ئارامتر بخوێنەوە!
زمانی کوردی و ئینسکلۆپیدیای ژینگەناسی
ڕێناس کوردی
“نووسینی ئینسکلۆپیدیا ئەورژانسیترین و پێویستترین چالاکییە کە دەبێ بۆ دروستکردنی بنەمایەکی پتەوی زمان کەڵکی لێ وەربگیرێت. نووسینی فەرهەنگی زانستی، زمان لە بەستراوەیی بە تەنیا ژانرێکەوە ڕزگار دەکا و لە هەمووی گرنگتر، فرە ڕەهەندی ئەکات. نووسینی ئینسکلۆپیدیا بە پێی سەردەم، شێوازی تایبەتی خۆی دەوێ. لە کوردستان بێجگە لەوەی لە زانکۆکان و بەشی زمان و ئەدەبیاتدا بنەماکانی فەرهەنگنووسی ناوترێتەوە، بەڵکوو کتێبگەلێکیش لەو بوارەدا چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە هەتا لێکۆڵەران کەڵکی لێ وەربگرن.”
زمان فاکتی بەهێزی پێکهاتەی نەتەوەیە و ئەگەر نەتەوەیەک وەکوو کورد بە دەسەڵاتی سیاسیی خۆیشی نەگات بەڵام زمانەکەی پارێزراو بێ و گەشەی پێ بدا، ئەوا نەک لە ناو زمان و دەسەڵاتی باڵادەستدا ناتوێتەوە، بەڵکو وەک ئەویترێک (دیگری) دەتوانێ درێژە بە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی بدات. زمان وەک گرنگترین و هەستیارترین تایبەتمەندی و هۆکاری نەتەوەسازی، دەرەتانی ئەوەی هەیە کە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە بە دوو ڕەهەندی “دێمۆکڕاتیک” یا “فاشیزم و شۆڤینیزم”دا ببات. ئێلیت و ڕۆشنبیرانی ناو بازنەی زمانی، ڕۆڵی سەرەکییان لە ئاراستەکردنی زماندا هەیە. پرسی زمان پرسێکی ڕۆژەڤە و پێویستە بەردەوام نوێ بکرێتەوە. لەڕاستیدا هێندێک زمان، دەرەتانی گەشەی کەمە و هێندێک زمان تەنیا لەیەک دو بواردا ئەتوانن پەرە بە ڕەهەندەکانی زمان بدەن. هێندێک زمان قەت ناتوانن دیموکراتیک ببن. ئەو بابەتە پێوەندیی بە سروشت و سایکۆلۆژیای خەڵک و ژینگە و جوغڕافیای سرووشتییەوە هەیە. زمانێک کە فەیلەسوف و پزیشکی هەڵکەوتووی تێدا هەڵنەکەوتبێ، ناتوانێ ببێ بە زمانی فەلسەفە یا زمانی پزیشکی، کاتێک ئاخێوەرانی زمانێک لە بوارەکانی زانستی، تیکنۆلۆژیدا جێگا پەنجەیان دیار نەبێ، بێگومان زمانەکەشیان لە بوارەکانی پیشەسازی، گەردوونناسی، میعماری و هتددا کەمایەسیی دەبێ و هەر وەها ئەگەریش هەوڵ بدات زمانە گەشەکردووەکانی جیهان وەربگێڕێتە سەرزمانی خۆی، دیسان هەر کەموکورتیی دەبێ.
زمان ناتوانێ لە هەموو بوارەکاندا ئەسپی خۆی تاو بدا. بۆ نموونە لە هیندوستان، ئوسترالیا و . . . لە خویندنی باڵادا زمانی زانکۆکان لە زمانی کەمینە فەرمییەکان دائەبڕێن و دەبنە زمانی ئینگلیزی. لە ئێراندا فەرهەنگستانی زمانی فارسی، بێجگە لەوەی هیچ بایەخێک بە کەمەنەتەوەکانی دیکە نادات بەڵکوو لە توانستە تۆکمەیی و هەنووکەییەکانی ئەو زمانە جیاوازانە بۆ گەشەی زمانی فارسی کەڵک وەردەگرێ و زمانەکانی دیکە وەک زاراوە و لقێک لە زمانی فارسی پێناسە دەکات. لە هەموو شتێک خراپتر فەرهەنگستان بەردەوام هەوڵ ئەدات بە وشە داتاشین هاوتای هەموو وشە زانستی، فەلسەفی، پزیشکی و هتدە لاوەکییەکان بۆ زمانی فارسی پەیدا بکەن. درمی شۆڤینیزم لە زمانی فارسیدا گەیشتووە بە لوتکە، ئەگینا ئەو هەوڵە هەم لۆژیکی نییە و هەم بۆ دەورووبەری ترسناک و مەترسیدارە.
