ئارامتر بخوێنەوە!
چەند نموونەیەک لە سیاسەتەکانی پاراستنی ژینگە لە وڵاتی سوئێد
تاهیر عەلیار
“وڵاتی سوئێد خۆی بە زیاتر لە 40 کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەییی ژینگە و گرێبەستی نێو نەتەوەیی بۆ پاراستنی ژینگەوە بەستووەتەوە. ئەو، چاوەدێری بە سەر زۆرینەی بوارەکانی ژینگەپارێزیدا دەکەن بۆ وێنە خاوێن ڕاگرتنی هەوا، چۆنیەتیی کۆکردنەوەی زبڵ، چۆنیەتیی بێ خەتەرکردنی مەوادی کیمیایی، چۆنیەتیی خاوێن ڕاگرتنی سروشت و ….”
چەند نموونەیەک لە سیاسەتەکانی پاراستنی ژینگە لە وڵاتی سوئێد
لە کۆی 22 وەزارتخانەی دەوڵەتی سوئێد، یەکیان وەزارەتخانەی ژینگەیە. ئەرکەکانی ئەو وەزارتخانەیە
لە سایتی ڕەسمیی خۆیاندا ئاوا دیاری کراوە:
- کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گاز و مەوادی پیس لە هەوا و فەزادا.
- دابینکردنی ژیانێکی دوور لە هەر چەشنە پیسییەک.
- پەرەپێدان و زیادکردن و بە هێز کردنی ژیانی سروشت لە سەر عەرز و لە ئاودا.
- پێڕاگەیشتن بە سووڕی ژیانی پڕ بایەخی سروشت circulation
- کۆکردنەوەی زبڵ و زێراب لە هەر چەشنێک.
- پاراستنی ژینگە و ژیان لە هەموو تیشکێکی زیانبار.
- دابینکردنی هەوای خاوێن بۆ ژیان.
- هاوکاری و هاوبەشی لە تێکۆشانی ژینگەپارێزیی جهانیدا.
خۆبەستنەوە بە کۆنڤانسیۆن، گرێبەست و پرۆتۆکۆلە نێونەتەوەییەکانەوە.
وڵاتی سوئێد خۆی بە زیاتر لە 40 کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەییی ژینگە و گرێبەستی نێو نەتەوەیی بۆ پاراستنی ژینگەوە بەستووەتەوە. ئەو، چاوەدێری بە سەر زۆرینەی بوارەکانی ژینگەپارێزیدا دەکەن بۆ وێنە خاوێن ڕاگرتنی هەوا، چۆنیەتیی کۆکردنەوەی زبڵ، چۆنیەتیی بێ خەتەرکردنی مەوادی کیمیایی، چۆنیەتیی خاوێن ڕاگرتنی سروشت و ….
گرێبەستەکانیش لە نێوان چەندین وڵاتدا واژۆ کراون بۆ ئەوەی پڕۆژە گەورەکانی ژینگەپارێزی، بە هاوکاری و ئیمکاناتی هاوبەش بەرەوپێش ببەن، چونکە زۆربەی پڕۆژەکان بۆ هەموو دنیا یا بەشێک لە دنیان. هەروەها بە تێکۆشانی هاوبەش هەوڵ دەدەن مافی ژینگە پەرەپێبدەن.
ئەرکی گرینگی دەزگای پێڕاگەیشتنی خزمەتگوزاریی سروشتیی سوئێد ئەوەیە کە بەشداربێ لە کاری بەردەوام بۆ بەڕێوەبردنی بڕیاری ئەو کۆنڤانسیۆنانە و پسپۆڕەکانی لە کۆبوونەوەکانی ڕاوێژکاریی یەکیەتیی ئورووپادا سەبارەت بە ژینگەپارێزی بەشداری بکەن و بیروباوەڕی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو ڕابگەیەنن.
یەک لەو کۆنڤانسیۆنانەی باسمان کرد، کۆنڤانسیۆنی ئاو و هەوایە کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر داوە. ئەرکی گرینگی ئەو کۆنڤانسیۆنە ئەوەیە ڕێگاچارە ببینێتەوە بۆ ئەوەی پێش بە ئاڵوگۆڕەکانی ئاو و هەوا بگرێ؛ چونکە مەترسیی ئاڵوگۆڕەکانی ئاو و هەوا، بەرانبەر بە ژینگەی مرۆڤایەتی قورسترین مەترسییە و کارکردی لە سەر هەموو وڵاتان هەیە و هەموو وڵاتەکانیش لە دروست بوونی ئەو مەترسییەدا کەم و زۆر دەستیان هەیە، بەڵام بەشە جیاوازەکانی جیهان بە شێوەی جیاواز تووشی ئەو مەترسییە دەبن.
