ئارامتر بخوێنەوە!
سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و خوێندنی باڵا*
شارۆن ستۆن و ڤانێسا دۆ ئۆلیڤێرا ئاندێرۆتی
و: ئاگری باجوەر
پێشەکی
بە سەرنجدان بە ڕۆڵی سەرەکیی زانستگاکان لە بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی و لە خولقاندن و ڕەواییدان بە زانیاریدا، سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و جێگای ئەو لە خوێندنی باڵادا، لە هەردوو بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و رەخنەی زانستی لە هەموو جیهاندا جێگای سەرنجی تایبەتە. سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم دەکرێت بە شێوەیەکی بەربڵاو وەک چەمکێکی سابات لێی تێبگەین، لە پێناو هەوڵە جۆراوجۆرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوو پێڤاژۆی جیاواز و لە هەمان کاتدا پێکەوەگرێدراوی بەکۆلۆنیکردن و بەتۆرەمەییکردنی(racialization)، بۆ گۆڕانکاریکردن و قەرەبووکردنەوە لەپەیوەندی لەگەڵ کاریگەرییە مێژوویی و بەردەوامەکانی ئەم پێڤاژۆگەلەدا و بۆ خوڵقاندن و زیندووڕاگرتنی ئەو شێوازگەلە لە زانین، بوون(being) و پەیوەندی، کە ئەم پێڤاژۆگەلە هەوڵی بنبڕکردنیان دەدەن. بەکۆلۆنیکردن و بەتۆرەمەییکردن، خاوەنی دوو ڕەهەندی ماددی و ناسیارییانەن(epistemic)، کە پێکەوە بیچم بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن و ئەو دەستەبەندییانە (category) بەپیرۆز دەکەن کە دواتر بۆ پاساوی ئەمانە بەکار دەبرێن: داگیرکردنی عەردی خۆجێیی؛ لێسەندنەوەی خاوەندارێتی و پڕتێچووکردنی ژیانی ڕەش؛ سیستەمی جێندەریی دوانەی ناباوکسالار (heteropatriarchal)؛ بانگەشەی جیهانیبوونی ئاوەزی (reason) مۆدێڕنی ڕۆژئاوا؛ بەئۆبژەکردن و بەکارهێنانی سروشت؛ پەیوەندییە خاوەندارێتییە سەرمایەدارانەکان و شێوازەکانی بەرهەمهێنان، میلیتاریزم؛ تاکگەراییی پاوانخوازانە (possessive individualism) و چەمکی تۆرەمە (race).
لە ژێر چەتری بەربڵاوی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزمدا، ژمارەیەک پێکدژی، ناهاوڕابوون و ڕوانینی جۆراوجۆر بۆ داهاتووی سڕدراوە لە کۆلۆنیالیزم و ئامرازە بەردەستەکان بۆ گەیشتن بە ئەم داهاتووگەلە جیاوازە بوونیان هەیە. ئەم ڕوانینە ناکۆکانە ڕەنگە تەنیا ڕوانگەی یەک کەسیش بن. هەروەها مشتومڕی بەرچاو هەن لەسەر ئەوەی کە ئایا سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لەگەڵ پرۆژەکانی دیکەی یەکسانیدا یەکتر دادەپۆشن، یان دادەشکێت(reducible) بۆ ئەوان و یان نامۆیە پێیان. بەم شێوەیە، هەر هەوڵێک بۆ دەستنیشانکردنی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و خوێندنی باڵا، نەخوازراو لەگەڵ تێگەیشتنە جۆراوجۆرەکان لە سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم بۆخۆیدا ناکۆکە. ئەم بابەتە بەسەر مەودا گشتییەکانی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزمدا دەچێتەوە و ئەو گریمانە، خواست و بابەتە پێکدژانە دەدۆزێتەوە کە دەبن بە هۆی راڤەی (interpretation) جۆراوجۆر بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە بەستێنی ئێستای خوێندنی باڵادا.
