ئارامتر بخوێنەوە!

ئا.د. ژابا و کوردناسی
ژ.س. مووسائیلییان
وەرگێڕ: مەنسور سدقی

تێبینیی وەرگێڕ
“ژاکلینا سوورێنڤنا مووسائیلییان”، “بەربژێری دوکتۆرای زانستە زمانەوانییەکان”، کارمەندی ئەنیستیتووتی دەستنووسە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئاکادێمیای زانستیی ڕووسیا، لقی سان پیتەربوورگ، گەلێک لێکۆڵینەوەی لەسەر بنەمای دەستنووسە کۆنەکان، بۆ مێژوو، بیبلیۆگرافی و ڕەوتە ئێتنۆگرافییەکانی کورد ئەنجام داوە؛ تێزی زانستییەکەی بەناوی “هۆنڕاوەی زەنبیلفرۆش و لایەنە فۆلکلۆرییەکانی”، لەژێر سەرپەرەشتیی زمانناس، ڕوژهەڵاتناس و پسپۆڕی زمان و کولتوور و مێژووی کورد، “م.ب. ڕودێنکۆ” نووسیوە و بڵاوی کردووەتە؛ ٧ کتێبی مێژوویی و ٤١ وتاری زانستیی هەیە. دەگەڵ کوردناس و لێکۆڵەری بەناوبانگی مێژووی کورد، پڕۆفیسۆر “ی.ئی. ڤاسیلێیەڤا” بەرهەمێکی هاوبەشیان بەناوی “هۆزەکانی کورد- فەرهەنگی زانیاری” تەواو کردووە کە بەداخەوە هێشتا چاپ و بڵاو نەبووەتەوە. ئێستا خانەنشینە.
“ژ.س. موسایلییان” وتاری “ئا.د. ژابا و کوردناسی”ی لە بەشی سێیەمی ٢٤مین کۆبوونەوەی زانستی لقی لێنینگرادی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٩، پێشکەش کردووە و لە ساڵی ١٩٩١، لە گۆڤاری “یادگارییە نووسراوەکان و پرسەکانی مێژووی کولتووریی گەلانی ڕۆژهەڵات” چاپ و بڵاو بووەتەوە.
دەقی پی.دی.ئێفی ئەو وتارە لە لاپەڕەی تایبەتی نووسەر، لە ماڵپەڕی “ئەنیستیتووتی دەستنووسە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئاکادێمیای زانستیی ڕووسیا، لقی سان پیتەربوورگ” وەرگێراوە.
ژێدەرەکانی وەرگێر بە (.- وەرگێڕ) لە ژێدەرەکانی نووسەر جیا کراوەتەوە و تێبینییەکانی وەرگێڕ لە نێو بابەتەکە و لە ژێرنووسەکاندا، لەنێو دوو کەوانی ڕاستدا […] ئاماژەیان پێ کراوە. سەرچاوەی زۆربەی ژێدەرەکانی وەرگێڕ، ماڵپەڕی ویکیپێدیای ڕۆسییە و بۆ کەمکردنەوەی دڕدۆنگی لە ڕاست بوونیان، دەگەڵ زمانەکانی ئینگلیسی، ئاڵمانی و تا ڕادەیەکیش، فارسی، عەرەبی و تورکیی هەمان ماڵپەڕ، بەراورد کراوە.

وێنەکان:
وێنەی١: چەند دەستنووسێکی دۆسیەی ژابا (سەرچاوە: پێشەنگای سەرهێلی “کتێبخانەی دەوڵەتیی ڕووسیا لە سان پیتەربوورگ”)؛
وێنەی ٢ و ٣: دوولاپەڕە لە فەرهەنگی دیالۆگی کوردی- فەڕانسی ژابا (سەرچاوە: ژ.س. مووسایلییان، وتاری “دەستنووسێکی ساڵانی نێوەڕاستی سەدەی ١٩، لەنێو ئەرشێفی ڕۆژهەڵاتناسیی ئینستیتووتی دەستنووسە ڕۆژهەڵاتییەکانی سەر بە ئاکادێمیای زانستیی ڕووسیادا”، گۆڤاری “ڕۆژهەڵات”، ژمارە ٢ (١٧)، ٢٠١٢، ل. ١١٦، ١١٧).

ئا.د. ژابا و کوردناسی
لە ڕیزی کوردناسانی ڕووسیا لە سەدەی ١٩دا، “ئاڤگوست دیمێنتێڤیچ ژابا” وەک ڕۆژهەڵاتناسێکی بەناوبانگ جێگەیەکی فرە بەرزی بۆ خۆی تەرخان کردووە و شایانێتی بە یەکێک لە درەوشاوەترین کوردناسانی نیشتمانیی [ڕووسیا] هەڵی سەنگێنین. مخابن تاکوو ئێستا چالاکییەکانی لە بەرهەمە زانستییەکاندا ڕەنگدانەوەی ئەوتۆی نەبووە. لە کاتێکدا پاژی “ئا.د. ژابا” لە کوردناسیدا گەلێک زۆرترە. دیپڵۆماتکارێکی لێهاتوو، زانایەکی پایەبەرز و دەگمەن، کۆکەرەوەی ماندوویی نەناسی دەستنووسە کوردییەکان و پێکهێنەری یەکەم فەرهەنگی کوردی لە ڕووسیا؛ ئەوانەن سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی ئەو مرۆڤە سەرسووڕهێنەرە.
“ئا.د. ژابا” لە ١٥ ئووتی ساڵی ١٨٠١ لە شاری “ڤیلنۆ” (ڤیلنۆس) لە بنەماڵەی شازادەی پۆلۆنی لەدایک بووە. لە مانگی مای ساڵی ١٨٢٤دا، پاش تەواوکردنی سەرکەوتووانەی خوێندن لە زانکۆ، لە بەشی ڕێگەوبانی وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە شاری “پیترۆگراد” وەک یاریدەدەری وەرگێڕ، دادەمەزرێ. بەڵام ئەو ئەرکە دەگەڵ هێز و توانای لێنەهاتووی “ئا.د. ژابا”دا یەک ناگرێتەوە، بۆیە لە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٨٢٥دا، داوای دەست لە کار کێشانەوە دەکات. لە پەڕاوی کەسایەتییەکەیدا هاتووە: “لە ماوەی خزمەتکردنیدا گەلێک بە ڕێکوپێکی کارەکانی ڕاپەڕاندووە و ئەرکەکانی بەوپەڕی سەرکەوتوویییەوە ئەنجام داوە”. بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی باڵای فەرمانگەی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، “ئا.د. ژابا” لە ڕیزی شەش خوێندکاردا دەستنیشان دەکرێ بۆ خوێندن لە بەشی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی خوێندنگەی وەزارەتی کاروباری دەرەوە کە ماوەیەک پێشتر و لە ساڵی ١٨٢٣دا، بۆ پەروەردەکردنی کادیرانی دیپڵۆماتکاری پێویست بۆ خزمەتکردن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیدا، دامەزرابوو. لێرەدا بەهرە و لێهاتوویی “ئا.د. ژابا” دەپشکوێ و بە خێرایییەکی سەرسوڕهێنەر فیری زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان دەبێ و لە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٨٢٨دا، دەبێتە ئەندامی دەستەی وەرگێڕانی دەوڵەتیی وەزارەتی کاروباری دەرەوە. لە مانگی جەنیوەری ساڵی ١٨٣٠دا، وەک وەرگێڕی جێگری کۆنسوول لە حەیفا دەستبەکار دەبێ. پاش ٢ ساڵ دەبێتە وەرگێڕی کۆنسوولخانە لە “تێساڵۆنیکی”. لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٨٣٥دا، “ئا.د. ژابا” ڕەوانەی کۆنسوولخانەی گشتی لە شاری “سمیرنا” دەکرێ. پاش ٣ ساڵ، پلەی وەرگێڕی یەکەم (دێرین) وەردەگرێ.
دەوڵەتی ڕووسیا لەبەر هەلومەرجی پێکهاتوو لە ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، بە پێویستی دەزانێ کەسێکی لێهاتوو ڕەوانەی شاری ئەرزەڕۆم بکات. دیارە سەرکەوتنەکانی “ئا.د. ژابا” لە کاروبارەکانیدا دەبێتە هۆی دەستنیشانکردنی لە مانگی مایسی ١٨٤٨دا، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی دژوار و پڕبەرپرسیارێتیی بەڕیوەبردنی کۆنسوولخانەی ڕووسیا لە ئەرزەڕۆم، هاوکاتیش دەبێتە ئەندامی ڕاوێژکارانی وەزارەتی کاروباری دەرەوە. “ئا.د. ژابا” لە ڕیزی سپای ڕووسیاشدا چالاکانە لە شەڕەکانی ساڵانی ١٨٥٣-١٨٥٦ی کریمەدا بەشداریی کردووە و بە فەرمانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، بووەتە خزمەتکاری شازادەی سەرلەشکر، بێبووتۆڤ. “ئا.د. ژابا” لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٥٣دا، دەبێتە فەرماندەی یەکەکانی سپا کە لە سەر سنوورەکانی کافکاز – تورکیا جێگیر کرابوون؛ لە مانگی جوونی ١٨٥٤دا، کاتێک هێرش دەست پێ دەکات و سپای ڕووس بەرەو گوندی “میشکۆ” وەڕێ دەکەوێ، “ئا.د. ژابا” لە ڕیزی یەکەی “ئەلێکساندرەپۆل”ی سپادا خزمەتی کردووە؛ هەروەها لە هێرشی سپا بۆ گوندی “قزڵ چاخچووک”یشدا بەشدار بووە و لە کاتی پەڕێنەوەی سپا لە ڕووباری “قەرەخان چای”دا، دەگەڵ دەستەی هەواڵگری و پشکنینی سپا لە گوندی “جامووشلی” و لە پێکدادان دەگەڵ سوارەکانی تورکدا، بەشدار بووە.
“ئا.د. ژابا” لە هێرش بۆ “قزڵ چاخچووک”دا (لەژێر فەرماندەیی شازادەی سەرلەشکر، ئا.ئی. باریاتینسکی) دەگەڵ ئەو یەکانی سپا بووە کە سەرەڕای ئاگری بەهێزی سپای تورک لە ڕووباری “قارس” پەڕیوەنەوە و لە پێکدادان دەگەڵ سوارەکانی تورکدا، بەشدار بووە؛ ئەندامی دەستەی هەواڵگری و پشکنین بووە لە گوندی “حاجی وەلی” و لە شەڕی گوندی “قورۆق دەڕە”دا، شازادە “دەندووکۆڤ- کۆرساکۆڤ”ی لە کوشتن ڕزگار کردووە. “ئا.د. ژابا” بە درێژاییی مانگی مای ساڵی ١٨٥٥ لەڕیزی یەکە سەربازیییەکانی سەرلەشکر “ن.ن. مۆراڤیۆڤ”، حاکمی سەربازیی کافکاز، لە ئوردووگای “ولادی قارس” خزمەتی کردووە. “ئا.د. ژابا” لەژێر فەرماندەییی شازادەی سەرهەنگ، ” دەندووکۆڤ- کۆرساکڤ” لەشەڕی سەر ڕووباری “ئاراس”، گرتنی شاری “حەسەن قەڵا” و هێرش بۆ سەر شاری “قارس”دا، بەشدار بووە.
لە مانگی مای ساڵی ١٨٥٦دا و پاش ڕێککەوتنی ئاشتی، “ئا.د. ژابا” دووبارە وەک کۆنسوول لە ئەرزەڕۆم دەستنیشان دەکرێ و لە ڕیزی ڕاوێژکارانی دەوڵەتیی ڕووسیادا، جێگیر دەبێ. لە هەمان ساڵدا، میداڵیای بڕۆنز لەسەر ئاڵای “سانکت گیۆرگ” وەردەگرێ کە بە بۆنەی شەڕی کریمە دەرکەوتبوو.
