ئارامتر بخوێنەوە!
ئاڵنگاریی خەباتی کوردان لە تورکیە
سیڤان سەعید
قوتابخانەی مێژوو و شارستانییەت، زانکۆی نۆرماڵی شانشی، چین.
ئەنستیتۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانکۆی رۆژاڤا- ڕۆژئاوای کوردستان.
بۆ بینینی ژێدەری ئەم وتارە: سیڤان سەعید (2018): ئاڵنگاری خەباتی کوردان لە تورکیە، سەردانی ژورناڵی لێکۆڵینەوەکانی باڵکان و ڕۆژهەڵاتی نزیک بکەن. DOI: 10.1080 / 19448953.2018.1497752
لینکی ئەم وتارە: https://doi.org/10.1080/19448953.2018.1497752
پوختە:
لە ساڵی 2013، پاش دوو ساڵ تەریک خستنەوەی ئۆجەلان و، ئاشکراکردنی دانیشتنە نهێنییەکانی ئۆسلۆ لەنێوان دەوڵەتی تورکیە و پەکەکەدا، دەوڵەتی تورکیە ڕەزامەندی دەربڕی، خولێکی نوێی دانیشتنەکان لەگەڵ بزووتنەوەی کورد دەست پێ بکاتەوە. بە هۆکاری کرانەوەی ئاشتییەکی سنوردار بە ڕوویاندا، بزووتنەوەی کورد چالاکییە جۆراوجۆرەکانی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی نەتەوەخوازیی فەرهەنگی ونەتەوەسازیی دەست پێکردەوە. بەڵام بەم حاڵەوە بەهاری کوردی زۆری نەخایاند. لەنەکاو دەوڵەت دانیشتنەکانی لەگەڵ ئۆجەلان کۆتایی پێ هێنا. گۆیا هەزاران ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە ئۆپەراسیۆنیکی KCKدا دەستبەسەر کران. شەڕی چەکداریی دیسان لە شارەکاندا دەست پێکرایەوە. بەشێک لە شارەکان وێران بوون و، نزیکەی یەک میلیۆن خەڵکی مەدەنی ئاوارە بوون. ئەم وتارە دەیهەوێ تاوتوێی ئەم سیاسەتە نوێیە بکات: بۆچی پاش قەبوڵ کردنی ئەوەی کە شەڕی چەکداری کێشەی کورد قەت چارەسەر ناکا و، لەجیاتی ئەوەی کە پێوەندییەکان بەرەو چارەسەریی ئاشتییانە بچن، دەوڵەتی تورکیە گەڕایەوە مۆدێلی سیاسەتە شکستخواردووەکانی پێشووی؟ هەوڵ دەدەم زیاتری ڕوون بکەمەوە کە بۆچی بەرەنگاریی بزووتنەوەی کورد لەبەرانبەر پێداگریی دەوڵەتی تورکیە بۆ پەیوەست بوون بە پڕۆسەی بەناو ئاشتی، سەخت و دژوارە. بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، ئەم وتارە پێوەندیی زۆر ئاڵۆز و هاوچەرخی نێوان دەوڵەتی تورکیە و بزووتنەوەی کورد شی دەکاتەوە.
پێشەکی
لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەو بەڵێنییە بە کوردان درا کە شانبەشانی نەتەوەکانی دیکەی ناوچە، نەتەوەی کوردیش وڵاتی خۆی هەبێت. بەڵام لەبەر چەند هۆکار ئەم ئارەزوویە بوو بە بڵقی سەر ئاو و سەری نەگرت. بێ ئەوەی گوێ لە خەڵکی ئەو ناوچەیە بگیرێ کە لەوێ دەژیان و بەبێ ڕەزامەندی خۆیان، نیشتمانی کوردان بەسەر ویلایەتی تازە دامەزراودا دابەش کرا. لەو کاتەوە نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی خەباتی دەست پێکردووە و بەرەنگاریی ئەم دەسەڵاتە بووەتەوە. بەم حاڵەشەوە، زۆربەی شۆڕشەکان سەرکوت کراون و چالاکان، زیندانی کراون یان لەسێدارە دراون یان کوژراون، یان ئەوەی کە زۆربەی تەمەنیان لە تەبعیددا بوون و دوور خراونەوە. جێی سەرنجە لە کاتی دامەزرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئاخروئۆخری دەیەی 1970دا، خەباتی کوردان لە تورکیە چووە قۆناغێکی دیکەوە و شاهیدی شێوازێکی تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووین.
سەرەڕای چەندین کۆسپ و لەمپەر لە سیستەمی سیاسیی تورکیە، لە دوو دەیە و نیوی ڕابردوودا لە تورکیە، بزووتنەوەی کورد بە ئاراستەی سیاسەتێکدا ڕۆیشتووە کە سیاسەتە سەرەکییەکانی تورکیەی بە سەرکەوتوویی دەهەڵمەتان گرتووە (سەرئێشەی بۆ ساز کردووە). ئەمە مانای ئەوەیە کە نەتەوەی کورد بۆ وەدەستهێنانی مافە فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، دەستی بە فێربوونی چۆنییەتی ئەم یارییە کردووە. هەروەک “واتس” ئاماژەی پێدەکات، ماڵی سیاسەتی کوردی لە ساڵی 1990 لە سیستەمی تورکیەدا چێکرا. بۆ یەکەم جار لایەنێکی سیاسیی لایەنگری کوردان (پارتی کرێکاری گەل، HEP) توانی بەشێک لە نوێنەرانی خۆی بنێرێتە ئەنجومەنی باڵای نیشتمانیی تورکیە (TBMM ( و وەکو نوێنەرایەتیی ئایدیۆلۆژییەک بە قازانجی کورد کاری کرد. لەو کاتەوە تەڤگەری کوردی بەرەبەرە گەشەی کرد و تا ڕادەیەک فێر بوون چۆن لەگەڵ سیستەمێکی فێڵاوی بێنە ڕەدایە و یاریی خۆیان بکەن.
لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 2011دا، سیاسەتمەدارانی کورد توانییان 36 نوێنەری چالاک بنێرنە TBMM. سەرەڕای ئەمە پڕۆژەی “ئۆتۆنۆمیی دێمۆکراتیک” پێشنیار کرا و تەڤگەری کوردیی چالاکتر و ڕێکخراوتر کرد. هەربۆیە بزووتنەوەی کورد گەیشتە قۆناغێک کە توانی کاریگەریی بەسەر بەستێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە هەبێت. کاراکتەری سەرەکیی و تەیاربووی تەڤگەری کوردان، ناوەندێکی تازە دامەزراوە کە ناوی “کۆما جڤاکێن کوردستان KCK”یە. لە ساڵی 2015، HDP لە هەڵبژاردنی گشتیدا وەکو حیزبێکی نوێی لایەنگری کوردان بەشدار بوو و، توانی بەرژەوەندیی چەندین گرووپ و دەستەی جۆراوجۆر لە بەرنامەی کاریی خۆیدا بگونجێنێ.
لە مانگی جوندا، HDP، 80 ئەندامی خۆی ناردە ئەنجومەنەکە و، وەکو سێیەمین حیزبی گەورە لە TBMMدا ناوبانگی دەرکرد و بۆ یەکەم جار بەربەستی ڕێژەی 10% دەنگی نیشتمانی شکاند. ئەم دەستکەوتە، کوردان و هێزە دێموکراتیکەکانی دیکەی هیوادار کردەوە. لەناکاو هەموو شتێک وەرسووڕا و دەوڵەتی داد و گەشەپێدان پشتی لە بڕیارنامەی ئاشتییانە کرد و سەرلەنوێ وەکو بابەتێکی ئەمنی و تێرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دۆزی کورد کردەوە. لە کاتی هەوڵی بێئاکامی کودەتا لە مانگی جوڵای ساڵی 2016دا، دەوڵەت هەزاران چالاکی سیاسی و سەدان شارەدار و نوێنەرانی پەرلەمانی دەستەبەسەر کرد کە لەو نێوەدا هەر دوو هاوسەرۆکی پێشووی HDP، “دەمیرتاش و یۆکسیکداغ”یش دەستبەسەر کران. هێزەکانی تورکیە لە چەندین شاری کوردنشین هەڵیانکوتایە سەر خەڵک و یەکینەکانی پاراستنی سڤیل. زۆربەی شارەکان وێران و، نزیکەی یەک میلیۆن خەڵکی مەدەنی ئاوارە بوون. لە حاڵەتی نائاساییدا، دەوڵەت بۆ گۆڕینی یاسای تبنەڕەتیی، کە زیاتر مەبەستی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی بوو، ڕاپرسییەکی بەڕێوە برد. هەموو ئەم ڕووداوانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوویان دا و دێموکراسی تورکیە و تەڤگەری کوردی بردە ژێر پرسیار.
