ئارامتر بخوێنەوە!

ناسیۆنالیسم و فێمێنیسم

ناکۆکییەکان و ڕێگاچارەکان

گوڵاڵە کەمانگەر

“سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ. ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.”

 

  • گوڵاڵە کەمانگەر لە دایک بوی ۱۹۸۱ لە کرماشان.
  • بەچلر و ماستەری زماب و ئەدەبی فارسی لە زانکۆی عەللامەی تاران، بە تێزی نێوان ڕشتەیی لە بارەی توتمیسم و دینە سەرەتاییەکان لە شانامەدا.
  • ماستەری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئافریقا لە زانکۆی ئۆسلۆ بە تێزی لێکۆڵینەوە لە دۆخی ژنانی ئێزدی پاش داعش لە ئاڵمان و کوردستان.
  • خاوەنی پەرتووکێکە بە ناوی قورئان لە نێوان ئوستوورە و جادوو (لێکۆڵینەوە لە بنەما ئەساتیرییەکانی چیرۆکەکانی قورئان و سروتە ئیسلامیەکان) و هەروەها کۆمەڵێک وتاری لە گۆڤارە جیاوازەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

پەیوەندیی نێوان فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم بە شێوەی نەریتی لە کوردستاندا پەیوەندییەکی پڕ لە ڕق و قینە. فێمێنیستەکان، ناسیۆنالیسم بە پیاوسالاری، نەریتی بوون و دواکەوتوویی تاوانبار دەکەن و ناسیۆنالیستەکانیش فێمێنیسم بە دژبەریی مافی نەتەوەیی و ستوونی پێنجەمی دوژمن بوون تۆمەتبار دەکەن. ئەم دژبەرییە لە وڵاتانێکدا کە بەرەیەکی شەڕیان بە دژی داگیرکاری تێدایە و ناسیۆنالیسم بە ڕوانگەیەکی سیاسی قەتیس نەبووە و لە فۆڕمی بزووتنەوە‌یەکدا بۆ ڕزگاریی وڵات تێدەکۆشێ، زیاتر زەق و بەرچاوە. بزووتنەوە‌ی ناسیۆنالیستی لەو باوەڕەدایە کە یەک بەرەی شەڕی سەرەکی هەیە و کردنەوەی بەرەی هاوتەریب و جیا، لە خۆیدا لاواز کردنی بزووتنەوە‌ی ناسیۆنالیستییە. ناسیۆنالیستەکان یەک دروشمی سەرەکییان هەیە و دەڵێن ئەولەوییەتی یەکەم، ڕزگاریی وڵاتە و هەموو بزووتنەوە‌ و چاکسازییەکان دەکەونە دوای قۆناغی ڕزگاری. زۆر جاریش قەولی ئەوە دەدەن کە دوای ڕزگاری هەموو مافێکی ژنان دەدەن و چیتر پێویست بە خەباتی ڕەگەزی نامێنێ. واتە ناسیۆنالیسم زۆربەی جار ڕیشەی هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکانی گرووپە جیاوازەکان و کەمینەکان و ژنان و کرێکاران و هتد بۆ دەسەڵاتی داگیرکەر دەگەڕێنێتەوە و بۆ وەدەستهێنانی زیاترین کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی، وێنایەکی ئایدیال لە دواڕۆژی وڵاتی ڕزگارکراو دەنەخشێنێ. بەڵام ئەزمون دەریخستوە کە زۆر جار ناسیۆنالیسم، دوای سەرکەوتن قەول و قەرارەکانی لەبیر دەکات و بە جۆرێک خیانەت بە بزووتنەوە‌ی فێمێنیستی دەکات و وردە وردە یاسا نەریتی و ئایینی و موحافزەکارانەکان دەهێنێتەوە، وەک لە شۆرشی ڕزگاریی ئیرلەند و هیند و هێندێ وڵاتی دیکەدا بینراوە.

واتە بەشێک لەو نەبوونی متمانە و دژبەرییە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوکەوتی ناتەندروستی ناسیۆنالیسم لەگەڵ فێمێنیسم و ڕوانگەی ئامرازیی ئەوان بۆ بزووتنەوە‌ی فێمێنیستی. لەولاوه ڕەوتی سەرەکیی‌ شەپۆلی یەکەم و دووهەمی فێمێنیسم، بە هەموو ڕوانگەکانیەوە قائیل بە خەباتێکی هاوبەشی جیهانی بۆ ژنان بوو (کە فێمێنیسمی کوردستانیش خۆی بە بەشێک لە وەها فێمێنیسمێک پێناسە دەکات) و سوور بوو لە سەر ئەوەی کە دۆخێکی گشتگیر و زاتی بۆ کێشەی ژن بوونی هەیە. ئەم ڕوانگەیە لە فێمێنیسمی ڕادیکاڵ و مارکسیستی و سوسیالیستیدا گەیشتبووە لووتکە و بە هۆی ئەوەی هەوێنی سەرەکیی هەموو جووڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتای سەدەی بیستەوە بە جۆرێک بیری چەپ بوو، ڕوانگەی زاڵ بەسەر فێمێنیسمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆرتر ڕوانگەی سوسیالیستی و کۆمۆنیستییە کە دوو دوژمنی سەرەکی بۆ پرسی ژن قائیلن و پێیان وایە ئەو دوو دوژمنە پیاوسالاری و سەرمایەدارین.

