ئارامتر بخوێنەوە!

نەتەوەی لەمێژینە و دێرینی ئێران؟

کتێبە دەرسییەکانی قوتابخانە و یادەوەریی مێژوویی لە ئێرانی پاش شۆڕشدا


پوختەی وتارەکە

ئەم وتارە چارەنووسی ڕیوایەتی ناسیۆنالیسمی پەهلەویی پێش شۆڕش، لە ئێرانی پاش شۆڕشدا دەخاتە بەر باس و شیکردنەوە. لێکۆڵینەوەکە، بە مەبەستی دەرخستنی پابەندمانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، (سەرەڕای پڕۆپاگەندە و بانگەشە جیهانی و ئیسلامییەکەی) بە ڕیوایەتی پەهلەوی لە “نەتەوەی دێرینی ئێران”، واتە نەزەرییەی ئاریایی، کە لە کۆتایییەکانی چەرخی نۆزدە و سەرەتای قەرنی بیستەمدا لە لایەن لێکۆڵەرە ئورووپایییەکانەوە هاتە کایەوە، کتێبە دەرسییەکانی قوتابخانەکان لە ئێرانی پێش و دوای شۆڕشدا، لەگەڵ یەک هەڵدەسەنگێنێ. ئێرانی پاش شۆڕش خەتە بنەڕەتییەکانی خوێندنەوەی پەهلەوی-ئورووپی لە مێژووی ئێرانی، کە وەک بنەمای ئەو داستانە بە حیساب دێن، قەبووڵ کرد. هەر بۆیەش لە ڕەوتی چوونەپێشی خۆیدا، دەگەڵ هەمان دیالێکتیکی بەیاد سپاردن و لەبیرچوونەوە، هەمان شکڵ و شێوەی خۆگۆڕین و هەمان لاوازی و کەموكۆڕی لە بەرانبەر واقعییەتەکاندا، بەرەوڕوو بوو. بۆیە لێکۆڵینەوەکە تێدەکۆشی ئەوە بسەلمێنێ کە ئەو گۆڕانە ڕووکەشییەی کە بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە “سەردەمی ئێران” بۆ “سەردەمی ئیسلام”دا ڕووی داوە، سەرەڕای ئەوەی کە گەیشتووەتە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، هەر لە چوارچێوەی سوننەت و نەریتە زاڵ و باوە ئورووپایی – سیکۆلارەکەی سەردەمی پەهلەویدا ماوەتەوە وچەقی بەستووە. لە ڕاستیدا وشیاریی ئیسلامی، نەک هیچ ئەڵتڕناتیوێکی بۆ ئوستوورەی نەتەوەی ئێران دروست نەکردووە، بەڵکوو تێرمینۆلۆژیی ئیسلامییشی خستووەتە خزمەت هەمان ئەفسانەوە. بەوجۆرە دەتوانین بڵێین ئیسلامی سیاسی لە چوارچێوەی ناسیۆنالیسمی ئێرانیدا ماوەتەوە وخۆی لەو سیمبۆلانەدا نیشان دەدا کە بە تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەقەڵەم دەدرێن و مانایەکیان پێ دەبەخشێ کە لە ڕواڵەتدا ئایینی بێنە بەرچاو.



سەرەتا

هەربەو جۆرە کە خەشخاش بە ماددەی سەرەتایی بۆ ئالودە بوون بە هێرۆئین دادەنرێ، مێژووش بە کەرەسەی خاوی ئیدئۆلۆژییە ناسیۆنالیستی، میللی، قەومی و ڕادیکاڵەکان لەقەڵەم دەدرێ. (Hobsbawm 1997: 5). ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لەسەر بناخەی بۆچوونی مۆدێڕنیستی سەبارەت بە نەتەوە و ناسیۆنالیزم و تێگەیشتنی هاوچەرخ لە حافیزەی دەستە جەمعی و بە کۆمەڵ دامەزراوە، بەر لە هەرشتێکی دیکە پەیوەندیی بە سامان و ڕیوایەتی پەهلەوی لە ناسێۆنالیزمی ئێرانی پێش لە شۆڕش، لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. لێکۆڵینەوەکە لە ڕێگای بەراورد کردن و هەڵسەنگاندنی کتێبە دەرسییەکانی قوتابخانەکان لە دەورانی پێش و دوای شۆڕشدا لەگەڵ یەکتر، ئەوە نیشان دەدا کە ئێرانی دوای شۆڕش، سەرەڕای ئەوهەموو ئیدیعایە کە سەبارەت بە شۆڕشگێربوون، جیهانی بوون و ئیسلامی بوون دەیکا، بەو خوێندنەوەیەوە کە بنەماڵەی پەهلەوی سەبارەت بە “نەتەوەی لەمێژینەی ئێران” هەیانبوو، وەفادار ماوەتەوە. ئەوە بە جۆرێک هەست پێ دەکرێ کە ئەو ڕیوایەتە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی، هەر بەو جۆرە کە لە دەورانی هاوچەرخدا لە گۆڕێدایە، یا هەر بەو جۆرە کە لە ئاخروئۆخری ساڵەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی چەرخی بیستەمدا، لە لایەن لێکۆڵەرە ئورووپاییەکانەوە بەیان کراوە، هەمیشە “لەگۆڕێدا بووە”. کۆماری ئیسلامیی ئێران خەتە بنەڕەتییەکانی خوێندنەوەی پەهلەوی- ئوروپی لە مێژووی ئێرانی، کە وەک بنەمای ئەو داستانە بە حیساب دێن، قەبووڵ کرد. هەربۆیەش وەک لێکۆڵەری بەناوبانگی فەرانسەوی Pierre Nora (1989: 8) دەڵێ لە ڕەوتی چوونەپێشی خۆیدا، دەگەڵ هەمان دیالێکتیکی بەیاد سپاردن و لەبیرچوونەوە، هەمان شکڵ و شێوەی خۆگۆڕین و هەمان لاوازی و کەموكوڕیی لەبەرانبەر واقعیەتەکاندا، بەرەوڕوو بوو.
بۆیە لێکۆڵینەوەکە تێدەکۆشی ئەوە بسەلمێنێ کە ئەو گۆڕانە ڕووکەشییەی کە بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە “سەردەمی ئێران” بۆ ” سەردەمی ئیسلام”دا ڕووی داوە، سەرەڕای ئەوەی کە گەیشتووەتە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، هەر لە چوارچێوەی سوننەت و نەریتە زاڵ و باوە ئورووپایی-سیکۆلارەکەی سەردەمی پەهلەویدا ماوەتەوە وچەقی بەستووە. (1925.79). ڕوونە کە شۆڕشەکان لە هەلومەرجە تایبەتییە فەرهەنگی و کولتورییەکاندا ڕوودەدەن و هەندێک لە داب و نەریتە باوە کولتورییەکانش لەگەڵ خۆیان لە ڕێژیمەکۆنەکەوە بۆ دەورانی پاش شۆرش دەگوێزنەوە.
ئاخر لە ئێرانیشدا هەروەک کۆمەڵگاکانی دیکە، “قەیرانە شۆڕشگێڕییەکان نوختەگۆڕانی مێژوویی نین کە ببنە هۆکاری پێکهێنانی هەرچەشنە ئاڵوگۆڕێک ئەگەر شۆڕشگێرە خاوەن ئیرادەکان بیانهەوێ” (Skocpol 1979: 171).
لێکۆڵینەوە تازەکان مۆدێڕنیتێتیی دیاردەی شۆڕشی ئیسلامییان لە ئێراندا دەرخستووە. ئەمەش بناخەی ئەو بۆچوونە باوە لاواز دەکات کە ئەو دیاردەیە بە پاشەکشەی تەواو لە مۆدێڕنیتە دەزانێ.2 لە ڕێگای بەڵگە هێنانەوە بۆئەوە کە ناسیۆنالیسم، بەرهەمی مۆدێڕنیتەیە، هەروەها بە نیشاندانی ئەوە کە ناسێۆنالیسم لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گەشەی کردووە، ئەو لێکۆڵینەوەیە دەری دەخا کە بزووتنەوە ئیسلامییە ئوسوولییەکان لە ئێران و لە شوێنەکانی دیکەدا، لەجیاتی ئەوەی کە وەک درێژەی ڕابردوو لەقەڵەم بدرێن، بەشێکن لە مۆدێڕنیتە. ئەوەی کە سەرچاوەی تێگەیشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕیوایەتە باوەی لەو بارەیەوە لەگۆڕێدایە، ئەو بۆچوونە بەهێزدەکات کە بزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکان، تەنانەت ئەگەر “بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە تەواوییش مۆدێلە سیاسییە هاوچەرخەکان، وەک بەرهەمی هاوردەی ڕۆژئاوای دوژمن ڕەدبکەنەوە، بیروڕا سیاسییە جۆراوجۆرەکانیان، ڕێکخراوەکانیان، ئاوات و ئامانجەکانیان، لە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی دەوڵەت-نەتەوەدان و ئیلهام لەوان وەردەگرن” (Zubaida 1989: ix).
پەروەردەو فێرکردن لە ئێرانی مۆدێڕندا هەمیشە جێگای باس و لێکۆڵینەوە بووە و زۆر وتار و بابەتی تایبەت بە خۆی لەسەر نوسراون. ئەو لێکۆڵینەوانە یارمەتیی ئێمەیان داوە تا باشتر لەو ڕۆڵە گرنگە بگەین کە پەروەردە و فێرکردن لە پڕۆسەی بەکۆمەڵایەتی بوون و شكڵگرتنی ڕوانگە و بۆچوونی لاوانی ئێرانی لە پێش و پاش شۆڕشدا گێڕاوەیەتی.3 کەچی بەو حاڵەش زۆربەی ئەو وتارانە نەیانتوانیوە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنێکی ورد و هەموولایەنە و بەراوردکارانە سەبارەت بە پەروەردە و فێرکردن لە پێش و پاش شۆڕشدا بە دەستەوە بدەن4 . لە ئاکامی ئەو کەموکوڕیانەدا ئەوان نەیانتوانیوە پێچ و پەناکان، دەرفەتە سەرکوتکراوەکان و ناتەبایییە جۆراوجۆرە چارەسەرنەکراوەکان لە پڕۆسەی تێپەڕێن لە سیستەمی پاشایەتییەوە بۆ نیزامی کۆماری ئیسلامی و دوای ئەودا ببینن و بخەنە بەرباس. هەر بۆیە بەشێکی زۆر لەو لێکۆڵینەوانە بە بەرهەمهێنانەوە و پشتڕاستکردنەوەی ئەو ( essentialism) ە کۆتایییان دێ کە بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتگەریی سوننەتی (traditional Orientalism). یانی دووبارە کردنەوەی ئەو حیکمەت و عەقڵیەتە دەستەجەمعییە (conventional wisdom) ئێرانییە یەکپاڕچەیە کە لە “گەڕانەوە بۆ ئیسلامدا” خۆی نیشان دەدا. ئەوە شتێکە کەHiggins & Shoar- Ghaffari (1994: 20) لە لێکۆڵینەەکەیاندا باسی دەکەن و دەڵێن: “هەموو ئەوانەی سەبارەت بە خوێندن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وتار و توێژینەوەیان نوسیووە لەسەر ئەوە هاوڕان کە ئامانجی ئەسڵیی کۆماری ئیسلامی، بریتییە لە دروستکردنی ئینسانی ئیسلامی وهەروەها لە پەیوەندی دەگەڵ کەمایەتییە ئایینیە بەڕەسمی ناسراوەکانیشدا، ئەو ئامانجە بریتییە لە پەرەپێدانی تەعەهود بە یەکتاپەرستی و ئیتاعەت لە یەک خوا”5. بەوحاڵەش، بەراوردکردن و هەڵسەنگاندنی کتێبە دەرسییەکانی پێش وپاش شۆڕش لەگەڵ یەکتر، کە لەو توێژینەوەیەدا ئەنجام دراوە، ڕەنگە فەزایەکی کولتووری و فەرهەنگیی ناهاوئاهەنگ لە کۆماری ئیسلامیدا بخاتە پێش چاو. لەو ڕوانگەیەوە “ئێرانی بوون” و “ئیسلامی بوون” نەک هەر بە دوو هەویەت و ناسنامەی دژبەیەک دانانرێن، بەڵکوو سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانی نێوانیان، دەتوانن پێکەوە بژین (coexist). ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو لێکۆڵینەوە بەراوردکارییە دەریدەخا کە هەرچەند “دروستکردنی ئینسانی ئیسلامی” لە ڕاستیدا ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی بووە، بەڵام ئامانجێکی دیکەی بە هەمان ئەندازە گرنگ و گرێدراو بەو ئامانجە سەرەکییەوە، بریتی بووە لە دروستکردن و پەروەردەکردنی کەسێکی ئێرانییش. کەسێک کە تاڕادەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پێناسەیە بێتەوە کە سەڵتەنەتی پەهلەوی بۆ فەردێکی ئێرانی دەزەینی دەخست وەبەرچاوی دەگرت. لە ئێرانی پاش شۆڕشیشدا، هەر بەوجۆرە، “چەمکی نەتەوە بە کێڵگە و مەیدان و مۆدێلێک دادەنرێ، کە هەموو جۆرە وەفاداری و تەعەهودەکان، لەوێوە سەرچاوەدەگرن” ( (Zubaida 1989: 147-8). لە ئاکامدا مێژوو لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا هەر بە دەستێوەردانی یەزدان دیاری ناکرێ، بەڵکوو وەک دەورانی پەهلەوی، بە شێوەی خەتێکی ڕاست دەڕواتە پێش و مێژووی سازکراوی نەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کەونارا و ڕەچەڵەکی باب و باپیران. ئەگەر باس لە سەرچاویەکی دیکە نەکرابێ، هەموو ئەو سەرچاوانەی بۆ ئەو توێژینەوەیە بەکارهاتوون، بریتین لەو کتێبە دەرسییانەی کە لەسەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، لە قۆناخەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییدا، بۆ خوێندن و فێربوونی مێژوو، زانستە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان و زمان و ئەدەبیاتی فارسی کەڵکیان لێ وەرگیراوە. بایەخی کتێبە دەرسییەکان، وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی نرخ و بەها و ڕوانگە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ڕەسمییەکان و ئیدئۆلۆژی و ئارەزووەکانی ئەو کاربەدەستانەی کە ئەو کتێبانەیان ئامادە و چاپ کردووە، جێگای هیچ موبالەغەیەک نییە. سەرەڕای ئەوەش، لە ئێرانی پاشایەتی و کۆماریدا، بایەخی کتیبە دەرسییەکان لەوەش زیاترە، چونکە، “لە ڕاستیدا، نێوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان، بریتییە لە پڕۆگرامێکی خوێندنی ئەوتۆ کە بە ئاگایییەوە زانست و زانیاری بۆ قوتابخانەکان دە گوێزێتەوە” (Higgins and Shoar-Ghaffari 1995: 39). هەروەک وتمان، زۆربەی ئەو کتێبە دەرسییانەی لەو لێکۆڵینەوەیەدا کەڵکیان لێ وەرگیراوە، بریتین لە کتێبە دەرسییەکانی خوێندن و فێربوونی زانستە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەش ئەو بوارە سەرەکییەیە کە فەرهەنگی ڕۆژئاوا لەوێدا کاریگەرترین شوێنەواری “ژەهراوی”ی خۆی لەسەر قوتابی و خوێندکاران هەبووە؛ بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، زۆرترین دەسکاری و چاوپێداخشاندنەوەی لەو کتێبە دەرسییانەدا ئەنجام داوە. (Sobhe 1982: 275). هەر بۆیە وەک میهردادی حەقایقی (1993: 42) Mehrad Haghayeghi دەڵێ: “لێکۆڵینەوەی کتێبە دەرسییەکانی زانستە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان لە قۆناخەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییدا ، تایبەتمەندیی هەموولایەنە و ڕێکوپێکی شۆڕش، لەبواری خوێندندا نیشان دەدا”. هەر بۆیە ناوبراو بەو ئاکامە دەگات کە کتێبە دەرسییەکانی خوێندنی زانستە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان، لە قۆناخەکانی سەرەتایی، ناوەندی وئامادەییدا، لە دەورانی پێش و پاش شۆڕشدا، بە باشترین پێوانە و پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنیەتیی ئەو ئاڵوگۆڕە فەرهەنگییانە دادەنرێن کە ڕێژیمی ئاخوندی بۆ وەدیهێنانیان لە ئێراندا هەوڵ دەدا. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین زۆربەی ئەو کتێبە دەرسییانەی دەورانی پەهلەوی کە لەو توێژینەوەیەدا بەکار هاتوون، لە ساڵەکانی ١٩٧٠ی زایینیدا چاپ کراون. ئەو دەورەیە بە قۆناخی زێڕینی دەستەڵاتی محمەد ڕەزا پەهلەوی و (1941-79)، سەردەمی گەشەی بەرنامەی ڕێفۆرمەکانی “شۆڕشی سپی”ی ناوبراو بە حیساب دێت. دەزانین لەو سەردەمەدا بوو کە بایەخ و ئەسڵە ئەخلاقییە بنەڕەتییەکانی فەرهەنگی ڕۆژئاوا، سیکۆلاریزم و ناسیۆنالیزم، لە ڕێگای سیستەمی قوتابخانە و خوێندن و فێربوونەوە پەرەیان پێ دەدرا. ئەو کتێبە دەرسییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش کە لەو لێکۆلینەوەیەدا کەڵکیان لێ وەرگیراوە، لە کۆتاییی ساڵەکانی ١٩٨١- ١٩٨٢دا ئامادە و چاپ کراون. تا ئەودەم ئاڵوگۆڕ و پێداچوونەوە بە کتێبە دەرسییەکاندا تەواو ببوو. (Mehran 1989: 36). لێکۆڵینەوەکە بەو جۆرەی خوارەوە دەڕواتەپێش. لە بەشی یەکەمدا ڕیوایەتی میللیگەرایی و ناسیۆنالیستیی پەهلەوی دەخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە و تێدەکۆشین ئەوە نیشان دەین کە چۆن ئەو ڕیوایەتە لە کتێبە دەرسییەکانی پێش شۆڕشدا ڕەنگی داوەتەوە. بەشی دووهەم کتێبە دەرسییەکانی پاش شۆڕش دەخاتە بەر تیشکی لێکۆڵینەوە و بەشی سێهەمیش هەردووکی ئەو دوو کۆمەڵە کتێبانە بۆ گەڕان بە دوای چارەنوسی هەمان ڕیوایەتی ناسیۆنالیستیدا، دەگەڵ یەک بەراورد دەکا وهەڵدەسەنگێنی.