بە تاوتوێکردنی ئەم ڕووداوانە، هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی ئەم پرسیارەوە بۆم ڕوون بێتەوە، بۆچی نە دەوڵەت و نە تەڤگەری کوردی نەیانتوانی دەرەقەتی ئەم کێشانە بێن و دەروو و ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی درێژخایەنی دۆزی کورد لە تورکیە بدۆزنەوە. من گۆڕینی شێوازی خەباتی کوردان لە تورکیە لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی پەکەکە و دامەزرانی کەجەکە KCK دێنمە بەرباس. تیشک دەخەمە سەر لایەنی سەرەکیی گۆڕانکاریی و، لە ڕێگەی چەمکی “ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک” و بەرەوپێشبردنی نەتەوەسازیی لەجیاتی ڕۆنانی “دەوڵەت- نەتەوە” لە ڕێگەی دامەزرانی HDPەوە، مۆدێلی جێگرەوە بۆ خەباتی کوردان پێشکەش دەکەم. بەشی یەکەمی ئەم وتارە هەوڵ دەدات لە ڕوانگەی تیۆریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە، شەنوکەوی تەڤگەری کوردان بکات. بەشی دووهەم گۆڕانکاریی ئایدیۆلۆژیکیی بزووتنەوە لێک دەداتەوە کە لە ڕێگەی چەمکی نەتەوەسازیی و نەتەوەخوازیی فەرهەنگییەوە ئاشکرا بوو. لەمبارەوە کەجەکە و، داواکای بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی جێگرەوە تاوتوێ دەکرێ، وێڕای تیشک خستنە سەر پرۆژەی بزووتنەوەی کورد لە ڕێگەی چەمکی “ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک”ەوە کە وەکو جێگرەوەی سیستەمی ئێستای تورکیە خۆی دەرخست. لە بەشی کۆتاییی ئەم وتارەدا هەوڵ دراوە وڵامی پرسیاری سەرەکیی وتارەکە بدرێتەوە و لێکدانەوە و شەنوکەوی ڕووداوەکان و تاوتوێی هۆکارەکانی هەڵە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بکات کە پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی تورکیە و دۆزی کوردی پەک خست و کۆتایی پێهات.
لە چالاکیی سیاسییەوە تا چالاکیی کۆمەڵایەتی
دەتوانم بڵێم بزووتنەوەی کوردان لە تورکیە بەتەواوی سیاسی نییە و تاڕادەیەک چەند ڕەهەندییە. ئەو دەورگێڕ یان لایەنگرە کوردانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیەدان، وەکو HDP، کۆنگرەی دێمۆکراتیکی گەلان، HDK، حیزبی دێموکراتیکی هەرێمەکان، DTK کۆنگرەی کۆمەڵگای دێموکراتیک بەرهەمی ئەم بزووتنەوە چەند ڕەهەندییەن. هەروەها – بە پێی ئاگاداریی نزیک و چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ دەورگێڕانی سەرەکیی – باسم لەوە کردووە کە ئەم ئۆرگانانە و، هەروەها چەندین ناوەندی دیکە، هەموویان بەشێکی کەجەکەن. هەربۆیە بەڵگاندنی من ئەوەیە کە خەباتی کوردان لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی گەورەترەوە ئاشکرا دەبێت و دەتوانین وەکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەیری بکەین. بۆ ئەوەی باشتر لەو بابەتە تێبگەین، بەشێک لە باسوخواسە تیۆرییەکان لە مەڕ جیاوازیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکرێ بەسوود بن.
“کاستێلز” پێی وایە لە ڕووی تیۆرییەوە جیاوازییەکی تبنەڕەتیی لەنێوان بزووتنەوەیەکی سیاسی و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا هەیە. لە کردەوەدا هەموو جارێ تێکەڵاوی یەکتری دەبن، بەڵام لە ڕووی تیۆرییەوە جیاوازییە بنەڕەتییەکەیان سەبارەت بە بەهاکانی کۆمەڵگا و گۆڕانکاریی شێوازەکەیان، بەها و نۆڕمەکانن. بزووتنەوە سیاسییەکان دەوڵەت دەکەنە ئامانج و، مەبەستیان دەستێوەردان و گۆڕینی دەسەڵاتی دەوڵەتە. لەم حاڵەتەدا کاریگەریی لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات و دامەزراوەکانی نێو دەوڵەت دەکرێ ئامانجی سەرەکیی بزووتنەوەیەکی سیاسی بێت. هەربۆیە تەنیا دەسەڵاتی سیاسی و بەشێک لە پێکهاتە و قەوارەی سیاسی دەگۆڕێت. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە هەڵبژاردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گۆڕینی لە کۆماریخوازانەوە بۆ دێموکڕاتەکان یان بە پێچەوانە بکەین. “واڵ ستریت” و سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری هەروا لە گۆڕێیە. بەم حاڵەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە مەبەستی گۆڕینی بەهاکانی کۆمەڵگا، ڕێوشوێن و کردەوەی بەکۆمەڵن. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی لەسەر چۆنیەتیی بیرکردنەوە، ڕەوشت و قسەکردنی کەسەکان دادەنێن. ئەمە لەربارەی چۆنییەتی بەرهەمهێنان یان سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی چەمک و دەستەواژە نوێیەکان لە لایەن خەڵکەوە یان لانیکەم سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکەکان و پەرەپێدانی بەها جیاوازەکانە. لەئاکامدا خاڵی سەرەکیی، گۆڕانکاریی بەها کۆمەڵایەتی و ڕوانگەکانی کۆمەڵگایە. کەوایە پێوەندیی دیالیکتیکی لەنێوان بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و وەرچەرخان و گۆڕانکارییدا هەیە. ئەگەر پڕۆسەی وەرچەرخان، گۆڕانکاریی و پاشان گۆڕینی شێوازەکانی بەها سەری نەگرتبێ، هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیمان نییە. هەروەها گۆڕانکاریی کۆمەڵگا بەبێ چالاکیی بەربڵاو و بەکۆمەڵ ڕوو نادات کە بەشێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن. لە لایەکی دیکەوە ئەو تیۆرییە کۆمەڵایەتییانە هەن کە بزووتنەوەکان لە دەلاقەی دەرفەتی سیاسی، تێگەیشتنی فەرهەنگی، هەڵبژاردنی ئەقڵانیی و تەیارکردنی بەرژەوەندییەکانەوە تاوتوێ دەکەن. شێوازێکی دیکەی وەسفی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەمەیە کە ئەوان کاروباری یەکپارچەی سەخت و دژواریان هەیە، چونکە لە ڕێکخراوی جۆراوجۆر پێکهاتوون و ئامانجی جۆراوجۆریان هەیە و ڕەچاوی تاکتیکی جۆراوجۆر دەکەن. ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن “جارجارە لە شەڕی هەمە لایەنە لە دژی یەکترەوە بگلێن”، چونکە بۆ سەرچاوەی سنووردار و پشتیوانی ڕکابەرییان هەیە.
