ئارامتر بخوێنەوە!

کوردایەتیی دوکتور قاسملوو

باسێک لەسەر کتێبی کوردستان و کورد

شەهلا دەباغی

دوکتور قاسملوو، بە قین و بە ستایش لەلایەن نەیار و هەوادرانی بەردەوام یاد دەکرێتەوە. بەتایبەت ئێستا بەهۆی دۆخێک کە کورد لە هەر کات زیاتر‌ پێویستی بە ڕێبەری چوست و چالاک هەیە، زۆر جار دەبیسین کە بریا دوکتور قاسملوو زیندوو با. بەڵام بیرۆکەی من لەم نووسینەدا لە دەرەوەی نیگای حیزبی، ڕق یا خۆشەویستییە و لێرە تەنیا دەپەرژێمە سەر دەق. دەق وەک دێکیۆمێنت. دەقەکان هەمیشە کاری خۆیان دەکەن و مانا و پەیام و ژیانی خۆیان جیا لە دەسەڵاتی دانەر و نووسەران دەخەنە بەردەم خوێنەر. بۆ خوێندنەوەی دەقەکانیش، هیچ تیۆرییەک باشتر لە خودی “خوێندنەوە” نییە. خوێندنەوە بە بێ پێشداوەری، پێمان دەڵێ دەق چ پەیامێکی هەیە. لە کتێبی بێ وێنەی Mimisses ‌دا لەمەڕ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی، ئێریک ئاورباخ پێشنیار ده‌کا که هه‌میشه له “ده‌ق”-ەوه حه‌ره‌که‌ت بکه‌ین، چونکه ده‌ق ده‌توانێ هه‌موو تیۆرییه‌کان تێپه‌ڕ بکا. (Auerbach Mimisses,1999) لێرەدا پێموایە “حەڕەکەت لە دەقەوە” بۆ کتێبێکی سیاسی زۆر گونجاوتریشە. دیارە نە دانەر و نە خوێنەریش هەرگیز بێ لایەن نین و کۆڵەپشتیی ڕابردوویان کپ ئاخندراوە.

دەق، بە گوێرەی جولییا کریستێڤا پۆلیفۆنییە، واتە موزاییکی چەند ڕەنگە و لەنێوان خەتەکانی دەق دا/intertextuality  زۆر مانای شاراوە هەن. مانا شاراوەکان زۆر جار ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە سەر دایک (Kristeva, 1990)، یا بە مانایەک نووسین تاسەی گەڕانەوەیە بۆ دایک و زێد.

جولییا کریستێڤا، بیرمەند و فەیلەسووفی بولغاری- فەرانسەوی، بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئاڵووگۆڕی بەسەر ڕوانگەمان بۆ بنیاتی زمان، نیگا بە چۆنێتی و چێیەتی و کارکردی زماندا هێنا. بەڕای کریستێڤا زمان تەنیا بریتی نییە لە وشە و سیستەم و زمان تەنیا ڕەهەندێکی باوک/پیاوسالار نییە، بەڵکوو زمان بریتییە لە ئاهەنگ و ڕیتم و گەرمای ناو سیستەم و زمان. ئەوسا کە منداڵ لە ناو زگی دایکیدا لەگەڵ یەکەم ڕیتمەکان و مۆسیقای زمان ئاشنا دەبێ، ئەو هەست و زانستە لەگەڵ خۆی دەگوێزێتەوە دنیای دوای زێدانی دایک. بە ڕای کریستێڤا، مانا لە تێکڕای هێماکان و سیمبۆلەکان دەکەوێتە دەست. زمان هەم نیشانەیە و هەم سیستەم. و بەمجۆرە دەق بریتییە لە سیستەمێکی نیشانەیی کە هەڵگری هەم گەرما و ترپەی دڵ و ڕیتمی دایکانەیە، هەم ڕۆح و دەسەڵاتی باوکانە. زۆر جار خۆکوتانی دەق بەرەو دایک، یا بە مانایەک بەرەو زێدان و نیشتمانە.

کتێبی کوردستان و کورد، زۆر لەوە ناسراوترە کە من بمهەوێ بیناسێنم. ناساندنی کوردستان و کورد بە کوردان وەک “زیرە بە کرمان بردن”ـە. نا، مەبەست لێرەدا تەنیا بەرجەستەکردنی “ڕۆحی کوردایەتی”ی ناو کتێبەکەیە. بۆ ئەم کارەش چەند پاڕاگراف لە خودی کتێبەکە وەک بەڵگە دەهێندرێتەوە.

