ئارامتر بخوێنەوە!
ڕامانێک بۆ پرسی ژنی کورد
لە نێوان کۆلۆنیالیزم و جنسدا
شەهلا دەباغی
شەهلا دەباغی (1964) توێژەری بواری ئەدەبی و پرسەکانی جێندێری و ژنان، دانیشتووی ستۆکهۆڵمە. بواری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکانی، شیعر و ڕۆمان بە ڕوانگەی جێندێرییە. تا ئێستا چەندین وتار و سێ کتێبی چاپ کراون. ڕوانگە و بیرمەندانێک کە زیاترین کاریگەرییان لەسەر دنیای فکری و نووسینی شەهلا دەباغی هەبووە بریتین لە: ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی جێندێری، تێۆرییەکانی دژە کۆلۆنیالیستی، بیرمەندانی مەکتەبی فرانکفۆرت و بیرمەندانێکی وەک نیچە، ئادۆرنۆ، فۆکۆ، ئارێنت، کریستێڤا.
بەڵێ پشکووتن ژانی هەیە
ژانی هەیە ئەوەی گەشە دەکا!
Karin Boye 1900-1941 بیرمەندی سویدی
بە ڕای فیلسووف، یاساناس و چالاکی مافەکانی شارۆمەندی و ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن (Afro-Americans)[1] کیمبێرلێ ویلیامز گرێنشاو (Kimberlé Williams Crenshaw لەدایکبووی1959)، دۆخی ژنێکی ئەفرۆئەمێریکەن وەک ئەوەیە کە لەسەر چوارڕێیانێک ڕاوەستابی و ماشینەکان لە چەند لاوە لێت دەن. بە ژنی ئەفرۆئەمێریکەن دەگوترێ ئەگەر کێشەت هەیە کێشەکەت یا نژادییە یا جنسی. بەڵام ئەمە ڕاست نییە چونکە ژنی ئەفرۆئەمێریکەن هاوکات لە هەموو لایەکڕا خەسارەت دەبینێ، کەچی هەرکام لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بەرپرسایەتیی لە ژێرپێ نانی مافەکانی ژنی ئەفرۆئەمێریکەن لەخۆیان دادەڕنن. حەقیقەت ئەوەیە کە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی نابەرابەری، هەموو وێکڕا ژنی ئەفرۆئەمێریکەن نەک هەر لە پەڕاوێز دەخەن، بەڵکوو هەڵاواردەی دەکەن و دەبنە هۆی ژێردەست مانەوەی. لەو چوارڕێیانەدا پێت دەگوترێ ئەگەر تۆ ئەفرۆئەمێریکەن بی و بەهۆی ژن بوونەوە زوڵمت لێ کرابێ، ئەوە وەک جنس زۆڵمت لێ کراوە و ئەگەر بە هۆی ڕەنگی پێستەوە زوڵمت لێ کرابێ، ستەمەکە ستەمی نژادییە. بەڵام بە ڕای کرێنشاو، هەمووی ئەم پێکهاتانە تێکدەهاڵێن و بەریەککەوتنی ژێردەستییەکان، ژنی ئەفرۆئەمێریکەن لە پۆزیشوون/پێگەیەکدا دادەنێن کە لە چەندین لاوە ژێردەستەیە و دەکەوێتە بەر ئازار و هەڵاواردن؛ بەهۆی جیاوازیی فیزیکیی/ جنسی ژن بوون، ڕەنگی پێست، چینایەتی، ئایدێنتیتی جیاوازیی سێکسوالیتی، کەمئەندامی و هتد. کرێنشاو باسێکی بێ وێنە دەکا و نموونە دەهێنێتەوە و دەڵی ئێمە هەموو ناوی ئەو پیاوە ئەفرۆئەمێریکەنانەمان وەبیرە کە پۆلیس کوشتوونی و ماسمێدیا باسی کردوون، بەڵام ئەو ژنە ئەفرۆئەمێریکەنانە ناناسین کە ئەوانیش لە هەمان دەورەدا، بە زەبروزەنگی پۆلیس کوژراون. کرێنشاو، ئەم بەریەککەوتن و وێککەوتنی ژێردەستی و پێکهاتانە ناو دەنێ: تێک تەنراویی ڕووبەرکانی ژێردەستی Intersectionality.[2]
بۆ کرێنشاو ئینتێرسێکشنالیتی ڕوانگەیەیکی ڕەخنەگرانەیە. ئەم ڕوانگەیە ڕیشەی لە بۆچوون و تیۆرییەکانی پۆستکۆلۆنیالی، تیۆریی ڕەخنەیی و ئەزموونی ڕۆژانەی ئەفرۆئەمێریکەنەکاندایە. خودی ڕوانگەی ڕەخنەیی بە تیۆریی چینایەتیی مارکس و قوتابخانەی فرانکفۆرت و کەسانی وەک ئادۆرنۆ و مارکۆزە و دواتر کەسانی وەک هابێرماس دەناسرێتەوە. چەمکی ئینتێرسێکشنالیتی (بە فارسی “درهم تنیدگی”یان بۆ داناوە) نایەکسانیی نژادی[3] و نایەکسانیی جنسییەتی دێنێتە بەرباس و پێی وایە بۆ وێنە ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن تەنیا بە هۆی جنس و فیزیکی ژن بوونەوە نییە کە ژێردەستەن، بەڵکوو هۆکار و پێکهاتەی دیکەش بۆ ژێردەستەبوون کاریگەرییان هەیە. ئەگەر ژنێکی سپی بە هۆی ژن بوونەوە ژێردەستە بێ ئەوە ژنێکی ئەفرۆئەمێریکەن چەندین جار ژێردەستەیە. واتە جیا لە ژن بوونی، فاکتگەلی وەک ڕەنگی پێست، شوێن و ناوچەی ژیان، ئابیلیتی/ناتوانایی و کەمئەندامی، چین و تەمەن، کاریگەرییان لەسەر هەڵاواردەیی و ژێردەستەییی ئەودا هەیە.
جووڵانەوەی “فێمینیزمی ڕەش/ Black Feminism”[4] لە سەر بناخەی ئەزموونەکانی ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن دروست بوو و ئێتنیسیتە، ڕەنگی پێست، جنس، چین، دین، کەمئەندامیی (دواتر تەمەن، ستایلی جلوبەرگ، هتد هاتوونەتە ناو باسەکان) بۆ ژێردەستەییی ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن لەبەرچاو گرت. فێمینیزمی ڕەش پێی وایە کە ناکرێ ئەزموونەکانی ژنێکی ئەفرۆئەمێریکەن تەنیا بە ڕەشیی پێست (سپی نەبوون) شی کرێنەوە، بەڵکوو دۆخی ژنی ئەفرۆئەمێریکەن دەبێ بە ڕوانگەی تێکهاڵان و یەکبڕی و بەریەککەوتنی پێکهاتە و ڕووبەرەکان (Intersektionellt perspektiv) تاووتوێ بکرێ. ئەمە بوو بە بیر و هزر و میتۆدۆلۆگییەکی نوێ و هاوچەرخ بۆ نیشاندانی دەسەڵات و هێژموونی پێکهاتە و هیرارکییەکان و باس لەسەر کێشەکانی ڕاسیستی و تێگەیشتن لە دۆخی ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن. ئەم جووڵانەوەیە بەتایبەت لە ئەمریکا لە دوای 1960-ەکان وڵامێک بوو بە پەڕاوێزی و ژێردەستەییی ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن و هەوڵ بۆ مافە شارمەندییەکانیان.
هەر لێرەدا دەبێ ئاماژە بە جیاوازییەکی فێمینیسمی ئەورووپایی و ئەمریکایی بکرێ. لای فێمینیستە ئەمریکایییەکان، بنەماکانی ژێردەستەیی و هەڵاواردەیی[5] زیاتر بریتین لە ئێتنیسیتە، ڕەنگ، چین، ئابیلیتی لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک سوید فێمینیستەکان زۆر باسی هەڵاواردنی چینایەتی ناکەن؛ گەرچی خودی پەیوەندی و بنەمای چینایەتی، پێکهاتەیەک دروست دەکا کە مۆری خۆی لەسەر ژیان و گەشە یا گەشەنەکردنی تاک دەدا.
فێمینیزمی ڕەش پێی وایە ژێردەستەییی ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن و ژنانی سپی، لە بنەڕەتڕا لێک جیاوازە و ڕەخنە لە فێمینیزمی سپی دەگرێ کە بەرییە لە ڕوانگەیەکی بەرفراوان و ئینتێرسێکشنال. لەناو بیرمەندەکانی ئەم جووڵانەوەیەدا دەکرێ ئاماژە بە زۆر ناو بکرێن کە گرینگترینیان ئانجێلا دێیویسە.