بە گوێرەی کورتەی ئەم سێ بەڵگاندنە تیۆرییە، ئەگەرچی ئەرکی سەرەکیی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گۆڕینی بەهاکانی کۆمەڵگایە، شوێنی گۆڕینی بەهاکانی کۆمەڵگای کوردستان کوێیە؟ بە پێی ئەم بەڵگاندنە ئەگەر پێمان وایە ئەم بزووتنەوەیە لەبری بزووتنەوەیەکی سیاسی، تایبەتییەکانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، کەوابوو دەبێ پڕۆسەی گۆڕانکاریی بەهاکان و بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی بەهاکان لە کۆمەڵگاکانی کوردستانیدا ببینین. ئاخۆ ئەم گۆڕانکارییانە ڕوویان داوە؟ ئەگەر ڕوویان داوە، هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییانە چین؟ ئەگەر لە دەرەوە ڕا لە کەجەکە بڕوانین، وڵامدانەوەی پرسیاری گۆڕانکاریی ڕەنگە ئەوەندە قووڵ نەبێت. ئەوەی ڕاستی بێ، وێڕای ئاوڕدانەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی لە لایەک و، ئاوڕدانەوەیەکی قووڵ لە پەکەکە و کەجەکەی ئێستا، دەکرێ باس لەوە بکەین کە گۆڕانکاری تەنیا لە ئاکامی دەرفەتە دەرەکییەکانەوە نایەتە گۆڕێ. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەمەیە، کەجەکە قەت ڕکابەریی تیۆرییە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەکانی نەکردووە. چەمکەکانی تێگەیشتنی فەرهەنگی، هەڵبژاردنی ئەقڵانی و دەرفەتە سیاسییەکان لەربارەی کەجەکە ئاوڕیان وێ نەدرایەوە. لەبەرانبەردا بزووتنەوەی کوردی لە سەرەتا و، لە ماوەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا هەنگاوی بژاردەی دژە ئەقڵانیی هەڵێنابووەوە. هاوسەرۆکی کەجەکە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ناتوانین بە شێوەی زەینی و مەنتقی سەرەکیی، لە کەجەکە بگەین. لەبەر ئەوەی کەجەکە بۆخۆی بە پێی بنەمای مەنتقی و مێنتالیتەی ڕەوتی سەرەکیی دانەمەزراوە. هەربۆیە ئەگەر بمانهەوێ لە دەروەی تیۆرییە سەرەکییەکانی کۆمەڵایەتییەوە هەڵیسەنگێنین، تێگەیشتن لە کەجەکە زۆر سەخت و دژوار دەبێ.
بە گشتی پەکەکە بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی کێشەی کوردان، خەباتی کردووە. پەکەکە باسی لەوە کردووە کە هاوکاریی دوژمن لەنێو کورداندا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. هەربۆیە سەرەتا لە ڕێگەی هێرش کردنە سەر ئاغا، دەرەبەگ و خاوەن زەوییەکان لە کوردستان، هێرشی بۆ سەر شێوازی بیر کردنەوەی کوردان دەستپێکرد. پاشان هەڵمەتی بردە سەر دەوڵەت و سیستەمی تورکیە. سەرەڕای ئایدئۆلۆژیی مارکسیستی و سۆسیالیستیی پەکەکە، چەمکی کوردی و خەبات بۆ کورد و کوردستان لە ئەولەییەتی بەرنامەی پەکەکەدا بوو. هەربۆیە لە ڕووی ئایدئۆلۆژییەوە، تێگەیشتنی کوردانەی لە سۆسیالیزم هەبوو و، ئامانجە سەرەکییەکەشی دامەزراندنی وڵاتێکی سۆسیالیستیی سەربەخۆی کوردی بوو. ئەم هەنگاوە بچووکانە لە لایەن پەکەکەوە سەبارەت بە بازدان بەسەر سنوورەکانی بەهاداری درێژخایەن لە کۆمەڵگادا و، بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ لەنێو کورداندا بوو. هەنگاوێکی گرینگ، گۆڕینی ئامانجی دامەزرانی وڵاتێکی کوردی بۆ بنیاتنانی نەتەوەیەکی دێموکراتیکی کوردییە. بۆچی پەکەکە ئایدئۆلۆژی و ئامانجی سەرەکیی خۆی گۆریوە؟ وەکو بەشێک لە گۆڕانکاریی پاڕادایمدا، پەکەکە بیری کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیکی بۆ کوردانی ئەو بەشە وێڕای گەلی کورد و وڵاتی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشنیار کرد. بە پێی ئەم بەڵگانە گۆڕانکاری ڕووی داوە. هەروەکو ”ئاق قایا” پێشنیاری کرد، “لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی تورکیە بەرەوڕووی شۆڕشێکی هاندراو لە لایەن پەکەکەوە بووەتەوە، کە یەکێک لە گرینگترین تەڤگەرە سیاسییەکانی خەباتی سیکۆلار لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و، “ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ناکرێ بەهەند نەگیرێت و پشتگوێ بخرێت.”
بە پێی بۆچوونەکانی ئۆجەلان، بەهۆی دەستپێکردنی خەباتی پەکەکەوە، سیاسەتی دەوڵەتی تورکیە بۆ ئاسیمیلاسیۆن و بەتورک کردن تاڕادەیەک پێشی پێگیرا. بەو مانایە کە “کوردان لەبەر کۆمەڵکوژیی فەرهەنگی و کوشتنی بەکۆمەڵ وەجاخیان کوێر نەبووەتەوە.” ئەوەی ڕاستی بێ، خەباتی پەکەکە دژی دەوڵەتی تورکیە “گەورەترین کێشە و سەرهێشەی دەوڵەتی تورکیە لە سەدەی بیستەمدا بووە” و هەڵبەت تا ئەمڕۆش هەر درێژەی هەیە. هەربۆیە گۆڕینی سیاسەت لەبارەی خەبات، بووەتە هۆی دروست بوونی سیستەمێکی نوێ: “سیستەمی کەجەکە گۆڕانکاریی لە بەهاکانی کۆمەڵگای کوردی و کوردستاندا پێکهێناوە.”
سیستەمی کەجەکە: دیاردەیەکی نوێ لە خەباتی کورداندا
هەروەکو پێشتر ئاماژەی پێکرا، دەتوانم بڵێم HDP و DTK دوو کاراکتەری سەرەکیی سیستەمی کەجەکە لە گۆڕەپانی ئێستای تورکیەدان. بۆ ئەوەی بەتەواوی لە چوارچێوەی بزووتنەوەی کوردی و پرسی کێشەکان بگەین، دەبێ بزووتنەوە و چوارچێوەی کار و کردەوەکانی سەنگ وسوژن بدەین. شک و گومانی زۆر لەبارەی کەجەکە هەیە. ئەم شک و گومانە نە تەنیا لە لایەن دەوڵەتی تورکیە و سیاسەتمەدارانی ئەم وڵاتەوە، یان لە لایەن ئاکادێمیسیەن یان لێکۆڵەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هەستی پێدەکرێت، بەڵکو خودی چالاکانی سیاسیی کەجەکەش هەستیان پێکردووە. ئەمەش هۆکارەکەی، یەکلایینەبوونەوە و دژواریی رەوشی ڕێبەرایەتیی کەجەکە و عەبدوڵا ئۆجەلانە. بە شێوەیەکی بنەڕەتیی ئۆجەلان دەبێ بیر لە پێکهێنانی باسێکی ڕەخنەگرانە لەبارەی پرسی ڕەخنە لە چەمکی “دەوڵەتی نەتەوەیی” و خەبات بۆ وەدەستهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کوردان بکاتەوە. کەوابوو بیری دامەزرانی کەجەکە، سیستماتیک یان پشتئەستوور بە پێشکەوتنی تیۆرییەکی ڕوون و ئاشکرا نەبوو. ئۆجەلان وەکو سیستەمێکی بەربڵاو و جۆراوجۆر وەسفی کەجەکە دەکات کە دەتوانێ جێگرەوەی دەوڵەت بێت. پڕۆژەی کەجەکە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و چارەسەریی دۆزی کورد هاوشێوەی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، کە پڕۆژەکە لە سەرەوە بۆ خوارەوە و ناوەندگەرایانە بێت. ئەمە لەسەر بنەمای کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیکە و لە خوارەوە بۆ سەرەوە، ناوچەیی و ناوەندگەرا نییە. هەربۆیە کەجەکە مۆدێلێکی دیکەی لەژێر ناونیشانی کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک پێشنیار کرد کە ئامانجەکەی ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیکە.
