیۆنالیستییەکان، ڕۆڵی کاتالیزاتۆر دەبینێ: “پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی کۆمیونیکاسیۆن و پەیوەندیگرتن بە شێوەیەکی کاریگەر، شوێنەواری ئاشکرایان لەسەر چوونەسەری ئاستی ئاگاهیی ئەوان هەبووە. ” (Connor 1994: 39). هەروەها، ئانتۆنی سمیس (: 171995) دەڵێ، مێدیای ئەلەکتڕۆنیک توانیویەتی پەیوەندییە نەتەوەیییەکانی نێو گرووپە ئیتنیکییەکان چالاک وبەهێزبکا و هانیان بدا تا لەنێو خۆیاندا پەیوەندیی تازەتر دروست بکەن، سەرلەنوێ دابهێنن یا پێناسە بکەن. ئەو دەڵێ مێدیا توانای ئەوەی هەیە کە وەفا و هاوپەیوەندیی نێوان ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەهێزبکاتەوە، و ئەو کەلێن و قوژبنانە پڕ بکاتەوە کە کەوتوونەتە نێوان ئەوان و ئەو کەسانەی کە بە شێوەی سیمبۆلیک، بە خوشک و برای خۆیانیان دادەنێن. سمیس پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە ئەو پڕاکتیکە، واتە پڕاکتیکی میدیاکان، بووەتە هاندەرێكی خەللاق و کارساز بۆ دەستە و تاقمە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بچووکەکان و کۆمەڵگا ئیتنیکی و زمانییەکان، تا ڕایەڵکە و پەیوەندیییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە بە‌هێزەکانی خۆیان دروست کەن و بیانپارێزن. ئەوەش لەگەڵ نفوزی ئەو کولتوور و فەرهەنگە لە دژایەتی و ئۆپۆزسێۆندایە کە لە ئاستی دەوڵەت- نەتەوە و لە ئاستی ناوچەیی و گڵۆباڵدا دەستی باڵای هەیە.  

هەروەها، سەرهەڵدان و پەیدابونی مێدیای تایبەت بە دیاسپۆرای گرووپە ئیتنیکی-نەتەوەیییەکان کە بەرنامەکانیان بەرەوناوچە و مەبەستێکی دیاریکراو ئاراستە دەکەن، لەو دوو دەیەیەی دوایدا، بووەتە بەشێک لە ڕایەڵکەی مێدیای جیهانی. هەر لەو سەردەمەوە کە چاپەمەنی داهاتووە، نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تایبەت، بۆ پەیوەندیگرتن بە ئەندامانی کۆمەڵگاکانیان و باسکردنی ئەو مەسەلانە کە پەیوەندییان بە ناسنامە و هەویەتی خۆیانەوە هەیە، دامەزرێنن. لە نێوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٩٠ی زایینیەوە، ئەو پێشکەوتنە تێکنۆلۆژییانەی کە لە بواری ئینتڕنیت و ڕایەڵکەکانی دیکەی سەرهێڵدا ڕوویانداوە، هێز و توانایان داوەتە گرووپە دیاسپۆرا و پەڕاوێزخراوەکان، تا بتوانن مەیدانی چالاکی و تێکۆشانی خۆیان بۆ سەرانسەری دونیا پەرە پێ بدەن (Karim 2003). بەمجۆرە ئەو پێشکەوتنە تێکنۆلۆژییە بە شێوەیەکی ئاشکرا یارمەتیی بە دروست بوونی کۆمەڵگایەکی وێنایی و مەجازی، لە “سەرهێڵ”[1] و لە “فەزا”[2]دا کردووە کە لە ئاستێکی فەرا میللیدا، هەموو دونیای مەجازی و دیجیتاڵ دەگرێتەوە و دەرفەتی ئەوەی بۆ خەڵک پێکهێناوە کە لەفەزایەکی کۆمەڵایەتیی سایبێریدا، بێ وەبەرچاوگرتنی سنوورەکان، یەکتر ببینن و ڕووبەڕوو دەگەڵ یەکتر قسەبکەن.

هەر بەو شێوەیە، پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی لە بواری تەلەفۆنی مۆبایل و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکاندا، ئیمکان و دەرفەتیان بۆ گەشەی داخوازییەکانی کەمایەتییە نەتەوەیییەکان پێکهێناوە. ئەمە بووەتە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کۆنسێپت و زاراوەکانی وەک نەتەوە، نیشتیمان، کۆمەڵگا،  خۆ و هتد لە لایەن ئەوانەوە. ئینتێرنێت، بۆ کەمایەتییە نەتەوەیییەکان و ئەو دەستە و گرووپە جۆراوجۆرانەی کە لە دیاسپۆرادا و بەشێوەی پڕش و بڵاو لەیەکتردەژین، زۆر هەل و دەرفەتی ڕەخساندووە. ئەوە بەو مانایەیە کە پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیی ڕاگەیاندن و پەیوەندیگرتن، ئەو ڕێگایانەی بەرین کردووەتەوە کە زانیارییە ئیتنیکی، کولتووری و ئینسانییەکان، بەهۆی ئەوانەوە دەپارێزرین و دابەش دەکرێن.

ئەو کۆمەڵگا دیاسپۆرایانەی کە خاوەنی دەوڵەت-نەتەوەی تایبەت بەخۆیان نین، دەتوانن قازانجێکی زۆر و بەرچاو لەو هەل و دەرفەتانە وەرگرن کە ئینتێرنێت دەتوانێ بیانخاتە بەردەستیان. واتە چالاکی و تێکۆشانی ڕۆژانەی بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت و سۆسیالمێدیا و چۆنیەتیی تەعبیری ئەوان لە ناسنامە ئیتنیکی و نەتەوەیییەکان، دەتوانێ بەشداریی کاریگەری لەسەر گەشەی “ناسیۆنالیسمی ڕۆژانە”[3] لەنێو کۆمەڵگا و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و هەروەها ئەو گرووپانە هەبێ کە لە دیاسپۆرادا بەسەردەبەن. (Billig 1995).

