ئارامتر بخوێنەوە!
ژینگە و توندوتیژی
کاوە حەسەنپوور
“ئاشتی ڕەوتێکە لە بواری ناوەرۆکەوە بە بابەتگەلی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و لە بواری فەردییەوە بە بنەماڵە، سازمان، نەتەوە، ڕەگەز و زمانەوە گرێدراوە. ئاشتیی پۆزەتیڤ و ڕاستەقینە بە بێ بنبڕکردنی توندوتیژی نایەتە ئاراوە و دەبێ هەر سێک لایەنی توندوتیژی (راستەوخۆ، پێکهاتەیی و فەرهەنگی) چارەسەر کرێن هەتا کۆمەڵگایەک بە ئاشتیی پۆزەتیڤ بگا و مرۆڤ بتوانێ لە ژینگەیەکی پڕ لە تەناهی و سەعادەتدا بژی.”
ئاشتی لە سەرەتاییترین خواستە ڕەواکانی مرۆڤ بووە. ژیان بۆ مرۆڤ بە بێ ژینگەیەکی شیاو و ئەمن، تاقەت پڕوکێن و سەختە. هەموو هەوڵەکانی مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە ئەوە بووە کە ژینگەیەک دروست بکا کە بە تەناهی و بە خۆشی تێیدا بژی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕووبەرێکی دیکەی ژیانی مرۆڤ لە شەڕ پێکهاتووە. شەڕ لە ئەساسدا وەک پێداویستی و زەرورەتێک لە ژیانی مرۆڤدا گرینگیی پێ دراوە. بەم پێیە مرۆڤ بۆیە شەڕ دەکا هەتا ئازادی، تەناهی و بەختەوەری وەدەست بێنێ. بەڵام مرۆڤ بە درێژاییی مێژوو لە شەڕدا تووشی ماڵ وێرانی، ئاوارەیی و زۆر جار گیان لەدەستدان بووە. پاکتاو کردن، کوشتنی بەکۆمەڵ و جێگۆڕکێی جوغرافیایی لەو پەیوەندییەدا یەخەی مرۆڤیان گرتووە.
یووهان گاڵتونگی نۆروێژی کە بە باوکی دەرسەکانی ئاشتی لە دونیادا ناسراوە پێی وایە وەدیهاتنی ئاشتیی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ لە گرەوەی چارەسەرکردن و بنبڕکردنی توندوتیژیدایە. گاڵتونگ سێ جۆر لە توندوتیژی دەستنیشان دەکا و لە بەرانبەردا پێی وایە هەر بەم پێودانگەش سێ جۆر لە ئاشتی یان سوڵحمان هەیە:
١- توندوتیژیی ڕاستەوخۆ
٢- توندوتیژیی پێکهاتەیی
٣- توندوتیژیی فەرهەنگی. (Galtung, 2007)
١ـ توندوتیژیی ڕاستەوخۆ یان ئاشکرا: توندوتیژی لە بنەماڵەدا، توندوتیژی لە سەر بنەمای ڕەگەز، توندوتیژیی قەومی، توندوتیژیی پۆلیس، توندوتیژیی دەوڵەتی، تیرۆریسم و شەڕ، نموونەی ئەو جۆرە لە توندوتیژین. توندوتیژیی ڕاستەوخۆ بە ئاشكرا دەکرێ و بۆ هەموو کەس ڕوونە بۆیە جەماوەر لێی دەترسێ. ئەو جۆرە لە توندوتیژی، لەو شێوەگەلەدا خۆی دەنوێنێ.
ئـ. توندوتیژیی جەستەیی: هەر جۆرێک لە توندوتیژی کە ئازار بە لەشی مرۆڤ دەگەیەنێ ئەوا توندوتیژیی جەستەیی بە حیساب دێ. زیانی ئەو جۆرە لە توندوتیژی ئەوانەن: برین، ماسین، لەدەستدانی ئەندامانی لەش و مەرگ. توندوتیژیی جەستەیی لەم شکڵانەدا بەڕیوەدەچی ١- قەتڵ ٢- لێدان و کوتان(بە چەقۆ) یان بە بێ کەرەستە (مست، پێلاقە، زلـلە) ٣- دەستدرێژیی سێکسی ٤- ئەشکەنجە.
