ئارامتر بخوێنەوە!
تاقیکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد بە فێمێنیزم
مستەفا زەنگین
و: سیپان ڕۆژهەڵات
تێگەیشتنێکی ڕواڵەتی و بە کەمگرتن لەوەی کە ناسیۆنالیزم تاکە هۆکاری بەدی نەهاتنی یەکسانیی ژن وپیاوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، هەر لە سەرەتاوە بووە هۆی ئەوەی کە ڕۆلی ناسیۆنالیزم لە پێشاندان و بەرجەستەکردنی ناسنامەی ژن لاواز پێشان بدات. ئەگەر سیاسەتی ئەو ئیدیۆلۆژییانەی کە ناسیۆنالیزم وەکوو بنەما بۆ خۆیان بەکاردینن بەڵام دژایەتیی ئازادی و مافی ژنان و یەکسانییان دەکەن، لەسەر ناسیۆنالیزم حیساب بکرێت، ئەو تێگەیشتنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە گرنگیدانی ناسیۆنالیزم بە ئازادیی ژنان نەبینرێت و بە ناڕەوا پێشانی بدات.
دیارە کە لەم ساڵانەی دواییدا ئەو پەڕتووک و بابەتانەی لەسەر پەیوەندیی نێوان فێمێنیزم و ناسیۆنالیزم نووسراون، ڕووی لە زیادبوون کردووە. بەڵام لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا ئەو بابەتە ڕەنگدانەوەیەکی کەمی هەبووە بە شێوەیەک کە دەتوانینن بڵێین هەر نەبووە. من لەو بڕوایەدام کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بابەتە، یەک نەبوون و ناسازبوونی فێمێنیزم وناسیۆنالیزمە، لە بەر ئەوەی ناسیۆنالیزم وەک ڕێگرییەک بۆ یەکسانیی ڕەگەزی ومافی ژنان ناسێنراوە. هەرچەندە ناتوانین سەرجەم ئەوشتانەی لەسەر ئەم مژارە وتراون و نووسراون ڕەت بکەینەوە و خۆمان بە مافدار پێشان بدەین و بڵێین ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان نییە. دەمەوێت لەم نووسینەدا پێشان بدەم کە نابێ لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە کە ناسیۆنالیزم تاکە هۆکاری نایەکسانیی ڕەگەزییە، ناسیۆنالیزم وەکو ئیدیولۆژییەکی موتڵەقی پیاوسالارانە قەبووڵ بکەین و فێمێنیزم بە شێوەیەکی ڕادیکال ڕەت بکەینەوە. ئەوە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ڕۆڵی ناسیۆنالیزم لە پاراستنی مافی ژناندا. ئەو بابەتە لەلایەن “بزووتنەوەی ژنانی کورد” لەنێو کۆمەڵگەدا قەبووڵ کراوە و بەردەوام دووبارە دەکریتەوە. لەم نووسینەدا لە چوارچێوەی ڕەخنە گرتن لەو بزووتنەوە سیاسییەی کە باسمان کرد و بەرگریکردنیان لەو تێگەیشتنە، باس لەوە دەکەین کە ناسیۆنالیزم چ کارێکی لە بەرژەوەندیی دۆزینەوەی ناسنامە و ئازادیی ژناندا کردووە.
رەخنەی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ناسیۆنالیزم
لێرەدا کە باس لە “بزووتنەوەی ژنانی کورد-حەرەکەتا ژنێن کورد” دەکەین مەبەستمان ئەو بزووتنەوەیەیە کە لەسەر بنەمای تیورییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پ ک ک و بە شێوەیەکی ڕەوا(لێگال) لە چوارچێوەی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP و پارتی هەرێمە دیموکراتەکان DBP و ڕێکخراوەکانی نزیک لەو دووپارتە جێ دەگرن. بەڵام دەبێ ئەوە بڵێین کە هیچ ڕێکخراو یان گرووپێکی فەرمی نییە بە ناوی بزووتنەوەی ژنانی کورد، بەڵام لەبەر ئەوەی کە زۆربەی هەڵسوڕاو و ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە ژنانی کوردن، بەو ناوە دەناسرێت. بۆیە ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە لە نێو ئەو بزووتنەوەیەدا باسیان دەکەین، دوای هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەی دیموکراتیکی ژنانی ئازاد، لە ژێر ناوەکانی بزووتنەوی ژنانی ئازاد-تەڤگەرا ژنێن ئازاد TJA و کۆنگرەی ژنانی ئازاد KJA، درێژەیان بە کارکردن داوە. بزووتنەوی ژنانی کورد کە لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ لە بوارەکانی کۆمەلایەتی، سیاسی و سەربازیدا گەشەی خێرای بە خۆیەوە بینیوە، ئەم پێشکەوتنەی کۆمەڵەکان کە شێوازێکی ڕێکخستنە، وەکوو بەرەوپێشچوونێکی گرنگ دەبینێت. بە دەستپێکردنی قۆناغی نوێبوونەوە و دەستپێکردنی شۆرشی گەلان کە ئەنجامی بەدیهێنانی ئازادیی تاکەکەسی و کۆمەڵگە و برایەتی و یەکسانی بۆ نەتەوە بوو، ژن وەکوو بنەمای سەرەکیی پێکهێنانی نەتەوە دادەنرێ. ئەوەی کە لێرەدا بە گرنگی باسی لێوە دەکرێت، نەتەوە یا میللەتە کە توانی خۆی لە پڕۆسەی نەتەوەییبوونی سروشتیدا پێشان بدات. بەڵام بە بڕوای بزووتنەوەی ژنانی کورد، نەتەوە لە لایەن چینی بورژوا کە دەستیان بە سەر قۆناغی شۆرشدا گرتووە، لە ڕێرەوی دروستی خۆی دوورخراوەتەوە، تێکدراوە و بە لاڕێدا براوە.