هەر لە ساڵی ١٨٥٦دا، ئادێمیک “ب. دۆڕن”، “ئا.د. ژابا” ڕادەسپێرێ کەڵک لە مانەوەی لەو ناوچەیە وەربگرێ و خۆی خەریکی کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە لەو بابەتانە بکات کە سەبارەت بە زاری کرمانجی هەن. ئەوکاتی، کوردناسیی ڕووسیا، تازە لەدایک دەبوو و ئەو بوارە، لە کەنار هێندێک نووسراوەی زارەکی و گێڕانەوە، تەنیا بە شێوەی زارەکی و گێڕانەوە ناسرا بوو. هەڵبەت زانیاری سەبارەت کورد و هەوڵێکی زانستیانەش بۆ ڕوونکردنەوەی گەلێک پرسی جیاواز سەبارەت بە زمان، وێژە و مێژووی کوردی لە ئاڕادا بوو. دەرکەوتنی ئەو کارانە لەسەرەتادا، گەلێک پەڕشوبڵاو بوون، بەڵام وردە وردە ژمارەیان زیاتر دەبوون و لێکۆڵینەوەی بابەتیانە پەرەی دەستاند (کارەکانی “پ.ئی. لێرخ” و “ب. دۆڕن” سەریان هەڵدا).
“ئا.د. ژابا” سوودی لە ماوەی مانەوەی لە کوردستان وەرگرت و بە شێوەیەکی بنەڕەتی لێکۆڵینەوەی لە زمان و دابونەریتی کوردەکان ئەنجام دا و بۆ دۆزینەوە و توێژینەوەی بابەت سەبارەت بە زمان، وێژە و مێژووی گەلی کورد تەواوی هەوڵی خۆی وەگەڕ خست و تا کۆتاییی ژیانی وازی لەو ئەرکەی نەهێنا.
“ئا.د. ژابا” لە ماوەی ژیانی لە ئەرزەڕۆم، ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا تا دەگەڵ گەلێک کەسایەتیی بەڕەچەڵەک کورد، پەیوەندی بگرێ. لێرەدایە کە زانای کورد، مەلا مەحموود بایەزیدی، دەوری یارمەرتیدەرێکی فرە مەزن و گرانبەها بۆ “ئا.د. ژابا” دەگێڕێ. مەلا مەحموود بایەزیدی، کەسایەتییەکی فرە زانا بووە و زمان و وێژەی عەرەبی، فارسی و تورکیی زۆر بەباشی زانیوە. سەرەتا لە شارەکەی خۆی، بایەزید خوێندنی دەست پێ کردووە و پاشان چووەتە تەورێز. مەلا مەحموود پاشان دەگەڕێتەوە بۆ بایەزید و دەبێتە بەڕێوەبەری مەدرەسەی شار و لێرەدایە کە لە نێو هاووڵاتییەکانیدا ناوبانگ و ڕێزی تایبەت پەیدا دەکات. پاش کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دوایین حاکمی کورد لە بایەزید، دەگەڕێتەوە بۆ ئەرزەڕۆم و بۆ کۆکردنەوەی دەستنووسە کوردییەکان، نووسینی نامەکانی، وەرگێڕانی بابەتەکانی و نووسینی هێندێک بەرهەم، دەبێتە مامۆستای لێهاتوو و یاریدەدەرێکی فرە چالاک و بەئەمەکی “ئا.د. ژابا”. هەڵبەت کۆنسوولی ئەرزەڕۆم چەند یاریدەدەری دیکەشی هەبووە کە دواتر ئاماژەیان پێ دەکەین.
لە کۆتایی ساڵی ١٨٥٦دا، “ئا،د.ژابا” هێندێک پەندی پێشینیانی تورکی و چەند بەشێک لە هەڵبەستەکانی “ئەسکەندەرنامە”ی نیزامیی کە بە کوردی وەرگێڕدرابوون، دەنێرێتە ئاکادێمیای ئیمپراتۆری. “ئا.د. ژابا” لە نامەیەکدا بە ڕێکەوتی ٢٥ی مارچی ١٨٥٧ بۆ “ب.ئا دۆرن” دەڵێ: “من تا ئەو ڕادەیە فێری زمانی کوردی بووم کە سەربەخۆ بتوانم وەرگێڕان بکەم و کارەکانم ڕاپەڕێنم”. لە کۆتایی ساڵی ١٨٥٧دا، “ئا.د. ژابا” نێوەڕۆکی هەڵبەستەکانی “مەم و زین”ی ئەحمەد خانی و لە سەرەتای ساڵی ١٨٥٩دا، وشەگەلی هاوتەریبی زاری هەکاری و ڕەوەندی (نزیک بە ١١٠٠ وشە)، دەستنووسی خۆی بۆ فەرهەنگێکی دیالۆگی کوردی- فەڕانسی کە ٣٣٠٠ پەیڤی لەخۆ گرتبوو و بەگوێرەی زاری کوردانی ئەرزەڕۆم ڕێکی خستبوون، دەگەڵ زانیاری سەبارەت بە هۆزە کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، هێندێک زانیاری سەبارەت بە ٧ هەڵبەستوانی کورد، هەروەها ڕێزمانێکی عەرەبی- فارسی- کوردی کە بەرهەمی سەدەی ١١ی [کۆچی] “عەلی تەرەماخی”یە، بەپێشەکییەکی مەلا مەحموود بایەزیدییان بۆ دەنێرێت. ئەو دەستنووسانە گەیشتوونەتە موزەخانەی ئاسیا کە یەکێک لە کوانووە هەرە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتناسیی ڕووسیایە.
لە نامە نێردراوەکانی بۆ پیتەربوورگ، بۆمان دەردەکەوێ کە “ئا.د. ژابا” چەندە تووشی زەحمەت بووە و چ هێز و هێندێک جاریش، چ هەڵسوکەوتێکی دیپڵۆماتیکی بۆ وەدەستهێنانی ئەو دەستنووسانە بەکار هێناوە. بۆ نموونە کاتێک لە نامەکەی بۆ “ب.ئا. دۆڕن” بە ڕێکەوتی ١٧ی جوونی ١٨٥٨دا، باسی دەستنووسی ڕێزمانەکەی “عەلی تەرەماخی” دەکات، دەڵێ: “ئەزبەنی ڕێگەم پێ بدە سەرنجی ئێوە بۆ ئەو نامیلکەیە ڕابکێشم کە ئەمجارە لە سێیەم بەستەی نێردراوەمدا، بۆ ئێوەم ناردووە؛ پێشەکییەکی تێدایە سەبارەت بە ڕێزمانە کوردییەکەی عەلی تەرەماخی و کورتە باسێکیش دەربارەی نووسەرەکەی کە من وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی فەڕانسی و لە کۆتایییەکەیدا هێندێک تێبینیم بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشەکییە نووسیوە. خاوەنی ڕێزمانەکەی عەلی تەرەماخی، مەلایەکی پیرە و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو ئەو دەستنووسە گرانبەهایم پێ بدات، سەرەنجام پاش دیارییەک، ڕێی پێدام کۆپیی لێ هەڵگرم، ئێستاش ئەو کارە دەکەین و هەر پاش تەواوکردنی، دەگەڵ دوو دەستنووسی دیکە کە وەدەستم کەوتوون، ڕەوانەی ئاکادێمیای دەکەم”.
هێندی پێناچی، “ئا.د. ژابا” دەستنووسێک لە ڕێزمانەکەی عەلی تەرەماخی دەنێرێتە پیتەربوورگ و “ب.ئا. دۆڕن” لە وەڵامدا پێشنیازی پێ دەکات وەریگێڕێ. [“ئا.د. ژابا لە وەڵامدا دەڵێ:] “ئێوە پێشنیازتان کردووە خۆم خەریکی وەرگێڕانی ڕێزمانەکەی عەلی تەرەماخی بکەم. ئێستا خۆیشم لەسەر ئەو باوەڕەم، بەڵام پێویستە بڵێم کە تەرەماخی بە سیستەمێکی دژواری ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕێزمانەی داڕشتووە کە بە هیچ شێوەیەک دەگەڵ ڕێکارە پەسەندکراوەکانی ڕۆژهەڵاتناسیدا ناگونجێ. پێم وایە ئیتر ئەوە ئەرکێکی زیادەیە. بۆیە ئەو بابەتەم وەرنەگێڕاوە و تەنیا وەک بابەتێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئێوەم ناردووە… تەرەماخی پەیڤی بە سێ پاژ دابەش کردوون: ناو، کار و ئامراز و سێ کاتی، ڕابڕدوو، ئێستا و داهاتووی لێک جیا کردووەتەوە. پاشان نووسەر هەر یەک لەو پاژانە و کاتەکان دابەش دەکات و ئیتر سەرلێشێواوییەک ساز دەکات. بۆیە لێکۆڵینەوە لەو ڕێزمانە گەلێک دژوارە و ڕێگەت پێ نادات لە ماناکان تێبگەی. پێویستە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی دوور و درێژی بۆ بکرێ تاکوو لێی تێبگەی. مەلای خاوەنی دەستنووسەکە، ئێستا لە هەکارییە و هیوادارم بگەڕێتەوە ئەرزەڕۆم، ئینجا داوای لێ دەکەم ئەو نووسراوەیەم بداتێ و سەرەڕای ئەو دژوارییانە، وەریگێڕم”. هەڵبەت ئەو بڕیارەی “ئا.د. ژابا” جێبەجێ نەکراوە. ڕەنگە یەکێک لە هۆیەکانیش بگەڕێتەوە بۆ کارەساتی سامناکی ئەردهەژێنەکەی ئەرزەڕۆم کە لە ئاکامیدا، “ئا.د. ژابا” هەرچی هەیبووە لە دارایی جووڵاو و نەجووڵ، لەنێو چوون. بۆیە لە مانگی ئووتی ساڵی ١٨٥٩دا، وەزارەتی کاروباری دەرەوە بە بڕی هەزار ڕووبڵ یارمەتیی بۆ ناردووە.
سەرەڕای ئەمانە، “ئا.د. ژابا” درێژە بە بەدوواداچوونەکانی بۆ دۆزینەوەی بابەتەکانی کوردناسی دەدات و کۆکراوەیەک لە ٤٠ چیرۆک سەبارەت بە ژیانی کوردەکان، ڕەوانەی ئاکادێمیای زانستەکانی ئیمپڕاتووری دەکات (دەقەکانی بە زمانی کوردین و بێژەنووسی پەیڤەکانی بۆ کردووە و وەرێگێڕاوەتە سەر زمانی فەڕانسی). “ئا.د. ژابا” لە مانگی ماڕچی ساڵی ١٨٥٩دا، لە نامەیەکەدا نووسیوێتی: “لێکۆڵینەوەکانم سەبارەت بە زمانی کوردی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچن، بەبێ هیچ کێشەیەک گەلێک چیرۆکی زارەکیی کوردانی ناوچەکانی مووش، بدلیس، وان، بایەزید، قارس، ئەرزەڕۆم و ئەرزەنجانم کۆ کردوونەتەوە”.
بە بڕیاری بەشی مێژوو و زمانەوانیی ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری، لێژنەیەک بۆ چاپکردنی بەرهەمەکانی “ئا.د. ژابا” پێک دێت و تەنیا چاپی دەقی بابەتەکان و وەرگێڕدراوەکەی، بەبێ بێژەنووسییەکان ڕاپەڕاندووە، چونکوو شێوازی بێژەنووسینی پەیڤەکان یەکگرتوو نەبووە. دەقە وەرگێڕدراوە فەڕانسیییەکان کە زۆر بە باشی مانای دەقە کوردییەکانی گەیاندبوو، پەسەند کران و بڕیار درا چاپ بکرێن و ئەرکی لەچاپدانی خرایە ئەستۆی “پ.ئی. لێڕخ” کە وەک یەکێک لە لێهاتووترین پسپۆڕانی زمانی کوردی ناسرابوو. “پ.ئی. لێڕخ” نڤیسیاریی ئەو بابەتانەی ئەنجام دا کە “ئا.د. ژابا” وەریگێڕابوونە سەر زمانی فەڕانسی و لە ساڵی ١٨٦٠ بڵاوکراونەتەوە. هەڵبەت ئەو بەرهەمە چاپکراوەیە، وتارە ئاماژەپێکراوەکانی “ئا.د. ژابا” سەبارەت بە هۆزەکانی کورد و زانیاریی دەربارەی هەڵبەستوانانی [کورد]یشی دەگەڵ خراوە کە تاکوو هەنووکە لێکۆلەڕانی وێژەی کوردی کەڵکی لێ وەردەگرن.