لە سەردەمە دێرینەکانەوە تا دەورانی پەهلەوی: ڕەچەڵەک یا شەجەرەنامەی نەتەوەی ئێران!

دەتوانین ڕیشەکانی ڕیوایەتی پەهلەوی لە ناسیۆنالیسمی ئێرانی، بۆ کۆتایییەکانی چەرخی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، بەتایبەتی دەورانی شۆڕشی مەشرووتە (1905- 11) بگێڕینەوە. لەو قۆناخەدا، بە ئیلهام وەرگرتن لە سەرچاوە مێژوویییە ئورووپایییەکان، بەتایبەتی فەڕزییە یا هیپۆتێزی ئاریا، (سرنج بدە خوارەوە) ژمارەیەکی زۆر لە ڕووناکبیرانی ئێرانی، تێگەیشتنی مۆدێڕن و هاوچەرخیان لە ناسنامەی نەتەوەییی ئێرانی وەرگرت و ئەو شێوە بیرکردنەوەیەیان لە خۆیاندا هەزم و جێ کردەوە. لە ئاکامدا ئەوان نەک هەر لەو ڕیوایەتە لە مێژوو جیابوونەوە کە سەرهەڵدانی محەممەدی بە سەرەتای سەردەمێکی تازە و دەستپێکردنی شارستانییەتی نوێ لەقەڵەم دەدا و سەردەمی پێش ئیسلامی بە دەورانی تاریکی و نەزانی دەزانی، بەڵکوو لەبەرانبەردا، دەورانی بەر لە ئیسلامیان بە “سەردەمی ڕەوشەنگەری” دادەنا و لە ئاکامی فەتح کرانیان لە لایەن ئیسلامەوە، بە نائومێدییەوە، دەیانڕوانییە هەلومەرجی ژیانی ڕۆژانەیان ( (Tavakoli-Targhi 1988: 66. ئەم ڕیوایەتە بانگەشە بۆ کۆنسێپتی “نەتەوەی دێرینی ئێران” دەکا کە خاوەنی ڕیشەی قووڵی مێژوویییە و ئەندامەکانی وەک گرووپێکی یەکگرتوو، لە مێژوودا، بە وتە بەناوبانگەکەی Benedict Anderson، بە هەمان یەکپارچەیییەوە، لە زەمان و فەزایەکی دیاریکراوی نەگۆڕدا دەچنە پێش. (1991). بە گوێرەی ئەو ڕیوایەتە ناسیۆنالیستییە، مێژووی ئێران، بە سەردوو دەورەی سەرەکیدا دابەش دەکرێ. دەورانی دێرینی پێش ئیسلام و دەورانی ئیسلامی. دەورانی دێرین بە زاڵبوونی دەستەڵاتداریەتیی هیندوئورووپایی “ئاریایی” لە نزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ پێش میلادەوە دەست پێ دەکا و تا سەردەمی پڕشکۆی ئیمپڕاتۆرییە قەدیمییەکانی فارس درێژە دەکێشێ و بە فەتحی ئێران لە لەیەن عەرەب یا موسوڵمانەکانەوە، لە قەڕنی حەوتەمی زایینیدا کۆتاییی پێ دێ. سەردەمی دێرین بە جۆرێک تەماشا دەکرێ کە لەوێدا نەتەوەی ئێران دەست بە گەشە و هەڵدان دەکا و لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە بە ژیانێکی سەبەخۆ و خودموختار دەگات. لەو دەورەیەدا، ئیمپڕاتۆرییەکانی پێش ئیسلام واتە هەخامەنشی و ساسانی، بە مایەی شانازی دادەنرێن. ئەو ئیمپڕاتۆڕییانە بە دەورانی پڕشکۆ و سەردەمی زێرێنی نەتەوە لەقەڵەم دەدرێن. ئەوان بە نوێنگە و تەجەسومی گەشەی ڕۆحی میللی، زمان و ئەدەبیاتی فارسی، نیشتیمانی ئێران و چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی نەتەوەتەی سەربەخۆی ئێران دادەنرێن. ئەو سەردەمە دێرینە بە تێکشکانی مێژووییی پارس لەبەرانبەر”بیابان نشینان” و “بادیەنشینانی دڕندەخوو” واتە عەرەبە موسوڵمانەکان کۆتایی دێ. دەورەی دوای ئەوە کە بریتییە لە چەند قەڕن دەستەڵاتداریەتیی حکوومەتی موسوڵمانەکان، بە سەردەمی “کەموکورتی” واتە ‘lack’ دادەنرێ. بەمانای ئەوەی کە ئێرانییەکان لەو دەورەیەدا ئەزموونی بەکۆمەڵ و دەستەجەمعیی خۆیان وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو و یەکپارچە لەدەست دا. سەکوت کرانی هەستی نەتەوایەتی و بێ توانایی بۆ نیشاندانی ڕۆحی ڕاستەقینەی میللی، بە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەو دەورانە دەزانرێن. لەو دەورەیەدا ئیحساسات و هەستی دژایەتیکردن دەگەڵ عەڕەب بە ئەندازەیەک پەرەی ئەستاند، کە نەک هەرئیسلام، بەڵکوو فەرهەنگی ئێرانی-ئیسلامییشی نادیدە دەگرت. ئاخر پێی وابوو ئەوە شایستەی شکۆی بەرزی فەرهەنگی زەردەشتی نییە کە لە پێش ئیسلامدا لەو مەڵبەندەدا هەبووە. (Katouzian 1979: 542.6). بەم جۆرە سەڵتەنەتی ڕوو لە گەشەی پەهلەوی، ، لەبەر ئەوەی کە نوێسازی و بەڕۆژئاوایی کردن(modernisation and Westernisation) ئامانجی سەرەکیی ئەو سەڵتەنەتە بوو، ڕیوایەتی ناسیۆنالیستی ومیللیگەرایانەی مەشرووتەی وەرگرت و گەیاندییە ئاستی ئیدئۆلۆژیی ڕەسمیی دەوڵەت. (Arjomand 1988: 68). لەلایەکی دیکەشەوە ئەوان ڕیوایەتی ناسیۆنالیستی و میللیگەرایانەی نەوەکانی پێشووی خۆیان، بە پێداگرتن لەسەر فەڕزیەی “ئاریایی” کە پشتیوانیی لە پەیوەندیی نێوان شارستانییەتی ئورووپایی و ئێرانی دەکرد، هەر بەو جۆرە کە هووشەنگی شەهابی ڕوونی دەکاتەوە، لەگەڵ ئارەزوو و بەرزەفڕییەکانی خۆیان هاوئاهەنگ دەدی (:2231 1993،Houchang E. Chehabi ). ئەوان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە جیاوازیی نێوان مۆدێلی ئورووپایی و واقعییەتی ئیسلامی، بە وەدەستهێنانەوەی میرات و ناسنامەی پێش ئیسلام، وەک ئەوەی کە توێژەرە ئورووپایییەکان نیشانیان دابوو، کە ڕەچەڵەک و شەجەرەنامەی هاوبەشیان لەگەڵ فەرهەنگی ئورووپاییدا هەیە، دەکرا قەرەبوو بکرێتەوە. هەر بۆیە بە ئورووپایی بوون، لە بیر و زەینی پەهلەوییەکاندا، نەک بە لەخۆبێگانەبوون، بەڵکوو بە گەڕانەوە بۆ سەر ئەسڵ و نەسەب و ڕیشەی ڕاستەقینەی باب و باپیران بە حیساب دەهات. هەربۆیە لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە دەکرێ لاسایی کردنەوەی ئورووپایییەکان و پێداگرتن لەسەر تایبەتمەندییە میللی و نەتەوەیییەکان، شان بەشانی یەکتر بچنە پێش. بەوحاڵەش ڕیوایەتی مەشرووتەخوازەکان لە سەردەمی سەڵتەنەتی پەهلەویدا، کە تێگەیشتن و خوێندنەوەیەکی کەمتر نەرێنییان سەبارەت بە دەورانی پێش ئیسلام هەبوو، لە لایەن بنەماڵەی پەهلەوییەوە کەوتە بەر چاوپێداخشاندنەوەیەکی بنەڕەتی. مەبەستی پەهلەوییەکان لەو ئاڵووگۆڕە بنەڕەتییانە ئەوە بوو کە لە لایەک مەشرووعییەتی سیاسی بۆ خۆیان وەدەست بێنن و لە لایەکی دیکەشەوە ئەو بیرۆکەیە پەرە پێ بدەن کە سەڵتەنەت بەشێکی پیرۆز و جیانەکراوەی شێوەژیانی ئێرانییە. لەوەش زیاتر ئەوان لەو ڕێگایەوە دەیانهەویست ئەوە نیشان بدەن کە سەڵتەنەتی پەهلەوی، ئاخرین جیلوە و خۆنیشاندانی ئەو سوننەتە دوورودرێژەی سەڵتەنەتە کە هەمیشە درێژەی هەبووە. پەهلەوییەکان بۆئەوەی خۆیان وەک درێژەدەر و پەرەپێدەری سوننەت و نەریتەکانی سەڵتەنەت لە ئێراندا نیشان بدەن، ناچاربوون بیرۆکەی بەردەوامیی خەڵک وفەرهەنگ لە فەلاتی ئێراندا، بخەنە ژێر کاریگەری و شوێنەواری خۆیان. لەسەر ئەو بنەمایە دەگوترێ کە هەرچەند فەتحی ئێران لە لایەن عەرەبەکانەوە کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام دەورەی ئیسلامیی دوای ئەوە، توانیویەتی ئاڵوگۆڕێکی زۆر کەم لە
کاراکتەر و چۆنیەتیی کۆمەڵگای ئێراندا، پێک بێنێ. چونکە هەمیشە تێکۆشاوە ناسنامەی خۆی لە بەرانبەر دەستەڵاتداریەتی و هێژمۆنی عەرەب و تورکدا بپارێزێ. (Vaziri 1989: 102).7.
ئێستا وەختی ئەوەیە ڕەنگدانەوەی یادەوەریی دەستەجەمعیی ئێرانی لە کتێبە دەرسییەکاندا، لە دەورانی لووتکەی گەشەکردنی سەڵتەنەتی محمەد ڕەزا شای پەهلەویدا، وەک ئاخرین شای ئەو سیلسیلەیە، بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەروەک دەبینین، لە کردەوەدا هەموو کتێبە دەرسییەکان بە مەبەستی پەروەردەکردن و چاندنی هەستێکی پڕ لە غروور و هەویەت و ناسنامەی مێژوویی لە قوتابیدا ئامادە کراون.
ئەندرسۆن دەڵێ ئەو میتۆدە بریتییە لە ئاشنا کردن و دەرگیر کردن دەگەڵ “پڕۆسەی خوێندنەوەی ناسیۆنالیسم، وەک نیشاندانی ئیدامەی سوننەتی سیلسیلەی پاشایەتی، لە ڕێگای شەجەرەنامەوە” (Anderson 199 1 : 195). لە پەیوەندی دەگەڵ ئێراندا ئەمە بریتییە لە دروستکردنی شەجەرەنامەیەک کە هەر لە دەورانی دێرینی پێش ئیسلامەوە دەست پێ دەکا، بە دەورانی ئیسلامیدا تێدەپەڕێ و وەک خەتێکی ڕاست تا سەردەمی ئێستا درێژ دەبێتەوە. پەهلەوییەکان پەیوەندیی سیلسیلەمیحوەری خۆیانیان دەگەڵ نەتەوەی خۆدخاندەی ئێران( self-proclaimed) کەمو زۆر بە درێژاییی ڕیوایەتەکە پاراست. واتە خۆیان بە درێژەدەری ئەو سیلسیلە دوور و درێژە لە قەڵەم دەدا.
بە مەبەستی دیاریکردنی ڕیشەی قووڵ و مێژووییی نەتەوەی ئێران وهەروەها بۆ دەستنیشانکردنی ئەوە کە ئەو میللەتە هەمیشە هەستی نەتەوایەتی و ناسنامەی میللیی خۆی هەبووە، کتێبە دەرسییەکانی ئاخر و ئۆخری دەستەڵاتداریەتیی پەهلەوی لە هەوڵی ئەوەدان سەرەتاکانی دەستپێکردنی ئەو میللەتە دیاری بکەن. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەبینین فەڕزیە واتە هیپۆتیزی “ئاریایی” بوونی نەتەوەی ئێران بە چەشنێکی بەرین لەو کتێبە دەرسییانەدا خۆی نیشان دەدات. بەمجۆرە قوتابییان فێر دەکرێن کە ڕەچەڵەکی ئێرانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو “تیرە ئاریایی”یانەی کە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە “دەشتە کانی ڕۆژاوا و باشووری سیبری”یەوە دەستیان داوەتە کۆچ کردن. بەشێک لەوان چارەنووسی خۆیان لە ئورووپای ناوەندیدا دۆزییەوە، بەشێکی دیکەیان لە ئەفغانستان و هیند جێگیربوون و بەشێکیشیان لە سەرزەمینێکدا نیشتەجێ بوون کە دواتر بە “ئێران” ناسرا. واتە (سەرزەمینی قەومی ئاریایی) (Ta‘rikh Yek 2537 [1978]: 21-2). لە ڕاستیدا “هەر ئەو ئاریایییانەش بوون… کە ناوی خۆیان لەسەر ئێران دانا و ناویان لەو سەرزەمینە نا ئێران” (Ta‘rikh-e Honar-e Iran 1359 [1980]: 7).8.
لە هەزارەکانی دواییدا، لاوانی ئێرانی دەبوایە ئەوە بخوێننەوە کە ئێرانیانی “ئاریایی” توانییان دەستکەوتی زۆر پڕشکۆ و گەورە وەدەست بێنن و بەهۆی بەرهەمەکانی هۆش و ژیری و پێگەیشتووییی خۆیان، لە ئاستێکی بەریندا خزمەت بە شارستانییەتی مرۆڤایەتی بکەن. پڕشکۆترین دەسکەوتی ئەوان لە قۆناخە سەرەتایییەکانی سەردەمی کۆندا، بریتی بوو لە دروستکردنی “یەکەمین سەڵتەنەتی ئێران” واتە “کۆنفیدراسیۆنی ماد” لە قەڕنی هەشتەمی پێش میلاد دا. ئەو “نیزامە سەڵتەنەتی”یە کە خاوەنی “فەرهەنگی ئێرانی” و “جیهان بینی” و “تایبەتمەندیی بێ وێنە” و جیاوازی خۆی بوو، “ڕووخسارێکی تازەی بەو وڵاتە وهەروەها نموونەی شێوە ڕەفتارێکی نوێ و … جلوبەرگ و ئامراز و کەرەسەی تازەی شەڕی، بە دونیا بەخشی” (Ta’rikh-e Lebus 1353 [1974]: 48).
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە سەردەمی ماد، وەک خاڵێکی جیاواز لە “سەرتاسەری چیرۆک”ەکەدا خۆی نیشان دەدا. لەوێوە نەریتی درێژەکێشان و ئیدامەکاریی سەڵتەنەت دەست پێ دەکا و بۆ یەکەم جار سەڵتەنەت وەک پێداویستییەکی مێژوویی (sine qua non) و “ئێرانی” سەرهەڵدەدا.
