ئارامتر بخوێنەوە!
«تاھیر حامیدی، خەزێنەی زمانێکی پاراو و ڕەنجێکی بەلێشاو»
سەرنجێک لەسەر کۆمەڵە چیرۆکی “ھاواڵدوانه”
زانا گەرمیانی
ئاماژە:
ڕەنجی مرۆڤی داگیرکراوی کورد ھەر لە ھەوەڵ ڕۆمانە کوردییەکانەوە بووەتە پرسی سەرەکیی ئەدەبی گێڕانەوەییی کوردی. لە عەرەب شەمۆ و لە ڕۆمانی شڤانی کورمانجاوە بگرە کە بە باوکی ڕۆمانی کوردی دەناسرێت، ھەتا ڕۆمانی پێشمەرگەی ڕەحیمی سەیفی قازی و ھەتا ژانی گەلی برایم ئەحمەد، ئازارەکانی نەتەوەی بێدەوڵەتی کوردیان گێڕاوەتەوە. لەم دواییانەشدا لە دەیەی نەوەد بەم لاوە، ئەوەی لە درێژایی مێژوودا لە لایەن داگیرکەرانیەوە بەسەر مرۆڤی کورد (وەک کۆلۆنیایەکی نێودەوڵەتی) ھاتووە، لە ڕۆمانەکانی بەرەیەکی دیکە لە ڕۆماننووساندا نواندراوەتەوە. ئەگەر تاوانەکانی ڕێژیمی بەعس بۆ سڕینەوەی بیری مرۆڤی کورد لە باشووردا لە ڕۆمانەکانی ھونەر سەلیم و بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن و کێ و کێی دیکەدا باس کراوە و ئەگەر سەلیم بەرەکات (ئەگەر چی بە زمانی عەرەبی) و جان دۆست و حەلیم یوسف ئازارەکانی مرۆڤی ڕۆژئاوای کوردستان بە جیھان دەناسێنن و ئەگەر محەمەد ئۆزۆن ژیانی ڕەنجاویی مرۆڤی کوردمان لە باکوور بۆ دەگێڕێتەوە، ئەوا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان پرسی کوردبوون و ئەو ڕەنج و ئازارانەی نەتەوەی سەردەست بەسەریدا ھێناویەتی، لە ڕۆمانەکانی کەسانێکی وەک عەتا نەھایی و ئاڤا ھۆما لە ڕۆمانی کچانی دووکەڵ و ئاگر و مەنسوور تەیفووری لە ڕۆمانی ژیانەوە بە کاتی سیروان و چەندین نووسەری دیکەدا پیشان دراوە. کۆمەڵە چیرۆکی هاواڵدوانەیش بە قەڵەمی تاھیر حامیدی (کەمنووس بەڵام پڕنووس) نواندنەوەی بەسەرھاتی مرۆڤی کوردی ڕۆژھەڵاتییە کە لە ژێر سیستەمی داپڵۆسێنەری سەردەستدا، بۆتە کۆلۆنیایەکی ناوەکی. ئەم نووسینە بە گشتی ھەوڵ دەدات ڕەنجی مرۆڤی کوردی ڕۆژھەڵاتی، وەکوو کۆلۆنیایەکی ناوەکی لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا شیکاری بکات. ھەڵبەت لەو لایەنە دڵخۆشکەرە زمانییە غافڵ نابین کە لە زمانی پاراوی تاھیر حامیدی بۆ «ماڵی بوون»ی مرۆڤی کورد ساز کراوە و داڵغەیەکە بۆ بەرگی نەمرێنی و ڕزگاریی زمانی لە سیاسەتی زمانی ئەوی دیکەی کۆلۆنیکەردا. کەوایە خوێنەر لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا بەردەوام ھەست بە جێگۆڕکێی بزە و پەژارە دەکات. بزە لە زمانێکی پاراو و ڕەسەنی کوردانەی ئەو گێڕانەوانە کە ھەستی ڕزگارییەکی زمانی و سابجێکتیو دەدات بە خوێنەر و پەژارە و ناڕەحەتی و خەمی بێبڕانەوە لەو دەرد و ڕەنجانەی بەسەر نەتەوەی بێدەسەڵاتی کورددا ھاتووە. ئەگەر لە ڕۆمانی پێشمەرگەدا ڕەحیمی سەیفی قازی ھەوەڵ ھەنگاوەکانی داگیرکەران و ھاوکاریی دەرەبەگێکی زاڵم و خائین لەگەل ئەوان بۆ کوشتنی مامەند وەک باوکێکی ھەژاری کورد و ھەروەھا خەباتی کوردەکان بۆ وەدەسەت ھێنانی مافە نەتەوەیییەکەیان باس دەکات، ئەوا لە هاواڵدوانەدا جیا لەو کوشتن و بڕینەی کە سیستەمی دەسەڵاتگەر بەسەر کوردی ھێناوە، ھەروەھا ھەنگاوێکی دیکەی داگیرکەر لە ئاسیمیلەکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێگای ئاپاڕاتووسە ئایدیۆلۆژیکەکان وەک دەزگای پەروەردە دەبینین و لە بەرامبەریدا ڕۆڵی مامۆستایەکی نەتەوەخواز بۆ گەشەپێدان بە بیری نەتەوەیی و پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان وێنا دەکرێت. باس لە زمانێکی ڕزگاریدەری کوردی و شیکاریی ڕەنجی مرۆڤی کورد لەم ناوچەیەی کوردستاندا، دوو خاڵی سەرەکین کە پێکھاتەی ئەم نووسراوەیە پێکدەھێنن. بە گشتی ئەم نووسینە بە ڕەچاوکردنی تیۆریی «کولۆنیالیسمی ناوەکی» ئامرازە تیۆریکییەکانی پاش کۆلۆنیالیستیش بۆ خوێندنەوەی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە ڕەچاو دەکات.
« ھەر لە دوور و بە بزەوە دەیکوت: “خەبەر خۆشە!” ئامە دەگەشاوە و شەکری بزە گنج و لۆچی نێو چاوی دەسڕییەوە». (حامیدی، ھاواڵدوانە، لاپەڕەی: 69)
« ئەو ھاوارە ڕزگار ئەکەم ھەتا لە دەشت و دەردا دەنگ بداتەوە: “هاواڵدوانەی گیانم، بەجێم مەھێڵە. مەودای ڕێگای بێ تۆیی ئەستەم و پڕ لە سەخڵەتە. بە ئێشی زامی سەرسینگم قەسەم وا دیلیی ڕۆیشتنی تۆ کردوویەتە جیرانی دڵم، سوێندت دەدەم! بێ من مەڕۆ. خۆت لە بیرتە بڕیاری ڕۆیشتنی دوو قۆڵیمان دابوو؟» (هەمان، ل: ،102و 103)
« تۆ شێت و ھار دەبی کاتێ ببینی سپای دوژمن لە پێچەڵاو پووچی عەقڵی پاڵەوانێکی بەلەباریکەی باڵابەرزەوە، خۆیان لە ناو دڵی ئەسپێکی دارینەوە خزاندۆتە ناو نیشتمانتان! تۆ ھەر چەندە بە تیرێکی ژەھراوی پاژنەی پاڵەوانی کەوڵ ئاسنین دەنگێوی و ورەی سوپایان لە کار دەخەی، بەڵام وێرانەیەکت لەپێشدایە و وڵاتێکی خاپوور! ھیچ ڕەھۆڵەیەکی نھێنی تۆ دەرباز ناکات و دەمێنیتەوە، تاسەی دەور و دەمانێک و فرمێسکێکی قەتیس ماو!» (هەمان، ل: 191)
بە خوێندنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی هاواڵدوانە، دوو ھەستی دژبەیەک بەرۆکی خوێنەر دەگرێت. ئەو دوو ھەستە یەکناکۆکە لەو ڕستانەی کە لە سەرەوە بۆ نموونە ئاماژەم پێ داون ڕەنگ دەداتەوە. لەلایەک ھەستێکی شادی و خۆشحاڵی دەمانگرێت و ھەواڵێکی خۆش دەبیستین، دەگەشینەوە و شەکری بزە گنج و لۆچی نێو چاوانمان دەسڕێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ناڕەحەت دەبین لەبەر ئەو ھەمووە ڕەنجە لەمێژینەی وەکوو نەتەوەی بندەست لەسەرمان بار کراوە. دەبا بزانین ئەو ھەستی شادی و خۆشحاڵیە لە چییەوە دێت و ئەو ناڕەحەتی و ڕەنجە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ چی لەم چیرۆکانەدایە وا گرێ و لۆچی غەم و ناڕەحەتییەکانمان ڕادەماڵێ و ھەناسەیەک لە ئازادی، شەکری شادی دەکاتە میوانی لێومان و چی تێدایە وا ڕەنجی چەندین ساڵەمان بۆ ڕیوایەت دەکات. وێدەچێت ئەو شادییە لەوەوە بێت کە گەلی کورد وا کە زمان و ڕەوان و ھەست و نەستی لە ژێر چەپۆکی نەتەوە باڵادەستەکاندا دیل بووە و کۆلۆنی کراوە و نەزۆک بووە، ئەو شتەی پێی دەگوترێت ناھۆشیاری کۆلۆنیکراو، لێرەدا زمانی ئازاد و ڕزگاری خۆی بینیوەتەوە. ئەو گەلە بە ھۆی ئەوەی بە تایبەت لە ژێر سایەی سیاسەتێکی زمانیی سەپێندراودا پەروەردە کراوە، زمان و ھۆشیارییەکەی دوو فاقی بووەتەوە. ھەم فارسی و عەربی و تورکی لەسەر زمان و ھۆشیاریی ئەودا زاڵە و ئامادەییی زۆر توند و تیژیان ھەیە، ھەم ھەستی و بوونێکی کوردی لە زمانیدا ئامادەیی ھەیە و ھەم زمان و بیر و ئەندێشە و ڕوانگەی بە ژیان، ھەستی و جوانی لە ژێر کاریگەریی ئەو نەتەوە سەردەستانەدایە و ھەناسەکێشانی لێ سەندراوەتەوە. ئەو زمانەی کە لە پرۆسەیەکی بە تەواوی سیاسیدا پەڕاوێز خراوە و جێگەی خۆی داوە بە زمانی نەتەوە باڵادەستەکان، ئەگەر بیر دەکاتەوە چونکە بە فارسی یان عەرەبی یان تورکی پەروەردە کراوە، بیرکردنەوەکانی ڕەسەن نین و لە ڕێگەی بوونی زمانێکی دیکە و