ئارامتر بخوێنەوە!

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ: تێگەیشتن لە دەوری مێدیای دیجیتاڵ لە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی «نوێ»

سابینا میخایلی، سێزار خیمێنێز-مارتینێز

و: کەمال حەسەنپوور



کورتە

لە کاتێکدا کە تەکنەلۆجیا دیجیتاڵەکان لە سەرەتادا وەک ڕێخۆشکەری بە جیهانییبوون و دنیانیشتمانی سەیر دەکران، زانایان بە شێوەیەکی پەرەئەستێن دان بە دەوری ئەوان لە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزمی کۆنەپارێدا دەنێن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرز بوونەوەی ئاستی خوازیاری، لانیکەم دوو پرسیار بێ وڵام دەهێڵێتەوە. پێش سەرهەڵدانی دووبارەی، ناسیۆنالیزم لە کوێ بوو؟ ئاخۆ شێوازەکانی هەنووکەی ناسیۆنالیزم لە ئەوانی پێشووتر جیاوازن و دەکرێ ئەو جیاوازییانە بە تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵەکانەوە گرێ بدرێن؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، ئێمە باسی گرینگیی تێگەیشتن لەو بوارە کەمتر دیارانە دەکەین کە بە هۆی ئەوانەوە تەکنەلۆجیا دیجیتاڵەکان، هەستی گرێدراویی ئێمە بە دنیای نەتەوەکانەوە بەرهەم دەهێننەوە. ئێمە باسی سێ مێکانیزیمی ئەوتۆ دەکەین: شێوازی دروست بوونی سیستەمی نێوی دۆمێنەکانی ئینتەرنێت، لاسەنگیی ئەلگۆریتمەکانی کەڵک لێ وەرگیراو لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و دروست بوونی ئێکۆسیستەمە دیجیتاڵییە نەتەوەیییەکان. دواتر، ئێمە لە سێ تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمی سەردەم دەکۆڵینەوە کە بەشێکی دەکرێ بە ئاڵوگۆڕی ئەو دوایییانەی ئێکۆلۆژیی پەیوەندیگرتنی جیهانییەوە گرێ بدرێ: فرەچەشنی، کەرت کەرت بوون و بەکاڵاکردن. ئێمە بە لەبەرچاو گرتنی ئاسەوارەکانی شێکاریی خۆمان لە سەر داهاتووی توێژینەوە لەو بوارەدا، کۆتایی بە وتارەکەمان دێنین.
وشە سەرەکییەکان
پەیوەندیی، مێدیای دیجیتاڵ، ئینتەرنێت، نەتەوە، ناسیۆنالیزم، مێدیای کۆمەڵایەتی



پێشەکی

ڕووداوی وەک برێگزیت [چوونە دەری بریتانیا لە یەکیەتیی ئەورووپا] لە بریتانیا و هەڵبژێرانی دۆنالد تڕامپ لە وڵاتە یەکگرەتووەکان، هەروەها سەرکەوتنی ڕێبەرە ناسیۆنالیستە دەنگ بەرز و دژە کۆچبەرەکان لە شوێنی دیکەی دنیا، بەشێکی زۆر لە شرۆڤەکارانی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایە کە سەردەمێکی نوێی پۆپۆلیزم، ناسیۆنالیزمی “نوێ” و ملهوڕیی نوێ بەڕێوەیە و نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەمەڕ داهاتووی لیبراڵ دێموکراسی دەردەبڕن (بۆ وێنە، ئیتوێڵ & گودوین، ٢٠١٨؛ گودهارت، ٢٠١٧؛ نۆریس & ئینگلهارت، ٢٠١٩). مێدیای دیجیتاڵ پەیتا پەیتا وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لەو “گەڕانەوە” ئاشکرایەی ناسیۆنالیزم سەیر دەکرێ، کە شانبەشانی چەند فاکتەری چوارچێوەیی، لە قەیرانی ئابووریی ٢٠٠٨ و هەنگاوەکان بۆ زێدەپاشەکەوتی دارایی کە لەو سۆنگەیەوە ڕەچاو کران ڕا بگرە تا ئاڵوگۆڕە دێموگرافی و کولتوورییەکانی پەیوەندیدار بە کۆچبەرییەوە. بە گوێرەی ئاکامەکانی توێژینەوە، ئینتەرنێت دەورێکی سەرەکیی لە ستراتێژییەکانی پەیوەندیگرتنی ڕێبەرە پۆپۆلیستەکان و حیزبەکان لە سەرانسەری دنیادا هەیە، کە بۆ بڵاو کردنەوەی ئاخاوتنە ناسیۆنالیستییەکانیان و بڕەو دان بە ڕوانگە دژە کۆچبەر و دژە لیبراڵەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن (بۆ وێنە، ئالڤارێز & دالگرێن، ٢٠١٦؛ ئەنگەسەر، ئەرنست، & بوچەل، ٢٠١٧؛ فاچس، ٢٠٢٠؛ پاجنیک & ساور، ٢٠١٨؛ وایسبۆرد & ئامادۆ ٢٠١٧). بە تایبەتی لە ڕووداوە جیهانییە سەرەکییەکاندا، لە گشتپرسیی بریتانیا لەمەڕ یەکیەتیی ئەورووپا تا هەڵبژاردنی دۆنالد تڕامپ وەک سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، پلاتفۆرمەکانی سۆسیال مێدیا بە بەهێزتر کردنی هەستی نەتەوەپەرستی و ورووژاندنی ناسیۆنالیزمی خێڵەکی تاوانبار کراون (کرایس، ٢٠١٧)، تا هەڵبژاردنی ئەندۆنێزیا (لیم، ٢٠١٧)، هەڵمەتی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە لایەن خایر بۆلسۆنارۆ لە برازیل (دەیڤیس & شتراوبهار، ٢٠٢٠). دەوری تەکەنەلۆجیا دیجیتاییەکان لە هاندانی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی جەماوەری و كڕیاری، بە تایبەتی لە چین، سەرنجی بەرچاوی لێکۆڵەرانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە (جیانگ، ٢٠١٢؛ شنایدەر، ٢٠١٨؛ وو، ٢٠٠٧).
گرنگیدانی پەرەئەستێن بە دەوری تەکنەلۆجیای پەیوەندیگرتن لەسەر نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم، بێگومان ئەرێنییە و ئاڵوگۆڕێکی باشە لە مشتومڕەکانی پێشوو کە مێدیای دیجیتاڵی پێش هەموو شتێک وەک ڕێخۆشکەری پەیوەندییە جیهانییەکان و گرێدراوی بە دنیانیشتمانیی سەیر دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا پەرە گرتنی ئەو دواییانەی سەرنجدان بە ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ وێدەچێ بەر لە هەموو شتێک جەخت بکاتە سەر شێوە ئاشکرا، سۆزدارانە و تەنانەت پڕ لە نەفرەتەکانی ناسیۆنالیزم و نیشاندانی ئەوە کە ئەو شێوە ناسیۆنالیزمە بە ڕاستی لە ژینگەی دیجیتاڵدا گەشە دەکا و لە لایەن تایبەتمەندییە دیارەکانی مێدیای دیجیتاڵەوە برەوی پێ دەدرێ، وەک بەستراوەیی بە بەشداریی بەکارهێنەرانی، یان دروستبوونی ئەو بڵق فیلتەرانەن [بڵق فیلتەر = بەو دۆخە دەڵێن کە بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت تووشی دەبێ و لەویدا تەنیا زانیاری و بۆچوونی وەک هی خۆی دێتە بەرچاو. هۆیەکەی ئەلگۆریتمی کامپیوتەرین کە ئەزموونی سەرهێڵی تاکەکان بە هۆی گوڵبژێر کردنی بابەتەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ سەلیقە و بیر و بۆچوونی ئەوان بینەوە، سنووردار دەکا. و.]. لە کاتێکدا کە ئەوە بێ گومان بەنرخە، ئەو جەخت کردنەوەیە لانیکەم دوو پرسیاری گرینگ بێ جواب دەهێڵێتەوە. یەکەم، پێش “سەرهەڵدانەوەی” ئاشکرای ناسیۆنالیزم، ئەو لەکوێ بوو؟ دووهەم، ئاخۆ شێوە سەردەمییەکانی ناسیۆنالیزم، لە شێوە مێژوویییەکانی پێش خۆی جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە، و ئەگەر وایە، ئەو جیاوازییانە ئاکامی ئێکۆلۆجیای پەیوەندیگرتنی دیجیتاڵیی نوێن؟
وڵامی ئەو پرسیارانە دەخوازێ کە لێکۆڵینەوەی خۆمان لەسەر ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ بە دوو شێوە چڕ بکەینەوە. یەکەم، ئێمە پێویستە لە لێکۆڵینەوەی هەرە بەرچاو و سۆزدارانە لەمەڕ ناسیۆنالیزمی سەرهێڵ تێپەڕین و تێبگەین کە چۆن ئەوانە پەیوەندییان بەو شێوازە ئاسایی، ساکار و تەقریبەن نادیارانەوە هەیە کە تەکنەلۆجیا دیجیتاڵەکان هەستی گرێدراویی ئێمە بە دنیای نەتەوەکانەوە بەرهەم دێننەوە. هەر وەک لە بەشی یەکەمی ئەو وتارەدا ئاماژەی پێ دەکەین، ئەو هەڵوێستە پێویستە ئەو گریمانەیە کە شەپۆلی هەنووکەییی ناسیۆنالیزم بە تەواوی “تازەیە” وەلا بنێ. لە جیاتی ئەوە، ئێمە لە پێشدا پێویستیمان بە دەستنیشان کردن و لێکۆڵینەوە لەو میکانیزمانەیە کە بە گوێرەی ئەو، مێدیای دیجیتاڵ یارمەتی بە دیسان بەرهەم هێنانەوەی شێوەی ساکار، ئاسایی یان “تەریک خراوەی” ناسیۆنالیزم دەکا (بیلیگ، 1995؛ فاکس & میللەر-ئیدریس، ٢٠٠٨؛ مالێسێویچ، ٢٠١٩؛ سکەی & ئانتۆنیش، ٢٠١٧). لەو وتارەدا، ئێمە بە کورتی باسی سێ مێکانیزم، شێوەی داڕشتنی پلەی هەرە سەرووی دۆمێنەکانی ئیتەرنێت، لاگریی ئالگۆریتمەکان و شێوەی ئێکۆسیستەمی دیجیتاڵیی نەتەوەیی دەکەین و بۆ نیشاندانی ئەوانە کەڵک لە نموونەی توێژینەوەی بەردەست وەردەگرین.
ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە، بە هۆی ئەو مێکانیزمانەوە، ناسیۆنالیزم لە فۆرمی ساکار و ئاساییی خۆیدا هەرگیز لە مێدیای پەیوەندیگرتنی ئێمە هەڵنەبڕا، بەڵکو تەنیا “بەڕۆژ” کرایەوە تا خۆی لەگەڵ سوودە تایبەتییەکانی ژینگەی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان بگونجێنێ. ئەو شێوە ساکار و ئاسایییە کە بە شێوەی دیجیتاڵیی بەڕۆژکراوە، ژینگەیەکی بەپیت بۆ “سەرهەڵدانەوە”ی ناسیۆنالیزم یان بە شێوەیەکی وردتر، بۆ بڕەودان و بڵاوکردنەوەی شێوەکانی بەرچاوتر و تایبەتیتری ناسیۆنالیزم، دەستەبەر دەکا،.
دووهەم، لە کاتێکدا کە سەرهەڵدانی شێوەکانی بەرچاوتر و تایبەتیتری ناسیۆنالیزم بە تەنیا بەرهەمی مێدیای دیجیتاڵ نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا گرینگە کە سەرنج بدەینە ئەو پرسە کە ئاخۆ ئێکۆلۆجیای پەیوەندیگرتن، یارمەتیی گۆڕینی ناسیۆنالیزمیان بە شێوەیەکی بەرچاو کردووە؟ ئێمە بەڵگە دێنینەوە کە مێدیای دیجیتاڵ و بەتایبەتی تەشەنە کردنی پلاتفۆرمەکانی دیجیتاڵ، بە ڕاستی لە دروست بوونی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵیی نەتەوەکان بە چۆنایەتییەکی جیاواز لە هی ئەوانی پێش خۆیانەوە دەوریان هەبووە. ئێمە شرۆڤەی سێ ئاڵوگۆڕی لەو شێوەیە دەکەین: فرەچەشنی، جەمسەرگری و بەکاڵا کردن.
یەکەم، سوودەکانی بەشداریکارانەی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵ ڕێگای بە ڕێژەیەکی زۆرتر لە چالاکان داوە تا یارمەتیدەری پەیوەندیگرتنی جەماوەری بن، بەو هۆیەوە بیری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی فرەچەشنتر بەڵام لە هەمان کاتدا پێشبینی نەکراوتر کردووە. دووهەم، ئەو فرەچەشنییە شانبەشانی کەرت کەرت بوونی زۆرتر و جەمسەرگریی بیری نەتەوەیی چۆتە پێش، بە تاک و تاقمی ئەوتۆ کە لە دەوری شێوازی “دانسقەی” پێناسەی نەتەوەیی کۆ دەبنەوە، و هەر وەها ورووژاندنی شێوەی توندئاژۆیانەی ناسیۆنالیزم. سێهەم، ئابووریی سیاسی هەنوکەییی پلاتفۆرمە دیجیتاڵەکان بەو مانایەیە کە لە بواری سەرهێڵ، نەتەوەکان هەر دێت و زۆرتر وەک کۆمەڵگەی کڕیاران بیریان لێ دەکرێتەوە و پەیوەندییان پێوە دەگیرێت، ڕەوتێک کە بەڵگەکانی گەشەی ئابووری و ناسیۆنالیزمی کڕیاران و نەریتی پۆلێن کردنی نەتەوەن. لە بەشی دووهەمی وتارەکەدا، باسی هەرکام لەو ئاڵۆگۆڕانە بە هێنانەوەی ژمارەیەک نموونە لە توێژینەوەی بەردەست و لێکۆڵینەوەکانی خۆمان دەکەین. ئەوە گرینگە کە ڕوونی بکەینەوە کە ئەو ئاڵوگۆڕانە ناتوانن تەنیا بە ئاڵۆگۆڕی تەکنەلۆجیاوە گرێ بدرێن. فاکتەرەکانی هەلومەرج لە ئەورووپا، چین، وڵاتە یەکگرتووەکان و شوێنی دیکە هەموو دەوری گرینگ دەگێڕن و مێدیای دیجیتاڵ دەتوانن و دەبێ بە شێوەگەلێک کەڵکیان لێ وەرگیرێت کە بەرەنگاریی لۆژیکی ناسیۆنالیزم بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەی پێویست بۆ پشتگیریی لەو ئیددیعایە لە بەر دەستدان کە ئاڵوگۆڕەکانی ئێکۆلۆژیی پەیوەندیگرتن بۆخۆیان هێندە گرینگن کە سەرنجیان پێ بدرێ. ئێمە وتارەکە بە لەبەرچاوگرتنی گرینگیی بەڵگەهێناوەکانمان بۆ توێژینەوەی زیاتر لەو بوارەدا کۆتایی پێ دێنین.