ئەو بزووتنەوەیە لەو بڕوایەدایە کە بە شێوەیەکی سروشتی، پێکهاتەی کۆمەڵگەی پیشکەوتوو لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بە لاڕێدا دەبرێت و بە ناوی هەموو کۆمەڵگەکانەوە شەڕی خوێناوی ڕوودەدات، کە بۆ خودی ژنانیش دەبێتە هۆی پێشهاتنی ئالنگارییەکی گەورە. بزووتنەوەی ژنانی کورد لەو بڕوایەدایە کە مژاری نەتەوە کە لە لایەن دەسەڵاتداران و بورژوازەکانەوە لە جەوهەری سەرەکیی خۆی دوورخراوە و بە لاڕێدا براوە، بووەتە هۆی بەدەستهێنانی ئەنجامی قووڵ بۆ ژنان و کۆمەڵگە. )فادیلە یلدرم -٢٠٢١٢( لەم خاڵەدا ڕەخنەی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ناسیۆنالیزم دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. وەکوو لە سەرەوە باسم کرد بزووتنەوی ژنانی کورد لەسەر بنەمای پارادیگمای عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ کۆمینال (اشتراکی) دیمۆکراسی، ژینگەیی و ڕەگەزی خۆی دەناسێنێت و شێوەیەکی ڕەخنەی لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی گشتیی ناسیۆنالیزم پەسەند دەکات. ئەمەش لەسەر بنەمای ڕوانینی ئۆجەلانە کە ناسیۆنالیزم وەکوو نەخۆشیی سەردەم پێناسە دەکات و ناسیۆنالیزم وەکوو یەکێک لە ئیدیولۆژییەکانی هێز و دەسەڵات وەسف دەکات کە لەسەر بنەمای جیاوازیی ڕەگەزی گەشەی پێ دەدرێت.
بزووتنەوەکە دەڵێت ناسیونالیزمی گەشەسەندوو و بە دەسەڵات گەیشتوو، بە سوود وەرگرتن لە نەتەوە، دەسەڵاتی بە پیاو داوە(پیاوسالاریی وەدی هێناوە) و ژنانی داپلۆسیوە و لە کایەکانی کۆمەڵگە وەدەری ناون. بە زمانێکی توند ناسیۆنالیزم بە (شوناسی پیاوسالاری) پێناسە دەکات.
چینی بورژوا لە نەتەوەی پیاوسالارانە هەوڵ دەدات ژن وەلاوە بنێت لە کاتیكدا کە ژن جەوهەری سەرەکیی پێڤاژۆی ناسیۆنالیزم بووە و چینی بورژوا لە سەر بنەمای تیۆریی نەتەوە –دەوڵەت، ژن بۆ پرۆپاگەندەکردن بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکار دێنێت. ناسیۆنالیزم کە بە هۆکاری قووڵبوونی کێشە ڕەگەزییەکان لەنێو کۆمەڵگەدا دادەنرێت، ڕێگە نادات لە کاتی بونیادنانی نەتەوەدا، ئیرادەی ژنان بە شێوەیەکی واقیعییانە، لە بەدەستهێنانی یەکسانی و ئازادیدا بەشدار بێ. بزووتنەوەی ژنانی کورد، ناسیۆنالیزمی نەتەوە –دەوڵەت و سێکۆلار-لائیک لەسەر بنەمای تێگەیشتنەکانی ئۆجالان قەبووڵ دەکات و لەو بڕوایەدایە کە نەتەوە-دەوڵەت، توندترین شێوازی نوێنەرایەتیکردنی دەسەڵاتی پیاوسالارانە و ئیستیسمارییە و ڕەخنەی لێ دەگرێ. نەتەوە-دەوڵەت وەکوو دوایین ڕێڕەوی مێژوویی، دەسەڵاتداری پێناسە دەکات کە ڕۆلی ژنان بە نادیدە دەگرێت، وەکوو تەقینەوەی ئیمپراتۆرییەتی پیاو پێناسە کراوە ( عایشە گۆککان ٢٠١٦). بزووتنەوەکە لەو بڕوایەدایە کە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات کە وەکوو جێگرەوەی نەتەوە-دەوڵەت دادەنرێت، تەنیا کاتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە ژن وەکوو ئەکتی سەرەکیی کۆمەڵایەتیبوون، “نەتەوە” پەسەند بکات. (یلدرم ٢٠١٢) دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە گەڵ ناسینالیزم لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ناسیونالیزم ئیدیۆلۆژییەکی پیاوسالارانەیە و لە بەر ئەوە ناسنامەی ژنان دەسڕێتەوە و وەکوو ئامانجێک درێژە بە چەوساندنەوەی ژنان دەدات.