چوونەسەری گەرما لە سەدەی ڕابردوودا لە سەر گۆی زەوی پێمان دەڵێ: بڵاوبوونەوەی گازی کۆڵدیئۆکسید زیادی کردووە و ئەوەش بە هۆی بە کارهێنانی لە ڕادەبەدەری زووخاڵ، نەفت و گازی سروشتییە. بۆیە بڵاو بوونەوەی گازی گوڵخانەیی دەبێ تا ئەو ڕادەیە کەم بکرێتەوە کە بەرەبەرە نەتوانێ کێشە بۆ سیستمی ئاو و هەوا دروست بکا ئەوەش تەنیا بە هاوکاریی نێودەوڵەتی دەستەبەر دەبێ.
گرێبەستی پاریس
ئەو کۆنڤانسیۆنە گرێبەستی پاریسی بەدوادا هات کە مانگی دێسامبری 2015 بڕیاری لە سەر درا و لە
مانگی نۆڤامبری 2016 کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. لە ڕاستیدا تەقریبەن تەواوی وڵاتانی دنیا واژۆیان کردووە. ئەو گریبەستە تەواوی لایەنەکانی کۆنڤانسیۆنی ئاو و هەوا ڕوون دەکاتەوە.
گرینگترین ئامانجی گرێبەستی پاریس ئەوەیە وڵاتانی ئەندام تێبکۆشن، چوونەسەری گەرما کە بە
شێوەیەکی گلۆبال هەموو دنیای گرتۆتەوە بێننە خوارێ تا ڕادەی لانی کەم دوو دەرەجە لە هەنگاوی
ئەوەڵدا و لە پاشانیش هەوڵ بدەن وردەوردە بیهێننە خوارتر. هەر پێنج ساڵیش جارێک هەڵسەنگاندن
دەکرێ بزانن هاوکاری و چارەسەریی ئەو وڵاتانە ئامانجەکانی پێکاوە یان نا.
پڕۆتۆکۆلی کیۆتۆ وەک پێشینەی ئەو هاوکارییانە
وەک پێشینەیەک بۆ گرێبەستی پاریس، پرۆتۆکۆلی کیوتۆ لەبەرچاو دەگیرێ کە ساڵی 1997 واژۆ کرا و لە مانگی فێڤریەی 2005 لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە واژۆیان کردبوو کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. بەشێکی ئەو پڕۆتۆکۆلە داواکاری و بڕیارلەسەردانە بۆ کەمکردنەوەی گازی گوڵخانەیی.
وڵاتی سوئێد کۆنڤانسیۆنی ئاو و هەوا، گرێبەستی پاریس و پرۆتۆکۆلی کیوتۆ بە وردی جێبەجێ دەکا و کاریان پێ دەکا.
نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی کۆنڤانسیۆنی ئاو و هەوایان واژۆ کردووە، بە گوێرەی بەرنامەی دیاریکراو کۆ دەبنەوە و لەو کۆبوونەوانەدا لە سەر ڕێگاچارەی نوێتر بڕیار دەدەن و دەوڵەتەکانی وڵاتانی بەشدار بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری بۆنی ئالمان سکرێتاریایەکی بۆ ئەو کۆنڤانسیۆنە داناوە و
وێبێکی هەیە کە هەموو زانیارییە کی بە زمانی ئینگلیسی تێدا بڵاو کردووەتەوە. زانیارییەکی زۆریشی لە سەر گازی گوڵخانەیی و کارکردی لە سەر ژینگە تێدا بڵاوکراوەتەوە. هەروەها نووسراوە:
دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە توانا و زەرفییەتی وڵاتەکان و گیروگرفتی ژینگەیان وەک یەک نییە و فەرقی هەیە بۆیە دەبێ سەرنج بدەینە چەند خاڵێک:
- چ فاکتورێک دیاریکەرە کە وڵاتێک بە پێی بڕیاراتی کۆنڤانسیۆنە نێو نەتەوەییەکان هەڵسوکەوت دەکا یا نایکا.