(Zraniyyat). بەو حاڵەش دەبێ بڵێین کە یەکیەتیی نێوان “سەڵتەنەت” و “ئێرانییەت”، هەوەڵین شانازییەکانی خۆی لە سەردەمی “دووهەمین سەڵتەنەتی ئێرانی”دا، واتە لە سەردەمی ئیمپڕاتۆڕیی هەخامەنشی، بە تایبەت لە دەورانی دەستەڵاتداریەتیی بنیاتنەری ئەو ئیمپڕاتۆرییە، واتە کووروشی گەورە لە ساڵەکانی ٥٣٠ تا ٥٥٠ی پێش زاییندا، تۆماردەکا. (c. 550-530 BC). Cyrus the Great. لە ژێر ڕێبەورایەتیی ئەو پاشا “بەوەج”ەدا کە لە کتێبە دەرسییەکاندا وەک قارەمان وسەرمەشقی “سیفات و تایبەتمەندیی ئێرانی” باسی لێ دەکرێ (Ta’rikh Yek 2537 [1978]: 32، ئێران “هەنگاوی گەورەی بەرەو فەرهەنگ و شارستانییەت هەڵگرت” و توانی بگاتە ئاستە هەرەبەرزەکانی “پێشکەوتن و ناوبانگ و ئیعتباری جیهانی” ( (Ta‘rikh-e Lebas 1353 [1974]: 54). هەر بۆیە سەیر نییە کە دەبینین، تاجگوزاریی کووروش بە سەرەتای دەسپێکردنی “ڕاستەقینە”ی میللەتی ئێران دەزانرێ و لەیادی ئەو ڕووداوەدا لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینیدا، ئەو نەتەوەیە “جەژنی دووهەزار وپێنجسەدساڵەی شاهەنشاهی ئێرانی بەڕیوەدەبات” (Tn’rikh-e Yek 2537 [1978]: 28-9)
کتێبە دەرسییەکانی مێژوو لە دەورانی پەهلەویدا، زۆر پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە سەڵتەنەتی هەخامەنشی، پێش هێرشی لەشکری ئەسکەندەری مەقدۆنی لە ساڵی ٣٣٠ی پێش میلاددا، ڕووخاوە و دوای مەرگی ئەو لەساڵی ٣٣٢ی پێش میلاددا، سەڵتەنەتی “بیگانە”ی سلووکی لە بەشێکی زۆری قەڵەمڕوی ئەودا دامەزراوە. ڕەنگە ئەوە بە پچڕانێک لە ئیدامەی سەڵتەنەت لە ئێران و بە لەدەستدانی ئەزموون و یادەوەریی دەستەجەمعیی ئێرانییەکان وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو و یەکپارچە دابنرێ. کەچی سەرەڕای هەموو ئەوانە، کتێبە دەرسییەکان، بە مەبەستی نیشاندانی ئێرانییەکان وەک گرووپێکی یەکپارچە، کە بەردەوام لە مێژوودا دەڕۆنە پێش، لەبەرانبەر ئەو پچڕانە و (وەک دواتریش دەبینین) هەر چەشنە شتێکی دیکە کە ئەو پەیامە ئیدئۆلۆژیکییە خەوشدار بکات، لەبەرگی ڕیوایەتێکی مەوزووعی واتە عەینیدا( narrative objectivity) بەرهەڵستی لە خۆیان نیشان دەدەن. بۆیە ئیدیعای ئەوە کە ئەسکەندەر و سلووکییەکان، هەوڵیان داوە بە مەبەستی دامەزراندنی “دەوڵەتی یۆنان” لە فەلاتی ئێراندا، ئێران بکەنە پاشکۆی فەرهەنگی یۆنان، وەک “خەیاڵێکی پووچ” ماوەتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەو ئێرانییانەی ئەوانیان بە بێگانە دادەنا و نەیاندەتوانی دەستەڵاتداریەتیی حاکمانی بێگانە بەسەر خۆیاندا قەبووڵ بکەن، لە هەموو لایەکەوە کەوتنە دژایەتی و بەربەرکانێ دەگەڵیان. لە ئاکامدا، نەک هەر ئێرانییەکان “نەبوون بە یۆنانی”، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، یۆنانییەکان “تەسلیمی هێزی ڕاکێشانی فەرهەنگ و شارستانییەتی ئێران” بوون و لە باری فەرهەنگی و جیهانبینییەوە، بوون بە ئێرانی. (Ta’rikh-e Honar 1359 [1980]: 26; Ta’rikh Yek 2537 [1978]: 44-5).
لە ئاکامدا ناسنامەی ئێرانی هەر مایەوە و لەنێو نەچوو، ئەو پچڕانەی لە درێژەکێشانی سەڵتەنەتدا ڕووی دابوو، بە زوویی بۆ بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی زیندوو بووە وە و هاتەوە سەر ڕێی خۆی. لە درێژەی ئەو باسەدا دەگوترێ کە لە قەڕنی یەکەمی پێش زاییندا، سەڵتەنەتێکی دیکەی “ڕەسەنی ئێرانی” لە لایەن ئەشکانییەکانەوە، لە فەلاتی ئێران دادەمەزرێ و “سەربەخۆیی و فەرهەنگ و کولتووری وڵاتی ئێران لە بەرانبەر بێگانەدا” دابین و دەستەبەر دەکات. (Ta‘rikh-e Lebas 1353 [1974]: 64). نزیکەی پێنجسەد ساڵ دواتر، ساسانییەکان، وەک “میراتگری ڕاستەقینەی هەخامەنشیان”، “داب و نەریت و ئادابی ئێرانییەکانی سەردەمی دێرین”یان زیندووکردەوە و “ئێڕانێکی باستانی”ی دیکەیان سازکردەوە. بۆ نموونە هونەری ئەوان هونەرێکی “میللیی ئێرانی” بوو چونکە بە چەشنێکی بەرین وەک سەرمەشق ئیلهامی لە میراتی ڕابردوو وەردەگرت” (Ta‘rikh-e Yek 2537 [ 19781: 61 -6).9 The).
سەردەمی دوورودرێژی کۆن کە لەودا “ڕۆحی ئێرانی” هەر وا بە گەورەیی و”لە شکان نەهاتوویی” (insurmountable) مایەوە، بە تێکشکانی سپای ساسانی لە بەرانبەر، لەشکری بەهێزی عەرەبە پەلاماردەرەکان لە قادسییەدا، لە ساڵی ٦٣٧، و لە نەهاوەند لە ساڵی ٦٤١دا کۆتایی هات. لە ئاکامدا “فەسلێکی تازە لە مێژووی وڵاتەکەماندا دەستی پێکرد” (Ta‘rikh-e Iran az-Payan-e Shah-in-Shahi-ye Sassaniyan ta-Payan-e Salsaleh-ye Zandiyan 2537 [ 19781: 3). کتێبە دەرسییەکان، ئەوماوەیە بە سەرەتای دەست پێ کردنی دەورانێکی پڕ لە “تەحقیر” لە ئاکامی شکانی ئیمپڕاتۆڕیی “ئێرانی” ساسانی لە سەردەستی “ڕەگەزێکی پەست”ی بێگانە دەزانن. لەوەش زیاتر ئەو سەردەمە بە قۆناخی لەدەستدانی “سەربەخۆییی نەتەوایەتی و پچڕانی درێژەی سەڵتەنەت” بە حیساب دێنن. بەوجۆرە ئەو کتێبە دەرسییانەی بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە کەڵکمان لێ وەرگرتوون وێنەی دەورانی تێپەڕین بۆ سەردەمی ئیسلامی، بە ڕەنگی ڕەش و شووم دەکێشنەوە.
لە ڕاستیدا، زۆربەی کتێبە دەرسییەکان لە پەیوەندی دەگەڵ فەتحی ئێران لە لایەن عەرەبەکانەوە، بە داخ بوونی خۆیان لەو شکستەی سەدەی حەوتەم دەردەبڕن. دەورەیەک کە بریتیە لە تێپەڕین لە شکۆی پێش ئیسلام بۆ سەردەمی ئیسلامی. شەڕی قادسییە، کە بوو بە سەرەتای نوقم بوونی شارستانییەتی پڕ شکۆی ئێرانی لە دونیای عەرەبی-ئیسلامیدا و لەدەستدانی حاکمییەت وسەربەخۆییی لەمێژینە، لە مێژووی ئێراندا بە ڕووداوێکی دڕاماتێک دادەنرێ. لە درێژەی ئەو شەڕەدا، وەک ئێمە دەیخوێنینەوە، فەرماندەی سوپای ئێران دەکۆژرێ. لەئاکامدا ئاڵای کاوە واتە درەفشی کاویانی،
(Derfash-e Kavehyani)l0، کە ئاڵای نەتەوەیی و میللیی ئێران بوو و لە سەردەمی دێرینەوە مابووەوە، دەکەوێتە دەستی عەرەبەکان. تیسفۆن، پایتەختی ساسانییەکان دەکەوێتە دەستی عەرەبەکان و تەسلیم دەبێ. (ibid.: 14-16). بەوجۆرە پەلاماردەرانی عەرەب، کە دەستەڵات و حاکمییەتی ئێرانیان بە دەستەوە گرتبوو، لەگەڵ شارستانییەتی ئاریایی-ئێرانی و هیندوئورووپایی ناسازگاربوون. ئەوان نوقمی “پوچی” و “دەمارگرژی” و “خوڕافات” و “نەزانی” بوون و هیچ مەیلێکیان بۆ “زانست و زانیاری” تێدا بەدی نەدەکرا و “هیچ شتێکیان سەبارەت بە پیشەسازییە دەستییەکان و هونەری بەڕێوەبەری نەدەزانی”. (Khanlari 1340 [1961]: 6-7; Anvari et ul. 2536 [1977]: 143-53).
نیشاندانی وێنەیەکی نەرێنی لە دەورانی ئیسلامی، کە لەوێدا سەربەخۆییی نەتەوەیی لەدەست دەچی، بە ئاشکرا ناتەبایی لەگەڵ پڕۆژەی پەهلەوییەکان هەیە کە لە ڕێگای شەجەرەنامەوە مێژووی ٢٥٠٠ ساڵە بۆ بەردەوامی و درێژە کێشانی سەڵتەنەت لەسەر خاکی ئێران ساز دەکەن. وەک پێشتریش باسمان کرد، پەهلەوییەکان بۆ خوڵقاندنی ئاگاهی و وشیارییەکی لەو چەشنە، ناچاربوون بەڵگە بۆ ئەوە بێننەوە کە هەمیشە لە فەلاتی ئێراندا، خەڵک و کولتوور و فەرهەنگ، درێژەیان هەبووە. تێکشکانی ساسانییەکان لە قادسییەدا و زاڵبوونی عەرەبەکان بەسەر ئێراندا، بە پێچەوانەی ئەوەی کە وەک درێژەی چوونەپێشی نەتەوە بە حیساب بێ، دەتوانرێ وەک پچڕانێکی توندتر و سەختتر لەو پچڕانەش دابنرێ کە لە ئاکامی هێرشی ئەسکەندەر، هەزار ساڵ پێشتر، بۆئێران هاتە پێش. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەموکووڕیە، پەهلەوییەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی هەمان میتۆد و ڕەوش کە سەبارەت بە زاڵبوونی ئەسکەندەر و سەلجووقییەکان بەسەر ئێراندا لە سەردەمی دێریندا، بەکاریان هێنابوو. ئەو پچڕانەیان لە درێژەی ژیانی میللەتدا نادیدە دەگرت و دەیانگوت، خەڵک هەمیشە لە فەلاتی ئێراندا هەست و ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان لەژێردەستەڵات واتە “نیری” ‘yoke’ عەرەبی “بێگانە”دا پاراستووە.
کتێبە دەرسییەکانی ئاخروئۆخری دەورانی پەهلەوی لە سێ ڕێگای لێکگرێدراوەوە، تێکۆشاون پەرە بە بیرۆکەی درێژەکێشان و بەردەوامیی سەڵتەنەت بدەن. یەکەم: ئەوان بە درێژی باسی بەشداری و کاریگەریی ئێرانی لە پەرەپێدان و بردنە پێشی شارستانییەتی عەرەبی-ئیسلامیدا دەکەن و لەئاکامدا ئەمە بە بەرهەمی تایبەتی نبوغی (ingenuity) “ئێرانی” لەقەڵەم دەدەن. بەوجۆرە لەم ڕێگایەوە مێژووی ئیسلام ئەگەر تەواو ئاریاییزەش نەکرێ، ئێرانیزە دەبێ. دووهەم: ئەو کتێبانە، دانیشتوانی فەلاتی ئێران وەک خەڵکێکی نیشتیمانپەوروەر پێناسە دەکەن کە هەمیشە بە حەماسەتێکی نەتەوەیییەوە دژی “ئیستبداد و سەرەڕۆیی”ی عەرەب (عەباسییەکان و ئومەوییەکان) ڕاپەڕیون و سەربەخۆییی نیشتیمانیی خۆیانیان وەدەست هێناوەتەوە. سەرەنجام کتێبە دەرسییەکانی دەورانی پەهلەوی، ئەو بنەماڵە و سیلسیلە جۆراوجۆرانەی کە پاش ئیسلام لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا، لە سەردەمە جیاوازەکاندا، دەستەلاتداریەتییان کردووە، بۆنموونە وەک سیلسیلەکانی تاهیرییان لە قەڕنی نۆهەم، سەلجوقییەکان لە قەڕنی یازدەهەم و سەفەوییەکانی قەڕنی شازدە، وەک “نوێنگەی زیندووکردنەوە و هەستانەوەی نەتەوەیی لە چوارچیوەی ئێراندا” دەناسێنن. (Vaziri 1989: 100- 1). بەو جۆرە لەو ڕێگایەوە پەیوەندیی نێوان سیلسیلە جیاجیاکانی سەڵتەنەت کە بۆ ڕیوایەتی ناسیۆنالیستیی پەهلەوی بە پێویست دەزانرێ، دەستەبەردەکرێت.
با هەرسێکی ئەو بابەتانە بە وردی بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە. لە پێشدا بە ئیدیعای بەشداریی ئێرانییەکان لە پەرەپێدانی شارستانیەتی ئیسلامی-عەرەبیدا دەست پێ دەکەین. باسێکی بنەڕەتی کە لەو بارەیەوە لە کتێبە دەرسییەکاندا لەگۆڕێدایە ئەوەیە کە “ئێرانییەکان حەکیم و زاناو بلیمەت و ڕێبەرانی شارستانییەتی ئیسلامی بوون” (Farshidvared and Givi 2536 [ 19771: 179). بەو پێیە لە ڕاستیدا خەلافەتە گەورەکانی عەرەب، بە “ئێرانی” دەزانرێن. بە درێژاییی تەمەنی خۆیان “ئێرانییەکان نفوز و کاریگەرییان بەسەر دادگاکاندا هەبووە و دەستەڵاتی سەرزەمینە ئیسلامییەکانیان لەدەستدا بووە” (Ta‘rikh-e Iran az-Payan 2537 [1978]: 26). بۆیە دەتوانین بڵێین کە “دادگا و مەحکەمەکان لەسەردەمی عەباسیدا، بریتی بوون لە لاسایی کردنەوەی داداگا و مەحکەمەکانی ساسانییەکان” (Khanlari 1340 [1961]: 15). لەوەش زیاتر وەختێک کەسێک دەیەوێ سەبارەت بە هونەری ئیسلامی قسەبکات “هیچ زیادمان نەگوتووە ئەگەر بڵێین… هونەری ئێرانی گەورەترین بەشداریی لە دامەزراندن وپەرەپێدانی ئەودا هەبووە” (Ta’rikh-e Honar 1359 [1980]: 47).