زمانی فارسی بە درێژاییی مێژوو هەوڵی داوە هەموو کەمایەتییە غەیرە فارسەکان کە ڕوویان لە خاکی ئێران کردوە لە خۆیدا بتوێنێتەوە و شوناسیان ون بکا. زمانی فارسی تا ڕادەیەک لەو بوارەدا سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە هاتنی ئاینی ئیسلام بۆ ئێران، بێجگە لەوەی زمانی فارسی لە نێو نەبرد بەڵکو دانیشتوانی بان دەشتی (فلات) ئێران، بە خوێندنەوەی جیاواز لە دین بێجگە لەوەی چوار مەزهەبە سەرەکییەکەی ئیسلامیان قەبووڵ نەکرد، مەزهەبێکی نوێیان(شێعە) داهێنا کە وەک ئەویترێک لە بازنەی دەسەڵات و کلتووری ئیسلامیدا، فارسەکانی لە تێکەڵ بوون بە کلتووری گەورەی ئیسلامی و عەرەبی بپارێزێ. هاتنی تورکەکان بۆ ئێران سەرەڕای ئەوەیکە زمانی فارسیی لە ناو نەبرد، هەم بوونە خزمەتکار و پارێزەری زمانی فارسی و هەم زمان و کلتوورەکەیان وەک کێوێکی سەهۆڵ لە ناو زمانی فارسیدا توایەوە. سەبارەت بە زمانی کوردی پرسەکە جیاوازە. زمانی کوردی دێرینتر لە زمانی فارسییە و هەروەها هاوبەشی و لێکچوون و نزیکایەتییان پێکەوە زیاتر بووە. کێشەی کوردەکان ئەوە بووە کە وەک فارسەکان نەیاتوانیوە زمانەکەیان نووسیاری بکەنەوە و وشە و ڕستە ڕەسەنەکان وەک خشت و بەرد لە نێو دیواری باڵاخانەی زمانەکەیاندا بەکاربێنن. هەر وەک ئۆسکارمان دەڵێ کە “بیر و حافیزەی کوردەکان تیژ و بەهێزە” مەبەستی ناوبراو ئەوە بووە کە کوردەکان لە جیاتی نووسین هەموو شتێکیان بە مێشکیان سپاردوە. ئەو وشە و زاراوە ئێرانیانەی کە لە کتێبە فارسییەکاندا وەک موڵکی زمانی فارسی حەسابی بۆ دەکرێ، ڕۆژانە بەردەوام لە سەر زاری خوێندەوار و نەخوێندەواری کورد بەکار دەبرێ و تەنانەت کوردەکان باری ماناییی زیاتریان پێ بەخشیوە. بۆ نموونە وشەی “کار” کە وشەیەکی هاوبەشی کورد و فارسە، باری ماناییی لە زمانی کوردیدا زیاترە هەتا زمانی فارسی. لە زمانی کوردیدا بە زیادکردنی پێشگر یا پاشگرێک باری ماناییی وشەکەیان زیاتر لە زمانی فارسی گۆڕیوە. (کارمەند، شێوەکار، نیوەکار، هەرزەکار، بریکار، کاریگەری(تاثیرگذاری)، کارە، بەرکار، کاروبار، دواکار، ژێرکار، کارکرد، خوێندکار، کارئاسانی، کارایی، سووکەکار، کارناس و …).
هەڵکەوت و جوغڕافیای سروشتیی کوردستان، بێجگە لەوەی وەک قەڵایەکی قایم ڕۆڵی گرنگی لە پاراستنی زمانی کوردیدا گێڕا، تەنانەت ئەوەندە زاراوە کوردییەکانی لە نێو خۆیدا خەست و چڕ کردەوە کە هەر زاراوەیەک وەک زمانێک گەیی به لوتکە و لە بن زاراوەی خۆی دوورکەوتەوە.
