ئارامتر بخوێنەوە!

زمان و ژینگە – فوکۆ و گۆران

شەهرام ڕەسووڵ

بێ گومان گۆران یەکێکە لە هەرە شاعیرە دیار و کاریگەرەکانی سەدەی بیستەمی ئێمە. ناوی گۆران زیاتر لە هەرشتێکی تر لە ناو ئەدەبیاتی ئێمەدا دەدرەوشێتەوە و وێنا شعرییەکانی ئەو بۆ سروشت، ناوبانگێکی زۆریان هەس و ئەمەش خاڵی سەرنج ڕاکێش بوو بۆ ئێمە. ئایا گۆران کە بە نزیکەیی لەگەڵ فوکۆ هاوچەرخ و هاوسەردەم ژیاون، چۆن لە ژینگە و ئەو سروشتە دوواوە؟


یەکێک لە پرسیارە گرنگ و زۆر دیارەکانی سەدەی بیست، پرسیاری زمان بووە، لە ناویشیاندا پرسیار دەربارەی چیەتیی زمان و، چۆنیەتیی دروستبوونی زمان یەکێک بووە لە پرسیارە پڕ لە کیشەکان، کە بووە بە مایەی گفتوگۆی زۆرێک لە بیریاران و فەیلەسوفانی ئەو سەدەیە و سەدەی دواتریش.

 فوکۆ کە ناوێکی دیاری ناو دونیای فیکری خۆرئاوایە و لەم دوایانەشدا لە ناو دونیای ئێمە دەنگ و ڕەنگی دەرکەوتووە و گرنگییەکی زۆری پێ دراوە و بەرهەمەکانی بۆ سەر زمانی ئێمە بە پەرۆشییەکی زۆرەوە وەردەگێڕدرێن، یەکێکە لەو بیریارانەی زۆر بە وردی لەسەر زمان وەستاوە و کاری لەسەر کردووە؛ بەجۆرێک کە کە کتێبی “وشەکان و شتەکان”ی بە یەکێک لە هەرە کتێبە دژوارەکانی فوکۆ دادەندرێت کە وەڵامی ئەو بۆ ڕیشەی زمان و پەیوەندیی زمان و دەسەڵات و زمان و مرۆڤ و زمان و ژینگە لەو کتێبەدا بەجۆرێکە کە لە دوای خۆیەوە تا ئێستا ئەو مقۆمقۆیانە نەبڕاونتەوە کە ئەم هێناونییە ناو کایەی زمانەوە!

بۆ فۆکۆ زمان لە سەرەتاوە هیچ نییە جگە لە هێما و پیت و دەنگ و ڕستەکانی سروشت. ژینگە جا هەر ژینگەیەک بێت، خاوەنی دەسەڵات و زمانی خۆیەتی و ئەوە سروشتە لە ڕێگای هێماکانی خۆیەوە، مەعریفەیەک لە ئەندێشە و لە بیری ئێمەدا دەچەسپێنێت کە دواتر لە شێوەی زمان و قسەکردندا خۆی دەبینێتەوە. تەنانەت وشە و پیت و نوسینیش ڕەگ و ڕیشەکەی هەر وا لە ناو سروشت و ژینگەوەیە، زمانیش لەسەر بنەمای لێکچون و دواتریش جیاوازی، مەعریفەی خۆی دروست دەکات. هەڵبەت چ لێکچوون و چ جیاوازییش هەر وان لە ناو ژینگەدا، مرۆڤ کاتێ ویستوویەتی بڵێ ئاو لە هەمانکاتدا ویستویەتی بڵی دار نا، بەرد نا. کاتێ ویستویەتی بلێت مار ویستویەتی نەڵێت دار، کاتێ ویستویەتی ئاماژە بە زەیتوون بکات، شێوەی چاوی دروست کردووە، کاتێ ویستویەتی ئاماژە بە کەللـە سەر بکات، بە مێشک بکات، ئاماژەی بە گوێز کردوە، بە کورتی بە لای فۆکۆوە زمان لەسەر بنەمای لێکچوون و جیاوازیی ناو ژینگە و سروشتەوە دروست بووە و دواتر بە چەند قۆناغێکی تردا دەگوزەرێت؛ لەوانە دووبارە بونیاد نانەوەی سروشت و دەستکاری کردنەوەی سروشت هەر لە ڕێگای خودی زمانەوە.