کتێبە ناسراوەکەی دوکتور قاسملوو، کوردستان و کورد، (1963)، هەوەڵ بە چێکی نووسراوە و قەرار بوو ئاکادیمیای زانستی چێکوسلۆواکی چاپی بکا بەڵام لەسەر داوای بنکەی بڵاوکردنەوەی سیاسی، داواکرا بە سلۆواکی چاپ‌ بێ چونکە هەموو سلۆواکی دەزانن و بەمجۆرە ساڵی 1964چاپ‌ دەبێ.(ل. 9)

دواتر ساڵی 1965 کتێبەکە دەکرێتە ئینگلیسی و هەمان ساڵ بنکەی کۆلێتزی لەندەن ‌چاپی دەکا.(ل. 10) ساڵی 1967 لە ڕووی چاپی ئینگلیزییەوە دەکرێتە عەڕەبی. ساڵی 1969 لە لایەن بنکەی بڵاوکردنەوەی پۆلۆنی وەردەگێردرێتە سەر پۆلۆنی. دە ساڵ دواتر ئینجا کتێبەکە دەکرێتە کوردی.(هەمان لاپەڕە)

دوکتور قاسملوو بۆخۆی لە پێشەکیدا دەنووسێ کە “ئارەزووم ئەوە بوو کە کتێبەکەم هەرچی زووتر بە زمانی کوردی بڵاو بکرێتەوە. زۆر بەختیارم کە ئاواتەکەم هاتە دی، هەرچەند دە ساڵیشی بەسەردا تێپەڕیوە.”(ل.10)

بەڵام چونکە کتێبەکە لە عەڕەبی ڕا کراوەتە کوردی و عەرەبییەکە لە ئینگیسییەوە وەرگیڕاوە و هێندێک شوێن ورد نەبووە، ناچار نووسەر بەسەر کوردییەکەدا چۆتەوە و هێندێک جێ دەقیق کراوەتەوە.(ل. 11)

هاوکات چونکە زۆر وشە و زاراوەی زانستیی پێویست، ئەو کات زۆر لە کوردیدا نەبووە ناچار دانەر و وەرگێڕ هەوڵیان داوە هێندێک وشە دابنێن، تا بەڵکوو لە داهاتوودا کەسانی دیکە بێن و وشەکان باشتر بکەن.(هەمان لاپەڕە)

نووسەر ئاماژە بەوە دەکا کە کوردستان و کورد بۆ غەیری کورد کە هیچ لەبارەی کورد و کوردستان نازانن نووسراوە تا ئەم دوو وشەیە باشتر بە خوێنەر بناسێنێ.(ل. 13)

کاتێک دەست بە خوێندنەوەی کوردستان و کورد دەکەین، دەست بەجێ دەزانین کە ئەم کتێبە بە پێی یاساکانی نووسینی ئاکادێمیکە و دەتوانێ وەک کتێبی وانەیی بگوترێتەوە. دیارە ئەم کتێبە بە گوتەی خودی دانەر “باسێکی ئابووریی سیاسییە” بەڵام ناچار‌بووە “بەشی یەکەمی بۆ باسێکی جوغرافیایی ومێژوویی” تەرخان بکا.(ل. 13)

کتێبی کوردستان و کورد جیا لە پێشەکی بۆ چاپی کوردی و پێشەکی بۆ چاپی ئینگلیسی، سێزدە فەسڵ و هەر فەسڵێک چەندین بڕگە و بابەت لەخۆ دەگرێ. خودی نووسینەکە لە پێڕست هەتا ژێدەرەکان 306 لاپەڕەیە. نووسەر لە فەسڵی یەکەم بە باسی جوغڕافیا و ئاو و هەوا و دانیشتووان دەست پێدەکا هەتا بە چواردەورەی کوردستاندا دەخولێتەوە و باسێکی مێژویی- سیاسی- ئابووری و کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکا و زور چەمکی وەک ناسێۆنالیزم، داگیرکەر، شۆوێنیست، سۆسیالیزم، مارکسیزم، ئیمپریالیزم، مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بە فراوانی بەکار دێنێ. نووسەر لە ئاخر و لە کۆتاییی کتێبەکەیدا “ئەنجام”گیرییەک دەکا.