دەوڵەمەندبوونی زاراوە کوردییەکان لە باری وشە و زاراوەسازییەوە سەربەخۆ هەڵسوکەوتی کردوە. ئەڵبەت ئەو تایبەتمەندییە هەم لایەنی ئەرێنیی هەیە و هەم وەک زمانێکی پچڕپچڕ بەراییی درووستبوونی زمانێکی یەکگرتوو و پێوەری گرتووە. مەبەستی سەرەکیی ئەو وتارە، نیشاندانی توانستی زمانی کوردی و هەروەها شێواز و ڕێکاری ئورژانسی بۆ گەشەی ئەو لایەنانەیە کە دەرەتانی پێشکەوتن و گەشەیان هەیە. زمانی کوردی بە حوکمی جوغڕافیاکەی زمانی ژینگەیە. دەوڵەمەند بوونی سروشتی کوردستان بە شاخ و کێو، چەم و ڕووبار، لێڕەوار و دارستان، لەوەڕگە و دەشت و مێرگەزار، کێڵگە و باخ و هتد، هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە بواری ژینگەناسی، کشتوکاڵی، ئاژەڵ، پەلەوەر، حەشەرە و وردیلە و ڕووەکناسییەوە بۆ هەر دیاردەیەک و بوونەوەرێک ناوێکی هەیە. ناوەکان بەرهەمی گەشەی شارستانییەت و پێشکەوتنی زمان و پیشەی وەرزێڕی و ئاژەڵدارییە. لە کوردستان لە پرۆسەی بەخێوکردنی ئاژەڵ (چۆنێتیی ئاڵف پەیدا کردن و هەڵگرتنی بۆ وەرزی سەرما)، کەڵک وەرگرتن لەشیر، ماست، پەنێر، دۆ، ڕۆن، سیرنج، کەشک و…، چەرم، پەشم و خوری، بەن، گوریس، جاجم، مەوج، قاڵی، شاڵ و هتد، گۆشت و خۆراکی و هتد، نموونەگەلێکن کە لە ڕەوتی کار و چالاکیدا سەدان وشە و ناو بەدی ئەکرێن. لە کوردستان بە هۆی ناسینی ڕووەکەکان، خۆراکی گیایی لە تەشقی خۆیدایە، بێجگە لە خۆراک وەکوو دەرمان، بۆنخۆشکە و بەهارات، ڕەنگڕێژی و …. کەڵک وەردەگیرێ. لە هیچ شوێنێکی جیهان ئەوەندەی کوردستان کەڵکی جۆراوجۆر لە دیاردەکان وەرناگیرێ. گیادەرمانی لە کوردستان مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە و هەر ئیستاش بەشێکی زۆر لە خەڵک، لە جێی دەرمانی کیمیایی لە دەرمانی سروشتی کەڵک وەرئەگرن. هەزار ساڵ لەوەبەر “ابن سینا” باوکی زانستی پزیشکی دوایین تەمەنە پڕ لە ئەزموونەکانی خۆی لە هەمەدان تێپەر کرد. گیرسانەوەی ئەو پزیشکە لە هەمەدان بە هۆی نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو بوو(قانون در طب، جلد اول مقدمە) کە بێجگە لەوەی هەموو پزیشک و بەڕێوەبەرەکانی کورد بوون هەموو گژوگیا دەرمانییەکانیشی لە چیاکانی زاگرۆسەوە دابین کراوە. دیارە ابن سینا لە وەها بارودخێکدا بۆ فێربوونی ناوی گژوگیاکان مەجبوور بووە زمانی ئەو خەڵکە و ناوی گژوگیاکان فێر ببێ. لەڕاستیدا هۆکاری سەرەکی بۆ سەختی و دژواریی زمانی کتێبی “یاسا لە پزیشکیدا” (قانون در طب) ئەو ناوە کوردییانە بوون کە بە جۆرێک تەعریب کرابوون و تەنیا مامۆستا هەژاری کورد ڕێی بەو ڕازە برد. دیاردەی گیادەرمانی و پزیشکیی خۆماڵی لە تەمەنی تەریقەتی نەقشبەندیدا گەیی بە لوتکە کە شێخ عوسمانی نەقشبندی، وەک ابن سینای کورد ناودێر کراوە. زمانی کوردی لە بواری کشتوکاڵی و ژینگەناسیدا ئەوەندە چۆتە پێشەوە کە هیچ زمانێکی دەرەکی و داپڵۆسێنەر نەیتوانیوە ببێتەجێگرەوە و ئاڵترناتیڤی.