لە ڕوانگەی کەجەکەوە “دەوڵەتی نەتەوەیی” بە شێوەیەکی سروشتی دیکتاتۆرییە. هەربۆیە چەمکی “ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک” لە لایەن ئۆجەلانەوە وەکو جێگرەوەی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی پەرەی ئەستاندووە. سەرەڕای ئەمە دژوارییەک لەم پێشنیارەدا هەیە. لە لایەک، ئۆجەلان دەوڵەتی نەتەوەیی وەپشت گوێ داوە و، تیشک دەخاتە سەر کۆنفێدراسیۆنەکانی دێموکراتیک؛ لەلایەکی دیکەشەوە وێدەچێ چەمکی کوردی و خەبات بۆ کوردستانی ئازاد ڕوانگەیەکی وەها ڕوون لەبارەی زاڵبوون بەسەر چەمکی “دەوڵەتی نەتەوەیی” نەدات بەدەستەوە. ئامادەنەبوونی ئۆجەلان لە مەیدانی سیاسەتدا، لەبەر 18 ساڵ زیندانی بوون لە “دوورگەی ئیمڕاڵی”دا، کاریگەریی لەسەر ڕێکخراوەکەی داناوە. بەم حاڵەشەوە کەسایەتی ناوبراو وەکو ڕێبەرێکی مەزنتر لە پارتێکی سیاسی ناوبانگی دەرکردووە و، بووتەوە ڕێبەری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، نەک هەر ڕێبەری حیزبی سیاسیی پێشووی خۆی، واتا پەکەکە.
کەجەکە لە ساڵی 2005 پاش دژواریی و پاشەکشەی ئیدئۆلۆژیکی لە خەباتی پەکەکەدا و، پاش شەش ساڵ زیندانی بوونی ئۆجەلان دامەزرا. لە ساڵی 1999 کاتێک ئۆجەلان دەستبەسەر کرا، ناوبراو لە برێارێکدا داوای لە گەریلا کرد کە لە خاکی تورکیە پاشەکشە بکەن و ئاگربەستی یەکلایەنە ڕابگەیەنن. هەربۆیە پەکەکە لە کزی دا و چووە قۆناغی “شۆک و پاشەکشە”. بەم حاڵەشەوە پەکەکە هەروا تاقە حیزبێکە کە دەتوانێ نوێنەرایەتیی کوردانی تورکیە بکات. ئەمە بۆ پێشڕەو و پێشەنگ کێشە و ئالنگارییەکی گەورە بوو کە لە قۆناغی چەقبەستوو خۆی دەرباز بکات و سەرلەنوێ ئۆرگانەکانی زیندوو بکاتەوە. لە ساڵی 2005 پەکەکە دووبارە دامەزرایەوە، بەڵام ئەم جارەیان لە هەلومەرجێکی جیاواز و بە ئامانجێکی جیاواز. لەسەر ئەو باوەڕەم چەمکی ڕاستەقینەی گۆڕانکاریی و وەرچەرخان لە بزووتنەوەی کوردیدا دەتوانێ لە ڕەوتی سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی بزووتنەوە و، گواستنەوە لە پەکەکەوە بۆ کەجەکە بێت. لەبەر ئەوەی پەکەکە وەکو حیزبێکی سیاسی، سیاسەت و ڕوانگەی جیاواز و زۆر پێشکەوتووانەتری لەچاو حیزبە سیاسییەکانی دیکەی کورد هەبوو. بەم حاڵەشەوە کەجەکە بزووتنەوەیەکە کە کاری لەسەر “گۆڕینی بەهاکان”ی کۆمەڵگای کوردی کردووە. هەربۆیە دروست بوونی کەجەکە یەکەمین هەنگاوی ئاشکرای وەرچەرخان لە بزووتنەوەیەکی سیاسییەوە بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە. ئەمە هەر ئەو کارانەن کە کەجەکە لە ساڵی 2005 بەلاوە دەیانکات. لە ڕووی مێژووییەوە، پەکەکە ناوێکی دیار و ناسراو بوو. ئێستا پەکەکە بەشێکی بچووکی کەجەکەیە. پەکەکە تەنیا ئەرکی ئایدئۆلۆژیکی لە سیستەمی کەجەکەدا هەیە و، وەکو چەترێک باڵ بەسەر هەموو لایەنە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بزووتنەوەدا دەکێشێ. بەو واتایە کەجەکە دەورگێڕی سەرەکیی یان پێشەنگی بزووتنەوەی کوردە، چونکە سەرجەم لایەنەکانی چالاکیی لەخۆ دەگرێت. ئەگەر ئەم بەڵگەیە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا کاری پێ نەکرێت، بە ئاشکرا لە بەشی باکوور و ناوچە کوردییەکان و گەل لە “فێدراسیۆنی رۆژئاوا و باکووری سووریەدا” کاری پێ دەکرێت. ئاشکرایە گەلی کورد لەژێر تەڤگەری جڤاکی دێموکراتیک(تەڤدەم)، پارتی یەکێتیی دێموکراتیک(PYD) و ئەو هێزانەی بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) و هێزەکانی سوریای دێموکراتیک (SDF) ناسراون، بە باشی ڕێکخراون و لە مەیدانی ئێستای سوریەدا دژی دەوڵەتی ئیسلامیی، دەوڵەتی تورکیە و چەندین گرووپی لایەنگری تورکیە لە سوریەدا خەبات دەکەن.
سەرەڕای تەواوی گیروگرفتەکان و نایاسایی بوونی؛ بۆ وێنە بەڕێوەبردنی سیستەمی کەجەکە لە ناوچە کوردییەکانی تورکیە و سوریەدا زۆر ئاشکرایە. بە پێی لێدوانی چەند ئەندامی پلەباڵای کەجەکە لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییانەدا، کەجەکە ئێستا هەزار ڕێکخراوی بچووک، مامناوەند و گەورەی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و، لە تاراوگەدا هەیە. هەربۆیە کەجەکە، ئێستا ناوەندی سەرەکیی چالاکییەکانی گەلی کوردستانە. دەکرێ پەکەکەی ئێستا وەکو ناوەندێکی ئایدئۆلۆژیکیی نێو تەواوی ئۆرگانەکانی سیستەمی کەجەکە وەسف بکەین. هەروەکو بەرێ ئاماژەم پێکرد، سەرەڕای حاشالێکردنیان لەبەر هۆکاری بابەتی یاسایی لە تورکیە، ئەکتەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەکو HDK, HDP, DTK, DBP هەموویان لەژێر باڵ و چەتری کەجەکەدان. کەوابوو دەتوانم بڵێم کەجەکە دیاردەیەکی نوێی خەباتی کوردانە. یەکێک لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان، چەمکی دروست کردنی نەتەوەیەکی دێموکراتیک لەجیاتی بانگەشەی خەبات بۆ داوا نەریتییەکانی کوردان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەییە.