تا ئێرە بەشێک یان پوختەیەک بوو لە دیدی فوکۆ دەربارەی زمان و ژینگە بە گشتی، بەڵام با بزانین داخۆ لە ناو ئەدەبیاتی کوردیدا چۆن ئاوڕ لەو بابەتە دراوەتەوە، ئایا ژینگەی کوردستان تەنها نیشانەی دەسەڵاتی خودایەکە و بەس؟ ئایا ئەم ژینگەیە تەنها جوانە و ئێمە دەبێت پێیدا هەڵبڵێین؟ بۆی بجەنگین؟ خوێنی بۆ بڕێژین؟ ئایا ئەو شتێکە و ئێمەش شتێکیتر؟ لە نێوان ئێمە و ئەو ژینگەیەدا چیتر هەیە؟

بێ گومان گۆران یەکێکە لە هەرە شاعیرە دیار و کاریگەرەکانی سەدەی بیستەمی ئێمە. ناوی گۆران زیاتر لە هەرشتێکی تر لە ناو ئەدەبیاتی ئێمەدا دەدرەوشێتەوە و وێنا شعرییەکانی ئەو بۆ سروشت، ناوبانگێکی زۆریان هەس و ئەمەش خاڵی سەرنج ڕاکێش بوو بۆ ئێمە. ئایا گۆران کە بە نزیکەیی لەگەڵ فوکۆ هاوچەرخ و هاوسەردەم ژیاون، چۆن لە ژینگە و ئەو سروشتە دوواوە؟

 گۆران لە شیعری کوردستاندا، کە تایبەتە بە ژینگە و سروشتی کوردستان، وێنایەک لە زمان دەخاتە ڕوو کە وێنەی لە لای شاعیرانی تر نابینرێ. گۆران لەوە ورد دەبێتەوە کە شاخ و گرد و چیاکانی کوردستان، تەنها شتانێک نین لەوێ، لەو سەرەوە، بە پیچەوانەوە ئەوان ئەوەتان لە ناو وشە و زمانی ئێمەدا؛ ئەوەتا ئەوەی ئێمە پێی دەدوێین و قسەی پێ دەکەین، شتانێکن لە ڕەگەزی ژینگەکەمان، هەر وەک فوکۆ چۆن لەو باوەڕەدا بو کە ئەوەی ئێمە دروست دەکات و پەروەردەمان دەکات ژینگەیە و ئێمە بەرهەمی پەروەردەی ژینگەین؛ هەم لاشە و شکڵ و بونیادی جەستەییمان هەم بیرکردنەوە و باوەڕ و زمانمان. “کوردستان: جێگەمی، جێی هەزار ساڵەم،…پەروەردەی ئەم دۆڵ و سەرلووتکە و یاڵەم!” لەم دێڕە و دێڕەکانی دواتریشیدا، گۆران بە وردی باس لەوە دەکات کە ئەوەی ئێمەی پەروەردە کردووە، بۆ ئێمە سەرچاوە بووە دۆڵ و یاڵ و لووتکەکان بوون. واتە ژینگە و سروشت بووە نەک سەرچاوەیەکی دەرەکی و مەعریفەیەکی تر هی شوێنێکی تر. پەیوەندیی نێوان تاکی کورد و خاکەکەشی هی هەزاران ساڵ بووە و ئەم هەزاران ساڵەش کاریگەریی چەند لایانەی هەیە. کە نەک هەر لە پەروەردە کردن تەنانەت لە هاوجووت بوونی یەکتریش، کە دواتر ئەو هاوجووت بونەی نێوان تاک و مرۆڤی کورد لەگەڵ ژینگەکەی دەخەینەڕوو.