نووسراوەکانی “ئا.د. ژابا”، زۆر زوو سەرنجی ئێرانناسانی بوارەکانی زمانەوانی، ئێتنۆگرافی و مێژوویی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بەتایبەت زانایانی ئینگلیسی پێشوازییان لێ کردووە. بۆیە مۆزەخانەی بەریتانیا، تەیلۆر، ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ، و کۆنسوولی بەریتانیا لە کوردستان سەرپشک دەکات تا دەستنووسە کوردییەکان و بەگوێرەی توانا، هەرچی سەبارەت بە کورد هەیە، کۆیان بکاتەوە.
“ئا.د. ژابا” لەو قۆناخەدا خەریکی داڕشتنی فەرهەنگی زمانی کوردی دەبێ و لە ساڵی ١٨٦٥، بەشی یەکەمی فەرهەنگەکەی، واتە بەشی “فەڕانسی- ڕووسی- کوردی”ییەکەی دەنێرێتە ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری کە ٧٢١ لاپەڕەیە (هەر لاپەڕە، ١٨ دێڕە) و ١٥ هەزار وشەی لەخۆ گرتووە. هەڵبەت ئەوە ژمارەی وشە کوردییەکانی فەرهەنگەکە نییە، چونکوو گەلێک لە وشە فەڕانسییەکەن لە زمانی کوردیدا تەنیا یەک هاوتایان هەیە، بۆیە وشە کوردییەکان چەندپات بوونەتەوە. “ئا.د. ژابا” لە پێشەکیی ئەو فەرهەنگەدا دەڵێ: “ڕەنگە شێوازی بەکارهاتووی من بۆ بێژەنووسی وشەکان، بە دڵی هێندێک کەس نەبێ، بەڵام چونکوو ئەو فەرهەنگە تایبەتە بۆ ڕۆژهەڵاتناسان، ئەوانیش بە یارمەتیی دەربڕینەکان، گۆکردنی وشە کرمانجییەکان بۆیان دژوار نابێ، بێژەنووسییەکە بۆ ئەو کەسانەی تازە خەریکی فیربوونی ئەو زمانە دەبن، یارمەتیدەرە دەبێ”. “ئا.د. ژابا” لەو نامەیەدا بۆ “ب.ئا. دۆڕن”، هیوادار بووە ئەو بەرهەمەی “ئەوەندە تەواو و جێگەی پەسەند بووبێت کە شایانی چاپکردن بێت”. “ئا. د. ژابا” دڵەڕاوکێی هەبووە لە هەر دەستکارییەک کە لە فەرهەنگەکەدا بکرێت. بۆیە تکا لە بەڕێوەبەرانی چاپ و بڵاوکردنەوەی دەکات بۆ هەڵەچنی و پێداچوونەوەی فەرهەنگەکە، کەڵک لە کوڕەکەی وەربگرن کە ئەو کاتی لە زانکۆی پیترۆگراد خەریکی خوێندن بووە (نامەی ڕێکەوتی ٢٥ی ئۆکتۆبەری ١٨٦٥).
“ب.ئا. دۆڕن”، “ڤ.ڤ. ڤێلیامینۆڤ- زێرنۆف” و “پ.ئی. لێڕخ”، بە ڕاسپاردەی “ن.ئی. ڤیسیڵۆڤسکی” سکرتێری هەمیشەیی ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری، لەسەر “فەرهەنگە فەڕانسی- ڕووسی- کوردی”یەکەی “ئا. د. ژابا” دەکەن. “پ.ئی. لێڕخ” لە نامەیەکدا بەڕێکەوتی دیسەمبەری ١٨٦٦ دەڵێ: ” لەو فەرهەنگەی بەردەستماندا، نووسەرێکی کارزان بە لانی کەم دوو قاتی ئەو وشە کوردییانەی کە پێشتر دەمانزانی، کۆی کردوونەتەوە، ئەگەر زۆرتر نەبێ”. بەگوێرەی “پ.ئی. لێڕخ”، زۆرترین نرخی ئەو فەرهەنگە لەو واتایانەدایە کە ئاماژە بە پەیوەندیییە بنەماڵەیی و خزمایەتییەکان و ناوی گیانلەبەران دەکات. بەڵام دواتر دەڵێ: “سەبارەت بە بێژەنووسیی فەرهەنگەکە، نووسەر لە بێژەنوسیی وشە کوردییەکاندا، وردەکاریی پێویستی لە بەکارهێنانی نیشانە ناسراوەکانی ئەورووپی، ڕەچاو نەکردووە. هەروەها لە وەرگێڕانی هێندێک وشەی فەڕانسی بۆ کوردی و تەنانەت بۆ ڕووسیش، ناڕێکی بەدی دەکرێ”. “پ.ئی. لێڕخ” لەو بارەیەدا ئاماژە بە چەند نموونە لەو هەڵانە دەکات. وەک: “aboyer” [بەفەڕانسی] و “лаять” [بەڕووسی]- [بەمانای “وەڕین] کە “ڕاهشتین” بەواتای “پەلاماردان، هێرش بردن”ی بۆ کوردییەکەی داناوە و دەڵێ، “دەتوانین ئاماژە بە پتر لە سەد نموونەی هەڵەی هاوشێوە بکەین کە هاوتای وشە فەڕانسییەکانیان دەگەڵ واتا کوردی و ڕووسییەکان، یەک ناگرنەوە. “پ.ئی. لێڕخ” بە پێداگری بۆ وردبوونەوە لەو هەڵانە، دەڵێ: “ئەو نموونانە دڵنیای کردووم کە بەڕێز ژابا هێشتا تێنەگەیشتووە بۆچی بەتایبەتی پێداگریم کردووە بۆ وردبینیی هەرچی زۆرتری بێژەنووسیی ئەو دەق و واتایانەی کە بەگوێگرتن وەریگرتوون. ژابا پێی وایە زانینی ئەلفبێی عەرەبی و بەکارهێنانی بۆ نووسینی زمانەکانی فارسی و تورکی، بەسە بۆ نووسین و گۆکردنی دروستی وشە کوردییەکان. بەڵام کەسێک کە لەنێو کوردەکاندا نەژیابێ و پیتە دەنگدارە کورت و درێژەکان لێک جیا نەکاتەوە یان پیتە دەنگدار و دوودەنگەکان [دیفتۆنگەکان] بەزیادە نەزانێ، هەمیشە پێویستی بە بێژەنووسییەکی ڕێکوپێکی واتا کوردییەکان دەبێ. لێرەدا زانینی زمانەکانی عەرەبی، فارسی و تورکی بۆ ئەو بابەتە ئەوەندە یارمەتیدەر نابێ، چونکوو هەر لە بنەڕەتەوە شێوازی ڕەچاوکراوی کوردەکان بۆ نووسین، جیاوازە لە شێوازی نووسینی ئەو دوو زمانەی دیکە”. “پ.ئی. لێڕخ” لە کۆتاییی نامەکەیدا دەڵێ: “سەرەڕای ئەو کەموکوڕییانە، (فەرهەنگەکە) بۆ لێکۆڵینەوە لە زاری کوردی، گەلێک بابەتی باشی لەخۆ گرتووە”.
بەشی مێژوو و زمانەوانیی ئاکادێمیای ئیمپراتووری بڕیاری چاپ نەکردنی بەشی یەکەمی فەرهەنگەکە، واتە فەڕانسی- ڕووسی- کوردییەکەی دەدا و چاوەڕوان دەبن وەک “ئا.د. ژابا” بەڵێنی دابوو، بەشی دووەمی، واتە کوردی- ڕووسی- فەڕانسییەکە تەواو بکات، ئینجا ئەگەر پەسند بکرێ و بە شایانی بزانن، چاپ و بڵاو بکرێتەوە. “پ.ئی. لێڕخ” لە نامەیەکدا دەڵێ: “زۆر باش دەبێ ئەگەر بۆ کۆتاییی فەرهەنگەکە خشتەیەک لە وشە ڕووسی و فەڕانسیییەکان بۆ وشە هاوتا کوردییەکانیان، بە ئاماژەدان بە لاپەڕەکانی پێک بێنی”. بەو جۆرە فەرهەنگەکە لەچاپ نەدرا و دەستنووسەکەی هەتاکوو ئێستاش لە ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد پارێزراوە.
لە ساڵی ١٨٦٦، “ئا.د. ژابا” لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا، پلەی “ڕاوێژکاری کارای دەوڵەت”ی پێ دەبەخشن. بەڵام کۆنسوولی ئەرزەڕۆم لە کۆتاییی ساڵی ١٨٦٦دا، دەست لە کار دەکێشێتەوە و ڕوو لە شاری “سمیرنا” دەکات. لێرەدا “ئا.د. ژابا” هەموو توانای خۆی بۆ کۆکردنەوەی بابەتی مێژوویی، ئێتنۆگرافی، وێژەیی و زمانیی کوردی تەرخان دەکات. لە نامەیەکدا بە ڕێکەوتی ٣٠ی ماڕچی ١٨٦٧دا، “ئا.د. ژابا” نووسیوێتی: “ئێستا چیتر بەرپرسیارەتیی پێشووم لە ئەستۆ نییە، بۆیە بێ وچان خەریکی تەواوکردنی کارەکانی پێشووم دەبم”. لێرەدا “ئا.د. ژابا” فەرهەنگی کوردی- ڕووسی- فەڕانسییەکە تەواو دەکات کە ڕێک ٦٠٠ لاپەڕەی لەخۆ گرتووە و ٦ ساڵ کاری لەسەر کردبوو. لە هەمان نامەدا دەڵێ: “ئەگەرچی ماوەیەکی دوور و درێژە خەریکی ئەو کارە تاقەت پڕووکێنە بووم، بەڵام توانیومە گۆڕانکاری لە بەرهەمەکەمدا بکەم. ئێستا درێژە بە بەدواداچوونەکانم بۆ زمان و وێژەی کوردی دەدەم و خەریکی وەرگێڕانی کتێبێکی مێژووییم لە زمانی کوردییەوە کە درێژەدەری مێژووەکەی شەرەفخانە. نووسەری ئەو کتێبە، بابەتەکەی لەو قۆناخەوە دەست پێ کردووە کە شەرەفخان کۆتاییی پێ هێناوە، تا دەگاتە سەردەمی ئێمە”.
هەر دەگەڵ ئەو نامەیە کە لە “سمیرنا”وە بۆ ئاکادێمیای ئیمپڕاتووری ناردوویەتی، “ئا.د. ژابا” وەرگێڕدراوی پێشەکیی “مێژووی نوێی کوردستان”ی (لە ٥٠ لاپەڕەدا) بەزمانی فەڕانسی بۆ ئاکادێمیا ڕەوانە کردووە. لەو نامەیەدا دەڵێ: “ئەو “مێژوو”یە سەرەنجام لە ساڵی ١٢٧٥/٥٨-١٨٥٧دا، لەتوێی تاقە دەستنووسێکدا تەواو بووە و ئێستا لەبەر دەستمدایە؛ گەرەکمە پاش تەواوکردنی بەشی دووەمی فەرهەنگەکەم، خێرا خەریکی وەرگێڕانی بم”. “ئا.د. ژابا” لەو “پێشەکی”یەدا، ئاماژەی بە ناوی نووسەر و درێژەدەری پەڕتووکەکەی شەرەفخان نەکردووە. بەڵام لە نامەکەیدا ئاماژە بە “مێژووی کوردەکان” دەکات کە بریتییە لە ١٠٠٠ لاپەڕە و پاش دوو جار داواکردن و بەخشێنی خەڵاتێکی مەزن، مەلا مەحموود بایەزیدی نووسیوێتی. “ئا. د. ژابا”، دەقە ڕەسەنە کوردییەکەی ئەو “پێشەکی”ییەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فەڕانسی، بەڵام ئەوی نەناردووەتە ئاکادێمیا و نەیگوتووە “مێژووی کوردەکان” بەگوێرەی چ سەرچاوەگەلێکی مێژوویی نووسراوە. مەلا مەحموود بایەزیدی لەسەرەتای “پێشەکی”دا، باسی شەرەفخان و ئەفسانەی سەرهەڵدانی ڕەچەڵەکی کوردی کردووە و پاشان ئاماژە بە تایبەتمەندی و دابونەریت، شێوازی ژیان، زاری کورد و جوگرافیای جێگیربوونی هۆزەکانی کورد دەکات. ئاماژەی بە ژمارەی هۆزە ئیزدیییە کوردەکانیش کردووە. پاشان نووسەر دیسان گەڕاوەتە سەر باسی شەرەفنامە و شەرەفخان، لێرەدا باسی وەرگێڕانی شەرەفنامە بە تورکی دەکات کە لە بدلیس کراوە و دەڵێ تەنیا دوو یان سێ دەق لەو وەرگێڕانە هەبووە.