لەوەش زیاتر ئینتێرنێت بە فەزایەکی “سەربەخۆ” و “دێموکراتیک” دادەنرێ کە خەڵک دەستیان وێڕادەگاو دەتوانن لەوێدا، بێ لەبەرچاوگرتنی کەندوکۆسپە جۆراوجۆرە چینایەتی، جنسیەتی، مەزهەبی، نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان کە لە دونیای واقعیدا هەن، بەشداری بکەن. ئەو دونیایە کە “لە هەموو جێگایەک هەیە و لە هیچ جێگایەکیش نیە” (Barlow 1996). لەو فەزا دێموکراتیک و سەربەخۆیەدا، گرووپە پەڕاوێزخراوەکان دەرفەتی ئەوەیان بۆخۆیان دۆزیوەتەوە کە چیرۆک و بەسەرهاتی خۆیان بگێرنەوە و لە ڕێگایەکی کەمتر سنووردارکراوەوە، شوێن لەسەر وەزعی سیاسی دانێن. ئەمە توانای داوەتە ئەو گرووپانە کە لە دونیای مەجازیدا ببنە خاوەن دەنگی خۆیان و بە شێوەیەکی ئازادانە لەگەڵ حەشیمەتی نێو ئەو دونیا گلۆباڵە سایبێرییەدا، دیالۆگ وگفتوگۆبکەن.

کاستێلز وێڕای ئاماژە بە زاراوەی “کۆمەڵگای ڕایەڵکەیی”[4] باس لەوە دەکات کە چۆن خەڵک لە “کۆمەڵگا مەجازی”یەکاندا واتە(مانا) بەرهەم دێنن. (1997, 2010). ئەو نیشانی دەدا کە چۆن سترەکتورە کۆمەڵاتییەکان و ئەو بزووتنەوانەی لەوێدا نوێنەرایەتیی دەکەن، لە دەوری ئەو داتا و زانیارییانە پێک دێن کە لە چواچێوەی ڕایەڵکەکەدا دێنەکایەوە. بەوجۆرە لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگای مەجازی بۆخۆی دەبێتە ڕووبارێکی گەورە بۆ وەدەستهێنانی دەستەڵات و سەرچاوەکانی دیکە.

لەسەرتاسەری دونیای مەجازیدا، سنوورە واقعییەکان یا کەم بوونەتەوە یا هەر لەنێو چوون. واتە ئەو کۆمەڵگایانەی کە لەباری فیزیکییەوە لێک ‌هەڵبڕاون، دەتوانن لە ڕێگای ئینتێرنێت و سۆسیال مێدیاوە، پەیوەندی دەگەڵ یەکتر پێک بهێنن و سەبارەت بە کۆمەڵگاکانی خۆیان بیروڕا بگۆڕنەوە و هەواڵ و ڕاپۆرت بڵاوبکەنەوە. لە ئاکامدا، دەکرێ ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵک بە ئاسانی “هەڵخڕێنرێن” واتە لە ماوەی یەک “کلیک”دا مۆبیلیزە بکرێن و هان بدرێن (Couldry 2012: 1-3 ).

تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی چاپەمەنی و ڕاگەیەنەکانی دیکە و هەروەها ئەو کاریگەری و شوێنەوارەی لەسەرناسنامەی نەتەوەیی هەیانە، دەتوانرێ لە پەیوەندی دەگەڵ مێدیای سەردەمی تازەش، بۆ نموونە سۆسیال مێدیاشدا، دەکاربکرێ. سەرەڕای ئەوەش، لە سەردەمی بەجیهانی بووندا، ئینتێرنێت و سۆسیال مێدیا، بە بەراوەرد لەگەڵ مێدیای چاپیی دوو تا سێ سەدە لەمەوبەر، لە سەردەمی گەشەی ناسیۆنالیزم لە ئوورووپادا، یا لە کۆتایییەکانی قەڕنی نۆزدە و سەرەتاکانی قەڕنی بیستەم، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دەتوانن دەرفەتی بەرینتر، لەسەر ئاستێکی زۆر گەورەتردا، بۆ پێوەندی و ڕاگەیاندن پێک بێنن. بێ ئەملاوئەولا دەتوانین بلێین کە خێراییی گواستنەوەی زانیاری لەسەردەمی ئینتێرنێتدا، لە چاو، سەردەمی ڕاگەیەنەرە چاپییەکاندا، زۆر زیاترە. لە ڕێگای دەکارکردنی تایبەتمەندییە جۆراوجۆرەکانی ئینتێرنێتەوە، بەتایبەت لە ڕێگای سۆسیال مێدیاوە، نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و ئەو گرووپە جۆراوجۆرانەی لە ئاوارەیی، تاراوگە و دیاسپۆرا دەژین، توانیویانە، بە شێوەیەکی جیاواز لە مێدیاکانی سەردەمی پێشتر، کۆنسێپت و زاراوەی نەتەوە، سەرلەنوێ دابڕێژنەوە و جارێکی تر پێناسەی بکەنەوە. ئەو نەتەوە و کۆمەڵگا واقعییانە، لەلایەن خەڵکانێکەوە دروست کراون و یا پێکدێن کە بۆ پەیوەندی پێکهێنان بەدوای کەسانێکدا دەگەڕێن کە تایبەتمەندیی ئیتنیکی، کولتووری، سیاسی یا ئیدئۆلۆژیکیی هاوبەشیان دەگەڵ ئەوان هەیە.