ئانجێلا دێیویس، زیاتر بە ڕوانگەیەکی چەپ دەڕوانێتە پرس و کێشەکانی ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن. دێیویس پێی وایە کە ئەو، بەو مانایەی کە فێمینیستە بوڕژواکان هەن، فێمینیست نییە. ئەو خۆی وەک ڕەشێکی شۆڕشگێر دەناسێنێ؛ “من ڕەشێکی شۆڕشگێرم”. دێیویس ڕەخنە لە ڕەوتی زاڵی بزوتنەوەی فێمینیستیی سپی دەگرێ. یەک لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە ڕەوتی زاڵ و سپی دەیهەوێ وەک کاتێگۆری باس لە ژن بکا کە لەسەر بنەمای خواستی ژنانی سپی پێکدێ. ئەوان بەهۆی سپی بوونیان پێگەیەکی باشتریان لەناو کۆمەڵگادا هەیە و کێشەی نژادیان نییە و تا ڕادەیەک دەستیان بە پلە بەرزەکان دەگا و بە کەمێک خۆماندووکردن دەتوانن بگەنە دەسەڵاتە جیاوازەکان. بەڵام ئەو ڕەوتە زاڵەی فێمینیزم کە ژنانی سپی نوێنەرایەتیی دەکەن، دەیهەوێ ستانداردەکانی بزوتنەوەکەش دیاری بکا. بە ڕای ئانجێلا، بزوتنەوەی بوڕژوا فێمینیست، ناتوانێ لە دەرد و کێشەی ژنانی خوارەوەی کۆمەڵگا، ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن و هەژار کە کۆمەڵێک کێشەی سیاسی، نژادی و ئابوورییان هەیە بگا، هەر بۆیە ژن وەک کاتێگۆری باس و پێناسە دەکا. دێیویس بە ڕوانگەیەکی جیاواز لە ڕەوتی زاڵ، باس لە هیوای شۆڕشگێرانە دەکا. هیوای شۆڕشگێرانە ئەو هیوایەیە کە پێی وایە لەخۆگرتن[6] و فرەکولتووری[7] بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ژنان و پرسی نژادی کافی نین و تەنانەت لەبەرامبەریاندا ڕادەوەستێ و دەڵێ ئێمە وەک ژنانی شۆڕشگێر نامانهەوێ ئینکلووژنی کۆمەڵگایەکی ڕاسیستی بین و خودی ڕاسیزم و هەڵاواردنی نژادی ڕەد دەکەینەوە. لەخۆگرتن و فرەکولتووری خۆیان بەرهەمهێنەری کۆمەڵگای ڕاسیستین.[8]
ڕەخنە لە چەندفەرهەنگی کە هەموو “ئەوانیتر” لەناو خۆیدا قووت دەدا تا هێژمۆنی و نفووزی خۆی بەردەوام پەرە پێ بدا، لە لای بیرمەندی دیکەش دەبیندرێ. هومی بابا،[9] پۆستکۆلۆنیالیستی هیندی-ئەمریکی و پرۆفێسۆری ئەدەبیات لە هاروارد و سەر بە مەکتەبی تیۆریی ڕەخنەیی باس لەوە دەکا چۆن کۆلۆنیالیست لە ڕێگای کولتوورەوە دەچێتە بن و بناوانی نەتەوەی داگیرکراو. بابا پێی وایە کە “ژێردەست” دەبێتە جۆرێک لە mimicry/ لاساکەرەوەی باڵادەست، جۆرێک لە سۆسیال ئایدێنتیتی.[10] ئەندامانی کۆمەڵگای داگیرکراو بۆ ئەوە بتوانن هێندێک بجوڵێنەوە دەمامک لێ دەدن و ئەدای داگیرکەر دەردێنن و کولتووری داگیرکەر لەخۆیان هەڵدەسوون و لەبەری دەکەن بە بێ ئەوە ببنە هاوتا و هاوشانی داگیرکەر. ئەم ئەدادەرهێنانە زیاتر لە پەڵەیەکی پیس دەچێ تا ڕەسەن بوون. میمیکی ئێمکانی جۆرە بوون و فەزایەک دەداتە داگیرکراو کە خودی داگیرکەر پێویستی پێیە. “تۆ دەبیتە سپی بەڵام نەک بە تەواوی.” هومی بابا ئەمە دێنێتە بەر باس کە داگیرکەران، چەند فەرهەنگی و تێکەڵاویی کولتوورەکان لەبەرانبەر “جیاوازیی فەرهەنگی”دا دادەنێن. بە ڕای بابا لە ڕاستیدا داگیرکراو بە جێی ئەوەی جیاوازییەکانی فەرهەنگی خۆی بەرجەستە کاتەوە و ئایدێنتیتیی خۆی لە بەرامبەر ئەویتردا دروست بکا، دەبێتە ئۆبژە. داگیرکراو بە جێی ئەوە کە کۆلۆنیالیزم وەک شتێکی دوور چاو لێ بکا بەناوی چەندفەرهەنگییەوە دەکەوێتە داوی داگیرکەر. داگیرکەر بەردەوام خۆی لە هەموو کەلێن و قوژبنی کولتووری داگیرکراودا مەڵاس دەدا. بەڵام بابا دەڵێ “جیاوازی فەرهەنگی”، لە بەرانبەر “چەندفەرهەنگی”دا ڕادەوەستێ و هەردوو لایەن هاوتەراز دەبن. جیاوازیی فەرهەنگی بەشێکە لە دروستکردنی هۆوییەتی خود، بەڵام چەند فەرهەنگی دەتکاتە کاتێگۆری و وەک ئۆبژە هەڵتدەسەنگێنێ. هاوکات بێتەفاوەتی/Ambivalence[11] دەبێتە هۆی ئەوە کە کۆلۆنیالکراو وەک سکەیەکی دووڕوو هەڵگری ناتەبایی بێ و بێتەفاوەتی دەبێتە هۆی دابەشبوون و پڕشوبڵاویی ئایدێنتیتی.
جەوهەرگەراییی ستراتێژیکی
Spivak Gavatri Chiakravorty بیرمەندی هیندی-ئەمریکایی لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا ئایا ژێردەست دەتوانێ بدوێ؟[12] باس لە ژنانی کاستەکانی خوارەوە دەکا کە چۆن قوربانی هاوکاتی چەندین سیستەم و پێکهاتەن؛ کۆلۆنیالیزم، پیاوسالای و داب و ئایینی کاستی خۆیان. سپیڤاک باس لە ژنانی بێوە دەکا کە دەبێ دوای مەرگی مێردەکانیان خۆیان بسووتین و نەریتی “ساتی” دێنێتە ژێر ڕەخنە،[13] و ئاماژە بەوە دەکا کە ئەم خۆسوتاندنە، زۆرجار بە شێوەیەک لە لایەن خزم و کەسی پیاوەکانەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و مڵکی پیاوی کۆچکردوو بووە کە بە میرات بە ژن نەگا و هاوکات باس لە یاساکانی بریتانیایی بۆ لەناو بردنی ساتی دەکا کە لەڕاستای بەرژوەندیی ئابووریی داگیرکەرا دابووە. سپیڤاک لە کتێبەکەیدا ڕەخنە لە دێلووز و فۆکۆ دەگری و دەڵێ فۆکۆ پێی وایە ڕووناکبیر نابێ لە جیاتی بندەست قسە بکا. ئەو هاوکات لەگەڵ ڕەخنە، باسێکی گرینگ لەژێر تیشکی هەژدەی برومیری مارکس لەمەڕ نوێنەرایەتی و نیشاندانەوەی پرسی چینەکان (represent, re-present) دەورووژێنێ.[14] سپیڤاک پێی وایە بندەست خۆی ناتوانێ قسە بکا، هەربۆیە ئەرکی ئەخلاقیی ڕووناکبیرانە کە باسی پرسی Subaltern/ بندەستانی بێ دەنگ[15] بکەن و داکۆکیکەری مافی ئەوان بن.[16]
ستراتێژیی جەوهەرگەرایی/ Strategic Essintialism چەمکێکی تری سپیڤاکە.[17] سپیڤاک دەڵی گرووپە ژێردەستەکان، ژنان، گرووپە ئێتنیکییەکان و کۆلۆنیالکراوەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی سنووردار، سەرەڕای جیاوازییەکانیان لە دەوری خاڵ و ئامانجی هاوبەشدا کۆ ببنەوە و بۆ ئامانجەکەیان هەوڵ بدەن. سپیڤاک لە ڕووی فەلسەفییەوە دژبە جەوهەر و زاتە بەڵام پێی وایە کە ئەم ستراتێژییە کورتخایەنەی جووڵانەوەی ژێردەستەکان، دەتوانێ پابەندی، پێناسە و هاوهەستی پێک بێنێ.[18] ساڵانی دواتر سپیڤاک لەوە ناڕەحەت دەبێ کە چەمکەکە بە هەڵە بۆ وێنە لە لایەن ناسیۆنالیستەکانەوە کەڵکی خراپی لێ وەرگیراوە و ناڕازی بوونی خۆی دەردەبڕێ گەرچی خودی چەمکەکە هەر بەکەڵک دەزانێ.[19]
ئێپیستێمۆلۆگیی کوردایەتی Epistemology of the Kurdism
وشەی “کوردایەتی” زیاتر لە ڕێگای شیعر و ئەدەبیاتەوە وەبەر گوێ کەوتووە بەڵام وەک چەمکێک لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسیی مۆدێڕنی کوردیدا تازەیە و بە هەوڵ و نووسینی هێندێک ئاکادێمیست و نووسەر، خەریکە تیۆریزە دەکرێ و تا ڕاەیەک بۆتە لقێکی سەربەخۆ. زانستێک کە لەسەر ئەزموونی سەدان ساڵە بنیات نراوە. زانستێک کە پێمان دەڵێ هیچ ڕێگایەک جگە لە دەوڵەتێکی کوردی ناتوانێ مافە سروشتی و یاسایییەکانی تاک و کۆی کورد دەستەبەر بکا.
