ئارامتر بخوێنەوە!

ئیسلامی سیاسی لە نێوان گومان و واقیعدا

سامڕەند قادری


ڕوونکردنەوەی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک

نووسەری ئەم وتارە کەسایەتییەکی سەربە بەرەی فکری ئیسلامییە و لە ژمارەی ٥٣ی گۆڤاری تیشک لەلایان دەستەی نووسەرانەوە داوای لێ کرا لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسلام و ڕوانگەی سیاسی لەو دینەدا، بابەتێک بۆ تیشک بنووسێ ، بە هۆی سەرقاڵ بوونی نووسەر، ئەم وتارە درنگ ئامادەبوو. وەک ئەمەگێک بۆ بە دەنگەوە هاتنی نووسەری ئەم وتارە، دەستەی نووسەران بریاری دا لەم ژومارەیەدا بڵاوی بکاتەوە.

بە هۆی ئەوەی نووسەری ئەم وتارە لەنێوخۆی وڵات دەژی، ناوەکەی لەلای گۆڤاری تیشک پارێزراوە.

لەم بابەتەی بەردەست ـ هەرچەند قەببە و درێژدادڕە ـ لە بری دەستەودامێنیی چەمکە زانستییەکانی پسپۆڕانی فەلسەفەی سیاسی و هەڵڕوانین بە تیورییەکانی مەعریفی و مەعریفەت‌ناسانە (ئێپیستمۆلۆژی)، لە گلوودۆری ئەوەدام زۆربەی ئەو چەمکە ئیسلامییانە‌ی سیاسەتی ئیسلامییان لەسەر ڕۆنراوە ‌و جێگەی تێکبەزینی بیروڕاکانە بخەمە ڕوو. پاشان بە سەر زنجیرەیەک ڕووداودا تێدەپەڕم کە تێیاندا ڕووبەڕووبوونەوەی موسڵمانان لهتەک سیاسەتی سەردەم لە هەندێک وڵاتی موسڵمان تاوتوێ کراوه. لەم وتارەدا هەڵوێستی زۆرینەی موسڵمانان لەبەرچاو گیراوه. هەڵوێستی کەمینەی شیعە خۆی لێ‌لادراوە و بە کەمی باسی لێ‌کراوه. ئیسلامگەراکانی کوردیش لە بەر چاو نەگیراون، چونکە بێجگە لە «مەکتەبی قورئان» هەرچی ئیسلامگەرایە درێژە و پاشخوانی ئیسلامگەراییی وڵاتانی دیکەی ئیسلامین. بۆ پاساوکردنی ئەم کەلێنه، چەن ئاماژەی کورتیش بە بیروڕاکانی کاک ئەحمەدی موفتی‌زاده، ڕابەری لە دنیادەرچووی مەکتەبی قورئان، کراوه. ئەو گەشت و گێڵە “فکری” و “هزری”یە زیاتر لە ناوەندی کێشەکانمان نزیک دەکاتەوە و ئیسلامگەراییمان پێ‌دەناسێنێ. پێناسەی تایبەتیش لە سەر چەمکەکانی ئیسلامگەرایی و موسڵمانەتیی سیکولاریزم (عەلمانیەت) لە نێوان وتارەکەدا دەدرکێنم.



ئیسلام و سیاسەت لەبەر تیشکی چەمکە گشتییەکان

ئەو چەمکانەی، ناڕاستەوخۆ سیاسەتیان لێ‌هەڵدەکڕێندرێ، لە خانەی جیهانبینی و ئینسانناسیی ئیسلامیدا کۆ بوونەتەوه؛ یەکەمیان، لەو مانا پڕ لق و پۆ و فرەڕەهەندانە کە یەکەمین بەردی بناغەی ئیسلامە چەمکی «تەوحید»ە کە سەردەکێشێتە فەرمانڕەوایی و «حکوومەتی خودا» واتە تێئۆکڕاسی، کە «مەودوودی» پێی وایە خوا لە ڕێگای «خەلافەت»ـەوە هەموو ئینسانەکانی بە خەلیفەی خۆی داناوه، «حاکمیەت»ـەکەی ئەسپاردووەتە خەڵکی موسڵمان کە ویستی خوا جێبەجێ دەکەن. کاک ئەحمەدی موفتی‌زادە دەڵێ خوا شۆڕا، واتە (اولی‌الامر)ی داناوە کە موسڵمانان پەیڕەویی لێ ‌بکەن. دەرەنجامی ئیدەکەی ئەویش ئەبێتە «خودایی ـ مەردمی». یانی خەڵک لە ڕێگای شۆڕاوە فەرمانەکانی خوا بەڕێوە دەبەن. لە ڕوانگەی بیریارانی ئیسلامییەوە، پیاوانی ئایین، واتە مەلاکان، ناتوانن بە نێوی خودا حوکمات بکەن. سەید قوتب لە کتێبی «شەڕی ئیسلام و سەرمایەداری»دا (معرکە الاسلام و الرإسمالی) بیرۆکەی حکوومەتی «رجال الدین»ـی هەڵوەشاندۆتەوه. لە ڕوانگەی بۆچوونی فەرمیی «اهل سنّت»، فەرمانی هیچ‌کەس نایەتە ریزی خودا و تاکی موسڵمان، هەروەک چۆن لە موناجات و پاڕانەوەدا «واسطه» ڕێ نادا (من نخواهم لطف حق با واسطه) لە بواری فەرمانە سەرەکییەکانیشدا، ڕاستەوخۆ فەرمان لە خودا وەردەگرێ‌ و مەلا و شێخ و خەلیفە بە نوێنەری خوا نازانێ. هەڵبەت کەسانێک ڕیزپەڕ هەن نایەنە ئەژمار. ئەوە کە «فەقیهـ» جێنشینی ئیمامە لە نێو شیعەکاندا، ئیمامیش داندراوی خودا‌یه، جۆرێک لە حکوومەتی پیاوانی ئایین پێناسە دەکا. بە‌‌ڵام ڕیفۆرمخوازانی شیعە دەڵێن حکوومەتی ئێمە “مردم سالاریی دینی”یە کە بە جۆرێک نزیک بوونەوەیە لە ئەندێشەی دێموکراسی و ئەندێشەی سوننییەکان. زۆرێک لە بیر‌یارانی ئیسلامی لەوچەمکەدا خوا لە بەرانبەری «طاغوت» پێناسە دەکەن ‌و طاغوتیش بە دیکتاتۆرەکان و پیاوانی ئایینیی فریودەر وەردەگێڕنەوه. ئیقباڵی لاهووری، فەیلەسووف و شاعیر، هەروەهاعەلی شەریعەتی، کۆمەڵناس، بۆچوونیان بۆ «تەوحید» بۆچوونێکی شۆڕشگێڕانەیە کە ئینسانەکان هەڵدەخڕێنێ بەرەو تڕۆکردن و بوغزاندنی «طاغوت». سەیدقوتب و ئەحمەدی موفتی‌زادەش ئەو بۆچوونەیان پەسەند کردووه. تەنانەت لە پێش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ز. لە ئێراندا تاقم و دەستە‌جاتێک هەبوون کە دەیانکوت حکوومەت و سەرمایه، ئی خودایە و لەوەڕا داوای “کۆمەڵگای بێ‌چینایەتیی تەوحیدی”یان دەکرد.

دووهەمیان، لەو مانا سەرەکییانە وشەی “قسط”ـە کە لە ئایەتی٢٥ی سووڕەی حەدیددا، ناردنی هەموو پێغەمبەران بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەزانێ کە شۆڕشێکە لە ناخەوە دەست پێ‌ دەکا و تا لووتکەی کۆمەڵگا هەمووی هەڵدەتەکێنێ. ئەحمەدی موفتی‌زادە دەڵێ:

بەرماڵ و بەرماڵ، دەرماڵ و دەرماڵ

                        پاش تەکاندنی ژوورهەڵتەکێنن

واته: لە بەرماڵی نوێژەوە تا بنەماڵە تا کۆمەڵگا و تا دەربارەکانی حوکم تێکدە‌ن، هەڵبەت پاش تەکاندنی ژوور، واتە ناخ و دەرون.

سێهەمیان، لەو مانا سەرەکییانە کە هەندێ لە ئیسلامگەراکانی سەردەم یان ڕۆشنبیران کردوویانەتە ئامێری بزواندن و هاندانی خەڵک و جۆرێک لە کۆمەڵناسیی چەپگەڕایانە‌یان پێ بنیاد ناوه، وشەی «مستضعفین»ـە کە لە ئایەتی (ۆنُرِیدُ أَنْ نَمُنَّ عَلَی الَّڕِینَ اسْتُضْعِفُوا فِی الْأَرْڤِ ۆنَجْعَلَهُمْ أَئِمَّەً ۆنَجْعَلَهُمُ الْۆارِێِینَ)[قڵڵ/٥] مزگێنیی پێشەوایی و میراتگری سەر زەوییان پێ‌دراوە و بۆ شۆڕشگێڕانی موسڵمان بانگەشەی گۆڕان و هەڵچەرخانی کۆمەڵگای پڕ لە نابەرابەری و چەوساندنەوەیه. موسڵمانانی ڕاڤەکاری ئەو ئایەتە لە سەدەکانی پێشوویان دەیانبردەوە بۆ تێکهەڵچوونی مووسا و فیرعەون، یان دەیانچەسپاندە زەمانی هاتنی مەهدیی مژدەدراو. بەڵام لە سەردەمی سەدەی بیست، زۆر لە پیاوانی شۆڕشگێڕ، تەنانەت «چەپ»، عەوداڵ و هۆگری ئەو وشەگەلە بوون. تیوریی «انقلاب»یان لێ دەردەکێشا، ئاڵای شۆڕش دژی چەوسێنەرانیان پێ هه‎‌ڵدەدا نەک موسڵمانەکان. «خسرو گلسرخی» لە ئێران، «عومەر اوزاغان» لە ئەلجەزایر، «مثالی حاج» هەر لە ئەلجەزایر و موجاهیدینی خەلق لە ئێران ئەو چەمکەیان خستە نێو دنیای «ئەدەبیات» و ڕۆشنبیرییەوە و کاک‌ ئەحمەدی ‌موفتی‌زادەش، لە سەرەتای شۆڕشی ئێران لە سەر پشتی کتێبەکانی دەینووسی «اسلام راستین، مکتب مبارزه». لە ئایەتێکی دیکەی قورئان لە سووڕەی نووردا هاتووە خوا وەعدەی داوە ئەگەر ئیمان و چاکەکاریتان ببێ؛ دەتانکەین بە جێداری ئەوانە وا هەن، دەسەڵاتتان دەدەینێ. لەو ئایەتەش لە وشەی «استخلاف» کەڵک وەرگیراوە کە دەتوانێ هۆی جووڵاندن و هاندان بێ بۆ ڕاماڵینی گەندەڵی و زوڵم و بێدینی لە خوێندنەوەی شۆڕشگێڕان و ئیسلامگەرایاندا و هەم ئەو وشە بریقەدارانە دەتوانێ گەنجانی شۆڕشگێر ڕاکێشێ و ئاڕمان و مانایەکیان بۆ خەبات پێ‌بدا. ئەزانین ئەم چەمکە گشتییانە، تەنیا بەرچاوڕوونییەک دەبەخشن، ئەرکێکی دیاریکراو ناخەنە بەردەستی تاک و کۆمەڵی موسڵمان، بەڵام ئەوانە هەوێنی کاری دینی و ئامانجەکان دیاری دەکەن، باڵ بەسەر تەواوی ئەرکە دیاریکراوەکانیش لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکێشن.



ئیسلام و سیاسەت لە بەر تیشکی چەمکە تایبەتییەکاندا

تەنیا ئاماژە بە دە چەمک دەکەم کە هەموو بۆچوونێکی ئیسلامی دەیسەلمێنێ پێوەندییان بە سیاسەت و حکوومەتدارییەوە هەیەو نکۆڵییان لێ‌ ناکرێ.

یەکەم: اولی الامر، لە قورئاندا لە سووڕە‌ی نیسادا کوتراوە تەنیا لە سێ سەرچاوە گوێڕایە‌ڵیتان هەبێ: خوا، ڕەسوووڵی خوا و اولی الامر. خوا و ڕەسووڵی خوا لە دەیان جیگەی قورئاندا فەرمان بە گوێڕایەڵییان دراوه. مەبەست لێرەدا، گوێڕایەڵی لە «اولی‌الامر»ە لە جێگەیەکی دیکەشدا هاتووە کارەکان بگێڕنەوە بۆ لای «اولی‌الامر» با ئەوان ڕاوێژی لە سەر بدەن. لە سووڕەی شووڕادا کوتراوە ئیمانداران کارەکانیان بە شووڕایه. زانایانی دینی لە زووەوه، ئەو دوو چەمکە واتە «اولی‌الامر» و « شووڕا»‌یان بە یەک زانیوە و نێویان ناوە «اهل الحلّ والعقد». واتە ئەوکەسانەی کاروباریان پێ جێبەجێ دەکرێ. بە تایبەت کاک ئەحمەدی موفتی‌زادە لە سەرئەو گوێڕایەڵییە لە «شووڕا» واتە «اولی‌الامر» زۆر پێداگری دەکا و تیوریی سیاسیی خۆی لە سەر ئەو بناغە‌یە ڕۆناوه. وەرگێڕاوی کوردیی «اولی‌الامر» دەبێتە کاربەدەستان. ئەو کاربەدەستانە دەبێ باوەڕپێکراوی موسڵمانان بن. دەبێ کۆمەڵێک بن، نەک تاکەکەس. دەبێ لە بارەی هەر شتێک دەدوێن؛ پسپۆڕی ئەو بابەتەیان تێدابێ. بۆ ئەو با‌بەتە دەکرێ پرس و مەسڵەحەت لەگەڵ غەیرە موسڵمانیش بکەن. ئەوە بە ‌جێی خۆی کە دەبێ لە باری ئاینییەوە پسپۆڕیی تەواویان تێدابێ. مەرج نیە تاک تاکەیان هەموو لێوەشاوەیییەکیان هەبێ، بەڵان کۆمەڵەکەیان دەبێ لێوەشاوەییی پڕبەپێستی ئەو کۆمەڵگایەیان هەبێ، تاکوو بتوانرێ پێیان بکوترێ «اهل حلّ و عقد». یانی قەیرانەکانی کۆمەڵگایان پێ چارەسەر بکرێ.

دەیجا چلۆن دەکرێ ئەو دامەزراوەیه«نهاد» inistitute کاری بە دەست نەبێ، تەنانەت لە لووتکەی دەسەڵاتیشدا نەبن؟ کەموکووڕییەکی گەورەیه. وەکوو لە سیستەمی پاشایەتیی سەرەڕۆ جارجار کۆڕێکی ڕاوێژکاری کارامەیان هەبووه. یا لە سیستەمی پاشایەتیی سنوورداردا(مشروطه) مەجلیسی قانوون‌دانان(پارلمان) هەیه. یان لە کۆمارییە ڕیاسەتییەکاندا کە زۆربەی هێز و دەسەڵات لە دەستی سەرۆککۆماری هەڵبژاردەدایه. لە هەر سێ سیستەمدا ـ کەم‌ و زۆر ـ کۆڕی ڕاوێژ(اولی‌الامر) لە لووتکەی دەسەڵاتدا نییە و کەموکووڕیی عەقڵی و شەرعیی هەیه. مەبەست ئەوەیە «اولی‌الامر» لە قوڕئاندا و لە زاراوەی زانایاندا بە هەر خوێندنەوەیەک ناکرێ دەسەڵاتی ڕامیاریی لە دەستدا نەبێ. بەڵان ئێستاچ ڕاڤەیەک لە سەر ئەو چەمکە کراوە و مێژووی موسڵمانان لە هەڵوێستی موسڵمانان سەبارەت بەو چەمکە چ بە ئێمە دەڵێ؟، بابەتی مژارێکی دیکەیە و بڕێکی لە سەر دەڕۆین. موسڵمانان ـ بێجگە لە کەمێک نەبێ ـ بە درێژاییی مێژووی ئیسلامی کۆکن لە سەر دەسەڵاتی «اولی‌الامر» و لە سەردەمی چوار خەلیفەکانی جێگری پێغەمبەردا بوونی هەبووه. دواتر پاشا‌یەتی و سەرەڕویی و تۆقاندن و زۆرەملی بووه.