“پێشەکی”، هەروەها خشتەیەکی لە ناوی حاکمانی کوردستان لە ساڵی ٨٦- ١٧٨٥ەوە دەگەڵە، واتە لەو کاتەوە نووسەر بەرهەمەکەی دەست پێ کردبوو، هەتاکوو ساڵی ١٨٥٧. بەگوێرەی ئەو خشتەیە و پێڕستی بابەتەکانی بەرهەمەکە کە بریتییە لە ١١ بەش، دەکڕی ئاگاداری نێوەڕۆکی بەرهەمەکەی مەلا مەحموود بایەزید ببینەوە کە “ئا.د. ژابا” دەگەڵ نامەیەک بە ڕێکەوتی ١٣ی جوونی ١٨٦٧بۆ “ب.ئا.دۆڕن”ی ناردووە. ڕەنگە دەستنووسی ڕەسەنی ئەو بەرهەمە و وەرگێڕدراوە ناتەواوەکەی، لە ئەرشێڤی “ئا.د. ژابا” لە شاری “سمیرنا” مابووبێتەوە.
“ئا،د. ژابا” لە مانگی جوولای ١٨٦٧، فەرهەنگی کوردی- ڕووسی- فەڕانسی ناردووەتە پیتەربوورگ و وێڕای گرینگ هەڵسەنگاندنێکی زۆر، تکای لە هاوکارانی لە ئاکادێمیای ئیمپڕاتووری کردووە پێیدا بچنەوە. دەستنووسی ئەو فەرهەنگە بریتییە لە ٦٥٦ لاپەڕە (هەر لاپەڕە ١٨ تا ٢٥ دێڕ) و ٦٠٠٠ واتاگەلی بوارەکانی ژیان و گوزەران، جلوبەرگ و پەیوەندییە بنەماڵەیی و ئابووریییەکانی لەخۆ گرتووە. لە فەرهەنگەکەدا چاوگەکان گەردان کراون، بەڵام ناوی ئەو ڕووەک و باڵندە و گیانلەبەرە کێویانەی تێیدا نییە کە لە ژێنگەی ژیانی کورددا بەدی ناکرێن. لە زۆر شوێندا کەموکووڕی لە وەرگێڕانی وشەکان بە ڕووسی دەبیندرێ. “ئا.د. ژابا” لە پێشەکیی فەرهەنگەکەدا دەڵێ: “هیوادارم ڕۆژهەڵاتناسان ئەو بەرهەمەی من بە دڵفراوانییەوە وەربگرن و بە هۆی گەلێک لێکهەڵپچڕان و یەکدەست نەبوون کە لەو کارەدا دەبیندرێ، تاوانبارم نەکەن، دیارە ئەوەش لە ڕووی پابەندبوونم بووە بۆ نەسڕینەوەی تایبەتمەندیی کەوناراییی زمانی کوردی و پێشاندانی ئەو زمانە، بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە”.
لێرەدا دیسان “ب.ئا. دۆڕن”، “ڤ.ڤ. ڤێلیامینۆڤ- زێرنۆف” و “پ.ئی. لێڕخ” لەلایەن ئاکادێمیای زانستیی ئیمپڕاتوری، ڕادەسپێردرێن بە فەرهەنگەکەدا بچنەوە. لە نامەیەکدا کە “ب.ئا. دۆڕن”، “ڤ.ڤ. ڤێلیامینۆڤ- زێرنۆف” و “پ.ئی. لێڕخ” بە ڕێکەوتی ٥ی نۆڤەمبەری ١٨٦٨ بۆ بەشی مێژوو و زمانەوانیی ئاکادێمیای زانستیی ئیمپڕاتووری نووسیویانە، هاتووە: “ئێمە پێداچوونەوەیەکی زۆر تایبەتمان بە بەرهەمەکەی بەڕێز ژابادا کرد. ئێمە گەیشتینە ئەو ئاکامە کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە گەلێک سوودمەندە. تاکوو ئێستا زۆر بە دەگمەنی لێکۆڵینەوە لە زمانی کوردی کراوە، هێشتا ئامراز و شێوازێکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەو زمانە، لەبەر دەستدا نییە. بەڕێز ژابا، فەرهەنگەکەی زۆر بە دڵپاکی ڕێک خستووەتەوە، لە کەموکووڕییە گرینگەکان پاک کراوەتەوە. ئەو فەرهەنگە بۆ ئاشنابوون دەگەڵ زمانی کوردی، هەڵگری بابەتگەلێکی دەوڵەمەندە؛ بۆیە دڵنیاین کە دەرکەوتنی ئەو فەرهەنگەی “ئا. ژابا”، لە لایەن زانایانی ڕۆژهەڵاتناسی جیهانەوە بەوپەڕی حەزەوە پێشوازیی لێ دەکرێ”. بەرپرسانی ئاکادێمیا، بە پێویستیان زانیوە فەرهەنگەکەی “ئا.د. ژابا”، واتە بەشی کوردی- ڕووسی- فەڕانسییەکەی، بەو شێوەیەی کە نووسەرەکەی ئامادەی کردبوو و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک لە بێژەنووسی و شێوازی داڕشتنی، چاپ و بڵاوبکەنەوە (تەنیا هێندێک هەڵەی زمانەوانیی ڕووسی و فەڕانسی چاک کران و ئەو وشانەشی لێ زیاد کراوە کە هاوتا ڕووسییەکانی دانەنرابوو). دەبێ بڵێین، ئەو فەرهەنگە لەنێو ژینگەی ژیانی کورد سەری هەڵدابوو و بنەمایەکی دەوڵەمەندی بۆ لێکۆڵینەوە لە زمانی کوردی لەخۆ گرتبوو. بۆیە “ب.ئا. دۆڕن”، “ڤ.ڤ. ڤێلیامینۆڤ- زێرنۆف”،ئەو دوو لایەنەیان بە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگەکەی هەڵسەنگاندووە؛ هاوکات ئەوەشیان دەربڕیوە کە ئەگەر دەستکاری کرابا، ڕەنگە تایبەتمەندییەکانی لەدەست دابا؛ هەروەها پێیان وابووە ئیتر پێویست ناکات بەشی “فەڕانسی- ڕووسی- کوردی” فەرهەنگەکە چاپ بکرێ و پێویستیش نییە خشتەی واتا ڕووسی و فەڕانسییەکان بەئاماژە بە لاپەڕەکانی دەگەڵ بێ کە پێشتر پێشنیاریان کردبوو.
“پ.ئی. لێڕخ” پێشوازی لە فەرهەنگە کوردی- ڕووسی- فەڕانسیییەکە دەکات و هیوادار بووە پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی، زمانی کوردی لە نێو ئەورووپییەکاندا، دڵسۆزانی زۆرتر پەیدا بکات، بەڵکوو نەتەنیا بازنەی واتاکانی فەرهەنگەکە بەربڵاوتر بکەن، تەنانەت لێکۆڵینەوە لەسەر “شێوازە جۆراوجۆرەکانی زاراوەگەلی زمانی دەوڵەمەندی کوردی بکەن”. هەروەها دەڵێ، چاپ و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگەکە “بێگومان هێندێک لە گەشتیارانی کوردستان یان کۆنسوولەکانی وڵاتە زلهێزەکانی ئەورووپا کە لە گەلێک شوێندا هاموشۆیان دەگەڵ کورداندا هەیە، هان دەدات لێکۆڵینەوە لەو زمانە بکەن”. جگە لەمە، ئاسانکارییش دەکات بۆ خوێندنەوەی بەرهەمە بڵاوکراوەکانی دیکەی ئەو بوارە و “بابەتەکانی دیکەی زمانی کوردی کە لە ئەرزەڕۆم کۆ کراونەتەوە، دەبنە یارمەتیدەرێک بۆ داڕشتنی ڕێزمانی کوردی لە داهاتوودا”.
سەرەڕای ئەمانە، “پ.ئی. لێڕخ” پاش خوێندنەوەیەکی قووڵ و هەمەلایەنەی بەرهەمەکەی “ئا.د. ژابا”، ڕەخنەکانی خۆشی لەسەر ئەو بەرهەمە درکاندووە. “هەڵبەت پێکهێنەرە زۆر بەڕێزەکەی فەرهەنگی کوردی، هێشتا لە پێویست بوونی بێژەنووسیی ورد و یەکپارچە تێنەگەیشتووە. دیارە دەبێ بڵێین ئەو بابەتە دەوڵەمەندانەی کە ئەو بەڕێزە بۆ ئاشنابوونی ئێمە دەگەڵ بازنەیەک واتای زمانی کوردی کۆی کردوونەتەوە، بە داخەوە ئەو کەموکووڕییەی هەیە. بەڵام پشتگوێخستنی ئەو بەرهەمە بەهۆی یەکپارچە نەبوونی بێژەنووسی، بۆ لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو لەسەر زمانی کوردی، سوودمەند نابێ”. لە درێژەی ئەو بابەتەدا، “پ.ئی. لێڕخ” ئاماژە بەو کەموکووڕییانە دەکات:
١. وەرگێڕانی هێندێک لە “ئیدیۆم”ە کوردییەکان تەواو و ڕاست نیین.
٢. لە وەرگێڕانەکاندا هەڵەی ڕێنووس هەیە.
٣. لە زۆر شوێن، هاوتای ڕووسیی واتاکان نەنووسراون.
جگە لەمانە، بابەتێکی دیکەش بووەتە هۆی نیگەرانیی “پ.ئی. لێڕخ”: زۆربەی بابەتە کۆکراوەکان لە دەستنووسەکان و یا لە زمانی خەڵکی ئاسایی کوردەوە وەرگیراون (دەستنووسەکان کۆکراوەی ناوچە و زاراوە جیاوازەکانی کوردستانن). واتە، ئەو کەسانەی بابەتەکانیان نووسیوە و یان ئەو زاراوەیەی کە چیرۆک و پەند و گۆرانییەکانیان گێڕاوەتەوە، دانیشتووانی ناوچەی جیاوازی کوردستان بوون. کەواتە، وشەکان و فۆڕمی وشەکردارییەکانی فەرهەنگەکە، لە یەک زار وەرنەگیراون. “پ.ئی.لێڕخ” دەڵێ بەداخەوە، “ئا.د، ژابا” لە پێشەکییەکەیدا هەم ئاماژەی بە سەرچاوەکانی فەرهەنگەکەی نەکردووە، هەم لە نووسینی وشەکاندا، پیتی هەڵەی بەکار هێناوە، بۆیە گۆکردنی جیاواز بۆ وشەکان سەری هەڵداوە کە ئەوەش گەلێک گرینگە. بۆ نموونە، “اژوتین” و “هژوتین”، “اڤین” و “هڤین”، “ایسیر” و “هیسیر”، “استر” و “هستر”، و هتد. دەربڕینی بڕگەی دەنگدار لەسەرەتای وشەدا بە هەناسەیەکی قووڵ، لە لای کوردان زۆر باوە. “پ.ئی. لێڕخ” بەباشی لەو ناڕاستی و هەڵانە تێگەیشتبوو کە “ئا. د. ژابا” بۆخۆی سەبارەت بە فەرهەنگەکەی ئاماژەی پێ کردبوون. “پ.ئی. لێڕخ” دەڵێ: “هەڵەکانی ڕێنووسی زاری کوردی دەگەڕێتەوە بۆ کەم بوونی خوێندنگە و ڕێژەی فرە کەمی مامۆستایان لە کوردستان و بە گشتی، کەمتەرخەمیی نووسەرانی کود کە بە باشی زمانی زکماگی خۆیان نازانن. هەروەها جێگەی داخە کە کوردەکان بۆ نووسین لە ڕێنووسی فارسی کەڵک وەردەگرن، بۆیە ناچار کراون لە ڕێکوپێک کردنی زمانە جیاوازەکەی خۆیان چاوپۆشی بکەن. ئا. ژابا فەرامۆشی کردووە کە زمانی کوردی هەر لە ئاستی زارەکییدا زیندوو ماوەتەوە. دیارە نووسینیشی هەیە، بەڵام بەو کەموکووڕییانەی کە بە گوێرەی هەڵگەڕاندنەوەی گۆکراوە زارەکییەکان دەنووسرێن. بۆیە بەپێی ئەو ڕاستییانە، دەبێ پێش هەر شتێک سەرنج بدەین بە بیچمی وشەکان بەو شێوەیەی کە لە شێوازی زارەکیی گەلەکەدا ماوەتەوە و دەیبیسین”. “پ.ئی. لێڕخ” جەختی لەوە کردووەتەوە کە زمانناسی هاوچەرخ، پێویستیی بە دۆزینەوەی کەرەسەگەلێک هەیە کە تا دەکرێ هەڵقوڵاوی دونیای ڕاستییەکانی دەوروبەرمان بێت. “وەک چۆن لێکۆڵەرێکی زانستە سروشتییەکان، ئەگەر کەرەسەکانی لێکۆڵینەوەی لەبەر دەستدا نەبێ، تەنیا لەو بەڵگانە کەڵک وەردەگرێ کە بەتەواوی لە ڕاست بوونیان دڵنیایە، لێکۆڵەرێکی زمانیش، دەبێ مافی ئەوەی هەبێ داوای ئەو دەق و وشە کۆکراوانە بکات کە ئاستی هەرە بەرزی ڕوونی پێوە دیار بێ”. جێگیرکردنی پیتی “ە”، لە نێوەڕاستی وشەکاندا، گۆکردنی هەڵەی وشەکانی لێ دەکەوێتەوە، لە کاتێکدا “ئا.د. ژابا” پێی وایە بەکارهێنانی پیتی “ە” هەڵەیە. نووسینی “جەرەباندین”، بە “cerebandin” دەخوێندرێتەوە نەک “cerbandin”. ئەی “جرباندین” چۆن دەبێ (هەروەها بڕوانە ئەوانەش: “ڤەجنکین” بەمانای “ترساندن”، “ورەمین” بەمانای “هەڵمسان” و هتد).