- چ مێتۆد و مکانیزمێک هەیە کە ئەو ولاتانە بە بڕیارەکانی کۆنڤانسیۆنەکان ببەستێتەوە و بە ئەنجامی بگەیەنن .
- چۆن، جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی گرێبەستەکانی ژینگە پارێزی ڕۆژبەرۆژ باشتر بکرێ.
روانگە و ئامانجی وڵاتی سوئێد و بەرنامەی داڕێژراو لە پێوەندی دەگەڵ ئاو و هەوا لەو وڵاتەدا ئەوەیە ساڵی 2045 هیچ ئاسەوارێک لە گازی گوڵخانەیی لەو وڵاتەدا نەمێنێ و نەیەتە نێو ئاتمۆسفەرەوە. مانای ئەوەیە ڕادەی بڵاوبوونەوەی گازی گوڵخانەیی لەوساڵەدا 85 لەسەد بە نیسبەت ساڵی 1990 لە کەمی و کورتیی دابێ.
دەوڵەت وەزیفەیەتی هەر 4 ساڵ جارێک سیاسەتی گەیشتن بەو ئامانجە ژینگە پارێزییە و چۆنیەتیی تێکۆشانی خۆی بۆ گەیشتن بەو مەبەستە لە ڕاپۆرتێکی ڕووندا بدا بە پەرلمان و هەر پێداویستییەکی تازە بۆ گەیشتن بە ئاکام و کۆتاییی کارەکە لازم بێ لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ بکا.
بەشێک لە کارخانەکان بەتایبەت کارخانەکانی کەرتی ئاسن و پۆڵا، دەبنە هۆی بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی بەشێکی زۆر لە گازی گوڵخانەیی. بۆیە بیرکردنەوە لە گوڕینی تەکنیکی ئەو کارخانانە، مێشکی پسپۆڕان و بەرپرسانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و ڕایان وایە لە پڕۆسەی ئەو گۆڕانکارییانەدا، سوئێد ببێتە وڵاتێک کە ئیدی سووتەمەنیی فوسیلی بەکار نەهێنێ و بۆ گەرمای نێو ماڵ و بەرهەمهێنانی پیشەسازی و تڕانسپۆرت، لە بیوئێنێرژی کەڵک وەرگرێ. مەبەست لە بیوئێنێرژیش، وەزای تاو، وزەی با، وزەی ئاو، بەنداو و ئاوبەند و وزەی کارەبایە. لەو بوارانەدا هەنگاوی گەورە هەڵێندراوەتەوە. لە زۆر جێگا کە لە مەسیری بادایە پایەی بڵیندیان دامەزراندووە کە جۆرێک ژنراتۆری بەرهەمهێنانی بەرقە و پەڕڕەکانی بە با دەسووڕێ و دەبێتە هۆی پاشەکەوت بوونی بەرق لە ژنراتۆرەکەدا. بەنداوی گەورەش لێدراوە و ژنراتۆری بەرقیان لێ دامەزراندووە . لە بیناسازیشدا ئێستا لە سەربانەکان لە زۆر جێگا سەفحەی سەنعەتیی بۆ وەرگرتنی وزە دادەنێن کە نووری ڕۆژ وەردەگرێ و دەیکا بە وزە و بۆ گەرما و بەرقی نێو ماڵ کەڵکی لێ وەردەگرن.
ئوتوبووسی نێو شارەکان هیچیان لە سووتەمەنیی فوسیلی کەڵک وەرناگرن و تەواویان بە بیوگاز کار دەکەن و زەرەریان بۆ ژینگە نییە. لە باری نرخی هاتوچۆشەوە بە سەرفەترن چونکە لە سووتەمەنیی هەرزانتر کەڵک وەردەگرن. جگە لەوە ماشێنی سواریی بەرقی، ئێستا بە لێشاو لە بازاڕدایە و ئەو جۆرە ماشێنانە یا ماشێنی هیبرید لە زیادبووندان. قەتار، میترۆ و تراموا هەموو بە بەرق کار دەکەن و هیچ گازێک لە ئاتموسفەردا بڵاو ناکەنەوە.
بەشێکی عومدە لەو بیوگازە لە زبڵ و ئاشغاڵ بە دەست دێنن. پێم وایە لازمە کەمێک لە سەر ئەو بابەتە بڕۆم.