شوناس و ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەردەمی سۆسیال مێدیادا

ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆکردنەوە و مۆبیلیزە کردنی کوردەکان، بە تایبەت لە دیاسپۆرادا گێراوە. دەتوانین بڵێین کە پەیامی بردنەپێشی پرسی نەتەوەییی کورد هەرگیز ئاوا سەرکەوتوو نەدەبوو، ئەگەر ئەو جۆرە مێدیا و ئامرازانەی پەیوەندیگرتن و کۆمیونیکاسیۆن، لەبەردەستی ئەواندا نەبوایەن. بە واتایەکی دیکە، دیاسپۆرای کورد، کەڵکی لە ئازادیی بەیان لەو وڵاتانەی کە ئێستا لێیاندا نیشتەجێیە وەرگرتووە و لەوەش زیاتر وڵاتە لێىڕاڵ و دامەزراوە دێموكراتیکەکانی ئەوانی خستووەتە ژێر پاڵەپەستۆ، تا ئاستی زانیاری وپشتیوانیی خۆیان سەبارەت بە پرسی نەتەوەییی کورد بەرنەسەرێ.

بە سەرهەڵدانی ئینتێرنێت، لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٩٠ و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا، ئەو ماڵپەڕ و بلۆگە کوردییانەی کە لەلایەن کوردەکانی دیاسپۆراوە بەڕێوە دەبران، دەورێکی بنەرەتییان لە ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆلای مێژوو، کێشە و داخوازە نەتەوەیییەکانی کورددا، گێڕا. جیا لەوە ئەوان توانیان ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک بۆ نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد ڕاکێشن. دەتوانین بڵێین کە مێدیا ئەلەکترۆنیکییە کوردییەکان، بە پێکهێنانی دەرفەت و پانتایەکی گشتی و بێ سنوور، بۆ خۆبەیانکردن و خۆنیشاندانی شوناسی کوردی، ئاڵوگۆڕیان بەسەر دیسکۆرسی ڕۆژانەدا هێنا. “وەك ئەوەی کە ئەوان لە هەموو جۆرە کۆمەڵگاکاندا سەرچاوەی ئەزموونکردن و تاقیکردنەوەی خۆسازکردن و خۆدروستکردن بن، یا ئەوە کە ببنە سەرچاوەی ئیلهام بۆ بیرلەخۆ کردنەوە، وەک پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕۆژانە. “

بۆ کورد، ئینتێرنێت تەنیا بریتی نییە لە ڕایەڵکەیەکی پێکەوە گرێدراو لە کۆمەڵێک سایت و ماڵپەڕ کە بە ئاسانی دەستمان پێیان ڕادەگا. بەڵکوو بە لەبەرچاوگرتنی “ڕوخساری دەرەکیی نۆڕمە مەوجوودەکانی نێو کۆمەڵ ونرخ و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان”، بریتییە لە یەکەیەکی سیاسی یا بەواتایەکی دیکە “لەشێکی سیاسی” و “سەرزەمینێکی” نەناسراو(Mutlu: 2010). لەو دوو دەیە و نیوەی دواییدا، ئەگەر میدیاکانی وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە کوردییەکان، زەمینەیان بۆ دەربڕینی هەڵوێستە سیاسی و ئیدئۆلۆژیکییەکان پیکهێناوە، ئینتێرنێت بووەتە ئامرازێکی حاشاهەڵنەگر بۆ بەشداریکردن لە “ژیانی ڕۆژانەی دیاسپۆرای کورد”دا (Aghapouri 2018). ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییە مەجازییانە، بوونەتە مایەی خوڵقاندنی گفتوگۆیەکی تازە لە نێوان دیاسپۆرای کورد و هاونیشتمانەکانیان لەسەر خاكی نیشتیماندا و توانای ئەوەیان پێ بەخشیون کە “ژیانی خۆیان سەرلەنوێ پێناسە بکەنەوە و دەوڵەتە دەستەڵاتدارەکانیش دەگەڵ گیروگرفت و تەنگوچەڵەمە بەرەوڕوو بکەن” ( Romano 2002:128). ئەو بۆچوونە پشت بەو ڕاستییە دەبەستێ کە خەڵک دەتوانن، بێ لەبەرچاوگرتنی سنوورە قانونی و حکوومەتییەکان، لەمەڕ ناسنامە و هەست و ئیحساساتی هاوبەشی نێوانیان، دەگەڵ یەکتر پەیوەندی بگرن و پێکەوە باس و گفتوگۆ بکەن. دیاسپۆرای کورد، چ لە نێو کوردەکانی دەرەوەی وڵات و چ لە نێو کوردەکانی نێوخۆی کوردستاندا، لە پەیوەندی لەگەڵ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی ئینتێرنێتدا، بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە (Aghapouri 2018) . لانی کەم لە ماوەی دە ساڵی دوای ئەوەشدا، ئەوە هێشتا هەر دیاسپۆرای کوردە کە لەو بارەیەوە کاریگەر و شوێندانەرە. ئەوە کە لەدەیەی سەرەتای پەیدابوونی ئینتێرنێتدا، دیاسپۆرای کورد، توانی دەستێكی باڵا لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی ئینتێرنێتیدا پەیدا بکا، تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ئەو هۆکارە سیاسی، تێکنیکی و ماددیانە دەگەڕێتەوە کە لە ئاکامی ژیان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دونیادا، بۆی ڕەخسابوو. دیارە دواتر، لە نێوخۆی کوردستاندا، (تەنیا لە کوردستانی عێڕاق) لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی سەرەکیی لە دامەزراندن و پەرەپێدانی ئینتڕنیتدا گێڕا. بۆ نموونە لە بنیاتنانی ژێرخانی دامەزراوە بنەڕەتییەکانی پەیوەندی و ڕاگەیاندندا، کە بۆ دامەزران و پەرەپێدانی ئینتێرنێت پێویستن، دەوری سەرکیی گێڕاوە. بە دوای دامەزاندنی خزمەتگوزاریی بەرهەمهێنانی ئینتێرنێت (ISP) لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٠دا، کە یارمەتیی کرد بە هاتنەکایەی کۆدێکی یەکگرتووی نوسینی کوردی، ژمارەی ماڵپەڕ و بلۆگەکان بە چەشنێکی بەرچاو ڕووی لە زیاد بوون کرد. لەوەش زیاتر، پەرە ئەستاندنی بەرچاوی ژمارەی ئەو سایت و ماڵپەڕانە کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان بەڕێوەیان دەبردن و چوونەسەری حەجمی کار و تێکۆشانی ئەوان لەسەر ئینتێرنێت، ئەوەی دەرخست کە دیاسپۆرای کورد لە ” گواستنەوەی بەشێکی گرنگی پڕۆژەی نەتەوەسازی و ڕیتۆریکی سیاسی و کارو چالاکی بۆسەر قەڵەمڕەوی ئینتێرنێت”دا، نەخشێکی بنەرەتیی هەبوو(Sheyholislami 2011: 93).