یەکێک لە بیرمەندانی کورد، ئەییووب کەریمی مامۆستای زانکۆی سۆران، لە وتارێکدا چەمکی کوردایەتی (Kurdism) دێنێتە ئاراوە. مەبەستی کەریمی لە کوردیسم ئیدیۆلۆژییەکی تایبەتە. بە ڕای ئەو بیرمەندە، کوردایەتی هەتا سەدەی بیستەم ساکار و لە جۆری ناسیۆنالیسمێک بووە کە زیاتر بەرگریی کردووە تا هێرش. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبری ڕووسیە، بە تایبەت دوای شەڕی دووهەم، کوردیسم تێکەڵاوی ئیدەی سۆسیالیزم دەبێ کە خۆی لە بەرنامەی حیزبەکانی کوردستاندا نیشان دەدا. بە ڕای کەریمی کاریگەریی ئەرێنی یا نەرینیی ئەم ڕەوتە لەسەر جووڵانەوەی کوردی زۆر جار دێتە بەر باس، بەڵام بە دڵنیایییەوە دەتوانین باس لەوە بکەین کە ئەگەر بیری سۆسیالیستی کاریگەریی لە سەر جووڵانەوەی کوردی دانەنابا، ڕەنگە کوردەکانیش وەک فارس و تورک و عەڕەب کەوتبانە ژیر کاریگەریی ئیسلامی سیاسی و جووڵانەوەی کوردی، سێکۆلار نەبا.[20]
بە ڕای کەریمی دوای تێکچوونی یەکێتیی سۆڤیەت و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، هێندێک ئیدیۆلۆژیی دیکە لەسەر جووڵانەوی کورد کاریگەرییان بووە لەوانەش فێمینیسم و ژینگەپارێزی. گەرچی پێشتر مافەکانی ژنان لە سۆسیالیزمدا باسی کرابوو بەڵام بە ڕای ئەو “فێمینیسم جگه له بەشداریی ژنان داوایەکی زۆر رادیکاڵتری هەبوو، ئەویش ڕوانینێکی تەواو ژنانه بۆ هەموو بابەتەکان بەتایبەتی بۆ ناسیۆنالیسم بوو. کۆمەڵگەی کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست به دەست هەموو ئەو نەهامەتییانەوه دەناڵێنێ که کۆمەڵگەکانی دیکەی ئەو ناوچەیه گیرۆدەیانن بەڵام لە کوردستان کێشەیەکی دیکەش هەیە ئەویش کێشەی نەتەوایەتییه کە باڵی کشاندووه به سەر هەموو کێشەکانی دیکەدا. هەر بۆیه فێمینیسم له کوردستان ناچار بوو خەباتی خۆی له خەباتی نەتەوایەتی و هەتا ڕادەیەک له خەباتی چینایەتی گرێ بدا.”[21]
لە پێشەکیی وتارەکەی خۆیدا، پێکهاتەی ئیدیۆلۆژیی کوردایەتی، کەریمی دەچێتە سەر باسێکی گرینگی تیۆریک لە سەر “پەیوەندیی دال و مەدلوولەکان”، و ڕای لاکان دێنێتە بەر باس. لاکان پێی وایە: ١. دال لە مەدلوول گرینگترە، ٢. دال و مەدلوول تەنیا لە “پوان دۆ کاپیتۆ”[22] دا یەک دەگرنەوە ئەویش بە شێوەی کاتی. بە ڕای لاکان ئەو شتەی دەبێتە هۆی سەقامگیر بوونی واتا، دالێکی دیکەیە: Master- signifier / دالی گەورە. دالی گەورە دالێکە کە خۆی بێ مەدلوولە و دەبێتە هۆی یەکگرتنەوەی دالەکانی دیکەی نێو سیستەمی واتایی لەگەڵ مەدلوولەکانیان.[23]
کەریمی لە بەردەوامیی وتارەکەیدا باس لەوە دەکا کە ئێستا ئێمە ئیدیۆلۆژییەکمان بە ناوی کوردیسم هەیە کە لە چەندین تۆێژی جیاواز پێکهاتووە؛ ناسیۆنالیزم، سۆسیالیزم، فێمینیزم و ژینگەپارێزی. هەر کام لەم دالانە لە دەوری دالی مەزن کۆبوونەتەوە کە “نەتەوەی کورد”ە. ئەو دالانە لەژێر کاریگەریی دالی گەورەدا، لەگەڵ مەدلوولەکانیان یەک دەگرنەوە و مانای خۆیان وەدەست دێنن.[24]
بە ڕای کەریمی بەپێچەوانەی ئەو وێنە سادەیەی کە لە ناسیۆنالیزمی کوردی نیشان دەدرێ، کوردیسم ئیدیۆلۆژییەکی ئاڵۆز و پێچەڵپێچە کە لە چەندین ئیدیۆلۆژیی دیکە پێکهاتووە. لە کوردستان هەموو حیزبەکان سەرەڕای تایبەتمەندیی خۆیان، دەبێ هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەو جووڵانەوە نەتەوەیییە ڕوون کەنەوە.[25]
بیرمەندێکیتری کورد کەماڵ سولەیمانی، مامۆستای زانکۆی Clomex، سەبارەت بە مەعریفەی کوردایەتی لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی دەنووسێ “[…] کوردایەتی بووە بە ڕاستیی مێژوویی کە نە کورد و نە ئەوانی تر ناتوانن حاشای لێ بکەن. کوردایەتی وەکو هەموو ناسیۆنالیزمە بێ سەروەرییەکان، دەبێ چارەی بۆ بینرێتەوە. کوردایەتی بە پێچەوانەی باوەڕی زاڵی بەشێک لە پارتەکانی باکوور، تەنیا مەسەلەیەکی سیاسی کە دەکرێ بۆ دانیشتن لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی و بۆ وەدەست هێنانی هێندێک ئیمتیاز کەڵکی لێ وەربگیرێ، نییە. کوردایەتی مەسەلەیەکی مەعریفی، وجودی و بنەماییی پێناسە کردنی کۆمەڵە مافێکی یەکجار زۆری سیاسی، کولتوری، ئابوری و مەسەلەی کەرامەتی بەکۆمەلی کوردە. بۆیە، نە ڕێژیمەکان بۆیان لە ناو دەچێ و نە هێندێک تاقمی بەناو چەپ یان ئیسلامی بە باشی لێی حاڵین. هیچ کوردێک که بزانێ کوردایەتییەکەی بۆ مەبەستی تر (و جگە لە کوردایەتی) بەکار دەهێنرێ، ئامادە نابێ لە سنەڕا هەستێ و بچێ لە عەفرین خۆی بەکوشت بدا. کوردێک ئەو کارە دەکا، کە پێی وایە عەفرین بەشێکە یان شارێکە لە شارەکانی وڵاتەکەی.