رەخنەی بەرانبەر: ناسنامەی ژنان هۆکارێک بۆ شاردنەوەی ناسنامەی کورد
بێ دوودڵی دەتوانین بڵێین بزووتنەوی ژنانی کورد بێتاوان نین لە دوورکەوتنەوە لە ناسیۆنالیزم، لە بەر ئەوەی بۆچوونێک هەیە کە دەڵێت ئەو بزووتنەوەیە بە هێنانە پێشی ناسنامەی ژنان دەیەوێت ناسنامەی ناسیونالیستی بشارێتەوە. لەو بزووتنەوەیەدا ناسنامەی ژنان کە خۆی لە ناسنامەی کورد جیا دەکاتەوە و پێگەی سەرەکیی خۆی بەدەست دەهێنێت، لە خەباتی نەتەوەییشدا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە “بەر لە هەر شتێک، خەبات بۆ ئازادکردنی ئەو نەتەوەیە بکرێت کە لە لایەن چینی پیاوسالارەوە داگیر کراوە”. یلدرم ٢٠١٢
گوڵتەن کشاناک لەو بڕوایەدایە کە لە خەباتی نەتەوەییی کورددا، وەکوو هێزێكی لاوەکی مامەڵە لەگەڵ ژنان کراوە، بەڵام ئەوان بە تێگەیشتن لە ناسنامەی ژن بوون، خۆیان لەو کێشەیە ڕزگار کردووە. هەروەها لە سەرجەم نووسینەکانیدا لە پەڕتووکی “ڕەنگی مۆری- وەنەوشەییی سیاسەتی کورد”، گوڵتەن کشاناک بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی لەسەر بنەما و بەرجەستەکردنی ناسنامەی ژن بوون بەیان دەکات، گوایە ئەو کار و توندوتیژییەی بەرانبەریان کراوە، تەنیا بە هۆی ژن بوونیان بووە. هەرچەندە قسەکردن لەسەر ئەوەی کە ئەمە بە ئەنقەست کراوە یان نە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام لە سەرجەم نووسین و لێدوانی ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانەی سەر بە بزووتنەوەکە کە لە ئاژانسی ژن نیوز و گۆڤاری ژنۆلۆژیدا بڵاوکراونەوە، هیچ هۆکارێک نییە وا پێشان بدات کە ئەم کارە بە نەزانین کراوە. دوورکەوتنەوە لە ناسیۆنالیزم و پێشاندانی ئەوەی کە ناسیۆنالیزم تاکە هۆکاری زۆرێک لە واتە خراپەکانی نێو کۆمەڵگە بە تایبەتی جیاوازیی ڕەگەزییە، لە خودی خۆیدا دژایەتی کردنی ناسیۆنالیزمە. زیادە لە پارێزگاریکردن لە ڕێکخراوێکی فێمێنیستیی سەربەخۆ کە خەباتی نەتەوەیی ناکات، بە بچووک کردنی خەباتی نەتەوەی کورد بۆ خەباتی ناسنامەی ژن بە دروشمی “ژنی ئازاد کۆمەڵگەی ئازاد”، دەیەوێت فێمێنیزم بکاتە جێگرەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی.
بزووتنەوەی ژنانی کورد ئامانجی لەپێشینەی چالاکییە سیاسییەکانی خۆی لەجیاتی خەباتی نەتەوەیی، خەبات بۆ ئازادیی ناسنامەی ژنان دادەنێت. وەک نموونەیەکی نادیدەگرتنی ناسنامەی نەتەوەی کورد لە بەرژەوەندیی ناسنامەی ژنان و دانانی ناسنامەی نەتەوەیی لە پێگەی دووەم لە دوای ناسنامەی ژن بوون، دەتوانین ئاماژە بە مەقالەیەکی مەلیکە گول دەمیر بکەین کە لە ماڵپەری ژن نیوزدا بڵاوکراوەتەوە و لە ژێر ناوی”هەموو کاتێک خەباتکردن لە دژی ئەو سیاسەتانەی کە ژنان بە ئامانج دەگرن”، نووسەر لە بابەتەکەدا ئاماژە بە شەڕی خەندەقەکان (شەڕی نیوان پەکەکە و سوپای تورکیا) لە شارەکانی نسێبین، جزیر و سوور دەکات کە بە پارێزگا کوردییەکان ناویان دەبات و دەڵێت لەو ڕووداوانەی کە لە شەڕی خەندەقەکان ڕوویانداوە، ژنانی کورد تەنیا لە بەر ئەوەی ژن بوون ئەشکەنجە دراون و کوژراون.
نووسەر دەڵێت لاشەی ئەو ژنانە کە لە شەڕی شارە کوردییەکاندا بریندار کراون یان خود ژیانیان لەدەستداوە، بووە مەیدانێک بۆ سەرکەوتنی پیاوە یونیفۆرم لەبەرکان (سەربازەکان) و شەڕەکە وەکوو شەڕی نیوان دوو ڕەگەزی ژن و پیاو پێناسە دەکات، بەڵام نووسەر هیچ ئاماژەیەکی بە ناسنامەی کوردبوونی ئەو ژنانە ناکات، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە بە ئامانجگرتنی ئەو ژنانە لەو شەڕانەدا، لەبەر ئەوە نییە کە ئەوان تەنیا ژنن، بەڵکۆ لەبەر ئەوە بووە کە ئەوان ژنانی کوردن.