تایبەتمەندییەکانی زمانی ئاخافتن لە جێگۆڕکێ کردنی “ە” و “ی” خۆی دەنوێنێ، وەک: “ڤەخستن” و “ڤێ خستن” بەمانای “دووبارە هەڵکردن”؛ “چە کرن” و “چێ کرن” بەمانای دروستکردن؛ “اڤاهی” و “اڤایی” بە مانای “شوێنی مانەوە” و “ئاوایی”؛ “ڕووناهی” و “ڕوونایی” بە مانای “ڕووناکی”؛ “نەرین” و “نێرین” بەمانای “بۆچوون” و هتد.
“پ.ئی.لێڕخ” پێی وابووە دەبێ فەرهەنگەکە بە بێژەنووسیی چاککراوی نڤیسیارەکان چاپ و بڵاو بکرێتەوە. مەبەستیشی لە بێژەنووسی ئەوە نەبووە ڕێنووسی کوردی وێنا بکات، بەڵکوو جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێ گۆکردنی کوردی پێشان بدات، وەک ئەو جیاوازییانە: “ستون” و “اوستون” بە مانای “ستوون”؛ “سترک” و “استرک” بە مانای “ئەستێرە”؛ “ستور” و “اوستور” بەمانای “ناقۆڵا، زبر”؛ و هتد. “ئا.د. ژابا” لە فەرهەنگەکەیدا، شێوەنووسینی “ستون”، “ستور” و “سترک”ی بۆ ئەو وشانەی سەرەوەی نەنووسیوە، ڕەنگە پێی وا بووبێ ئەو شێوەیە لە نووسینی کوردی، هەڵەیە، چونکوو زمانی کوردی دوو پیتی بێدەنگ دەگەڵ یەک بەکار ناهێنێ.
“پ.ئی.لێرخ” سەبارەت بەو نموونانە و ڕەچاو نەکردنی یەکپارچەییی ڕێنووس، لەلایەن نووسەرانی کوردەوە، دەڵێ: “ئەوە شەڕێکی خوێندەوارانی کوردە دەگەڵ کەموکووڕییەکانی ئەلفبێی عەڕەبی، هێندێک لە نووسەران و خۆشنووسانی کورد هەوڵ دەدەن لەو ڕێنووسەدا گۆڕانکاری بۆ نووسینی زاری خۆیان پێک بێنن”. هێندێک خۆشنووس پیتی “ا” بەکار دێنن، ڕەنگە بە مەبەستی تێگەیاندنی خوێنەر کە دەبێ وەک “a”، نەک وەک دەنگێکی دیکە گۆ بکرێ وەک: “طاولە” و “طولە” بە مانای “تەویلە”؛ “خاپاندن” و “خپاندن” بە مانای “فێڵ کردن”؛ “طامژین” و “طمژین” بەمانای “ئالوودەبوون”. یان پیتی “و” بەکار دێنن وەک: “بوهورین” لەجیاتی “بهورین” بەمانای “تێپەڕبوون”؛ “گول” لەجیاتی “گل” بەمانای “گوڵ”. هێندێک خۆشنووس، “ی” بەکار دێنن و هێندێکیش ناینووسن، وەک: “ژر” و “ژیر” بە مانای “زیرەک”؛ “بر” و “بیر” بە مانای “بیر”؛ “مش” و “میش” بە مانای “مێش”؛ “رپال” و “ڕیپال” بە مانای “شڕودڕ” و هتد. “ئا.د. ژابا” زۆر بە دەگمەنی “پیتی دەنگداری درێژ و کورت”ی لە فەرهەنگەکەیدا بەکار هێناوە. هەروەها دەڵێ: “لەو شوێنانەی کە بە هۆی کەم بوونی ڕێژەی شوێنەوارە مێژوویییەکان، ڕێبازێک بۆ ڕاستنووسین پەیدا نەبووە، ناکرێ باسی ڕەچاونەکردنی ڕێکارەکانی دروست نووسین بکەین. تاوانبارکردنی خۆشنووسانی کورد بە نەخوێندەواری لە لایەن “ئا.ژابا”ەوە، بە هۆی نەزانین و یان ڕەچاونەکردنی ڕێنووسی فارسی و عەڕەبی بووە (وەک: نووسینی واتای عەرەبیی “مهلة”، بەشیوەی “موهلت”) و ئەمە بە واتای خراپ زانینی زمانی زگماکی نییە، بەڵکوو بە هۆی نەزانینی ڕێنووسی فارسی و عەڕەبییە. کورد کاری بەوەی نییە وشە گۆکراوەکانی زمانەکەی دەبێ چۆن بە عەڕەبی یان فارسی بنووسرێن، بەڵکوو هەوڵ دەدات پەیڤەکان بە گوێرەی پێویست و بەو جۆرەی خۆی و هاونیشتمانیانی گۆی دەکەن، بدرکێنێ. لە واتای “موهلەت”دا، پیتی “و”ی لێ زیاد کراوە، تاکوو پێشان بدرێ کە لە بڕگەی یەکەمی وشەکەدا پیتی دەنگداری “و” هەیە، چونکوو لە نووسینی زمانی کوردیدا باو نییە بۆ دەنگدار کردنی پیتەکان، “فتحە” و “کسرە” و “ضمە” لە سەریان دانێن، بەڵکوو لە “a” ، “e”، “i” و “u” کەڵک وەردەگرن.
“پ. ئی. لێرخ” بە گوێرەی ئەو ڕەخنە و تێبینییانەی کە پاش پێداچوونەوە بە فەرهەنگەکەی “ئا.د. ژابا” هەیبووە، گۆڕانکاریی لە بێژەنووسیی فەرهەنگەکەدا کردووە و کاری لەسەر ئەو وشانەش کردووە کە بە “د” و “ش” دەست پێ دەکەن؛ دەگەڵ گشت ئەو وشانەی پیتی “ق”یان لەخۆ گرتووە. “پ. ئی. لێرخ” نیشانەی بێژەنووسی تەنیا بۆ ئەو پیتە دەنگدارە کورت و درێژانە داڕشتووە کە یان بۆخۆی بە گوێرە ئەزموونەکانی، پێی گەیشتبوو و یان خۆشنووسانی کورد ڕەچاویان کردبوو. لە هەر شوێنێکیش دوودڵ بووە، نیشانەی بۆ دانەناوە. “پ.ئی. لێرخ” پێی وابووە پاش ئەو گۆڕانکارییانە، ئیتر دەکرێ فەرهەنگەکە چاپ بکرێ.
“ئا.د. ژابا” بە درێژاییی ساڵانی ١٨٦٩- ١٨٧٢، لە کارکردن لەسەر فەرهەنگی کوردی- ڕووسی- فەڕانسی بەردەوام بووە. کۆنسوولی پێشوو، لە ڕێگەی پڕۆفیسۆری زانکۆ لە سان پیتەربوورگ، “ئا.ئۆ. مووخلینسکی”ەوە، کۆپییەکی تازەی کۆی دەفتەرە ونبووەکانی فەرهەنگەکە دەنێرێتە ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری و ناوبراویش پێشنیار بە پرۆفیسۆر “ل.م.بڕۆسێ” دەکا تا کاری نڤیسیاری بۆ فەرهەنگەکە بکات. بەڵام “ل.م.بڕۆسێ” تەنیا توانیی کار لەسەر چوار دەفتەری دەستنووسەکانی فەرهەنگەکە بکات و پاشان کارەکە کۆتاییی پێ دێت. “ن.ئی. ڤیسیڵۆڤسکی”، بە گوێرەی بڕیاری بەشی مێژوو و زمانەوانیی ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری، داوا لە “ب.ئا، دۆڕن” دەکا، دەستنووسی فەرهەنگە کوردی- ڕووسی- فەڕانسییەکەی “ئا.د. ژابا”، بۆ ماوەیەکی کاتی لە مۆزەخانەی ئاسیادا بپارێزن. لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ١٨٧٣، “ن.ئی. ڤیسیڵۆڤسکی” داوا لە فەرمانگەی نێوخۆییی وەزارەتی کاروباری دەرەوە دەکا، فەرهەنگەکانی کوردی- ڕووسی- فەڕانسی و فەڕانسی- ڕووسی- کوردی کە بریتین لە ٣٦ دەفتەری دەستنووسی “ئا.د. ژابا” و لە مۆزەخانەی ئاسیاییی ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری پارێزراو بوون، ڕەوانەی شاری “ماڕبوورگ” و ڕادەستی پڕۆفیسۆری زانکو، “ف. یووستی”ی بکەن کە تکای لێ کراوە ئەو دەستنووسانە بۆ چاپ ئامادە بکات. بەو شێوەیە دەستنووسەکان لە ڕێگەی باڵوێزەوە نێردراونەتە بەرلین.
“ئا. د. ژابا” لە چاوەڕوانیی چاپ و دەرکەوتنی فەرهەنگەکەیدا، لە مانگی مارچی ١٨٧٦دا، دەستنووسی دیالۆگی فەڕانسی- کوردی بۆ “ب.ئا. دۆڕن” دەنێرێ کە پێشتر “ف. یووستی” دیتبووی و گەلێک بەنرخی هەڵسەنگاندبوو. هاوکات “ف. یووستی” خەریکی ئامادەکردنی بەرهەمەکانی :ئا.د. ژابا” بۆ چاپ دەبێ کە ساڵانی دوور و درێژ خۆی پێوە ماندوو کردبوو. “ف. یووستی” بێژەنوسی و بەشی ڕووسیی فەرهەنگەکە وەلا دەنێ و وتارێکی خۆی لە فەرهەنگی فەڕانسی-کوردیدا، لێ زیاد دەکات. لەسەرەتای ساڵی ١٨٧٩، فەرهەنگی کوردی- فەڕانسی “ئا.د. ژابا” بە نڤیسیاریی “ف. یووستی” لەلایەن ئاکادێمیای ئیمپراتووری لە چاپ دەدرێ. ٣ بەرگی فەرهەنگەکە دەنێردرێتە “سمیرنا”. کۆنسوولی پێشوو لە مانگی مارچی ١٨٨٠ لە نامەیەکدا بۆ “ن.ئی. ڤیسیڵۆڤسکی” سپاسی دەکا بۆ ئەو کتێبانەی بۆی ناردووە و تکای لێ دەکا بەسەرنجەوە بڕوانێتە ئەو دەستنووسە تەواوکراوە تازەیەی کە بۆ کۆتاییی فەرهەنگەکەی نووسیوێتی. بەرهەمەکانی “ئا.د. ژابا” شایستەییی وەرگرتنی خەڵاتی “دێمیدۆڤ”ی ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری وەدەست دێنن.
