ئارامتر بخوێنەوە!
هەڵوەشاندنەوەی گابۆڕ
Plot summary/ کورتەی تەون
“دیسکۆرس چەمکێکە کە میشێل فۆکۆ بۆ هەڵسەنگاندنی پێوەندییەکان لەگەڵ دەسەاڵت لە ڕادەی و شوێنی جیاوازدا هێنایە نێو باسەکانی فکر و هزر دونیای ئاکادێمی. کاری سەرەکی شیکاری دیسکۆرسی لێکۆڵینەوە لەسەر پێوەندی زمانە لە حەوزەی جۆراوجۆردا. بەپێی شیکاری دیسکۆرسی، شتەکان هەرگیز تەنیا بۆ خۆیان بوونیان نییە، بەڵکوو هەر کە زمان بەکار هات جیهانی دەرەوەی خۆمان شرۆڤە دەکەین. لە شیکاری دیسکۆرسیدا ئێمە پێوەندی نێوان گوتار و گوفتمانەکان هەڵ دەسەنگێنین.”
یەکەمجار وشە بوو و وشە لە لای خودا بوو، و وشە خودا بوو.
ئینجیل، یوهانێس ١:١. ١٩١٧
The Beginning (Genesis 1:1-2)
In the beginning was the Word, and the Word was with God, and the Word was God.
تەونی گابۆڕ لە دوو گێڕانەوە و چیرۆکی هاوتەریب پێک هاتووە:
چیرۆکی یەکەم بەسەرهاتی چەند منداڵێکە، لەوانە کەریم و هەژیر(عەبدولموتەلیب)، کە لە شارێکدا دەژین کە پاسگاکان کۆنتڕۆڵیان بەسەردا هەیە. ئەو منداڵانە لە ڕەوتێکدا گەورە دەبن و بە هۆی هەڵکەوتێک لەگەڵ گۆڤاری سروە ئاشنا دەبن و لە ڕێگای خوێندنەوەی سروە و شێعر و کتێب، زمانی دایکیی خۆیان دەناسن، فێری نووسینی زمانی کوردی دەبن و وردە وردە لە ڕەوتی ژیانیاندا هێندێک ڕووداو وا دەکەن کە هەژیر بەرەو سنوور کۆچ دەکات و کەریم لە شار دەمێنێتەوە.
چیرۆکی دووهەم بەسەرهاتی کوشتارگای دەرەوەی شارە کە لە خەیاڵ و زەینی کەریمدا بە گرافیکی ئیتالیکی بۆ خۆێنەر دەگێڕدرێتەوە. هەموو ڕۆژێک کەریم و بابی کە قەساب بوو، مانگا، جوانەگا و گوێلک دەبنە کوشتارگا کە سەریان ببڕن. بە هۆی بوونی پاسگا و خەتەری مەرگ بابی، کەریم لە قەسابەوە دەبێتە مریشکفرۆش. کەریم بەسەرهاتی ئەو ئاژەڵە بەستەزمانانە وەها بە وردی دەگێڕێتەوە کە خوێنەر هەست دەکات لەگەڵ کەریم بەیانیان بەرەو کوشتارگا چووە و کوشتاری ئاژەڵەکانی بە چاوی خۆی دیوە. بەرەبەیانییەک، سەیدە سوورەی زمانشڕ کە ماڵاتەکان سەر دەبڕێت لەگەڵ جوانەگایەک لەبەریەک ڕادەچن و سەیدە سوورە، مانگا بریندار دەکا، بەڵام جوانەگاش شاخ لە ورگی سەید دەدا و لە کوشتارگا دێتە دەر.
مانگا لە ئەفسانەکاندا
لە زۆربەی ئەفسانەکانی هیندی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یوونانی و سکاندیناویدا مانگا یا پیرۆزە و یان ڕۆڵێکی گرینگی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان، سووڕی سروشت و گێڕانەوەکان هەیە. بەپێی هیندووئیزم مانگا یەک لە حەوت دایکانی پیرۆزی زەوییە: دایکی زەوی، دایکی تاک، مامۆستا، پەرەستار، مەلەکە، هاوسەری برەهمان و مانگا. مانگا لە چەرخی ژیانی سروشت و مرۆڤدا یەکجار بەبەرەکەتە. کە دایک شیری نەبێ، شیری مانگا دەدەنە منداڵ. تەنانەت پەینەکەشی وەک سووتەمەنی بەکار دێت. وەک تایبەتمەندییەک بۆ مانگا دەتوانین بڵێین کە مانگا ئاژەڵێکی سەخییە، بەبێ ئەوە پێویستی بە ئاگادارییەکی سەیر هەبێ. بوونەوەرێکی مێهرەبانی بێئیدعایە. نوێنگوون و جوانەگا لە مانگا دەبن؛ نوێنگوون بۆ دووبارە بەرهەمهێنانی ڕەگەز و شیر، و جوانەگا بۆ کێڵانی زەوی. مانگا و گوێلکەکانی نزیکترین و بەبەرەکەتترین ئاژەڵ و دۆستی مرۆڤن.
ئەفسانەکانی سەبارەت بە مانگا وەک یەکەمین دایکی جیهان و هێمای زاوزێ لە نەریت و کولتووری زۆر ناوچە و گەلدا دەبینرێن. یەکەمین وێنەکانی هەزاران ساڵ پێشی سەر دیواری ئەشکەوتەکان کە بۆمان ماونەتەوە مانگا و جوانەگان. لە گورگان و مازندەرانی ئێران پەیکەرەیەکی چوار هەزار ساڵەی مانگایەک دۆزراوەتەوە کە خەریکە شەراب دەخواتەوە. مانگا هێمای شەڕی نێوان ڕووناکایی و تاریکییە.
لە میتۆلۆگی سکاندیناویدا یەکەمین مانگا/دایک، هێندە زمان لە سەهۆڵ دەخشێنێ تا پیاوێک لە نێودڵی سەهۆڵەکان دێتە دەر و Audhumbla/Ödhumla وەک باوکی خوایان دەناسرێت. لە میسر و میزۆپۆتامیا، سیمبۆلی خواوەندەکانی ئاسمان و ئەوین و ژن ئیسیسISIS/ و Hathor، سەری مانگا یا ژنێک بە شاخی مانگاوە بوو. هەراHera / ی یونانی خواوەندی ماڵ، ژن و هاوسەرگیری و پاراستنی ژیان، مانگا و شیرەکەی بوو. لە دینەکانی ئاسمانیدا مانگا خاوێنە. یەک لە وێنەکانی ئاسمانیی ئەستێرەکان Zodiac/”ثور” جوانەگایە.
هاوکات گەلێک ئەفسانە هەن کە تێمی گرینگی ئەوان ئەوەیە چۆن گا/مانگایەکی بەهێز لە داو بخەیت. بۆ وێنە یەک لە دوازدە خانی هەرکولێس بۆ پاکبوونە لە تاوانێک کە ئەنجامی دابوو، ئەوە بوو کە “مانگای کرێت” کە مانگایەکی زۆر جوان و بەهێز بوو، لە داو بخا و بیگرێ. یەک لەو ئاژەڵانەش کە بە مەبەستی قوربانیکردنی ئایینی بەکاری دێنن هەر مانگا، جوانەگا و گوێلکن.