هەوەڵ پاڕاگرافی کتێبی کوردستان و کورد بەوە دەست پێ دەکا:

“کوردستان، وڵاتی کوردان لە ئاسیای ڕۆژئاوا، کەوتووەتە بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەوڵەتێکی سەربەخۆی لێ پێک نەهاتووە، چونکە خاکی کوردستان لە نێوان ئێران و عیراق و تورکیا و سووریادا بەش کراوە. وشەی کوردستان بە ڕەسمی و بە شێوەیەکی نێونەتەوایەتی دانی پێدا نەنراوە و لە نەخشە و کتێبە جوغرافیایییەکاندا بەرچاو ناکەوێ. وشەی کوردستان بێجگە لە ئێران کە تەنیا بۆ ناوچەی سنە بەکاری دێنن، لە هیچ شوێنێکی تر بەڕەسمی بەکار نابرێ. “(ل. 15)

سەبارەت بە ئاماری دانیشتووانی کوردستان نووسەر باس لەوە دەکا کە چۆن دوای کوشتاری 1920 و 1930 لە تورکیا، زمانی کوردی قەدەغە دەکرێ و کورد بە تورکی کێوی دادەندرێ و زۆر کورد بە تورک لەقەڵم دەدرێن. قاسملوو دەنووسێ:

“بەم جۆرە بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە لەبارەی کوردەکانی تورکیاوە ناتوانین ئاگادارییەکی ئەوتۆ لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە وەربگرین کە دڵمان ئاوی لێ بخواتەوە. لە ئێرانیش کە حکوومەت کوردەکان بە ئێرانی، واتە فارس دادەنێ، بەڵکوو بە ئێرانییەکیان دادەنێ کە خوێنی پاکی ئێرانی لە دەمارەکانیان دا دەجووڵێ، هەر ئەو نەخش و نیگارەمان دێتە بەرچاو.

شۆوێنیزمی پان تورکیست و پان ئێرانیستەکان کە شانازی بە مەزنایەتیی رابردوویانەوە دەکەن، کارێکی وای کردووە کە بە هیچ جۆرێک، ئەژمارەیەکی ڕەسمیی راست لەبارەی ژمارەی کورد لەو دوو وڵاتەدا دەست ناکەوێ.” (ل. 23)

لە ئاخر دێڕەکانی کوردستان و کورد لە سەر باسی دانیشتووان و ئاماری کوردستان دا هاتووە:

“سەدا هەشتاوپێنجی دانیشتوانی کوردستان کوردە و ئەوەکەی دیکە دەتوانین بەم جۆڕە دابنێین: ٤٠٠٠٠٠ تورک، ٣٠٠٠٠٠ ئازەربایجانی، ١٥٠٠٠٠ فارس، ٢٥٠٠٠٠ عەڕەب، و ٢٠٠٠٠٠ کەس لە هۆزەکانی دیکە وەک تورکمان و ئاسوری و ئەرمەنی. […] گەورەترین شاری کوردستان کرماشانە لە ئێران کە ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە ١٥٠٠٠٠ کەس، پاشان کەرکووک لە عێراق، ٧٨٦٤٨ کەس و دیاربەکر لە تورکیا ٦٣١٠٨ کەس.٭”

لە پەڕاوێزێک کە بۆ ئەم پاڕاگرافە داندراوە دوکتور قاسملوو دەنووسێ:

“شۆوێنیستە مەزنیخوازەکانی تورکیا، بێهوودە هەوڵ دەدەن ئیسبات بکەن کەرکووک شارێکی تورکمانی واتە تورکییە. شتێکی ئاشکراشە کە شاری کەرکووک شارێکی زۆر کۆنی کوردە و هەمیشە زۆربەی دانیشتووانی کورد بوون. […]” (ل. 27)

نووسەر لە بەشی “زمان و ئەەب”دا، باس لە فەرهەنگی لەمێژینە دەکا و ئاماژە بەوە دەکا کە کورد سەردەمانێک ژیانی سەربەخۆیان بووە و دوور لە دەسەڵاتی بێگانە ژیاون:

“نەتەوەی کورد شانازیی فەرهەنگێکی لەمێژینەی هەیە، بەڵام داگیرکەرە بێگانەکان بەتایبەتی تورک و فارسەکان کە نەخشەی بێشەرمانەی تواندنەوەی کوردیان بەدەستەوەیە، بەرهەمە فەرهەنگییەکانی کوردیان یا داگیر کردووە یا لەناویان بردوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا […] پاشماوەی سەردەمەکانی ڕابردوو دەریدەخا کە کوردە “کێویژییەکان”ی ئەمڕۆ شارستانیەتیەکی پێشکەوتوویان هەبووە و بە ژیانێکی سەربەخۆو دوور لە دەسەڵاتی بێگانە ژیاون.” (ل. 32)

قاسملوو لەسەر هەمان باس بەردەوام دەبێ و دەنووسێ:

“ئەدەبی کوردی پڕە لە چیرۆکی نەتەوایەتی. ئێستا دەتوانین زۆر شێعری ئەوتۆ پەیدا بکەین کە بۆ چەرخی حەڤدە دەگەڕێتەوە و باسی بەربەرەکانێی پەلاماری عەرەب دەکا. سەیر ئەوەیە ئەو شێعرانە کە بە زمانی ئەو ڕۆژگارە نووسراون، ئێستاش خەڵک تێیان دەگا.” (ل. 33)

لە فەسڵی دووهەمدا سەبارەت بە ڕەسەنی کورد دوکتور قاسملوو دەنووسێ:

” نەتەوەی کورد دەچێتە سەر کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە لانکی شارستانیەتی کۆن دەناسرێ.[…] هێندێک لە “مێژووناسان” بە ئانقەست راستییە مێژوویییەکان بەراوەژوو نیشان دەدەن، بۆ ئەوەی بەهێنانەوەی هێندێ بەڵگەی بێ ئەساس، ئیسبات بکەن کە کورد لە ڕەگەزی سامییە یان تورکە. هێندێکی تر خزمایەتیی نێوان زمانی فارسی و کوردی و ئەوە کە هەر دوو زمانەکە دەچنەوە سەر لقی زمانە ئێرانییەکان دەکەنە بەڵگەی ئەوە کە کورد بە فارس دابنێن. بە کورتی دان بە بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ دانانێن و پەرەئەستاندنی مێژوو بەراوەژوو نیشان دەدەن.” (ل. 37)

‌لە لاپەڕە 41 ی کوردستان و کورد دا سەبارەت بە کورد لە سەدەکانی نێوەڕاستدا هاتووە:

“لە پاش چەند شەڕێکی سەخت لە ماوەی نێوان ١٧٥٢-١٧٩٥ دا بنەماڵەیەکی پاشایەتیی گەورەی کورد بە سەرۆکایەتیی کەریم خانی زەند لە ئێراندا دامەزرا. […] بەڵام هەروەک سەلاحەدین بوو بە سەرداری چەند نەتەوەی تر، کەریم خانیش بوو بە فەرمانڕەوای هەموو ئێران. […]”

دوکتور قاسملوو لە “فەسڵی دووهەم، ئاوڕێک بۆ سەر مێژوو”دا، باسی زۆر لە ڕاپەڕینەکانی کورد دەکا کە بو “ڕزگاری” بوون؛ لەوانیش میری ڕاوەندز، شۆڕشی شێخ عبیدالەی شەمزینی، یەزدانشێر و هتد. (ل.37-47)

لە فەسڵی سێهەمدا، د. قاسملوو باس لە دابەشکردنی کوردستان دەکا و بەشێکی زۆر لە باسەکەی لەسەر ڕاپەڕینەکانی کورد و چۆنێتیی بەرانگاربوونەوەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و یەک لەوان تورکیەیە. کاتێک باسی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی 1925ی شێخ سەعید دەکا دەنووسێ:

“هێزەکانی تورکیا وەک لەشکرێکی ئیمپریالیستی دەستیان کرد بە خاپوورکردنی کوردستان. هەزاران هاونیشتمانیی بێ تاوان کوژران کە زۆریشیان ژن و منداڵ لەنێودا بوون، ٢٠٦ دێ وێران کرا، ٨٧٥٨خانوو سوتێندرا و ١٥٢٠٠ کەس کوژران. ئەو ڕاپەڕینە ٢٠ میلیۆن لیرەی زیان لە حکوومەتی تورکیا دا. ئەوانە بوون ئەو ڕێگا گڵاوانەی کەحکوومەتی تورکیا بۆ دامرکاندنەوەی راپەڕین گرتبوونیە پێش. کار گەیشتە رادەیەک کە رۆژنامەی (وقت) بە بێ شەرمی یەوە نووسی: “لە هەر جێیەک سەرنێزەی تورک هەبێ، مەسەلەی کورد نیە”.” (ل. 57)

