ئارامتر بخوێنەوە!

بۆ ئەحلام مەنسوور؟

پێشەکی

ئینسان بێ ئەوەی هەست پێ بکات، کەسانی دەورووبەری کاری تێدەکەن. کاریگەریی ئینسانەکان لەسەر یەکتر هێندێک جار کورتخایەن و هێندێک جار درێژخایەنە و کەلێن و قوژبنی مێشک دەتەنێ. زۆر جار ڕستەیەک لە کەسی بەرانبەر بۆ هەمیشە گیانت دەکۆڵێ و ژیانت دەگۆڕێ. بۆ کەسێک کە لە منداڵییەوە خوێنەری ڕۆمان و شیعر بووبێ و بە هۆی تاراوگەیی و کۆچ، خزم و کەسی لە دەوروبەری نەبووبێ تا کاریگەریی ئەوانی بەسەرەوە بێ، هاوڕێ و کتێب دەبنە گرینگترین سەرچاوەی کاریگەری و نەخشێنەری دەروونی. ئەوەندەی وەبیرم بێ شیعرەکانی هێمن و پەشێو لە تەمەنی گەنجیمدا زیاترین کاریگەرییان لەسەرم بوو. دواتر ڕۆمانەکان ئەو ڕۆڵەیان گرتە ئەستۆ؛ ڕۆمانەکانی: هۆگۆ، زۆلا، باڵزاک، ڕۆمەن ڕۆڵان، حەمەدۆک و ئەفسانەی چیای ئاگریی یاشاری مەزن، داغستانی منی حەمزەتۆف، جێین ئێیر، چیرۆکەکانی چێخۆف، دایک، پیاوی ژێرخاننشین، شازدە چکۆلە، چیرۆکەکانی سیلوێرێشاتین بۆ منداڵان هەتا ئەو ئاخر ڕۆمانانەی ئەم ساڵانەی دوایی: خانووی پەنای مزگەوت، ئێوارەی پەروانە، سژین، سەردەمی گریانی بەڵقیس، گابۆڕ، پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان، هتد.
بەڵام لە شوێنێکی زۆر نهێنیتری گیاندا، بیرێک بە ساڵیانی ساڵ دێت و دەڕوا و تۆ وەک ئەستێرەیەک بۆت ناگیرێ. هێندێ جار چاوی تێ دەبڕی. هێندێک جار ئەم ئەستێرەیە لەژێر تیشکی ئەستێرەکانی دیکەدا کەم دەنوێنێ. جاری واشە جریوەی ئەم ئەستێرەیەت لێ بزر دەبێ.
ئێمەی خوێنەر، زۆربەی جار بە هۆی دۆخ و پێکهاتە و بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، زۆرتر لەژێر کاریگەریی نووسینی نووسەرە پیاوەکانداین، بەڵام زۆرن ئەو بیرمەند و نووسەرە ژنانەی کە سەرەڕای دەسەڵاتی چڕی هزری و کولتووریی پیاوان، سنوورەکان دەبڕن و بە هۆی نبووغ و تایبەتمەندیی بیرمەندبوونیان، کاریگەری لەسەر خوێنەری خۆیان لە هەموو دونیادا دادەنێن. وەک: ڕۆزا لوکزامبورگ بیرمەندی خەباتکاری سۆسیالدێموکڕاسی، ویرجینیا وۆلڤ نووسەر و فێمینیستی مەزن کە لەسەر ئەوە پێداگریی دەکرد کە بۆ ئەوەی ژنێک بتوانێ ببێتە نووسەر، دەبێ هەم لە باری ئابوورییەوە سەربەخۆ بێ و هەم دەبێ فەزا و ژوورێکی بۆخۆی هەبێ. کارین بۆیە، شاعیر و بیرمەندی سویدی و خالەقی شیعری بەڵێ پشکووتن ژانی هەیە، ڕۆمانی کالوکاین و ڕۆمانی قەیران، هاننا ئارێنت بیرمەندی بێوینەی جوو لە بواری فەلسەفە و تیۆرییە سیاسییەکان، سیمۆن دێ بوار بیرمەندی گەورەی ئێکزیستێنسیالیست و فێمێنیستی فەڕەنسی خالقی کتێبی جنسی دووهەم کە بە ئینجیلی ژنان ناسراوە، پرۆفێسۆر تێرێس دێ لاورێتیس زانای بواری نیشانەناسی، دراماتۆلۆگی و فیلم، ڕەخنەگر و داهێنەری چەمکی Queertheory ، جودیت باتلێر فەیلەسووف و تیۆریسیەنی گەورەی ئەمریکی کە کوییر تیۆرییەکانی پەرە پێدا و ئاماژە بە ئاڵۆزیی پەیوەندی جنس(فیزیک)، جێندێر و سێکسوالیتە دەکا، هەروەها چۆن نۆڕمەکانی هێترۆسێکسوالیتە بەردەوام لە ڕێگەی زمانەوە بەرهەم دێنەوە، سپیڤاک تیۆریسیەنی دژەکۆلۆنیالیست و دایکی کتێبی ئایا ژێردەست دەتوانێ بدوێ؟ و دوایین کەس بەڵام یەکجار گرینگ؛ جولییا کریستێڤا دایکی چەمکەکانی intertextuality (نێواندەقی) و abjection نیشانەناسێک کە سەرلەبەری ڕوانگەمانی بۆ زمان گۆڕیوە و نیشانمان دەدا زمان هەڵگری هەردوو باری سیستەم و دەسەڵاتی باوکانە و نیشانە و گەرمای دایکانەیە. دەقی شاعیرانە بە ڕای کریستێڤا هەمیشە جۆرێک گەڕانەوەیە بۆ زێدی دایک.

