ئارامتر بخوێنەوە!
لێکۆڵینەوەی ڕێژیمەکانی سووتانی دارستانەکانی کوردستان بە پێی کەڵک وەرگرتن لە MODIS و Remote Sensing
ژیلوان بانان
“سەرەڕای کاریگەریی لە سەر ژینگە، دیاردەی ئاگر کەوتنەوە لە ڕوانگەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئاسایش و سیاسیشەوە زۆر بە گرنگ ئەژمار دەکرێت و لە زۆربەی وڵاتەکان، وەکوو یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئاگر ئەتوانێت هۆکاری کۆچ کردنی دانیشتوانی یەک ناوچە بێت و هەروەها فاکتەرێکی زۆر کاریگەرە لە سەر هەمەجۆری و شێوازی دەرکەوتن و بڵاو بوونەوەی گژوگیاکان. هەروەها ئاگر هۆکارێکی گرنگە لە زیادبوونی ڕێژەی گازە مەترسیدارەکان.“
ئاماژە
هەر چەند مرۆڤ لە زۆر بواردا پێش کەوتووە و تا ڕادەیەکی زۆر بە سەر ژینگەیدا زاڵ بووە، بەڵام هێشتاکەش لە هەمبەر بڕێک ڕووداوی سروشتی و لەوانە، ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و چیاکاندا لاوازە و ناتوانێت ئەو ڕووداوانە کۆنترۆڵ بکات و پێش بە زیانەکانی بگرێت؛ بەڵام بەم حاڵەشەوە بە هۆی ئەو تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووەی کە لەبەردەستە، هەوڵی داوە ڕێژەی زیانەکان و بەربڵاویی ئەو ڕووداوانە کەم بکاتەوە و بە تاوتوێی دروست ڕەفتار و چۆنیەتیی ڕوودانیان، پیشبینی بکات کە چۆن بە شێوازێکی کارامەتر بەرنگاریان بێتەوە. لەم وتارەدا ئێمە دوای خوێندنەوەیەکی تیۆرێک بۆ دیاردەی ئاگر و دەستەبەندیی جۆرەکانی رێجیمی ئاگر و تاوتوێ کردنی ڕەفتاری ئاگر لە کات و شوێنی جیاوازدا، بۆ ئەو نەخشەیەی کە لەسەر مەترسیی ئاگر بەپێی ڕێژەی سووتەمەنیی گۆڕەپانی دارستانەکان لە پارێزگای کرماشان ئامادە کراوە، خوێندنەوەمان دەبێت و نیشانی دەدەین کە کەڵک وەرگرتن لەو داتا و ئامارانەی کە لە ڕێگای تەکنۆلۆجیا نوێیەکانەوە بە تایبەت داتاکانی مانگی دەسکردی مۆدیس (MODIS) و زانستی دوورپێوی (Remote Sensing) بە دەست دێن، چۆن دەتوانن بۆ بەرنگاربوونەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستان یارمەتیدەرمان بن.
وشە سەرەکییەکان
ئاگر، دارستان، داتا، Remote Sensing ,MODIS,
پێشەکی
مێژووی ئەم گەردوونە پیرە سەلماندویەتی کە ژینگە قەت ناتوانێت بە تەواوی خۆی لە ڕووداوە سروشتییەکان دەرباز بکات و زۆربەی گۆڕانکارییە وەرچەرخێنەرەکانی زەوییش، لە ژێر کاریگەریی ئەم ڕووداوانەدا بووە. هەروەها ئەزموونە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان باس لەوە دەکەن کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ڕووداوە سروشتییەکان مەحاڵە یان بە لانی کەم زۆر ئەستەمە. بەڵام ئەم ڕاستییە ناتوانێت ببێتە هۆی سڕبوونی چالاکیی خەمخۆرانی ژینگە و بە گشتی مرۆڤ و، ئەکرێت لە ڕێگای بەدواداچوونی پێشوەختەوە، بە ڕەچاو کردن و داڕژاندنی هەندێک ستراتێجیی زانستی و زیرەک، کارەساتەکان پێشبینی بکرێن تا بەو شیوەیە بتوانین بە لانی کەم، ئەگەری بەرکەوتن و ڕێژەی زیانەکان کەم بکەینەوە بۆ کەمترین ئاست. بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنانی داتا و زانستە جۆگرافیایییەکان، دەورێکی زۆر بەرچاو دەبینن لە بەڕیوەبردن و کۆنترۆڵی کارەساتە سروشتییەکان و هەروەها کەم کردنەوەی ئاستی زیانەکانیان کە لە درێژەی بابەتەکەدا باس دەکرێت.
