ئارامتر بخوێنەوە!
وێناکردنی کورد لە مێژوونووسیی فارسیدا
”نموونەی سمکۆ”
لەو بڕوایەدام .. وەکو مێژوو، ئۆتۆبیۆگرافیای ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا سەقەتە.
– Partha Chatterjee
بهههڵهتێگهیشتن له مێژوو، پێشمەرجی مێژوونووسیی ناسیۆنالیزمە.
– David McCrone
ئامانجی ئەم وتارە شیکردنەوەی مامەڵەی مێژوونووسیی ناسیۆنالیستیی فارس لەگەڵ سیاسەتە نەخوازراوەکانی ئێتنۆ-ناسیۆنالیستییە. بۆ ئەم مەبەستە نموونەی شۆڕشی سمایل ئاغای شکاک، ناسراو بە سمکۆ و هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆم لە ڕۆژههڵات هەڵبژێردراوە. لێرەدا دەبێ دەستنیشان بکرێ کە گێڕانەوەی فەرمی و مێژوونووسیی ئێتاتیست (دەوڵەتگەرا) وەکو یەک لەقەڵەم دراون. هەروەها لە هەندێک پارچەهێڵی وتارەکەدا بۆچوونی خۆم لەمەڕ پێناسەی ناسیۆنالیزم ڕادەگەیەنم. ئەم گوتارە هەروەها هەوڵ دەدات ڕووناکی بخاتە سەر هاوتەونی (کۆنتێکست)ی مێژووییی خەباتی سیاسیی کورد لەژێر ڕێبەرایەتیی سمکۆ و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگە غەیری-کوردەکان لە هەرێمی دەریاچەی ورمێ. جگە لەوە، هەوڵێکیش دەدەم بۆ شیکردنەوەی دەوری مەزهەبی شیعە و سوننی لە وێژمانی ئێتنۆ-ناسیۆنالیسیتی کۆمەڵگا جیاوازاەکانی ناوچەکەدا. لە کۆتاییدا، بە ڕێگای ئانالیزکردنی گێڕانەوەی سەردەست، هەوڵ دەدەم پێگەی سمکۆ و سیاسەتی کورد لە مێژوونووسیی فارسیدا ڕوون بکەمەوە. دەبێ تێبینیی ئەوە بکرێت کە وێناکردنی هەر گرووپێک وەکو ناسیۆنالیست لەلایەن منەوە، هیچ بارێکی هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی بە خۆیەوە ناگرێت. بەڵکو مەبەستم بەرجەستەکردنی بۆچوونی نکۆڵیکارانەی باڵادەستە لەمەڕ مەیلە ئێتنۆ-ناسیۆنالیستییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم لە ئێراندا. ئەو کەیسەی کە لە سرنجی ئێمەدایە ڕاپەڕینەکەی سمکۆیە و لێرەدا لێی ورد دەبینەوە.
سەرەڕای مەیلی گشتی بۆ ڕەدکردنەوەی کاریگەریی سمکۆ لەسەر مێژووی کوردی ڕۆژهەڵات، ئەو ڕێبەرایەتیی بزووتنەویەکی کرد کە یەکەمین خوێندنگای لە ڕۆژهەڵات کردەوە، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی-فارسیی بڵاو کردەوە و کوردیی کردە زمانی فەرمیی قەڵەمڕەوی حوکمڕانییەکەی، ئەوە لە سەردەمی ڕاپەڕێنەکەی سمکۆ بوو کە بوو بە بناغەی دژایەتیی نێوان گێڕانەوەی فەرمی و نیوە-فەرمیی دەوڵەت و گێڕانەوەی ناسیۆنالیستیی کورد لە ئێران. سەردەمی دووەم دەوڵەتانی دەوروبەرە کە هەوڵیان دا سنووری سیاسی و ئەرزییان ڕێک بخەن و کورد لە دژی ئەم پرۆسەیە وەستانەوە، هەرچەندە بەبێ ئەوەی ئایدیۆلۆژی، یان پرۆژەیەکی یەکدەستیان هەبێت. لە کاتێکدا دەوڵەتی ئێران هێزی سەربازی، ئابووری، دەزگایی، کولتووری/پەروەردەییی خۆی ڕێک دەخست، لایەنی کورد تەنیا هەندێک کاردانەوەی پچڕپچڕی لە بەرانبەردا نیشان دەدا. سیاسەتی کورد توانای وەگەڕخستنی ماتەوزە (پۆتانسیەل)ی نێوخۆیی و یارمەتیی دەرەکیی نەبوو.
لەوانەیە نەبوونی ئینتیلیجەنسیایەکی (چینی ڕۆشنبیر) بەهێزی خۆماڵیی کورد، وەکو یەکێک لە گەورەکەماسییەکان لە کاردانەوەی کورد لە بەرانبەر پرۆژەی نەتەوەسازییی دەوڵەتی فارسدا لەقەڵەم بدرێت. پرۆسەی نەتەوەسازی لە ئێراندا زۆر بە جددی بە دانیشتنی خانەدانی پەهەلەوی لەسەر تەختی حوکمڕانی لە ساڵی 1925دا دەستی پێ کرد. بەدوای ئەوەدا دەوڵەتی ئێران بە ئاواتی لەناوبردنی هەموو جۆرە جیاوازییەکی کولتووری و ئێتنیکی کە لەوانەیە ببوونایە بە بنەمای داواکاریی سیاسی لەلایەن گرووپە ئێتنیکییەکانەوە، بە بەرتەسککردن و بەدەرکردنی بەستێنی سیاسی، دەستی بە پرۆژەی یهکینهسازیی کیانی سیاسیی خۆی کرد. واتە نەتەوە-دەوڵەتی فارس دەستی کرد بە هەڵمەتی تاکسانی (singularizing) ههموو ئهو نهتهوانهی که له جوغرافیای ئێستای ئێراندا ههن و ئەم پراکتیکە بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی “دیترانی” نەخوازراوی سووککراو لەناو قەڵەمڕەوی ئەرزیی ئێراندا. لە هاوتەونی ئێرانیدا بەپێی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوڵەت، ڕاگواستنەوەی بەردەوامی گەلانی پەڕاوێز و تەنانەت لەناوبردنی فیزیکییان کە وەکو سیاسەتی دەرگای دارین (تختە قاپو) ئاماژەی پێ دەکرا، بووە دەرەنجامی ئەم سیاستە. بەم شێوەیە، وێژمانی دەوڵەت بە نیەتی لێڵکردن و شاردنەوەی مەیلە سیاسییەکانی دژە-ناوەند، ناڕەزاییی ئێتنۆ-ناسیۆنالیستیی غهیرهفارسی وەکو تریبالیزم (خێڵگەرایی) پێناسە دەکرد. ڕێبازی مامەڵەکردنی مێژوونووسیی فارسی لەگەڵ بەرخۆدانی سمکۆ یەکێک لەو نموونانەیە.
سمکۆ و ناسیۆنالیزم
ڕێککەوتنێکی جیهانیی ئاکادێمیک لەسەر کێشە و چەمکە گرنگەکانی ناسیۆنالیزم نییە. جان هاچینسن (John Hutchinson) و ئەنتونی سمیت (Anthony Smith) ڕادەگەیەنن کە لەوانەیە “گرفتی سەرەکی لە لێکۆڵینەوەی نەتەوە و ناسیۆنالیزمدا کێشەی پەیدانەکردنی پێناسەگەلی گونجاو و ڕێکنەکەوتن لەسەر چەمکەکلیلییەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بێت.” بهکارهێنانی گشتیی چوارچێوە بەرینەکان زۆرجار هەندێک کێشەی دیکە دەخولقێنێت کە دهگهڕێتهوه سهر نامێژووییبوونی ئەو چوارچێوانە و بە ناچاری چاوپۆشی لە تایبەتمەندییەکانی هەندێک بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و داخوازەکانیان دەکات. بێنێدیکت ئاندرسن (Benedict Anderson) ئاماژە بە ئاڵۆزیی ناسیۆنالیزم وەکو شتێک کە لە هەرشوێنێک هەیە و لە هەرشوێنێکیش ڕوخساری تایبەتیی خۆی ڕادەگرێت دەکات. سمیت پێداگری لەوە دەکات کە لەبەر ڕێککنەکەوتنی گەورە لە کات و شوێندا، دانانی چوارچێوەی تیۆرییەکی گشتی لەسەر ناسیۆنالیزم ئەستەمە. هەروەها “ناسیۆنالیزمە غەیری-ڕۆژئاواییەکانیش پاشان شیکردنەوەی لۆکالیی خۆیان لەسەر هەمان گێڕانەوە بەرهەم دێنن و لەجیاتی ”ئەوروپا” ناوەندێکی خۆماڵیی خۆیان بنیاد دەنێن.” کاتێک دێینە سەر تاوتوێکردنی سەرەتای پەیدابوونی ناسیۆنالیزمی کوردی، یان دەستنیشانکردنی ئەوەی کە کامە هەڵمەتی سیاسی، یان ڕاپەڕینی مۆدێرنی کورد دەبێ وەکو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی دەستنیشان بکرێت، مژارەکە ئاڵۆزتریش دەبێت. بەڵام لێرەدا هەروەکو زۆر شوێنێکی دیکە، ئێمە ناسیۆنالیزم وەکو قەراردادێک پێناسە دەکەین کە لەپێناویدا ”کۆمەڵگایەکی خەیاڵی” داوای مافی ”ڕێکخستنی نەتەوەیی و سیاسی” دەکات (وکوو گوتە بەناوبانگەکەی گێلنر). “بەپێی قەراردادێکی وا خۆ-ئیرجاعیی کۆمونال (جەمعی)، لە کردەوەدا بناغەی ڕەوا بۆ داواکاریی سیاسی و داخوازە خۆ-بەڕێوەبەرییەکانی کۆمونال پێک دێنێت.” بۆیە هەر ڕاگەیاندن، یان “درکاندنێک، چ دینی و چ غەیری دینی کە مافە کۆلێکتیڤەکان (بەکۆمەڵ) بە خۆ-ئیرجاعیی کۆمونالەوە ببەستێتەوە، مۆدێرن و ناسیۆنالیستییە و دەکەوێتە ناو پارادایمی سیاسەتی ناسیۆنالیستییەوە.” لەسەر هەمان ڕێباز، ئەم گوتارە سمکۆ دەخاتە ناو سنوورەکانی خانەی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە. وەکو پێشتر ئاماژە کرا، نیسبەتدانی ناسیۆنالیزم بە گرووپ، یان بە کەسێک، نابێ وەکو هەڵسەنگاندنێکی ئەخلاقی لەقەڵەم بدرێت. مەبەست لێرەدا زیاتر تیشکخستنەسەر سەردەمێکی دیاریکراوی مێژووی کوردی ڕۆژهەڵاتە بە نیەتی شیکردنەوەی هاوتەونی کۆمەڵایەتی-سیاسی کە بوو بە هۆکاری ناکۆکیی نێوان کورد و دەوڵەتی فارس. ئەم گوتارە پێداگری لەوە دەکات کە سمکۆ هەم سیاسەتێکی ئاگایانەی لەسەر بنەمای جیاوازیی کۆمونال هەبوو، هەمیش لەسەر هەمان بناغە، ئەو سیاسەتەی لەپێناوی ڕەوایەتیی وێژمانی بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەری بنیات نابوو. لە ماوەی ١٦ ساڵ خەباتی سیاسیی سمکۆدا کۆمەڵێک گۆڕان لە سیاسەتەکەیدا دەبینرێن. هەرچەندە سمکۆ دەستپێشخەری چەندین “یەکەم” بوو لە مێژووی سیاسیی کوردی ڕۆژههڵاتدا، بەڵام داهێنانەکانی بە گشتی چاوپۆشییان لێ کراوە. سمکۆ لە ناوچەیەکی پڕ لە ناکۆکیی ئێتنیکی و دینیدا لەدایک ببوو. بەڵگەکانی بەردەست دەیسەلمێنن کە سمکۆ ئاگادار بوو لە سیاسەتی هاوکاتی خۆی و ئاڕاستە دیارکەرە سیاسییەکانی ئهوکاته. وێناکردنی سمکۆ وەکو سەرۆکخێڵێکی یاغی کە هیچ ئاواتێکی ناسیۆنالیستیی نەبێ – کە زۆر جاریش وا وێنا کراوە – زۆر پرسیار لەسەر ڕاپەڕینەکەی بەبێ وەڵام دەهێڵێتەوە. بۆ نموونە، بۆچی سمکۆ یەکەم خوێندنگای لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە؟ بۆچی خوێندنگاکەی نە بە فارسی بەڵکو بە کوردی کردەوە؟ بۆچی سەرۆکخێڵێکی ئاسایی زەحمەتی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەکی کوردی بە خۆی دەدات؟ بە تایبەت ئەگەر ئەو ڕاستییە لە بەرچاو بگرین کە زمانی کوردی ستانداردیزە نەکرابوو و ئاستی خوێندەواریی کوردی لەناو کورداندا لە ئاستی خوێندەوارییان لە فارسیشدا کەمتر بوو، بۆچی سمکۆ ڕیسکی ئەوەی کرد کە ڕۆژنامەکە بە زمانی دایکی بێت، نەک بە فارسی؟ چ هۆکارێک بوو بە پاڵنەر بۆ ئەوەی کوردی وەکو زمانی فەرمیی هەرێمی ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بە کار بێنێ؟ بۆ شیکردنەوەی هەندێک لەم مژارانە، با سرنجێک بدەینە چیرۆکی ژیان و ڕوانینی سیاسیی سمکۆ.