بێگۆمان کۆکردنەوەی دەستنووسەکانی زمانی کوردی مەزنترین خزمەتێکە کە “ئا.د. ژابا” کردوویە. “ئا.د. ژابا” لە ماوەی کارکردنیدا وەک کۆنسوول، پتر لە ٥٠ دەستنووسی وێژەیی، فۆلکلۆری، مێژوویی، ئێتنۆگرافی و زمانەوانیی کوردی ناردووەتە ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری (جگە لە فەرهەنگەکانی خۆی). “ئا. د. ژابا” پاش دەست لە کار کێشانەوەی وەک کۆنسوول، ڕەنگە بەهۆی دەستەنگی و نەدارییەوە، لە نامەیەکدا بە ڕێکەوتی ١٢ی سێپتەمبەری ١٨٦٨ بۆ “ک.ئا. کاسۆڤیچ” بەرپرسی نڤیسیاریی بەرهەمە زانستییەکانی کتێبخانەی گشتیی ئیمپراتووری، داوا دەکات: “هیوادارم بەرهەمەکانم کە بریتین لە کۆکراوەیەکی دەستنووسە کوردییەکان و زۆر بە زەحمەت لە ماوەی بەڕێوەبردنی کۆنسوولخانەی ئیمپراتووریای ڕووسیا لە ئەرزەرۆمدا، کۆم کردوونەتەوە، ڕادەستی کتێبخانەی گشتیی ئیمپراتووری بکرێن. بە شانازییەوە بۆ ئاگاداریی ئێوەی فرە بەڕێز، خشتەی ئەو دەستنووسانەتان پێشکەش دەکەم … پێشنیار بە بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی ئیمپراتووری بکەن ئەو کۆبەرهەمانە کە ئێستا لە مۆزەخانەی ئاسیاییی ئاکادێمیای زانستییدا پارێزراون، بە بڕی ٣ هەزار ڕووبڵ، کتێبخانە خاوەندارێتیی بکات. بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانەی گشتیی ئیمپراتووری ئەرکی بەدواداچونی ئەو پرسە دەخاتە سەر شانی “پ.ئی. لێرخ”، “ب.یا. دۆڕن” و “ڤ.ڤ. ڤێلیامینۆڤ- زێرنۆف” و داوایان لێ دەکات بۆچوونی خۆیانیان پێ ڕابگەیەنن، هەروەها نرخی بەرهەمەکانیش دەستنیشان بکەن. لە کۆتاییی ساڵی ١٨٦٨، کۆی دەستنووسەکان بەبڕی ١٣٠٠ ڕووبڵ کڕدراوە. “بە درێژاییی ٩٠ ساڵ لە هیچ بەرهەمێکی چاپکراودا، ئاماژە بە کۆکراوەی بەرهەمەکانی “ئا.د. ژابا نەکراوە (تەنیا لە ساڵی ١٨٦٨دا نەبێ، لە ڕاپۆڕتێکدا بۆ کتێبخانەی گشتیی ئیمپراتووری، “پ.ئی. لێڕخ” ئاماژەی پێ کردووە). “م.ب. ڕوودێنکۆ” لە ساڵی ١٩٥٧، لە خشتەیەکدا کە کۆی وتارەکانی کتێبخانەی گشتیی دەوڵەتی بەناوی “م. ی. ساڵتیکۆڤ- شێدرینا”ی لەخۆ گرتبوو، ئاماژەی بە کۆدەستنووسەکانی “ئا.د. ژابا”ش کردووە و لە ساڵی ١٩٦١یشدا، لە کتێبێکی بەناوی “کۆزانیاریی دەستنووسە کوردییە کۆکراوەکانی لێنینگراد، باسی کردووە”.
“ئا.د. ژابا” دەگەڵ مەلا مەحموودی بایەزیدی، کۆمەڵە دەستنووسێکی فرە گرینگ و دەگمەنیان لە بواری بابەتە فۆلکلۆرییەکان کۆکردووەتەوە (کە بریتیین لە ٥٧ ناونیشان) وەک گەلێک ستران بۆ ئەڤینداری و باسی پاڵەوانێتی و بۆ هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵ، دەستنووسگەلێکی زمانی کوردی (وەک ڕێزمان و شێوازی ئاخافتن) کە بە بڕیاری “ئا.د. ژابا” نووسراونەتەوە. مەزنترین بەشی ئەو کۆمەڵە دەستنووسانە بریتیین لە هۆنراوەی کوردی، بەرهەمی هەڵبەستوانانی کوردی سەدەکانی نێوەڕاست، وەک: “فەقێ تەیران”، “مەلا باتە”، “مەلای جزیری” دەگەڵ دەستنووسێکی شاکاری هۆنراوەی کوردیی، “مەم و زین”، بەرهەمی “ئەحمەدی خانی”، هەڵبەستوانی مەزن و بەناوبانگی کورد لە سەدەی ١٧ و هتد. مەلا مەحموود بایەزیدی بابەتێکی سەرنجڕاکێشی بەناوی “عادات و تقالید اکراد” نووسیوە کە باسی بیر و باوەڕەکانی کورد، هەر لە چۆنێتیی سازکردنی خانوو، یارییە نەتەوەیییەکان و موزیکەوە بگرە تا شێوازی کارە دەستییەکان و پیشە سەرەکییەکانی کورد، دەکات. مەلا مەحموود بایەزیدی هەروەها لەسەر داوای “ئا.د. ژابا”، شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسیی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ڕێزمانە کوردییەکەی “عەلی تەرەماخی” نووسیوەتەوە، هێندێک نوکتە و گاڵتە و چیرۆکی کورتی فۆلکلۆریی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، دەگەڵ گەلێک بەرهەمی دیکە. جگە لەوانە، مەلا مەحموود بایەزیدی هێندێک هەڵبەستی خۆی، یان کۆپییەکانی و وەرگێڕانەکانی، نە بەناوی خۆی، بەڵکوو بەنازناوی “فەقیر مەحموود ئەفەندی”، یان “حاجی مەحموود ئەفەندی”یەوە نووسیوەتەوە. بەگوێرەی “ئا.د. ژابا”، ئەو کارەی لەبەر ئەوە کردووە کە “نەکەوێتە بەر تانە و تەشەری پیاوانی ئایینیی موسڵمان کە بێگومان بەوە تاوانبار دەکرا کە موسڵمانێک بە فەرمانی ناموسڵمانێک، هەڵبەست و نووسراوەی بۆ وەرگێڕاوە و یان بۆی نووسیوە”.
لەنێو ئەوانەی یارمەتیی “ئا.د. ژابا”یان داوە، کەسانی دیکەش هەبوون، وەک: “شێخ نەزەر” کە گۆرانی و دەستنووسەکانی دیکەی نووسیوەتەوە، “مەلا مستەفا” کە دەستنووسەکەی “شێخی سەنعان” و “هەڵبەستی هەی ئاڤ و ئاڤ” و “زەنبیل فرۆش”ی نووسیوەتەوە، “مەلا مووسا هەکاری” کە بە داوای “ئا.د. ژابا”، بابەتی لە فارسییەوە وەرگێڕاوە، “محەمەد غەریب ئیبنی سەلمان” کە “مەم و زین”ی نووسیوەتەوە، “فەقیر مەحموود ئەفەندی” کە بە بۆنەی سەفەری “ئا.د. ژابا” و جێهێشتنیی تورکیا، هەڵبەستی “نۆبەرا بچووک”ی ئەحمەدی خانیی نووسیوەتەوە، هەروەها “فیرووز ئەفەندی”، “محەمەد مۆکسی”، “تەها حاجی عەبدولعەزیز”، “حەسەن حەکیم باشی”، “تاهیر ئیبنی عەباس ئەفەندی”، “فەیزوڵڵا” و کەسانی دیکەش یارمەتییان داوە، بەڵام هیچ لەبارەیانەوە نازانین و بێگومان بەبێ بەشدارییان، کۆکردنەوەی ئەو کۆ بەرهەمانە پێک نەدەهات.
لەنێو کۆکراوەکانی “ئا.د. ژابا”دا، گەلێک دەستنووسی گرانبەها لە بەرهەمەکانی هەڵبەستوانانی وەک “هەریس بدلیسی”، “سەلیم ئیبنی سلێمان”، دووڕفیشانی”، “ڕەمەزان”، “مورادخانی بایەزیدی” دەبینرێن کە بۆشاییی وێژەی کلاسیکی کوردییان پڕ کردووەتەوە. بە هۆی ئەو کۆدەستنووسانەوە دەرکەوتووە کە ڕەوتێکی وێژەییی بەربڵاوی کوردی هەبووە کە بە ئافراندنی بەرهەمگەلی وەک “لەیلی و مەجنوون”، “یۆسف و زوڵەیخا” و “زەنبیلفرۆش” خۆی پێشان داوە. “بەدرخان”، زانای بەناوبانگی کورد، پاش دیتنی کاتاڵۆگی ئەو دەستنووسانە، لە نامەیەکدا بۆ “م.ب. ڕودێنکۆ”، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاگای لە زۆربەی ئەو وێژە کۆن و نەناسراوانە نەبووە.
بە داخەوە “ئا.د. ژابا” مەودای ئەوەی پەیدا نەکرد تەواوی هێزی خۆی بۆ زانست تەرخان بکات. پاش دەست لە کار کێشانەوەی تەنیا چەند جارێک سەردانی ڕووسیای کردووە و پاشان گەڕاوەتەوە گوندی خۆیان لە ناوچەی “تڕۆیتسکی”، لە نزیک “ڤیلنۆ” کە تەنیا ١٢٠ دانیشتووی وەرزێری هەبووە و چەند مانگێک لەوێ ماوەتەوە (لەنێوان ساڵانی ٧٤-١٨٧٢دا، نزیک بە ٢٠ مانگ لەوێ ژیاوە) و دواتریش لە “سمیرنا” نیشتەجێ بووە، وەک لە نامەکانیدا دەردەکەوێ، لە ماوە مانەوەی لە گوندەکەیدا، تەنیا خەریکی کاروباری پێویستی ڕۆژانەی نێو ماڵێ بووە و کاتی بۆ بەدواداچوونی زانستی نەماوەتەوە. واتە چیتر درێژەی بە کاری کوردناسی نەداوە. لە نامەیەکدا بە ڕێکەوتی ٦ی مارچی ١٨٦٩، داخ لە دڵە بەو کاتە بەنرخانەی لە گوندەکەیدا لە دەستی داوە و خەریکی وەرگێڕانی “مێژووی نوێی کوردەکان” نەبووە کە لە “سیمرنا” جێی هێشتبوو و پێشتر پێشەکییشی بۆ نووسیبوو. “ئا.د. ژابا” لە نامەکانیدا، گەلێک جار تانەی لە خۆی داوە و دەڵێ بێهوودە ئەو هەموو کاتەی ژیانی بۆ پێداچوونەوە بەسەر فەرهەنگەکەیدا، بەفیڕۆ داوە. “سەرەڕای ئەو بێهیواییەی کە لە سان پیتەربوورگ تووشیان کردم، بەڵام من کۆڵم نەدا و درێژەم بە لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکانم دا”. “ئا.د. ژابا” لەماوەی سەردانەکانی بۆ ڕووسیا ئەوەندە سەرقاڵی کاروباری لێنەهاتووی ماڵێ بووە (خێزانێکی مەزنی هەبووە، بە ٧ منداڵەوە)، دەرفەتی بۆ دیدار دەگەڵ دۆستانی نزیک و هاوکاران و هاوپیشە کوردناسەکانی نەبووە. “ئا.د. ژابا” لە نامەیەکدا بۆ “ب.ئا. دۆڕن” کە بۆ دیدارێک بانگهێشتی کردبوو، سپاسی دەکات و دەڵێ: “من ناتوانم هیچ کاتێک دیاری بکەم، مادام کارەکانی گوندێم تەواو نەکردبێ”.
