ئارامتر بخوێنەوە!
باسێکی کورت لەسەر کتێبی مێرگی هەڵاڵەسوورەکان، نەگوتراوەکانی ژنانی خەباتکاری کوردستانی ئێران
“در اوایل دوران زندان، نوار بهداشتی بسیار کم میدادند؛ تا جایی کە من نوار بهداشتیام را میشستم و دوبارە از آن استفادە میکردم. زندانیانی هم بودند کە اجازە رفتن بە دستشویی نداشتند و میبایست در سلول احتیاج خود را رفع کنند.” (٣٣)
“ما همیشە در زندان گرسنە بودیم؛ نمیدانم چرا و بە چە دلیل!” (٤٥)
“در میان ما کسانی بودند کە بسیار میترسیدند. مثلا دختری بود کە تا او را صدا میزدند، از شدت ترس دچار خونریزی میشد.” (٤٧)
“بازجویی در نیمەشب، خود حالت ترسناکی دارد و زندانی را مضطرب میسازد. از زیر چشمبند میدیدم کە بازجو با پیژامە در برابرم نشستەاست. ترس از تجاوز وجودم را فرامیگرفت. در تمام بازخویی، چشمبند داشتم و بازجو را نمیدیدم. این هم ترس مرا بیشتر میکرد.” (٨٩)
“وقتی همدیگر را ملاقات کردیم، او را (مادر) در آغوش گرفتم. از خوشحالی در پوست خود نمیگنجیدیم. احساسی عجیب و غیرقابل توصیفی داشتم. انگار از خوشحالی پرواز میکردم. در همین اولین درآغوش گرفتن درگوشم چنین گفت: دخترم، اگر بە تو تجاوز کردەاند، خودکشی کن! حالا کە بە این مسئلە فکر میکنم از خود میپرسم چگونە مادری با این همە عاطفە کە آرزویش سلامتی و دیدن فرزندش بود، توانست چنین چیزی بە دخترش بگوید؟ این واقعە بیشتر از پیش مرا از تجاوز ترساند؛ بیشتر از هر شکنجە دیگری.” (٩١)
ڕستەکانی سەرەوە و سەدان ڕستەی وەها لە کتێبی گلزار شقایقها، ناگفتەهای زنان مبارز کردستان ایران (١٣٩٩) لە نووسینی خاتوو گوڵروخ قوبادی دانیشتووی سویدە. گلزار شقایقها (مێرگی هەڵاڵەسوورەکان) دووهەم کتێبی قوبادی سەبارەت بە نەگوتراوەکانی خەباتی ژنانە. کتێبی یەکەمی نووسەر، شقایقها بر سنگلاخ ساڵی ٢٠١٥ چاپ و بڵاو کرایەوە.
مێرگی هەڵاڵەسوورەکان بەسەر چوار بەشدا دابەش بووە، ڕەوایەتەکانی ژنانی زیندانیی سیاسی، باسی دایکانی شۆڕشگێڕی ناو شارەکان کە وێڕای هاوسەر و منداڵەکانیان دژی ڕێژیمی ئاخوندی خەباتیان کردووە، ڕەوایەتی ئەوانەی تەبعید کرانە شارەکانی ئەوپەڕی ئێران (کە زۆر کەم ئەم بەسەرهاتانە بەداکۆمینت کراوە)، و لیستی ژنانی شەهید. هەر کام لەو بەشانە لە زمان خودی تاکەکان یا منداڵانی ئەو ژنانە یا ڕەفیقەکانیانەوە گێڕدراونەتەوە. دیارە قوبادی خۆی پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە، بەڵام لەو کتێبەدا هەوڵی داوە کە ڕەوایەتەکان لە تەیفی جۆراوجۆر بن؛ بۆ وێنە ڕەوایەتەکانی ژنانی زیندانی، کەسانێکن لە هێزەکانی کۆمەڵە و سازمانی فەدایییەکان. هەروەها لە ئاخری کتێبەکەدا ناوی زۆربەی ژنانی شەهیدی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکان، غەیری حیزبی و سەربەخۆ، لەناو ڕۆژهەڵات یا دەرەوەی ڕۆژهەڵات کە بە هۆی جیاوازەوە شەهید بوون، هاتووە.