بۆیە دەتوانین بڵێین فێمێنیسمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە گشتی بەدەر لە پرسی ژنان پاڵنەرێکی سیاسیی دیکەی بۆ دژایەتی کردنی ناسیۆنالیسم هەبووە و هەیە و ئەویش لە وەفاداری بۆ ڕێبازی کۆمۆنیستییەوە دێت. ڕێبازێک کە دژایەتیی ناسیۆنالیزم بە مەرجی سەرەکیی ئەوەی پێی دەڵێ ڕزگاریی جیهانی دەزانێ.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی و لە کوردستاندا بەتایبەتی، ناسیۆنالیسمی چەقبەستوی نەریتی و فێمێنیسمی چەپی کۆمۆنیستی، دوو جەمسەری تەواو پێک ناکۆکیان پێکهێناوە کە لێک تێگەیشتنیان ئەستەم دیارە و بێگومان بە بەردەوامیی ئەم دۆخە زیان هەم بە بزووتنەوە‌ی ناسیۆنالیستی دەگات و هەم بە بزووتنەوە‌ی فێمێنیستی.

دژایەتیی فێمێنیسم یان پشتگوێ خستنی خەباتی فێمێنیستی لە لایەن ناسیۆنالیسمەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی گەورە لە ژنانی چالاک کە دەتوانن کاریگەریی زۆر و تەنانەت یەکلاکەرەوەیان لە پێشخستنی دۆخی نەتەوەییدا هەبێت. لە سۆنگەی شۆڕش و خەباتەوە ژن لە خەباتدا تەنیا نیوەی کۆمەڵگا نییە، واتە زیاتر لەوەی چەندێتی(کەمییەت)ی حزوری گرنگ بێت، چۆنێتی(کەیفییەت)ی حزووریە کە گرنگە. هەر ژنێکی کارامە و بە توانا لە شۆڕشدا دەتوانێ بە دەیان پیاوی هاوشانی خۆی بخاتە ژێر سێبەری حزووری سیمبۆلیکی خۆیەوە و ئەمە تایبەتمەندیی حزووری ژنە لە بواری سیاسی و نیزامی لە هەموو دنیادا. عەقڵی گشتیی دنیا لەو باوەڕەدایە کە نەتەوەیەک کە ژنانی سەرقاڵی سیاسەت و خەبات و شەڕن، نەتەوەیەکی بەهێز و جیددی و لە ئاکامدا سەرکەوتووە، بوونی ژن لە خەباتدا لە خۆیدا بوونێکی دوژمن شکێنە، بۆ تاکەکانی نەتەوە هیوا و وزەی زیاتر بەرهەم دێنێ‌ و بۆ دوژمنیش ترسی زیاتر.

لەو لاشەوە پشت هەڵکردنی فێمێنیسم لە بزووتنەوە‌ی ناسیۆنالیستی و دژایەتی کردنی دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی فێمێنیستەکان لە دەسەڵاتی داهاتوو و بێ توانایییان لە کاریگەریدانان لە سەر یاسا. فێمێنیسم گەر کۆمەڵە ئامانجێکی ڕوونی بۆ پرسی ژن هەبێت و خەباتی خۆی بە خەباتێکی ئەبەدی و زاتی بە دژی ناسیۆنالیسم نەزانێ، دەبێ لە بیری ئەوەدا بێت کە بە زووترین کات بە ئامانجەکانی بگات و بۆ ئەوەش مەعقوول نییە خۆی بێبەش بکات لە دەسەڵات و داڕشتنی یاسا و بەڕێوەبەریی وڵات و بڕیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی. دژایەتیی فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم، زیانی پێش سەرکەوتنی، بە ناسیۆنالیسم دەگات و دەبێتە هۆی بێبەش بوونی بزووتنەوە‌ی نەتەوەیی لە هێزی ژن و زیانی پاش سەرکەوتنی، بە فێمێنیسم دەگات کە بێبەش بوون لە دەسەڵاتە.