ب. توندوتیژیی ڕۆحی: ئەو جۆرە لە توندوتیژی زیان بە ڕەوانی قوربانی دەگەیەنێ. دەکرێ بڵێین هەست و زێهنی بریندار دەکا و هەستی باوەڕبەخۆبوون لە مرۆڤ دەستێنێتەوە. توندوتیژیی ڕۆحی لەو شکڵانەدا خۆی دەنوێنێ
١- سووکایەتی ٢- گاڵتە پێ کردن ٣- جنێودان ٤- هەڕەشە لێ کردن.
پ. توندوتیژیی ماڵی: هەر جۆرێک لە توندوتیژی کە ببێ بە هۆکاری لە دەستدانی ماڵ، خەسارەت لێدان لە سامان و داراییی مرۆڤ، وەک توندوتیژیی ماڵی دەناسرێ. ئەو جۆرە لە توندوتیژی بە یەکێک لەو شێوانە خۆی دەنوێنێ.
١- دزی ٢- ڕێگری ٣- نەدانی حەقدەست و موچەی مانگانە ٤- خەسارەت لێدان لە سامان وەک خەت تێهاویشتن دە ماشێن، دڕاندنی تۆپ و . . .
٢. توندوتیژیی پێکهاتەیی یان شاراوە: گاڵتونگ لە بابەتێکدا لە ژێر ناوی “توندوتیژی، ئاشتی و لێکۆڵینەوە لە سەر ئاشتی” لە ساڵی ١٩٦٩دا ئەو مەسەلەیەی باس کردووە کە توندوتیژیی پێکهاتەیی، لە ڕوانگەی ئەوەوە بەو جۆرە لە توندوتیژی دەگوترێ کە ڕیشەیان لە پێکهاتەی کۆمەڵگا یان ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندایە. ئەو پێکهاتە و ناوەندانە لە ڕێگای بێبەش کردنی مرۆڤ لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی، زیان بە مرۆڤ دەگەیەنن و زەربەی لێ دەدەن. لە ئەساسدا توندوتیژیی ڕاستەوخۆ و توندوتیژیی پێکهاتەیی زۆر لێک نزیکن و دەکڕی بڵێین لێک گرێدراون. لە درێژەدا چەند نموونە دێنمەوە.
ئـ. گەورە سالاری: ئەو دیاردەیە یەكێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای سوننەتییە. لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئەو بڕیارانەی لە لایان گەورەساڵان یا پیرانەوە پەسەند نەکرابێ، مەشرووعییەتی نییە، وەک کچ بە شوو دان. ئەو شێوە ڕوانینە دەبێتە باعیسی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا، دەستیان بە مافە سەرەتایییەکانی خۆیان ڕانەگا.
ب. ناوچەگەرایی، عەشیرەت: لەو شێوە لە توندوتیژیدا گڕێدراویی مرۆڤ بە ناوچەیەکی تایبەت، عەشیرەت و نەژادێکی تایبەت دەبێتە باعیسی ئەوەی توندوتیژیی دەرحەق بکرێ. بۆ وێنە کورد بە هۆی ئایینزا و شوناسی جیاوازەوە لە وڵاتی ئێڕاندا ناتوانێ ببێ بە سەرۆک کۆمار.
پ. ڕەگەزپەرەستی: بایەخ پێ دانی لە ڕادەبەر و سیستماتیک بە پیاو لە بەرانبەر ژندا. بۆ وێنە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا ڕەگەزی نێرینە ڕەگەزی یەکەمە و بە بۆنەی پشتیوانیی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە پیاوان، ئەوا ژنان جێگە و پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لە کۆمەڵگادا نەدراوەتێ.
٣. توندوتیژیی فەرهەنگی: توندوتیژیی فەرهەنگی ئاماژە بە کەرەستەگەلێک دەکا کە بۆ مەشرووعییەت دان بە توندوتیژیی ڕاستەوخۆ و پێکهاتەیی کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. بۆ وێنە دین، ئیدئۆلۆژی، زمان، هونەر و تەنانەت زانست Galtung, 1990)). توندوتیژیی فەرهەنگی دەبێ بە هۆی ئەوەی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ و توندوتیژیی پێکهاتەیی، بە کردەوەی شیاو و گونجاو لە قەڵەم بدرێن، یان لانیکەم بە نەشیاو و غەڵەت حیسێب نەکرێن. فەرهەنگ لە خۆیدا هێندێک جەوهەری تێدایە کە دەتوانێ کردەوی دزێو و قێزەون بە جۆرێکی دیکە بناسینێ ومۆرکی پەسەندکراویان لێ بدا.