کارەسات یان ڕووداوە سروشتییەکان لە ڕاستیدا پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و چەندڕەهەندین کە هەموو ڕووبەری سەر گۆی زەوی دەگرنەوە و لە هەر شوێنیک بە شێوازێک کاریگەریی خۆیان دەسەپێنن. بان یان فەلاتی ئێران2 دۆخێکی جۆگرافیاییی تایبەتی هەیە و زۆربەی ڕووداوە سروشتییەکان وەکوو بوومەلەرزە، لافاو، وشکەساڵی، هەرەسی زەوی، زریان، و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانی تێدا بەدی دەکرێت. ئەم ڕووداوانە دەکرێت بە چەند شێوە پۆلێن بکرێن. دەکرێت لە سەر بنەمای هۆکاری ڕوودانیان پۆلێن بکرێن، کە بریتین لە:
- ئەو ڕووداوانەی تەنها سروشتین (وەکوو بوومە لەرزە)،
2) ئەو ڕووداوانەی تەنها مرۆڤ هۆکاریەتی (هەرەس کردنی شاخ بۆ دروست کردنی ڕێگەی هاتوچۆ)،
3) ئەو ڕووداوانەی کە یا سروشتین یان بە هۆی هەڵەی مرۆڤەوە ڕوو دەدەن ( ئاگر کەوتنەوە لە دارستان).
هەروەها دەکرێت ڕووداوەکان لە سەر بنەمای خێراییی ڕوودانیان پۆلێن بکرێن. هەندێ لە ڕووداوەکان وەکوو بوومەلەرزە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕوودەدەن و دەتوانێت کارەساتێکی زۆر گەورە بخولقێنێت، بەڵام هەندیکی تریان، وەکوو لافاو یان هەرەسی زەوی، ئارامتر ڕوودەدەن و دەکرێت ئامادەکاریی بۆ بکرێت و تەنانەت پێشوەخت پێشبینی بکرێن و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین یان بەرگیری لە ڕوودانیان بکەین.
بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 80%ی بانی ئێران ئەگەری لێ کەوتنی بوومەلەرزەی هەیە. لافاوی خولی یان دەورەیی یەکێکی تر لەو دیاردانەیە کە زۆربەی کات بە هۆی دەستوەردانی مرۆڤ بۆسەر ڕووبەری زەوی ڕوودەدات و لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران دا بووەتە هۆی زیانی گەورە. دیاردەکانی تریش وەکوو ئاگر، وشکەساڵی، زریان، و هەرەس کردنی زەوی، ساڵانە دەبنە هۆی زیانی گیانی و فیزیکی بۆ سەر کۆمەڵگا و دیمەنە سروشتییەکان.
ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پاوان، یەکێکی تر لەو ڕووداوە سروشتیتانەیە کە لە زۆربەی دارستانەکانی سەر زەوی ڕوو دەدات. ئاستی دژواری و زیانی ئەم دیاردەیە دەکرێت کەم بێت و ڕووبەرێکی بچووک لە خۆ بگرێت، یان زۆر فراوان بێت و زیانێكی زۆر گەورە ڕووبەرووی ژینگە بکاتەوە.