نامۆوە لە خۆی و جیھان و ژیان دەڕوانێت. بە کورتی لە پرۆسەیەکدا کە ناوی دەنرێت «کۆلۆنیالیسمی ناوەکی»ی فەرھەنگی، زمانی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەک یان نەتەوەکانی دیکەدا زاڵ دەکرێت و لێکەوتەی ئەو پرۆسەیە ئەوەیە زمان، ھۆشیاری، ئاکار و تەنانەت پێوەرە جوانیناسانەکانی نەتەوەی بندەست پەڕاوێز دەخرێت و بگرە ئاخێوەرانی بندەستیش جیا لە قسەی ڕۆژانەیان، ناتوانن وەک مرۆڤێک بیر بکەنەوە چونکە زمانیان کە «خانووی بوونی» ئەوانە، تێکدراوە و کاتێک بوونی نەتەوەیەک تێکبدرێت، ئیدی ئەو نەتەوەیە ھەتا ھەتایە ھەر دیل و داگیرکراو و دەستەمۆی نەتەوەی زاڵ دەبێت. نە دەتوانێت بیر لە خۆی و جیھانی دەوروبەری بکاتەوە و نە دەتوانێت زانست بەرھەم بێنێت و نە تەنانەت دەتوانێت ھەستی عاشقانەی بەرانبەر بەوی دیکە دەرببڕێت. ئەوەیە کە دەبێتە نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراوی دوو یان چەندفاقیکراو. بەڵام بیرمەندانی ناو ئەو نەتەوە کۆلۆنیکراوانە جاری وایە وەخۆیان دەکەون و بگرە ئەگەر نەتوانن پێکھاتەی سیاسیی نەتەوەی زاڵ لەسەر خۆیان لابەرن، بە شێوازگەلێکی جۆراوجۆر لەھەمبەر ئەو کۆلۆنیالیسمەدا بەرخۆدان دەکەن و داڵغە و پەناگایەک بۆ بوونی خۆیان و بۆ دەربڕینی ھەست و نەستیان پەیدا دەکەن. لە ناو نەتەوە کۆلۆنیکراوەکاندا، ئەدەبیات داڵغەیەکی چاکە کە لەودا ئەو نەتەوانە، خۆیان لە کۆلۆنیالیسم و ئێمپڕیالیزمی فەرھەنگی- زمانی ڕزگار بکەن. لە خوێندنەوە پاشکۆلۆنیالیستییەکاندا کە بە خوێندنەوە و دووبارەخوێندنەوەی ئاسەواری ئەدەبی و فەرھەنگیی کۆلۆنیالییەوە سەرقاڵە، دەیھەوێت سەرنجی خوێنەران بۆ لای لێکەوتە قووڵ و ناچارییەکانی کۆلۆنیالیسم ڕابکێشێت و ھەروەھا گوتاری ئایدیۆلۆژیکی کۆلۆنیکەرانیش تێک بشکێنێت. ( Ashcroft, 1998: 192) دیارە پرسی زمان لە جێگەی ڕێسایەکی بنەڕەتی لە بیچمگرتن و سەرھەڵدانی تیۆریی پاش کۆلۆنیالیستی، پێگەیەکی یەکجار گرینگی ھەیە. گوتاری پاشکۆلۆنیالیستی، بەستێنێک مسۆگەر دەکات کە لە ناو ھەناویدا حەقێقەت شکڵ بگرێت و ھەروھا زمان وەکوو ماکی سەرەکیی شوناس و فەرھەنگی نەتەوە ژێر چەپۆکەکان دەتوانرێت جگە لەوەی لە ڕووی بوونناسانەوە تەماشای بکرێت، ببێتە ئامرازی بەرگری لە مافی یەک نەتەوە لە بەرانبەر داگیرکەرانیدا. زمان لە کۆمەڵگا پاش کۆلۆنیالیستیەکاندا دەتوانێت حەقێقەتی کۆمەڵگا و دەسەڵات و ئیستعماری سەپێنراو بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا نمایش بکات. (موزەفەری، 1396: 20)
لێرەدا و لە دوای ئەوەی کە لە پرۆسەی کۆلۆنیالیزمی ناوەکیدا، زمانی کوردی پەڕاوێز خراوە و لە خشتە براوە، زۆر گرینگە کە بزانین زمانی ئەم کۆمەڵەچیرۆکە چۆن لەگەڵ ئەو کۆلۆنیالیزمە ناوەکییەدا مامەڵەی کردووە. بە خوێندنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی هاواڵدوانە ھەستێکی خۆشی و شادی و سەرخۆشییەکی تایبەتی و شیرین، دەست دەدات بە خوێنەر. بۆیە ئەو ڕستەیەم لە ھەوەڵەوە ھێنا تا بڵێم بە خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانە، بوونی مرۆڤی کورد لە زمانێکی پاراودا مانا پەیدا دەکات. کاتێک لەگەڵ ئەو زمانە ڕەسەنە تایبەتییەی “تاھیر حامیدی” ھاوڕێ دەبیت، ھەستێکی شادی و خۆشحاڵی داتدەگرێت. لەوەی کە ھەست دەکەی خانووی خۆتت کە داگیر کراوە لە داگیرکەر ستاندووەتەوە. شوناسی خۆتت دیوەتەوە، ھەست دەکەی بوونی خۆتت دۆزیوەتە. شاد و سەرمەستیت لەوەی زمانێکی ئاوا پاراو بە پێشینەیەکی زۆری خوێندنەوەی ئەدەبی کوردی کە کەرەستەی ئەو خانوویەی پێکھێناوە، بووەتەی داڵغە و پەناگایەک کە من و تۆ دەتوانین لەوێدا خانووی بوونی خۆمان ببینینەوە. ئەو زمانەی کە خۆی دەرباز کردووە لە ڕەنگ و بۆی نەتەوە زاڵەکان. لە کاتی خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانە ھەست دەکەی ماڵێکە بە گەورەییی زمانی نەتەوەیەکی داگیرکراو کە ڕاوچی و داگیرکەری لەوێدا وەدەر ناوە و مامۆستا ئاوات وتەنی “خاوەنی ئەو خاسەکەوەیش ھەر دەڵێ/ ڕاوچی دەبێ لەم کەژ و کێوە ھەڵێ”، خاوەنی ئەو چیرۆکانە، ڕاوچییە زمانییەکانی وەدەرناوە و ھەناسەی سەربەستی و ئازادی و ڕزگاری، لە جەستەی زمانێکی بە تەواوی کوردیدا ھەڵدەمژێت. گێڕانەوەی تاھیر حامیدی لە ھەر ھەمووی ئەو چیرۆکانەدا نیشانکەردی ڕزگاریی زمان و ھۆشیاریی مرۆڤی کوردە و ھەروەھا نیشانەی ئاگایی و زاڵیەتییەکی مێژویییە بەسەر زمانی کوردیدا. خوێنەر بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو ھۆشیارییە زمانییە لە ھەمبەر زمانی سەردەستدا لە ھەر ھەموو چیرۆکەکاندا دەبینێت.
داڕێژان و تێمی تەواوی چیرۆکەکان لە ڕووداوە ئاسایییەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤی کورد بە تایبەت کوردی ڕۆژھەڵاتی وەرگیراوە، وەکوو (لە چیرۆکی خوێندن بە کاتی جەھەندەم)دا دەیبینین، ھەتا تراژێدیای کوشتن و بڕینی مروڤی کورد (لە چیرۆکی هاواڵدوانە) و تاراندن و دەرکردنی مرۆڤی کورد لەسەر باوەڕ بە کوردبوون و ھەوڵدان بۆ ڕزگاری و کێشانی زەجر و ھەژاری و دەرکردن و تاراندن لەسەر ئەو بیروڕا نەتەوەخوازییە (لە چیرۆکی خانوو)، ھەر ھەموویان خانوویەکە کە تێیدا زمانی کوردی بەوپەڕی پاراوی و ڕەوانبێژییەوە بووەتە مەکۆی ھەناسەی ئازادی. فۆرمی زمان ئەوندە سەربەست و ئازادە، تۆ ھەست دەکەی مرۆڤێکە و لە بەند و زیندان ڕزگاری ھەتاھەتاییی ھاتووە و شەقەی باڵی سەربەستی لێدەدات. وێنەسازی بە ئیماژگەلێکی یەکسەر کوردانە ماڵی بوونی کوردانەی ئەوندەی دیکە ڕازاندووەتەوە. بۆ وێنە ئەو کاتەی لە زمانی گێڕێڕەوەدا لە چیرۆکی “هاواڵدوانە” کە کەسایەتییە سەرەکییەکان لفەوجووتن و لە زکی دایکیاندان و دایکیان بێزووی بە بەفری کوێستان گرتووە، دەبیستین کە بابی بە سواری قاتر بردوویەتی بۆ ئەو کوێستانە بەرزانە، ئینجا ببینن ئەوپەڕی وێنەسازی لەم ڕستانەدا “دایکم ھەر ھەوەڵ قوم لە بەفر و دۆشاوەکەی خوارد، ئۆخژنێ لە گیانی گەڕا. ھێورییەکی سپی سپی سپی. فێنکایییەکەی دای لە بنی دڵمان. ئێستا جوان ھەستی پێ دەکەم، سەیر داچڵەکاین، سەرمان لە کۆشی یەکدا بوو کە بە ھێز و قەوەت لە خۆمان نەوی ھەستینە سەرپێ. دایکم یەک بە خۆی بەو کوێستانەدا ھاواری کرد: ‘ئەوە شێرەکۆڕەکانم دەیانەوێ ھەستنە سەر پێ.'” وەسف و وێنەسازییەک بەوپەڕی جوانییەوە. ئەو شێرە کوڕانەی وا لفەوجووتن و بە بەفری کوێستانی کوردستان ھەڵساونەتە سەر پێ، دوواتر ھەر دووکیان لە ڕێگەی نەتەوەکەیاندا شەھید دەکرێن. بە بەفری کوێستانی پاک و خاوێن بێزوویان کردووە، سەر بۆ داگیرکەری پیس دانانەوێنن. دەبێ بیخوێنیتەوە ئەو چیرۆکە تا بزانیت شەپۆلی زەین و سیلەنیگای گێڕەڕەوە چۆن ناوەرۆکێکی بە ھێزوپێز لە فۆرمێکی ئەدەبیی شاز و کەموێنەدا وێنا دەکات و دەیگێڕێتەوە، بە جۆرێک کە یەک چرکەسات حەز ناکەی لەو چیرۆکە داببڕیت تاوەکوو بزانیت بە چ ئەنجامێک کۆتاییی دێت.