چوونە نێوباس
ئادۆرنۆ و هۆرکایمێر سەر بە مەکتەبی فڕانکفۆرتییەکان یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٤دا لە کتێبی دیالێکتیکی ڕۆشەنگەریدا هێندێک باس لەوانە: بێزمانیی ئاژەڵان و ڕەنجی مرۆڤ و ئاژەڵ دێننە کایەوە. دیالێکتیکی ڕۆشەنگەری کتێبێکی ڕەخنەگرانەیە لە ڕوانگە و هزری پێشتری ئورووپایی. ڕۆشەنگەری لە ڕوانگەی ئەوانەوە بریتییە لە گەیشتن بە خودئاگاییەک کە مۆدێرنیتە دێنێتە ژێر ڕەخنەوە؛ چۆن مرۆڤ دەستی داوەتە وێرانکردنی خۆی و بەرپاکردنی کەمپی سووتانی مرۆڤ. کۆمەڵگای تێکنیکی و مەسرەفگەرا، ڕێکلام، سەنعەتی کولتووری، هەموو تێكڕا لەژێر ناوی ئێفێکتیڤبوون/کارابوون مێشکی مرۆڤ دەشۆنەوە. مرۆڤ وشەکان لە هەموو شوێنێک، لە ڕادیۆ و دەربڕینەکانی بەکار دێنێ، ئەو وشانەی کە لە ماناکانیان حاڵی نین و دەبنە تۆتالیتێر. مرۆڤ خۆی پێ خاوەن هەست و بیرە، و ئاژەڵ بێهەست دەبینێ. ئەوەی کە بێهەستە، خاوەنی وشە نییە. بەڵام ئاژەڵ ڕۆحی خۆی هەیە و تەنانەت ئەرەستوو باسی جەستەی ئاژەڵی نەکردووە، بەڵکوو باسی وجوودی تایبەتی ئاژەڵی کردووە کە نزمترە لە مرۆڤە. جیهانی ئاژەڵ بێچەمک و بێوشەیە و ئاژەڵ خودی نییە. دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر ئاژەڵ و سروشتدا و نەتوانینی ئەوان بۆ دەربڕینی ڕەنجی خۆیان باسێکی دیکەی دیالێکتیکی ڕۆشەنگەرییە.
لە دەلاقەی ئەم پێشەکییەوە، دەمانەوێت بزانین کە بۆ لە ڕۆمانی گابۆڕدا ئەو هەموو ماڵاتە بریندار و سەربڕاوە ڕووبەرێکی زۆری دەقیان داگیر کردووە؟ چیرۆکی دووهەم بۆ بە خەیاڵ و زەینی کەریمدا تێپەڕ دەبێ؟ لەم وتارەدا هەوڵی ئەوە دەردێ کە خوێندنەوەیەکمان هەبێ لە بۆ مانگا، جوانەگا و گوێلکەکانی ناو ڕۆمانی گابۆڕ و لەگابۆڕدانی ئەوان.
پرسیار و گریمانە
بە خوێندنەوەی گابۆڕ ئەو پرسیارە لە لای منی خوێنەر دروست دەبێت، کە بۆ نووسەر ئەو هەموو مانگا و جوانەگا و کوێلکەی بەناو تەونی دەق و خەیاڵی کەریمدا بڵاو کردۆتەوە و گابۆڕی ئەو ئاژەڵانە لە بۆ چییە؟
دەقێکی دەوڵەمەند و نووسەرانە بەپێی ڕوانگەی “بارت” ئەو دەقەیە کە بتوانێت ئەمڕۆ دووبارە لە لایەن خوێنەرەوە بنووسرێتەوە و مانای تازە و جیاواز لە خۆی بداتە دەست. بەڵام ئایا خوێندنەوەکان مانا و مەبەستی نووسەر دەپێکن؟ “بارت” گوتەنی ڕەنگە هەر هەوڵێک بۆ پێکانی مانای نێو خەیاڵی نووسەر بێهودە بێ، بەڵام تەنیا لە ڕێگای ئەم خوێندنەوانەوە ڕەنگە بە هێندێک مانا بگەین.
déconstruction مێتۆد
de-struere هەڵوەشاندن
construere دروستکردن
وشەی دێکانستراکشن لەم دوو وشەیە پێک هاتووە. هەر خودی وشەکە هەڵچنین/دروستکردن و هەڵوەشاندن/لەبەریەک هەڵوەشاندن هەڵگری دژایەتییە، بەڵام هاوکات مانا دەدەنە یەکتر. مەبەستێکی چەمکی دێکانستراکشن ئەوەیە کە بە هەڵوەشاندن و دووبارە لێک گرێدانەوەی تەونی دەق، دژایەتی و چەندوێنەیی پشتەوەی دەق نیشان بدرێت و دەق لە کۆنتێکستی تازەدا مانا بکرێتەوە. خوێندنەوەی دەق هەمیشە بە دۆخەکان بەستراوەتەوە و لە زەمەندا دەگۆڕدرێت و مانای جیاوازی لێ هەڵدێنجێن. مێتۆد/فەلسەفەی هەڵوەشاندنەوەی “دێریدا” هەوڵ دەدا نیشان بدات چۆن دەق هەڵگری دژایەتییە کە ڕەنگە لە نیگای یەکەمدا نەبیندرێ. چ ئامانجێکمان لە هەڵوەشاندنەوەی دەق هەیە؟ بە ڕای “دێریدا” ئێمە ناتوانین واقع بە شێوەی ئابژێکتیڤ پێناسە بکەین، بەڵکوو تەنیا دەتوانین خوێندنەوەیەکمان لە ڕێگای زمانەوە لێی هەبێ. تەنیا لە ڕێگای وشە و زمانە کە واقع دەنووسینەوە و وێنای دەکەین، ئێمە دەتوانین بە بەشێک لە واقع بگەین. زمان واقع دروست دەکا.
بۆ خوێندنەوەی دووهەمم لە ڕۆمانی گابۆڕ (خوێندنەوەی یەکەم لە حەفتەنامەی سیروان، ژمارە ١٠٢٣دا چاپ کراوە) دیسان ڕۆمانەکە دەخوێنمەوە. ئینجا ڕۆمانەکە وەک قوماشێک لەت دەکەم و دوو چیرۆکە هاوتەریب و تێكەڵاوە کە لێک جیا دەکەمەوە. ئایا بە تەنیا وەک دوو چیرۆکی سەربەخۆ دەمێننەوە؟ بەتایبەت ئەو چیرۆکەی بە مێشکی کەریمدا دەڕوات و دەگاتە خوێنەر؟ بەڵێ؛ ئەگەر ئێمە ئەو دوو چیرۆکە لێک جیا بکەینەوە، هەرکام لەوان ژیانی خۆیان هەیە. چیرۆکی یەکەم بەسەرهاتی چەند منداڵە کە وەدوای تۆپێک کەوتوون و دواتر لەگەڵ گۆڤاری سروە ئاشنا دەبن. کەریم برایەکی لە شەڕێکدا شەهید بووە. وێنەی براکەی جاران لەسەر دیوار بوو، بەڵام ئێستا تەنیا جێگای وێنەکە لەسەر دیوار ماوەتەوە. هەژیر کە ناوی عەبدولموتەلیبە، ناوی خۆی دەگۆڕێت و دەیکاتە هەژیر. هەژیر بابێکی زۆر چڵێس و سێکسیستی هەیە کە هاوکات ژنەکەی زۆر خۆش دەوێ. ئەو دوو منداڵە وردە وردە گەورە دەبن و تاد.
چیرۆکی دووهەم کە لە داخڵەی خەیاڵ و زەینی کەریمدا دەگاتە خوێنەر، باسی کوشتارگایەک و شەڕی ئاژەڵە بێزمانەکان و سەیدەسوورەی قەسابە. هەموو بەیانیان کە سەیدەسوورە دەیەوێت ماڵاتەکان سەر ببڕێ، ئەوان بە دیتنی خوێنی هاوڕەگەزەکانیان لە گابۆڕ دەدەن. لە بەرەبەیانێکدا سەیدەسوورە و جوانەگایەک یەکتر بریندار دەکەن و جوانەگا بە برینداری لە کۆشتارگا هەڵ دێت.