پرسیار ئەوەیه: دوای ئاڵوگۆڕی پاش چوار یاری نەبی، ئەو دەقه، واتە «اولی‌الامر» چلۆن لێکدانەوەی بۆ کراوه؟

ڕاستییەکەی ئەوەیە موسڵمانان، دواتر مەلاکان، مانای ئەو دەقەیان گۆڕی. پلە بە پلە نزمیان کردەوه، بە سەر هەموو کەس و ناکەسێکیاندا بڕیوه. لە پێشدا «اولی‌الامر» کراوە بە تاکەکەسی و کوتراوە هەرکەسێک بە سەر وڵاتێکدا زاڵ بوو، دەبێتە «اولی‌الامر». کوتوویانە ئەوە حاکمێک نییە بە ڕەزا و بەیعەت هاتبێتە سەر کار، بەڵکوو « متغلِّب»ـه، واتە زاڵ‌بووه، بە ناچاری قەبووڵی دەکەین. نوێژیشی لە پشتەوە دەکەین «ڵَلُّوا خَلفَ کُلِّ بَرٍ ۆفَاجِرٍ» دوایە بوو بە خانەدانی و «وراثت»ی پشتاوپشت.

دواتر گوتوویانە ئەگەر زاڵمیش بێ، قەی ناکا. لە ئاکامدا گوتوویانە ئەگەر موسڵمانیش نەبێ قەی ناکا، زوڵمەکەشی لەوێ ڕاوەستێ. هەر وەک لە سەردەمی مەغوولەکان و ئیسماعیلِییەکان سەریان وە بەر پادشا مەغوولە بوتپەرەستەکان و خەلیفە “فاطمیه” داهێنا.

 لەم ڕۆژانەدا یەکیەتیی زانایانی کوردستان، ڕایانگەیاند ڕاگرتنی نوێژی «جومعه» ـ کە فەڕزی سەرشانی تاقەتاقەی موسڵمانانە ـ لە عۆدەی «امام اکبر»دایە کە سەرۆکی هەرێمه. ئەم مانایە هەر هاتووە نزم بۆتەوە تا کوردی فەقیریش بەشی تێ کەوت. ئەم مانا گۆڕینە لە لایەکەوە لادانە لە مانا ئەسڵییەکه، لە لا‌یەکیش ڕا مامەڵەیە لەگەڵ واقیعدا. چونکە حاڵ و هەوای کۆمەڵگا و مرۆڤەکان جاری وایە تابشتی ئەوەیان نییە دەقە دینییەکان وەک خۆی بەڕێوە بەرن، لە کاتێکیشدا موسڵمانن. بەڵام ئەرکی پێشەوایانی موسڵمان و زانایانی دینی ئەوە بوو، باری مەسڵەحەتی کۆمەڵگا و باری دەقە دینییەکان هەردووک ڕەچاو بکەن. مانای دەقەکانیان نەگۆڕیبا، ناچاری و«اضطرار»‌ی شەرعیشیان شی کردبایەوه.

ئەو لارەولارە و هەڵسوکەوتە ئەوە دەگەیێنێ کە موسڵمانان لە هیچ کاتێکدا دەسبەرداری دەقە شەرعییەکان نەبوون، جا بە ڕاست یا درۆ، دەقە شەرعییەکانیان هەربە دووی خۆیاندا ڕاکێشاوه. ئەگەر نەکرا عەبای «اولی الامر» بە سەر شانی کۆمەڵ و تاکی شیاودا بدرێ، هەر نەبێ بە سەر شانی زڕەموسڵمان و بێ‌خەبەر لە دین و تەنانەت ناموسڵمانیدا بدەی چاتره. جارجار موسڵمانان بۆخۆیان سیکۆلاریزمیان ڕەچاو کردووه، بەڵان چارشێوێکی دینییان هەر بەسەردا داوە و کورد گوتەنی: شەرع لەگەڵ مەلا و عورف لەگەڵ ئاغا. ئەو هەڵوێستە زۆرکات لەبەر ناچاری و مامەڵە لەگەڵ واقیعدا ڕووی داوه، بەڵام هەموو زانایەکی وردبین و موسڵمانی بە ڕاستی پێی ملزەم نابێ. ئەوەی لەسەر «اولی‌الامر» ماوە بگوترێ، ئەوەیە «کۆڕی ڕاوێژ» دەقە دینییەکانیان لەبەر چاوه، بەڵام لە زۆرتری بیرکردنەوە و بڕیاریاندا پێداویستییەکانی کۆمەڵگایان پتر لەبەرچاوە و بڕیاری کارناسانە دەدەن، هەر وەک لە ئیسلامدا هاتووه، شووڕا لە جێگایەکدا خا‌وەن بڕیارە کە لەوێدا دین دەقێکی ئاشکرای نییه. کە وا بێ تاقیکاری و عاقڵاندن و عورف و عەلمانییەت،  لە ناخی شووڕای دینی واتە «اولی‌الامر»دا شوێنی بۆ تەرخان کراوه، نەک کۆڕی ڕاوێژ بڕیارێکی تەواو ڕەها و بێ لەبەرچاوگرتنی دەقە دینییەکان دەرکا، وەک لە ڕێژیمە سیکۆلارەکاندا وایه.

دووهەم «اطاعت»

ئەو چەمکە کە لە ناو هەموو بۆچوونەکان سەلمێزاوه، پێوەندیی بە «سیاسەت»ـەوە هەیه، وەک چەمکی «اولی‌الامر» گۆڕانی زۆری بە سەردا هاتووه. «اطاعت» لە کێ و لە چیدا؟ هەروەک لە چەمکی پێشوودا باس کرا، بە پێی دەقی قورئان «اطاعت» هەر لەو سێ سەرچاوە سەرەکیەدا‌یه: خوا، ڕەسووڵی خوا وکاربەدەستان کە بە گوێرەی بایەخ لە ئایەتەکەدا ڕیزبەندی کراون. کاتێک کۆمەڵی کاربەدەستان بە درێژاییی سەدەکانی ڕابردوو، بوو بە تاکەکەسی و بنەماڵەیی و میراتی، «اطاعت» بۆ ئەوانیش بە هەمان دەستوور دەکار کرا. کاتێک حوکمڕانی لە ئیسلامدا لە ڕاوێژەوە گۆڕا بەرەو سەرەڕۆیی، «اطاعت» لە شاهانی خوێنڕێژ و گەزمە و دارۆغە و قوڵەمیرەکانیش بوو بە یاسا، پینە و پەڕۆ و «حیلە شەرعی»ـی مەلایانیش بوو بە یاریکار. هەرچی کردیان و چەندە خوێنیان ڕشت و چەندی ئابڕوویان تکاند و نامووسیان ئەتک کرد، نەکەن لێیان هەڵبەزنەوه، مەبادا وڵات بشێوێ، مادام ڕێگەی نوێژتان لێ‌ ناگرن و کوفری ئاشکرا ناکەن، هەر سەر داخەن و چاو بقوچێنن. پیاوێکی موسڵمانە و دڵی قوبوڵ ناکا؛ دەتوانێ لە کاری بێ شەرعیدا لە حاکمان«اطاعت» و گەردنکەچیی نەبێ، بەرات و مووچەیان لێ‌ وەرنەگرێ، یان ئەگەر لە کوشتن ناترسێ؛ دەتوانی بە زمان ئامۆژگارییان بکا و ئەگەر کوژرا شەهیده. بەڵام زانایانی لە خواترس لە هەمبەر ئەو«اطاعت»ـە بێ سنوورە کە لە ڕەوا‌یەتەکاندا هاتووە (حەد)ێکی دیکەیان قوت کردووەتەوه: «لا طاعە لمخلوق فی معڵیە الخالق» کە هەڵوێستێکی بڕێک بەرگرە بەرانبەر زاڵمەکان و گەندەڵەکان. دەردەکەوێ کە چەمکی گوێڕایەڵی وەک چەمکی «اولی‌الامر» ملی بۆ سازشت ڕاکێشاوه. جا هەموو ئەو سازشە بە باری نەرێنی و لە ژێر گوشاری زاڵمەکان و خەنجەرداران نەبووه، جاری واش بووە بە تێبینیی عاقڵانە و بە سەلماندنی واقیع بوو. کاروباری دینیان لەگەڵ کاروباری زانستی و ئەزموونکارانە جیا کردووەتەوه. گوێڕایەڵییەکەیان خستووەتە ئەم بارەشەوه. بۆیە زۆرێک لە زانایان گوێڕایەڵی بۆ کابرای پزیشک و سەنعەتکار و تاجر و ریازیزان(بیرکار)یان بە فەڕز زانیوه، لە ڕیزی «اولی‌الامر»یان داناون. چونکە پێغەمبەری ئیسلامیش لەو بوارەدا فەرموویەتی: «ئێوە بۆ دنیای خۆتان لە من شارەزاترن.» و ئەگەر هاتبێتە سەر عورف و عادەت و تاقیکاری؛ پێغەمبەر (د. خ) قسەی پسپۆڕانی کردووەتە سەرچاوه.

لە کۆتاییی ئەو باسەدا ـ هەروەک کوتمان ـ چەمکی «اطاعت» زۆرتر بۆ گوێڕایەڵیی فەرمانی فەرمانداران دەکار هێنراوه. لە ‌بەرانبەری «خروج» واتە بەرهەڵستی خوێناویدا هاتووه. پاساو و پینەیان بۆ ئەو «اطاعت»ـە ئەوە بووە کوتوویانە با هەرەج و مەرەج پەیدا نەبێ «سلطان غشوم خیرٌ من فتنە تدوم» واته: سوڵتانی زاڵم لە تێکەولێکەی درێژەدار چاتره. جا چەندی لە ژێر کاریگەریی کۆیلایەتیدا بووبێ، چەندی لە ژێری و واقیعبینیی بەهرەدار بووبێ، شوێن و کات دەزانێ.

لە بەهاری عەڕەبیی چەند ساڵ لەمەوبەر لە سەر ئەو سەرهەڵدانانەی دژ بە دیکتاتۆرە عەڕەبەکان کرا، زانایانی نەریتخواز لە سەلەفی و لایەنگرانی مەزهەبەکان لە بەرانبەری زانایانی گۆڕانخواز وێستان و هەندێک دمەتەقە و پێک‌هەڵشاخان لە ئاستی ئیسلامییەکاندا هاتەگۆڕێ.

سێهەم:چەمکی «ولاء» واتە دۆستایەتی، هاوپەیمانی، هاوپشتی کە ئەبێ لە نێوان ئیمانداراندا هەبێ. دەیان ئایە و حەدیس ئەو خە‌سڵەتە لە نێو موسڵمانان دەسەلمێنێ. چ ژن و چ پیاوی ئیماندار، دە‌بێ ئەو هەڵوێستەیان هەبێ. خۆ ئەزانین «ولاء» کە پێچەوانەی «براء»ە هەرچۆنێکی حیساب کەی، چەمکێکی سیاسییه، وەک ئەوە وایە ئیسلام لایەنگرانی خۆی، لە بازنەیەک دەهاوێ، دوژمنەکانیشی لە بازنەیەکی ‌تر. دەبێ لەگەڵ بازنەی یەکەم «ولاء» هەبێ، لە بەرانبەری بازنەی دووهەمیش «براء» هەبێ. بەڵام ئیسلام بە پێی سووڕەی «ممتحنه» ڕێگر نیە بۆ چاکەکردن و دادگەری و خۆڕێکخستن لەگەڵ ئینسانە غەیرە موسڵمانەکان کە شەڕیان نییە لەگەڵت. ئیسلام ئازادیی بیروڕای سەلماندووه، هەر چەند لە سەر سنووری ئەو ئازادییە قرموقاڵی زۆر هەیە و لە بەینی موسڵمانانی شوێنگری ڕێگای گوتراوی سەدەکانی ڕابردوو لەگەڵ موسڵمانانی ڕچەشکێنی هاوعەسری ئێمه، هەرا بەرزه.

شوێنکەوتوانی سەدەکانی پێشوو، لایەنگرانی مەزهەبە فیقهییەکان و سەرجەم کتێبە حەدیسەکان دەڵێن کەسێک ئەهلی کتێب بێ، واتە جوولەکه، نساری و مەجووسی، بۆی هەیە نەیەتە نێو بازنەی ئیسلامەوە و لە ژێر حوکمی ئیسلامدا ژیان و دارایی و نامووسی پارێزراوه، بەو شەرتەی دژی ئیسلام پڕۆپاگەندا نەکا. بەڵام ئەگەر هاتە نێو بازنەکەوه؛ نابێ بچێتە دەرێ. ئەگەر بچێتە دەرێ و چوونەدەرەکەشی ڕاگەیاند؛ دەبێ تۆبەی دابدرێ. ئەگەریش تۆبەی نەکرد؛ دەکوژرێ.

موسڵمانانی ڕەچەشکێنی ئێستا دەڵێن چوونەژوورێ و هاتنەدەرێی کەسەکان لە بازنەی ئیسلامدا هیچ زۆرییەکی تێدا نییه. بە بڕوای ئەوان بازنەی ئیسلام و بازنەکانی ‌تر وەک شارۆمەندێک هەریەک بە پێی ئایین و مەڕامی خۆیان لە جەغزی دیاریکراوی خۆیاندا دەژین و جیرانەتیی یەکتر قەبووڵ دەکەن بە پێی پەیمانی نێوانیان لە دەرەوەی بازنەکەی خۆیان هەڵدەسووڕێن. بۆ ئەو جۆرە ‌موسڵمانانە «مەنشووری مەدینه» وەک یاسای بنەڕەتیی وێنای کۆمەڵی ئاڕمانیی ئەوانه.

چوارەم: چەمکی جیهاد. ئەو چەمکە بە بانگەواز هاوار دەکا ئیسلام ئایینی خەباته. بانگەشەی دژە کافر و دژە زاڵم دەکا. بەو حاڵەوە ناکرێ سەبارەت بە دەسەڵات بێدەنگ بێ، چونکە ئەوانەی حەول دەدەن دەسەڵات بڕوخێنن، دەسەڵاتیش بەرپا دەکەن. بەڵان ئەوندەی جیهاد لە لایەن شۆڕشگێڕان و لە ئاستی دەقەکانی قورئان و حەدیس، درەوشاوە و دڵڕفێن و پیرۆزه، ئەوندەش لە لایەن خەڵکی غەیرە موسڵمان و لە لایەن کەمینەکانی نێو موسڵمانان زراو‌تۆقین و بێ‌ڕوحمانەیه. هۆی ئەوەش هەڵچوون و تەڕاتێنی ئەو سی ـ چل ساڵەی گرووپە توندئاژۆکانە بە ناوی جیهادی کە لە نیجریە ڕا هەتا ئەندونیزیا، مۆری ئاکاری خۆیانیان لەسەر نەخشەی زەوی داوه.

ڕاستی ئەوەیە لە سەدەکانی پێشوو، مەزهەبەکانی ئیسلام ڕچەیەکیان بۆ داهاتووان داداوه، وەک هەموو بیرۆکە عورفی و فەلسەفی و مەزهەبییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست و پێش ئە‌وانیش. ئیسلامێک کە باسیان لێ کردووه، قازانجی گشتیی بەشەر و ئینسانەکانی بەبێ جیاوازیی مەزهەب و ڕەنگ و نەژاد، ڕەچاو نەکردووه. تا ڕادەیەکیش تاوانیان نەبووه، چونکە وەبەر هێرشی خاچ‌پەرستانی دەمار گرژ و مەغوولە خوێنڕێژەکان کەوتبوون. ئەمانیش با وەکوو هەڵگری دینێکی ئەخلاقی و ئینساندۆست و عەداڵەتپەروەری ئا‌سمانی بوون، کەم و زۆر چاویان لە دنیای دەوروبەر دەبڕی، هەمان بۆچوون و کردەوەی دنیای سەردەمی خۆیانیان لە خۆیان حەشار دابوو، نێو بە نێو ئەوەی کە مێشک و ناخیان پێی هۆگر بوو سەبارەت بە خۆیی و بێگانە دەیاندا دەرێ. گەورەکان لە سەدەکانی پێشوو ئاویان ڕشتووه، داهاتووە توندڕەوەکانی سەردەمی ئێمەش پێیان ڕێخستووه. ئێستا دوور لە تەمتومانی سەدە‌‌‌کانی ڕابردوو بە زەین و هۆشێکی ئازاد کە ‌ئەو چەمکە تاوتۆی دەکەین، لێمان ڕوون دەبێتەوە جیهاد بە مانای کۆشین و تەقالا، مانایەکی پەڕگیرتر و هەراوتری لە «قتال» هەیه. بە هەر هەوڵ و تەقالایەک بۆ پەرە ئەستاندنی دین و سەرخستنی ئیسلام و موسڵمانان دەکوترێ، مەرج نیە هەر لە ڕێگای شەڕەوە بێ. بە پێی دەقی پیرۆزی قورئان «قتال»یش ـ کە مانای تایبەتی جیهادە ـ دەبێ لە بەرانبەری «زوڵم»دابێ: «أُڕِنَ لِلَّڕِینَ یُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا» دەبێ لە بەرانبەری «عدوان»دا بێ: «فَمَنِ اعْتَدَی عَلَیْکُمْ فَاعْتَدُوا عَلَیْە بِمِێْلِ مَا اعْتَدَی عَلَیْکُمْ» ئاخرین دەرکەوتەی مانای ئەو چەمکە لەلای زانایانی ڕچەشکێن لە ڕووی قورئان و ڕە‌وشتی پێغەمبەر (د. خ) هەر بەرگرییه، یان ڕزگاریدەره. ئەو ئەرکە شەرعییەش لە نیزامی حقوقیی ئیسلامیدا بە واجبێکی «کفائی» و «عینی» داندراوه، واتە ئەگەر تاقمێک ئەنجامیان دا، لە کۆڵ باقی دەکەوێ، بەڵام ئەگەر بەوە باشاری نەکرا لە سەر هەموو کەس واجبه. لە هەر دوو بیروباوەڕی ڕچەشکێن و نەریتخواز دەکرێ ڕاڤەی لەسەر بکرێ. ڕێگایەکیش لە زووەوە بۆ پشک ‌تێکەوتنی عورف لەو ئەرکە شەرعییە دۆزراوەتەوه، ئەویش ڕاگەیاندنی جیهاد بە دەست خە‌لیفەی شەرعی یان زڕەخەلیفە یان پادشا و سوڵتانە و بەو ڕاگەیاندنە دەکوترێ «نفیر عام». ئەو چەمکە تا ڕادەیەک هەڵوێستی نەریتخوازان و جیهادییەکانی ئەوڕۆ لێک جیا دەکاتەوه. جیهاد لە بەلبەشۆ و تێکەولێکە دەپاریزێ.