یەکێک لەو پنتە بنەڕەتییانەی کە ڕووی باڵادەستیی ناوەرۆکی لە ھەمووی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەدا ھەیە، ماکی بیرێکی نەتەوەخوازانەیە (بە ڕەنگ و بۆی دژە کۆلۆنیالیستییەوە) کە بە شێوازی جۆراوجۆر لە کۆدەقەکانی ئەم گێڕانەوەیەدا ڕەنگی داوەتەوە. دیارە شیکاری و لێکۆڵینەوەی چەمکگەلێکی وەک (من/ ئەوی دیکە) یان (ناوەند/ پەڕاوێز) لە خوێندنەوە پاشکۆلۆنیالیستیەکاندا گرینگییەکی تایبەتیان ھەیە. لەم کۆمەڵە چیرۆکەیشدا و لە چەند جێگەدا ئەو سنووردانانی نێوان من و ئەوی دیکە یان ئێمە و ئەوانی دیکە دەبیندرێت. بۆ وێنە لە چیرۆکی «خانوو»دا کاتێک ئەو مامۆستایە لەسەر بیری ناسیۆنالیستی لە کار دەردەکرێت و بۆ بەدەستھێنانی بژێوی ژیانی ڕوو لە تاران دەکات، ئاوا ھەستی نامۆیی و سنووردانانی خۆی لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست و ناوەندی، کە لێرەدا فارس بێت، دەردەبڕێت: “حەیف نەبێت خاک و نیشتمانی خۆت بەجێ بھێڵیت و بێی پاشاخوڕی ئەم غەوارانە بڕێژی؟… لە خۆوە نەیانکوتووە “بەرد لە جێی خۆی قورسە”. ھەر لە شوێن و شاری خۆت بترازێی ئیتر ئەوە نیت وا ھەیت. ئەوە نابی وا بووی. ئەوانەی وا تۆ دەیزانی و بەوانەوە بە گەورەیی و ناسیاوی گەیشتووی بە کاری خەڵکی ئەوێ نایێ، قەت ئەوان زانستەکانی تۆیان ناوێ…”(هاواڵدوانە: 46) وشەکان لەم کۆڕستەیەدا بە باشی سنووری نێوان ئێمەی کورد و ئەوانی دیکەی تارانی- فارسی نیشان دەدەن، خاک و نیشتمانی خۆت لە بەرانبەر ئەوانی دیکەی غەوارە و بێگانەدا. زانینی تۆ و زانینی ئەوان و زۆر شتی دیکە کە سنووری نێوان ڕۆژھەڵاتییەکی داگیرکراو و پەڕاوێزخراو لەگەڵ ئەوانی دیکەی ناوەند، کە تاران ھێمایە بۆ ئەو داگیرکارییە، دەنوێنێتەوە.
ھەروەھا کە ئاماژەی پێ کرا بیری ناسیۆنالیستی، موتیڤی باڵادەستی ھەیە لە زۆرینەی چیرۆکەکاندا، بۆ وێنە کاتێک دەقاوێزان دەکات لەگەڵ ئەو شاعیرە کلاسیکییانە، بە تایبەت “حاجی قادر” و “مەلای گەورە” بانگەشە دەکات. حاجی کە لە دوای “خانی” بە یەکێک لە کوچکە بنەڕەتییەکانی بیری ناسیۆنالیستی لە ئەژمار دەدرێت، بە پێشوازی ئەو ماڵە کوردانەوە دێت کە “مەحوی” و “مەولەوی تاوەگۆزی”یش لێرەدا بانگەشە کراون. ئەو کاتە کە شێعرێکی عەبدووڵڵا پەشێو لە چیرۆکی «ماڵاوایی لە خولەکی ئاخردا» نەقڵ دەکات و لە زمانی پەشێوەوە بانگی حاجی قادر و مەلای گەورە دەکات:
بنوو، ھاوڕێم!/ لە ھیچ مەپرسە! / ڕەشانگ و تاپۆیەکانی ئەو دیو پەنجەرە/ ئەو دار و درەختانەن کە حاجی قادر لە سێبەریان سەرخەوی دەشکاند/ و ئەو ژاوەژاو و دەنگە دەنگانەش/ ئارێبابەی فەقێکانی مەلای گەورەن… (ھەمان، ل: 20)
لێرەدا حاجی قادرێک بانگەشە دەکرێت کە لە نەریتی ئەدەبی کوردیدا سەر بە قوتابخانەی تەنویرە و بیری نەتەوەخوازی لە ماکە سەرەکییەکانی ئەو ڕۆشنگەرییەیە. حاجی لە ماڵێکی کوردانە لەم چیرۆکانەدا بانگەشە کراوە کە نەک ھەر دەتوانێت سەرخەوێ بشکێنێت و ماندووی بحەسێتەوە، بەڵکوو بە دەنگێکی بڵیند و بەوپەڕی ھۆشیارییەوە تەنانەت لە مەدحی خودادا بڵێت: “مەعلوومە بۆچی حاجی مەدحت دەکا بە کوردی/ تا کەس نەڵێ بە کوردی نەکراوە مەدحی باری”. حاجییش بە پێشوازی ئەو ماڵە کوردانەیەوە دەچێت کە لە ئێمپڕیالیزمی زمانی ئازاد کراوە. بە دیتنی ئەو ماڵە کوردانەیە بۆ بوونی مرۆڤی کورد کە ڕەنگ و بۆی بیانیی داگیرکەری تێدا نەماوە، ئیتر کەس ناڵێت “جێم نییە تیا بسرەوەم خاکم بەسەر بێ لانە خۆم” ئەوا خانوویەک و جێگەیەک ساز کراوە تا لەوێدا بەبێ ھەژمۆنی زمانی نەتەوەی باڵادەست، خۆت بیت و خۆت، تەنیا لەگەڵ گێڕانەوەی ڕەنجەکانت.
لەلایەکی دیکەوە یاساغ بوونی بیری ناسیۆنالیستی بە شێوەیەکی کەم وێنە لە کۆڕستەیەکدا لە چیرۆکی «خوێندن بە کاتی جەهەندەم» دا نمایش کراوە. “بە خەتێکی پان و ناخۆش لەسەر دیواری بەرانبەر بە تەختەی پۆلەکەی خۆتان نووسرابوو بژی نیشتمان… ئەو شەوە تا دڕەنگان نەخەوتبوو و نیشتمانەکەی سڕیبۆوە. خاڵی نوونەکانی ئەمسەر و ئەوسەری نیشتمانەکەت وەک چاوێکی ڕێژراو کێشابۆوە… ناسر بە دەم پاک کردنەوە و ڕەنگکردنی دیوارەکەوە پێدەکەنی و دەیکوت: “زوو پاکی نەکەمەوە سبحەینێ نیشتمان چاو لە قوتابییەکان دادەگرێت!” (ھەمان، ل: 131) لەو چەن ڕستەیەدا ئیماژی نیشتمان و یاساغ بوونی بەدەس داگیرکەر، بە شێوازێکی زۆر ئەدیبانە لە گێڕانەوەیەکی زۆر وەستایانەدا نواندراوەتە. ئەمسەر و ئەوسەری نیشتمان ھێمایە بۆ نیشتمانێکی گەورەی لەتنەکراو کە بەکرێگیراوەکانی سیستەم دەیانھەوێت لە مێشک و زەیندا پاکی بکەنەوە، بەڵام سەد مەخابن، نیشتمان ئەو خۆشەویستەیە کە کەس ناتوانێت خۆشەویستیی ئەو لە مێشک و زەینی خەڵک بسڕێتەوە و نەھێڵێت چاوی خۆشەویستی لە خەڵک داگرێت. «ناسر» و کەسانێکی وەک ئەو کە ھێمایە بۆ ھاوکاری کۆلۆنیالیزم و کەسایەتیی «قرە» لە ڕۆمانی سێیانەکانی ئەلجەزایری محەمەد دیب و بە تایبەت ڕۆمانی ئاگرمان بیر دەخاتەوە کە شەوانە بە دزییەوە مەزرای خەڵکی ئاگر تێ بەردەدا تا بیانوو بدات بە دەستی ھێزە داگیرکەرەکانەوە بۆ تێکشکانی مانگرتنی مەدەنیی جووتیارانی ئەو ناوچەیە. (باغجری، 1399: 90) دیارە کۆلۆنیالیزم بەردەوام بەشێک لە خەڵک بە ھێزی زێڕ و زۆر و تەزویر بۆ تێکشکاندنی ھەر چەشنە جووڵانەوەیەکی ئەو خەڵکە بە کرێ دەگرێت و لە خۆیان بۆ سەرکوتی خۆیان کەڵک وەردەگرێت. لێرەیشدا ناسر ئەو ڕۆڵە دەنوێنێت و کاری سڕینەوەی ھێمای نیشتمانە.
دەبینین لەو کۆرستەیەدا چلۆن فۆرمێکی زمانی بە میتافۆرگەلێکی واتادار لە دیالێکتیک، لەگەڵ ناوەرۆکێکی واتادار و واتادەر بە ژیانی خەڵک، واتە نیشتمانپەروەری کۆ دەبنەوە تا دەقێکی وەھا بخوڵقێنن. کاتێ کە نیشتمان دەبێت بە مەعشووق، دەتوانێت ببێت بەو شتەی شێخی نوورسی ناوی دەنێت «ناسیۆنالیزمی ئەرێنی». لە ناسیۆنالیزمی ئەرێنیدا مرۆڤ کە نیشتمان و وڵاتی وەک خۆشەویستی خۆی خۆش دەوێت، لە دەردی خۆپەرەستی و خێڵپەرەستی ھەرزە و سەرچڵ ڕزگاری دەبێت و پاکژی و بەرزەجێییی ئاکاری پەیدا دەکات.
