ئارامتر بخوێنەوە!

کتێبی بزووتنەوەی ژنان،
Andrée Michel

ئاندرێ میشێل کۆمەڵناس، فێمینیست، دژەکۆلۆنیالیست و دژە میلیتاریست، سێپتامبری 1920 لە فەڕانسە لە دایک بوو. دوای وەرگرتنی بڕوانامە لە یاسا و دوکتۆرای فەلسەفە، وەک مامۆستای دواناوەندی لەنێوان ساڵانی 1941 هەتا 1943 کاری کرد و دواتر 1944 خۆبەخشانە وەک یارمەتیدەری کۆمەڵایەتی چووە ناو سپا. دوای ڕزگاریی فەڕانسە و نشتەجێ بوون لە پاریس، دوکتۆرای کۆمەڵناسیی لە زانکۆی سۆربۆن لەسەر “بنەماڵە، سەنعەتی بوون و جێوار/مسکن” (1959) نووسی. چەمکەکانی هەڵاواردەیی، نایەکسانیی نێوان چینەکان و جنس، میلیتاریزە کردن و شارۆمەندی، زیاترین پرسی فکری و ژیانی ئاکادێمیکی ئاندرێ میشێل-یان وەک کۆمەڵناسێک پێکهێنا. هەر چۆن چەمکەکانی “باکوور، باشوور و خەباتی دژە کۆڵۆنیالیستی”، کە دواتر لە نووسینێک سەبارەت بە دۆخی کرێکارانی جەزایری لە فەڕانسە چاپی کرد.
لەدوای 1950 ئاندرێ سەبارەت بە کێشەکانی پەنابەرانی کرێکار، لەشفرۆشی، بنەماڵەی کرێکاران و ئەوە کە هەژاران و کرێکاران بە دژواری دەتوانن شوێنی حاوانەوە لە پێتەخت پەیدا بکەن، لێکۆڵینەوە دەکا. ئەو لە زۆر وڵاتی دنیا، جەزایر، کانادا، ئەمریکا، مێکزیکۆ، ئەمریکای باشوور، بێلژیک و پڕۆژە نێونەتەوەیی و نادەوڵەتییەکان، لەگەڵ پڕۆژەی جۆراوجۆری دەیان توێژینەوە کاردەکا. هەروەها بە پێشنیاری پرۆفیسۆر ئێلیزابێت بۆولدینگ لە زانکۆی کۆلۆرادۆ، کۆمیتەی نێونەتەوەییی هاوکاری لەسەر “ڕۆڵەکانی جێندێری” دروست دەکا. ساڵی 1974 “ڕۆڵەکانی جێندێری، بنەماڵە و گەشەی ئینسانی” وەک یەکەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ قوتابیان دادەنێ. ئاندرێی سەرەڕای دەیان کاری لێکۆڵینەوە، چالاکانە وەک ئەکتیویستێک لە جووڵانەوەکاندا بۆ وێنە جووڵانەوەی “پلانی بنەماڵە” بەشدار دەبێ. ساڵی 1965 لەگەڵ جووڵانەوەی دێمۆکراتیکی ژنان دەکەوێ. دواتریش لە سەر دەیان بابەت و پرسی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی لە کۆنفڕانس و باسەکاندا بەشداری دەکا.
ئاندرێ میشێل پاتریارکات/باوکسالاری وەک سیستەمێک دەبینێ کە بە ئاشکرا و یان بە شێوەی دیکە، تەواوی دامودەزگاکان و مێکانیسمەکانی ئیدیۆلۆژیی خۆی، ئابووری، سیاسی، ئەخلاق، زانست، دەرمان، کولتوور، مۆد، مێدیا و پەروەردە بەکار دێنێ بۆ ئەوەی باڵادەستیی پیاو بەسەر ژندا دووبارە بەرهەم بێنێتەوە، دروست هەر چۆن کاپیتالیسم هەمان کار دەکا تا باڵادەستیی خۆی نیشان بدا.