مێژووی ژیان و سیاسەتی سمکۆ
پاش تێرۆری براگەورەکەی جەوەرئاغا بە فەرمانی وەلیعەهدی قاجار و بە جێبەجێکردنی لەلایەن ‘نظام السلطنه’وە، حاکمی تەورێز لە ساڵی ١٩٠٥، سمکۆ وەکو سەرۆکی هۆزی شکاک هەڵبژێردرا. جەوەر ئاغا بەردەوام پەیوەندیی لەگەڵ ئەفسەرە کوردەکانی سوارهی حەمیدییەی عوسمانی هەبوو. بە ڕەچاوگرتنی بەشداریی ئەفسەرانی سوارهی حەمیدییە لە خەباتی سیاسیی کورد لە ساڵانی دواتردا، پەیوەندیی لەو چەشنە دەشێ گرنگییەکی مێژووییی لەمەڕ هۆشیاریی ئێتنۆ-نەتەوەییی کورد هەبووبێت. لە کاتی کوژرانی براکەیدا، سمکۆ کە دەبێ لە تەمەنی بیستەکانیدا بووبێت، وەکو سەرۆکی دووەم گەورەهۆزی کورد لە ڕۆژههڵاتدا هەڵبژێردرا. حەوت ساڵ پاش هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکهۆز، سمکۆ بۆ ڕووسیا بانگهێشت کرا. لەوێ لەلایەن فەرمانداری تفلیسەوە بە ڕێژەی سەربازیی سوارەوە پێشوازیی لێ کرا. ساڵێکی دواتر، بە یارەمەتی و ڕێنوێنیی عەبدولڕەزاق بەدرخان، کە سیاسییەکی بەناوبانگی ئەوکاتەی کوردستان بوو، سمکۆ یەکەمین خوێندنگای لە شاری خۆی کردەوە. پاشانیش، بەدرخان و سمکۆ هەوڵیان دا خوێندگایەکی دیکە لە شاری ماکۆ بکەنەوە، بەڵام تووشی دژایەتیی بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران بوون.
ئەم ساڵانە بۆ بیچمگرتنی هۆشیاریی ئێتنیکی و هزری سیاسیی سمکۆ فرەگرنگ بوون، هەرچەندە ئاواتی تۆڵەسەندنەوەی براکەی هێشتا بەسەریدا زاڵ بوو. لە هەمان کاتدا لەگەڵ دیارترین کەسایەتیی خوێندەواری کورد، واتە عەبدولڕەزاق بەدرخان کاری دەکرد کە لە سەردەمی خۆیدا بەئەزموونترین ڕێبەری ناسیۆنالیستیی کورد بوو. لە ساڵی ١٩١٢-١٩١٣، بەدرخان لەگەڵ سمکۆ بۆ کردنەوەی خوێندگای کوردی لە شاری خۆی داوای پشتگیریی لە چیرکۆف، جێگری کونسووڵی ڕووسیا لە ورمێ کرد. سمکۆ ٢٩ منداڵی کوردی تەمەن ٨-١٠ ساڵانی کۆ کردەوە و ٤٠ کەس لە پیاوەکانی بۆ پاسەوانیی خوێندگاکە دەستنیشان کرد. سمکۆ تەنانەت نامەیەکی تایبەتی بۆ دەربڕینی سپاس و پیزانین بۆ تزاری ڕووسیا نارد. وەکو دیارە، بەدرخان هاوشێوەی زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی هاوچەرخ لە هاوتەونی عوسمانی و قاجاردا، مەیلی بۆ کولتووری ڕووسی پەیدا کردبوو، تەنانەت ببووە لایەنگەری ئیدەی نووسینی کوردی بە ئەلفبێی کیریلیک (رووسی). ئەمە ئاگامەندیی بەدرخان لە ڕەوتی ناسیۆنالیستی و ڕۆشنبیری لەناو فارس و تورکدا نیشان دەدات. ئەم ڕووناکبیرانە لایەنگرییان لە بیری ڕێفۆرمی زمانەوانی و ئەلفبێ دەکرد کە ببێتە ئامرازێک لەپێناو گەشەپێدانی خوێندەواری و لەناوبردنی کارتێکەریی “ئەوانی دیکە” لەسەر زمان و کولتووری نەتەوەیی. بە بۆچوونی بەدرخان خۆگونجاندن لەگەڵ کولتووری ڕووسی باشتر بوو لە بهرانبهر بڕشت (نفووز)ی عەرەبی، فارسی و تورکی. بۆیە داوای یارمەتیی لە زانا ڕووسەکان کرد بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگێکی کوردی-رووسی و کریلیزەکردنی ئەلفبێی کوردی. هاوتەریب لەگەڵ هەمان بۆچوون، داوای کرد کە ڕۆژنامەیەکی کوردی بڵاو بکرێتەوە و بەشێکی لێکۆڵینەوەی کوردناسی لە سەنت پێتێرزبورگ بکرێتەوە. ئەدەن نەبی، لە گوتارەکەی بە ناوی ”یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە ئێران”دا بەبێ ئاماژە بە دەوری سمکۆ، ڕادەگەیەنێت کە بەدرخان ڕۆژنامەیەکی لە ساڵی ١٩١٢دا بڵاو کردەوە. هیچ ئاسەوارێکی ڕۆژنامە کوردییەکەی ساڵی ١٩١٢ نەدۆزراوەتەوە. تەنانەت نەبی کە باسی تورجانیزادەش دەکات، ناوی سمکۆ ناهێنێت، لە حاڵێکدا تورجانیزادە کاری بۆ سمکۆ دەکرد و دوو لە گوتارە ئەستوونییەکانی بە ناوی قازیی دەسنیشانکراو لەلایەن سمکۆڕا بڵاو کردووەتەوە. ‘محەمەد تەمەدون’، ڕۆژنامەوانێکی ورمێیی، هاوچەرخی سمکۆ، وردەکاریی باشی لەسەر ڕۆژنامەکە خستووەتە بەردەست. ئەم ڕۆژنامەوانە ڕادەگەیەنێت کە سمکۆ دەستی بەسەر چاپخانەی “تەمەدون”دا گرتبوو بۆ ئەوەی ڕۆژنامەکەی خۆی بە ناوی “کورد” لەوێ چاپ بکات.