سەرەنجام هەر بە گوێرەی ئەو کتێبە دەرسییانە هەموو ڕیازیزانەکان، جوغرافیزانەکان ئەستێرەناسەکان، فەقێکان، پزیشکەکان، مێژووزان و فەیلەسووفە گەورەکانی چاخەکانی نێوەڕاست، بۆ نموونە ئەگەر ناوی ژمارەیەکی کەم لەوان بەرین وەک بیرونی، بەلخی، ئەبوحەنیفە، ئیبنولمەقفەع، ڕازی، غەزالی و ئیبن سینا، هەموویان ئێرانی بوونە. ( (Ta’rikh-e Iran az-Payan 2537 [1978]: 58-9. هەر بۆیە لە سایەی هەستی هەمیشەیی و مەزنیخوازیی ئێرانی، خەلافەتە عەرەبی- ئیسلامییە گەورەکان (converted to ‘Iranianism) بوون بە “ئێرانی”. هەر ئەو کارەی کە چەند قەڕن پێشتر ئەسکەندەری مەقدۆنی و سەلجوقییەکان کردبوویان. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێرانییەکان تەنیا هەر بەوە ڕازی بووبن کە خەڵکانی دیکە بۆ هاتنە سەر میللیەتی خۆیان قبووڵ بکەن. بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوان شانبەشانی بردنە پێشی سەرکەوتووانەی پڕۆژەی بەئێرانی کردنی شارستانییەتی ئیسلامی، گەلێک هەنگاوی ڕوون و ئاشکراشیان بۆ وەدەرنانی عەرەبی بێگانە لە نیشتیمانی خۆیان هەڵگرت. لێرە دەگەینە باسی بابەتی دووهەم. یانی ئەوەی کە ڕیوایەتی پەهلەوی لە ناسیۆنالیسمی ئێرانی هەوڵ دەدا ئەو پچڕانەی کە لە ئەزموونی یادەوەریی دەستەجەمعیی ئێرانیدا وەک وڵاتێکی یەکگرتوو ڕووی داوە، لە ڕێگای سازکردنی داستان وخەتێکی دیاریکراوی بەردەوامیی نەتەوەی ئێران لە کۆنەوە بۆ ئەم سەردەمە، قەرەبووبکاتەوە.
قوتابی و خوێنکارانی ئێرانی فێردەکرێن کە هەوڵی یەکپارچەی ئێرانییەکان، بۆ وەدەرنانی عەرەب لەسەر خاکی وەتەن ، هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای داگیرکاریی ( Arab conquest) ئەوانەوە، دەست پێ دەکات. ئاخر بە پێچەوانەی ڕێنوێنییەکانی پێغەمبەر، عەرەبە “شەڕخواز” و “فریوکار”ەکان دەستیان لە “هیچ چەشنە خوێنڕێژی و تاڵان و بێعەداڵەتییەک” نەگێڕابووەوە. هەر بۆ یە “ئێرانییانی ئازاد و ڕەسەن و نەجیب” بۆ “وەدرەنانی عەرەبەکان و وەدەستهێنانەوەی ئازادی و سەربەخۆیی”، خۆیان دەستیان دایە هەوڵ و تێکۆشان. ئەو دەرفەتە زێڕینە لە کۆتایییەکانی سەردەمی ئومەویدا هاتە کایەوە. باری قورسی ماڵیات و ئەو زوڵم و ستەمە زۆرەی کە عەرەبەکان خستبوویانە سەر ئێرانییە “چەوساوە”کان ئەوانیان هان دا تا پشتیوانی لە لایەنگرانی عەلی بکەن کە لە ڕێگای کردەوەی شۆڕشگێڕانەوە داوای خەلافەتیان دەکرد. بەو جۆرە شۆڕشی عەباسییەکان، بە ڕێبەرایەتیی ئەبوو موسلیمی خۆراسانی، کە “دلاوەرێکی ئێرانی”ی “خەڵکی خۆراسان بوو”، “حکومەتی پیس و بێشەرمی ئومەوی”ی ڕووخاند و سەرەنجام ‘ئێرانییەکان دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختی ئومەویدا گرت”. بەو حاڵەش ئەوان زوو تێگەیشتن کە لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی عەباسییەکانیشدا، وەزعێکی لەوە باشتریان نابێ. هەر بۆیە “ئێرانییە نیشتیمانپەروەر”ەکان و “بزووتنەوەی میللیی ئێرانییەکان” بە مەبەستی “وەدەستهێنانەوەی سەبەخۆییی سیاسیی ئێران” درێژەیان بە کار و تێکۆشانی خۆیان دا.
ئێرانییە ئازا و دلاوەرەکان، کە ئاگری عیشقی وەتەن لە دڵەکانیاندا بڵێسەی دەدا … هەر لەو شوێنانەی کە “خەلیفەکانی عەبباسی، خوێنی نیشتیمانپەروەرانی ئێرانیان لێ ڕشتبوو، ئاڵای شۆڕش و بەربەرکانییان بەرزکردەوە و سەرەنجام توانیان بەسەر دوژمنی قین لە دڵ و بەدنیەتدا (malevolent) سەر کەون و لە ڕێگای گیانبازی و فیداکارییەوە، سەربەخۆییی ئێران وەدەستبێننەوە….” (ibid.: 23 5, 32 5).
بەوجۆرە ئێرانییەکن نیشتیمانی خۆشەویستی خۆیانیان لە دەستی عەرەبەکان دەرهێنا و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆیانیان بە شێوەیەکی خودموختار، دەست پێ کردەوە. بۆیە سەرەڕای “درێژە کێشانی دەسەڵاتداریەتیی عەباسی بەسەر ناوچەیەکی بەریندا، پەیوەندیی نێوان مێژووی ئێران و مێژووی عەرەب پچڕا و هەڵوەشاوە” (ibid.: 26).
درێژە کێشان و بەردەوامیی هەمان خەڵک و فەرهەنگ لە فەلاتی ئێراندا، تەنانەت پاش تێپەڕین بۆ سەردەمی ئیسلامییش، ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنی، کە پەیوەندیی سیلسیلەمیحوەوەر( dynastic link) لە نێوان سیلسیلە جیاجیاکانی ئێرانی، کە پەهلەوییەکان بە نیشانەی بەردەوامیی نەتەوەی ئێرانی دەزانن، سەرلەنوێ دابمەزرێتەوە. سەهەڵدانی گەلێک سیلسیلەی پاشایەتی لە فەلاتی ئێراندا، لە قەڕنی نۆهەم تا قەڕنی شازدەهەم، واتە لە دەستپێکردن تا ساڵەکانی دوای ڕووخانی خەلافەتی عەبباسی، دەرفەت و ئیمکانی کافییان بۆ پەهلەوییەکان پێکهێنابوو تا ئیدیعای بەردەوامی و درێژەکێشانی سیلسیلە پاشایەتییەکانی ئێران بکەن. دیارە ئەوەش بە نۆرەی خۆی دەبووە مایەی ژیانەوە و زیندووبونەوەی هەرچی پتری هەستی نەتەوایەتیی ئێرانییەکان. لێرەدا کارێکی ئاسان نیە کە باس لەو هەموو سیلسیلە پاشایەتییانە بکەین کە لەو ماوە دوور و درێژەدا سەریان هەڵداوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە و هەروەها لەبەر ئەوەش کە هەموو ئەو سیلسیلانە، وەک یەک، بە پەرەپێدەری فەرهەنگ و زیندووکەرەوەی شکۆ و شانازییەکانی نەتەوەی ئێران، دادەنرێن، لێرە تەنیا باسی چەند نموونەیەکیان دەکەین.
بە گوێرەی کتێبە دەرسییەکانی سەردەمی پەهلەوی “یەکەمین سیلسیلەی سەربەخۆی ئێرانیی پاش ئیسلام” دوو سەدە پاش دەسەڵاتی “بێگانە”ی عەرەب، بریتییە لە حکوومەتی “تاهیرییان” (820-872) (Khanlari 1340 [1961]: 16). دەگوترێ سەفارییەکان (867-908)، کە خانەدانێکی سەرکەوتووی ئێرانی بوون، ئاخرین شوێنەواری دەسەڵاتداریەتیی عەرەبیان سڕیوەتەوە. یەعقوب بن لەیس، کە بە دامەزرێنەری ئەو سیلسیلەیە دادەنرێ “یەکەمین کەس بوو کە پاش ڕووخانی ساسانییەکان، ئاڵای سەربەخۆییی ئێرانی بەرزکردەوە”. “ئەو ئێرانی بە ئامانجی زیندوو کردنەوەی سەڵتەنەتی ئێرانی لە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەکانی عەرەب ڕزگار کرد” (ibid.: 21). دەبێ بگوترێ ناوبراو بە هۆی زیندوو کردنەوەی زمانی فارسی، کە لە دەورانی دەسەڵاتی عەرەبدا خرابووە فەرامۆشی و زمانی عەرەبی جێگای گرتبووەوە، ئیعتیبارێکی زۆری پەیدا کرد. ئەمەش بوو بە هۆی “گەشەی شیعری فارسی کە لە قۆناخەکانی دواتردا گەیشتە چڵەپۆپەی پەرەسەندنی خۆی” (ibid.: 21). خانەدانەکانی دیکەی قەڕنی دەهەم و یازدەهەم، کە دوای سەفارییەکان هاتن، وەک سامانییان، غەزنەوییان و ئال بوویه، بە هۆی هەمان “پیاوەتی” و”وەتەنپەرستی” و هەروەها بەهۆی هاندان و تەشویقی زۆری زمانی فارسی، بوونە جێگای ڕێز و ستایش. (Tu’rikh-e Iran uz-Puyun 2537 [1978]: 36-51).
لە کاتێکدا بەشی زۆری ئەو خانەدانانەی لەسەرەوە باسیان کرا، وەک “ئێرانیی ڕەسەن کە خوێنی ئێرانی لە دەمارەکانیاندا بوو”، پێناسە دەکران، پشتڕاست کردنەوەی “ئێرانی بوون”ی سیلسیلەکانی دواتر وەک سەلجوقییەکان، ئەتابەگییەکان، ئێلخانییەکان و تەیموورییەکان بۆ پەهلەوییەکان، کارێکی سەخت و دژوار بوو. ئەوە کە ئەو خانەدانانە بە ئاشکرا ڕیشەی خاریجییان هەبوو، بە شێوەیەکی گشتی بە هەڕەشە لەسەر دەستووری سەڵتەنەتی پەهلەوی بۆ دروست کردنی خەتێکی ڕاستەوخۆ لە دێرینەوە تا سەردەمی تازە کە ئیدامەی شاهەنشاهیی ئێرانی و نەتەوەی ئێران نیشان بدات، ژمێردرا. ئەوان بۆ چارەسەریی ئەو کەموکووڕییە، پەنایان بۆ ئەو فۆڕمۆلە ئاشنایە برد کە دەڵێ بێگانە دەبێتە خۆیی. (foreigner-becomes-Zruniun). بۆ نموونە “سەلجوقییەکان بەرەبەرە دەگەڵ فەرهەنگ و شارستانییەتی ئێرانی ئاشنابوون و لەو ڕێگایەوە بوونە تورکی ئێرانی” (Khanlari 1340 [ 19611: 30-3). هەر بەو چەشنە سیلسیلە “بیانی”یەکانی دیکەش، بوون بە “ئێرانی”یەکی پڕ شوور و شەوق.
(Anvari 1350 [1971]: 221 -5). جێی سەرسوڕمانە سەفەوییەکان (1501 – 1722)، کە ئاخرین سیلسیلەی پێش دەورانی مۆدێڕن بە حیساب دێن، لە باری زمان و تەعبیراتی دروستەوە دەستبەتاڵ بوون، شتێک کە خانەدان و سیلسیلەکانی دیکەی بەر لەوانیان پێ هەڵدەسنگێنرا، هەرچەند مێژووی ئێران وەک دەوڵەتێکی شیعەی یەکگرتوو و سەربەخۆ، لەوانەوە دەست پێ دەکات. ئەو وەزعە ڕەنگە بە ئاکامی پڕۆژەی سکۆلاریزاسیۆنی پەهلەوییەکان و هەوڵی هاوکاتی ئەوان بۆ وەلانانی ئیسلام، لە پێناسەکردنی دەوڵەتی ئێراندا، لەقەڵەم بدرێ. بۆیە دەبینین کە نەدانی ئیعتیبارنامەی میللی بە پاشاکانی سەفەوی، هەروا لە جێی خۆی دەمێنێتەوە. لە ڕاستیدا هیچ شتێکی دیکە گرنگ نەبوو.هەر بۆیە هاتنە سەرکاری ئیسماعیلی یەکەم لە ساڵی ١٥٠١دا، بە کەڵک وەرگرتن لە قزڵباشەکان، وەک “بزووتنەوەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئێران لە ئاژاوە و نائارامی” پێناسە دەکرێ. هەر بەو جۆرە سەرجەم دەسکەوتەکانی شا ئیسماعیل بە هەوڵ و تێکۆشان لە پێناو دابینکردنی “عەزەمەت و بەردەوامیی سەربەخۆییی ئێران” دادەنرێن. مەبەست لە سەپاندنی مێژوویی شیعەی دوازدە ئیمامییش وەک مەزهەبی دەوڵەتی سەفەوی، بریتی بوو لە “مۆبیلیزەکردنی هەموو هێز و توانا میللییەکان … بە تایبەت بە دژی دەوڵەتی عوسمانی” (Tu‘rikh-e Iran uz-Puyun 2537 [ 19781: 100-4). ڕیوایەتی ناسیۆنالیستیی پەهلەوی لە ئێران بۆ نیشاندانی بەردەوامیی سەڵتەنەت، بە هێنانە بەرباسی ئەو بەشە لەو چیرۆکە کە باس لە مێژووی قاجارەکان (1796- 1925) دەکات، کە دوا سیلسیلەی پێش پەهلەوییەکانن، دەگاتە کۆتاییی خۆی. من دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەوباسە و هەوڵ دەدەم خوێندنەوەی پەهلەوییەکان سەبارەت بە ئێرانی دەورانی قاجار بخەمە بەر لێکۆڵینەوە تا جیاوازییەکانی نێوان خوێندنەوەی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بۆ یادە مێژوویییەکان نیشان بدەم.
ئەگەر بمانهەوێ ئەو باسە پوختە بکەینەوە، دەبێ بڵێین کە بەگوێرەی کتێبە دەرسییەکانی دەورانی پەهلەوی، ئێران لە ڕێگای بەردەوامی و درێژەی سەڵتەنەت و شاهەنشاهییەوە، هەر لەسەردەمی دێرینەوە “یەک نەتەوە” بووە و لەوەش زیاتر لە سەرتاسەری ئەو ماوە دوور و درێژەدا، چ پێش ئیسلام و چ دوای ئیسلام، “ئیحساسی مییللی”ی خۆی وەک نەتەوەیەک پاراستووە.
هەموو ئەو زەبرە قورسانەی وە ئێران کەوتوون نەیانتوانیوە ئێران لە ڕابردووی خۆی داببڕن. هێرشی عەرەبەکان ئیمپڕاتۆڕیی ساسانیی ڕووخاند، کۆشک و باڵەخانە و قەسرەکانی ئەو ئیمپڕاتۆرییەی تێک و پێکدان و گەنجینەکانی دانە بەر با. بەڵام ڕۆحی میللی و نەتەوەییی ئێران لەجێی خۆی مایەوە و لەبەین نەچوو. ( remained insurmountable). ڕاستە ئێران بە درێژاییی سەدە یەک لەدوای یەکەکاندا لە ژێر دەسەڵاتی حاکمانی غەیرە ئێرانیدا بووە، بەڵام ئەمە هیچ وەختێک نەبووەتە جێگای نیگەرانی. عەرەب، تورک، تاتار، ئوغوز ومەغۆل، ئەو میوانانەن کە بۆ چەند بەرەبەیانییەک لەسەر سفرەو خوانی ئێران بۆ نان خواردن مانەوە، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی ئێران لەگەڵ خۆیان بەرن یا دوای خۆیان لەنێوی ببەن.
ئەودەم کە سەرزەمینی ئێران بەسەر چەندین بەشدا دابەش کرابوو و هەر بەشەی لە لایەن حاکمێکی خۆوڵاتی یان بێگانەوە بەڕێوە دەچوو، ڕۆحی بەهێز و بەرینی ئێران هەر بە لە شکان نەهاتوویی مایەوە… ئێران هەمیشە ئەوەندە بەهێز و ڕیشەدار بووە کە بتوانێ لە بەرانبەر نژادێکی تایبەت، یان سیاسەتێکی تایبەتی ئەم ئەمیر یا ئەو خان یان فڵانە داگیرکەر و فیسارە فاتحدا، بەربەرەکانی بکات. سەرزەمینی ئێران هەمیشە قەڵەمڕەوی فەرهەنگ و شارستانیەت و زمان بووە و سنوورەکانیشی ڕوون و دیار بوونە. (Anvari and Javadi 2537b [l978b]:11