بەڵام چۆن دەکرێ ئەم دوو بزووتنەوە‌ دەمارگرژە بە سازانێکی شیاو بگەن و بتوانن هەم شۆڕشێکی نەتەوەییی سەرکەوتوو بەڕێوە ببەن هەم بە وڵاتێکی یەکسان و بە دوور لە هیرارشیی پیاوانە بگەن؟

بۆ گەیشتن بە وڵامی ئەم پرسیارە دەبێ سەرەتا لە پێناسە زاتی و قەتیس و تاک ڕەهەندییەکانی ناسیۆنالیسم و فێمێنیسم دەست هەڵبگرین و بزانین کە هەرکام لەو دوو چەمکە دەتوانن فۆرم و جۆری جیاوازیان هەبێت.

پێک گونجداندنی فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم

 کام فێمێنیسم

وەک لە سەرەوە باس کرا نە فێمێنیسم و نە ناسیۆنالیسم هیچیان چەمکی تاکڕەهەند وخاوەنی یەک پێناسەی نەگۆڕ نین و وەکوو هەر بابەتێکی تری زانستی مرۆیی، زۆر فاکتۆر بۆ پێناسە کردنیان بوونی هەیە، بەردەوامیش لە گۆڕاندان و بە مەبەستی چاکسازی و لادانی کەموکوڕییەکان، تیوری تازەیان بۆ پێشنیار دەکرێ.

پەیوەندیی نێوان فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم، هەر ئەوەندەی کە لە لای فێمێنیستەکانی چەپ و لیبراڵی ئوروپایی ڕوون بوو و بە نەفیی ناسیۆنالیسم دەگەیشت، بە پێچەوانەوە لە لای فێمێنیستەکانی وڵاتانی کۆلۆنی، هەمیشە جێگای باس و مشتومڕ بووە. هەر ئەوکات کە ڕەوتی سەرەکیی فێمێنیسم، ناسیۆنالیسمی ڕەت دەکردەوە، ژنانی وڵاتانی بەکۆلۆنی کراو، دەیانبینی کە بزووتنەوە‌ی ژنان لە ناو خەڵکی خۆیاندا نەک بە چالاکی بۆ مافی ژنان کە لەسەر دەستی بزووتنەوە‌ نەتەوەیییەکان دەستی پێ کردوە (نمونەی کێبێک و ئیرلەند و مەراکش و هیند و کۆریای باشور و هەروەها کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن) سەرەتای حزووری کۆمەڵایەتیی ژنان لەو وڵاتانەدا، گرێدراوی بزووتنەوە‌ی ناسیۆنالیستییە.

هەوڵی تیۆریزە کردنی دۆخی جیاوازی ژنانی وڵاتانی بەکۆلۆنی کراو یان جیهانی سێهەم لەگەڵ ئیدەکانی سپیڤاک، بیرمەند و فەیلەسووفی پۆست کۆلۆنیالیستی هیندی دەستی پێ کرد و بە کارەکانی چاندرا مۆهانتی و ڕانجو سودوهر، بە شێوەی تۆکمەتر لە سەر فێمێنیسم چڕ بووەوە و دەروازەیەکی دیکە لە بەرانبەر فێمێنیسمی زاتگەرای سپی[1] (شەپۆلی دوهەمی فێمێنیسمی وڵاتانی پێشکەوتوو) کرایەوە.

فێمێنیسمی سپی پێی وایە هەموو ژنانی جیهان لە ستەمێکی هاوبەش کە باوکسالاریی جیهانییە ئازار دەبینن و خەباتی ئەوان خەباتێکی هاوبەشە بە دژی دوژمنێکی هاوبەش و لەو ڕێگایەوە کۆدەنگییەکیان وێنا کردووە بە نیسبەت ڕەت کردنەوەی ناسیۆنالیزم، وەکوو پێکهاتەیەکی بە وتەی ئەوان زاتەن باوکسالار. ژن لەم ڕوانگەیەوە ئەویتری دنیایەکە کە پیاو ئەکتەری سەرەکییەتی و هەموو بیاڤەکانی داگیر کردووە. دیارە ئەم ڕوانگەیە خۆی بەرهەمی خوێندنەوەی فێمێنیسم و ئایین بوو (لە لایەن کەسانی وەک ڕۆزماری ڕادفێرد) کە دوو هێڵی سەرەکیی لێ جیا بووەوە. یەکیان هەوڵی سەرلەنوێ پێناسە کردنی ژنی لە ناو دەقی ئایینیدا دا و ئەوی تریان بە گشتی ئایین و دەرکەوتەکانی ڕەت کردەوە و لە ڕەتکردنەوەی ئایینیش، بە حاشا کردن لە کۆی کەلتووری ئەمڕۆی مرۆڤ گەیشت کە بە کەلتوورێکی باوکسالار پێناسەی دەکرد. لەم ڕوانگەیەدا ژن پەڕاوێزخراوێکی هەمیشەیییە کە لە هەرکوێ بێت، یەک دوژمنی هەیە و ئەویش باوکسالارییه[2]‌ (یان بە قەولی فێمێنیستی کورد و فارس پیاوسالاری و لەم ساڵانەی دواییشدا نێرسالاریە) کە باڵی بە سەر هەموو بیاڤەکانی ژیانی مرۆییدا کێشاوە. بۆیە ژنانی جیهان کە خاوەنی بایۆلۆجیی هاوبەشن، دەبێ بە دژی بیری یونیڤێرساڵی باوکسالارانە یەک بگرن و هەمیشە ئەو مەودای نێوان خۆ و ئەویترەیان لە بیر بیت. ژنان بۆ پیکهێنانی خۆشکایەتیی جیهانی، دەبووایە هەر شتێک کە ئەوانی لێک جیا دەکردەوە وەکوو ڕەنگی پێست، زمان، نەتەوە، ئایین ،چینی ئابووری، دۆخی سیاسیی سەردەست و ژێردەست و … هەمووی بخەنە پەڕاوێز و تەنیا ژن بوونیان بهێننە ناوەند.