دوو وێنە

کارین بۆیە بیرمەندی سویدی زۆر زوو دەزانێ کە هاوڕەگەزخوازە. ڕۆمانی قەیران، باس لە شەڕی کچێکی بیست ساڵەی هاوڕەگەزخواز لەگەڵ خۆی و نۆڕمەکانی کلیسا دەکا. لە سەردەمی شەڕی دووهەم، کارین لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە و١٩٣٣ لەگەڵ کچێکی جوو، مارگۆت هانێل، دێنەوە سوید و تا ئەو کاتەی کارین خۆی دەکوژێ (١٩٤١) پێکەوە دەژین. کارین بۆ ماوەی ساڵێک دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤاری ئەدەبیی سپێکترووم دەبێ و لە ماوەی تەمەنی کورتی خۆیدا بە دەیان وتار لە سەر زمان، مۆدێڕنیسم، پسیکۆئانالیز، شیعر و وەرگێڕان دەنووسێ و کاریگەرییەکی زۆر لە سەر ئێلیتی کولتووریی سەردەمی خۆی دادەنێ.‌ ڕۆمانی کالۆکاین یەک لەو ڕۆمانە دیستۆپێدیانەیە کە باس لە کۆمەڵگایەکی کۆنتڕۆڵکراو دەکا کە لە وێندەرێ ئینسان بە پڕوپاگاندا و مێشک‌شۆردنەوە تەنیا سەربازێکی موتیعی بێ هەست و فکری دامودەزگایەکە. زانایەکی پسپۆڕ ماددەیەکی سڕکەر کەشف دەکا و بەو ماددەیە ئێنسانەکان وا لێ دەکەن کە هەموو ڕازەکانی ناو مێشک و دەروونیان هەڵڕێژن. کارین بۆیە بەو ڕۆمانە دەیهەوێ سیستەمی میلیتاری و دیکتاتۆری نازی و ڕووسەکان بێنێتە ژێر ڕەخنە.
سیمۆن دێ بوار، هاوژین و هاوبیری سارتر، بە پێچەوانەی کارین بۆیە، هەرگیز بە ئاشکرا باسی دووجنسخوازیی خۆی ناکا. سیمۆن و سارتر، گەرچی لە لووتکەی ناوداری و جووڵانەوەکانی دژی شەڕدابوون، هاوڕێ لەگەڵ بارت و چەند بیرمەندی دیکە، ئاڵقەی بیرمەندانی گرینگی فەرانسە بوون، بەڵام بە پێی ئەو نامە و داکۆمێنتانەی کە دوای مەرگی سیمۆن و سارتر وەدەست کەوتوون، پەیوەندیی ئەم دووە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕ گرێ و لە زۆر بارەوە دێسترێکتێڤ/ وێرانکەر و نەرێنی بووە. نووسەری کتێبی پەیوەندییەکی مەترسیدار لە کتێبەکەیدا باسی ژیانی سیمۆن دێ بوار و ژان پۆل سارتر دەکا. نووسەر بە پێی نامە و بەڵگەکان باسی ئەوە دەکا کە بۆ وێنە سارتر بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ ژنێک لە داوی KGB  دەکەوێ. هەم سیمۆن و هەم سارتر پەیوەندیی سێکسییان لەگەڵ قوتابییەکانی خۆیان هەبووە؛ واتە بە جۆرێک پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیریی خۆیانیان خراپ بەکار هێناوە. ئەو ژنانە کە سیمۆن پەیوەندیی ئینتیم و جنسیی لەگەڵیان بووە، لەلایەن سیمۆنەوە بە هاوتەرازی خۆی نەدیتراون و بە ژێردەستە چاوی لێ کردوون.
بەڵام ئەم باسانە، ژیان یا بیرۆکەکانی بیرمەندانی ڕۆژاوایی، چ پەیوەندییەکی بە بابەتی ئەحلام مەنسووری کوردەوە هەیە؟

ڕووناکبیر

ڕووناکبیر بەو کەسە دەگوترێ کە لە بواری گشتیدا بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان چالاک بێ، گەرچی ڕاستەوخۆی پرسی تاکەکەسیی خۆی نین. لە دنیای مۆدێڕندا ڕایەکی گشتی سەبارەت بە ڕووناکبیر ئەوەیە کە ڕووناکبیر کەسێکە کە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی لەسەر واقعیەکانی کۆمەڵگا هەیە و ڕێگەچارە پێشنیار دەکا. بە ڕای هابرماس تایبەتمەندییەکی گرینگ بۆ ڕووناکبیر، سنووری نێوان بواری تاکەکەسی و بواری گشتییە. بە ڕای ڕۆڵف دارێندۆرف لە کۆمەڵگای مۆدێڕندا ئەرکی ڕووناکبیرە کە شک لە هەموو شتێک بکا کە بە ڕوون و ئاسایی دەزاندرێن و دەبێ هەموو شتێک بخاتە ژێر پرسیار. بیرمەند و ڕووناکبیران، لە پێش یۆنانی کەوناراوە تا ئیستا، هەبوون و بە ئیدە و بۆچوونەکانی خۆیان کاریگەرییان بە چاک و خەراو لەسەر کۆمەڵگا ئینسانییەکان داناوە. سەرچاوی ئەو باسەش دەگەڕیتەوە بۆ دەورانی یۆنانی کەونارا کە سوقرات دژی سووفیستەکانی پێش خۆی ڕاوەستا کە حەقیقەت و زانستیان وەک ئیدەی بواری گشتی دەنرخاند. بە ڕای سوقرات زانست دەبووایە مۆنۆپۆلی فەیلەسووفەکان، واتە بیرمەندەکان بێ. بیرمەند دەتوانێ لە ڕێگای ئافراندن و یا گەیاندنی پەیام لە کاری کولتووری و سیاسیدا بەشدار بێ، ئینجا یا پشتیوانی لە پێشنیارێکی کۆنکرێت دەکا و یا نادادییەک، ئیدیۆلۆژییەک، دیاردە و ڕەفتارێکی دەسەڵاتداران مەحکووم دەکا. بیرمەند یا لە ڕێگەی پەروەردە و ئافراندن و سەرمایەی کولتووری لە فەلسەفە و ڕەخنەی ئەدەبی و کۆمەڵناسی و یاسا و زانست، یا لە ڕێگەی ئەدەبیات و هونەر و مۆسیقا و نیگارکێشان و پەیکەرسازییەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای خۆی دادەنێ. چەمکی بیرمەند بە بێ هیچ قەزاوەتێکی ئەرینی یا نەرێنی، دەتوانێ یا لە چوارچێوەی ئیدیۆلۆژییەکدا دروست بێ، بۆ وێنە بیرمەندی لیبراڵی، فاشیستی، دێموکڕات، کۆمۆنیست، یا لە چوارچێوەی نەتەوەیەکدا وەک ڕووناکبیری ئەمریکی، فەڕەنسی، ئاڵمانی، ڕووسی. بەڵام چەمکی ڕووناکبیر دوای ١٩٠٠ و داستانی ئالفرێد درێیفوس بە بەرینی هاتە سەر زاران.
ئالفرێد درێیفوس ئەفسەری جووی فەرەنسی ساڵی ١٨٩٤ بە سیخوڕی بۆ ئاڵمان تاوانبار کرا. دواتر زۆلا ساڵی ١٨٩٧ لە نامەیەکی ئاشکرادا لە ژێرناوی من تۆمەتبار دەکەم “J’accuse” باسی لەوە کرد کە ئالفرێد تەنیا بە هۆی جووبوون و دژایەتیی سپای فەرەنسی لەگەڵ جووەکان تاوانی بۆ هەڵبەستراوە و سیخوڕ نەبووە. سەرەنجام ساڵی ١٩٠٦ ئالفرێد درێیفوس بە بێگوناح ناسرا و “ئەستۆپاکی”ی بۆ ڕاگەیاندرا. زۆر جار لە هێندێ شوێنی دنیا، چەمکی ئینتێلێکتۆئێل بە نەرێنی باسی لێ کراوە بۆ وێنە ئەوان کەسانێکن کە لە ڕاستیی کۆمەڵگا و واقیع بەدوورن، یان هێندە نبووغیان هەیە کە بەکەڵکی کۆمەڵگا نایەن. بەڵام هەمیسان ڕوویداوە کە ڕووناکبیرێک تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر ببێتە شایانی ڕێز و سەرنجی کۆمەڵگا؛ بۆ وێنە ئەدیب و سیاسەتمەداری چێک و اسلاو هاوێل.