هە موو ئەو کەسانەی بە تەنیا یا دەگەڵ فامیل دەژین دەبێ زبڵی نێو ماڵ بە چوار جۆر دابەش بکەن. ئاسن بە جوێ، خۆراکی ماوە بەجوێ، شووشە بە جوێ، کارتۆن و کاغەز بە جوێ. ئەو زبڵانە نابێ لە ماڵێ ڕابگیرێ بەڵکوو لە دەرەوەی ئەو ساختمانەی تێیدا دەژین بینای تایبەتی هەیە بە مەحفەزەی تایبەتییەوە دەبێ ئەو شتانە هەرکام لە مەحفەزەی تایبەت بە خۆی باوێیژرێ و لەوێدا ڕادەگیرێ تا شارداری دەیانگوێزێتەوە . ئاسن دەنێردرێتە شوێنی تواندنەوە و دووبارە بە کاری دێننەوە. ئاسن تا بێ نهایەت جار دەتوێندرێتەوە و بەکار دەهێندرێتەوە. شووشە و کارتۆن و کاغەزیش بە هەمان شێوە دەنێردرێتە کارخانەی تایبەت بە خۆیان و تا ئەو جیگایەی دەکرێ دووبارە بە کار دەهێندرێنەوە. بەڵام زبڵ چ لێدەکەن.
لە هە موو شارەکانی سوئێد کارخانەی بەرهەم هێنانی گەرمای نێو ماڵ هەیە کە پێی دەڵێن värmeverket بە ئینگلیسی دەبێتە thermal power station زبڵ دەبرێتە ئەو کارخانەیە و بەشێکی لە کوورەی تایبەتیدا دەکرێ بە گەرما و گەرمای نێو ماڵەکان و ئاوی گەرم بۆ خۆشوتن لەو ڕێگایەوە بۆ هەموو ماڵێک لە ڕێگای لوولە و ئامێری تایبەتەوە دابین دەکرێ. بەشێکی دیکەی زبڵ دەبرێتە بەشێکی دیکەی ئەو کارخانەیە و بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی تایبەت، دەکرێ بە بیو گاز و بۆ ترافیکی نێوشار بە کار دەهێندرێ. سوئێد ساڵانە 700 ملیۆن تۆن زبڵ لە ولاتی نوروێژ دەکڕێ و لەو کارخانانەدا گەرما و سووتەمەنیی لێ بەرهەم دێنێ.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە بکەم لە سوئێد ئەو ئامۆژگارییانەش بۆخەڵک هەیە بۆ بەشداری لە ژینگە پاریزیدا ڕەچاوی کەن.
1.بۆ چوونە سەرکار یا شوێنی خوێندن، باشترە بە پێیان بچی یا بە دووچەرخە یا بە ئوتوبووس. ئەگەر شوێنی کارت لە دەرەوەی شارە باشترە دەگەڵ هاوکارەکانت ڕێک کەوی چەند کەس بەیەک ماشێن بچن لە باتی ئەوەی هەرکەس ماشێنێک بێنێ.
2.لە ماشێنێک کەڵک وەرگرن کە سووتەمەنیی فوسیلیی ناوێ یا هیبریدە یان بە ئێتانۆل دەروا. ڕادەی بای تایەکانی دروستە. شێوەی لێخوڕینی بەسوود بە کار بێنە. بۆ سەفەر لە ناوخۆی وڵاتدا بە جێگای تەیارە سواری قەتار بە.
- لە ماڵێ لە لامپ و دەزگای بەرقیی کەم مەسرەف کەڵک وەرگرە. ئاوی گەرم زۆر بە کار مەهێنە و گەرمای ماڵێ زۆر مەکە و لە کاتی کوڵاندنی شتێک سەرپۆشی لە سەر دانی. لە کاتی چوونە دەر لە ماڵێ، ئامێری کارەبایی بکووژێنەوە، چرا بکووژێنەوە، ئەگەر فریزەکە سەهۆڵ گرتوویە بە جوانی سەهۆڵەکەی لێبکەوە.
- دەرمانی کۆن باتریی کۆن، زبڵی کۆن، تەگەری ماشێنی کۆن، لە ماڵێ ڕامەگرە. زبڵ لە سروشتدا بڵاو مەکەوە. مەوادی کیمیایی لە زێراب مەکە.
- شتێک مادەی کلۆری تێدابێ بە کاری مەهێنە. مەوادی پاک کەرەوە لە ڕادەی خۆی زیاتر بەکارمەهێنە. بە گەرمای زۆر لیباس مەشۆ.