هاوکات بوونی کەشوهەوای گونجاو لە گەڵ هەبوونی سووتەمەنیی پێویست(پووشی چڕوپڕ و داری وشک) لە ناو دارستانەکاندا، ئەتوانێت دۆخێک بڕەخسێنێت کە ئاگرێکی ئاسایی لە ماوەی پازدە بۆ بیست خولەکدا ببێتە کارەساتێکی گەورە کە کاریگەریی زۆر نەرێنی بخاتە سەر شوێنی ڕووداوەکە. بەو هۆیەوە زۆر گرنگە کە ئەو ناوچانەی کە بە هۆی زۆربوونی سووتەمەنییەوە، دەرەتانی ڕوودان و بڵاوبوونەوەی ئاگر تیایاندا زۆرە، دیاری بکرێن و هەر وەها ئەو کاتانەی کە بە هۆی کەشوهەواوە ئەگەری ڕوودانی ئاگر زیاترە تۆمار بکرێن و لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی زانستییانە و بە وردی وەکوو نەخشەی ئەگەری لێکەوتنەوەی ئاگر، بخرێتە بەر دەستی بەرێوەبەران و کاربەدەستان تاکوو بتوانن بە دروستترین شێوە لەو بارەیەوە بڕیار بدەن. نەخشەیەکی ورد کە لە سەر زانیاریی باوەرپێکراو ئامادە بووبێت ئەتوانێ بێتە هانای بەڕێوەبەرانەوە تا بتوانن خەمڵاندنێکی باش بۆ شوێن و کاتی لێکەوتنەوەی ئاگر لە ڕووبەری دارستانەکاندا بکەن.
لەم ساڵانەی ڕابردوودا دیاردەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پاوان یەکێک بووە لەو ئەستەم و کۆسپە زۆر گەورانەی کە بەرانبەر دارستانەکانی زاگرۆس بووەتەوە و ڕووبەرێکی زۆر فراوانی لە ناو بردوە. کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم ڕووداوانە لە سەر ژینگە و ئیکۆسیستەمی ئەم دارستانانە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر خۆی دەنوێنێت و پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و هەروەها چالاکوانانی بواری ژینگە بە زووترین کات هەوڵێکی هەمەلایەنە بخەنە گەڕ بۆ ڕاگرتن و کۆنترۆڵ کردنی ئەم زیانە گەورەیە.
سەرەڕای کاریگەریی لە سەر ژینگە، دیاردەی ئاگر کەوتنەوە لە ڕوانگەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئاسایش و سیاسیشەوە زۆر بە گرنگ ئەژمار دەکرێت و لە زۆربەی وڵاتەکان، وەکوو یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت [1،2]. ئاگر ئەتوانێت هۆکاری کۆچ کردنی دانیشتوانی یەک ناوچە بێت و هەروەها فاکتەرێکی زۆر کاریگەرە لە سەر هەمەجۆری و شێوازی دەرکەوتن و بڵاو بوونەوەی گژوگیاکان [3]. هەروەها ئاگر هۆکارێکی گرنگە لە زیادبوونی ڕێژەی گازە مەترسیدارەکان [4].
١. ڕیجیمەکانی سووتانی دارستانەکان
هەندێک لە ڕەهەندەکانی ئاگر وەکوو چەندجاربوونەوە یان فرێکانس، وەرزی ڕوودانیان، قەبارە و توندی و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی، بگۆڕە بەڵام بە تێبینیکردنی بۆ ماوەیەکی درێژ، دەبینرێت کە ئاگریش پەیڕەوی لە ژمارەیەک مۆدێل یان ڕەفتاری گشتیتر دەکات کە پێان دەوترێت رێجیمەکانی ئاگر. یەکەم توێژینەوە بۆ پۆلێن کردن و دەستەبەرکردنی ئەم جۆرە مۆدێلانە سەبارەت بە ئاگری دارستانەکان لە 1980ی زایینی، لە ئەمریکای باکوور بەڕێوە چووە.
بە هۆی بگۆڕ بوونی دیاردەی سووتانی دارستان و کاریگەری وەرگرتنی لە کات و شوێن، ئەو پێناسانەی بۆ رێجیمی ئاگر دەکرێن زۆر گشتین، بەڵام چەمکێکی بەسوود ئەژمار دەکرێت بۆ پۆلێن کردن و ڕیزبەندی کردنی ئەو دیاردە ئاڵۆز و چەند ڕەهەندییە. لە سایکلۆپێدیای سووتانی دارستاندا ئەم رێجیمانە دابەشکراونەتە سەر سێ دەستەی گشتی، 1) سووتانی تاجی دارەکان (پێکهاتەی گەڵا و لقی دارەکان)، 2) سووتانی ڕووەچین یان ڕووکەشی سەر زەوی، 3) سووتانی ژێر ڕووکەشی زەوی [5]. شایەنی باسە کە جۆرە سووتانێکی تریش هەیە کە بە مەبەستێکی تایبەت و لە ژێر چاودێریدا ڕودەدا کە پێی دەوترێت سووتاندن یان ئاگری چاودێری کراو.