ئێریکسن(Eriksen 2017) باسی گرنگیی ئینتێرنێت بۆ گرووپە بێ دەوڵەتەکان دەکات و لە باسەکەیدا کەمێک ئاماژە بە کوردەکانیش دەکا کە چۆن لە ئینتێرنێت کەڵک وەردەگرن. ئەو دەڵێ نەتەوەکان لەسەر تۆڕێ مێدیایی و فەزای سایبێریی ئینتێرنێتدا گوڵ دەکەن. ئەوە ژوورەکانی چات و گفتوگۆ، سایتەکانی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاری، ماڵپەڕەکان، بلۆگەکان، ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان و شتی تری لەو بابەتە دەگرێتەوە. ئەو لەو بڕوایەدایە کە فەزای سایبێریی ئینتێرنێت، بۆ دەرخستنی شوناس و نەتەوەسازی بۆ ئەو نەتەوانەی کە ناوچە و نیشتمانی خۆیانیان لەدەست داوە (بۆ نموونە ئەفریقایییە پەرتەوازەکان) یا ئەو نەتەوانەی کە بەهۆکاری سیاسی ئاوارە بوون، (وەک تامیلەکانی سریلانکا و خەڵکی کوردستان) یا ئەو نەتەوانەی کە لە ڕادەیەکی بەریندا کۆچیان کردووە بۆ شوێنەکانی دیکە (وەک هیندستان یا خەڵکی دوڕگەکانی کارائیب)، بە ژینگەیەکی لەبار لە قەڵەم دەدرێ. هەر لەو پەیوەندییەدا، ناوبراو باس لە چوار چەشنە ناسێۆنالیزمی ئینتێرنێتی دەکا. ناسیۆنالیزمێک کە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانیی لێ دەکرێ(شیلی)، ناسیۆنالیزمی بەدیل و ئەڵتڕناتیو(ئەفریقایییەکان)، ناسیۆنالیزمی پێش وەدەستهێنانی سەربەخۆیی[5](کوردستان) و سەرەنجام ناسیۆنالیزمی فرەکولتووری(مەغریبی- هۆلەندی). بەو جۆرە ئیڕێکسن، ئینتێرنێتی کوردی لە ژێر کاتەگۆریی ناسیۆنالیزمی پێش وەدەستهێنانی سەربەخۆییدا، پێناسە دەکا و لەو ڕێگایەوە کوردەکان بە گرووپێكی ئیتنیکی ئەوتۆ بە حیساب دێنێ کە لەحاڵی بردنە پێشی پڕۆسەی نەتەوەسازیدان. ئەو دەڵێ “شوناسی نەتەوایەتیی کوردی لە قۆناخی شكڵگرتن و سازبوون دایە”. هەر لەو کاتەشدا تیشک دەخاتە سەر ئەو “کەلێنە بەرچاوە” و ئەو دابەش دابەش بوونە زۆرەی کە لەنێو کوردەکاندا هەیە.

 هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی کە باسیان کرا ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە ئینتێرنێت توانیویەتی بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەتی کورد ببێتە پلاتفۆڕمێک و فەزایەکی فەرامیللیی گەورە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕوانگە و هەست و ئیحساساتی کوردەکان سەبارەت بە مێژوو و ناسنامەی هاوبەشی خۆیان. بووەتە مەکۆیەک بۆ هێنانەگۆڕی دیسکۆڕسی سیاسی، بەمەبەستی بردنەپێشی ئامانجە سیاسییەکان و بۆ بەهێزکردنی ناسنامنەی نەتەوایەتی و داڕشتنەوە و هێنانەوەبەرباسی ئەو هەویەتە. ئەوەش سەرەنجام بووەتە هۆی پەیدابوون و هاتنەکایەی “کۆمەڵگای مەجازی”ی کوردی (Eriksen 2007). هەر بەوچەشنەش، ئینتێرنێت توانای کۆمەڵگا کوردییەکانی لە ئاستی لۆکاڵ و لە نێوخۆی کوردستاندا بۆ پەیوەندی کردن بەرین کردووەتەوە و دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساندوون تا بتوانن لە گەڵ شوێن و مەودا جوگرافییە دوورەدەستەکان لە پەیوەندیدا بن. خەبات و تێکۆشانی ئێستای کوردەکان لە سەر ئینتێرنێت و لە فەزای دیجیتاڵدا، مژدەی ئەوە دەدا کە پێشکەوتنێکی تازە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا خەریکە پێکدێ، کە دەتوانین وەک دروستبوونی کوردستانی مەجازی یا “سایبێرکوردستان” ناوی بەرین. (Keles 2016).