گۆڵتەن کشاناک لە دیباچەی کتێبەکەیدا بە ناوی ڕەنگی وەنەوشەی سیاسەتی ژنان لە ژیر ناوی “هەنگاو بە هەنگاو گەشەکردنی خەباتی ئازادیخوازیی ژنان”، باس لە کاردانەوەکانی دوای سوێندخواردنی لەیلا زانا، ژنە پەرلەمانتەری کورد، لە ساڵی ١٩٩١ لە پەرلەمانی تورکیا دەکات و دەڵێت لە هەموو بوارەکاندا دەست بە تێشکاندنی ژنان کرا، بەڵام کشاناک وا پێشان دەدات کە ئەمانە بە هۆی قەبووڵنەکردنی ناسنامەی ژنان و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی خەباتی ئازادیخوازیی ژنان بووە، لەکاتێکدا ناڕەزایەتی دەربڕین لە کاتی سوێندخواردنی لەیلا زانا بە هۆی ئەوە بوو کە گوتی “ئەم سوێند بۆ برایەتیی گەلی کورد و تورک” دەخۆم و هەموو لایەک هاوڕایە، کە بە هۆی هاتنی وشەی کورد لە بەر ئەوەی ئەو سوێندە بە کوردی بوو کاردانەوەی لێ کەوەتەوە. پێشاندانی ئەو بابەتە لە لایەن کشاناکەوە وەکوو دژایەتیکردنی ناسنامەی ژنان و چەوساندنەوەیان، هەوڵێکە بۆ نادیدە گرتن و شاردنەوەی زمان و ناسنامەی کوردبوون. لە ڕاستیدا هیچ تێگەیشتنێک نییە لەسەر ئەوەی کە کشاناک خۆی وەکوو کەسێک کە سەختیی زۆری بە هۆی ناسنامەی نەتەوەیییەوە بینیوە و زۆرجار ڕووبەڕووی دەردەسەری و گوشار بووە، بەڵام باس لە ناسنامەی کوردبوون ناکات و ناسنامەی ژن بوون دەخاتە پیێشەوە.
ئەوە خەیاڵ و هەڵخەڵەتاندنە کە بزووتنەوەی ژنان دەستکەوتەکانی نەتەوەی کورد وا پێشان بدات کە تەنیا بە هۆی خەبای ژنان و ناسنامەی ژنانەوە بە دەست هاتوون وەکوو ئەوەی لە سالانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٤ لە هەڵبژاردنە خۆجییەکان لە ناوچەی (دۆغۆ بەیازیدی ئاگری) ڕوویدا و موقەدەسە کوبیلای سەرکەوتنی بەدەستهیێنا
کوبیلای بابەتێکی لە پرتووکی ڕەنگی وەنەوشەیی سیاسەتی ژنانی کورددا لە ژێر ناوی (سەرۆک، چیدی ناتوانین هیچ شتیک بە ژنان بڵێین( نووسیوە و باس لە کاندیدبوون بۆ سەرۆکی شارەوانی و ئەو سەرکەوتنانە دەکات لەو بەروارەی ئاماژەمان پێکرد بەدەستیهێناوە، ئەو سەرکەوتنە بەوە دەبەستێتەوە کە بە هۆی پشتگیری بزووتنەوەی ژنان و ناسنامەی ژنبوونییەوە بووە. دەکرێت بە ڕێژەیەکی کەم لە ژنان بە هۆی ناسنامەی ژنبوونەوە پشتگیریان لە کوبیلای کردبێت، بەڵام هەم بە هۆی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی (سوسیولۆژی) دۆغۆبەیازید و هەم کاندیدبوونی کوبیلای لە لایەن پارتەکانی هادەپ و دەهاپ، بەڵگەی ئەوەیە کە ناکرێت ئەو سەرکەوتنە تەنیا لە ناسنامەی ژنبووندا قەتیسبکرێت. لە بەر ئەوەی ئەو ڕاستییە هەیە کە لەو سەردەمە و ئێستاش لە دۆغۆبەیازید پێکهاتەیەکی باوکسالارانە هەیە لەوە گرنگتریش ئەوەیەکە هەردوو پارتی هادەپ و دەهاپ لە لایەن کوردەکان بۆ گەیاندی داواکارییە نەتەوەییەکان دامەزراون و وەکوو دوو پارتی ناسیونالیستی کورد قەبووڵکراوەن.
سارا ئاکتاش کە یەکیک لە چالاکڤانانی بزووتنەوەی ژنانی کوردە لە ساڵی ٢٠١٧ بە بنەماگرتنی ژنان ئەوەندە زیادەرۆیی کردووە کە دەڵێت بزووتنەوەی ڕزگاری کورد کە مەبەستی پ، ک، ک یە زیادە لە کۆلۆنیالیزم، فئودالیزم، عەشیرەگەری و دژەدین بوون، گرنگی بە ئازادی ژنان داوە و وەکوو یەکەم ئامانجی خۆی داناوە. بە هەمان شێوە ئاکتاش کە جۆرئەت لە ڕەخنەکانی پ. ک. ک لە سەر بابەتی ڕەگەزیی کۆمەگە وەردەگرێت دەڵێت، “مێژووی بزووتنەوەی کورد. . مێژووی دروستکردنی ژنانی ئازادیخوازە کە سەر لە نوێ ژنبوونی خۆیان پێناسە دەکەن و پیاوان، پیاوەتی خۆیان دەکوژن”
ئەو دەڵێت “سەرکەوتنی شۆرشگێرانی ژنی کورد و شۆرشی ڕۆژئاوا”دا مەترسی لەسەر زیهنییەتی پیاوسالاری کورد دروستکردووە نەک کۆلۆنیالیزمی کوردستان.
ئەم گوتانەی ئاکتاش هەموو شتێکی ئاشکرا کردووە کە ناوی دیکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بوووە بە ژن، واتە لە سەرووی بزووتنەوەی کورد بابەتیکی دیکە هەیە کە ئەویش خەباتی ژنانە کە دەبێت شرۆڤەی بۆ هەموو بابەت و مژارێک هەبێت
بە پێی بەیاننامە و لێدوانی ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە، دانانی قەیووم لە سەر شارەوانییەکان و پێشاندان و گێرانی لاشەی ڕووتی کوژراوانی شەڕی خەندق لە نێو شارەوکان کە ژنیشیان لە تێدا بووە لە لەیەن فەرمانبەرانی جێبەجێکردنی یاسا وهەڵکوتانە سەر شوێنەکان و گرتنی چالاکوانان وەکو ئەوەی لە مەراسیمی کۆچی دوایی دایکی ئایسەل توگلۆک ڕوویدا و هێرش کرایە سەر مەراسیمی جەنازە و ناشتنی تەرمی دایکی ئایسەل توگلۆک، تەنیا وەکوو دژایەتی دەسەڵاتی پیاوسالارانە بەرامبەر ئیرادەی ژنان پێشان دەدرێت، مەبەستی سەرەکیش ئەوەیە کە دەیەوێت ناسنامەی کوردبوون نادیدە بگرێت.