١. ١. ڕێجیمی سووتانی تاجی دارەکان
لەم جۆرە رێجیمەدا، تاجی دارەکان، بنکی دار و هەر وەها ڕووکەشی زەویی دارستانەکان دەسووتێت. لەم جۆرە ئاگرەدا لەسەداسەدی دارستانەکە تووشی بەرکەوتنی جیدیی دەبێتەوە. پێکهاتە ئەندامی یان ئۆرگانیکەکانی خاک دەسووتێن و لە ناو دەچن و تەنها ناوچەیەکی بێ گیان و ڕەش لە دارستانەکە دەمێنێتەوە. لەم ڕێجیمەدا هەندێ جار ئاستی وزەی گەرما دەگاتە W/2m150،000، کە زۆر زۆر زیاترە لەو ئاستەی کە لە ڕێجیمی سووتانی ڕووکەشی دا دروست دەبێت [11]. وێنەی ژمارە (1) پیشاندەری نموونەیەک لەو جۆرە ئاگرانەیە. لە دارستانەکانی زاگرۆسیشدا، بە تایبەت دارستانەکانی مەریوان، پاوە، جوانڕۆ، سەوڵاوا، و هتد، ئەم جۆرە ئاگرانە بەدی دەکرێت کە زیانێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچانە گەیاندووە.
وێنەی 1) ڕێجیمی سووتانی تاجی دار
٢. ١. رێجیمی سووتانی ڕووەچین
لەم جۆرە ڕێجیمەدا، ئاگر تەنها ڕووکەشی زەویی دارستانەکە دەسووتێنێت و زیانێکی بەرچاو بە دارەکان ناگەیێنێت و بەرزترین ئاستی وزەی گەرمی لەم ڕێجیمەدا لە 15،000 W/m2 تێناپەڕێت [6]. ئەگەرچی ڕووەکە نزم و ناسکەکان لە ناو دەبات و هەندێ کاتیش بنکی دارەکانیش بریندار دەکات، بەڵام بە گشتی ئەم جۆرە ئاگەرە زۆر بە هێز نیە و پێکهاتە سەرەکییەکانی دارستان لە ناو نابات و چینە ئەندامییەکانیش پاش ماوەیەک ئەبووژێنەوە. وێنەی ژمارە (2)پیشاندەری نموونەیەک لەو جۆرە ئاگرانەیە. ئەم جۆرە سووتانەش لە دارستانەکانی زاگرۆس زۆر بەدی دەکرێت.
وێنەی 2) ڕێجیمی سووتانی ڕووەچین
٣. ١. ڕێجیمی سووتانی ژێر ڕووکەشی زەوی
ئەم جۆرە ئاگرە بە ئارامی لە چینە ئەندامییەکانی سەر ڕووی زەوی و ژێر زەوی تێدەپەرێ و زیاتر وەکوو دووکەڵ دەبینرێت. وزەی گەرمی لەم جۆرە ڕێجیمەدا لە 10،000 W/m2تێپەر ناکات. وێنەی ژمارە (3) پیشاندەری نموونەیەک لەو جۆرە ئاگرانەیە. ئەم جۆرە سووتانە لە دارستانەکانی زاگرۆس کەمتر لەو دوو جۆرەکانی سەرەوە بەدی دەکرێت[6].
وێنەی 3) ڕێجیمی سووتانی ژێر ڕووکەشی زەوی
٢. توندیی ئاگر(Fire severity)
توندیی ئاگر یان توندیی سووتان، پێوەرێکی جۆرییە (qualitative index) بۆ پیشاندانی کاریگەرییەکانی ئاگر لە سەر ئیکۆسیستەم. ئەم پێوەرە تیشک دەخاتە سەر جۆری ڕێجیمی ئاگرەکان و ئاستی مەترسیدار بوونیان بۆ سەر ژینگە. ئەم پێوەرە، هەروەها، باس لە ڕێژەی سووتەمەنیی ناو دارستان، رەفتاری ئاگر، وزەی بڵیسەی ئاگرەکە، دۆخی خاک پێش و پاش ئاگرکەوتنەوەکە، و کاریگەرییەکانی ئاگر پاش سووتانی دارستان دەکات و بە گشتی وەکوو ناسنامەیەک بۆ ئەو ئاگرە ئەژمار دەکرێت [7].