سۆسیال مێدیا وەک پلاتفۆرمێکی جیاواز بۆ پلوڕالیزم و فرەچەشنی

سۆسیال مێدیا و ئەو مەکۆ و پلاتفۆڕمانەی کە ڕایەڵکە کۆمەڵایەتییەکان کەڵكیان لێ وەردەگرن، بە تازەترین پێشکەوتن و پەرەسەندن لە بواری پەیوەندی و کۆمیونیکاسیۆنی سەر تۆڕی ئینتێرنێتدا بەحیساب دێن. فەزای سایبێریی سۆسیال مێدیا بووەتە مەیدانی خۆ نیشاندانی گەلێک پرسی تایبەت بە شوناس و هەویەتە ناتەباکان. لە پەیوەندی دەگەڵ ئەو گرووپانەی کە لە دیاسپۆرادا بەسەردەبەن، ئەو فەزا سایبێرییەی کە سۆسیال مێدیا پێكی دێنێ، بۆ نموونە لەسەردەمی بەجیهانیبووندا، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو دەستە و تاقمە جۆراوجۆرانە، دەستیان بە گەلێک مێدیای سەر ئینتێرنێت ڕابگا و دەرفەتی ئەوەشیان بۆ دروست بێ تا بەمەبەستی دامەزراندنی پەیوەندی دەگەڵ گرووپ و کەسانی دیکە، پەیامی خۆیان بنێرن.

 ئەم شێوە پەیوەندیگرتن و ڕاگەیاندنە کە لە ڕێگای مەجازییەوە ئەنجام دەدرێ، ئاکام و شوێنەواری بەرچاوی بۆسەر چۆنیەتیی بەرهەمهێنانەوە و داڕشتنەوەی شوناسی نەتەوایەتیی کوردی لە داهاتوودا، بەدواوە دەبێ. دیارە جارێ هەموو ئەو ئاکامانە بە ڕوونی نابینرێن، بەڵام هەر لە ئێستاوە بەشێک لەوان خۆیان نیشان دەدەن. وەک پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە پەیوەندی، لە مۆدێلی یەکێکەوە بۆ زۆران[6]، بەرەو مۆدێلی پەیوەندیگرتنی زۆران لەگەڵ زۆران[7]، هەروەها ئاڵوگۆڕ بەرەو پلۆرالیزم، دێموکراتیزاسیۆن و گلۆبالیزم لە ناسنامەی نەتەوەییی کورد لە دیاسپۆرادا.

چاوەدێرییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بزووتنەوەی نەتەوەیی-سیاسیی کورد خەریکە باس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە شوناسی نەتەوەیی و سیاسی، دەگوازێتەوە بۆ سەرهێڵ و نێو پلاتفۆڕم و کاناڵە جۆراوجۆرەکانی سۆسێال مێدیا. ئەو هەموو لاپەڕە و مەکۆ جۆراوجۆرانەی کە لە فەیسبووک، تویتەر، یوتیوب، ئینساگرام وهتد. . . دا کراونەتەوە ئەوە نیشان دەدەن کە گۆڕانێکی بەرچاو بۆ بەشداریکردن و شوێندانان لەسەر نێوەرۆکی پلاتفۆرم و ڕایەڵکە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی سەرهێڵ بەڕێوەیە. بە کردنەوەی لاپەڕیەک لەسەر فەیسبووک کوردەکانی دیاسپۆرا، بە ئاسانی پەیوەندی دەگەڵ هاونیشتمانانیان لە نێوخۆی کوردستان و هەروەها کوردەکانی دیکەی نیشتەجێی وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دەرەوە، دادەمەزرێنن. بە دابەشکردن و دابەزاندنی فایلە دەنگی و ڤیدیۆیییەکان، دەتوانن پەیامی مەجازیی جۆراوجۆر وەرگرن یا بۆ کەسانی دیکەی بنێرن. لە ڕێگای بەرهەمهێنانی پەیامی جۆراوجۆرەوە، هەروەک چاوەدێرییەکان دەری دەخەن، دەتوانن بەشێک لە داستان و مێژووی نەبیستراوی خۆیان بگەیەننە ئەو مێدیا نوێیانە کە ناکەونە چوارچێوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و چاپەمەنییەکان. لەوەش زیاتر ئەوان توانیویانە ئاڵوگۆڕ بەسەر چەند بەشێک لە کار و چالاکییە سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە سوننەتییەکانی خۆیاندا بێنن.

نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە کە پەیدابوونی سۆسیال میدیا و ئینتێرنێت، دەرفەتی ئەوەی بۆ بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەییی کورد ڕەخساندوە کە لە بەرهەمهێنان و داڕشتن و بڵاوکردنەوەی بابەت و نێوەرۆکی پەیامەکانیدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سنوور و کەندوکۆسپانەی کە لەسەر بڵاوکردنەوە لە مێدیاکانی دیکەدا هەن، دەستی تا ڕادەیەکی زۆر ئاوەڵاتر بێت. بەو جۆرە دەردەکەوێ کە ئەگەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ناسنامەی نەتەوایەتی لەگۆڕێدا بێ، ئەوە ئەو چالاکی و تێکۆشانەیە، کە لە بەستێنی خوارەوەی کۆمەڵگاوە لەلایەن ئەندامانی سادەی چالاک لە سۆسیال مێدیادا ئەنجام دەدرێ.

بە پێچەوانەی ئەو پسپۆڕی و ئێلیت تەوەرییەی کە لە مێدیای چاپی و ڕاگەیەنە کوردییەکانی دیکەدا هەیە، سۆسیال مێدیای کوردی، لە لایەن کەسانێکی ئاسایییەوە بەڕێوە دەچێ کە ڕەنگە هیچ پسپۆڕییەکیان لە کاری مێدیایی و هیچ زانست و زانیارییەکیان، وەک ڕۆژنامەنووس، چاوەدێر و کۆمێنتاتۆر یا کەسێکی ئەکادیمیک، لەسەر کێشەی کورد نەبێ. ئەو چەشنە شكڵ پێ دان و باسکردنەی ناسنامەی نەتەوایەتی، بووەتە هۆی ئەوەی کە پرسی نەتەوایەتیی کورد گشتگیرتر بێ و بتوانێ خەڵكیکی هەرچی زۆتر لە دەوری خۆی کۆکاتەوە و لە ئاکامدا پتر بڕواتە پێش.