دەبێ ئاماژە بکرێت کە بەدرخان بە ئاشکرا سیاسەتێکی یەکپارچەخوازیی هەبوو. هیچ یەک لە هاوچەرخەکانی، بە ئەندازەی بەدرخان لە ڕۆژەڤەکەیدا جەختیان لەسەر یەکگرتنەوەی پارچەکانی کوردستان نەدەکرد. یەکێک لە ئەستوونەکانی ستراتێژیی سیاسیی بەدرخان “ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو خاکی کوردستان بەبێ دەستدرێژی بۆ سەر خاکی ئێران و تورکیە بوو.” بێگومان، هیچ زانیارییەک دەربارەی “سنووری بەمسۆگەری دیاریکراوی” نیشتمانەکەی له زەینی بهدرخاندا، لەبەردەست نییە. سمکۆ مەیلی لەسەر پلانە دوورمەوداکەی بەدرخان بۆ سەربەخۆییی کورد هەبوو. تەنانەت، تا ئەوکاتەی ناکۆکییان لەسەر سیاسەتی ڕووسیا کەوتە ناو، سمکۆ لایەنگرێکی بەپەڕۆشی خەباتی بەدرخان بوو. یەکگرتنە کورت-ماوەکەیان کاتێ گەیشتە کۆتایی کە بەدرخان هەوڵی دا کۆمەڵەی تازەدامەزراوی کولتووریی “گەهاندن” بکاتە حزبێکی دژە-عوسمانی و لایەنگری تزاری ڕووس. محەمەد ڕەسوول هاوار لە لێكۆڵینەوەکەیدا دەنووسێ کاتێک سمکۆ خەریکی کۆکردنەوەی زەکات بۆ خوێندنگاکە بوو، بەدرخان دەیەویست کوردەکان دژی عوسمانی چەکدار بکات. لەم قۆناغەدا سمکۆ لە دژی بەدرخان ڕاوەستا، ئستیدلالەکەی ئەوە بوو کە پارەکە دەبێ لەجیاتی کوشتنی چەند سەربازێکی عوسمانی، تەرخان بکرێت بۆ خوێندنگا و هەڵمەتی پەروەردەیی. بە باوەڕی سمکۆ هەڵمەتێکی چەکداری لەو چەشنە خزمەتی بەرژەوەندیی کوردی نەدەکرد. ئەم ڕووداوە نە تەنیا دوورهزریی سمکۆ دەسەڵمێنێت، هەروەها پێشان دەدات کە سمکۆ چەندە پەرۆشی خەباتی پەروەردەیی و کولتووری بووە. بەڵام، گەورەترین ئالینگار لە بەرانبەر ئەم چالاکییە کولتووریانەدا “پاراستنیان بوو لە گەلەکۆمەی کاربەدەستانی عەجەم، کە کوردیان پێ کەمێک لە ڕووسەکان چاکتر بوو. ڕێبەرە ئایینییەکان و لایەنگرانی ئێران و عوسمانی دەستیان بە پڕۆپاگاندەی دژی خوێندنگاکە کردبوو، دەنگۆیان بڵاو دەکردەوە کە گۆیا سمکۆ خوێندنگای کردووەتەوە بۆ ئەوەی خوێندکارەکان بکاتە مەسیحی.”
سمکۆ هەم لەلایەن دۆست و هەمیش لەلایەن دوژمنەکانییەوە بە کەسایەتییەکی بلیمەت و زیرەک ناسرابوو. ‘محەمەد تەمەدون’، کە تورکێکی ئازەریی ئەندامی کۆمیسیۆنی جەنگی ورمێ بوو و بۆ ئەوەی سمکۆ بەچۆکدا بێنێت زۆر خەباتی کردبوو، دەنووسێت، ئەم سەرۆکە سەربەخۆییخوازە ” هەرەڕۆشنبیرترین کەس” لەناو کورد و ئاسووریی ناوچەکەدا بوو. دەوترێ کە جگە لە شێوەزارە کوردییەکان، سمکۆ تورکیی ئازەری، فارسی و ڕووسیشی دەزانی. بێگومان سرنجی تایبەتی لەسەر کوردی هەبوو و تەنانەت کوردیی کردە زمانی فەرمیی قەڵەمڕەوی حوکمڕانییەکەی. چالاکییەکانی سمکۆ کاربەدەستانی قاجاری زۆر تووشی دڵەڕاوکێ کردبوو. بۆیە، بەڕێوەبەری گومرکاتی تەورێز ڕایگەیاندبوو کە هەرچەشنە بەڵگەی ئیداری بە کوردی قەدەغەیە و هەرکەسێک کاری پێ بکات تووشی سزای قورس دەبێت. سمکۆ خولیای مۆسیقاشی هەبوو. بۆ نموونە لە ماڵیدا پیانۆ هەبوو؛ وا دیارە، سمکۆ لە ماوەی تەبعیدی لە ڕووسیا خۆی فێری ژەنینی پیانۆ کردبوو. ‘تەمەدون’ دەگێڕێتەوە کە سمکۆ لە وڵاتی بێگانە بە خۆشیی ڕابواردبوو و حەزی بۆ شانۆ و سینەما پەیدا کردبوو. بەڵام ‘ئەحمەد کەسرەوی’، مێژوونووسێکی لایەنگری ڕەزاشا، گاڵتە بە سمکۆ دەکات که گۆیا “نەخوێندەوارە” کەچی داوای سەبەخۆییی کوردیش دەکات. ئەمە لە کاتێکدا کە نە ‘کەسرەوی’ و نە دژمنەکانی، ناسیۆنالیزمی ڕەزاشایان نەدەبردە ژێر پرسیار، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی – بەپێی نووسینی ‘ئەمین بەنانی’ی مێژوونووسی فارس، ڕەزاشاش “خوێندەوارییەکی وای نهبوو و نووسین و ئیملاکەیشی سووژەی زۆر نوکتەی پێکەنیناوی نێو کۆڕ و مهجلیسان بوو.”
سمکۆ و ناکۆکیی کۆمونال
لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، سمکۆ و یاوەرانی وریا بوون و خۆیان لە تێکەڵاوبوون لە هەرجۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەپاراست. بەڵام دژایەتیی ئێتنیکی-دینی هەر دەچوو زیاتر دەوبوو بەپێی نووسراوهکانی مێژوونوس مایکل زیرینسکی (Michael Zirinsky) گەیشتە ئەو ئاستە کە “لەژێر گوشاری هیستریای شەڕدا، هەموو مەسیحییکانی ورمێ شەڕەکەیان وەکو شەڕێ ئیسلام بە ڕابەرایەتیی عوسمانی و مەسحییەت بە ڕابەرایەتیی ڕووسیا پێناسە دەکرد.” پێشڤەچوونە تازەکان هێشتا شەڕەکەی بەگوڕتر دەکرد. زیرینسکی ڕادەگەیەنێت کە “لە ماوەی شەڕدا … ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلیا شەڕێکی گەلکوژی دەکرد و نزیکەی هەشتا لەسەدی گەلی کوردی ئەو ناوچەیەی قەتڵوعام کرد.” جا گەلانی ناوچە، لە شەڕەکەدا لایەنگر بووایەن، یان بێلایەن، باجێکی گەورەیان لە دژایەتییەکانی نێوان دەوڵەت و زڵهێزەکاندا دا. لە نێو شەڕەکە و پاش شەڕەکەش، گەلی مەسیحی لە وار و شوێنیان ئاوارە کران و پەنایان بۆ شوێنی دیکە برد کە خەڵکی ئەو دەڤەرانە نە ویستیان هەبوو، نە توانایی یارمەتی بۆ دابینکردنی سەرپەنا بۆ کۆچبەرە مەسیحییەکان. نزیکەی “٥٠ هەزار ئاسووریی هەکاری (جیلۆ، بە ڕابەرایەتیی مارشەمعوون [مارشیمۆن]) و ئەرمەنی [شاری] وان پەنایان بردە دەشتی ورمێ. لەبەر ئەزموونی تاڵی شەڕ هەم زۆر هەژار بوون، هەمیش زۆر دژەموسڵمان.” لەبەر نەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت، هەرێمەکە کەوتە بەر ڕوحمی بەربەرەکانێی تایەفی و هاوپەیمانیگەلی نوێ بەپێی هێڵی دینی دامەزران. هەم سمکۆ و هەمیش دەوڵەتی قاجار ئەرمەنییان وەکو هەڕەشە دەدیت؛ لە هەمان کاتدا، لە نێوان کورد و ئاسوورییشدا لەسەر کۆنترۆڵی ورمێ کێبڕکێ هەبوو. بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەڵگە بریتانیاییەکان “ورمێ و دەشتە بەپیت و بەرەکەتەکەی هەم ئاوڕی چاوی برسیی سمکۆی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو، هەمیش گیانی بزوێنی دەوڵەتی کۆرپەلەی ئەرمەنی.” دەوڵەتی قاجار تەنیا بەناو حوزووری لە ناوچەکەدا هەبوو، لەوانەیە دەوڵەت قەوڵی جۆرێک ئۆتۆنۆمیی دابێتە سمکۆ و بەم شێوەیە هانی دابێت بۆ ئەوەی لەدژی مەسیحییەکان چالاکی بکات. جۆر و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنێکی وا لە بەردەست نییە، بەڵام بە ئەندازەی پێویست بەڵگە لە بەردەستە کە بسەڵمێنێت دەوڵەتی قاجار، سمکۆی بۆ هێرشبردنە سەر مەسیحییەکان هان دابێت. کاتێک “قەڵای سمکۆ … داگیر کرا، بەڵگەیەکی زۆری تاوانبارکەر دۆزرانەتەوە. نامە، لەلایەن کاربەدەستی باڵای ئێرانیڕا … نێردرابوون و لە [هەموویان]دا سمکۆ بۆ ڕاپەڕین دژی مەسیحییەکان هان درابوو.” بە هاندانێکی وا، سمکۆ بە گەلەکۆمە ڕێبەری ئاسوورییەکان مارشیمۆن دەخاتە تەڵە و دەیکوژێ. لە یەکێک لە هەڤپەیڤینە دەگمەنەکانی کە سمکۆ لەگەڵ موستەفا یامولکیدا کردووە پێداگری لەوە دەکات کە مەسیحییەکان بە یارمەتیی ئەوروپاییەکان بەنیاز بوون دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرێنن و کوردەکان لەو ناوچەیە پاکتاو بکەن.
وا دیارە مارشیمۆن هیوایەکی زۆری بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانیی نێوان ئاسووری و کوردەکان هەبووە. بەپێی نووسینی ‘کەسرەوی’ لە ساڵی ١٩١٨دا، کاتێک مارشیمۆن چاوی بە سمکۆ دەکەوێت، بەبێ ئەوەی لە گەلەکۆمەکەی ئاگادار بێت، بە سمکۆ دەڵێت:
ئەم خاکە کە بە کوردستان ناو دەبرێ، نیشتمانی هەموومان بووە، بەڵام جیاوازیی دین ئێمەی لە یەک جیا کردەوە و ئێمەی خستووەتەوە ئەم دۆخەوە. ئێستا دەبێ دەست بە دەستی یەک بدەین و جارێکی دیکە وڵاتەکەمان بستێنینەوە و پێکەوە بژین.