لە وڵامی ئەم جۆرە پۆلێنبەندییەدا، مۆهانتی لای وایە کە بانگەشەی فێمێنیسمی سپی و جیهانی بۆ یەکسان زانینی هەموو ژنان و سڕینەوەی بەکگراوندی ئەوان و ناساندنی کێشەکان و داخوازییەکانی ژنی سپیی ئوروپایی وەکوو نموونەی هەموو ژنانی دنیا، جۆرێک لە تەقلیل گەرایی reductionism و خوێندنەوەیەکی سەقەت و یەکلایەنە و تەنانەت کلۆنیالیستییە کە بەسەر بزووتنەوە‌ی ژنانی نەتەوە بە کلۆنی کراوەکاندا دەسەپێ. ئەو پێی وایە ژنانی جیهانی سێهەم دەبێ بتوانن شوێنی خۆیان وەکوو ژن و چۆنیەتیی بەریەک کەوتنی شوناسی ژنانەیان لەگەڵ دۆخی نەتەوەیی، ئایینی، چینایەتی، سیاسی و ئابووریی وڵاتی خۆیان بە وردی ئانالیز بکەن و خۆ لە ئەپڵای کردنی هەر جۆرە نوسخەیەکی لە پێش ئامادەکراوی ژنانی دیکە ببوێرن.

فێمێنیسمی پۆستکلۆنیالیستی یا جیهان سێهەمی زۆر جار تاوانبار دەکرێ بەوەی کە دەستەبەرکردنی یەکسانیی وەکوو ئەولەویەتی خۆی دیاری نەکردووە و هەنگاوی جیددیشی بۆ هەڵناگرێ. بۆ نموونە فێمێنیسمی ئانگلۆساکسۆن و ئانگلۆکانادایی، هەمیشە فێمێنیسمی ئیرلەندی و کێبێکیان بە دواکەوتوو و لاواز ناوبردووە و کاتۆلیک بوون و ناسیۆنالیست بوونیان وەکوو دوو مۆرکی دژە فێمێنیست لە ناوچاویان داوە. نوێنەرانی ئەو ڕەوتەش لە وڵامدا دەڵێن ئەوان هەوڵ بۆ بردنەوەی سەرەوەی ستانداردی ژیانی ژنان و هەروەها کۆی کۆمەڵگاکەیان دەدەن. هەر بەو پێیەش لەگەڵ بزووتنەوە‌کانی دیکەی ناوچە و وڵاتی خۆیان وەکوو بزووتنەوە‌ ناسیۆنالیستی یان مافی مرۆڤ و دیموکراسیخوازی و هتد لە هاوکاریدان.

بەدەر لە گەنگەشەکانی نێوان فێمێنیسمی سپی (هەمان فێمێنیسمی سیکۆلار) و فێمێنیسمی وڵاتانی کۆلۆنی و جیهانی سێهەم و ڕادەی ڕاست بوونی ئیدعاکانی هەرکامیان ئەو شتەی خوێندنەوەی پۆست کۆلۆنیالیستی دەیهێنێتە ناوەند، خودی پەیوەندییەکەیە کە تابعێکە لە بەستێنی بڵاوتری بیری کۆلۆنیالیستی و پەیوەندیی نێوان سەردەست و ژێردەست، کە لەودا سەردەست هەمیشە بە پێوەر و پێوانە دادەنرێ و ژێردەست دەبێ خۆی بە پێوانەی ئەو بپێوێ.

 فێمێنیسمی جیهانی سێهەم وەکوو ڕێچکەیەکی فکری گەر بۆ هەموو ژنانی جیهانی سێهەم گرنگ بێت، بۆ ژنی کورد گرنگیی چەند قاتی هەیە، چون لە کوردستان هەم بەریەککەوتنی نێوان فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم زۆر زەقە و هەمیش زۆر ڕەوتی فێمێنیستی بوونیان هەیه (لە فێمێنیسمی ئێرانی و تورکی هەتا ئیسلامی و سیکۆلار)‌ کە پەیوەندییان لەگەڵ فێمێنیسمی کوردستان هەمان پەیوەندیی کۆلۆنی و بە کۆلۆنیکراوە. بە پاڵدانەوە بە ڕوانگەی فێمێنیسمی دەرەوەی ڕەوتی سەرەکی out of main stream بەو ئاکامە دەگەین کە گرنگترین کار و گەورەترین پێویستیی فێمێنیسمی کوردستان، ئەمڕۆ ئانالیزی دۆخی تایبەتی ژنی کوردستانییە واتە ژنی کورد لە کۆنتێکستی سیاسی و ئابووری و کەلتووریی کوردستاندا.