پێنجەم : چەمکی «امر بالمعروف والنهی عن المنکر» ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپه، دەستوورێکی حاشا هەڵنەگری دینییە کە دەیان ئایە و حەدیس پشتیان گرتووه. بە گوێرەی کەسەکان و  هەلومەرج، زۆر جار بە واجب دەگەڕێ. ئاشکرایە بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە شەرعییە سەر دەکێشێتە خۆتێهەڵقوتاندن لە کاروباری سیاسەت و ئەنگاوتنی لووتکەی دەسەڵات. بەڵام بەڕێوەبردنی بەشی دووهەم لەو ئەرکەشەرعییه، واتە «النهی عن المنکر» زۆری شەرت و مەرج بۆ داندراوه. ئەو ئەرکە مەدەنییە زۆر جار لە وڵاتانێک وەک ئێران، عەڕەبستان و ئەفغانستانی دەورەی «طالبان» بووەتە هۆی ئازار و جاڕز بوونی هاووڵاتییان. لە ڕاستیدا پێشی ئازادییە تاکەکەسییەکان، کەمینەی غەیرە موسڵمان و موسڵمانی نابەدڵ دەگرن. دەشکرێ لە بەر تیشکی ئەو چەمکە کۆمەڵێکی زیندووی ڕەخنەگر بێتە کایەوه، ڕاستەوڕاست نەخشی بڵاڤۆکەکان و میدیاکان بە خۆوە بگرێ. ئەو چەمکە لە بواری پڕاکتیزەکردن، دوو جەمسەری یەکجار دژ بە یەک دەگرێتەوه. مەبەست ئەوەیە ـ وەک باس کرا ـ ئەو چەمکە بێگومان سەر دەکێشێتە گۆڕەپانی سیاسەت، جا ئەمجار ئەگەر موسڵمانێکی شارەزا لە چۆنیەتیی کۆمەڵگای سەردەم بەڕێوەبەری ئەم ئەرکە دینییە بێ؛ لایەنێکی ڕەخنەی بنیاتنەر و هاروژاندنی کۆمەڵگا بۆ بەرهەڵستی حکوومەتەکانی لادەر وەخۆ دەگرێ. ئەینا دەبێتە شەڕە قسەی ئیسلام و نائیسلام، کۆمەڵگا دەکا بە دوو بەرەی پێک‌هەڵنەکردوو،  نەک تەواوکەری یەکتری.

لە کۆتاییی ئەو باسەدا پێیویستە بگوترێ ئەم چەمکە لە ئامۆژگارییەکی دۆستانە بۆ کارێکی بچووک کردن یا نەکردن یان ڕەچاوکردنی شێوازێکی جوانی ئەخلاقییەوە دەس پێ‌دەکا تا دەگاتە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی.

چەمکی شەشەم: «إقامە الحدود» یەکێک لەو چەمکانە کە لە قورئان یا حەدیسی سەلمێزاودا هاتووە«حەدده» کە لە سەر چەن سزا‌یەکی کۆمەڵایەتی داندراوه. بۆیە پێی دەکوترێ «حد» کە نابێ تاکی موسڵمان لێیان تێپەڕێ، ئەو «حەدد»انە سنوورێکن کە خودا و کۆمەڵگای موسڵمانان دایانناون و هەرکەس بیانبەزێنێ، دەبێ سزا بدرێ. ئەو سزا‌یانە ـ کە لانی کەم پێنجیان لە قورئاندا هاتوون و ئەوانی کە لە حەدیسدا هاتوون ـ لە هەموو کتێبە مەزهەبییەکان فەسڵ و بابی تایبەتیان بۆ تەرخان کراوه.

“قیساس” واتە کوشتنی کەسێک لە بری کوشتنی کەسێکی دی یان بریندارکردنەوەی کەسێک لە بری بریندار کردنی کەسێکی دی.

«زنا» لێدانی سەد دار لە کەسێک تووشی دەست درێژیی جینسی بووبێ.

«قڕف» کەسێک تۆمەتی زینا لە پیاوێک یا ژنێک بدا، هەشتا داری لێ‌ده‎‌درێ.

«سرقة» بڕینی دەستی کەسێک دزی بکا، چ پیاو چ ژن.

«محاربه» کەسێک یا کەسانێک بە شێوەی ڕێگری و یاغی ‌بوون کەسێک یان کەسانێک بکوژن؛ دەکوژرێنەوه، ئەگەر دەست و لاق ببڕن؛ دەست و لاقیان دەبڕدرێتەوە و ئەگەر دەستیان بە ڕێگری و یاغی‌بوون کردبێ، بەڵام کەسیان نەکوشتبێ؛ دوور دەخرێنەوه.

ئەم پێنج حەددە لە قورئاندا هاتوون.

چوار حەددیش کە لە حەدیسەکاندا هاتوون، ئەمانەن:

«رجم»، بەردەبارانکردنی ژنێک یان پیاوێک کە سەرجێیی کەسێکی‌تری کردبێت و ئەو کەسە بە پێی شەرع لێی حەلاڵ نەبێت و  لە کاتێکدا هاوسەریان هەبووبێ.

«مرتد» کوشتنی کەسێک لە دین وەرگەڕابێ.

ئەو دوو حەددە لە لایەن هێندێک لە زانایانی هاوچەرخەوە بە حوکمی ئە‌وەی کە لەگەڵ هەندێک ئایەتی قورئان ناکۆکن، ڕەد کراونەوه، بەڵام لە زۆربەی هەرە زۆری کتێبە مەزهەبییەکاندا هاتوون.

«شارب الخمر» لێدانی هەشتا دار لەو کەسەی شەڕابی حەرام کراوی مەستی هێنەر بخواتەوه.

«اللواط» تەنبێ ‌کردن یا کوشتنی دوو پیاو یا دوو ژن کە پێکەوە تێکەڵاویی جینسییان هەبێ. لە نێوان کوشتن یا تەنبێ ‌کردن یا دوورخرانەوه، لە بەینی زانایاندا ڕای جیا جیا هە‌یه.

ئەو حەدد و سنوورانە لە حەدیسدا باس کراون، هێندێک بە «تعزیر»یان داناوە کە دەبێ سزاکەیان لە حەدد کەمتر بێ.

بەڕێوەبردنی ئەو حوکمە شەرعییانە کە هەندێکیان بە تەواوی بەڵگەی شەرعییان لە سەرە و هەندێکیان جێگای دمەتەقە و ڕاڕایەنه، لەو کاتەوە حکوومەتە عورفییەکان هاتوونە سەر کار، مشتومڕی سەختیان لەسەره. کەسانێک کە بەدیهاتنی کۆمەڵگەی ئیسلامی تەواویان لێ‌بووەتە خەیاڵ و خولیا، ئەم یاسا سزاکارییانە‌شیان هەڵپەساردووه، لە هەندێک حکوومەتیش وەک ئێران و تالیبانی ئەفغانستان و عەڕەبستانی سعوودی، ئەو سزایانەیان هەندێک شل کردووەتەوه، بەڵام وازیان لێ ‌نەهێناون.

هەندێک لە بیریارانی ئیسلامی چەسپاندنی ئەو سزا‌یانە بەسەر تاوانکارەکان بەرانبەری بنەماکانی ئیسلامی بە ‌ڕەوا نازانن، چونکە پێیان وایە ئەو سزایانە ـ ئەوانەش وا هیچ گومانێکیان لە سەر نیە ـ وەختێک ڕەوا و شەرعییە کە سەرتاپای کۆمەڵگا و حکوومەت وێکڕا یاساکانی ئیسلام بەڕێوە بەرن، ئەنیا ئەوە کوت ‌و پچڕکردن و ناشیرن‌کردنی ئیسلامه.

لە سەردەمی دەرکردنی «بنی صدر»لە سەر حوکمی سەرۆک ‌کۆماری، «جەبهەی میللی» بە دژی دەرکردنی «لایحە قصاص» لە لایەن شووڕای عالیی قەزاییی ئێران، ڕێپێوانی ئیعتیرازیی ڕاگەیاند و ئایەتوڵڵا خومەینی دژایەتیی لایحەی قیساسی بە «ارتداد» واتە هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام، لەقەڵەمدا. لەو کاتە هەستیار و ناسکەدا کاک ئەحمەدی موفتی‌زادە بوێرانە وتارێکی دا بە ڕۆژنامەی «جاما» ئەویش بوێرانە چاپی کرد که: کاتێک «حقوق» بە تەواوی نەدرێ، ناکرێ «حدود» پیادە بکرێ. کاتێک حکوومەتی جەمهووریی ئیسلامی خۆی لە ڕێگای بانکەکانییەوە «ریبا» وەردەگرێ، چۆن بڕینی دەستی دزێک کە لەبەر داماوی دزی دەکا دروسته؟! کاتێک بۆ ئەو قانوونە بەیعەت وەرنەگیراوه، واتە ریفراندۆم نەکراوه، چۆن دەکرێ ئەو قانوونانە کە زۆربەی خەڵکی موسڵمانی ئێران و حوقوقدانەکان پێی ڕازی نین، دەکرێ پیادە بکرێ؟! ئەوەمان لە بیر نەچێ زۆربەی زانایانی سوننەتی لە مەدرە‌سە نەریتییەکانی ئیسلامی لە نێو شیعە و سوننی، ئەو حوکمانەیان چ لە قورئاندا هاتبێ چ لە سوننەتدا، بە بێ‌ بژار وەک خۆی وەردەگرن، بەڵان ئەوانیش بۆ قانوونیکردنیان لە کۆمەڵگەی ئێستادا، باوەڕیان بە تێبینی و هەڵسەنگاندن هەیه.

لە دنیای نوێدا کۆمەڵگاکان لە بنیات ڕا ئیسلام و زانایانی ئیسلامییان وەک تاقە سەرچاوە ڕەچاو نەکردووه.

ئەگەر «مستحیل» نەبێ؛ بە ڵام زۆر چەتوونه: ١ ـ ئەو سیستەمە بە چاکی تاقی نەکراوەتەوە و وێنەی سەقەتی لێ ‌خراوەتە ڕوو. مافناسانی ناپسپۆڕ لە سیستەمی ماف و دادی ئیسلامی و مافناسانی نێونەتەوەیی ناچنە ژێر باری ئەو سیستەمە نامۆیه. ٢ ـ چونکە کۆمەڵگە لە سەر ئیمان و ئەخلاق ڕانەهاتووه، ئەو سزایانە نابنە پێشگر لە دیاردەی تاوانباری و پێشێلکاریی مافی کۆمەڵگه.

لە نێو بیریارانی ناو موسڵمانان، تەنیا ئەوانە وا یاساکانی سزادان، یاساکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و یاساکانی ئابووری و شەڕ و ئاشتی و لەو شێوانە‌یان پێ مێژوویی و بەستراو بە کۆمەڵگەی عەڕەبی سەدری ئیسلامەوەیه، تەنیا ئەوانە هەڵگرتنی یەکجاریی ئەو سزا‌یانەیان بە لاوە ئاسایییه.

باقیی بیریاران ـ چ ئەوانەی تا هەلومەرجی ڕەخساو ئەو سزایانە ڕادەگرن، چ ئەوانەی داکۆکی دەکەن لەسەر بەڕێوەبردنیان ـ ناتوانن خۆ ببوێرن لەو حەددانه، لانی کەم ئەوانە وا لە قورئاندان. ئەوەش بەو مانایە نییە سیستەمی دادوەریی ئیسلامی هەر لەسەر ئەو چەند چەمکە ڕۆنراوه، لەوانە بەولاوە زانایان «اجتهاد» دەکەن تەنانەت قانوونی باش و گونجاو لە هەندەران دێنن.

ئەو بیریارانەش قەڵەمی سووریان بەسەر ئەو «حەدد»انەدا کێشاوە – با لە دەقی قورئانیشدا هاتبێ ـ بەڵگەیان بۆ ئەو بەشە لە دین کە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەکات، تەنانەت ئەخلاق، تەوحید و ڕۆژی پەسڵان لە خۆیان دەگرن چییه، جگە لەوە لە دەقی قورئاندا هاتوون؟! پاشی ئەوەش ئەو دابەشکارییە لە دیندا کێ کردوویەتی؟ بە قسەی کێ بەشێک لە دین کە لە قورئاندا هاتووە یاسای ئەبەدییە و نەگۆڕە و بەشێکی دیکە بە گوێره‎ی زەمان دەگۆڕێ؟! ئایا لە قورئاندا فەرمانەکانی خودا کراون بە دووبەش؛ بەشێکیان هەردەبێ وەرگیرێ وبەشێکیان دەبێ بۆ هەمیشە هەڵپەسێردرێ؟!

وەک وتمان زانایانی سەردەم تا ئێرە هاتوون کە هەندێک لە یاسای سزادان و یاسای ئابووری و سیاسیی ئیسلام دەکرێ بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگیرێ، نەک بۆ هەمیشە دەستی لێ هەڵگرێ، بەڵام شەریعەتی ئیسلامی واقیع دەسەلمێنێ. بڕێک شت هەبوون لە پێشوودا بەڕێوە چوون، بەڵام ئێستا بۆ هەمیشە دەستیان لێ‌هەڵدەگیرێ، ئەویش «اجتهاد»ی زانایان ڕوونیان کردووەتەوه، وەک بوونی غوڵام و کەنیز لە سەدەکانی پێشوو، بە وتەی زانایانی سەردەم بۆ ئەو بابەتەی دوایی لە قورئان و حەدیسدا ڕێگای هەڵگرتنیان کێشراوه، بەڵان ئەو بابەتانەی لەو چەمکانەدا باس کراون، بە تایبەت ئەو پێنج خاڵەی هەوەڵێ پێداگرییان لەسەر کراوە بەڕێوەیان بەرن: «تِلْکَ حُدُودُ اللە فَلَا تَعْتَدُوهَا»«ئەوانە سنووری دانراوی خودان؛ مەیانبەزێنن.» «ۆلَکُمْ فِی الْقِڵَاڵِ حَیَاەٌ» «تۆڵە‌ئەستاندنە، بۆ ئێوە ژیانه» و «ولَا تَأْخُڕْکُمْ بِهِمَا رَأْفَەٌ فِی دِینِ اللهِ» «لە ڕێگای تەنبێ‌کردنی داوێن‌پیسان، ڕوحم و بەزەیی نەتانگرێ.»