کەرەستەی بنەڕەتیی ئەو خانووە بۆ ڕۆحی مرۆڤی کورد، زمانێکی دەربازبوو و ئازادکراو لە بەند و دیلییە. ئەگەر نەتەوەی باڵادەست زمانی خۆی دەسەپێنێت و ئەمە یەکێک لە ماکەکانی کۆلۆنیالیزمی ناوەکییە، ئەوا بەرگری لە زمان و ڕۆنانی خانوویەکی زمانی کوردانە دەبێت بە کردەی ئانتی کۆلۆنیالیزم، کە “تاھیر حامیدی” بە زمانێکی کوردانە، بەشداریی لەم بەگژاچوونەدا کردووە. تۆ دەڵێیت وەیشوومەی تۆقێنەری سێبەری زمانی فارسی بە گشتی وەلانراوە و بۆ خۆتی و خانوویەکی بە کەرەستەی زمانێکی پاراو و ڕەوان کە لەویادا خۆت، جیھان، ڕەنج، ھێز و ھەر وەھا کەمایەسییەکانت دەبینییەوە. فۆرمی زمان لە لێکچوواندنە کەموێنەکانیدا کە زۆر جار زمانێکی میتافۆریکە بیر و مێشک ڕادەکێشێت و ناتوانیت نەڵێیت کە زمانێکی تەواو کوردانە بە ڕەوانبێژییەکی پڕۆڤێشناڵ گەمارۆی نەداوم، بۆ وێنە کاتێک ماندووییی خۆی لە بورۆکراسی و ئەملاو ئەولا پێ کردنیان بۆ خانووسازکردن وەسف دەکات دەڵێت: “دوو مانگ من کارم دیواودیو کردن و ھەڵاتن لەم بەش بۆ ئەو بەش بوو… وەکوو گای گەرچەکخواردوویان لێ کردبووم.” (هاواڵدوانە: 50) یان کاتێک حاڵی “ئامە”ی بەتەنیاکەوتوو لە چیرۆکی «تەشەنادا» وەسف دەکات ئاوا دەنووسێت: “ئامە شەوانێکی زۆر پشتەوقەفار ھەناسەی ھەڵدەدایە نێو دیوی تەنیایییان و بیری لەو ڕۆژە دەکردەوە وا کاکەمەمی خۆشڕاوێژ، ھەناسە بە تینەکانی خۆی تێکەڵی وشکەڵانی ماڵەکەی ئەمان بکردایێ” (ھەمان: 67) یان “ئامەی ھەوڕگەر، لە مەودای ھەڵھاتنی قوڕی تەنوورەکانیدا بووکە قوڕینەی یادی بەشوێنداھاتنەوەی مەمۆی بەسەر تاق و ڕەفحەکانەوە دەپێژا”. (ھەمان: 73) یان کاتێک لە چیرۆکی هاواڵدوانە، گێڕەرەوە دەپرسێت: “ئێمە بۆ ئەونە دەنگی ئاومان خۆش دەویست؟ بۆ وا ھۆگری خوڕەی ئاوی چۆمەکەی بەر مووچە و مەزراکەی خۆمان ببووین؟ تازە تێدەگەم کە بەفراو ئێمەی گەورە کردووە.” دایکی بێزووی بە بەفراو کردووە، جا ئینجا وەسفی دەکات کە چۆن بابی، دایکی بەو ھاوینە دەبات بۆ کوێستانەکانی پشتی ناودێ و “لەمەودای ڕۆیشتنیاندا وەک سەرەتی لاوی و دڵدارییان، تێر پێکەوە قسەیان کردبوو و…” یان لە درێژەدا کە دایکی بوخچەی دڵی لەو کوێستانەدا بۆ باوکی دەکاتەوە. (ھەمان: 81 و82) ئیتر دەبێ پاشماوەی دەقەکە خۆت بیخوێنیتەوە تا چێژێکی کوردانە و عاشقانە دەروونت داییسێنێت. زمانی ئالیگۆریک و زۆر جاران میتافۆریک لە وەسفی حاڵەتی کەسایەتییەکاندا و ھەروەھا لە وەسفی ڕووداوەکاندا، ھێزێکی ھونەریی تایبەتی بەخشیوە بە زمانی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە.
ھەروەھا کە دەزانین لە بەرانبەر ھەر ھەژمۆنی، ئانتی ھەژمۆنی و لە بەرانبەر ھەر داگیرکەرییەکدا کە تێکەڵ بە سووکایەتی و بەکەمزانین و پەڕاوێز خستن و تاراندن بێت، ھێزێکی بەرگری و بەرخۆدانیش دێتە گۆڕێ. بەو شێوەیەی کە ئاماژەمان پێ کرد، لە بەرانبەر داگیرکەریی زمانی فارسی و عەربی و تورکیدا، داکۆکی لەسەر مافی زمانی وەکوو ئانتی ھەژمۆنی لە لایەن نەتەوەی کوردەوە ھاتووەتە مەیدان و بەتایبەت ئەو بەرگرییە لە ڕۆژھەڵات زۆر بەھێزتر وەگەڕ کەوتووە. دیارە ھەروەھا کە ھانا ئارێنت ئاماژەی پێ داوە: “کاتێک وەک جوولەکە ھێرشت دەکرێتە سەر، پێویستە وەک جوولەکەیەکیش داکۆکی لە خۆت بکەیت، نەک وەکوو ئەڵمانییەک، یان وەکوو ھاووڵاتییەکی گەردوونی، یان وەکوو داکۆکیکەری مافەکانی مرۆڤ”. جاری وایە لەھەمبەر سووکایەتی کردنی ئەوی دیکەدا بەتایبەت نەتەوەی سەردەستی نازیستیانە، چیتر زمانی دێموکڕاسی کاریگەریی نامێنێت، دەبێت وەک ئەو وێنەیەی کە گێڕەڕەوە لە چیرۆکی «ماڵئاوایی لە خولەکی ئاخردا» دەیخاتە بەردەست، لەگەڵ ئەویترەکە مامەڵە بکەیت، ئەو کاتەی داگیرکەر ئیھانەتت پێ دەکات و بە بچوکت دەزانێت، لە وێنەی کەللـەسەرەکەی زێنۆدین زەیدانی یاریزانی فەرانسەوی ڕەنگ دەداتەوە کە لە سەر سینگی یاریزانی ئیتالیایی نیشت. “یاریزانە مەزنەکە بە ھێز و قەوەتی خۆی ڕازایەوە و ھەتا ھێزی بوو سەرێکی سرەواندە تەختی سینگی ئەوی دیکە و وەکوو مەیتێکی بێکەس، تخێڵی عەرزی کرد! سەری داخست و ئارەقەی نێوچاوانی بە قامکە کەڵەی دەستی سڕی، خۆی ساز کرد بۆ بینینی ئەو کارتە سوورەی ناوبژیکەرەکان کە بە بێ زمانی خۆیان پێیان دەکووت: نزیک بە دوو دەیە خۆت ڕاگڕت و نەتتوانی کەمتر لە چەند چرکە بەرگەی ئەو تۆمەتە بگری؟! یاریزانی مەزن، بێئاگا لە چاوە دەرپەڕیوەکان، مەیدانی بەجێ ھێشت، ئاوڕی نەدایەوە، خۆی گێل کرد، بە نێو کەف و کوڵی فیکە و ھەڵچووندا ڕێی بۆ خۆی کردەوە و خۆی وەدەرنا…” (ھەمان: 16) جا کە داگیرکەری فاشیست کە ڕەگەزی خۆی لە تۆ بە گەورەتر و پاکتر و ھەزار توڕڕەھاتی ساختەیی وا بزانێت، تۆ چۆن دەبێت بەرگری لە خۆت بکەیت. ئاخر دێموکڕاسی بۆ کەسێکە ڕاڤەی بۆ دێمۆس بەرابەرخوازانە بێت نەک فاشیستیانە و ھەر بۆ ڕەگەزی خۆی، دیارە پەرچەکردار بەو ھەمووە سووکایەتییە و داشکاندنی ئەوی دیکە، ئەوەیە وەک ئەو یاریزانە مەزنە لە دوایین ساتەکانی ژیانیشدا بێت، ئیتر بە کەللـەی سەر لە عەرزت دەدەن و دوای ئەوە ھەرچی ڕوو بدات ئیدی لە دەستی تۆ و ئاپاڕاتووس و کاسەلێسەکانی تۆ دەردەچێت و زەویی یاری دەکەوێتە دەستی ئەوی دیکەی داگیرکراو.
بە گشتی و ھەروەھا کە لە ڕستەی دەسپێکی نووسینەکەدا ئاماژەم پێ داوە، کاتێک ئەم کۆمەڵە چیرۆکەی تاھیر حامیدی دەخوێنیتەوە، ھەر لە دوورەوە و بە بزەوە دەڵێیت: خەبەر خۆشە! خوێنەر دەگەشێتەوە و شەکری بزە گنج و لۆچی نێو چاوی دەسڕێتەوە. شەکری بزەی ئەو شتەی، ھایدگێر ناوی دەنێت «ماڵی بووون» کە زمانێکی کوردانەیە و لەم چیرۆکانەدا بە جوانی ڕازاوەتەوە و خۆت لەو ماڵەدا دەبینی کە ساڵەھای ساڵ داگیرکراوە. جا چۆن ھەر وەک ئەوەی خاوەن ماڵێک کە ماڵەکەی داگیر کراوە و لێی زەوت کراوە، بە ھەوڵ و تێکۆشانی تاقەتپڕووکێنەوە، ئەو ماڵەی دەستێنێتەوە و ھەستێکی شادمانی دایدەگرێت و ڕۆحی ئۆقرە دەگرێت، ئاوەھایش لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا خانوویەک “بۆ بوونی مرۆڤی کورد” بنیات نراوە کە کاتێک دەچینە ناو ئەو خانووە، ھەست دەکەین ماڵی خۆمانە و بە دڵی خۆمان سازمان کردووە. تا ئەو جێگەیەی کە ھەست دەکرێت ڕزگار بووین، ھۆشیاریمان بۆ خۆمانە و لە خزمەتی ئەوی دیکەدا ناکەوێتە گەڕ. دیارە جەختکردن لەسەر سازدانی ماڵی بوونی کوردی بە واتای ئەوە نییە لە ماڵی عەقڵ و دێموکڕاسیی گەلانی دیکە کەڵک وەرناگرین، بەڵام تا کاتێک ماڵمان داگیر کراوە و بوون و زمانمان پەڕاوێزخراوە قسە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوی دیکە تا ئاستێکی زۆر بێواتایە. بە وتەی “ئەمیلکار کابرال” کە دەڵێت: “بەر لە پێکەوەژیان، دەبێت بوونمان ھەبێت”، ئەم کارە ڕاست ئەو شتەیە وا ھەوڵ و تەقەلای بۆ دەدەین. کابرال لەگەڵ نەتەوەخوازی ھاودەنگە و لە فەرھەنگە مۆدێڕنەکان و فەرھەگەکانی پێش لە ئێستعمار، ئەو شتەی بەکەڵک و ڕزگارکەرە ھەڵیدەبژێرێت و بە چەشنێکی داھێنەرانە لێکیان دەھاڵێنێت. زۆر بە سادەیی پێمان دەڵێ: ماڵوێران تۆ کە ماڵت نییە، زۆر شتی دیکەی مرۆڤایەتییشت نییە، کەرامەتت نییە و ئەسڵەن تۆ مرۆڤ نیت و لە ئاستی مندا نیت تا دانوستانت لەگەڵ بکەم. بۆیە لەم چیرۆکانەدا ئیماژی ماڵی کوردی بە باشی وێنا دەکرێت و زمانێکی سەربەخۆ و ئاگایییەکی سەربەخۆ پەلکێشمان دەکات بۆ سەربەخۆ بوون لە زۆرێک لە بوارەکانی دیکەدا. ئەم خانووە کوردییەی کە بە زمانێکی پاراو و ڕەوان نەخشێنراوە، بانگەشەمان دەکات بۆ یەکەم ھەنگاو، ئەویش ڕزگاری و ئازادیی زمانی کە بەرگرییەکی زۆر بنەڕەتییە لەھەمبەر ئەوی دیکەدا و تاھیر حامیدی زۆر وەستایانە بە خەزێنەی زمانێکەوە بە کاری ھێناوە کە جودا لە زەوقێکی زمانیی تایبەت، داھاتی ساڵەھای ساڵ خوێندنەوە و کەڵەکەبوونی ئەو گەنجانەیە کە بۆ خۆی دۆزیویەتەوە و لە خەزێنەی زمانی وەستایانەی خۆیدا دەیخاتە بەردەستی خوێنەر. کەوایە لێرەدا دەتوانین بڵێین یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک چیرۆک و یەک زمان، یەک زمان و یەک جیھان و یەک جیھان و یەک بوون.
