ئارامتر بخوێنەوە!
پێشەکیی تاوان ناسیی ژینگەیی
هەژار شەریفزادە
“رەنگە نەزەرییە و ڕەهەندەکانی خوێندنەوە و قسە کردن لەسەر تاوانبار پێشینەیەکی دور و درێژی هەبێ بەڵام زانستی تاوانناسی زانستێکی نوێیە و تاوانناسیی سەوز زانستێکی نوێتری ئەوڕۆیە لە بازنەی زانستی تاوانناسیدا کە سەرەتای ئەو زانستە دەگەڕێتەوە دەیەی ٩٠ی زایینی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە خودی ئەو زانستە سەر بە بۆچوونی تاوانناسیی ڕەخنەگرانەیە.”
تاوان واتە جورم چیە؟ ڕەنگە ئێمە ڕۆژانە زۆرمان گوێ لەو قسەیە بووبێ کە ” ئەرێ تاوانی من یا ئەو چییە کە دەبێ ئەوە بکێشین؟!” تاوان لە ڕوانگەی تاوان ناسانەوە تەعریف و پێناسەی جۆراوجۆری هەیە بەڵام بەشی هەرە زۆریان هاوڕان کە تاوان: “ئاکار یا تەرکی کارێکە کە بەرانبەر بەو کارە لە دەقی یاسا دا سزایەک دیاری کرابێ” و توشبووی ئەو کارەش پێی دەڵێن تاوانبار. زانستی “تاوانناسی” یا “جورم شناسی” پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە، لە مەرکەزی ئەو زانستەدا مرۆڤ دانیشتووە و لێکۆلەران بەردەوام ئاکاری مرۆڤ دەپشکننەوە کە چۆن تووشی تاوانێک دەبێ و چ شتێک تاوانە و چ سزایەک بۆ تاوانی فڵان باشە.
رەنگە نەزەرییە و ڕەهەندەکانی خوێندنەوە و قسە کردن لەسەر تاوانبار پێشینەیەکی دور و درێژی هەبێ بەڵام زانستی تاوانناسی زانستێکی نوێیە و تاوانناسیی سەوز زانستێکی نوێتری ئەوڕۆیە لە بازنەی زانستی تاوانناسیدا کە سەرەتای ئەو زانستە دەگەڕێتەوە دەیەی ٩٠ی زایینی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە خودی ئەو زانستە سەر بە بۆچوونی تاوانناسیی ڕەخنەگرانەیە.
هەر وەک ئاگادارین جیهانی ئەوڕۆ لەگەڵ زۆر خەسار و دیاردەی ژینگەیی بەرەرڕوویە کە دەتوانین بڵێین تەنانەت مانەوەی خودی مرۆڤ و جیهانیش نە تەنیا گوماناوی بەڵکو تووشی مەترسییەکی یەکجار زۆریش بووە وەکوو دڕان و کون بوونی لایەی ئۆزۆزن، گەرم بوونی زەوی، کەم بوون و قەیرانی ئاو، پاشماوە و زبڵ و زاڵ، توندوتیژی بەرانبەر بوونەوەران (مرۆڤ/بوونەوەر) و….
هەموو ئەو گۆڕانکارییە سەرسامهێنەر و ترسناکانە ئێمە بەرەو ئەوە هان دەدەن کە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بەسەر زۆر شتاندا بکەینەوە بە تایبەتی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ژینگە، ژینگە و دەسەڵات، مانەوە و…. تا دەگاتە تاوانناسی و سزا. لە ڕاستیدا ئێستای نەک کۆمەڵگای ئێمەی کورد بەڵکو کۆمەڵگای بەشەریش لەگەڵ ئەو پرسیارە گرینگ و هەستیارانە بەرەوڕوو بووە کە مانەوە یا بەقا چییە؟ ژینگە و ژیان و مرۆڤ لە چ پەیوەندییەکدان؟ یاسا چۆن دەتوانێ پارێزەری مانەوەی هەموان بێ؟
با بگەڕێینەوە سەر باسی خۆمان کە دەبێتەوە تاوان ناسیی سەوز، وەک خوێندمانەوە دیارە هەر بە پێی هەستیاریی ئێکۆلۆژیی کوردستان و ژێئۆپۆلتیکی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەرچی دەچینە پێش، زانیاریی ئێمە لەسەر تاوانناسیی سەوز، زیاتر بە پێویست و بەنرختر دەبێ. هەر ئەوەش بوو بە هۆکاری نوسینی ئەم نوسراوەیە بۆ لایەنگران و چالاکانی ژینگەیی لە کورستان.