بە مەبەستی چاودێری و پیشاندانی کەریگەرییەکانی ئاگر، هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی پێوەری توندیی ئاگرکەوتنەوەکە دەورێکی زۆر بەرچاو دەبینێت. ئاگرە چاودێریکراوەکان، پێش ڕوودان پلانیان بۆ دابین دەکرێت و لە ژیڕ چاودێری و بە پێی ستانداردێکی تایبەت بڵاو دەبنەوە و توندیی ئاگریان کەمە. ئەم جۆرە سووتاندنانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە ڕێژەی سووتەمەنی، ئاستی تەڕیی سووتەمەنی، و دۆخی کەشوهەوا لە دۆخێکی گونجاودا بن تا چاودێران بتوانن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ئاگر لە ئاراستەیەکی دیاریکراودا و بە هێزێکی سنووردار بڵاو بێتەوە (وێنەی ژمارە 4)، بە پێچەوانەوە ئەگەری هەیە کارەسات ڕوو بدات.
بە پێچەوانەی ئاگری چاودێریکراوەوە، سووتانی توند یان وەحشی، جۆرە ئاگرێکە کە ئاستی توندییەکەی زۆرە و کاتێک ڕوودەدات کە ڕێژەی سووتەمەنی، هێزی با و پلەی گەرمیی هەوا زۆر بێت و لەولاشەوە، ئاستی تەڕیی سووتەمەنی و تەڕیی هەوا کەم بێت. لەو دۆخە دا ئاگرکەوتنەوە زۆرترین کاریگەریی نەرێنیی لە سەر دارستان و بە گشتی ئیکۆسیستەمی ئەو ناوچەیە دەبێت.
وێنەی4 ) سووتاندنی چاودێریکراو
لە ڕابردوودا، توندیی ئاگر بە پۆلێنکردن و هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئاگر لەسەر سەرچاوەیەکی تایبەت پیوانە دەکرا، بۆ نموونە دەیانگوت چەند دار سووتاوە یان ڕووبەری سووتانەکە چەندە. بەڵام ئێستە پێوەرەکان زیاتر و وردترن و ئامرازی پێوانەکردنیش پێشکەوتووترن. ئێستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، بۆ پێوانەکردنی ئاستی توندیی ئاگر، ڕێژەی بەرکەوتنی تاجی دارەکان، بەرزیی ئاگر، ماوەی سووتان، و هەروەها قووڵیی سووتانیش بە وردی پێوانە دەکەن و پاشان لەسەر ئاستی توندیی ئاگر بڕیار دەدەن. سەرەڕای ئەمانەش، ئاستی تەڕیی سووتەمەنیی ناو دارستانەکانیش، وەکوو پێوەریکی بە سوود، بە کار دێت بۆ پێشبینی کردنی ئاستی توندیی ئاگر پێش ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەکان و بە کۆکردنەوەی زانیاریی دروست لە سەر ئاستی تەڕیی سووتەمەنیی دارستانەکان، دەکرێت پێشبینی بکەین کام ناوچە زیاتر مەترسیی سووتانی هەیە و تەنانەت دەکرێت خەمڵاندنیش بکەین بۆ ڕێژەی زیانەکان.
٣. ڕوودانی ئاگرکەتنەوە و بڵاوبوونەوەی
ڕوودان و بڵاوبوونەوەی ئاگر لە ناو پووش یان دارەکاندا پشت بە ژمارەیەک فاکتەری تایبەت دەبەستێ کە هەندێکیان نەگۆڕن (تۆپۆگرافی)، و هەندێ تریان نیوە بگۆڕن (ڕێژەی سووتەمەنی)، و هەندێکیان بگۆڕ یان دینامیکن (کەش و هەوا) [8]. بە پێی ئەم ڕیزبەندییە ژمارەیەک فاکتەری تایبەت لە دیاردەی ئاگرکەوتنەوە و خێراییی بڵاوبوونەوەی لە دارستانەکاندا دەوریان هەیە کە گرنگترینیان بریتین لە:
١) فاکتەری داگیرسێنەر: ئەم فاکتەرە دەکرێت سروشتی بێت (هەورە برووسکە، بەرز بوونی پلەی گەرمیی کەش و هەوا، بای گەرم ، و هتد)، یان نا سروشتی بێت (مرۆڤ، بەئەنقەست بێت یان نائەنقەست).