حەوتەم: چەمکی «اخڕ الصدقات»«خُڕْمِنْ أَمْوالِهِمْ ڵَدَقَەً تُطَهِّرُهُمْ و تُزَکِّیهِمْ بِهَا». . «إِنَّمَا الصدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ و الْمَسَاکِینِ و … »

هەر وەک لە بارەی سیستەمی دادوەرییەوە کوترا، سیستەمی ماڵییش پەیوەندیی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیه. یەکێک لە ئەرکەکانی سەر شانی هەر موسڵمانێک کە لە پێنج ڕوکنەی ئیسلام دێتە ئەژمار، ئەوەیە کە زەکاتی ماڵی ـ نەک بە خۆشی ـ بە زۆری حکوومەتی لێی وەرگیرێ، بدرێ بە که‎سانێ کەم دەست و. . . کە هەشت دەستەن لە قورئاندا نێویان براوه. دیارە ئەگەر حکوومەتێک بۆ موسڵمانان نەبێ، دامودەزگایەک نەبێ، ئەو ئەرکەی سەرشانی موسڵمان و ئەو ڕوکنە ئیسلامییە چۆن دێتە جێ؟! دیارە ئەوڕۆ ئەو ئەرکە بە سەروگوێ قرتاوی بەستە بە مە‌یلی هەر موسڵمانێک وەک خێر و خێراتێک بەڕێوە دەچێ. بەڵام ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەو فەڕزە ئیسلامییە ئەوەیە کە بۆ دابەشکردنی داهاتی کۆمەڵگەیه، بەرزی و نزمیی چینایەتی نێو کۆمەڵگەی پێ هەموار بکرێ. هەر لەبەر ئەوە ئەو دابەشکردنە کاری دەسەڵاتی سیاسییە لە ئایەتەکەشدا کوتراوە مووچەی بە‌ڕێوەبەرانی ئەو ئەرکە لە لایەن حکوومەتەوە دەبێ هەر لەو داهاتی زەکاتە بدرێ. چونکە ئەوان زەحمەتی گەیاندنی ئەو دارایییە بە ئەوانەی شیاوی وەرگرتنی زەکاتن بە ئەستۆوە دەگرن. لە بەر نەبوونی ئەو نەزم‌ ونیزامەیە کە خەڵکی موسڵمان بۆ خۆیان ئەو ئەرکە بە کەموکووڕی ئەنجام دەدەن. کە وابێ، هەروەک لە دەقی قورئاندا هاتووه، لە سەرەتای ئیسلامیش بەڕێوە چووه، یەکێک لە ئەرکەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە نێو موسڵمانان وەرگرتنی ئەو بەشەماڵە لە دەو‌ڵەمەندانە ـ نە بە خواهیش، بەڵکوو بە تۆپزی ـ وەک ماڵیاتێک ئەوڕۆ دەوڵەتەکان وەریدەگرن. لە سەر ئەو چەمکەش قڕە و کێشەی مەلایان زۆره. زۆرێک لە سەرچاوەی داهات ئێستا پەیدا بووە بۆ ئەوە دەبێ زەکاتی بخرێتە سەر و لە سەردەمانی پێشوودا نەبووه. لە بەر ئەوە زانایانی سەردەم پێچەوانەی زانایانی پێداگر لە سەر ڕچەی زانایانی پێشوو، باوەریان وایە دامودەزگای ماڵی، «زەکات» و «صدقات» بکەن بە سیستەمێکی دادپەروەرانەی ماڵی بە ناوی «تکافل الاجتماعی».

بە هەر جۆرێک بڕوانینە مەسەلەی زەکات و سەدەقات، جۆرێک لە دەست تێوەردانی دین، بە هاوکاریی دەوڵەت، لە کاروباری دابەشکردنی زیادیی داهات و سەرەشکێنەی ماڵ و دەوڵەتی دەوڵەمەندان، بە قازانجی کەمینە کەم ‌توانا و لە دەست و دووکەوتووەکان دەبینین.

کە وابێ، دین لە سەر هاوکاریی دەوڵەمەند و فەقیر و لەناوچوونی رقەبەرایەتیی بەینیان نەخشەی داڕێژراوی هەیه. ئەو ئەرکە دینییە کە پاش نوێژ ـ گەورەترین«عیبادەتـ»ـە ـ لە کەوشە‌نی تاکەکەسی دەچێتە دەرێ، واریدی کەوشەنی کۆمەڵایەتی دەبێ. دەسەڵاتی دامەزراوی نێو موسڵمانان لەسەری فەڕزە ئەو ئەرکە لە ڕێی دامودەزگاکانییەوە جێبەجێ بکا. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی وڵات لەو ئەرکە نکۆڵیی کرد؛ جا ئەمجار تاکەکان بۆخۆیان دەس بە کار دەبن بۆ گەیاندنی ئەو مافە ڕەوا دینییە بە نەداران، کەم دەسەڵاتان، پەککەوتووەکان، داواکاران، بەندکراوان و لە ژێر قەرز کەوتووەکان و ڕزگارکردنی کوێلەکان و. . . کە لە ئایەتی ٦٠ی سووڕەی تۆبەدا هاتووه.

هەشتەم: چەمکی «امت» یەکێکە لەو چەمکانەی جەماعەتی ئیمانداری موسڵمان وێنا دەکەن. ئەو موسڵمانانەی قەوارەی سیاسیی هەڵقوڵاوی نێو جەرگەی خۆیان بەسەریان ڕادەگا، پێیان دەگوترێ «امّت». ئەو چەمکە ناوەڕۆکێکی بەرفراوانتری لە نەتەوە و زمان‌ و تیرە وتایەفە هەیه. بە واتای کۆمەڵێکی هاوعەقیدە و هاودین دێت کە بەرەو ئامانجێکی تایبەت بە خۆیان دەڕۆن. ئەگەر وابێ؛ چارەنووسی سنوورەکان کە دەسکردی پەیمانی نێونەتەوەیین، دەبێ بەچی؟ ئایا موسڵمانان بە دانپێداهێنان بەو کۆمەڵە ئینسانییە باوەڕمەندە ناکەونە کێشە و قڕەی بەردەوام لەگەڵ دنیای هاوچەرخ کە وڵاتانی ئیسلامیی بە پێی نەتەوە و ز‌مان دابڕ دابڕ کردووه؟

بۆ وڵام دانەوە بەو پرسیارانە دەگونجێ ئاوا بابەتەکە تاوتۆی بکرێ: دیارە ئاواتی هەر موسڵمانێک زوو پێی بگایا درەنگ و یا هەر چاوهەتەری لێ‌نەکا، ئەوەیه:«امّە واحدە» ساز بێتەوه. موسڵمانان وەک یەک «امّت» لە جوغرافیایەکی بەریندا بژین. بەڵام ئەوە نابێتە مانای توانەوەی نەتەوەکان و فەوتانی زمانەکان، نابێتە مانای توانەوە و وەپشت خستنی دین و مەزهەب و باوەڕەکانی دیکه. ئیسلام دانی بە چەند ڕەنگی و چەند دەنگی و چەند زمانی و چەند باوەڕی داناوه: «ۆلَا یَزَالُونَ مُخْتَلِفِینَ. إِلَّا مَنْ رَحِمَ رَبُّکَ ۆلِڕَلِکَ خَلَقَهُمْ» «خوا وای خولقاندوون بەردەوام جیاوازیتان هەیە مەگەر ئەوانەی خوا ڕوحمی پێ ‌کردوون.» مەبەستێکی گرینگ کە دەبێ هەمیشە لە بەرچاوی بانگەوازدەرانی ئیسلامی بێ: یەکەم: ئیسلام بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک زۆرەملی و تۆپزەکاری وگزە ڕەد دەکاتەوه، دەبێ موسڵمانان بە گشتی خۆیان بەو ڕۆشنبیرییە بگەن بە ڕێککەوتنێکی دڵخواز ملکەج بن بۆ بەڕێوەبردنی ئیسلام. دووهەم لە ئیسلامدا بۆ هەموو ئامانجێک دەبێ قۆناغبه‎ندی و پلە بە پلە وەسەرکەوتن و تەیاربوون لە بەر چاو بگیرێ. بۆ وێنە هەر لەسەر ئەو بابەتەی باسی لێ ‌دەکەین، لە بەرا دەبێ پێوەندیی مەعنەویی موسڵمانان لە کۆنگرەی گەورەی حەج پتەو کرێ، لە کۆبوونەوەکانی‌تر ـ وەک نوێژی جومعە و نوێژی جەژن ـ ڕێگا خۆش کرێ بۆ یەک‌بوون. دەبێ سازمانی نێو نەتەوەیی بەینی موسڵمانان وەک «کونفڕانسی ئیسلامی» بەهێزتر و چالاکتر بێ. دەبێ لە بەینی مەزهەبە ئیسلامییەکاندا دەمارگرژی لاچێ، هاوکاری وهاوفکری ساز بێ. سێهەم: ڕاگرتنی پەیمان و نەبەزاندنی سنووری هاوپەیمانی یەکجار گرینگه. جا ئە‌گەر هەندێک موسڵمان پەیمانێکی نێونەتەوەیییان بە ئەستۆوە‌یە نە بۆ خۆیان نە بۆ موسڵمانانی دیکە حەقی پێشێل‌کردنی ئەو پەیمانانە نییه. کە وابوو، مەرج نیە هەموو موسڵمانان بە یەک سیستەمی ئیداری بە ناوی خەلافەت ببەسترێنەوه، بەڵکوو ئەگە هەر وڵاتێک لە شوێنی خۆی سیستەمی خۆجێیی، واتە خودموختاری هەبێ،  بەڵام لە سەر چەند هێڵی گشتی ڕێککەون، هاوکارییان هەبێ، مەبەستەکە پێکراوه. هاوکاریی فەرهەنگی لە بەرا، دواتریش ئیقتیسادی و سیاسی. چەمکی «امّت» نابێ بسڕێتەوە لە نێو موسڵمانان، بەڵام بە گوێرەی زەمان و بارودۆخی دنیا، قالب و قەوارەی گونجاوتری بۆ دادەندرێ، وەک کونفیدراسیونێکی ئیسلامی.

نۆیەم: چەمکی «نوێژی جومعه» و «حەجی گەوره»

ئەزانین ئەو دوو ڕوکنە ئیسلامییە بە چاکی بەجێ نایەن مەگەر لایەنی کۆمەڵایەتییەکەیان زەق بکرێتەوه. هەڵگری پەیامێکی بانگەوازی ئیسلامی بن بۆ هەموو ئینسانەکان. وەک کۆمەڵناسان دەڵێن دوو کەوشەن هەیە بۆ ئینسانەکان؛ یەکەمیان «حەوزەی عموومی» دووهەمیان «حەوزەی تایبەتی». ئاشکرایە ئەو دوو ڕوکنە دەچنه «حەوزەی عموومی»یەوە. دەشزانین سیاسەت‌نواندن لە حەوزەی عموومییەوە هەڵدەقوڵێ. ئێمە بیخەینە بەر نەزەر؛ ئاخۆ خەتیبێک دەچێتە سەر مینبەر، هەموو حەوتوان، ئەگەر باسێکی کۆمەڵایەتی نەکا هەر نەبێ جارجار چ دەڵێ؟ تەنانەت باسی عیبادەتەکان وەک زەکات یان باسی ئەخلاق وەک زوڵم سەر دەکێشێتە گرفتی کۆمەڵایەتی یان سیاسی. هەر وەها ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە لە سەر مینبەر دەکرێ تێکەڵی سیاسەتیش ببێ، دەسەڵاتیش بنگێوێ، یان حەشیمەتێکی زۆر لە وڵاتانێکی دوور حەجی ماڵی خودا دەکەن، تۆ بڵێی ئەو قەرەباڵغە هەر بۆ بەجێ‌هێنانی چەن مەناسیکێک بێ؟! ناکرێ موسڵمانی هەندەران لە حاڵ و باڵی یەکتر ئاگا دار بن، سکاڵا بۆ یەک بەرن، بەڵام خەم ومەراقی یە‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌کدی نەخۆن.

کورتەو پوختەی خاڵی نۆهەم ئەوەیە قەوارەوە هەیئەتی ئەو دوو ڕوکنە تەنیا بۆ زاخاوی دڵ و خواپەرەستییەکی تاکەکەسی نییه، خەتیب لەسەر مینبەر بە خۆی و بە چەکی دەستی، حەجاج بە ئەمیر و پێشەواوە ناکرێ هەر بۆ ئامۆژگاری و عەرەفە و سەفا و مەڕوە بێ.

شاعیری کورد بێکەس دەڵێ :

بەسیە باسی وەعز و سەرفیترە و زەکات

تۆ خوا مەلا فێری نوێژ بوو کائینات

خوتبەیێکی ئیجتیماعیم بۆ بڵێ بۆ ڕێی نەجات

لە ڕاستیدا ئەوە چاوەڕوانیی هەموو کۆمەڵگەیەکی موسڵمانە لە مەلایانی سەر مینبەر، نەخوازە کاتێک کۆمەڵگە توێخ فڕێ دەدا، گۆڕانکاریی بەسەردادێ، مەلاش وەک هەموو ئینسانێک، وەک تاکێکی بەرپرسیار لە نێو کۆمەڵگەدا ناکرێ بێ هەڵوێست بێ.

دەیەم: چەمکی «حکم بما اَنزل الله» ئەو چەمکە بنەڕەتییە لە زیاتر لە ١٠ جێگەی قورئاندا هاتووه. موسڵمانان ڕادەنێ حوکم بە «ما انزل الله» بکەن. هەڕەشەش دەکا لەوانەی حوکم به «ما انزل الله» ناکەن. تەنانەت سێ جار لە سووڕەی مائیدە ڕستەیەک لە قورئاندا بەو شێوازانە دەخرێتە بەر نەزەر:

و مَنْ لَمْ یَحْکُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ فَأُولَئِکَهُمُ الْکَافِرُونَ

و مَنْ لَمْ یَحْکُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ فَأُولَئِکَهُمُ الْفَاسِقُونَ

و مَنْ لَمْ یَحْکُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ فَأُولَئِکَهُمُ الظَّالِمُونَ

دیارە ئەو چەمکە کورتە، هەڵنەهاتووەتەوە لە سەر سیاسەت و فەرمانڕەوایی، بەڵام بێ‌گومان سیاسەت و حوکماتیش لەو دەقانە دەرباز نابن. پێداگری لە سەر یەکەیەکەی حوکمە دینییەکان و چاوەڕوانی لە حەموو حاکمەکان لە هەر هەلومەرجێک بۆ جێبەجێ کردنی گشت داخوازییەکانی ئیسلام، بیرۆکەی «شوڕاتەکان» واته «خَوارج»ـه. ئەو توند ئاژۆیییە لە سەدەکانی ئیسلام لە لایەن یارانی پێغەمبەر (د. خ) ڕەد کراوەتەوه. جێبەجێ نەکردنی زۆر حوکمی ئیسلام، پاساوی شەرعی و عەقڵیی بۆ هەیه. قەبووڵ‌ نەکردنی حوکمی دینی لە لایەن باوەڕدارەوە لە بە‌ر کڕهاندن و لاساری، تەوفیری هەیە لەگەڵ ناپارێزی و لاوازیی ئیمان. هەروەها ڕاگرتنی حوکمێکی دینی لە ڕووی مەسڵەحەت و تێکگیران لەگەڵ حوکمێکی دی، دیسان تەوفیری هەیه، هەر بە حوکمی دین جاری وایە واجب بە حەرام، حەرام بە واجب دەگەڕێ.

لە سەرەتاکانی سەدەی بیست بە لاچوونی سوڵتانی دەسەڵاتداری عوسمانی، «عبد الحمید» لە سەر حوکم(١٩٠٩ز) و پاشان هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاکانی خەلافەت لە ١٩٢٤ز. هەر وەها سەربەخۆییی زۆر وڵاتی موسڵمان لە ژێر چەپۆکی ئیستیعمار یان وەرچەرخانی سیستەمی دەسەڵات پاش سەربەخۆیی، ئەو پرسە دووبارە سەری هەڵداوه، کێشەی گەورەی لێ ساز بوو؛ ئەرێ لە سەردەمی ئێستادا حوکمی ئیسلامی دەکرێ بەڕێوە بچێ؟ تا چ ڕادەیەک؟ لە کاتێکدا دنیای سەردەم و ڕوناکبیران و سیاسەتوانانی نێو کۆمەڵگەی موسڵمان زۆربەی زۆریان، حوکمی بنەڕەتیی ئیسلام «التزام»ـیان نیه. زانایانی بیرمەندی ئیسلامی بۆ ئەو بارودۆخە قووڵتر داچوون و نەخشەی ڕێگای خۆیان بە دووربینیەوە داڕشت، دیتیان دەرکردنی فتوا بە لاڕێ ‌بوونی فڵان و کافر دانانی فیسار چارەی کار نیه. بگرە ئەو هێرش کردنە دەبێتە هۆی پێداگریی زیاتری لایەنەکان لە سەر هێڵی چەوت. چوار بزووتنەوە لە بزووتنەوە گەورەکانی ئیسلام هاتنە سەر ئەو ڕایە کە کۆمەڵانی خەڵک یان کەسانی بەرجەستە، لە ئیسلام شارەزا کرێن و باری دەروونییان بە خواپەرەستی و چوونە نێو ناخەوە بەرز ڕاگیرێ، ئیدی پێویست ناکا کەسی تایبەت ومەڕامی تا‌یبەت بکرێتە ئامانج. ئەگەریش دژبەر و چەوت‌وچەوێڵ بکرێتە ئامانج؛ باسی گشتی بکرێ چاکترە تا ململانێ و رقەبەرایەتیی مەڕام و فەلسەفەکان شی کرێنەوه، دژایەتیان لەگەڵ ئیسلام وەدەرخرێ. بە بەراوەردی من «مەدرەسەی نوور» و «جەماعەتی تەبلیغ» و «کۆمەڵەی ئیخوانولموسلمین» و«جەماعەتی ئیسلامی» ئەو شێوازەیان گرتە بەر و ڕوویان کردە سازدانی جەماعەتی پتەو، ڕێگای درێژ خایەنیان گرتە بەر، بەرجەوەند‌یان خستە داهاتوویەکی دوور، هەرچەند بڕێ جار بڕێکیان ڕێگای قەد بڕیان گرتە بەر، لە هێڵ دەرچوون، پاشی عەیامێک هاتنەوە سەر هێڵ .