کەوایە ئەم دوو ڕەوایەتە هەم بگێڕەوە (راوی) خۆیان هەیە، هەم چیرۆکی سەربەخۆی خۆیان و هەم فۆڕم و تێکنیکی خۆیان.
ئینجا کە چیرۆکەکانمان لێک جیا کردەوە، بۆ وێنە چاو لە پاژ و کۆ، وشە، ئیدیۆم دەکەین تا مانا شاراوەکانی نێو دەق بدۆزینەوە. ئەم شێوە لە خوێندنەوەیە بەپێی دێكانستراکشنی “دێریدایـ”ـی، واتە لەبەر یەک هەڵوەشاندنەوەی دەق ئەنجام دەدەین.
هەڵوەشاندنەوەی دەق
“دێریدا” (١٩٣٠-٢٠٠٤) هەوڵی ئەوەی بوو کە نێشان بدا، سیستمە مێتافیزیکییەکان پڕن لە درز و دژایەتی. بەڵام سەرەڕای ئەوە دێریدا ئیدەی سیستمی مێتافیزیکی فڕێ نەدا، بەڵکوو تەنیا وەک پرۆژەیەکی بەردەوام ناتەواو چاوی لێ دەکرد. دێکانستراکشن چەمکێکی فەلسەفی و زانستی ئەدەبیاتە کە ڕیشەی لە پۆستستراکچرەکاندایە. ئەم چەمکە بەربڵاو و چەندماناییە، و دێریدا قەت تاریفێکی کۆتایی لێ نەکردووە. بە بۆچوونی دێریدا هیچ شتێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە. هەموو شتێک دەتوانێت دەق بێت و ئەو شتانەی دەیانبینین، هەستیان پێ دەکەین، بیریان لێ دەکەینەوە، دەیانخوێنینەوە، جۆرێک لە دەقی پڕ لە چەمکی دژبەیەکن کە ئێمە شرۆڤەیان دەکەین. زمان لە دووانە دژبەیەکەکان پێک هاتووە. لە ڕێگای ئەو دژانەوە ئێمە هەوڵی فامکردنی واقع دەدەین. بۆ ئەوە دیاردەیەک بناسین دەبێ دژەکەی بناسین. وەک نوور و تاریکی، وەک واقع و خەیاڵ و خەون. لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی دەق دەتوانین بەوە بگەین دەق چۆن دروست کراوە. ڕێگایە بۆ دۆزینەوەی شاراوەکان، ڕەنگە ئەوە بێت کە بۆ وێنە جنس یا ئێتنیکی تاک، یا کات و شوێنی دەق بگۆڕی. هەموو چالاکییەکی مرۆڤ وەک خوێندنەوەی دەقە کە دەکرێ هەڵوەشێندرێنەوە.
دیسکۆرس
دیسکۆرس چەمکێکە کە میشێل فۆکۆ بۆ هەڵسەنگاندنی پێوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵات لە ڕادەی و شوێنی جیاوازدا هێنایە نێو باسەکانی فکر و هزر دونیای ئاکادێمی. کاری سەرەکی شیکاری دیسکۆرسی لێکۆڵینەوە لەسەر پێوەندی زمانە لە حەوزەی جۆراوجۆردا. بەپێی شیکاری دیسکۆرسی، شتەکان هەرگیز تەنیا بۆ خۆیان بوونیان نییە، بەڵکوو هەر کە زمان بەکار هات جیهانی دەرەوەی خۆمان شرۆڤە دەکەین. لە شیکاری دیسکۆرسیدا ئێمە پێوەندی نێوان گوتار و گوفتمانەکان هەڵ دەسەنگێنین و لە دیاردەکان دەکۆڵینەوە کە چۆن دیسکۆرسەکان، کاریگەرییان لەسەر یەکترە و بۆ وێنە پێوەندیی دەسەڵات و نایەکسانی چۆنە. بەپێی دیسکۆرس (Discourse) ئێمە لە ڕێگای زمانەوە جیهان ناس دەکەین و بەبێ زمان ناکرێ واقع بنووسینەوە و باسی بکەین. زمانە کە واقع فۆرم دەدا و واقعێک کە ئێمە دەربارەیدا قسە دەکەین هەمیشە سۆبژێکتیڤە. بەکارهێنانی زمان دیسکۆرس بەرهەم و دووبارە بەرهەم دێنێتەوە. دیسکۆرس کاریگەرییان بە چاک و خراپ هەیە؛ دەتوانین چ بڵێن و بنووسین و یا ناکرێ بگوترێن و بنووسرێن.
شیکردنەوە
ئەگەرچی بگێڕەکانی گابۆڕ ئێستا خەریکن بەسەرهات و ڕووداوەکانی ڕابردوومان بۆ دەگێڕنەوە، بەڵام بەشێکی ڕووداوەکان لە ڕابردوو لە ڕابردوودا ڕوو دەدەن. ئەم زنجیرە پەیوەستە لە کاتە دەمانباتەوە هەمان بۆچوونە دروستەکەی دێریدا و ڕەخنەکەی لە فیلسووفانی پێشتر کە بە جۆرێک باوەڕییان بە هەبوونی ڕەهایە. لە سیستمی بیری ئەواندا تەنیا ئێستا هەیە و ڕابردوو لە دەست چووە و داهاتووش هێشتا نەهاتووە، بەڵام شتێک کە لە خۆیدا ناگۆڕێ و ناجووڵێت، ناتوانێت بوونی هەبێ. بۆ دێریدا جووڵە و گۆڕانە کە بوون مانا دەکەن و ئێستا هەمیشە بەشێک لە ڕابردوو لەگەڵ خۆی دێنێت. بە ڕای دێریدا ستراکچر (پێکهاتە)ی زمان کە ڕابردووشی لەگەڵە، ئیمکانی ئەوەمان دەداتێ کە گۆڕان لە زەمەندا ببینین. ڕابردوو بەشێکی چالاکە لە ژیان و ئێستامان.
“تەنیا شتێکمان کەم بوو؛ ئەویش تۆپ بوو”. (ل. ٧ و هەوەڵ ڕستەی گابۆڕ)
یەکەم ڕستەی گابۆڕ بە گێڕاونەوەی یەکەم بگێڕ، لە نێو دەیان بگێڕی دیکەدا دەست پێ دەکات، گابۆڕ باسی ڕووداوەکان لە ڕابردوویەکدا دەکات، بەڵام ئەم ڕووداو و ڕابردوویە خۆی تەژییە لە ڕابردووەکانی دیکە، لە سەرەتای چیرۆکەکە چەند بگێڕی لاو باسی ئەوەمان بۆ دەکەن کە دەیانەویست تۆپێکی فوتباڵ بکڕن و تیمێک پێک بێنن، بەڵام هەر لێرەوە ڕابردوو لە ڕابردوو دەبنە بەشێکی گرینگ لە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی نووسەر و بگێڕەکان لەگەڵ کات و دۆخدا:
[…] “ئەو خاکە چکۆلە ڕاست بەرامبەری پازگا بوو. پازگا پیشتر ماڵی حەمەدەمینائاغا بوو. […] چەند ساڵ دوای گرتنەوەی شار دەوڵەت ئەو ماڵەی داگیر کرد و کرا بە پازگا […]”.