دەوڵەتی دوای شۆڕش: لە “سەردەمی ئێران”ە وە بۆ “سەردەمی ئیسلام”

لە ساڵی ١٩٩٣دا، حەمید ئەلگار، (1994: 259)، لە مەیدانیکی ئەسڵیی تاراندا، چاوی بە پێشانگایەک کەوت کە لە ژێرناوی “کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئێران”، پەیکەری سەری بەشێک لە زانا ئیسلامییەکانی قەڕنی دەهەم و یازدەهەمی تێدا پێشان دەدرا. ئەلگار دەڵێ: “ئەو پێشانگایە، نەک هەر لەبەر نادیدەگرتنی قەدەغەبوونی هونەری پەیکەرسازی لە ئیسلامدا، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە چواردە ساڵ پاش سەرکەوتنی شۆڕش، کە ئاگاهانە ئیسلامی بەسەر ناسنامەی میللیدا سەپاندووە، ئیدامەی ئیدئۆلۆژیی میللی پێشان دەدا، جێگای سەرنجە” (ibid.). توێژینەوەکانی منیش لە کتێبە دەرسییەکانی دەورانی کۆماری ئیسلامی، ئەو قسەیەی ئەلگار پشتڕاست دەکەنەوە: نەک هەر کەسایەتییە مێژوویی و “میللییەکان”ی ئێران، لە بەرانبەر ڕەنگی ئیدئۆلۆژیی شۆڕشگێڕانەدا، بەربەرەکانی لە خۆیان نیشان دەدەن، بەڵکوو لەوەش زیاتر ڕیوایەتی ناسیۆنالیستیی پەهلەوییەکان، سەرلەنوێ کاری پێ دەکرێ تا ئەو ناسنامە فەرهەنگییە جیاوازە بپارێزێ کە هەیە. ( یا لەباری مێژوویییەوە ڕزگاری بکا).
لە پەیوەندی دەگەڵ باسی شەجەرەنامەی نەتەوەی ئێران لە کتێبە دەرسییەکانی سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، ڕەنگە کەسانێک بە هەڵە وا تێبگەن کە لەو کتێبانەدا ڕیوایەتی پەهلەوی لە میللەتی ئێران وەلانراوە. ڕاستە لەو کتێبانەدا دەبینین کە زۆر کەم ئاماژە بە پێش ئیسلام دەکرێ. لەو کتێبانەدا مێژوو بە ڕەسمی بە لەدایک بوون و سەرهەڵدان حەزرەتی محەممەد دەست پێ دەکات. تەنیا ئەوەندە باس لە پێش ئیسلام دەکرێ کە ئیدیعا دەکرێ ئەودەم لە بەرەبەری هاتنی ئیسلامدا، لە عەرەبستاندا “جەهل” و “چەوسانەوە” و “فەساد” و “سەرەڕۆیی” حاکم بووە. (see e.g. Ta‘limat-e Ejtema‘i 1365 [1986]: 11 1-30; Iman 1360a [1981a]: 140-2). هەر بۆیە وەلانانی دەورانی پێش ئیسلام ڕەنگە وەک گەڕانەوە بۆ ڕیوایەتی ئیسلامی لە مێژوو تەفسیربکرێ. ڕیوایەتێک کە نەک زاڵبوونی هیندوئورووپایی بەسەر فەلاتی ئێراندا، بەڵکوو سەرهەڵدانی محەممەد بە سەرەتای سەردەم وشارستانییەتێکی تازە دادەنێ.
وەلانانی ڕەسمیی دەورانی پێش ئیسلام لە کتێبە دەرسییەکانی سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، ئیدی ئێستا بۆتە زانیارییەکی گشتی. یەکێک لە هەوەڵێن هەنگاوەکانی حکوومەتی شۆڕش، بریتی بوو لە لەناوبردن و سڕینەوەی ستایشی ئیمپڕاتۆرییەکانی پێش ئیسلام. ئاخر هەموو کۆمەڵگاکانی پێش ئیسلام، لە جەهل و تاریکیدا دەژیان. ئیمپڕاتۆرییە ئێرانییەکانیش هەر بەو شێوەیە نوقمی جەهالەت بوون. (Beeman 1983: 211; Hunter 1992: 94). بەڵام ئایا ئەو وەلانان و ڕەدکرنەوە ڕەسمییەی شانازییەکانی پێش ئیسلام، دەبێتە هۆی ڕەدکردنەوە و وەلانانی ئیدە و بیرۆکەی میللەتی ئێران، وەک مەوجوودێکی دیاریکراو و خاوەن ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی؟ ئەو کتێبانە لەجیاتی ئەوەی دژکردەوە بەرانبەر بەو بیرۆکە باوە نیشان بدەن کە پێش ئیسلام سەبارەت بە ئێران لەگۆڕێدا بوو، بیرۆکەیەک کە ئێران وەک نەتەوەیەکی لەمێژینە لە ناوچەکەدا دەناسێ، هەستێکی توند و بەهێزی میللی لە بەرگی تێرم و زاراوە ئیسلامییەکاندا بەیان دەکەن. وەک لە کتێبە دەرسییەکان دا دەبینین، کاتێک ئەو دەورەیە بە شوورە و قەڵغانی “ئیسلام” دەپارێزرێ، ئێرانی پێش ئیسلامیش بە سەردەمێکی پڕ لە شکۆ و شانازی بە حیساب دێ.
هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە هەرچەند لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مێژوو بە سەرهەڵدانی پێغەمبەری ئیسلام دەست پێ دەکا، بەڵام میللەتی ئێران، بە گوێرەی کتێبە دەرسییەکان، وەک کۆمەڵگایەکی جیاواز، کە چارەنووسی دەگەڵ مێژووی ئیسلام و دەورانی پێشتریش لێک گرێ دراوە، نیشان دەدرێ و تەنانەت بە دیاردەیەکی جیا لەویش دادەنرێ. بەو شێوەیە “ئێرانییەت” وەک دیاردەیەکی لەمێژینە، عەینی و پیرۆز، لە ڕیگای جۆراوجۆرەوە دەخرێتە بەرچاوان. بۆیە ڕەنگە لە کتێبە دەرسییەکاندا، بە دوورودرێژی، باس لە شکۆ و شانازییەکانی نەتەوەی ئێران لە دەورانی پێش ئیسلام و پاش هێرشی عەرەب بکرێ. بۆ نموونە لەو کتێبە دەرسییانەدا لە پەیوەندی دەگەڵ دەورانی پێش ئیسلامدا دەخوێنینەوە کە “خەڵکی وڵاتەکەمان… هەر لەسەردەمی دێرینەوە وەرزشیان کردووە. ئەودەم کە یۆنانییەکان یارییەکانی ئۆلەمپیکیان داهێنا، ئێرانییە قەدیمییەکان منداڵانی خۆیانیان فێری هونەرەکانی ئەسپ سواری و تیرهاویشتن بە تیروکەوان دەکرد” (Fursi 1368 [1989]: 173). هەر بەو جۆرە دەتوانین لەو کتێبانەدا بخوێنینەوە کە “هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلام، کاتێک خەڵکی ئێران دەگەڵ مەفهومی عەداڵەت و میتۆدەکانی عەداڵەت لە حکوومەتیکی ئیسلامیدا ئاشنابوون، بە بێ بەربەرەکانی بەرانبەر لەشکری ئیسلام، تەسلیمی نرخ و بایەخە ئیسلامییەکان بوون” (Tu‘rikh-e Mo‘user-e Iran 1365 [1986]: 52). بۆیە وێدەچی فەتحی عەرەبەکان “بە ڕزگاریی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان، بۆ نموونە ئێران، لە سوڵتەی کەسانی زاڵم و حکوومەتە سەڵتەنەتییە زۆردارەکان دابنرێ” (Tu‘limut-e Ejtemu‘i 1365 [1986]: 136). بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەودەم ئێران بۆخۆی هەبووە بۆیە لەو سەردەمە دوور و لەمێژینەیەدا، لە لایەن لەشکری عەرەبی-ئیسلامییەوە “ئازاد” کراوە. لە ئێرانی کۆماری ئیسلامییشدا، میللەتی ئێران، وەک دیاردەیەکی لەمێژینە، تەنانەت، لە ئیسلامیش لەمێژینەتر، پێشان دەدرێ.
لەوەش زیاتر ئەگەر ئێران وەک میللەتێک، زۆر پێش ئیسلام وجودی هەبووە، بەشێک لە تایبەتمەندییە فەرهەنگییەکانی ئەو میللەتە، تەنانەت هی بەر لە ئیسلامیش، دەبێ لەو کتێبە دەرسییانەدا باسیان لێوە کرابێ کە ئێمە لەو لێکۆڵینەوەیەدا کەڵکیان لێ وەردەگرین. لەواندا ڕێز و ستایشێکی زۆر بەرانبەر بە نەورۆز، واتە ساڵی نوێی ئێرانییان، بەرچاو دەکەوێ. لەبەرئەوەی ڕیشەی نەورۆز بە ئاشکرا دەگەڕێتەوە بۆ زەردەشت لە پێش ئیسلام، کۆماری ئیسلامی یادکردنەوەی ئەو جەژنەی دەگەڵ دیسکۆرسی ئیسلامیی خۆی سازگار کردووە.( appropriating). سەرنج بدە ئەو کیژە خەیاڵییە کە سەبارەت بە چۆنیەتیی یادکردنەوەی نەورۆز لە بنەماڵەکەیاندا قسەدەکات: “ئێمە هەموومان لە کاتێکدا کە جوانترین جلەکانی خۆمانمان لەبەر کردبوو، لەدەوری مێزی نان خواردن دانیشتین و باوکم پیرۆزباییی جەژنی نەورۆزی لێ کردین. کاتێک گوێمان لە دەنگی تەقینی ئەو تۆپە بوو کە مژدەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی دەدا، باوکم دەستی دایە قورئان… ماچی کرد و چەند ئایەتێکی لێ خوێندنەوە. دواتر دوعای خێری بۆ هەموو ئێرانییەکان کرد و ئاواتی سەرکەوتنی بۆ خواستن. (Iman 1360b[1981b]: 111)
لە نێو سیمبول و نیشانەکانی دیکەی فەرهەنگی ئێرانیدا، بۆ نموونە لە سوننەت و ڕێوڕەسمە تایبەتییە ئێرانییەکاندا، نەورۆز وەک دەرفەتێک بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلام و بایەخە ئیسلامییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێ. هەرچەند پەیوەندیی نێوان ئەوان و “شکۆی ئێران”ی پێش ئیسلام، هەر لە جێی خۆیەتی. لە ساڵی ١٩٨١-١٩٨٢دا قوتابییان ئاگادارکرانەوە کە دەبێ لێرە بەدواوە نەورۆز لە هەمان “ڕۆژی کۆماری ئیسلامی”دا یاد بکەنەوە. ئەوە دەرفەتی ئەوە پێکدێنی کە هاوکات “بەهار” و “ئازادی” پێکەوە جێژن بگرین. (Anvari 1360 [1981]: 129-31; Iman 1360a [1981a]: 136-8). بەو جۆرە پەیوەندیی خەیاڵی و درێژخایەنی نێوان ئێرانی ئەمڕۆ و ئێرانی پێش ئیسلام هەر وا دەبینرێ. گونجاندنی ئەو داب و نەریتە ڕەسەنە ئێرانییانە لە ڕۆژئەژمێری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە نیشانەیەکی دیکەی ئەو ڕاستییە دەزانرێ کە فەرهەنگی ئێرانی پێش ئیسلام پەیوەندیی توند و بەهێزی خۆی دەگەڵ خودناسی( self- identity ) و ڕۆحی میللیی ئێرانییان، تەنانەت دەگەڵ ئەو ئێرانییە توندڕۆیانەش کە ئەرکانەکانی حکوومەتیان بە دەستەوەیە، پاراستووە. بەو جۆرە بۆمان دەردەکەوێ کە “فەڕزییەی ئاریایی” ئەگەر بە قسەش نەبێ، لانیکەم بە کردوە، لە بەرگی بڵاوکردنەوەی ئیسلام و ئیسلامیزاسیۆندا، دەڕواتە پێش. 15
پەیوەندیی نێوان پێش و پاش شۆڕش، ئەودەمە باشتر دەردەکەوێ کە سەرنج بدەینە کتێبە دەرسییەکانی سەرەتای دەستپێکردنی دەورەی ئیسلامی. وەک لە سەرەوە وتمان پەهلەوییەکان دەیانهەویست لە ڕێگای نیشاندانی بەردەوامی و پایەدار بوونی “ئێرانییەت”ەوە بە درێژایی سەدە یەک لەدوای یەکەکان لە فەلاتی ئێراندا، بەسەر ئەو پچڕانە ئیحتیمالییەدا زاڵ بن، کە لە ئاکامی زاڵ بوونی دەسەڵاتی “بێگانە”دا بۆ میللەتی ئێران هاتبووە پێش. بۆیە سەڵتەنەتی پەهلەوی وەک قۆناخی ژیانەوەی هەستی نەتەوایەتی لە چوارچێوەی ئێراندا، تەماشای شۆڕشی عەبباسییەکان و ئاکامەکانی ئەو ڕاپەڕینەی دەکرد.
کتێبە دەرسییەکانی ساڵەکانی پاش شۆڕشیش، هەربەو جۆرە دەیانهەوێ بە شێوەیەک ئەو ناسازگارییەی کە لە نێوان حاکمییەتی عەرەبە بێگانەکان لەسەر خاکی فەلاتی ئێران و مەسەلەی درێژەکێشان و بەردەوامبوونی نەتەوەی ئێراندا هەیە، چارەسەر کەن. بۆیە ئەو کتێبە دەرسییانە کە لەو لێکۆڵینەوەیەدا بەکارهاتوون ، نەک هەر ئیعتیبارنامەی میللی، بەڵکوو ئیعتیبارنامەی “ڕەسەن” و “شۆڕشگێرانە”ی شیعە/ئیسلامیش، بۆ خەڵکانی دانیشتووی فەلاتی ئێران قایل دەبن. هەرچەند ئەو پێوەزیاد کردنە، بۆ تێگەیشتن لە خۆناسین و دەرکی ناسنامەی هاوچەرخی ئێرانی زۆر گرنگە، (سەیری خوارەوە بکە) بەڵام ئەو ڕاستییە هەر لە جێی خۆیەتی کە ڕیوایەتی پاش شۆڕشیش، هەروەک ڕیوایەتی پەهلەویی بەر لە خۆی، وجوودی ئێرانییان وەک گرووپێکی یەکگرتوو کە بە درێژاییی مێژوو هەبووە و چووەتە پێش، دەناسێنێ. ئایا ئێرانییان لە ڕێگای “شێوە ژیانی ئێرانی”یەوە زیندوو ماونەوە و چوونەتە پێش یا لە ڕێگای “ئیسلامی ڕاستەقینە”وە؟ ئایا بۆ وەدەستهێنانەوەی سەربەخۆییی میللی تێکۆشاون یان بۆ ئایینەکەیان؟ پرسیاری زۆر گرنگن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە لەو کتێبە دەرسییانەدا هەردووکی ئەوانە وەک سەرچاوەی ئیلهام تەماشا دەکرێن. لە ئاکامی ئەوەدا، لاوان ئەرکیان دەخرایە سەر شان کە سەبارەت بە شۆڕشی باب و باپیرە ئێرانییەکانی خۆیان، کە بەمەبەستی وەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی، بە دژی “بەنی ئومەییەی زاڵم و زۆردار” دەستیان دابووە شۆڕش، بخوێننەوە. شۆڕشێک کە لەوێدا ژمارەیەکی زۆر لە شۆڕشگێڕان کە هەموویان ئێرانی بوون، بە سەرۆکایەتیی ئەبووموسلیم کە بە ڕەچەڵەک ئێرانی بوو، ڕێگایان بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی “عەباسییەکان”(ئێرانی) تەخت کرد.
کەچی بەو حاڵەش کار و کردەوەی دژی ئیسلامی عەباسییەکان لە لایەک و ڕەفتاری نابەجێی ئەوان بە دژی موسوڵمانانی غەیرە عەرەب، بەتایبەتی شیعەکان کە زۆربەیان ئێرانی بوون، لە لایەکی دیکەوە، بوون بە هۆی ئەوەی کە گەلێک دەستە و تاقم و گرووپی ئێرانی، بە دژی عەباسییەکان شۆڕش بکەن … ئامانجی بەشێک لەو ڕاپەڕینانە بریتی بوو لە گێڕانەوەی ئێران بۆ دەورانی ساسانی، بەشێکی دیکەشیان دەیانهەویست دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرێنن … چونکە ئێرانییە موسوڵمانەکان لە دەست خەلیفەکانی عەبباسی وەزاڵە هاتبوون. هەربۆیە بۆ نەجاتدانی ئێران لە چنگی ئەوان و دامەزرانی حکوومەتێکی سەربەخۆ لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک درێخییان نەکرد. (Tu‘limat-e Ejtemu‘i 1365 [1986]: 150-3).
شایانی باسە ڕیوایەتی پەهلەوی و ڕیوایەتی پاش شۆڕش، کە باس لەو سیلسیلە و خانەدانە خودموختارانە دەکەن، کە لە قەڕنی نۆهەم تا شازدەهەم لە گۆشە و کەنارە جیاجیاکانی فەلاتی ئیراندا دروست بوون، لەوەش زیاتر وێکدەچن. لە ڕوانگەی پەهلەوییەکانەوە، سەرهەڵدانی ئەو سیلسیلە خودموختارانە پاش فەتحی عەرەب، بە یەکەمین مەزهەر و نوێنگەی بنەڕەتی بۆ بەردەوامی و درێژەکێشانی سەڵتەنەت لە ئێراندا بە حیساب دێن و وەک نیشانەیەک بۆ هەست و ئیحساسی هەمیشەییی ئێرانیان بۆ “نەتەوەبوون” دەژمێردرێن. بە شێوەیەکی گشتی کتێبە دەرسییەکانی دەورانی پاش شۆڕشیش، هەربەو جۆرە باس لە و سیلسیلە خودموختارانە دەکەن.I6 لێرەدا خوێنەر دەرفەتی بۆ دەڕەخسێ تا سەبارەت بە حکوومەتە ناوچەیییەکان وەک تاهیرییان، سەفارییان، سامانی و هتد بخوێنێتەوە، کە ڕۆڵیکی سەرەکییان لە وەدەرنانی “عەباسییانی ستەمکار و زاڵم لە وڵاتەکەماندا” گێڕاوە. (ibid.: 153-5, my emphasis). کاتێک بەشێک لەو سیلسیلە و خانەدانانە یا کەسانێك کە دواتر شوێنی ئەوانیان گرتەوە، نەیاندەتوانی دەگەڵ میعیار و پێوانەکانی “ئێرانی ڕەسەن و پڕ لە خوێنی ئێرانی” بێنەوە، کۆماری ئیسلامییش تیپیک وەک پەهلەو ییەکان، پەنای بۆ ئەو تکنیکە برد کە دەڵێ “بێگانە دەبێتە خۆیی”. (Turnimg a foreigner into a native) .
بۆنموونە لەو کتێبانەدا دەخوێنینەوە کە ئەگەرچی تەیموورییان “تورک زمان” بوون، بەڵام “فەرهەنگ و شارستانییەتی ئیسلام و ئێران، ئەوانی خستە ژێر کاریگەریی لەڕادەبەدەر”ی خۆی، بە جۆرێک کە سەرەنجام پێشکەوتنی زۆریان بە تایبەتی لە ڕێگای کار و خزمەت لە وەزارەتخانەکانی ئێراندا وەدەست هێنا. (‘Iranian viziers’. ibid.: 156-9).
بەوجۆرە دەبینین کە هەرکات حاکمانی بێگانە دەگەڵ ئێرانی بوون ناسازگار بوونە، دانیشتووانی فەلاتی ئێران، لە ڕێگای نیشاندانی هەستی نیشتیمانپەروەرانە و نەتەوایەتیی بەهێزی خۆیانەوە، مانەوە و بەردەامبوونی ئەو نەتەوەیەیان دەستەبەرکردووە. بۆ نموونە بەو شێوەیەی خوارەوە باس لە هێرش و پەلاماری مەغۆل دەکرێ: “خەڵکی قارەمانی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرش و پەلامارە دڕندانەیە، لە هیچ ئازایەتی و فیداکارییەک درێخییان نەکرد. ژن و پیاو، پیر و لاو بۆ بەرگری لە نیشتیمان هاتنە مەیدان. ئاخر ئەوان دەسەڵاتی نگریسی بێگانەیان لەسەر خۆیان پێ قەبووڵ نەدەکرا” (ibid.: 161). ئەو جۆرە قسانە دەگەڵ ڕیوایەتی پەهلەوی سازگارترن تا دەگەڵ ڕیوایەتی ئیسلامی و جیهانیی ڕێژیمی ئێران لە دەورانی پاش شۆڕشدا.
ریوایەتەکانی پێش و پاش شۆڕش لەسەر زۆر باس و بابەتی گرنگ لەگەڵ یەک موافقن، بۆ نموونە لە پەیوەندی دەگەڵ ئەو ڕیوایەتانەی سەبارەت بە دەورانی سەفەوی لە گۆڕێدان، تێڕوانینێکی هاوبەش و وەک یەکیان هەیە. ڕیوایەتی کۆماری ئیسلامی، هەروەک ڕیوایەتی پەهلەوی، پێی وایە ئەوە هەستی نیشتیمانپەروەری و ناسیۆنالیستی بووە کە شائیسماعیلی سەفەویی بۆ ئەنجامدانی زۆربەی ئەو کارانە هان داوە کە لە کارنامەی ناوبراودا تۆمارکراون. بۆنموونە داسەپاندن و نەهادینە کردنی تەشەیوع وەک دینی دەوڵەت(state religion) لەلایەن ناوبراوەوە، بۆ ئەوە دە گەڕێتەوە کە ئەو “دینی وەک یەکێک لەو ڕێکارانە کە دەتوانێ یەکیەتی و یەکپارچەیی لە نێوان خەڵکی زۆربەی ناوچە جیاجیاکاندا پێک بێنێ تەماشا دەکرد” (ibid.: 166). بە گوێرەی ئەو کتێبە دەرسییانەی بۆ ئەم توێژینەوەیە کەڵکیان لێ وەرگیراوە، تەشەیوع وەک ئامراز و میتۆدێکی بەنرخ، بۆ دەرخستنی جیاوازییەکانی نێوان “ئێمە-ئەوان” دادەنرێ. شتێک کە لە ناسیۆنالیزمدا بە مەسەلەیەکی بنەڕەتی دەژمێردرێ. لەو کتێبانەدا دەگوترێ کە ئامانجی ئەسڵیی سەفەوییەکان لە داسەپاندنی تەشەیوع وەک دینی دەوڵەتی، بریتی بووە لەوەی کە ئێران بە شێوەیەکی جیاواز لە زۆرایەتیی موسوڵمانانی سوننی بەتایبەتی عوسمانی و ئۆزبەک، نیشان بدرێ. (ibid.: 166-8). هەروەها هەر لەو کتێبانەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەگوترێ کە تەشەیوع یارمەتیی بەوە کردووە تا ئێران لە دونیای گەورەتری ئیسلامدا بە تەوای نەتوێتەوە (assimilation).
لێرەدا دەکرێ ڕاوەستین و پرسیارێک بێنینە گۆڕێ کە لەمێژە چاوەڕوانی دەکەین: لە کوێی ئەو باسانەدا، شۆڕشی ئیسلامی ئەڵتڕناتێوێک بۆ “دوێنێ و ڕابردووی هەمیشەیی” و “داب و نەریتە پیرۆزەکان” بە تەعبیری ماکس وێبەر، کە ڕێژیمی پەهلەویی قەدیم بانگەشەی بۆ دەکردن، بە دەستەوە دەدا؟
لە ڕاستیدا ئەگەر قەراربێ ئەو ڕاپەڕینەی لە ئێراندا ڕوویدا بەحەق ناوی شۆڕشی لەسەر دابنرێ، تاڕادەیەکی زۆر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە توانی دژە یادەوەرییەک (counter memory ) لە بەرانبەر یادەوەریی زاڵ وهێژمۆنیخوازی دەوڵەتی پەهلەوی بێنێتە کایەوە. کەواتە ڕوانگەی دژبەرانەی شۆڕش سەبارەت بە ڕابردوو، هەڵوێستی موخالیفانە، دوژمنانە و ڕووخێنەرانەی ئینقلاب بەرانبەر یادەوەریی پەهلەوی (memory of the Pahlavis) لە کۆیدایە؟ لێرەدا تێدەکۆشم بە لێکدانەوەی خوێندنەوەی پەهلەوی و ڕیوایەتی کۆماری ئیسلامی لە دەورانی قاجار، ئەو بابەتە بخەمە بەر باس و شیکردنەوە.