ڕێگا چارە لە ئێستەدا؛
ئەوەی لێرەدا جێی باسە ئەوەیە کە نەوەی ئێمە لە ئیستەدا هەم دەستی گەییوە بە تێکنۆلۆژیی چاپ و هەم جیلێکی باش لە نەوەی ڕابردوو هێشتا لە ژیاندان کە هەموو وردەکاری و زانیارییەکانیان لە ڕابردوو لە سینەدایە و بە گشتی ئەتوانین بڵێین کە ئێمە بە هۆی ئەوانەوە بە مێژوو، کلتوور و زمانی ڕابردوومانەوە ئەلکێین. کلتوور و زمانی زارەکیی ئێمە پێویستی بە نووسینەوە هەیە و دەبێ هەر کەس و لایەنێکی ڕۆشنبیری لە ناوچەی خۆیەوە بە شێوەی سەردەمیانە دەست بداتە نووسینی فولکلۆری کوردی. ژێرخانی فەرهەنگی و کلتووری و زمانەوانیی ئێمە بە زۆری ژینگە تەوەرانەیە (ناتۆرالیستە) و پێوەندیی ڕاستەو خۆی بە سروشتەوە هەیە. ئەگەر نەوەی ئیستە هەوڵی جیددی نەدات ئیتر نەوەکانی داهاتوو هەموو ناوێک کە لە سەر کەژ و کێو، گژوگیا، زیندەوەران، یارییەکانی منداڵان، خواردەمەنی، جلوبەرگ و هتد هەبووە لە بیر ئەکەن و بۆ هەمیشە بە خاک دەسپێرێت.
زمانی کوردی بە تەنیا ژانرێک گەشە ناکات هەر بۆیە پێویستە لە قۆناخی یەکەمدا هەوڵی نووسینی(دائرة المعارف) فەرهەنگی زانستی لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا بدرێ. فەرهەنگەکان بێجگە لە پاراستنی ناوەکان بە هۆی مەرجەع بوونیانەوە دەبنە بنەمای زمانی کوردی و هەروەها بە جۆرێک یەکدەستی و هەلومەرج بۆ درووستبوونی زمانی پێوەر هەموار دەکەن. ئێمەی کورد بە هۆی دەوڵەمەندیی سروشتەکەمانەوە ڕژیمێکی خۆراکیی دەوڵەمەندمان هەیە کە بە داخەوە هەتا ئیستە فەرهەنگی چێشتی کوردستان بە وردەکارییەوە، لە لایەن کەسانی شارەزاوە نەنووسراوەتەوە. کوردستان وڵاتێکی شاخاوییە و بست بە بستی زنجیرە کێوەکانی ئەو هەرێمە ناوی تایبەتی خۆی هەیە و هەروەها ئەو ناوانە پێوەندییان بە هەزاران ساڵەوە هەیە و نەگۆڕاون، بەڵام هێشتا ئێمە نەمانتوانیوە ئینسکلۆپێدیای کەژ و کێوەکان بنووسین. بە نووسینی ئاکادیمی ئێمە دەتوانین بیسەلمێنین کە چیای سەبەلان هەر سەهۆڵانە و ئەلبورز دەستکاری کراو یا گۆڕاوی هەرەبەرزە (فرهنگ دهخدا). ئەڵوەن، نەهاوەند، دەماوەند هەر هەمووی پاشگری “وەند”ی(خێو، خاوەن) کوردیی خوارووی پێوەیە و بە جۆرێک بەربڵاویی جوغرافیا زمانییەکەمان دەسەلمێنێ.
نووسینی ئینسکلۆپیدیا ئەورژانسیترین و پێویستترین چالاکییە کە دەبێ بۆ دروستکردنی بنەمایەکی پتەوی زمان کەڵکی لێ وەربگیرێت. نووسینی فەرهەنگی زانستی، زمان لە بەستراوەیی بە تەنیا ژانرێکەوە ڕزگار دەکا و لە هەمووی گرنگتر، فرە ڕەهەندی ئەکات. نووسینی ئینسکلۆپیدیا بە پێی سەردەم، شێوازی تایبەتی خۆی دەوێ. لە کوردستان بێجگە لەوەی لە زانکۆکان و بەشی زمان و ئەدەبیاتدا بنەماکانی فەرهەنگنووسی ناوترێتەوە، بەڵکوو کتێبگەلێکیش لەو بوارەدا چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە هەتا لێکۆڵەران کەڵکی لێ وەربگرن. خەسارناسیی فەرهەنگنووسیی کوردی هەموو لاوازییەکانمان بۆ دەرئەخات. بە داخەوە زۆربەی فەرهەنگنووسانی کورد تەنیا وشەدان(لغتنامە)یان نووسیوە، یا ئەوەیکە زۆربەی فەرهەنگ و وشەدانەکان ناوچەیی و دوو زمانەن و هاوتاکەی نووسراوەتەوە.