٢. مێدیای دیجیتاڵ و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی “نوێ”

توێژینەوەی بەردەست ژمارەیەک شیکردنەوە بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و پاشکەشەی پەیوەندیداری لیبرالیزم پێشکەش دەکا، لە ناویاندا ئاڵوگۆڕی دێموگرافی، نەبوونی ئاسایشی ئابووری بە هۆی تێکەڵاوێک لە ئاسەواری دۆخی نزمی ئابووری و سیاسەتی زێدەپاشەکەوتی ئابووری، کەلێنی ئایدیۆلۆجیاییی نێوان براوەکان و دۆڕاوەکانی کرانەوەی ئابووری و کولتووری و ئاکامی “شکشتی کولتووری” لە ناو کەرتە پەرە ئەستێنەکانی جەماوەر بە گشتی (بۆ وێنە، ئیتوێڵ & گودوین، ٢٠١٨؛ هاکەر، ٢٠٠٦؛ کاوفمەن، ٢٠١٨؛ نۆریس & ئینگلهارت، ٢٠١٩؛ پیکەتی، ٢٠١٤). ئەو ئاڵوگۆڕانە بێگومان بە شێوەی جیاواز کاریگەرییان لەسەر دروست بوونی دۆخی لەبار بۆ تەشەنە کردنی پەشێوی لەمەڕ ئاسایشی نەتەوەیی، بۆ بڵاو کردنەوەی دوژمنایەتی دژی خەڵکی بیانی و بۆ پێشوازیی جەماوەر لە بۆچوونی “لەپێشدا نەتەوەی ئێمە” وەک زامنی سەقامگیری، هەبووە. ئەوەی لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانە تێک هاڵاوە، دەوری مێدیا و ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن لە بڵاو بوونەوە و خوازیاریی پۆپۆلیزمی کۆنەپارێز و شێوەی ئاخاوتنی ناسیۆنالیستی، سەرنجی بەشێکی زۆر لە زانایانیش بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. هەر وەک ژمارەیەک نووسەر سەرنجیان داوەتێ، دەڵێن مێدیای دیجیتاڵ و بە تایبەتی پلاتفۆرمەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، پاڵنەری پەرتەوازەییی وتووێژی جەماوەریی بە هۆی دروست کردنی “بڵق فیلتەر”ی پشت ئەستوور بە ئەلگۆریتمن (کاردێنال، ئاگیلار-پارێدێس، گالای، & پێرێز-مۆنتۆرۆ، ٢٠١٩؛ پاریسەر، ٢٠١١) و “ژوورەکانی زایەڵە” [ژووری زایەڵە بەو دۆخە دەڵێن کە بۆچوونەکان لە نێو بازنەیەکی داخراو لە بەشداراندا بە هۆی دووپات بوونەوە بەهێزتر دەبن و پێداگرییان لەسەر دەکرێ. و.] (دوبوا & بلانک، ٢٠١٨؛ داتۆن، رایسدۆرف، دوبوا، & بلانک، ٢٠١٧) بەڵام بە هەمان شێوە بوونە هۆی پەرە ئەستاندنی بێڕێزی بە بۆچوونی جیاواز، سینگفراوانی بەرانبەر بە شێوە ئاخاوتنی ناسیۆنالیزمی تایبەتی و بە شێوەی گشتیتر وتاری نەفرەتاوی و هەر وەها مەیلی توندئاژۆیی (سانشتاین، ٢٠١٧). لە هەمان کاتدا سروشتی بەشدارانەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال مێدیا، کاری تاک و تاقمەکانی بۆ گەیاندنی ڕوانگەی توندئاژۆیانە و زانیاریی هەڵە کە ‘پشتگیری لە بڵاو کردنەوەی ئایدیۆلۆجیای [ناسیۆنالیستیی] ڕاستی تووندڕەوی هاسان کردووە (فاچس، ٢٠٢٠، لاپەڕەی ٢٤٨؛ هەروەها بڕوانە نیکۆلس، ٢٠١٧؛ راجێکی & مەراز، ٢٠١٦).
بۆ زانایانی بواری ناسیۆنالیزم، هەر وەها بۆ زانایانی مێدیا و پەیوەندیگرتن کە حەزێکی درێژماوەیان لە ناسیۆنالیزمە، ئەو بەڵگە هێنانەوانە جێگای سەرسوڕمان نین. نزیکەی دوو دەیە لەمەوبەر، هالاوایس (٢٠٠٠) نیشانی دا کە سنوورە نەتەوەیییەکان لە تۆڕی جیهانیی ئینتەرنێتدا بەردەوامن، و ئاشکرای کرد کە بەشی هەرە زۆری ماڵپەڕەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە جیاتی بەستەری ماڵپەڕی ئەودیوی سنوور، بەستەری ئەو ماڵپەڕانەیان تێدان کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانن. لەو گۆڤارەدا، ئێریکسێن (٢٠٠٧) بە هەمان شێوە لە وتارێکدا دژی ئەو بیرۆکەیە دوا کە خەسڵەتی نەبەستراوەییی دنیای ئینتەرنێت بە خاکەوە دەبێتە هۆی هەستێکی هاوبەش لە شوناسی نەتەوەیی و سەرەنجی خوێنەری بەرەو بەڵگە لە ژمارەیەکی زۆر نەتەوە، لە تامیلی سریلانکا تا ئەو نەتەوانەی کە ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانی لە تاراوگەن، ڕاکێشا کە دەریدەخست “ئینتەرنێت تەنیا لە چەند ساڵدا بووەتە تەکنەلۆجیای سەرەکی بۆ هێشتنەوەی نەتەوان (و کۆمەڵگەی نادیاری دیکە) بە یەکەوە”. کانڤەرسی (٢٠١٢) ئەو بەڵگەهێنانەوەی هیندەی دیکە گەشە پێدا و ئاماژەی بە شێوازی فرەلایەنەی کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت کرد، لە پەروەردە کردنی هەرگیز نەدیتراوی ئاستی پەیوەندیگرتووییی جیهانی تا سەپاندنی تەریک خستنەوە، کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بەربەستی نوێ لە نێوان کۆمەڵگاکان و بڕەودان بە نەتەوەپەرستیی هێرشبەر و ترس لە بێگانە. بەهەمان شێوە کار لەسەر مێدیا وناسیۆنالیزم تیشکی خستۆتە سەر نەخشەی نەتەوەییی نەگۆڕی دنیای دیجیتاڵ و شێوە فرەلایەنەکانی کەڵک وەرگرتن لە پلاتفۆرمەکانی مێدیا کۆمەڵایەتییەکانی، لە دۆخی نموونەییی دنیانیشتمانی، تێکەڵاویی نێوان کولتووران و ژیاندنەوەی زمانی کەمینەکان تا دەستێوەردانە ناسیۆنالیستییە، تایبەتی، هێرشبەرانە و ژاراوییەکانی هێناوەتە بەر ڕووناکایی (بۆ وێنە، میخایلی، ٢٠١١، لاپەڕەکانی ٣٨-٣٧، ١٨٤-١٨٣). بەستەری نێوان ناسیۆنالیزم و مێدیای دیجیتاڵ لەولای خۆرئاوا، بە تایبەتی لە چین، بە هەمان شێوە سەرنجی بەرچاوی زۆر پێشتر لە سەرهەڵدانی ئەو دواییانەی حەز لە ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و ئێستا بووەتە هۆی توێژینەوەی گەلێک بەرچاو (بۆ وێنە، جیانگ، ٢٠١٢؛ لیو، ٢٠١٩؛ شنایدێر، ٢٠١٨؛ وو، ٢٠٠٧).
لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان سروشتی گفتوگۆکان گۆڕاوە: لە کاتێکدا کە بوونی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ سەردەمێک تەنیا لەناو ئاڵقەیەکی بچووکی پسپۆڕی مێدیا و ناسیۆنالیزمدا دەهاتە بەر باس، یان بە ئاماژە بە واوەتر لە خۆرئاوا، ئێستا بووەتە دیاردەیەکی گفتوگۆی بەربڵاو، کە مێدیای باو، دانی پێدا دەنێ و زانایانی پەیوەندیگرتن و دەسەڵاتە پەیوەندیدارە مەزنەکانی خۆرئاواش بە هەمان شێوەن. هۆی ئەو ئاڵوگۆڕە لەناکاوە چییە؟ جوابی دەستبەجێی ئەو پرسیارە ئاشکرایە. سەرکەوتنی دۆناڵد تڕامپ لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی وڵاتە یەکگرتووەکان و سەرکەوتنی لایەنی خوازیاری جیا بوونەوە لە یەکیەتیی ئەورووپا لە بریتانیا، هەروەها دەسەڵاتی پەرەئەستێن و خۆشەویست بوونی شێوەی ئاخاوتنی ناسیۆنالیستی و پۆپۆلیزمی کۆنەپارێز لە سەرانسەری دنیا، ناسیۆنالیزمی کردووەتە هێزێکی ئاشکرا کە چیدیکە لە پەڕاوێزی شەبەنگی سیاسیدا قەتیس نەماوە، یان تەنیا شتێکی تایبەتی گۆشەیەکی دووری جیهان نییە، بەڵکوو جێگایەکی بەرچاوی لە ناو جەرگەی سیاسەت، کۆمەڵگا و کولتووری ئێمەدا گرتووەتەوە. ئەو دیسان سەرهەڵدانە ئاشکرایەی ناسیۆنالیزم، پێویستی بە شیکارییە و شێوەیەکی باوی شیکاریی ئەو دیاردەیە ئەوە بووە کە وەک شتێکی “نوێ” و تا ڕادەیەک لە بنەڕەتدا جیاواز لە شێوە پێشووترەکانی ناسیۆنالیزم باسی لێوە کراوە. بۆ وێنە لەبەر ئەوە کە پێداگرە لەسەر نیشانە کولتوورییەکان لە دژی نیشانە بایۆلۆجیکییەکانی نەتەوە بوون یان بە هۆی جەختی لە ڕادە بەدەر لەسەر شێوە ئاخاوتنی دژی کۆچبەر و بە جیهانییبوون (فاچس، ٢٠٢٠؛ گودهارت، ٢٠١٧؛ کاوفمەن، ٢٠١٨). لەگەڵ ئەوەشدا، هەر وەک مالێشێویچ (٢٠١٩، لاپەڕەکانی ٩-٦) شیی دەکاتەوە، ئەو بەڵگە هێنانەوانەی پێداگرن لەسەر توخمە “نوێ”یەکانی ناسیۆنالیزم، وێدەچێ کەمایەسیی تێوەگلان لەگەڵ گەشە کردنە مێژوویییەکانی بەرهەمهێنەری ناسیۆنالیزمیان هەبێ و بەستراونەوە بە ڕوانگەیەکی هەڵە لە بارەی ناسیۆنالیزم وەک دیاردەیەکی کاتی کە لە کۆتاییدا لەناو دەچێ. جێگای ئاماژەیە کە ئەو ڕوانگەیە لەسەر ناسیۆنالیزم وەک شتێکی کاتی بە هێچ شێوەیەک نوێ نییە. وەک چەنیلۆ (٢٠٠٧) نیشانی دا، کارل ماکس بۆخۆی لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە دەوڵەت نەتەوەکان دیاردەیەکی کاتین کە پەیوەندییان بە کاپیتالیزمەوە هەیە. بۆیە مۆرک لێدانی “نوێ” لە ناسیۆنالیزم “دیاردەیەکی نوێ نییە بەڵام بۆ لێکۆڵەرەوان جێگای سەرسوڕمانە کە ناسیۆنالیزم لەناو نەچووە” (ماڵێشێویچ، ٢٠١٩، لاپەڕەی ٦). بێگومان، پەرەگرتنی سەرنجدان بە ناسیۆنالیزم لە ناو زانایانی پەیوەندیگرتن و مێدیا، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕوانگەی هەڵە و سەروسوڕمان لە سەرهەڵدانەوەی لە ناکاوی ناسیۆنالیزم. ئەوە بەو مانایە نییە کە بڵێین هەر هیچ شتێکی تازە لە ناسیۆنالیزمی “نوێ”دا بەدی ناکرێ بەڵکوو زۆرتر ئەوەیە کە باس لە سەر ئەوەی کە چ شتێک نوێیە، دەبێ زۆر بە وریایییەوە لە پەنا گەشەکردنەکانی درێژخایەن دابنرێت.
بۆ دوور کەوتنەوە لەو ڕوانگە هەڵەیە کە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی کاتییە، ئێمە پێویستیمان بە ئاوڕدانەوە لە شێوەی تێگەیشتنمان لە ناسیۆنالیزمە. لێرە هیچ مەجال و پێویستی بە تێوەگلانی ورد لە مشتومڕە درێژخایەنەکەی پێناسەی ناسیۆنالیزم نییە (بڕوانە بۆ وێنە، هیرن، ٢٠٠٦؛ ئۆزکریملی، ٢٠٠٥؛ بۆ پوختەی ئەو باسە)، بەڵام ئەوە گرینگە کە دان بەوەدا بنێین کە ناسیۆنالیزم دەتوانێ لانیکەم بە دوو شێوەی جیاواز پێناسە بکرێ. یەکەم، تێگەیشتنێکی باوتر (بە تایبەتی لە نێو دیسکۆرسی سیاسیدا باوە) جەخت لەسەر بەڵگەی ئاشکرا دەکاتەوە، کە زۆر جار نیشاندانی ناسیۆنالیزمی توندئاژۆیە، وەک جووڵانەوە جیاییخوازەکان، وەخۆنەگریی بە دامەزراوەیی کراو بە گوێرەی نەتەوە، یان ترس لە بێگانە و کۆنەپارێزە توندئاژۆیەکان. ئەو تێگەیشتنە بە هەمان شێوە لە نێو چەند توێژینەوەی کلاسیک لە بارەی ناسیۆنالیزمیشدا باوە (بۆ وێنە، گەلنەر، ١٩٨٣؛ سمیت، ١٩٩١) و لە لایەن زۆرینەی وێژە لە بارەی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵەوە تا ئێستا وەک بەڵگە ئاماژەی پێ کراوە (بەڵام دەبێ ئەوە زیاد بکەین، کە لەو کارانەی لەم گۆڤارەدا بڵاوکراونەتەوە بەو شێوەیە نەبووە). ڕوانگەی دووهەم لە دەلاقەی ژیانی ڕۆژانە، مێتۆد و گریمانەی ئاسایییەوە دەڕوانێتە ناسیۆنالیزم و ئەو وەک ئایدیۆلۆجیایەک یان شێوازێکی تایبەتی بۆ ڕوانین لە جیهان و هەڵسوکەوت لەو دنیایەدا دەبینێ، شێوازێک کە پێی وایە مرۆڤایەتیی بەڵگەنەویست بەسەر نەتەوەکاندا دابەش بووە و دنیا بە شێوەیەکی سروشتی لە نیشتمانی نەتەوەی جیاجیا پێکهاتووە (بیللیگ، ١٩٩٥؛ فاک & میلەر-ئیدریس، ٢٠٠٨؛ مالێشێویچ، ٢٠١٩؛ سکەی & ئانتۆنیچ، ٢٠١٧). ئەو پێناسەیەی ناسیۆنالیزم بە تایبەتی تەنیا لە لایەن کەمینەیەکی بچووکی وێژە لەسەر ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ لەبەر چاو دەگیرێت (بۆ وێنە، سافەر، ٢٠٠٣؛ شول، ٢٠١٥) و لە نزیک بە تەواوی لەو لێکۆڵینەوانەدا کە جەخت لەسەر سەرهەڵدانی ئەو دوایییانەی ناسیۆنالیزم لە دنیای سەرهێڵدا دەکەن نادیارە. لە ئاکامدا، گفتوگۆی هەنووکەیی لە مەڕ ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ لە ڕوانگەی چەمکەوە دوو لقە، بە لایەنێک (مەزنتر) لە وێژە کە پێناسەیەکی ناسیۆنالیزم لەبەرچاو دەگرێ و لایەنەکەی دیکە (بچووکتر) کە وەدووی ڕوانگەیەکی دیکە کەوتووە. ئەو دوو لق بوونە ڕێگرە لە تێگەیشتنی ئێمە کە چۆن ئەو دوو شێوازە ناسیۆنالیزمانە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و لەبەر ئەو هۆیە پێش بەوە دەگرێ تا ئێمە بتوانین بە تەواوی لە دەوری مێدیای دیجیتاڵ لە شەپۆلی ئەو دواییانەی ناسیۆنالیزم تێبگەین.
بە مەبەستی ڕوونبێژی، ئەوە بەکەڵکە کە بیر لە جیاوازیی نێوان ئەو دوو تێگەیشتنانە لە ناسیۆنالیزم بکەینەوە کە لە سەرەوە لە پەیوەندی لەگەڵ جیاوازیی نێوان شێواز و ناوەرۆک بە کورتی شی کرانەوە. ناسیۆنالیزم بە شێوەی ساکار و ڕۆژانە شتێکی سەقامگیر و توخمێکی بەئاسایی وەرگیراوی ژیانی کۆمەڵایەتییە؛ ئەو “شێوازی” سەرەتاییی بیرکردنەوە لە دنیای دەوروبەری خۆمان پێشکەش دەکا. بە پێچەوانەوە، ناسیۆنالیزم لە ڕوانگەی یەکەم و باودا لە بارەی خودی “ناوەرۆکی” نەتەوەیە، لە بارەی جیاکردنەوەی خەسڵەتەکان یان شوناسی نەتەویەکە، لە بارەی ئەوەی کە کێ لەگەڵە و کێ لەگەڵ نییە، لە بارەی کام شت بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیین و تاد و لە بارەی کەڵک وەرگرتن لە “شێوە” و “ناوەرۆکی” نەتەوەیی. ئەو ناسیۆنالیزمە هەمیشە دیار نییە، بەڵکوو، هەڵکشان وداکشان بە خۆیەوە دەبینێ و تەنیا لە هەلە تایبەتییەکانی جەژنی جەماوەری، ناکۆکی و شەڕ، یان لە کاتی ئاڵوگۆڕی مەزن و لێکهەڵتەکانی وەک کاتی گۆڕانی ڕێژیم، هەڵبژاردن، کارەساتی سروشتی یان دۆخی نزمی بازاڕ، دەردەکەوێ. ئەو کاتە تایبەتییانە بە شێوەی کاتی کۆتایی بە شێوەی ئاسایی لە ژیانی نەتەوەییی ئێمە دێنن و دەبنە هۆی کێشە لەسەر “ناوەرۆک”ی نەتەوە بوونی ئێمە، لەسەر شوناسی نەتەوەییی ئێمە و سنوورەکان و لە سەر ڕابردووی نەتەوە، هەر وەها داهاتوویەکەی. سەرهەڵدانی ئەو ناسیۆنالیزمەی ئێمە هەنووکە ئەزموونی دەکەین، یەکێک لەو کاتە تایبەتییانەیە. ئەگەر دەمانهەوێ لێی تێبگەین کە چۆن ژینگەی دیجیتاڵ لەوانەیە کاریگەریی لەسەر ئەو کاتە تایبەتییە هەبێ، و داڕێژەری شێوەی مشتومڕەکان لەسەر “ناوەرۆک”ی نەتەوە بێ، ئێمە لە پێشدا پێویستیمان بە تێگەیشتن لەوەیە کە ئەو چۆن “شێوەی” نەتەوەی داڕشت کە پشتگیریی لەو مشتومڕانە کرد.