* هەوڵ و خواستەکانی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم
تەنیا یەک ڕابردوونامە (genealogy) بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم بوونی نییە، بەتایبەتی کە بەرهەڵستیکردنی توندوتیژیی تۆرەمەیی (racial) و کۆلۆنیالی لەسەدەی پانزدەهەمەوە و لە کاتێکەوە کە ئورووپا بۆ یەکەم جار دەستی کرد بە پرۆژەی زاڵبوونە جیهانییە نوێکەی و لێسەندنەوەی خاوەندارێتی لە رێگای بەکۆیلەکردنی ڕەش و بەکۆڵۆنیکردنی خۆجێییەوە، بوونی هەبووە. بەهەرجۆرێک بێت، زۆرێک چەمکی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم دەگەڕێننەوە بۆ بزووتنەوە دژەکۆلۆنیالییەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە ئافریقا و ئاسیادا، کە بەدوای ئەوەوە بوون قانوونە کۆلۆنیالییەکانی ئورووپا لاببەن، و هاوکات دەیگەڕێننەوە بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی مافی چارەنووسی خۆجێیی و دژەتۆرەمەخوازی (antiracist) لەناو کۆلۆنیالە جێگرتووەکان (settler colonial) و نەتەوە ئورووپایییەکاندا بەدرێژەی دەیەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠. ئەگەرچی هەوڵەکای سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم بە هێندێک چرکەسات و سەردەمی دیاریکراودا دەناسرێنەوە، بەڵام ڕەنگە بکرێت زیاتر لە ڕووداو یان کۆمەڵە ڕووداوێکی جیاواز، وەک کۆمەڵێک پێڤاژۆی بەردەوام و جۆراوجۆریش لێی تێبگەین.
ئەمڕۆکە، ڕەنگە بکرێت خواستە جۆراوجۆرەکان بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە سێ بابەتی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە :١- بەکۆلۆنیکردنی بەردەوامی خەڵکی خۆجێیی لە وڵاتانی کۆلۆنیالیی جێگرتوودا ،هەروەها میراتە بەردەوامەکانی بەکۆلۆنیکردنی ڕەش و چاوەدێریی توندوتیژی سنوورە نەتەوەیییەکان؛ ٢- کاریگەرییە نەخوازراو و کەڵەکەبووە کۆمەڵایەتی، ئابووری و ناسیارییەکانی سەدەکانی کۆلۆنیالیزم و کۆیلەداری بۆ ئاکنجی(نشتەجێ)یانی هەموو جیهان؛ ٣- بیناکردنی بەردەوامی حوکمداریی جیهانیی کۆلۆنیالی، وەک سیاسەتە قەرزییەکانی سندووقی نێونەتەوەییی پووڵ و بانکی جیهانی، کۆنترۆڵکردنی توندوتۆڵی کۆچ لە ئورووپادا و بانگەشەی بەردەوامی نەتەوەکانی رۆژئاوا بۆ مافی چاوەدێریکردنی جیهان (لە بواری نیزامی و ئەوانی ترەوە )، کە هەمووی ئەمانە لە پێناو پاراستنی زاڵبوونی ڕۆژئاوا و پەرەپێدانی سنوورەکانی سەرمایەداریی جیهانیدان.
بەسەریەکەوە، ئەم ڕەخنەگەلە لە سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و ڕەخنەکانی تر، ئاماژە بە ناسینەوەی بەردەوامبوونی سیستەمی جیهانیی مۆدێڕن، سەرمایەداریی کۆلۆنیالی، باوکسالارانەی ڕۆژئاواتەوەر و مەسیحیتەوەر دەدەن. (grosfoguel 2012, p.82) و پێیان وایە پێویستە سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم پرۆژەیەکی جیهانی بێت، تەنانەت ئەگەر لە کات و شوێندا بەڕێگەی جیاواز دەربکەوێت. بۆ وێنە، یەکێک لە پێشکەوتنە بەرچاوەکان لە پەیوەندی لەگەڵ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و خوێندنی باڵا لە ئامریکای لاتیندا گەشەسەندنی ئەو زانستگا نێوفەرهەنگییانە(Intercultural) بووە کە خۆسەر بوون و دەوڵەت پشتی گرتوون و پێیان لەسەر ناسیاریناسینی (epistemology) خۆجێیی و گرینگیی تێکەڵاویی ئاسۆیی لەگەڵ کۆمەڵە ناوچەییەکاندا داگرتووە. بەگشتی، ئەم بابەتە پێ لەسەر سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و خوێندنی باڵا لە بەستێنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کانادادا دادەگرێت.