بەڵام هێندێک لە موسڵمانانی خوێنگەرم و بە تاڵووکە کە دوور کەوتنەوە لە ئیسلامیان بۆ قووت نەدەچوو، پێشیان وا بوو بە چەن تەکانی سەخت و خۆماندووکردن و خوێن دانی موسڵمانان، دەکرێ بێنەوه سەر هێڵ، دەستیان کرد بە زۆرانی و ململانێ وەک سەرانی «حزب التحریر» و لا‌یەنگرانی شێخەلئیسلامی عوسمانی «مصطفی صبری» و شیخ سەعید پیران و. . . بە هەویای زیندووکردنەوەی خەلافەت و حوکمی ئیسلامی و بە کافر دەرکردنی بەرەی «سکولار»ی نێو موسڵمانان وەخۆکەوتن. دواتر شوێنگرانی ئەو ڕەوتە ـ که «محمّد قطب» لە کتێبی «واقعنا المعاصر» بە لاوانی بەپەلە «شباب متعجّل» نێویان لێ‌دێنێ ـ خۆیان لە سازمانی «القاعده» و هاوشێوەی ئەو دێتەوه. درێژەدەری ئەو ڕەوته، خەلافەتەکەی داعیش بوو کە لە ٢٠١٥ز. دا سەری هەڵدا.

دەبێ ئەوەش بکوترێ: جارجار لە نێو ڕەوتی ئیخوانیش کەسانێ شوێنکەوتووی خولیای خەلافەت، جموجۆڵیان بووه، وەک «سەعید حوَّی» و «مەڕوان حەدید» لە سووریادا. لە ئێرانیشدا هەوەڵ کەسێک داوای دەوڵەتی ئیسلامیی کرد و چەن کەسێکیان بە ڕەشەکوژی لە ناو برد ناوی «نواب صفوی» بوو، تاقمی فیدائیانی ئیسلامیان ڕێکخست، لە دەوڵەتی شا و دە‌وڵەتی دوکتور موسەددیق ئەو داوا کارییەیان خستە سەر زاران. باسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دواتر دەهێنین. بەڵام هێندێک لە عالمەکان وەک «علی عبد الرزّاق»ـی میسری و ڕێڕەوانی، هەروا هێندێک لە دیوبەندییەکانی هیندووستان، وەک «حسین احمد مدنی» یان زانای تورک، عبدالغنی بەگ نووسەری کتێبی «الخلافە وسلطە الامّە» یان ڕووناکبیر و ئەدیبی میسری «خالد محمّد خالد» باوەڕیان بە بنیات‌نانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی نەبووه، هەر هەوڵێکیش بۆ بەرپاکردنی حوکمی ئیسلامی بە ناڕەوا دەزانن. زیاتر ڕەوتی سیکۆلار بانگەشە بۆ ئەو ئیسلامە بێ‌دەوڵەتە دەکەن.

بە کورتی: هەر لە نێو ئیسلامییەکان و زانایانی موسڵمان لەمەڕ حکوومەتی ئیسلامی سێ بۆچوون بووه؛

یەکەم:ـ کە زۆرینەن ـ باوەڕیان بە حکوومەتی ئیسلامی هەیه، بەڵام لە ئایەندەیەکی دوور، پاش ڕەنج و تەقالایەکی بێ ‌وچان و درێژخایەن.

دووهەم: ـ کە کەمینەن ـ باوەڕیان بە حکوومەتی ئیسلامی و خەلافەتیش هەر بۆ ئێستا هەیه، بەڵکوو دەڵێن بە خەلافەت هەموو شتێک چارەسەر دەکرێ، بە پێچەوانەی زۆرینە کە دەڵێن دەبێ زۆر شت چارەسەر بکرێ، جا دەکرێ بیر لە حکوومەتی ئیسلامی بکەینەوه.

سێهەم: ڕەوتی سیکۆلار بەڵام موسڵمان پێیان وایە کە حکوومەت هەر لە بنیات ڕا عورفی و بەشەرسازه، ئیسلام وەک دین لە دەوڵەت جیایه.

ڕەوتی یەکەم لە ئیسلامخوازەکان ـ کە حکوومەتی ئیسلامی بە دوورەدەست دەزانن ڕەوەندێکی مامناوەندییان گرتووەتە بەر ـ لە دەوڵەتێک دەگەڕێن بنەماکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی و ئاشتی و هاودڵی سازکا، دەست‌پاک و زانست‌پەروەر گەشەدەری ئابووری بێ. ئامانجی سەرەکیی خۆیان بە بنیادنانی دەوڵەتی سەرکەوتوو و سەردەمیانە دەزانن، پێیان وایە بەوە چەن هەنگاوێک لە کۆمەڵگەی ئیسلامپەسەند نزیک دەبنەوه، پێیان وایە لەو قۆناغەدا دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئاوەها کە جەماوەر ڕازی کا، فرەدەنگیی تێدا بێ، ‌خزمەت بکا بە خەڵک، بە عەداڵەت بیزوێتەوه، نێوی ئیسلامیشی پێوە نەبێ، هەر ئیسلامییه. بۆیە زۆربەی ئیسلامییەکان ئێستا دەوڵەتێکی وەک قەتەر، تورکیا، مالزی، تونس و لیبی، بە دەوڵەتانێکی تا ڕادەیەکی گونجاو و سەرکەوتوو دەزانن .

ڕەوتی سیکۆلاریش میراتەکەیان بە هەندێک ڕووناکبیری موسڵمانی پابەندی عەقڵانیەتی ڕەخنەگرانە گەیوە کە خۆیان لە ڕێکخراوەی «رابطە العقلانیین العرب» دیتۆتەوە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئیسلام، قورئان و وەحی لە تەعبیر و لە لیباسی زماندا بە بەشەری و مێژویی سەلمێزاوه، مۆری مێژویی‌بوونی پێوە نراوه. هەڵبەت ئەوانیش جۆرجۆرن، بەڵام هەموویان لەوەدا کۆکن کە لایەنی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابووری لە ئیسلامدا ـ با لە دەقی قورئانیشدا هاتبێ ـ هینی زەمانە و ژینگەیەکی تره؛ نابێ بکرێن بە یاسا. کە وابێ ئەمان گشتیان لە باری سیاسی و ئابوورییەوە، چی حەقی بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە سیکۆلارن. بەڵام لە باری ئەخلاقی و ڕۆحی و چوار ڕوکنەی ئیسلام: نوێژ، ڕۆژوو، حەج و زەکات، پابەندی دینن. زەکاتیش وەک بەخشینی تاکەکەسی بۆ پاڵاوتنی دەروون، نەک وەک سیستەمێکی ماڵی. بەڵام زۆر حاستەمە لە لایەن زۆربەی موسڵمانان و بیریارانی ئیسلامی، دەقەکانی قورئان لە مەڕ سیاسەت و ئابووری و سیستەمی دادوەری و پێوەندیی موسڵمان لەگەڵ غەیرە موسڵمان و کافر ومونافق و فاسق، هەروەها زۆر ڕوون کردنەوە کە لە سوننەتدا هاتوون وەلانرێن. بەڵام چۆنیەتیی بەڕێوەبردن ـ تەنانەت هەڵپەساردن، دار و لەلە و شەرت و مەرجی زۆر بۆ هەندێک حوکم‌ دانان ـ لە وتاری زانایانی کۆن و نوێی ئیسلامیدا جێگەی تایبەتیان هەیە و قسەیان لە سەره، بەڵام هەڵپەساردنی یەکجاریی بە حوکمی ئەوە بۆ دنیای ئەوڕۆ نابێ، ڕێگەی پێ ‌نەدراوه. لە بەر ئەوە زۆرێک قاعیدە و بناغە لە ئیسلامدا هەیە زانای شارەزا لە دین دەیهێنێتە گۆڕێ، ڕەگەڵ بارودۆخی ژیانی ئێستای ڕێک دەخا، جێگۆڕکێ بە حوکمەکان دەکا.

کە وایه، حوکم‌کردن بە «ما انزل الله» بەشێکی سەرەکییە لە عەقیدە و شەریعەت کە بێگومان هێندێک یاسا و بڕیاری سیاسی و ئابووری و حوقوقی، وەبەر حوکمی «ما انزل الله» دەکەون، هەر وەک دیارە هەندێک لەو چەمکانە لەگەڵ عورفی سیاسیی ئەوڕۆ پێک دێن، تەنیا کێشەی زاراوە لە بەیندایه، وەکی «بیعت» کە بکرێتە سندووقی دەنگ‌دان یان شووڕا کە دیموکراسیەکی قەببەی لێ‌سازدەکرێ، یان سەربەخۆییی دادوەری کە سەر بکێشێتە «تفکیک قوا»، یان بەرگری لە زۆرەملی لە دین و باوەڕ «لا اکراە فی الدین» کە ئازادیی ڕادەربڕینی لێ‌هەڵکڕێندرێ، یان پەیماننامەی مەدینە کە جۆرێک مافی شارۆمەندیی لێ‌ دەردەکەوێ.

بەڵام هێندێکیشیان ناگونجێن وەک یەکسان‌کردنی میراتی ژن و پیاو، ئەستاندنی دەسەڵاتی «قەوامەت» و ئەرکی بەرپرسیارەتی لە پیاو، یان وادارکردنی ژن بە کردنی کاری دەرێ بۆ پەیداکردنی بژیوی خۆی، یان هەڵگرتنی قانوونی کوشتەنەوەی کەسێک کە یەکی دیکەی کوشتبێ «قصاص»، یان هەڵگرتنی قانوونی ژن و مێردایەتی و وەباوخستنی تێکەڵی بێ‌سنوور «ازدواج سفید».

کەوایە کێشە و ململانێی ئیسلامی و سیکۆلار بە یەکجاری بنەبڕ نابێ، بەڵام دەکرێ بە لێبوردەیی هێڵە گشتییەکانی سەقامگیریی کۆمەڵگه،

 وەک: دەربڕینی  بیروڕا لە لایەن هەر کەسێکەوە بە نووسراوە یان بە دەنگ و تۆمار و میدیا.

وەک: ملکەج ‌بوون بۆ ڕای گشتی و سندووقی دەنگدان.

وەک: پاراستنی هەموو نوێژ‌گە و پەرستگاکان.

وەک: پەرەپێدان بە دەست و داوێن و زمان پاکی لە بواری ئەخلاقدا.

تاقمەکان بە یەک بگەن، کۆمەڵگەیان نەکەنە گۆمی خوێن و مەکۆی تۆقاندن و جێگەی قڕە و تەڕاتێنی بێ‌مانا کە هێمنایەتی لە ئینسانەکان بستێنێ.

کێشەی ئیسلامگەرایی و سیکۆلاریسم

پێناسەیەکی کورت لە سەر ئیسلامگەرایی

دیارە لە سەرەتای ئیسلام و لە دەقی قورئاندا هەریەک جۆر ئیسلام باسی لێ‌ کراوه. ئەرکەکانی موسڵمان بۆ نوێژ و بۆ زەکات و بۆ جیهاد و بۆ گوێڕایەڵی لە ئەمیری موسڵمانان هەمووی لە یەک ئاستدان. پاداش و سزای دنیای دیکەیان لە ڕێدایه. هەر وەک کوتراوە «کُتِبَ عَلَیکُم الصیام» واتە ڕۆژووتان لەسەر فەڕز کراوە، کوتراویشە «کُتِبَ عَلَیکُم القِتال» واتە جەنگتان لەسەر فەڕز کراوه. بە درێژاییی مێژووی ئیسلامیش ڕێچکە و مەزهەبی جۆراوجۆر ساز بووه، بەڵام ئیسلامگەرایی وەک ئایدئولۆژ‌یایەک، وەک مەکتەبێکی فیکری و سیاسی لە ئارادا نەبووه. قسە لە موسڵمانی تەواو و ناتەواو، موسڵمانی تۆخ و لاواز هەبووه. بە گشتی زانای دینی و زانای زانستە گەردوون ‌ناسیییەکان، دەسەڵاتدار و ژێردەسەڵات، فەیلەسوف و ڕووناکبیر و خەڵکی ڕەشۆکی، تەنانەت عیسایی و مووسایی لە نێو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا لە بەستێنی فەرهەنگ و کەلەپوورێکدا دەژیان کە لیپاولیپ لە چەمکە ئیسلامییەکان مۆنجی دەدا.

ئیسلامگەرایی تایبەت بە دەورانی هاوچەرخە؛ کاتێک زۆر لە وڵاتە ئیسلامییەکان چوونە ژێر حوکمی ئینگلیس و هولەند و فەڕانسه، لە ڕێی ئەو داگیرکەرانەوە چەمکەکان و فەلسەفە و کەلەپووری ڕۆژاوایییەکان خزانە نێو بیرگەی خوێندەوارانی موسڵمان، دەبوایە جۆرێک لە ئیسلام پێناسە کرایه، یان دژبەری ئەو چەمکە هاوردانە ‌بایه، یان هۆگریان بوایه. بە تایبەت ئەو چەمکانە دەبوونە دەسمایەی ئایدئولۆژیا کە سەرتاپای ژیانی مرۆڤی دەخۆی دەگرت. سیکۆلاریسم لە عوسمانی سینگی خۆی داکوتا، تورکیای تازەی لە جێ دانا. ناسیۆنالیسم بوو بە ناسنامەی تاکەکان و کۆمەڵەکان و دەوڵەتەکان. لە لایەن سەرانی شۆڕشی ئوکتۆبری ڕووسیاوە مارکسیسم بوو بە بیرۆکەیەکی عالەمگیر. لەو چەرخ‌ و خولەدا موسڵمانانێکی هەستیار و ڕۆشنبیر ئیسلامگەڕایییان کرد بە مەکتەبێکی ڕێکخه‎‌ری ژیان و داگری هەموو پێداویستییەکان کە بێتە بەدیل و جێگری هەموو ئەو «ئیسم»ـانە کە سەریان هەڵداوه. سیان لەم بزاڤانە ڕۆحی و فیکری بوون، وەک «اتّحاد محمّدی» لە ئەندونیزیا «جەماعەتی نوور» لە توورکیادا و«جەماعەتی تەبلیغ» لە هیند و پاکستان. دانەیەکیش لەم بزاڤانە بەرپەرچ و کاردانەوەی داگیرکاریی وڵاتەکەیان بوو، ئەویش «جمعیّت العلما»ی جەزایری بوو.

دوان لەو بزووتنەوانە زۆرتر ڕەنگی سیاسییان بە خۆوەگرت، لەگەڵ حکوومەتەکان تێک‌هەڵچوون؛ یەکیان «اخوان المسلمین» لە میسر سەری هەڵدا و لە وڵاتانی عەڕەبی پەرەی سەند. دووهەمیان «جەماعەتی ئیسلامی» لە هیند و پاکستان و بەنگڵادێش دەوری گێڕا.

یەکەمین لەو بزاڤانەش کە ڕەنگی چڕی سیاسیی بە خۆوە گرت، لە زۆربەی وڵاتان ڕیشاژۆی کرد، چەن سازمانی بچووک وەک «لاوانی موسڵمان» لە میسر و «رابطە العلماء» لە عێڕاق و «جمعیّت العلماء» لە جەزایر و «ئەحرار» لە یەمەنی لە خۆیدا توواندەوه. لەگەڵ «اتّحاد محمّدی» لە ئەندونیزیا و «رابطە العالم الاسلامی» لە سعوودیا پێوەندیی قووڵی ساز کرد، بەشی زۆری میراتەکەی «شیخ محمّد عبده» و «ڕەشید ڕەزا»شی بە خاوەن کرد، ئیخوانولموسلیمین بوو. تا ئەو ساڵ بە ٩٢ ساڵەی تەمەنی سیاسی و فیکریی خۆی گەیوە (٢٠٢٠-١٩٢٨ز) لە زۆربەی وڵاتەکانی دنیادا تێکۆشانی هەیه. جەماعەتی ئیسلامییش لە نێو سیاسی ـ ئیسلامییەکان لە پلەی دووهەمدایه. سێهەمیان «حیزب التحریر»ە کە لە ١٩٥٠دامەزراوه، یەکسەر هەوڵی ئەوە دەدا دەسەڵاتی سیاسی هەڵبەت بە بڕینی چەن قۆناغێک وەدەست بخا. لە ناوچوونی خەلافەتی عوسمانی بە خەسارەتێکی گەورە دەزانێ. هەموو ساڵێ ڕێپێوانی سیاسی بۆ ئەنجام دەدا. لە زۆربەی وڵاتان تێکۆشانی هەیه، بەڵام تا ئێستا توانیویە لە چەن وڵات وەک بریتانیا، لوبنان، عێڕاق، لیبیا، ئوزبەکستان و فەلستین خۆی وەدەرخا و جارجاریش وەبەر قەڵتوبڕ و قەتڵ و زیندان کەوتووه. زیاتری تێکۆشانی نائاشکرایه.