٣. بەرهەمهێنانەوەی نادیاری ناسیۆنالیزم لەسەرهێڵ: ناوی دۆمێنەکانی ئێنتەرنێت، لاگریی ئەلگۆریتمی و ئێکۆسیستەمە نەتەوەیییەکان

ئێمە بەڵگەمان هەیە کە ئێکۆسیستەمی دیجیتاڵ هەنووکە سێ مێکانیزمی سەرەکی پێشکەش دەکا کە یارمەتی بە مانەوەی “فۆڕمی” نەتەوەیی دەکەن و بەو هۆیەوە هاندەری بەرهەمهێنانەوەی شێوەی ساکار و ڕۆژانەی ناسیۆنالیزمن: شێوازی دروست بوونی سیستەمی نێوی دۆمێنەکانی ئینتەرنێت، لاگریی ئەلگۆریتمەکانی کەڵک لێ وەرگیراو لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و دروست بوونی ئێکۆسیستەمە دیجیتاڵییە نەتەوەیییەکان. بێگومان، لە وێژەی بەردەستدا ئەوەی یەکەم لە هەمووان زۆرتر دانی پێدا نراوە و لە پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک نموونە لە سوید و وڵاتە یەکگرتووەکان تا قەزاقستان و تورکیە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە (بۆ وێنە، کۆل، ٢٠١٧؛ شکلۆڤسکی & سترادەرز، ٢٠١٠؛ شول، ٢٠١٥؛ واس، ٢٠٠٣). سوڕی گەشەی سیستەمی نێوی دۆمێنەکانی ئینتەرنێت، واتە سیستەمی ئادرەسی ماڵپەڕان، نموونەیەکی بەهێز لە بەردەوامیی ناسیۆنالیزمی ساکار لە بواری دیجیتاڵ و “نەتەوەیی بوونی” وردە وردەی پێکهاتەی دیجیتاڵ پێشکەش دەکا. ئەوەی لێرە بەتایبەتی جێگای سەرنجە، مێژووی پلەی هەرە سەرووی دۆمێنەکانە، کە لە کۆتاییی ئادرەسی هەرکام لە ماڵپەڕەکاندا دیارە. لە کاتێکدا کە نێوی دۆمێنەکانی پلەی هەرە سەروو، گشتیان لە وڵاتە یەکگرتووەکان گەشەیان کرد، کۆی جیاوازی دۆمێنەکان بە گوێرەی کارکردەکەیان لێک جیا دەکرانەوە (بۆ وێنە، .gov بۆ دۆمێنەکانی دەوڵەت، .com بۆ دۆمێنەکانی بازرگانی و .edu بۆ دۆمێنەکانی تایبەتی فێرکردن و پەروەردە)، وەخۆ گرتنی ئینتەرنێت لە دنیادا، زوو بووە هۆی دروست بوونی دۆمێنی جیاوازی نەتەوەیی یان “ئاستی وڵات” بۆ هەر وڵاتێک (بۆ وێنە، .uk بۆ بریتانیا، .cn بۆ چین و .cl بۆ شیلی). بوونی ئەو شێوە دۆمێنە نەتەوەیییە پلە سەروویانە تا ڕادەیەکی زۆر وەک شتێکی ئاسایی سەیر دەکرێ و بۆیە نموونەیەکی بێخەوش لە ناسیۆنالیزمی ساکارە، تەنانەت هەڵبژاردنی دۆمێنی پلەی سەروو دەتوانێ ببێتە بابەتێک بۆ مشتومڕ و چەخماخەی کێبڕکێ لە سەر سنوورەکانی نەتەویەک لێدا. نموونەیەکی باش لەو پەیوەندییەدا کێشە سیمبۆلیکەکانی پەیوەندیدار بە نێوی دۆمێنی هەرە سەرووی تورکیەیە .tr، بەتایبەتی ئەوانی کۆمەڵگاکانی LGBT [کورتکراوەی Lesbian= هاوڕەگەزخوازی مێینە، Gay=هاوڕەگەزخوازی نێرینە، Bysexual=دوو ڕەگەزخواز، واتە ئەو کەسانەی خوزیاری سێکس لەگەڵ نێر و مێن، Trangender=دوو ڕەگەزە واتە ئەو کەسانەی کە هەم نێر و هەم مێن (نێرەمووک) و.] و ماڵپەڕەکانیانن. هەر وەک شول (٢٠١٥) لە لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی پێ کردووە، هیچکام لە ماڵپەڕەکانی LGBT لە تورکیە کەڵک لە دۆمێنی پلەی هەرە سەرووی نەتەوەیی .tr وەر ناگرن و یادداشتێکی ساڵی ٢٠١١ کە لە لایەن کاربەدەستانی گەیاندنی ڕێگای دوور بڵاو بۆوە، چەند وشەی تورکی و ئینگلیزی تێیدا هاتبوون کە ناکرێ لە نێوی دۆمێن و ماڵپەڕاندا کەڵکیان لێ وەرگیرێت، لە ناویاندا ’gay’، ’lesbian’، ’bisexual’، ’homosexual’ و ’trasnvestite’ (شول، ٢٠١٥، لاپەڕەی ١٥٣٦). ئەو سیاسەتانە بە شێوەیەکی کاریگەر بووە هۆی پاک کردنەوەی ناوەرۆکی LGBT لە گۆڕەپانی نەتەوەییی سەرهێڵی تورکیەدا، ئەوە نموونەیەکی باش لە لایەنە بە ڕواڵەت کەم بایەخەکانی پێکهاتەی ئینتەرنێتە.
شێوازێکی دیکە کە لەوێدا مێدیای دیجیتاڵ یارمەتی بە بەرهەمهێنانەوەی ڕۆژانەی ناسیۆنالیزم بە هۆی کاریگەریی لاگریی ئەلگۆریتمیی کە لە نێتگەڕەکان [لە ئینتەرنێتدا، وەک گوگل سێرچ. و.] لە ئارادایە و پێشنیاری شێوەی ڕێکخستن کە بە یارمەتیی تێکەڵاوێک لە فاکتەرەکان، لە پێکهاتەی خاوەندارێتی و ئابووریی سیاسیی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەڕێوە دەچێ (بۆ وێنە، ڕادەی بەڕێوەبەرییان بە هۆی گرینگیی بازرگانی یان بەرنامەیەکی تایبەتی سیاسی) تا فاکتەرە کۆمەڵایەتی و تاکییەکان وەک پێشمەرجەکانی گەڕان و خولیاکانی تاک، فاکتەرەکانی دێموگرافی و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان کە ئێمە بەشێک لەوانین. بە کورتی، نێتگەڕەکان گەلێک لە “پەنجەرەی” سروشتی بەرەو دنیا دوورن، کە زۆربەی ئامرازەکانی دیکەش بەو شێوەیەن، ئەوان وەک فیلتەر کار دەکەن کە خۆ لەگەڵ زنجیرەیەک فاکتەری بازرگانی، سیاسی و دێموگرافیی کۆمەڵایەتی دەگونجێنن و لەبەر ئەو هۆیە، ڕوانگەیەکی گوڵبژێرکراو لە جیهان پێشکەش دەکەن (جیلەسپی، ٢٠١٤). ئەو ئەلگۆریتمانەی ڕێنوێنیکەری بەشێک لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانن کە بە شێوەی بەربڵاو کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، سەلمێنراوە کە لاسەنگییە ڕیشەدارەکانی جێندەری، ڕەگەزی و ئەتنیکی بەرهەم دەهێننەوە، بۆ وێنە، لێکۆڵینەوەیەک لە ئاگادارییەکانی سەرهێڵ ئاشکرای کرد کە زۆر دەگمەنە کە ژنان ئاگاداری کاری پڕ داهاتیان پێ نیشان بدرێ (داتتا، شانتز، & داتتا، ٢٠١٥)، لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەیەکی دیکە ئاشکرای کرد کە گەڕان بە دوای نێوی ئەمریکایی بە ڕەچەڵەک ئەفریقایی دەبووە هۆی ڕێژەیەکی زۆرتر ئاگاداری لەبارەی دەسبەسەر کراندا (سوینی، ٢٠١٣).
بەڵگەی لاسەنگیی ناسیۆنالیستی، سنووردارترە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زانیاریدەرە. دۆخی چین، کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە لایەن شنایدەر (٢٠١٨) لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە نموونەیەکی باشە. بۆ وێنە، گەڕانێکی هاوتەریب بەدوای وشەی چینیی “تیانانمەن” و “دەروازەی ئاشتیی بەهەشتی” ئاکامی جیاوازی لێ کەوتنەوە. ئەگەر مرۆڤ کەڵکی لە بایدو یان گووگڵ وەرگرتبا؛ لە کاتێکدا کە گوگڵ بەستەری زانیاریی گشتی لەبارەی گۆڕەپانەکە و هەروەها زانیاری لەبارەی گۆڕەپانی تیانانمەن لە ١٩٨٩ پێشکەش دەکا، گەڕانێک لە بایدو لە هەمان کاتدا هیچ بەستەرێکی بۆ زانیاری لەسەر ڕووداوەکانی ١٩٨٩ پێشکەش نەکرد (شنایدەر، ٢٠١٨، لاپەڕەکانی ٦٩-٦٨). هەڵبژاردنی زمان، شێوەی نووسین و جوگرافیا لەو گەڕانانەدا جێگای سەرنجە. بەهەمان شێوە، نێتگەڕە چینییەکان هەوڵ دەدەن ڕێژەیەکی زۆر شێوە نووسینی ساکاری چینی پێشکەش بکەن کە لە وڵاتی چین کەڵکی لێ وەردەگیرێت نەوەک شێوەی نووسینی نەریتی کە لە هۆنگ کۆنگ، تایوان و لە نێو تاراوگەنشینانی چینی لە دەروەی وڵات کەڵکی لێ وەردەگیرێت (شنایدەر، ٢٠١٨، لاپەڕەی ٧٧). بە کورتی، نێتگەڕە جیاوازەکان، لاگریی جیاوازیان هەن و لە جیات تێڕامانی جیاواز بۆ هەمان نەتەوە، دەوری دەروازە دەگێڕن. لە حاڵەتی چینییەکەیدا، لاسەنگیی پەنجەرە دیجیتاڵییەکان کە نێتگەڕەکان پێشکەشی دەکەن “بە شێوەیەکی هەست پێ نەکراو و زۆر جار ساکار بەرەو ڕوانگەیەکی دیاریکراو لەبارەی چینی بوون نیشان دەدرێ، بۆ وێنە بە لاسەنگی بەرەو سەرچاوە دیکتاتۆرییە ناوخۆیییەکان، کە بەرهەمهێنەرەوەی کەرەستەی خەسڵەتی ساکار کراون، یان وڵاتی چین لە چوارچێوەی خزمەتگوزاریی نەتەوەیی وەک کەشوهەوا و ئاپەکانی سەفەر بەرجەستە دەکاتەوە” (شنایدەر، ٢٠١٨، لاپەڕە ٧٩).