 

کام ناسیۆنالیسم

ئەگەرچی وەک پێشتر باس کرا ناسیۆنالیسم بەستێن و یارمەتیدەری لە دایک بوونی بزووتنەوە‌ی ژنان لە وڵاتانی کۆلۆنی و جیهانی سێهەمدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا، بزووتنەوە‌ی نەتەوەیی، هەم لە فێمێنیسم کەڵکی دڵخوازی وەرگرتووە و هەمیش هەوڵی داوە بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بۆیە ناتوانین بڵێین پێک ناکۆک بوونی نێوان فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم، تەواو دەگەڕێتەوە بۆ فێمێنیسم؛ بەڵکوو کێشە و مەترسییە زۆرەکانی وەها ناسیۆنالیسمێک هەم بەرانبەر بە فێمێنیسم و هەم بەرانبەر بە ژیانی کۆی کۆمەڵگا دەبێ دیاری بکرێت.

ناسیۆنالیسمیش وەکوو فێمێنیسم خاوەنی چەندین جۆر و پێناسەی جیاوازە، دژبەرانی ناسیۆنالیسم (لەوانە فێمێنیسم) لایان وایە ناسیۆنالیسم هەمیشە سەرەتای شۆڤێنیسمە و بە بابەتێکی زاتەن ئەویتر ڕەتێن ودڕندەی دەزانن کە باوکسالاری لە جەوهەریدایە. ئەم ڕوانگەیە دەتوانێ لەگەڵ ناسیۆنالیسمی باوکسالارانەدا patriarchal nationalism تەبا بێت، لەم شێوازەدا نەتەوە وەکوو بنەماڵە و هاوچەشنی بنەماڵەیەکی بایۆلۆجیکی سروشتی وێنا دەکرێ. هەمان ڕۆڵ کە بۆ ژن و منداڵ لە ناو بنەماڵەی نەریتیدا هەیە، گەورە دەکرێتەوە بۆ سەر هەموو نەتەوە. ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیسم، پەیوەندیی نزیک و توندوتۆڵی لەگەڵ ناسیۆنالیسمی ئیتنیک تەوەردا ethnocentric nationalism هەیە کە نمونەی لە ناسیۆنالیسمی فارسی/ئێرانی و تورکی و عەرەبیدا دەبینین و دیارە تێگەیشتنی کوردیش لە ناسیۆنالیسم، زۆر جار شتێکی هاوشێوەی ئەوانەیە؛ بۆیە زۆرجار سیاسییە کوردەکان خۆ دەبوێرن لەوەی کە پێیان بڵێن ناسیۆنالیست و زیاتر وشەی نەتەوەخواز بەکار دەهێنن و لایان وایە نەتەوەخوازیی ئەوان وەها ناسیۆنالیسمێک نییە یان نایهەوێ وەها بێت.

لە ڕاستیشدا ئەو بۆچوونە دروست و پێویستە، چون وەها ناسیۆنالیسمێک لە بێخەوە لەگەڵ دۆخی فرەڕەنگی کوردستاندا نایەتەوە و دەتوانێ کێشەی زۆر بنێتەوە.

ئانتۆنی سمیت، دوای ناساندنی ناسیۆنالیسمی ئیتنیک تەوەر باسی ناسیۆنالیسمی فرە ناوەند polycentric nationalism دەکات و دەڵێ بە پێی ئەم پێناسەیە هەر نەتەوەیەک مافی هەیە بەشێک بێت لە بنەماڵەی نەتەوەکان کە پێکەوە بە شێوەی یەکسان کۆمەڵگای ئینترنەشنال پێک دێنن و ڕوونیشی دەکاتەوە کە زۆربەی بزووتنەوە‌ ناسیۆنالیستییەکانی نەتەوە بەکلۆنیکراوەکان لە جۆری دوهەمن.