“ئا.د. ژابا” پەیوەندیی بەردەوامی دەگەڵ زانا ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیا، “ڤ.ڤ. ڤێلیامینۆڤ- زێرنۆف”، “ن.ئی. ڤیسیڵۆڤسکی”، “ب.ئا. ذۆڕن” و “پ.ئی. لێڕخ” هەبووە. “پ.ئا. چیخاچێڤ” لە ساڵی ١٨٥٨دا، سەردانی “ئا.د. ژابا” لە ئەرزەڕۆم دەکات و لەو بارەیەوە دەڵێ: “لێکۆڵینەوەکانی ئەو ڕۆژهەڵاتناسە زیرەکە لەو ڕەهەندەوە زۆر سەرنجڕاکێشن کە تاقە کەسێکە لەو سەردەمەدا سەرکەوتووانە خۆی خەریکی لێکۆڵینەوە لە زاری فرە کۆن و کەم ناسراوی کورد کردووە و توانیوێتی فەرهەنگ و ڕێزمانی ئەو زمانە پێک بێنێت؛ من قەبارەی دەستنووسەکانی ئەو کارانەیم بەچاوی خۆم دیت کە بڕیارە بەم زووانە چاپ بکرێن”. “پ.ئا. چیخاچێڤ” زۆری پێ سەیر بووە کاتێک لە زاری “ئا. ژابا”ی بیستوویەتی کە کورد وێژەی ڕەسەنی خۆی هەیە. “لە کتێبخانەکەی کۆنسوولی زانای ڕووسیایدا، یەک ڕەفی پڕ لە دەستنووسم بەرچاو کەوت و لە نێویاندا هۆنراوەی ئەڤینداریی “سیاکمەد و شەمسی” سەرنجی ڕاکێشام. بەڕێز ژابا بەدڵفرەوانییەوە نەک کۆپییەک لە وەرگێڕدراوە کوردییەکەی ئەو هۆنڕاوەیەی دامێ کە بۆخۆی پێداچوونەوەی وێژەییشی بۆ کردبوو، بەڵکوو کۆپییەکی ڕازاوەی دەقە ڕەسەنەکەشی پێشکەش کردم و ڕێگەشی پێ دام تاکوو ڕادەستی کۆمەڵەی ئاسیایی فەڕانسای بکەم کە بێگومان دەبێتە مایەی دڵخۆشیییان و کۆکراوە دەگمەن و بێهاوتاکانی دەستنووسە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئەو کۆمەڵەیە دەوڵەمەندتر دەکات”. “پ.ئا. چیخاچێڤ، دەستنووسی بە بێژەنووسییەوە دەگەڵ وەرگێڕدراوە فەڕانسییەکەی، چاپ و بڵاو کردەووەتەوە.
“ئا،ئۆ. مووخلینسکی”، پڕۆفیسۆری زانکۆی سان پیتەربوورگ هەر لە کۆنەوە پەیوەندیی دەگەڵ “ئا.د. ژابا” هەبووە و زۆر بە باشی ئاگاداری کارەکانی لە تورکیا بووە. “ئا.د. ژابا” لەبەر مەترسیی ون بوون و لەنێوچوونی دەستنووسەکان لە کاتی ناردنیان بۆ پیتەربووگ، لە ساڵی ١٨٥٩دا، لە ڕێگەی “ئا.ئۆ. مووخلینسکی”یەوە دەستنووسی ڕێزمانەکەی “عەلی تەرەماخی” ڕەوانەی پیتەربوورگ دەکات. پاشان “ئا.ئۆ. مووخلینسکی” چەندین جار دەستنووسە کوردییەکانی دەگەڵ خۆی لە تورکیاوە هێناوەتەوە ڕووسیا. کوڕی “ئا.د. ژابا”، “ئالفۆنس” کە لەلای “ئا.ئۆ. مووخلینسکی” لە زانکۆی سان پیتەربوورگ دەیخوێند، زۆر بەڕێکوپێکی وانەکانی مامۆستاکەی سەبارەت بە وێژەی عوسمانی نووسیوەتەوە کە ئێستاش لە ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد پارێزراون. “ئا.د. ژابا” لە ساڵی ١٨٦٩دا کاتێک لە “سمیرنا” “ئا.ئۆ. مووخلینسکی” سەردانی کردووە، زۆر بە تێڕادیوییەوە داوای لە مامۆستای کوڕەکەی کردووە ئەو بڕە پارەیەی کە کتێبخانەی گشتیی ئیمپراتووری بۆ کۆی دەستنووسەکانی بۆی تەرخان کردووە، بۆی وەربگرێ و بریکارنامەیەکی فەرمیی پێ داوە. “ئا.ئۆ. مووخلیسکی” ڕێنموونی “ئا،د، ژابا”ی کردبوو کە دەستنووسە کوردییەکانی کۆبکاتەوە و ساڵانە بۆ “ئا.ف. بچکۆڤ”، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کتێبخانە و ڕاگری بەشی دەستنووس و کتێبە کۆنەکانی ڕەوانە بکات. “ئا.د. ژابا” هیوادار بوو، کۆکراوە دەستنووسە کوردییەکانی کتێبخانەی گشتیی ئیمپراتووری پڕ بکات لەو دەستنووسانە، بەڵام بەداخەوە ڕێژەیەکی زۆری ئەو دەستنووسانە ڕەنگە لە ئەرشیڤەکەی لە “سمیرنا” بەجێ مابن.
سەبارەت بە دواین ساڵەکانی ژیانی “ئا.د. ژابا” هیچ زانیارییەکمان نییە؛ نامەکانی بۆ ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتووری لە ساڵی ١٨٨٠دا کۆتایییان پێ هاتووە (پاش چاپ و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی کوردی- فەڕانسی). وێدەچێ “ئا.د. ژابا” بەهۆی تەمەنییەوە وازی لە کاری زانستی هێنابێت. بەتایبەت، پاش کۆچی دواییی “ب.ئا. دۆڕن” و “پ.ئی. لێڕخ”، چیتر پەیوەندیی بە ئاکادێمیای زانستیی ئیمپراتوورییەوە نەگرتووە و ڕەنگە وەرگێڕانی “مێژووی نوێی کوردەکان”یشی هەر تەواو نەکردبێ.
“ئا.د. ژابا” لە ٣ی جەنیوەری ساڵی ١٨٩٤ لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا لە شاری ‘سمیرنا” لە کۆڕی دۆستانی نزیکیدا، کۆچی دوایی دەکات. پێش مردنی تکا لە خزمەکانی دەکات چاویان بە هاوسەر و منداڵەکانییەوە بێت، هەروەها ڕوو لەو خوشکە ڕەبەنەی دەکات کە پێی ڕاگەیشتووە و دەڵێ: “چاوت لێیە هاونیشتمانییەکەت چۆن لە وڵاتێکی بیانی کۆچی دوایی دەکات.”؛ دوایین داواشی لە منداڵەکانی ئەوە بووە کە لە ئاست ڕووسیادا بەئەمەک بن. هەواڵی کۆچی دوایی “ئا.د. ژابا” بەوپەڕی کەسەرەوە لە شاری “سمیرنا” دەنگی داوەتەوە. لە ڕۆژنامەکاندا، سەبارەت بە چالاکی و خزمەتەکانی کۆنسوولی پێشووی ڕووسیا گەلێک بابەت بڵاو بووەتەوە. بۆ نموونە نووسراوە: “ژابا یەکێک لە مرۆڤە هەرە درەوشاوەکانی سمیرنا بووە”. ڕۆژێک دواتر، بە بەشداریی کۆنسوولی گشتیی ڕووسیا، ئەفسەرانی کۆنسوولخانەی گشتی و کەسایەتییەکانی شار، ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ بە خاک سپاردنی بەڕێوە چووە. بە فەرمانی فەرمانداری ناوچەکە، بە ڕێوڕەسمی سەربازی، پێشوازی لە تەرمی کۆنسوولی پێشووی ڕووسیا لە تورکیا کراوە و بەماڵاواییی سەربازی بە خاک سپێردراوە.
“ئا.د. ژابا” بیرمەندێکی فرە زانا بووە، بە ئاخافتن و نووسین، دەسەڵاتی بەسەر گەلێک زمانی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتییەوە هەبووە، لەوانەش: زۆر بە باشی عەڕەبی، فارسی و کوردیی زانێوە. مرۆڤ سەری سوڕ دەمێنێ لەو توانا بەرفرەوانەی کە “ئا.د. ژابا” لە زماندا هەیبووە. جگە لەمە، “ئا.د. ژابا” بە کۆکراوەی سککەکانیشی بەناوبانگ بووە؛ هەروەها کۆمەڵێک میداڵیای زۆر بەنرخی کۆکردبوونەوە کە چەند ساڵێک پێش کۆچی دوایی، بە مۆزەخانەی پیتەربوورگی بەخشیوە.
چالاکییەکانی “ئا.د. ژابا”، وەک کۆنسوول، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، زۆر بەڕێز و پێزانینەوە هەڵسەنگێندراوە. بۆیە لە مانگی ئووتی ساڵی ١٨٤٦دا، بەبۆنەی ١٥ ساڵ خزمەتی بێ وچان و ئەمەکدارانەی، خەڵات کراوە. (دواتریش ٥ ساڵ بە ٥ ساڵ و بەبۆنەی ٢٠ و ٢٥ ساڵەی خزمەتەکانی، میداڵیای وەرگرتووە). لە مانگی جوونی ١٨٥٢یشدا، شایستەی وەرگرتنی میداڵیای پلە دووی “سەنت ئاننا”ی ئیمپراتووری بووە. لە مانگی جەنیوەری ساڵی ١٨٥٨، سوڵتانی تورک بە بۆنەی خزمەتی پاک و بێگەردی وەک کۆنسوولی ڕووسیا، مێداڵیای “مەجیدی”ی پلەی سێی پێ بەخشیوە؛ لە مانگی جەنیوەری ساڵی ١٨٦٥یشدا، بە بۆنەی خزمەت و ئەمەکداریی بۆ فەڕانسا، میداڵیای “لێژیۆن دوێنێر”، بەرزترین نیشانی فەڕانسای وەرگرتووە. “ئا.د. ژابا” پاش خانەنشین بوونی، ڕێگەی پێ درابوو بە جلوبەرگی فەرمیی دوایین پۆستی، دەرکەوێ.
ناوی “ئا.د. ژابا” وەک کۆکەرەوەی ماندوویی نەنانسی دەق و بەڵگە کولتوورییەکانی کورد، بۆ هەمیشە چووەتە نێو مێژووی کوردناسانی ڕووسیاوە. ئەو بابەتانەی کە “ئا.د. ژابا” نووسیونی، هەنووکە بوونەتە کەرەسەی بنەڕەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە زمان و ئێتنۆگرافیی کورد. فەرهەنگە کوردی- فەڕانسییەکەی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ (تاکوو ساڵی ١٩٦٠ و دەرکەوتنی فەرهەنگەکەی “ک.ک. کوردۆیڤ”)، تەنیا سەرچاوەی بەردەستی ئێمە بووە بۆ زمانی کوردی. بە بێ کۆمەڵە کۆکراوە گرانبەهاکانی “ئا.د. ژابا”، ئێمە هیچ دەستنووسێکی کوردیمان لەبەر دەستدا نەدەبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە وێژە، فۆلکلۆر، زمان، ئێتنۆگرافی و مێژووی کورد. کوردناسیی نیشتمانیی ئێمە هەمیشە دەینداری “ئا.د. ژابا”یە بۆ ئەو بابەتە دەوڵەمەندانەی کە بۆمانی بەجێهێشتووە.



پەراوێز

1 لە زۆربەی نووسراوە کوردییەکاندا بە "ئەلێکساندر ژابا" ناو براوە.- وەرگێڕ.
2 [بێجگە لە] کورتە زانیارییەک سەبارەت بە ئا.د. ژابا، لەو بەرهەمانەدا: م.ب. ڕودێنکۆ، کۆزانیاری سەبارەت بە دەستنووسە
کوردییەکانی "کۆکراوەکانی لێنینگراددا"، مۆسکۆ، ١٩٦١، ل. ٣؛ ئەحمەد خانی. مەم و زین. دەقی ڕەخنەیی، وەرگێڕان، پێشەکی
و خشتەی ناوەکان، م.ب. ڕودێنکۆ. مۆسکۆ، ١٩٦٢، ل. ٦؛ لە وتاری: ک.ک. کوردۆیڤ "ئا.د. ژابا و دەوری لە گەشەسەندنی
کوردناسیدا. – [گۆڤاری] ڕێیا تازە. یەرەڤان، ١٠/٠٢/١٩٧٣ (بەزمانی کوردی)،
3 پێش ساڵی ١٩١٨، "ڤیلنا"؛ لە ١٩١٩- ١٩٣٩، "ڤیلنا"؛ دواتر بووەتە "ڤیکنۆس"، ئێستا پایتەختی وڵاتی سەربەخۆی "کۆماری
لیتوانیا"یە.- وەرگێڕ.