بێگومان، شێوەی دروستبوونی نێوی دۆمێنەکانی پلەی هەرە سەروو و ناسیۆنالیزمی ئەلگۆریتمی بە یەکەوە ئافرێنەری ئەو شتەن کە بە نێوی ڕایەڵەی ئێکۆسیستەمی دیجیتاڵیی نەتەوەیی سەیر دەکرێ. ئەو ئێکۆسیستەمە دیجیتاڵییە نەتەوەیییانە بێگومان بەیەکەوە بەستراوەن و زۆر جار پشت بە هەمان شێوازەکانی دیجیتاڵ دەبەستن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی جیاواز لە دنیای سەرهێڵ پێشکەشی هاووڵاتیان دەکەن. ئەگەرچی کۆمپانیا و پلاتفۆرمەکانی وەک گوگڵ یان فەیسبوک لەسەر دەسکەوتە جیهانییەکانیان پێداگرن، هەم بە پێشکەش کردنی پانتایییەکی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە سەرانسەری دنیا کە لەوانەیە بێ وێنە بێ و وێدەچێ گوێ نەدەنێ یان لە پێکهاتە نەتەوەیییەکان تێپەڕن (ڤان دایک، & دە وال، ٢٠١٨)، بە کردەوە، ئەوان خۆیان لەگەڵ پێکهاتەی نەتەوەییی ئینتەرنێت گونجاندووە و شێوازی تایبەت بە نەتەوە و زۆر جار لەگەڵ یەک ناتەبای بەرهەمەکانیان داهێناوە، وەک گوگڵ و ئامازۆن، کە هەردووکیان بە شێوەی ئوتووماتێک بەرکارهێنەرانیان ڕاسپاردەی ئەو لاپەڕانە دەکەن کە لە ژێر دۆمێنەکانی پلەسەرووی وڵات داندراون (بۆ وێنە، www.google.ac.uk بۆ بریتانیا یان www.google.com.br بۆ برازیل). ئەو چەشنە نەتەوەییانە بە گوێرەی کەڵک وەرگرتن لە پلاتفۆرمی هەر نەتەوەیەک لە کاتی گەڕان ئاکامی جیاوز پێشکەش دەکەن، بۆیە یارمەتی بە دروست بوونی ئێکوسیستەمی دیجیتاڵیی نەتەوەیی دەکەن. بێجگە لەوە، بە هۆی بازرگانی و/یان یاسایی، بە تایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ بەرهەمی دەنگ و ڕەنگی، بەکارهێنەران ناتوانن بە هاسانی لە شێوازێکەوە بۆ یەکی دیکە بیگۆڕن، بۆیە بە شێویەکی کاریگەر سنووری دیجیتاڵیی نەتەوەیی لە نێوانیاندا دروست دەکەن (ستیوارت، ٢٠١٦). ئەو ئێکۆسیستەمە بەهەمان شێوە، لە لایەن تۆڕی هایپەرلینک لە نێوان ماڵپەڕەکان پشتیوانی دەکرێ؛ هەر وەک توێژینەوەی بەردەست نیشانی داوە، زۆرینەی ماڵپەڕەکان بەستەر بۆ ماڵپەڕی دیکە لە هەمان وڵات دادەنێن یان تەنانەت بەکارهێنەران ئاراستەی ئەو ناوەرۆکانە دەکەن کە هەمان ماڵپەڕ پێشکەشی دەکەن یان پێشکەشکارانی بەستراوە بەوانەوەن (بهارات، چانگ، هەنزینگەر، & رئل، ٢٠٠١؛ دیمیترۆڤا، جۆنۆلین-ئارێن، ویلیامز، کاید، & رەید، ٢٠٠٣؛ هالاڤایس، ٢٠٠٠؛ شنایدەر، ٢٠١٨). تەنانەت لەو شوێنانەی هایپەرلینکەکان لە سنووری نەتەوەیی تێپەڕ دەبن، کاریگەریی بەسەرهاتە نەتەوەییەکان و پەیوەندییە دامەزراوە جیۆپۆلیتیکییەکان ئاشکران، نموونەیەکی باش هایپەرلینکەکانی برازیلین بۆ پۆرتوگال و پۆرتوگال بۆ برازیل (بهارات، چانگ، هەنزینگەر، & رول، ٢٠٠١، لاپەڕە ٥).
ئێکۆسیستەمی دیجیتاڵیی نەتەوەیی لە ڕوانگەی تێکەڵاویی لەگەڵ ئێکۆسیستەمە نەتەوەییەکانی دیکە و ئاستی پشت بەستنیان بە ژێرخانی دیجیتاڵیی ناونەتەوەیی، پێشکەشکراو لە لایەن “پێنج کۆمپانیای زەبەلاح”، کە هەر هەموویان لە وڵاتە یەکگرتووەکانن، (واتە، گوگڵ، ئامازۆن، فەیسبوک، ئەپڵ و مایکرۆسۆفت) گەلێک لێک جیاوازن. نموونەی ئێکۆسیستەمی دیجیتاڵیی نەتەوەیی سەربەخۆتر و خۆبەخێوکار دەکرێ لەو وڵاتانە وەبینرێن کە پلاتفۆرمی دیجیتاڵییان بۆ بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی “پێنج زبەلاحەکە” بەرهەم هێناون. سەرکەوتووترین لە نێو ئەو ئێکۆسیستەمانەدا ئەوەی چینە، کە هاوشانی سەرکەوتووی بۆ سەرجەم پلاتفۆرمە ڕۆژئاوایییەکان هەیە، لە نێتگەڕی بایدو و پلاتفۆرمی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی وەیبو، ویچات و تێن سێنت کیوکیو ڕا بگرە تا ماڵپەڕەکانی بازرگانیی ئەلێکترۆنیک وەک عەلی‌بابا، تائۆبائۆ و جەی دی. زۆر جار هەڵسانگاندنی ناسیۆنالیستی و نیگەرانییەکانی سەربەخۆییی نەتەوەیی، ڕێنیشاندەری دامەزراندنی ئەو پلاتفۆرمانە بوون. وەک پلانتین و دێ سێتا (٢٠١٩، لاپەڕەی ١) نیشانی دەدەن، گەشەکردنی پلاتفۆرمی ویچات لە ژێر ڕووناکاییی “یاساکانی گەلێک تەکنۆ-ناسیۆنالیستی و ئاجێندایەکی پەرەئەستێنی سەربەخۆییی سایبەری”دا دروست بوو. لە کاتێکدا کە چین لە ئاستێکی گەلێک بەرچاودا ئێکۆسیستەمێکی دیجیتاڵیی نەتەوەییی تەواو خۆبەڕیوەبەر و سەرکەوتووی هەیە، جێگای ئاماژەیە کە وڵاتانی دیکە لانیکەم هەوڵیان داوە پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی نەتەوەییی تایبەتی خۆیان گەشە پێ بدەن. زۆر لەو پلاتفۆرمانە لە کۆتاییدا لە ژێر زەختی دژبەرەکانیاندا تێک شکاون؛ بۆ وێنە، ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی لەهستانیی ناژا کلاسا (پۆلی ئێمە)، کە لە ٢٠٠٨ نیوەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە لەهستان کەڵکیان لێ وەردەگرت (مالاچۆسکی، ٢٠٠٩)، بەڵام دوایە فەیسبوک جێگای گرتەوە. لە دۆخی دیکەدا، جێگرەوەی نەتەوەیی سەرەڕای کێبڕکێ ماڵاواییان کردووە؛ لە ڕوسیە، بۆ وێنە، ماڵپەڕەکانی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی ئۆدنۆکلاسنیکی و ڤکۆنتاکتێ هێشتا لایەنگریان لە فەیسبوک و تویتەر زیاترن.
دوو هۆشداری گرینگن. یەکەم، لە کاتێکدا کە ئاشکرایە دەوری پلاتفۆرمەکانی دیجیتاڵ لە بەرهەمهێنانەوەی دنیا وەک دنیای نەتەوەکان نابێ زێدەڕۆیی تێدا بکرێ، هێشتنەوەی پێکهاتە نەتەوەیییەکانی ژینگەی دیجیتاڵ، ئاکامی ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتان ئەکتەرانی گرینگ لە دیاریکردنی یاسای نەتەوەیی و چوارچێوەی زمانیدا دەمێننەوە کە لە نێو ئەواندا ئەو کۆمپانیا و پلاتفۆرمانە کاری تێدا دەکەن (کۆل & فاکس، ٢٠١٧). دووهەم، ئەگەرچی مێدیای دیجیتاڵ بێ ئەملاوئەولا ناسیۆنالیزمی لە شێوەی ساکار و ڕۆژانە بەرهەم دەهێننەوە، پێویست ناکا بەو مانایە بێ کە ئەوان شێوە ناسیۆنالیزمێکی تایبەتی و هێژێمۆنیک پەروەردە دەکەن. بە ڕاستی، لە هێندێک دۆخدا، مێدیای دیجیتاڵ دەتوانێ بە شێوەیەکی چالاک یارمەتی بە بنکۆڵ کردنی دیسکۆرسە کۆمەڵایەتییە زاڵەکان بکەن یان بڕەو بە شێوازی جێگرەوەی بیری نەتەوەیی بدەن. وەک لە بەشی داهاتوودا باسی دەکەین، یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکانی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ، کە لە شێوازە پێش دیجیتاڵییەکەی جیای دەکاتەوە، دەقاودەق کراوە بوون بە ڕووی فرە دەنگییە و لەبەر ئەو هۆیە زنجیرەیەکی فرەچەشن لە بیر کردنەوە لە نەتەوە و دەستەبەر کردنیەتی. لە ئاکامدا، ئەوە گرینگە کە ئێمە ڕوانگەی خۆمان بە خۆدەرخستنە هەرە تایبەتی، شەڕانشۆ یان پڕ توندوتیژییەکانەوە سنووردار نەکەین و لە جیاتیان ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە چۆن لەگەڵ شێوازە وەخۆگرترەکان، لە ڕوانگەی سیاسییەوە پێشکەوتوو و لیبڕاڵ هەڵسوکەوت دەکا.