بەڵام دیوی ئەودیوی ئەو شادمانی و سەرخۆشییەی کە خوێنەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی زمانێکی کوردانە و ڕەسەن کە ڕەنگی داگیرکراوی پێوە نەماوە، دایدەگرێت، لەو ڕستەی دووھەمەدا کە لە چیرۆکی هاواڵدوانە وەرگیراوە نیشان دەدرێت: “ئەو ھاوارە ڕزگار ئەکەم ھەتا لە دەشت و دەردا دەنگ بداتەوە: “هاواڵدوانەی گیانم، بەجێم مەھێڵە. مەودای ڕێگای بێ تۆیی ئەستەم و پڕ لە سەخڵەتە. بە ئێشی زامی سەرسینگم قەسەم وا دیلیی ڕۆیشتنی تۆ کردوویەتە جیرانی دڵم، سوێندت دەدەم! بێ من مەڕۆ. خۆت لە بیرتە بڕیاری ڕۆیشتنی دوو قۆڵیمان دابوو!” لەم ڕستەیەدا، لەگەڵ ھاوار لە دەرد و ڕەنجێکی نەبڕاوە ڕووبەڕووین. بە ڕای من تاھیر حامیدی بە دروستی سەرناوی ئەو چیرۆکەی ھەڵبژاردووە بۆ کۆی چیرۆکەکانی. ھەم لە باری فۆرمی ئەدەبییەوە و ھەم لە بواری نواندنەوەی بیرێکی قووڵ کە دەربڕی ڕەنجێکی بەلێشاو و لەڕادەبەدەر لەسەر مرۆڤی کوردە. ئەم چیرۆکە بە پێوەرەکانی جوانیناسانە لە لووتکەی جوانیدایە. ئەگەر بمھەوێت لەم بەشەدا لە چەمکێکی تیۆریک بۆ خوێندنەوەیەکی پێکھاتەخوازانە لەم کۆمەڵە چیرۆکە کەڵک وەرگرم، ئەوا چەمکی دوانە دژبەرەکانی پێکھاتەخوازەکان دەھێنمە ئاراوە. ئەوان پێیان وایە پێکھاتەی ھەر دەقێک، دوانەی دژبەرێک چێی دەکات کە تەواوی سیستەمی ئەو دەقە بە شێوەیەک گرێ دراوەتەوە بەو دوانە دژبەرە. ئەگەر بمانھەوێت ئەو دوانە دژبەرە بۆ نزیکبوونەوە لە پێکھاتەی ئەم چیرۆکانە بخەینە بەر دەست، لێرەشدا دوانەی داگیرکەر و داگیرکراو یان کۆلۆنیکەر و کۆلۆنیاکراو، دەتوانێت نزیکمان بکاتەوە لە ناوەرۆکی بنەڕەتیی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە. لایەنێک لەو دوانە دژبەرە، داگیرکەرێکی نائاشکرایە کە چی بەڵایە بەسەر مرۆڤی داگیرکراوی دەھێنێت، دەیکوژێت، دەری دەکات، دەیتارێنێت، دامودەزگای میلیتاری نەوەک لە پانتای گشتیدا بەڵکوو لە دەزگای پەروەردەشدا زۆر بەربڵاو و بە زەبروزەنگی بەرفراوانەوە دادەمەزرێنێت و یان وەک زیندانیی سەرانسەربین، بەردەوام دەزگای ئەمنی و چاودێرییەکان لێپرسینەوەی لێ دەکەن و بەو شێوەیە، کونترۆڵی دەکەن و ئازادیی لێ زەوت دەکەن. لایەنەکەی دیکە داگیرکراوێکی زەنجیر لە ملە کە چی بەڵایە بەسەری دێت و ھەر ھەوڵیەتی ئەو لیباسی نەنگینی ئیستعمار و داگیرکراوەیییە لە خۆی داماڵێت. دەرد و ڕەنجی مرۆڤی داگیرکراو لە ژێر پێستی ھەموو چیرۆکەکاندا ئاە و ناڵەی ناوەرۆکێکی ڕەنجاوی لێ دەبێتەوە. ئەڵقەی واتاییی پەیوەندیدار بەو ڕەنجە بەلێشاوە کە لە ھەموو چیرۆکەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، ھەژاری و فەقیری و بگرە تا دەرکردن لە کار و ئیشی مامۆستایان، تا کەوتنە بەر ئەشکەنجە و ئازاری دامەزراوە ئەمنی و میلیتارییەکان، تا شەھید بوونی یەکێک لە ھاواڵدوانەکان لە شەڕ لەگەڵ داگیرکەردا و ھەر وەھا نەخۆش کەوتن و دواتر شەھیدبوونی ئەوی دیکە کە بەرپرسێکی ئەمنیی داگیرکەر سەندەڵییەک دەدات بە پەراسوویدا و بە مست و لەقە تێی بەردەبێت، ئەو شکاندنەی پەراسووەی ھەمان و لە دوای ئازاد بوون لە زیندان، مەرگی لە ئەسەر ئەو زامە و پەیوەست بوون بە برا شەھیدەکەی ھەمان. ئەگەر خوێنەر بە خوێندنەوەی ڕۆمانی کۆلارەی خالید حسێنی کە ژیانی دوو مێرمناڵی ئەفغانی لە گەڕەکێکی کابولدا دەکات بە ھەوێنی ڕۆمانێک کە ھەر کەس بیخوێنێتەوە فرمێسکیان بۆ دەڕێژێت، گومانم نییە لەوە کە گێڕانەوەی تاھیر حامیدی لە چیرۆکی هاواڵدوانە و بەسەرھاتی تراژیکی ئەو لفەوجووتە، بە خۆڕ فرمێسک لە چاوی خوێنەر دادەبارێنێت چونکە چیرۆکی ھەزاران شەھیدی وای لە پێش چاو بۆ وێنا دەکرێت.
ئەڵقەیەکی واتاییی دیکە کە لە سووڕی داگیرکراودا دەسووڕێتەوە، ئەڵقەی واتاییی بەرخۆدان و بیری نەتەوایەتییە کە لەگەڵ ئەو ئەڵقەی ڕەنج و پەژارەیەدا لەگەڕدایە، ئەویش بریتییە لە ئەڵقەی مامۆستا و کتێب و خوێندن و ئاگایی و ماف. لە زۆرینەی چیرۆکەکاندا مامۆستای کتێبخوێنی ھۆشیار و نەتەوەخواز ڕۆڵ دەنوێنێت و ئەڵقەی واتاییی داگیرکراوی لەھەمبەر داگیرکەردا ڕەنگڕێژ دەکات و وزەی بەرگری لە نەتەوە لە ڕێگەی کتێب و ئاگایییەوە وەگەر دەخات. ڕێک وەک «عومەر» ئەو مامۆستایەی کە لە ڕۆمانی الحریقدا، مامۆستای زمانی فەڕانسییە و لە قسە کردن بە زمانی فەڕانسەوی خۆی دەبوێرێت و بۆ گەشەی زمانی عەرەبی، بە زمانی عەرەبی وانە دەڵێتەوە. (الدیب،2007: 234)
ڕەنجێک کە داگیرکەر بەسەر ڕۆح و دەرونی مرۆڤی داگیرکراودا دەیھێنێت لە ئەو نامۆیی و ھەستی داگیرکراوییە لە چیرۆکی “سمۆرە”دا بە تایبەت لە وانەی ڕاھێنانی بەرگریدا (آمادگی دفاعی) کە بۆ ھەموو ڕۆژھەڵاتییەک ھەستێکی ناخۆشی داگیرکراوبوون بە قوتابییان دەبەخشێت، ئاوا ئەو سنووردانانه لەگەڵ ھێزی سەپێنراوی داگیرکەردا وێنا دەکرێت، کاتێک کە ئەو قوتابییە لە وانەی ڕاھێنانی بەرگریدا ڕەنگەکانی پەرچەمی داگیرکەر نازانێت و چۆن زەجری قوتابییە بندەستەکە لەژێر ھەیمەنەی باندەستیی داگیرکەردا دەگێڕێتەوە: “سەربازەکە بەری پێ گرت. بە فارسی پێی گوت بۆ وا درەنگ ھاتووی؟ ڕەحمان دەنگ ناکات و ھەر بزە دەیگرێ. لێی دەچێتە پێشێ. ڕەحمان دێنێتەوە لای تەختەکە ڕووبەڕووی ئێمە ڕایدەوەستێنێ. دەڵێ: “پرسیارێکت لێ دەکەم، دەبێ وڵام بدەیتەوە.” کوتی: “ئەگەر بیزانیت ئیزنت پێ دەدەم دانیشی.” ڕەحمان ھیچ ناڵێ! تەنیا دەست دەبات بۆ ڕیپۆقەکەی لاچاوی و لێی دەکاتەوە. کوڕە سەربازەکە گوتی: “پەرچەمی ئێران چەند ڕەنگە؟’ ڕەحمان ھیچ ناڵێ! دووبارەی دەکاتەوە. ڕەحمان تمیشای ئێمە دەکات! کەسمان ناوێرین ھیچ بڵێین. سەربازەکە لەسەر لاقێکی دادەنیشێت و بە لاقەکەی تری دەدات بە ژێر پای ڕەحماندا. ڕەحمان وەکوو دیوارێکی شەقاربردوو بە عەرزدا دەکەوێت… دەسی نابینم ھێندە توند مشتەکان حەواڵەی سەر دڵی ڕەحمان دەکات. ڕەحمان پشتەوقەفار، چاو لە بنمیچەکەیە. ئەمە ئەوەڵ جارە دەنگی دەبیسم. بانگ ھەڵدەدات. دەنگێکی گڕ دەگری. دەگری و دەگری. چاوم لە چاویەتی. لەو دیوی بنمیچەکە دەڕوانێ. ھیچمان ناوێرین بجووڵێین. ناوێرین متەقیش بکەین. ورتەمان لەبەر نایە. زۆرم بەزەیی بە ڕەحماندا دێ. لە سەڵای گریانی ڕەحمان منیش دڵم پڕ دەبێ!” ( هاواڵدوانە: 185و 186) ئەوە نموونەیەک لەھەزاران زەجر و عەزابێکە کە ئاپاڕاتووسەکانی نەتەوەی داگیرکەر بەسەر کورددا سەپاندوویانە و کۆیادەوەریی ئێمە پڕە لە بیرەوەریی پۆستاڵی داگیرکەر. ئەمە یەک لە ملیۆن ڕەنجێکە کە لە کۆیادەوەریی مرۆڤی کورددا چەقاوە و لە بیر ناچێتەوە.