4 ئەرشیڤی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا، فۆندی ДЛС، ХД، لیستەی ٤٦٤، تاقە دەق ١٣٣٠، ل. ٢. لە درێژەی ئەو وتارەدا بۆ
زانیارییەکانی ژیانی ئا.د. ژابا، کەڵک لە ڕۆژنامەی "Courrler da Smyrne". ١٠/٠١/١٨٩٤، ل.١، وەرگێراوە کە لە ئەرشیڤی بەشی
ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد ، ڕەفی ٣، لیستەی ١، تاقە دەق ١١، پارێزراوە.
5 ئەرشیڤی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا، فۆندی ДЛС، ХД، لیستەی ٤٦٤، تاقە دەق ١٣٣٠، ل. ٢.
6 لە دەقەکەدا Драгоман (dragoman) هاتووە کە هەمان "ترجمان"ی عەرەبی‌یە و لە سەردەمی عوسمانیدا، لە زمانە
ڕۆژاواییەکاندا، بۆ وەرگێڕی نوێنەرانی وڵاتانی ڕۆژاوایی بەکار هاتووە و باو بووە.- وەرگێڕ.
7 بە یونانی "سمیرنی"، ناوی پێشووی شاری "ئیزمیر"ی تورکیا و شارێکی کەوناری یۆنانی بووە کە شوێنەوارە وێرانکراوەکەی
کەوتووتە نزیک شاری "ئیزمیر"ی تورکیا، ناوی "ئیزمیر"یش هەر بەگوێرەی ئەو ناوەوە هاتووە.- وەرگێڕ.
8 ١٩٧٩-١٨٥٨ Wassili Ossipowitsch Bebutow.- وەرگێڕ.
9 هەر لە کۆنەوە و لە سەردەمی عوسمانیدا، لە ڕووسیا ئەو وڵاتە بە "турция تورتسیا"، واتە تورکیا، ئاماژەی پێ کراوە، ئەوەش لە
واتای پۆلەنیی " Turcjaتورتسیا"وە وەرگێراوە کە ئەوەش بە زمانی لاتینیی نوێ، بە دەوڵەتی عوسمانی گوتراوە (سەرچاوە: واتا
جوگرافییەکانی جیهان. فەرهەنگی تۆپۆنۆمی، مۆسکۆ، ٢٠٠٢، ل. ٥١٢) .- وەرگێڕ.
10 ١٨٠٥-١٨٨١ Johannes Albrecht Bernhard Dorn ئاڵمانی، ڕۆژهەڵاتناس، مێژوونووس، ئێرانناس، زمانناسی زمانە
سامییەکان، ئەندامی ئاکادێمیای زانستیی ئیمپڕاتوریای ڕووسیا.- وەرگێڕ.
11 ١٨٢٨-١٨٨٤ Peter Ivanovich Lerch ڕۆژهەڵاتناس، شوێنەوارناس. پەڕتووکناس و سکەناسی ڕووس کە لێکۆڵینەوەکانی
سەبارەت بە زمانی کوردی بەناوبانگن- وەرگێڕ.
12 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، ف. ٧٧٦، لیس. ٢. ژمارە ٩٠، ل. ٤.
هەروەها: نامە وەرگێڕدراوەکانی ئا.د. ژابا لە زمانی فڕانسیییەوە، مووسایلییان.
13 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، ف. ٧٧٦، لیس. ٢. ژمارە ٩٠، ل. ٧- ٨.
14 ئەو دابەشکردنە یەکەم جار لە لایەن سیبوەیە بۆ زمانی عەرەبی دانراوە کە هەمان "نەحو"ە و ڕستەی بە "اسم"، "فعل" و
"حرف" دابەشکردووە.- وەرگێڕ.
15 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد ، ف. ٧٧٦، لیس. ٢. ژمارە ٩٠، ل. ٩.
16 ئەرشیڤی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا، فۆندی ДЛС، ХД، لیستەی ٤٦٤، تاقە دەق ١٣٣٠، ل. ٥٢.
17 Transcription.- وەرگێڕ.
18 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، ڕەفی ١، لیستەی ٦، تاقە دەق ٧٨(a)،
ل. ٢.
19 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد ، ف. ٢، لیس. ١٨٦٥-١، ژ. ٢٠، ل. ٢٢.
20 نڤیسیار= ڕێداکتۆر .- وەرگێڕ.

21 A.Jaba. Bacuail'de noticaa et recita kourdes. S.-Pbg., I860, 168 p.
22 ١٨٥١- ١٨٥٨ John George Taylor، کارمەندی "کۆمپانیای هیندی شەرقی" و کۆنسوولی بەریتانیا بووە لە بەسرە، هەروەها
کونسوولی گشتیی بووە لە کوردستان. لە ساڵی ١٨٥٩ لە دیاربەکر و ئەرزەڕۆم ژیاوە. لە ساڵی ١٨٦٦، یەکەم بیانی بووە کە
ڕێگەی پێ دراوە سەردانی درسیم بکات. دەیان بابەتی سەبارەت بە گەشتەکانی لە کوردستان، لە گۆڤاری Journal of the Royal
Asiatic Societyدا، بڵا کردووەتەوە.- وەرگێڕ.
23 ئەرشیڤی کتێبخانەی گشتیی دەوڵەتی بەناوی م.ی. ساڵتیکۆڤ- شێدرینا، ف. ١- ساڵی ١٨٦٨، دۆسیەی ژ. ١٦، سەبارەت بە
دەوڵەتیکردن و ڕادەستکردنی کۆکراوەی دەستنووسە کوردییەکانی ژابا، ڕاوێژکاری کارای دەوڵەت، بە کتێبخانەی گشتیی، ل.١.
24 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، ف. ٢، لیس. ١٨٦٥، ژ. ٢٠، ل. ٦.
25 هەمان. ف. ٢، لیس. ٢، ژ. ٩٠، ل. ١١.

26 هەمان.
27 هەمان. ف. ٢، لیس. ١٨٦٥-١. ژ. ٢٠، ل. ٥.
28 هەمان.
29 هەمان. ل. ٨.
30 هەمان. ل. ٦.
31 هەمان. ل. ٨.
32 هەمان. ف. ٧٧٦، لیس. ٤. ژ. ٧.
33 لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتوریای تێزاری ڕووسیادا، بەرپرسان و فەرمانبەرانی باڵای دەسەڵات بە ١٤ پلە پۆلێنبەندی
کرابوون کە باڵاترینیان پلەی یەکەم بووە. "ڕاوێژکاری کارای دەوڵەت" پلەی چوارەمی هەبووە.- وەرگێڕ.
34 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، ف. ٧٧٦، لیس. ٢، ژ. ٩٠، ل.١٢.
35 هەمان.
36 هەمان. ف. ٢. لیس. ١٨٦٥-١، ژ. ٢٠، ل. ٥٢- ١٠١.
37 هەمان. ف. ٧٧٦، لیس. ٤. ژ. ١٠، ل. ٢.
38 هەمان.
39 سەبارەت بەو هەڵبەستەی مەلا مەحموود بایەزیدی، بڕوانە: وتاری ی.ئی. ڤاسیلیێڤا "بەرهەمێکی ونبوو سەبارەت بە مێژووی
کوردستان". – [گۆڤاری] یادگارییە نووسراوەکان و پرسەکانی مێژووی کولتووریی گەلانی ڕۆژهەڵات بەشی ٣، ١٩٦٧، ل. ٨- ١٠.
40 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، ف. ٧٧٦، لیس. ٤، ژ. ١٠، ل.٢.
41 هەمان. ف. ٢، لیس. ١٨٦٥، ژ. ٢٠، ل. ١٨.
42 هەمان. ل. ١٠٧.
43 هەمان. ل. ٢٣.
44 هەمان.
45 هەمان.
46 هەمان.
47 هەمان. ل.١٨.
48 هەمان. ل. ٢٦.
49 هەمان. ل. ٢٥.
50 هەمان. ل. ٢٠.
51 هەمان. ل. ١٨.
52 vowel length.- وەرگێڕ.
53 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، ف. ٧٧٦، لیس. ٤، ژ. ١٠، ل. ٢١.
54 هەمان. ل. ١٩.
55 Ferdinand Justi 1837- 1907 زمانەوان، زمانناس، ڕۆژهەڵاتناس، هونەرمەندی ئاڵمانی و مامۆستای زانکۆی ماڕبوورگ.-
وەرگێڕ.

56 A.Jaba. Bictionnalre kuirde- français. . S.-Pbg., 1879, 463 p.
57 ئەرشیڤی کتێبخانەی گشتیی دەوڵەتی بەناوی م.ی. سالتیکۆڤ- شێدرینا، ف. ١، ساڵی ١٨٦٨- ١، دۆسیەی. ژ. ١٦ سەبارەت
بە دەوڵەتیکردن و ڕادەستکردنی کۆکراوەی دەستنووسە کوردییەکانی ژابا، ڕاوێژکاری کارای دەوڵەت، بە کتێبخانەی گشتیی، ل.١.
58 بۆ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە ڕادەستکردنی کۆکراوەی دەستنووسە کوردییەکان، بڕوانە وتاری ژ.س. مووسائیلییان "مێژووی
کۆکراوەی دەستنووسە کوردییەکانی کتێبخانەی گشتیی دەوڵەتی". گۆڤاری "یادگارییە نووسراوەکان و پرسەکانی مێژووی
کولتووریی گەلانی ڕۆژهەڵات" ١٩٩٠، بەشی ٢٣، ل. ٦٣- ٧٠.
59 ڕاپۆڕتی کتێبخانەی گشتیی دەوڵەتی بۆ ساڵی ١٨٦٨، سان پیتەربوورگ، ١٨٦٩، ل. ١٥٩- ١٦٧.
60 م.ب. ڕودێنکۆ کۆکراوەکەی ئا.د. ژابا (دەستنووسە کوردییەکان) بەرهەمەکانی کتێبخانەی گشتیی دەوڵەتیی بەناوی م.ی. م.ی.
ساڵتیکۆڤ- شێدرینا. لێنینگراد، ١٩٥٧، بەرگی ٢، ل. ١٦٥- ١٨٤؛ زانیاری سەبارەت بە دەستنووسە کوردییەکانی کۆکراوەکانی
لێنینگراد. مۆسکۆ، ١٩٦١، ل. ١٢٤.
61 م.ب. ڕودێنکۆ. زانیاری سەبارەت بە دەستنووسە کوردییەکانی … ل. ١١٤.
62 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، ف. ٧٧٦، لیس. ٢، ژ. ٩٠، ل.١٤- ١٥.
63 هەمان. ل. ١٦.
64 پ.ئا. چیخاچێڤ. نامەگەلێک سەبارەت بە تورکیا. مۆسکۆ، ١٩٦٠، ل. ٣٧.
65 "سیاکمەد" هەڵەی دەقە ڕووسییەکەیە. "سیامەند" ڕاستە و "شەمسی"، "شەمسێ"یە. مەلا مەحموودی بایەزیدی لە کتێبی
"چل حیکایەت" و لە "حیکایەتا سێزدێ"دا، باسی تراژێدیای ئەڤینداری "سیامەند و شەمسێ" دەکات و لە کۆتاییدا دەڵێ
"ئستران ل وان گرێدایە و ئەلئان ئەو ئستران و قسسەیا وان دنێڤا ئەکرادان دا مەشهوورە و حیکایەت خوانێد د مەجلساندا نەقل
دەکەن. لاکین ئسترانێد وان ژی دەگەل دەبێژن قەوی زێدە حەزینە و گریێ مرۆڤان تێنن" (حیکایەتا سێزدێ – چل حیکایەت
(vejin.net)).- وەرگێڕ.
66 پ.ئا. چیخاچێڤ. نامەگەلێک سەبارەت بە تورکیا. مۆسکۆ، ١٩٦٠، ل. ٣٧.
67 (A. Jaba) Ballade kurde recueillie et traduite par A.Jaba et communiquée par de Tchihatchaff. – Journal Asiatique.
1859, 5 sér, t. XIV , p. 153-166.
68 ئەرشیڤی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیەت لە لێنینگراد، بەشی ٣، لیس. ١، تاقە دەق ١١، ل. ١.