ئارامتر بخوێنەوە!

پەروەردە و کۆلۆنیالیزمی نوێ*

فیلیپ جی. ئاڵتباخ
و: هێما کوردستانی


بڕێ کەس دەڵێن سەردەمی کۆنی کۆلۆنیایی بەسەرهاتووە. بەڵام بەڵگە چییە؟ ئەو وڵاتانەی پێشتر کۆلۆنی بوون ئێستا سەربەخۆن. بەو حاڵەوە، لەسەر داروپەڕدووی ئیمپراتۆریای نەریتیی کۆلۆنیالیزم، جۆرێک لە کۆلۆنیالیزم بە شێوازی هەست پێ نەکراو و بگرە بە هەمان ڕادە کاریگەر و شوێندانەر سەری هەڵداوه.

وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوو (ئەمریکا،  زۆربەری وڵاتە ئەورووپییەکان و هەروەها یەکێتیی سۆڤییەت و ژاپۆن) درێژە بە کارتێکەریی بەرچاوی خۆیان لەسەر ئەو شوێنانە دەدەن کە ئێستا بە وڵاتانی لە حاڵی گەشە ناسراون. کۆلۆنیالیزمی نەریتی بریتی بوو لە زاڵبوونی سیاسیی ڕاستەوخۆی وڵاتێک بەسەر ئەویتردا و بەو پێیە ڕەخساندنی بوارێک بۆ هێزی داگیرکەر تا بتوانێ دەسەڵاتی تەواوی لایەنەکانی ژیانی نێوخۆ و دەرەکیی وڵاتی داگیرکراو وەدەستەوە بگرێ.  بەرەنجامەکانی کۆلۆنالیزم لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە،  ئەوەش لە لایەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی وڵاتی داگیرکەر و لە لایەکی ترەوە بۆ بارودۆخی وڵاتی داگیرکراو. پێناسەکردنی لیبراڵیزمی نوێ ئاسان نییە و بەو پێیەش شیکردنەوەشی  دژوارە.

لەم نامیلکەیەدا لیبراڵیزمی نوێ بە مانای کارتێکردن و شوێندانانی وڵاتانی پێشکەوتوو لەسەر وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا دێ؛ بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمی پەروەردە و ژیانی فیکریی ئەم وڵاتانە. لە کۆلۆنیالیزمی نوێی مۆدیڕندا کە لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی نەریتی جیاوازە، کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی سیاسی و دەست ئاواڵەییی کەمتر بەدی دەکرێ. هەرچەند لەڕووی ڕەهەندەکانی داسەپاندنی دەسەڵاتی وڵاتانی پێشکەوتوو بەسەر وڵاتانی لە حاڵی گەشە، دۆخەکە بە هەمان شێوە ماوەتەوە.

کۆلۆنیالیزمی نوێ تا ڕادەیەک سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراوی وڵاتانی پێشکەوتووە بۆ درێژەپێدانی دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا،  بەڵام هەروەها درێژەی ئوسلووب و شێوازی پێشووی خۆیەتی. کۆلۆنیالیزمی نوێ هەمیشە کارتێکەریی نەرێنی و نێگەتیڤ نییە وەک چۆن کۆلۆنیالزم خۆی لە چەندین ناوچەدا خاوەن  کارتێکردنی ئەرێنی بووە. لێرەدا بە گشتی، بە وردی گرنگی دراوە بە کارتێکردنە نەرێنییەکانی کۆلۆنیالیزمی نوێی پەروەردە، چۆنکە بەرەنجامەکانی لەسەر وڵاتانی وەرگری کۆلۆنیالیزمی نوێ گرینگن و هێشتا بە تەواوی لێکدانەوەیان بۆ نەکراوە.

کۆلۆنیالیزمی نوێ دەتوانێ کراوە و ئاشکرا خۆی دەرخات، وەکوو بەکارهێنانی کتێبی وانەوتنەوەی وڵاتانی بیانیی داگیرکەر لە قوتابخانەکانی وڵاتێکی لە حاڵی گەشەدا. ئەمە بە گشتی کردەوەیەکی بێدەنگە لە هەمان حاڵیشدا بابەتگەلێک وەکوو کەڵک وەرگرتن لە ڕاوێژکارە تەکنیکییە بیانییەکان، لە بواری ڕێباز و بەردەوامیی مۆدێلەکانی ئیدارەکردن لە لایەن هێزی دەرەکییەوە و سەرچەشنەکانی بەرنامەی دەرسیی قوتابخانەکان دەگرێتەوە. بڕێک لە وڵاتانی لە حاڵی گەشە، بۆ نموونە لە قوتابخانە ناوەندییەکان و زانکۆکاندا، پشت بە مامۆستا کۆچبەرەکان دەبەستن. بە بێ لەبەرچاوگرتنی دیدگای تاکەکەسیی خۆیان، ئەم مامۆستایانە لە قوتابخانەکاندا هەوڵی ڕاگواستن و فێرکردنی بەها و نۆڕم و دیدگا ڕۆژاوایییەکان دەدەن.