لە باشووری کوردستان بە هۆی هەبوونی زانکۆی کوردییەوە ئەو ئەمرە زوو دەبێتە واقیع و ڕاستی. یەکێ لە هەل یا شانس و دەرەتانەکان کە ڕووبەڕووی زمانی کوردی بووەتەوە، ئەوەیە کە لە ئیمڕۆدا هەموو چەمک و بابەتەکان بەلای پرسی ژینگەپارێزیدا شکاوەتەوە. لە جیهاندا وێژمانی سەرەکی پرسی ژینگەیە. بێ ئاوی، گەرمای لەڕادەبەدەر، لافاو، وشکەساڵی، پیسبوونی ئاو، هەوا و خاک، بەبیابان بوونی دەشتەکان، قەیرانی کشتوکاڵ و هتد هەر هەمووی قەیرانگەلێکن کە وڵاتانی جیهان پێیانەوە دەناڵێنن. لێرەدایە کە ئەگەر کورد لە بواری ژینگە و کشتوکاڵدا زمانەکەی نۆژەن و زیندوبکاتەوە، ئەوا هەم زمانەکەی پارێزراو و بەرۆژدەبێتەوە و هەم بە لایەنی ژینگەیی و ژینگەپارێزی (زیست محیطی)کە بابەتێکی ڕۆژ و سەرەکیی جیهانییە پەیوەست و تێکەڵ دەبێ.
رەچاو کردنی میتود و شێوازی نووسینی ئینسکلۆپیدیا، خاڵی یەکەمی هەنگاوەکەیە. ئەگەر ئەو ئەرکە بە سەر توێژەرانی زمان و فەرهەنگستاندا دابەش بێ، ئەوا بەرهەم و لێکۆڵینەوەکان زانستی و ئاکادیمیک ئەبن و هەروەها بە خێرایی پرۆژەکان بەئەنجام دەگەن. لێرەدا بۆ ئاسانکاریی فێرخوازان نموونەی وشەی “ئاو” دەخەینە بەر دیدی خوێنەران هەتا لە نووسینی سووژەکانی دیکەدا ڕەچاوی بکەن:
ئاو : Aw– ئاو، ئه و، ئاب، ئاپwater
_تەوش و مادەیەکی بێ ڕەنگ و بۆيه، که 70 له سەدی گۆی زەویی پێک هێناوه، يەکێ له ڕەهەنده سەرەکی و هۆکارەکانی ژيانی رووەک و زيندەوەرانه، له سەرجەم ئاوي گۆی زەوی تەنيا (2% ) شيرين و بۆ خواردنەوه ئەشێ، لەو دو له سەدەش %90ی سەهۆڵ و بەستەڵەکە له جەمسەرەکاندایە. ناو و نازناوەکانی ئاو له بوارەکانی زانستدا بريتين له:
- فيزيا: بەستەڵەک، تەوش(تراو)، هەڵم
- کەشناسی و بارين: باران، تەرزه، بەفر، ڕێژنه، تەم، هەور، ئاونگ، هەڵم
- ژينگەناسي: ئاوی خواردنەوه، زێراب، ئاوی بسور، گەندئاو، مەن ئاو، زەلکاو، واژئاو، دالاتاب، بزئاو
- چاوگەکاني ئاو: ئاوی ژێرزەوی، ئاوی کانزایی، ئاوی ساکار و ديار، ئاوی زەريا، ئاوی کانی، ئاوی کارێز، ئاوی چاڵ(بير)
- باری چۆنیەتیی فيزيکی: ئاوی سوێر، ئاوی شيرين
- باری تايبەتمەندیی کيميايی: ئاوی قورس(مقطر)
- کەڵکی ئاو: خواردنەوه، وەرزێری و کشتوکاڵ، پيشه و دەستکرد(سەنعەت)
- تايبەتمەندييەکانی ئاو: شايانی سەرنج و لێکۆڵینەوەن، بۆ نمونه
- پێکهاتەی مولوکولیی ئاو به جۆرێکه که له ماوەیەکی کەمدا زۆرترين گەرما يا زۆرترين سەرما دەگرێته خۆی و هەم له باری کێش و هەم له باری چيەتی و چۆنايەتییەوه گورانکاریی به سەردا دێت.
- ئاو مادەيەکي توێنەرەوەیە و زۆربەی شتەکان له ئاودا ئەتوێنەوه و به پێچەوانەش
- وەک چۆن70 لە سەدی گۆی زەوی ئاو پێکی هێناوه، 70 له سەدی لەشی زۆربەی زيندەوەرەکانیش لە ئاو پێكهاتووە.