ئـ. دین: گالتونگ باس لە هەڵسوکەوتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەکا؛ لە دینی یەهووددا هاتووە کە ئەو قەومە لە لایەن خواوە بە قەومی یەکەم هەڵبژێردراوە. هەروەها لە تەوڕاتیشدا هاتووە کە شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێ بوونی قەومی یەهوود وڵاتی فەلەستینە کە ئەوڕۆ لە ئیختیاری ئیسڕائیلدایە. لێرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو باوەڕە چەند دەتوانێ ماکەی توندوتیژی بێ و ژینگەی خەڵک لەو ناوچەیە تووشێ چ کارەساتێک بکا.
ب. ئیدئۆلۆژی: جیاوازیی نێوان دین و ئیدئۆلۆژی لەوەدایە، دین لە ڕوانگەی هەوادارەکانییەوە ڕیشەی ئاسمانیی هەیە بەڵام ئیدئۆلۆژی ئەوڕۆیی و نوێیە. هیتلێر ئەو کەسانەی کە لە ژێر چەتری ئیدئۆلۆژیی ئەودا کۆ نەدەبوونەوە بە جڕوجانەوەر یان باکتری ناوزەد دەکرد. ئەو تێڕوانینەی هیتلێر، بەکارهێنانی توندوتیژیی بۆ هەوادارەکانی هاسان دەکردەوە.
پ. زمان: سەرەتایی ترین توێخی فەرهەنگە و هەر بۆیە دیتنەوەی پەیوەندیی زمان دەگەڵ توندوتیژی چەتوون و ئەستەمە. بۆ وێنە لەو زمانانەی ڕیشەی لاتینیان هەیە وەک ئینگلیسی، ئیتالیایی، فەڕانسەوی و. . . هەم بۆ مرۆڤ و هەم بۆ پیاو وشەی Man بە کار دێنن. بەڵام بۆ ژن لە پاڵ وشەی Man (wo) لکێندراوە و نیشان دەدا ژن بە بۆنەی پیاوەوە دەناسرێ و توندوتیژیی هەنووکەش بەرانبەر بە ژنان بە کار دێ.
پەیوەندیی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ، پێکهاتەیی و فەرهەنگی
بە پێی بۆ چوونی گالتونگ، توندوتیژی سەرەتا لە فەرهەنگەوە دەست پێ دەکا، پێکهاتەیەک لە سەر بنەمای توندوتیژی دروست دەبێ و بەرهەمەکەی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ یان فیزیکیی لێ دەردەچێ. بەڵام لە ئاکامدا توندوتیژی (راستەوخۆ، پێکهاتەیی و فەرهەنگی) پەیوەندیی بەردەوامیان بە یەکەوە هەیە. بۆ جوانتر شی کردنەوەی ڕوانگەی گالتونگ دوو نموونە دێنمەوە.
وێنەی یەکەم ڕاهێنانی منداڵ: بە پێی بۆچوونی گالتونگ، لە قۆناغی یەکەمدا ڕاهێنان فۆڕم دەگرێ و دەبێت بە فەرهەنگ و بەها پەیدا دەکا و دەستوور و قەواعیدی بۆ ساز دەبێ. هەر بەم پێیە منداڵان و مێرمنداڵان دەبێت وەک مامۆستا و دایک و باوکیان بجووڵینەوە. لە قۆناغی دووهەمدا پێکهاتەی ڕاهێنان شکڵ دەگرێ، لێرەدا ئەرکی ڕاهێنان دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستا یان دایک و باوک و ئەوان لە هەمبەر ڕاهێنانی منداڵ، خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن. لە قۆناغی سێهەمدا کە گالتونگ بە توندوتیژیی ڕاستەوخۆ ناوزەدی دەکا، کاتێک منداڵ یان مێرمنداڵێک وەک مامۆستا یان دایک و باوکی ناجووڵێتەوە، ئەوان بڕیار دەدەن کە مناڵەکە وەک خۆیان هەڵسوکەوت بکا و بجووڵێتەوە. کاتێک منداڵەکە لەسەر کردەوەی خۆی پێداگری دەکا و گوێڕایەڵی قسەی ئەوان نابێ، ئەوە دایک و باوک یان مامۆستا، هاسانترین کردەوە هەڵدەبژێرن؛ لە ڕوانگەی ئەوانەوە تەوهین، منەت لە سەر کردن، تەنانەت لێدان، دەتوانێ منداڵەکە بێنێتە سەر بڕیاری ئەوان.