مەبەستی ئەم نووسینە

ئەحلام مەنسوور ساڵی ١٩٥١ لە شاری خانەقین لە دایک دەبێ و ساڵی ٢٠١٣ بە هۆی نەخۆشی لە سلێمانی کۆچی دوایی دەکا. لە نێوان بوون و نەبوونێکدا ئەحلام دەخوێنێ، دەبێتە ئەندامی حیزبی شیوعی و خەبات دەکا، یەکەم ژنی ڕۆژنامەکارە کە ساڵی ١٩٧٤ لە دەزگای “هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی”دا کاری کردووە، دەنووسێ و ڕۆمانی ئەلوەن(١٩٨٠) و کۆمەڵە چیرۆکی پرد(١٩٨١)، کتێبی ئەزموون، خەون و خوێن، دیس تۆپیا و دەیان وتار لە گۆڤارەکاندا بڵاو دەکاتەوە، ساڵی ١٩٨٦ دەچێتە پاریس بەڵام بە هۆی نەداری دوای دوو ساڵ دەگەڕیتەوە بەغدا، دواتر لە بەغداڕا دێتە سلێمانی و لە زانکۆ کار دەکا و تا ئاخری تەمەن لەوێ دەژی.
ئەوەی لە زۆربەی دیدار و وتووێژەکان لەگەڵ ئەحلام مەنسووردا دەبیندرێ، هەستیاری لەسەر شیعری ماچی خودایی و “مامۆستا هێمن”ە کە ئایا ئەم شیعرە بۆ ئەحلام نووسراوە یا نا، و ئەم دووانە چ جۆرە پەیوەندییەکیان بووە. من لە هیچ کارێکی ئاکادێمی و هیچکام لە نووسین و وتووێژ‌ و دیدارەکاندا نەمدیوە کە باس لە ڕووناکبیربوونی ئەحلام بەو جۆرەی لە ڕۆژاوا باوە بکرێ، جگە لە نووسینێکی کورتی مامۆستای زانکۆی سۆران، ئەییووب کەریمی کە دواتر ئاماژەی پێ دەکرێ. هەروەها لە بۆنەیەک کە لە سلێمانی “کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستانی حیزبی شیوعی” بۆ سەکینە جانسز، وەهبییە شەوکەت و ئەحلام مەنسوور بەڕێوەی دەبەن، لە شیعرێکدا وشەی “هزر” یەکجار وێڕای سەدان وشەی دیکە بەکار دێت، و ئـێمە نازانین ئەو وشەیە ئاگامەند بەکار هاتووە یا نا.
ئەحلام مەنسوور هەمیشە وەک ژنێکی یاخی، ڕۆژنامەوان، نووسەر و ڕەخنەگر ناو دەبرێ، لە کاتێکدا دەیان پیاو بێ ئەوە لە ئەحلام ڕووناکبیرتر و بیرمەندتر بووبن، بە ڕووناکبیر و بیرمەند دەناسرێن. دیارە ئەم مۆدێلە لە کارکردنی کولتوورییە هەر هەمان مۆدێلی باڵای پیاوسالاری لە دونیادایە، بۆ وێنە پیاوانی ڕووناکبیری نەتەوە سەردەستەکانیش ژنانی نەتەوەی خۆیان بە هاوتەرازی خۆیان و بە بیرمەند دانانێن. لە باشترین حاڵەتدا دەڵێن “ژنێکی بەتوانایە”، واتە لەگەڵ خودی پیاوان بەراوەردی ناکەن، و هەرگیزیش ناڵێن ئینسانێکی بیرمەندە. چونکە ئەم دانپێدانانە، ژن و پیاو هاوسان دەکا. ئەم مۆدێلە خزاوەتە ناو بازنە و کایەی هزری کوردانیش. ئێمە بە دەیان پیاو بە بیرمەند دەزانین، لە کاتێکا ئەگەر تەنیا ڕۆمانی ئەڵوەنی ئەحلام مەنسوور بکەینە پێوانە، دەبینین کە ئەم ڕۆمانە مانیفێستی ‌ئینسانێکی بیرمەندە؛ مانیفێستێکی هۆمانیستی فێمینیستیی نووسەرێكی ڕووناکبیری داهێنەر.
ئەم نووسینە تۆژینەوەیەکی بەرینی ئاکادێمیک نییە تا لە هەموو ژێدەر و سەرچاوە و وتووێژەکان بکۆڵیتەوە، و تەنیا کردنەوەی پەنجەرەیەکی بچووکە بەرەو دنیای فراوانی نووسەرێکی ڕەخنەگر و هەستیار. سەرچاوەکانی من تەنیا وتووێژێکی گۆڤاری شاووشکا لەگەڵ ئەحلام مەنسوور و ڕۆمانی ئەڵوەن و داتای دوو ئینفۆرماتۆری باوەڕپێکراون. کەسی یەکەم ساڵی ١٩٩٩ لە ماڵە ئەحلام مەنسوور ڕۆژێک میوان بووە (سەرچاوەکەی من جێی متمانەیە بەڵام ناوی نایە، مەگەر خۆی ڕۆژێک ناوی خۆی ئاشکرا بکا)، و کەسی دووهەم خاتوو نەجیبە مەحموودە کە لەگەڵ ئەحلام مەنسوور لە گۆڤاری دەنگی ئافرەتان هاوکار بوون و ساڵیانی ساڵ ڕۆژانە لەگەڵ یەک پەیوەندییان بووە.
ئینفۆرماتۆری یەکەم:
“ساڵی ١٩٩٩ ڕۆژێک لە سلێمانی میوانی ئەحلام بووم. ماڵێکی کپ و بێدەنگ. هەر چاوم دەگێڕا. ئەحلام پرسیی چاو لە چی دەگێڕی؟ کوتم دەنگێک. کوتی چاو مەگێڕە، هیچت دەست ناکەوێ. ئەسڵی خانەقینی بوو، لە سلێمانی خۆی بە غەریب دەزانی. کتێبداری زانکۆی سلێمانی بوو. دەیکوت ناهێڵن ئەدەبیات دەرس بڵێمەوە. تەنانەت لەم تەمەنەدا پیاوانی شاعیر و ڕووناکبیر داوای سێکسم لێ دەکەن. (ببورە شەهلاخانم، ئەوانە قسەی خودی ئەحلامن) دەیگوت نەفرەتم لەو پیاوانە هەیە، هەر لە شێرکۆ بێکەسەوە هەتا هەموویان. هەڵبەتە خەڵکێکی زۆریش خۆشیان دەویست. بە شۆخی و پێکەنینەوە دەیگوت زۆرم پێ خۆش بوو بێمە ڕۆژهەڵات و مێردم بە عەلی ئەشرەف دەرویشیان کردبا، بەڵام ژنەکانتان لەگەڵم بەشەر دێن. دەیکوت ژنی پیاوێکی عەرەب بووم. لە ژیانمدا پەیڕەوی سیمۆن و سارتر بووم و پێموابووە وەچەخستنەوە لەم سەر گۆی زەوییە جنایەتە. ڕۆژێک کابرای عەڕەبم بانگ کرد و گوتم کاکە لەمرۆوە ئەتۆ بەو ڕێگایەدا و منیش بەو ڕێگایەی دیکەدا. پرسیم ئەدی ماچی خودایی مامۆستا هێمن بۆ تۆ بووە؟ کوتی بەڵێ. منیش کردمە جەفەنگ و کوتم جا هەر ماچت دەدایە؟ کوتی هەتیو، بۆ شتی دیکە دەچووە دەرەوە. ئەوەی ئەو ڕۆژە من لە حەرەکات و قسە و گفت‌ولفتی ئەحلام حاڵی بووم ئەوە بوو کە پێی وابوو دەبێ قاعیدەی یاریی پیاوان قەبووڵ بکا و بە پێی ئەو یاری بکات. داوەتم کرد بۆ مهاباد. کوتی نایەم، بە شەرتێک دێم هێمن هەستێتەوە و بێتە پێشوازم! ئەو ڕۆژە چەند کچ بە پێکەنین هاتن و ماڵەکەیان بۆ خاوێن کردەوە و بە پێکەنینیشەوە ڕۆیشتن. دوای گەڕانەوەم بۆ مهاباد باسی ئەحلامم لە دەفتەری گۆڤاری مەهاباد کرد. دواتر گۆڤارەکە دیدارێکی لەگەڵ ساز کرد.”