ئاندرێ میشێل دەیان کتێبی گرینگی نووسیوە و لێرە تەنیا ئاماژە بە چەند دانەیان دەکرێ:
1. کۆمەڵناسیی بنەماڵە
2. فێمێنیزم
3. کۆمەڵناسیی بنەماڵە و ژنومێردایەتی
4. فێمێنیزم و دژە میلیتاریزم
5. نا بۆ کڵیشەکان، لابردنی هەڵاواردنی جنسی لە کتێبی منداڵان و قوتابخانەکاندا
6. مۆدێڕنیزاسیۆنی بنەماڵەکانی ئافریکایی لە پەڕاوێزی پاریسدا
7. داد و حەقیقەت بۆ بۆسنییەن و هەرسیگۆوینا
8. دێموکڕاسیی دەسەڵاتی زیادە لە سنوور

کتێبی بزووتنەوەی ژنان کتێبێکی ١٦٧ لاپەڕەییە لە نووسینی ئاندرێ میشێل. ئەم کتێبە لە ٦بەشی سەرەکی و بەشێکی ئاکامگیری پێکهاتووە.

لە بەشی یەکەمدا نووسەر وێڕای ئاماژە بەوەی کە لە سەردەمی بەردینی کۆندا ژنان هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی خۆراک لە کاری ڕاوکردنیشدا بەشدارییان کردووە و مرۆڤە ڕاوچییەکان سەرەڕای پۆشتە و پەرداخ بوون، بە چەکی بەر لە مێژوو لەگەڵ یەکدا بە ئاشتی ژیاون و هیچ جۆرە شەڕێک لە نێوانیاندا لە ئارادا نەبووە، باسی لەوە کردووە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە کە کۆمەڵگا لە سەر بنەمای هاوکاری و هاوبەشی دامەزراوە و چەوساندنەوەی تێدا بەدی ناکرێت. ژنان پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرزیان هەبووە کە ئەمە زیاتر لەو پەیکەرە دۆزراوانەدا دەردەکەوێ کە لە بەرد یان ماکێکی ئێسقانی سپی لە ژنان درووست کراون. دواتر بە کەم بوونەوەی ڕاو، هاوکات لەگەڵ یەکەمین شۆڕشی بەردینی نوێ، ئەولەوییەت بە کۆکردنەوەی میوە، دان و کێڵان دەدرێت و ژنان لەم قۆناغەدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە کە ئەمە بەستێنی بەدیهاتنی زانست ئامادە دەکات. بەستراوەبوونی منداڵان بە دایک، خودایانی دایک دەخولقێنێ و ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە لەم شارستانییەتی دایک مەزنییەدا، هیچ نیشانەیەک لە دوژمنایەتی و شەڕەنگێزی بەدی ناکرێت.
لە بەشی دووهەمدا، نووسەر باس لە دووەمین شۆڕشی سەردەمی بەردینی نوێ دەکات کە بە دۆزینەوەی وزەی نوێ، پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا دادەبەزێ. لەم کاتەدا نشتەجێبوون دێتە ئاراوە و شارەکان دروست دەبن و یەکەمین ناکۆکیی چینایەتی دێتە ئاراوە. بەرهەمهێنان زیاد دەکات و شەڕەنگێزی دێتە ئاراوە، لێرەدایە کە هێژمۆنیی ژنان لە ئاییندا کز دەبێ و پەیکەری بچووک بە تایبەتمەندیی پیاوانەوە جێگای خودای دایک دەگرێتەوە. ڕووداوەکانی ئەم سەردەمە نیشان دەدەن کە کاولکردنی سروشت و لاوازبوونی پەیوەندیی نێونەتەوەیی، هاوکاتە لەگەڵ دابەزین و لاوازبوونی پێگەی ژنان و بەدیلگرتنیان لە بنەماڵە و شاردا.
نووسەر لە بەشی سێهەمدا ئاماژە بەوە دەکات کە هاوکات لەگەڵ ڕووخانی ئیمپراتۆریی ڕۆم، دژایەتییەکان لەگەڵ ئازادیی ژنان کۆتایییان پێ دێت.
پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریی ڕۆم، هەندێ ڕێکخراوی خێڵەکی سەر بە ژێرمەن و فرانکەکان، دروست دەبن و سەرەڕای ئەوەی کە لە سەدەکانی ٦ و ٧دا، بەڕێوەبەرانی کلیسا، ژنان لە مافی ئۆسقۆفی بێبەری دەکەن، بەڵام ژنان دیسانەوە لە کاروباری کۆمەڵایەتی و زانستیشدا وەکوو پیاوان دەجووڵێنەوە.