٢) جۆر و کوالێتیی پێکهاتە سەوزەکان واتە گژ و گیاکان: گژوگیای وشکتر واتە ئەگەری هەڵگیرسانی زیاتر.
٣) ڕێژەی باران بارین لە وەرزە جیاوازەکاندا: بارانی زیاتر واتە تەڕیی زیاتر و ئەگەری هەڵگیرسانی کەمتر و ڕێژەی پووشی چڕوپڕتر. بەڵام لەبەر ئەوەی لە هاویندازەوی وشک دەبێتەوە، ئەم فاکتەرە ئەتوانێت دەوری نەرێنیی هەبێت، لە بەر ئەوەی کە سووتەمەنی لە گۆڕەپانی دارستانەکەدا زیاترە.
٤) پلەی گەرمیی کەشوهەوا: ئەم فاکتەرە ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنیی هەیە و ئەتوانێت هەم ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی ئاگر هەم خێراتر بوونی بڵاوبوونەوەی لە بەر ئەوەی کە ڕێژەیەکی زۆر سووتەمەنی لە گۆڕەپانی دارستانەکاندا دروست دەکات.
٥) پلەی گەرمی و خێراییی با: بای گەرمیش وەکوو گەرمیی کەشوهەوا دوەر دەبینێت.
٦) بەرزیی ناوچەکە: بەرزیی ناوچەکە، پڕۆسەی کۆنترۆڵ کردنی ئاگر دژوار دەکاتەوە.
٧) لێژیی ناوچەکە: لێژیی ناوچەکە، پڕۆسەی کۆنترۆڵ کردنی ئاگر دژوار دەکات و هەر وەها خێراییی بڵاو بوونەوەی ئاگر زیاتر دەکات.
٨) هەڵکەوتەی ئاراستەی دیمەنی شاخەکان (واتە بەرەو کام ئاراستەی جوگرافیایین): ئەم فاکتەرە کار ئەکاتە سەر ئاراستەی بەرکەوتنی تیشکی خۆرەتاو و ئەو دیمەنانەی کە ڕوویان لە خۆرەتاوە گەرمای زیاتر وەرئەگرن و ئەگەری هەڵگیرسانی ئاگر تیایاندا زیاترە.
٩) بەردەستبوونی ناوچەکان (هەبوونی ڕێگەی هاتووچو، دووربوون یان نزیک بوونیان، و هتد). ڕێگەوبان لە لایەکەوە فاکتەرێکی ئەرێنی و بەسوود ئەژمار دەکرێت بۆ پڕۆسەی کۆنترۆڵ کردنی ئاگر، لە هەمان کاتدا، لە بەر دەستەبەر کردنی هاتوچۆی مرۆڤ، دەوری نەرێنی دەبینێت لەبەر ئەوەی مرۆڤ هۆکارێکی سەرەکیی داگیرسانی ئاگرە و زۆربەی ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس بە هۆی هەڵەی خەڵکەوە ڕوویانداوە، بە تایبەت ئەوانەی ناوچەی مەریوان و پاوە و جوانڕو. (ئەڵبەت وا تێبینی دەکرێت هاوکیشەی ئابووری و نەبوونی تێگەشتنێکی گونجاو لە نێوان دانیشتووانی ناوچەکە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیش لە کەوتنەوەی ئاگرەکاندا دەوری هەبووبێت).
دیارە بۆ دابین کردنی مۆدێلێکی کارامە بۆ دیاردەی مەترسیداری ئاگرکەوتنەوە، دەبێت هەر یەک لەو فاکتەرانەی سەرەوە بە وردی پیوانە بکرێن و لیێان بکۆڵرێتەوە تا ئەو مۆدێلە بتوانێت بە دروستی کات و شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان پێشبێنی بکات یان پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان ئاسانتر بکات؛ بە شێوەیەک کە ڕووبەڕووی کەمترین زیان بکەوینەوە. ئەم نووسراوەیە لەو ئاستەدا نییە کە هەموو ئەو فاکتەرانە بە وردی شرۆڤە بکات و تەنها بە کورتی لەسەر هەندێکیان دەدوێت.