زۆربەی وڵاتانی لە حاڵی گەشە، مۆدێلی داگیرکارانەی بەڕیوەبردنی قوتابخانەکانیان پاراستووە و تەنها بە ڕێژەیەکی کەم گۆڕانکارییان بەسەر بەرنامەی دەرسیدا هێناوە، بەم پێیەش ئاراستەی پەروەدەی داگیرکارانەیان پاراستووە (بڕوانەAshby 1967; Kazamias and Epstein 1968)…

پشت بەستن بە مۆدێلە بیانییەکان تا ڕادەیەک لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە دادەسپەێنرێت. پەروەدەی نیشتمانی چ بە هۆی بەرنامەوە و چ وەکوو ئاکامی نەخوازراوی ئەو سیاسەتانەی پێداویستییە خۆجێییەکان و نەریتەکان پشتگوێ دەخەن و نادیدەیان دەگرن، تێکوپێک دەدرێ و لەناو دەچێ.

بە ئەستەم بینراوە هێزە داگیرکەرەکان، ئامراز و ئیمکاناتی پەروەردە و فێرکردن لە وڵاتانی داگیرکراودا دامەزرێنن و دەستبەجێ دەرفەتەکانی فێرکارییان سنوردار کردووەتەوە و بە واتایەکی دیکە بەربەست و ڕێگڕ بوون لە بەرانبەر مودیڕنیزاسیۆنی ئەم وڵاتانەدا. هەروەها بوونی ئەم ئیمکاناتە، ڕەنگدانەوەی پێویستییەکانی هێزی داگیرکەر بووە نەک پێویستییەکانی جەماوەر و خەڵکی خۆجێیی.

ناتەواویی سیستەمی پەروەردەی مۆدیڕن، ڕەوتە کۆنەکانی بەرنامەی پەروەردە و ئاراستەی قوتابخانەکان لەمەڕ بنیاتنانی کادری ئیداری، لەجیاتی گرنگیدان بە ڕاهێنانی تەکنیکی و بواری هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی کەسانێک که بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری پێویستن، لە ئەزموونی زۆرێک لە وڵاتانی کۆلۆنی و داگیرکراودا دەبینرێ.

زۆرینەی هێزە داگیرکەرەکان، بە تەواوی گرنگی دەدەنە پەروەردە، لێکۆڵینەوە مرۆیییەکان، ڕەوانبێژی و زاڵ بوون بەسەر زمانی وڵاتی داگیرکەر و زانیاری و لێهاتووییی پێویست بۆ پۆستە ئیدارییەکان.

پارێزەران ڕادەهێنرێن بەڵام زانا و بیرمەند و پسپۆڕی کشتوکاڵ و مامۆستای شایستە کەمتر بوونیان دەبێ بۆ کاتی سەربەخۆیی.

گرووپە ئیلیتەکان تا ڕادەیەک وەکوو بەشێک لە پڕۆسەی پەروەردەبوونی خۆیان خاوەن ڕوانگەی ڕۆژاوایین. لە بڕێک حاڵەتدا، لە ڕاستیدا تاکەکان بە زمانی نیشتمانیی خۆیان نامۆن. سیاسەتەکانی پەروەردەی کۆلۆنیالی بە گشتی نوخبەگەرایە، لە هیندووستان، پەروەردەی نوخبەگەرایانەی بەریتانیا وەکوو “پاکتاوی مەیلەو خوار” دەناسرێ_ سیستەمێک کە تێیدا گرووپێکی چکۆلەی هیندییەکان کە هەڵگری شێوازی پەروەردەی بەریتانین بە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاو بوونەوە ( بڕوانە McCully 1943).

 سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلەکردنی فەڕانسەیش بە هەمان شێوە کاری کردوووە. فەرهەنگە خۆجێییەکان کە زۆر جار بە فراوانی گەشەیان کردبوو، لەسەر دەستی سیاسیەتی پەروەدەی داگیرکەرەوە نادیدە گیراون و نکۆڵییان لێ کراوە. خواست و ئاراستەی مودیڕنیزەبوون زۆر جار لەلایەن پەروەردەی ئەورووپییەوە هان دراوە، کەچی لە هەمان حاڵدا لە لایەن کونتروڵ و دەسەڵاتی بیانییەوە بە لاڕێدا براوە. قوتابخانەکان لەسەرخۆ و بەئارامی لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بنیات نران و تەنانەت گوشار و زەختی ناوخۆیی بۆ پەروەردە نەیتوانی سیستەمێکی گەورە و بەرین و تەواو پێک بێنێت. بڕێک لە هێزە داگیرکەرەکان، وەکوو بەلژییکییەکان، هەستیان بەوە کرد کە ڕاهێنانی جەماوەری خۆجێیی لە ئاستێکی باڵادا سیاسەتێکی هەڵە بووە و بۆیە کاتێک کۆنگۆ لە ساڵی 1960دا سەربەخۆییی خۆی بەدەست هێنا، تەنیا خاوەن ژمارەیەکی کەم دەرچووی زانکۆ بوو. فەڕانسەیییەکان بە پشت بەستن بە سیستەمی پەروەدەی خۆیان لەسەر ژمارەیەکی زۆر کەمی کەسانی ئاسیمیلەبوو، تەنها تاقمێکی کەمی دەرچووی زانکۆیان بەرهەمهێنا. لە حاڵێکدا کە سیاسەتی بەریتانیا ڕێی بە چەند هەوڵێک بۆ ئازادی و دەست ئاواڵەییی خۆجێیی دەدا و دەرفەتی زیاتری بۆ خوێندنی ناوەندی و خوێندنی باڵا دەدا، پەروەدەی قۆناغی سەرەتایییان پشتگوێ خستبوو. بە پێچەوانەوە، فەڕانسەیییەکان و بەلژیکییەکان وزە و داراییی خۆیان لەسەر پەروەردەی سەرەتایی دانا. ڕێکخراوی کڵێسەش هاوشان، بە ڕاهێنان و پەروەردەی مرۆیییەوە خەریک بوو. سەرەڕای ئەم جیاوازییانە، هێزە داگیرکەرەکان لە میانەی پڕۆسەی بەڕێوەبردندا هیچ حیسابێکیان بۆ ویست و ئارەزووی خەڵکی خۆجێیی ئەم وڵاتانە نەدەکرد.

لە زۆربەی وڵاتانی لەحاڵی گەشەدا سەربەخۆییی سیاسی بە ڕێژەیەکی تا ڕادەیەک کەم لەباری پەروەردەوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. چەن وڵاتێک، سەرەڕای خەبات و بزووتنەوەی ناسیۆناڵیستی یان هەستی قووڵی دوژمنایەتی بەرانبەر وڵاتانی داگیرکەری پێشوو، ڕەوتی پەروەردەی ڕابردوویان پچڕاندووە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بۆ نموونە هیندووستان، پاکستان، بێرمە و سینگاپوور، سیستەمی پەروەردە لەڕووی ژمارەوە پەرەی سەندووە و بڵاو بووەتەوە، بەڵام لەڕووی بەرنامەی پەروەردە و ئاراستەی خوێندن و ئیدارەکردنەوە نەگۆڕاوە.

لە ژمارەیەک لە وڵاتاندا بەتایبەت لە ئەفریقای بەریتانیی پێشوودا. خوێندنی باڵا لەسەر بنچینە و ئەساسی بەرنامەی پەروەردە و ئاراستەی ئینگلیزی مایەوە و لە ڕاستیدا لە ساڵەکانی دوای سەربەخۆبووندا زۆر بە ئارامی گەشەی کرد. تەنانەت ئەو نەتەوانەی قەت لە لایەن هێزێکی داگیرکەرەوە ئیدارە نەکرابوون، لەوانە تایلەند، لایبێریا و ئیتیۆپیا، چوونە ژێر هەژمونیی پەروەردەی ڕۆژاوایی، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی یارمەتییە دەرەکییەکان و هاوکارییە تەکنیکییەکانەوە هاتە ئاراوە.

