ئارامتر بخوێنەوە!

فانۆن و مارکس
ئامادەکردن: سارۆ ئەردەڵان

فرانتز فانۆن (١٩٢٥-١٩٦١) شۆڕشگێڕی ناوداری خەباتی دژەکۆلۆنیالیستی لە ماوەی تەمەنی کەمی خۆیدا چەندین کتێبی وەکوو پێستی سپی، دەمامکە سپییەکان (١٩٥٢)، کۆلۆنیالیزمی مردوو (١٩٥٩)، نەگبەتەکانی سەر زەوی (١٩٦١) و بەرەو شۆڕشی ئافریکا (١٩٦٤) نووسیوە. فانۆن سەرەڕای بەرهەمە گرنگەکانی کە لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی دژەکۆلۆنیالیستیدا پێناسەیان بۆ دەکرێ، وەک شۆڕشگێڕێک دەورێکی بەرچاوی لە جەنگی سەربەخۆییی جەزائیر (١٩٥٢ هەتا ١٩٦٢) بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزمی فەڕانسیدا، گێڕاوە و وەک ئەندامی بەرەی سەربەستیی نەتەوەییی جەزائیر هەوڵێکی بەردەوامی بۆ ڕێکخستنی بەرەی دژەکۆلۆنیالیستی لە ئافریکا هەبووە.
فانۆن لە کتێبی نەگبەتەکانی سەر زەوی شرۆڤەیەکی دەروونشیکارانە لە کاریگەرییەکانی کۆلۆنیالیزم بە دەستەوە دەدا و تیایدا باس لەوە دەکا چۆن کۆلۆنیالیزم مرۆڤ لە مرۆڤبوونی خۆی دەسڕێتەوە و لەم ڕێگەیەوە تاک و نەتەوە بندەست دەکا. فانۆن لە پانتاییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسی باس لە ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە دەکا کە دەیانهەوی کۆلۆنیالیزم بسڕنەوە. بە باوەڕی فانۆن، شۆڕشی دژەکۆلۆنیالیستی ناچارە بۆ بەرگری، شێوازێکی توندوتیژ هەڵببژێرێ، چونکە توندوتیژی تەنیا “زمانێکە” کە لایەنی کۆلۆنیالیستی لێی تێدەگا و قسەی پێ دەکا. هەرچەند ئەم بەرگرییە توندوتیژانەیە، لە ڕووی ناچارییەوەیە و کۆلۆنیالیستەکان بە سەر بەکۆلۆنیکراوەکاندا دەیسەپێنن. مژارێکی گرنگ لە بەرهەمەکانی فانۆندا، پەیوەندیی بنەمای بیرکردنەوەی ئەو لەگەڵ بیرۆکەکانی مارکسە. واتە، بە شێوەیەک دەکرێ بگوترێ کە فانۆن توانیویەتی بە کەڵکوەرگرتن لە هێزێکی شۆڕشگێڕانە کە لە مارکسیزمدا هەیە، بەستێنێکی تیۆریک بۆ خەباتێکی دژەکۆلۆنیالیستی ساز بکا.
لە کتیبی نەگبەتەکانی سەر زەوی باس لە کاریگەریی مارکسیزم دەکرێ، بەڵام دەبێ ئەم بەکارهاتنە شی بکەینەوە. فانۆن ئاگاداری بیرۆکەی مارکسی بوو، بەڵام هیچ کات بەوریایییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بیرۆکەکانی مارکس نەکردبوو یا لە دووتوێی نووسینەکانیدا بە وردی بەکاری نەهێنابوون. بەسەرنجدان بە دەیڤید مەکی، ژیاننامەنووسی فانۆن، ڕاڤەی سارتر لە مارکسیزم لە کتێبی ڕەخنە لە عەقڵی دیالێکتیکی، کاریگەریی زیاتری لەسەر کتێبی نەگبەتەکانی سەر زەوی هەبوو. سەرەڕای ئەمە، کتێبی نەگبەتەکانی سەر زەوی وەک بەرهەمێکی تیۆری یا فەلسەفی سەیر ناکرێ، بەڵکوو زیاتر وەک بەرهەمێک سەیر دەکرێ کە شرۆڤەی خەباتێکی دژ بە کۆلۆنیالیزم دەکا. هەروەها ئەگەرچی لەم بەرهەمەدا تیۆرییەکی چڕوپڕی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕان ساز ناکرێ، بەڵام لە هەمان کاتدا بەگشتی بنەمایەکی تیۆری بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم پێشکەش دەکرێ و بەتایبەت باس لە جەنگی جەزائیر دەکرێ. بێل ئاماژە بەوە دەدا کە تیۆریی فانۆن وەکوو “مارکسیزمێکی بەنەژادیکراو” سەیر دەکرێ کە تیایدا فانۆن هەوڵ دەدا مارکسیزم لە بەستێنێکی کۆلۆنیالدا بەکار بێنێ و لە جیاتی گرنگیدان بە پێکهاتەی چینایەتی، زیاتر ئاوڕ لە دابەشبوونی نەژادی بداتەوە و باس لەوە دەکا کە ئەزموونی مرۆڤەکان لە ڕاسیزم دەبێتە هۆی ئەوەی کە شۆڕشێکی توندوتیژ پەرە بستێنێت. لە ڕێگەی بەراوردکارییەکی کورتەوە و لە درێژەدا باس لە لێکچوون و جیاوازییەکانی فانۆن و مارکس دەکەین.