٤. مێدیای دیجیتاڵ ناسیۆنالیزمی گۆڕیوە؟ فرەچەشنی، جەمسەرگری و بەکەرەستەکردن

بە بیرکردنەوە لەو شێوازانەی کە مێدیای دیجیتاڵ یارمەتیدەر و بەرهەمهێنەرەوەی ناسیۆنالیزم بە شێوەی ڕۆژانەن، ئێمە ئەوجار سەرنج دەدەینە هێڵی دووهەمی لیکۆڵینەوەکەمان، واتە سروشتی خودی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ. مێدیای دیجیتاڵ ناسیۆنالیزمی گۆڕیوە؟ ئێمە لێکۆڵینەوە لە سێ تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمی سەردەم دەکەین کە دەتوانن، بە شێوەیەک، بە تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵەکان پەیوەند بدرێنەوە: بەشداری و فرەچەشنی، کەرت کەرت کردن و جەمسەرگری و بەکەرەستەکردن و بازرگانی پێوەکردن.


٤-١ بەشداری و فرەچەشنی

ئاڵوگۆڕێکی سەرەکی کە تەکنەلۆجیای دیجیتاڵ لەگەڵ خۆی هێنا، دەکرێ بە بەشداریی زیاتر، فرەچەشنی کردن، یان تەنانەت دێموکراتیزە کردن باسیان بکرێ. هەموو ئەوانەش بە بێ پێویستی دروست کردنی ئالنگاری بۆ شێوە یان چوارچێوەی نەتەوەیی کە پێشدا باسیان کرا. کارە کلاسیکەکان لەسەر مێدیا و ناسیۆنالیزم (بۆ وێنە، ئاندێشۆن، ١٩٩١؛ دۆیچ، ١٩٦٦) زۆر جار جەختیان لەسەر دەوری مێدیا وەک هێزی پاڵنەر کە شوێنێک دروست دەکا کە لەوێدا بیرە زاڵەکان، گێڕانەوەکان یان ئەفسانەکان لەمەڕ نەتەوە گەشە دەکەن، دەپارێزرێن، نوێ دەکرێنەوە و دێنە ژێر پرسیار. بەڵام ئەو بەڵگەگەلە بە لێکۆڵینەوە لە مێدیای “کۆن” یان “نەریتی” وەک ڕۆژنامە، فیلم، ڕادیۆ یان تەلەفزیۆن، گەشەیان کردووە کە بواریان بۆ دروستبوونی “ڕووداوی هاوبەش” خۆش کردووە، کە پشتگیری لە خوێندنەوەیەکی تایبەتی لە واتای نەتەوە یان ئەوەی کە دەبێ ببێ دەکەن یان هەوڵ دەدەن بیسەپێنن (دایان & کاتز، ١٩٩٢). ئەگەر چی لەوانەیە جەماوەر ناساندنی ئەوتۆ لە نەتەوە ببینن کە جیاواز و پێچەوانەی یەکتر بن (مادیانو، ٢٠٠٥)، دەرفەتەکانی ئەوان بۆ بەرهەم هێنان و بڵاوکردنەوەی بۆچوون لە مەڕ نەتەوە بە مێدیای کۆن یان نەریتیی سنووردار کراون.
لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنی بەشداریکارانە، هاسانیی کەڵک لێ وەرگرتن و (بە شێوەی ڕێژەیی) تێچووی کەمی تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵەکان بۆتە هۆی وەرسووڕانێکی گرینگ، بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆرتری بەشداربوو کە یارمەتیدەری پەیوەندیگرتنی جەماوەرین؛ بۆیە ڕوانگەکانیان یان تێگەشتنەکانیان لە بارەی خۆیاندا، لانیکەم ئەگەری دیترانی لە لایەن جەماوەرەوە هەیە. ئەو وەرسووڕانە، بەهەمان شێوە بووەتە هۆی کاڵ بوونەوەی سنووری نێوان بەرهەمهێنەرانی مێدیا و بەکارهێنەرانی، کە ئێمەی کردووەتە “بەرهەمهێن بەکارهێنەر” یان “بەرهەمهێنەر” (برونس، ٢٠٠٨؛ ژەنکینز، ٢٠٠٨). ئاکامەکەی بووە هۆی فرەچەشنییەکی بەرچاو لە دەنگی دیار لە ناو ئاپۆڕای جەماوەر و شێوەیەک لە دێموکراتیزە بوونی پەیوەندیگرتن. تەکنەلۆجیا دیجیتاڵییەکان لە ڕاستیدا تەواوکەری بەکارهێنانی مێدیای “نەریتین”، وەک کاتێک کە جەماوەر بە شێوەی زیندوو لە بارەی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا تویت دەکەن، کارێک کە یارمەتیدەری بەرهەمهێنانەوەی شێوەی نەتەوەیە (ستیوات، ٢٠١٩). لایەنی بەشداریکەر و بەردەستبوونی بە هەمان شێوە بەو مانایەیە کە ئەو دەنگانەی پێشتر کپ دەکران یان سانسۆر دەکران، ئێستا زۆر هاسانتر دەتوانن بگەنە بەر چاوی جەماوەر و، مێدیای دیجیتاڵ بکەنە ئامرازی بەرهەڵستکاریی سیاسی و بەرخۆدان لە ڕێژیمە سەرەڕۆکاندا (کامایرتس، ٢٠١٨).
ئاسەوارێکی بەرچاوی ئەو وەرسووڕانە بە کردەوە ئەوەیە کە مێدیای دیجیتاڵ هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ پاراستنی شێوازێکی زاڵ لە شوناسی نەتەوەیییان لاواز کرد. ئەو زانایانەی بە داوی لێکۆڵینەوە لە سەر ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵن، سەرنجیان داوەتە لایەنی بەشداریکارانە و ئاسەوارەکانی دێموکراتیزە کردنی تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵەکان، کە بەشدارێکی زۆرتر پوتانسیەلی دروست کردن و بڵاو کردنەوەی شێوازە جێگرەوەکانی شوناسی نەتەوەیییان هەیە. لە نووسین لەبارەی دۆخی پاکستاندا، کەلیم و جانجوا دەڵێن کە “کەسێکی ئاسایی” (سیک) ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاوتر دەوری لە ناسیۆنالیزمدا هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە مێدیای دیجیتاڵ، دەرفەتی “دروست کردن و بڵاوکردنەوەی گفتوگۆیەکی دێموکراتیک لە خوارەوە بۆ سەروەی” ڕەخساندووە (٢٠١٩، لاپەڕەی ٦٩). بە هەمان شێوە بەڵگەی هاوشێوە لە لێکۆڵینەوەکان لە بارەی ڕوسیە و ناوەندی ئاسیا(گلوخۆڤ، ٢٠٠٧)، ئێران (یالدین٠سێگال، ٢٠١٧) و برازیل (ئیکین، ٢٠١٧) کەوتوونە دەست. بە تایبەتی هێندێک دەوڵەت بۆخۆیان پێشوازییان لە سروشتی زۆرتر بەشداریکارانەی مێدیا کۆمەڵایەتییەکان کردووە و هەوڵیان داوە لەوان وەک ئامرازی هاندەر بۆ هەستی فرەچەشن لە بارەی گرێدارویی نەتەوەیی کەڵک وەرگرن. دەستپێشخەرییەک کە بە شێوەی بەرین بڵاوکراوەتەوە تویتەر لە سوید (Twitter @Sweden) بوو، پرۆژەیەک کە دەوڵەتی سوید پشتیوانیی داراییی لێ دەکرد و لە لایەن دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە وەک “دێموکراتیکترین ئەژماری تویتەر” باسی لێوە دەکرا، کە هەر حەوتوویەک کەسێکی سویدی وەک بەرپرسی ئەژمارەکە دیاری دەکرا. ئامانجی کەمپەینەکە ئەوە بوو کە پێشوازی لە فرەچەشنیی نەتەوەیی بکا و نیشان بدا کە “تەنیا یەک سوید پێشکەش نەکرێ، بەڵکو چەند دانە” (کریستێنسێن، ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٢).
بەڵام ئێمە دەبێ وریا بین و پێمان وا نەبێ کە ڕەخساندنی هەلی بەشداربوون لە لایەن مێدیای دیجیتاڵ، ئێکۆلۆجیای پەیوەندیگرتنی نوێ دەکاتە گۆڕەپانێکی هاوسەنگ بۆ سەرجەم ئەکتەرەکانی بەشدار لەویدا، یان سەردەمی گێڕانەوە نەتەوەیییە ئاسایییەکان تێپەڕ بووە. یەکەم، ئێمە دەبێ دان بەوەدا بنێین کە هەموو تاکێک بە شێوەی یەکسان توانای سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا دیجیتاڵییەکانی نییە تا بەو شێوەیە یارمەتیدەری دروست کردنی دیاردەی بیری نەتەوەییی فرەچەشنتر و لە خوارەوە بۆ سەرەوەی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی بێ. هەر وەک وێژە لە بارەی دابڕانی دیجیتاڵی ئاشکرای کردووە، بەشێک لە هاووڵاتیان، و بەشێکی دنیا، وێدەچێ کەمتر بە قازانجیان تەواو بێ نە تەنیا بەهۆی دەست ڕانەگەیشتن بەڵکو تەنانەت زۆرتر لەبەر نەبوونی لێهاتوویی و زانیاریی پێویست بۆ کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵەکان (دیماجیۆ & هارگیتای، ٢٠٠١). دووهەم، هەروەک پێشتر باسمان کردووە، پلاتفۆرمە دیجیتاڵەکان دەڵاڵی بێ لایەن نین، تەنانەت بە هۆی خاوەنەکانیانەوە هەوڵ دەدەن پێداگری لەسەر بێ لایەنیی خۆیان بکەن و بەو شێوەیە هەوڵ دەدەن خۆ لە یاسابەندیی ڕزگار بکەن (جیلەسپی، ٢٠١٠). لە جیاتان، سەرجەم پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان خەریکی پرۆسەی گۆڕینی ناوەرۆک و گوڵبژێر کردنیانن، کە بڕیار دەدەن ئێمە کام بژاردەی سەرهێڵمان پێشکەش بکرێن. وەک پێشتر دیتوومانە، نێتگەڕەکان بۆخۆیان دیاریی دەکەن کام زاناریی سەرهێڵمان پێشکەش بکەن و پشتگیری لە شێوەیەکی دیاریکراو لە نەتەوە دەکەن. ئەوە لەبارەی پلاتفۆرمەکانی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیشەوە ڕاستە کە تاکەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بەسەرهاتی خۆیان و دنیا کەڵکیان لێ وەردەگرن. بڕیارەکانی دیزاینی ڕوخسار و کارکردەکان لە دەروەی دەسەڵاتی بەکارهێنەران دەدرێن و لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەریی گەلێک بەرچاویان لەسەر شێوەی پێناسەکان، نواندنەکان و گیڕانەوەکان کە تاکەکان دەتوانن لەسەر هێڵ دروستیان بکەن هەیە. لەجیاتی سەیر کردنی مێدیا کۆمەڵایەتییەکان وەک شانۆی خۆپێشکەشکاریی داهێنەرانە و داڕێژەری پێناسەی سەرهێڵ، ئەوان زۆرتر وەک “شوێنی خەبات لە نێوان بەکارهێنەران، کارمەندان و خاوەنانی پلاتفۆرمەکان بۆ کۆنترۆڵی شوناسەکانی سەرهێڵن” (ڤان دایک، ٢٠١٣، لاپەڕەی ١٩٩).
ئێمە دەبێ بە هەمان شێوە لە بیرمان بێ کە تواناییی گەیاندنی بۆچوونێکی سەرهێڵ بەو مانایە نییە کە سەرجەم بۆچوونەکانیش گوێیان بۆ ڕادەگیرێت، چ بگا بە هەنگاونان بە گوێرەی ئەوان (کۆلدری، ٢٠٠٩). لە کاتێکدا کە تاکی بەکارهێنەر بە ڕاستی ژمارەیەکی جیاواز لە بیرکردنەوە لە هەمان نەتەوە دروست دەکەن، تواناییی ئەوان بۆ بڵاو کردنەوەی ئەو گێڕانەوانە بە شێوەیەکی کاریگەر و کردنی ئەوان بە لەنگەری پێناسەی هاوبەش، سنووردارە؛ سەرەڕای دیزاینی بەشداریکارانە، کۆمپانیاکان و دەوڵەتانی دەورگێڕ لە پلاتفۆرمی دیجیتاڵ، دەسەڵاتی گەلێک زیاتریان لە تاکی بەکارهێنەر هەیە و بەو هۆیەوە بۆ برەودان بە گێڕانەوەکانی خۆیان لەمەڕ گرێدراویی نەتەوەیی پۆشتەترن. تویتەکان و پۆستەکانی ئەکتەرە سیاسی و ئابوورییە خاوەن دەسەڵاتەکان، یان ئەوانی کە ئامرازی زۆرتریان بۆ وەبەرهێنان لەسەر ڕێکلامی سەرهێڵ هەیە، لە هاووڵاتیی ئاسایی زۆرتر دەبینرێن و وڵامی پۆست و تویتی زۆرتریان پێ دەگاتەوە. بۆیە هەستی خاوەن دەسەڵاتی جەماوەرە نەتەوەیییەکان بە هۆی مێدیای دیجیتاڵەوە تا ڕادەیەکی زۆر خەیاڵییە. خاوەن دەسەڵاتی بە واتایەکی ساکار دەتوانێ بە مانای تواناییی وەڵامدانەوەی پۆست یان تویتی ڕێبەرێکی سیاسیی ناسیۆنالیست بێ (فاکس & میلەر-ئیدریس، ٢٠١٩). تەنانەت لە دۆخی بەشداریی نەتەوەییی دێموکراتیکدا بە ئاشکرا، وەک ئەژماری تویتەری لە سوید (@Sweden)، بە کردەوە سنووردار بوو. بەڕێوەبەرەکان ڕێنوێنیی دیاریکراویان پێ دەدرا کە چ پۆست بکەن و بەشێک لەو کەسانەی کامێنتیان دادەنا “نوێنەرایەتیکاری”ی توێتەکان لە جیات خەڵکی سویدیان دەهێنایە ژێر پرسیار (کریستێنسێن، ٢٠١٣). لەبەر ئەو هۆیە “دەسەڵاتی” ئاشکرای بەکارهێنەری ئاساییی مێدیای دیجیتاڵ، سنووردارە. لە کاتێکدا کە زۆر بەشدار دەتوانن ناوەرۆک لەسەر هێڵ بڵاو بکەنەوە و بەو شێوەیە بانگەشە بۆ بۆچوونی تایبەتی خۆیان لەمەڕ نەتەوە بکەن، ئەوان دەتوانن ئەوە تەنیا لە نێو پارامێترەکانی ژێرخانێکی دیاریکراوی دیجیتاڵ و ئەو دەستپێڕاگەیشتنەی بۆیان دیاریکراوە بکەن بە گارانتییەکی کەم کە گوێی بۆ ڕا بگیرێت.