لە دەوڵەتی نەتەوەییەوە بەرەو نەتەوەسازیی
نە تەنیا گەلی کورد، تەنانەت بۆ هەموو ڕێبەرانی پەکەکە و بەتایبەت بۆ ئۆجەلان بڕیارێکی سەخت و دژوار بوو کە چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی وەلابنێن. ئۆجەلان باس لەوە دەکات لەبەر ئەوەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئەم بابەتە خولیای کوردان بووە، کارێکی ئاسان نەبوو و، هەموو هیوا و ئاواتەکانی داهاتوو گرێدراوی بیری هەبوونی دەوڵەتێکی کوردی بوو. بەپێچەوانەی هەموو حیزبە سیاسییەکانی پێشووی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لە قۆناغی یەکەمدا، پەکەکە بیری لە دامەزرانی “دەوڵەتی کوردستانی سۆسیالیستی سەربەخۆی ئازاد” کردەوە. کاتێک پەکەکە پێشنیاری وەلانانی دەوڵەتی نەتەوەیی(دەوڵەت-نەتەوە) دا، بۆ جارێکی دیکە جیاوازیی لەگەڵ حیزبەکانی پێشوو هەبوو. بڕیاری گۆڕین و وەرچەرخانی ئایدئۆلۆژیکیی لە کوردستانی سەربەخۆوە بۆ بیرۆکەی نەتەوەی دێموکراتیک لە چەمکی گۆڕینی ڕوانگەی ئایدئۆلۆژیکیی سیاسەتمەدارانی پەکەکەوە سەرچاوەی گرت. لە ماوەی زینداندا، ئۆجەلان دەرفەتی باشی بیرکردنەوە و گۆڕینی شێوازی سیاسەت و ئایدئۆلۆژیی بزووتنەوەکەی هەبوو. ئۆجەلان باسی لەوە کردووە کە ”بە لەبەر چاوگرتنی بار و دۆخی ئێستا” چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی سەبارەت بە کورد و کوردستان دەبێ وەلابنرێت. من لەسەر ئەو باوەڕەم تەڤگەری کوردی بەتەواوی بیرۆکەی دەوڵەت و کوردستانی گەورە ڕەت ناکاتەوە. لە ڕەفتارەکانی کەجەکەوە دەتوانین بەئاسانی لە چەمکی نەتەوەی ئازاد و سەربەخۆ و دروست کردنی وڵاتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ بۆ گەلی کوردستان بگەین کە هێشتا لە بەرنامەی کارکردنیاندایە. سەرەڕای ئەمەش، لە وێژمان(دیسکۆرس)ی ئێستای کەجەکەدا، لە ڕێگەی پڕۆژەی کوردستانی ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیکەوە ئاشکرا دەبێت. کەجەکە نایهەوێ هەڕەشە لە سەروەریی ئەو وڵاتانە بکات کە کوردستان تێیاندا هەڵکەوتووە. خاڵی سەرەکیی لێرەدا ئەمەیە کە بۆچی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی وەلانرا، “لانیکەم بۆ ئێستا” هەروەکو ئۆجەلان لەسەر ئەو باوەڕەیە. بۆچی وێژمانی نەتەوەکان و کۆمەڵگای ئازاد، ئۆتۆنۆمی و دێموکراتیک لە بەرنامەی کارییاندا بوو؟ بەپێی بۆچوونەکانی ئۆجەلان، پەکەکە بەرهەمی قۆناغی نکۆڵی و حاشالێکردنی کوردان بوو و، ئایدئۆلۆژییەکەی بە گشتی لەژێر کاریگەریی ئایدئۆلۆژی نەریتیی “مارکسیست – لێنێنیست”دا بوو. هەربۆیە ئەوکات، بەرەوپێشچوون و لێکدانەوەی زیاتر لەبارەی پەرە ئەستاندنی وێژمان لە ڕێگەی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیییەوە لەگۆڕێدا نەبوو. هەربۆیە پەکەکە تەنیا “جووڵانەوەیەکی سیاسی، پراکتیکی” بوو. چەمکی “جووڵانەوەی سیاسی” لەبەرانبەر “جووڵانەوەی کۆمەڵایەتی”دا و چەمکی وەرچەرخان و گۆڕانکاریی ڕێکخراوەیی دەکرێ چەقی باسوخواسی ئەم بوارە بێت. بەواتایەکی دیکە لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە، دەکرێ وەرچەرخان لە پەکەکەوە وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ ناوەندێکی بەرین و بەربڵاوتر لێک بدرێتەوە کە پێی دەگوترێ کەجەکە. چەمکی گۆڕینی بەهاکانی کۆمەڵگا وەکو ئەرکی سەرەکیی جووڵانەوەی کۆمەڵایەتی ناتوانێ لە ڕێی پەکەکەوە وەکو حیزبێکی سیاسی پراکتیکی ئەنجام بدرێت. بە بڕوای ئۆجەلان بەربەرەکانی لەگەڵ شێرپەنجەی “کێشە و ئالنگاری کوردان” بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو بۆ گۆڕینی چارەنووسی گەل و دەربازبوون لە کۆیلەیەتی درێژخایەن پێویستە. سەرەڕای ئەمە، ئەرکی پەکەکە بەرەنگاریی ڕاستییەکی زۆر گرینگ بوو کە بووە هۆی ئەوەی گەلی کورد لەژێر سیاسەتی یەکچەشکردنن، بەتورک کردن و ئاسیمیلاسیۆنی دەوڵەتی تورکیە لە سەدەی بیستەمدا لەنێو بچێت. بە بڕوای ئۆجەلان، مانەوەی چەمکی کوردی بوون و هەبوونی کورد و کوردستان لانیکەم لە تورکیە، ئاکامی خەبات و شۆڕشی پەکەکەیە.
هەربۆیە لە ڕەوتی وەرچەرخانی بزووتنەوەی کوردان لە تورکیەدا، بەبیر و بۆچوونی من؛ وەرچەرخان لە خەباتێکی تاک ڕەهەندییەوە بۆ خەباتێکی چەند ڕەهەندی لە ساڵی 1993 وە دەستپێکرا و، پاشان بە دامەزرانی کەجەکە ئاشکرا بوو. ئەمەش بەو مانایەیە، پەکەکە وەکو ناوەندێکی بەرین و بەربڵاوتر پەرەی ئەستاندووە و چەند ڕەهەندییەک بەناوی کەجەکە بووەتە جێگرەوەی، بابەتێک کە زۆربەی لێکۆڵەران لێی تێناگەن. ئەوان پێیان وانییە ئەم بزووتنەوەیە بتوانێ تا ئەو ڕادەیە ئامادە بێت بۆگۆرانکاریی ڕادیکاڵ لەخۆیدا. بروام وایە لە ڕووی تیۆرییەوە، پاشەکشە لە دەوڵەت و تیشک خستنە سەر نەتەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بەپێچەوانەی پەکەکەی پێشوو، کەجەکە دەتوانێ بەرنامە سیاسییەکانی خۆی بە گوێرەی هەڵبژاردنی ئەقڵانی و دەرفەتە سیاسییەکان داڕێژێتەوە. نموونەی بەڕێوەبردنی پێوەندییەکانی کەجەکە لە ڕێی دەورگێڕانی لە سووریە وەکو TEV-DEM و PYD لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیە لە مەیدانی سیاسیی رۆژئاوا و باکووری سوریەدا سەلمێنەری ئەم بیرۆکەیەن. سەرەڕای ئەمە، چەمکگەلی نەتەوەی دێموکراتیک، دێموکراسیی ڕادیکاڵ، ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی کلیلی ئەم پاڕادیمە نوێیەی کەجەکەن. ئەمە جێگرەوەی مۆدێلی ئێستایە و ئامانجی پێکهاتەشکێنیی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیییە.
مۆدێلێکی جێگرەوە: ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک
پڕۆژەی ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک لە تورکیە و بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکان لە مانگی جوڵای ساڵی 2011 لەلایەن DTK و BDP وەکو دوو ناوەندی سەرەکیی نوێنەرایەتی کەجەکە لە تورکیە ڕاگەیەندرا. بە واتایەکی دیکە ئەم پڕۆژەیە لە لایەن کەجەکە و، لە ڕێی چالاکانی “ئەنجومەنی تورکیە”وە پێشنیار کراوە کە دەرفەتیان بۆ کاری یاسایی لە سنوورەکانی تورکیەدا هەیە.