ئەگەر ئەم گێڕانەوەیە ڕاست بێت، باوەڕی ڕاستەقینەی مارشیمۆن بە یەکبوونی ڕەگ و ڕیشەی ئێتنیکیی کورد و ئاسووری ئاشکرا دەکات و هەستە ئێتنۆ-ناسیۆنالیستەکەی دەبێ فاکتۆری بەرجەستەی هەوڵ و تەقەڵاکەی بۆ گەڕان بە دوای بۆ هاوپەیماندا بێت. مارشیمۆن دەبێ ئاگاداری ئاواتی سمکۆ بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ بووبێت، دەنا نە باسی ئایدیاکەی دەکرد نە ئەو ئایدیایەشی دەکردە بنەمای یەکگرتنەوە لهگهڵ کورد. بەڵام کردەوە بێڕەحمانەکەی سمکۆ و کوشتن و بڕینهکانی دواییش ئاستی ناکۆکییە کۆمونالەکانی بەرزتر کردەوە و ڕێگەی لە “هاوپەیمانییەکی ئێتنیکی” گرت. پاش هەڵاتنی دڵتەزینی ئاسوورییەکان کە لە دەوای پاشەکشەی ڕووسەکان لە ورمێ ڕووی دا، سمکۆ بوو بە بەهێزترین پیاوی ناوچەکە. لەساڵی ١٩١٨دا، موکەڕەمولمڵک، ”نایب الایالە”ی ورمێ پیلانی کوشتنی سمکۆ دادەڕێژێ و قۆتییەکی شیرینیی ژەهراوی بۆ دەنێرێت. هەوڵەکە لەجیاتی سمکۆ گیانی براکەی دەستێنێ و زیاتریش سمکۆ لە دەوڵەت نامۆ دەکات و هانی دەدات بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانی ناوچهیی له دژی دهوڵهت. بە باوەڕی سمکۆ “بۆ کورد ورمێ گرنگییەکی ڕەهای هەبوو.” لە کۆتاییی ١٩١٨دا، بە ئامانجی دەرکردنی والیە نوێیەکەی ورمێ لە شار دەست بە هەڵمەتی پڕۆپاگەندەیەکی هەرێمخوازی دەکات. بەپێی نووسینی ‘تەمەدون’ ئەو ڕێبازانەی سمکۆ بۆ پڕۆپاگەندەکەی بەکاری دەهێنا و خودی سرووشتی پڕۆپاگەندەکە ئەوەندە بلیمهتانه بوو کە تەنانەت خەڵکی ورمێی تووشی سەرسووڕمان کردبوو. سمکۆ و یاوەرانی، بە تایبەت خەڵکی ورمێیان بەقەناعەت هێنابوو کە دەبێ خەڵکی ناوچەکە خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە بەرن. هۆکاری سەرەکیی “ئهو بلیمهتییه” بۆ توانایی ڕێکخراوی سمکۆدا دەگەڕێتەوە و بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر ئەفسەرانی کورد لەناو هێزەکانی سمکۆدا کە پێشتر لەناو ئۆردووی عوسمانیدا ببوون. ‘تەمدون’ ژمارەیەکی سەد کەسی – بەپێی تۆمارەکانی بریتانیا ٢٠٠ کەس – ئەفسەرانی هەڵاتووی عوسمانی لەناو هێزەکانی سمکۆدا تۆمار دەکات. مێژوونووسی کورد عوسمان عەلی لەو باوەڕەدایە کە ژمارەیان دەگەیشتە ٣٠٠٠ کەس. لە شایەتحاڵی بە چاوی خۆی، نیشتەجێیەکی بەڕەچەلەک ئازەریی ورمێ بە ناوی ‘رحمتاللە خان معتمدالوزراء’، وێنەیەکی بلیمهتانه و ناوازە لە پەیوەندییەکانی سمکۆ لەگەڵ گەلی غەیری کوردی ورمێ دەگێڕێتەوە. بە خوێندنەوەیەکی وردبینانە لە بیرەوەرییەکانی موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) ئاشکرا دەبێ کە کتێبەکەی لە چەندین قۆناغی دوورودرێژدا نووسیوە. (مرۆڤ دەتوانێ هاتنهدیی ڕووداوهکان و گۆڕانکارییهکان لە تۆنی قسەکانی موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) لە کۆتاییی کتێبەکەدا هەست بکات، بەتایبەت ئەوکاتەی شایەتحاڵی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی هێزەکانی دەوڵەت بە دەستی سمکۆ بووە، وەلێ لایەنگریی موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) لە دەوڵەت ڕێگەی لە گێڕانەوەی پەیوەندیی پێچەڵپێجی نێوان سمکۆ و گەلە غەیری کوردەکان لەناو شارەکەدا نەگرتووە.)
تابلۆی گشتی کە موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) وێنای دەکات نیشان دەدات کە خەڵکی ورمێ هەموویان سمکۆیان وەکو دژمنی خوێنی نەدەدیت، ئەم ڕاستییە لەلایەن سەرلەشکەر درەخشانی، فەرماندەی هێزکانی دەوڵەت لە ناوچەکە، پشتڕاست کراوە. ئەم ژنراڵە دووپات دەکاتەوە کە زۆرینەی ئێلیتی (نوخبە) شارەکە، بەتایبەت ئەوانەی کە پاشخانێکی سەربازیی قاجارییان هەبوو، حوکمڕانیی سمکۆیان پێ باشتر بوو تا ڕێبەرایەتیی شیعەی ئازەریی هاومهزههبی خۆیان. درەخشانی هەروەها ڕادەگەیەنێ کە “خەڵکی سەرشناسی ورمێ، بەتایبەت ئەفسەرە قاجارییەکان، موتیعی سمکۆ بوون. دیارە سمکۆ پەیوەندیی باشی لەگەڵ زۆرێک لە کاربەدەست و ئەفسەرانی کۆمەڵگاکەدا هەبووە. سمکۆ، یەکێک لە لایەنگرانی خیابانی، ڕێبەری مەشرووتەخوازی ئازەری، وەکو والیی ورمێ دەستنیشان دەکات. سمکۆ ئاگاداری گرنگیی پشتگیریی محەلی بوو، بۆیە هەوڵی دەدا دڵ و ویستی خەڵکی غەیری کوردی ورمێ وەدەست بێنێت. تەنانەت کاتێک کە خەڵک تووشی نەهامەتی و قاتی و برسێتی ببوون، پێداویستیی بنەڕەتییان بۆ دابین دەکات. بۆ نموونە، موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) باسی ناردنی باری کهشتییهک گەنم بۆ خەڵکی ورمێ دەکات. بەپێچەوانەوە، دەوڵەتی تاران لە دوورەوە ڕاوەستابوو و توانای یارمەتیدانی خەڵکی نەبوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خەڵک لەبەر شەڕەکە تووشی نەهامەتیی گەورە بووبوون و “لەوانەیە چارکەک خەڵک لەبەر برسێتی و [نەخۆشی] مردبوون.” خەڵک ئەوەندە دەستەویەخەی برسێتی بووبوون کە دەگێڕنەوە هەندێک جار گۆشتی مرۆڤی مردوویان خواردووە.
لەم هەڵومەرجە ناجێگیرەدا، فاکتۆری جیاجیا کارتێکەرییان لەسەر پەیوەندییە کۆمونالەکاندا هەبوو و هەرجارە بەرەو ئاقارێکی نادیار پاڵی پێوە دەنا. هەرچەندە موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) خۆی لە سەنگەرێکی دژبەردا بوو، ددان بەوەدا دەنێت کە بەشێک لە خەڵکی ورمێ لایەنگری هاوپەیمانەتی لەگەڵ کورد بوون. هەروەها، وەکو خۆی ڕادەگەیەنێت، ئەوانەی لایەنگری یەکگرتن لەگەڵ کورد بوون، تەنیا خەڵکی ئاسایی نەبوون، تەنانەت هەندێک ئەندامی فیرقەی دێمۆکراتیش بیرۆکەی یەکگرتن لەگەڵ کورد دژی دهوڵهتی تارانیان پێ دروست بوو. هەرچەندە، بە باوەڕی موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) ئەم بیرۆکەیە “لە بەرژەوەندیی ئوستانەکەدا نەبوو.” سەرەڕای ڕادەیەکی بەرچاوی سەرکەوتووتن، سمکۆ نەیتوانی پشتگیریی کۆمەڵگەی غەیری کورد فراوان بکات، یان تەنانەت ڕایگرێت. پێکەوە پەیوەستبوونی ئێتنیسیتە لەگەڵ زاناوی (شوناس)ی دینی، وەکو لە سیستمی دووبەرەکیی کورد و عەجەمدا دەردەبڕا، لە بیچمگرتنی قەوارەی گرووپەکاندا هێمانێکی بنەڕەتی بوو. ئەم دووبەرەکییە کە بەگشتی هەندێک پاشگوێ خراوە، بناغەیەکی گرنگ بوو بۆ خۆ جیاوازپێناسەکردنی کورد، بەتایبەت لە ناوچەی دەریاچەی ورمێ.
شیعە و سوننی
خەباتی سمکۆ دابڕانی ئێتنیکی و دینیی زۆر قووڵتر کرد. بە بەهای ئازارێکی گەورەی مرۆڤیش بێت، شۆڕشەکەی هانی سەرهەڵدانی هەستە ناسیۆنالیستییەکانی کوردی دا و دەیەیەکی دوواتر ئەنجامەکەی بوو بە دامەزراندنی حیزبێکی سیاسیی کورد لە نیوەی دووەمی ١٩٤٠ی زایینی و هەروەها دامەزراندنی کۆمارێکی کوردستانی لە شاری مەهاباد. لە نووسینەیلی پەیوەندیدار بەم مژارەوە، پەیوەستبوونی زاناوی کوردی لەگەڵ مەزهەبی سوننیدا سرنجێکی ئەوتۆی بۆ لای خۆ ڕانەکێشاوە. کەمبوونی بەڵگە لە ئاکامی ئەم کەمتەرخەمییەدا تەفسیرکردنی ئەوەی کە چۆن کوردبوون و سوننیبوون لەگەڵ یەک تواونەتەوە، سەختتر دەکات. سەرباری ئەوەش، کاریگەریی ڕەوتی مارکسیستی لەسەر مێژوونووسیی کوردی، زۆرجار خزمەتی چاوپۆشی لەم بابەتەی کردووە. هەروەها، هەندێک بەڵگەی پچڕپچڕ لە بیرەوەریی شەخسی و گێڕانەوەکاندا هەن، کە پێکەوە، دەتوانن ڕووناکییەک بخەنە سەر پێوەستبوونی ڕەوتە مەزهەبی و ئێتنۆناسیۆنالییەکان لەو سەردەمەدا. لە سەردەمی سمکۆ ئەوانەی لەو هەرێمەدا وەکو عەجەم ناو دەبران، وەکو شیعەش پێناسە دەکران. زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کورد لەو هەرێمە سوننی بوون. سوننیبوون و کوردبوون تا ڕادەیەک هاوواتا بوون. شایانی سرنجە کە یەکینە بە یەکڕەنگەکەی سمکۆ ئاڵایەکیان هەڵکردبوو کە ئایەتی قورئانی ”نصر من الله و فتح القریب”ی (٦١:١٣) لەسەر بوو. ئەو یەکینە چەکدارانە کە ئەو ئاڵایەیان هەڵکردبوو دەچوونە شەڕی هێزەکانی دەوڵەت. هەروەها، ناوی ڕۆژنامەکەی سمکۆ ‘کورد’ بوو، لە سەرووی لای ڕاستی بەرگی ڕۆژنامەکە نووسرابوو “مەقالانێک مەنفەعەتی کوردانی تێدابێ وەردەگیرێ.” سەرنووسەری ڕۆژنامەکە مەلایەک بە ناوی محەمەد تورجانی بوو. لۆگۆی ڕۆژنامەکە ئایەتێکی قورئانی (٣:١٠٣) بوو کە ئەمری دەکرد موسڵمانان یەک بگرن و خۆیان دوور بگرن لە تەفرەقە. لە یەکێک لە ستوونەکانی ڕۆژنامەکەدا نووسراوە کە “رۆژنامە عەجەمەکان ڕووداوەکانی [کوردستان] لەم چوار ساڵەدا بەدرۆ وەکو شەقاوە دەناسێنن.” هەرچەندە جاروبار لە نێوان کورد و عەجەمدا، بەتایبەت لەدژی ئاسوورییەکان، یەکگرتن دروست بووبوو، بەڵام ئاماژەی زۆر هەن کە نیشان دەدەن کورد و عەجەم یەکتریان تەنانەت وکو موسڵمانی ڕاستەقینەش پێناسە نەکردووە.