نوێنگەکانی ناسنامە و هەویەتی ئێرانی-ئیسلامی

هەروەک نیشانمان دا هەردوو دەوڵەتەکانی پەهلەوی و ئیسلامی تێکۆشاون لە ڕێگای نیشاندانی وێنەیەکی تەواو لە “بیۆگرافی”ی میللەتی ئێران لەدەورانی دێرینەوە تا ئەوسەردەمە “هەستی ئیرانیزم” بە هێز بکەن. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەردووکی ئەو ڕیوایەتە مێژوویییانە لە هەموو بارێکەوە یەکسان و وەک یەکن. لە ڕاستیدا وەک پێشتر ئیشارەم پێ کرد و هەر بەو جۆرەش کە (Higgins and Shoar-Ghaffari) باسیان لێوەکردووە، (1995: 342)، “زەقترین و بەرچاوترین جیاوازی لە پەیوەندی دەگەڵ پێناسە و خوێندنەوەی ئەو دوو دەوڵەتانە بۆ ناسنامەی ئێرانی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی پێداگرییەکی زۆرتر لەسەر ئیسلام دەکات” بێگومان کەس ناتونێ حاشا لە ڕۆڵی هاندەرانەی ئیسلام وەک ئیدئۆلۆژیی شۆڕش و شوێنەواری ئەو لەسەر شۆڕش و ئاکامەکانی بکات. ئەو بەرجەستە کردنەوەیەی ئیسلام، تا ڕادەیەک بە دژکردەوەیەک بەرانبەر هەوڵی بنەماڵەی پەهلەوی، بۆ وەلانانی ئیسلام لە پێناسەکردنی دەوڵەتی ئێراندا بەحیساب دێ. (Dabashi 1993: 10). لە لایەکی دیکەشەوە، بەڵام هەر بەو ئەندازەیە گرنگ، ئەوە وەک هەوڵێک بۆ نیشاندان و سەلماندنی جیاوازبوونی ئێران لەباری فەرهەنگی و کولتوریەوە، لەبەرانبەر فەرهەنگی ڕۆژئاوا و هێژمۆنی ئابووری ئەودا لەقەلەم دەدرێ (Beeman 1983: 19 1 -2 1 7) I7.
وەک بینیمان، دەوڵەتی پاش شۆڕش، بەشە هەرە سەرکییەکانی یادەوەریی مێژووییی پەهلەویی بەجۆرێک وەرگرتوون و لەو ڕێگایەوە “ئێرانیزم”ی گایاندۆتە ئاستی ئیدئۆلۆژییەکی ڕێبەر و پێشڕەو. بۆیە لە ڕاستیدا ناسیۆنالیسمی ئێرانی لە ژێر “دەستەڵاتداریەتیی ئایەتوڵڵاکان”دا پەرەی سەندووە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەڵتڕناتیڤی کەیفیی شۆڕش بۆ”دوێنی و ڕابردووی ئەبەدی و هەمیشەیی”ی پەهلەوییەکان، بریتییە لە ناسنامەی ‘ئێرانی-ئیسلامی” (Farsoun and Mashayekhi 1994: 9)، ناسنامەیەک کە لە دوو سەرچاوەی وەک یەک گرنگ و پڕبایەخ، واتە نەتەوەی ئێران و ئیسلامی شیعەوە سەرچاوە دەگرێ. دژە یادەوەریی شۆڕش، کە لە دوای شۆڕشەوە ڕەسمیەتی پەیدا کردووە، بە هەوڵێکی ئاگاهانە بۆ پێکهێنانی باڵانس لە نێوان توخمە پێکهێنەرەکانی هەویەت و ناسنامەی ئێرانی، واتە نەتەوەی ئێران و ئیسلام، دەزانرێ. بە تایبەت کاتێک دەبینین کە پەهلەوییەکان بە هەوڵدان بۆ زینددوکردنەوەی شانازییەکانی پێش ئیسلام و زەقکردنەوەی ئەوان، لایەنی ئیسلامیی ناسیۆنالیسمی ئێرانییان پشتگوێ خستبوو. (Kazemi 1995: 558). وەک ئەحمەد ئەشرەف (1993: 162)، دەڵێ: “ئەو خوێندنەوە “ئیسلامی- ئێرانی”یە بۆ هەویەت و ناسنامەی ئێرانی، بریتییە لە هەوڵدان بۆ لێک گڕیدان و پرد دروست کردن لە نێوان تەقەدوس، سیکۆلاریزم، سوننەت و مۆدێڕنیتە کە تا دێ پتر لە لایەن ڕێبەری و ڕیزەکانی لای خوارەوەی ڕێژیمی ئیسلامییەوە قەبوول دەکرێ “ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ دەورانی قاجار، خوێندنەوەی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ هەویەتی ئێرانی تەئید و پشتڕاست دەکاتەوە. خوێندنەوەیەک کە دەڵێ ناسنامەی ئێرانی لەسەر دوو پایەی “موقەددەس” و “غەیرە دینی” (sacred’ and ‘profane) دامەزراوە. دیارە ئەو خوێندنەوەیەش ناتەباییی دەگەڵ خوێندنەوەی پەهلەوییەکان هەیە کە لایەینی دووهەمی ئەو هەویەتە زەق دەکاتەوە. ئەگەر بە کتێبە دەرسییەکانی دەورانی پەهلەوی سەبارەت بە سەردەمی قاجار دەست پێ بکەین، خاڵێکی گرنگ لە خوێندنەوەی ئەوان لەدەورانی قاجار بەرچاو دەکەوێ. (1 796- 1925). لەو کتێبە دەرسییانەدا پاشاکانی ئێران، چ پێش و چ پاش فەتح و پەلاماری عەرەبەکان، بە گشتی وەک قارەمان و نوێنگەی ڕووحی میللی دادەنرێن. کەچی پاشاکانی قاجار مەحکووم بەوە دەکرێن کە کۆسپیان لەسەر ڕێگای وەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەیییەکانی ئیرانییەکان دروست کردووە. (Khanlari 1340 [1961]: 70-81). هۆیەکانی ئەو ڕوانگە نەرێنی و مەنفییەی پەهلەوییەکان سەبارەت بە قاجارەکان ڕوونە. ئێران لە کۆتایییەکانی قەڕنی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی قەڕنی بیستەمدا، وڵاتێکی زۆر لاواز و دولەوتوو بوو. هەر بۆیەش نەیدەتوانی بەرانبەر پەلامار و دەسدرێژییەکانی ولاتانی بێگانە بەربەرەکانێ بکات. کەچی سەرەڕای ئەوەش شایەکانی قاجار لە ڕادەیەکی زۆر گەورەدا دژایەتییان لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانە دەکرد کە دەیانهەویست لە ڕێگای ڕێفۆڕمەوە، بەپێی پێوانەکانی شارستانییەتی ڕۆژئاوایی (Western civilisation) چاکسازی لە کاروباری دەوڵەتدا بکەن. قاجارەکان بە ڕێگاگرتن لەو ڕێفۆرمانەی کە ئیلهامیان لە ڕۆژئاوای “پێشکەوتوو” وەردەگرت، بوونە کۆسپی سەر ڕێگای دروست بوونی پەیوەندییەکی گەرم لە نێوان ئێران و فەرهەنگی ئورووپادا. بەو جۆرە قاجارەکان، ئەو ئەسڵە بنەڕەتییەی “فەرزییەی ئاریایی”یان نادیدە دەگرت کە دەڵێ ئێرانییەکان لەگەڵ شارستانییەت و فەرهەنگی ئورووپایی، خاوەن ڕەچەڵەک و نەژدادی هاوبەشن. ڕاست لەبەر ئەو “کفر”ە بوو کە پەهلەوەییەکان هیچ نرخێکیان بۆ شایەکانی قاجار دانەدەنا. کەچی بە پێچەوانەوە ڕۆڵ و نەخشی ڕووناکبیر و ڕێفۆرمخوارە سیکۆلارەکانیان لە ڕووداوەکانی شۆڕشی مەشڕووتەدا (٠Constitutional Revolution of 1905- 1 1) بەرز دەنرخاند. واتە کەسانێک کە ڕۆژئاوایان وەک سەرمەشق تەماشا دەکرد. لەو ڕیوایەتەدا، بۆنموونە، بەدەگمەن باسێک لە ڕۆڵی ئەرێنی یا نەرێنیی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی یا ئاخوندەکان، لە شۆڕشی مەشروتە یا خەبات و تێکۆشانی دەیەکانی پێش مەشروتەدا دەکرێ. تەنانەت بە کەمییش باسێک لە حوکم و فەرمانی ئایەتوڵڵاشیرازی بە دژی ئیمتیازی تەنباکو ناکرێت. (1891 -2). ئەگەر یادەوەریی مێژوویی بە نیشانەیەک لەو ئیدە و بیرۆکانە دابنرێ کە سەبارەت بە سیاسەت و کۆمەڵگا لە گۆڕێدان، شوێنەواری مێژووی ئیسلام لەسەر پەهلەوییەکان و پێچەوانەکەشی، هەروەها هەوڵدانی ئەوان بۆ پەرەپێدانی سیکۆلاریزم و دروست کردنی ناسنامەیەکی سیکۆلار بۆ ئێرانی دەورانی قاجار، ئەو ئیدیعایە پشتڕاست دەکەنەوە کە دەڵێ پەهلەوییەکان هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە بناخەیەکی تەواو سیکۆلار و نەتەوەیی بۆ دەستەلاتداریەتیی خۆیان ساز بکەن.
کەچی لە بەرانبەر ئەوەدا کە لەسەرەوە باسمان کرد، لە کتێبە دەرسییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، ڕووناکبیرانی سیکۆلار، هیچ چەشنە ڕۆڵیکی سەرەکییان لە ڕێبەرایەرتیکردنی شۆڕشی مەشڕووتەدا بۆ وەبەر چاو ناگیرێ. ئێرانی سەردەمی قاجار بە جۆرێک لەو کتێبانەدا نیشان دەدرێ کە لە خەبات و بەربەرەکانێی بەردەوامی خۆی بە دژی “ئیستبداد”ی نێوخۆیی و هێڕش و پەلاماری هێزە “ئیمپڕیالیستییە بیگانەکان”دا، دەبێتە سەرزەمینی ڕۆحانییەت. لەوێدا ڕۆحانییەکان، دەبنە ڕێبەرانی ڕاستەقینە و “دووربین و خەباتگێڕ”ی خەڵک و ڕۆڵێکی بەرچاو لە خەباتدا دەگێڕن. خەباتێک کە لە شۆڕشی مەشڕووتەدا دەگاتە لووتکەی هەرە بەرزی خۆی. (see e.g. Ta’rikh-e Mo‘aser-e Iran 1365 [1986]: 3ff.). لەوەش زیاتر لەو ڕیوایەتەدا، جووڵانەوەی مەشڕوتەخوازی، نەک وەک بەرهەمی ڕۆشنگەریی ڕۆژئاوا، بەوجۆرە کە پەهلەوییەکان باسی دەکەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، وەک بزووتنەوەیەکی دژە ڕۆژئاوایی و دژی ئیمپڕیالیستی و ڕزگاریخوازانە پێناسە دەکرێ. هەروەها لەو ڕیوایەتەدا دەگوترێ کە ئامانجە سەرەکییەکانی مەشڕوتە، ئامانجی “ماتڕیالیستی” و “پووچ”ی وەک دێموکراسی ومەشڕووتەی ڕۆژئاوایی نەبوون. بەڵکوو ئامانج بریتی بووە لە پیادەکردنی “قورئانی پیرۆز و ڕێوشوێنە ئیسلامیییەکان” وەک تەنها چەكی کاریگەر بە دژی ئیستبدادی قاجار و دەستەڵاتداریەتیی ئیمپڕیالیستی و بێگانە. (Ta‘limat-e Ejtema‘i 1365 [1986]: 18)
بردنەسەری ڕۆحانییەت و ئیسلامی شیعە تا ئاستی هێزی ڕێبەر و پێشڕەو لە ئێرانی دەورانی قاجاردا، دەگەڵ ڕیوایەتی دەوڵەتی پاش شۆڕش کە هەوڵ دەدا سوننەت و نەریتە ئیسلامییەکان دەگەڵ ناسنامە و هەویەتی ئێرانی ئاوێتە بکا، یەک دەگرێتەوە. کەچی بەو حاڵەش، ئەو “بەستە بێدەنگی” یە (bundle of silences) (Trouillot 1995: 27)) کە مەشڕووتەی سیکۆلاریش دەگرێتەوە، نابێ وەک نیشانەیەک بۆ تێپەرێنی تەواو لە “ئێرانیزم” بۆ “ئیسلامیزم”ی تەواو لەقەڵەم بدرێ. لە ڕاستیدا وێناکردنی ڕیوایەتێکی بەهێز لە ئیحساساتی دژی ئیمپڕیالیستی لە ئێرانی قاجاردا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، تەنیا ئەو نیگەرانییە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە پەیوەندی دەگەڵ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان لائیک بوون و سیکۆلار بوون لە ناسنامە و خۆ پێناسەکردنی کەسایەتیی ئێرانیدا هەمیشە لەگۆڕێدایە. ئەو تێکستەی خوارەوە کە لە یەکێک لە کتێبە دەرسییەکانی مێژوودا هاتووە، بەو جۆرە باس لە بارودۆخی ئێران لە دەورانی قاجار واتە ئاخروئۆخری سەدەی نۆزدەهەمدا دەکات:
“بایەخە مەزهەبی و داب و نەریتە میللییەکان کۆسپێکی گەورە و بەهێز بوون بەرانبەر نفوزی ئیقتسادیی ڕۆژئاوا و نەیاندەهێشت خەڵک ببنە بەکارهێنەری کاڵا و کەرەسە و ئامرازەکانی ڕۆژئاوا” (Ta’rikh-e Mo%ser-e Iran 1365 [1986]: 9). شایانی باسە کتێبە دەرسییەکانی دەورانی پاش شۆڕش تێکۆشاون لە پەیوەندی دەگەڵ باسکردن لە ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ، کە بوونە هۆی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ، ئەو باڵانسە بپارێزن. بۆ نموونە سەرنج بدە ئەو دەقەی خوارەوە کە باس لە هاوکاریی نێوان دوکتور موسەدیق و ئایەتوڵڵا کاشانی لە سەردەمی قەیرانی میللیکردنی نەوت لەسەرەتای سالەکانی ١٩٥٠دا دەکا:
“پاش هەوراز و نشێوێکی زۆر، سەرەنجام هاوپەیمانی و یەکیەتی لە نێوان هێزە میللی و هێزە مەزهەبییەکاندا، کە هەردووکیان بە ئێرانەوە گرێ درابوون و دژی دەستوەردانی بێگانەبوون پێکهات…هێزە میللی و مەزهەبییەکان لێبڕابوون کە ئەوەڵین زەبری گوڕچووبڕی خۆیان لە ئاستی جیهانیدا لە ئیمپریالیزمی ئینگلیس بوەشێنن و لەو ڕیگایەوە قازانج و بەرژەوەندییەکانی میللیەتی ئێران دەستەبەرکەن. (ibid.: 194).
بە گوێرەی یەکێک لە کتێبە دەرسییەکانی پاش شۆڕش، واتە کتیبی “زانستە کۆمەڵایەتییەکان” کە بۆ کلاسی دوازدە ئامادەکراوە، ناسیۆنالیسم، داهێنانێکی ڕۆژئاوایییە، (Danesh Ejtema‘i 1365/1986])، کە بە بە ئەنقەست لەلایەن بانگخوازانی مەسیحییەت، ڕۆژهەڵاتناسە ئورووپایییەکان و ئەو ڕووناکبیرانەی دونیای سێهەم کە مەیلیان بە لای ڕۆژئاوادا هەیە، ئامانجی لەبەریەک هەڵتەکاندنی یەکیەتیی نێوان میللەتانی ئاسیا و ئەفریقا و لاوازکردنی وەحدەت و یەکیەتیی نێو کۆمەڵگای ئیسلامی دارێژراوە. هەموو بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان، بە (پان تورکیسم و پان عەرەبیزم)یشەوە، نەک هەر بوون بە مایەی کێشە و ئاژاوە لە نێو موسوڵماناندا، بەڵکوو زەمینەی داگیرکردنی فەلەستینیشیان پێکهێناوە. بۆیە لەوێدا دەگوترێ کە ئیسلام ئیدئۆلۆژیی ناسیۆنالیستی و میللی کە ببێتە هۆی پێکهێنانی دابەشبوونی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری، نژادی و جوگرافیایی، لەنێو خەڵک و بە گشتی لە نێو موسوڵماناندا، بە ڕەسمی ناناسێ. تەنها شتێک کە بە “بناخە و کۆڵەکەی کۆمەڵگای ئیسلامی دەزانرێ، بریتییە لە عەقیدە بە خودایەکی مەزن و ڕێوشوێنە بەرزە ئینسانساز و وەحدەتخوازە ئیسلامییەکان” (ibid.: 126-40). بۆیە تەنیا لە فەزایەکی “ئازاد لە ئیسلام”دا کە هەست وهەویەتی نەتەوایەتیی تیدا نییە، دەکرێ لە سووکایەتییەکی ئاوا توند و بێ وێنە بە ناسیۆنالیسم، حاڵی بین. ئاخر ئەگەر ئیسلام و نەتەوە و نیشتیمانپەروەری بکەونە پەنایەک، پێویستە وەفای یەکەم بۆ نەتەوە و وڵات بێ. ئاخر ناسیۆنالیسم و دین هەروەک لەو نوسراوەیەی خوارەوەدا هاتووە، لە یەکتر جیا ناکرێنەوە:
“ئەی ئێران، ئەی ماڵە پڕشکۆکەی من، خۆشم دەوێی. زەردەخەنەی سەر لێوی منداڵانت، دەنگ و سەروسەدای لاوەکانت، نەعرەتەی خەباتگێڕانەی پیاوەکانت، هەموویانم خۆش دەوێن. نیشتیمانی پڕشکۆ، خاکی پاکت کە شەڵاڵی خوێنی شەهیدانە، بۆ من ئازیز و بەنرخە. هەموو بەرەبەیانییەک و هەموو شەوێک گوڵالەکانت کە لەسەر گۆڕی شەهیدان ڕوواون ماچ دەکەم. ئەی ئێران ئەی ماڵ و نیشتیمانی پڕشکۆی من، شاخە بەرزەکانت بە ڕەمزی ئازایەتی و فیداکاری و سەربەرزییەکانی ڕۆڵەکانت دەزانم. فەلات و خاکی بەرینی تۆ بە نیشانەی سەربەخۆیی و ئازادیی تۆ دەزانم. هاژەهاژی ڕووبارەکانت بە بانگەوازی ڕۆڵە ئازادیخوازەکانت دەزانم کە هاوار دەکەن “اللە اکبر”. ئەی ئێران ئەی نیشتیمان و ماڵی پڕ لە شكۆ و شانازیی من. سەرزەمینی پاکی و ئازایەتی، نیشتیمانی موسوڵمانانی ئازادە، ئەی وڵاتی ئیسلام و عەقیدە و بڕوا. بە هەموو تواناوە بۆ پێشکەوتنت تێدەکۆشم. من بە دڵیکی پڕ ئیمان و لە عیشق و خۆشەویستی ئاگرینەوە ئەو خەڵکەم خۆش دەوێ کە لەسەر خاکی تۆ دەژین. لە یارمەتی بەوان و لە هیچ هەوڵێک بۆ تیكشکاندنی دوژمنانت، بەوپەڕی تووڕەیی و ڕقەوە، قەت درێخی ناکەم. (Iman 1360b [ 198 1 b]: 91 -2)18.