لە زۆرێک لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەدا بەردەوامی لە کەڵک وەرگرتن لە زمانە ئەورووپییەکان یەکێکە لە ڕەهەندە هەرە گرنگەکانی کۆلۆنیالیزمی نوێ و کارتێکەریی میراتی داگیرکاری لەسەر وڵاتانی جیهانی سێهەم. لە چەن حاڵەتێکدا، وەکوو ئەندۆنیزیا، زمانی داگیرکەر(هۆلەندی) وەلانرا و لە بواری فرەچەشنیی زمانییەوە سیاسەتی نەتەوەیی ئاراستەی زمانی نیشتمانیی گرتەبەر. لە چەن وڵاتێکی لەحاڵی گەشەدا وەکوو نایجیریا، غەنا، هیند و پاکستان و زۆربەی وڵاتانی ئەفریقایی، فەڕانسە-زمان کە زیاتر لە یەک زمانی نیشتمانی و خۆجێیی بوونی هەبوو، خواست و ویستێک لە ئارادا بوو کە لە کاروباری ئیداری و بڕێک جاریش لە بواری پەروەردەدا زمانی ناوەند (وڵاتی داگیرکەر) بەکاربهێنرێ. ڕەوتی گۆڕینی زمانە ئەورووپییەکان بۆ میدیای خۆجێیی بە ئارامی دەچێتە پێش، بەڵام خاوەن پڕۆسەیەکی ئارام و دژوار بووە. بێجگە لەوەش، گۆڕانکاریی زمانی لە قوتابخانەکاندا هەمیشە گۆڕینی بەنامەی دەرسیی بەدواوە نەبووە.

زمانە ئەورووپییەکان ویستوویانە دوای ئەوەی زمانی قوتابخانەکان بۆ زمانی نیشتمانی گۆڕا. لە نێوان توێژی نوخبە دا درێژە بە بوونی خۆیان بدەن. لە بڕێک وڵاتاندا، خوێندنی باڵا بەرەو زمانی داگیرکەر یان ناوەند ڕادەکێشرێ، تەنانەت پاش ئەوەی گۆرانکاری لە ئاستەکانی خوارەوەدا وەدی دێ. هەروەها، چینی نوخبەی وڵات منداڵەکانی خۆیان لە قوتابخانە ناحکوومی و تایبەتەکاندا دەنێنە بەر خوێندن کە زمانی خویندنیان زمانە ئەورووپییەکانە، بۆ ئەوەی لەو پۆستانەی پێیان دراوە بمێننەوە. هەروەها گرنگی پێدانی بەردەوام بە زمانە ئەورووپییەکان لێکەوتە و بەرەنجامی دیکەشی هەیە.

پەیوەندیی پتەوی فیکری لەگەڵ ناوەند(داگیرکەر) بە شێوەیەکی گشتی لەجێی خۆی دەمێنێتەوە و لە ئاکامدا ژیانی فیکریی نەتەوەیی و گەشەی فەرهەنگی، دەشێ تووشی ڕاوەستان بێ یان لانی کەم بە لاڕێدا بڕوات. بۆ نموونە لە هیندووستان، لێکۆڵینەوە لەسەر زمانە هندییەکان گەشەی نەکردووە، ئەو بابەتەش تا ڕادەیەک بەهۆی گوشار بۆ بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی وەکوو ئامرازی دەربڕین و بڵاو بوونەوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بووە. زانایانی ئابووری لە هیندووستان زۆرتر بە مۆدێل و تیۆرییەکانەوە خەریک بوون تا ئەوەی کار لەسەر کێشە ناوخۆیییەکانی گەشەکردن بکەن. کۆمەڵناسە هیندییەکان لە ڕۆژنامە و چاپەمەنییەکاندا لەبەر نادیدەگرتنی کێشە ناوخۆیییەکان و چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و گرنگیدان بەو تیورییە کۆمەڵناسییانە کە ئاراستەی ڕۆژاوایی هەبوو، کەوتنە بەر ڕەخنە و توانج. دەوڵەتە پێشکەوتووە سەرەکییەکان، بە دیاریکراوی هێزە داگیرکەرەکانی ئینگلیزی زمان و فەڕانسەیی زمان، لە ڕێگەی پێدانی یارمەتیی دارایی بۆ دابین کردنی کتێبی دەرسی و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە ڕۆڵیان گیڕاوە بۆ مانەوەی دۆخی پەروەردەیی و زمانی لەو وڵاتانەدا. ئەوان بوورسیەیان بۆخوێندکاران دابین کرد، بۆ ئەوەی لە وڵاتانی ناوەنددا درێژە بە خوێندن بدەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر مامۆستا و ڕاوێژکاری تەکنیکییان ڕەوانەی وڵاتانی لەحاڵی گەشه کرد. سەرلەبەری ئەم فاکتەرانە یارمەتیدەربوون بۆ ئاراستەکردنی وزە و توانای فیکری و حەز و خواستی وڵاتانی لەحاڵی گەشه، لەبارودۆخی خوجێییی خۆیانەوە بەرەو کۆمەڵگەی هزریی نێونەتەوەیی و زانستی.

یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ زانکۆکانی وڵاتانی دەرەوە، هەوڵێک بوون بۆ سڕینەوەی سیاسەت لە ڕەهەندەکانی خوێندنی باڵا. بنیاتنانی زانکۆ تەکنیکییەکان لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا، گەواهیدەری ئەم ئاراستە و هەڵوێستەیە. (بڕوانە Myers 1968).

ئەم ناوەندی فێربوونانە بۆ رکابەریی زانکۆ نیشتمانییەکان سەریان هەڵداوە. پاساوێک کە بۆ پەرەپێدانی ئەم ناوەندە نوێیانە لەبری بردنەسەری ئاستی زانکۆ نیشتمانییەکان خراوەتە ڕوو، بریتییە لەوەی کە بەرنامەی پەروەردە لەسەر ئەساسی تەکنیک و زانست لە فێرگە کۆنەکاندا جێبەجێ ناکرێ. ئەوەش گرنگە کە بزانین زانکۆ کۆنەکانی ئەمریکای لاتین زۆربەی کات لەلایەن کەسانی چەپگەراوە بەڕیوە براوە و فێرگە نوێترەکان جۆرێک لە هاوسەنگی لە بەرانبەر کاریگەرێتیی ڕەوتی چەپ لە سەر ژیانی هزری و سیاسی ئەمریکای لاتین پێک دێنن. زانکۆ تەکنیکییەکان بۆ بەشی زانستەکان، جەختیان لەسەر بوونی بەرنامەی خوێندن و پەروەردەی داهێنەرانەتر دەکردەوە. هەروەها لە زۆر بواریشدا ڕێکخراوەیەکی ئەکادێمیکی ئەمریکایییان پێک هێناوە.

بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکان و سیاسەتی ئەمریکا، مۆدێلە دیاریکراوەکانی خوێندنی باڵا و چەندین بەرنامەی جۆراوحۆر لە بواری دارایییەوە پشتیوانی دەکرێ. ستایلی ئەمریکایی کە بە بەرنامەی خوێندنی “کۆلیجەکانی زەمینی بەخشراو” ناسراوە، لە چەندین وڵاتی لەحاڵی گەشەدا جێبەجێ کراوە، لەوانە لە هیندووستان، نایجیریا، ئەندۆنیزیا و چەند وڵاتی ئەمریکای باشوور. ئەم زانکۆیانە لەسەر ئەساسی پیوەندیی نزیکی نیوان دەوڵەت و زانکۆ و بەرانبەر بە نەریتە ئەکادێمیکییەکانی سەربەخۆمانەوە، لە بڕێک لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەدا دامەزراون. هەڵبەت لەوانەیە ئەم مۆدێلە لەبار و شیاو بێ بۆ وڵاتانی لەحاڵی گەشە،  هەرچەند لە ڕاستیدا سەرکەوتوو بوونی ئەو زانکۆیانە کە بە پێی ستایلی زمینی بەخشراو لە چەند وڵاتێکدا دامەزراون،  لانیکەم بەهۆی ئەو پارە و یارمەتییە تەکنیکییانەوەیە کە پێشکەشی ئەم ستایلی خوێندنە دەکرێ.

ئاکامی بەرنامە و سیاسەتی ئەمریکایی تا ڕادەیەک لە سیاسەتی کۆلۆنیالی بەریتانی لە سەدەی نۆزدە دەچێ و تێیدا ناوەندەکانی فێرکردن لە وڵاتی ناوەند هەناردەی وڵاتانی لەحاڵی گەشە دەکرێ و زۆربەی کاتەکان لە خوار ئاستی ستانداردە ناوخۆیییەکانەوە بووە و بڕێ کاتیش بێ هاوئاهەنگی و گونجان لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆییدا.