 گۆران لە چەند دێڕی دواتری شیعری کوردستان، بێ هیچ پەردەیەک دێت دیدی خۆی لەمەڕ زمان و ژینگە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: “زمانم پشکوتووی قسەی جوانتە، … قسەی ناو گۆرانیی شاخەکانتە”. بێ هیچ زۆر لەخۆکردنێک، بێ هێچ زیادەڕەوییەک، ئەمە ڕێک ئەو بۆچوونەیە کە قوتابخانەکانی دی سۆسیر و پاشبونیادگەراکان و فوکۆ، بە ورد و درشتی لەسەری وەستاون و قسەیان لەبارەوە کردووە. بەڵام گۆران بە دێرێکی چڕ و پڕ لە مانا، دیدی خۆی خستووەتە ڕوو. بیرکردنەوەی گۆران لە وەها بابەتێک، سەرچاوەکەی هەرچییەک بێت ئەوە ناشارێتەوە کە لە لای گۆران، ژینگە و سروشتی کوردستان، ڕەهەندێکی قووڵتری لەوە هەیە کە تەنها هەر شوێنێک بێت و بەس، شوێنێک بێت بۆ کورد و بەس، شوێنێک بێت لەوێ و ئەمیش لەولا. درکی گۆران بە کاریگەریی ئەم ژینگەیە لەسەر زمانی ئێمە، هەر بەتەنیا کاریگەری نییە، بەڵکوو زمانی ئێمە و زمانی گۆران ڕاستەوخۆ لێكچووی زمانی شاخ و قسە و گۆرانیی ژینگەی کوردستان خۆیەتی. ئەو شاخ و ڕوبار و گژوگیا و دۆڵ و دەشت و یاڵە، لەسەر زمان و گۆرانی و قسەی ئێمە دانیشتون و قسەی ئێمەی پێ پشکوتووە. تەنانە زمانی گۆران هەمان زمانی ئاگردان و هەمان زمانی منداڵێکە کە جگە لە گڕوگاڵ و نوزەنوز بەولاوە، هیچی تری پێ نییە بۆ وتن. ئاگران جگە لە بڵێسە و قرچە قرچی چیلکەکان هیچی تری پێ نییە؛ گۆرانیش کە خۆی ئاستی زمانی لە ئاستێکی باڵاتر لەماندایە، بەڵام هێشتا گۆران دەڵێت کە نەخێر ئێمە لە شتێکا هاوبەشین ئەمیش زمانە، زمانی من و منداڵێک، هی من و شاخێک، هی من و هی ئاگردان ئەمانە هەمووی یەک شتە و بوونمان تێکەڵی یەکترییە و ئێمە لەناو یەکتریداین؛ سروشت وەک خوێن لە دەمارەکانماندایە، “قوڵپی با خوێنی دەمارەکانم، … بە زەبری عەشقی تۆ ئەیدا، ئەزانم”. کەوایە ئەو عەشقەی کە گۆران باسی دەکات هەر ئەو عەشقە نییە کە شاعیرانی تر بۆ جوانیی ژینگکەی هەیانبووە. بە پێچەوانەوە هی گۆران جگە لە جوانی لە شوێنێکی ترەوە، لە کاریگەرییەکانی ژینگەوە سەرچاوەی گرتووە، لەو هێڵەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ناو گۆران وەک تاکێک و ژینگە وەک گشتیێک هەیە.

یەکێکی تر لە خاڵە سەرنجڕاکیشەکانی گۆران کە لەمەڕ سروشت و ژینگە هەیەتی، بریتییە لە هاوجووتیی نێوان تاک و ژینگە. شکاندنی دیواری سووژە-ئۆبژەیە لە نیوان ئەم دووە و وەک خۆ تەماشاکردنی ژینگەیە. ئەمە جگە لە ڕەهەندە عیرفانییەکانی ئەوسا و زانستییەکانی ئێستای، ڕەهەندێکی فیکریتریشی هەیە، ئەویش ڕەهەندی شیعریەتی و ناعەقڵانییە: زمان و خوێندنەوەی هەست لە ڕێگای زمانی ژینگە خۆیەوە. بۆ گۆران هەمیشە سروشت لە ڕێگای هێما و نیشانە و پیت و ڕەنگەکانی خۆیەوە زمانێک پێکدەهێنێتک کە زمانێکی شیعری و زمانێکی هەستییە و هەڵگری هەمان سێنسە زاتییەکانە. ژینگە جگە لە زمانی زانست کە زمانی یاسا و هۆکار و دیاردەکانی سروشتن، زمانێکی تریشی هەیە؛ جگە لە زمانی خودایی و جوانی خودایی و تەجەللای مەزنی خودایەک، زمانێکی تری هەیە؛ ئەویش زمانێک کە نوێنەرایەتیی سووژەیەکی ئازاد و نیگەران دەکات. هەڵبەت ئەگەر سارتەرانە تەماشای نیگەرانی و دۆخەکانی بکەین، لەوە تێدەگەین کە ئەوانەی نیگەران دەبن ئەوانەن کە بوونێکی ڕەسەن و بوونێکی ئازادیان هەیە، بەڵام با بزانین لە لای گۆران چۆن سروشت وەک ژینگەیەکی نیگەران، وەک ژینگەیەکی ئازاد، هاوشێوەی سووژەی مرۆڤ بە نیگەرانییەوە خۆی دەنوێنێ؟