لە سەدەکانی ١٠ و ١١دا (سەرەتای سەردەمی فێئۆدالی) بەهۆی دابەشبوونی وڵات، ژنان مافی پاشایەتی، دەسەڵاتی چەکداری، دادوەری و دروستکردنی پارە، گرتنی باج لە خەڵک و هەندێ ئەرک و بەرپرسایەتیی دیکەی حکوومەتی بەدەست دێنن.
بەگشتی لەم دەورەیەدا هیچ بەربەستێک لە سەر ڕێگەی ژنان نەبووە و توانیویانە وەکوو دادوەر، قەڵادار لە سەر ماڵ و مڵکی خۆیاندا بە تەواوی زاڵ بن.
لە سەردەمی بێزانسدا، ژنانی ناسراو لە زانکۆکاندا ئامادە و بەشداربوون و کاری ناحکوومیان بەڕیوە دەبرد.
لە سەدەکانی٧ و ٨دا (دامەزرانی ئیمپراتۆریی ئیسلامی)، ژنان وەکوو کەسانی خوێندەوار و پسپۆڕ لە کاروباری ئایینی، شیعر و دادوەری، توانیان بە سەرکەوتوویییەوە دەسەڵات بەڕیوە ببەن.
لە سەدەی ١١دا، پیاوان بە قەدەغەکردنی خوێندن، ژنانیان لە کاری ئازاد و ناحکوومی دوور کردەوە. دواتریش سەرقاڵیی ژنان بە نەشتەرگەری، جوانکاری و ڕازاندنەوە کە تێیاندا شارەزایییان بە دەست هێنابوو، قەدەغە ڕاگەیەندران.
لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٢دا، ژنان ئازادیی زۆریان هەبووە کە دواتر دەرفەتەکانیان لێ یاساخ دەکرێ. بەڵام دژایەتی لەگەڵ مافی یەکسان بۆ ژنان هەبووە و هەندێک لە پیاوان، بەتایبەت سەرۆکی وڵاتە موسوڵمانەکان، لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئازادیی ژنان بەرتەسک بکەنەوە. توێژی بروکرات و کلیسا کە بەربەرەکانێی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتیان دەکرد، بۆ دژایەتی لەگەڵ دەستپێراگەیشتنی ژنان بە بەرپرسایەتییەکی کە پێشتر لە میژوودا هەیانبووە، یەکگرتوویییەکیان تێدا دروست بوو و دیسانەوە ژنان زەرەرمەند بوون.
ژنانی ئەشراف کە لە ئەرکەکانی خۆیان بێبەری ببوون، لە سەدەکانی ١٢ و ١٣دا، بە دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕێ و ڕەوشت زانین و هەروەها یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی گەورە و بەهێزی نۆژەنکردنەوەی ئایینی(cathare)، بە ناڕەزایەتی دەربڕین، هەوڵی بەربەرەکانێ لەگەڵ پیاومەزنییان دا. ئەمە دژکردەوەی کلیسا و بۆرژوازیی لێ کەوتەوە، بۆیە بە دامەزراندنی سێ بنکەی پشکنینی بیروڕا و مافی نوێی بنەماڵە و سیستەمی یاسایی، هەوڵی پەڕاوێزخستنی مافی ژنانیان دا.
ناڕەزایەتییەکان لە نێو ژناندا پەرە دەستێنێت و کریستییەن دۆپێزا، جڵەوی ناڕەزایەتییەکان بە دەستەوە دەگرێت و خوازیاری فێرکاری و پەروەردە بۆ ژنان دەبێت تاکوو لە کاتی بێوەژنیدا بتوانن بەرپرسایەتیی بنەماڵەی خۆیان بە ئەستۆ بگرن.
ناوبراو دوو بابەتی بنەڕەتی و گرینگی پەرەپێدا کە دواتر لە ئەندێشەی فێمینیستیدا زۆر جەختی لە سەر کرایەوە، پێویستیی پەروەردەکردنی کچان و دامەزراندن و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی هێمن و ئاشتیخواز.
لە سەدەکانی ١٥ و ١٦ی زایینیدا، کلیسا و بۆرژوازی پێکەوە ژنانیان لەو بەرپرسایەتییەی کە پێشتر هەیانبوو بێبەش کرد. تا ئەو جێگایە کە دەسەڵاتی پاشایەتیی بنەماڵە لە سەدەی ١٦دا دەسەڵاتی پیاوانی زۆر زیاتر بەهێز کرد.