میرزا هادی باوکی عەبدولمتەللیب هەموو جارێک چاوی پڕ دەبوو لە ئاو. ئای لەو ڕۆژە ڕەشەی تێی کەوتین!” (ل. ١٦-١٧)
ڕابردوو لە ڕابردووەکانی نێو گابۆڕ دەیانەوێ پێمان بڵێن کە زەمەن تەنیا ئەو ئێستایە نییە کە بگێڕەکان خەریکن ڕووداوێکمان بۆ دەگێڕنەوە، بەڵکوو ئەو ئێستایەمان پڕە لە ڕابردوو. ڕابردوویەک کە داهاتووەکان ساز دەکەن، بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەو ڕابردوو-ئێستا و ڕەنگە داهاتووش، نەک بەرەو باشی و گەشەکردن، کە بەرەو پاش گەڕاوەنەتەوە. بەپێی گوتەکەی میرزا هادی پێشتر، پێش ئەم ڕابردوویە، ژیان هێندە ڕەش نەبوو. تەنانەت مێرمنداڵێکی وەک عەبدولمتەللیب دەزانێت کە زەمان چین و قورسی سەدان ساڵەی خۆی لەسەر ناوی ئەو بار کردووە و ناوی باوکی، هادی، دیسان خۆشترە لە ناوی عەبدولمتەللیب. ئەگەر بەپێی کات و پێشچوونی زەمەن با، دەبا ناوێکی خۆشتر لەسەر عەبدولمتەللیب دانرابا:
“کوتت کوڕە وەڵڵا هێشتا نێوی باوکم خۆشترە؛ هادی. خۆزگە بە خۆی. هی من لە هی باوکیشم پیرانەترە، لانیکەم بریا من نێوم هادی بوایە و باوکم نێوی عەبدولمتەللیب. چا ئەو بەدبەختییەی من”! (ل. ٦٨)
یا هەمان گەڕانەوە بۆ دوایە، ترس و ناچاری کاریگەری لەسەر ناوی کەریمیش بووە و لە ڕاستیدا ناوی کەریم نییە و لە ناچاری ناوی کراوەتە کەریم:
“کوتت من برایەکم بوو لە خۆم گەورەتر بوو، نێوی کاک جەماڵ بوو، ئەودەم کە لەدایک بووم، ئەو نێوی نابووم خەبات.
کوتت دوای ئەوەی وڵات گیراوە، باوکم و ئەوان لە ترسان نێویان گۆڕیوم و کردوویانەتە کەریم”. (ل. ٦٤ )
کەریم، باب و دایکی کەریم واتە بایز و گەوهەر، هەرکام لە ڕوانگەی خۆیانەوە باسی کار و کاسبی بایز دەگێڕنەوە. سەردەمانێک بایز قەساب بووە، ئەوان ژێرخانێکیان بووە و ماڵاتیان تێدا ڕادەگرت. هێندێک جار بەیانیان زوو بایز کوڕەکەی لەگەڵ خۆی دەبردە قەسابخانە. نووسەر یەکەم باسی ژیانی ئەوان وەک بەشێک لە دەقی چیرۆکی یەکەم دەنووسێت. کەریم باسی کوشتنەوەی مانگاکان و شەڕ و مانگرتنی مانگاکان لە قەساب دەگێڕێتەوە:
“دیتنی سەربڕینی مانگا و گوێلک زۆر ناخۆشە، لەوە ناخۆشهتر دیتنی دیمەنی ئەو مانگا و گوێلکانە بوو وا هێشتا نۆرەی سەربڕینیان نەهاتبوو، ئەو مانگا و گوێلکانەی وا بۆنی خوێنی هاونەوعەکانی خۆیان بە سەردا دەچوو. دوو شتیان زۆر سەیر بوو؛ دەنگیان و چاویان. وەختایەک بۆنی خوێنی مانگاکانی دیکە بە سەریانهدا دەچوو بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرە دەیانبۆڕاند کە بە هیچ جۆرێک وەک بۆڕەی جارانیان نەدەچوو […].
من زۆربەی ئەو بەیانییانەی گوێلکمان دەبرد بۆ کوشتارگا، ئاخرزەمانم هەست دەکرد و دونیام لێ ئاخر دەبوو”. (ل. ١٩)
بیرەوەرییەکانی کەریم سەبارەت بە کوشتارگای دەرەوەی شار کە بەیانییان بۆڕاندنی مانگا و چەقولووری سەگەبەڕەڵڵاکان پێکەوە ناخۆشترین دیمەن بوون بۆ کەریم، لە لاپەڕە ٢٠دا دەست پێ دەکەن. هەر لەم لاپەڕەیشدا چەندین جار ئیدیۆمی ئاخرزەمان بەدوای یەکدا بەکار دێن:
“من زۆربەی بەیانییەکان دەمبیست و چەند جارێکیش دیتم. هەر وەخت ئاوا بۆڕاندنی مانگاکان و چەقولووری سەگەکان پێکەوە تێکەڵ دەبوون، هەستم دەکرد ئاخرزەمان و دونیا ئاخربوونە. من زۆربەی ئەو بەیانییانەی گوێلکمان دەبرد بۆ کوشتارگا، ئاخرزەمانم هەست دەکرد و دونیام لێ ئاخر دەبوو.
وەختایەک گوێلکێکیان دەبردە بەردەرگا و سەیدە سوورە دەرگای لێ دەکردنەوە، کەریم بۆ دواجار دەستێکی بەسەر پشتیاندا دەهێنا و هەناسەیەکی هەڵ دەکێشا.
بڕۆ بەرەو ئاخرزەمان”. ( ل. ٢٠)
لەمەوبەدوا هەر جارناجارێک لە دۆخی جۆراوجۆردا بیرەوەری قەسابخانەی دەرەوەی شار و ئەو مانگا و گوێلکانەی کە سەریان دەبڕدرا، لە زەین و خەیاڵی کەریم (خەباتـ)ـدا شەپۆل دەدەن و ئەم بیرەوەرییانە بە فۆرمی ئیتالیک دێنە نێو دەق. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە بۆ ئەم بیرەوەرییانە/ڕابردووی دوور، لە زەمەنێکی دیکەدا، زەمەنی دوای داگیرکردنی ماڵە حەمەدەمینائاغا و هاتنی پازگا، ئەو کات کە پازگا پێشتر ماڵی حەمەدەمینائاغا بوو، وەبیر کەریم دێنەوە و ئێستا بۆ ئێمەی خوێنەر دەگێڕدرێتەوە؟ ئەو پێشترە بە کام زەمان و دۆخ ئیرجاعمان دەدا؟ زەمەنێک کە خەڵک ئاسوودەتر بوون یا زەمەنێک کە ئەو کاتیش قەسابخانەیەک هەبوو؟ یا ئەو زەمەنە کە هێشتا بایز نەببوو بە مریشکفرۆش؟ بەڕاست هەر ترس لە تیری پازگا بایز دەکاتە مریشکفرۆش یا زەروورەتێک لە دەقدا هەیە کە مانگا ببێتە مریشک؟
«وەختێک ماڵی حاجی حەمەدەمینائاغا بوو بە پازگا، بایزیش لە ترسی ئەوەی بەیانییەک زوو بە دوای گوێلک و مانگاوە وەبەر گولـلەیان نەدەن و خۆی و کوڕەکەی نەکوژرێن، قەسابی وەلا نا.