ئینفۆرماتۆری دووهەم خاتوو نەجیبە مەحموود

“ئەحلام بە گەنجی تێکەڵاوی دونیای ئەدەب و سیاسەت بووە. بەداخەوە بنەماڵەکەی پشتی ناگرن و دژی ئەوە دەبن کە ئەحلام کچێکی ئازاد و یاخی بێ. ئەوانەش کە هاوکاری دادە ئەحلام بوون هەر ڕووناکبیران و شیوعییەکان بوون. بۆیە دەڵێم دادە ئەحلام چونکە خۆی دەیکوت پێم بڵێن دادە ئەحلام. دادە ئەحلام لە ساڵانی ئاخر تووشی خەمۆکی ببوو. هێندێک کاری سەیری دەکرد. بۆ وێنە ڕۆژێک چووبوو مەنجەڵێکی زۆر گەورەی کڕیبوو کە دەکرا چێشتی گەڕەکێکی تێدا دروست بکەی. گوتمان ئەوەت بۆ چییە؟ دەیکوت با هەبێ نەکا میوان بێن. هەر ڕادەکشا و سیگاری دەکێشا و قاوەی دەخواردەوە. تەنانەت جارێک ئاوی کوڵیوی بەسەردا دەڕژێ و سینگی دەسووتێ. پەیوەندیی لەگەڵ دایک و بنەماڵەی خۆش نەبوو و زۆر ڕقی لە دایکی بوو. بەڵام زۆر دڵی بەوە خۆش بوو کە خۆی توانیوێتی ماڵێکی هەبێ و موحتاجی ئەوان نەبێ. بە پێچەوانەوە ئەوان کە لە بەغداڕا دەهاتن، یارمەتیی دەکردن. دەیگوت با بزانن من موحتاجی ئەوان نیم و خەراپەی ئەوان لەسەر من کاریگەریی نەبووە. زۆر نووسەر و شاعیری دەناسی. لە بەغدا لەگەڵ شیوعییەکان دەبێ و مێرد بە عەرەبێک دەکا. زۆر جار لێمان دەکردە شۆخی کە چۆن وا درەنگ زانیت سەددام خەراپە و گەڕایەوە کوردستان. دەزانێ کە مێردەکەی بەعسی بووە و دەکەوێتە زیندان. دادە ئەحلام ڕۆحێکی ئازاد بوو و ئەوەی خۆی ویستوویەتی کردوویەتی و ئەوەش بۆ بنەماڵەکەی قورس بووە. کە لە مێردەکەی جیابووەوە و هاتە سلێمانی هیچی نەبوو. هەموو هاوکاریمان کرد و لە زانکۆ کاری دەست کەوت. کچان و گەنجان زۆریان هاوکاری دەکرد و دەورەیان گرتبوو تا هەست بە تەنیایی نەکا. لە دوای ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤ پێکەوە گۆڤاری دەنگی ئافرەتانمان بەڕێوە دەبرد. من بەرپرسی گۆڤارەکە بووم و دادە ئەحلام دەستەی نووسەران. زۆربەی نووسینەکانی هی دەورانی جەوانییەتی. ئەڵوەن هەر ژیانی خۆیەتی و ئامەی ناو ڕۆمانەکە دایانی خۆی بووە. گوتم بەداخەوە لەو ئاخرساڵانە تووشی خەمۆکی ببوو. نیوەشەوێک هەستا خۆی جوان کرد و گوتی دەچمە دەر. گوتمان بەو نیوەشەوە چ دەکەی و پەشیمانمان کردەوە. دادە ئەحلام ژنێکی ڕاستگۆ، دژی نۆڕمەکانی کۆمەڵگا و نەترس بوو. دواتر من هاتمە سوید.”