هەموو بەشەکانی مێرگی هەڵاڵەسوورەکان گرینگیی تایبەتیان هەیە، لەوانەش بەشەکانی سەبارەت بە دایکانی شۆڕشگێڕ و ئەوانەی کە بە حوکمی کۆماری سێدارە لە کوردستان دوورخرانەوە، بەڵام لێرە بەهۆی کەمیی کات کە تەنیا چەند ڕۆژ بۆ چاپی ژمارەی داهاتوو گۆڤاری تیشک ماوە و کتێبەکە درەنگ گەیشتە دەستمان، تەنیا بە کورتی لەسەر بەشی ڕەوایەتەکانی زیندان ڕادەوەستین. هەڵبەت کەمیی کات نابێتە هۆی فەرامۆشی. ئێمە هەرگیز ئەوانە فەرامۆش ناکەین کە چۆن سەرەڕای دۆخی سەختی ناو شارەکان، لەدەستدانی کار و ڕسقی ژیان، شەهید بوونی منداڵەکانیان و پەڕتەوازەیی هەمیسان بەشێکی گرینگ لە خەباتی قارەمانانەی نەتەوەی کورد بوون و هەن. “ڕەخشەندە بلووری” و “ئاباجی” و دەیان ژنی کۆمەڵە و دێمۆکرات و بنەماڵەیتری کورد، نموونەی هەرە بەرچاوی خەباتی ژنانی ناوشارەکانن.
بەشی ژنانی زندانیی سیاسی وتووێژە لەگەڵ چوار خاتوون:
١. گوڵباخ سەلیمی لە کۆمەڵە
٢. مینا لبادی لە فەدایییان کە لەگەڵ هاوسەرەکەی “اصغر ضیغمی” گیران و هاوسەرەکەی ئیعدامکرا
٣. شەهلا پەرویزی لە فەدایییان
٤. نازدار برواری لە کۆمەڵە، کە هاوسەرەکەی “عەلی ئاشناگەر”یش چەند ساڵ لە زیندان دەبێ.
هەروەها دووبارە نووسینەوەی ژیانی “ایران خاکسار” لە لایەن نووسەری کتێبەوە بە پشتبەستن بە وتووێژ لەگەڵ دۆستانی خاکسار و تەیب. خاکسار هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی “طیب عباس روحالهی” دەگیرێن و هەردووک ئیعدام دەکرێن.
گوڵباخ سەلیمی ساڵی ١٣٦١ لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەگیرێ. مینا لبادی و نازدار برواری، دایکی منداڵی سەروپێچکە دەبن کە دەیانگرن. شەهلا پەرویزی تەمەنی ٢١ ساڵ بووە کە دەکەوێتە زیندان. خاکسار زەمانی شا زیندانی بووە و ساڵی ١٣٦١ لە تەمەنی٣٠ ساڵی بۆ جاری دووهەم لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری سێدارەدا، دیسان دەکەوێتە زیندان.
ئەوەی کە لە ڕەوایەتی ئەم زیندانییانە دەبیسترێ و هەست پی دەکرێ دەریایەکە لە بەربەرییەت و تاوانەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێرانی. هەڵبەتە ئەم ڕەوایەتانە مشتێ لە خەروارن. هەزاران هەزار ئینسان لەو چل ساڵەدا زیندانی، ئەشکەنجە و ئیعدام کراون. ئێران نموونەی بێدادیی ئەشکەنجەگەران و دەسەڵاتدارانی، نموونەی بێڕەحمین کە پابەندی هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و ئینسانی نین. بە قەولی “باقر مؤمنی” کە لە پشتبەرگی کتێبی گلزار شقایقها نووسیوێتی: “کاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە، وڵاتێکت دێتە پێش چاو کە لەوێ ئیبلیس دەسەڵاتدارە و جندۆکە و شەیتانەکان بە کەیفی خۆیان دێن و دەڕۆن و هەر کات بخوازن، بەیانی یا ئێوارە یا نیوەشەو، هێرش دەکەنە سەر ماڵی خەڵک، و نە تەنیا پیاوان، بەڵکوو ژنان و منداڵان بە چێژێکی نەخۆشانە ئازار دەدەن و ئەگەر کەسێک لەبەرانبەریاندا ڕاوەستێ بە گوللە و کارد دەیپێکن و دەیکوژن. ئەوان جگە لە زیندانی کردن و ئەشکەنجەی ئینسانەکان، بنەماڵە و خزمەکانیشیان بە کۆمەڵ لە ماڵ و سەرپەناکانیان دوور دەخەنەوە، دەیانخەنە تەبعید و بێپەنا لە وڵاتی غەریب و نەناس ئاوارەیان دەکەن.”