لە زۆربەی وڵاتەکاندا بە هۆی گرنگ بوونی کاریگەریی ئاگر لە سەر ژینگە، ژمارەیەکی بەرچاو توێژینەوەی زانستی ئەنجام دراوە کە بەرهەمی زۆر گرنگیشی بە دواوە بوە. بە هۆی کاریگەری وەرگرتنی دیاردەی ئاگرکەوتنەوە لە ژمارەیەکی زۆر هۆکار و فاکتەری جۆراوجۆر و هەروەها لێکەوتە جۆراوجۆرەکانی، دەرەتانێکی گونجاو بۆ توێژینەوە ڕەخساوە و توێژەران توانیویانە و دەشتوانن لە هەموو ڕوانگەیەکەوە لەم بابەتە بکۆڵێنەوە.
هەر لە سەر ئەو بنەمایە، دەستەیەک لە توێژینەوەکان زیاتر جەخت لە سەر ناسین و دیاریکردنی ئەو فاکتەر و هۆکارانە دەکەنەوە کە لە سەر دەسپێک و بڵاوبوونەوەی ئاگر کاریگەرن و هەندێکی تریان زیاتر لە سەر لێکەوتەکان وکاریگەرییە لاوەکییەکانی ئاگر دەدوێن. لە هەر یەک لەو بوارانەدا لەبەردەست بوونی زانیاریی باوەڕپێکراو، دەورێکی ئێجگار زۆر گرنگ دەبینێت و ئامرازێکی زۆر بە نرخ ئەژمار دەکرێت بۆ پلاندانان و تەنانەت ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لە داهاتوودا.
لە ڕوانگەی بەرێوەبەرایەتیی ئاگرەوە، چڕوپڕبوونی بارستایییەکی وشک و بەگشتی هەبوونی سووتەمەنی لە گۆڕەپانی دارستان و پاواندا، گرنگترین و سەرەکیترین فاکتەر بۆ دەسپێک و بڵاوبوونەوەی ئاگر ئەژمار دەکرێت. لە ڕاستیدا ئاگرکەوتنەوە بە هۆی هەبوونی سووتەمەنی ڕوودەدات و دەبێت بەڕێوەبەران زانیاریی دروستیان لە سەر جۆری سووتەمەنی و ئاستی چڕوپڕ بوونیان لەبەر دەست بێت تا پێشوەخت بتوانن پلانی کۆنترۆڵ کردن و ڕێگری لە ڕوودانی ئاگر داڕێژن. وەکوو هەنگاوێکی سەرەکی بۆ دابین کردنی ئەو زانیارییانە و بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا سەردەمییەکان، نەخشەیەک ئامادە کراوە کە تیایدا مەترسیی سووتان لە ئاستی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشان بدرێت. ئەم نەخشەیە بە بەکارهێنانی داتای مانگی دەسکردی مۆدیس(MODIS)، و هەروەها داتای ڕێگەوبان، شوێنی شار و گوندەکان و سنووری شارەکان ئامادە کراوە. (وێنەی ژمارە 5).