تاوان هەر وەک باسمان کرد پێناسێکی تایبەتی هەیە واتە دەقی یاسا دیاریی دەکا کە چ شتێک تاوانە و چ سزایەک بۆ چ تاوانێک عادڵانەیە.
تاوان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مێژووی کولتوری، ئابووری، سیاسی و … وڵاتێک هەیە. زۆر کردار هەیە کە لە هێندێک فەرهەنگدا ڕێزە و لە هێندێک فەرهەنگی دیکەدا بێ ڕێزییە. لە هێندێک فەرهەنگدا ئەرزشە و لە هێندێکی دیکەدا زیددی ئەرزشە کە بەرئەنجامی ئەو مێژوو و پێکهاتەیەی کۆمەڵگا لە پارلماندا خۆی نیشان دەدا و دەبێتە یاسا و دواتر تاوان تەعریف دەکرێ و تاوان دەناسێندرێ و تاوانبار پێناسە دەکرێ … کەوابوو کۆمەڵگا و گۆڕانکاریگەلێک کە بەسەریدا دێ رۆڵێکی زۆری لەو پرۆسەیەدا هەیە.
کوردستان هە ربەشەی کە ژێر دەسەڵاتێکدا ژیاوە، بەم پێیەش هەر بەشێکی لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژی و هێژمۆنیی ئەو دەسەڵاتەشدا بووە وا بەسەریدا زاڵە بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموویان دین و ئایینە کە رۆڵێکی یەکجار گرینگی لە سەقامگیربوونی چوارچێوەکانی هزری و کلتووریی خەڵکدا بووە. تا پێش هاتنی ئیسلام بۆ نێو کوردەکان زۆر هێما و بنەمای چاند و کلتووری کوردەکان ڕاستەوخۆ لە ژینگەدا بەرز کراونەتەوە و کەوتوونە ناو پێکهاتەی پێناسی فەرهەنگیی گەلی کورد؛ لە ماری ڕەوایەتە ئۆستورەیییەکان ڕا بگرە تاکوو دەگاتە هەڵۆی بەرزەفری ئەخلاقی سیاسی و تاووسی ئایینی ئیزەدییەکان. زۆر لەو هێمایانە لە ژێر کاریگەریی ئاسیمیلە کردنی گەلی کورددا بە کەڵکئاوەژوو لە ئایین، گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە و لە ڕیز یا جێگە و پێگەیان کەم بووەتەوە و دواتر نێوانی مرۆڤی کورد و ژینگەی تێک داوە.
هێزی داگیرکەر بۆ هێژمۆنی پێویستی خۆیان، تەنانەت بە چوارچێوەکانی دەقی ئایینیشەوە پابەند نەبوون و سەرەڕای ڕاهێنانی ڕێزداری، بەشێکی ئایین بووەتە بنەمای توندوتیژیی نێوان مرۆڤ و دواتر نێوان مرۆڤ و ژینگە، کە لەو خەسارەدا دەسەڵات لە جێی خۆی و کۆمەڵگاش لە جێێ خۆی دەوری خۆیان هەبووە و هەشە.
زانستی تاوانناسیی سەوز ئاوڕێکی جیددی لە ژیانی ئێکۆسیستێمی مرۆڤ و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ ژینگە دەداتەوە. ئەو زانستە ڕوونی دەکاتەوە کە چ ئاکارێک لە مرۆڤ ڕوویدا، دەکرێ ئێمە بۆی بچیەنە پێشێ و بە دیاریکردنی پێشەکییەکی تاوانناسانە بەرەنگاری بینەوە؟
تاوان لە تەعریفی یاسادا چەند بەش و باسی تایبەتی هەیە وەکوو توخمی مادی (وەکوو کارێک یا تەرکی کارێک کە دەکرێ مەسەلەن دارێک دەبڕدرێتەوە یا هەمان بڕینەوە یا بەری ئاو گرتن بۆ دارستانێک یا برسی و تینوو راگرتنی دەربەندێک بە بەرنەدانی بەری ئاو کاتێک دە موڵکماندایە و دەتوانین بەری بەردەین)، توخمی مەعنەوی (هۆکاری دەروونیی تاوانبار کە دەبێتە هاندەری ئەنجامدان یا تەرکی کارە) بێگومان دەسەڵات بە پیێ دەقی یاسایی و حوکمڕانیی خۆی کە کەرەسەی زۆر جیدی و بەهێزی وەکو دادگا و پۆلیس و زیندانێک کە لەبەر دەستی دایە، کاریگەریی بەرچاوی هەیە لە تاوان بەخشی بە ئاکار یا هەڵسوکەوتێک. کە لە بەشی کوردستاندا بەداخەوە هەمیشە دەستی تاوانباری ژینگەیی ئاواڵە کراوە و پشتی ژینگەپارێزیی پێ شکێندراوە!