ئاکام (Conclusion)

ئەو باسەی سەرەوە نیشانی دەدا کە کۆماری ئیسلامی کەم وزۆر بە خوێندنەوەی سەڵتەنەتی پەهلەوی لە نەتەوەی دێرین و لەمێژینەی ئێران وەفادار ماوەتەوە. واتە ئەوە تەئید دەکا کە میللەتی ئێران لە دەوارانی دێرینیشدا هەر وەک سەردەمی مۆدێڕن وجوودی هەبووە. هەروەها کۆماری ئیسلامی بە قەبووڵ کردنی ئەو هێڵە بنەڕەتییە داستانییەی پەهلەوییەکان، کە ئێرانییەکان بە گرووپێکی یەکگرتوو دەزانێ کە لەسەردەمی دێرینی پێش ئیسلامەوە تا پاش ئیسلام و دەورانی تازە لە مێژوودا هاتوونەتە پێش، ناڕاستەوخۆ کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی “فەڕزیەی ئاریایی”یش پەسند دەکات. ئەو لێکۆڵینەوەیە دەریدەخا کە کتێبە دەرسییەکانی زانستە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانی سەردەمی پاش شۆڕش، ڕۆڵێکی گرنگ لە چاندن و پەروەردەکردنی “ئاگاهی و وشیاریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی زەمەنێکی سیکۆلاردا بە هەموو ئاکامەکانی بەردەوام بوونیەوە دەگێڕن” (Anderson 1991). ئەوە دەگەڵ ئەو بۆچوونە یەک ناگرێتەوە کە خوێندن و پەروەردە و فێرکردن لە دەورانی پاش شۆڕشدا تەنیا بە وەسیلەیەک بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی ئیسلامیزم دادەنێ.
لە ڕاستیدا توێژەرەوە بیانی و ئێرانییەکانی خوێندن لە ئێراندا، بە شەوقێکی زۆرەوە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە بزانن ئامانجەکانی خوێندن و فێربوون لە سەردەمی پەهلەویدا لەکوێ دەگەڵ ئامانجەکانی خوێندن و فێربوون لەدەورانی کۆماری ئیسلامیدا، دەگەڵ یەک ناتەبایی پەیدادەکەن. ئەوان دەڵێن لە حاڵێکدا کە ئامانجی خوێندن و فێربوون لە دەورانی پەهلەویدا بریتی بووە لە پەروەردەکردنی وەفاداری بە وەتەن و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی “عظمت”ی میراتی ئێرانی- ئاریایی، ئامانجی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بریتییە لە بەئیسلامی کردنی (Islamisation) هەموو لایەنەکانی ژیان. (Nafisi 1994: 175). بەو حاڵەش دەردەکەوێ کە ئەو جۆرە دابەشکردنە سادەیە تەواو ڕاست نییە. بە وەبەرچاوگرتنی پێویستیی گەشەی هەموولایەنەی سەرچاوە ئینسانییەکان، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ تەنیا لەلایەن “کەسی ئیسلامی” (the Islamic Person)ەوە بژی و بڕواتە پێش. هەربۆیە ئامانجەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە خوێندن و فێربوون، زۆر ئاڵۆزتر و پڕ گیروگرفتترن لەوەی کە هەندێک کەس بیری لێ دەکەنەوە. هیچ گومانی تیدا نییە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرنامەدانانی خۆیدا بۆ خوێندن و فێربوون، زۆر بەرجەستە و لە سەرێیە. ئاخر زۆر داب و نەریت و سوننەتی دیکەش بۆ ئەو ڕێژیمە بە میرات ماونەتەوە. “زاڵ بوونی سوننەتێک لە قۆناخێکی تایبەتی زەمەنیدا، بەمانای لەنێوچوون و نەمانی تەواوی باقیی ئەو هێزانە نییە کە پشتاوپشت لە کۆمەڵگای ئێراندا هەبوون و بە بەشێک لە میراتی فەرهەنگیی (cultural legacy) وڵات دەژمێردرێن” (Kazemi 1988: 1 لەڕاستیدا، وەک لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەردەکەوێ، هەموو هەوڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە بە هێزەوە سوننەتی ئیسلامی دەگەڵ فەرهەنگی سیاسیی ئێران ئاوێتە بکا و هەر بە هەمان ئەندازەش و لەهەمان کاتیشدا بە هەموو تواناوە سوننەت و ڕێوایەتی ناسیۆنالیستی و میللیی ڕێژیمی پێشووش بڵاو کاتەوە و بەرێتەپێش.
لەوەش زیاتر خوێندنەوە و سوننەتی ئیسلامیی دوای شۆڕش دەگەڵ ئەو بۆچوونەش دێتەوە کە (Partha Chatterjee) بە “مەعنەوی” و “قەڵەمڕەوی دەروونی (spiritual’ or ‘inner domain)ی ناسیۆنالیزمی دژی ئیستعماریی دونیای سێهەمی پێناسە دەکات. ناسیۆنالیزمێک کە نیشانە بنەڕەتییەکانی “هەویەت و ناسنامەی فەرهەنگی و کولتووری”ی پێوە دیارن. (cultural identity) (Chatterjee 1993: 6) ئەگەر لەم کۆنتیکستەدا تەماشا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە “ئیسلام”ی ئەو دەوڵەتەی کە پاش شۆڕش هاتووەتە سەر کار نەک هەر دژی ڕیوایەت و سوننەتی ناسیۆنالستی نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، وەک بەشێکی پێویستی میللیگەرایی و ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی دەبینێ. بە واتایەکی دیکە تا ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکا پتر تەماعی لە ئیستیعمار و چەوساندنەوەی فەرهەنگی و ئابووریی ئێران کردووە، بە کەڵک وەرگرتن لە وتەکانی (Partha Chatterjee) ناسیۆنالیسمی ئێرانی پتر “پێی لەسەر نیشاندانی جیاوازییە فەرهەنگییە جەوهەرییەکان داگرتووە تا ئیستعمار لە قەلەمڕەوی دەروونیی ژیانی مییللی و نەتەوەییی ئێران وەدر بنێ و حاکمییەتی خۆی بەسەریدا ڕاگەیەنێ” (ibid.: 26). بۆیە دەتوانین بڵێین کە پارێزەرانی کۆماری ئیسلامی ناسیۆنالیستێکی زۆر توند و سەختگیرن (stern nationalists). “ئیسلام”ی ئەوان وەک “نیشانە و سەمبولی خەڵکی ئاسایی لە بەرانبەر فەزا و حەوزەی کۆمەڵایەتیی “بیگانە”دا خۆی نیشان دەدا کە لە وڵاتی خۆیاندا ئەوانی وەلاناوە و خستونیەتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە” (Zubaida 1989: 33).
بەوجۆرە دەتوانین بڵێین کە وشیاری و ئاگاهیی ئیسلامی لە ئێراندا نەبووەتە هۆی دروست بوونی ئوستوورەیەکی ئەڵترناتیڤ بۆ ئوستوورە و ڕیوایەتی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی. بەڵکوو تێرمینۆلۆژیی ئیسلامییشی خستووەتە خزمەت ئەو خوێندنەوە ناسیۆلیستییە لەمیژینە ئێرانییەوە. لە ئاکامدا ئیسلامی سیاسی لە چوارچێوە و سنوورەکانی میللیگەرایی و ناسیۆنالیزمی ئێڕانیدا ماوەتەوە. ئەو ئیسلامی سیاسییە، تەنها لە شكڵ و شێوەی ئەو سیمبۆلە میللی و نەتەوەیییانەدا مانا پەیدا دەکا و خۆی نیشان دەدا کە تەنیا بە ڕواڵەت مەزهەبین. بۆیە دەتوانین بڵێین مۆدێڕنیتەیەک کە بەسەنگەری سیکۆلاریزم دادەنرێ، بووەتە لایەنی هەرە سەرەکیی ئەزموونێک کە خۆی بە دەوڵەتێکی ئایینی دەزانێ.
قسەی دوایی کە ڕەنگە ناتەباش بێتە بەرچاو: ژمارەیەکی زۆر لەو زانایانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ناسیۆنالیزم کردووە دەڵێن ڕەگ و ڕیشەی سەرهەڵدانی بیرۆکەی ناسیۆنالیستی و عورف وەک ئەنتۆنی سمیس دەڵێ ( نەمانی عەقیدە لە بەهەشت و دۆزەخ)دا دەگەڕێتەوە بۆ لەنێوچوون و توانەوەی مەزهەب و سوننەت”. (Smith 1986: 176). بەو پێیە ناسیۆنالیزم و دین دەبنە دوو هێزی فەرهەنگیی ناتەبا، ڕەقیب و دژ بە یەک. هەرچۆنێک بێت وەک ئەو لێکۆڵینەوەیەی من نیشانی دەدا، لێرەدا ناسیۆنالیسم کە بە بەرهەمی مۆدێڕنیتە دادەنرێ، بە شێوەیەکی زۆر توند دەگەڵ ئایین و سوننەت تیکەڵ و ئاوێتە دەبێت واتا دەگەڵ ئەو شتەی کە بە هەڵە وەک بایەخ و ڕەفتارو هەڵسوکەوتی پێش مۆدێڕنیتە پێناسەدەکرێ. کەیسی ئێران ئەو هیپۆتێزە پشتڕاست دەکاتەوە کە مۆدێڕنیتە کۆمەڵێک دیاردەی مێژووییی چەند لایەنە دەگرێتەخۆ، کە ناکرێ هەموو ئەوان بە زوویی لە یەک چوارچێوەدا بتوێنینەوە. واتە لە قاڵبی “ڕووحی سەردەم”یان (Zeitgeist) بدەین. ( Felski 1995:11-16).