ڕۆمانی ئەڵوەن

ڕۆمانی ئەڵوەن (١٩٨٠) باس لە پەیوەندیی کچێکی بچووک و ژنێکی پەڕاوێزخراو و قارەمانی ڕۆمانەکە بە ناوی “ئامەڕەش”ە. دەقی ڕۆمانەکە بە کرمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی) و دیالۆگەکانی ناو ڕۆمانەکە بە شێوەزاری خانەقینییە. قارەمانی ڕۆمانەکە، ئامەڕەش، ژنێکی تریاککێشە و دایانی لەیلا بووە. لەیلا دایکی خۆی خۆش ناوێ و هەمیشە بە دزی پارەی خۆی دەداتە ئامەڕەش. ئامەڕەش ئینسانێکی جیاوازە؛ دژی زوڵمە، یارمەتیدەری کچانی گەنجە کە پەیوەندیی سێکسییان لە دەرەوەی بنەماڵەدا بووە. ڕۆژانی جێژن کە قورعانخوێنەکان دەچنە سەر گۆڕی دەوڵەمەندەکان، ئامە دەچێتە سەر گۆڕی هەژار و بێکەسەکان. ئامە دژی کوشتنی سەگەکانی شارە، وەها کە دوای دیالۆگێکی ئامە لەگەڵ فەرمانبەری شارەداری، ڕۆژی دواتر دەست لەکار هەڵدەگرێ و دەبێتە گۆڕهەڵکەن. لەیلا کە گەورە دەبێ، چیرۆکی خۆی و ئامە دەگێڕێتەوە. خۆشترین سات بۆ لەیلا ئەوسا بووە کە لەگەڵ ئامە چووەتە سینەما و لە باوەشی پڕ مێهری ئامەدا خەوی لێکەوتووە. بەڵام لەسەر ئەمەش ئامە دەیان جنێوی پێ دراوە. ژنانی شار زیاترین بێ ڕیزی بە ئامە دەکەن و وەک خەتەرێک دەیبینن.