بە پێچەوانەی مێدیا باوەکان، سۆسیال مێدیا خۆی لەخۆیدا مێدیایەکی هەمە لایەنە واتە مۆڵتی مێدیایە. ئەمەش گەلێک دەرفەت و ئیمکانی جۆراوجۆر بۆ ئەو کەسانە دەخوڵقێنێ کە بەکاری دێنن، وەک ناردن و وەرگرتنی تێکست، فیلم، ڤیدیۆ، پەیامی دەنگی و وێنەی گرافیک و هتد، بە شێوەیەکی هاوکات. ئەو کارکردانەی سۆسیال مێدیا بوونەتە هۆی ئەوەی دیاسپۆرای کورد لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، چالاکتر و هەڵسووڕتر بێ و بەشدارییەکی زۆرتر بکا. ئەوەش بە نۆرەی خۆی ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە سۆسیال مێدیا، تواناو لێوەشاوەییی ئەوەی تێدایە کە “وێنە زیندوو و درەوشاوەکان، بگەیەنێتە هەموو جێیەک و خەڵکێکی زۆر و لە ژمارە نەهاتوو” (Tettey 2009: 158). بەوجۆرە سۆسیال مێدیا دەتونێ لە پەیوەندی دەگەڵ هێنانەگۆڕ و پێناسە و دروستکردنی شوناسی نەتەوایەتیدا، کێبڕكی دەگەڵ مێدیا سوننەتییەکانی دیکە بکا.

ئەگەر ڕوانگەکانی هابرماس وەبیرخۆمان بێنینەوە، دەتوانین باشتر لە مەسەلەکە تێبگەین. لە ئورووپای سەدەی هەژدەدا، قاوەخانەکان، ساڵۆنە گشتییەکان و کۆمەڵەکان لە لایەن بۆرژوازییەوە وەک “پانتاییی گشتی” بەکار دەهێنران. لەوێدا خەڵک یەکتریان دەدی و بە شێوەیەکی ئازادانە مەسەلە کۆمەڵایەتییەکانیان شی دەکردنەوە. بەو جۆرە لە ڕێگای باس و گفتوگۆکانیانەوە شوێنەواریان لەسەر کردەوەی سیاسی دادەنا. لێرەدا دەکرێ بڵێین کە ژوورەکانی چات و گفتۆگۆ، ڕایەڵکە و پلاتفۆڕمە کۆمەڵاتییەکانی سەر ئینتێرنێت، هەروەها ئەو گەنگەشە و باس و وتووێژانەی کە لە ڕێگای کاناڵە جۆراوجۆرەکانی سۆسیال مێدیاوە بەرێوە دەبرێن، بە جۆرێکی نوێی “پانتاییی گشتی” لەسەردەمی ئینتێرنێتدا دادەنرێن.

ئەو توخمانەی کە ناسنامەی نەتەوەی کورد پێکدێنن و لەڕێگای تەلەفزیۆن و مێدیاکانی دیکەوە بە نێوخەڵکدا بڵاو بوونەتەوە، بەشێوەی جۆراوجۆر، لە سەردەمی ئینتێرنێت و پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا، هەروا درێژە بەڕۆڵی خۆیان دەدەن. پلاتفۆڕمەکانی نێو سۆسیال مێدیای کوردی، بە پێچەوانەی مێدیا سوننەتی و زاڵەکان، نوێنەرایەتیی دەنگێكی یەک لایەنەی نێو بزووتنەوەی ناسنامەخوازیی کوردی ناکەن. ئەوان لە نەخشی “پانتاییی گشتی”دا خزمەتیان کردووە کە لەوێدا کوردەکانی وڵات و دیاسپۆرا لە پڕۆسەی دروستکردن و شكڵ پێدانی ناسنامەی نەتەوەییدا بەشداری دەکەن. لەو پانتا گشتییەدا، ناسیۆنالیزمی کوردی نەک هەر لاواز نەبووە، بەڵکووچووەتە نێو قۆناخ وسەردەمێکەوە کە بۆ داڕشتنەوە و بەیانکردنی خۆی، جەماوەرێکی زۆرتری وەدەستهێناوە و توانیویشیەتی سروشتێکی فەرامیللی بەخۆیەوە بگرێ. ئەندامێکی دیاسپۆرای کورد کە لەسەر فەیسبووکە، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە کوێ دادەنیشێ، لە پرسێکی گشتیدا بەشدارە. سۆسیال مێدیاش دەرفەتێکی زۆرئازادتر و تەنانەت باشتریش، بۆ بەشداریی گەلی کورد دەخوڵقێنێ تا لە سەردەمی بەجیهانی بووندا باس لە خۆی و داخوازەکانی خۆی بکات. هەر بەو جۆرە کە چاپەمەنییەکان سەدەیەک لەمەوبەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناسێۆنالیزمی کوردیدا، توانیان نەخشێکی لەو چەشنە بگێڕن. بەڵام ژمارەی زۆر و بەرینی ئەوکەسانەی کە سۆسیال مێدیا بەکاردێنن بۆخۆی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە سۆسیال مێدیا تا چ ڕادەیەک جیاوازە.