لە کۆتاییی سەدەی ١٥دا، بە هاتنە ئارای پەیمانی ئەخلاقی و ئابووری لە پاریس، باس لە پەروەردەی کچان بۆ بە ئەستۆگرتنی ئەرکی ماڵ کرا کە لەم حاڵەتەشدا، هەموو کارێک تەنیا بۆ خۆشگوزەرانیی پیاوان دەکرا.
لە سەدەی ١٦دا، دایکانیش بە دارکاری کردن، بەرانبەر بە کچەکانیان توندوتیژی دەنوێنن.
بەشی چوارەم کە باس لە گواستنەوەی ئابووریی فێئۆداڵی بۆ ئابووریی پیشەسازییە، نووسەر ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەدەی ١٧ و ١٨دا، سیستەمی پارلەمانی و ئازادی جێگای پاشایەتی دەگرێتەوە.
لە فەڕەنسای سەدەی ١٧دا ڕۆڵی ژنان بە تەنیا بۆ هەوڵ و چالاکی لە هۆڵە ئەدەبییەکان و ململانێی سیاسی بەرتەسک نابێتەوە. دژە چاکسازی بوون، بووە هۆی گۆڕانی بنکە و دامەزراوە ئایینییەکان.
لە سەدەی ١٨دا، شاژن و شازادەکان لە بەرانبەر ئەخلاقی نوێی بۆرژوازیدا خۆڕاگرییان دەکرد و ڕۆڵی پاشایەتیی خۆیان بە توانا و لێهاتوویییەکی باشتر لە پاشا پیاوەکان بەڕێوە دەبرد.
ئەم سەدەیە لە بریتانیا بۆ ژنان وەکوو سەدەی “ڕەش” ناسرابوو، بەڵام دەسپێشخەریی ئەندێشەی فێمێنیستی لە هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ئارادا بوو.
لە ساڵی ١٧٩٢ دا، ماری ڤۆل ئەستۆن کرافت، گوتارێکی فێمێنیستیی لە ژێر ناوی داواکارییەک بۆ مافی ژنان بڵاو کردەوە و تێیدا دژی ڕوانینی شۆڕشگێڕانی فەرەنسە و بۆرژوازیی هەموو ئەو وڵاتانەی کچانیان لە گەیشتن بە فێرکاری و پەروەردەی یەکسان لەگەڵ کوڕان بێبەش دەکرد، ڕووبەڕوو بووەوە.
ئەمە کارێک بوو کە سیمۆن دوبووار سەدە و نیوێک دواتر جێبەجێی کرد. ناوبراو بە باوەڕبەخۆبوونەوە پەیامێکی فێمێنیستیی لەم چەشەی بڵاو کردەوە: “کاتی ئەوە هاتووە شۆڕشێک لە دابونەریتی ژنانەدا بەدی بێت، تاکوو گەورەیی و شکۆی لەدەسچووی ژنان قەرەبوو بکرێتەوە و ژنان وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگای ئینسانی ڕۆڵێکیان لە چاکسازیی جیهاندا هەبێت.”
لە سەدەی ١٨دا بە هۆی بەرتەسککردنەوەی بازاڕی کار بۆ ژنان، هەندێک لە ژنان ناچار بوون ڕوو لە لەشفرۆشی، خزمەت لە سپا و تەنانەت دزی بکەن.
وەکوو سەدەی ١٧، ژنانی بریتانیایی بەهۆی قەبووڵ نەکردنی پێشێلکارییەکانی بۆرژوازی، بەرەو ئامریکا وەڕێ کەوتن و بە بەشداری لە گرووپە تێرۆریستییەکاندا خوازیاری سەربەخۆیی بوون. بەڵام نە یاسای بنەڕەتیی ئامریکا و نە جاڕنامەی سەربەخۆییی ئەم وڵاتە پێگەی هاووڵاتیبوونی وەکوو مافێکی سیاسی بۆ ژنان بە ڕەوا نەبینی.
لە سەدەی ١٨دا ژنان بەشدارییان لە شۆڕشەکاندا دەکرد و خوازیاری مافی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی بوون.
ئۆلیمپ دوگوژ، جاڕنامەی مافی ژنان بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا هاتووە: ” کاتێ ژن مافی ئەوەی هەیە لەسێدارە بدرێت، کەوابوو دەبێ ئەو مافەشی هەبێت لە تریبوون بۆ بەرگری لە مافەکانی کەڵک وەربگرێت.