وتووێژ لەگەڵ شاووشکا

لە دیدارێک لەگەڵ شاووشکادا ئەحلام وەک عادەتی هەمیشەییی خۆی زۆر ڕوون و بێ پەردە قسەکانی دڵی دەکا:
“من هەمیشە لە ئێستا و ڕابردوودا، زۆر ڕاشکاوانە داکۆکیم لە کێشەی ئافرەت کردووە، بەڵام هاوکات پێم وایە ئێمە ناکرێ لەبەردەم چەندین مەسەلەی گرنگی دیکەدا خۆمان بشارینەوە و بێدەنگ بین، کە دیارە بەشێکی زۆری ئەم کێشە گرنگانە پەیوەندییان بە کۆی بارودۆخی گشتییەوە هەیە. ئەنفال، کۆچ، برسێتی، کیمیاباران، نەبوونی دەوڵەت و سنوور. من چۆن بتوانم نووسەرێکی بێ لایەن بم؟ […] ئەی تێرۆر؟ ئەی سانسۆرکردنی ئازادی؟ ئەی جاڵجالۆکەی پیاو و باوکسالاری؟ ڕۆژانە هەزار پرسیار لە دەرگای سەرم دەدەن…[…]
ئەحلام لە وڵامی ئەم پرسیارە کە وەک کەسێکی ئاساییی ژیانی منداڵێک و ژیانی ئافرەتێک، چۆن بووە ئەوها باسی خۆی دەکا:
“ڕەگەزەکانی ژیانم وەکو ئەتۆم هەمیشە دەتەقنەوە. ناتوانم بە ڕۆمانێک یان دیوانێک یان کورتە چیرۆکێک باسی ژیانی پڕ لە ژان و شینی خۆم بکەم، هەر ئەمەندە دەزانم کە باوکم لە منداڵدانی ئافرەتانی سەرزەمین چاندوومی، تاوانبارترین ژن دایکە دڵڕەقەکەی منە، بەردەکانی هەموو ڕاوچی و جەللادەکان ناوچەوانی من دەگرنەوە! کۆنەپەرستەکانیش بە قامچیی تاریک و بیرییان پشتم شین و مۆر دەکەن. بۆ؟ چونکە لە سەر سەراپای جەستەم وشەی ئازادی و یاخیبوون نەخشێنراوە، یاخیبوون لە خێزان، یاخیبوون لە کۆمەڵگە و دابونەریت و دەوڵەت. بە ملیار داپیرەم هەیە بەڵام لایەلایەیان بۆ نەکردووم … حەز ناکەم بڵێم من، چونکە وێنەکانم زۆرن، هەر یەکە و بە شێوەیەک پێشانم دەدات، من یانی ئەڵوەن و کۆپری گەورا و گۆڕستانی پاشا و کۆپری و بڵێسەی بانمێک و مزگەوتی مەجیدبەگ و کلیسا و بەردەکانی باوە مەحمید.[…] لە قۆناعی بووکەشووشەی قورمیش کراوەوە بۆ نامۆیی و ونبوون لە ئۆقیانووسی پێشکەوتنخوازیدا. من هەر بە مردوویی لە دایک بووم و ڕەنگە بە مردووییش لە ژێر سێبەری درەختێک نزیک شاری دەربەندیخان واتە لە گەرمیان بنێژرێم. پێش دوو هەفتە گۆڕی خۆمم دوزییەوە خاوەنی پاسپۆرتی کڵۆڵی و بێ ئارامی و هەژاریم […] دەفتەری یادەوەرییشم فڕێداوەتە نێو دەریای نێوان خۆم و کۆمەڵگەکەم…. ماچەکانم مینڕێژ کراون، دڵدارە ڕاستەقینەکانم لە ئەرشیفی مێشکمدا نێژراون، لە ناسیۆنالیزمەوە بەرەو مارکسیزم ملم نا، ئەمیش فڕێی دامە نێو سنووری سوفیزم و نهیلیزم، ئەمیش پاڵی پێوەنام بۆ وێستگەی گەورەی وجودییەت، لە دوا وێستگەدا لەسەر پردی بێهوودەیی پیاسە دەکەم…. ئەهریمەن و فریشتەکان لەنێو دڵمدا دڵداری دەکەن. پاکیزەیی و تاوان لەناو منداڵدانمدا شەڕ دەکەن. ڕاوچی و نێچیر لە ڕۆحمدا ململانێ دەکە.، برینم بە چەقۆ تیمارکرد، ناچاریش بووم کلکی دیکتاتۆرەکان بە مقەستی”ڕاستی” ببڕم وەک باوک، برا، هاوڕێ، مێرد، کۆمەڵگا…”
بە ڕای ئەحلام کۆمەڵگە دوچاری داڕزان بووە و پێویستی بە نوێبوونەوە و نوێسازی لە هەموو بوارەکاندا هەیە، هەم کۆمەڵگەی کوردەواری و هەم تاکی کورد، پێویستیان بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیەکی تەندروستە. ئەحلام پێی وایە کە “ئەم ڕێکخراوانە ناتوانن وەک پێویست کار بکەن بۆ ئافرەت، چونکە زۆربەیان لە بناخەوە پاشکۆی حیزبن و ڕێکخراوی سیاسین و بە مەبەستی دیکە قوت کراونەتەوە و ناوی ڕێکخراوی ئافرەتان و ژنانیان لێ نراوە [..] و زۆرێک لەوانەی ئەم ڕێکخراوانە دەبەن بەڕێوە لە ئاستی ڕۆشنبیرییەکی پێویستدا نین و توانای ئەوەیان نییە وەک پێویست خزمەت بە کێشەی ئافرەتان بکەن. […]”
سەرەڕای خۆکوشتن و سووتاندنی ئافرەتان بە بێ هەوڵی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەمیسان ئەحلام دەڵێ “[…] بەڵام لە ئەوەشدا من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە ئافرەتی کورد لە هەوڵ و کۆشش ناکەوێ تا ئایندەیەکی گەش و ڕووناک دەستەبەر نەکات، لەم ڕووەشەوە زۆر گەشبینم.”
لێکدانەوە
سیمۆن دێ بوار لە کتێبی جنسی دووهەمدا باس لەوە دەکا کە “هەموو ئۆرگانیسمی ژن بۆ ئەوەیە کە ببێتە بەردەی دایکایەتی.” دێ بوار پێی وایە کە ژن، ژنانە لەدایک نابێ، بەڵکوو لە ڕەوتی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەبێتە ژن، واتە ڕۆڵی ژنانەبوون و جنسی دووهەم بوونی پێ دەدرێ.
پرۆفێسۆری ئەدەبیاتToril Moi دوای چەندین ساڵ کار لەسەر ژیان و بیرەوەرییەکانی سیمۆن دێ بوار بە مێتۆدی سۆسیال پسیکۆئانالیز، خوێندنەوەیەکی دەقەکان و ژیانی سیمۆن دێ بوار دەکا و کتێبێ چۆن ژنێکی بیرمەند دروست دەبێ؟ (١٩٩٦) دەنووسێ. تۆریل مۆیی لە خوێندنەوەکانی خۆیدا نیشان دەدا کە سیمۆن دێ بوار، لە چوارچێوەی پارامێتر و مەرجە کۆمەڵایەتییەکان و پیاوسالاریدا سەرهەڵدەدات و پێدەگا و دەبێتە “سیمۆن دێ بوار”ێک کە لە پێگەی خۆیڕا وەک بیرمەندێک ڕەخنە لەو مەرجانە دەگرێت کە لەژێر باری ئەواندا پێگەیوە. بە ڕای تۆریل مۆیی، سوبژە بەرهەمی چەندان دیسکۆرسە کە یەکتر دەبڕن.
بەشی زۆری کورد و چالاکانی سیاسی و مافەکانی ژنان، زۆرترین کاریگەریی هزر و بیرمەندانی ڕۆژاوایان پێوە دیارە و دونیای هزری خۆیانیان زیاتر لە ئیدە و هێماکانی دەرەوە گرێ داوە کە دیارە ئەمە زۆر هۆی هەیە و لێرەدا مەبەست باسکردن لەم هۆیانە نییە. تا ئێستاش لە کوردستان ئۆلگووی ژنانە، بەو جۆرە کە ببێتە شێوەیەک لە شێوەکانی ژیان، زۆر بە کەمی دەبیندرێ یا هەر نییە. لە کاتێکدا هەر ئێستا هەزاران هەزار ژن لە دونیای پێشکەوتوودا بە ویستی خۆیان بەتەنیا دەژین. وێستێک کە چل پەنجا ساڵ لەمەوبەر بۆ ژنی کورد یا تەنانەت فارس و عەرەب لە مەحاڵ دەچوو و هەزار لاتاو و بوختانیان دەبوو قەبووڵ کردبا. بۆ نموونە شاعیرێکی وەک “فرووغ فەڕوخزاد” لە ماوەی ژیانی خۆیدا دەیان تانە و لۆمەی لێ درا. لێرە باس لەوە ناکەین کە زۆربەی ژنانی کورد دوای مەرگی مێردەکانیان لەسەر منداڵ دادەنیشن و تەنیا دەژین. باسی ئێمە بەتەنیاژیان بۆ ژنانی لاو و چالاکە کە لە کۆمەڵگایەکی نەریتیدا چالاکبوونی ژنێک لە خۆیدا جۆرێک نێگای نەرێنیی لەگەڵە. ئەم نیگایە ئێستاشی لەگەڵ بێ قسەی ئاخر دەکا و زۆر بە کەمی کچانی کورد دەتوانن چالاکی کۆمەڵایەتی بن و بڵێن دەمهەوێ تەنیا بژیم.
ئەحلام مەنسوور، لەیلا قاسم (لەیلا قاسم هەروەک ئەحلام خەڵکی خانەقینە و زۆر بە لاوی بە دەست ڕێژیمی تاوانباری بەعس ئێعدام کرا)، و مارگرێت جۆرج (مارگرێت گەرچی ئاشووری بوو بەڵام خەباتکاری ناو جووڵانەوەی کورد بووە و دوای هەشت ساڵ پێشمەرگایەتی، شەهید دەکرێ) لەو ئیستیسنایانە بوون کە پێ دەنێنە بوار و قەڵەمڕەوی پیاوان؛ سیاسەت و حیزب، شەڕی چەکداری و کاری ئەدەبی. لەیلا و مارگرێت زۆر بە گەنجی شەهید دەبن، بەڵام ئەحلام بە نیسبەت ئەوان زۆر زیاتر (٦٢ ساڵ) دەژی. ئەحلام وەک ژنێکی چالاک کە هەمیشە نیگا و کۆنترۆڵی کۆمەڵگایان زۆر زیاتر لەسەرە، زۆربەی تەمەنی بەتەنیا ژیاوە. ئەحلام مەنسوور لەو تاقانە و ئیستیسنایانە بووە کە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ژنان، بۆ وێنە ژن دەبێ منداڵی بێ و مێردی هەبێ، قەبووڵ نەکردووە. ئەحلام وەک ڕووناکبیر و بیرمەندێک، زۆربەی ژیانی لە دۆخی تاراوگەیی و پەراوێزخراویدا ژیاوە و هەمیشە دەنگی ئەوانە بووە کە بێ نوێنەر و فەرامۆشکراون (وەک ئامەڕەش قارەمانی ڕۆمانی ئەڵوەن و ئامەی واقیعیی خۆی). ڕۆمانی ئەڵوەن و دوو پیرسۆناژی سەرەکیی ڕۆمانەکە، شاهیدێکن بۆ ئەم ئیدیعایە. ژیانی سیاسیی ئەحلام کە سەردەمانێک بە گوێرەی نووسینی خۆی وەدوای شیوعییەت دەکەوێ، بەڵگەی ئەوەیە کە ئەحلام وەک ڕووناکبیر بە خەبات و چالاکیی خۆی، بەدوای گۆڕان و شۆڕش لە کۆمەڵگادا بووە. لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری شاووشکادا ئەحلام باسی کۆمەڵە چیرۆکی پرد دەکا و دەڵی هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە خۆ لە هەموو پێکهاتەکانی پیاوسالاری و لە هەموو پیاوان، باب، برا و مێرد ڕەها بکا. لە کۆمەڵگایەکی وەپاشکەوتووی پەنجا ساڵ لەمەوبەر، ئەحلام باوەڕبەخۆ، تەنیا و ئازاد هەنگاو دەنێ، بەڵام دەبینین سەرەڕای فرسەت و ژیان لە دنیای ئازاد و دێموکڕاسیی ئەورووپادا، بیرمەندێکی وەک سیمۆن دی بوار، ئەوکات زۆر لە ڕاستییەکانی ژیانی خۆی حەشارداوە.
ئینسان بە شێوەی سروشتی بەدوای پەیوەندیدا دەگەڕێ و بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و هەموو ژیانی وەدوای نیوەکەی ‌تری خۆی دەکەوێ. هەموو نووسەرێکی ژنیش جیا لە پەیوەندیی هەستەوەرانە، بەدوای پەیوەندییەکی هزرییەوەیە. نیوەکەی تری ئەحلام لە ڕەگەزی پیاوێکی شاعیری وەک “هێمن” و لەباری فکرییەوە مۆدێلی سارتر و سیمۆن بووە کە ئەو کات وەک نموونەی جووتێکی ئازاد دەبیندران. ئەحلام سەرەڕای ژیان لە کۆمەڵگایەکی نەریتیدا، نەترسانە و یاخی دەژی. لە ڕاستیدا بۆ ژنێکی وەک ئەحلام تەنیایی مانای تایبەتی خۆی هەبووە، دروست وەک ئامەڕەش کە تەنیا و بێکەس بەڵام باوەڕبەخۆ، لەگەڵ ئیدەئالەکانی خۆی دەژی و لە چوارچێوەی هزری فێمێنیستیی خۆیدا هۆمانیستێکە. ئامە ژینگە و ئاژەڵ دەپارێزێ، پەناگا بۆ منداڵی دەرەوەی نۆڕمەکانی شەرع و کۆمەڵگا پەیدا دەکا، لەیلا دەباتە سینەما و سینگی ئامە دەبێتە نیشتمانێکی گەرم و پڕ لە میهر بۆ حەسانەوەی منداڵێک کە لەلای دایکی خۆی هەست بەو ئارامییە ناکا. ئامەڕەش ژنە کوردێک لە شارۆچکەی “خانەقین”ی پەنجا ساڵ لەمەوبەرە، نەتەنیا دایانی ئەحلام بووە بەڵکوو توخمی بیر و هزری ئینساندۆستی و پاراستنی مافی ژنان و سروشت و ئاژەڵان، لە گێڵگەی مێشکی ئەحلامدا دەچێنێ.
ئەحلام بۆ ئەوە دەبێ دونیای ئاکادێمی لەسەری بنووسێ. بەداخەوە ئەم کارە زۆر نەکراوە. تەنیا نووسینێکی سرنجڕاکێش بە خوێندنەوەیەکی جیاواز لەسەر ئەحلام نووسرابێ، نووسینێکی ئەییووب کەریمییە(٢٠١٨) سەبارەت بە ڕۆمانی ئەڵوەن کە لە ژمارە چواری گۆڤاری کەلێندا بڵاو بووەتەوە. کەریمی ڕۆمانەکە وەک شاکارێکی ئەدەبی دەبینێ کە هەوڵی داوە ببێتە دەنگی پەڕاوێزخراوەکانی کۆمەڵگایەکی پێش‌مۆدێڕن. کەریمی دەنووسێ:
“ڕۆمانی ئەڵوەن نیشاندەری ناکۆکییە قووڵەکانی کۆمەڵگایەکی لە حاڵی گواستنەوەدایە؛ چ نووسەر ئەو مەبەستەی هەبووبێ یان نا. دیارە ئەحلام بە حوکمی کوردبوون و ژنبوون و هەژاری و چەندین کێشەی دیکە کە خۆی ئەزموونی کردوون، بە شێوەی ئاگامەندانە ئەو ڕۆمانەی نووسیوە بەڵام ڕەنگە تەنانەت خۆشی ئاگای لە هەموو وردەکارییەکانی ئەو بابەتانە نەبووبێ کە ورووژاندوویەتی. […] بەڵام پێویستە کەسانی شارەزا، بەتایبەتی ڕەخنەگرە ئەدەبییەکان، ئاوڕێکی جیددی لە نووسینەکانی بدەنەوە و بە شێوازێکی تیۆریک بڕواننە ناوەڕۆکی نووسینەکانی ئەم نووسەرە مەزنە کە بە نیسبەتی کات و شوێنی خۆی شاکارێکی پێشکەوتنخوازانەی وەک ئەڵوەنی خوڵقاندووە.”