* بەمێژووییکردنی (historicizing) سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و خوێندنی باڵا
لێکۆڵەران زۆر ڕێگایان دەستنیشان کردووە کە تێیاندا زانستگا مۆدێڕنەکان، لە دەستپێکردنیانەوە، لە بەکۆیلەکردن و بەتۆرەمەییکردندا هاوکار بوون و کەڵکیان لێ وەرگرتووە. لێسەندنەوەی خاوەندارێتیی عەردە خۆجێییەکان(indigenous lands) وەک مەرجێکی ئیمکانیی پێویست بۆ دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و کانادادا بووە و هەروەها ماوەتەوە و زۆرێک لە دامەزراوە سەرەتایییەکان لەکاتی دروستکردنی باڵەخانەکانیاندا بەزۆر کاریان بە کۆیلەکان دەکرد و یان بەو سامانە دامەزران و پشتگیریی ماڵی کران کە لەڕێگای کۆیلەداری و کۆلۆنیالیزمەوە کەڵەکە بووبوون (wilder 2013). هەروەها زۆرێک لە دامەزراوە ڕۆژئاوایییەکانیش بەقووڵی بەشدار بوون لە پێڕستکردنی (cataloguing) کۆلۆنیالیستیی زانیارییە ناڕۆژئاوایییەکان و بەرهەمهێنانی زانیاری بۆ پشتیوانی لە تۆرەمەخوازیی (racism) زانستی و جۆرەکانی تری دەستەبەندییە کۆلۆنیالی و تۆرەمەیییەکان کە بۆ پاساوی تواندنەوەی(assimilation) زۆرەملێ، داگیرکاریی نیزامی و تەنانەت نەهێشتنی جەماوەری ناسپی بەکاردەهاتن (Said1978;Smith2012). لە ئاکامدا، هێندێک پێیان وابووە کە زاڵ بوونی خێرا و بەیەکجاریی ناسیاریی(شێوازی زانیاری) مۆدێڕن، ڕۆژئاوایی، سێکۆلار و بەڕواڵەت جیهانی، تەنیا لە بەستێنی پرۆژەکانی ئورووپا بۆ سەرکەوتن و بەکۆیلەکردندا بەئاکام دەگەیشت (Spivak 1988 ;Wynter 2003).
کەوابوو، پێکدژییەکی بنەڕەتی کە لە هەڵچنینی زانیاریی کۆلۆنیالیدا هەیە ڕێگە بە هەرجۆرە هەوڵێک بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە دامەزراوە هەنووکەیییەکاندا دەگرێت : بانگەشەی جیهانیبوونی زانیاریی ڕۆژئاوایی تەنیا لە دژایەتی لەگەڵ تایبەتبوون و بەشبوونی(partiality) زانیاریی ناڕۆژئاواییدا دەکرێت بەرگریی لێ بکرێت. ئەمڕۆکە، دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا درێژە بە بەرهەمهێنانەوەی پلەبەندییەکی (هیرارشی) ناسیاریناسانە دەدەن کە تێیدا وەها دەردەکەوێت کە زانیارییە ڕۆژئاوایییەکان بە شێوەیەکی جیهانی، بابەتییانە و بەبایەخن، لەکاتێکدا کە زانیارییە ناڕۆژئاوایییەکان یان وەک “فەرهەنگی ناوچەیی” ڕێزیان لێ دەگیرێت کە بۆ بەرژەوەندیی ڕۆژئاوا بە شتومەک و… دابین کراون، یان لە بنەڕەتەوە هەر وەک زانیاری ناناسرێنەوە. بەرنامەی وانەکان لەژێر دەستی ناسیاریناسینی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی زانست و تێکنۆلۆژیی رۆژئاواییدا دەمێنێتەوە و توێژینەوەیش لەم بوارگەلەدا بە یارمەتیدان و جۆرەکانی تری پشتیوانی و پشتڕاستکردنەوەی دامەزراوەیی خەڵات دەکرێن.
زاڵبوونی ناسیاریناسانەی ڕۆژئاوا تەنیا لە زانکۆ و زانستگاکانی ڕۆژئاوادا ڕووی نەداوە، بەڵکوو لە ناڕۆژئاوایشدا، واتا لە شوێنێک کە دامەزراوە ڕۆژئاوایییەکان بەزۆری وەک وێنەی ئیدئالی زانستگا دەبیندرێن، بوونی هەیە. (nandy 2000). ئەمە زۆر کەسی هێناوتە سەر ئەوەی کە پێ لەسەر سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە بیردا (decolonizing the mind) (Thiong’o 1986) و چەسپاندنی یەکسانیی ناسینی (cognitive justice) لە توێژینەوە و بەرنامەی وانەکان لە خوێندنی باڵادا دابگرن (sousasantos 2007). کەسانی تر ئاماژە بە مەترسییە دەرنەکەوتووەکانی(potential) پێداگرتن لەسەر ڕەهەندە ناسیارییەکانی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم تەنانەت بە بەهای پێکدادانی ماددیی زۆرتر لەسەر عەرد و قەرەبووکردنەوەکانی تر دەکەن (Tuck and Yang 2012). بەگشتی، تەنیا ئەم دوانە نین و داخوازی بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە هەردووی ئەم روانینانەدا (perspective) و بەزیادەوە، بە شێوەیەکی زێدەبوو لەناو شارە گەورەکانی وڵاتانی داگیرکەری پێشوو، نەتەوە کۆلۆنیالە جێگرتووەکان و وڵاتە پێشتر بەکۆلۆنیبووەکاندا، لەلایەن خوێندکاران، مامۆستایان و چالاکڤانانی هەموو جیهان لە هەردوو زانستگا ڕۆژئاوایی و زانستگا بەڕۆژئاواییبووەکاندا، دێنە ئاراوە.