ئێستا وردە وردە ڕەوایەتەکانی زیندانیان کە لەم چل ساڵەدا زیندانی و ئیعدام کراون، دەنووسرێنەوە و دەبیسترێن. بۆ وێنە چەند ساڵ پێش لە دادگای “ایران تریبونال” لە لاهە زۆر زیندانی پێشوو بەشدارییان کرد و بەسەرهاتەکانی ئەوان کە ئێستا دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن، مچوڕکی بە ڕوح و دڵی ئینساندا دێنا. زۆربەی زیندانییان ئێستا دوچاری خەمۆکین. ئێمە لەگەڵ ئوقیانووسێک لە تاوان ڕووبەڕووین کە کەس نازانێ سوونامیی ئەم تاوانانە ڕۆژێک بۆ کوێمان دەبا. کاتێک لەگەڵ ڕوایەتەکانی زیندان، چ لە کتێبی مێرگی هەڵاڵەسوورەکان و چ لە کتێب و فیلم و بەرنامەکانی ڕادیۆییی دیکەدا ئاشنا دەبین، لەخۆمان دەپرسین “ئینسانییەت لە کوێیە و بۆ ون بووە؟ چۆن دەکرێ ئینسان ئەو هەموو تاوانە بکا؟” بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە هەن و زۆرن ئەوانەی کە ئەو تاوانانە دەکەن و زۆر تاوانیش ئێمە لێیان ئاگادرا نین.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕەوایەتەکانی کتێبی مێرگی هەڵاڵەسوورەکان، دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ بکەین، لەوان:
١. بۆ ئەشکەنجەگەران و دەسەڵاتدارانی ئێرانی، تەمەن و جنسی زیندانی هەرگیز گرفت نەبووە و ئێران هەموو کۆنوانسیۆنەکانی جیهانی لە ژێرپێ ناوە. هەر لە ساڵانی یەکەمەوە بۆ وێنە لە مهاباد منداڵی ١٢ ساڵە ئیعدام کرا. لەم کتێبەدا دەبینین کە گوڵباخ لە تەمەنی ١٥ ساڵی دەکەوێتە زیندان و زیندانەکان پڕبووە لە منداڵ، چ وەک زیندانی و چ هاوڕێ لەگەڵ دایکانی زیندانی.
٢. دۆخی ناو زیندانەکان تا ئەو پەری بێدادی و دڵتەزێنی بووە. زیندان لە خۆیدا بێڕەحمانە سەختە، بەڵام بە هۆی پێکهاتەی فیزیکیی ژنان هەمیشە بۆ ژنان زیندان چەندقات سەختترە. بۆ وێنە لەم کتێبەدا باس لەوە دەکرێ ژنی زیندانی تەنانەت دەستی بە سادەترین کەرەسەی پێویستی وەک “نوار بهداشتی” ناگا، و کچانێک بوون کە لەگەڵ هەر جار بانگ کردنێک بۆ بازجوویی لە ترسان وەسەر خوێن کەوتوون.
٣. ئەشکەنجە خۆی لە خۆیدا دژی ئینسانییە. لەم کتێبەدا دەبینین ئەشکەنجە لە زیندانەکانی کۆماری سێدارەدا لەڕادەبەدەر قورس و توندن وەها کە بۆ وێنە گوڵباخ ٩٠٠ دانە شەللاقی لێدەدرێ.