ئەحلام مەنسوور هاوکات لەگەڵ نووسینەکانی لە پڕاکتیکی ڕۆژانەی ژیانیدا بیرمەندانە و دژە نۆڕم ژیاوە. مەیلی سەرەکیی ئەم نووسینەش ئەوەیە کە بڵێ شێوەی ژیان کردارێکی هزرمەندانەیە. واتە کاتێک شێوازی ژیان دەبێتە نمایش و پێرفۆرمانسی هزرێک، ژیان وەک شوێنێک بۆ پراکتیک کردنی هەست و بیرەکان، ژیان وەک کەرەسەی نمایشێکی بیرمەندانە، نووسین و ئەکتی کۆمەڵایەتی وەک پراکتیک کردنی بیرەکانی تاک.
هاننا ئارێنت پێی وایە کە پراکسیس، باڵاترین و گرینگترین ڕادەی ژیانی سیاسییە. ئارێنت پێی وایە کە زۆر بیرمەند و فەیلەسووف دەبێ زیاتر لە ژیانی سیاسیی ڕۆژانەدا بەشدار بن و چالاکیی ڕۆژانە، وەک “بەکردارکردنی ئازادیی ئینسان” دەبینێ. بە ڕای ئەو، ئێمە دەتوانین ئیدەکان شی بکەینەوە و هەڵیانسەنگێنین، بەڵام ئەوە کە چەندە بە کردەوە ئەنجامیان دەدین ئێمە دەکاتە تاقانە و ئیستیسنا.
ئەحلام مەنسوور بە “هەڵوێست گرتن وەک ئەکتێکی ئاگامەند” لە بەرانبەر نۆڕمەکانی پیاوسالاری و کۆمەڵایەتی و یاخیبوونی خۆی لە نۆڕمەکانی کۆمەڵگا، ئەکتەری بیرمەندی ژیانی خۆی بوو. ئەحلام دەتوانێ ببێتە نموونە و ئۆلگوو بۆ زۆر ژنی کورد کە لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن. ئەحلام پێچەوانەی بیر و هزری خۆی نەژیا. ئەو هەروەک ناوی خۆی پڕ بوو لە خەونی گەورە. ئەحلام بیرمەندێکی ڕاستگۆ لەگەڵ ڕۆحی خۆی بوو و وەک زۆریەک لە بیرمەندانی پێشکەوتووی دونیا کە کۆتاییی ژیانیان بە خەم و شێواوی و خۆکوژی تەواو بووە و باجی بیرمەند بوونی خۆیانیان داوە، ئەحلامیش باجی خۆی دا، وەک ئامە، بەڵام ئەمجۆرە ژیا کە باوەڕی پێی بوو. ئەحلام تەنیا بیر و نووسینی بۆ گرینگ نەبوو بەڵکوو بە پراکسیسی ڕۆژانە گەیشتە باڵاترین ڕادەی بیر. ئەو وەک ئامە بوو بە بیرمەندێک کە ئەکت/دەنگی دیار بێ. کردار و هەڵوێستی ڕووناکبیران و بیرمەندان دەبێتە هۆی کردنەوەی پەنجەرەکان بەرەو ڕووی دونیایەکی فراوانتر دژ بە زەبری دەسەڵاتەکان، پۆزی نوخبەی بێ کردار و نۆرمە وەپاشکەوتووەکانی کۆمەڵگا. مافی هەڵبژاردنی شێوەی ژیان ڕێگایەکی گەیشتنە بە ئازادیی ڕاستەقینە. ئەحلام و ئامە، سەرەڕای تەنیایی و سەختییەکان، ویستی داد و ئازادییان هەبوو. ئەوان وەک هۆمانیست و فێمینیستێک بە هەڵوێستی ڕادیکاڵی خۆیان شێوەیەکی‌تری بیرکردنەوە و ژیانیان نیشان دا.