لە ناخی «اتّحاد محمّدی» لە ئەندۆنیزیا، حیزبی ماشۆمی سەری هەڵدا کە سەردەمانی سەربەخۆییی ئەندۆنیزیا لە چلەکان هێندێک دمەقاڵەیان لەگەڵ حیزبەکەی سۆکارنۆ بۆ پەیدا بوو، ئێستا خەباتی پارلمانی دەکا. هەروا لە ناخی «جەماعەتی نوور» بزوتنەی خزمەت سەری هەڵدا، زیاتر لەگەڵ سیکۆلارەکان دانوستان و حاوانەوەی هەیه، ئێستا لەگەڵ «آ. ک. پارتی» شەڕی دەسەڵاتیان هەیه. بەڵام سەرجەم بزووتنەوەی نوور، بە تایبەت بزاڤی خزمەت یا هیزمە‌ت، وەک حیزبێکی سیاسی خوێندنەوەی لەسەر ناکرێ.

سێ بزووتنەوە ئیسلامگەرایەکەش، واتە ئیخوان، جەماعەت و تەحریر، یەکسان هەڵسوکەوتیان نیه. ئیخوان و جەماعەت بە ئاشکرا هەوڵ دەدەن لە ڕێگای مەدەنییەوە بە دەسەڵات بگەن و بەشداریی دەسەڵات بکەن. تەنیا لە چەند شوێن و کاتی تایبەت وەک شەڕی فەلەستین لە ١٩٤٨ز. یان شەڕی ئەفغانستان لە تەک یەکیەتیی سۆڤیەت، یان شەڕی کشمیر لە هیندووستان بە شێوەی بەرتەسک وکاتی دەستیان داوەتە چەک. داوای دێموکراسی و مافی کۆمەڵایەتی وەپێش داوا تایبەتییە ئیسلامییەکان دەخەن. هەرچەند ئەو دوو بزووتنەوەیە بە ماکی توندڕەوی دەناسرێن، بەڵام بە زۆری کات ئەو دوو بزووتنەوەیە لەگەڵ بەرەی نەتەوەیی و بەرەی سیکۆلاری میانڕەو و دیمۆکراسیخواز، وەک حیزبی وەفدی میسری و موسلیم لیگی پاکستان، هاوقۆڵییان بووه. ئەوەی دەکرێ بە بناژۆخوازی ناکۆک لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ بخرێتە لیزگەوه، تەنیا حیزبی تەحریره، بەڵام ئەوەش دەبێ بزانین تەحریر، بیرۆکەیەکی داخراوه، بەڵام تیرۆڕیست نییە، دەست ‌بردنە بەر چەک بە ڕێگای چارەسەر نازانن، بەڵکوو وەک بۆخۆیان دەڵێن هۆشیاریی سیاسی بە یەکەم هەنگاو دادەنێن.



ئەزموونەکانی ئیسلامگەرایی و سیکولاریزم لە هەندێک وڵاتی ئیسلامی

ئەزموونی یەکەم عەڕەبستانی سعوودی

دوای لاچوونی خەلافەتی عوسمانی کە خۆی بە دا‌شداری هەموو موسڵمانان دەزانی، زۆر لە موسڵمانانی ڕۆشنبیریش پێیان وابوو بە هەموو ئیرادەکانیەوە کۆکەرەوەی موسڵمانانه. یەکەمین حکوومەتێک کە بە ناوی دین سەری هەڵدا، حکوومەتی ئالی سعوود لە حیجاز بوو کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد خۆی تەرخانی خزمەتی ئیسلام کردووه. لە دەورەی سێ پادشای هەوەڵی ئەو ڕژێمە بە ناوەکانی عبدالعزیز، سعوود و فیصل، هاوکارییەکی گەرمی لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان دەکرد. هەرکات لە یەکێک لە وڵاتان کەسایەتییە ئیسلامییەکان دوچاری تەنگژە و ئازار دەهاتن، پەنایان دەبرد بۆ ڕژێمی ئالی سعوود. ئیخوان هەتا بەهاری عەڕەبی ئەو پێوەندییە ئاسا‌یییەی لەگەڵ ئالی سعوود هەبوو، بەڵام ڕژێمی ئالی سعوود هەتا چەپایەتی لە گۆڕێدا بوو، لەگەڵ ئیخوان پێک دەهاتن، کە چەپ لە مەیدان دەرچوو، کەلێنی بەینی ئیخوان و سعوودی وه. ئیتر سعوودی ڕازی نەبوو لەو جەنگەدا کە ئیخوان لە دیدی غەربییەکان دەبوغزێندرا، دەستە چەورەکەی ئیخوان بە خۆی بسڕێتەوه. سعوودی ویستی بە هێندێک ئەدا و ئەتوار خۆی دێموکرات و مرۆڤدۆست لە قەڵەم بدا. بە زەبری دۆڵارەکانی و هەندێ سەنتەری مەزهەبی، دەیهەوێ لە ڕێگای کراوەییی کۆمەڵایەتی و چەن پڕۆژەیەکی ئابووری، پەردە بەسەر دیکتاتۆریدا بکێشێ، تەیاری سەلەفی ـ ئیخوانی بێدەنگ کا. هەوڵی دزین و کوشتنی «جەمال خاشقچی» پەردەی لەسەر کێشەیەکی قووڵی ئیسلامی لادا. لە ڕاستیدا کێشەی سەلەفیی سعوودی و ئیخوانیی عالەمی، ئەوڕۆ یەکێک لە ململانێ گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینه. لێرەدا ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ دەکەم ئەویش ئەوەیە سعوودییەکان چ بە حیکمەت و سیاسەتوانی چ بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی لە هیچ کاتێ ڕێگەیان بە هێزە ڕادیکاڵ و توندئاژۆ ئیسلامییەکان نەداوه، بۆ وێنە لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی عەبدولعەزیز، یەکەم ئەمیر و پادشای سعوودی، لەگەڵ توندڕەوە سەلەفیییەکان کە ئەمانیش ناویان ئیخوان بوو، تێکهەڵچوون. عەبدولعەیز هەموویانی قەڵاچۆ کرد. لەوکاتەوە ڕژێمی سعوودی لە تەک ناوەندە مەزهەبییەکان باڵانسی ڕاگرتووه، جارجار پاشەکشەی پێ‌کردوون، جارجاریش مەیدانی داونێ. ئێستا کە موفتیی سعوودی، عبدالعزیز ئالی شێخه، دەسەڵاتێکی وای نیه، بەڵام کۆمەڵانی خەڵکی سەلەفی زیاتر ڕوویان لە زانای گەورەی سعوودی صالح فەوزانه. گەورەترین زانای سعوودی کە ئێستا لە زیندانه، سەلمان عەودەیه. سەلمان عەودە و هاوفکرانی دە ـ پازدە ساڵێک لەمەو بەر جموجۆڵێکیان کرد کە بە جەریانی «صحوه» ناوبانگی دەرکرد. ئەوانە بە سەلەفی ـ ئیخوانی و هەروەها بە «سروری»ـش نێو دەبردرێن. سرور زین العابدین، سعدالفقیه، عبدالحمید ابوسلمان، زانایانێکی «معارض»ـی سعوودین، گشتیان ئیسلامین، بەڵام هەندێکیان ئەیانهەوێ سعوودی لە رژیمێکی بنەماڵەیی بەرەو ئیسلامخوازییەکی تۆخ پاڵ پێوە نێن. هەندێکیشیان وەک عبدالحمید ابوسلمان ئەیانهەوێ بەرەو دێموکراسییەکی ڕاستەقینەی لێخوڕن، لە ڕێگای دەنگدان و بە شێوەی مەدەنیانە دەسەڵات بگرنە دەست. لە هەر حاڵ سعوودی ئاوس بە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتییه، چ بە لای ئیسلامییە تۆخەکاندا، چ بە لای دیموکراسیەتێکی دنیاپەسەنددا. حکوومەتی سعوودی لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، واقیعگەڕایی و عورفی هەڵبژاردووه، بەڵام مەلاکانی سعوودی دوو هێزی جومگەیان بە دەستەوەیه؛ یەکەمیان پەروەردە و فێرکاری و مەدرەسە و زانکۆیه، دووهەمیان سیستەمی دادوەر‌ییه. جارجار بەینی ناوەندی یەکەمی قودره‎ت لە بنەماڵەی سعوودی لەگەڵ مەلا گەورەکان «هیئت کبار علماء» تێکگیراوی دێتە پێش. وێدەچێ «بن سەلمان» وەلیعەهدی تازه، ڕێگەی بۆ سیکۆلاریسم زیاتر تەخت کردبێ. ئەوەش بڵێین لە حەفتاکاندا نووسەرێکی بە توانای ئیسلامی بە ناوی «قصیمی» لە مەلاکان هەڵگەڕاوه، داوای دێموکڕاسی و داد و گەشەی کرد، بە زوویی دەرکرا و بە کافر داندرا.

ئەزموونی دووهەم: رژێمی پاکستان

دووهەمین دەوڵەت لە ئاستی جیهانیدا کە بە نێوی ئیسلام سەری گرت، دەڵەتی «پاکستان» بوو. دەوڵەتی پاکستان، بە پێچەوانەی سعوودی، بە سەرکردایەتی تایەفە و عەشیرەتێک پێک نەهات. بەڵکوو بە سەرکردایەتیی حیزبێکی «مۆدێڕن» پێکهات. حیزبی «موسلیم لیگ» بە سەرۆکایەتیی محمّد علی جناح ـ کە نازناوی «قائد اعظم»ـی پێ‌درا ـ لە ئاکامی خەباتێکی مەدەنیی ئاشتی‌خواز سەری هەڵدا و گەشەی کرد. بە ڕەچاوکردنی بنەما فەرهەنگییەکانی خەڵکی موسڵمان دەیانهەویست حکوومەتی ناسیوناڵ موسڵمان دامەزرێنن. ناسیونالیستەکەی پاکستان لە باتی پاڵدان بە نەژاد و زمانەوه، پاڵی دا بە ئایینەوه، لە بەرانبەری هیندووەکان. مەلاکانی پاکستان ـ کە لە خەبات دژی ئینگلیس و سەربەخۆییی پاکستان دەوری گرینگیان هەبوو ـ هەر وەها ڕێکخراوێکی تازە بنیاد نراوی «جەماعەتی ئیسلامی» گوشاریان خستە سەر «موسلیم لیگ» کە بەرەو حکوومەتێکی تەواو ئیسلامی هەنگاو بنێت. سەرکردەی ئەو بزاڤە ئیسلامییە لە «پاکستان»ـی نوێدا چ بۆ ڕەچاوکردنی شەریعەتی ئیسلام لە یاسادانان، چ بۆ دان‌پێدانەهێنان بە قادیانییەکان وەک کەمینەیەکی موسڵمان، بیرمەند و چالاکی ئیسلام «ابو الاعلی مودودی» بوو کە هاوکات ڕابەری جەماعەتی ئیسلامیش بوو. لە ئاکامدا هەموو تاقمە سیاسی و دینییەکانی پاکستان لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە بنووسن «یاسا دانەری سەرەکی هەر خودایه، هەر یاسایەک نەیار لەگەڵ یاسای خودا ناڕەوایه». ئێستاشی لەگەڵ بێ، لیژنەیەکی گەورە لە زانایانی دینی بە سەر یاساکانی ئەو وڵاتە ڕادەگا. بەڵام سەیر ئەوەیە پاکستان لە بنەمای قانوونیدا هەڵبژاردن و پارلمانی سەلماندووه، جاری وا بوو تاقمێکی سیکۆلار، تەنانەت ژنێک، بووەتە سەرەککۆمار. دوای «قائداعظم»، ئەییوب خان هاتە سەرکار، گوشاری خستە سەر ئیسلامگەراکان، «مەودوودی»ی خستە زیندانەوه، لە جیاتیان «فضل الرحمان»ـی لە ئەمریکا ڕا هێناوە کردی بە وەزیری دیانەت کە مەلاکان بە توندی دژی وەستانەوە. ئەییوب خان بنەمای ئیسلامی لە قانوونی پاکستان نەگۆڕی، بەڵام هەوڵی دا دەسەڵاتی ئیسلامگەراکان لە سەر کورسیی دەسەڵات کەم کاتەوه. دوا بە دوای ئەییوب خان، «بۆتۆ» هاتە سەر کار، کێشە لە بەینی ئیسلامگەراکان و سیکۆلارەکان بەردەوام بوو. «حیزبی مەردوم» کە حیزبێکی سیکۆلار و سوسیالیست بوو، جێگەی «موسلیم لیگ»ـی گرتەوه: بۆتۆش لە چوارچێوەی قانوونی ئیسلامیی پاکستان ڕایبوارد، ئاخرین حکوومەتی بۆتۆ لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هاوکات بوو. ژینڕاڵێکی پاکستانی بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی سیاسی و فەرهەنگیی پاکستان کە لیپاولیپە لە چەمکە ئیسلامییەکان، کودەتای کرد لە بۆتۆ، بوو بە بەرکۆژی ئیسلامگەراکان و پاڵپشتی «جیهاد»ی ئەفغانییەکان دژ بە شۆڕەوی. دیموکراسییە جێگیرەکەی پاکستان دیمان دەرفەتی بۆ سیکۆلارەکان ڕەخساند، کچەکەی «بۆتۆ»، «بێ‌نەزیر» دوو جاران دوای باوکی لە پاکستان هاتووەتە سەر حوکم. هەڵبەت لە پاکستان کەمینەیەکیش هەن کە هۆگرییان بە دیمۆکراسی زیاترە لە پیادەکردنی شەریعەتی ئیسلام، یان باشترە بڵێین لە بەستێنی دیمۆکراسیدا دەیانهەوێ بەها ئیسلامییەکان بپارێزن، وەک «فضل الرّحمان» و تاقمی «طلوعی ئیسلام». هەر وەها هەندێک لە جەمعیەتی عولەمای هێند هەر ڕازی نەبوون بە پێک‌هێنانی پاکستان و دەیانگوت لە دیموکڕاسییە گەورەکەی هێنددا دەبین و جێی خۆمان دەکەینەوه. تەنانەت ئیسلامگەرایەکی تۆخی وەک «جەماعەتی ئیسلامی»ـش دەست بە دەست بوونی دەسەڵات و دیموکڕاسیی سەلماندووه. دەبێ بڵێین پاکستان وڵاتێکی دەگمەنە کە لە ژێر قانوونی ئیسلامدا، سیکۆلار و موسڵمانان لە کێشەیەکی ناخوێناویدا ململانێی خۆیان دەکەن.

ئەزموونی سێهەم: تورکیا

ئەو وڵاتەی کە نزیک چوارسەد ساڵ وەک دەمڕاستی موسڵمانان خۆی نواندبوو، یەکەونەرد لە سەدەی بیستی زایینی (١٩٢٤) پلە بە پلە ئاستی نێودەوڵەتیی نزمتر بووەوه، تا کوتوپڕ وازی لە خەلافەتی ئیسلامی هێنا، زۆر لە دیاردە ئیسلامییەکانیشی خستە پشت گوێ، هیچ سەربەخۆیییەکی بۆ هیچ ناوەندێکی ئیسلامی نەهێشتەوه. تەنانەت خەتی لاتینی هەڵبژارد، زمانی عەڕەبی وەک زمانێکی بێگانە چاو لێ‌ کرد. دەوڵەتی عەلمانی بنیاد نا، قۆڵی لێ‌هەڵماڵی کە لەو وڵاتەدا سێ تاقم سەرکوت بکا:

یەکەم: ئیسلامییەکان، بەولاتریش هەر موسڵمانێک دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕێ.

دووهەم: کوردەکان، وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە تورک، یا هەر کوردایەتییەک.

سێهەم: چەپەکان و تاقمە مارکسییەکان.

لە کاتی لابردنی سوڵتانی بەهێزی ئیسلامی، واتە عبدالحمید لە ١٩٠٩دا، ڕێکخراوێک بە ناوی «اتّحاد محمّدی» دژ بە «اتّحاد و تەرەقی» پێک‌هات، بە توندی سەرکوت کرا.

کاتێ جلوبەرگی فەرەنگی بە زۆرەملی کرا بە جلوبەرگی فەرمیی خەڵک، هەرکەس دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕی، سەرکوت کرا.