دووبەرەکیی کوردی سوننی لە بەرانبەر ئێرانی و غەیری کوردی شیعە، دایکۆتۆمیەکی کاریگەر بوو کە هەم کورد و هەم غەیری کورد بەکاریان دەهێنا. بۆیە، هەندێک جار، لەلایەن هەردوو لا، کوردبوون یەکسان بوو لەگەڵ غەیری-ئێرانیبوون، کە جیاوازییە سەرەکییەکەی دابڕانی سوننی-شیعە بوو. ‘تەمەدون’ ڕووداوێک دەگێڕێتەوە کە کەسایەتییەکی ناسراوی ورمێ بە والیی ورمێ، زەفەرولسەڵتەنە (ظفر السلطنە) دەڵێ کە خۆی لە هێرشبردن بۆ سەر کورد بەدوور بگرێت، چونکە بە باوەڕی وی “کوردەکان چەک و چۆڵی چاکیان هەیە و شوێنی ستراتێژیکیان لە ورمێ داگیر کردووە، لە حاڵێکدا موسوڵمانەکان (شیعەی غەیری کورد) بێدیفاعن، بۆیە، باشتر وایە بۆ پێشگیری لە خوێنرێژی، تەحەمولی ئەم ئەشرارانە بکرێت.” ئەمە ئاشکرا دەکات، کە بەکارهێنانی ئیسلام لە دژی کورد باو بووە، چونکە کەسانێک کە لە ڕووی سیاسییەوە لە خەڵکی ئاسایی تێگەیشتووتر بوون ئەم دەربڕینەیان بەکار هێناوە. ‘کەسرەوی’ ئاماژە بە تێلێگرامێک لە ئەنجومەنی ورمێ (ئەنجومەنی دێمۆکراتەکان کە بەشێک لە بزووتنەوەی مەشرووتە بوو) دەکات کە تێیدا ڕێبازی دژمنایەتیی دینی و ئەوەی کە لایەنەکان چۆن یەکتر وێنا دەکەن، ڕاشکاوانە شی دەکاتەوە. لە تێلێگرامەکەدا هاتووە کە “هەموو دێهاتی دەوروبەری شار[ی ماکۆ] و کۆگا سەربازییەکان [لەلایەن کوردەکانەوە] تاڵان کراون، ٣٥٠ موسڵمان [شیعە] کوژراون و موسوڵمانەکان [شیعەکان] هەموویان چاوەڕێی مردنیانن.” ئاشکرایە کە ئەنجومەنەکە هێرشکارەکان، واتە کورد و عوسمانییەکانی، وەکو موسوڵمان پێناسە نەدەکرد.
لە شوێنێکی دیکەدا، موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) ئاماژە بە مەلا عەلییەک دەکات و کاراکتەرەکەی بەپێێ لایەنگریی بۆ کوردان وەکو کەسێک کە هیچ ئینتیمای بۆ ‘نەوعییەتی’ خۆی – مەبەست ئێرانیبوون بەپێی مەزهەبی شیعە – نەبێ، پێناسە دەکات. ئەم نموونەیە نیشان دەدات کە کورد وەکو نەوع، یان ڕەگەزی ئێرانی نەدەدیترا. هەروەها، هاودڵیی شیعە لەدژی کوردی سوننی هەندێک جار بە بەرجەستەکردنی هێماگەلێکی تێکەڵاوی شیعێتی و ئێرانێتی بەیان دەکرا. بۆ نموونە کاتێک زیائولدەولەو (ضیاءالدوله) هێرشی بردە سەر کورد، موسوڵمانە شیعەکانی غەیری کورد چوونە گەڵی و ئەم دروشمەیان بە تورکی ئازەری دەدا: “ئەوانەی لەگەڵمان نەهاتن با شەرم بکەن لە خودا… گیانمان فیدای شای ئێران، خوێنمان حەڵاڵی دینی ئیسلام.” هەروەها، موعتەمیدولوزەراء (معتمدالوزراء) کە بۆخۆی کاربەدەستێکی دەوڵەت بوو، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ شیعێتی وەکو چەمکێکی دوژمنکارانە لەدژی کوردبوون و سەربەخۆییی کوردانی نەدەدیت که دهڵێ “بەبێ لەناوبردنی هەموو شیعەکان لە ئوستاندا، کورد ناتوانن سەربەخۆییەکەیان بەدی بێنن.” ڕاگەیاندنی سمکۆش، کە پاش شکستهێنان بە والیی ورمێ، بڵاو کرایەوە کورد و ئێرانی لە بەرانبەر یەکتر وێنا دەکات که دەڵێت “هێزی ناوەندی کوردستان هێرشێکان کردە … سەر سپای دەوڵەتی ئێران، کە دوای سێ سەعات شەڕی چڕ، [هێزی کوردستان] شکستیان پێ هێنا … و هێزە ئێرانییەکانیان تەفروتوونا بوون.” ڕۆژنامەکەی سمکۆ، ‘کورد’یش بە ئاماژە لە دیکۆتۆمییەکەی کورد و ئێرانی کۆمەڵێک زانیاریمان پێ دەدات.
ڕۆژنامەکە بەردەوام باسی کورد وەکو میللەتێک دەکات و لە مابەقیی ئێرانیانی جیا دەکاتەوە. بۆ نموونە، باس لەوە دەکات “کە تا چوار ساڵ پێش کورد لەگەڵ دراوسێ ئەرمەنی و ئاسوورییەکانیان وەکو برا بوون، کەچی ئێرانییەکان لە هیچ فێلێک بۆ فریودانی هەردوو میللەت درێغیان نەکرد و وایان کرد کە [دراوسێکانیان] ههوڵی له ناوبردنی میللەتی کورد بدەن.” هەروەها، ئێرانی بەوە تاوانبار دەکات کە بۆ ئەوەی “کورد لە دژی مەسیحییەکان بوەستێنن، پیلانگێرییان کرد، کەچی ئێستا لایەنگرییان [لە ئەرمەنی و ئاسووری] دەکەن. کە میللەتی کورد هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لە چەک هەڵگرتن لەپێناو پارێزگاری لە نامووس و شەڕ لەدژی ئێرانییەکان و دەرکردنیان لە ژمارەیەک ولایەتی کوردی. بەڵام، ئیرانییەکان ڕیاکارانە [ناوی] شەقاوەتی لێ دەنێن.” ئەم نموونانە بە ئاشکرا نیشان دەدەن کە بە لای کەمەوە ئەو کوردانەی کە چالاکی سیاسی بوون، خۆیان وەکو غەیری-ئێرانی پێناسە دەکرد. ئایا ئەم ئاماژانەی سەروە لەلایەن هەر گرووپێک بۆ پێناسەی ‘ئێمە’ و ‘ئەوانی تر’ پەیڕەوێکی گەردوونیی هەبوو، یان تەنانەت بەپێی سەردەم و هەڵومەرجەکان دەگۆڕدران، پرسیارێکی لاوەکییە. گرنگ ئەمەیە کە ئەنجامەکەی ئەو کەتوارەیە کە هەر گرووپێک لەسەر بنەمای دابڕانی دینی-ئێتنیکیی خۆی بە جیاواز پێناسە دەکرد. ئەم کەتوارە هەروەها پێشانمان دەدات کە خەڵکی ئەو سەردەمە بۆ سەفبەندیی کۆمەڵگا خەیاڵییەکانیان بەپێی سنوورە دینی-ئێتنیکییەکان، چەمکی دین و ئێتنیسیتەیان وەکو هاوواتا بەکار دەهێنا.
بەرەو سەربەخۆیی
ئەو نموونانەی سەرەوە هەوڵەکانی سمکۆ بۆ گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ غەیری کورد وێنا دەکەن، ئەو هەوڵانەی کە هیچ ئەنجامێکی بهرچاویان بەرهەم نەهێنا. زاڵبوون بەسەر دابڕانی نێوان-کۆمەڵگاکاندا هیچ کاتێک بەدی نەهات. ساڵی ١٩١٩، سمکۆ باش هەستی بە لاوازایی سەربازیی دەوڵەتی ئێران کردبوو، بۆیە هەنگاوێکی بوێرانەتری لە پڵانەکانیدا نا. لە فێڤریەی ١٩١٩دا سمکۆ، ڕێبەرانی کۆمەڵگەی کوردی بە نیەتی تاوتوێکردنی ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی کورد بانگهێشت کرد. بەڵام سەید تەها نەهری، ڕاوێژکارە ههڵکهوتووهکهی، هوشداریی لەسەر هەڵمەتێکی وا دا، کە لەوانەیە هێزە ڕۆژاواییەکان کاردانەوەیان لە دژی هەبێت. نەهری هەروەها لەو باوەڕەدا بوو کە هەڵمەتێکی وا دەیتوانی دەوڵەتی تورک و قاجار بەرەو یەکگرتن دژی جەستە سیاسییە ساواکەی کورد هان بدات.