دەکرێ وەکو جێگرەوەی دەوڵەت سەیری ئەم پرۆژەیە بکرێ. بە واتایەکی دیکە، ئەم ئایدئۆلۆژییەی کەجەکە نیشانەی وەلانانی دەوڵەتی نەتەوەییە. سەرەڕای ئەمە، ئەم پڕۆژەیە بە جۆرێک پێشکەش کراوە کە ڕاستەوخۆ دەوڵەت وەلانانێ و هەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە ئەم پڕۆژەیە نایهەوێ دەستکاریی سنووری ئەو وڵاتانە بکات کە کوردی تێدا دەژی. هەربۆیە لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم پڕۆژەیە هێندێک دژواری یان سنوورداربوونی هەیە، چ بگات بە لایەنی کردەیی و دەرهاویشتەکانی مۆدێلێکی وەها لە تورکیە یان کۆمەڵگا فرە نەتەوە، ئایین و کلتوورییەکان لە کوردستان و تەواوی تورکیەدا هەن.
بە پێی وێژمانی فەرمی DTK و HDP ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ کوردان نەبوو. دەیانویست گشتگیری بکەن و وەکو پرۆژەیەک بیخەنە ڕوو و لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت. ببێتە هۆی گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی نادێموکراتیک و بکرێت بە یاسایەکی دێموکراتیک و کراوەتر. بەم حاڵەشەوە لێکدانەوەی ئەم وێژمانە گیروگرفتی زۆری هەیە. سەرەکیترین باسوخواسی ئەم بابەتە لە چوارچێوەی هزر و ئەندێشەدایە، چ بگات بە ڕێگرییەکانی بەڕێوەبردنەوە. دڵنیانەبوونی چوارچێوە و دەسەڵاتی کەجەکە و هێژمۆنییەکەی لەسەر گەلی کورد و دەورگێڕانی سیاسی لە تورکیە گرفتێکی دیکەیە کە چەمکی ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک دەباتە ژێر پرسیارەوە. سەرەڕای گوشاری حکومەت و دەوڵەت لەسەر چالاکان، بەتایبەت دەستبەسەرکرانی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی کورد و لایەنگری کورد بە ناوی “ئۆپەراسیۆنی کەجەکە”ەوە، ئەم پڕۆژەیە دیسان بزووتنەوەکەی چالاک کردەوە و چالاکانی هیوادار کردەوە.
بابەتی سەرەکیی ئەم بەستێنە ڕوانگەی ناڕوونی سیاسەتمەدارانی کەجەکە بەرانبەر چەمکی “ئۆتۆنۆمیی دێمۆکراتیک”ە. کەس ناتوانێ زۆر دڵنیا بێ کەجەکە چی لە “ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک” دەوێ و مەبەستی چییە: ئاگاداریی لامەرکەزیی حوکمڕانی لە تورکیە یان دامەزرانی کوردستانی دێموکراتیک و ئۆتۆنۆمی بەو شێوەیەی لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە. سەرەڕای ئەمە دەوڵەتی تورکیەش لەم بارودۆخە نەگەیشت. بۆیە دەستبەجێ پاش ڕاگەیاندنی “کوردستانی ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک” لە دیاربەکر لە مانگی جوڵای ساڵی 2011، دەوڵەتی تورکیە ئۆپەراسیۆنی خۆی بۆ گرتنی ئەندامانی کەجەکە لە سەرانسەری تورکیە چڕتر کردەوە. ئەم وڵاتە وتووێژەکانی لەگەڵ کەجەکە و هەموو دانیشتنەکانی لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕالی هەڵپەسارد. ئەم دۆخە تا هەنووکەش درێژەی هەیە. بەو مانایە کە پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەت و کەجەکە جارێکی دیکە کەوتەوە سەر ڕێیەکی بنبەست.
پاش کودەتا شکستخواردووەکەی مانگی جوڵای ساڵی 2016، نزیکەی 28 شارەوانیی DBP کەوتنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە. ئەندامانی پلەباڵای DBP وەکو ڕێبەرانیان کەوتنە زیندانەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە قەندیل و ئەو ناوچانەی گەریلای لێبوو، زیادی کرد. شارەکانی جزیرە، نوسەیبین، شێرناخ و سور بە توندی لە لایەن ئەرتەش و پۆلیسەوە هێرشیان کرایە سەر. کەجەکە بەڵێنی دا بە هەموو تەکنیک و توانا و دەسەڵاتییەوە تۆڵەی خۆی بکاتەوە و هێرشەکانی خۆی بۆ سەر بنکەکانی ئەرتەش لە تورکیە زیاد بکات. پێم وایە ئەم گوشار خستنەسەرە لە ئەنجامی کاردانەوەی دەوڵەت بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی “ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک”ی تاک لایەنە لە لایەن کەجەکەوە لە ساڵی 2011 و بۆ دووهەمین جار پاش دووهەم هەڵبژاردنی گشتیی لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2015دایە. پاش باسوخواس و گفتوگۆی درێژخایەن لەگەڵ چەندین ئەندامی پلەباڵای کەجەکە، هاتمە سەر ئەو باوەڕە کە هێنانەگۆڕی ئەم پڕۆژەیە بووە هۆی تووڕەبوونی دەوڵەت و توندوتیژیی لێکەوتەوە. لە لایەکی دیکەوە، شوێندانەریی پڕۆژەکە دەوڵەتی ناچار کرد بیر لە وتووێژ بکاتەوە. لەوپەڕی سەرسووڕماندا، لە ساڵی 2013 دەوڵەت لەنەکاو خولێکی نوێی وتووێژەکانی لەگەڵ کەجەکە دەستپێکردەوە. بۆ یەکەم جار پاش تێرۆری سێ چالاکی کورد لە پاریس لە مانگی جانۆڤێری ساڵی 2013 پڕۆسەیەک کە پێشتر قەت وەکو پڕۆسەی ئاشتی ناوی نەهێنراوبوو، شاندی HDP بۆ چاوپێکەوتنی ئۆجەلان چوونە ئیمڕاڵی. هەربۆیە بەڕواڵەت “پڕۆسەی ئاشتی” دووبارە دەستپێکرایەوە. لە ئاکامی گۆڕینی ستراتێژی و تاکتیکەکان لە لایەن کەجەکەوە، دەوڵەت ناچار بوو بە بۆچوونەکانیدا بچێتەوە و کاری نوێ بکات. ئەمە بەو مانایەیە کە پڕۆژەی “ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک” کاریگەریی لەسەر ڕەفتاری دەوڵەت لەم ساڵانەی دوایی هەبووە. بەم حاڵەوە جارێکی دیکە کاری پڕۆسەکەیان بەهەڵەدا برد و دەوڵەت گەڕایەوە سیاسەتی پێشووی و، وەکو شێوازێکی تاکتیکی لە کۆی پرۆسەکەی ڕوانی و قەت دۆزی کوردانی لە تورکیە بە بنەما نەگرت.
لە چ شتێکدا هەڵەیان کرد؟
لە ئێوارەی 7ی جونی ساڵی 2015دا، HDP سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراوی وەدەست هێنا و نزیکەی 13% دەنگی هەموو تورکیە و نزیکەی 70% دەنگی ناوچە کوردییەکانی وەدەست هێنا.. لەگەڵ سەرکەوتنی دەنگدەرانی HDP و بزووتنەوەی کوردی، نیشانەی شکستی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی ئارام و بەکاوەخۆی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی بوو. ڕووداوی سەرەکیی پلانی بەرپرسانی تورکیەی بۆ بیرکردنەوەیەکی جیددی و سزادانی HDP و دەنگدەران گۆڕی. لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی هەڵبژاردن و لەنێو شادی و خۆشحاڵیی ئەندامانی HDPدا، ترس و نیگەرانیم بە ڕوخساری بەشێک لە ئەندامانی باڵا و لەمێژینەی بزووتنەوەی کوردەوە دیت. لە ماوەی ملمڵانێی هەڵبژاردندا، ئەردۆغان بە ئاشکرا خوازیاری 400 کورسیی TBMM بوو تا بتوانێ یاسای بنەڕەتیی بە قازانجی خۆی بگۆڕێ. بۆ ئەم مەبەستە ئەردۆغان هەوڵی دا سەردانی شارە کوردییەکان بکا و، نوسخەی زمانی کوردیی قورئان وەربگرێ و چەمکی برایەتی ئیسلامیی لەنێو کورد و تورکاندا زەق بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەنگی کوردان وەدەست بهێنێ. سەرەڕای ئەمە، لەبەر چالاکیی هەرەوەزیی بزووتنەوەی کوردان و بەرنامەی سەرنجڕاکێشی هەڵبژاردنی HDP، پلانی ئەردۆغان لە ناوچە کوردییەکان سەرکەوتوو نەبوو.