وڵاتە پێشکەوتووەکان لە بواری بردنەسەری ئاستی دیاریکراوی نەزم و نەسەقی ئەکادێمێک و پسپۆرییەکاندا و هەروەها لە تەرکیز لەسەر ئەو دیدگا و تێڕوانینەی هاندەری کەسانی بەخشندە و یارمەتیدەرە، چالاکن. ئەنستیتۆیەکی لێکۆڵینەوەی ئەمریکایی لە هیندووستان بە یارمەتییەکانی ئەمریکا دامەزراوە، کە خاوەنی ژۆرناڵێکی زانستییە و تێیدا کەسانی ئەکادێمیکی هیندی بۆیان هەیە لەسەر بابەتگەلی پەیوەست بە ئەمریکا نووسینەکانیان بڵاو بکەنەوە. ئەم ڕێکخراوەیە بێ ئەوەی پەیوەندیی بە مودیڕنیزەکردنی هیندەوە هەبێ، هەوڵی ئەوە دەدا لە درێژماوەدا تاقمێک پسپۆڕی هیندی بەرهەم بێنێ کە دڵخواز و دابینکەری خواست و ئامانجی ئەمریکایییەکان بن و پێدەچێ بە شێوەیەکی پیشەیییانە گرێدراوی ئەو خواستەش بن. (2)

سەیر نییە کە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوو و وڵاتانی لەحاڵی گەشەدا لە زۆر بابەت و زەمینەدا نایەکسانن. کارتێکەریی وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوو بەکۆتاییی سەردەمی نەریتیی کۆلۆنیالیزم کۆتایی نایە و یەکێکە لە ڕاستییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی جیهانیی وڵاتانی لەحاڵی گەشە. سەرەڕای سروشتی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگری ئەم ڕاستییە، زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و پەروەردەیییەکانی جیهانی سێهەم ئەنجام دراوە، ئەم ڕەهەندە سەرەکییەی بارودۆخەکەیان لەبەرچاو نەگرتووە.

ناکرێ گەشبین بین کە کۆلۆنیالیزمی نوێ لە هەر بوارێکدا دەستبەجی کۆتایی پێ بێ، بەتایبەت لە ڕووی پەروەردەوە. وەک دەبینین بۆشاییی زانستی و پەروەردەیی نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و لەحاڵی گەشە لە زیادبووندایە…

تەنها کاتێک کە تیگەیشتنێکی تەواو لەمەڕ نیۆکۆلۆنیالیزمی مودیڕن لە زۆربەی لایەنەکاندا وەدی بێ، شێوازی زاڵبوونی ڕۆژاوا بەسەر ڕۆژهەڵاتدا دەگۆردرێ بۆ ڕێکخستنێکی دادپەروەرانەتر لە دنیایەکی سەربەخۆدا.

 From ‘Education and Neocolonialism’ Teachers College Record 72(1) (May)،  1971.*

یادداشتەکان

  • لە سینگاپوور کە زۆربەی نوخبەی حاکمی ئەو وڵاتە لەو چینییانە پێکهاتووە کە بە ستایلی بەریتانی خوێندوویانە، سەرۆکوەزیرانی سەردەمی دوای سەربەخۆیی، لی کوان یو، فەرمانی دەرکرد کە ئەندامانی حکوومەت دەبێ فێری زمانی چینی بن. لی کە خۆی دەرچووی زانکۆیەکی بەریتانییە، خۆی فێری زمانی چینی کرد بۆوەی بتوانێ لەگەڵ خەڵکەکەی پەیوەندی بگرێ.
  • تەنها ئەمریکایییەکان نەبوون کە لە دەرەوەی وڵات، هەوڵی پەرەپێدانی لێکۆڵینەوەیان دا لەسەر وڵاتی خۆیان. هەروەها یەکیەتیی سۆڤیەتیش لە دێلهی و وڵاتانی دیکەی لەحاڵی گەشە، پارەی بۆ دامەزراندنی دێپارتمێنتی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووسیا تەرخان کردووە. دەوڵەتانی ئاڵمان و فەڕانسەش یارمەتیی دارایییان داوە بۆ بواری پەروەردەی مامۆستا بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر زمان و فەرهەنگی ئاڵمانی و فەڕەنسەیی و دابین کردنی پارە بۆ سەردانی مامۆستاکان بۆ زانکۆکانی وڵاتانی پێشکەوتوو. هەرچەند ئەم بەرنامانە لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسەتەوە گرنگ نین، بەڵام لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەدا، کەسانێک بەرهەم دێنێ کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ وڵاتێکی دیاریکراوی داگیرکەردەبێ.