 هەڵبەت گۆران لە ڕێگای بە هێما کردنی ڕەنگ و جووڵەی سروشتەوە، زمانێک دەدات بە سروشت کە لە ڕێگای ئەم زمانەوە سروشت هەم خۆی بەیان دەکات و هەمیش لەم ئاڵوگۆڕکردنەی هێماکانەوە کاریگەری لەسەر زمانی ئێمە داناوە. لە یەکێک لە ناوداردترین شیعرەکانی سەدەی بیستی کوردی شیعری پاییزی گۆرانە. گۆران لەم شیعرەدا دووبارە بەربەستی نێوان ژینگە وەک شتێک لەوێ و خودی مرۆڤ وەک شتێکی تر دەشکێنێت. ئەم کارە هەم لە ڕێگای لێكچواندنی شێوەی سروشت بە شێوەی مرۆڤ دەکات، هەمیش لە ڕێگای پێدانی سێنس بە ژینگەکە. پاییز هەم قژی زەردە و شان و ملی ڕووتە، هەمیش ماتە و زیزە، داد و بێدادیەتی، ئەمانەش ژینگە خۆی لە ڕێگای زمانی خۆیەوە باسیان دەکات؛ لە ڕێگای بای سارد و هەوری گریاناوی و فڕینی پۆلی باڵدارەکانی خۆیەوە بەیانیان دەکات. کەوایە نیگەرانی و ترس، ماتی و زیزی، هی سووژەیەکی ئازادن نەک بەتەنها هی ئۆبژەیەک و بەس. هەموو ئەمانە دیدی گۆرانن بۆ سروشت و ژینگە کە هەڵبەت ئەم باوەڕەی گۆران بۆ سووژەی ژینگە هەر وا بێ کاریگەر نەماوەتەووە و گۆران بەرەو شوێنێک دەبەن کە پێشتر کەسی تر هەنگاوی بۆ نەناوە، ئەویش تازەکردنەوەی شیعری کوردی و کارکردن لەسەر ئەو کێشە شیعرییانەی کە هی کورد و سروشتی کوردی خۆینی. ئەگەر زمانمان هی شاخ و داخەکانمان بێت، ئەگەر دار و نەمام و درەخت و دەوەن و هەور و گەڵاکانمان وەک ئێمە بن و زمان و ڕەنگ و هێماکانیان لە هی شوێنێکی تر نەچن و لە شوێن و ژینگەیەکی ترەوە وەرنەگیرابێتن، بۆچی ئێمە بە کێشی عەرەبی شیعر بنووسین؟ بۆچی بە وشەی فارسی و تورکی دەفتەرەکانمان ڕەش بکەینەوە؟ هەڵبەت ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە گۆران ناچار دەکەن شۆڕشێک لە ئەدەبیاتی کوردی و لە شیعری کوردیدا بکات. شۆڕشێک هەم لە ڕووکاری شیعری و هەمیش لە ناوەڕۆکی شیعریدا بکات کە ئێرە شوێنی باسی ئەو گۆڕانکارییانە نییە.

ماوەتەوە بڵێین ئاخۆ گۆران ئاگاداری فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە گشتی و فەلسەفەی ئەڵمانی و فەڕەنسی بەتایبەتی بووە؟ ئاگاداری فەیلەسووفانی قوتابخانەکانی وەک بوونیادگەرایی و پاشبونیادگەرایی و بوونگەرایی بووە کە لە شیعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە یاخود نا، ئەمە تەنها زادەی بیر و تێگەیشتنی خۆی بووە بۆ زمان و مرۆڤ و سروشت و ژینگەی کوردستان؟ هەڵبەت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێویستی بە ئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەکی درێژ و چڕ هەیە؛ هەم بۆ فەلسەفەی سەدەی بیستی ڕۆژئاوا هەم بۆ ژیان و کارەکانی گۆران خۆی. بەڵام دەرئەنجامەکە هەرکامێکیان بێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە گۆران چ لە وتار و کارەکانی تریدا بێت، چ لە شیعر و وێنا شیعرییەکانیدا بێت، خاوەنی دیدێکی قووڵ بووە بۆ کاریگەرییەکانی ژینگە لەسەر زمان و بیری ئێمە و ئەمەش وەک ئەوەی کە ڕوون کرایەوە، هەم لە شیعر و زمانی شیعری و وێنا شیعرییەکانیەوە و هەمیش لە گۆڕانکاری و نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا دەردەکەوێت.