خوڵا وەتحەسێنێ لەو دەمەوە، بوو بە بایزی مریشکفرۆش.” (ل. ٢١)
ئەگەرچی مانگا کراوەتە/بۆتە مریشک، بەڵام ئێمە لەگەڵ یەک دیاردە ڕووبەڕووین: ئاژەڵ و باڵندەی بێزمان. ئێستا پرسیاری دووهەم دێتە ئاراوە کە بۆ ئەو هەموو ئاژەڵە بێزمان و بەستەزمانە بە نێو ئەم دەقەدا بڵاو کراوەتەوە/بوونەتەوە؟ ئەو ئاخرزەمانە/بەرەبەیانییان کە دەنگی بۆڕەی مانگا و چەقولووری سەگی بەرەڵڵای تێیدا دەبیسترێ چمان پێ دەڵێت و ئەو دەنگانە نیشانەی چن؟
با بگەڕێنەوە لای دیالێکتیکی ڕۆشەنگەری کە لەودا لە چەند جێیەک باسی بێزمانی ئاژەڵان و ڕەنج دەکرێ. لە ڕوانگەی دیالێکتیکی ڕۆشەنگەرییەوە، ڕۆشەنگەری بریتییە لە گەیشتن بە خودئاگاییەک کە کارەساتەکانی مۆدێرنیتە وەک وێرانکردنی خودی مرۆڤ و بەرپاکردنی کەمپ بێنێتە ژێر ڕەخنەوە. مرۆڤی خاوەن زمان و خاوەن ئاپاراتی دەوڵەت، بێزمانەکان وەک ئاژەڵ و بێهەست و بیر دەبینێ. لە ڕوانگەی بیر و جیهانی تۆتالیتەرەوە ئەوەی کە بێهەستە خاوەنی وشە نییە، یا دروستترە کە بگوترێ ئەوەی وشە و زمانی نییە بیر و هەست نییە و لە کاتی کارەسات و خەمدا تەنیا دەنگێکی لێ دێتە دەر (دەبۆڕێنێ).
هەموو مانگا و گوێلکی بێزمانی گابۆڕ و دەرەوەی گابۆڕ وشەیان نییە. پێش هاتنی پازگاکەش هەر وشەیان نەبووە. جار لەگەڵ جاریش دۆخ بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە. ئەو ماڵاتە تەنیا خاوەنی هاوار (گابۆڕ)ن. ئەوان لە کاتی خەم، خەتەر و کارەساتدا تەنیا دەتوانن لە گابۆڕ بدەن. ئەگەر وەبیرمان بێ، کەریم باسی ئەوەی بۆ کردین کە ئەو دوو شتی مانگاکانی پێ سەیر بوو، دەنگ و چاویان:
[…] “دوو شتیان زۆر سەیر بوو؛ دەنگیان و چاویان. وەختایەک بۆنی خوێنی مانگاکانی دیکە بە سەریانهدا دەچوو بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرە دەیانبۆڕاند کە بە هیچ جۆرێک وەک بۆڕەی جارانیان نەدەچوو”. (ل. ١٩)
ئەگەر لە ڕوانگەیەکی دەروونناسییەوە چاو لەم ڕستانە بکەین هەمیشە مرۆڤ لە کاتی ترس و خۆفدا چاوی زەق دەکاتەوە و بە شێوەیەکی ناخودئاگا دەقیژێنێ. لەو ساتانەدا مرۆڤ زۆر جار کوردوتەنی لاڵ دەبێ و وشە نادۆزێتەوە و تەنیا وەک ئاژەڵ هاوارێک لە گەرووی دێتە دەر. تۆ بڵێی چاوی زەقبووی مانگای چاوەڕوانی مەرگ، گابۆڕی گوێلکی ترساو، و لەبەریەک ڕاچوونی جوانەگا و سەیدەسوورەی قەساب هەمووی داڵی بەر ژیانی مرۆڤی کوردی و بێزمانی ئەو نەبن؟ ئەگەر بە گوێرەی دێریدا زمان داڵی بوونی مرۆڤە و هەموو شت لە دەق و وشەدا مانای هەبێ، ئاخۆ مرۆڤی بێزمان و زمانبەستراوی مرۆڤی کورد هەر هەمان ژیانی ئەو مانگا و مریشکانە نییە کە بەیانییان سەریان دەبڕن؟
ئینجا بۆ خاوەن مانگا لە ڕەوتێکدا دەبێتە مریشکفرۆش؟ ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتای شیکردنەوەکە کە باسی ئەوەمان کرد کە ڕابردوو و ئێستا نەک بەرەوپێش نەچوون، بەڵکوو بەرەو پشتەوە گەڕاونەتەوە، ئایا ناتوانین بڵێین کە تەنانەت ئەو بڕە دەنگە کە ڕەنگە سەردەمانێک بووبێت، ئێستا لە پاشگەزبوونی داوە و لە بۆڕەی مانگادا هێندە بچووک کراوەتەوە کە بووەتە جیکەی مریشک؟ خۆ تەنانەت ئەگەر قسەکەی لاکانمان قەبووڵ بێت (و ئەمە لە ڕوانگەی جێندێرییەوە جێگای ڕەخنەیە و بەپێی دونیای فەلسەفی و لینگویستیکی کریستێڤا، زمان هێترۆژێنە و هەم دایکانەیە و هەم باوکانە) کە زمان سیستمە و سابژێکت کە فێرە گۆ و زمان دەبێ دێتە نێو سیستم، ئەوە دیسان ئەو سیستمە زمانییەی گابۆڕ، چیرۆکی ئەو سەردەمەیە کە شەپکە هێندە توند بوو کە هەموو شت بەرەو پاش دەگەڕاوە و دەنگی بۆڕاندنیش لە بڵیندی خۆی دەکەوێت و دەبێتە جیکەی مریشکان. لێرەدایە دەق بەو قەناعەتەمان دەگەێنێت کە دۆخ و دیسکۆرسی دەسەڵات و پێوەندییەکان لە ڕابردوو، ڕابردووی دوور، ئێستا و ڕەنگە داهاتووش نەک بەرەو گەشە نەڕۆیشتوون، کە بگرە زمان و وشە هەموو ڕۆژێ لە قەسابخانە سەریان دەبڕدرێت و زمان لە زاری مانگا دێننە دەر و لە دەرەوە چەقولووری سەگان دەبیسترێ/دەبیسرا. ئەوان ساڵان، گەرچی زۆربەی وڵاتان چوونە نێو فازی مۆدێڕنیتەوە و بگرە دوای مۆدێڕنیتە، بەڵام هێمن گوتەنی لە لای ئێمە “دەبا خوێن بێ و سەران بەرێ، چەرخی کارگەیان بگەڕێ” بوو. بۆیە هورووژمی شەپۆلی بیرەوەرییەکانی کەریم بەردەوام کوشتاری نێو قەسابخانە دێننەوە یادی خوێنەر:
“ڕیزێک کەلاک بە قولاپەکانەوە لەمسەر بۆ ئەوسەر هەڵواسرابوون. هەموویان سەرەوخوار بوون. کلکە درێژەکانیان یەکی تۆزێکیان پێوە مابوو. کلکیان لە حەوا و گەردەملەکانیان ڕوو بە خوارێ بوون. خوێنیان لەبەر دەچۆڕاوە. ڕەگی لاڕانی زۆربەیان جارنەجارێک دەخولاوە و لێی دەدا. کابرایەکی بەرگ سپی لە سەری ئەوسەرەوە مۆر و ستامپێکی پێ بوو، دانە دانە چاوی لێ دەکردن و مۆرێکی شینی لە لاڕانیان دەکوتا”. (ل. ٩٥)