دەتوانین بڵێین دیتنی کارەکانی دەوڵەتە کۆلۆنیالسیتەکان(داگیرکەرانی) کوردستان و توندوتیژییەکەیان بەرامبەر ناسنامەی کورد وەکوو توندوتیژی پیاوسالارانە و بە سەنتەرگرتنی ژن بۆ هەموو شتێک لە لایەن بزووتنەوەی ژنانی کورد و لە ورانگەی ژنبوونەوە هەموو شتێک ببینی وەکوو وەسواسێکی لێهاتووە.
بزووتنەوە ئەوەندە بەرەو پێش ڕوویشتووە کە خۆی لەگەڵ ڕەخنەکانی لە بزووتنەوەی ناسیونالیستی و دەسەڵات دژیەکییەکی گەورەی پەیدا، کە گوایا لە ناسیونالیزمی ژنانە و دەسەڵاتی ژنانە لە (تیوری ژنانە)دا جێگیر دەکات
ناسیۆنالیزمی پاریزەری فێمێنیست یان فێمێنیزمی ناسیۆنالیست
بە پێی قسەکانی جۆزێفین دۆنوڤان ٢٠١٤، ئەبیگێل ئادامز لە سەردەمی شۆرشی ئەمریکا دا، کاتێک جۆنی هاوسەری یاسا نوێیەکان ئامادە بۆ دامەزراندنی نەتەوەیەک ئامادە دەکات دەڵێت پێویستە دەنگێک و نوێنەرێکی ژنانیش هەبێت، دەتوانین بڵێین ئەو جۆرئەتەی کە لە خۆیدا دۆزییەوە بۆ بەیانکردنی ئەم قسەیە، نیشانەیەکی مۆدێرنبوونە کە لە نەوەتە سەرچاوە دەگرێت، لە ڕاستیدا ئەم قسەیە لەسەر بنەمای تیوری ڕانجۆ سادۆ هەری Ranjoo Seodu Herr’in (2003) لە بارەی یەکسانی ئەندامانی نەتەوە کە ژنانیش لە خۆ دەگرێت کراوە. لە سەردەمی نوێدا، بەشداری ژنان لە پێشکەوتنی ژیان وەکوو پێداویستییەکی نەتەوەیەکی مۆدێرن وەسفکراوە کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژنان بەرێگەی بەشداربوون لە هەوڵەکانی نەتەوەی (ناسیۆنالیستی) پێگەیەکی تایبەتیان بەدەستهێنا (Tanıl Bora, 2017), ژنان بە بەشداربوون لە پرۆژەی ناسیۆنالیستی و ڕزگاربوون لەوەی کە لە نێوخۆیاندا داخراوبن، لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا پێگەیەکیان پەیدا کرد(Cynthia Enloe, 2013).
لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزم، دروستکردنی زەمینە و ناوەندێکی هاوبەشە لە نێوان هاووڵاتیان(نەتەوە)دا، کە بتوانن بە مەبەستی گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە بە یەکسانی پێکەوە کار بکەن. لە زۆر بارودۆخدا ژنان بە دەستی خۆیان زەمینەی نەتەوەبوونیان دروستکردووە، هەرچەندە نوخبەی ناسیونالیست کە بەدەسەڵات دەگەیشتن، هەندێک جار درێژەیان بە سیستەمە کۆنەکەیان دەدا لە دژی ژنان و ئەوانیان وەلا دەنا بەڵام ژنان بەگشتی بە فیمێنیستەکانیشەوە، پشتگیرییان لە مافی دەنگدان، بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە یەکێک لە هۆکارەکانی فراوانکردنی سیاسەت بوو، دەکرد و زۆر جار خەباتیان دەبووە بەشێک لە خەباتی ناسیۆنالیستی (Elif Ekin Akşit, 2010).
ئاکسوو بۆرا لە ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ باسکردنی ڕەخنەگرتنی ناسیۆنالیست لە فێمێنیست، ئاماژە بەو ڕێککەوتنە نەنووسراوە دەکات کە ناسیۆنالیزم لەگەڵ فێمێنیزم هەیەتی. لە مەقالەیەک بە ناوی “مۆدێڕنیزەبوون لە جۆگرافیای ئیسلامی و بزووتنەوەکانی ژنان”دا دەڵێت کە ژنان لە چوارچێوەی نەتەوەی مۆدێڕن کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە دەستی پێ کرد و سەرجەم کۆمەڵگەکانی گرتەوە، لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا ڕۆڵێکی چالاکیان هەبووە. بۆرا هەروەها، پێدانی ئەرکی نوێ بە ژنان و دابین کردنی دەرفەتی نوێی بەشداربوونیان لە کایەکاندا، وەکوو خاڵێک باس دەکات کە ناکرێت لە ناسیۆنالیزمی نوێ جیا بکرێتەوە. لۆیس ویست لە پێشەکیی بەرهەمێکدا بە ناوی ناسیۆنالیزمی فێمێنیستی لە ساڵی ١٩٩٧ بانگەواز بۆ فێمێنیزمێکی ناسیۆنال دەکات و دەڵێت هەروەکوو چۆن ژنان لە کۆتاییی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠دا بەشداربوون لە خەباتی دژی ئیستعمارگەری، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بزووتنەوە ئێتنیکییەکان پێکدەهێنن.