هەرچەند سۆسیال مێدیاجێگایەکە بۆ باس و گفتوگۆ لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی، بەڵام سروشتی ئەو باس و گفتوگۆیانەی کە لە سۆسیال مێدیادا سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی دێنەگۆرێ و مەبەستی ئێمەیە، جیاوازیی زۆری دەگەڵ ئەو باس و بابەتانە هەیە کە وەک پرسی شوناس لە مێدیای چاپ و دەنگوڕەنگی و سوننەتیدا دینە ئاراوە و بێنێدیکت ئەندرسۆن (Anderson 2006) وەک ئێلیت تەوەری باسیان لێ دەکات. بەو شێوەیەی کە ئەو باس دەکات، ئێلیت، حکومەت وکاربەدەستانی دەوڵەت، تێدەکۆشن لە ڕێگای دەستنیشانکردن و بردنە پێشی ئەجێنداکانەوە، خەڵک لە مێدیادا کۆنتڕۆڵ بکەن. کەچی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی سۆسیال مێدیای کوردی، دەرفەتیان بۆ گرووپ و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان، بە پێشینەی جیاواز لە باری تەمەن و جنسیەت و کەسایەتیی کۆمەڵایەتییەوە دروست کردووە، تا تێبکۆشن لە بەرهەمهێنانی ناسنامەی نەتەوەییدا بەشداری بکەن. لەم قۆناخەدا “ئێمە” و “ئەوان”ی فەڕزی لەسەر ئەساسی ئەو مۆدێلە لە ڕاگەیاندن دانەمەزراوە کە پەیام لە تاکەوە ڕوو بە زۆران دەنێردرێ. لەو مۆدێلەی ڕاگەیاندندا، پەیام لەلایەن ئێلیتەوە بەرهەم دێ و بۆ خەڵک دەنێردرێ. بەڵام لێرەدا ئەوە کەسانی ئاسایی و ئەندامانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردن کە کۆنسێپتەکان لە فەزای گشتیی مەجازیدا دەخەنەبەر باس و گەنگەشە و لەئاکامدا دەبنە مایەی خوڵقاندنی “کۆمەڵگای وێناکراو”[8] کە ئەندرسۆن پێشتر باسی لێ کردبوو.


کورتە و ئاکامی لێکۆڵینەوەکە

ئەم وتارە، ڕۆڵی گرنگی ئینتێرنێت، وەک ئامرازێک بۆ بەشداریی بروتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی لە دروستکردنی شوناسی نەتەوەییدا دەخاتە بەرباس و پێی وایە مێدیای سەرهێڵ، زەمینە وهەل بۆ باس و بەیان کردنی ناسنامەی نەتەوەیی بە باشترین ڕێگای مومکیندا دەڕەخسێنێ. هەروەها، بۆ دیاسپۆرای کورد، بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت، پەیوەندیی خۆیان دەگەڵ نیشتیمانی یەکەمی خۆیان ڕادەگرن و بە شێوەیەکی کاریگەریش لەکاروباری پەیوەندیدار بەودا بەشداری دەکەن. ئەمە دەکرێ ئەوبیرۆکەیە بگرێتەوە کە ئەندرسن لە ژێرناوی “کۆمەڵگای وێناکراو” ئاماژەی پێ دەکا.

ئەو وتارە باس لەوە دەکات کەناسیۆنالیزمی کوردی توانیویەتی بە کەڵک وەرگرتن لەو فەزایە کە لەو دوایییانەدا ئینتێرنێت پێکی هێناوە، بەسەر ئەو کەندوکۆسپ و مەودا فیزیکییانەدا زاڵ بێ کە لەنێوان نیشتمان و ئەو کۆمەڵگە جۆراوجۆرانەی کورددا هەیە کە لە وڵاتانی دەرەوە دەژین. لەوەش گرینگتر، لێکۆڵینەوەکە ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە تێکنۆلۆژیی پەیوەندیگرتن، بە تایبەتی مێدیای ئینتێرنێت، دەرفەت بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت وگرووپە پەڕاوێزخراوەکان پێکدێنی، تا دیسكۆرسی پێوەندیدار بە مەسەلەی شوناسی سیاسی و نەتەوەییی خۆیان بۆ سەردەمی تازە بگوازنەوە.

هەرچەند کارێکی دژوارە پەیوندی لە نێوان سۆسیال مێدیا و شوناسە جۆراوجۆرەکاندا بدۆزینەوە، بەوحاڵەش سۆسیال مێدیا وا دەبینرێ کە لە جیاتی ئەوەی لەسەر پێکهێنەرە ئیتنیکی، کولتووری، سیاسی و توخمەکانی دیکەی پێکهێنەری ناسنامەی نەتەوەییی کورد، هەڕەشەیەکی ڕووخێنەر بێت، دەرفەت و هەلی بەردەمی ئەوان بەهێزبکات. بەڵام، بێ مەترسی نییە. ئەگەرچی سۆسیال مێدیا هەلی ئەوەی بۆ کوردەکان خوڵقاندووە کەلەوێدا هەم بیروڕای خۆیان بە ئاشکرا دەرببڕن و هەم بیرەوەری و یادگاریی جەمعی و بەکۆمەڵ شكڵ پێ بدەن؛ بەشداریی بەرینی ئەندامانی ئاساییی کۆمەڵگای کورد لە دەربرێن و چالاکیی سیاسی-نەتەوەیی و زمانییەکاندا، کارکردەکەی وەک شمشێڕێکی دووسەر بووە لەسەر ڕێگای شوناسی نەتەوایەتیی کوردیدا.