کاتێ کوردەکان شۆڕشێکی کوردییان بە هەوێنی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا ڕێکخست، پەتی سێدارە بوو بە یەکەم چارەسەر. لە هەموو ئەو کاتانەی بەرهەڵستی ئاڵوگۆڕێکی بەرەو تورکایەتیی فاشیستی و بەرەو عەلمانییەت دە‌کرا، زیندان و تەبعید و سێدارە چاوەڕوانی بەرهەڵستکارانی دەکرد. بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ ئەو زەختە لە سەر ناڕازییانی سیاسی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی بەردەوام بوو. لە ١٩٥٠ز. ناڕەزایەتیی کەڵەکە بوو، ڕقی پێش‌خواردووی دەیان ساڵە تۆقی و فەوارەی کرد، لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا حیزبی «خلق» ـ کە میراتی مستەفا کەماڵ و عیسمەت ئینۆنۆ بوو ـ تێ‌شکاو حیزبی دیموکڕاتی عەدنان مندرس هاتە سەر کار، «بدیع الزّمان» نوورسی، زانای ئیسلامگەرای بەڕەگەز کورد لە زیندان و تەبعید خەلەسا، مەدرەسە دینییەکان بە هیممەتی سولەیمان حیلمی، زاناو شێخی نەقشی زەختیان لە سەر هەڵگیرا، تەریقەتەکان پێشیان بەڕەڵا کرا. بەڵام ئەو بەهارە زۆری نەخایاند، چەک‌بەدەستەکان کودەتایان لێ‌کرد، لە سێدارە درا. ئەمجار کە هەڵبژاردن کرا بە مۆد، حیزبێکی ئیسلامی ساز بوو، پیاوێکی خوێندەواری مامۆستای زانکۆ، «نجم الدین اربکان» بە چەن نێوی جۆراوجۆر لە چەن قۆناغی جیاواز حیزبی پێک دەهێنا، دادگاکان هەڵیاندەوەشاندەوه، هەمیسان بە ناوێکی ‌تر هەڵەسوونی دێناوه؛ حیزبی«نیظام» و«حیزبی سەلامەت» هەڵوەشانەوه. لە هەشتاکان هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامیی ئێران «حیزبی رفاه» ساز درا، ئەربەکان لە زیندان خرا و حیزبەکەشی هەڵوەشاوه، تا حکوومەتە نیزامییەکەی «کنعان اورن» لاچوو. دوبارە هەڵبژاردن هاتە ئاراوه، حیزبی ئەربەکان زۆرینەی دەنگی هێناوه، لەگەڵ حیزبێکی عەلمانی پێک هاتن دەوڵەتیان ساز کرد. ئەربەکان هەرئەوەندەی توانی لەبەینی باز‌رگانە موسڵمانەکان هاوکارییەک دروست بکا، هەشت دەوڵەتی موسڵمانی دەوڵەمەندی ڕوو بە گەشەی ئابووری ڕێک بخا. لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و گوشاری ئەڕتەش، دەوڵەتی ئەربەکان ڕووخا. ئەربەکان بەرگریی کاری سیاسی لێ ‌کرا و پیری بەرۆکی پێ‌گرت و خانەنشین بوو. شوێن کەوتوانی، وەک عبداللە گول و رجب طیّب اردوغان و احمد داود اوغڵو هاتنە کایەوه، حیزبی «عدالت و توسعه»یانAKPساز کرد.

لەگەڵ‌‌ گەورەترین کوتلەی مەدرەسەی نووری «نوورسی» واتە «فتح اللە گۆلەن» کە لە هەڵبژاردنە پێشووەکاندا زیاتر بە عەلمانییە میانڕەوەکان دەنگی دەدا، ڕێک‌کەوتن. ئاوڕێکیان داوە سەر کوردەکان کە لەگەڵ ئیسلامییەکان عەیامێک بوو هاوخەبات بوون. پارلمانێکیان بە زۆربەی دەنگ پێک‌هێنا کە تا ئێستا زیاتر لە دە ساڵە دەوڵەتەکەیان بەردەوامه. ئینتمای دوو هاوبەشەکانیان لە دەسەڵات لە دەست داوه، وەک تاقمی «خزمەت»ـی گۆڵەن و کوردەکانی HDP. تەنانەت بەشێک لە دۆستە ئیسلامییەکانیان واتە عەبدوڵڵاگوڵ و داود اوغڵوشAKPیان بە جێ هێشتووه. کەچی ئوردوغان وەک دەوڵەتێکی بەهێز دژایەتیی نەیارانی ناوخۆ و دەوڵەتە گەو‌رەکانی ناوچە وەک ئێران و عەڕەبستان و «یەکێتیی ئەرووپا» دەکا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ پەنجەی دیاره، ئەردۆغان هەر لە سەرکارە و بە موورەکەی دەیکوتێ و جارێ تیغی دەبڕێ و زیندانی پڕ کردووە و ئەڕتەشیشی بێ‌دەست کردووه، نامەعلوومە سیاسەتی تورکیا بەرەو کوێ دەچێ. سەیر ئەوەیە بە پێچەوانەی پاکستان کە قانوون ئیسلامییە و زۆر جار عەلمانی و سیکۆلار لە سەر کارن، لە تورکیادا قانوون هه‎‌مان یاسای ئەتاتۆرکه، وێنەکەی هەر لە ئیدارەکاندا هەڵاوەسراوه، کەچی تاقمی ئیسلامی لە سەر کارن! تا‌کەی ئەو شووتیە بە سەر ئەو گوریسەوە دەوێستێ، خوا دەزانێ.

ئەزموونی چوارەم: ڕۆژهەڵاتی ئاسیا

چوارەمین ئەزموونی بەربەرەکانیی ئیسلامگەرایی و سیکۆلاریزم لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تاوتۆی دەکەین کە لە هاوبە‌‌شی و پێکەوەهەڵکردن و کێبەرکێیەکی مەدەنیدا لە گەورەترین وڵاتی ئیسلامیدا خۆ دەنوێنێ. تاقم و کەسایەتییە ئیسلامییەکان وەک«شرکت اسلام» بە سەرۆکایەتیی «ئاگۆس سلیم»ـ کە بە باوکی مەعنەویی ئەندۆنیزیا لە قەڵەم درا ـ دژ بە ئیستیعماری هولەند ڕابوونیان هەبووه، دوو ڕێکخراوەی گەورەی «اتّحاد محمّدیه» و «نهضت العلماء» هەرکام بە دەیان ملیۆن ئەندامەوە لە زووەوە موسڵمانانی ئەو دەڤەرەیان ڕێنمایی کردووه. «اتّحاد محمّدیه» سەر بە ئیسلاح‌خوازی «محمّد عبده» و «ر‌شید رضا»یه. «نهضت العلماء» شافیعی مەزهەبێکی سەر بە ڕچەی زانایانی نەریتیی ئیسلامین. لە کاتی سەربەخۆییی ئەندۆنیزیا لە ساڵی ١٩٤٧دا دوو کەسایەتیی گەورەی ئیسلامی و عەلمانی واته «محمّد نصیر» و «حاجی ئەحمەد سۆکارنۆ» چەندین لێدوان و وتاریان لە هەمبەر یەکتر نووسی، لە ڕۆژنامەکاندا بە یەکتر هەڵشاخان، دواتر سۆکارنۆ و حیزبەکەی سەرکەوتن، بەڵام قەڵت و بڕیان نەخستە نێو ئیسلامگەراکان. عەلمانییەکان ئەندونیزیایان لە سەر«پانجاسیلا» واتە پێنج ئەسڵ دامەزراند:١-ئیمان بە خودا، نەتەوایەتی، ئینسانیەت، دێمۆکراسی و عەداڵەت.

کاتێک ئەندۆنیزیا بەرەو سەربەخۆیی ڕۆیشت، ئیسلامگەراکانی عەڕەب لە ڕێگای «اتّحادیەی عرب» بە سەرۆکایەتی «عبد الرّحمن عزّام» توانیان ئەندونیزیا لە سازمانی نەتەوەیەکگرتووەکان بە دەوڵەتی سەربەخۆ بناسێنن. سۆکارنۆ بوو بە سەرۆکی ڕێکخراوەی وڵاتە بێ‌لایەنەکان.

ئیسلامگەراکان لە بنیادنانی دەوڵەتی تازە بە لایەنی دووهەم بەشدارییان کرد، نەکەوتنە بەر ڕەهێڵەی سەرکوت و کوژران. ماوەیەک پاش سۆکارنۆ، سۆهارتۆ وەک پاوانخواز و دیکتاتۆر وڵاتی بەڕێوە برد، بەڵام ناوەندە ئیسلامییەکان هەر لەسەر جێی خۆیان بوون. دوای سۆهارتۆ، کەسایەتییەکی ئیسلامی، واتە عبدالرّحمن وحید، بە هەڵبژاردن هاتە سەر حوکم. دوای ئەویش کەسایەتییەکی سیکۆلار، واتە خانمی میگاواتی، ئێستا لە سەر حوکمه. هەموو ڕێکخراوە ئیسلامییەکان درێژە بە چالاکیی خۆیان دەدەن.

وڵاتی دووهەم لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا مالیزییه، یەکێکە لەو وڵاتە ڕوو بە گەشانە کە گەشەی خۆی لە دوو کەسایەتیی گەورەی ئیسلامییە کە ناویان «ماهاتیر محمّد» و «انور محمّد»ە کە بەینێکیش بەربەرکانێی یەکیان کرد. «انور محمّد» لە بەند کرا، بەڵام ئێستا ماهاتیر محمّد پیر و لە سەر لێوی قەبره. دووبارە انور محمّد و تیمەکەی لە گۆڕەپانی سیاسەت چالاکی دەنوێنن.

ئەزموونی پێنجەم: ئەلجەزایر

ئەو وڵاتە ـ کە بە وڵاتی یەک ملوێن شەهید بەناوبانگە ـ لە بواری فەرهەنگی ـ شۆڕشگێری دەوڵەمەنده. دووسەت ساڵ لە ژێر حوکمی فەرەنسەدا بوو، خەباتەکانی هەموو ساماڵ لە هەست و نەریتی ئیسلامییانە بوو. لە سەرەتای سەدەی بیست «جمعیّت العلماء» ڕابەری شۆڕشێکی فیکری ومەدەنیی دەست پێ ‌کرد بە سەرۆکایەتیی زانای ئیسلامی «بن بادیس» کە بە باوکی مەعنەویی «الجزایر» دەناسرێ بە سێ دروشمی: «ئیسلام دینمانه، عەڕەبی زمانمانه، ئەلجزایر وەتەنمانه». بەڵام لە شەستەکاندا خەباتی سیاسی و چەکداریی « ئەڕتەشی ڕزگاریدەر» دەستی پێ ‌کرد، لە ماوەی حەوت ساڵ شۆڕشی بە ئاکام گەیاند، ئەلجەزایر بە سەربەخۆیی گەیشت. لەو کاتەدا «بشیر ابراهیمی»، زانای دینی، دۆستی بن بادیس و شکەنجە دراوی زیندانەکانی فەڕانسە، کارگێڕی «جمعیّت العلماء» بوو. ئەو لەگەڵ ئیخوانەکانی میسریش کاتێ لە تاراوگە دەژیا نێوانی خۆش بوو. خەڵکی الجزایر دوای ڕزگاری، لە پاش خەباتێکی دوور و درێژ، خولیای سازکردنی ڕێژیمێکی دڵخوازی خۆیان بوون. دیارە ئیسلامییەکان بەو ڕابردووە خەباتکارانە لە «جمعیّت العلماء»دا پاشان لە «ئەڕتەشی ڕزگاریدەر» ـ کە چەپێکی نەتەوەیی بوو، بۆن و بەرامی ئیسلامیشی پێوە بوو ـ چاوەڕوانی ڕێژیمێکی ئیسلامی بوون. «بن بلّا»ی ڕابەری«ئەڕتەشی ڕزگاریدەر» هەوەڵین سەرۆککۆماری ئەلجەزایری شۆڕشگێڕ، مەیلی ئیسلامیی هەبوو، بەڵام بە تۆپزی «بومدیەن» کۆدەتای لێ‌کرد، ڕێژیمێکی عەلمانیی سوسیالیستیی بنیاد نا کە کەمترین ڕەنگی ئیسلامی پێوە دیار بوو. لەو کاتەوە بزاڤی ئیسلامی ڕاگیرا، هاواری بەشیر ئیبڕاهیمی بە هیچ کوێ نەگەیشت، هەڵبژاردن و دەستاودەستی دەسەڵاتیش لە گۆڕێدا نەبوو. «بومدین»مرد، بن‌بللاش کە زیندانی کرابوو، ئازاد بوو، دەرخۆنە لە سەر دیزە لاچوو، ئیسلامییەکان دووبارە سەریان هەڵداوه. ئیسلامییە کۆنەکانی ئەلجەزایر لەگەڵ ئیسلامییە توندڕەوەکانی تازە چەقەرە کردوو یەکیان گرت، لە هەڵبژاردنی ١٩٩٠ز. زۆرینەی کورسییەکانی پارلمانیان وە دەست خست. نیزامییەکانی ئەلجەزایر بە هاوکاریی کۆنە سیاسییەکانی قەدیم بە پەلە کودیتایان کرد، ئەوانیش کۆڵیان نەدا، ئیسلامییەکان دەوڵەتی تاراوگەیان پێک هێنا، زیندانەکان لە ئیسلامگەراکان ئاخندرا، ڕابەڕی میانڕەوی «جەبهەی نەجاتی ئیسلام» «عەبباس مەدەنی» لە زیندان خرا، وردەوردە توندڕەوەکانی ئیسلامی بەرسینگەیان لە میانڕەوەکان ئەستاند، دەستیان دا چەک، بۆ ماوەی چەن ساڵێک ئەلجەزایر بە سەر بارودۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕی، ئەڕتەش و تاقمی چەکداری ئیسلامی لە دێهات و شار دەستیان کرد بە یەکتر کوشتن و خەڵک قوربانی کردن، خەڵکێکی مەدەنیی زۆریش لە ناو چوون. ئێستا باروودۆخەکە ئاسایی‌تره، بە هێنانەخواری «بوتەفلیقه» لە سەر کورسیی دەسەڵات خەریکی هەڵبژاردنی ڕاستەقینەن.

ئەزموونی شەشەم: ئەزموونی پڕ پەند و بە کەندولەندی میسر

کاتێک کە دوا هەناسەیان لە خەلافەتی لەرزۆکی عوسمانی بڕی ـ کە هەرچۆنێک بێ بە ڕەمزی دەسەڵاتی ئیسلام دەژمیردرا ـ زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی لە گەرمەی شەڕی دژە ئیستیعماریدا بوون، مامۆستایە‌کی قوتابخانه، پیاوێکی بە دین و چالاک و وردبین لەگەڵ هەندێک هاوبیر، کۆمەڵێکی موسڵمانیان لە شاری «اسکندریه»ی میسر پێک هێنا، ناویان نا «برایانی موسڵمان» واته«اخوان المسلمین». ئەوکۆمەڵە بچووکە وا پەرەی سەند کە لە ١٩٢٨ تا ١٩٤٨ز. ـ کاتی شەڕی فەلەستین بوو بە ڕێکخراوەیەکی گەوره، ڕێشاژۆی بۆ گەلێ وڵاتی عەڕەبی کرد، لق و پۆپی لێ‌کەوتەوه. بەر لە بزووتنەوەی ئیخوانیش، میسر کانگای ئیسلامخوازی بوو؛ ڕەشید ڕەزا بە خۆی و گۆڤاری «المنار» لە هەموو وڵاتەکاندا تەنیبووەوه. بەر لە وانیش «محمّد عبده» زانای ڕۆشنبیری میسر بە هاوکاریی «سیّد جمال‌الدین ئەفغانی»، بیری چاکسازیی ئایینی و ڕۆشنبیریی دینییان لە عالەمی ئیسلام بڵاو کردبووە‌وه. هەروەک بیری ئیسلامی لە میسردا بڵاو بووەوه، بیری عەلمانیش لە میسردا پەڕەی سەند. بیری ئیسلامیی چاکخواز و ساغکەرەوە هاوکات لە گەڵ بەرەی نەریتخواز وتونداژۆ کەوتە ململانێ، لەگەڵ بیری عەلمانییش لە کێشەدا بوون. دەتوانین بڵێین ڕەشید ڕەزا ئاڵقەی پێوەندیی بەینی چاکسازیی ئایینیی مەکتەبی شێخ محمّد عبدە و ئیسلامگەراییی تۆخ و پڕ حەرارەتی ئەو تازەلاوە پێگەیشتووە بوو کە تازە ئیخوانی دامەزراندبوو، ناو و ناوەڕۆکی یەک کەوتبوون «حسن البنّا». بە کورتی وڵاتی میسر خاوەنی چەند ڕەهەندی جیاوازی فیکری بوو کە تا ئێستاش درێژەی هەیه. جاری وا بوو پێک گەیشتوون و تێکەڵ بوون، جاری واش بوو لێکیان داوە و لێک هەڵبەزیونەتەوه. وڵاتی میسر لە چەند سەدە بەر لە ئێستاوە، وەک پێشەنگی فیکری و ڕۆشنبیریی جیهانی ئیسلامی سەیر کراوه. ئێستا ئەو ڕەهەندانەی لە میسرەوە بەرەو وڵاتانی دیکە خێزەرەیان کردووه، باس دەکەین:

١ ـ مەدرەسەی دینی «الازهر» کە لە دەورەی شێخی سیوطی (٩١٠م کۆچی) هەتا ئێستا بە گەورەترین زانکۆی ئیسلامی داندراوه، واتە ماوەی پێنج‌سەد ساڵ پێشەواییی دینیی موسڵمانانی بە دەستەوە بوو.

