ئارامتر بخوێنەوە!
گێڕانەوەکانی تاراوگەنشینان لەمەڕ ئاسیمیلە کردن و بەرخۆدان
بەرزوو ئەلیاسی
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بەدوای هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریی فرە ئەتنیکی و فرەئایینی عوسمانی، کۆماری تورکیە لە ١٩٢٣ دامەزرا. لە دەسپێکەوە، دەوڵەتی تورک هەوڵی داوە بە تۆبزی کوردان ئاسیمیلە بکا. تورک بوون ڕێزی لێ دەگیرا و وەک پێناسەی سەرەکیی ئەو کۆمارە نوێیە، لە ڕێگای حاشا کردن لە بوونی هاووڵاتیانی غەیری تورک، کە بە درێژایی مێژوو لەو جوگرافیا سیاسییەدا هەبوون، جەختی لەسەر دەکرا. لە ماوەی دەیان ساڵدا، دەوڵەتی تورک و میدیای باو بە ئانقەست پێشیان بە کوردان گرتووە تا بە ئامرازێکی سیاسی وەک شارۆمەندی سەربەخۆ نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن. بە نێودێر کردنی داواکاریی سیاسیی کوردان وەک نیشانەی “فیۆدالیزم”، “دڕندانە” و “دواکەوتووانە”، دەوڵەتی تورک هەوڵی داوە پێش بە کورد بگرێ تا وەک شوناسێکی سیاسی-ئەتنیکی دانی پێدا بنرێ یان بتوانێ وەک کۆمەڵگای دووهەمی زمانی، دوای تورکان، خۆی بسەلمێنێ. دوای ١٩٨٠، دەوڵەتی تورک و مێدیا بەردەوام ناڕەزایەتیی سیاسی و چەکداریی کورد بە ڕێبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)یان وەک “تێرۆریزم” ناو بردووە.
بۆ دروست کردنی قەوارەیەکی هاوچەشن، دەوڵەتی تورک، جێبەجێ کردنی سیاسەتێکی حەشیمەتی و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیی وەک تەکنیکێکی نەتەوەسازی لە ناو غەیرە تورکەکاندا دەست پێ کرد. ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانی کورد بوون، وەک “ناوچەی بێ پیت”ی کۆماری تورکیە باسی لێوە دەکرا کە پێویست بوو بە پرۆسەیەکی بە تورک کردن دەستەمۆ و شارستانییانە بکرێن. بە پەیڕەو کردنی دیسکۆرسێکی کۆلۆنیالیستی، کورد وەک “سوورپێستی” ئەمریکی سەیر کران کە گریمانە دەکرا لە ڕوانگەی کولتووری و ئابوورییەوە بۆ دنیای مودێڕن گونجاو نەبن و یان دەبێ وردەوردە ئاسیمیلە بکرێن یان لەناو بچن. بە گوێرەی ئەو بۆچوونە، ناسنامەی کوردی بێنرخ کرا چونکە هێچ شوێنێکی لە دنیای مودێڕندا نەبوو و داوای لێ کرا خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی ناسنامەی گەردوونیی تورکی کە نە تەنیا بانگەشەی دەکرد کە پێناسەی گشتگیری تورکیەیە بەڵکوو ڕیشەی “سەرجەم شارستانییەت و زمانەکانی دنیایە”.
ئەگەرچی سیاسەتی ئاسیمیلە کردنی تورکیە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە، کورد هێشتا هێزی سەرەکیی یەکانگیر کردنی پێناسەی سەربەخۆی تورکە و دەیهەوێ پرەنسیپە سیاسییەکانی هاوبەش کردن لە تورکیە داڕێژێتەوە. بەکورتی، سیاسەتی ئاسیمیلە کردنی زۆرە ملی، ڕاگواستن، ڕووخاندنی گوندەکانی کوردان، توندوتیژی و حاشا کردن، ئاکامی سیاسەتی تورکیە دژی دانیشتووانی کورد بووە. لە ئاکامی هەژاری و پێکدادانی سەربازی لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیەدا، چەند میلیۆن کورد ماڵەکانیان بەرەو شارەکانی خۆرئاوای تورکیە جێهێشتووە. هەزاران گوند وێران کراون و زیاتر لە ٢،٥ میلیارد هێکتار دارستان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە سووتێنراوە. ئەو گواستنەوە زۆرەملێیە، هاندەرەکەی ئابووری بووبێ یان سیاسی، بووەتە هۆی پێکهاتنی تاراوگەنشینانی خۆرئاوای تورکیە. تاراوگەنشینانی کورد لە شارەکانی خۆرئاوای تورکیە وەک “داگیرکاریی کورد” سەیر کراوە، کە بە گوێرەی ئەو ڕوانگەیە لە ئاخاوتنە فەرمی و جەماوەرییەکاندا، کورد وەک ڕەگەزێکی نزمتر و لە ڕوانگەی کولتوورییەوە ناتەبا لەگەڵ ژیانی شارنشینیی سەردەمیانە باسی لێوە دەکرێ و وەک دواکەوتوو، تاوانکار، خوێنڕێژ و جیاییخواز دێتە ناو ڕۆژەڤ. زۆر کورد ئەو وێنە نەرێنییانەیان قەبووڵ کردووە و کورد بوون بە هاوتای تێنەگەیشتوویی، دواکەوتوویی و خاوەن هۆگری بوون بۆ ناسنامەی بە ڕواڵەت ناوچەیی دادەنێن. ئامانجی ئەو ئاخاوتنە خۆرهەڵاتییە دژی کوردان، دروست کردنی سیستەمێکی سیاسیی هیرارشی و چەسپاندنی بیرۆکەی ناسنامەی تورکی وەک ناسنامەی باڵادەستە کە کوردەکان بۆ چوونە ناو سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی شارستانییانە، پێویستە پێشوازیی لێ بکەن. لە کاتێکدا کە بوونی ناسنامەیەکی ئەتنیکی-سیاسیی کوردی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە حاشای لێ دەکرێ، کپ دەکرێ و سزا دەدرێ؛ تورکی ئاسایی، ددان بە کورد وەک ئەتنیکێکی جیاواز دادەنێن و ڕەوایی بە دیسکۆرسی جیاکەرەوانە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ڕاستەقینە و بانگەشە بۆ کراوەکانیان دەدەن، ئەوە دوو دیاردەی لەگەڵ یەک ناکۆکن. لە لێدوانە جەماوەرییەکانی تورکیەدا، کورد وەک تێکدەری ئاسایش و هەروەها وەک مڵە سەیر دەکرێ. دوای لێدوانە نەرێنییە مێدیایی و سیاسیەکان کە کورد یان وەک گیروگرفت پێناسە دەکەن یان هەر حاشا لە بوونیان دەکەن، تاراوگە نشینانی کورد لەو شارە تورکانە هەم وەک تورک بە خۆگونجاندن و ئاسیمیلە بوون لە ناسنامەی تورکیدا لە شوناسی خۆیان جیا دەبنەوە، یا بە پێداگریی لەسەر شوناسی خۆیان وەک کورد جۆرێک لە بەرگریی دژی ئاسیمیلاسیۆن نیشان دەدەن.
لە ١٩٧٠ بەولاوە، لە ئاکامی سەرکوتی سیاسی، توندوتیژیی و هەژاری لە ئێران، عێراق، سووریە و تورکیە، سەدان هەزار کورد بەرەو خۆرئاوای ئەورووپا، بۆ مافی سیاسی، کولتووری، ئابووری و ئاسایش کۆچیان کردووە. ئەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی لیبراڵ دێموکڕاسی و گونجاندنی فرە کولتووریی خۆرئاوای ئەورووپایی، لە پاڵ پرۆسەی بە جیهانیی بوون و تەشەنە کردنی تەکنەلۆجیای زانیارییە کە کوردی تاراوگەنشینی، فرە تێکەڵاوی سیاسەت، سەری هەڵداوە. بۆ ژمارەیەکی زۆر لەو کوردە کۆچبەرانەی لە تورکیە ڕایانکردووە و هەوڵیان داوە ناسنامەی زۆرەملێی تورکی لەخۆیان داماڵن و/یان شێوەی خۆ پێناسەکردن بە دەوڵەتی تورکەوە بگۆڕن، کۆچکردن ئەزموونێکی ئاڵوگۆڕ خوڵقێن بووە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەو پێشینەیە و بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی چۆنایەتییانە و وتووێژ لەگەڵ ٣٠ کۆچبەری کورد لە سوید و بریتانیا، لەو بەشە لە سیاسەتی گرێدراوی لە نێو کوردەکانی تورکیەدا، لەگەڵ شێوەکانی ئەزموونکراوی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی تورکیە دەکۆڵینەوە و ئەو ئەزموونانە لە چوارچێوەی تاراوگەدا مانا دەکەینەوە.
جگە لەوە، لەو بەشە لە سیاسەت و سنوورەکانی بەرخۆدان بۆ پێچەوانە کردنی دیسکۆرسی ئاسیمیلاسیۆنی تورکی و ئەستاندنەوەی کوردبوون لە چوارچێوەی توندوتیژی لە تورکیە، دەکۆڵینەوە.
دروست کردنی هاوشێوەییی نەتەوەیی لە ڕێگای ئاسیمیلاسیۆنەوە
باشترین شێوە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ئاسیمیلاسیۆن، لە چوارچێوەی مۆدێڕنیتە و دەوڵەت-نەتەوەدایە. لە ڕێگای دیزاین، دەستێوەردان، بەڕێوەبەری و ئەندازیاری، مۆدێڕنیتە بەتەما بوو سیستەمێک بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ و ئەو دوودڵییە بڕەوێنێتەوە کە بە هۆی جیاوازییە ئەتنیکییەکان دروست دەبێ. مۆدێڕنیتە نە تەنیا پێویستیی دانپێدانان وەک شتێکی گرینگ لە ژیانی مرۆڤدا سەیر دەکا، بەڵکوو بە هەمان شێوە ئەو دۆخانەشی دروست کردوون کە لەواندا زۆر جار دانپێدانان سەرپێچیی لێ دەکرێ. چەمکی ئاسیمیلاسیۆن، کە بە واتای هاوشێوە یان وەک یەکە، یەکەمجار لە بایۆلۆجیدا کەڵکی لێ وەرگیرا. یەکەم جار کە کەڵکی لێ وەرگیراوە دەگەڕێتەوە بۆ ١٥٧٨ و ئاسیمیلاسیۆن وەک “کردەوەی گرتنە خۆ و یەک گرتن کە زیندەوەر دەیکەن، هاتووە. بێگومان، “ئاسیمیلاسیۆن” بە مانای گۆڕین بوو نەوەک ئاڵوگۆڕێک کە خۆت جێبەجێی دەکەی؛ ئەوە کردەوەی بوونەوەرێکی زیندوو لە ژینگەی خۆیدایە. ئەوە بە واتای “گۆڕین بۆ شتێک وەک سروشتی خۆی بوو”. یەکەمجار لە ١٨٣٧ بوو کە چەمکی ئاسیمیلاسیۆن گشتێندرا و بە هۆی تەشەنە کردنی ناسیۆنالیزمەوە بوو بە دراوی باو. باومەن شی دەکاتەوە کە ئەوەی بوو بە هۆی سەرنجڕاکێش بوونی ئاسیمیلاسیۆن بۆ لایەنگرانی، لاسەنگیی ئاسیمیلاسیۆن وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی و یەکلایەنەبوونی ئاشکرای پرۆسەکەیەتی. بۆیە تاقمە کولتوورییە ژێردەستەکان پێویستییان بە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بوو بۆ ئەوەی خۆیان بگۆڕن تا زۆرتر وەک شوناسی خاوەن دەسەڵات بن کە وەک پێوەر سەیر دەکرێ. خولیای دەستەبەرکردنی یەکچەشنی کولتووری و زمانی لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە دا پێویستی بە شاڵاوێکی بەربەرینی کولتووری و هەڵنەکەری لە بەرانبەر جیاوازییدا بوو. دەوڵەت-نەتەوەی مودێڕن وەک دەسەڵاتێکی داڕێژەر دەور دەگێڕێ کە هاندەری وێکچوون و یەک چەشنی لە ڕێگای دەسنیشانکردنی ڕێکوپێکی و پشێوی، جیاکردنەوەی شیاو لە نەشیاو و ڕەواییدان بە شێوەیەک لە ژیان وەک باشتر لەوانی دیکەیە. بۆ دەستەبەر کردنی ئەو ئامانجە سیاسییانە، دەوڵەت-نەتەوە پەنای بۆ سیاسەتی ئاسیمیلە کردن برد. ئاسیمیلە کردن بەو شێوەیە بوو بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژی دوودڵی و ئەوانەی کە وەک “بێگانە بوون یان بە ڕێژەی پێویست خۆوڵاتی نەبوون”. ئەوە پڕۆژەیەکی بە نەتەوەیی کردنی پێویست بوو تا ئەوانی شیاو و هاووڵاتیی شایستە لەوانی نەشیاو و ناهاووڵاتیی بێ بایەخ جیا بکاتەوە. ئەوە لەو چوارچێوەیەدایە کە ئەندامان/هاووڵاتیانی تۆخ لە ژێر دەستەکانی دەوڵەت-نەتەوە کە مۆرکی کولتووری و زمانییان لێ درابوو و بەدناوکرابوون، لێک جیا کرانەوە.