[…] کوردایەتی پڕۆژە نییە، بەڵام بەکار هێنانی کوردایەتی، پڕۆژەی جۆراوجۆری پارتە کوردییەکانە. بۆیە رۆژێک دەتوانن داوای سەربەخۆیی بکەن و رۆژێکیش لە قازانجیاندا نەبوو باسی تورکیەلەشمە (یان بە تورکیە کردن بکەن)، رۆژێکیش کە بە قازانجیان بوو، ناسنامەی نەتەوەییی کورد وەک ناسیونالیزمی دواکەوتوو ناوزەد بکەن.[…] راستیەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە که: کورد ناتوانی هەم داوای ماف بکا وەکو کورد، هەمیشە بڵی کورد بوون شکەستی هێناوە و بەڵام دیسانیش ئێمە با بێین ئەو هەستە نەتەوەیییە بۆ شتێکی نانەتەوەیی بەکار بێنین. ئێمە ئەگەر کوردایەتی بۆ کوردایەتی بەکار نەهێنن، دەبێ بۆ فارسایەتی، عەرەبایەتی و تورکایەتی بەکاری بێنین. چۆنکە لە بەستێنێکی سیاسیدا کە کورد تێی کەوتوە، یان دەبێ پێ لە سەر مافی کورد بوون دابگرێ یا ئەو مافانە ئینکار بکا. هەر کەس مافی کوردان و کوردبوونیان ئینکار بکات، دەچێتە خانەی ناسیۆنالیزمی ئەویترەوە. […]”[26]
پرسی ژنی کورد
هاوکات لەگەڵ پێکهاتەی پیاوسالاری، پارامێتری وەک داگیرکراویی کوردستان، باڵادەستیی ئێتنیکەکانی دیکە، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەژاریی ژنانی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بۆ دۆخی نالەباری هەنووکەییی ژنانی کورد و بەتایبەت ژنانی زەحمەتکێش، گەلێک گرینگن. بە قەبووڵ کردنی ئەم ئالۆزییە، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بە کام تیۆری(کان) دەتوانین پرسی ژنی کورد شی بکەینەوە؟
کاتێک پرسی ژنی کورد، هەروەک پرسی نەتەوەیی، دەکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە، لە هەر یەکە/ unit یەکڕا، (بنەماڵە، حیزب، سیاسەت، کۆمەڵگا) بێینە ناو باسەکان، دەبینن ژنی کورد لە تەواوی حەوزە گشتی و تاکەکەسییەکاندا، لەسەر چوارڕێیانێکە کە لە هەموو لاڕا ماشێنەکانی کولتووری پیاوسالاری، کێشە ئابووری- سیاسی- بنەماڵەیییەکان وەبەری دەدەن. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕوانگەی کرێنشاو کە پێداگریی لەسەر ئەوەیە کە پێکهاتەکانی ژێردەستی تێکدەهاڵین و تێک هەڵدەنگوێن، دەگەینە پرسیارێک؛ لە وڵاتێک کە لە بنەڕەتڕا دیکتاتۆرییە و هێژمۆنی ئێتنیک و مەزهەبێکی تایبەتی بەسەرەوەیە و دیکتاتۆر مافی تەنانەت شارۆمەندیی هاوزمانی خۆی لەژێر پێ دەنێ و لەوێندەرێ مافە بنچینەیییە ئینسانییەکان قەبووڵ نەکراون، ئایا باس لە چەمکی ئینتێرسێکشنالیتی لە جێی خۆیدایە؟ ئایا ژنانی کورد (بۆ وێنە لە ئێراندا) تەنیا وەک جنس ژێردەستەی پیاوان و داگیرکەرانن یا بە هۆی ئێتنیک و ئایینی جیاواز و ئەکتی سیاسی و چەکداریی دژە داگیرکەریش دەکەونە بەر زەبروزەنگ؟ لێرەدا بە ڕای من لە باسێکی تیۆریک لەسەر هۆیەکانی هەڵاواردنی ژنی کورد، (وەک بەشێک لە نەتەوەی بێ دەوڵەت) پارامێترێکی تر زیاد بکەین؛ “خەبات دژی داگیرکەر، بە تایبەت خەباتی چەکداری”، کە خۆی لە خۆیدا کورد و ژنی کورد دەکاتە ئۆبژەی زەبروزەنگ بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسیی[27] داگیرکەر. لە بەستێنێکی وەها پڕ لە زەبروزەنگدا پرسی ژنی کورد چیی بەسەر دێ؟
کاتێک لە ئەزموونی ژنانەی نەسڵی خۆمڕا چاو لە چل ساڵی ڕابردوو دەکەم دەبینم هیچ کام لە ڕووبەر و پێکهاتەکان بارستای “خەبات کردن دژی داگیرکەران بە هەموو فۆرمەکانی” لەسەر کارەکتەر و ئایدێنتیتی ژنی کورد کاردانەوەیان نەبووە. ژنی کورد بە ئەرێنی و نەرێنی کەوتۆتە ناو بەستێنێک و خۆی لەگەڵ خەبات و بەرخۆدان زیاتر لە هەر شتێکی تر پێناسە دەکا. کاتێک کارەساتێک (بەردەوام لە کارەسات داین) ڕوودەدا، ژنی کورد بیر لەوە ناکاتەوە “چونکە ژنم” یا “چونکە کوردم” بەڵکوو بیر لەوە دەکاتەوە کە “چونکە کوردین و دەبێ بەردەوام خەبات بکەین و نەتەوەیەکی ژێردەستین” دەجوڵێتەوە. کاتێک هەزاران ژنی کورد ناچار بوون بەردەوام و لە هەر قوژبنێکی ئەم خاکە لەتێک لە جەستە و ڕۆحی خۆیان پێشکەشی خەبات بکەن، منداڵ بە بێ باوک گەورە کەن، لە ژیان و بەرخۆدانی خۆیان بەردەوام بن، دەرس بخوێنن، کار بکەن و هتد، هەموو ئایدێنتیتیی ژن لە ژێر کاریگەریی ئەم ڕەوتەدا شکڵ دەگرێ و هاوبەشی و هاوسۆزییەک لە نێوان ژنان دروست دەبێ کە کۆی ژن بوون و جیاوازییەکانیان دەخاتە ژێر سێبەری خۆی. هیچکام لە هۆکار و ڕووبەرەکانی دیکە بە قەد “خەبات دژی داگیرکەران” سیمای ژنی کوردی فۆڕم نەداوە.
هاوکات بەرئەنجامی ئەم فۆڕمگرتنە زۆر شێواو و تا ڕادەیەک بێ ئاکام ماوەتەوە. ژنی کورد هەتا ئیستا هەر ئۆبژەیەکی جنسیی بێ دەسەڵاتە. نادیارە. لە بازنە و کایەی پیاوانەدا تەنانەت ژنانی چالاکی بەشدار لە خەباتی شار و شاخ نەیانتوانیوە ببنە represent/ نوێنەری ژنان و پرس و کێشەکانی ژنان re-present نیشان بدەنەوە و بنوێنن. بەرخۆدانی پێ بە پێی ژنان لەگەڵ پیاوان تا ئێستا بێ بەروبۆ بووە و ڕەنگدانەوەیەکی وەهای بۆ کردنی ژن بە بکەر[28] لە پراکتیکی سیاسیی کۆمەڵگا و حیزبەکاندا نەبووە. خۆ ئەگەریش ژماریەکی کەم لەناو دامۆدەزگاکاندا هەن، ئەوە زیاتر پەیڕەوی بڕیارەکانی حیزب و بازنەی دەسەڵاتی پیاوانەن، و بە پێی یاسا و نۆڕمی پیاوەکان کایە دەکەن.