٤-٢ کەرت کەرت کردن و جەمسەر گریی

لە کاتێکدا کە باسی سروشتی بەشداریکارانەی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ و پوتانسیەلی دێموکراتیزە کردن زۆر جار دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەستی گەشبینی و دەبێتە هۆی ڕەنگدانەوەی ئەو ڕوانگەیە کە تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵەکان هێزی باشن، لێکۆڵینەوەی نوێ هەوڵ دەدا هەڵوێستێکی چاوکراوانەتر و بێ پەردە نەرێنیی هەبێ. وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەی پێ کرا، بەشی زۆری توێژینەوەی ئەو دوایانە لەمەڕ ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ، جەخت لەسەر دەوری مێدیای دیجیتاڵ وەک ڕەخسێنەری هەل بۆ سەرهەڵدانی حیزبی پۆپۆلیستی کۆنەپارێز و ڕێبەران و ئاسانکاری بۆ شێوازی تایبەتیتر و تەنانەت شەڕانشۆی ناسیۆنالیزم دەکەن (فوچس، ٢٠٢٠؛ لیم، ٢٠١٧؛ پاژنیک & ساور، ٢٠١٨؛ رائۆ، ٢٠١٨؛ وایسبۆرد & ئامادۆ،٢٠١٧). لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەبێ وریا بین ڕوانگەی ساویلکانە کە پێی وایە مێدیای دیجیتاڵ هێزێکی پێشکەوتنخوازی ڕێخۆشکەر بۆ بە جیهانیبوونە، لەگەڵ بۆچوونێکی بەهەمان شێوە یەک لایەنانەی ڕەشبین کە پێی وایە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە سروشتدا ناوچەیین و خوازیاری گەورەکردنەوەی ڕوانگەی تایبەتی لەمەڕ گرێدارویی نەتەوەیین وەگۆڕین. لە جیاتیان، ئێمە پێشنیار دەکەین کە ژێرخانەکانی پەیوەندیگرتنی دیجیتاڵ، لەوانەیە ڕێخۆشکەری کەرت کەرت بوونی پەرەئەستێن و جەمسەرگریی ناسیۆنالیزمی بن، کە لە لایەکەوە دەبنە هۆی لێکدابڕان لە نێوان، شێوازەکانی زۆرتر وەخۆگری گرێدراویی نەتەوەیی، کە بۆ فرەچەشنی و کۆچبەری کراوەیە و لە لایەکی دیکەوە، گرێدراویی نەتەوەیی تایبەتیتر، بە شێوازەکانی هۆگریی ناوچەیییەوە کە جەخت لەسەر گرینگیی ڕیشەی ئەتنیکی-نەتەوەیی وەک پێوەری سەرەکیی گرێدراویی نەتەوەیی دەکەنەوە. پاڵنەرێکی گرینگی ئەو جەمسەرگیرییە، بێگومان، تێکەڵاوییەکی قووڵتر و هۆگرانەتر لەگەڵ ناسیۆنالیزمە. لە ژینگەیەکی دیجیتاڵ دا، تاکەکان و تاقمەکان دەتوانن ڕێژەیەکی گەلێک زۆر ناسیۆنالیزمی “دانسقە” یان “بە بەر دووراو” دروست بکەن کە دەتوانن ببنە هۆی خۆ پێوە خەریک کردنی گەلێک بەهێز (فاک & میلەر-ئیدریس، ٢٠١٩). لە کاتێکدا کە ئەو خۆ پێوە خەریک کردنە بەهێزە ئاسەواری ئەرێنیی هەن، وەک لەوانەیە یارمەتیدەر بن بۆ هاندان و بەردەوامیی بەشداری لە گفتوگۆی جەماوەریدا، ئەگەری ئەوەش هەیە کە ڕیخۆشکەری لێک دابڕان بن.
بەستەری نێوان ژینگەی پەیوەندیگرتنی خەریکی گۆڕان و جەمسەرگریی سیاسی یان ئایدیۆلۆجیکی، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە لایەن زانایانی پەیوەندیگرتن و مێدیادا هاتۆتە بەر باس. ئەگەر چی کەوتنە ژێر کاریگەریی بەشێکی هەڵبژێردراو، واتە ویستی جەماوەر بۆ کەوتنە دوای ئەو سەرچاوانەی لەگەڵ ڕوانگەی سیاسیی ئەوان گونجاوە، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە (بۆ وێنە، ستراود، ٢٠١١). ژمارەیەک نووسەر باسیان کردووە کە ئەو دیاردەیە لە ژینگەی سەرهێڵدا تەنگاوتر و بەربڵاوتر بووە، و بۆتە هۆی کەرت کەرت بوونێکی بێ هاوتا لە بواری گشتییدا و بۆتە هۆی سەرهەڵدانی “بڵق فیلتەر” یان “ژووری زایەڵە” کە خەڵک لەناویاندا تەنیا شتی وا دەبینن کە کەیفیان پێ دێن و لەگەڵیان هاوڕان، لە جیاتی کەوتنە ژێر کاریگەریی ڕوانگەی فرەچەشن و جیاواز (پاریسەر، ٢٠١١؛ سانشتاین، ٢٠١٧). ئەو “بڵقانە” یان “ژوورانە” وێدەچی بە بڕیاراتی ئابووری و سیاسی بەهێزتر بکرێن، وەک گۆڕانەکانی ئەو دوایانەی ئەلگۆریتمەکانی فەیسبووک کە جەخت لەسەر پۆستەکانی “هەڤاڵان” دەکەنەوە لە جیات هی وەشانخانەکان و ئاژانسەکانی هەواڵدەری (کۆرنیا، سەل، لێڤی، & نیلسن، ٢٠١٨).
لە لێکدانەوە ڕەشبینانەترەکاندا، ئەوە دەبێتە هۆی بەتاڵکردنی گۆڕەپانی هاوبەشی گشتی؛ شوێنێک کە بۆچوونە جیاوازەکان بەرەوڕووی یەکتر دەبنەوە و دێنە ژێر پرسیار. هەوەها تەشەنە کردنی جەمسەرگریی گفتوگۆی جەماوەری؛ شوێنێک کە بۆچوونە توندڕەوانەترەکان زیاتر دەبینرێن و پشتیوانی دەکرێن کە دەنا لە مێدیا دەرهێڵەکاندا بڵاو دەبوونەوە. نموونەی تازەتر وەک هەڵبژێرانی خایر بۆلسۆنارۆ لە بڕازیل وێدەچێ بوچوونەکان لە مەڕ کەرت کەرت کردن و جەمسەرگری پشتڕاست بکەنەوە. هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆلسۆنارۆ بە شێوەی سەرەکی لە مێدیا کۆمەڵایەتییەکاندا بەڕێوە چوو و پێکهاتەی ئەوان ڕەخسێنەری هەل بۆ دروست بوونی تاقمی داخراو بوو کە پشتیوانییان لە ناوبراو دەکرد. بەکارهێنەران زۆر جار لە لایەن خزمەکانیان، هەڤاڵانیان یان ئاشنایانیانەوە بانگهێشت دەکران کە بۆ پشتگیری لە بۆلسۆنارۆ، بچنە ناو تاقمی واتسئاپەوە و لەو “ژوور”ە دیجیتاڵییە داخراوانەدا، ڕوانگە دژە لیبڕالییەکان لە بارەی بڕازیل و زانیاریی هەڵە لەبارەی بەربژیرەکانی دیکە، بڵاو دەکراوە و ڕوانگەی بەرهەڵستکار کپ دەکرا (داڤید & شتراوبار، ٢٠٢٠، نێمێر، ٢٠١٨). لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە گرینگە کە ئاماژە بەوە بکەین کە بەڵگە ئەزموونییەکان هێشتا متمانە پێکراو نین و هێندێک لێکۆڵینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە کەڵک وەرگرتن لە مێدیای دیجیتاڵ، لە ڕاستیدا دژی جەمسەرگرین یان نیشانیان داوە کە کاریگەرییە جەمسەرگرانەکانی کەڵک وەرگرتن لە مێدیای دیجیتاڵ، لەوانەیە تەنیا بەشێکی کەم لە دانیشتووان بگرنەوە (بۆ وێنە، دوبوا & بلانک، ٢٠١٨؛ هەر وەها بڕوانە ڤان ئالەست و ئەوانی دیکە، ٢٠١٧، بۆ کورتەیەک لەو بارەوە).
پەیوەندیی وردی نێوان کەوتنە ژێر کاریگەریی بەشێک لە ڕوانگەکان و جەمسەرگری لەسەر ناسیۆنالیزم کەمتریش ڕوونە؛ تا ڕادەیەکی زۆر بەو هۆیە کە وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، توێژینەوەی بەردەست بە شێوەیەک باسی ناسیۆنالیزم دەکا کە ئەوی تا ئاستی تایبەتیتر و شێوازی پڕنەفرەت دادەبەزێنێ. بۆ وێنە، توێژینەوە لەسەر ڕاگەیاندنە پۆپۆلیستییەکان، ڕوانگەی دژە کۆچبەر لە ئایدیۆلۆجیای پۆپولیستی و ڕاگەیەنەکانیاندا پشتڕاست دەکاتەوە (بۆ وێنە، دی ڤرێس، ئەسەر، ئالبەری، راینمەن، & شتانیەر، ٢٠١٨؛ ئەنگەسەر، ئەرنست، ئەسەر، & بوخل، ٢٠١٧) یان لێکۆڵینەوە لەسەر دەوری گفتوگۆی پۆپولیستیی کۆنەپارێز لەسەر هەستە دژە کۆچبەرەکان لە وڵاتانی جیاوازدا دەکا (بۆ وێنە، ڤان کلینگەرێن، بوومگاردێن، فلیگنهارت & ڤرەسە، ٢٠١٥) بەڵام سەرنجی کەمتر دەداتە ئەوە کە چۆن ژینگەی پەیوەندیگرتن لەوانەیە یارمەتیدەری جەمسەرگری بێ لە نێوان ئەو کەسانەدا کە خوازیار یان دژی کۆچبەرین و بەو شێوەیەش لە نێوان ئەو هاووڵاتیانەدا کە پێشوازی لە ڕوانگەی جیاواز لەسەر گرێدراویی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم دەکەن. تەنانەت کاتێک کە توێژینەوە بە ئاشکرا جەخت لەسەر پەیوەندیی نێوان جەمسەرگری و شوناسی نەتەوەیی دەکا، هەوڵێکی کەم بۆ جیاوازی دانان لە نێوان شێوازە جیاوازەکانی شوناسی نەتەوەیی نادا یان دان بەوەدا ناهێنێ کە هەمان نەتەوە دەتوانێ کەمتاکورتێک بە شێوەی تایبەتی بێنە خەیاڵ. بۆ وێنە، لێکۆڵینەوەیەک کە لە وڵاتە یەکگرتووەکان بەڕێوە چووە بۆی دەر کەوتووە کە کەوتنە ژێر کاریگەریی ناوەرۆکی مێدیایی کە شوناسی نەتەوەییی مرۆڤ کزتر دەکا، وێدەچێ جەمسەرگری لە نێوان ئەوانی لە پێشداش دژی کۆچبەری بوون زیاد بکا و ئەوان زۆرتر هان دەدا کە تایبەتمەندیی نەرێنییان وەپاڵ دەن یان لە بەرانبەریاندا کەم هەستتر بن (ڤۆیچێشاک & گارێت، ٢٠١٨). بەڵام ، ئەو کاریگەرییە لە نێو کەسانی لایەنگری کۆچبەریدا نەبوو، ئاکامێک کە لەوانەیە بەو مانایە بێ کە ڕوانگەی ئەوان لەمەڕ نەتەوە بوون بەرەو فرەچەشنی کراوەترە. بە ڕاستی، لێکۆڵینەوەیەکی دەگمەن کە بە ئاشکرا جەختی لەسەر پەیوەندیی نێوان جەمسەرگری و شێوازە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزم لە نێو شارۆمەندانی وڵاتە یەکگرتووەکاندا دەکردەوە، بە شێوازی جیاوازی ناسیۆنالیزم کە بە شێوەی پەرەئەستێن بە ڕوانگەی حیزبە جیاوازەکانەوە گرێ دەدرا، “بەڵگەی بەهێزی لەبارەی باوڕە نەتەوەیییە حیزبییە نەگۆڕەکانی ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو” ئاشکرا کرد (بۆنیکۆڤسکی، هالیکیۆپولو، کاوفمەن، & ڕۆداون، ٢٠١٩، پالەڕەی ٢). بە تایبەتی لە کاتێکدا کە لە ١٩٩٦ ڕوانگەی جیاواز لەمەڕ نەتەوەی ئەمریکا بە گوێرەی لایەنگری لە حیزب لێک جیا بوون، لە ٢٠١٦ بە شێوەیەکی بەرچاو تووشی ئاڵوگۆڕ بووە؛ لایەنگرانی حیزبی کۆماری زۆرتر ئەتنۆ ناسیۆنالیست بوون، لە کاتێکدا کە ئەوانی خۆیان وەک لایەنگری حیزبی دێموکڕات پێناسە دەکرد، تا ئاستێکی زۆر پێشوازی لەو شتە دەکەن کە نووسەری لێکۆڵینەوەکە وەک ڕوانگەی “جیاکراوە [لە ئەتنیک]”ی ناسیۆنالیزم باسی دەکا (بۆنیکۆفسکی، هالیکۆپولو، کاوفمەن، & ڕۆداون، ٢٠١٩، لاپەڕەی ٢). لە کاتێکدا کە ئەو توێژینەوەیە لێکۆڵینەوەی لەسەر ژینگەی جیاوازی مێدیایی لەو چوارچێوەدا نەکردووە، دەکرێ بگوترێ کە بەستراوەییی پەرەئەستین بە مێدیای دیجیتاڵ وەک سەرچاوەی زانیاری، لەوانەیە فاکتەرێکی یارمەتیدەر بەو “شێوازە حیزبییانە”ی ڕوانگەی ناسیۆنالیستی بێ.