ئەگەر سەرناوی ئەم نووسینە پەردە لە ڕەنجێکی یەکجار زۆر و زەبەلاح ھەڵدەداتەوە و ئەو ڕەنجە لە بازنەیەکی گەورەدا گرێدراوە بە ڕەنجی مرۆڤی کورد و ئەوەی کە ڕۆح و ڕەوان و نیشتمانی داگیرکراوە، لە بازنەیەکی چووکەتردا ڕەنجی تاکەکەسیی مرۆڤی کوردیش بە تایبەت ژنان نواندراوەتەوە. لە چیرۆکی «گرێپووچکەدا» کە ڕووبەڕووی تراژێدیای زۆر ناخۆش و جەرگبڕی مناڵکوژی دەبینەوە، دەکرێت بە شێوازگەلێکی جۆراروجۆر لایەنە نھێنییەکانی ئەم چیرۆکە بخوێندرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. دەکرێت لە سۆنگەنیگای دەروونناسانە و کۆمەڵناسانە و… توێژێک لە توێژەکانی ئەو دەقە ھەڵبدرێتەوە. ئەوەی کە ئەو دایکە وا لە دەست جەزرەبە و ھەڵسوکەوتی ناشیرینی مێردەکەی ڕۆح و ڕەوانی وێران بووە و بۆ ڕزگاربوونی لەدەستی مێردەکەی دەستی بەسراوەتەوە و دیل و زنجیر کراوە و ھۆکاری قەبووڵکردنی ئەو کۆیلایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆرپە شیرینەکەیان. کۆرپەکەیان «سەما» ناھێلێت ڕزگاری بێت لەدەس ئەو مێردە دێوەزمەیە و بەردەوام خۆشەویستیی ئەو کۆرپەیە لەمپەرێکی لە ھەمبەر ئەو ژنەدا داناوە کە نەڕوات و ژیان لەگەڵ مێردە دێوئاساکەی کۆتایی پێ نەھێنێت، لە ئاکامدا و لە دوای ململانێ و مشتومڕێکی زۆری دەروونی لەگەڵ خۆی، بۆ ڕزگاربوونی لەو مێردە وەیشوومەیەی، دەست دەداتە کوشتنی کۆرپەکەی و بەو زمانە پاراوەی کە نووسەر دەیگێرێتەوە و وێنای دەکات کلیلی ڕزگاریی خۆی لەو ژیانە تاریکستانە دەکار دەھێنێت. زمانی نووسەر لە وەسفی ئەو ڕووداوە تراژیکە وەک شەپۆلێک خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەبات و لە جادەی پڕ لە سەخڵەتی ڕەنجی ئەو دایکە وەھا میوانی دەکات کە خوێنەرەوە یەک سات نایھەوێت لەو گێڕانەوەیە دوور بکەوێتەوە تا بزانێت لە ئاکامدا چی ڕوو دەدات و چی دێتە پێش و ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵ سەختی و ڕەنجەکانی ئەو ژنە ئەویش ڕەنج دەبات و دڵی دەسووتێت. ئەم چیرۆکە و بە تایبەت تراژیدیای مناڵکوژی بۆ ڕزگار بوونی لە دیلی و کۆیلایەتیی دێوی باڵادەست، ھەڵگری چەندین خوێندنەوە و بۆچوونی جۆراوجۆری دەروونناسانە و کۆمەڵناسانەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ من گرینگە و زێدەتر ڕەنگ و دەنگی لە مێشکمدا دەزرینگێتەوە، شوێندانانی سەرکوت و توتالیتاریزمی فاشیستییانە و ھەمەلایەنەیە کە دۆخی دێموکڕاتیک بۆ نەتەوە ژێردەستەکان یاساغ دەکەن و دیارە ئەو دۆخە مێشکپڕووکێنە گورچکبڕە، کاردانەوەی دەبێت لە سەر سیستەمی پیاوسالاری و دووپاتکردنەوەی ئیستیبدادی «ئاغاباڵاسەر» یان وەک ئەوەی لاکان دەیڵێت: «ئەویتری گەورە» بەسەر بنەماڵەوە و بە تایبەت بەسەر ژنانەوە. لێرەدا جێی خۆیەتی بە یارمەتیی یەکێک لە لقەکانی خوێندنەوەی پاشکۆلۆنیالیستی دەق کە زێدەتر لە کارەکانی گایاتری ئێسپیواکدا ڕەنگی داوەتەوە، تیشکێک بخەمە سەر ئەم چیرۆکە. ئێسپیواک لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا بە تایبەت لە ئایا بندەست دەتوانێت قسە بکات؟ (Ashcroft,grifith,1995: 20) ئەو بیرۆکەیە دەورووژێنێت کە ژنان لە وڵاتانی کۆلۆنیکراودا زۆڵم و ستەمی چەند قات دەبینن. لە لایەک ھێزگەلی ئیستێعمار و داگیرکەر دەیچەوسێننەوە و لە لایەکی دیکەوە ھێزی کۆمەڵگای باوکسالار وەک وەیشوومە بەسەریەوە ڕێگەی ڕزگاریی لێ دەبڕێت. کەوایە ڕزگاری بۆ ژنان دووقات دەبێتەوە. ھەم وەکوو دیکەی مرۆڤی کۆلۆنیکراو کە پیاوانیشی لەگەڵ بێت، دەبێت ھەوڵ بدات نەجات پەیدا بکات و ھەروەھا دەبێت ھەوڵیشی بخاتە گەڕ بۆ ڕزگاری لە دەستی سیستەمی باوکسالاری یان نێرسالاری. ئێسپیواک سێ تۆخم بۆ خوێندنەوەی دەقی پاش کۆلۆنیالیستی لە سۆنگە نیگای ژنانەوە دەخاتە بەردەست: دەنگی ژنان، کارگێڕی و زەینی ژنان. (ذوالفقاری و نجومیان، (1389: 111) ئێسپیواک لە وتاری «نواندنەوەی ئەدەبی بندەستەکان» لە دەقی ئەدەبی وەکوو جێگرەوەیەک بۆ دەربڕینی مێژووی ژنانی بندست یاد دەکات. ( مورتون، 1392: 90).
چەندە ئەو سێ ماکە لە دەقەکاندا دەنگ بداتەوە، بەو ئەندازەیە نزیکە لە دەقێک کە ھاواری بندەستیی ژنان بێت. لەم چیرۆکەدا گێڕەرەوە ژنێکە کە وەڕەز بووە و دەنگی ھەزاران ژنی بندەستی دیکە لەو سیستەمە ئەرباب – کۆیلەییەدا نوێنەری دەکات. دەنگێکی ژنانە تەواوی ئەو ڕەنجانە دەبات بۆ بارەگای پیری خەزایی. گێڕەرەوە بەسەرھاتێکی مێژووییی ژنی ڕۆژھەڵاتی دەنوێنێتەوە کە ھیچ کات نەیتواتی لە ئاست ئەو ھەمووە کۆیلایەتییە کە بەسەریدا ھاتووە، دەنگێک ھەلببڕێت یان پەرچەکردارێکی ھەبێت. بەڵام لێرەدا ھیچ ئەوەی کە دەنگەکە ژنانەیە و پەردە لەسەر ئەو شتە ھەڵدەداتەوە کە ئێسپیواک پێی دەڵێت «ستەمی دووقاتە»، کارگێڕی و عاملییەتێکی تەواویش دەبەخشرێت بە ژنان. کارگێڕییەک کە لە تراژێدیای مناڵکوژیدا بە لووتکەی خۆی دەگات. پەرچەکردارێکی شۆڕشگێڕانە و بوێرانە بۆ لابردنی لەمپەرەکانی ڕزگاری بە لابردن و کوشتنی «سەما». مێشک و زەینێکی ژنانەیش لەو چیرۆکەدا ئامادەییی تەواوی ھەیە وا کە لە ھاوارەکان و دەردی دڵەکانی خۆی دەنوێنێتەوە. چەندە ئەو پیاوە جەزرەبەی دەدات، ئەو جەزرەبەیە لە شێوەی ئیھانە و سووکایەتی پێکردن بە ڕۆح و ڕەوانی ئەو ژنە ڕەنگ دەداتەوە و زامداری دەکات. ئەو زامە کە بەردەوام بە ھەڵسوکەوت و ئاکاری قیزەون و بە کۆیلەکردنی ئەو ژنە مێھرەبانە درێژەی دەبێت، بەس بە ھۆی بەندی جەرگیەوە، کە کچەکەیان «سەما» بێت، دەیکێشێت و دەنگ ھەڵنابڕێت. تەواوی ئەو زەجرە لەو زمانە پاراوەی نووسەردا کە قارەمانی ئەو بندەستییەی لە ژنان ھەڵبژاردووە، ئاوا لەم دێڕەدا ڕەنگ دەداتەوە. کاتێک دەردی دڵی خۆی دەباتە لای پیری خەزایی و لەوێدا ھەمووی ئەو چیرۆکە، گێڕانەوەیه کە گێڕەرەوە بۆ بارەگای پیری خەزایی دەکات “تۆیش حەق بدە بە ھەموو ئەو نزیکانەی وا بەرەبەرە لێم دەکشانەوە و سەرکۆنەیان دەکردم کە بۆ ئەو سووکایەتی و پێداھاتنە بە ھەڕەشە و گۆڕەشەی باوکی سەمام بە کۆڵ و باوەش ھەڵدەگرت و پشتی کۆم دەکردم، ڕامدەکێشان، شوکرانەبژێریم تەواو نەدەکرد، سازام سازام و ئاخری کەلاوی کرد. دیواری ئەو لەمپەرە قەڵەشا، لافاوەکەی بردمی، دەمبا و ناگیرسێمەوە!” (هاواڵدوانە: 112) ئەدی ھیچ دڵبەندی و گیرۆدەیی و ھۆگرییەک ناتوانێت ببێت بە لەمپەر لەبەرامبەریدا کە وەک «زۆکرمەنی ئازادبوو لە بەند و زنجیر»، بەند و زنجیرەکانی نەپسێنێت و لە ژێردەستیی دەسەڵاتگەرێک کە کەسایەتیی ئەوی پێشێل کردووە دەرباز نەبێت “چۆن لەو جەھەندەمە سامناکە ڕزگار دەبووم؟ چۆن دەبووایە ھەڵێم و پشتەسەری خۆم تمیشا نەکەم؟ بەرەو کام حەشارگە دەرباز بم و نەگەڕێمەوە؟…” (ھەمان:115) “ڕزگاربوون لەو داوەم لێ ببووە گوڵۆڵە بەنێکی کوت و پچڕبووی ھەزارسەرەوە…” (116) جەھەندەم میتافۆرێکە بۆ ھەلومەرجی ستەمی دووقات بوو لەسەر ژنانی وڵاتی کۆلۆنیکراو. ڕزگاریی ئەو ژنە دەکرێت بە ڕزگاریی نەتەوەی کورد بە تایبەت ڕۆژھەڵاتی بشوبھێنین کە وەک گڵۆڵە بەنێکی ئاڵۆزی لێھاتووە کە نازانێت چۆن دەبێت ڕزگاری بێت. لە لایەک سەرکوت و توتالیتاریزمی سەپێندراو بەسەریدا و لەلایەکیش هێندێک دڵبەندی کە خۆی ھەیەتی یان ئەوەی داگیرکەر بۆ فریو و دڵخۆشکەریی درۆیینە و ساختەیی خستوویەتییە بەردەستی و هێندێک بەرژەوەندی بۆ لکاندنی ئەو بە خۆیەوە بۆی دەستەبەر دەکات. ئەو دڵبەندییەی کە بۆ قارەمانی ئەو چیرۆکە لە ئارادا بوو، کچە جوانەکەی بوو کە نەیدەتوانی دڵی لێ ھەڵکەنێت. وەک دیارە کچە دڵبەندەکەی، سەما، ببووە لەمپەرێک لەھەمبەر ڕزگار بوونی لەو دۆزەخەی مێردەکەی بۆی دروست کردبوو، بۆیە بۆ ڕزگاری و ئازادیی خۆی، دیارە دەبێت دڵبەندییەکان و زۆرێک لە ئیسماعیلەکانی سەر ببڕیایە “تۆش دەزانیت قەت قەت ئەو شەوە سارد و سڕەت لە بیر ناچێت وا ھەر هەردووکمان لە ماڵ بووین و سەمای نەرم و نیانم کردە چەشتەی ڕزگار بوونی خۆم و بێبەزەییانە زەڕنێخم تێکەڵاوی شێوە مەیلە و گەرمەکەی کرد…” (ھەمان: 118) ئاوا لە ئاکامدا بۆ ڕزگاری لە بەندی مێردەزمەی نالەبار و داپڵۆخێنەری ڕۆح و ڕەوان و جەستەی، کۆرپەکەی کوشت و دوای لابردنی ئەو لەمپەرە، بەستێن بۆ ڕزگاری لە دەست ئەو وەیشوومەیە بۆی مسۆگەر بوو. دەیشکرێت ئەو زۆڵمەی بە ناوی باوکسالاری لە سەر ئەو ژنە بار دەبێت لە چوارچێوەی ئەو زوڵم و زۆر و سەرکوتەدا ببینرێت کە لە بازنە گەورەکەدا، نەتەوەی باڵادەست بە زۆرەملی و داگیرکاری بە سەر نەتەوەی بندەستیدا دەیسەپێنێت. شێوە زمانی پڕ لە ڕەنج و مەینەت لە گێڕانەوەکەدا وەک شەپۆلێکی ئازاردەر، خوێنەر لەگەڵ خۆی دەبات تا بەو ئاکامە تڕاژیکە بتوانێت ھەم پەنجە بخاتە سەر خەسارێکی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی و ھەم بە وێناکردنی ئەو کردەوەیەی کە ژنەکە بۆ ئازادکردنی خۆی ئەنجامی دەدات، ئەو ھێمایە بگەیێنێت کە ژێردەست لە نەبوونی دۆخی ئازادیی دێموکڕاتیکدا (یان ئەو شتەی داگیرکراو بە سەروەریی سیاسی بۆی دەستەبەر دەبێت) وێدەچێت لە ڕوالەتدا تۆی وەکوو باندەستی خۆی قەبووڵ کردبێت بەڵام ئەگەری ئەوە ھەیە ھەر کات لەو بەند و زنجیرەی تۆ، خۆی ڕزگار بکات و بە لەناوبردنی دڵبەندییەکانی کە دەکرێت ماڵ و منداڵ و بەرژەوەندی و شتی دیکەی وا بن، خۆی لە ژێردەستیی داگیرکەر ئازاد بکات و بە خولقاندنی تراژێدیای مناڵکوژی، خۆی لە تراژێدیای ژێردەستیی داپڵۆسێنەر نەجات بدات.
ھەروەھا دەتوانین ئەو تێمە ڕەنجاوییە لە ھەڵبژاردنی سەرناوی چیرۆکەکان بە ڕوونی ببینین. ئەو شتەی کە دەتوانین ناوی بنێین «شێوازناسیی سەرناو» پێمان دەڵێت کە پێکھاتەی گشتیی ئەو وشانەی بۆ ئەو کۆمەڵە چیرۆکە ھەڵبژێردراون یادەوەریی ڕەنج، خەم، پەژارەی داگیرکراوێک دەکات کە ژیانی ڕۆژانەی لەو بەستێنەدا خول دەخواتەوە و سوڕڕی پوچەڵی ڕەنج و جەزرەبەی داگیرکراوی وەک خۆرە ڕۆح و ڕەوانی دەخوات. بۆ وێنە ئەو وشانە کە گوزارە لەو ڕەنجە ئاماژە پێکراوە دەکەن و لەسەر ناوی چیرۆکەکان دەبیندرێن بریتین لە: جەھەندەم، عازیەتباری، بێناونیشان، خاپوور، گرێ پووچکە و ھتد و ئەو وشانەی دیکە کە لە چیرۆکەکاندا بەکارھێنراون ئەو گریمانەیەی ئێمە دەسەلمێنێت، واتە ڕەنجی کوردی ڕۆژھەڵاتی لە تەواوی بوارەکانی ژیانیدا نیشان دەدەن. ڕەنجی بێبڕانەوە لەھەر ھەمووی چیرۆکەکاندا بە شاڵاوی زمانێکی ڕەسەن و پاراو لە مێشک و ڕەوانی خوێنەردا دزە دەکات. کەوایە چیرۆک و ڕۆمانی ڕۆژھەڵاتییش وەکوو ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە پەیوەندیی دیالێکتیکی لەگەڵ واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا، (بەو شێوەیەی کە کەسانێک وەک فریدریک جەیمسۆن و لووسیەن گۆڵدمەن لە تیۆرییەکانی کۆمەڵناسیی ڕۆماندا باسی دەکەن) زێدەتر باس لە پرسی ناسنامەی حاشالێکراوی کوردی، ئازار و ڕەنجی داگیرکراوی، عەزاب و ئەشکەنجەی بێ دەسەڵاتی و ھتد دەکات و دیارە ئەم واقیعە ھەر وا کە لە کۆمەڵە چیرۆکی “هاواڵدوانە”دا، دەبیندرێت، هەندێ لە چیرۆکەکان ھەڵگری شێوازی ڕێئالیستی لە گێڕاونەوەدان. لە پەنای ئەمەشدا لە کۆمەڵە چیرۆکی “هاواڵدوانە”، بەڕەوڕووی حەول و تێکۆشانی نووسەر بۆ تاقی کردنەوەی زۆرێک لە پانتا تازەکانی ڕیوایەتی ئەمڕۆیی دەبینەوە. دیارە نووسەر تێکۆشاوە هەتا تەجروبەی ژیانی کەسایەتییەکی ڕۆژهەڵاتی بە ئامرازی شێواز و دەنگە جۆراوجۆرە نوێکان لە نووسینەکەیدا بنوێنێتەوە. خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی هێندێک لە چیرۆکەکان، لە هەمان کاتدا کە هەست بەوە دەکات کە دەبێتە بەشێک لەو سەربوردە و دونیا زیندووەی وا لە ناو چیرۆکەکاندا لە هاتوچۆ و ڕابووردندایە، لە لایەکی دیکەشەوە تێدەگات کە شێوازی گێڕانەوە و پانتای شوێن-کات لەگەڵ دونیا واقیعییەکەی دەوروبەری خۆی جیاوازیی هەیە. لە زۆر شوێندا گۆڕینی شوێن و کاتی ڕووداوەکان تایبەتمەندییەکی بزۆک و سەییالی بە چیرۆکەکان بەخشیوە و خوێنەر لە پەستا لەگەڵ زەمان و شوێندا دەستەویەخەیە. ئەم خەسڵەتی بزۆکییە کارێک دەکات هەتا خوێنەر بکەوێتە بەشداریکردن لەگەڵ ساغ کردنەوە و پێکەوە نووساندنی لەت و پەتی پرشوبڵاو و لە هەمان کاتیشدا پەیوەندیداری ڕووداوەکان. بۆ وێنە لە زۆرێک لە چیرۆکەکاندا ڕەوتی تێپەڕینی کات وەکوو شێوازە کلاسیکەکان لە سەر هێڵێکی ڕاستەوخۆ نییە و نووسەر بە شکاندنی هێڵی ڕاستەوخۆی زەمان لە گێڕانەوەدا، پانتایەکی نوێی بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان ڕەچاو کردوە.