تاوانناسانی سەوز، دیاردەکان و تاوانەکانی ژینگە کە کاریگەریی یەکجار زۆریان هەیە لە چەند بەش و پارتدا لێک جیا دەکەنەوە:
تاوانی تاکەکەسی یا فەردی: تاکێک بوونەوەرێک زەجر دەدا یا ئاگر لە شوێنێک بەردەدا یا دارێک دەبڕێتەوە.
تاوانی کۆمپانیا بازرگانییەکان: کە بۆ بەرژەوەندی و مەنفەعەتی خۆیان خەسارێکی زۆر لە ژینگەی ناوچەیەک دەدەن، باغەوانێک بە بیر لێدانێکی ناکارناسانە ڕەگی ئاوی ژێرزەیی ناوچەیەک لاواز دەکا.
تاوانی بەشی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت: وەکوو کارخانەکانی نیوەدەوڵەتی یا دەوڵەتی و سەنعەت و ڕێ و بان کە هەر کام لە بەشی خۆیان دەورێکی یەکجار زۆریان لە خەسارەکانی ژینگەیی لە ناوچەی کورستاندا هەبووە.
لە بەشی تاکەکەسیدا، فەرهەنگسازی و چاندی کۆمەڵگا، دەورێکی زۆری هەیە لە سەرهەڵدانی تاوان لە تاکدا کە لە ئاستێکی سەرتریدا دەسەڵات هەم بە پێی ئاسیمیلە کردن و هەم شێوازی فەرهەنگی و ڕاهێنانی سیستماتیک، دەوری بێ رکابەری لە فەرهەنگی پێکهاتودا هەیە. بۆ نمونە فەرهەنگی ئێستای قبووڵکراوی دەسەڵات، دابەزاندنی دەوری ژنانە لە پێکهاتەی ئابووری و هەڵسوڕانی کۆمەڵگادا کە ژن تەنانەت تا ئاستی کەلوپەل و کەرەسەی زاوزێش دابەزیوە. هەر ئەو شێوازە لە تەکریم و کەرامەتی شارۆمەند، بنەمای توندوتیژی و دواتر ڕێزشکانی جنسی و ژینگەیی دەبێ.
بە کورتی و پوختی دەبێ بڵێین: “تاکێک ڕانەیە ڕێزی رەگەزی بەرانبەری یا خاو و خێزان و هاوژینی بپارێزێ، زەحمەتە دواتر ڕێزی بوونەوەرێکی دراوسێی لە ژیانی ژینگەیی واتە زنجیرەی ئێکۆسیتێمیدا بپارێزێ” ئەوە نموونەیەکی عەینییە لە دەوری بیۆگرافیی فەرهەنگی تاک و کۆمەڵگا کە دەتوانێ پێشەکیی بەهێزی سەرهەڵدانی تاوان بێ لە تاوان باردا.