لە سەرانسەری ئەم کتێبەدا کە ساڵی 1963 بۆ ئورووپاییەکان نووسراوە تا کورد و کوردستان بناسن، دەنگێک ڕوو بە جیهان دەڵێ کورد لە تورکیا زوڵمی لێ دەکرێ، کورد لە عیراق زوڵمی لێ دەکرێ، کورد لە سووریا زوڵمی لێ دەکرێ، کورد لە ئێران زوڵمی لێ دەکرێ. له سەرانسەری ئەم کتێبەدا پشتی شۆڕشەکانی کورد لە هەر چوار پارچە گیراوە و دەنگێک بە ئاشکرا دەڵێ ئێمە یەک نەتەوەین و دابەش کراوین و سەربەخۆیی مافی خۆمانە. لە هیچ کوێی ئەم کتێبەدا شتێک دژی بەشێکی دیکەی کوردستان نەنوسراوە، بگرە لە هەر کوێ سەرکەوتنێک بووبێ، وەک هەنگاوێک بەرەو پێش چوون دیتراوە کە یارمەتیی هەموو پارچەکانی دیکە دەکا. گەواهیی ئەم بۆچوونەم لاپەڕەکانی “دوا قسە بۆ چاپی کوردی”یە کە ڕۆحی کوردایەتیی ناو کتێبەکە تێیدا چەند قات بەرجەستە دەکرێتەوە. واتە لەم چەند لاپەڕەیەدا (295 هەتا 298)، نووسەر پێداگری لەسەر مافی کورد لە هەر پارچەیەک دەکا و بەیانییەی یەکی مارسی ساڵی 1970 وەک هەنگاوێک بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مافانە لە گۆشەیەکی کوردستاندا دەبینێ و پێی وایە دابینکردنی مافی کورد تەنیا ڕێگای گەیشتن بە ئاشتی و برایەتییە، و دەنووسێ:

“سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە بۆ چارەنووسی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان یەکجار زۆر گرنگە. گەلی کورد لە ئێران و تورکیا و سووریا بە ئاواتەوە سەیری وەزعی کوردستانی عیراق دەکا و هیوای ئەوەیە کە حیزبی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی کە هێندێ هەنگاوی زور بەنرخی وەک میللی کردنی نەوتی کەرکووک، دانانی پەیماننامەی نیشتمانی و ڕێگا خۆش کردن بۆ پێکهێنانی بەرەی نیشتمانی لەنێو هێزە نیشتمانی و دێموکراتییەکانی عیراقدا هەڵێناوەتەوە، پێکەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی جوڵانەوەی گەلی کورد لە کوردستانی عیراق، گیروگرفتی کورد لە عیراق بە شێوەیەکی دێموکراتی و بە ئاشتی و تاسەر چارەسەر بکەن.” (ل. 298)

مێژوویەکی پڕ لە پرسیار و ناحەقی و نامێهرەبانی کە بەشێکی زۆری دەستکردی داگیرکەران بووە و ئێمەیان لێک دوژمن کردووە، بەڵام کوردستان و کوردی قاسملوو پێمان دەڵێ کە قاسملوو وەک ڕێبەرێکی سیاسی نەک کێبەرکێی لەگەڵ بەشەکانی تری نیشتمان نەبووە، بگرە ئەوەی لە دەستی هاتووە کردوویەتی، و کتێبەکەشی لە ساڵی ١٩٦٣دا  ڕوو بە ئورووپاییەکان هەر بۆ خزمەت بە سەربەخۆییی کورد بووە. سەربەخۆییخوازیی دوکتور قاسملوو لە کوردستان و کورددا پەنگی داوەتەوە و دەنووسێ:

“کوردیش وەک هەموو نەتەوەیەک مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەیە. سروشتێکی تایبەتی کە لە مەسەلەی کورددا هەیە ئەوەیە کە مەسەلەکە بۆ کورد تەنیا جیابوونەوە نیە، بەڵکوو پێش هەموو شتێک یەکگرتنەوەیە. بۆ نموونە جێبەجێ کردنی مافی دانانی چارەنووس لە عیراق مانای جیابوونەوەی کوردستانی عیراق نیە، بەڵکوو یەکگرتنەوەی کوردستانی عیراق لەگەڵ کوردستانی ئێران و تورکیایە. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە باسی بکەین مافی نەتەوەی کوردە بۆ یەکگرتنەوە لەنێو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا. ئەگەر هەلومەرجی کوردستان وەک لە فەسڵی پێشوودا باسمان کرد لەبەر چاو بگرین، بیری یەکگرتنەوەی گەلی کورد لە یەکەم روانیندا بە شتێکی خەیەڵی دێتە بەرچاو. ئێمە لەمەودوا دێینەوە سەر ئەو مەسەلەیە. بەڵام هەر ئەندازە یەکگرتنەوەی کوردستان دوور و ناڕاست بێتە پێش چاو، هەق ئەوەیە دانی پێدا بنرێ کە کورد مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەیە. چونکە ئیعتراف بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەموو نەتەوەیەک بەبێ جیاوازی‌ و بێ لەبەرچاوگرتنی زۆر و کەمیی نەتەوەکە و قۆناخی پێشکەوتنی ئەو وڵاتەی نەتەوەکەی تێدا دەژی، ئیعترافە بە ئوسوولی ئینتێرناسیۆنالیستی ‌و مافی وەک یەک بوونی نەتەوەکان. ئەوە کە هەلومەرجی عەینی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەیە یان نییە، ئەوە کە سەربەخۆبوونی نەتەوەیەک، یا مانەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا لەگەڵ چەند نەتەوەیەکی‌تر لایەنی باش یا خراپی هەیە، ئەوە کە نەتەوەیەک لەو مافەی خۆی کەڵک وەردەگرێ یان نا و ئەوە کە ئەو داخوازە لە سێبەری رێژیمی سەرمایەدارییشدا جێبەجێ دەبێ، یا تەنیا لە رێژیمی سۆسیالیستیدا، هیچ کام لەوانە نابێ ببنە هۆی ئەوە کە حاشا لەوە بکرێ کە هەموو نەتەوەیەک مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی‌و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەیە. پەروەردەکردنی ئەنتێرناسیۆنالیستی زەحمەتکێشانی وڵاتە زۆردارەکان دەبێ زیاتر لەسەر ئەو نوختەیە بێ کە مافی جیابوونەوەی وڵاتە زۆرلێکراوەکان رابگەیەنن و پشتیوانیی لێ بکەن. ئەم داخوازە ئەملاو ئەولای نیە، تەنانەت ئەگەر جیابوونەوە پێش سۆسیالیزم لە هەزار حاڵ لە یەک حاڵ‌دا ئیمکانی وەدیهاتنی هەبێ.” هەر بۆیەشە کە حیزبەکانی چینی کرێکار لە کوردستان سەرەڕای ئەو وەزعە سەخت و نالەبارە دروشمی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کوردیان بەرز کردۆتەوە.” (ل. 276 هەتا 277)

نووسەر سێ لە چواری کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ باسی کورد لە تورکیە، سووریا، عیراق. لە هەر فەسڵێک هەوەڵ باسی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکا و دوایە دێتە سەر باسی کورد لە ئێران. نووسەر بە عەشق و ئەوین باسی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکا. لەسەرانسەری کتێبەکەدا، داکۆکی لە حیزبەکانی پارچەکانی دیکە دەکا و قامک بۆ چاوچنۆکیی ئیمپریالیسم و ئینگلیس و فەڕانسە و داگیر کەران ڕادەدێرێ.

هەمیشە دوو لایەن قاسملوو تاوانبار دەکەن؛ ئەوانەی دەڵێن قاسملوو زۆر چەپ‌ بووە و باوەڕی بە کوردایەتی و ناسیۆنالیزم نەبووە، و ئەوانەی کە پێیان وایە قاسملوو کوڕە دەوڵەمەندێک بووە و باوەڕی بە کۆمۆنیزم نەبووە. بەڵام کوردستان و کورد پێمان دەڵێ کە قاسملوو وەک کوردێکی چەپ باوەڕی بە سۆسیالیزم و مافی سەربەخۆیی بووە:

“هێندێک جار داخوازیی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد بە دڵخوازێکی کۆنەپەرەستانە دادەنرێ و کۆمۆنیستەکان دێنێتە سەر ئەو باوەرە کە بەرهەڵستیی بکەن. ئەوانەی خاوەنی ئەم هەڵوێستەن، زۆرجار ئەوە دەکەنە بیانوو کە دەترسن دەرەبەگەکان لەو دەوڵەتەدا دەسەڵات بگرنەدەست و دیارە ئەوانیش دوژمنی دێمۆکراتی و سۆسیالیزمن و بەم جۆرە کوردستان دەبێتە قەڵای کۆنەپەرەستی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا. بەڵام ئەو هەڵوێستە بە تەواوی هەڵوێستێکی ناڕاستە و لە تێنەگەیشتنی باری ئێستای کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ. [….] نابێ لە بیرمان بچێ کە دەوڵەتی سەربەخۆی کورد، بەبێ خەباتێکی رزگاریخوازیی سەخت کە بورژوازیی نیشتمانی و هێزە شۆڕشگیڕەکان نەخشی سەرەکیی تێدا وەئەستۆ دەگرن، دانامەزرێ.” (ل 278)

یا لە وڵامی چەپەکاندا کە بیانوو دێننەوە دەنووسێ:

“وا دێتە بەرچاو کە جیابوونەوەی کوردستان دەبێتە هۆی پێکهاتنی دەوڵەتیکی بچووک و لەباری ئابوورییەوە لاواز، کە ئەوەش لەباری پەرەئەستاندنی ئابوورییەوە پەسەند نیە. بەڵام بێجگە لەوە کە هەر ئێستا زۆر دەوڵەتی لە کوردستان بچووکتر هەن، سەربەخۆییی نەتەوایەتی هیچ کاتێک نابێتە کۆسپ لەسەر رێگای یەکیەتیی ئابووری لە داهاتوودا، یا پێکهێنانی کۆمەڵێکی ئابووریی گەورە کە چەند دەوڵەتێک لەخۆیدا کۆ بکاتەوە.[…]” (ل.281)

قاسملوو  لە کوردستان و کورددا، ئاکادێمیسییەنێکی کارامە و ڕێبەرێکی مەیدانی عەمەلە. دوکتور قاسملوو بە فکر چەپ بوو و پێی وا بوو تا لە لایەک ئەم ئیمپریالیزمە دڕه هەبێ، سەختە کورد بە مافەکانی بگا و لە لایەکی‌تر، داگیرکەرانی شۆوێنیستی دەدی و لە دەنگی ئورووپایییەکان بۆ کێشەی کورد دەگەڕا.

بە پێچەوانەی ڕەخنەگرانی هەر دوو بوار کە پێشتر باسمان کرد، کوردستان و کورد پێمان دەڵێ کە قاسملوو، کوردستانی بوو؛ کوردستانییەکی چەپ کە ئەوەی بۆی کرا کردی و گیانی لەسەر دانا. ڕەنگە گەورەترین ڕەخنە لە قاسملوو ئەوە بێ بۆ تەنیا و بێ پەروا بۆ وتووێژ چوو و ئێستا مابا زۆر شت لەسەر پاشنەیەکی دیکە دەسووڕا.

لە کردەوە و لە مەیدانی سیاسەتیشدا، دیارە کە دوکتور قاسملوو بێ ڕەخنە نەبووە، بەڵام کێ هەیە ڕەخنەی لەسەر نەبێ. ئێمە تەنیا دەبێ لە ڕابردوو دەرس وەربگرین و بگەینە سەربەخۆیی و کەرامەتی تاک و نەتەوەییمان. هەمان سەربەخۆیی کە ئاواتی دوکتور قاسملوو و زۆر ڕێبەر و پێشمەرگەی شەهیدی هەر چوارپارچەی کوردستان بووە. کوردستان و کورد لە تاراوگە نووسرا و گەڕانەوەیەک بوو بۆ دایک و بۆ زێد. دەقێک بۆ بەڕەسمییەت ناسینی مافی کوردستانیان و ئاسوودەییی نیشتمانی دایک.

ژێدەرەکان:

کوردستان و کورد. وەرگێڕ، ماموستا حەسەن زادە. کتێبفرۆشی هەرزان، ٢٠٠٤، ستۆکهۆڵم.

Auerbach, Mimsses 1999

Kristeva, Fasans makt 1990.