ئەو ڕوانگە سیاسییە کە ئاسیمیلە کردن، نوێنەرایەتیی دەکرد، تاکی خاوەن کولتووری جیاواز و قوربانی بەو بیرۆکەیە فریو دەدا تا بکەوێتە داوی گومانداری کە ئەو وەک ژێردەستەیەکی مۆرک لێدراو دەتوانێ بڵیتی چوونە ژووری “دنیایەکی پێ بدرێ کە لەوێدا لە بەدناوی و ئەوی دیکە بوون ڕزگاری دەبێ”. ئەوە دەخوازێ کە تاقمە کەم بایەخکراوەکان، نیشانەکانی جیاواز بوون لەخۆیان داماڵن تا بتوانن مەرجەکانی دیاریکراو لە لایەن دەرکەوانەکانی تاقمی دەسەڵاتدارەوە جێبەجێ بکەن. ئەو دۆخە لە نێو تاقمە کەم بایەخکراوەکاندا کە بە ئۆبژە کراون، بە وردی لە لایەن تاقمی دەسەڵاتدارەوە کە بڕیاردەری واتای هەلسوکەوتی ئەوانن، شەنوکەو کراون، دەتوانێ ببێتە هۆی دڵە ڕاوکێ. کاتێک تاقمێکی کەم بایەخکراو داوای چوونە نێو تاقمی خاوەن دەسەڵات، لە ڕێگای خۆ گونجاندن لەگەڵ بایەخەکانی تاقمی دەسەڵاتدار دەکا، ئەو بە شێوەی کاریگەر پلەی “دەسەڵاتی یەکلاکەرەوە، هێزێک کە دەتوانێ تاقیکەرەوە و دیاریکەری شێوەی هەڵسوکەوت بێ” دەبەخشێتە تاقمی دەسەڵاتدار. پڕۆژەی ئاسیمیلە کردن و کارکردەکەی دەکرێ وەک پڕۆژەیەکی بە نەتەوەییکردن کورت بکرێتەوە کە دەیهەوێ یەکگرتووییی یاسایی، زمانی، کولتووری و ئایدیۆلۆژیکی لە چوارچێوەی سنوورە خاکییەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا، دروست بکات. بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ فرەلایەنیی کولتووری، دەوڵەت-نەتەوە زۆر جار بە شاڵاوی کولتووری، بێسەبری، هەڵنەکەری دژی ئەو جیاوازییانە کە گوایە هەڕەشە لە تەواویەتیی نەتەوەیی و سیاسیی دەوڵەت دەکەن، وڵام دەداتەوە. چونکە دەوڵەتان بە نەتەوەیی کراون و نەتەوەکان هێنراونەتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتان، ئەوە دەوڵەتە کە مەرجەکانی هاووڵاتیبوون لە ڕێگای ئەمەگداریی سیاسی، جێی متمانە بوون و دڵسوزی بۆ یەک چەشنیی کولتووری دیاری دەکا. ئەوە دەبێتە هۆی پەیوەندی لە نێوان هاووڵاتی بوون و وێکچوونی کولتووری.
ستراتێژیی سەرەکیی تورکیە بۆ ئاسیمیلە کردنی کوردان لە ڕێگای زمانەوە بووە. بۆ دامەزرێنەری کۆماری تورکیە، مستەفا کەماڵ ئاتاتورک، کەسێک کە داوای کردبا ئەندامێکی نەتەوەی تورکە، بێ چەندوچۆن دەبوو زمانی تورکی بزانێ. ئەگەرچی ناسیۆنالیزم و ڕەگەزپەرستی دەکرێ بە شێوەی جیاواز، بە گوێرەی چوارچێوەی تایبەتی سیاسی و مێژوویی، فۆرمولە بکرێن، ئەوان بە هاسانی بۆ دروست کردنی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی جیاکەرەوە، هاوکاریی یەکتر دەکەن. بڕوانە چۆن یەکەم سەرۆک وەزیرانی تورکیە، عیسمەت ئینونو، باسی لە بیرۆکەی خۆی لەمەڕ پرۆسەی بە تورک کردنی ناتورکەکان کردووە: “ناسیۆنالیزم تاکە فاکتەری یەکگرتووییمانە … لە بەرانبەر زۆرینەی تورکدا، توخمەکانی دیکە هیچ جۆرە دەستڕۆیشتوویییەکیان نییە. ئێمە دەبێ دانیشتووانی وڵاتەکەمان بە هەر نرخێک بێ بکەینە تورک و ئێمە هەر کەس دژی تورکان بوەستێتەوە لەناو دەبەین.”
ئاکامی ئەو ڕوانینە ئەوە بووە کە کەسێکی کورد کە دواتر بەهۆی ڕێکارەکانی تواندنەوەی زۆرەملی بووەتە تورک، لە چوارچێوەی سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیە و ئەوپەڕی سنووری نەتەوەیی و تاراوگەدا، بووەتە خاوەنی خۆیەتییەکی بریندار. تاراوگە هەم شوێنێکە و هەم جێگایەکی کۆمەڵایەتییە کە کوردەکان لەوێ تێگەیشتنی خۆیان لەبارەی واتای ئاسیمیلاسیۆن، بۆ ئەوان وەک کورد لە تورکیە، دادەڕێژن و ژیانی ئێستای ئەوان لە تاراوگە چ واتایەکی هەیە و چۆن دەتوانن هەڵسوکەوت بکەن و دژی دەسەڵاتی ئاسیمیلاسیۆن لە سەر خۆیەتیی خۆیان بوەستنەوە. بە پێچەوانەی تاراوگەنشینانی پەیوەندیدار بە دەوڵەتی تورکیەوە کە زۆر جار لەسەر دەسەڵاتی تورکی و پلەی باڵادەستی زمان و ناسنامەی تورکی پێداگرن، تاراوگەنشینە بێ دەوڵەتەکانی کورد پەیتا پەیتا ئالنگاری بۆ دەوڵەتی تورکیە دروست دەکەن و هەوڵ دەدەن میرایەتی تورک بەراوەژوو بکەنەوە و سیستەمە هیرارشییەکەی کە حاشا لە مافی غەیرە تورکان بۆ بوون بە شارۆمەندی ڕەوای کۆمەڵگا دەکا، بگۆڕن.
لە خوارەوە، من باسی گێڕانەوەی ئەو کەسانە دەکەم کە وتووێژیان لەگەڵدا کراوە تا نیشان بدەم چۆن ئاسیمیلاسیۆن، کەسایەتیی کوردانی لە سەردەمی مناڵی و گەورەساڵیدا دروست کردووە و ئەوان چۆن وەک تاراوگەنشینانی کورد لە سوید و بریتانیا وڵامی ئاسەوارە شێلگیر و خوو پێگرتوەکانی سیاسەتی ئاسیمیلە کردنی تورکیان داوەتەوە.
یاساغ کردن و لە مرۆڤایەتی داماڵینی ناسنامەی کورد
ستراتێژیی سەرەکیی دەوڵەتی تورک لەسەر شەڕی کولتووری، شانبەشانی توندتیژیی سەربازی دامەزراوە تا ژیاننامەی کوردان لە تورکیە بسڕنەوە. کورد هەم نەریتی ئاسیمیلە کردنیان پەسەند کردووە و هەم بە توندی دژی ئەو بەرەنگارییان کردووە، کە بە شێوەی جۆراجۆر کاریگەریی لەسەر دروست بوونی ناسنامەی کوردی هەبووە. ئەوە بەو مانایەیە کە ژیان بۆ کوردێک لە دەوڵەت-نەتەوەی تورکیەدا دژوار بووە و هێشتا دژوارە و هێندێک جار گەلێک مەترسیدارە. ئاسیمیلەبوونی کورد لە ناسنامەی تورکیدا سەفەرێکی ساکار نەبووە چونکە ئەوە بە گوێرەی ڕێکاری زۆرەملی و توندوتیژانە بووە. لەو کاتەوە دەوڵەت بڕیار دەدا کێ بکەری ئاسیمیلە کردنە و کێ ئاسیمیلە دەکرێ، هیرارشییەک لە نێو ئەندامە جیاوازەکانی دەوڵەت-نەتەوەکەدا دروست بووە. مەمۆ، کە پێش کۆچکردن بۆ سوید مامۆستا بوو، باسی دژوارییەکانی کورد بوون لە تورکیەی کرد و باسی ڕووداو و ئەزموونەکانی لە دەوڵەت و توندوتیژیی جەماوەریی دژی کوردانی کرد. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چۆن تورک بوون بە مانای یاساغ بوونی ناسنامەی کوردی بووە:
لە نیشتمانی من کوردستان، من بێگانە بووم. لە نیشتمانی خۆم، ناوی من قەدەغە بوو، زمانی من قەدەغە بوو، ئاڵای من قەدەغە بوو، ناولێنان لە نیشتمان و مناڵەکانمان قەدەغە بوو، ئێمە خەڵکێکی قەدەغەکراو بووین (مەمۆ، پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ، سوید).
بەسەرهاتی سەرەوە لەگەڵ شێکاریی باومەن یەک دەگرێتەوە کە ئاسیمیلاسیۆن بە مانای شەڕ دژی ناسنامە و زمانی ئەو کەسانەیە کە وەک هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگای نەتەوەیی و وێكچوونی نەتەوەیی سەیر دەکرێن. پێویست بە ئاماژەیە کە کورد و تاقمە غەیرە تورکەکانی دیکە لەو ناوچانە بێگانە نەبوون بەڵکوو لە ڕێگای نواندنە ڕەخنەگرەکانی تورک کە هەوڵی دەدا لە ئاستی ناوچەییدا کولتوور، ئایین و خەڵکی غەیرە تورک بسڕێتەوە، غەوارە کران. لەیلا گێڕایەوە کە باوکی لە کوردستانەوە بۆ بورسا کۆچی کرد و باسی شێوەی هەڕەشە لێکرانی لە لایەن بنەماڵەیەکی تورکی کرد کە جیرانی تازەیان بوو:
لە حەفتاکان کاتێک باوکم لە بورسا دەژیا، بە تورکێکی گوت کە ئەو کوردە. تورکەکە پێی گوت: “کورد تورکان دەخۆن؟” ئەوان لەوە دەترسان کە بنەماڵەی ئێمە کاتێک ئەوان خەوتوون، سەریان ببڕن. ئێمە ماوەی ٣ ساڵ جیرانیان بووین و کاتێک لەوێ ڕۆیشتین، ئەو گەلێک دڵگران بوو و لە بۆچوونی پێشووی لەمەڕ کوردان گەلێک پەژیوان بوو. ئەو گوتی مێشکی شۆردرابۆوە و فێر کرابوو کە کوردان وەک مرۆڤ سەیر نەکا (لەیلا، ژنێکی تەمەن ٥٣ ساڵ، بریتانیا).
ئەو بەسەرهاتە ئاشکرای دەکا چۆن یەک شێوە دیتن و مۆرک لێدان، ڕوانگەی زاڵی تورکان بەرانبەر بە کوردان، نە تەنیا لە ڕابردوودا بەڵکوو لە سەردەمی ئێستادا دروست دەکا، کە کورد وەک ئارێشەی ئەمنییەتی بە هۆی خستنە مەترسیی مانەوەی دەوڵەتی تورک و دیسکۆرسی هاوشێوەی ئەتنیکییەکەی سەیر دەکا. جگە لەوە، ئەو ئەزموونە دوولایەنەی سەرەوە هەم هێزی یەک شێوە دیتن و لە مرۆڤایەتی داماڵینی کوردان و هەروەها ئەو ئاڵوگۆڕە ئافرێنەرە و ئەرێنییە لە پەیوەندیی نێوان ئەندامی تاقمی دەسەڵاتداری تورک و کوردە بە کەمینە کراوەکان، ئاشکرا دەکا. لە چوارچێوەیەکی هاوشێوەدا، ئەوین، کە لە لوبنان لە دایک بووە بەڵام لە ئەزمیر گەورە بووە، باسی ئەزموونی ئەوی دیکە بوون، وەک کورد، لەو شارەی کرد:
لە بیرمە بڤە بوو لە قوتابخانە بڵێی من کوردم یان بە کوردی قسە بکەی چونکە تورکی یاسا بوو. لە قوتابخانە هەموو دەیانزانی کە من کوردم. لە کاتی وانەیەکی ژیمناستیک بوو کە مامۆستایەک پرسیاری لێ کردم مانای نێوەکەم چییە. ئەو گوتی ئەو نێوە ناتوانێ تورکی بێ و من گوتم نێوەکە کوردییە. ئەو وشەی کوردیی پێخۆش نەبوو. هەموو قوتابییەکان لە وانەی ژیمناستیک نمرەی باشیان وەرگرت جگە لە من. گاڵتەجاڕییەکە ئەوە بوو کە لە پۆلی خۆمدا، من لە وەرزش لێهاتووترین بووم. جارێکیان جیرانێکمان لە ئەزمیر پێی گوتین: “هیوادارم زەرگەتەیەک بە زمانتانەوەدا تا هەرگیز نەتوانن وشەیەکی کوردی بڵێن.” (ئەوین، ژنێکی تەمەن ٣٩ ساڵ، سوید).
ئەوە بەو مانایەیە کە زۆر جار هاڵاواردنی بە دامەزراوەیی کراو هاوکاریی هەڵاواردنی جەماوەری و ڕۆژانە لە دژی ناسنامەی کوردیی کردووە. بە هۆی ئەو بەرەوڕوو بوونەوە بە دامەزراوەییکراوە و ڕۆژانەیە و ئەو ئەزموونانە کە ئەوین لە سەرەوە ئاماژەی پێ کردن، کورد ناچار کران کورد بوونی خۆیان بە کەم بگرن تا ببنە کەسێک، یان شێوەیەک لە تێگەیشتنی ئاسایی لە ڕوانگەی تاقمی دەسەڵاتداری تورک وەدەست بێنن. لە چوارچێوەی دروست کردنی ناسنامە و ژێردەستە کردنی پاشکۆلۆنیال، ڕاداکریشنان پێداگرە کە بۆ ناسنامەکان گرینگە کە لە لایەن خۆیانەوە و هەر وەها لە لایەن ئەوانی دیکەوە ڕەوایییان پێ بدرێ. دەنا “ئەوان ناچارن لە نێو بەسەرهاتەکانی کەم بایەخ بوونیاندا، بە بێ پەیوەندیی پلەوپایەی سەربەخۆی خۆیان بەرانبەر بە پلەوپایەی سەربەخۆی ناسنامەکانی دیکە، بتوێنەوە”. ئەو بەسەرهاتانەی بەکەمگرتنە، کاتێک وتووێژ لەگەڵدا کراوەکان باسی ئەزموونەکانیان و بیرەوەرییەکان لەبارەی ناسنامە حاشا لێکراوەکەیان لە چوارچێوەی سیستەمی یاساییی تورکیە دەکەن، زۆرتر هەستی پێ دەکرێ، وەک چۆن بەشی داهاتوو نیشانی دەدا.