Notes
For a modernist interpretation of Iranian national identity, see Vaziri (1989). For an opposing, ‘primordialism or ‘perennial’ approach to Iranian national identity, see Gnoli (1989). 2 On the modernity of political Islam in Iran and in other countries in the region, see e.g. Zubaida (1989, 1997); Abrdhamian (1994); Riesebrodt (1993); Halliday (1996: 42-75). See also Ram (1 996). 3 On education in the Pahlavi era see e.g. Arasteh (1969); Banani (1961); Eilers (1978). The most recent and most comprehensive study of education under the Pahlavi regime is Menashri (1992). On education in the IRI, see note 5 below. 4 A rare and notable exception is Higgins and Shoar-Ghaffari (1995). The study compares pre-and post-revolutionary elementary school textbooks with the view to evaluating Several aspects of their portrayal of Iranian identity. 5 For further reading on education in the IRI and the role of education in the regime’s
(1989); Haghayeghi (1993); Menashri (1992, e~pecially the Epilogue); Higgins and Shoar- Ghaffari (1 994, 1995); Ferdows ( 1992); Nafisi (1 994). 6 On the nineteenth- and early twentieth-century forerunners of the Iranian nationalist narrative, see Tavakoli-Targhi (1990); Kia (1995); Bayat-Philipp (1974); Bayat (1982). 7 Part and parcel of the project of hammering in the impression of continuity of both nationhood and monarchy was the Pahlavis’ construction of a symbolic framework by means of which to make meaningful the essential link between the pre-and post-Islamic periods. Some prominent examples of this included Reza Shah’s announcement in 1935 that, since Iran was the ‘cradle of the Aryans’, the name ‘Iran’ would henceforth replace ‘Persia’; and Muhammad Reza Shah’s self-coronation and the elaborate 2,500-anniversary celebration of the Iranian monarchy in 1969 and 1972, respectively. A more blatant example was the shah’s announcement in 1976 of a change in the official Iranian calendar: the year would henceforth begin not with the migration of the Prophet, but, instead, with the presumed date of the establishment of the Achaemenid dynasty. Muhammad Reza Shah’s adoption of the honorific title Aryumehr, ‘the Light of the Aryan Race,’ was also intended to illuminate the continuity of Iranian nationhood with monarchy as its axis. For these and other symbolic formulations during the Pahlavi era see Ghods (1991: 34-5); Lewis (1975: 101); Chehabi (1993: 223-6); Tavakoli-Targhi (1988: 112); Wilber (1981: 127); Matthee (1993: 326); Cottam (1978: 328). 8 Published in 1980, Tu’rikh-e Honur-e Iran, which is referred to here, ostensibly belongs to the Islamic republican era. Yet this textbook was originally written and published in the Pahlavi era and was included in the Pahlavi school curriculum. It is, therefore, representative of the Pahlavi historical memory and not that of the Islamic Republic. Indeed, though it was briefly used by the emerging Islamic Republic in 1980, it was soon abolished or simply removed from the shelves once the revision of textbooks had been completed and original, revolutionary textbooks supplanted pre-revolutionary ones. 9 For similar representations of Iranian history in Pahlavi textbooks see, Tu’rikh-e Lebus (I 353 (1974): 69); Anvari and Javadi (2537a (1978a): 131 -4); Ketub-e Sevvom-e Dabesfun (1 342 (1963): 11 I). 10 The ‘Banner of Kaveh’ refers to a legendary smith (Kaveh), who, having made a banner of his old apron, led the Iranians against the tyrant king Zahhak, defeated him, and seated Fereydun on his throne. The story is narrated in the Shuhnumeh of Ferdowsi. 11 For similar themes, see Farshidvared and Givi (2536 (1977): 101-2). 12 Indeed, Ayatollah Khomeini’s writings and declarations since the late 1960s were marked by pan-Islamic motifs calling for the realisation of Islamic unity – both political and moral – that would obliterate prior national, ‘artificial’ divisions among contemporary Muslim societies. In his programmatic book veluyuf-ef uqih (‘The Governance of the Jurist’), which is considered one of the major ideological pillars of the Islamic Revolution, Khomeini defined nationalism as an imperialist plot designed to sow discord among Muslims thereby advancing Western exploitation of ‘the abode of Islam’. He claimed that in the wake of World War I ‘imperialist powers’ divided the ‘Islamic homeland’ (i.e. the Ottoman Empire) into ‘peoples’ and ‘petty states’ placing in each of them an ‘agent of their own to safeguard the powers’ economic and political interests. He called upon all Muslims to unite in order to withstand successfully this imperialist onslaught; only through unity, he argued, will the Muslims be able ‘to crush the human and tyrannical gods and idols that plunder the world’. See Khumayni (1979: 34-5). 13 Hence, Shorish (1988: 74), following an investigation of post-revolutionary textbooks, concluded, ‘there is never a mention of pre-Islamic Iran, which was admired very much in the prerevolutionary books. One cannot, of course, deny pre-Islamic Iran . . . but for the present what matters to the Iranian revolutionaries . . . is that their history is indistinguishable from the history of Islam.’ 14 As Mostafa Vaziri has contended (1989: 198), the ‘popularization of Iranian identity did not come to an end with the downfall of the Pahlavi regime, but it began to take a different direction with the surfacing of fundamentalist Islamic principles’. 15 On the Islamisation of secular Iranian holidays, including Nowruz, in the Islamic Republican state, see Higgins and Shoar-Ghaffari (1995: 349); Richard (1989: 33-
16 The tradition of monarchical continuity, however, is manifestly absent in the post-revolutionary narrative, owing, of course, to the Islamic revolution’s rejection of monarchy as alien to Islam. On Khomeini’s views on monarchy and legitimate political rule in Islam see, e.g. Akhavi (1980: 163-71); Enayat (1983); Rajaee (1983). 17 I will return to this point in the Conclusion. 18 For similar expressions, see Fursi (1 368 (1989): 44-5.
References
Abrahamian, Ervand. 1994. Khomeinistn: Essays on the Islamic Republic of Iran. Los Angeles:
Akhavi, Shahrough 1980. Religion and Politics in Contemporary Irun: Clergy-State Relations in
Algar, Hamid. 1994. ‘Review of Mostafa Vaziri, Irun us Imugined Nution’, Confemporury
Anderson, Benedict. 1991. Imagined Communities: Reflections of the Origin and Spread of
Anvari, Hasan. 1350 (1971). Fursi. Fifth grade of primary school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh
Anvari, Hasan. 1360 (1981). Fursi. Fourth grade of primary school. Tehran: Vezarat-e
Anvari, Hasan and Hasan Sadr Hajj Seyyed Javadi. 2537a (1978a). Fursi. First grade of
Anvari, Hasan and Hasan Sadr Hajj Seyyed Javadi. 2537b (1978b). Fursi. The second grade of the
Anvari, Hasan, Rasul Shayasteh and Hasan Ahmadi Kivi. 2536 (1977). Fursi. Fourth grade of
Arasteh, Reza. 1969. Eclucution und Sod Awukening in Irun, 1850-1968. Leiden: E. J. Brill. Arjomand, Said Amir. 1988. The Turban for the Crown: The Islamic Revolution in Irun. New York and Oxford: Oxford University Press. Ashraf, Ahmad. 1993. ‘The crisis of national and ethnic identities in contemporary Iran’, Iranian Studies 24, 1-2 (Winter-Spring). Banani, Amin. 1961 .The Modernization of’ Irun, 1921-1941. Stanford, CA: Stanford University Press. Bayat, Mangol. 1982. Mysticism and Dissent: Socioreligious Thought in Qujur Irun. Syracuse, NY: Syracuse University Press. Bayat-Philipp, Mangol. 1974. ‘The concepts of religion and government in the thought of Mirza Aqa Khan Kirmani, a nineteenth-century Persian revolutionary’, International Journal of Middle East Studies 5: 38 1-400. Beeman, William 0. 1983. ‘Images of the Great Satan: representations of the United States in the Iranian Revolution, in Nikki R. Keddie (ed.), Religion and Politics in Irun: Shi’ism from Quietism to Revolution. New Haven, CT and London: Yale University Press. Chatterjee, Partha. 1993. The Nution unrl its Frugments: Coloniul and Postcolonid Histories. Princeton, NJ: Princeton University Press. Chehabi, Houchang E. 1993. ‘Staging the emperor’s new clothes: dress and nation-building under Reza Shah’, Iranian Studies 26, 3–4: 209-29. Cottam, Richard W. 1979. Nationalism in Iran. (Updated through 1978). Pittsburgh, PA: Pittsburgh University Press. Dabashi, Hamid. 1993. Theology of Discontent: The Ideological Founciution of the Islamic Revolution in Iran. New York and London: New York University Press. Dunesh Ejtemu‘i. 1365 (1986). Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-Parvaresh. Eilers, Wilhelm. 1978. ‘Education and cultural development in Iran during the Pahlavi era’, in
University of California Press.
the Puhluvi Era Albany: State University of New York Press.
Sociology 23, 1 : 259.
Nutionulism, revised edn. London and New York: Verso.
va-Parvaresh.
Amuzesh va-Parvaresh.
guidance cycle. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-Parvaresh.
guidance cycle. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-Parvaresh.
high school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-Parvaresh.
George Lenczowski (ed.), Irun Under the Puhluvis. Stanford, CA: Hoover In Endyat, Hamid. 1983. ‘Iran: Khumayni’s concept of the “Guardianship of the Jurisconsult”’, in
Farshidvared, Khosrow and Hasan Ahmadi Givi. 2536 (1977). Farsi. The third grade of high
Farsi. 1368 (1989). Fifth grade of primary school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-Parvaresh. Farsoun, Samih K. and Mehrdad Mashayekhi. 1994. ‘Introduction: Iran’s political culture’, in Samih K. Farsoun and Mehrdad Mashayekhi (eds.), Iran: Political Culture in the Islamic Republic. London and New York: Routledge. Felski, Rita. 1995. The Gender of Modernity. Cambridge, MA, and London: Harvard University Press. Ferdows, Adele. 1994. ‘Gender roles in Iranian school textbooks’, in Samih. K. Farsoun and Mehrdad Mashayekh (eds.), Iran: Political Culture in the Islamic Republic. London and New York: Routledge. Ghods, M. Reza. 199I.‘Iranian nationalism and Reza Shah’, Middle Eastern Studies 27, I : 35-45. Gnoli, Gherardo. 1989. The Idea of Iran: An Essay on its Origin. Rome: Instituto Italian0 per il Medino ed Estremo Oriente. Haghayeghi, Mehrad. 1993. ‘Politics and ideology in the Islamic Republic of Iran’, Middle Eastern Studies 29: 36-52. Halliday, Fred. 1996. Islam and the Myth of Confrontation: Religion and Politics in the Middle East. London and New York: I. B. Tauris. Higgins, Patricia J. and Pirouz Shoar-Ghaffari. 1994. ‘Women’s education in the Islamic Republic of Iran’, in Mahnaz Afkhami and Erika Fried1 (eds.), In the Eye of the Storm: Women in Post-revolutionary Iran. London and New York: I. B. Tauris. Higgins, Patricia J. and Pirouz Shoar-Ghaffari. 1995. ‘Changing perceptions of Iranian identity in elementary textbooks, in Elizabeth Warnock Fernea (ed.), Children in the Muslim Middle East. Austin, TX: University of Texas Press.
J. Piscatori (ed.), Islam in the Political Process. New York: Cambridge University Press.
school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-Parvaresh.
Hobsbawm, Eric. 1997. On History. New York: The New Press. Hunter, Shireen. 1992. Iran After Khomeini. New York: Praeger. Iman, Lyla. 1360a (1981a). Farsi. The third grade of primary school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh
Iman, Lyla. 1360b (1981b). Farsi. The second grade of primary school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh
Katouzian, Hamayoun. 1979. ‘Nationalist trends in Iran, 1921 – 1926‘, International Journal of
Kazemi, Farhad. 1988. Politics and Culture in Iran. Ann Arbor, MI: Center for Political
Kazemi, Farhad. 1995. ‘Models of Iranian politics, the road to the Islamic Revolution, and the
Ketab-e Sevvom-e Dabestan. 1342 (1963). Tehran: Vezarat-e Farhang, Sazman-e Ketab. Khanlari, Parviz Natel. (1340) 1961. Tu’rikh-e Iran: Dowreh-ye Islami. Sixth grade of primary
Khumayni, Ruhallah Musavi. 1979. AI-Hukumuh al-Islumiyyuh. Beirut: Dar al-Tali‘ah. Kia, Mehrdad. 1995. ‘Mirza Fath Ali Akhundzade and the call for modernization of the Islamic world’, Middle Eastern Studies 31, 3: 423-48. Lewis, Bernard. 1975. History Remembered, Recovered? Invented Princeton, NJ: Princeton University Press. Matini, Jalal. 1989. ‘The impact of the Islamic Revolution on education in Iran’, in Adnan Badran (ed.), At the Crossroads: Education in the Middle East. New York: Paragon House. Matthee, Rudi. 1993. ‘Transforming dangerous nomads into useful artisans, technicians, agriculturists: education in the Reza Shah Period’. Iranian Studies 26, 3-4: 31 3-36. Mehran, Golnar. 1989. ‘Socialization of schoolchildren in the Islamic Republic of Iran’, Iranian Studies 22, 1: 35-50. Mehran, Golnar. 1990. ‘Ideology and education in the Islamic Republic of Iran’, Compare 20, situation.
Mehran, Golnar. 1991. ‘The creation of the new Muslim woman: female education in the Islamic Republic of Iran’, Convergence 24, 4: 42-51. Menashri, David. 1992. Education and the Making of Modern Irun. Ithaca, NY and London: Cornell University Press. Nafisi. Rasool. 1994. ‘Education and the culture of politics in the Islamic Republic of Iran’, in Samih. K. Farsoun and Mehrdad Mashayekh (eds.), Irun: Politico1 Culture in the Islamic Republic. London and New York: Routledge. Nora, Pierre. 1989. ‘Between memory and history: les lieux de memoire’, Representutiuns 26 (Spring): 7-25. Rajaee, Farhang 1983. Islamic Vulites und World View: Kliomeyni on Mun, the Stute, untl Internotional Politics. New York: University Press of America. Ram, Haggay. 1996. ‘Mythology of rage: representations of the “self” and the “other” in revolutionary Iran’, History and Memory 8, I: 67-87. Richard, Yann. 1989. ‘The relevance of “Nationalism” in contemporary Iran’, Middle Eust Review 21, 4: 27-36. Riesebrodt, Martin. 1993. Pious Pussion: The Emergence of hloriern Fundumentulism in the United Stutes rind Irun. Translated from the German by Don Reneau. Los Angeles: University of California Press. Shorish, Mobin. 1988. ‘The Islamic Revolution and education in Iran’, Cotnpurutiie Erhrcation Review 32, 1: 58-75. Skocpol, Theda. 1979. Stutes and Sociul Revoutions. Cambridge: Cambridge University Press. Smith, Anthony. 1986. The Ethnic Origins of Nutions. London: Blackwell. Sobhe, Khosrow. 1982. ‘Education in revolution: is Iran duplicating the Chinese Cultural
Tu‘limut-e Ejtemu‘i. 1365 (1986). Fifth grade of primary school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-
Tu’rikh-e Honur Irun. 1359 (1980). First grade of high school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-
Tu‘rikh-e Irun uz-Puyun-e Shah-in-Shahi-ye Sussuniyan tu-Puyun-e Sulsuleh-ye Zundiyun. 2537
Tu‘rikh-e Lebus. 1353 (1974). Tehran: Vczarat-e Amuzesh va-Parvaresh. Tu’rikh-e Mo‘user-e Irun. 1365 (1986). Third grade of high school. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va-Parvaresh. Tu’rikh Yek. 2537 (1978). Second grade of general education. Tehran: Vezarat-e Amuzesh va- Parvaresh. Tavakoli-Targhi, Mohamad. 1988. ‘The formation of two revolutionary discourses in modern Iran: the Constitutional Revolution of 1905- 1909 and the Islamic Revolution of 1978- 1979’. Ph.D. Dissertation, the University of Chicago. Tavakoli-Targhi, Mohamad. 1990. ‘Refashioning Iran: language and culture during the Constitutional Revolution’, Iruniun Studies 23, I –4: 77- 101. Trouillot, Michel-Rolph. 1995. Silencing the Pust: Power und the Production of History. Boston: Beacon Press. Vaziri, Mostafa. 1989. Irun us Imuginetl Nution: The Construction of Nutionul Identity. New York: Paragon House. Wilber, Donald. 1981. Irun Pust und Present. Princeton, NJ: Princeton University Press. Zubaida, Sami. 1989. Islum, the People, und the State. London: Routledge. Zubaida, Sami 1997. ‘Is Iran an Islamic state?’, in Joel Beinin and Joe Stork (eds.), Political Islurn: Essuys from Middle Eust Report. Berkeley and Los Angeles: University of California.