ناسیۆنالیسمی بێ دەوڵەتی کوردی، تا ئێستا نەیتوانیوە پرسی نیوەی کۆمەڵی خۆی، جێندێر و ناسیۆنالیزم و چۆنێتیی پەیوەندیی نێوانیان پێناسە و تیۆریزە بکا و لێکیان گرێ بدا. ناسیۆنالیسمی کوردی وەک هەموو ناسیۆنالیسمەکانی دنیا، ڕوخسارێکی پیاوانەی بە نۆڕمی پیاوانە و Masculinity هەیە، ژن بە دایک و شەڕەفی خۆی پێناسە دەکا، و باس لە جەستەی ژن تابۆ[29] و بڤەیە. بەڵام ژنانی وڵاتانی دیکە لەژێر سایەی سەروەری[30] و حاکمییەتی دەوڵەت- نەتەوەییدا توانیویانە گەلێک گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگای خۆیاندا بە ئاکام بگەیێنن. لە کاتێکدا ژنانی کورد بە کردەوە چوونەتە بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردی، واتە جۆرێک لە “جەوهەرگەراییی ستراتێژیکی خۆڕسکی کوردی”، بەڵام لەم خەباتە هاوبەشەدا تا ئێستا نەزم و کۆنتڕۆڵی پیاوانە ئیزنی بە ژنان نەداوە ژنان ببنە “بکەری هزرمەندی چالاک”. هەڵبەت ڕۆڵی خودی ژنان بۆ مانەوە لەم دۆخەدا گرینگ و سەرەکییە. کەس ماف نادا بە کەس. ژێردەست و نوێنەرەکانی دەبێ هەوڵ بدەن دۆخ بگۆڕن. کەچی ژنانی کورد سەرەڕای هاوبەشییان لە خەباتدا چاویان لەوە داپۆشیوە کە بێ مەرج و بێ پێگەن، و بەردەوام مافەکانیان بۆ کات و شوێنێکی دیکە تووڕ دراوە و ئێمە ژنان لە ئۆبژەیەک زیاتر نەبووین.
ئەگەر بخوازین باسێک لە تیۆرییەکەی سپیڤاک بکەین، لۆژیکەن ئەم پرسیارە دێتە پێش کە کاتێک سپیڤاک (١٩٨٠) باسی لە جەوهەرگەراییی ستراتێژیک دەکرد و پێی وابوو کە گرووپ و ئێتنیکە کۆلۆنیال و مارگینال کراوەکان دەتوانن تا گەیشتن بە ڕزگاری لەدەوری چەند خاڵی هاوبەش کۆ ببنەوە و جیاوازییەکان بەشێوەی کاتی وەلا بنێن، ئاخۆ چەندە بایەخی دەدا بە ئەزموونەکانی مێژووییی ژنان؟ بۆ وێنە لە شۆڕشی مەزنی فەرانسەدا ژنان وێڕای پیاوان خەباتیان کرد بەڵام لە کردەوەدا تا ساڵی ١٩٤٤ مافی دەنگدانیان نەبوو. یا دوای خەباتی هیند دژی بریتانیا، چەندە لە مافەکانی ژنان و بە تایبەت مافی ژنانی کاستەکانی خوارەوە دابین کرا و پیاوسالاری چەند لە دەسەڵات کەوت؟ با هیچ دوور نەڕۆین هەر ئێستا شاری بەمبایی لە هیند، یەک لە گەورەترین شارەکانی بەرهەمهێنەری زەبروزەنگ و پۆرنۆگرافییە. ڕەنگە هەربۆیە دواتر سپیڤاک لەم چەمکە دووریی کردبێ و دەڵێ کە پیاوان و ناسیۆنالیستەکان بەناڕەوا چەمکەکەیان بەکار هێناوە، گەرچی ئەم چەمکە بۆ گرووپەکانی مارگیناڵ کراو و هەڵاواردەی دەرەوەی دەسەڵات گرینگیی تایبەتی هەیە.
ژنی کورد کە بەشێک لە خۆی لە خەباتی دژە داگیرکەران لەدەست داوە و لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە گوشارێکی بێسنووری لەسەر شان بووە، لە کردەوەدا پەڕاوێزخراوی پیاو، هەڵاواردە، بێ دەسەڵات، بێ بیرمەند و بێ هزر، بەدەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە. جەوهەرگەراییی ستراتێژیک، گەرچی بە شێوەی کاتی بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ وێنە بۆ هاوکاری لە نێوان حیزب و گرووپەکانی ناو نەتەوەدا شەرتە، بەڵام بۆ ژنان بە مانای دابینکردنی مافەکانیان نایە. خاڵی هاوبەشی نێوان ژنان و پیاوان لە خەبات دژی داگیرکاریدا زۆرن، بەڵام تا ئێستا “دالی گەورە”ی ئەم کوردایەتییە واتە “نەتەوە” هەر پیاو و نۆڕمەکانی ئەو بووە، و ئەم دالە هەمیشە بۆتە شەرعییەتدانێک بۆ ئەکتی پیاوانی بڕیاردەر. “نەتەوە” کە دەبووایە کۆی ژنان و پیاوان و سامانەکانی مێشک و فکری هەر دوو جنس بووبا، تەنیا پیاو لەخۆ دەگرێ و ژنی کورد هەرگیز وەک سامانێکی هزری نەتەوەیی کە دەتوانێ بڕیار لەسەر چارەنووسی نەتەوە بدا، نەدیتراوە و پشتگوێ خراوە. لە کاتێکدا بە لای نووسەری ئەم وتارە، کوردایەتی و دالە گەورەکەی، دەبێ هزری هەر دوو جنس لەخۆ بگرێ، داوای ژنان بۆ گۆڕان بە جیددی بێنێتە ئەژمار و هێزیان وەگەڕخا. جەوهەرگەراییی ستراتێژیکی کوردان تا ڕزگاری لە لایەن ژنانەوە دەبێ مەرجدار کرێ. ژن و پیاوی کورد لە خەبات بۆ ڕزگارکردنی نیشتماندا هاوکارن، بەڵام تا ئێستاش پیاو بڕیاری لەسەر داڕشتنی سیاسەت، تاکتیک و دانوستانەکان لەسەر مان و نەمانی نەتەوە داوە. ئەوەی لەسەر کاغەزەکان و بەرنامەی حیزبەکان نووسراون، یەک لە سەدی بەکردەوە جێبەجێ نەبووە. کەوایە هەنووکە دەبێ لە هەموو بڕیار و یاسا و ڕێسا و ئەساسنامە و دامودەزگاکاندا ڕۆڵ و بەشی ژنان کۆنکرێت دیار بێ و ژن لە دیسکۆرس و کرداری کۆی کۆمەڵگادا ببێتە نیوەی ڕاستەقینەی نەتەوە/ دالی گەورە.
بەڵام ئایا ڕزگاریی نەتەوە بەمانای ئازادیی ژنە؟ هەر وەک فۆکۆ کە باس لەوە دەکا جەستە سەنتەری سەپاندنی دەسەڵاتە،[31] ئازاد حاجی ئاقایی، لە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و بەپێزدا جەستە لە دنیای ئایینی و دنیای سیکۆلاردا دێنێتە بەر باس و ئەوە دەخاتە ڕوو کە سێکۆلاریزم نەبۆتە هۆی ڕزگاریی جەستەی ژن. دیارە کە سێکۆلاریزم توانیوێتی جیاییی ئایین لە دەوڵەت و هەل بۆ هاوشانیی ژن و پیاو بڕەخسێنی بەڵام وەک دیسکۆرس هێشتا نەیتوانیوە مەودای پان و بەرینی نایەکسانی پڕکاتەوە. بە ڕای حاجی ئاقایی لە جیهانی سێکۆلاریشدا زۆر جار پیاوان هەر بە مەبەستی هێز و باڵادەستیی خۆیان کاریان کردووە، و ئەوە ئەرکی ژن و نووسینی ژنانەیە کە کێشەی ژنان چارەسەر بکا.[32]
بە ڕای من کاتێک باس لە ئازادیی جەستە دەکەین دەبێ دوو خاڵ لەبەر چاو بگرین؛ ئازادیی ژن و ڕزگار بوون لە مێتافیزیکی سێکسوالیتە، پەیوەندیی نەپچڕاویان هەیە و ڕزگار کردنی ژن لە زیندانی جەستە ئەرکی هەر دوو جنسی پیاو و ژنە. تا ژن ئۆبژەیەکی جنسیی پیاو بێ ناتوانێ ببێتە بیر و سوبژە. ژن دەبێ لە جەغز و بازنەی نۆڕمەکانی پیاوانەی جنس ڕزگاری بێ تا ببێتە تاکی ئازاد/سوبژەی ئاگا. سوبژەیەک کە زانستی لە سەر خۆی و دنیای دەوروبەری هەیە و خاوەنی مەعریفەیە و بڕیار لەسەر جەستەی خۆی دەدا.
لە پرسی ژنی کورددا هەمیشە هەر دوو پارامێتری کۆلۆنی بوونی کوردستان و جنس/ئۆبژە بوونی ژن، دەست لەناو دەست ڕۆڵی سەرەکییان بۆ ژێردەست مانەوەی ژنان گێڕاوە. منی ژن بۆ داگیرکەر “ئۆبژەیەکی ئێتنیکیی جنسی“م، و بۆ کۆمەڵگای پیاوسالاری کوردی ئۆبژەیەکی سێکسی. دروست لێرەدایە کە هەر تاکێکی پیاو بۆ چارەسەری پرس و کێشەکان هاوڕێ لەگەل ژنان بەرپرسایەتییان لەسەر شانە.