ئەوان سەردەمان گەلێک زۆر بوون ئەوانەی لاڕانیان مۆر و شین دەکراوە. هەر ئەوەش نا، زۆرن ئەوانەی بەسەرهاتی ئەو گوێلکانەیان پێیە کە بە هەڵکەوت لە چەقۆی قەساب نەجاتیان بووە و شانسی ژیانیان بۆ ڕەخسا (ئەویش چ ژیانێک، خۆی جێی باسە)، یا لە زگی مانگایەکی ئاوسدا لەبار چوون و مردن:
“بابم کوتی بۆ چوویە دەرێ؟ ترسای؟ کوتم پێم خۆش نەبوو. کوتی هەر تۆ ڕۆیشتییە دەرێ، هێنایانە دەرێ. کوتم چی؟ کوتی مانگاکەی کەوڵیان دەکرد، گوێلکێکی لە زگدا بوو؛ ئاوس بوو”. (ل. ١١٢)
نەزۆکی و کوشتوبڕی زمانی ناو گابۆڕ وەهای کردووە کە کوشتاری مانگا و گوێلکەکان و ڕووداوەکانی شار و دەستڕێژکردنی پازگا بەردەوام وێنای ئاخرزەمانن، چ بۆ کەریم و چ بۆ خوێنەر. زمان دەورێکی وەها گرینگی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە کە تەنانەت ئەگەر تۆ زمانی دایکی خۆت بزانی، بەڵام بڕۆیتە وڵاتێکی دیکە و زمانەکەی ئەوان بە تەواوی فێر نەبی، ئەوە جیهانی بیری تۆ قسر و نەزۆکە، جا چ بگا بەوە کە ئەو وڵاتەی کە لێیدا هاتووی لەوێش زمانی دایکی تۆ زمانی خوێندن و نووسین نەبێ:
[…] کوردی قسەکردنەکەی زۆر خۆش بوو؛ خەڵک بە ئەنقەست دەیاندواند. مانگایەکی قسری ڕاگرتبوو و بە ڕۆژدا دەری دەکردە دەرێ و ئەوەندەی تاقەتی بوایە دەیبردە خوار ماڵان و لە قۆپی و گوێچۆمی دەیلەوەڕاند. (ل. ٤٦)
پێوەندی چیرۆکی یەکەم و بیرەوەرییەکانی کەریم بە فۆرمی ئیتالیک لە نێو دەقدا پێوەندییەکی دیالێکتیکی و دیالۆگییە، واتە زۆربەی جار لە درێژەی مەنتقیی چیرۆکی یەکەمدا بیرەوەرییەکانی کوشتارگاکە دەنووسرێنەوە و جۆرە وڵامێکن بە ڕستەکانی پێشتری نێو دەق و تێمی سەرەکی گابۆڕ، واتە نەبوونی تۆپ، نەبوونی زمان، بێزمانی، بەستەزمانی مرۆڤەکانی ئەو شارە کە ئێستا پازگا داگیری کردووە. دیارە ئەگەر پازگاکان لە نێوەڕاستی ڕۆژدا مانگای قسری نەنەعەجەم بکوژن، مانگاکانی دیکە وەها تەفروتوونا دەکەن کە هەر زمانیان لە شەویلکەدا نەمێنێ. وێنەیەکی بەرچاوی ڕاستی ئەم بۆچوونە لە دەقدا ئەو کاتەیە کە عەبدولمتەللیب بۆ کەریمی دەگێڕێتەوە کە شەوی پێشتر شتێکی خۆشی بە زمانی کوردی دیوەتەوە، بەڵام دایکی لێی دەدڕێنێ:
“کوتم کەریم دوێنێ شتێکی زۆر خۆشم دییەوە بەڵام دایکم لێی دڕاندم. سەد بریا ملم بشکایە و نیشانی دایکمم نەدایە.
کوتم چی؟
کوتم داستانیکی بێ حەدد و ئەندازە خۆش بوو. بە زمانی کوردی بوو. ل. ٨٥
وە ڕاست دوابەدوای ئەم دیالۆگەی نێوان کەریم و عەبدولمتەللیب، بیرەوەرییەکی کوشتارگا دێتە نێو دەق کە چۆن مانگایەکی کە زمانی دەرکێشابووە دەرێ و کەف و لینجاوی زۆری بووە (تۆ بڵێی وشە و بەسەرهاتی زۆری پێ بووە) قەساب زمانی لە شەویلکەی دەردێنێ:
سەرەگایەکی بڕاو لەو لاوە دانرابوو. چاوی زەق ببووەوە و زمانی دەرکێشابووە دەرێ و کەف و لینجاوێکی زۆر لە ژێر زمانییەوە دەتکا خوارێ.[…] دوایی لاقێکی خستە سەر شەویلکەی خوارێی و بە هەردوو دەست توند شەویلکەی سەرێی کێشا تاکوو لە بەر یەکی هەڵپچڕی. بە دەستێکی زمانی هەڵێنا و بە چەقۆکەی کە بە دەستەکەی دیکەوەی بوو زمانەکەی لە بندا بڕی و فڕێی دا پەنا کەوڵەسەرەکە.
جووتێک چاوی قەلپووچ و زمانێکی بڕاو! (ل.٨٣-٨٤)
ئەگەر بە مێتۆدی شیکردنەوەی چۆنیەتی، موحتەوا و نێوئاخن چاو لە گابۆڕ بکەین و بمانەوێت بزانین هێندێک لە وشەکان چەند جار و چۆن دووپات بوونەتەوە، دەبینین کە وشەی زمان ٤٤ جار لە نێو ڕۆمانەکدا دووپات دەبێتەوە. ئەگەر ئەم ٤٤ جارە بە دووپاتبوونەوەکانی ٨٠ جاری مانگا، ٢٥ جاری جوانەگا، ٢٩ جاری گوێلک، ٢٦ جاری کوردی، ٧ جاری ئاخرزەمان، و زمانی بڕاو و بەستەزمان زیاد بکەین، ئەو کات دەزانین کە ڕۆڵی زمان چەند بناغەیی و بنیاتی بیری گابۆڕە و نەبوونی زمان و ڕەنجی بێزمانییە کە وا دەکا ئەو هەموو مانگا، جوانەگا و گوێلکە ببنە قوربانی. ڕەنج لە ڕوانگەی دیالێکتیکی ڕۆشەنگەرییەوە پێوەندی بە دەربڕینەوە هەیە، ڕەنجێک کە پێشی دیمەن و نیشاندانی گیراوە.
دوای ئەوە کە کەریم و عەبدولمتەللیب لاپەڕەیەکی سروە کە شۆرمەزەی تێ کراوە، دەدۆزنەوە و دوای ئەوە کە منداڵەکان دەزانن زمانی کوردی چەند شیرینە و دەتوانن بیخوێننەوە، تەنیا لە دوو لاپەڕە و سێ خەتدا ١٧ جار وشەی زمان لە مانای جیاوازدا بەکار دێت؛ هێندێک بە شیرینیی زمان و هەستی خۆش ئاماژە دەکەن و هێندێکیان پێمان دەڵێن کە ئەگەر زمان لێگەڕێ سەر سڵامەتە، ئەوە زمانە کە درۆ ناکا، و زمان بێئامانە:
“بە زمانی فارسی نەبوو. بەڵام ئەو دەیتوانی بیخوێنێتەوە. (١)
[…]
کوتم زۆر دواتر زانیم کە ئەوە شیرنایی و ڕووناکایی زمانی خۆم بوو لە دەروونمدا ئاوێتەی یەک دەبوون. (٢)
ئەوە یەکەم جار بوو بە چاو زمانی خۆی دەدی. ئەو تا ئەودەم تەنیا بە گوێی زمانی خۆی بیستبوو. (٣)
کوتم ئەوە یەکەم جار بوو زمانی خۆم دەدی. (٤)
زمانی خۆی چەندە ئاسان بوو، زمانی خۆی چەندە خۆش بوو! (٥)
کوتم من دەزانم.