وێنەی دووهەم: لە سێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر دەکرێ بە پێی تێزەکەی گاڵتونگ لەو چوراچێوەیەدا بگونجێ. عەمەلی کۆماری ئیسلامی لە سەر بە تاوان زانینی ئەرکی فەرزادی کەمانگەر کە هەوڵی دەدا زمانی کوردی فێری منداڵانی کورد بکا، هەم لایەنی فەرهەنگیی هەیە و هەم لایەنی پێکهاتەیی. لایەنی فەرهەنگی ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی پێی وا بوو فەرزاد کەمانگەر دەبێ لە ناو بچێ و شیاوی ئەوەیە توندوتیژیی دەرحەق بکرێ، لە حاڵێکدا ئەو ڕوانینە قورسترە لەو عەمەلەی ئەوان دەرحەق بە فەرزاد کەمانگەر ڕەوایان بینی. لایەنی پێکهاتەییی ئەو سێدارەیە بێبەش کردنی کوردە لە مافێکی ڕەوای ئینسانی کە بە درێژاییی مێژوو لێی زەوت کراوە.
بۆچوونی گالتونگ لە سەر ئاشتی
ئاشتی لە فەرهەنگی جۆراوجۆردا مانای بۆ دۆزراوەتەوە و تەعبیری بۆ کراوە. لە ئینگلیسیدا Peace بە عەرەبی Salaam لە لاتیندا Pax و لە زمانی یۆنانی کۆندا بە Eirene تەرجومە کراوەتەوە. بەڵام بە گشتی وەسفی وەزعییەتێکی بە بێ توندوتیژی و تێپەڕینە لە شەڕ. لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا و لە نێو مرۆڤەکاندا بە مانای تەناهی و پەیوەندیی گرووپی و پێکەوەژیان مانا کراوەتەوە. لە قورئاندا هاتووە: انما المومنون اخوە فاصلحوا بین اخویکم (الحجرات ١٠) واتا ئیمانداران برای یەکترین، لە نێو برایاندا ئاشتی مسۆگەر بکەن.
گالتونگ پێی وایە هەر وەک چۆن توندوتیژی لە سێ ئاستدا پێناسە دەکرێ، بە هەمان شێوە ئاشتیش لە سێ ئاستدا پێناسە دەکرێ. ئاشتیی ڕاستەوخۆ، ئاشتیی پێکهاتەیی و ئاشتیی فەرهەنگی. گرینگی دان بە ئاستێک لە ئاشتی و پشتگوێ خستنی ئەوانی تر دەبێتە هۆی ئەوەی پڕۆسەی ئاشتیی ڕاستەقینە نەیەتە دی. گالتونگ لە درێژەدا باسی ئاشتیی پۆزەتیڤ و ئاشتیی نیگەتیڤ دەکا. مەبەستی گالتونگ لە ئاشتیی نیگەتیڤ، هەمان ئاشتیی ڕاستەوخۆیە، ئەو پێی وایە زۆربەی سیاسەتوانان کاتێک باسی ئاشتی دەکەن، ڕێک مەبەستیان لە ئاشتیی نیگەتیڤە. ئاشتیی ڕاستەوخۆ یان نیگەتیڤ، حاڵەتێکە کە تێیدا توندوتیژیی ڕاستەوخۆ ڕوونادا. بۆ وێنە کاتێک لە نێوان دوو گرووپدا ئاگربەس دێتە ئاراوە، دە واقیعدا سوڵحی نیگەتیڤ یان سوڵحی ڕاستەوخۆ هاتووەتە ئاراوە. لەو حاڵەتەدا تەنیا شەڕ کۆتاییی هاتووە، ئەگینا ئەگەری توندوتیژیی پێکهاتەیی لەئارادایە. بە باوەڕی گالتونگ کاتێک سوڵحی پۆزەتیڤ دەستەبەر بووە کە توندوتیژیی پێکهاتەیی ڕوونەدا. واتە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر کرابێ. ژن بە مافی خۆی گەیشتبێ، سەروەت و سامانی وڵاتەکە بە شێوەیەکی عادڵانە لە نێو خەڵکی وڵاتەکەدا دابەش کرابێ، کەمینە نەتەوایەتییەکان مافە سەرەتایییەکانیان بە فەرمی بناسرێ، مافی خوێندن بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگاکە وەک یەک لەبەردەست بێ و بە گشتی ژینگەیەکی شیاوی مرۆڤ بنیات نرابێ. ئەگینا نەبوونی شەڕ و پێکدادان یان ئاگربەس، پێوانەی بوونی سوڵحی پۆزەتیڤ نییە.