فانۆن باس لە شرۆڤەی مارکس بۆ کاپیتالیزم وەک سیستەمێکی ئابووریی چەوسێنەر دەکا. هەروها فانۆن پێداگری لەسەر پەیوەندیی نێوان کاپیتالیزم و کۆلۆنیالیزم دەکا. لە کتێبی کاپیتاڵدا، مارکس پێناسەی چەمکی “کەڵەکەکردنی سەرەتایی” دەکا: “کانزا گرانبەهاکان و ماددە خاوەکان کە بە توندوتیژی لە خاکی وڵاتانی بەکۆلۆنیکراو دابین دەکرێن، بۆ گەشەکردنی کاپیتالیزمی دەستپێک گرنگن. فانۆن ئەم بیرۆکەیە دووپات دەکاتەوە: “کاپیتالیزم، لە فازی بڵاوبوونەوەیدا، کۆلۆنییەکان وەکوو سەرچاوەی ماددە خاوەکان سەیر دەکا و دەتوانێ لە بازاڕە ئەورووپییەکاندا بەکاریان بێنێ.” دواتر، کە کاپیتالیزم پێدەگات، دەوری کۆلۆنییەکان لە شارستانییەتی کاپیتالیستیدا دەگۆڕدرێ، هەرچەند هێشتا دەورێکی گرنگیان هەیە: “دوای فازی کەڵەکەبوونی سەرمایە، نۆرەی ئەوە دێ کە کاپیتالیزم چەمکی قازانج لە کۆلۆنیدا بگونجێنێت. کۆلۆنییەکان دەبنە بازاڕ. حەشیمەتی کۆلۆنیال بازاڕی بەکارهێنەر ساز دەکەن. لە هەر کام لە فازەکاندا، کۆلۆنییەکان (و حەشیمەتی گرێدراویان) تایبەتمەندییەکی هەرە پێویستن بۆ شارستانییەتی کاپیتالیستی.”
فانۆن هەروەها بە هەمان شێوە کە مارکس وەسفی ئایدیۆلۆژیی کردووە باس لە کولتوور دەکا. دیسانەوە تێگەیشتنی ماکس بۆ ئایین وەک تلیاکی خەڵک، لێرەدا ئاماژەی بۆ دەکرێ. فانۆن هەروەها دەڵێ کولتوور، ئایینێکی تایبەتە کە خەڵکی بەکۆلۆنیکراو لە شۆڕش دادەبڕێ. شیکاریی فانۆن سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی کولتووری کۆلۆنیال کە خەڵک بەلاڕێدا دەبەن و سەریان لێ دەشێوێنن، زۆر بەهێزە، چونکە لە ئەزموونی فانۆن وەک پزیشکێکی دەروونییەوە سەرچاوەیان گرتووە. فانۆن دەیزانی ئایدیۆلۆژی چۆن لەسەر پەیوەندیی هەستەکیی مرۆڤەکان کار دەکا. فانۆن دەڵی لە دۆخی کۆلۆنیالدا خەڵکی بەکۆلۆنیکراو “لەسەر هەڵدێر ڕاوەستاون و لە هۆکاری جەمامییەک کە ئازاریان دەدا هەڵدێن.” هەڵبەت فانۆن ئاماژە بەوە دەکا کە لە فازە سەرەتاکانی بەکۆلۆنیکردندا، مرۆڤی بەکۆلۆنیکراو دژ بە کۆلۆنیالیستەکان خەبات ناکا. کۆلۆنیالیستەکان هێزێکی دەسەڵاتدارن. لەجیاتی ئەوە، مرۆڤە بەکۆلۆنیکراوەکان هێندێک کەلێنی دیکە دەدۆزنەوە کە لە ڕێگەیەوە تووڕەییی خۆیان دەرببڕن: “ئەوان لەگەڵ کەسانی بەکۆلۆنیکراوی دیکە دەکەونە شەڕ و پێکدادان (بۆ نموونە ململانێیەک کە لە نێوان قەومێکدا ڕوو دەدا)، ئەوان هێندێک بیروباوەڕی ئایینی و ئوستووریی وەردەگرن و خۆیان بە دابونەریت و هەڵپەێکێوە سەرقاڵ دەکەن هەتا وزەی تووڕەیییان کەم دەبێتەوە.” بەپێچەوانەی ئێمیل دورکهایم کە پێی وابوو دابونەریتە سەرەتایییەکان دەربڕینێکی ئەرێنی لە وشیاریی بەکۆمەڵن، فانۆن وەکوو مارکس پێی وایە ئایین تێگەیشتنی خەڵک لە بارودۆخی خۆیان بەلاڕێدا دەبا. تەنیا لە دەیەی چل و پەنجای سەدەی بیستەمدایە (لە قۆناغی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم) خەڵکی (سوژەی) بەکۆلۆنیکراو، گرنگی بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی ئازارەکانی خۆیان دەدەن: “پاش ساڵیانێک گرنگیدان بە بابەتی ناڕاستەقینە، پاش ساڵیانێک تێوەگلان بە وەهمی سەرسووڕهێنەر، خەڵکی بەکۆلۆنیکراو چەکی بە دەستەوە گرتووە و ئامادەیە بەرەوڕووی ئەو شتە ببێتەوە کە بوونی خستبووە مەترسییەوە: کۆلۆنیالیزم”.