بۆ فام کردن و دابەزاندنی ناسیۆنالیزمی چەند ناوەند، پێویستە وێنای خۆمان لە ناسیۆنالیزمی قەوم تەوەر کە بە شتێکی زاتی و نەگۆڕ ناسراوە بگۆڕین. نەتەوە لەم پێناسەیەدا بریتییە لە کۆمەڵگایەکی گەورە کە ئەندامەکانی بە هۆی کەلتووری گشتیی هاوبەش، خۆیان لە نەتەوەکانی دیکە جیادەکەنەوە، لەم پێناسەیەدا هیچ جێگایەک بۆ توخمی نەگۆڕ و زاتی و لە پێش دیاریکراو بوونی نییە، بەڵکوو بەستراویی کەلتووری هاوبەشە کە بەردەوام لەگەڵ سنوورەکانی نەتەوە لە گۆڕاندایە. وەها ڕوانینێک بەرانبەر بە نەتەوە، چاوی لە داهاتووە نەک ڕابردوو و بەردەوام ئامادەییی ئەوەی تێدایە خۆی لەگەڵ ئایدیا و خەڵکانی تازە بەڕۆژ بکاتەوە و هەردەم کەلتووری خۆی کە گۆڕانی بەسەردا هاتووە بخولقێنێتەوە.

ئەو دوو پێرسپێکتیڤە جیاوازە لەسەر ڕابردوو و داهاتوو گرنگترین خاڵی لێک جیاکردنەوەی ناسیۆنالیسمی مەیلەو شۆڤێنیسم و ناسیۆنالیسمی تەندروستە. ناسیۆنالیسمی ئیتنیک تەوەر کە زۆر مێژووی کەونارا هەڵدەداتەوە و لە دووی شکۆیەکی ناڕوون و وەهمی لە ڕابردوودا دەگەڕێ، زاتگەرا و خاوەنی وێنەیەکی چەقبەستوو لە نەتەوەیە کە زۆربەی جار لە نەریت و دەرکەوتە نەریتییەکاندا خۆی نمایش دەکات (لە جلوبەرگ و هەڵسوکەوت و سیستەمی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی) ئەم ناسیۆنالیسمە هاولفە لەگەڵ گەردەلوولی ڕەگەزپەرەستی، ڕەتاندن، داگیرکاری، یەکدەست کردن، جینۆساید و کوشتن و دەمارگرژی و ئەگەری زۆری هەیە تووشی ئەو دەرئەنجامانە بێت. بە پێچەوانەوە ناسیۆنالیسمی فرەناوەند کە ڕوو لە داهاتووە و باوەشی بۆ جیاوازی کراوەیە، کەلتوور بە شتێکی لەحاڵی گۆڕاندا دەزانێ و ئاگایە بە دیالۆگ و بەریەککەوتنی بەردەوامی کەلتوورەکان و ئەو تێکەڵبوونانە بە فەوتان و لە ناوچوون نازانێ، بەڵکوو هەر شتێکی تازە بە زووترین کات دەکاتە بەشێک لە کەلتووری خودی و سنووری خودی و ناخودی نەک بە چەقبەستوویی، بەڵکوو بە چەوازی و تواناییی خۆیی کردن دەپارێزێ، ئەم ناسیۆنالیسمە هاولفی بەرامه و نەسیمی خۆسەری، کەرامەتی کۆیی، حاکمییەتی خودی و سەربەخۆییە و خاوەن ناسنامە و کەسایەتی بوونه و ئاسۆی وڵاتێکی کراوە و ئامادەی پێشکەوتن وێنا دەکات‌.

ئەگەرچی ئەم دوو ڕواڵەتە زۆر جار پتانسییەل و ئیمکانی تێکەڵاو بوونیان هەیە بەڵام گرنگە کە سنوورێک لە نێوانیاندا لە بەرچاو بگرین. ئەو سنوورە لە پرسی نێوخۆییدا زۆر باش دەتوانێ دیاری بکرێ.

ناسیۆنالیزم دوو ئامانجی هەیە: یەک ئامانجی دەرەکی کە بریتییە لە پاراستنی سەربەخۆییی وڵات و هەروەها حورمەت و حزوری بەرانبەر و یەکسانی لە فەزای نێونەتەوەییدا. دووهەم ئامانجی ناوخۆیییە کە پێکهێنانی فەزایەکی یەکسان بۆ هەموو تاک و گرووپەکانە کە بتوانن لە ئاسایشدا لە مافە یەکسانەکانیان بەهرەمەند بن. واتە لەم ڕوانگەیەدا، عەداڵەتی کۆمەڵایەتییش وەک بەشێک لە ئەرکی ناسیۆنالیزم دێتە ئەژمار، چون پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دۆخی دەرەکیی وڵاتەوە هەیە. ئەو ڕەهەندە ناوخۆیییە گەر لە بەرچاو نەگیردرێ کێشەی ئاسایشی نەتەوەیی و ناکۆکیی ناوەکی دەنێتەوە کە لەسەر پێگەی جیهانیی وڵاتیش کاریگەری دادەنێ و لەرزۆکی دەکات و تەنانەت لەوانەیە تووشی هەڵوەشانەوەی بکات. لەم سۆنگەیەوە ناسیۆنالیزمی فرەناوەند ئیمکانی ئەوەی تێدایە کە ئاوڕ لە جیاوازییەکانی ناو پێکهاتەی نەتەوە بداتەوە و دەنگی هەموو گرووپەکان (لەوانە فێمێنیستەکان) ببیستێت و لە دەسەڵاتدا بەشداریان بکات.