لە ساڵی ١٧٩٣دا، ژنان دوای بەشداری لە شەڕی ١٧٩٢دا، سێ پرسیاریان ئاراستەی نوێنەرایەتیی فەڕانسە کرد کە باس لە ئازادیی ژنان لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە پاریس، هەبوونی مافی سیاسی و گۆڕینەوەی بیروڕا لە بنکە و ناوەندە سیاسییەکاندا بکەن کە ئەندامانی پارلەمان بە دەنگی نەرێنی، هەلومەرجیان بۆ “مەرگی سیاسی”ی ژنان ئامادە کرد.
لە بەرانبەردا ئیتالیا، نەریتی ژنانی بیرمەندی درێژە پێدا، سێ ژنی مامۆستای زانکۆ بەهۆی بەرهەمەکانیانەوە لە تەواوی ئورووپادا ناسرابوون. لە سەدەی ١٨دا لە باکووری ئیتالیا چل ژنی هونەرمەند هەبوون کە ژمارەیەکیان بە دزییەوە کاریان دەکرد و لە کۆتاییدا، بەرهەمەکانیان بە ناوی باوک و برا و هاوسەرەکانیانەوە تۆمار دەکران.
ژنانی سەدەی ١٨، مافی ڕاهێنان و پەروەردە، مافی ئابووری، دەستپێڕاگەیشتن بە مافی سیاسی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بە داواکاریی ژنانی سەدەی پازدەیەم زیاد دەکەن و و دواتر ئەم ئەندێشەیە کە ئازادیی ژن، ئازادیی کۆمەڵگایە دێتە ئاراوە.
لە بەشی پێنجەمدا نووسەر دەڵێت ئەگەرچی باس لە ئیشی ژنان لە سەدەی شازدەیەمەوە دەست پێ دەکا، بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەمدا یەکگرتوویی لە دژی ژنان دروست دەبێ. دژایەتی لەگەڵ ئیشی ژنان لە فەڕانسە، وا دەکات کە مانگرتنی یەکیەتیی کرێکاران بێتە ئاراوە. لابردنی ژنان لە بازاڕی کار، پیاوانی کردبووە خاوەنی کارەکەر لە ماڵەوە کە ئەمە وای کردبوو لە پاریس و لەندەن، لە سەدەی نۆزدەیەمدا لە نێوان ٤٠ هەتا هەشتا هەزار ژن ڕوویان لە لەشفرۆشی کردبوو.
لەم دۆخەدا سەرهەڵدانی ژنان شتێکی نائاسایی نییە، بۆیە دەبینین کە ژنانی کرێکار لە دژی حەقدەستی کەم، نەبوونی هەلی کار، دژواریی کار و ژنانی بورژواش لە دژی بێبەشی لە هەموو مافێکی سیاسی و ئابووری دەچنە ڕیزی ڕاپەڕینەکانەوە. سەرەڕای ئەمانەش، لە سەدەی ١٩دا، لەقاودان تا ئەو ڕادەیە نەچووە پێشێ کە بتوانێ ناکۆکیی نێوان بەرە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ژنان لەناو ببات.
لەم سەردەمەدا، ژنان لە بواری جۆربەجۆردا، کەوتنە چالاکی. هەندێ گۆڤار و بڵاوکراوەی وەکوو “هاواری ژنان” و “بۆچوونی ژنان” بڵاوکرانەوە کە خوازیاری مافی دەنگدان و خۆهەڵبژاردن بۆ ژنان بوون.
لە ساڵی ١٨٤٠ ژنانی کرێکار لە ئامریکادا، ڕۆژنامەیەکی تایبەت بڵاودەکەنەوە و دەکەونە لەقاودانی ماوەی زەمەنیی کار، کەمبوونی کرێ و حەقدەست بە بەراورد لەگەڵ کار، خێراییی ئاهەنگی کار و جووتبوونی زۆرەملێ. ئەم ڕووداوانە نیشان دەدەن کە پێوەندیی نێوان شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی ژنان بە باشی بەدی هاتووە.
لە فەڕانسەش شەپۆلێکی فێمێنیستی بە وتەبێژیی ژنانی بورژوای کەمداهاتی ڕۆژنامەوان و مامۆستای قوتابخانە پێکهات.