ژێدەر و سەرچاوەکان

1. https://sv.wikipedia.org/wiki/Rosa_Luxemburg
2. https://sv.wikipedia.org/wiki/Virginia_Woolf
3. https://sv.wikipedia.org/wiki/Karin_Boye
4. Kallocain 1940.
5. Kris 1934,
6. https://sv.wikipedia.org/wiki/Hannah_Arendt
7. https://sv.wikipedia.org/wiki/Simone_de_Beauvoir
8. Existentialist
9. The Secend Sex, 1949.
10. Teresa de Laureti, https://en.wikipedia.org/
wiki/Teresa_de_Lauretis
11 . کوییر تیۆری، کۆمەڵە ڕوانگە و ڕەخنەگەلێک لەخۆ دەگرێ لە
بواری پرسی سێکسوالیتە و، ڕەخنە لە هێترۆنۆرماتیڤەکان دەگرێ
کە چۆن سێکس/جنس پێشتر کاریگەریی لەسەر جێندێر واتە ڕۆڵە
کۆمەڵایەتییەکان دادەنێ، و ڕوانگە بە سێکسوالیتە وەک دەرەنجامی
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و جوغرافی دەزانێ و زیاتر باس لە
پەڕاوێزخراوەکانی وەک دووڕەگەزخوازان یا ترانسەکان دەکا.
12. Judith Butler, https://sv.wikipedia.org/wiki/
Judith_Butler
13. https://en.wikipedia.org/wiki/Gayatri_Chakravorty_
Spivak
14. Can the Subaltern Speak? 1980.
15. Https://en.wikipedia.org/wiki/Julia_Kristeva
16 . چەمکێکی ئاڵۆزە کە کریستێڤا بۆ کاتی دروست بوونی سوبژە
بەکاری دێنێ. ئابجێکشن مەودایەکە لە نێوان خود و ئەویتر، ساتێکە
سوبژە هەم هەیە و هەم نییە و دێ دروست بێ، فازێکی تاریکە کە
دەتوانێ ئەویتر بکوژێ.
17.https://sv.wikipedia.org/wiki/Spektrum_(tidskrift_
och_bokf%C3%B6rlag)
18. Carole Seymour-Jones. En Farlig Förbindelse,
2009.
19. Intellectual
20. https://en.wikipedia.org/wiki/Intellectual
ئەحلام « ژنە یاخییەكەی ئەڵوەن www.Nuche.net .21
نوچه نێت – …« مەنسوور
22 . ئەییووب کەریمی. ئەحلام مەنسوور، دەنگی پەڕاوێز خراوەکان.
.٢٢ – گۆڤاری کەلێن، زستانی ٢٠١٨ ،ژمارە ٤، لل ١٧
لە شاری سلێمانی یادی هەر سێ ژنە ڕووناکبیر و تێکۆشەر
23 .ساکینە جانسز، وەهبییە شەوکەت و ئەحلام مەنسوور کرایەوە
– YouTube
24. www.hemin.dk/files/pdf/AM_AR_giftugo.pdf
25. www.vejin.net ئەحلام مەنسوور | ڤەژینبوکس
26. www.hemin.dk/files/pdf/AM_AR_giftugo.pdf
p. 40.
27. www.hemin.dk/files/pdf/AM_AR_giftugo.pdf
p. 38.
28. www.hemin.dk/files/pdf/AM_AR_giftugo.pdf
p. 41.
29. Beauvoir, Simone, Det andra könet (Stockholm,
2002), s. 56.
30. Det andra Könet, 2002.
31. https://sv.wikipedia.org/wiki/Toril_Moi
32. Moi, Toril, Simone de Beauvoir: Hur man skapar
en kvinnlig intellektuell. Stockholm, 1996, s.
28-29.
33. https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D9%84%DB
%95%DB%8C%D9%84%D8%A7_%D9%82%D
8%A7%D8%B3%D9%85
34. https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D
8%A7%D8%B1%DA%AF%D8%B1%DB%8E%
D8%AA_%D8%AC%DB%86%D8%B1%D8%
AC
35 . ئەییووب کەریمی. ئەحلام مەنسوور، دەنگی پەڕاوێز خراوەکان.
.٢٢ – گۆڤاری کەلێن، زستانی ٢٠١٨ ،ژمارە ٤، لل ١٧
36. Arendt, Hannah. Människans vilkor,
översättning av Joachim Retzlaff. (Göteborg,
Daidalos, 1998, 2013.) s.33-40.