لێرەوە پێناسەی‌ زاتگەرایانە بۆ ناسیۆنالیزم کە وەکوو ئایدیایەکی ئیقتدارخواز و تۆتالیتێر ناسراوە دەتوانێ ڕەت بکرێتەوە و ناسیۆنالیزم و ئەم چەمکە ببێت بە خاوەنی پێناسەیەک کە بنبەستە هەنووکەیییەکانی فامی تیوریی ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، تا ڕادەیەکی زۆر بکاتەوە و ئاسۆی ڕوونتر بۆ ناسیۆنالیزم و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بنەخشێنێ.

دەبێ بزانین چاوەڕوانییەکانی پێشوو لە نەتەوە وەکوو یەکەیەکی یەکدەست و هەوڵدان بۆ یەکدەست کردن نە لە ڕاستیدا ئیمکانی هەیە و نە کاریگەرە، هەر وەک هەوڵەکانی سەد ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشانی داوە هەوڵی زاڵ کردنی یەک پێناسەی ڕوون و هاوبەش لە سەرەوە و داسەپاندنی بە سەر تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگادا بێ ئاکامە. نەتەوە بریتیە لە پێکهاتەی جۆراوجۆری گرووپی، عەشیرەیی، ناوچەیی، زمانی، ڕەگەزی و چینایەتیی جیاواز کە کۆدەنگی لە سەر کەلتوورێکی تایبەت کۆیان دەکاتەوە و تا کاتێک هەست بە سەپاندن نەکەن هانیان دەدات بۆ پاراستنی کیانی نەتەوەییی هاوبەشیان تێبکۆشن.

فێمێنیسم وەکوو نوێنەری بەشێکی پەڕاوێز خراوی کۆمەڵگا لە وڵاتانی ژێر دەست و داگیرکراودا، دەبێ بتوانێ لە جیاتی دژایەتیی ناسیۆنالیزم، بچێتە ناو دیالۆگی هۆشیارانە لەگەڵی و کاریگەری لە سەر دیسکۆرسی نەتەوەیی دابنێ و بەرەو پاراستنی بەرژەوەندیی ژنان پاڵی پێوە بنێت. چالاکانە بەشداری پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی بێت و لە هەمان کاتدا ئاگاداری کۆنترۆڵکردنی ناسیۆنالیزمی باوکسالار و زاتگەرا بێت و هەوڵی بنەمایی بۆ گۆڕانی بدات. بەرەڵا کردنی پرسی داهاتوی نەتەوە و گرنگی نەدان پێی و بە دواکەوتوو ناوزەد کردنی ناسیۆنالیزم، نەک تەنیا پرۆسەی ڕزگاریی نەتەوەیی وە دوا دەخات، (بە هۆی لەدەستدانی ژنانی چالاک کە بەشێکی گرنگ لە هێزی مرۆیی و کارای کۆمەڵگان)، بەڵکوو خودی فێمێنیسم و داهاتوی فێمێنیسمیش تووشی قەیران دەکات و خاوەنداریەتی و بەرێوەبەری و دەسەڵاتداریی داهاتوی وڵات، بە تەواوی دەخاتە دەستی ناسیۆنالیسم و هیچ یارمەتییەک بە چارەسەریی کێشەکانی فێمێنیستان نادات. فێمێنیسم بە دژایەتیکردنی ناسیۆنالیسم، خۆی دەکات بە ئەویتری پێکهاتەی نەتەوەیی و وەها دژبەرییەک زیانی جیددی بە ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی هەموان و لەوانە فێمێنیسم دەگەیێنێ.

لە کۆتاییدا

زانستی مرۆیی زیاتر لە نیوسەدەیە کە خۆی لە ژێر پێناسە ڕەها و نەگۆڕنوێنەکان دەرهێناوە و مەزن گێڕانەوەی مۆدێرنیستی و پۆزیتیڤیستی، گەر بە چەکوشی ڕەخنە و ئانالیزی نوێ ورد و شی نەکرێتەوە قسەیەکی ئەوتۆی لە بەرهەمهێنانی زانستی ئەمڕۆی دنیادا نییە. ڕێچکەی نوێی زانستی مرۆیی بە تایبەت بۆ ئەو نەتەوە و گرووپانە‌ کە لە مەزن گێڕانەوەی مۆدێرنیستیدا بە پەڕاوێز کەوتوو، وردەکەلتوور و تابعی سروشتی کەلتوورە بە ناو مەزنەکان ناودێر کرابوون، دەرفەتێکی باش و گرنگە بۆ چەمکاندن conceptualization ی دۆخی تایبەتی خۆیان و دەرهاتن لە ژێر هێژمۆنیی دەسەڵاتی‌ فکری و فەرهەنگیی نەتەوە و گرووپە سەردەستەکان.