بە ڕاستی نەتەوەپەروەریی پۆست کۆلۆنیالیزم، ڕەوایەتی بە خەباتی کۆمەڵایەتی ژنان دەدات، کە ئەمەش میراتێکی ناسیۆنالیزمە کە بەشداریی ژنان لە سیاسەت لە وڵاتانی پۆست کۆلۆنیالیزمدا ئاسانترە تاوەکوو لە وڵاتانی مێتروپۆلیتان(کەلان شەهر) (Ania Loomba, 2000).
“قومری ژایاوەردەنە”، ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆتاییی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠دا، فێمێنیستەکان لە سێیەمین بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیدا بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئازادیی ژنان ڕۆڵێکی چالاکانەیان هەبوو. بزووتنەوە نەتەوەیییەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان لە کۆکردنەوەی چالاکڤانە فێمێنیستەکان بە دەوری یەکتردا هەبووە و دەڵێت کە خەباتی ڕزگاریی ژنان لە چوارچێوەی خەباتی نەتەوەییدا بەڕێوە چووە.
بە بڕوای ژایاواردەنە، بزووتنەوەی ژنان بە مەبەستی سەربەخۆییی سیاسی، لە خەباتە نەتەوەیییەکاندا ڕۆڵیکی چالاکی هەبووە و بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی نەتەوەیی و کۆمەڵگەیەکی سەردەمیانەی مۆدێڕن هەوڵیان داوە. لەوە زیاتر خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان، بووە بە بەشێکی سەرەکی و جیا نەکراوەی خەباتی نەتەوەیی (akt. Sylvia Walby, 2015).
لە کاتی سەرهەڵدانی شەپۆڵی دووەمی فێمێنیزم لە ساڵانی ١٩٧٠-٨٠ لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیدا، شرۆڤە لەبارەی نەبوونی دیالۆگ لە نێوان ژنانی جیهانی یەکەم و سیێەم کراوە کە یەکێکیان ڕزگاریی ژنان وەکوو تاکە ئامانجی فێمێنیزم دادەنێت، بەڵام لایەنی بەرانبەر دەڵێت تاوەکوو نەتەوەکەیان ڕزگار نەکرێت باسکردنی ئازادیی ژنان بێ واتایە. (Nora Yuval-Davis, 2007).
لە ڕێگەی ئەزموونی مێژوویی لە چەند وڵاتی جیهان دەتوانین ببینین کە ناسیۆنالیزم، لەبارەی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، ئیدیۆلۆژییەکی سیاسیی وا نییە کە نەتوانێت لەگەڵ فێمێنیزم بگونجێت. دەتوانین وڵاتانی وەکوو تورکیە، ئێران، هندستان، فیلیپین، ئەفغانستان و میسر وەکوو نموونەیەک باس بکەین کە لە ساڵانی کۆتاییی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠دا، ناسیۆنالیزم بە تەواوەتی چووەتە قۆناغێکی نوێوە.
سەرجەمیان یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادیی ژنیان وەکوو بەشێک لە پڕۆژەی نوێکردنەوەی نەتەوەی سەربەخۆ قەبووڵ کردووە. تێگەیشتنی نەتەوەیی لەو وڵاتانە، مافی دەنگدان وهەڵبژاردن، مۆڵەتی منداڵبوون، ڕێگەدان بە خزمەتەکانی بەخێوکردنی منداڵ و گرنگیدان بە خێزان بە پێی بەها کلتورییەکانی خۆیان و هاوژینی لەسەر بنەمای خۆشەویستی و تاک هاوسەری و مافی قسەکردنی ژنانیان پاراستووە. ناسیۆنالیستەکان لە چەند وڵاتێکی ئانتی کۆلۆنیالیست، بە ئاماژەیەکی ئەفسانەیی بە ڕابردووی خۆیان، ئیدعای ئەوە دەکەن کە یەکسانیی ژن و پیاو لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی ئەوانە. بنەمای ئەو یەکسانییەی باس کرا، بەو واتەیەی کە بە بڕوای یەشیم ئارات، لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ ئەوەی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ناسیۆنالیزم، ئەنجام و زەرورەتێکی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنە. لە لایەکی دیکەوە بەشداریی چالاکانەی ژنان لە پرۆسەی ناسیۆنالیستی و سەربەخۆبوونی نەتەوەکەیان لەخۆیدا دەرخەری پەیوەندی لە نێوان فێمێنیزم و ناسیۆنالیزمدایە.