٤. سەرەڕای ئەو ئەشکەنجە سەختانە زۆربەی زیندانییان مقاومەتیان کردووە. هەر بۆیە لە نێوان ساڵانی ١٣٦٠ هەتا ١٣٦٧دا هەزاران هەزار ئینسان ئیعدام و بێسەروشوێن کران. هەر لە هاوینی ١٣٦٧ زیاتر لە بیست هەزار زیندانی ئیعدام کران، وەها کە بە گوێرەی زۆر ڕەوایەت تیمەکانی ئیعدام پێڕانەدەگەیشتن.
٥. بەرخۆدان هەمیشە ڕق و کینەی زیاتری زیندانبانی لەگەڵە، کە ئەوەش زۆرجار دەبێتە هۆی هارتر بوونی زیندانبان و چاوەدێر.
٦. بەرخۆدانی ژنانی ناو کتێبی مێرگی هەڵاڵەسوورەکان، ژنانی ناو شارەکان لە کاتی خەباتی چەکداریدا، ژنانی تەبعیدی، سەدان ژنی پێشمەرگە و ژنانێک کە ئێمە هەر نایانناسین، بەشێکی بەهێزی کەسایەتی و هۆویەتی ژنی کورد و سۆبژەی ئەرێنی و چالاک پێکدێنێ. ئێمە بە دەیان جار لە کتێبی مێرگی هەڵاڵەسوورەکاندا دەبینین کە سەرەڕای ئەشکەنجە، برسێتی و تەحقیری ڕۆحی و جەستەیی و کولتووری و سیاسی، ئەو ژنانە لەبەرانبەر زیندانباندا ئامادە و بەباوەڕ ڕادەوەستن و دەیان جار دەخرێنە بەندی تاکەکەسیی تەنگ و سارد و جاری وایە چەندین شەو و ڕۆژ لەسەر پێ ڕاوەستاون.
٦. زۆربەی زیندانییان تەنانەت دوای ئازادبوون، دوچاری نەخۆشیی جیددی بوون. شەهلا ئاماژە دەکا کە نەخۆشیی MS کەی هەر لە ئاکامی گوشار و ڕەنجی زینداندا بووە و گوڵباخ دەڵێ کە ئێستا گرفتی پشت و سیاتیکی هەیە. جیا لە گرفتە قووڵەکانی ڕۆحی و ڕەوانی کە ئێستاش یەخەی ئەوانی بەرنەداوە، بەڵام ئاسەواری فیزیکیی زۆر توندی بەهۆی ئەشکەنجە لەسەر جەستەیان بەجێ هێشتووە.
٧. زۆر شەهید هەتا ئێستاش گۆڕەکانیان دیار نییە. ئیعدامی چالاکان بەدەست کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بەردەوامە. نموونەی هەرە بەرچاو، ڕامین حوسێنپەناهییە کە تا ئێستا دایە شەریفە لە کوڕەکەی دەگەڕێ.
٨. گرینگترین خاڵ لە باسەکانی زیندان و ژناندا ڕەنگە باسی سێکسوالیتە و زیندان بێ. ژنی زیندانی هەمیشە لەگەڵ ترسی تەجاوز/ دەستدرێژیی جنسی ڕووبەڕوویە. ترسێک کە تەواوی ئەو ژنانە باسی دەکەن. سێکسوالیتەی ژنی زیندانی خاڵی هەستیاری ژنانە. چونکە ژن لە کۆمەڵگایەکدا دەژی کە وەک شەڕەفی بنەماڵە و پیاو و نەتەوە چاوی لێدەکرێ. ترسی دەستدرێژی بە ژنی زیندانی هەم بۆ خودی زیندانییە و هەم بۆ بنەماڵەکەی. لەو کتێبەدا دەبینین کە شەهلا باس لەوە دەکا کە دوای چەندین مانگ کاتێک دایکی دەبینێ و ئەو دڵی بە دیتنی دایکی خۆشە کەچی دایکی لە بنی گوێیدا دەڵێ “ئەگەر دەستدرێژییان پێ کردووی خۆت بکوژە”، کە ئەوە بۆ شەهلا وەک شۆکێکە.