لە دو بەشی دیکەی کە باسمان کرد، چ لە کردەوەی مەنفەعەت تەڵەبانی بازرگانی و کۆمپانیاکان و چ لە بەشی بەرهەمەکان و سەنعەت و مودیرییەتی خزمەتگوزاریی تر وەکوو ڕێ و بان، لە بنەڕەتدا دەگەڕیتەوە سەر شێواز و جۆری ڕوانینی دەزگای فکریی حاکم بەسەر مرۆڤ و ژینگەدا، ئێمە هەرچی دەڕوانینە دەزگای فکری کە ئێستا هەیە و بنەمای حوکمڕانی و دەسەڵاتدارییە، گشتی جیهانی هەستی بووەتە موڵکی مرۆڤ و هەر لە بنەڕەت ڕا هزری زاڵ بوون و دەستدرێژی بۆسەر هەر جۆرە زەوی و ژینگەیەک پەرەی سەندووە؛ واتە مرۆڤ بووەتە دەسەڵاتداری بێ ڕکابەری سەر ژینگە کە هەر ئەوە پێشەکیی تەواو عەیارە بۆ یاغی بوونی مرۆڤ؛ دواتریش سازوکاری ئیداری یا بوروکراسی و چاوەدێری بەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگەدا. دەزگایەک کە شێرپەنجەی فەساد داگیری کردبێ بە پێی زاتی قوربانی کردنی تاکی لێزان و کارناس بۆ گوێڕایەڵ بوون و لەخاجدانی ڕەخنە و ڕەخنەگر بۆ یەکدەست سازیی دەزگای حاکم، ئیتر هەرچی دەیکا تەنانەت لە خزمەتگوزاریی گشتیشیدا چیها خەساری گەورەتری بەدوادایە. نمونەی هەرە ئاشکرای ئەو بابەتە پێترۆشیمی و ڕێ و بانە، کە هەردووکیان بە پێی نەبونی ڕوانگەی کارناسانە لە دیتنەوەی شوێنی دامەزرانی و دانانی پلان و نەخشە نە تەنیا سەقەت دادەمەزرێن، بەڵکو پێشبینیی خەسارەکانی ژینگەی و سروشتیشی تێدا ناکرێ و هەرچی دەچینە پێشێ دەبینین کاولکاریی ژینگە، واتە تاوانی ژینگەیی دووپات و دووپات دەبێتەوە. هەر وەک چۆن جادەکێشانی نێوان سەقز و مەریوان، سنە بۆ مەریوان چیها کانیاو و کێو و دەربەندی وێران کرد، پێترۆشیمی لە مەهاباد و کرماشان و مەریوان خەریکە چ خەسارێک لە سەرچاوە ئاوییەکان و… دەدا.
یا گەشتێک لە نێو ئیدارەکان و ناوەندەکانی دانی مۆڵەتی کشتوکال و باغداری و گۆڕینی کاربەری، بە ئاسانی بۆمان دەردەخا تاکی مەنفەعەت خواز و کەڕ وکوێر بەسەر ژیانی ژینگە، بە برێک بەرتیل چەندە ئاسان مۆڵەتی باغ لێدان و بیر و چاڵاو لێدان و تێکدانی شیناوەردی نێو شار و ڕاو و داربڕینەوە و سەد ئاکاری ڕاستەوخۆی تاوانی ژینگەیی وەردەگرێ کە بێگومان ئەگەر دەزگایەکی چاوەدێری سالم و بوێریان لەسەر بێ، تاک یا باندی گەندەڵ ناتوانن ئاوا بە ئاسانی دەستدرێژی بکەنە سەر ژینگە و بینەقاقای سەرچاوە سروشتییەکان بگرن.
نەزانی و خوێندنەوەی لاوازی سیاسییەکان و نوێنەرانی پارلمان و مامۆستایانی ئایینیش، یەکێ لە بنەڕەتیترین هۆکارەکانی پێشەکیی پەرەدانی تاوانی ژینگەیە. مامۆستای ئایینی کاتێک دەبینێ بۆ بڕینەوە داری خورما دیە دیاری کراوە، بۆچی بەڕوو کە دەورێکی زۆر گرینگتری کە ژینگەی کوردستاندا هەیە، نە دەتوانێ حەدیسێکی بۆ تەتبیق دا نە بەرگرییەکی فێقهی بکا و نە نوێنەرێک هان دا لە پارلمان ئەوە بخاتە دەستوری کار.
لەهەر حاڵدا ڕێکخراوەکان چ مەدەنی و چ سیاسی دەتوانن دەربیجەیەکی جیددیی فکری و هزری بۆ ئەو حەوزەیە بکەنەوە و بە نوسراوە بەردەوامەکانیان و هەڵوێستی کارناسانە و بەجێ و بوێرانەیان، کاریگەریی زۆر زەق و پۆزیتیڤیان لەسەر پرۆسەی گەشانەوەی زانستی تاوانناسیی سەوز هەبێ و پێشی پەرەدانی تاوانی ژینگەیی و دەمدرێژی و دەستدرێژیی دوژمنانی ژینگە بگرن.