بۆیە نەهری ئەرکدار کرا بە گەڕان بە دوای پشتگیریی بریتانیا بۆ دەوڵەتێکی موحتەمەل لە ویلایەتە کوردەکانی تورکیە و ئێران و هەرەها وەرگرتنی یارمەتیی ماڵی و ڕاهێنانی سەربازی لەلایەن بریتانیاوە. ئەوان ئارهزوویان دهکرد کە هیچ نەبێ بریتانیا لەمپەرێک لەسەر ڕێگای سەربەخۆییی دەوڵەتێکی وێناکراوی کورد دروست ناکات. چاوپێکەوتنی نەهری لەگەڵ کاربەدەستانی بریتانی نائومێدییەکی تەواوی لێ کەوتەوە. سمکۆ هەوڵی دا خۆی بگەیەنێتە کاربەدەستانی بریتانیا، بەڵام سوودی نەبوو. چونکە بریتانیاییەکان پێیان وا بوو تاکو سمکۆ سزا نەدرێت “ئەستەمە مەسیحییەکان جارێکی تر بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە.” هەڵبەت، کاتێک بینییان دەسەڵاتی سمکۆ فراوانتر بووە، بریتانیاییەکان دەرگای وتووێژیان لەگەڵ سمکۆ کردەوە. سەرەڕای ئەمەش، شکستی سمکۆ بە دەستی “فارسەکان گوشارەکەی [لەناو برد]، و [بوو بە هۆکار کە دەوڵەتی عولیاحەزرەت: بریتانیا] دەستبەجێ چاوپێکەوتنی نێوان سەید تەها و جێگری ئەفسەری سیاسی [لە کوردستانی عێراق] بەدوا بخات.”
کاتێک نەیتوانی هیچ پشتگیرییەکی بریتانیا وەرگرێت، سمکۆ هێرشی بردە سەر زۆربەی شارەکان کە ئەمەش بوو بە هۆی پشتگیریی دەوڵەتی ڕووس و بریتانیا بۆ دەوڵەتی ئێران. هێزی سەربازیی سمکۆ چەندین سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کردبوو و کۆنترۆڵی بەسەر چەندین شاری گەورەی ڕۆژهەڵات لە ورمێڕا تا بانە مسۆگەر کردبوو. حوکمڕانیی سمکۆ تا ساڵی ١٩٢٢ی خایاند، تا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕەزاشا، ژێنراڵ جەهانبانی بە سپایەکی ٨٠٠٠ کەسییەوە هێرشی بردە سەر سمکۆ. لەو شەڕانەدا کورد ئازایەتییەکی بێوێنەی نیشان دا. بەپێی گێڕانەوەی حەسەن ئەرفەع، سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی سەربازی “سمکۆ ئاغا دە هەزار چەکداری هەبوو.” ئەرفەع شایەدیی لەسەر پابەندی و گیانفیداییی بێسنووری هێزەکانی سمکۆ دەدات کە شەڕەکەیان وەکو هیچ شەڕێکی خێڵەکی نەدەچوو. بۆ نموونە، دەربارەی دوایین شەڕیان بەم شێوەیە دەدوێت:
هێزەکانی کورد بەیانی چوار جار هێرشیان هێنایە سەر ئێمە. ئێمە شۆک بووین کاتێک بینیمان ئیتر لەجیاتی تفەنگ شمشێر و خەنجەر بەکار دێنن. ئەم جۆرە شەڕە بۆ هۆز و خێڵەکان دیاردەیەکی ئاسایی نەبوو … شەڕەکەی بەرانبەر هێزەکانی سمکۆ لە هیچ شەڕێکی پێشتری دەوڵەت لە بەرانبەر کورد نەدەچوو.
هۆکارەکەی ئەوە بوو، وەکو ”ئەرفەع” ددانی پێدا دەنیت، هێزەکانی سمکۆ “بۆ سەربەخۆیی شەڕیان دەکرد.” لەم شەڕەدا هێزەکانی سمکۆ تووشی شکستێکی قرەبوونەکراو هاتن. دوای ئەم شەڕە، سمکۆ ئیتر قەت نەیتوانی جارێکی دیکە هێز و پریستیژی جارانی مسۆگەر بکاتەوە. “شکستی سمکۆ لە هاوینی ١٩٢٢، سەرکەوتنی ئەرتەش لە لوڕستان ساڵێک بە دواتر و سەرکوتکردنی شێخ ‘خەزعەل’ [لە ئەلئەحواز] لە ساڵی ١٩٢٤دا هەموویان لە شارە گەورەکانی ئێران ئاهەنگیان بۆ گێڕان. پاش ساڵیانێک دەربەدەری لە تاراوگە و سەرگەردانی لەسەر سنوورەکانی ئیران و تورکیا و عێراق و پێکدادانی لهگهڵ هێزهکانی دهوڵهتی ئێران، سەرەنجام سمکۆ بە فریو کەوتە داو و لە ساڵی ١٩٣٠ بە شێوەیەکی ناجوامێرانە کوژرا.
گێڕانەوەی ئێتاتیست؛ نکۆڵی و بەرخۆدان
عەباس وەلی گوتهنی، دهکرێ پەیوەندیی کورد و دەوڵەت لە بازنەی “دیالێکتیکی نکۆڵی و بەرخۆداندا” کاراکتەریزە بکرێت. بۆچوونی ئێتاتیستیی مێژوونووسی دەربارەی سمکۆ دەبێ لەناو ئەم دیالێکتیکەدا شی بکرێتەوە. بە وێناکردنی “دەوڵەت وەکو تەنیا دەستپێشخەر و بکەری گۆڕانکاری، وێژمانی مێژوونووسیی سەردەست، هەموو خواستە سیاسییەکانی ئێتاتیستی ژێردەست لەژێر ناوی ناڕەزاییی خێڵەکیدا ڕەد دەکاتەوە. لە ئاکامدا، ئەم مێژوونووسییە بووە بە درەوشانەوەی دیالێکتیکی نکۆڵی و بەرخودان و، بەم شێوەیە، سرووشتی زاناوخوازی (شوناسخوازی / هەویەتیخوازی)ی ڕاپەڕینەکانی کورد تەنیا بۆ پاشماوەی تریبالیزم و عهشیرهگهری دادەبهزێنێت و هەڵمەتە سەربازییەکانی دەوڵەت وەکو ئەرکی چەسپاندنی نەزم و قانوون بەڕەوا دهقهبڵێنێت. شیکردنەوەی مێژوونووسیی سەردەست دەربارەی بەرخودانی کورد بە گشتی و خەباتی سمکۆ بە تایبەتی دەکرێ لە ڕوانگەی نکۆڵی، زاڵیەتی و بەرگریدا کورت بکرێتەوە.
یەکەم، لەبەر ئەوەی کە نکۆڵی لەوە دەکات لەوەی کە کورد بەر لە کۆتاییی سەردەمی ڕەزاخان داوای دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی کردبێت. ئەم مێژوونووسییە بەم شێوەیە پێداگری لە بەرهەمهێنانەوە و دووپاتکردنەوەی هۆمۆژێنیتی (یهکسانی)ی کولتووری، ڕەگەزی و تەنانەت زمانیی کیانی ئێرانی دەکات. لە دەقەکانی دواتریشدا، حوکمڕانیی سەرەڕۆیانەی ڕەزاخان وەکو هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی غەیری-فارس پێناسە کراوە.
دووەم، بەرخودانی پەڕاوێزەکان بە گوماناوی و وەکو ئەنجامی دەستوەردان و ئاژاوەگێڕیی دەرەکی دانراوە، بۆیە بە ناڕەوا پێناسە کراوە. لە کۆتاییدا، ئەم مێژوونووسییە، مەشرووعیەتی ناوەند لە بەرانبەر هەرجۆرە ئالینگارییەکی ئێتنیکیی پەڕاوێزدا دەپارێزێت کە ڕاشکاوانە، یان وێڕای ئەوی دیکەی پەڕاوێزخراو، وەکو ئاژاوەگێڕان، تریبالیستەکان، تاڵانکەران و ئەو بابەتانە پیناسەی دەکات.
وەکو پێشتر ئاماژە کرا، مێژوونووسیی ئێتاتیست، دژایهتیی کورد لەگهڵ دەوڵەت وەکو پێداگری لەسەر عهشیرهگهری پێناسە دەکات. ئەمە نە لەبەر ئەوەی کە مێژوونووسیی ناسیۆنالیزمی سەردەست بە جەوهەر وەکو خێڵگەرایی پێناسە بکات، بەلکو مەبەستی ئەوە یە ئێتنۆ-ناسیۆنالیزمی کوردی وەکو دیاردەیەک وێنا بکات کە ناکرێ هیچ داخوازییەکی ڕاستەقینە و ڕهوای سیاسیی هەبێت. لە ڕوانگەی ئێتاتیستدا، ددانپێدانان بە هەبوونی بەرخودانی کورد بە سیفەتی بەرخودانێکی کوردی (بەو شێوەیە کە ڕەنگ بێت نەتەوەیی بێت) دێتەوە واتای قبووڵکردنی ناتاکبوونی ”نەتەوەی” ئێرانی. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا زاراوەی ‘تریبالیست (خێڵگەرا)’ بۆ پێناسەکردنی بزووتنەوەگەلی دژە-ناوەند و ئێتنۆ-نەتەوەیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی کوردیان هەیه، بەکار هێنراوە.
لە وێژمانی دەوڵەتدا ”خێڵەکان” به ئانقهست بەبێ سرنجدان بە شوێن، یان بەو سەردەمەی تێیدا دەژین، بە گشتی وەک خاوەنی تایبەتمەندیی ناسراو، کاراکتەری هاوبەش و ڕێبازی هاوشێوەی ڕەفتاری پێناسه دهکرێن. ئەم فەرافکەنییەی تریبالیزم و عهشیرهگهری بۆ ڕابردوو، ئیعتبارێکی زۆری وەدەست هێناوە و وەکو پاواسێک بۆ هێزی کۆلۆنیال لە بەرانبەر ئالینگارییە خۆجێییەکان پڕۆپاگەندەی بۆ کراوە. وێناکردنی ئەم بزووتنەوانە وەکو خێڵگەرا، لە پراکتیکدا شەرعیەتی بەخشیوە بە توندوتیژیی دەوڵەتی. وەکو لێکۆڵەری ئێرانی، کاوە بەیات، ئاماژەی پێ دەکات، سیاسەتی “یەکجێنشینکردن، کە لە لوڕستان، فارس، ئازەربایجان و خۆراسان لە ساڵی ١٩٣٣ تا ١٩٣٧ پەیڕەو کرا، فۆرمێکی زۆر دڕندانە و لە هەندێک حاڵەتدا ژێنوسیدی (گەلکوژی) هەبوو.”