ئەم هەوڵانەی دوایی ناتوانرێت لە بزووتنەوەکانی پێشووتر لە ساڵەکانی ١٩٥٠دا، کە بوو بەهۆی هاوچەشنکردنی (desegregation) دامەزراوە بەمێژوویی سپیییەکان و دواتر بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە ساڵەکانی ١٩٦٠و ١٩٧٠دا کە داواکاریی هەبوو بۆ گۆڕانکاریی دامەزراوەییی بەیەکجاری، لەڕێگای سڕینەوەی بەڕۆژئاواییکردنی(de-westernization) بەرنامەی وانەکان و بەرهەمهێنانی زانیاری و دابەشکردنەوەی بەرچاوتری سەرچاوە ماددییەکانەوە، جیا بکرێتەوە. بەتایبەتی، ئەم بزووتنەوەگەلە دژی ئەوە بوون کە خەڵکی بەتۆرەمەییبوو و خۆجێیی وەک ئۆبژەی زانیاری لەبەرچاو بگیردرێن و بەدوای ناسرانەوەی دامەزراوەیی و پشتیوانی لە خۆیانەوە وەک سووژەی زانیاری بوون. بزووتنەوەگەلی ئەوتۆ هەموو داخوازییەکانیان جێبەجێ نەبوون، بەڵام لەزۆر جێگادا، گەیشتن بە ئامانجی بەدامەزراوەییکردنی بەرنامەکانی خوێندنەوەی ئێتنیکی و ژنان، هەروەها خولقاندنی ناوەندگەلی فەرهەنگیی خوێندکاران و بەڕێوەبردنی بەرنامە فەرهەنگییە تایبەتەکان لە شوێنە کراوەکاندا(Ferguson 2012). هەر لەو کاتانەدا، زانکۆ و زانستگا کۆنترۆڵکراوە خۆجێیییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و کانادادا دامەزران.
بەگشتی، ئەمڕۆکە زۆربەی ئەم بەش (Department)، بەرنامە و دامەزراوەگەلە بۆ وەرگرتنی پشتگیریی ماڵیی پێویست لە کێبڕکێدان. لە ڕاستیدا، داخوازییە نوێترەکان بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە ناڕازیبوونێکی گەشەسەندوو لەو بەڵێنە لاواز، بێڕێزیکەر و مەرجدارانەوە دێن کە بۆ وەرگرتنی ڕوانین، خەڵک و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی زانیاریی ناسپی/ڕۆژئاوایی لە دامەزراوە سەرەکییە بەمێژوویی سپی یان ژێر دەسەڵاتی سپییەکاندا درابوون (Ahmed 2012 ; nandy 2000). ئەو ڕاستییەی کە خوێندکار و مامۆستا ناسپییەکان بەگوێرەی پێویست نوێنەریان لە خوێندنی باڵادا و بەتایبەتی لە پێگە و دامەزراوە هەرە ناسراوەکاندا نییە، بێ هیوایییەکی زۆرتری بەرهەم هێناوە. هەروەها، ئەم بێ هیوایییە بەهۆی بەتایبەتکردنی زێدەتری خوێندنی باڵای گشتی، لاوازکردنی بەڵێنەکانی پشتگیری و هەڵبژاردنی دامەزراوەییی ئەو داخوازیگەلەی کە دەیەکانی پێشووتر بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی پێشکەش کرابوون، قووڵتر بووەتەوە.
* ئیمکانەکانی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە خوێندنی باڵای ئەمڕۆدا
لەم پێکەوەگرێدراوییەی ئێستادا، کۆمەڵێک پرسیار لە پەیوەندی لەگەڵ ئیمکانەکان بۆ گۆڕانکاریی دامەزراوەیی و هەروەها ئاسۆ خوازراوەکانی گۆڕاندا دروست بوون. لەمەدا، ئاڵۆزییەکی بەرچاو هەیە لەسەر سروشتی بەڕواڵەت جیهانیی دامەزراوەگەلی وەک زانکۆ و زانستگاکان و داخوازیی تاکە بژاردەکان بۆ وەرگیران لەناو ئەو دامەزراوەگەلەدا، بەجۆرێک کە وەرگیرانەکانیان مەرجدار دەمێنێتەوە بە پلەی جیاوازبوونیان بەپێی پێوەرێکی جیهانی. لە وڵامدا، هێندێک کەس بەرگری لە پێویستیی دیسان بیرکردنەوە لە زانستگا وەک شوێنێکی فرەچەشن(pluri-versity)لەجیاتی شوێنێکی یەکچەشن (uni-versity)، دەکەن (Boidin et al 2012).