- هندێک نيشانەی سەرەکی بۆ پاکیی ئاو: ڕەنگ، بۆن، تام، زۆر بونی ئۆکسيژن
| ئاو | |
| تايبەتمەندی و زانيارييەکان | |
| ناوی باو | ئاو |
| ناو IUPAC | oxidane |
| ناوه سەرنجڕاکێشەکان | aaua. دەی هايدرۆژن مينوکسيد
هايدرؤژن هييروکوسيد |
| پێکهاتەو فورموڵی مولوکولی | O |
| ژمارەی CAS | 5-18-7732 |
| INChI | INChI = 1/ O/ |
| کێشی مولی | g/mol 18,0153 |
| تۆکمەیی و فاز | g/c 0,998)تەوش له (C,latm˚20
) g/c 0,997بەستولە (C,latm˚ |
| رێژەی پلە بۆ بەستەڵەک | 0˚c (273,15k) (32 ˚F) |
| رێژەی پلە بۆ کوڵاندن | 99,974 ˚c (373,124k) (211,95 ˚F) |
| رێژەی گەرمیی تايبەت | )له 4,184 j (g.k) (20 ˚c |
لە ئوستورە و ئایینەکاندا ئاو جێگە و پێگەی تایبەتی هەبووە و هەروەها خودایەکی تایبەتی هەبووە کە لە کوردستان و بان دەشتی(فلات) ئێراندا بە ئاناهیتا ناسراوە. ئاو لە ئایینەکاندا پیرۆز و تەبەڕڕوک کراوە و ئەو دیاردەیە لە دینە خۆرهەڵاتییەکانەوە هەتا ئایینە خۆرئاواییەکان بەدی ئەکرێ. ئاوی زەمزەم، ئاوی کەوسەر و هتد نمونەی ئاوە پیرۆزەکانن کە لە کتێبە ئاسمانییەکانیشدا باسیان لێوە کراوە. مانگی یازدەهەمی جوولەکاکان بە ئاب ناسراوە کە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ پیرۆزیی ئاو. کاتێ ئاو ئاوەدانی و شارستانییەتی بەداوە بێت بێ گومان ئەو وشەیە لە ناوی گوند و شار و هتدەکاندا پاشگر و پێشگری ناوەکان داگیر ئەکات نمونەی ئەو ناوگەلە بریتین لە میرئاوا، سەوڵ ئاوا یا ئاوەنان(ئابدانان) و…
لە بواری پزشکیدا ئاو بێجگە لەوەی لەگەڵ دەرماندا تێکەڵ ئەکرێ بە تەنیا بۆ خۆی دەرمانێکە کە بە “ئاودەرمانی” ناسراوە. سەرەڕای پیرۆز ڕاگرتن، دەست پێوەگرتن و پاقژ ڕاگرتنی ئاو بە شێوەی توند جەختی لە سەر کراوە. بۆ نموونە لە ئیسلامدا جەخت لە سەر ئەوە کراوە کە “ئەگەر لە قەراخ ئاوێکدا بتهەوێ دەستنوێژ بگری، دەبێ بە ئەندازەی دەست نوێژێک ئاو ببڕێنیتەوە”.هەر لە سەردەمانی کۆنەوە هەتا ئەو دوو سێ دەیەی پێشوو، ئاو لە گۆی زەویدا ڕەوتی ئاساییی خۆی پێواوە و بە بێ کەموکۆڕی پێداوێستییەکانی ژیانی دابین کردووە. خولی ئاو لە گەردووندا نەگۆڕە و دڵۆپیک کەم و زیاد ناکات ئەوەی کە ئێستە کێشەی ژینگە و قەیرانی ئاوی لێ کەوتووەتەوە، گۆڕینی باری ئاو و هەوایی و سروشتە بە هۆی مرۆڤەوە کە هەم گۆڕانکاریی لە سەر ڕەوتی سروشتی و وەرزی بارین و هەم لە سەر شوێنی بارین داناوە. بە هۆی گەشەکردنی زانست لە هەموو بوارەکاندا و نیازی مرۆڤ بە پێداویستیی ستاندارد، ئاو و ئاوناسی(هیدرۆلۆژی) وەک یەکێ لە بوارەکانی زانست گەشەی کرد کە ئەو بوارە بۆ خۆی بە سەر دەیان بواری دیکەدا دابەش بووە.