٤-٣ بازرگانی پێوەکردن و بەکەرەستەکردن

وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئێمە دەبێ وریا بین و پێمان وا نەبێ کە ڕەخساندنی هەلی بەشداربوون لە لایەن مێدیای دیجیتاڵەوە، ئێکۆلۆجیای پەیوەندیگرتنی نوێ دەکاتە گۆڕەپانێکی هاوسەنگ بۆ سەرجەم ئەکتەرەکانی بەشدار لەویدا، یان سەردەمی گێڕانەوە نەتەوەیییە ئاسایییەکان تێپەڕ بووە. ئێمە لەپێشدا تیشکمان خستووەتە سەر دۆخە بەردەوامەکەی دەسەڵاتی هیرارشی لە ژینگەی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان و بەڵگەمان هێناوەتەوە کە شێوازە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزم کە لەسەرهێڵ دەبیندرێن، بە پارامێترەکانی ژێرخانی دیجیتاڵ و سوودەکانیانەوە بەستراونەوە. لەو بەشەدا، ئێمە هەنگاوێک واوەتر دەچین و بەڵگە دێنینەوە کە ئەو پارامێترانە بە شێوەیەک لە بیری ناسیۆنالیستیی بەرچاوتەنگەوە پشتگیری دەکرێن کە پێش هەموو شتێک نەتەوە وەک کۆمەڵگایەکی ئەکتەرانی ئابووری دەبینێ کە حەزیان لە فرۆشتن و/یان کڕینی لێهاتوویی و بەرهەمی تایبەتییە، نەوەک کۆمەڵگایەکی شارۆمەندان کە خاوەنی حەز و پێداویستیی کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی جیاوازن.
ئیزن بدەن دەستبەجێ ئەوە زیاد بکەین کە هیچ شتێک لە تەکنەلۆجیاکانی پەیوەندیگرتنی دیجیتاڵدا نییە کە خۆی لە خۆیدا ئەوان بکاتە خوازیاری بازرگانی پێوەکردن و بەکاڵاکردن. لە جیاتیان، ئەو تایبەتمەندییانە ئاکامی سیاسەتی ئابووریی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانن و بەتایبەتی ئەو ڕاستییە کە ئەوان وەک یەکەی ئابووری کار دەکەن و بە شێوەیەک دروست کراون تا سوودی بازرگانی وەدەست بێنن. بە گوتەی ڤاندایک، پۆیل، و دێ وال (٢٠١٨)، بەکاڵاکردن مێکانیزمێکی سەرەکیی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی هەنووکەیی وەک گوگل، ئامازۆن و فەیسبووکە کە دەخرێتە نێو هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانەوە. لە لێکۆڵینەوەکەیاندا، بەکاڵاکردن “بەو شێوەیە کە پلاتفۆرمەکان شت، چالاکی، هەست و بیرۆکە سەرهێڵ و دەرهێڵەکان دەکەنە کاڵای قابیلی ئاڵووێڕ کردن”، کە ‘لانیکەم بە چوار جۆر دراو دەنرخێندرێن: سەرنجدان، زانیاری، بەکارهێنەر و پارە”. ئەوە سەرنجدانێکی گەلێک گرینگە، نەتەنیا لەبەر ئەوە کە زۆر لەو دامەزراوانە کە لە ژێر کاریگەریی گەلێک بەرچاوی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندان، لە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن [وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن] و پەرتووکخانەکان تا دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی، زۆر جار یان بە بودجەی گشتی بەڕێوە دەچن یان بە شێوەیەکن کە لە خزمەت بەرژەوەندیی جەماوەردا بن، وەک لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپایی بەو شێوەیەن (ڤاندایک، پۆئێل، &دە وال، ٢٠٠٨، لاپەڕەی ٣٠) یان لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت یان ئێلیتی سیاسیی فەرمانڕەوادان، وەک لە چین، ڕوسیە، هانگاریا، و وڵاتانی دیکتاتۆری و شێوە دیکتاتۆری. بۆیە بە گوێرەی چوارچێوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی، وێدەچێ بڵاو بوونەوەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، یارمەتیدەری زیاتر بوونی دەستڕۆیشتووییی ناسیۆنالیزمی ئابووری (بازرگانی و کڕیار) بەسەر شێوازەکانی دیکەی ناسیۆنالیزمەوە بن. بێ گومان، ئابووریی سیاسیی ئەو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییانە کە هاندەری بازرگانییان لە پشتە، تەنیا فاکتەری یارمەتیدەر بەو گۆڕانە نییە، لە جیاتیان، ئەو شانبەشانی ژمارەیەک دیاردەی دیکە، لە ناویاندا دروست کردنی ناوبانگی باش بۆ وڵات، جەختکردن لەسەر ئەتنیکی کڕیاران و بەکاڵاکردنی شوناسە نەتەوەیییەکانە، کە هەر دێت و دەورێکی سەرەکیتر لە بەرهەمهێنانەوەی ناسیۆنالیزم لە سەدەی ٢١دا دەگێڕن (ئارۆنچیک، ٢٠١٣؛ کاستێللۆ & میخایلی، ٢٠١٨؛ کامارۆف & کامارۆف، ٢٠١٩؛ وانگ، ٢٠٠٥).
بازرگانی پێوەکردن و بەکاڵاکردنی ناسیۆنالیزم لە ژینگەی سەرهێڵدا بە چەند شێوە دیارە. نموونەیەکی هەرە دیار دەکرێ لە ئاڵووێرە بازرگانییەکانی سەرهێڵدا بێتە بەر چاو. بە هۆی نەناسیاو بوون و دەستڕاگەیشتن بە سەرانسەری جیهان، ئینتەرنێت ژینگەیەکی بێخەوش بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی کۆنەپارێزان پێشکەش دەکا، وەک ئەو کاڵایانە کە لە لایەن تور شتاینەر، وایت تراش ڕیبێل، دیرتی تینز و دۆبەرمەن ئاگرێسیوەوە پێشکەش دەکرێن . هەر وەک لە لایەن سینتیا میلەر-ئیدریس (٢٠١٨) سەرنجی دراوەتێ، ئەو مارکە کۆنەپارێزانە زۆر جار کەڵک لە هێما جیهانییەکان و دروشم بە زمانی ئینگلیزی وەردەگرن کە پڕن لە پەیامی ناسیۆنالیستی و کۆنەپارێزی و شاهیدێکە بۆ دەست وێڕاگەیشتنی ئەوان بە گشت کون و کەلێنی ئەو جیهانە، کە مێدیای دیجیتاڵ هەلی بۆ ڕەخساندوون. ژینگەی دیجیتاڵ بە هەمان شێوە دەوری گرینگی لە ڕێخۆشکەری بۆ بڵاو کردنەوەی ناسیۆنالیزمی کڕیاران لە خوارەوەڕا بۆ سەرەوە هەیە، لە ناویاندا بایکۆت کردنەکانی کڕیاران کە ئاراستەی هێندێک مارک بە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە “دوژمن”ەکان تاوانبار دەکرێن یان خاوەنەکانیان ئاکاری ئەوتۆ نیشان دەدەن کە وەک بێڕێزی بە نەتەوە سەیر دەکرێن. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە کەمپەینی تویتەریی #ئاڵمان بایکۆت بکەین کە لە جوابی سیاسەتی زێدەپاشەکەوتی ئابووری کە لە لایەن یەکیەتی ئەورووپاوە کە لە ژێر کاریگەریی ئاڵماندایە بەسەر یۆناندا سەپا (لەکاکیس، ٢٠١٧) تا ژمارەیەک دژکردەوەی کڕیارانی چینی بەرانبەر بە شێوەی باسکردن لە چین لە لایەن مێدیای ڕۆژئاواوە (بۆ وێنە، جیانگ، ٢٠١٢). هەرچۆنێک بێ، نموونەکانی کڕیاران و ناسیۆنالیزمی بازرگانییانە لە سەرهێڵ تەنیا ئەو شێوە هەرەبەرچاو و توندئاژۆیانەی ناسیۆنالیزم نین. لە کاتێکدا کە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە پێش هەموو شتێکدا وەک تاکی کڕیار ئاماژەیان پێ دەکرێ، ئەوان وەک ئەندامانی کۆمەڵگای نەتەوەییی خەیاڵیی کڕیاران هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێ و کۆمپانیا زبەلاحە جیهانییەکان و هەر وەها کۆمپانیا نەتەوەیییەکان، بە شێوەی ڕۆتینی هەوڵ دەدەن حەزە نەتەوەیییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن. بۆ وێنە، نێتفلیکس، زانیاری لە سەر حەزەکانی بەکارهێنەران کۆ دەکاتەوە تا پرۆگرامەکانیان بە گوێرەی جەماوەری نەتەوە جیاوازەکان ئامادە بکەن، لە ناویاندا پێشکەش کردنی زنجیرەی دراما لەبارەی کریکێت لە هیندووستان یان لە ژاپۆن کارتۆنی تایبەتی ئەو وڵاتە بڵاو دەکاتەوە (لۆباتۆ، ٢٠١٩). لە کاتێکدا کە لەوانەیە بەکارهێنەرانی نێتفلیکس بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانیان وەک شتێکی نەتەوەیی سەیر نەکەن، فیلتەری نەتەوەییی بەرهەمەکانی نێتفلیکس بەو مانایەیە کە ئەوان بێ بیر لێ کردنەوە، پشتگیری لە چوارچێوەی نەتەوەیی دەکەن، تەنیا وەک بەشێک لە ئاڵووێری بازرگانی (بڕوانە ستیوارت، ٢٠١٦؛ کاستێللۆ & میخایلی، ٢٠١٨، لاپەڕەکانی ٥٦٤-٥٦٣).
هەر وەک ئەو نموونانە ئاشکرای دەکەن، سوودە بەشداریکارانەکانی ژینگەی دیجیتاڵ دەرفەت بۆ ئەکتەرە جیاوازەکان، لە کۆمپانیا بازرگانییەکانەوە تا خودی شارۆمەند-کڕیاران، بۆ بەکاڵاکردنی نەتەوە لە ئینتەرنێتدا دەرەخسێنن. لەکاتێکدا کە ئێمە نابێ لەبارەی دەسەڵاتی شارۆمەند-کڕیاران زێدەڕۆیی بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە گرینگە کە دان بەوەدا بنێین کە ئەو فرەچەشنییە دەتوانێ کەڵک لە ناسیۆنالیزم بۆ ئامانجە بازرگانی و رێکلامییەکانی سەرهێڵ وەرگرێ کە ناکرێ پێشبینی بکرێن. نموونەی لێ فێر بوون لەو جۆرە پێشبینی نەکراوییە دەکرێ لە دروست کردنی ناوبانگی باش بۆ وڵات کە لە لایەن دەوڵەتەوە پشتگیریی لێ دەکرێ و هەوڵە سیاسییە فەرمییەکان کە بە مێدیای دیجیتاڵ لە وڵاتە یەکگرتووەکان، بریتانیا، ئێستۆنیا، هیندووستان و چەند وڵاتی دیکە بڵاو دەکرێنەوە (بیۆلا، کاسیسی، & مانۆر، ٢٠١٩؛ ئێدواردز & رامامورتی، ٢٠١٧؛ تامپو & ماسۆ، ٢٠١٨). لە کاتێکدا کە یەکە دەوڵەتییەکان یان ئەکتەرەکانی پشتگیریکراو لە لایەن دەوڵەتەوە، ئەو هەوڵانەیان دەست پێ کردووە، ئەوان بە هەمان شێوە بۆ سەرکەوتنیان پشت بە بەشداریی شارۆمەندان دەبەستن. بۆ وێنە لە کۆلۆمبیا، دامودەزگا دەوڵەتییەکان سەرکەوتووانە کەمپەینی “#ئەوە-لە-کۆلۆمبیایییەوەبۆ-کۆلۆمبیایییە”یان بەڕێوە برد بۆ هاندانی خەڵکی کۆلۆمبیا کە هەرکات دیتیان ناوی وڵاتەکەیان لە تویتەردا بە هەڵە نووسراوە، کەڵک لەو هاشتاگە وەرگرن (گۆمێز کاریلۆ، ٢٠١٨). لە لایەکی دیکەوە، لە هیندووستان، هاووڵاتییان گاڵتەیان بە هەڵمەتی دروست کردنی ناوبانگی باش بۆ وڵاتەکەیان کردووە تا ڕەخنە لە هەلومەرجی هەنووکەییی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەیان بگرن، بۆ وێنە بە کاریکاکتۆری ساتیری فەیسبووکی “هیندووستانی بێ کەڵک”، کە ئاماژەیەکە بە کەمپەینی “هیندووستانی خەیاڵی” (ئودوپا، ٢٠١٩).
نموونەکانی باسکراو تا ئێستا هەموویان بەتایبەتی لە بارەی چالاکییە ئابوورییەکاندان، وەک کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل یان کەمپەینەکانی دروست کردنی ناوبانگی باش بۆ وڵات . لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە گرینگە کە ئاماژەی پێ بکرێ کە پرەنسیپەکانی ناسیۆنالیزمی بازرگانی پێ کردن و كڕیاری، گەلێک ئەولاتری چالاکییە تایبەتییە ئابوورییەکان دەگرنەوە. بە هۆی حەزی دیسکۆرسی ڕێکلامی سەرهێڵ، ڕاستییەکە کە گشتمان، وەک تاک، هان دەدرێین کە مۆرکی تایبەتی خۆمان لە ژینگەی مێدیا کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێ، ئەو پرەنسیپانە بێ ڕیزپەڕ لە سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵایەتی، لە کولتوور و پەروەردە و فیرکردن ڕا بگرە تا سیاسەت و هەڵسوکەوتی ڕۆژانە لە سەر مێدیا کۆمەڵایەتییەکان دەگرنەوە. پلاتفۆرمی وەک فەیسبووک لە سەرەتادا وەک ئامرازی بیروڕا دەربڕین بوون بەڵام بوونە ئامرازی رێکلام بۆ خۆت (ڤان دایک، ٢٠١٣). سەرهەڵدانی وردیلە-بەناوبانگ [مایکرۆ-سێلێبریتی] و کەسانی کە لە ڕێگای مێدیاوە کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەیە (خامیس، ئانگ، & وێلینگ، ٢٠١٧) و هەروەها تەشەنە کردنی “دیپلۆماسیی سێلفی” کە ڕێبەران کەڵک لە ئامرازەکانی رێکلام بۆ خۆ کردن لە مێدیا کۆمەڵایەتیەکاندا بۆ دروست کردنی پەیوەندیی سیاسی و یارمەتی بە دروست کردنی ناوبانگی باش بۆ وڵاتەکەیان وەردەگرن(مانۆر، ٢٠١٩) نموونەی دیکە لە بارەی ئەوە کە چۆن لۆژیکی رێکلام بۆ خۆکردن و لۆژیکە بازرگانییە ژێربەژێرەکەی دزەی کردووەتە ناو لایەنە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و بیری نەتەوەییی سەرهێڵ، کە لە کولتووری جەماوەری تا سیاسەت دەگرێتەوە.