سروشتی کردنی ملکەچییەتیی کورد و باڵادەستیی تورک
کاتێک لە بارەی گەورە بوون لە تورکیە وەک مناڵێکی کورد پرسیار کرا، ئارمان ئاماژەی بەوە کرد کە پێداگری لە سەر ناسنامەی کوردی وەک ئەوە بوو کە خۆت لە بەندیخانە هاوێی و لە بەرانبەر هاووڵاتیی تورکیە بووندا، سەرهەڵدان بکەی. ئەوە هۆی ملکەچ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردان بۆ دەوڵەتی تورک بوو تا بتوانن بژیوی خۆیان دابین بکەن. جگە لەوە، ئەو شیی کردەوە کە پێداگریی لە سەر کوردبوونی خۆت بە مانای “خائین” بوون بوو کە یان دەبوو تورکیە جێ بهێڵی یان دەست لە سامانەکانی کۆمەڵگا لە تورکیە بشۆری. ئەوە ئاشکرای دەکا چۆن ملکەچ بوون بۆ سیاسەتی ئاسیمیلە کردن بەشێکی دەگەڕاوە بۆ هۆی پراگماتیکی. بەڵام، ئەوە تەنیا بەشێک لە مەسەلەکەیە چونکە مۆرک لێدانی کولتووری و ژێردەستە کردن بەردی بناغەی دروست کردنی ناسنامەی ژێردەستە کراوی کوردی بوون. هێزی دەوڵەت کەڵک لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بۆ دروست کردنی تاقمێک بە “سەپاندنی پرەنسیپی هاوبەشی تێڕوانین و دابڕان بە سەریدا و بەو شێوەیە تێڕوانینێکی تاقانەی ناسنامەکەی و تێڕوانینێکی دەقاودەق لە یەکیەتی”، وەر دەگرێ. بە دروستکردنی ئەو تێڕوانینە دەقاودەقە لە یەکیەتی، دەوڵەتی تورکیە توانی ناسنامەی کوردی ڕاگوێزێ و لەخۆی بێگانەی بکا. بۆ بوون بە هاووڵاتیی تورکیە، کورد داوایان لێ کرا بیسەلمێنن کە ژیاننامە کوردییەکانی خۆیان سڕیوەتەوە و لە ژیانی فەرمی و ڕۆژانەی خۆیاندا بێکەڵکیان کردووە. ئارام بەسەرهاتێک لە بارەی هەوڵی باوکی بۆ بەتورک بوون و تێکۆشانی ناوبراو بۆ گەیشتن بە پلەی “هاووڵاتییەکی خاوەن شارستانییەت” دەگێڕیتەوە، ئەزموونێک کە بیرهێنەرەوەی دۆخی کۆلۆنیال بوونە:
ئێمە دووکانێکمان هەبوو کە من وەک بەرگدروو تێیدا کارم دەکرد و لە بنکەیەکی پۆلیس نزیک بوو. ژمارەیەک لە مشتەرییەکانم ئەفسەری پۆلیس بوون. کاتێک ئەو ئەفسەرە پۆلیسانە دەهاتنە دووکانەکەمان، باوکم داوای لێ دەکردین بە کوردی قسە نەکەین بەڵکوو تەنیا بە تورکی بدوێین. ئەو لە ئاخاوتن بە کوردی شەرمی دەکرد و دەیهەویست لە لای ئەفسەرە پۆلیسەکان خۆی وەک تورک و پێشکەوتوو نیشان بدا. بە تورکی ئاخاوتن وەک شارستانی بوون سەیر دەکرا. تۆ ئەو هەڵوێستەت لە ناو لاوان و هەر وەها بەساڵاچووانی کوردیشدا دەدیت (ئارام، پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵ، سوید).
ئەوە ئاشکرای دەکا کە لە کاتێکدا کە ناسنامەی کوردی یان زمان نیشانەی دواکەوتوویی بوون، تورک بوون هاوواتای شارستانییەت و پێشکەوتوویی بوو. ئەوە هەستێکی نزمتر بوونی کۆمەڵایەتیی لە مێشکدا دەچەسپاند کە دەوڵەتی تورک بڕیاردەری بوو. ئەوە پرسی ئەزموونی تاکە کەسی نییە، بەڵکوو مانای بەربڵاوتری هەیە کە بۆ چەند جیل تەشەنە دەکا. حەسەن، کە کوردێکی عەلەوییە، بە ژانەوە ژێردەستە بوونی خۆی بە هۆی ئەتنیک و پێشینەی ئایینیی خۆی دێتەوە یاد:
کاتێک تەمەنم ٥ ساڵ بوو چوومە قوتابخانە. تۆ وەک مناڵێک بیر لەو شتە ناکەیەوە تا دەچی بۆ قوتابخانە کە هەموو شتێک بە تورکییە. کاتێک ئێمە بە کوردی قسەمان دەکرد، مامۆستاکانمان لێیان دەداین. ئەوە لە حەفتاکانی زایینی بوو. مەبەستم ئەوەیە کە تۆ دەچی بۆ قوتابخانە و مامۆستا شتێکت بە زمانێک لێ دەپرسێ کە تۆ لێی تێ ناگەی و پاشان تێت دەسرەوێنن چونکە تۆ لە تورکی یان لە پرسیارەکە تێناگەی. وردە وردە، تورکییەکەی تۆ باشتر دەبێ و تۆ زمانە کوردییەکەی خۆتت لەبیر دەچێتەوە. ئەوە گەلێک بەژانە کە تۆ کوردی و ناتوانی بە زمانی خۆت قسە بکەی. زمانی تورکی لە هەموو شوێنێک بوو، لە شەقام، لە وێژە، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن. زۆر کەس لە گوندی من دەڵێن تورکن چونکە حاشا لە ناسنامەی کوردیی خۆیان دەکەن. دەوڵەتی تورک هەر ئێستا کارێکی وەهای کردووە کە ئەو خەڵکە ناسنامەی کوردیی خۆیان لەکیس بدەن. کوردەکان خەریکە شەرم لە ناسنامەی کوردیی خۆیان بکەن و پێیان وایە ناسنامەی تورکی باشترە. لە بیرمە کاتێک ئێمە مناڵ بووین و کەسێک تورکییەکی باشتری قسە دەکرد، ئەو وەک کەسێکی باشتر سەیر دەکرا. ئێمە کاتێک بە باشی تورکیمان قسە نەکردبا، بەردەوام لە لایەن مامۆستاکانمانەوە لێمان دەدرا. کاتێک تەمەنم ١٠ ساڵ بوو و گواستمانەوە بۆ ئیستەمبوڵ، شەرمم دەکرد کە بە باشی تورکی قسە ناکەم چونکە سەرجەم هەڤاڵەکانم تورک بوون و لەسەر شێوەی ئەدا کردنی وشەکان گاڵتەیان پێ دەکردم. بەڵام فێر بووم تورکییەکی بێ خەوش قسە بکەم. سیستەمی فێرکردنی تورکیە زەختت بۆ دێنێ تاکوو تا ئەو جێیەی دەکرێ ببی بە تورک بۆ ئەوەی گونجاو بی (حەسەن، پیاوێکی تەمەن ٥٣، بریتانیا).
ئەزموونەکانی حەسەن ئاشکرای دەکەن ئاسیمیلە کردن چۆن بەڕیوە دەچێ و چۆن ناسنامەی تورکی بە هۆی هەژەمۆنی پشتگیریکراو لە لایەن دەوڵەتەوە، غەیرە تورکەکان سزا دەدا و مێشک و جەستەی غەیرە تورکەکان داگیر دەکا. حەسەن هەوڵ دەدا چوارچێوەیەک شی بکاتەوە تا تێبگا چۆن ناسنامەی تورکی لە کۆمەڵگایەکی بەربڵاوتر وەک ناسنامەی خاوەن دەسەڵات کە دامەزراوەکان دروست دەکا، جیاوازییان هەڵدەسەنگێنێ و هیرارشی دروست دەکا، هەژمۆنی وەدەست دێنێ و هەروەها خۆیەتیی تاکی کورد دادەڕێژێ و داگیری دەکا. لە چوارچێوەی پرۆسە چڕ و زۆرەملێیەکانی بە تورک کردنی ناسنامە و شوێنە غەیرە تورکەکان، کورد پێویستیان بوو “خەبات بۆ جێکردنەوە لە دنیایەک بکەن، کە بۆ ئەوانی دیکە دروست کراوە”.
لێهاتوویی و زانیاری لە سەر زمانی خاوەن دەسەڵات، بەڵگەنامەی گەیشتن بە ئیمتیازی جۆراجۆر و ددان پێدانان لە سەر حیسابی ئەو تاکە کۆلۆنیکراوانەی کە نەیانتوانیوە بگۆڕدرێن و پێمل بوونی خۆیان، لە ڕێگای فێربوون و بوونە نوێنگەی کولتوور و زمانی شوناسی خاوەن دەسەڵات، نیشان بدەن، بە تاکە کۆلۆنیکراوەکان دەبەخشێ. بە گوێرەی بۆردیۆ، دەوڵەتان کەڵک لە پەروەردە و فێرکردن بۆ دروست کردن، ڕەواییدان و سەپاندنی زمان بۆ وێکچوونی نەتەوەیی، هۆشیاری و پێکهاتەی دەروونی وەردەگرن. ئارام چوارچێوەیەک نیشان دەدا کە چۆن لەوێدا هێزی هێمای تورک بوون، لە ڕێگای پەروەردە و فێرکردنەوە، کاریگەریی دەکاتە سەر کوردان:
لە قوتابخانە، ئێمە هەموو ڕۆژێک سووکایەتیمان پێ دەکرا. سووکایەتی کردنەکە شتێکی ئاسایی بوو چونکە ئێمە مناڵانی کورد دەبوو ڕامانگەیاندبا کە تورکین و ئامادەین گیانی خۆمان بۆ نەتەوە و دەوڵەتی تورک بەخت بکەین. وەک کورد، تۆ هەست دەکەی کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە شێوەی دەروونی لاقە کراوی. ئەوە شێوەیەکی لە ڕادەبەدەری سووکایەتی بوو. ئەگەر تۆ لە زمانی تورکیدا بە شێوەیەکی باش لێهاتوو نەبووبای، تووشی هەڵسوکەوتی نەرێنی لە لایەن مامۆستاوە دەبووی، هەروەها بەرەوڕووی مەترسیی وەرگرتنی نمرەی نزمیش دەبوویەوە. ئەگەر نەتتوانیبا مەبەستی خۆت بە تورکییەکی باش دەربڕی، تووشی سزدان دەبووی، کە زۆر مناڵی کورد نەیاندەتوانی چونکە دایک و باوکی ئەوان تورکییان زۆر باش نەدەزانی. مامۆستاکان لە کورد و تورک پێکهاتبوون. ڕێژەیەکی زۆر کەم مامۆستای کورد هەبوون کە ئاگاداری ناسنامەی کوردیی خۆیان بوون. زۆر مامۆستای کورد بەرانبەر بە قوتابیانی کورد بە زەبر و زەنگتر بوون، چونکە ئەوان دەیانهەویست بیسەلمێنن کە بە نەتەوە و دەوڵەتی تورک وەفادارن (ئارام، پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵ، سوید).
لە سەرەوە ئارام لە زمانێکی سێکس لێدراو بۆ شیکردنەوەی کارتێکەریی زمان و ناسنامەی تورکی لە سەر هۆش و جەستەی مناڵی کورد و ئەو سووکایەتییە کە ئەوان هەموو ڕۆژێک تووشی دەبوون، کەڵک وەردەگرێ. لە لێکدانەوەی نووسەری پاشکۆلۆنیال ئێدوارد گلیسانت، بریتۆن شێ دەکاتەوە کە زمان دەتوانێ وەک ئامرازێک بۆ فەرمانڕەوایی و کونترۆڵ کردن کەڵکی لێ وەرگیرێت. لە کاتێکدا کە تاکی کۆلۆنیکراو لەوانەیە زمان بکاتە ئامرازێکی سیاسی بۆ خەبات و سەکۆیەکی سیاسی بۆ ورووژاندن دژی داگیرکەر، ئەوەش ڕاستە کە ئێلیتی خوێندەواری نێو تاقمی داگیرکراو، بە هۆی هەستی نزمتر بوون، کەڵک لە زمانی داگیرکەر وەک پێوانەیەک بۆ بەرز بوونەوەی پلەی کۆمەڵایەتی و جووڵە و هەروەها زاڵ بوون بەسەر ژێردەستەبوونی داگیرکەردا وەرگرێ. بۆ مامۆستای کورد لە گێڕانەوەکانی ئارامدا، یەکێک لە ڕێکارەکانی دانپێدانان لە لایەن مامۆستا تورکەکانەوە ئەوە بووە کە وەک سوپەر تورک خۆی وەک پارێزەری لێهاتوویی لە زمانی تورکی دا نیشان بدا. ئەوە ئەو دۆخەیە کە شی دەکاتەوە چۆن تاقمی دەسەڵاتدار پلەی “دەسەڵاتی بڕیادەر، هێزێک کە مافی تاقیکردنەوە و دەستنیشان کردنی لێهاتوویییە” دەستەبەر دەکا.
ئارام ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای هەوڵی ئەو مامۆستا کوردانە، ئەوان نەیاندەتوانی ناسنامەی کوردیی خۆیان لە کاتی ئاخاوتن بە زمانی تورکی بشارنەوە، چونکە بە شێوەی ئاخاوتنەکەیان ڕا دیار بوو کە کوردن. دوودڵی باڵ بەسەر دروست بوونی ناسنامەی کوردیدا دەکێشێ. ئەگەر ئەوان بە گوێرەی تێڕوانینی سیاسیی پێشکەش کراو بۆ ئاسیمیلە بوون، بیانگوتبا تورکن، تا لەو ڕێگایەوە بڵیتی نەتەوەیی بۆ ناسنامەی خاوەن ئیمتیازی تورکی وەرگرن، بە هۆی شێوەی ئاخاوتن و ئەو جیاوازییانە کە کورد بوونی ئەوانی ئاشکرا دەکرد، نەیاندەتوانی ڕەوایی وەرگرن و ببنە ئەندامی تۆخی کۆمەڵگای تورکی. جگە لەوە، ئەگەر ئەوان پێداگرییان لەسەر جیاوازییەکانیان کردبا و داوای مافەکانیان، دانپێدانانی فەرمی و قەبووڵکرانی ناسنامە کوردی و زمانەکەیانیان لە ژیانی ڕۆژانە و دامەزراوەییدا کردبا، ئەوە بە مانای جیا کردنەوەی زیاتر، تووش بوونی هەر جۆرە توندوتیژییەک و بەند کرانیان بوو.