بەگشتیتر، پرسیارەکان لەسەر ئەوە دروست بوون کە تا چ ڕادەیەک دەکرێت ئەو دامەزراوەگەلەی کە لەلایەن دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەوە پشتیوانی دەکرێن، لە کۆلۆنیالیزم بسڕدرێنەوە و یان ئەم دامەزراوەگەلە دەتوانن شوێنێک دابین بکەن کە پرۆژەکانی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم تێیدا بیریان لێ بکرێتەوە و دابڕێژرێن. بۆ وێنە، تا چ ڕادەیەک ئەم دامەزراوەگەلە بە بێ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی گەورەتر دەتوانن بگۆڕدرێن؟ لە کاتێکدا کە زانستگاکان بۆ پشتیوانی لە ڕێڕەوێکی زانیاریی کۆلۆنیالی خولقاون و ڕاهاتوون و بەرەو لای بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتیی هەنووکەمان دەڕۆن. ئەگەری هەیە ڕێبازگەلێکی زانیاری نە ڕێڕەوی کۆلۆنیالیی زانیاری بەرهەم بهێننەوە و نە بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکە کۆلۆنیالییەکان دژی بوەستنەوە؟ تەنانەت مومکین یان خوازراوە کە زانیارییە جێگرەوەکان(alternative) بە سەرنجدان بەوەی کە ئەوان ڕەنگە بە گوێرەی شێوازە هەنووکەیییەکانی بەرهەمهێنانی زانیاری نامۆ بن، لەناو دامەزراوەکانی پەروەردەی هەنووکەدا بەرهەم بهێنرێن؟
درێژەی ئەم بابەتە بە وڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیاری تر لە پەیوەندی لەگەڵ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و خوێندنی باڵادا دەچێتەوە، و کورتکراوەی سێ ڕێبازی ڕەخنەگرانەی جیاواز بۆ توندوتیژیی کۆلۆنیالی و تۆرەمەیی لە بەستێنی زانکۆ و زانستگا هاوچەرخەکاندا دەخاتە بەردەست؛ ئەمە ئەو بۆچوونانە لە خۆ ناگرێت کە ئەم توندوتیژییە بە گرفت نازانن.
* سێ کۆمەڵە وڵام
یەکەم دەستەی وڵامەکان، پێ لەسەر دەستتێوەردانە تاکەکەسی و دامەزراوەیییەکان دادەگرێت کە لەسەر بابەتگەلی وەک نوێنەرایەتیی ڕێژەیی، بەرگریکردنی زیاتر لە ژمارەی زێدەبووی خوێندکار و مامۆستای خۆجێیی، بەتۆرەمەبوو و کەمداهاتەکان و تەواوکەریی بەرنامەی وانەکانی هەنووکە لەگەڵ ڕوانینە ناڕۆژئاواییەکاندا، چڕ دەبێتەوە. لێرەدا لەجیاتی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم، ئامانج فرەچەشنییەکی زێدەبووە، کە دانپێدانان و لەخۆگرتنێکی ئەوتۆی جیاوازییەکان لەناو دامەزراوە هەنووکەیییەکاندا پیشان دەدات، کە بەشێوەیەکی بەرچاو پێوەرە هەنووکەیییەکانی سەرکەوتن و پێکهاتەی دەسەڵات تووشی ئاریشە ناکات. لەناو ئەم پێگەیەدا، پرسەکانی تۆرەمەخوازی و کۆلۆنیالیزم بەزۆری لەئاستی تاکەکەسیدا دەستنیشان دەکرێن. کەوابوو، بایەخ بە نەزانین یان بەرچاوتەنگیی تاکەکانی سەر بە تاقمە دەستڕۆیشتووەکان و هەوڵ بۆ ڕاستکردنەوەیان لە ڕێگای زانیاریدانی زۆرتر و سیاسەتە دامەزراوەییە دروستەکانەوە دەدرێت. هەروەها بۆ تاکەکان لە تاقمە پەڕاوێزخراوەکان، پێ لەسەر بردنەسەرەوەی توانایی و سامانی کۆمەڵایەتییان دادەگیرێت، بۆئەوەی باشتر تەیار ببن بۆ کێبڕکێی سەرکەوتووانە بۆ جێگۆڕکێ(mobility) لەناو سیستەمی هەنووکەدا. بەهۆی نەبوونی شرۆڤەی پێکهاتەیییەوە، پرسی دابەشکردنەوەی نەباشی دەسەڵات، سامان(Wealth) و دەرفەت لە پەڕاوێزی [چەمکی] تۆرەمەدا داناڕێژرێتەوە (problematisation). لەئاکامدا، خواستێک بۆ دابەشکردنەوە بوونی نییە و حەزی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای کێبڕکێ لە پێناو سەرچاوە دەگمەنەکاندا بە ئاسایی و بە بێ دڕدۆنگی دەچێتە پێش. هەروەها، وەرگیران بە زۆری وەک خەڵاتێکی بەخشندانە پێدەزانرێت، بە جۆرێک کە چاوەڕوانی لە تاکە ناسپییەکان هەیە کە پێزانینی خۆیان دەرببڕن و خۆیان لە خۆجیاکردنەوەی زۆرتر بپارێزن. ڕەخنە یان داخوازییە بنەڕەتییەکانی تر ڕەنگە وەک پێنەزانین و خەسارهێنەر و یان نامەدەنی ببیندرێن و بسڕدرێنەوە. بەم شێوەیە، سنوورەکانی دامەزراوەکە و شێوازە دانپێدانراوەکانی بەرهەمهێنانی زانیاری و ڕەخنەدا هێشتا بە توندوتۆڵی لەلایەن پێکهاتەکانی دەسەڵاتی سەرمایەدارانە و سپییەوە چاوەدێری دەکرێت. زۆرینەی کردەوەی دامەزراوەییەکان لەپەیوەندی لەگەڵ کۆلۆنیالیزم و تۆرەمەدا دەکەونە ناو ئەم دەستەیە.