٩. زۆربەی جار ژنانی زیندانی لەگەڵ خۆیان بڕیاریان داوە کە ئەگەر دەستدرێژییان پێ بکرێ خۆیان بکوژن. چونکە ئەوان دەزانن لە کولتوورێکدا دەژین کە ژن بە سێکسوالیتەکەی گرێ دەدەن. سێکسوالیتەی ژنان هەمیشە تابۆیە و ژن کە دەستدرێژیی پێ کرا بە چاوی سووک دەبیندرێ. لە کاتێکا کە دەبێ دەسەڵات و زیندانبان تاوانبار بکرێن، هەمیسان ئەوە ژنە کە زیاتر بە سووک چاوی لێ دەکرێت. ژنان لە هەموو دنیادا و لە کاتی شەڕ و زیندانی بووندا خەتەری دەستدرێژییان لەسەرە. هەڵبەت ئێستا ئەو خەتەرە لەسەر پیاوانیش زۆرە.
١٠. دوای زیندان زۆر جار کچانی زیندانی تەریک خراونەتەوە و بۆ وێنە ئیمکانی هاوسەرگیرییان کەمتر بووە. بەڵام سەرەڕای گرفتەکان، ئەوانەی کە لە زیندانەکاندا مقاومەتیان کردووە دوای ئازادبوون توانیویانە لەسەر پێ ڕاوەستن و باوەڕ و متمانەی خەڵکیان وەدەست هێناوە.
١١. کێشەیەکی گەورەی ژنانی زیندانی منداڵەکانیانن کە یا لەگەڵیان لە زیندانن و یا لە دەرەوەی زیندان لە لای بنەماڵەکانن. منداڵ وەک نزیکترین خۆشەویست بە دایک هەمیشە زیاتر دایک/ژن دەخاتە دۆخی دڵەڕاوکێ، شک، ترس و شکان. دایک هەمیشە لەسەر لێواری هەڵدێرێکە لە نیوان هەڵبژاردنی خەبات و نەتەوە یا منداڵەکەی. بەداخەوە منداڵەکانیش زۆر جار تووشی کێشەی ڕوحی هاتوون و کاتێکی زۆری بردووە تا بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاساییی خۆیان.
١٢. ئیعدامی هاوژین و هاوسەر لە زیندان و بە تەنیا مانەوە لەگەڵ منداڵ و ئەرکی ڕاگرتنی ژیان و منداڵ بۆ ئەو ژنانە بەتایبەت لە دۆخی نالەباری ئابووریدا کێشەیەکی تری ژنانی زیندانییە. بۆ وێنە مینا و نازدار کە منداڵیان بووە بە ڕوونی باسی ئەو دژوارییە دەکەن.
١٣. زیندانیی کورد کە دەکەوێتە زیندانەکانی دەرەوەی شارەکانی کوردستان، چەند قات دۆخی سەختتر دەبێ. لەو زیندانانە، تەنانەت مافی کوردی قسەکردن لە زیندانی دەستێندرێتەوە. بنەماڵەکان کە لە شارەکانی کوردستانڕا دێن، ناتوانن لەگەڵ منداڵەکانیان بە کوردی قسە بکەن و زۆر جار بەو بەهانەیە ناهێڵن منداڵەکانیان ببینن. ئینسانی زیندانی کە زمانی دایکی لێ بستێننەوە لە ڕاستیدا فەلەج دەبێ. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی پسیکۆئانالیز/دەروونشیکاری و لینگویستک و زمانناسی، هەستە قووڵەکانی ئینسان هەمیشە بە زمانی دایک/زمانی یەکەم دەردەبڕدرێ.
١٤. کاتێک زیندانیی کورد بۆ وێنە لە زیندانی ئەوین لە تارانە، جیا لە خودی زیندانی، گوشارێکی چەند قات لە هەموو بوارەکان دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵەکان بە تایبەت دایکەکان کە سەدان کیلومیتر ڕێگا دەپێون.