وەکوو نموونەیەک کە تانیل بۆرا لە سالی ٢٠١٧ باسی لێوە دەکات و بە بڕوای فێمێنیستەکانی عوسمانی، بەشداربوونی دڵخوازانەی ژنان لە خەباتی نەتەوەیی، دەرچەیەک بوو بۆ دروستکردنی هێزێک بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژنان و هەمیش بووە هۆی ئەوەی کە لە ڕیزی ڕۆشنبیرەکاندا لە نێو پرۆسەی بە نەتەوەبووندا جێگەیان هەبێت. هەروەها لە میسریش کە لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ وەکوو دەوڵەتێکی نەتەوەییی سەردەمیانە گەشەی دەکرد، بزووتنەوەی فێمێنیستی هاتە مەیدان و ڕۆڵیکی دیار و چالاکیان لە خەباتی نەتەوەییدا هەبووە. ژنانی میسر، لە شۆرشی ساڵی ١٩١٩ لە دژی ئیستعماری بریتانیا کە بەرهەمی خەباتی ناسیۆنالیستی بووە، بە ئازادانە لە مەیدانەکانی قاهیرە میتینگیان ساز دەکرد و بیروڕای خۆیانیان بە ئاشکرا دەردەبڕی. بەشداریی ژنان بە وەها شێوەیەکی چالاکانە لە خەباتی نەتەوەییدا، لە وڵاتانی وەکوو جەزایر و فەلەستین لە خەباتی ئازادیخوازی و دژی کۆلۆنیالیزم چووە قۆناغی توندوتیژی و شەڕ، ژنان لە سەرجەم بوارەکاندا ژیان و ئازادیی خۆیانیان خستە مەترسییەوە و بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە شەڕی خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەکەیاندا کردووە. لە کۆتاییدا ناسیۆنالیزم، وەکوو ئەوە نییە کە بزووتنەوەی ژنانی کورد باسی دەکات و دەڵێت بەهۆی شوناسی پیاوسالاری، ژنانی وەلاوە ناوە، بە پێچەوانەوە دەرفەتی بە ژنان داوە کە بە شێوەیەکی چالاکانە لە چالاکییەکانی سۆسیۆپۆلیتیک (سیاسەتی کۆمەڵایەتی- ڕووداوەکانی کۆمەڵگە)دا بەشدار بن.
وەکوو ئەوەی ئەلیف ئەکین ئاکشت دەڵێت: کە چاو لە مێژووی گەشەکردنی ناسیۆنالیزم و فێمێنیزم بکەین ناتوانین بە ئاسانی لێکیان جیابکەینەوە، هەروەها ناسیۆنالیزم کە بووە ڕۆژەڤی سەدساڵی دواییی جیهان، بەر لەوەی کە تەنیا وەکوو پرۆسەیەک ببینرێت کە تەنیا لە پیاوان پێکهاتووە، زیاتر تیشکی خستووەتە سەر کیشەکانی فێمێنیزم.
ئامانجی کۆتایی
ئەو بیرۆکەیەی تێگەیشتنی تێکشکێنەر کە ناسیۆنالیزم وەکوو تاکە هۆکاری نایەکسانیی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا دادەنێت، هەر لە سەرەتاوە ئەو هەوڵانەی ناسیۆنالیزم نادیدە دەگرێت کە بە مەبەستی ئاشکرا کردن و گرنگیدان بە ناسنامەی ژنان داویەتی. ئەو ئیدیۆلۆژییانە، ئەوە دەدەنە پاڵ ناسیۆنالیزم کە تیوری و هێزێکی دژی ئازادیی ژنان و یەکسانیی ڕەگەزییە. ئەم ڕوانینە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێگەیشتنی ناسیۆنالیزم بە ناوەرۆکی ئازادیی ژنان نەبینرێت و تەنانەت بە خراپ پێشان بدرێت. وەکوو نموونەیەکی مێژوویی دەتوانین باس لە ناسیۆنالیزمی لیبراڵ و ناسیۆنالیزمی موحافزەکار بکەین کە لە وڵاتانی عەرەب هەبوو و لە بارەی ئازادیی ژنان، ڕووانینی دژبەیەکیان هەبووە.
بە قسەی دەنیز کاندیوتی-٢٠١٣، ئازادیی ژنان دەبێتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی خەباتی ناسیۆنالیستیی لیبراڵ، بەڵام لە بەرانبەردا ناسیۆنالیستی موحافزەکار پشتگیری لە بیروڕا ئایینییەکان دەکات کە ژنان وەکوو پلە دوو قەبووڵ دەکات”. لێرەدا ئەگەر ڕوانینی ناسیۆنالیستیی موحافزەکار لە بارەی یەکسانیی ڕەگەزی کە لە بیروڕا و ئارگۆمێنتی ڕێکخستنە دینییەکان سەرچاوە دەگرێت لەسەر ناسیۆنالیزم بە گشتی حیساب بکرێت، تووشی هەڵەیەکی گەورەی بەڕێوەبردن دەبین. وەکوو ئەوەی لێرەدا دیارە دانانی ژنان لە پێگەی دووەم، ناسیۆنالیزم نییە بەڵکوو ئەو ڕیکخستنە دینییانەن کە لە لایەن کۆمەڵگەوە قەبووڵ کراون. هەمان حاڵەت لە بارەی مافەکانی ژنان کە لە ژێر گۆشاردان بۆ وڵاتانی وەکوو پاکستان، بەنگلادیش، ئێران، ئەفغانستان و لە ساڵانی دواییدا تورکیا، ڕاستە. لەبەر ئەوەی لەو ڕژێمانەش بۆ ملکەچکردنی ژنان، دین بەکارهاتووە نەک ناسیۆنالیزم (Loomba, 2007),
هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ناسیۆنالیزم لە دژی مافی ژنان و یەکسانیی ڕەگەزییە، خۆدزینەوەیەکی ئاسانە لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتە. بۆ قەبووڵکردنی ئەوەی کە ناسیۆنالیزم لە زاتی خۆیدا یەکسانیی ڕەگەزی ڕەت دەکاتەوە، یان دەبێ لە هاوکاریی نێوان ناسیۆنالیزم و فێمێنیزم بێ ئاگا بین یان بە مەبەست خۆمانی لێ وەلابدەین. من وەکوو خۆم لەو بڕوایەدام کە بژاردەی دووەم هەڵبژێردراوە.
لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکیی سەرجەم ئەو لێکدانەوە و شرۆڤانەی کراون، لە جیاتی شیکردنەوەی سەرجەم لایەنەکانی ئەو کێشەیە، زیاتر ڕەوایەتی بە بەرگریکردن لەو بیرۆکەیە دەدات کە باسکرا. بەڵام ئەگەر تەماشای بزووتنەوەی ژنانی کورد (کە مژاری ئێمەیە) بکەین، دەتوانین زۆر هۆکار بێنن کە تاکوو گەیشتووە بەم قۆناغە، زۆر قەرزداری بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کوردە. لەبەر ئەوە پێویست ناکات کە خەسارناسیی ناسیۆنالیزم بە هۆی فێمێنیزمەوە بکرێت. بەڵکوو دەبێت بە ڕێگەی بە سەنتەرگرتنی ناسنامەی کوردبوون بێت و ناسنامەیەکی کوردی بە بزووتنەوەی ژنانی کورد بدرێت. وەکوو ئەوەی ڕانژوو شەئدۆ هەرری، لە شرۆڤەکانی لە ساڵی ٢٠١٣دا دەڵێت، پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی فێمێنیزمی ناسیۆنالیست. لە بەر ئەوەی ناسیۆنالیزم، بە قەبووڵ کردنی ژن وەکوو بەشیک لە ناسنامە نەتەوەیییەکەی، بە ئیدیۆلۆژییەکی یەکسانخواز، ڕێگە لە بەردەم ژنان دەکاتەوە کە بتوانن داوا و خواستەکانیان لە ئاستێکی بەرزدا بەدەست بێنن. سەرەڕای ئەوەی کە وەکوو هەندێک کەس دەڵێن، ناسیۆنالیزم هەندێکجار بووەتە هۆی بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ دروستکردنی نایەکسانیی ڕەگەزی، بەڵام ناکرێت بەو ڕوانینە توندەی کە بزووتنەوەی ژنانی کورد هەیانە و وەکوو پیاوسالاری وەسفی دەکەن، باس لە ناسیۆنالیزم بکرێت. بۆ ئەوەی کە نەکەوینە ئەم هەڵە جەوهەرییەوە، پێویستە واز لە تاوانبارکردنی ناسیۆنالیزم وەکوو ئیدیۆلۆژییەکی بێ ئەنجام و بێ کەڵک ومەترسیدار بۆفێمێنیزم بێنین. لە بەر ئەوەی بە بڵاوکردنەوەی ئەم قسانە، دەبینن کە جگە لە ڕێگریکردن لە بەشداربوون ژنانی کورد لە خەباتی نەتەوەییدا، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە.
سەرچاوەکان
Aksu Bora, Hatırlananlar ve Unutulanlar: İslam Coğrafyasında Modernleşme ve Kadın Hareketleri, Bilig Dergisi, Sayı: 53, Bahar 2010, s. 51-66.
Aktaş, Sara (2017), Alternatif Modelde Kadın Özgürlüğünün Merkeziliği, içinde: “Kapitalist Moderniteye Meydan Okumak II”, İstanbul, Amara Yayınları
Arat, Yeşim (1999), Türkiye’de Modernleşme Projesi ve Kadınlar, içinde: “Türkiye’de Modernleşme ve Ulusal Kimlik”, ed. Sibel Bozdoğan ve Reşat Kasaba, çev. Nurettin Elhüseyni, İstanbul, Türk Vakfı Yurt Yayınları.
Ayşe Gökkan, Özgür Yaşam İçin Bir Sistem Önermesi: Demokratik Özerklik, Jineolojî Dergisi, Sayı: 3, 2016.
Bora, Tanıl (2017), Cereyanlar, İstanbul, İletişim Yayınları.
Donovan, Josephine (2014), Feminist Teori, çev. Aksu Bora, M. A. Gevrek ve Fevziye Sayılan, İstanbul, İletişim Yayınları.
Elif Ekin Akşit, Hanimlara Mahsus Milliyetçilik: Fatma Aliye Ve Erken Milliyetçi Stratejiler, Kebikeç Dergisi, Sayı: 30, 2010, s. 57-74.
Enloe, Cynthia (2013), Feminizm, Milliyetçilik, Militarizm, çev. Ayşe Gül Altınay ve Tansel Güney, içinde: “Vatan, Millet, Kadınlar”, der. Ayşe Gül Altınay, Istanbul, İletişim Yayınları.
Fadile Yıldırım, Kadın Mücadelesi, Ulus-devlet ve Demokratik Ulus, Demokratik Modernite Dergisi, Sayı: 2, Eylül-Ekim 2012, s. 84-88.
Kandiyoti, Deniz (2013), Cariyeler, Bacılar, Yurttaşlar, çev. A. Bora, F. Sayılan, Ş. Tekeli, H. Tapınç ve F. Özbay, İstanbul, Metis Yayınları.
Kışanak, Gültan (2018), Adım Adım Yükselen Kadın Özgürlük Mücadelesi, içinde: “Kürt Siyasetinin Mor Rengi”, Ankara, Dipnot Yayınları.
Kubilay, Mukaddes (2018), Başkan, Artık Kadınlara Birşey Diyemiyoruz, içinde: “Kürt Siyasetinin Mor Rengi”, Ankara, Dipnot Yayınları.
Loomba, Ania (2000), Kolonyalizm Postkolonyalizm, çev. Mehmet Küçük, İstanbul, Ayrıntı Yayınları.
https://www. gazeteduvar. com. tr/forum/2019/02/07/kurt-milliyetciliginin-kurt-kadin-hareketi-ile-imtihani