ئەو حەولەی کە نووسەر بۆ نووسین بە گۆشەنیگا جۆراوجۆرەکانەوە داویەتی، ستایلی گێڕانەوەی لە بازنەی یەکدەستی شێوازە قەدیمییەکان ڕزگار کردوە. یانی وا نییە کە چیرۆکەکان تەنیا بە گۆشەنیگای سێهەم کەسی تاک و لە زمانی گێڕەرەوەیەکی زانای گشتییەوە پەیوەندی لەگەڵ بەردەنگەکانیدا بگرێت، بەڵکوو بۆ دروست کردنی دەنگە جیاوازەکان، ئامرازی دەنگ هەڵبڕین بۆ هاوار و خۆ سەلماندن دراوەتە دەستی تاکێکەوە کە دەنگی خۆی بەو جۆرەی کە خۆیەتی و خۆی دەیهەوێت بەرز بکاتەوە. بۆ وێنە لە چیرۆکی “گرێ پووچکە”دا تاکبێژییەکی دەروونی دەبێتە دەرفەتێک هەتا کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆک، ئامرازی دەنگ هەڵبڕین بە دەستەوە بگرێت و هاوارەکانی خۆی لە گەروویەکی ڕەهاوە دەرباز بکات. یان هەروەها لە چیرۆکی “خوێندن بە کاتی جەهەندەم”دا بە گۆشەنیگای دووهەم کەسی تاک، ژیانی پڕ لە دەردوڕەنجی قوتابییەک لە زمانی مامۆستاکەی قوتابخانەیەوە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو قوتابییە پەیوەندیی ئۆرگانیک و دەروونیی هەبووە و بە زمانی تایبەت بە مامۆستاکە دەگێڕدرێتەوە. هەر لێرەشەوە تایبەتمەندییەکی دیکەی نوێکردنەوەی گێڕانەوە باوەکان دێتە گۆڕێ و ئەویش هەڵبڕینی دەنگە جیاوازەکان بۆ ساز کردنی پانتایەکی فرەچەشنی و دێموکڕاتیکە. بە پێچەوانەی گێڕانەوە باوەکان کە بگێڕەوە لە زمانی نووسەرەکەیەوە و لە ژێر سەرەڕۆییی ئەودا بە تاکە دەنگێکەوە لە باتی هەموو کەسایەتییەکانی چیرۆک قسەی دەکرد، لە کۆمەڵە چیرۆکی “هاواڵدوانە”دا دەکار کردنی گۆشەنیگا جۆراوجۆرەکان، هەلی بۆ هاتنەئارای پانتایەکی فرەدەنگی (پولی فۆنیک) ڕەخساندووە. پانتایەک کە دەرفەتێکە بۆ دەنگ هەڵبڕینی کەسایەتییەکان بە شوناسی تایبەتی خۆیانەوە. پانتایەک بۆ تەجروبە کردنی ڕزگاری و سەربەستی لە ماڵی تایبەت بە تاکێکی جیاواز و سەربەستدا.
تاقی کردنەوە و کار کردن بۆ تازەگەری لەو بوارانەدا کە لە سەرەوە باسیان لێ کرا، لە کۆمەڵە چیرۆکی “هاواڵدوانە”دا نەبووەتە هۆی ئەوەی کە نووسەر بە بۆنەی تەجروبە کردنی پانتا و ستایلە نوێیەکان بکەوێتە بازنەی هەڵسوکەوت لەگەڵ دەروونی بەندکراوی کەسایەتیی خۆیدا. ئەگەر وا بووبایە دەبوو بابەتی چیرۆکەکان لە فاکت و واقیعەکانی کۆمەڵگا داببڕیایەت و خۆی بە خەریک بوون لەگەڵ دەنگ و دەردێکی تاکەکەسییەوە سەرقاڵ و سەرخۆش بکردایە. بە پێچەوانەوە، ئەو فاکتانەی وا لەناو چیرۆکەکاندا هەن، لە واقیعی ژیانی کۆمەڵگای دەوروبەرمانەوە سەرچاوەیان گرتوە بەڵام لە هێڵەگی خەیاڵی نووسەرەوە ڕابوردوون هەتا لیباسی هونەر بکرێت بە بەریاندا و بە زمان و جلوبەرگی ئەدەبەوە ئاراستەی بەردەنگەکانیان بکرێن.
شێوازێک کە دەتوانین بە دەستەواژەی فاکتەخەیاڵ (واتە تێکەڵاوی فاکت و خەیال(، فاکت و واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی کوردستان لە خەیاڵی نووسەرانیدا دەبێتە ھەوێنی ئەو گێڕانەوانە کە تیشک دەخەنە سەر کۆلۆنیالیسمێکی نێودەوڵەتی لە ھەر چوارپارچەی کوردستاندا. ئەوەیە کە لە ڕۆژھەڵاتیش ناکرێت ڕەخنە لە نووسەران بگیردرێت کە بۆچی نەتانگواستووەتەوە بۆ شێوازێکی دیکە لە گێڕانەوە. ئاخر لە وڵاتێکدا کە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی گەمارۆ دراوە بە تووتالیتاریزمێکی تۆقێنەر، واقیعی ئابوورییەکەی جودا لەو کەسانەی بوونەتە کۆیلەی ئەو سیستمە و ھاوکاری ئەو داگیرکەرییە، زۆرینەی خەڵکی بۆ وێنە کۆڵبەرانی، ڕووبەڕووی ئاپاڕتایدی ئابووری بوونەتەوە و ژیان و کاریان لەسەر لێواری ئیستیعماردایە، زمانیان لێ زەوت کراوە، سەرچاوە مرۆڤی و سروشتییەکانی بە غارەت چووە، چۆن دەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین ڕۆمان نووسان و چێرۆک نووسانیان ھەنگاو ھەڵگرن بەرەو شێوازێکی دیکە لە گێڕانەوە و چۆن دەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت لە ڕۆمان و چیرۆکەکاندا پرسی قووڵی فەلسەفی و بوونناسانە بورووژێندرێت، چۆن دەکرێت ئێمە چاوەڕوانی نووسینی گڵۆکاڵ بین، لە وڵاتێکدا ھەست و نەستی مرۆڤەکانی لە ژێر چەکمەی داگیرکەردا داپڵۆساوە و تێکدراوە، لە وڵاتێکدا سەرجەم بوونی تۆیان بە دەسڕێژی زەبری سەربازی و ھەروەھا بە ئاوازی نەرمی فەرھەنگیی دەزگا ئایدیۆلۆژیکەکانی نەتەوە باندەستەکان، لەبەین بردووە. دیارە ھەر چەشنە نووسینێک لەم جۆر وڵاتەدا زیاتر ھاوارە بۆ ڕزگاری، ھاوارە بۆ مانەوە، ھاوارە بۆ ژیان…
ئەنجام
ھەوڵی ئەم نووسینە بە گشتی ئەوە بوو لە بەستێنی تیۆریی «کۆلۆنیالیسمی ناوەکی»دا و بە پشت بەستن بە هێندێک لەو ئامرازە شیکارییانەی لە ڕەخنەی ئەدەبی پاشکۆلۆنیالیستیدا باسی لێ دەکرێت، خوێندنەوەی خۆی لەسەر کۆمەڵە چیرۆکی هاواڵدوانە ئاراستە بکات و تیشک بخاتە سەر ئەو لایەنانەی پرسی کورد و ڕەنجەکانی وەکوو کۆلۆنیایەکی ناوەکی نواندراوەتەوە. دیارە زێدەتر مەسەلەی زمانی وڵاتی داگیرکراو و ڕزگاری لە ژێر ھەیمەنەی ئەوی دیکەی سەردەستا کە وەکوو «ماڵی بوون»ی کوردان ڕۆڵ دەگێڕێت شەن و کەو کراوە، ھەروەھا چەمکگەلێکی دیکەی وەک (من/ئەوی دیکە) و (ناوەند/پەڕاوێز) و ژێردەستی و ڕەنجەکانی لە سەر دەقی ئەو چیرۆکانە تاوتوێ و پراکتیزە کرا. وێدەچێت ھەم دەقی پاشکۆلۆنیالیستی کەمتر لە ئەدەبی کوردیدا خولقێندرابێت و ھەم ڕەخنەی ئەدەبی پاش کۆلۆنیالیستی بە شوێنی ئەودا کەمتر بووەتە مژاری باسی ڕەخنەی ئەدەبی. خاوەنی ئەم قەڵەمە وا تێدەگات دۆخ و ھەلومەرجی کوردستان ھەڵگری خولقاندنی دەقی ئەدەبیی پاش کۆلۆنیالیستیی زیاترە.
ھەرچەند ھێشتا ڕزگاری نەھاتووە، بەڵام دیارە ئەدەب دەتوانێت پەنجەرەکانی ئەو ڕزگارییە بکاتەوە. بە بڕوای من ئەم کۆمەڵەچیرۆکە، دەقێکە دەکرێت بخرێتە خانەی ئەدەبی وڵاتی کۆلۆنیاکراو یان بە تەعبیری ئێمە کۆلۆنیی نێوخۆیی کراو. بۆی ھەیە کە خاوەنی ئەم چیرۆکانەیش لە داھاتوودا، گەشە بەم بن ژانرە بدات و ھەر وەک “تیب ساڵح” بە تایبەت لە ڕۆمانی وەرزی کۆچ بەرەو باکوور و محەمەد دیب و عەبدولڕەحمان منیف لە جیھانی عەڕەبیدا و ھەروەھا ئەدەبی پاشکۆلۆنیالیستیی ئافریکا و ناوچە کۆلۆنیاکانی دیکە، ببێتە خاوەنی شێوازێکی تایبەتی پاشکۆلۆنیالیستی لە ئەدەبی کوردیدا.
سەرچاوەکان
باغجری، کمال، خوانش پسااستعماری رمان سەگانە الجزائر، نشریه ادب عربی، سال12، شماره 2، تابستان 1399.
حامیدی، تاھیر، هاواڵدوانە، کۆمەڵە چیرۆک، 1399ھەتاوی، سەقز، چاپی یەکەم، پەخشانکاری بیریار.
الدیت، محمد، الحریق، 2007، ترجمة فارس غصوب، الجزائر، منشورات ANEP.
ذوالفقاری، غلامعباس، نجومیان، محمد رضا، درآمدی بر مطالعات فرودستان، فصل نامه علمی پژوهشی تازیخ، دوره پنجم> شماره 17، 1389ش.
مظفری، افسانه، و دیگران، گفتمان پسااستعماری در ادبیات جهان، ( تحلیل گفتمان ڕمان ڕیشه ها)، نشریه مطالعات رسانه ای، سال 12، پاییز 1396.
مورتون، استفان، گایاتری چاکراورتی اسپیواك، ترجمه نجمه قابلی، (139) تهران، نشر بیدگل، چاپ اول.
مەحموودپوور، عەزیز، ڕەوتی گەشەکردنی چیرۆک و گێڕانەوەی کوردی، 1398، سەقز، چاپی یەکەم، پەخشانکاری خانی.
Ashcroft, B., Griffiths, G., & Tiffin, H, (1995). The Post-Colonial Studies Reader. London: Routledge.
Key Concepts in Post-Colonial Studies, (1998) London: Routledge.
cazanova,Pablo Gonzales,Internal Colonialism and National Development.
https://www.goodreads.com/book/show/50279982-daughters-of-smoke-and-fire.