وێنەی 5) نەخشەی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە بە پێی ڕێژەی سووتەمەنیی گۆڕەپانی دارستان
زانست و تەکنۆلوجیای سەردەمیانه، بە تایبەت مانگی دەسکرد و زانستی دوورپێوی (Remote Sensing)، هەلێکی زۆر گونجاوی خستووەتە بەردەستی بەڕێوەبەران و چالاکوانان بۆ دابین کردنی زانیاری و نەخشەی باوەڕ پێکراو بەسەر دارستان و پاوان، بەتاییەت جۆری ڕووەک، خەمڵاندنی ڕێژەی سووتەمەنی لە ناو دارستان و هەروەها دیاریکردنی شوێنە سووتاوەکان کە ئاگر تیایاندا ڕوویداوە. لەم نەخشەیەدا داتای ساڵی ٢٠١٧ی مانگی دەسکردی مۆدیس بە کار هاتووە بۆ دیاری کردنی ڕێژەی سووتەمەنی. سێگۆشە ڕەشەکان پیشاندەری شوێنی ڕوودانی ئەو ئاگرانەیە کە لە ٢٠٢٠ ڕوویانداوە. چوارگۆشە شینەکان، خاڵە ڕەشەکان، هێڵە شینەکان، یەک لە دوای یەک پیشاندەری شار و شارۆچکەکان، گوندەکان، و ڕێگەوبانەکانە. هەروەها، ڕەنگی سوور پیشاندەری ئەگەری سووتانی ئێجگار زۆر، زەرد ئەگەری زۆر، سەوز ئەگەری نێوەنجی، و سپی پیشاندەری ئەگەری زۆر کەمە. لەم نەخشەیەدا تێبینی دەکرێت ئەو شوێنانەی کە لە ٢٠٢٠دا ئاگریان گرتووە ڕێک لە سەر ئەو ڕووبەرانەدان کە نەخشەکە وەکوو شوێنی زۆر مەترسیدار پێناسەی کردوون. ئەم نەخشەیە دەکرێت فاکتەری زیاتر لە خۆ بگرێت و زانیاریی زیاتر و وردتر بخاتە بەر دەستی بەڕێوەبەران و چالاکوانان تا بتوانن بڕیاری گونجاو بدەن.
دەرەنجام
دارستانەکانی کوردستان بە هۆی چڕی و پڕێ، وشکی، لێژی، بەرزی و . . . ئەگەری گڕگرتنیان، ئای بە ئەنقەست و ئای بە هەڵە زۆرە و هەر بۆیە دەبێ بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووەکان، هەوڵ بدەین چۆنیەتیی ڕەفتاری ئاگر و ئاستی مەترسیی سەر هەر بەشێک لە دارستانەکان بە نەخشە دیاری بکەین تاکوو بتوانین بەرنامەی دروست بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و کەم کردنی زیانەکانی دابڕێژین و وەکوو هەوڵێک نەخشەی مەترسیی ئاگر بە پێی ڕێژەی سووتەمەنیی گۆڕەپانی دارستان، لە پارێزگای کرماشان ئامادە کراوە کە ئەنجومەنەکان لە شوێنەکانی دیکەی کوردستانیش دەتوانن هەوڵ بدەن بۆ ئامادە کردنی نەخشەگەلێکی ئاوا تا بتوانن بە شێوازێکی سەردەمیانە و کارامە، ڕووبەڕووی ئام ڕووداوە پڕ زیان و مەترسییە ببنەوە.
سەرچاوەکان
- Silvia Merino‐de‐Miguela, Margarita Huescab, Federico González‐Alonsob. Modis
Reflectanceand active fire data for burn mapping and assessment at regiona level. Ecological Modelling, Volume: 221, Issue: 1, Pages: 67-74, 2010.
- Papastavrou, A. K. ,Legislative Frameworks of Greek Forestry. Forestry Legislation
Report ofthe IUFRO Working Party. Fachbereich Forkstokonomie und Forstpolitik ETH, Zurich, 1Volume 20, Issue 5, May 2005, Pages 613–621, 1988.
- Bajocco, S. , Rosati, L. , Ricotta,. Knowing fire incidence through fuel
phenology: remotely sensed approach. Ecol. Model , 59–66, 2009.
- Levine, J. , Levine, J. S. (Ed. ), Introduction In Global Biomass Burning: Atmospheric,
Climatic and Biospheric Implications. USA: MIT Press, Cambridge 1999
- Aber, J. D. , and J. M. Melillo, Terrestrial ecosystems. San Diego: Academic Press, 2001.
6Barnes, B. V. , D. R. Zak, S. D. Denton, and S. H. Spurr. 1998. Forest Ecology. 4th
edition, John Wiley & Sons, Inc. , New York. 774 pp.
- http://www. forestencyclopedia. net/p/p4/p138/p618
- J. G. Goldammer. Early Warning Systems For The Prediction Of An Appropriate
Response To Wildfires And Related Environmental Hazards. Health Guidelines for Vegetation Fire Events, Lima, Peru, 6-9 October 1998.