لە کۆتاییدا، فانۆن بەڵگاندنێکی دیالێکتیکی لە کتێبی نەگبەتەکانی سەر زەوی بەکار دێنێت. بە باوەڕی مارکس، دوایین خاڵی دیالێکتیکی ماددی، شکستی کاپیتالیزم و دەرکەوتنی کۆمەڵگای کۆمۆنیستییە. فانۆن بە ڕوونی باس لەوە دەکا کە کۆلۆنیالیزم گرێدراوی کاپیتالیزمە و بە بەراورد لەگەڵ کاپیتالیزم، سۆسیالیزم سیستەمێکی کۆمەڵایەتی-ئابووریی باشتر بۆ خەڵکانی بەکۆلۆنیکراو دەستەبەر دەکا. هەڵبەت، فانۆن لە کتێبەکەیدا کێشەی سەرەکیی سەربەستیی خەڵکی کرێکار لە بەرچاو ناگرێ، بەڵکوو گرنگی بە سەربەستیی خەڵکی بەکۆلۆنیکراو لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بۆ سەربەستی دەدا. هەروەها، بەپێچەوانەی مارکس، فانۆن خەڵکی کۆلۆنیال بە هێزی شۆڕشگێڕ دادەنێ نەک پرۆلێتاریا.
بە نموونەیەک دەتوانین باسەکە زیاتر شی بکەینەوە: کۆمەڵگا کۆلۆنیالەکان لەڕووی هێڵە نەژادییەکانەوە دابەش دەکرێن. ئەم دابەشکارییانە بنەمایەکی ئابووری و هەروەها کولتووری و شوێنەوارییان هەیە (بۆ نموونە شارەکان لە نێوان کۆلۆنیالیستەکان و بەکۆلۆنیکراوەکاندا دابەش دەبن). بزووتنەوە نەتەوەیییەکان دەبنە نوێنەری خەڵکانی کۆلۆنیالی ستەملێکراو. هەروەها، ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوانە، لە ژێر کاریگەریی قوتابخانە فیکرییەکانی ئەورووپادا، دەیانهەوێ لەگەڵ بەرپرسانی کۆلۆنیالیزمدا ڕێک بکەون لەجیاتی ئەوەیکە بە شێوازێکی ڕاستەقینە بیانهەوێ کۆلۆنیالیزم بسڕنەوە. ئەگەرچی، بزووتنەوەکان و ڕێبەڕەکانیان دەورێکی گرنگ لە پێشکەوتنی ئەم دیالێکتیکەدا دەبینن. وتار و ئاخافتنەکانیان، هەرچەند میانەڕەوانەش بێ، تووڕەیییەکی دژەکۆلۆنیالیستی دەورووژێنێت: “خەڵک دەهەژێت… خەڵک دێن و دەڕۆن، وتار پێشکەش دەکرێ، جەماوەر کۆ دەبنەوە، پۆلیس ئامادە دەبێ، ڕەنگە سوپاش بەشدار بێ، خەڵک دەگیرێن و ڕێبەران دەردەکرێن. هەموو ئەم هەژاندنانە هەستێک لە ناو خەڵکدا ساز دەکەن کە دەبێ کارێک بکەن.” کەواتە، لە سەرەتادا تووڕەیییەکان ئاراستەیەکیان نییە، بەڵام لە ئاکامدا دەبنە بنەمایەک بۆ دەرکەوتنی وشیارییەکی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەییی ڕاستەقینە. بە ئاخافتنێک کە داخوازی مارکس و ئێنگێلسمان لە کتێبی مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیستدا وەبیر دەهێنێتەوە، فانۆن دەنووسێت: خەڵکی جیهانی سێیەم لە پرۆسەی پچڕانی زنجیرەکانیاندان، سەرنجڕاکێش دەبێ کە سەربکەون.”

سەرچاوەکان

Frantz Fanon (2004). The Wretched of the Earth. tr. Richard Philcox (New York: Grove Press).
George Ritzer and Jeffrey Stepnisky (2018). Sociological Theory (Tenth Edition) (Thousand Oaks, California: Sage Publications).