سەرەڕای حاکمییەتی سێکۆلاریزم لە زۆر وڵاتی دنیادا، خەبات بۆ مافەکانی ژنان بەردەوامە. دوای کاپیتالیسم و ئێستا لە بازاڕی نیۆلیبێڕاڵی دنیادا جەستەی ژن باشترین کاڵایە بۆ بازاڕ. لە دوای چەک و ماددە سڕکەرەکان بازاری ترافیکینک[33] بازاڕێکی پڕداهاتە. هەر ئێستا بە سەدان نەشتەرگەری و بەرهەمی جوانکاری و بازاری سێکس، دۆخێکی وەهایان دروست کردووە کە زۆر ژن لە دنیادا بێگانە لە خۆ بە دەوری ویست و نۆڕمەکانی پیاوانەدا دەسووڕێنەوە. ئەمە ژنی کوردیشی گرتووەتەوە. هەزاران نەشتەرگەریی جوانکاری تام و بۆنی ڕوخسارێکی کوردانەی ژنانی فەوتاندووە و ئێستا زۆربەی ژنان لێک دەچن تا لە خۆیان، و ئایدێنتیتیی تاکی ژن بۆتە گرێیەکی گرژ. ژن لە نێوان سوننەت و مۆدێڕنیتەدا هەم خودای دەوێ و هەم خورما و سەری لێ شێواوە. ئایدێنتیتییەک کە لە ژێر مومارەسەی داگیرکاری و بازاردا دا ڕۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر دەبێ. سەد هەڵبەتە نۆرمی پیاوانە و داواکانیان مۆری خۆی لەسەر ئەم ئاڵۆزییە داوە، بە چەشنێک کە بە قەولی هومی بابا، دەکرێ بڵێین نەک هەر کۆی کۆمەڵگا لە ژێر داگیرکاریدا بووەتە لاساکەرەوەی داگیرکەر، بەڵکوو ئەم لاسایی کردنەوەیە بە سەر جەستەی ژن، لوت و ڕوخساری نەخشی بەستووە. ئەوەش لە ژێر کاریگەریی هەر دوو مەیلی جنسی و کەمایەسیدا.
بە ڕای لاکان فیلسووفی فەرانسەوی مەیل/ desire لە “کەمایەسی/ خواست”ێکەوە دێ.[34] ڕەنگە بکرێ ئەم کەمایەسییە بە یارمەتیی چەمکی “لەخۆ بێگانەبوون” زیاتر شی کەینەوە. (به فەرانسەوی Aliénation ، لە خۆدوور بوون، پەیوەندی لەگەڵ خۆ لەدەست دان) ئەم چەمکە هەوەڵ جار لە لایەن فیلسووفی ئاڵمانی، هێگێل، بۆ “کەمایەسیی ئاگایی” بەکارهات و مەبەستی ئەوە بوو کە هیچ شتێک لە دەرەوەی بیر و هزرێکی مێژوویی بوونی نییە و لەخۆبێگانە بوون و ئاگایی، پەیوەندیی نەپچڕاویان پێکەوە هەیە. دواتر کارڵ مارکس تایبەتمەندیی چینایەتیی کرێکارانی پێ وەسف کرد کە چۆن لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا لەخۆیان بێگانە دەبن و دەبنە کەرەسەی بەرهەم هێنان. بەڵام چەمکی لەخۆ بێگانە بوون لای فرانز فانۆن[35] گرینگییەکی تایبەتی پێ دراوە. فانۆن باس لەوە دەکا چۆن کۆلۆنیالیستەکان ژێردست و کۆلۆنی لە خودی خۆیان دوور دەکەنەوە، وەها کە “ڕەشێک خۆی لە سپییەک پێ سپیتر بێ”. واتە وەها لەناو نۆڕم و کولتووری باڵادەستدا قاڵ دەبێ کە هەست ناکا کە نۆڕم و نەریتی داگیرکەر بە بەشێک لە خۆی دەزانێ و یا بووەتە کۆپیی داگیرکەر. کۆلۆنیالیست بەردەوام زەبر و زەنگ بەکار دێنێ بەڵام بۆ شەرعییەت دانی زەبروزەنگی خۆی دەبێ بچێتە ناو توێژەکانی نەرمی کۆمەڵگا و لەگەڵ خۆی بێگانەی بکا.[36]
لێرەدایە کە بۆ ڕزگاری لە جەستەیەکی کۆلۆنیالکراو، ئەشێ هەوەڵ بگەڕێینەوە سەر چەمکی “ئاگاییی مێژوویی”ی هێگێل واتە گەیشتن بە ئاگایی دەربارەی خۆت و خۆڕزگارکردن لە هێژمۆنی ئەویتری داگیرکەر. ئەزموونی ژیانی کورد پێمان دەڵێ ساڵیانی ساڵ هەموو هێز و توانا و زەحمەتی کورد بە تاڕاج چوون و هەموو ئەو ڕێگایانەی پێشتر تاقی کراونەتەوە کوردیان تا ئێستا بەهیچ مەقسەدێک نەگەیاندوە، چونکە بەتاڵ بوون لە ئیدیۆلۆژییەکی تۆکمەی دیاریکراو بۆ خودی کورد، واتە کوردایەتی، بەو مانایە کە کەریمی لە وتاری ئیدیۆلۆژیی ناتەواو و ستراتێژیی نەگونجاودا دەیهێنێتە بەر باس. بە ڕای کەریمی بە هۆی نەبوونی ستراتێژییەکی کوردانە، شکست و ڕووداوەکان بەردەوام بۆ کورد دووپات دەبنەوە.[37]
ئەزموونی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان پێمان دەڵێ داگیرکەران هەمیشە وەک بێگانە و “ئەویتر” چاویان لێ کردووین و لە باشترین حاڵەتدا داگیرکەر دەمانکاتە میمیکریی خۆی و وەک کەواسووری بەر لەشکرێ وەپێش خوێمان دەدا بۆ کوشتن و تەحقیرمان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێژمۆنی خۆی. ئێمە بەردەوام دەبینە ئەو ژێردەستەیە کە خۆی پێ ئیرانی، تورکیەیی و عێراقییە؛ کەمایەسییەک لە بەرانبەر “ئەویتری گەورە”دا، کە بۆتە مۆدێل و ئۆلگوومان.
ئێستا ئێمەی کورد لە ئاستانەی بڕیارێکی مێژووییدا وەستاوین و چرکە چرکەی ژیانی تاکی کورد دەکرێ ئەکتێک بێ دژی داگیرکەران بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە ڕوحێکی ئازاد لەناخی هەر تاکێکدا. بەڵام پرسیارێکی گرینگ ئەوەیە؛ چ ئێستا و چ دوای ڕزگاری، چی بکرێ نیوەی کۆمەڵ/ ژنی کورد مۆری خۆی لەسەر دالی گەورە بدا؟ لێرەدا دروشمەکەی ئانجێلا دێیویس دێتەوە یادم؛ “من ژنێکی ڕەشی شۆڕشگێرم” کە بە خوێندنەوەیەکی ژنانە و کوردانە دەبێتە “من ژنێکی کوردی شۆڕشگێرم.” واتە شۆڕشێکی هزری بۆ یەکسان دیتنی دوو جنسی دروستکەری دالی گەورە بە پێویست دەزانم. مەیل بە ئەویتری گەورە کە ژێردەستەیی و نەبوونی دامۆدەزگای فکری و سیاسی بۆمان بەدیاریی هێناوە، بۆتە هۆی ئەوە کە ئێلیتی کورد (لێرەدا پیاوان وەک بەرهەمهێنەری هزر) زیاتر لە ژێر کاریگەریی مۆدێل و نۆڕمەکانی دەرەکی و بێگانان بن و هەموو ڕەفتار و نۆڕمەکانیان Internalization / بە دەروونی کرێن،[38] واتە ببنە بەشێک لە هزر و ڕەفتارەکانی ڕووناکبیرانی ئێمە. بە قەولی هومی بابا ژێردەست لە هەموو بارێکەوە ببێتە میمیکری.