دەستەی دواتری وڵامەکان لەسەر شرۆڤەی سیستەماتیکی خولقاندنی نایەکسانی چڕ دەبێتەوە و بە دۆزینەوەی هێژمۆنیی ناسیاریناسانە لە خوێندنی باڵادا دەناسرێتەوە. ئەم شرۆڤەگەلە، پێ لەسەر ئەو ڕێگایانە دادەگرن کە تێیاندا خەسارەکانی بەکۆلۆنیکردن و بەتۆرەمەییکردن لە ڕێگای پێکهاتە دامەزراوەیییەکان و ئەو مەنتقگەلەوە کە بە بەردەوامی هیرارشیی ئابووری و تۆرەمەییی هەنووکە بەرهەم دێننەوە، سەرچاوەکان بەڕێگای هەرە خراپ دابەش دەکەنەوە و بەشێوازی بەکارهێنەرانە (exploitatively) هێزی کار و سەرچاوە هێمایینەکان لە تاقمە پەڕاوێزخراوەکاندا هەڵدەبژێرن و بۆ کەڵەکەکردنی سامان بۆ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان کەڵکیان لێ وەردەگرنەوە، دەردەکەون. ڕەخنەکان لەم ڕوانینەوە بەرەو ئەولا دەچن کە پێ لەسەر یەک یان ڕەنگە دوو ڕەهەندی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی، وەک سەرمایەداری، تۆرەمەخوازی (Racism)، باوکسالاری، جیاپێوەری (heteronormativity) نەتەوەخوازی، یان کۆلۆنیالیزم دابگرن، بەڵام ڕەنگە هەموویان پێکەوە نەبەستنەوە. داخوازی بۆ گۆڕانکاریی دامەزراوەییی بەرچاو، لەسەر دابەشکردنەوەی سەرچاوە ماددی و ناسیارییەکان و زەقکردنەوە و بەهێزکردنی خوێندکار و مامۆستا داپڵۆسراوەکان چڕ دەبێتەوە. هەروەها داخوازیی بەرچاو بۆ قەرەبووکردنەوەی دامەزراوەیی بۆ بەشداریی بەردەوام و مێژوویی لە توندوتیژیدا پێشکەش دەکرێن، بۆوینە، داخوازی بۆ گۆڕینی ناوی ئەو باڵەخانانەی کە لەپاش کۆتاییهاتنی کۆیلەداری ناو نراون، بێبەشکردن لە سووتەمەنییە فۆسیلییەکان، یان لەبەندیخانە کردن، یان بەخشینی بەشەخوێندنی ئازاد بە خوێندکارە خۆجێیی و ڕەشەکان. ڕێچکەگەلی گۆڕان لەم دەستەیەدا ڕەنگە وەک “وتنی ڕاستییەکان بۆ دەسەڵات” لەڕێگای ڕەخنەوە، هاوکات لەگەڵ کردەوەی ڕاستەوخۆ و یان ڕەنگە لێ سەندنەوەی مافی بنەڕەتیی وەرگیران، دەربکەون. هەوڵەکانی ئەم ڕوانگەیە بە شێوەیەکی مێژوویی بوون بە هۆی گۆڕانکاریی دامەزراوەیی بەرچاوی وەک، سڕینەوەی قانوونیی(de jure) جیاوازییەکان و دامەزراندنی بەشی خوێندنەوە ئێتنیکییەکان، ئەگەرچی لەولاوە هەڵبژاردنی دامەزراوەیی بەبەردەوامی هەڕەشەی تێکدانی داخوازییە بنەڕەتییەکان دەکات. هەروەها وڵامەکان لەم دەستەیەدا، ڕەنگە لانیکەم هێندێک بەش لەو سیستەمەی کە ڕەخنەی لێ دەگرن بەرهەم بهێنێتەوە، چونکە ئاستەمە هەموو هۆکارەکانی کۆلۆنیالی بە جارێک تێک بدات، بە تایبەتی لەکاتێکدا کە خواستێک بۆ تێگەیشتن مابێتەوە بۆئەوەی کە داخوازەکانی کەسێک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بیسترێت.