کوتم من کوردی دەزانم. (٦)
بە هەڵهاتن ڕۆیشتەوە ژوورێ. لە خۆشیان زمانی نەدەهاتە گۆ. (٧)
کوتم دایە وەرە شتێکی سەیر!
کوتم چییە ڕۆڵە!
کوتم وەرە بە خودا من… دەزانم بخوێنمەوە!
کوتم چی دەزانی بخوێنیتەوە.
کوتم زمانی کوردی. (٨)
کوتم دادەی.
کوتم هەبوو… نەبوو… کابرایەک… بوو… دوو ژنی … هەبوو…
دایکی گورجێک زمانی خۆی گەست. (٩)
کوتم نانا. درۆم کرد. هەو نییە.
کوتم دا بێنە، زمان درۆ ناکا.(١٠)
لاپەڕەکەی لێ وەرگرت و لەبەر چاوی خۆی دڕاندی.
کوتم لای کەس دەنگ نەکەی! زمانت نەگەڕێ ها! بەدبەخت دەبین! نەڵیی شتێکی وام دیوە. (١١)
کوتم بێتو زمان لێگەڕێ سەر سڵامەتە. (١٢)
کوتم خاڵە جەحفەرت زمانی نەسرەوت و بە چوار پێنج لەتە کاغەزی ئاوا بەدبەخت بوو. (١٣)
کوتم سەدان کەس لەسەر زمانیان تێدا چوون. (١٤)
کوتم باوکت بزانێ، خەریکی شتی وای، زمانی هەردووکمان لە بندا دەردێنێ. زمان ئامانە! (١٥)
ئەوە قسەی هەمیشەیی دایکی بوو کە دەیکوت بێتاوان بوو.
کوتم تەنیا گوناحی جەحفەر چوار کوتە کاغەزی زمانی کوردی بوو.” (١٦) (ل. ٨٠-٨٢)
مرۆڤ ڕووناکی، شیرینی، خەم، ڕەنج، بەسەرهات و ڕووداو و گێڕانەوەکان لە ڕێگای زمان و وشەوە باس دەکا. هەر بۆیە لە سەردەمێکی پڕ لە تەم و مژدا، هاتنی گۆڤاری سروە ڕاست سروەیەکە بۆ ئاوپڕژێنی ڕۆحی مرۆڤی کورد. شیرینی و ڕووناکییە. ئەو کات کە مرۆڤ ئەو وشانەی کە پێشتر بە گوێ بیستبوونی، لەمەودوا دەیتوانی بە چاو بیانبینێ. مرۆڤ لە دایک فێری یەکەم وشەکانی ژیان دەبێ بۆیە لە دەقدا دەبینین کە دایک یەکەم کەسە کە کوڕ ڕووی تێ دەکا و دەڵێت:
ڕۆڵە!
کوتم وەرە بە خودا من… دەزانم بخوێنمەوە!
کوتم چی دەزانی بخوێنیتەوە. کوتم دایە وەرە شتێکی سەیر!
کوتم چییە؟
کوتم زمانی کوردی. (ل. ٨١)
زمان نەک هەر ئامرازی پێوەندی بەڵکوو خودی بیر و بوونە. بوونێک کە ڕەنگە وەک خاڵە جەحفەر و کاکە جەماڵ ژیانت لەسەری بە فەتەڕات بچێ. مانگا و گوێلکە بێزمان و بەستەزمانەکان پێمان دەڵێن کە کاتێک مرۆڤ زمانی نییە و ناتوانی جیهانی دەرەوە و واقعی پێ بنووسێتەوە هەروەک ئەو مانگا و گوێلکانەیە کە هەموو ڕۆژێ زبح دەکرێن. تۆ کە زمانت ئازاد نەگەڕا و تۆ کە زمانت قەدەغە بوو، هەموو ڕۆژێک سەرت دەبڕن. نەبوونی زمان بۆ دەربڕینی ژیان و بەسەرهاتەکانی واتە ڕەنج. ڕەنجی ئاژەڵ لە بێزمانی ئەواندایە کە ناتوانن باسی خۆیان بکەن و تەنیا لە خۆشی و شادیدا دەنگێک لە خۆیان دەر دەدەن؛ یا حیلەیان دێت و یان لە گابۆڕ دەدەن.
بیرەوەرییەکانی بڵاوی کەریم بە فۆرمی ئیتالیک وەک خهون دێنە نێو دەق. خەون بۆ فرۆید به مانای ئهوهیه که مرۆڤ به وێنه بیر دهکاتەوه. ڕهوانی مرۆڤ به گوێرهی فرۆید وهک دهقێکه بڵاو و پڕ له دژایهتی و ناتهبایی. ههروهها به ڕای لاکان خود کاتێک دروست دهبێ که دێته ناو نهزم و سیستهمی زمان و کولتوور. بەڵام کریستێڤا هەنگاوێک زیاتر داوێ و باس لەوە دهکا که دروستبوونی سابژێکت زۆر زووتر، پێش هاتنی منداڵ بۆ نێو سیستهمی زمان دروست دهبێ. واته پێش قۆناغی ئاوێنهیی، کاتێک منداڵ و دایک پێوهندییهکی سێمیۆتیکیان ههیه. کاتێک گهرمای دایک، خاڵی گرێبەستە و دایک و منداڵ یهکن و هێشتا منداڵ خۆی له دایک جیا نابینێ. کریستێڤا لەسەر ئەم باوەڕەیە که دەق (تێکست) له دیالۆگ لهگهڵ دەقهکانی دیکەدا دهخولقێت و ئهمهش بهو مانایهیه که ههموو دهقێک کارتێكردنی تێکستهکانی تری لهسهره: ڕۆحی _ ڕهوانی و کولتووری، واته له نێواندهقدا تێکستێکی تر شکڵ دهگرێ و بهم جۆره ههر تێکستێک دهبێته تێکستێکی تازه. کریستێڤا، تئۆرییهکانی فرۆید دهربارهی ناسنامه که لهگهڵ ههم دایک و ههم باب پێناسه دهکرێت، تایبهتمهندیی زمان که هێترۆژێنه و ههروهها پێوهندیی نێوان خودئاگا و ناخودئاگا (نەست) و پێوهندی نێوان خهون و نێوهڕۆكی خهون و ههروهها تئۆرییهکانی ژاک لاکان، له کاری خۆیدا پهره پێ دهدا بۆ ئهوه که تێکستی ئهدهبی و سابژێکت بێنێته بهرباس.
با کەمێک لەسەر ئیدیۆمی ئاخرزەمانە بدوێن کە پێشتر ئاماژەیەکی بچووکمان پێ دا. ئاخرزەمان لە ڕاستیدا بە هاتنی قیامەت و کۆتاییی مێژوو کە ئیدی مرۆڤ نامێنێ دەگوترێ. ئەو ڕۆژەی کە مێژوو نییە و کۆتایی دێت، و مرۆڤ چاوەڕێی حوکم و مەرگە و لە بەرزەخێکدا ڕاوەستاوە تا تەکلیفی مەعلووم بکرێت. ئەوە ئاخرزەمانە.