بیرمەندانی دنیا، (کەسانی وەک ژان پۆل سارتێر، کە لە ژێر تیشکی داکۆمێنت و نووسراوەکاندا ئێستا دەزانین پەیوەندیی سارتێر و دێ بوار پەیوەندییەکی یەکجار ئاڵۆز و جیی باس بووە) بازاری جیهانی و ئێلیتی داگیرکەران، (کەسانی وەک ئیببراهیم گولستان، شاملوو، نیما، دەوڵەت ئابادی، ئال ئەحمەد، شەریعەتی و تاد) زیاترین کاریگەرییان لەسەر بیر و هزری پیاوی کورد بە ئەرێنی و نەرێنی بووە. بۆ ڕوون کردنەوەی زیاتر با دوو نموونە بهێنمەوە. لە لای ئێلیتی فارس ژنانی وەک سیمین بێهبەهانی و سیمین دانشوەر کە دەستی باڵایان لە دروستکردنی هەستی ناسیۆنالیزمی فارسی دا بووە، سەرەڕای خۆشەویستی و ڕێزیان لەناو کۆمەڵگای خۆیاندا، هێشتاش وەک شاعیر و چیرۆکنووس دەناسرێن نە وەک بیرمەندی هاوسانی پیاوان. براهەنی یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتی و ئێلیتی ئەدەبی فارسی دەڵی “دانشور داستان نویس بود نە روشنفکر.” یا شاعیرێکی گەورەی وەک نیما یوشیج، هیچ ڕێزێکی بۆ هاوسەرەکەی نەبووە ئەگەرچی هاوسەرەکەی بە هەموو جۆرێک نیمای وەژێر باڵی خۆیدا بوو. ئەوانە تەنیا نموونەی مشتێ لە خەروارن لە کولتووری نابەرابەی ژنان و پیاوان لە دنیادا کە بوونەتە مۆدێل و ئۆلگووی پیاوانی ڕووناکبیری ئێمەش.[39] هەر ئەم مۆدێل و ئۆلگوویانە، شۆڕ بوونەتەوە ناو نەتەوەکانی ژێردەست و یەک لەوان کورد. مۆدێلی ئەویتری داگیرکەر (هەم داگیرکەرانی نزیک و هەم داگیرکەرانی دوور) لە هەموو بوارێکدا، بە تایبەت لە بواری کولتووری و فکریدا، کارێکی وەهای کردووە کە هەم فەزا و هەم هۆوییەتی کوردانە بە گشتی لەدەست چووە، و نیگای پیاوی ڕووناکبیری کورد بە ژن، هەمان نیگای پیاوی داگیرکەرە.
هاوکات دین وەک دەزگایەکی بەرینی هیژمۆنیک و دەسەڵاتدار لە بەرهەم هێنانەوەی ژن وەک ئۆبژەی سێکسی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ. کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، تورکی و عەرەبی بە شێوەیەکی سیستەماتیک نەتەوەی ژێردەستی کوردیان لە ڕێگای دینەوە کردووەتە ئامانج. لەوەش گرینگتر جەستەی ژنانی کورد بۆ پیاوانی ئیسلامیی دەسەڵاتداری ناوچەکە (تەنانەت نادەسەڵاتدار) تەنیا کەنیز و کەرەسەی سێکس و “جاریە و سەبایە”ن. ئێمەی کورد هەرگیز نابێ ڕوانگەی دەسەڵاتی سیاسیی کۆماری ئیسلامی، داعش، ئەردووغان، و دەیان جۆری تاڵبان و ئیخوانەکانمان لەسەر پرسی ژنان لەبیر بچێ. هەر چەند ساڵ پێش ئێستا، شەش هەزار ژنی کورد وەک بەردەی سێکسی ڕفێندران، چل ساڵە ژنان ئەسیری کۆماری ئیسلامین و تورکیەش بە هەمان ڕێگادا دەڕوا. بۆیە پێموایە بەشێکی گرینگ لە پڕۆسەی ڕزگاریی نەتەوەیی و ژنان، ڕزگاربوونی پیاوانی دەسەڵاتدار و ئێلیتی کوردە لە ئۆتۆریتەی دینی.
پرسی ژنان و پرسی نەتەوەیی سەرەڕای جیاوازییەکانیان لێکچوونێکی سەیریان هەیە. هەردوو ڕاستەوخۆ کێشە و پرسی سیاسین، گەرچی هێندێک بەهۆی نەناسینی مەعریفیی پرسەکە پرسی ژنان، تەنیا بە کێشەی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە دەیبەستنەوە. پرسی ژنان و پرسی نەتەوەیی لە ڕێگای پەیوەندییان بە چەمکگەلێکی وەک هێژمۆنی، ناوەند، پەڕاوێز، هەڵاواردەیی، ژێردەستەیی، دەسەڵات و … هەڵدەسەنگێندرێن. هەر دوو، دەسەڵاتی سەرتر دەیانچەوسێنێتەوە. هەردوو، لە پەراوێزدان. هەردوو، بۆ گەیشتن بە مافەکانیان دەبێ ببنە خاوەن هزری ڕزگاریکەر. ئەگەر چاوێک لە دنیا بکەین، لەو وڵاتانەی کە ژنان ڕێبەری وڵاتن و یا نیوەی کابینەکەیان ژنانن، بەتایبەت لە دۆخی کۆرۆنایی ئێستای دنیادا، زۆر سەرکەوتووتر بوون. بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد دەبێ ژن و پیاو ببنە تاکی ئازاد و هێزی “بالقوە” و پۆتانسییەلی ژنان لە پەڕاوێزەوە بچێت بۆ ناوەند. هەر ئەو جۆرەی دوکتور کەریمی پێی وایە کە ئیدیۆلۆژیی کوردایەتی هەڵگری ناسیۆنالیزم، سۆسیالیزم، فێمینیزم، ژینگەپارێژییە و هەموویان بە هۆی دالی گەورە لێک دەدرووین. هەڵبەت من لەسەر ئەو باوەڕەم بە مەرجێک ئەو لێکدروون و سەقامگیرییەمان دەبێ کە دالی گەورە/ نەتەوە بە هزر و بە پڕاکتیک هەر دوو جنس لەخۆ بگرێ و ژن لە پەڕاوێزدا نەمێنێتەوە. هەر بۆیە بۆ سەرکەوتنی کوردایەتییەکی پێشکەوتوو، ڕۆڵی ئێلیتی ئۆرگانیک کە ببنە دەنگی ژێردەستان و پەڕاوێزخراون[40] بە گرینگ دەبینم. ئێلیتێک کە لەسەر ڕێچکەی گرامشی[41] بە شێوەیەکی تۆکمە کار لەسەر هێژمۆنی پیاوسالارانە لە کۆمەڵگادا بکا و قەواعیدی کایە بگۆڕی و وەک نوێنەری ژێردەستان / represent بۆ نیشاندانی پرسەکان/ re-present هەوڵ بدا،[42] و ژن و پیاو بە شێوەیەکی کارا دوور لە سێکسیزم[43] ببنە تەواوکەری یەکتر بۆ ڕزگاری و بۆ ئازادی.
پڕدیارە کە دوای ڕزگاری، هەمیسان ڕێگایەکی دوور و درێژمان بۆ ئازادی، یەکسانیی جنسییەتی و جێندێری، دادی کۆمەڵایەتی و ڕێگا کردنەوە بۆ گەشەکردنی ژنانی چینەکانی خوارەوە لەبەرە. لە دەوڵەتی نەتەوەییدا دەکرێ یاسا، بنچینە، دامودەزگای پارێزگاری لە مافەکانی ئینسانی و یەکسانیی جنسییەتی بنیات بنرێن، بەڵام دەبێ ئێستاش و دوای ڕزگارییش بەردەوام کار بۆ یەکسانیی جنسییەتی و دادی کۆمەڵایەتی بکەین، بەتایبەت کار بۆ گەشەی ژنان لە مەیدانی هزری و فکریدا. نیگا و ڕوانگەی ژنانە و ئینتێرسێکشنال، دروشمی “من ژنێکی کوردی شۆڕشگێرم” بۆ گەیشتن بە داد، یەکسانی و نەمانی هەڵاواردن گرینگە (شۆڕش بەمانای کار و هەوڵدان بۆ گەشە و گۆڕانکاری)، بەڵام هاوکات ڕۆڵ و ئەرکی پیاوان نابێ لەبیرکرێ کە ئامادەی ئەوە بن ئەم هەڵاواردنانە ببینن و ئامادە بن کە نیوەی دەسەڵات بدەنە بەرامبەریان و ژن وەک خۆیان خاوەن هزر چاو لێ بکەن. ئێستا پیاوان دەسەڵاتیان بەسەر نۆڕمەکان، کۆمەڵگا و سیاسەتدا دەشکێ و دەبێ بتوانن لە چوارچێوە و جەغزی نۆڕمەکانی خۆیان بێنە دەر. هەر پیاوێکی بیرمەندی کورد دەبێ ئامادەییی ئەوەی تێدابێ کە بڵی “من پیاوێکی یەکسانیخوازی کوردم و کار بۆ گۆڕانی نۆرمەکان بە قازانجی نیوەکەیترم بە ئەرکی خۆم دەزانم.” ئەمە ئەو کوردایەتییەیە کە دالە گەورەکەی، دوور لە دیتنی ژن وەک ئۆبژەی جنسی، هەر دوو جنس لەخۆ دەگرێ و دەبێتە ناوەندی فکر بۆ بەرەو یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی. منی ژن و تۆی پیاو پێکەوە نەتەوەیەکی ڕزگاریخواز، یەکسانیخواز و دادپەروەرین.