دەستپێڕاگەیشتن بە فێرکاری لە هەموو ئاستێکدا بۆ فێمێنیستەکانی سەدەی ١٩، سەرکەوتنێکی مەزن بە ئەژمار دەهات. لە سەدەی ١٩دا، ژنانێکی زۆر لە بواری جیاوازدا ناو و ناوبانگیان دەرکرد. لە بواری هونەر، ئەدەبیات، بیرکاری، ئەستێرەناسی و لە بواری زانستیدا، ژنان گەڕان و پشکنینی مەترسیداریان بۆ بەدواداچوونی ئیش و کارەکانیان ئەنجام دا.
بیرۆکەیەکی سەرەکی کە لە بزووتنەوەی فێمێنیستیی سەدەی ١٩دا سەری هەڵدا، ئەوە بوو کە ژنانی هەموو وڵاتانی جیهان دەبێ یەک بگرن و بە یارمەتیی یەکتر مافی خۆیان بەدەست بهێنن.
نووسەر لە بەشی شەشەمدا دەپەرژێتە سەر ئەم باسە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەندێ کێشە وەکوو پەیوەندیداربوونی جیاوازیی ژن و پیاو بە فێرکاری و پەروەردە، ناڕەزایەتی سەبارەت بە مەرگی مەدەنیی ژن لە بنەماڵە و وەلانانی ئەخلاقی ڕەگەزی، ئازادیی ژن لە کاروچالاکی، مافی کەڵک وەرگرتن لە چێژ و خۆشیی دوور لە پێوەندی هاوسەری و کۆمەڵێک کێشەی دیکە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بە چارەسەرنەکراوی مابوونەوە، لە ئەندێشەی فیمێنیستیی ڕۆژاوا جێگەی خۆیان کردبووەوە.
لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان لە کارخانەی چەکسازیی فەڕانسە و بریتانیا وەکوو کرێکار وەرگیران تا جێگەی ئەو پیاوانە پڕ کەنەوە کە دەچوونە بەرەکانی شەڕەوە.
لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک لە فێمێنیستەکان، کۆنفرانسێکیان لە لاهە پێکهێنا. ژنانی ئاڵمان، بریتانیا، نەمسا، مەجارستان و ئیتالیا، بۆ مەحکوومکردنی ئازاری زاڵ بە سەر ژناندا کۆبوونەوە و دژایەتیی ئەم بابەتەیان کرد و وەکوو خوشک یارمەتیی یەکتریان دەدا. هاوکات لەگەڵ خەباتی فێمێنیستەکان، ژنانی کرێکاریش لە تێکۆشاندا بوون و خوازیاری دابینکردنی بژێوی ژیانیان و چوونەسەری حەقدەست بوون، لە ڕاستیدا چوونەسەری حەقدەستی ژنان، ئاکامی خەباتی کرێکاری بوو. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، ژنان لە ٢١ وڵاتی جیهاندا، مافی دەنگدانیان بەدەست هێنا.
بارودۆخی ژنان لە وڵاتە فاشیستیەکاندا جیاواز بوو، پڕۆژەی بەکارهێنانی ژنان وەکوو بوونەوەری ژێردەست کە دەبوایە لە خزمەتی پیاودا بن و منداڵی زۆرتر بە دەوڵەتە ناسیۆناڵ – سۆسیالیستەکان ببەخشن، لە لایەن کۆمەڵگا فاشیستییەکانی ئاڵمان، ئیتالیا و ئێسپانیاوە دامەزرا.
ئاڵمان دروشمی سێ پیتی K (کلیسا، چێشتخانە و منداڵان)ی هێنایە ئاراوە و یەکەمین وڵات بوو کە بە یاسا، ژنانی لە کاری دەرەوە وەلانا. کچانی گەنجی لە کولتوور دوورخستەوە و لە چوون بۆ قوتابخانەی تیکەڵاو پێشی پێ گرتن و ئەرکی پزیشکیی لێیان قەدەغە کرد. بە گشتی لە بەرنامەی دەوڵەتی نازیدا، “ژن جۆرێک لە ئاژەڵ” بە ئەژمار دەهات.
نازییەکان لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە فێمێنیزم، جۆرێک گەنەکاریی بۆرژوازی و هێرش بۆ سەر ڕێکوپێکیی سروشتی نێوان شتەکانە.
لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا، بارودۆخی ژنان و بزووتنەوە فێمینیستییەکان گۆڕانیان بەسەرداهات، ژنان دەستیان دایە خۆڕاگری و بەربەرەکانێ لە دژی فاشیزم کە دوو شێوە بوو، یەکەم تێوەگلانی ژنان لە لەشکر و شەڕی پارتیزانی، دووەم، بەشداریی بەکۆمەڵ لە بەرهەمهێنانەوەی شەڕدا، کە بەشداریی ژنانی یەکیەتیی سۆڤییەت، بۆ بەرگری لە خاکی وڵاتەکەیان لە دژی شاڵاوی نازی، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم بەشدارییەیە.
ماوەیەک پاش دەسپیکردنی شەڕی دووهەمی جیهانی لە یەکیەتیی سۆڤیەت، ژنان کۆمیتەی دژەفاشیزم دادەمەزرێنن و بەم شێوەیە هاودەنگی لە نێوان ئەوان و ژنانی ئورووپای ناوەندی و باشووری ڕۆژهەڵات دێتە ئاراوە. پاش تەواوبوونی شەڕ، دیسان ژنان لە بازاڕی کار وەلانران، بەڵام ئەمجارە ژنان لە ئامریکا بە ئاسانی لە بازاڕی کار نەچوونە دەر. هاوکات لە گەڵ ئەمەشدا لە بریتانیا و ئامریکا باخچەی ساوایان، چێشتخانە و قوتابخانە کە بۆ کارئاسانیی ژنان دامەزرابوون، لەناوچوون.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، کتێبی “ڕەگەزی دووهەم”ی سیمون دوبووار لە ساڵی ١٩٤٧ ، توانی شۆڕشێک بەرپا بکات و نیشان بدات کە بەربەستەکانی سەر ڕێگای ژنان دەرەنجامی پێشداوەری، نەریت، یاسای کۆن و بە گشتی کولتوور و کۆمەڵگایە کە ژنانیش خۆیان تێیدا ڕۆڵیان هەبووە نەک سروشت.
چالاکیگەلی جۆراوجۆر و گرووپ و دامەزراوەی بچووک و جیاوازی فێمێنیستیی زۆر سەریان هەڵدا کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە پیکەوە زۆر کۆک نەبوون، بەڵام بۆ ڕزگاریی ژنان کاریان دەکرد.
ژنان بە بیروباوەڕی جیاوازەوە ڕۆڵی لەقاودەریان لە وەلانانی ئەو ئیدئۆلۆژییە کۆنانەدا گێڕاوە کە پانتاییی گشتی و تایبەت لێک جیا دەکەنەوە.
نووسەر دەڵێت کۆمەڵگای پیاومەزن بەر لە سیستەمی سەرمایەداری سەری هەڵداوە و لەسەر بنەمای ئەم بەرهەمە، شاراوەیی و نەبینراوەییی ژنان لە بنەماڵەدا دامەزراوە. بۆیە خەباتی فێمێنیستی دەبێ لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی ژنان سەبارەت بە بەرهەمهێنانی ماڵی دەست پێ بکات. واتە یەکەمین چەوساندنەوەی ژنان هەر لێرەوە دەست پێ دەکات و هۆی سەرەکیی بارودۆخی نالەباری ژنان لە بواری دیکەی ئابووری، کولتووری و سیاسی هەر بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە.
لە بەشی ئاکام و کۆتاییی ئەم کتێبەدا، نووسەر باس لەوە دەکات کە سەرکوتکردنی ژنان، ماوەی ٨ هەزار ساڵە کە بەردەوامە و ژنان تاکوو ئێستاش لە ژێر ڕکێفی سیستەمی باوک مەزنیدان. بۆیە دەڵێت: یەکەمین کۆکبوون سەبارەت بە مەزنیی چەمکی ڕەگەزی مێ، لەبەرچاوگرتن و ڕێز لە کەسایەتی و حورمەتی ژنە و بۆ ئەم کارە پێویستە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان وەلا بنرێت.
نووسەر لەم بەشەدا ئاماژە بە ڕۆڵی فێمێنیستەکان لە دامەزراندنی جیهانێک کە ئاشتی و دادپەروەری بۆ هەموو چین و توێژەکان بەدی دێنێ دەکات کە سەرهەڵدان و بەئاکام گەیشتنی وەها دۆخێک تەنیا هەل و دەرفەتی زێڕین و شانسی مانەوەی مرۆڤایەتییە.