ئەو کەسانەی لەسەرەوە وتووێژیان لەگەڵدا کراوە باسی تاکی کوردیان کردووە کە کەوتوونەتە ژێر کرداری ئاسیمیلەکردن کە پێناسە کردنی خۆیان و ئەوانی دیکە بە توندی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەوەوە. بۆ پەرە گرتن، جووڵانەوە کوردییەکان کە لە کاتی جیاجیادا دژی دەوڵەتی تورک سەریان هەڵداوە، نەیانتوانیوە خۆیان لە دەسەڵاتی زمانی تورکی ڕزگار بکەن، تەنانەت کاتێک کە مودێلێکی سیاسی بۆ ڕزگاریی کوردانیان داڕشتووە. ئارام، کە لە هەشتاکانی زایینیدا ئەندامی حیزبی ئاڵای ڕزگاری بووە، باسی پێچەوانەیی و قووڵاییی ئاسیمیلە کردنی تورکی کرد:
تەنانەت حیزبە سیاسییەکەمان کە شۆڕشگێڕ بوو و دەیهەویست کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ دروست بکا، پەیوەندی و دیالۆگەکانی بە زمانی تورکی بڵاو دەکردەوە. ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵانمان نەیاندەتوانی بە کوردی قسە بکەن یان کوردییەکەیان گەلێک سنووردار بوو و نەیاندەتوانی بە شێوەی گونجاو مەبەستی خۆیان دەربڕن. ئێمە بە زمانی تورکی سیاسەتمان دەنووسی، دەخوێندەوە و شرۆڤە دەکرد. ئێمە تا ئەو جێیەی بمانتوانیبا بە تورکی قسەمان دەکرد. زمانی تورکی ڕۆچووبووە ناو شادەماری تیغەرەی پشتمان و مێشکمان بە چڕی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە شۆردرابووەوە. هێندێک جار لە نێو حیزبەکەماندا، یەکێک پێشنیاری دەکرد بە کوردی بدوێین، بەڵام ئەو کەسە دەستبەجێ مۆرکی شۆڤینی و نەتەوەپەرستبوونی لێ دەدرا. ئەوە زۆر دژی یەکە، چونکە تۆ بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەجەنگی و ویستی قسە کردن بە کوردیت نییە. کاتێک خەڵکەکەت بە تورکی قسە دەکەن، بۆ پێویستیت بە کوردستانێکی سەربەخۆیە؟ (ئارام، پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵ، سوید).
لە پەیوەندی لەگەڵ نایەکسانیی کولتووریدا، قسە کردن بە زمانێکی سەرکوت کراو وەک زمانی کوردی بە شوناسێکی تێکدەرانە دەلکێندرێ کە لە بەناو هاوپشتیی نێوان شارۆمەندە جیاوازەکان کە زمانی تورکی بەڵێنی داوە، سەرپێچی دەکا. ڕوانگەیەکی وەها ڕۆمانتیک لە زمانی تورکی وەک سروشتی و ئامرازێکی پەیوەندی لە چوارچێوەیەکی فرەزمانییدا، توندوتیژیی مێژوویی و هەنووکەیی دەشارێتەوە کە بناخەی دروستکردنی نەتەوەی تورکی لەسەر دامەزراوە. لە چوارچێوەیەکی هاوشێوەدا، هاڤین، کە دایک و باوکی لە شاری قونیە لە دایک بوون، باسی بنەماڵەیەکی کوردی کرد کە پتر لە سەت ساڵ لەوەپێش بۆ ئەوێ کۆچیان کردووە تا کۆمەڵگای جیاوازی کوردی لەوێ دامەزرێنن و هەڵوێستی کولتووریی جیاوازیان لە پەیوەندی لەگەڵ ناسنامەی تورکی کە سیاسەت وەک پێوەر و جێگای پەسەند بڕیاری بۆ داوە، هەبێت. هاڤین باسی گوندێکی کوردیی دیکەی نزیک هەمان شاری کرد کە بە پێچەوانەی گوندی ئەوان، هەوڵی دابوو شوناسی تورک بوون بە ئاماژە بە گوندی هاڤین وەک “جووتیاری دواکەوتوو” پەسەند بکەن. لە کاتێکدا کە دانیشتووانی هەردوو گوندەکە خزمی یەکتر بوون، هەڵوێستی ئەوان لە پەیوەندی لەگەڵ شوناسی کوردیدا جیاوازە، چونکە ئەندامانی گوندەکەی دیکە تەنیا بە تورکی قسە دەکەن و هەوڵ دەدەن بە دروست کردنی کەشوهەوایەکی تورکی لە ماڵەکانیاندا خۆیان پێشکەوتووتر بنوێنن. هاڤین، کە هەڵوێستێکی سیاسیی بەهێزی دژی دەوڵەتی تورکیە گرتووە، باسی سەردانەکەی بۆ شاری ئامێد(دیاربەکر)، کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن و پرسی زمان بۆ حیزبی لایەنگری کوردان حیزبی ئاشتی و دێموکراسی (بەدەپە) کە ئێستا نەماوە و حیزبی دێموکراسیی گەل (هەدەپە) جێگای گرتووەتەوە، دەکا:
کاتێک لە ئامێد بووم، وەگ گاڵتە پێیان گوتم، “ئەگەر دەخوازی فێری تورکی بی، دەبێ بچی بۆ لای بەدەپە”. ئەوە جۆکێک بوو کە لە ئامێد لە نێو ئەندامانی بەدەپەدا لەسەر زاران بوو. ئەوان کەڵکیان لە تەوس وەردەگرت تا دەسەڵاتی زمانی تورکی، تەنانەت لە نێو حیزبێکی کوردیدا باس بکەن (هاڤین، ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ، سوید).
ئەوە دەمانگەیێنێتە پرسی سەرکوتی ڕەگەزیی خوو پێ گرتوو، کە لە تیۆریدا دەوری ڕوانگەیەکی گونجاو دەگێڕێ بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییە دەروونی و ماددییەکانی خووگرتن بە لاوازیی کورد و بەهێزیی تورک. خووگرتن بە بەهێزیی تورک لە ناو کورداندا یارمەتی بە باڵادەستیی ماددی، دەروونی و کولتووریی و زێدەمافی تاکی تورک دەکا. دەبێ دووپات بکرێتەوە کە بە جەخت کردن لەسەر خووپێگرتوویی بە بەهێزیی تورک، ئامانجی من ئەوە نییە کە کوردان تاوانبار بکەم، کە قوربانیی سەرەکیی پێکهاتەکانی نایەکسانیی ئەتنیکین کە سوود بە ناسنامەی تورکی دەگەیەنن. پایک شی دەکاتەوە کە سیستەمی سەرکوت خۆی بە ناچار کردن و چەوساندنەوەی شاراوە لەگەڵ ڕازیکردنی تاقمی سەرکوتکراو پشتڕاست دەکاتەوە. بە گوێرەی بیرۆکەی گرامشی لەمەڕ هەژمۆنی، ناسنامەی تورکی پلەی ئێستای خۆی نە تەنیا بە توندوتیژی بەڵکوو بە کۆنتڕۆڵی چۆنیەتیی دروستکردنی ڕاستی و ئەم شێوەیە لە ئایدۆلۆجیا و زانیاری کە لە بارەی بە نەتەوەبوون بەرهەمی هێناوە، دەستەبەر کردووە. زانیاری و ناسنامەی تاقمی دەسەڵاتدار زۆر جار بە کۆمەڵگادا دەخولێتەوە و ژیانی ڕۆژانە، ژیانی دامەزراوەیی، ڕێکارەکانی ڕێکخستن و بیرۆکراتی دادەڕێژێ. ئەو گشتگیر کردنی ناسنامەی تورکییە خۆی وەک ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەتنیکە ژێرچەپۆک کراوەکان و تاقمە ئایینییەکان لە تورکیە دەنوێنێ. لەو ساتەوە کوردەکان خۆیان لەگەڵ تاقمی دەسەڵاتدار، دامەزراوەکانی و وێژەی هەژمۆنیکی نەتەوەییی ئەو، پێناسە دەکەن، ئەوان دەچنە نێو ڕێککەوتنێکی سەرکوتکەری بە دامەزراوییکراو کە ئەوان ژێر دەستە دەهێڵێتەوە و بەردەوامیی ملکەچ بوونی ئەوان دەپارێزێ. ئەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ئاسیمیلە کردن لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا دەبێتە هۆی بەرخۆدان، بەڵام لە چوارچێوەکانی تاراوگەشدا دەرفەتی نوێ بۆ کوردانی تاراوگە دەڕەخسێنێ تا بیرۆکەی ناسنامەی تورک کە بە ڕواڵەت لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشن بەڵام لێک دابڕاودا، هێزی یەکخەرەوەیە، داڕێژنەوە و بیگۆڕن.
سنوورەکان و دەرفەتەکانی بەرخۆدانی تاراوگە
لە تورکیە، بە گوێرەی ڕێچکەی زاڵی سیاسیی دەوڵەتی تورک، کورد بەردەوام دەکەونە ژێر توندوتیژیی سیاسی و شێواندنی ڕاستییەکان کە خەباتی سیاسیی کوردان تا ئاستی پرسی “تێرۆر” دادەبەزێنێ. هەر وەک لەسەرەوە باسم کردووە، خوو گرتن بە سەرکوت لە ناو کورداندا هۆی سەرەکیی پاراستنی چنگی دەوڵەتی تورک لە قوڕگی دانیشتووانی کورد وەک ژێردەستە و خوارووتر لەوانی دیکە بوونە. بەڵام، ئەوە بەو مانایە نییە کە بڵێین کورد، بێخوست ملکەچی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی سەرکوتکەر دەبێ. زانیاریی ئەزموونی ئاشکرای دەکەن کە ڕەگەز، ئایین و پەروەردە و فێر کردن دەوری گرینگ لە قەبووڵکردن و داڕشتنی ئەزموون، ڕوانگە و گێڕانەوەی جیاواز لەبارەی چۆنیەتیی ئافراندنی کورد بوون، بە پێمل بوون یان بەرێوە بردنی بەرخۆدان و هاوکاریی لەگەڵ دەسەڵات، دەگێڕێ.
پایک جەخت دەکاتەوە کە یەکانگیرییەکی تیۆریک لەمەڕ بەرخۆدان هەیە کە زۆرجار ئەو زانایانە کە بەدوای ڕزگار کردنی تاقمی ژێردەستەوەن، لەبەر چاوی دەگرن. ئەگەرچی ئەو قەبووڵ دەکا کە نیشاندانی تاقمێک تەنیا وەک بێدەسەڵات و قوربانی کێشەخوڵقێنە، پێگەی ئەو ناتوانێ ببێتە هۆی ئەوە کە ئێمە بۆ تیشک خستنەسەر ناکاریگەریی دەسەڵات و خۆڕاگریی تاقمە ژێردەستەکان، لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان ببینین. تاک و تاقمەکان زۆر جار چەند شێوە ستراتێژی لەبەرچاو دەگرن وەک هاوکاری، ئاسانکاری و خزمەت کردن و بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات. بۆ وێنە ئەگەر ئێمە لەمەڕ پلە و بەربڵاویی بەرخۆدانی کورد دژی دەسەڵاتداریی تورک زێدەڕۆیی بکەین، مەترسیی ئەوە هەیە کە پێکهاتەی سەرکوتکەری دەوڵەتی تورک بنکۆڵ بکەین کە زۆر جار بناخەی خودی دەسەڵات سنووردار دەکا. ئەوە بۆیە نییە کە بڵێین کورد توانای بەرخۆدانیان نییە یان ناتوانن جوابی ئەو پەیوەندییە ناهاوسەنگانەی دەسەڵات بدەنەوە کە ئەزموونی دەکەن.
وەک لە ژێرەوە دەر دەکەوێ، دۆخی گەلێک جیاواز هەن کە لەوێدا تاکی کورد دەتوانێ هەڵبژێرێ دژی ئاسیمیلە کردنی تورک هاوکاریی بکا یان بەرخۆدان بکا. لە چوارچێوەی باوی سیاسی و کولتووریی ئیسلامی سوننی وەک ئاڵقەی یەکگرتووییی نەتەوەی تورک، حەسەن باسی بەسەرهاتێک لە بارەی ستراتێژییەکانی کوردانی عەلەوی بۆ پەسەند کران وەک موسڵمانی سوننیی “باش” ی کرد:
ئەگەر عەلەوی بی، پێویست ناکا بچی بۆ مزگەوت. ئەگەر نەچی بۆ مزگەوت، خەڵک گومانی ئەوەت لێ دەکەن کە تۆ عەلەویت، کەوابوو هێندێک عەلەوی سەردانی مزگەوت دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڵاواردن بپارێزن. لە کاتی ڕەمەزان، بنەماڵە عەلەوییەکان درەنگانی شەو هەڵدەستن و چراکان هەڵدەکەن تەنیا بۆ ئەوەی کە خەڵک پێیان وابێ بۆ نزا کردن و بەڕۆژوو بوون هەستاونەوە. تۆ خۆت و خەڵکی دەوروبەرت فریو دەدەی. سیستەمی تورکیە هەرگیز پارێزگاریی لە مافە شارۆمەندییەکانی عەلەوییەکان نەکرد چونکە هەرگیز عەلەوییەکانی وەک تاقمێکی ئایینی بە فەرمی نەناسی. بەشێکی زۆر لە عەلەوییەکان پێیان وابوو کۆماری تورکیە لە ئیمپراتۆریی عوسمانی بۆیان باشتر بێ، بەڵام کۆماری تورکیە لە ساڵەکانی ١٩٣٠خراپترین کارەساتی بەسەر عەلەوییان هێنا (حەسەن، پیاوێکی تەمەن ٥٣ ساڵ، بریتانیا).
عەلەوییەکان سەر بە کۆمەڵگای موسڵمانی شیعە و مەزنترین کەمینەی ئایینیی تورکیەن. ئەگەرچی عەلەوییەکان بە شیعە دادەنێن بەڵام ئەوان لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان لەسەر ئیسلامی شیعە هەیە کە نە تەنیا لە لایەن موسڵمانانی سوننییەوە بەڵکوو لە لایەن کۆمەڵگاکانی دیکەی شیعەشەوە ڕەت دەکرێتەوە. ئەزموونی حەسەن، لە سەرەوە، پەیوەندیی نزیکی نێوان ئیسلامی سوننی و تورک بوون لە دروستکردنی هیرارشیی ئایینی و گرێدراویی ئەتنیکی نیشان دەدا.