مێژوونووسی ناسیۆنالیستی فارس بە بێڕەخنە وێژمانی تریبالیزمی دەوڵەتیی بهکار هێناوه. ئەم مێژوونووسییە بەرهەمی ئێلیتێک (نوخبەیەک)ـە کە بۆ ئەو ”بنیاتنانەوەی ئۆتۆریتەی دەوڵەتی مەرکەزی بەسەر وڵاتدا” لە هەموو شتێک گرنگتر بووە، ئەولەویەتی یەکەمی کۆتاییهێنان بە کەتواری نێمچە-سەربەخۆ و ئۆتۆنمیی هۆز و دەسەڵاتە لۆکاڵییەکان بووە.” ڕێگەدان بە ددانپێدانانی زاناوی جۆراوجۆر لە میانەی نووسینی مێژوودا وەکو مەترسی بەسەر هۆمۆژەنیتە و تەکڕەنگیی کیانەکە پێناسە دەکرێ. لە وێناکردنی ناسیۆنالیستیدا، تریبالیزم وەکو بەرچەسپێکی سووکخستنەوە، بەبێ جیاوازی بۆ هەموو ڕەفتار و بۆچوونێک کە زاناوێکی نەخوازراو دەردەبڕێ، بەکار هێنراوە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە سەرچاوەی جیاواز و فرەچەشنی زاناوییان دەردەبڕی، لە گێڕانی ڕۆڵێکی بنیاتنەر لە نەتەوە-دەوڵەتدا ڕێگرییان لێ دەکرێ. وهک کاوەی بەیات دهڵێت:
“لە سەردەمێکدا کە شەڕ بۆ دەوڵەت هەلی ڕەخساند کە هەم بە مۆنۆپۆلیزەکردنی زۆرەملێ و هەم بە پێداگری لە ڕەوایەتی وەکو تەنیا بکەری توانا بۆ پاراستنی یەکێتیی وڵاتەکە، هەڵمەتە دژە-هۆزەکانی ڕەزاشا وەکو پێداگری لە زاڵبوونی دەوڵەت بە سەر کۆمەڵگادا، دەورێکی جەوهەری و چاوپۆشیلێنەکراوی لە هەڵمەتی دەوڵەتسازیدا دەبینی.”
وەکو لە سەرەتادا ئاماژەی پێ کرا، ئامانجی من لێرەدا ڕێزبەندیی ئەخلاقیی فۆرمە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزم نییە کە وەکو چاک، یان خراپ، پۆلێنیان بکەم. هەوڵی من تەنیا ئەوەیە کە ڕاڤەی بکەم مێژوونووسی چۆن بیچم بە هاوتەونە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی ناسیۆنالیستە ڕکابەرەکان لە ئێران دەبەخشێت. هەروەها من هۆکار دێنمەوە بۆ ئەوەی کە سەرهەڵدانی سمکۆ نە دەکرێ وکو کێشەیەکی ئەمنی، نە دەشکرێ تەنیا وەکو خۆڕاگرییەکی تریبالیست لە دژی سیاسەتی مۆێرنیزەکردنی دەوڵەت شرۆڤە بکرێت. درککردنی ناکۆکی لە نێوان کورد و دەوڵەت وەکو ناکۆکی لە نێوان مۆدیرنێتە و پێش-مۆدێرنیتە، مۆدێرنیتەی ئێتاتیست دەخاتە خانەی دەرەوەی وێژمانی دەسەڵات و هێز. هەروەها گرنگە ئاماژەی پێ بکرێت کە “وێژمانی لەهۆزکردنەوە” پاتکردنەوەی هەمان مێکانیزمە کە لایەنگرانی کۆلۆنیالیزم بۆ ئاماژەیان بە وێژمانی ڕۆشنگەریی ئەوروپایی و بۆ بەڕەوادانانی میسیۆنی شارستانیکردنیان بەکار دەهات.”
دەبێ ئەوەش دووپات بکرێتەوە کە مێژوونووسیی ئێتاتیست بۆچوونێکی تەکفۆرم دەربارەی بەربەرەکانیی ئەتنیکی لە دژی دەوڵەت نیشان دەدات و ئەوان وەکو یاخیبوون (ی عەشایری) کاراکتەریزە دەکات. بۆ نموونە، مێژوونووسی ئێرانی، موجتەبا بۆرزوویی، دەڵێت: “هەموو سەرچاوە فارسییەکان بەبێ کەموکووڕی، سمکۆیان نەک وەکو ڕابەرێکی ناسیۆنالیستی کوردی ئێران، بەڵکو وەکو سەرۆکعەشیرەتێکی تاڵانچی و ڕێگر ناساندووە.” کاراکتەریزەکردنی بۆرزوویی، تەنانەت بە سمکۆ سنووردار نابێت. بۆرزوویی کۆمەڵگای شکاک بە تەواوەتی وەکو “ڕیگر و تاڵانچی” وێنا دەکات. لە بەردەوامیی بۆچوونەکانیدا دەڵێت: “شیکردنەوەی وردەکارییەکانی [سمکۆ] و کەسانی ژێر ئەمری، ئەم ئیدیعایە دووپات دەکاتەوە.” هەڵبەتە ‘بۆرزوویی’ یەک لێکۆڵینەوەی کوردییش لەسەر ئەم مژارە بەکار ناهێنێتەوە. ئەم بۆچوونە بەرانبەر بەرخودانی پەڕاوێزەکان لە دژی دەوڵەت لە لێکۆڵینەوەکانی زۆربەی ڕۆشنبیر و مێژوونووسی بەرجەستەی فارسدا دیارە، کە وەکو میهرداد برووجێردی شیی دەکاتەوە، لە ڕاستیدا “دەوڵەتمەداری ڕۆشنبیر” بوون. ئینتەلیجەنسیای فارس زۆربەی جارەکان نزیک دەسەڵاتی دەوڵەت بوون و پشتگرییان لە دەوڵەت لە بەرانبەر بزووتنەوە سیاسییەکانی دژە-ناڤەند دەکرد، بۆیە زۆرجار پلاتفۆرمی ناسیۆنالیستی [فارسی] سەید زیاء و ڕەزاخان، زەروورەتی دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهیزیان پەسەند دەکرد.”
ئینتەلیجەنسیای فارس یان چالاکانە بەشدارییان لە میسیۆنی خۆ-شارستانیکردنی دەوڵەتدا دەکرد، بە تایبەت لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ تا ١٩٤١، یان لایەنگری سەرسەختی ئەم میسیۆنە بوون. ئەوەی مێژوونووسی بواری ئێران، ستێفەنی کرۆنین، وەکو “ئەنجامی جەختێکی زۆر لەسەر سیاسەتی باڵای ئێلیتی شاری [ناوەند] بەهۆی ناهاوسەنگی لە لێکۆڵینەوە کۆنەکان”دا شیی دەکاتەوە نیشاندەری مەیلی لاینگریی دەوڵەت لەلایەن ئێلیتی فارسەوە بووە. ئێتنیسیتەی باڵادەست کە دەوڵەت وەکو بکەری هەموو جۆره گۆڕانکارییەک دەبینێت و، ئێتاتیسم (دەوڵەوتگەرایی) لەگەڵ پێشکەوتن هاوپێناسە دەکات، بە شێوەی سیستماتیک ئەخلاقێک دەخوڵقێنێت کە وێنەی ئایدیالی و دزێوی خۆی پێک دەهێنێت. لەسەر ئەم ڕێبازە بەلای یەکینەکانی لایەنگری دەوڵەتەوە، ناسیۆنالیزمی باڵادەست وەکو ”چاک”، یان لە خۆیدا ئایدیال و، ئەوانی دیکە بە نەخوازراو و پاشماوەی ڕابڕدوو و کۆسپ لە بەرانبەر پێشکەوتنی وڵاتدا وێنا کراون. کریستۆفر هیوستن، لێکۆڵەری بواری کوردناسی، ڕاست دەکات کە دەڵێت: ناسیۆنالیزم (چ ناسیۆنالیزمی باڵادەست بێت و چ ناسیۆنالیزمی ژێردەست) فەزیلەت (سەریەتی)ی نوێ دادەهێنێت. وێژمانەکانی لەسەر زاناوی کوردیش لەگەڵ خۆیاندا ڕەهەندێکی ئێتیکیان هەیە کە بەشێکیان لەسەر بنەمای سووکایەتی و هاوچەشنی بنیات نراون. بەڵام، لە نێوانیاندا جیاوازییەک هەیە؛ ناسیۆنالیزمی باڵادەست “دەتوانێ فەزیلەتەکان بەیاسایی بکات.” لە کاتێکدا ناسیۆنالیزمی ژێردەست لە ناخی خۆیدا وەکو قرێژ وێنا دەکرێت، ناسیۆنالیزمی باڵادەست – لە ڕێی یاسا و دەزگا حکومییەکانەوە – لە چوارچێوەی کولتوور و زمانی حاکمدا سووژەی نەتەوەییی خۆی دەخوڵقێنێت.
لە زۆرێک لە بەرهەمە گرینگهکانی مێژووی فارس وەکو بەرهەمەکانی مێژووناسی بەناوبانگ ”ئەحمەد کەسرەوی”دا، وشەی ”کورد” بە دەستەواژەگەلی وەکو تاڵانکەر، ئاژاوەگێر (آتشافروز) و ئەشرار (اشرار، کە واتایەکی بەهێزی دینیی هەیە) وەسف کراوە. هەموو ئالینگارییەکی بەرانبەر دەوڵەت بە گشتی وەکو ”ئەشرار” پێناسە کراوە. لە چاوی ڕەزاخان و ئێلیتی فارسدا، ڕابەرە “ناوچهییهکان” و “هێمانە نەریتتییەکان” وەکو خانەکانی بەختیاری و شێخ خەزعەلی موعەممەرە، نە تەنیا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ناوەنددا بوون، بگرە بە “کۆسپ و ئاستەنگ لە بەرانبەر دەستکەوتەکانی مۆدێرنیتە و یەکێتیی نەتەوەییدا هەژمار کراون … ئەوان بەردەوام وەکو ستوونی پێنجەم (تابووری پێنجەم) دەوریان گێڕاوە و مەترسییەکی هەمیشەیی بوونە لەسەر یەکپارچەیی و سەربەخۆییی سیاسیی دەوڵەتی ئێران.” ئینتەلیجەنسیای لایەنگری دەوڵەت بە بەردەوامی دژبهرانی سیاسیی ”ناوچهیی” وەکو مەترسیی ئەمنی لەسەر یەکێتیی نەتەوەیی دیتووە. چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر چاپەمەنیی ئەوکاتەدا ئاشکرا دەکات کە ئێلیتی فارس تەنانەت داکۆکییان لە حاشاکردنی دادگا نمایشییەکانی ئەو کەسانە دەکرد کە بەرەنگاری دەوڵەت دەبوونەوەر و سەرەڕای هەندێک تێبینی، ئەوان، بە گشتی ڕەزاخانیان وەکو “دواشانس بۆ پاراستنی یەکێتی و سەربەخۆییی ئێران” وێنا دەکرد.