٢ ـ لە دەوری ٢٥٠ ساڵ لەوە پێش، سەردەمی محمّد علی پاشا، یەکەمین دیاردەکانی نوێخوازیی سیاسی و فیکری و تەکنیکی لە میسر سەری هەڵداوه.

٣ ـ یەکەم نیشانەکانی چاکسازیی ئایینی لە دەورەی محمّد علی پاشا، لە لایەن موفتیی میسر بە ڕەگەز ئەلجەزایری «ابن الغنابی» دەبیندرێ. طەهطاوی یەکەم زانای ئەزهەری کە سەردانی ئورووپای کردووه، زیاتر لە هەموویان بزاڤەکەی سەید جەماڵی ئەفغانی و محمّد عبدە کە لە ١٨٨٠وەدەر کەوت چەخماغەی لێ‌درا، لە میسر سەری هەڵدا.

٤ ـ یەکەم دیاردەکانی عەلمانییەت لە باری سیاسی و فەلسەفی لە میسرەوە سەری هەڵدا، لە لایەن احمد لطفی سیّد ١٩٦٣- ١٨٧٢ و طە حسین و فواد زکریّا هەروا درێژەی هەبوو، تەنانەت یەکێک لە عالمانی ئەزهەریش علی عبدالرازق، بیرۆکەی جیاوازیی دین و سیاسەتی بڵاو کردووەتەوه. بێجگە لەو عەلمانییەتە سیاسییە، عەلمانییەتی فەلسەفی و ماتریالیزمیش لە لایەن «شبلی شمیّل»، «سلامە موسی» «ئیسماعیل مظهر» و «فرح انطوان» لە میسر بڵاو بوونەتەوه، لە وێ ڕا تەشەنەیان کردووە بۆ وڵاتانی دیکه.

٥ ـ یەکەم ڕیکخراوەی گەورەی عالەمی ئیسلامی ـ سیاسی واتە ئیخوان لە ١٩٢٨لە میسر سەری هەڵدا و لق وپۆپی خستە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی.

٦ ـ یەکەم بیرۆکەی لە یەک نزیک بوونەوەی سووننی و شیعە بە دەستی گەورەترین زانایانی ئەزهەر؛ «عبد المجید سلیم» و «شێخ محمود شلتوت» و سەلماندنی لە لایەن گەورەترین زانای ئایینی شیعە لە قوم، واتە «بروجردی» بە ناوی «دار التقریب» لە بەینی مەزهەبە ئیسلامییەکان لە میسر سەری هەڵدا.

جا ئێستا بزانین کێشەی ئیسلامگەرایی و عەلمانیەت لە وڵاتێکی ئاوا کراوە و ئازاد چۆن ساز بووە و چۆن کۆتاییی پێ هاتووه؟

بۆ ئەوەی ئەو فایلە بکەینەوه، ئەو پەروەندەیە هەڵدەینەوه، دەبێ بزانین هاوتای چاکسازیی ئایینی و نوێ کردنەوەی ئیسلام لە سەر دەستی «شێخ محمّد عبده»، بیرۆکەی عەلمانییش لە بواری فەلسەفیدا جموجۆڵی دەست پێ‌کرد. گەورەترین پێشەوای چاکسازی، واتە «شێخ محمّد عبده»، هاتە مەیدانی «فرح انطوانی» بە ڕەگەز مەسیحی، بە مەسلەک لائیک. عەلمانیە‌تی فەلسەفی لە میسر زۆر خۆی نەگرت، تەنیا گۆڤارێکیان بە ناوی«عصور»دەرکرد کە بێ‌پەردە هێرشی دەبردە سەر «دین» و «متافیزیک». لەو هێرشەدا تەنانەت عەلمانییە میانڕەوەکانیش نەدەپارێزران، «طە حسین»ـیش وەبەر ڕق‌ و تووڕەییی ئەوان کەوت. ڕقی زۆرتریشیان لە لایەنگرانی چاکسازیی ئایینی، وەک «رشید رضا» و «عقّاد»هەبوو. بەڵام عەلمانیی سیاسی تا عەسری ئێمە درێژە‌ی ‌هەبوو. لە هەشتاکانی میلادی، «فواد زکریّا» لەگەڵ «محمّد غزّالی» وەک دوو جەمسەری عەلمانی و ئیسلامی دیبەیتێکی بە ناوبانگیان پێک هێنا. بە دووی ئەو کێشە فەرهەنگییەدا، یەکێک لە عەلمانییەکانی میسر کە شاگردی «فواد زکریّا» بوو بە ناوی «فەرەج فوده» بە دەستی ئیسلامییە ‌توندڕەوەکانی «جیهادی ئیسلامی» ترۆر کرا. بەڵام پیشتر عەلمانییەت لە ژێر پۆششی ئیسلامی لە الازهر سەری هەڵدا و بۆ ماوەیەکیش درێژەی هەبوو. مامۆستایەکی ئەو زانکۆیە بە ناوی «علی عبدالرازق» کتێبێکی نووسی بە ناوی «الاسلام و اصول الحکم» هەموو زانایانی ئەزهەر لە ساڵی ١٩٢٥ز. ڕەددیان لە سەر ئەو کتێبە لێداوه. ئەو عالمەشیان دەرکرد و شەهادەی عالمیەتیشیان لێ ‌ئەستاندەوه. تا ماوەیەک هەرای ئەو کتێبە دەنگی داوه؛ هەندێک ڕەددی لە سەر لێ دراوه، ئەویش جوابی هێندێکی داوە و لە دوای ئەو هەرایە بێ‌دەنگیی لێ ‌هێنا تا وەفاتی کرد. بە قەوەتترین بە‌شی کتێبەکە ڕەددێکە کە لە سەر خەلافەتی ناسراو لە نێو موسڵمانان نووسراوە کە هۆیەکی سیاسیشی لە پشتەوە هەبوو، چونکە لەو کاتەدا «فواد» پادشای میسر دەیهەویست بە پشتیوانیی «ازهر» خەلافەت بە نێوی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ میسر. بنەماڵەی «عبدالرازق»ـیش کە بنەماڵەیەکی بە دەسەڵات بوون، لایەنگرییان لە «حزب الاحرار» دەکرد کە دژی فواد بوو. بەشەکانی دیکەی کتێبه‎کە کە باس لە هەڵسوکەوتی نیزامی و سیاسیی پێغەمبەر (د. خ) دەکا و دەڵێ: پێغەمبەر هەمان ڕچە و ڕێبازەکانی عەڕەبی ئەوکاتی ڕەچاو کردووە و ئاکاری ماڵی و نیزامی و سیاسیی پێغەمبەر هیچ پەیوەندییەکی بە ئەرکی پێغەمبەرایەتییەکەی نەداوه، لاوازترین و کەم بەڵگەترین بەشی کتێبەکەیه. لەو کتێبەدا دەنووسێ موسڵمانان بۆ کاروباری دینی خەلافەتیان پێویست نییه. هەر کەسە و کۆمەڵێکی موسڵمان لە وڵاتی خۆی کاروباری ئایینی بەڕێوە دەبات، بۆ کاروباری دنیاییش موسڵمانان ئازاد کراون؛ هەر ڕژێم و سیستەمێک عاقڵانەتر و گونجاوتر بێ، هەڵبژێرن. ئەو بەشە لە کتێبەکەی «عبدالرازق»، شتی بە کەڵکی تێدایه، بەڵام بە باشی پەروەردە نەکراوه. «عبدالرازق» بە دروستی ئاماژە دەکا ئیسلام هەر شەریعەتێکی ڕۆحی نییه. دەی کە وایه، ئیسلام چ یاسایەکی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دنیا؟ شتێک کە «عبدالرازق» لە عەلمانیە بێ‌دینەکان جیا دەکاتەوه، ئەوەیە کە «عبدالرازق» دەڵێ: ئیسلام و قورئان و خودا و پێغەمبەر بۆ خۆیان و بە عەمد ـ نەک لە بەر فەرامۆشی ـ موسڵمانانیان لە ئومووری سیاسیدا ئازاد کردووه، ڕێژیمێکی تایبەتیان بەسەردا نەسەپاندوون، بەڵام ئایا لە هێڵەگشتییەکانیشدا هیچ ڕێنوێنییەکی شەرعی نەدراوەتە پەیڕەوانی ئیسلام؟ لێرەدا بە ئاشکرا شێخ عەلی دەس بەتاڵه. ئایا ڕێژیمی ئیستیبدادی بە وتەی شێخ عەلی نیزامی «تغلّب» لە تەک ڕێژیمی هەڵبژاردن و پارلەماندا یەکێکن؟

کتێبەکانی شێخ عەلی لە بیر چووبووەوە، تا سێ ساڵێک لەمەوبەر دووبارە هێندراونەوە گۆڕی، کەسانێک تەعلیق و پەراوێزیان بۆ نووسی، دووبارە لە چاپیان داوه. بەڵام ئەمجار موسڵمانان و مەلاکان پێی هەڵنەبەزینەوە. لە بەر ئەوەی زۆربەی بیریارانی ئیسلام ڕێژیمی دێموکڕاسییان پەسند کردبوو، وەک «نامق کمال» کە لە سەدوپەنجا ساڵ لەوە پێش کوتبووی بەیعەت و شووڕا بناغەی دێموکڕاسین. دەبێ ئەوەش بکوترێ هەم شێخ عەلی و هەم براگەورەکەی، شێخ مصطفی لە شاگردانی شێخ محمّد عبدە بوون. ڕەشید ڕەزاش کە بەرپەرچی کتێبەکەی شێخ عەلی دابووەوه، بە هەمان دەستوور شاگردی شێخ محمّد عبدە بوو. شێخ مصطفی عبدالرازق دواتر بوو بە شێخی گەورەی ئەزهەر. شێخەکانی دیکەی ئەزهەر ڕووی شێخی گەورە گرتنی؛ دووبارە براکەیان گەڕاندەوە بۆ «ازهر»، حوکمی پێشوویان سڕیەوه، بەڵام شێخ عەلی خۆی نەهاتەوە ئەزهەر.

لێرەدا ڕۆڵی زانایەکی حوقوقدان و فەقیهـ بە ناوی «سنهوری» ـ کە به «امام خامس» بە نێوبانگە ـ گرینگه. ئەو زانایە لە سەردەمی نەمانی خەلافەتیشدا لە ئورووپا کتێبێکی نووسی کە بۆ زانایانی ئوروپا سەرنجڕاکێش بوو. قانوونی مەدەنی زۆر لە وڵاتانی عەڕەبییش هەر ئەو نووسیونی، زۆر چاک توانیویە ناوەڕۆکی شەریعەتی ئیسلام لە فورمی حوقووقی دنیای تازەدا بپێچێتەوه. سنهوری شەریعەتی ئیسلام و قانوونەکانی ئەوڕۆی پێک گرت و یەکی‌ خستن، تاکوو لە زەمانی «عبدالناصر»دا خانەنشین کرا، ڕێگای چوون بۆ وڵاتانی دەرەوەی بێجگە لە یەک دوو سەفەری کاتی لێ ‌گیرا. پاشان سنهوری لە ماڵێ دانیشت، خەریکی کتێب‌دانان بوو. وێنەی ئەو کار‌ەی سەنهووری، دوکتوور مصطفی زەڵمی لە عێڕاقدا کردی، بە تایبەت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگێشتی کرد ئەو حکوومەتە کوردەی لە تەنگژەی دەمەتەقێی مەلاکان و عەلمانییەکان ڕزگار کرد.

ڕژێمی میسر لە ساڵی ١٩٥٢دا لە پادشایەتی بوو بە جەمهووری، دووبارە باسی حکوومەتی ئیسلامی و حکوومەتی عەلمانی هاتە گۆڕێ. لە شەڕی فەلەستین لە کاتی حکوومەتی پادشایەتی، «اخوان» ئەزموونی نیزامییان پەیدا کرد، لە ژێرەوە شاخەی نیزامییان دامەزراند. ئەفسەرانی ئازاد ـ کە کۆدەتاکەیان کردبوو ـ لەگەڵ ئیخوان لە کاتی کودەتاکە و پێش ئەو کارەش پێوەندییان هەبوو، بەڵام کاتێک هاتنە سەر حوکم جوابی خواستەکانی ئیخوانیان نەداوه، بناغەی ناکۆکی لە بەینیان درووست بوو، لەو کاتەوە زەختیان خستە سەر ئیخوان. هەر وەک ڕژێمی پاشایەتی، «حسن البنّا»ی تڕۆڕ کرد. ئەمانیش پەتی سێدارەیان بۆ ئیخوانییەکان هەڵواسی، چەن نەفەرێکی گەورە وەک «عبدالقادر عوده» زانای مافناسیان لە دار دا. پاشان لە ساڵی ١٩٦٦ نووسەر و ئەدیبی بەناوبانگی ئیخوان سەید قوتبیشیان کوشت. گەنجەکان تابشتیان نەهێنا، هەندێک بیرۆکەی توند و تیژ لە نێویاندا پەرەی سەند. لەو سەردەمەدا بوو، لە حەفتاکان، چەقەرەی توندڕەوی لە زیندانەکانی میسر سەری هێنا دەرێ، دەستیان برد بۆ چەک. هەوەڵ ڕەهێڵەی ئەو توندوتیژیه، وەزیری ئەوقافی میسر موفەسیری  قورئان «ڕهبی» بوو. پاشان لە ساڵی ١٩٨٠ز. لە ژێر کاریگەریی شۆڕشی ئێران، سادات، سەرۆکی میسریان تڕۆڕ کرد. کۆمەڵگای میسری وەخۆ کەوت؛ هێندێک بۆ ڕیایی و خۆشڕەقسیی حکوومەت، هێندێکیش بۆ هەست‌ کردن بە مەترسییەکی گەورە، دەستیان کرد بە کوتانی ئەو تاقمە توندڕەوە بە ناوی «التکفیر والهجره» و «جیهادی ئیسلامی». ئەزهەر و ئیخوان هەردووک لا کارەکانی ئەو توندڕەوانەیان ئیدانە کرد. بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوان هەر لە نێو ئیخواندا لە بەرانبەری ڕێژیمی میسر یان «جاهلیت» دوو کۆتلە سەریان هەڵدا؛ کۆتلەیەک بە سەرۆکایەتیی سەید قوتب، پێی وابوو تەنیا لە ڕێگای پەروەردەی ئیسلامی و جیهادەوە دەتوانرێ بە سەر ڕێژیمە سەرکوتگەرە نائیسلامییەکاندا زاڵ بین. توندڕەوەکان ئەو بیرۆکەیەی قوتبیان بە کرچوکاڵی وەرگرت و لە سەری ڕۆیشتن. کۆتلەی دووهەم بە سەرۆکایەتیی ڕابەری گشتیی ئیخوان، «هوزەیبی» دەیانکوت سەبر و ئارامی. ئەگەریش دەرفەت بێ؛ هاوکاری هۆی سەرکەوتنه. دوو کتێبی «معالم فی الطریق» نوسراوەی سەید قوتب و «نحن دعاە لاقضاە» نووسراوی هوزەیبی لە بەرانبەری یەک قەراریان گرت. تەیفی قوتبی و تەیفی پێداچوونەوە تا ئێستاش لە نێو ئیخواندا هەن.



کۆتایی

خوێنەری ئەو لاپەڕانەی بەردەست لە سەر “ئیسلامی سیاسی لە نێوان گومان و واقیع دا” خۆی لە بەرانبەری چەن بۆچوون و خوێندنەوە لە سەر چەمکی “ئیسلام و سیاسەت”دا دەبینێ. چەند هەلبژاردە لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئیسلامی و عەلمانی لە وڵاتانی ئیسلامی بە دی دەکا. بە بڕوای نووسەر، ئەو چەند دەلاقەیەکی بەرەو ڕووی خوێنەر و ڕۆشنبیری کورد کردووەتەوە تا بەرچاوی ڕوون تر بێ و هەنگاوی بەئەزموون و تێبینی هەڵێنێتەوە.