ئەزموونی ئەوەی دیکە بوون و هەڵاواردن کە حەسەن جەختی لەسەر کردەوە، لانەش کە وتووێژی لەگەڵدا کراوە هەستی پێ کردووە و تەریکخراوەیی و قەبووڵ نەکرانی بنەماڵە عەلەوییەکەی خۆی (خەڵکی مالاتیە) لە کاتی ژیان لە ئەستەمبولی ئەزموون کردووە. بنەماڵەی لانە لە لای جیرانە موسڵمانە تورکەکانیان ئاشکرایان کرد کە عەلەوی و کوردن، بنەماڵەیەکی عەلەویی تورکیش کە لە هەمان خانوو دا دەژیان، لە ترسی هەڵاواردن و تەریکخستن، نەیانوێرابوو ناسنامەی ئایینیی خۆیان ئاشکرا بکەن. لانە ئاماژەی بەوە کرد کە دایکی لە تورکیە لە ڕوانگەی سیاسییەوە گەلێک هۆشیار بوو و نەیدەویست پلەی ئەوی دیکەبوون کە بەسەر کوردە عەلەوییەکاندا سەپا بوو، قەبووڵ بکا. ئەو وریایییە سیاسییە لانەشی گرتووەتەوە کە ڕەخنە لەو کوردە عەلەوییانە دەگرێ کە لایەنگری لە ئایدیۆلۆجیای کەمالیستی، کە بە پێناسە و بە کردەوە دژی کوردە، دەکەن:
من زۆر لە هێندێک خەڵکی عەلەوی شەرم دەکەم چونکە ئەوان هێشتا بڕوایان بە ئایدیۆلۆجیای کەمالیستی هەیە و زۆر لەوان دەنگ بە جەهەپە (حیزبی گەلی کۆماری) دەدەن. لە بیریان چۆتەوە کێ کۆکوژییەکانی دژی عەلەوییان بەڕێوە برد؟ من لێیان تێناگەم و هەرگیز تێناگەم چۆن عەلەوی دەتوانن دەنگ بەو حیزبە بدەن. ئەوان بڕوا بە بکوژەکانیان دەکەن و سووکایەتی بە منی عەلەوی دەکەن. من لەو بارەیەوە ئەو دەمەقاڵەیەم لە گەڵ هەڤاڵە عەلەوییەکانم و خزمە دوورەکانم لە تورکیە هەیە. بەشێک لە عەلەوییەکان لە موسڵمانی سوننی ترسناکترن چونکە ئەوان دەتوانن لە هەموو کەسی دیکە کەمالیستتر بن. بۆ دەنگ بە بەدەپە [ئێستا هەدەپەیە] نادەی کە سێکولارە و گەلێک لایەنگری ژنانە (لانە، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ، بریتانیا).
ئەوە ئاشکرای دەکا کە چۆن ئەندامانی هەمان بازنەی هەڵبژاردن لە بەرانبەر کۆماری تورکیەدا هەڵوێست دەگرن، سەرەڕای ئەزموون کردنی ئازار چێشتنی هاوبەش بە هۆی ناسنامەی ئەتنیکی و ئایینییەوە. هەر چۆنێک بێ، ئەوە ئاشکراشی دەکا کە لە کاتێکدا کە لانە، ئیسلامیسم و ناسیۆنالیزمی تورکی وەک هەڕەشە دژی کوردی عەلەوی و ژنان دەبینێ، زۆر کوردی عەلەوی بۆ دورست کردنی بەربەست و بەرخۆدان دژی ئیسلامیزم، دەنگ بە جەهەپە دەدەن و ناسنامەی کوردی ئەگەر بە تەواوی ڕەتیش نەکەنەوە، کەمڕەنگی دەکەن. بەڵام، لە هەر دوو دۆخدا، ئەوان هەڵوێستی سیاسیی خۆیان وەک بەرخۆدان دژی ئایدیۆلۆجیای سیاسی و ئایینی کە هەڕەشەی مان و نەمان لە عەلەوی و کوردان دەکەن، دەبینن. کاریگەرییەکی گریمانەییی ئەو ڕێبازە جیاوازە سیاسییانە لێکدابڕان و لاوازتر بوونی هاوپشتی لە ناو کوردانی عەلەوییە. لە کاتی قسە کردن لەگەڵ لانەدا، ئەو گوتی جووڵانەوەی سیاسیی پەکەکە ماڵێکی پێ داوە کە دەوری بنکەیەکی بەرخۆدان، بۆ بیر کردنەوە لە ناسنامەی خۆی و جێگای ئەو لە دنیادا وەک ژن و وەک کوردێکی عەلەوی، دەگێڕێ. لانە ڕەخنەی توند لەو کوردانە دەگرێ کە ئاسانکاری بۆ ئاسایی بوونی ناسنامەی تورکی دەگێڕن و ناسنامەی کوردی وەک هەڕەشە و شتێکی خراپ دەنوێنن. لە خوارەوە، ئێمە دوو نموونە لە بارەی ڕوانگەی ئەو لە بارەی ترسناک بوونی ئاسیمیلە کردن بۆ کوردستان وهەروەها بۆ تاراوگە نشینان باس دەکەین:
من خۆم لە چوون بۆ بەشێک لە چێشتخانەکانی باکووری لەندەن دەبوێرم چونکە ئەوان کوردن و بە چێشتخانەکان یان خواردنەکان دەڵێن تورکی. من پێیانم گوتووە ئەو تورکییە وەلا نێن و بنووسن چێشتخانە یان خواردنی مەدیتەرانەیی. چونکە ناکرێ هەموو خواردنەکان تورکی بن. هێندێک لەوان دەبێ کوردی بن یان کاریگەرییان لە خواردنی کوردی وەرگرتبێ. من هەست دەکەم کوردستانیم و کاتێک دەچم بۆ ئەوێندەرێ، لە هەموو کات زیاتر هەست بە کورد بوون دەکەم. ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هەڤاڵێکم لە دیاربەکر بووم. من ئەوینداری دیاربەکرم و هەست دەکەم هی ئەو شارەم. ئێمە دەگەڕاین و سەردانی ئەو شوێنانەمان دەکرد کە دیتبوومانن. ئێمە لە بینایەکی گەلێک مێژوویی بە ناوی “حەسەن پاشا هانی” لاماندا کە ئێستا لەبەر خواردنەکەی و مێژوویی بوونی بە ناوبانگە. کاتێک لەوێ بووین، چاومان گێڕا و گوتمان لە کوردستانین، وا نییە؟ ئەو کوتی وایە. بەڵام، من گوتم خەڵک بە تورکی قسە دەکەن. ئێمە وەرسووڕاین و چاومان بە ئاڵای تورک کەوت. ئێمە گوتمان ئێرە تەنیا لە دڵی ئێمەدا کوردستانە و ئەگەر بمانهەوێ بیگۆڕین، دەبێ بە خێرایی بیگۆڕین. دەنا ئەو داگیرکارییە کۆتاییی پێ نایە. ئەوە شتێک نییە کە بە چەقەنەیەک بگۆڕدرێ. جووڵانەوەی کوردی (پەکەکە) سەرکەوتووە. ئێستا لە تورکیە، کورد دەتوانێ بڵێ کوردە. خەڵک دەتوانێ داوای مافی خوێندن بە زمانی خۆی بکا. خەڵک دەتوانێ گوێ لە مۆسیقای کوردی ڕابگرێ. ئەوە ڕەنگدانەوەی جووڵانەوەی کوردە. بە شەوێک دەستەبەر نەبوو. گەلێک خەڵک گیانی خۆیان بەخت کرد، ماڵەکانیان و مناڵەکانیان لەبۆ خەباتی کوردان لەکیس دان (لانە، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ، بریتانیا).
لە گێڕانەوەی لانە لە سەرەوە، تورک بوون لە ڕێگای زمان، خواردن و شوێنانەوە پەل داوێتە نێو مێشکی کوردان. لانە یەکەم کەس لەوانەی وتووێژیان لەگەڵدا کرا نەبوو کە بە شێوەی نەرێنی دژی ئەو کوردانە هەڵوێستیان گرت کە نێوی تورکی لە چێشتخانەکانیان دەنێن. دوو هۆی مەزن بۆ هەڵبژاردنی نێوی تورکی لە لایەن ئەوانەوە هەیە. یەکەم هۆ، پەیوەندیی بە سەرکەوتووییی ناسنامەی تورکییەوە هەیە کە خۆی دەرخا و ڕەواییی سیاسی وەک ناسنامەی دەسەڵاتداریی دەوڵەت-نەتەوە، واتە تورکیە، دەستەبەر بکا. هۆی دووهەم بۆ هەڵبژاردنی ئەو نێو لێنانە دەگەڕێتەوە بۆ ترسی خاوەن چێشتخانەکان کە مشتەریی تورک، عەڕەب و فارس لەوانەیە لە چوون بۆ ئەوێ لەبەر بوونی “نێوی سیاسی” خۆ ببوێرن. بە واتایەکی دیکە، لە کاتێکدا ناوی سەر بە نەتەوە باڵادەستەکان گریمانەی ئەوەیان لێ دەکرێ کە دروستکەری یەکیەتی و یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی بن، ناوی کوردی مەترسیی ئەوەی هەیە کە لە لایەن تاراوگە نشینانی تورک و تا ڕادەیەکی کەمتر عێراقی و ئێرانییەوە، وەک “دابڕێنەر”، “ناوچەیی” و “جیاییخواز” سەیر بکرێن. ئەو ستراتێژییەی ناولێنانە لە لایەن خاوەنانی کوردەوە هەر وەها دەگەڕێتەوە بۆ پراگماتیسمی ئابووری، هەڵوێستێک کە بە توندی لە لایەن بەشێک لە وتووێژ لەگەڵ کراوەکانەوە وەک “بیانوویەکی خراپ” لە لایەن “ئەو کوردانە کە ناسنامەی خۆیان بۆ پارەی تورک دەفرۆشن” ڕەت کرایەوە. ناولێنانی دووکانێک یان شوێنێک بە هەمان شێوە، ڕاگەیاندنی داواکارییەکی گشتییە. هەڵبژاردنی ناوی تورکی بۆ دووکانان زۆرتر لە نێو کوردانی تورکیەدا باوە تا بۆ وێنە کوردانی عێراق کە خاوەنی ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆن کە لەوێ ناسنامەی کورد سزا نادرێ، بەڵکوو بە ئاشکرا پشتگیریی لێ دەکرێ و کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ئەوە نموونەیەکی باش لە بارەی کاریگەرییە نێونەتەوەییەکانی ئاسیمیلە کردن لەسەر ئەو خەڵکەیە کە ناسنامەی کولتووری و زمانییان وەک هەڕەشە سەیر کراوە.
بۆ لانە، پەکەکە ئەو جووڵانەوە سیاسییەیە کە هاوڕاییی لە نێو تاکی کورددا دروست کردووە کە بووەتە ئالنگاری بۆ دەسەڵاتی ناسنامەی تورک و کەسایەتییەکی”خۆڕاگری” لە ناو کورداندا دروست کردووە. ئەگەرچی هاڤین جەخت لەسەر گرینگیی پەکەکە و هەدەپە بۆ ناسنامەی کوردی دەکاتەوە، تێناگا بۆ زاڵ بوون بەسەر زمانی کوردیدا لە ناو خەڵکێک کە خۆیان بە کورد دەزانی و بۆ کوردستان خەباتیان دەکرد هێندە لاواز بوو:
من ئەندامی پەکەکە یان بەدەپە (ئێستا هەدەپە) نیم، بەڵام من ڕەخنەم لە سیاسەتی زمانیی ئەوان هەیە. من زۆر جار چاوم بە خەڵکی ئەوتۆ دەکەوێ کە لایەنگری پەکەکە و بەدەپەن، بەڵام بە کوردییەکی باش قسە ناکەن. من دەڵێم تەنانەت ئەگەر بچی بۆ چیا، شەڕ بکەی و بۆ دۆزی کورد شەهید بی، من لە تۆ کوردترم چونکە تا ئەو کاتەی بە کوردی قسە دەکەم، جیاوازیی خۆم لەگەڵ ناسنامەی تورکی کە هەوڵی داوە [زمانی من] لە نێو بەرێ، دەپارێزم. دەزانم ئەو قسانە ڕەق و زۆر ورووژێنەرن. من بۆیە ئەوە ناڵێم کە ڕێزم بۆ شەهیدان نەبێ. ئەگەر شتێک هەبێ کە باوەڕم پێی هەبێ، ئەوە زمانی کوردیی ئێمەیە. من پێم سەیرە کاتێک سیاسەتوانانی کورد لە پارلمانی تورکیە لایەنگەری لە پرسی کورد دەکەن، بەڵام زۆر بە کەمی کوردی دەزانن یا هەر هیچ کوردییەک نازانن. من هێندە بە هۆی ئەو خەڵکەوە هەست بە شەرمەزاری دەکەم. ئەوان دەبوو دەست بکەن بە فێر بوونی کوردی، ئەوسا داواکانیان ڕەواتر دەبێ. کاتێک تۆ ناتهەوێ فێری زمانی کوردی بی، قەبووڵت کردووە کە تورکی و کورد نی، ئەگەرچی تۆ بۆ دۆزی کورد خەبات دەکەی (هاڤین، ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ، سوید).