خەباتی سمکۆ و ئاکتۆرەکانی هاوشێوەی لە بەستێنی ئەمنیەتی نەتەوەییدا هەمێشە بە شێوەیەکی نێگاتیڤ تاوتوێ کراون. ئەم دژبهریەی پەڕاوێز وەکو یاغی و مەترسیدار وێنا کراون کە ئامادەن بۆ ئەوەی بێگانە بۆ مەرامی خۆی بەکاریان بێنێت و دژی یەکپارچەیی وڵات پیلانگێڕی دەکەن. ئەم دەربڕینەی محەمەد تەقی بەهار، مێژووزان، شاعیر و فەرهەنگنووسی بەناوبانگی ئێران، نموونەیەکی بەرجەستەیە کە ئەوان چۆن ئەو کەسانەیان وێنا کردووە. بەهار دەڵێت:
“لە زەمانی کۆنەوە، ”ئەشرار”ی کورد وەکو شێخ عوبەیدوللا، هەمزاغای شکاک و هەموو ئەندامانی دیکەی ئەو هۆزەی ناوبرا وەکو سمایل ئاغا یاغی بوونە، بەڵام بەردەوامیی هێزی دەوڵەت خۆی لە خۆدا، ئەوانی سەرکوت کردووە و تێکی شکاندوون. دیارە لە هەر وڵاتێک سرووشتییه که دەوڵەت بەسەر دەستەی یاغیبووی هۆز، یان گەلانی ناوچەییدا زاڵ بێت، چونکە هێزی دەوڵەت بەردەوامیی هەیە، سەرمایەکەی زۆرترە؛ بە پێچەوانەی هێزی یاغیبوو کە هەم خۆی سنووردارە، هەمیش سەرمایەکەی کەمە.”
پاش بەدناوکردنی کەسانی ناوبراوی سەرەوە، ”بەهار” بەبێ ئەوە سرنج بداتە جیاوازییە زەمەنییەکان و هاوتەونە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان، هۆکارێکی دیکە بۆ سەرهەڵدانەکانیان دەبینێتەوە: گەلەکۆمە و ئاژاوەگێڕیی بێگانە. مەنتقی تەلویحی دەقی مێژوونووسیی باڵادەست ئەمەیە: ئەگەر لەبەر سرووشتی یاغییان، یان لەبەر فیتنەی بێگانە نەبێ، بۆ دەبێ خەڵکی پەڕاوێزەکان لە دژی ”دەوڵەتی خۆیان” یاغی ببنەوە؟ ناتوانێ ددان به بوونی مۆتیڤاسیۆن و ئەنگێزەی خۆ-ناسێنی نهتهوهییی کورددا بنێت، چونکه خۆ-ناسێنی نهتهوهیی لەگەڵ ”سرووشتی لادەری تریبالیست” یهک ناگرێتهوه. ‘محەمەد تەقی بەهار’ هەبوونی هەرجۆرە مۆتیڤاسیۆنێکی سیاسی لە پشت بزووتنەوە و داخوازییەکانی سمکۆ ڕەد دەکاتەوە. بەهار ئیدیعا دهکا که:
ئیسماعیل ئاغا یەکێک لەو یاغییانە بوو کە لەوانەیە لەلایەن بێگانەکانەوە هان درابوو. لەوانەیە موبالیغە نەبێ ئەگەر بڵێین هەندێک لە ئەفسەری ئەرتەش کوشتنی [سمکۆیان] دوا خست، چونکە یان سەر بە بێگانە بوون، یانیش ئەویان وەکو کاڵای بازاڕکردن بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان بەکار دەهێنا.
ناسیۆنالیستە فارسەکان، کە زۆرجار لە کاری سەربازییەوە بۆ ئینتەلیجەنسیا هەڵکشابوونەوە، بە گشتی شۆڕشی سمکۆیان وا وێنا کردووە کە هیچ ڕەهەندێکی جیددیی سیاسیی نەبێت. بە پێچەوانەوە، کرداری سمکۆیان بە ”سرووشتی یاغیگەرانەی” خەڵکی ئەو ناوچانەوە بەستووەتەوە. سرنجڕاکێشە کە ئەم بۆچوونە لەمەڕ بەرخودانی پەڕاوێزەکان ئەوەندە پێداگرە کە ئێستاش لە ئێران بووە بە بنچینەی مێژوونووسی. مێژوونووسی ئێرانی، ئێروەند ئابراهامیان، گاڵتە بە سەید جەعفەر پیشەوەری دەکات کە فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجانی دامەزراند و ڕابەرایەتیی کرد. ئابراهامیان لەو بوچوونەدایە کە “پیشەوەری لەپڕدا ”ڕەگە” ئازەرییەکەی خۆی دیتەوە و تازە بۆی دەرکەوت کە زێدەکەی، ئازەربایجان، لە مێژەوە لە ‘مافە نەتەوەییەکانی” بێبەش کراوە. ”سەرهەڵدانێکی” هاوتەریب لە کوردستانەکەی دراوسێی ڕووی دا.” ئەم وەسفەی ئابراهامیان گوێ ناداتە هەستی غەدرلێکراوی کە لەلای ئازەرییەکان پەیدا ببوو. ئازەرییەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە سەرکەوتنی شۆڕشی مەشرووتەی ئێران لە ساڵانی ١٩٠٥ – ١٩٠٧دا گێڕا. بەڵام پاش ئەوەی ڕەزاشا دەسەڵاتەکەی مسۆگەر کرد، ئەوان بوون بە یەکەم قوربانیی سیاسەتی هەڵاواردن و قەدەغەی زمان. ئابراهامیان بەبێ ئەوەی سرنج بداتە هەبوونی پشتگیرییەکی جەماوەری بۆ قەزیەی ئازەری، بە نادیدەگرتنی مێژوویان، پلار دەهاوێژێتەوە پیشەوەری کە گویا ئازەریبوونی خوی بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی بەکار هێناوە، یان بە هاندانی هێزێکی دەرەکی، واتە ڕووسەکان، دەستی بەم هەڵمەتە کردووە. بە هەمان شێوە، پێکهاتەی خێڵەکی، کە گویا موستەعیدی دروستکردنی ڕێگری بوو لە کۆمەڵگادا، تا ئێستاش وەکو هاندەری سەرهەڵدانی سمکۆ دەبیندرێت. بۆ نموونە لە گێڕانەوەی زاڵدا تەنانەت ئێستاش “بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکەی کورد… ڕەگ و ڕیشەی لە شێوەی ڕەفتاری نامۆدایە. [هەرچەندە] بە گشتی وازیان لە کولتووری سیاسی و نەریتی بیگرەوە و تاڵانی بکە هێناوە، بەڵام [ئەو کولتوورە] هێشتا دەورێکی بنەڕەتیی لە سیاسەتی دووبەرەکیەتی و نامۆی ئەواندا هەیە.”
ئەنجام
لە کۆبەندییەکی گشتیدا، مۆتیڤە ئێتاتیستەکان ڕەوتی مێژوونووسیی ئێرانییان دیار کردووە. بە بۆچوونی ”بنانی”، هەڵمەتی ڕەزاشا لە دژی هۆزەکان و ئەجێندا ناسیۆنالیستییەکەی “زۆربەی ئیلهامی لە ئینتەلیجەنسیا وەردەگرت [کە هەڵمەتی ئەویان] هان دەدا و پشتگیرییان لێ دەکرد و کردەوەکانی لەلایەن زۆرینەی چینی ناوەڕاستی شاری، کاربەدەستانی حکومی، ئەفسەرانی ئەرتەش، کەسانی پرۆفێسیۆنەل و خوێندکارانەوە پەسەند دەکرا و چەپڵەی بۆ لێ دەدرا.” وەکو زۆربەی مێژوونووسیی ئێتاتیستی، مێژوونووسیی فارسییش بە شێوەیەک نووسراوە کە خزمەت بە پرۆژەیەکی ناسیۆنالیستیی فارس و بەرژەوەندیی کۆمەڵگای باڵادەست بکات. ئەو چەشنە مێژوونووسیییە، ناسیۆنالیستە ڕکابەرەکان وەکو گرووپی ڕێبڕ و بەکرێگیراوی بێگانە کە هیچ داخوازییەکی ڕەوای سیاسییان نییە و شیاوی حوکمی لەناوبردنن، پێناسە دەکات و بەم شێوەیەی نکۆڵی لە ڕەوایەتیی سیاسییان دەکات. سڕینەوەی هەستی ناسیۆنالیستیی کورد لەو هاوتەونەدا تەنیا لەپێناو گرنگیی ناسیۆنالیزمی گرووپی باڵادەست نییە، ئەمە هەروەها شیاوی سرنجی ئاکادێمیکیشە، چونکە ئەم سڕینەوەیە خزمەتی بە بێدەنگکردنی هەندێک لایەنی ڕابردوو لەلایەن دەوڵەت و بەردەوامیی پراکتیکی سەرکوتکردنی گرووپەکانی ژێردەستەکان دەکات. بۆیە، مێژوونووسیی ئێتاتیست لە وێناکردنی سمکۆدا، لە باشترین حاڵەتیدا، شێواندنە. سمکۆمان، وەکو کەسێکی کە هیچ ئاواتێکی سیاسیی نەبێ پێ دەناسێت. چیرۆکی ژیان و خۆسپاردەییی سمکۆ بۆ کولتوور و هەڵمەتی پەروەردەی کوردی، بەتایبەت پەرەپێدان بۆ خوێندەواریی کوردی، ئەمە دەخاتە ڕوو کە شۆڕشەکەی بەرگری لە بەرانبەر مۆدێرنیتە، یاسا و ڕێسا نەبوو. بەڵکو ددانپێداهێنان بەو ڕاستییەیە کە ئامانجە سیاسییەکانی سمکۆ، وێژمانی دەوڵەت بۆ هاوچەشنکردنی ”نەتەوە”ی لە بواری زمان و کولتووردا دەبردە ژێر پرسیار. بۆیە لە گێڕانەوەی فەرمیدا، سمکۆ و کوردەکان وەکو “تاڵانکەری خوێنخۆر،” کە جگە لە تاڵان و ماشینەوە هیچ ئامانجێکیان نەبووە، وێنا کراون. لە ئەم ڕێبازەی مێژوونووسیدا، پەیوەندیی ئاڵۆزی ئەتنیکی و دینی وەکو هۆکاری لواو بۆ بەرهەڵستبوونەوەی پەڕاوێز بە تەواوی سڕاونەتەوە.