بەڕواڵەت نە ئەردۆغان و نە پارتی داد و گەشەپێدان AKP) ( و HDP چاوەڕوانی ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبوو. سەرەڕای ئەمە، وێژمانی نوێی HDP و هەروەها بەرژەوەندیی گرووپە جیاوازەکانی نێو تورکیە، ڕێگەی بە HDP دا نەتەنیا لە ناوچە کوردییەکان، بەڵکو لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیە دەنگی خۆی زیاد بکات. بەم حاڵەوە من لەسەر ئەو باوەڕەم HDP لە ڕێگەی ناساندنی وێژمانی “مرۆڤی مەزن” و بەتایبەتی کەڵک وەرگرتنی ڕاستەوخۆی دروشمی ناسراوی دەمیرتاش دژی ئەردۆغان کە (ڕێگە بە تۆ نادەین ببی بە سەرۆک کۆمار)، هەم ئەردۆغان و هەم سیستەمی تورکیەی زۆر تووڕە کرد. ئەم وێژمانە بۆ هێرش کردنە سەر غوروری ئەردۆغان لەقەڵەم درا و لەو کاتەوە ئەردۆغان بەڵێنی داوە ئەگەر بتوانێ، تۆڵەی خۆی بکاتەوە. شکاندنی ڕێگریی 10% ی HDP لە هەڵبژاردندا بۆ پارتی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغان چاوەڕواننەکراو بوو. ئەمە دڵنیایییەکی گەورەی دا بە ڕێبەرانی HDP و خەڵکی کورد، چونکە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە سەردەمی کوشتوکوشتاری دەوڵەتی تورکیە کۆتایی پێ هاتووە و HDP دەتوانێ پادشاسازی TBMM بێت. بێگومان ئەمە گەورەترین لێک تێنەگەیشتنی ڕێبەرانی HDP لە سروشتی دەوڵەتی زاڵم و ستەمکار بوو. لەبەر چەند هۆکار خەباتی HDP بە وریایی پێویست لەبەرچاو نەگیرا. HDP و بزووتنەوەی کوردی بەتەواوی چوارچێوەی دەسەڵات و ستراتێژیی دەوڵەت و بەتایبەت زێدەخوازیی ئەردۆغانیان نەخوێندبووەوە. بارودۆخی دەیەی 1980، کاتێک هەزاران چالاکی کورد زیندانی و ئەشکەنجە دران و دەیەی 1990 کاتێک هەزاران گوند و شاری ناوچە کوردییەکان وێران و، نزیکەی 3 میلیۆن کەس ئاوارە بوون و بۆ شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیە کۆچیان کرد، دەکرێ یارمەتی بە تێگەیشتن لە بارودۆخی دەوڵەت لەبەرانبەر هەر گرووپێک بدات کە پێکهاتەکەی دەهەڵمەتان دەگرێت. ئەم لێکتێنەگەیشتنەی دەوڵەت لە لایەن بزووتنەوەی کوردەوە، خاڵی سەرەکییە کە سیاسەتی هەڵەی گرتووەتە بەر.
بێشک شەڕ دژی بزووتنەوەی کورد، شەر دژی هەموو دێموکرات و ئازادیخوازان بوو. ئەندامی پلەباڵای کارگێڕیی DBP باسی لەوە کرد کە لە ماوەی کەمپەینی هەڵبژاردن لە 7ی جونی 2015دا، زیاتر لە 168 جار هێرش کراوەتە سەر ئەندام و نووسینگەکانی HDP. لە ماوەی کەمپەینی هەڵبژاردن لە 1ی نۆڤەمبەری 2015دا، 190 جار هێرش کراوەتە سەریان. لە کاتی کودەتا شکشتخواردووەکەی ساڵی 2016دا، زیاتر لە 20000 چالاکی کورد، کە زۆربەیان ئەندامی HDP و DBP بوون، دەستەبەسەر کران. لەنێو ئەم کەسانەدا هەر دوو هاوسەرۆکی پێشووی HDP، سەلاحەدین دێمیرتاش و فیگن یوکسیکداغ و 12 نوێنەری دیکەی TBMM، 52 شارەدار و سەدان ئەندامی هەڵبژێردراوی دێموکراتیکی شارەوانییەکان کەوتنە زیندانەوە. ئەردۆغان بە ئاشکرا خوازیاری ورووژاندنی جەماوەریی (سەفەربەرلیک)، دژی هەموو ئەو چالاکانە بوو کە بەتەواوی لە ڕووی ئیرادەوە خۆیان نادەن بەدەستەوە. پرسیاری سەرەکی لەم بوارەدا ئەمەیە، بۆچی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیە شەڕیان دژی HDP و بزووتنەوەی کورد تووندتر کرد؟ بۆچی HDP هەلومەرجی دەوڵەتی بەتەواوی لێک نەدایەوە و خۆی لە بەرەوڕووبوونەوەیەکی وەها بەدوور نەگرت؟ یان بە واتایەکی دیکە چ هەڵەیەک ڕووی دا و بۆچی؟
ئاشکرایە وێژمانی دەوڵەتی تورکیە بە پێی چەمکی تورکبوون و شوناسی نەتەوەخوازانە بنیات نراوە و ئامانجەکەی یەکیەتی هەموو گەلانی تورکیە لەژێر یەک شوناسدایە. دەوڵەت بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو، سەقامگیر و گوێلەمست، پڕۆسەی یەکدەست کردن، پاکتاوکردن، بەتورک کردن و لەم دواییانەشدا بە ئیسلامیی کردنی بەڕێوە بردووە. ئاشکرایە HDP، پڕۆژەی کەجەکە و ئۆجەلانە، بە ڕوونی و چالاکانە ئەم وێژمانەی دەهەڵمەتان گرتووە. ئەم ڕێکخراوە هەوڵ دەدات چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی لەنێو ببات و بەرەنگاری پڕۆسەی یەکدەست کردنە ببێتەوە. هەربۆیە دەوڵەت و خەونی ئەردۆغان لەژێر هەڕەشەی بۆچوونەکانی کەجەکەدایە. ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ بارودۆخی دەوڵەت لە 100 ساڵی ڕابردوودا. هەروەها ئەمە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەیەتی. بۆیە دەوڵەت بە گوێرەی ئەم خاڵە جارێکی دیکە دژی بزووتنەوە و HDP شەڕی ڕاگەیاندەوە. بە واتایەکی دیکە، پڕۆژەی HDP لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و دامەزرانەکەیەتی. HDP خوازیاری دوو خاڵە کە دەوڵەت ناچێتە ژێر باریان. خاڵی یەکەم ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیکە و ڕاستەوخۆ بە پێچەوانەی تێگەیشتنی نادێموکراتیکی ئێستا، بەڕێوەبردنی دەوڵەتە. خاڵی دووەم ناسینی هەموو گرووپە جیاوازەکانی ئەتنیکی، ئایینی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە، کە دژی چەمکی یەکپارچەسازیی دەسەڵاتی ناوەندگەرا و دەسەڵاتخوازیی ئانکاڕایە.