هاڤین بە بەڵگە هێنانەوە، هیرارشییەک لە نێوان شێوە جیاوازەکانی خەبات کە کوردان هەڵیانبژاردووە دروست دەکا. جێگای سەرسوڕمان نییە کە هاڤین زمانی کوردی وەک مەزنترین گۆڕەپانی خەبات بە هۆی ئەوە کە ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتی تورکیە بووە، هەڵدەبژێرێ. ئەوەی لەوانەیە دژی هەڵوێستی هاڤین بێ، ئەو ڕاستییەیە کە سەرەڕای زاڵ نەبوون بەسەر زمانی کوردیدا، ئەو بەناو کوردانە دەسبەرداری گرێدراویی خۆیان بە ناسنامەی کوردەوە نەبوون کە هێشتا لە ژیانی دامەزراوەیی و ڕۆژانەدا نایاسایییە و سزای بۆ دیاری کراوە. جگە لەوە، لە کاتێکدا کە گەلێک لە وتووێژلەگەڵکراوان باسی هەستی شەرمەزار بوونیان لە مناڵی و گەورەساڵیدا، بە هۆی نەزانینی زمانی تورکیەوە کردووە، هاڤین باسی بێمەیلیی خۆی بەرانبەر ئەو کوردانە کرد کە بە کوردی نادوێن. ئەوە ئاراستەی پێچەوانەی ئەو پێناسە کوردییەیە بە شێوەیەک کە باڵادەستیی تورک قەبووڵ ناکا و لەو کوردانە خۆش نابێ کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بە تورکی دەدوێن. ئەگەرچی هاڤین ڕاستەوخۆ پەکەکە تاوانبار دەکا کە پشتگیری لە گرینگیدان بە زمانی کوردی ناکا، جێگای ئاماژەیە کە ئەوە زۆرتر بە هۆی چالاکیی تاراوگە نشینان و کردارە نێونەتەوەییەکانی لایەنگرانی پەکەکەوە بوو کە یەکەم کاناڵی ساتەلایتی (مەد-تیڤی) لە ١٩٩٥ دەستی بە وەشان کرد. مەد تیڤی دواتر بە هۆی هەوڵەکانی بۆ بەشداری پێکردنی لایەنە جۆراجۆرەکانی کورد بوون لە ڕوانگەی کولتوور، موسیقا، مێژوو، زمان و زاراوەکان، وەک وێستگەی تەلەفزیۆنی نەتەوەیی سەیر دەکرا.
لە کاتێکدا کە تاراوگە شوێنێکی مەترسیدارە بۆ ئەو لایەنانەی کە خەبات بۆ مافە کولتوورییەکان و مانەوەیان لە وڵاتی بنەچەکەیان دەکەن، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی تاراوگە پاراستنی زمانی کوردی لە تاراوگە وەک سەرکەوتنێک دژی دەوڵەتانی سەرکوتکەر لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سەیر دەکەن. ئەو بیرۆکەیە لایەنگری گەلێک زۆری لە نێو تاراوگە نشینانی کورد لە سوید، بە تایبەتی ئەکتەری کۆمێدیی سەرپێیی سویدی-کورد، ئۆز نووژەن، هەیە کە دەڵێ کورد بۆیە لە تورکیە ڕایاننەکرد کە بێنە سوید و ببننە سویدی، بەڵکوو بۆ ئەوە بتوانن درێژە بە کورد بوون بدەن ئەو کارەیان کرد. بەڵام ئەوە دەتوانێ، لە لایەن هێزە نەتەوەپەرستەکانەوە لە سوید وەک گومانداریی کورد بۆ خۆگونجاندن یان ئاسیمیلە بوون لە نێو کۆمەڵگای سوید سەیر بکرێ و هەوڵ بۆ پەڕاوێزبوونی کولتووری بدەن. سەرەڕای جیاوازیی بەرچاو لە نێوان تورکیە و وڵاتێکی لیبراڵ دێموکڕاتی وەک سوید و بریتانیا، کورد وەک تاقمێک کە لە ڕوانگەی کولتوورییەوە هەڕەشە لێکراون، بەرەوڕووی زەختی ئاسیمیلە بوون لە وڵاتانی بنەچەکەی خۆیان و لە چوارچێوەی تاراوگەدا دەبنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆچکردن دەتوانێ هێزێکی وەرسووڕێنەر لە چوارچێوەی لیبەراڵ دێموکراسییاندا بێ کە شێوەیەک لە گۆڕەپان بۆ دانپێدانانی کولتووری بۆ کەمینە ئەتنیکییەکان دەستەبەر دەکا. بڕوانە چۆن شڤان باسی ئەو وەرسووڕانە بە دوای کۆچ بۆ سوید و ئەو چاوپێکەوتنە بەرهەمدارانە لەگەڵ کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە بە کوردی دەدوێن دەکا:
پارێزەرەێکی تورک کە بۆ ڕیکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ کاری دەکرد، سەردانی سویدی کرد و ئێمە لەوێ بووین تا بزانین چۆن باسی دۆخی کوردان لە تورکیە لە نەوەدەکانی زایینیدا دەکا. کوردێکی زۆر لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان لەوێ بوون. من چەند پرسیارم نووسین کە دەمهەویست ئاراستەی ئەو پارێزەرە تورکەیان بکەم. نزیکەی ١٠٠ کەس گوێگری وتاری ناوبراو بوون. ئەو بە تورکی قسەی دەکرد و وەرگێری تورک و کورد لەوێ بوون. کوردی باشووری کوردستان (عێراق)، ڕۆژئاوای کوردستان (سووریە) و ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) پرسیارەکانیان بە کوردی دەکرد و وەرگێڕەکان پرسیارەکانیان دەکردەوە تورکی. من پرسیارەکانم بە تورکی نووسیبوون و شەرمم دەکرد کە وەک کورد پرسیارەکانم بە تورکی دەکەم. پرسیارم لە خۆم کرد، بۆ ناتوانم پرسیارەکان لە بارەی کورداندا بە کوردی بکەم؟ هێندە تووڕە و دڵگران بووم، هەستم بە تاوانباری کرد چونکە نەمدەتوانی بە زمانی کوردیی خۆم بدوێم. بۆ ناتوانم هەستەکانم، بڕیارەکانم و، وشەکانم بە کوردی دەربڕم؟ من ئەو کاغەزەی پرسیارەکانم بە تورکی لەسەر نووسیبوونم لەتوپەت کرد و فڕێم دا. بەخۆمم گوت، هیچ پرسیارێک ناکەم. ئەوسا سوێندم خوارد: بە خودا، بە خودا، بە خودا، من لە زووترین کاتدا دەست دەکەم بە فێربوونی کوردی و ناهێڵم زمانی داگیرکەرێک ژیانی من زەوت بکا و زمانم کونتڕۆڵ بکا. دەمهەویست ببمە کوردێک کە بتوانێ هەستی خۆی بە کوردی دەربڕێ. من هێندە تووڕە و ژاندار بووم، ڕۆژی دواتر، چوومە کتێبخانەیەک و لە ماوەی شەش مانگدا، لە کاتژمێر ١٠ تا ٣ لەوێ بووم و بۆخۆم کوردیم دەخوێند. من سەرجەم کتێبە کوردییەکانی کتێبخانەکەم خوێندنەوە. دوای شەش مانگ، بوومە مرۆڤێکی دیکە. من زمانی خۆم وەدەست هێنا و تەنیا ئەوە نەبوو، تەنانەت بوومە مامۆستای زمانی کوردی و لە سوید وانە بە مناڵانی کورد دەڵێمەوە. ئەگەر بە ڕاستی بتهەوێ فێری کوردی بی، فێری دەبی بەڵام هەستێکی بەهێزی کورد بوونت پێویستە (شڤان، پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ، سوید).
هەستی سیاسی وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی دەوری سەرەکیی بۆ دروست کردن و بەهێز کردنی ناسنامەی کوردی دەگێڕێ، بە تایبەتی لە کاتی قەیران و هەڕەشەی مان و نەمان کە دەوڵەتان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاراستەی کوردانی دەکەن. ئەوە ڕوونکەرەوەیە کە چۆن هەست بە تاوانباری، شەرمەزاری و ژان وەک هێزی کۆمەڵایەتیی وەرسووڕێنەر لە چوارچێوەی تاراوگە نشینیدا، دەچێتە نێو سیاسەتی ناسنامەی کوردییەوە، وەک شوان، لە نەزانینی زمانی کوردی تا فێر بوون و وانە گوتنەوەی کوردی بە مناڵی کورد لە سوید، نیشانی دا. شڤان بە هەمان شێوە ئاماژە بەوە دەکا کە چۆن نوێنەرانی جووڵانەوەی گولەن لە ٢٠١٢ پێوندییان پێوە کردووە کە بە تەما بوون قوتابخانەیەک بکەنەوە و ئەو وەک مامۆستا دامەزرێنن. شڤان دەڵێ لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا، ئەوان خۆیان وەک نوێنەرانی ڕؤشنبیران ناساند و باسی پشتیوانیی خۆیان بۆ قوتابییانی تورک لە سوید ڕاگەیاند. شڤان ئەوانی وەک پشتگیرانی تورکبوون هاتە بەرچاو و لە بارەی ئامانجە سیاسییەکانی ئەوان پرسیاری لێ کردن. نوێنەرەکان گوتیان ئەوان دەیانهەوێ خزمەت بە خودا و ئیسلام بکەن. کاتێک شڤان لەبارەی زمانی وانە گوتنەوە و کەڵک وەرگرتن لە کام ئاڵا پرسیاری لێ کردن، ئەوان جوابیان دایەوە زمانی تورکی و ئاڵای تورکیە. بەڵام شڤان گوتی ئەو ناتوانێ لە ژێر ئاڵای تورک دا کار بکا. نوێنەرەکان سکاڵایان کرد و گوتیان “ئاڵای تورکیە بە چ شێوەیەک دەتوانێ زەرەری هەبێ”؟ شڤان پرسیارێکی ئاراستە کردن: “بە چ شێوەیەک زمانی کوردی و ئاڵای کورد زەرەر بە هەستە تورکییەکانی ئێوە دەگەیەنێ، نە هەر ئێستا بەڵکوو بۆ نزیکەی سەدەیەک”؟ بە گوتەی شڤان، ئەو جووڵانەوەیە دەیهەوێ ئیسلام لەگەڵ تورک بوون تێکەڵ بکا.
“مەهمەت کورت” پێی وایە کە دەوڵەتداریی ئیسلامی لە ناوچە کوردییەکانی تورکیە و دەسەڵاتی کۆلۆنیالی، شانبەشانی یەکتر هەوڵ بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتی دەوڵەت دەدەن، بەڵام بە هەمان شێوە، هەوڵ بۆ کپ کردنی داواکانی کورد بۆ دادپەروەری، نوێنەرایەتی و یەکسانییش دەدەن. لێدوانە زاڵە تورکییەکان توانیویانە لە تورکیە دیسکۆرسێک لەبارەی “کوردی خراپ”، کە پشتگیری لە پەکەکە و هەدەپە دەکەن و “کوردی باش” کە دژی پەکەکەن و پشتیوانی لە حیزبی دەسەڵاتدار، واتە حیزبی دادپەروەری و گەشەکردن (ئاکەپە) دەکەن، بەرهەم بێنن. بۆ گەیشتن بە پلەی “کوردی باش” و دەرباز بوون لە مۆرکی کورد بوون، ڕێژەیەکی زۆر لە تاکی کورد خۆیان وەک کوردی موسڵمان دەناسێنن کە بە جەخت کردن لەسەر دژایەتی لەگەڵ پەکەکە و جووڵانەوەی کورد، پشتگیری لە برایەتیی موسڵمانان و یەکیەتی دەکەن. لە کاتێکدا کە کوردبوون لە نێو ئاکەپەدا نادیارە و مۆرکێکی کۆمەڵایەتیی لێدراوە، ئەو حیزبە توانیویەتی کوردان بەسەر باشی (دڵخواز) و خراپی (نادڵخواز) لە ڕێگای دیسکۆرسێکی ئیسلامیییەوە کە باڵادەستی تورک بوون دەپارێزێ و جەختی لەسەر دەکاتەوە، دابەش بکا و لەو کارەدا سەرکەوتوو بووە. هۆی یەکەم، پەیوەندیی بە هەڵاواردن و هەژاریی دەیان ساڵەیەوە هەیە کە کوردان هەستیان پێ کردووە و ستراتێژیی زیندوو مانەوە کە ئەوان لەبەر چاویان گرتووە تا بتوانن وەک “هاووڵاتیی باش و وەفادار”ی دەوڵەتی تورک “پەسەند” بکرێن. هۆی دووهەم بۆ پشتیوانی لە دیسکۆرسی ئاسیمیلەکردن کە لە چەمکە ئایینییەکاندا شاردراوەتەوە، پەیوەندیی بە ئایینداری و کۆنەپارێزیی کۆمەڵایەتییەوە هەیە کە لە ناوچە کوردییەکاندا بەرچاوە. بە هەمان شێوە، گورسەس پێداگرە کە دەوری ئیسلامی تورکی وەک ئافرێنەری ئاشتی لە تورکیە زێدەڕۆیییە؛ چونکە بە لەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە ڕوانگەی جووڵانەوە ئیسلامییەکان لە تورکیە، لە بارەی مافەکانی کوردان، بە چڕی نەتەوەپەرستیی تورکییان پێوە دیارە. بۆیە، ئیسلام لە تورکیە نە تەنیا جێگرەوەی نەتەوە پەرستیی تورک و دەوڵەت-نەتەوەی تورک وەک قاڵبێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بە هەمان شێوە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ بنکۆڵ کردنی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و مافەکانیان لە ژێر ناوی گەردوونی بوونی فریودەرانە، کار دەکا.