١٥. تاقەت و هێزی ئینسان سنووردارە. هەموو کەس بە زۆر هۆی جەستەیی، ڕۆحی، بنەماڵەیی و کولتووری، ناتوانێ هەتا سەر، لەسەر باوەڕەکانی ڕاوەستێ. زۆر کەس لە زیندانەکاندا خۆیان کوشتووە. زۆر کەس هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. زۆر کەس بەرگەیان نەگرتووە و تێکچوون و یا خەمۆکیی قووڵ بەرۆکی گرتوون. کۆماری ئیسلامی بۆ کوتانی زیندانیانی “سر موضع” زۆرجار لە “تواب”ەکان کەڵکی وەرگرتووە. واتە سیاسەتی “ڕەفیق لە بەرانبەر ڕەفیق”ی گرتووەتەبەر کە ڕەنگە ئەوە دڵتەزێنترین بەشی ژیانی زیندان بێ. زۆر زیندانی دواتر زانیویانە کە بازجوویەکان ویستوویانە ئەوان فریوبدەن، بۆ وێنە گوڵباخ کە فریویان ناخوا و بەمجۆرە ویستوویانە یا زانیاری وەدەستخەن و یا زیندانیی پێ بشکێنن. هەڵبەت لێرەش دەبێ دیسان کۆماری ئیسلامی و ئەشکەنجەگەر بە تاونباری سەرەکی بناسین نەک تەواب.
١٦. سیاسەتی زیندانبانی ئێرانی ئەوەیە کە نەک هەر لە زیندان بتشکێنی، بەڵکوو کەرامەت و ژیانی دوای زیندانیشت لێ وێران بکا تا نەتوانێ دیسان بچیتەوە ناو ڕیزی خەباتکاران. هەر بۆیە سیاسەتی شکاندن، تۆبە وەرگرتن، هێنانە سەر تیڤی لەناو زینداندا تا ئێستاش لەلایەن ئێرانەوە پەیڕەوی دەکرێ.
١٧. سەرەڕای چل ساڵ بێدادی کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو جۆرێک نەتەوەی کورد و باقیی خەباتکارانی دژ بە خۆی قەتڵوعام و زیندانی دەکا، بەڵام دیسانەوە ئینسانی کورد لە شار و لە شاخ لەسەر خەباتی خۆی بۆ گەیشتن بە ماف و پێگەی ئینسانی و سیاسی و نەتەوەییی خۆی بەردەوامە. لەم کتێبەشدا دەبینین کە زۆربەی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان دوای ئازادبوون، لە خەباتی ڕەوای خۆیان بەردەوام بوون و پاشەکشەیان نەکردووە.
١٨. کورد بوون، هاوئایینی دەسەڵات نەبوون (و بێ باوەڕی بە ئیسلام)، ژن بوون، پێشمەرگە و خەباتکار بوون دەبێتە پێکهاتەیەک کە داگیرکەری ئێرانی هەمیشە تۆ لە چەند توێژی جیاوازدا وەک “ئەویتر” ببینێ و هەوڵی شکان و نەمانت بدا.
١٩. ڕاستە بۆ کۆماری ئیسلامی هەموو ئەوانەی لە بەرانبەریدا ڕادەوەستن، “خودی و غیر خودی”، دەبێ لەناوبچن، بەڵام بۆ نەتەوەکانی غەیری خۆیان وەک کوردەکان و بەلووچەکان، هەمیشە دۆخەکە چەند قات سەختتر بووە. ئەوانەش کە بۆ وێنە فارس بوون، وەک “ایران خاکسار” بەڵام هاتوونەتە ناو خەتی بەرگری لە کورد، تووشی قین و ڕقی دەسەڵاتدان بوون و گیانیان لەدەست داوە.