رێکخراوی ئابووری و ئاشتیی جیهانی، چوارچێوەیەکی Global Peace Index بۆ ئاشتیی پۆزەتیڤ دیاری کردووە و لە نیهایەتدا جەدەوەلێکی ئاماریی درووست کردووە کە هەموو ساڵێک نوێ دەکرێتەوە و تێیدا
١. سۆئێد ٢. فەنلاند ٣. سوئیس٤. نۆروێژ ٥. دانمارک ٦. ئیرلەند ٧ هولەند ٨. نیوزیلەند ٩. ئاڵمان و ١٠. ئیسلەند بە ڕیز لە سەرووی ئەو کۆمەڵگایانەن کە سوڵحی پۆزەتیڤیان تێدا دەستەبەر بووە و وەکوو ژینگەی شیاو بۆ ژیانی مرۆڤ ناسێندراون. بە پێی ئەو تایبەتمەندییانە، مافی مرۆڤ، مافی ژن، مافی منداڵ، مافی خوێندن، گەندەڵیی ئیداری، ئەرکی حکوومەتەکان و خۆ بە بەرپرسیار زانین لە بەرانبەر خەڵکدا، هەڵسەنگێندراون و نومرەیان پێ دراوە. وڵاتی ئێران لە پلەی ١٣٧ ڕاوەستاوە و لە خوارووی جەدوەلەکە وڵاتانی ١٦٣. سۆمالی ١٦٢. ئافریقای مەرکەزی ١٦١. یەمەن ١٦٠ ئیریتێرە ١٥٩. کۆریای باکوور ١٥٨. عێراق ١٥٧ ئەفغانستان ڕاوەستاون. پلەی هەر یەک لەو وڵاتانە دەرخەری ئەوەیە کە کامەیان لە بواری سوڵحی پوزەتیڤدا لەوانی تر لە پێشترە. (Vision of humanity)
کۆتایی
ئاشتی ڕەوتێکە لە بواری ناوەرۆکەوە بە بابەتگەلی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و لە بواری فەردییەوە بە بنەماڵە، سازمان، نەتەوە، ڕەگەز و زمانەوە گرێدراوە. ئاشتیی پۆزەتیڤ و ڕاستەقینە بە بێ بنبڕکردنی توندوتیژی نایەتە ئاراوە و دەبێ هەر سێک لایەنی توندوتیژی (راستەوخۆ، پێکهاتەیی و فەرهەنگی) چارەسەر کرێن هەتا کۆمەڵگایەک بە ئاشتیی پۆزەتیڤ بگا و مرۆڤ بتوانێ لە ژینگەیەکی پڕ لە تەناهی و سەعادەتدا بژی.
سەرچاوەکان
http://visionofhumanity.org/indexes/ecological-threat-register
. Galtung, johan. 2008. 50 years: 25 intellectual landscapes explored. Oslo: colophon press
Galtung, Charles Webel and Johan. 2007. Handbook of Peace and conflict studies. Oxon:
obtained from:https://www. mkgandhi. org/ebks/handbook-of-peace-and-conflict-studies. pdf. Routledge
Galtung, Johan. 1990. “Cultural Violence. ” Journal of Peace Research