بەڵی لەدایک بوون ژانی هەیە!
ژێدەر و پەڕاوێزەکان
[1] لە ئامریکا وشەی “ڕەشپێست” لە خۆیدا وێژەیەکی ڕاسیستییە بۆیە دەگوتری ئافرۆئەمێرکەن. یا بۆ وێنە لە سوید دەگوترێ ئافرۆسوێنسک/Afrosvensk.
[2] https://www.youtube.com/watch?v=akOe5-UsQ2o
[3] من خۆم باوەڕم بە شتێک بە ناوی نژادی جیاواز بۆ ئینسان نییە. بە پێی ئاخرین لێکۆڵینەوەکانی بیۆلۆژیکی شتێک بە ناوی نژادی جۆراوجۆری ئینسانی نییە. ئێسقانی هەموو ئینسانەکان سپییە، خۆینی هەموومان سوورە. ئەوەی بە ناوی نژاد باس دەکرێ، بۆ وێنە جیاوازیی ڕەنگی پێست و ڕەنگی چاو، کورتی و بالابەرزی، وەک جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ گیا و ئاژەڵ نییە تا باس لە نژادی جیاواز بکرێ.
[4] https://sv.wikipedia.org/wiki/Svart_feminism
[5] Discrimination
[6] Inclusion
[7] Multiculturalism
[8] https://www.youtube.com/watch?v=bzQkVfO9ToQ&t=360s , Angela Davis Criticizes Mainstream Feminism, Bourgeois Feminism
[9] https://en.wikipedia.org/wiki/Homi_K._Bhabha
[10] Masud Raja, What is Mimicry in Postcolonialism? https://www.youtube.com/watch?v=VjwexEku1Cs
[11] Masud Raja, Ambivalence. https://www.youtube.com/watch?v=ckpC5ATWG5Y
[12] Spivak Gavatri Chiakravorty, Can the subaltern speak? 1980.
[13] Spivak Gavatri Chiakravorty, Subalternisering och den globala utopin, 2014. Tankekraft Förlag.
[14] Karl Marx, The Eighteenth Brumaire of Louis Napoleon (Der 18te Brumaire des Louis Napoleon). 1852.
لە هەژدەی برومیر دا هەوڵی مارکس ئەوەیە کە باس لە کودەتای لووئیز بۆناپارت بکا و ڕووداوەکە لە دەورەیەکی دوور و درێژتردا، لە شۆڕشی مەزنی فەرانسەوە ١٧٩٩ هەتا ١٨٥١ بخاتە بەر تیشک. بەڕای مارکس هۆیەکی سەرکەوتنی کودەتا و ڕووخانی کۆماری دووهەم نەبوونی قورساییی چینێک بوو، واتە هەموو چینەکان لە جۆرێک هاوسەنگیدا بوون، و دەسەڵاتی بۆناپارت لەسەر بناخەی زەبروزەنگ بوو. بەڵام بە ڕای مارکس لە کۆتاییدا ئەمەش هەر جۆرێک لە دەسەڵاتی چینایەتی بوو. هاوکات مارکس هەوڵ دەدا باس لە کێشەی پێچەڵپێچ و ئاڵۆزی چینایەتی و نوێنەرایەتی لە کۆمەڵگادا بکا. (پ. د. ئێف بە فارسی)
[15] Subaltern
ئەم چەمکە هەوەڵ جار لەلایەن گرامشی تیۆریسییەنی ساردینی- ئیتالی بۆ شیکردنەوەی دۆخی گرووپە پەڕاوێزخراوەکان کە دەستیان بە کەرەسەکانی دەسەڵات ڕاناگا و هیچ مافێکی شارۆمەندییان نییە بەکارهات. آیا فرودست می تواند سخن بگوید؟ ترجمە ایوب کریمی، نشر فلات ١٣٩٧. (ل. ٩)
[16] Subalternisering och den globala utopin, 2014.
[17] https://www.youtube.com/watch?v=1xGJ1buO4-g
[18] An Interview with Gayatri Chakravorty Spivak. Sara Danius, Stefan Jonsson and Gayatri Chakravorty Spivak. boundary 2. Vol. 20, No. 2 (Summer, 1993), pp. 24-50 (27 pages) Published By: Duke University Press.
[19] https://literariness.org/2016/04/09/strategic-essentialism
[20] Eyyub Kerimi, Structure of the Ideology of ´Kurdism´. Journal of Middle Eastern Research 1 (2017). 57-63.
[21] ئەییووب کەریمی، پێکهاتەی ئیدیۆلۆژیی کوردایەتی. وەرزنامەی ژیوار، ساڵی ٦، زستانی ٢٠١٥، ژمارە ١٩ و ٢٠. لاپەڕەکان ٣١ تا ٣٦.
[22] Point de capition خاڵی دروونەوە
[23] ئەییووب کەریمی، پێکهاتەی ئیدیۆلۆژیی کوردایەتی. وەرزنامەی ژیوار، ساڵی ٦. زستانی ٢٠١٥.
[24] هەمان سەرچاوە.
[25] Eyyub Kerimi, Structure of the Ideology of ´Kurdism´. Journal of Middle Eastern Research 1 (2017). 57-63.
[26] https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=10220055278264763&id=1008431253 لاپەڕەی فەیسبووکی دوکتور کەماڵ سولەیمانی.
[27] Exercise of power
[28] Sujet, Subject
[29] Tabu
[30] Sovereignty
[31] Foucault, Sexualitetens Historia.
[32] ئازاد حاجی ئاقایی، جەستەی ژن لە نێوان ئایین و سیاسەت، فێمینیزم کولتوور مەگەزینی ژمارە پێنج.
[33] Human Trafficking
[34] Julia Kristeva, Stabat Mater, 1990. p. 113-151.
[35] Frantz Fann (1925-1961) https://en.wikipedia.org/wiki/Frantz_Fanon
[36] Alienation and Freedom Frantz Fanon. Edited by Jean Khalfa and Robert J.C. Young Translated by Steven Corcoran, 2018.
[37] ئەییووب کەریمی، ئیدیۆلۆژی ناتەواو و ستراتێژیی نەگونجاو. گوتارنامە، ساڵی دووهەم، ژمارە ٣، سەماوەزی ٢٧١٩. لل. ٢٩تا٣٤.
[38] ئەم چەمکە لە زانستی ئابووریدا بەکار دێ کە چۆن هۆی دەرەکی لە سەر هۆیەکانی ناو وڵاتێکدا کاریگەرییان هەیە، بەڵام لە دەرووناسی و ڕەفتارناسی”یشدا دا کەڵکی لێ وەردەگیرێ بۆ باسکردن لەسەر نۆرم، هۆویەت، ڕۆڵەکانی کۆمەڵایەتی جنسییەتی و هتد.
[39] ناصر حریری، هنر و ادبیات امروز، گفت و شنودی با دکتر پرویز ناتل خانلری و دکتر سیمین دانشور. ١٣٦٦.
[40] چەمکی ئێلیتی ئۆرگانیک، ژێردەست، هێژمۆنی کولتوری لە چەمکە گرینگەکانی گرامشی تیۆریسییەنی بەناوبانگی جوڵانەوەی چەپی ئیتالی- ساردینی یە.
[41] Antonio Francesco Gramsci, 22 jan. 1891 Ales Sardinien – 27 april 1937 Rom.
[42] سپیڤاک باس لە جیاوازیی ئەم دوو چەمکە دەکا و پێی وایە کە دەبێ ئێلیت بتوانی هەر دووکیان ڕاپەڕێنێ.
[43] Sexsism