ئەوە تەنیا کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان (ئێران، عێراق و سووریە) نین کە بە تاوانبار کردنی کوردانی تورکیە لەبارەی نەزانینی زمانی کوردی یان تەرخان نەکردنی کات و وزە بۆ فێر بوونی زمانی کوردی، سەرنج نادەنە سەدەیەک سیاسەتی ئاسیمیلە کردن و یاساغ کردنی ناسنامەی کوردی لە تورکیە. هەر چۆنێک بێ، ئەو ڕەخنەیە لە لایەن بەشێک لە کوردانی تورکیەشەوە ئاراستە کرا، کە پێیان وابوو ئاسیمیلە بوون “خیانەت” کردنە بە کوردایەتی و نیشانەی “کۆیلەتیی فکری”یە. بە ڕاستی، ئەو کەرتبوونەش دەستەی وەک “کوردی باش” کە دەستبەرداری ناسنامە و زمانی خۆی نابێ و “کوردی خراپ” کە گیرۆدەی “زمانی دوژمن” یان “زمانی داگیرکەر” بووە، دروست دەکا. سەرنج بدەن چۆن هەڤال، ڕوانگە و هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە زمانی تورکی، کاتێک وەک زمانی سەرەکی لە ناو کوردانی تورکیەدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت، شی دەکاتەوە:
کاتێک سەردانی تورکیە و کوردستان دەکەین، خزمانی ئێمە لە شارە تورکەکان زۆرتر بە تورکی قسە دەکەن و من نامهەوێ مناڵەکانم کایەیان لەگەڵدا بکەن چونکە هێندە لەو دایک و باوکانە تووڕە دەبم کە نەیانتوانیوە مناڵەکانیان فێری کوردی بکەن، بەڵام لەو گوندەی کوردستان (ماردین) کە دایک و باوکم خەڵکی ئەوێندەرێن، بە کوردی دەدوێن. خزمەکانم پێیان وایە ئەگەر بە کوردی بدوێن، ئەوان ناتوانن تێکەڵاوی کۆمەڵگای تورکی بن، ئەوە دەقاودەق هەڵوێستی کۆچبەران لە سویدە، کە لەوێ بە سویدی دەدوێن تا لەگەڵ کۆمەڵگای سوید بگونجێن. بەڵام جیاوازییەکی مەزن هەیە، سوید ڕێگا دەدا و تەنانەت مافی خوێندن، لانیکەم ئێستا، بە زمانی دایکت پێ دەدا. ئێمە بۆیە لە تورکیە ڕامانکرد چونکە نەماندەتوانی ناسنامەی کوردیمان هەبێ و بە کوردی قسە بکەین. من کێشەم لەگەڵ ئاخاوتن بە تورکی نییە، بەڵام کێشەم لەگەڵ ئەو دایک و باوکانە هەیە کە تەنیا بە تورکی لەگەڵ مناڵەکانیان دەدوێن، کاتێک بۆ وێنە خەریکی چێشت لێنانن. دایک و باوکی من هەمیشە بە کوردی منیان دواندووە. ئەو هاوینە لەگەڵ بچووکترین کوڕەکەم، کە تەمەنی پێنج ساڵە، بە سەفەر چوومە تورکیە. بە تەمەنترین ئامۆزام کە تەمەنی نزیکەی ٤٠ ساڵە لە گەڵ من و کوڕەکەم دەستیکرد بە قسە کردن بە تورکی و من پێیم گوت، هەست بە شەرمەزاری دەکەم کاتێک دەبینم کوڕە بچووکەکەم بە کوردی قسە دەکا و تۆ بە تورکی لەگەڵم دەدوێی. ئەو تێگەیشت کە چەندە هەڵەیە. من پێیم گوت، شەرمەزار بی، تۆ کوردی، بە کوردی بدوێ! زمان بۆ ئێمەی کورد ئێجگار زۆر گرینگە. بە ئامۆزاکەمم گوت، ئەگەر جاری داهاتوو لەگەڵ من بە تورکی قسە بکا سەردانی ناکەمەوە. ئەو قەبووڵی کرد بە کوردی بدوێ (هەڤال، پیاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، سوید).
لە کاتێکدا کە لەپێشدا هاڤین هێرشی کردە سەر سیاسەتوانە کوردەکان و جووڵانەوەی کوردی، لە بەر بێ هەڵوێستی بەرانبەر بە زمانی کوردی، هەڤال ڕەخنەی توند ئاراستەی ئەو تاکە کوردانە و دایک و باوکانە دەکا کە بە کوردی نادوێن و بەو شێوەیە لە گواستنەوەی زمان بو مناڵەکانیان شکست دێنن. جگە لەوە، هەڤال گیڕانەویەکی سەرنجڕاکیش لە بارەی چۆنیەتیی داڕشتنی خۆ گونجاندن لە کۆنتێکستی دەوڵەت-نەتەوە و پێوندییەکانی زۆرینە-کەمینە پێشکەش دەکا. خۆگونجاندن لە هەردوو شێوازی تورکیە و سوید، ئەگەرچی بە شێوەی جیاواز بەڕێوە دەچن، هیرارشییە ئەتنیکییەکانی بەردەست هەڵناوەشێنن بەڵکوو هیرارشیی گرێدراوی بە پێوانی ڕێژەی گوێڕایەڵیی تاقمە کەمینەکان بۆ بایەخەکانی کولتووری دەسەڵاتدار، دروست دەکەن. لەگەڵدا بوونی کۆمەڵگای نەتەوەیی لە لایەن کولتوور، زمان و نووسینەوەی مێژووی خاوەن دەسەڵاتەوە دیاریی دەکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا، دەوڵەتی سوید زۆرتر لە دەوڵەتی تورکیە کە کەمینەکان وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکگرتووییی سیاسی و هەرێمیی نەتەوەی تورک سەیر دەکات، خوازیاری دەستەبەر کردنی فرەچەشنیی ئەتنیکییە. لە سوید، مناڵانی کورد دەرەتانی خوێندنی یەک کاتژمێر زمانی کوردی لە حەوتوودا تا کۆتایی قوتابخانەی دواناوەندییان هەیە. بەسەرهاتی هەڤال، ئاشکرای دەکا کە دانیشتووانی تاراوگە دەتوانن بە جەختکردنەوە لەسەر پێشترێتیی زمانی کوردی بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردی، زەخت و کاریگەری بخەنە سەر هەڵوێستی ملکەچانەی ئەو کوردانە کە لە شارەکانی تورکیە و کوردستان دەژین. ئەوە دەربڕینی سیاسەتی شوناسە، بەڵام سیاسەتێکی شوناس کە لە چوارچێوەی حاشا کردن و ژێردەستەبووندا دەقەومێ. هەڤاڵ نەتەنیا مێژوو و کولتوور لە تورکیە بە شێوەیەکی دیکە وەردەگێڕێ کە کوردبوونی کەم نرخ کردووە، بەڵکوو بەهەمان شێوە هەوڵ دەدا شێوەی خۆپێناسەکردنی هەنووکەییی کوردان کە دەوڵەتی تورکیە بنیاتنەری بووە، بگۆڕێ و دایڕێژێتەوە. لە کاتێکدا کە دەکرێ کوردان لە چوارچێوەی سنوورە خاکییەکانی دەوڵەت-نەتەوەوەکانی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا ڕاگرن، تاراوگە دەرفەتێکی تاقانەی هەوڵدان بۆ دروست کردنی سنوورگەلێک دەستەبەر دەکا کە لەوێدا جەخت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردان وەک نەتەوەیەکی سەرکوتکراو دەستەبەر دەکا. ئەوە بە هۆی پەرە ئەستاندنی کاناڵە ساتەلایتییە کوردییەکان و سۆشیال مێدیاوە موومکین بووە و هەلی بۆ ڕەخساوە. ئەوە لە کۆنتێکتسی تاراوگەدایە کە کورد لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە دەتوانن لەسەر لایەنە هاوبەش و جیاوازییەکانیان بدوێن و وتووێژ بکەن.
دەوڵەتی تورکیە، بە لاسایی کردنەوەی دەوڵەتانی داگیرکەر، لەوە تێگەیشتووە کە مناڵی کورد و بەتایبەتی کچان و ژنانی کورد پێویستە ئامانجی سەرەکیی ئاسیمیلە کردنی کولتووری لە ڕێگای خوێندن و پەروەردەوە بن. ئەوە، بێگومان، پەیوەندیی بەو بیرۆکەیەوە هەیە کە زۆر جار ژن وەک بەرهەمهێنەرەوەی بایۆلۆجیکی و کولتووریی سنوورەکانی نەتەوە و هێما کولتوورییەکان دەناسێ. ئەوە لە چوارچێوەی پەروەردە و فێرکردندا بوو کە شارۆمەندی سەربەز و وەفاداری تورکیە لە ناوچە کوردییەکانی تورکیە بەرهەم دەهێنران. ئارام باسی هەڵسوکەتی باوکی لەگەڵ دایکی بە هۆی “زاڵ نەبوون”ی بە سەر زمانی توکیدا کرد کە بۆ براکەی لە شاری دیاربەکر، کە زۆر جار وەک پایتەختی کوردستانی تورکیە سەیر دەکرێ، گواستراوەتەوە:
ئەو مێشک شۆردنەوەی پیاوان و ژنانی کورد جیاواز بوو چونکە ژنانی کورد زۆرتر لە ماڵێ بوون و کاتێک لە ماڵێی زۆرتر بە کوردی قسە دەکەی. ئاسیمیلە کردنی ژنانی کورد بە دڕیی ئاسیمیلە کردنی پیاوان نەبوو. پیاوانی کورد لەدەرەوە لە شوێنی گشتی بوون، کاریان دەکرد، دەیانخوێند و لە قاوەخانەکان دادەنیشتن و زۆرتر ملکەچی زمانی تورکی دەبوون. بەڵام ئەو کوردییەی ئێمە قسەمان پێ دەکرد گەلێک سنووردار بوو چونکە ئێمە مافی گەشە پێدانی زمانی کوردیمان لە قوتابخانەدا نەبوو. ئەو کوردییەک بوو بۆ دەمەتەقەی ڕۆژانە بە بێ قووڵایی. بەڵام ئەوە لە سایە سەری دایکانەوەیە کە بەشێک بە کوردی دەدوێن. هێندێک ژنی کورد لە لایەن مێردە کوردەکانیانەوە گێچەڵیان پێ دەفرۆشرا چونکە تورکی قسەیان نەدەکرد. باوکی من بە دایکمی دەگوت: “تۆ هەموو ژیانت لە تورکیە و دیاربەکر ژیاوی بەڵام هێشتا بە تورکی قسە ناکەی”. برا گەورەکەم هێشتا بەو شێوەیە دەجووڵێتەوە. هاوینی ڕابردوو (٢٠١٣)، کاتێک لە کوردستان بووم ئەو بە هاوسەرەکەی گوت: “لە کاتێکدا کە ٥٠ ساڵ لە دیاربەکر ژیاوی، بۆ بە تورکییەکی باش قسە ناکەی؟” کەسێک بە تورکی نەدوێ وەک کەسێکی جیاواز سەیر دەکرێ. براکەم ناپرسێ بۆ کورد بە کوردییەکی باش قسە ناکەن بەڵام ئەو کوردانە دێنێتە ژێر پرسیار کە بەسەر زمانی تورکیدا زاڵ نین. بە براکەمم گوت کە هاوسەری ناوبراو زۆر لەوی ئاساییترە چونکە لە شارێکی کورد کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن بە کوردی دەدوێ. کاتێک ئەوەم گوت ئەو هەستی بە شەرمەزاری کرد چونکە هەرگیز، هیچ کەس ئەوەی پێ نەگوتبوو. ئەو ئێستا زۆرتر هەست بەو شتە دەکا (ئارام، پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵ، سوید).
دیاربەکر لە ڕوانگەی پێکهاتەی سەرکوتکەری دەوڵەتی تورک، جێگایەکی تایبەتی لە مێژووی کورداندا هەیە. کورد بوون لە گۆڕەپانە فەرمییەکاندا وەک قوتابخانە نە تەنیا یاساغ بوو و مۆرکی لێ درابوو، بەڵکوو لە بەندیخانەکانی تورکیەشدا ئاخاوتن بە زمانی کوردی بە توندترین شێوە سزا دەدرا. تابلۆیەکی مەزن لە بەندیخانەی دیاربەکر، کە کوردی تێدا بەند کرابوون، لەسەری نووسرابوو: “تورکی قسە بکە، زۆر بدوێ”. سونگون ئاماژە بەوە دەکا کە دەوڵەتی تورکیە بۆ بەرهەمهێنانەوەی دیسکۆرسێکی ڕەگەزپەرستانەی کولتووری، کە کورد بوونی کەم نرخ دەهێنایە ئەژمار و تورک بوونی وەک ناسنامەیەکی باڵادەست بەرز دەنرخاند، ژنانی کوردی کردە ئامانج. بۆیە، دەوڵەتی تورک زمانی تورکیی کردە ئامرازی “بە شارستانیکردن”ی ژنی کورد لە تورکیە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، دامەزراوە تورکییەکان پشتگیرییان لە جیا کردنەوەی ژنی کورد لە بە ڕواڵەت زمان و شوناسی “دواکەوتوو” و “ساکار”ی کوردی دەکرد. ژنی کورد نە تەنیا هان دەدرا کە تورک بوون بۆ مناڵەکانی بگوێزێتەوە، بەڵکوو لە چوونی مناڵەکانی بۆ ناو پەکەکە و هەڵگرتنی چەک دژی دەوڵەتی تورکیە پێشگیری بکا و پەژیوانیان بکاتەوە. ژنانی کورد کە دەچوونە نێو دامەزراوەکانی تورکەوە و لەوێدا خزمەتیان دەکرد، وەک پارێزەرانی نەتەوەپەرستیی تورکی دەناسێندران. ترسی تورک لە ژنانی کورد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە پەکەکە هەزاران ژنی لاوی کوردی بۆ نێو ڕیزەکانی خۆی ڕاکێشاوە کە هەم دژی پێکهاتە پیاوسالارەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و هەروەها توندوتیژیی دەوڵەتی تورک دژی کورد بە گشتی دەجەنگن، هێشتا دەنگ دەداتەوە.