بە مانایەکی دیکە پەیدابون و سەرهەڵدانی گەلێك مەسەلەی گەورە و بچوک، وەک کێشە زمانی و سیاسییەکان، بوونەتە هۆی ئەوەی کە دیسکۆرسی نەتەوەیی و شوناسخوازیی کوردی لەگەڵ گەلێک سەختی و ململانێ و هەوراز بەرەوڕوو بێت. بەو جۆرە، ناسیۆنالیزمی کوردی لە حاڵی ئاڵوگۆڕدایە تا بتوانێ جیاوازییە سیاسی، فەرهەنگی و ئیتنیکی و زمانییەکانی نێو کوردستان و دیاسپۆرای کورد قەبووڵ بکا و لە ئاستێکی بەرینتریشدا، لە نێو بزووتنەوەی شوناسخوازیی نەتەوەییدا جێیان بۆ بکاتەوە. ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەو جیاوازی و ناتەبایی و نالێکیانەی کە پێشتر و لە حاڵی حازردا، لە نێو بزووتنەوەی کورددا دەبینرێن، نەک هەر لە لایەن سۆسیال میدیاوە بەرهەم دێنەوە، بەڵکوو لە ڕادەیەکی زۆرتریشدا بەیان و نیشان دەدرێن. ئەمەش ناسیۆنالیزمی کوردیی گوازتۆتەوە بۆ سەردەمێکی تازە، کە من بە سەردەمی “ناسێۆنالیزمی کوردیی جەماوەریی سەرهێڵ”[9] ناوی دەبەم. واتەسەردەمێک کە ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر ئینتێڕنێت لە ئاستێکی بەرین و هەڵقوڵاوی جەماوەریدا چالاکە. هەرچەند ئەو جیاوازی و فرەچەشنییەی کە لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کوردیداهەن، بوونەتەهۆی کەم بوونەوەی خێراییی پڕۆسەی دروستبوونی کۆمەڵگای وێناکراوی یەکگرتووی کورد، بەڵام ئەو وتارە دیاردەیەکی لەو چەشنە بە نیشانەی هەبوونی پلۆڕالیزم و دێموکراسییەکی زۆرتر لە نێو بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا لە قەڵەم دەدا. ئەوەش لە بارودۆخ و کۆنتێکستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دیاردەیەکی بێ وێنەیە. ئاخرپلۆڕالیزم و دیموکراسی، لەسەرتاسەری چەرخی بیستەمدا، لە پڕۆژە ناسیۆنالیستی و نەتەوە-دەوڵەت سازییەکانی ئەو ناوچەیەدا، دوو پارچەی ونبوو بوون.

  • ئەم وتارە دەقی کورتکراو و وەرگێڕدراوی وتارێکە کە پێشتر لە ژورناڵی ئاکادیمیی “شوناسە نەتەوەیییەکان” لە ساڵی٢٠٢٠دا بڵاو بووەتەوە. مافی کورتکردنەوە و وەرگێڕانی ئەم بابەتە لەسەر گۆڤاری تیشکە. بۆ سەرچاوەی سەرەکی بڕواننە:

Aghapouri, J. H. (2020) Towards pluralistic and grassroots national identity: a study of national identity representation by the Kurdish diaspora on social media, National Identities, 22:2, 173-192, https://doi. org/10. 1080/14608944. 2019. 1601172

سەرچاوەکان

Aghapouri, J. H. (2018). Nationalism and Diaspora in Cyberspace: The case of the Kurdish diaspora on social  social media. PhD thesissubmitted to the departments of Politics & International Relations, The University of Auckland, New Zealand.

Anderson, B. (2006). Imagined communities : reflections on the origin and spread of nationalism. London ; New York Verso.

Arthur, P. L. (2011). Toward a global digital history. In G. Radhika, & C. Rohit (Eds. ), Global Media, Culture, and Identity: Theory, Cases, and Approaches. Routledge.

Barlow, J. P. (1996). A declaration of the independence of cyberspace. Retrieved online,January 2013.

Billig, M. (1995). Banal nationalism. London: Sage.

Castells, M. (2010). The power of identity (2nded. ). Malden, MA : Wiley-Blackwell.

Castells, M. (2011). The rise of the network society (2nd ed. ). Chichester, West Sussex ; Malden, MA : Wiley-Blackwell.

Connor, W. (1994). Ethnonationalism: The quest for understanding. Princeton: Princeton University Press.

Couldry, N. (2012). Media, society, world: Social theory and digital media practice. Cambridge: Polity Press.

Diamandaki, K. (2003). Virtual ethnicity and digital diasporas: Identity construction in cyberspace. Global Media Journal, 2(2).

Eriksen, T. H. (2007). Nationalism and the Internet. Nation and Nationalism, 13(1), 1-17.

Eriksen, T. H. (2010). Ethnicity and nationalism : anthropological perspectives (3rd ed. ). London ; New York : Pluto Press.

Habermas, J. (1989). The structural transformation of the public sphere : an inquiry into a category of bourgeois society; translated by Thomas Burger with the assistance of Frederick Lawrence: Cambridge : Polity, 1989.

Hassanpour, A. (1998). Satellite footprints at national borders: MED-TV and the extraterritoriality of sovereignty. Journal of Muslim Minority Affairs, 18(1), 53-72.

Karim, H. K. (2003). Mapping diasporic mediascapes. In H. K. Karim (Ed. ), The media of diaspora (pp. 1-18). London: Routledge.

Keles, J. Y. (2015). Media, diaspora and conflict : nationalism and identity amongst Turkish and Kurdish migrants in Europe: London : I. B. Tauris.

Mutlu, C. (2010). Kurds in cyberspace: The Kurdish diaspora, the Internet and its impact on the Kurdish question. On Politics, 2(2), 119-137.

Romano, D. (2002). Modern communication technology in ethnic nationalist hands: The case of Kurds. Canadian Journal of Political Science, 35(1), 127-149.

Saunders, R. (2011). Ethnopolitcs in cyberspace: The Internet, minority nationalism and the web of identity: Lexington Books.

Sheyholislami, J. (2011). Kurdish identity, discourse, and new media. New York: Palgrave Macmillan.

Smith, A. D. (1995). Nations and nationalism in a global era: Cambridge Polity Press.

Tettey, J. W. (2009). Transnationalism and the African diaspora, and the deterritorised politics of the Internet In F. M. Banda, F. &Tettey, J. W (Ed. ), African media and the digital public sphere (pp. 143-164). New York: Palgrave Macmillan.


ژێدەرەکان

[1]Online

[2]On Air

[3]Banal Nationalism

[4]Network Society

[5]Pre-independence nationalism

[6]One-to-many pattern of commucication

[7]Many-tomany pattern of communication

[8]Imagined Community

[9]Online grassroots Kurdish nationalism