دوایین دەستەی وڵامەکان، پێ لەسەر هێژمۆنیی هەبوونناسانە(ontological) دادەگرێت، کە زانستگاکانی ئێستا پێکدەهێنێت و ئاراستەیان دەکات و ئەو سیستەمە لەبنەڕەتەوە توندوتیژ و هەڵنەکەرە دەستنیشان دەکات کە تێیدا جێی گرتووە. ئەم ڕێچکەگەلە پێیان وایە کە بوونی (existence) مۆدێڕن بۆ بەردەوامبوونی، بەستراوەتەوە بە بەکۆلۆنیکردن و بەتۆرەمەییکردنەوە، کەوابوو بیر لە سنوورەکانی ئەوجۆرە لە گۆڕانکاری دەکاتەوە کە “وەک دەزانین ” لە خوێندنی باڵادا ڕێگەپێدراون، بەتایبەتی لەو کاتەوە کە لە لایەن دەوڵەت – نەتەوە و سەرمایەوە دامەزراون و داڕێژراون. چونکە قەیرانەکانی ئێستای زانستگاکان، دەبەسترێنەوە بە کۆی ڕابردووی مۆدێڕنیتە و مەرجەکانی ئیمکانی کۆلۆنیالی و تۆرەمەییی ئەوەوە، لە کۆتاییدا وادەزانرێت کە چاکسازی مومکین نییە و ئەوەی پێویستە بیرکردنەوە و خولقاندنی داهاتووی لە بنەڕەتەوە جیاواز و نەناسراوە بۆ خوێندنی باڵا و بوارەکانی تر. بەم شێوەیە، بۆ وێنە، ئەم پێگەیە ڕەخنە لەو ڕاستییە دەگرێت کە دەستڕاگەیشتنی بەربڵاوتر بە خوێندنی باڵا بەستراوەتەوە بە خواستی لەبەرچاوگرتنی نۆرمە دامەزراوەیییە هەنووکەیییەکان. بەڵام هەروەها ئاماژە بەوەیش دەدات کە دەستڕاگەیشتنی بەربڵاوتر بە سیستەمێکی خەسارەومەن (سەرمایەدار) مەرج نییە لە خەسارەکانی ئەو سیستەمە کەم بکاتەوە. لێرەوە بۆچوونە جیاوازەکان لەسەر ئەوەی لە کورتخایەندا دەبێت چی بکرێت، ئەمانە لەخۆدەگرێت، لابردنی زانستگا، کە بەواتای دابینکردنی سەرچاوەکانی بۆ بەکارهێنان لە پرۆژە بناژۆیییەکاندایە، ئەزموونکردنی شێوازە جێگرەوەکانی ڕێکخستنی پەروەردە، بۆ وێنە، خولقاندنی زانستگا ئێکۆلۆژیکە خۆسەرەکان؛ یان کەڵک وەرگرتن لە شوێنی زانستگاکان بە فێربوون لە هەڵەکانی ڕابردوو و تەیاربوون بۆ گواسترانەوە بۆ داهاتوویەکی جیاوازی سڕدراوە لە کۆلۆنیالیزم. ئەم بۆچوونە پێ لەسەر پەیوەندییە دوانە و هاودەستییە پێکدژەکان دادەگرێت کە ئاکامی خواستە ناکۆکەکان بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنیگەلەن کە سیستەمی کۆلۆنیالی پێشنیاریان دەکات. هەروەها ئەم بۆچوونە دان بە پێویستیی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی خێرای خەسار لە ناو خوێندنی باڵادا دەنێت، کە پێشتر لەلایەن دوو بۆچوونەکەی ترەوە دیاری کرابوون، ئەگەرچی بە گشتی وا دیارە ئەمانە زۆرتر ئاماژەکان دەستنیشان بکەن لە جیاتی ڕیشەی خەسارەکان و بۆیە وەک دوایین ئاسۆی ئیمکانی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم نابینرێن. ئەمە لە خوارەوەدا ڕوون دەبێتەوە.
بە هیچ پێوەرێکی ئاکادێمیکی ناسراو، ناتوانین بەشێوەیەکی هزرمەندانە ڕێگاکەمان لەدەرەوەی بەکۆلۆنیبوونەوە ڕەگاژۆ بکەین. ناتوانین ڕێگاکەمان لەدەرەوەی مۆدێڕنیتەوە بڵاو بکەینەوە. ناتوانین ڕێگاکەمان لەدەرەوەی هێژمۆنیی ناسیاریناسانەوە بخوێنینەوە (Burman 2012, p 117).