ئەگەر بیرە مێتافیزیکییەکەی هیگڵ بە قەرز وەربگرین کە مێژوو گەشەی ئاگایی ڕۆحە لە ئازادیی خۆی ئەوە دەتوانین بە بەهای زمان لە گەشەکردنی ئاگایی و ئازادی مرۆڤ بگەین. زمان لە پرۆسەی مێژووییدا ئاگایی پەرە پێ دەدا و ئەو نەتەوانە کە ئیرادە، ئاگایی و ڕۆحی خۆیان فەرامۆش دەکەن، نابنە نەتەوەیەکی مێژوویی. ئیرادە، ئازادی و گەشەکردنی ئاگایی مانا دەبەخشنە تاک و نەتەوە. شارێک کە پازگا بە کەیفی خۆی بڕیار لەسەر دانیشتوانی دەدا کەی لە ماڵ بێنە دەر، پەنجەرەکانیان دیوارچن بکەن، ژنەکان بە جلی تایبەت بێنە تەنانەت حەوشی خۆیان، لە ئاخرزەماندا دەژی و بە جۆرێک مێژوو کۆتایی هاتووە. یا هەر نەبێ وەک کەریم کە لەگەڵ سەربڕینی هەر مانگایەک هەستی دەکرد ئاخرزەمانە، ئەو شارە لە قیامەت نزیک بووەتەوە.
بەڵام کەریم ئیدیۆمی ئاخرزەمان تەنیا لە کاتی مەرگی مانگاکاندا بەکار ناهێنێ. ئەو ئیدیۆمە چەند جار، بۆ وێنە لە ئاخرەکانی ڕۆمانەکەدا بەکار دێت، کاتێک کەریم و نازدار ماڵاوایی لە یەک دەکەن و دەگرین و لە نێوەڕاستی کۆڵاندا یەکتر لە باوەش دەکەن:
کوتی متەللیب ئێستاش تامی زارم سوێرە.
کوتی ئێستاش سوێرایی فرمێسکەکانی نازدار لە زارمدایە. باوەڕ دەکەی؟
عاسمان ڕووخاوە.
دەست لێکبەردانە.
ئاخر زەمانە. (ل. ١٨٥)
بە ڕای کریستێڤا دهقی شاعێرانه کە به ساتێکی تایبهتی قهیران بهستراوهتهوه، لە زاتی خۆیدا ههڵگری جهستهیهکی دایکانه (سێمیۆتیک/ڕهمزیـ)ـیه، که بەرانبەره لهگهڵ زمان/سیستهمی نیشانهیی. ههست، ڕیتم و زایهڵه له توخمێکی دایکانهیە. کریستێڤا ئهو ئیمكانی دهربڕینه، بە کۆرا” ناو دهبات که تایبهتمهندیی ژنانهی ههیه و به تهواوەتی ڕهمز و ئەو نهگوتراوانهی نێوان خهتهکانی دهق (نێواندەقی) دهگوترێ. کۆرا تئۆرییهكی سهرهتاییه که لهو جێگایهی که مانا له دهقدا بێدهنگ دهکرێ و یان قهت نهبووه، مانا دهبهخشێ. کاری شاعێرانه/هونهرمهندانه دهبێته ههنگاو ههڵگرتن و بزاڤێک له کاتی مهیل و دڵتهنگیی شاعێرانه بۆ گهیشتن به قارهی دایک که سیستهمی زمان له کهناریدا تێپهڕ دهبێ. شاعێر له ساتی قهیراندا، له سنوورهکانی نێوان ڕهمز/سروشت و سیستهم/کولتووردا، خۆ دهبینێتهوه و بهم جۆره دیسکۆرسی مێژوویی دهق لەقاو دهدا. ههموو تێکستێک وهرگێڕانی ئهزموونهکانی سابژێکته، ئهو ئهزموونانه که لهسهر شانۆ دادهندرێن و پێکهاتەی ههر دوو زمان و ڕهوان دهگۆڕن.
ئاکام
چەمکی زمان و گرینگیی زمان وەها بە نێو دەقی گابۆڕدا بڵاو بووەتەوە و ڕۆحی ڕۆمانەکەی داگیر کردووە کە هەر دەڵیی تئۆرییەکەی دێریدا کە هیچ شتێک لە دەرەوەی زمان بوونی نییە، و بۆچوونەکانی دیالێکتیکی ڕۆشەنگەری بۆ گابۆڕ داڕێژراون. بە گوێرەی دیالێکتیکی ڕۆشەنگەری ڕەنج و دەربڕینی ڕەنج دووانەن. کاتێک باسی ڕەنجی ئاژەڵی بێزمان و زمانبەستراو دەکەین لە ڕاستیدا باسی ئەوە دەکەین کە زمانبەستراوەیی و بێزمانی خۆی ڕەنجە. ئاژەڵ ڕەنج دەبا، چونکە ناتەوانە و ناتوانێ ڕەنجی خۆی دەرببڕێ. جیاوازیی مرۆڤ و ئاژەڵ لە چۆنیەتی و جۆری دەربڕینی ڕەنجدایە. مرۆڤ خاوەن زمانە و ئەگەر زمانی ببڕن وەک ئاژەڵی لێ دێت. ئاژەڵێک/مرۆڤێک کە زمانی نییە لە ڕاستیدا بوونی تەم و مژاوییە. ئەگەر گوتنەکەی دێریدا بە قەرز وەربگرین کە هیچ شتێک لە دەرەوەی زمان بوونی نییە و وجودی زمانییە کە وجودی ڕۆحی مرۆڤ لە گەردوونەی هەستیناسانەدا مانا دەکات، ئاخۆ مرۆڤ/نەتەوەی بێزمان چۆن بتوانێت باسی ڕەنج و بوونی خۆی بکا؟ ڕەنجێک کە بەردەوام دووپات دەبێتەوە و ویستێک کە بەردەوام سەرکوت دەکرێت.
نزیکترین ئاژەڵ لە مرۆڤی کورد و مرۆڤەکانی دیکەی جیهان مانگایە. مانگا لە چەرخەی ژیاندا گرینگی تایبەتی هەیە. مانگا وەک زۆر ئاژەڵی دیکە بۆ مەرگی هاوڕەگەزی خۆی دەگری و شیوەن دەکا. هەر بۆیە گابۆڕ مانگا وەک سێمبۆلی بێزمانی خۆمان هەڵدەبژێرێ. مانگا و گوێلک و جوانەگاکانی گابۆڕ بە هۆی نەبوونی زمانە کە لە گابۆڕ دەدەن.
لەدوای لێک جیاکردن و دووبارە پێکەوە لکاندنی دەق دەبینین کە دەقی ئیتالیکی واتە بیرەوەرییەکانی کەریم مانایەک دەدەنە چیرۆکی یەکەم و ئەم دوو چیرۆکە پێکەوە کۆیەک دروست دەکەن. ئەم دوو چیرۆکە هاوتەریبە پێمان دەڵێن کە مرۆڤ و نەتەوەی بێزمان و زمان بەستراو تەنیا ئاژەڵێکە کە لە کاتی ڕەنجی بەردەوامی خۆیدا لە گابۆڕ دەدا. هەڵوەشاندنەوەی دەق بە فەلسەفە و مێتۆدی دێکانستراکشنی دێریدا پێمان دەڵێت دەق چ دەڵێت، چۆنی دەڵێت، و چۆن دەق و خوێندنەوەی دەق واقع فۆرم دەدەن. بوونی واتاییی مرۆڤ پێوەندی بە بوونی زمانییەوە هەیە و لە دەرەوەی زمان مرۆڤ بوونی نییە. بەڵام بوونی زمانی بە دیسکۆرسی دەسەڵات و دۆخەوە گرێ دراوە. مرۆڤ بەبێ ئازادی و سەروەریی خۆی ئاژەڵیکی بێزمانە و بێزمانی دووپاتەی ڕەنج و بێدەسەڵاتییە.
و بەم جۆرە جوانەگایەکی وەڕەز بوو لە بێدەسەڵاتی و بێزمانیی خۆی لە بەرەبەیانییەکدا زگی قەسابی زمانشڕ هەڵ دەدڕێت.