٥. ئاکامگیرییەکان

بەڵگە هێنانەوەکانی ئێمە لەمەڕ ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ چ مانایەکی بۆ توێژینەوەی داهاتوو هەیە؟ لانیکەم چوار پرەنسیپی بەرین دەکرێ لەو گفتوگۆیە پێشکەش بکرێن. یەکەم، توێژینەوەی داهاتوو دەبێ خۆی لە بەرانبەر وەسوەسەی بەستنەوەی ناسیۆنالیزم بە شێوازە هەرە تایبەتی و شەڕانشۆیەکانەوە ببوێرێ و لە جیاتی ئەم، لەوە بکۆڵێتەوە کە چۆن مێدیای دیجیتاڵ یارمەتیدەری بەرهەمهێنانەوە و بڵاو کردنەوەی شێوازی جیاوازی ناسیۆنالیزمن، لە ناویاندا ئەوانی کە بەرانبەر بە فرەچەشنی کراوەترن و لەگەڵ بایەخە لیبڕاڵ دێموکراتیکەکان گونجاوترن. دووهەم، توێژینەوە لەمەڕ ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ دەبێ بە شێوەیەکی ئایدیال هەوڵ بدا لێکۆڵینەوە لە بەرهەمهێنانەوەی ڕۆژانەی ناسیۆنالیزم و هەروەها هێزی جووڵێنەری دەربڕینە ئاشکراترەکانی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ، لە بایکۆتی ناسیۆنالیستیی كڕیارانڕا بگرە تا دەربڕینە ناتەبایەکانی گرێدراویی نەتەوەیی لە کاتی ڕووداوە مەزنە سیاسییەکاندا. سێهەم، توێژینەوە لەو بوارانەدا دەتوانێ بەرهەمدارانە لێکۆڵینەوە دامەزراوەیی و ژێرخانییەکان لەگەڵ هەڵوێستە ئەتنۆگرافییەکان تێکەڵ بکا و لێی بکۆڵێتەوە کە چۆن مێدیای دیجیتاڵ، ڕایەڵەی نەتەوەیی کە ژینگەی پەیوەندیگرتنی ئێمەیە بەکار دێنێ، دەیگونجێنێ و تەنانەت لەوانەیە بەلاڕێیدا ببا. بە ‌هێندێک ڕیزپەڕەوە (ڕیزپەڕ=استثنا)، توێژینەوەی بەردەست لە بارەی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ زۆر جار پێشترییەتی بە لێکۆڵێنەوە دامەزراوەیی و ژێرخانییەکان لە جیات لێکۆڵینەوە لە هەلسوکەوتی جەماوەر دەدا و بە ڕاستی باسی خودی ئێمە لەو وتارەدا ئەو لاسەنگییەی پێوە دیارە و بێگومان مەودای بەرچاو لەبارەی لایەنی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، ئەتنۆگرافی و توێژینەوەی چۆنایەتییانە لەو بوارەدا هەیە. چوارەم، ئەو بوارە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سوود لەو توێژینەوە مێژووییانە دەبینێ کە بە دوای لێکۆڵینەوە لە ئاڵوگۆڕ لە هەڵسوکەوتی نێوان مێدیا و ناسیۆنالیزم پاش تێپەڕ بوونی ماوەیەکی زۆر دێنە ئاراوە. بە تایبەتی ئەو بەڵگانەی ئێمە لە بەشی پێشوودا باسمان کردن، لەو شوێنە کە ئێمە هەوڵ دەدەین تایبەتمەندییە سەرەکییەکان کە ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ لە هی “ئانالۆگ”ی پێشووتر جیا دەکەنەوە، هەموو ئەوە دەگەیەنن کە ئاڵوگۆڕ بە گوێرەی تێپەڕینی کات تا ڕادەیەکی زۆر بە گوێرەی بەڵگەکانی وەدستهاتوو لە تاکە ساتێکی مێژوودان. لەبەرچاو گرتنی شێوەی درێژ خایەن دەتوانێ یارمەتی بە ئێمە بدا بەڵگەی پتەوتر کۆ بکەینەوە و تێگەیشتنێکی ڕوونترمان لە یارمەتیی ڕێژەییی تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵەکان، لە بەرانبەر فاکتەرەکانی دیکەدا، لەو ئاڵوگۆڕانەدا هەبن کە ئێمە پێشکەشمان کردن. جگە لەوە، شێوەی درێژخایەن دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ تێگەیشتن لەوە کە چۆن و لەبەر چی نەریتە ساکار و ناگرینگەکان کە ناسیۆنالیزم بە شێوەی ڕۆژانە بەرهەم دێننەوە، دەبنە پردەباز بۆ ورووژاندنی شێوەکانی ئاشکراتر و ژاراویتری ناسیۆنالیزم، وەک ئەوەی ئێستا لە سیاسەتی جیهانیدا بەرچاوە.
ئاماژەیەکی گشتیتر: باسی ئێمە بە هەمان شێوە تیشک دەخاتە سەر پێویستیی گفتوگۆیەکی بەردەوامتر لە نێوان زانایانی ناسیۆنالیزم و زانایانی مێدیا و پەیوەندیگرتن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی ئەو دوایانە. زۆر جار، باس لەسەر ناسیۆنالیزم، کەمایەسیی تێگەیشتن و نرخاندنی دەوری تەکنەلۆجیاکانی مێدیا و پەیوەندیگرتن لە داڕشتنی شێوازە مێژوویییەکە و هەروەها شێوازە هەنووکەیییەکەی ناسیۆنالیزمدا هەیە. بەشێکی بەرچاو باس لەبارەی کاریگەریی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵ لە سەر ناسیۆنالیزم، لە ناویاندا چەند لێکۆڵینەوەی کە لێرە باسیان دەکرێ، ئاماژە بە بەشێکی کەم لە توێژینەوەی بەردەست لە لایەن زانایانی مێدیای دیجیتاڵەوە دەکەن. بە پێچەوانەوە، باسەکانی وێژەی مێدیا و پەیوەندیگرتن، زۆر جار زانیارییەکی کەمیان لە بارەی پێشکەوتنەکانی ئەو دوایانەی بواری توێژینەوەی ناسیۆنالیزم هەیە و لە ئاکامدا حەز دەکەن ڕوانگەیەکی بەرتەسک لە بارەی ناسیۆنالیزم هەڵبژێرن کە زۆر جار ئەوی وەک ئایدیۆلۆجیایەکی لاوەکی یان نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی دێننە بەر باس کە دەبێ لەناو بچێ. وەک بەڵگەکانی ئێرە دەریان خست، تێگەیشتنی هاوبەشی ئێمە لە سەر ناسیۆنالیزم لە دنیای دیجیتاڵدا، ناتوانێ بە بێ تێکەڵاویی نێوان ئەو دوو بوارە ئاکادێمیایییە بەرەوپێش بچێ.