کورد بە هۆی ئەوەی بەشی گەورەی زانستی خۆی بە واستەی زمانی وڵاتە داگیرکەرەکانی وە دەست هێناوە، فامی لە چەمکە نوێیەکان هەمان ئەو شتەیە کە داگیرکەران لە ڕەوتی داڕشتنی ستراتێژیی سیاسی و کەلتووریی خۆیاندا پەسەندیان کردووە، واتە ناسیۆنالیسمێک کە کورد بە شێوەی نەریتی دەیناسێ، هەمان ناسیۆنالیسم بە پێناسەی سەدەی نۆزدەیە کە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بە پێویست نازانن ئاڵتێرناتیڤی بۆ بخەنە بەردەست. ناسیۆنالیسمێک کە دەتوانێ سەرکوتی نەتەوە ژێردەستەکان پاساو بداتەوە. هەروەها فێمێنیسمێک کە کورد دەیناسێ هەمان فێمێنیسمی سیکۆلار و بەڕواڵەت جیهانییە کە لە ڕێگای فێمێنیسمی ئێرانی و تورکی و عەرەبییەوە بە کوردستان گەیشتوە و هیچ گرنگییەک بە باسە نوێیەکانی فێمێنیسمی جیهان سێهەمی و فێمێنیسمی ناسیۆنالیستی نادات. ئەم جۆرە خۆ دیتن لە چاویلکەی دیاریکراوی ئەویتری داگیرکەرەوە، ناتوانێ ئاسۆیەکی ڕوون و نوێ بە ڕووی جیهانی فکریی کوردستاندا بکاتەوە و پێویستە کە توێژی بیرکەرەوەی کورد هەوڵ بۆ داڕشتنی تیوریی نوێ بۆ مەفاهیمی ژیانی سیاسی و کەلتووریی مرۆڤی کورد بدات و بە هەمان شێوە پێویستە کە چالاکی سیاسی و چالاکی فێمێنیستی، بە ڕوانگەیەکی بەرینتر و سەرچاوەی ڕەسەنتر و بەڕۆژتر، لە بیاڤی چالاکیی خۆیان بڕوانن. بەو شێوەیە دەتوانن هەم بە فامێکی دروستتر لە خۆیان بگەن و هەمیش بتوانن ڕێگاچارەیەک بۆ ناکۆکییە بەڕواڵەت بنەمایییەکانیان بدۆزنەوە.

[1] ڕه‌وتی سه‌ره‌كیی فێمێنیسم به‌ پێی ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر كام جۆری فێمێنیسمدا پێناسه‌ بكرێ ناوی جیاوازی لێ ده‌نرێ، گه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر فێمێنیسمی ئایینیدا بێت، به‌ ناوی فێمێنیسمی سیكۆلار ده‌ناسرێ، گه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر فێمێنیسمی ژنانی ڕه‌نگین پێست و غه‌یری ئوروپاییدا بێت، به‌ ناوی فێمێنیسمی سپی ده‌ناسرێ، گه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر فێمێنیسمی ناسیونالیستیدا بێت، به‌ ناوی فێمێنیسمی سه‌روونه‌ته‌وه‌یی ده‌ناسرێ؛ به‌ڵام هه‌موو ئه‌م ناوانه‌ یه‌ك به‌رانبه‌ری واقیعییان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵگری هه‌موو ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه‌. بۆیه‌ به‌كارهێنانی ناوی جیاواز بۆ ڕه‌وتی سه‌ره‌كی main stream فێمێنیسم له‌م نووسینه‌دا هه‌ڵگری مانای جیاواز نییه‌ و به‌ پێی جێی به‌ كار هێنان، یه‌كێ له‌و ناوگه‌له‌ هه‌ڵبژێردراوه‌.

[2] له‌م نوسراوهیە‌دا پێداگری له‌ سه‌ر وشه‌ی باوكسالارییه‌ له‌ جێی پیاوسالاری، وه‌رگێڕانی ده‌قاوده‌قی وشه‌ی patriarchism باوكسالارییه‌ و به‌ دروستییش ته‌عبیر له‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌كات كه‌ وه‌كوو بنه‌ماڵه‌ پێناسه‌ ده‌كرێ و هێزی باوكانه‌ و كۆی به‌هاكانی بنه‌ماڵه‌یه‌كی باوك ته‌وه‌ر له‌ لووتكه‌ی هیرارشیی كۆمه‌ڵگادایه‌، پیاوسالاری به‌ ڕای نووسه‌ر وه‌رگێڕانێكی هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تێیدا لادراوه ‌و ته‌نیا جیاوازیی ڕه‌گه‌زی تێیدا به‌رجسته‌یه.‌