لەسەر ئەو باوەڕەم ئەگەر HDP سیاسەتی خۆی بگۆڕێ و بچێتە نێو بازنەیەکەوە کە دەوڵەت دەیهەوێ، کوشت و بڕ دژی HDP کەم دەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە، دەوڵەت دەیهەوێ HDP بە هەمان شێوەی (پارتی بزووتنەوەی نەتەوەخوازی MHP) تەسلیم بێت یان لانیکەم HDP هەراسان بکات و ئازار بدات، هەر وەک ئەو کارەی کە بۆ (پارتی کۆماریخوازی گەل CHP) کردی. ئێستا HDP و DBP تاقە حیزبێکن بە جۆرێک دەوڵەتیان دەهەڵمەتان گرتووە و سەرئێشەیان بۆ ساز کردووە، بەشێوەیەک کە دژایەتی کۆڵەکەکانی ئەم دەوڵەتە بکەن. هەڵبەت چەندین هێزی دیکەش لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات هەن کە ئامانجیان کەمکردنەوەی هێژێمۆنیی ئەردۆغانە. بەهێزترینیان بزووتنەوەی ئیسلامگەرای ناسراو بە فەتحوڵڵا گولەنە کە دەسەڵاتێکی گەورەی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هەیە. هۆکارەکەشی شکستی کودتای مانگی جوڵای ساڵی 2016 ی زایینی بوو. سەرەڕای ئەمە، HDP و DBP تاقە هێزی دێموکراتیکن کە دەتوانن هەڕەشە بن بۆ سەر دەوڵەت و ئەردۆغان، لەبەر وێژمانە سیاسییەکەیان لەبەرانبەر دەوڵەتی تورکیە و جەخت کردنە سەر چەمکی نەتەوە سازیی دێموکراتیک. هەربۆیە ئەم دەوڵەتە دەیهەوێ HDP بگەڕێنێتەوە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە و تەنیا وەکو حیزبێکی کوردی بیناسێنێ. بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەکرێ لە وێژمانی جۆراوجۆری HDPدا بەدوایدا بگەڕێین کە بە گشتی لە لایەن بەڕێوەبەرانی لاو، نوێ، تازەکار و تاڕادەیەک پڕشوبڵاوەوە بەڕێوە دەچێت. بەپێچەوانەی ئەندامانی پلەباڵای کەجەکە، بەرەی نوێی بزووتنەوەی کورد ناتوانێ بەتەواوی لە سەختی و دژوارییەکانی دەیەی 1980 و 1990 بگات. هەربۆیە سیاسەتی HDP لەبەرانبەر دەوڵەتدا بەئاشکرا بۆ ئەردۆغان سەلمێنراو و سەرئێشە بوو. سەرەڕای هەموو ئەمانەش HDP باشترین و سەرکەوتووترین پڕۆژەی بزووتنەوەی کورد لە 100 ساڵی ڕابردووە، تەنانەت گەیشتووەتە ڕۆژئاوای تورکیەش. بەم حاڵەوە وێژمانی سیاسی HDP و بەتایبەت وتار و لێدوانەکانی سەلاحەددین دەمیرتاش و وێژمانی “شەیتانپەرەستیی ئەردۆغان” بوونە هۆکاری ئەوەی کە بەڕێوەبەرانی پلەباڵای بزووتنەوەی کورد لە دەرهاویشتەکانی دژکردەوەی دەوڵەت ترسیان ڕێ بنیشێت. ئەم بەڵگاندنە بەدروستی دژی بیر و بۆچوونی لێکۆڵەران و پسپۆڕانن لەبارەی کێشەی کوردان و تورکیە. ئەوان پێیان وایە بەڕێوەبەرانی کەجەکە ڕێگە بە HDP نادەن سیاسەتێکی نەرمتر لەبەرانبەر دەولەتدا لە TBMMدا بگرنەبەر. بێشک لە ڕێی ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە، کەجەکە کارەکانی HDP ی مەحکووم کرد. بەم حاڵەوە لەبەر ئۆتۆنۆمیی HDP لە تەواوی چوارچێوەی بزووتنەوەدا، ئەندامانی پلەباڵای کەجەکە تەنیا لە هەلومەرجێکدان کە دەتوانن پێشنیار و ڕاوێژ بدەنە بەڕێوەبەرانی ڕاستەقینەی HDP. وەکو دوایین تێبینی، من پێم وایە شەڕی ئەردۆغان دژی HDP تا کاتی لەنێوچوونی HDP هەر درێژەی دەبێ (ئەگەر دەوڵەت بتوانێ کارێکی وەها بکات) یان تا کاتی تەسلیمبوونی HDP (ئەویش زۆر بەدوورە) و بزووتنەوەی کورد بەردەوام دەبێت. دەوڵەت دەیهەوێ HDP لە مەیدانی سیاسەت وەلا بنێ. سەرەڕای ئەمە، HDP سوورە کە سیاسەتەکانی خۆی تا ئەو جێیەی بۆی دەڕەخسێ و بە هەر شێوەیەک درێژەیان پێ بدا.
ئەنجام
ئەم وتارە سیاسەت و کارکردی بزووتنەوەی کوردی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا شەنوکەو کرد تا بەو ئاکامە بگات کە بۆچی دەوڵەتی تورکیە و بزووتنەوەی کوردی نەیانتوانی بەسەر ئەم قۆناغەدا زاڵ بن و لە بازنەی کێشەی دۆزی کوردان لە تورکیە خۆیان دەرباز بکەن. تیشک خستنە سەر چەمکی “ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک” و بەرەوپێشچوونی نەتەوەسازی لەجیاتیی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕێگەی پێکهێنانی HDP و HDK و هەلومەرجی ئێستای بزووتنەوەی کوردان و پڕۆسەی دێموکراتیزاسیۆنی سیاسەت و کۆمەڵگای تورکیە بوو. پاش 40 ساڵ شەڕ و ململانێی نێوان بزووتنەوەی کورد و دەوڵەتی تورکیە، هیچ نیشانەیەکی دیار لە ئاشتی ڕاستەقینە لەنێوانیاندا نییە.
من پێم وایە کە بە ڕواڵەت پرۆسەی ئاشتی نێوان بزووتنەوەی کورد و دەوڵەت لە ئاکامی گوشاری خەباتی کەجەکە لەجیاتی مەیلی دەوڵەت بۆ ئاشتییە. سەرەڕای هەنگاوی نادیار و داهاتووی ناڕوون، لەگەڵ هەموو سەختی و دژوارییەکان، سوور و پێداگر بوو کە خەباتی کوردان بە هەر شێویەک درێژەی هەبێت. بەم حاڵەشەوە، تێگەیشتنی دەوڵەت و پلانەکانی و هەروەها دەرک کردنی تەواوی چوارچێوەی خەبات لە لایەن دەورگێڕانی کوردەوە وەکو HDP و DBP ئێستاکە ئالنگاریی و کێشەیەکی گەورەیە. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەت لەوانەیە پاش هەموو ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، بیر لە خولێکی دیکەی وتووێژ بکاتەوە، بەتایبەت بە پێی کاریگەریی بارودۆخی سوریە و هێزەکانی کورد لەسەر تورکیە. سەرەڕای ئەمە، تاکو ئێستا دەوڵەت لەجیاتی مافی نەتەوەیەک لە نێوخۆی تورکیە، لە دەلاقەی ئاسایش و تێرۆزیزمەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆزی کورد کردووە. کەوابوو شەڕ و پێکدادانی پێشبینیکراو لە داهاتوودا هەر درێژەی دەبێت.
زانیاریی لەبارەی نووسەری ئەم وتارە
سیڤان سەعید بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی وڵڤەرهامپتۆن و، دوکتۆراکەی لە بواری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئێکزێتێر لە ئینگلستان لە ساڵی 2014 وەرگرتووە. ناوبراو وەکو چالاکێکی مافی مرۆڤ کاریکردووە و کۆمەڵێک پرۆژەی لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوە بردووە. سیڤان پڕۆفیسۆری هاریکارە لە قوتابخانەی مێژوو و شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی شانشی نۆرماڵ لە شاری سیئانی وڵاتی چین. مامۆستای وانەبێژە لە ئەنستیتۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی رۆژاڤا- ڕۆژئاوای کوردستان.