لەکاتێکدا ئەم سێ ڕێبازە بەزۆری بەشێوەیەکی جیاواز و نامۆ تیۆریزە کراون، بەکردەوە خەڵک بەرەولای ئەوە دەڕۆن کە بە شێوەیەکی ستراتێژیک و بە بێ هۆ، لەم ڕێبازە جیاوازانە کەڵک وەربگرن، کە زۆربەی کات بەستراوەتەوە بەوەی کە لە هەر هەلومەرجێکدا چ شتێک مومکین و خوازراوە. سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە بەستێنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەنووکەدا پێڤاژۆیەکی بەردەوام، ئاریشە، شپرز و زۆربەی کات پێکدژە.
- لە کۆتاییدا
سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم زۆربەی کات وەک ڕووداوێکی لێکدابڕان لە پێڤاژۆیەکی تایبەت یان بەکۆلۆنیال زانراو و لەئاکامدا نەخوازراودا دەردەکەوێت. بەهەرجۆرێک بێت، ئەم بەچەمک کردنە (conceptualization) لەسەر بنەمای شرۆڤەیەکی بەتەواوەتی هەڵبژێردراوی کۆلۆنیبوون و بەکۆلۆنیکردن دامەزراوە. وەگەڕخستنێکی (mobilization) جێگرەوە بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە پەروەردەدا، لەبەرچاوگرتنی هێز، گشتگیربوون و ئاڵۆزیی تێگەیشتن و پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکان، ڕەنگە سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم وەک پێڤاژۆیەکی بۆهەمووکات و گشتگیر لێ بکات، کە لێوانلێوە لە ئاریشە، داخوازیی پێکناکۆک و دەرهاویشتەی نادیار. خوێندنی باڵا وەک بەشێک لەم پێڤاژۆیە، ڕەنگە یەکێک لەو زۆر شوێنگەلە بێت کە تێیدا جیهانی مۆدێڕنی کۆلۆنیال بە ناسروشتی دەکرێت، دەست بە سنوورەکانی ئەوەی لەناویدا مومکینە دەگات و شتە بەڕواڵەت نامومکینەکان ئەزموون دەکرێن، بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کە وەها کارێک هیچ کات ناتوانێت بێبەش بێت لە هاوبەشی لە خەسارەکانی کۆلۆنیالیدا.
سەرچاوەکان
Ahmed, S. (2012). On being included: Racism and diversity in institutional life. Durham: Duke University Press
Boidin, C., Cohen, J., &Grosfoguel, R. (2012). Introduction: From university to pluriversity: A decolonial approach to the present crisis of western universities. Human Architecture, 10(1), 1–6.
Burman, A. (2012). Places to think with, books to think about: Words, experience and the decolonization of knowledge in the Bolivian Andes. Human Architecture: Journal of the Sociology of Self-Knowledge, 10(1), 101–119.
Ferguson, R. A. (2012). The reorder of things: The university and its pedagogies of minority difference. Minneapolis: University of Minnesota Press.
Grosfoguel, R. (2012). The dilemmas of ethnic studies in the United States: Between liberal multiculturalism, identity politics, disciplinary colonization, and decolonial epistemologies. Human Architecture: Journal of the Sociology of Self-Knowledge, 10(1), 81–90.
Nandy, A. (2000). Recovery of indigenous knowledge and dissenting futures of the university. In S. Inayatullah& J. Gidley (Eds.), The university in transformation: Global perspectives on the futures of the university (pp. 115–123). Westport: Bergin and Harvey.
Said, E. (1978). Orientalism: Western conceptions of the orient. London: Penguin Books.
Smith, L. T. (2012). Decolonizing methodologies: Research and indigenous peoples (2nd ed.). New York: Zed Books.
Sousa Santos, B. D. (2007). Beyond abyssal thinking: From global lines to ecologies of knowledges.
Review (Fernand Braudel Center), 30, 45–89.
Spivak, G. C. (1988). Can the subaltern speak? In C. Nelson & L. Grossberg (Eds.), Marxism and the interpretation of culture (pp. 24–28). Champaign: University of Illinois Press.
Thiong’o, N. W. (1986). Decolonising the mind: The politics of language in African literature. London: J. Currey.
Tuck, E., & Yang, K. W. (2012). Decolonization is not a metaphor. Decolonization: Indigeneity, Education & Society, 1(1), 1–40.
Wilder, C. S. (2013). Ebony and ivy: Race, slavery, and the troubled history of America’s universities. New York: Bloomsbury Publishing.
Wynter, S. (2003). Unsettling the coloniality of being/power/truth/freedom: Towards the human, after man, its overrepresentation – An argument. CR: The New Centennial Review, 3(3), 257–337.