ئەگەرچی ئەوە لەدەروەی چوارچێوە و خاڵی جێگای سەرنجی ئەو بەشەیە؛ ئەوە گرینگە ئاماژەی پێ بکەین کە چەند کەس وتووێژ لەگەڵدا کراوەکان باسی تووڕەیی و دژایەتیی تورکانی تاراوگەنشینیان، لە کاتی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ کوردانی پێداگر لە سەر ناسنامەی کوردی و زمانەکەیان، کرد. لە کاتێکدا کە ئەوان لە تورکیە، مافی کەڵکوەرگرتن لە ئازادی بۆ پشتگیری و بەکارهێنانی ناسنامەی کوردی و زمانەکەیانیان نەبووە، کوردانی تاراوگە، سوید و بریتانیا وەک شوێنی گرینگ بۆ داڕشتنی بەرخۆدان دژی دەوڵەتی تورکیە و پشتگیریی کردنی زمانی کوردی سەیر دەکەن. بۆ وێنە، حەسەن باسی خۆی کرد کە لەسەر فەیسبووک چالاکە و هەواڵ لە بارەی بێ بەزەییەکانی تورکیە دژی کوردان بڵاو دەکاتەوە. کاتێک هەڤاڵێکی تورکی ناوبراو ئەوی لە فەیسبووکدا دیتەوە و داوای هاوڕێیەتیی لێ کرد، زۆری پێ نەچوو کە هەڤاڵە تورکەکەی پەیامێکی بۆ نارد کە لەوێدا جەختی لەسەر تێرۆر، کورد و پەکەکە کردبوو و لە هاوڕێیەتی دەریهاویشتبوو. یەکێک لەو کاتانە کە لە بەرانبەر ناوزەد کران وەک تورک یان قسە کردن بە تورکی خۆڕاگرییان کردبوو، کاتێک بوو کە سەردانی تورکیەیان کردبوو و لە فڕۆکەخانەکانی تورکیە ڕایانگرتبوون. چەند کەس لە وتووێژ لەگەڵدا کراوەکان تەنیا بە ئینگلیزی قسەیان کردبوو و یان وایان نواندبوو کە هیچ تورکی نازانن و خۆیان لە ئاخاوتن بە زمانی تورکی بواردبوو، کە کاربەدەستانی تورک لە فڕۆکەخانەیان تووڕە کردبوو و لە جوابدا ئەوانیان ئەزیەت کردبوو و سووکایەتییان بە شارۆمەندە کوردەکانی سوید و بریتانیا کردبوو. هەڤال بەسەرهاتێک لەبارەی چۆنیەتیی ڕووداوێکی ئەوتۆ باس دەکا:
کاتێک تەمەنم ١٦ ساڵ بوو سەردانی تورکیەم کرد. لە پاسپۆرتە سویدییەکەم دا شوێنی لە دایکبوونم نووسرابوو. ئەوێ بەشێک لە کوردستانی تورکیەیە. ئەوان دەستیان کرد بە دواندنی من بە تورکی، بەڵام من بە ئینگلیزی قسەم لەگەڵدا کردن. من پێم گوتن من کوردم و ئەگەر کوردی دەزانن دەتوانم بە کوردی قسەیان لەگەڵ بکەم. باوکم لە پێداگریی من ترسا چونکە ئەو ئەزموونی لێدران لە لایەن ژاندارمەکانی تورکی هەبوو. کارمەندە تورکەکە پێی گوتم من تورکم و دەبێ بە تورکی قسە بکەم. ئەو تفی لە ڕوخسام کرد و پێی گوتم خائین. دەمتوانی چی بکەم؟ هیچ (هەڤال، پیاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، سوید).
ئەگەرچی هەڤال لەبارەی بێدەسەڵاتیی خۆی لە وڵامدانەوە بەو سووکایەتییە و کردارە توندوتیژانەکەی کارمەندی تورک لەبەر تف لێکرانەکەی دەدوێ، ئەو لەگەڵ ئەوەشدا شێوەیەک لە بەرخۆدانی دژی دوڵەتی تورک، بەو کردارە تاکەکەسییەی خۆی لەمەڕ خۆڕاگری لە بەرانبەر قسە کردن بە زمانی دەسەڵات نیشان داوە و وەبیر تاقمی دەسەڵاتداری هێناوەتەوە کە زمانی ژێردەستەکراوی کوردی هێشتا زیندووە و دەجەنگێ، سەرەڕای دەیان ساڵ سەرکوت و قاچاغ کران. ئەگەرچی زۆر بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆچبەرانی تورک دەبووە هۆی کێشە و هێندێک جار سووکایەتییان دەکرد و دژوار بوو، هێندێک لایەنی تورکیش هەبوون کە ترس و نیگەرانییان لەمەڕ لاواز بوونی ناسنامەی تورکی لە ناو کوردانی تورکیەدا دەردەبڕی:
لە ٢٠١٣، لە گەڵ تورکێکی ئەستەمبوڵ کە لە ستۆکهۆڵم چاوم پێی کەوت قسەم دەکرد. ئێمە باسی کوردان، پەکەکە و کێشەی نێوان کوردان و دەوڵەتی تورکیەمان دەکرد. ئەو گوتی کاتێک لاوتر بووە، دۆخەکە گەلێک باشتر بووە. باوکی ژێنڕاڵێک بووە کە لە ناوچەی کوردی جێگیر کرابوو. وەک مناڵ، ناوچەی کوردی دیتبوو. ئەو گوتی کاتێک لاوتر بووە شتێک بە نێوی تورک و کورد نەبووە و ئێمە دەمانتوانی بە یەکەوە قسە بکەین و کایە بکەین. من پێم گوت گیروگرفتی سەرەکیی دەقاودەق لێرەدایە کە تۆ دان بە هیچ شتێکی دیکە جگە لە تورکی دانانێی و ئەو خەڵکەی تۆ قسەت لەگەڵدا دەکردن کورد بوون بەڵام تۆ جیاوازیی ئەوانت قەبووڵ نەدەکرد، کەوابوو ئەوان دەبوو ببنە تورک. من پێیم گوت بۆ ئەوەی تۆ هەبی، دەبوو ملکەچی ناسنامەی تورکی بی. بۆیە هیچ جیاوازییەک نەبوو. ئەمڕۆ ناتوانی درێژە بە حاشا کردنەکەت بدەی. پێیم گوت کە ئێمە درێژە بە قسە کردن لەگەڵ یەکتر دەدەین، بەڵام من ئەمجار وەک کوردێک قسەت لەگەڵدا دەکەم نەوەک تورک. ئەو تێنەدەگەیشت بۆ ئێمە دەمانهەوێ کورد بین و نامانهەوێ تەنیا تورک بین (دیلار، پیاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ، سوید).
ئەوە نیشانی دەدا چۆن گشتگیر بوونی تورکی وەک هاوشێوە بوونی کولتووری و زمانی لێکدەدرێتەوە کە لەوێدا یەکسانی و جیاوازی بۆ دروست کردنی ناسنامەی یەکسان لە کۆمەڵگایەکی فرە ئەتنیکی وەک تورکیەدا وەک شتێکی ناسازگار سەیر دەکرێ. لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر دەسەڵاتداریی زمان، بایەخە کولتوورییەکان و نووسینەوەی مێژووی تورکان دامەزراوە، مرۆڤ لێی تێناگا کە چۆن یەکسانی بەبێ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانڕەواییی باڵادەستیی تورک و هەستی پارێزراوی و زێدەمافی دەستەبەر دەبێ. ئەوە ئەو هەستی پارانۆیا (گومانداریی لەڕادەبەدەر) لە ناو شارۆمەندانی تورک و مەترسیی کەم بوونەوەی زیدەمافییە ئەتنیکییەکەیەتی، کە ناسیۆنالیزمی تورک و ڕق و قینی ئەوانی بەرانبەر بە کوردان وەک “دوژمنی ناوخۆیی” کە گوایە ئامانجی زەرەر گەیاندن بە نەتەوەی ناسکی تورکە، بەهێزتر کردووەتەوە. لە ئاکامی ئەو دیسکۆرسەدا، تاقمی دەسەڵاتداری تورک خۆی وەک قوربانی دەنوێنێ تا مافەکانی کەمینەی کە کورد هەوڵ دەدا پێیان بگا لە مەترسی بهاوێ. ئەوە بە هەمان شێوە شی دەکاتەوە کە بۆ دەوڵەتی تورک وەها بە هاسانی پشتیوانیی جەماوەریی بۆ بەرێوە بردنی شەڕی سەربازی و کولتووری دژی کوردان لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی تورکیە دەستە بەر دەکا.
ئاکامگیریی
ئەو بەشە لە ژێر ئاکامگیریی چڕی کاری زیگمۆنت باومەند لە بارەی ڕوانگەی سیاسیی ئاسیمیلە کردندایە کە وەک شەڕێکی بەردەوامە دژی جیاوازییە کولتووری و ئایینییەکان کە وەک هەڕەشە دژی یەکگرتووییی نەتەویی و ئاسایشی نەتەوەییی دەوڵەت و دەسەڵاتدارەکانی سەیر دەکرێ. ئەوە زۆرتر لە ڕێگای بە هەڕەشە دانان و بە ئەمنییەتی کردنی ئەوی دیکەیە کە گوایە ئاسایشی نەتەوەی دەسەڵاتدار دەپارێزرێ. دەوڵەتی تورک زۆر جار کەڵک لە دیسکۆرسی مەترسی بۆ ڕەواییدان بە توندوتیژیی سیاسی، کولتووری و سەربازیی دژی کوردان وەردەگرێ. دەوڵەت-نەتەوە بە دابەش کردن و پۆلێن کردنی هاووڵاتییان بە سەر ئەوانی مۆرک لێ نەدراو و خۆمانە کە گوایە نوێنەری ماکە و شوناسی نەتەوەن، بە پێچەوانەی هاووڵاتییە مۆرک لێدراوەکان، واتە ئەوانی دیکەی وڵات کە گوایە بۆ بەردەوامی و دەسەڵاتداریی هاووڵاتیانی فەرمانڕەوا، کە گوایە گشتگیر و ناسنامەی دەوڵەتن، هەڕەشەن، هیرارشیی ئەتنیکی دروست دەکا. لە ئاکامدا، دەوڵەت ژێردەستە بوونێکی داڕێژراو و بە دامەزراوەییکراو بە سەر تاقمە ژێردەستەکەدا دەسەپێنن و پێش بە گەیشتنی ئەوان بە دەسەڵاتی کاریگەری سیاسی، کولتووری و ماددی لە کۆمەڵگادا دەگرن. هەر وەک باومەن، نەیگڵ، ئاسیمیلە کردن وەک پرۆسەیەک دەبینێ کە بە گوێرەی ئەو پرۆسەیە، دەوڵەت-نەتەوە هاوشێوەبوون بەرهەم دێنێتەوە و تێگەیشتنی “ئێمە کێین” و کێ لە ڕوانگەی کولتووری ئەتنیکی و ڕەگەزیی “لە ناو ئێمەدا” بێگانەن، بەرهەم دێنێ.
ئەو بەشە لە قووڵاییی ئاسیمیلە کردنی تورک، بە هۆی سیلەگرتن لە دەروون و مێشکی کوردان و چەقاندنی هەستێکی کەمبایەخ بوونی کولتووری لە ناویاندا، کۆڵیوەتەوە. فێر کردن و پەروەردە و زمان، ئامرازی سەرەکیی دەوڵەتی تورکن بۆ بەرهەمهێنانی هاوشێوەییی نەتەوەیی بوون و بێگانە کردنی هاووڵاتیانی کورد وەک غەوارەی زمانیی دەوڵەت-نەتەوەی تورک. چونکە کورد لە ماوەی دەیان ساڵدا ئاسیمیلە کراون، جووڵانەوەی کوردی تووشی ئالنگارییەکی دووانە بووە. ئەوان لە پێشدا پێویستە بزووتنەوەیەکی هەرەوەزی دژی ئاسیمیلاسیۆن وەڕێ بخەن، کە دژگۆیانە و لانیکەم لە سەرەتادا دەبێ کەڵک لە زمانی داگیرکەر وەرگرێ تا پەیامیان بگاتە کوردە ئاسیمیلە کراوەکان و لە ڕێگای خەباتێکی زمانییەوە ئاسیمیلە بوونەکە پێچەوانە بکەنەوە. پێویستە بۆ دەستەبەر کردنی سەرکەوتنی ڕێژەیی لە پێشگرتن بە لێک هەڵوەشانی ناسنامە و زمانی کوردی، ئەو دوو کارە هاوتەریب بەڕێوە بچن.
داوای کوردان بۆ دانپێدانان بە ناسنامە و زمانیان ناکرێ بە پێداگری لە سەر بێخەوشیی ڕەگەزی دەستەبەر بکرێ. کورد هیچ ڕێگایەکی بۆ ڕزگاری و گەڕاندنەوەی بێخەوشییەک کە گوایە بە هۆی سەرکوتی سیاسیی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە کیسی داوە، نییە. داواکاریی کورد دەتوانێ کاریگەریی سیاسیی گرینگیشی وەک “ئێمە و ئەوان لە دەستنیشان کردن و دژایەتیکردندا هەبێ. داوا بنچینەیییەکان دەبێ هەمیشە لە چوارچێوەی تایبەتی خۆیاندا و ستراتێژیی تایبەتیدا بێنە ئاراوە، وەک خەبات دژی ژێردەستە کردن، لە جیاتی سەیر کردنی ئەو وەک شتێکی نادیار”.
بەهۆی ناسکیی سیاسیی کوردان و بەردەوامیی ئەو توندوتیژییەی بەرەوڕووی دەبنەوە و لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەستی پێ دەکەن، داواکاریی دژە-بنچینەیی لەمەڕ ناسنامەی کوردی لە لایەن زۆر لە تاراوگە نشینانی کورد وەک شتێکی مەترسیدار سەیر دەکرێ، چونکە لەوانەیە ئەوان پەرتەوازە بوونی ناسنامەی کوردی خراپتر بکەن و بە قازانجی ئاجێندای سیاسیی ئەو دەوڵەتانە کە داواکاریی کوردان بۆ ئازادیی سیاسی و پێگەی یەکسان لە کۆمەڵگادا ڕەت دەکەنەوە، تەواو بێ.
بۆ نیشاندانی دووڕووییی دەوڵەتی تورکیە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەوە کە کام تاقم بە کەڵکی ئاسیمیلە بوون دێن و کێ ڕەواییی هەبوونی مافەکانی یاسای بنەڕەتی دژی ئاسیمیلە بوونی کولتووری و سڕینەوەی هەیە، گونجاوە سەیری ڕێژیمی هەنووکەییی ئەتنۆکرات و ئیسلامی بە ڕێبەریی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بکەین. لە ٢٠٠٨، کاتێک وتاری پێشکەشی ٢٠٠٠٠ تورکی تاراوگە نشین، کە لە کۆلۆن کۆ ببوونەوە دەکرد، ئەردۆغان داوای لە هاووڵاتییە تاراوگە نشینەکانی کرد کە دژی ئاسیمیلە بوون لە ئاڵمان بوەستنەوە و ئەوەشی زیاد کرد کە هیچ کەس نابێ چاوەڕوان بێ ئەوان ئاسیمیلە ببن چونکە تورک لە ئەورووپا دەبێ “ئەندامانی پێکهێنەری کۆمەڵگا بن نەوەک تەنیا میوان” و “ئاسیمیلە کردن تاوانی دژی مرۆڤایەتییە”. جێگای پرسیارە ئاخۆ کورد قەت لە چوارچێوەی مرۆڤایەتیدا لە نوێنەرایەتیی ناسیۆنالیسمی تورکیە و لە خەیاڵەکاندا، لە هەردوو چوارچێوەی سێکولار یان ئایینی، جێگایەکیان پێ دەدرێت. حاشا کردن و سڕینەوەی ناسنامە، زمان و کولتووری کورد، هێشتا ئامرازی بنەڕەتیی پاراستنی زێدەمافییەکانی تورک و سەرکوتی کوردان لە سەرانسەری سنوورە نەتەوەییەکاندایە.