بەداخەوە تا ئێستا ئەو جۆرەی کە پێویستە خەباتی ژنانی کورد لە شار، لەناو زیندان، لە تاراوگە (بەهەموو جۆرەکانی) بە بەڵگە و ئارشیو نەکراون. ئەوەش کە دەگەڕیتەوە سەر خەباتی ژنانی ناو شار و خەباتی مەدەنی، هەمیسان زۆر بایەخی پێنەدراوە و نەنووسراوەتەوە. ئەوانەش کە شەهید بوون، تەنیا ناویان وەک شەهید هەیە، ئەگینا لە ژیانیان شتێکی زۆر نازانین. تەنانەت ناوی هەموو شەهیدەکانیش تا ئێستا کۆنەکراوەتەوە و زۆر کەس نەناس و بێسەروشوێنن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ وێنە فارسەکان لە زۆر بارەوە چالاکن و بە دەیان کتێب لەسەر بیرەوەرییەکانی زیندان نووسراوە، و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا باسیان کردووە، تەنانەت سیمیناری وایان بووە کە ژنان باسی دەستدرێژیی زیندانبان بە خۆیانیان کردووە و هەموو بەشداران پێکەوە گریاون. کە ئەوەش زیاتر هەستی هاوبەش دروست دەکا و تابۆکان دەشکێنێ.
بە خوێندنەوەی ئەم جۆرە کتێبانە و لە ڕێگای نووسین و ڕەوایەتەکانەوە ئێمە دەتوانین بزانین:
١. قوولاییی تاوانەکان تا چەند و تا کوێ چوون.
٢. ئەوەی کە دەگەرێتەوە سەر ژنان ئەوەیە کە نرخی ئەو خەبات و قوربانیدانە بزانین و بتوانین کەسایەتی و هۆویەتی شایانی ژنان، بە تایبەت ئەو ژنانەی کە دەستدرێژییان پێ کراوە بگەڕێنینەوە. لە ڕوانگەی ئێمەوە دەبێ هەمیشە سیاسەتی سڕینەوەی ئاسەواری تاکتیک و ستراتێژییەکانی کۆماری ئیسلامیمان هەبێ و کاتێک ژنێک لە زیندان و یا بەهەر جۆرێک لە لایەن ئەوانەوە دەستدرێژیی پێ دەکرێ، ئاکار و دەسەڵاتی ئەوان بێتە ژێڕ ڕەخنە، نەک ژنەکە بخرێتە پەڕاوێزەوە.
٣. بتوانین لە دادگا نێونەتەوەیییەکاندا دادی ئەو ستەم و بێدادییانە بستێنین.
٤. خۆمان ئامادە بکەین هەرگیز لەو جۆرە تاوانانە نەکرێنەوە. مێژووی ئینسانی، شاهیدی بەردەوامیی تاوانە. با تۆوی هومێد لە دڵ و مێشکماندا بچێنین کە چیدی وا نەبێ و تاوانەکانی ئینسان دەرحەق بە ئینسان دووپات نابنەوە.
ڕەوایەتە نەگوتراوەکانی ژنانی کورد و ڕەوایەتەکانی گوتراو و نەگوتراوی پیاوانی کورد و زۆر ڕەوایەت کە تا ئێستا ئاشکرا نەبوون و یا زۆر کەم باسیان کراوە، گرینگیی تایبەتیان بۆ تاک و نەتەوەی کورد هەیە. هەر بۆیە کتێبەکەی گوڵڕوخ قوبادی، مێرگی هەڵاڵەسوورەکان، بۆ گێڕانەوە و نووسینەوەی بەشێک لە مێژووی کوردی ڕۆژهەڵات بە گشتی و خەباتی ژنانی کورد بە تایبەتی، ئەویش لە دەورانێکی یەکجار سەختی چل ساڵەدا، هەوڵێکی گرینگ و شایانی ڕێزە. ئینجا ماوەتەوە کە ئێمە دەبێ بە پشتبەستن بەو رابردوو و بەسەرهاتانە، زۆر هەوڵی زیاتر بدەین کە هەموو ڕەوایەتە نەنووسراوەکان بێنە سەر کاغەز و ببنە بەڵگە و ئارشیوی کورد.


