ئارامتر بخوێنەوە!

حیزبی هاوچەرخ: جیابوونەوە و دابڕانەکان

مەعروف کەعبی


“خەسارە سیاسییەکان و الوازکردنی یەکیەتی و خەبات لە پێناو ئامانجی سیاسی بەهۆی ئەو دابڕان و نەسازانەوە لە الیەن زۆر کەسەوە باس کراوە و لەوانەیە تەنها خاڵێک بێ کە بیروڕای گشتی ئێمە لە سەری هاودەنگە. تێکشکاندنی کەسایەتییەکان و دابەزاندنی ورەی سیاسی و هزریی، الوازکردنی توانایی کەسەکان و بەفیڕۆدانی سەرمایە ئینسانییەکان، ئەمانە خەسارەکانی دیکەی دابڕان و جیابوونەوەکان پێک دەهێنن. لە هەمان کاتدا کەسانی دیکە هەوڵیان داوە هۆکارەکانی ئەو جیابوونەوانە کە تەنیا الوازیی و پرژوباڵویی ڕیکخراوەیی و هزریی و نەک بەهێزبوونیان لێ کەوتووەتەوە، دەست نیشان بکەن.”



نەریتی دابڕان و جیابوونەوە لە حیزبە کوردستانییەکاندا دیاردەیەکی زەقی چەند دەیەی ڕابردوو و ئێستایە. ئەم بابەتە هێشتا سەرەکیترین خاڵی باس و گفتوگۆکان لە گۆڕەپانی سیاسی و مەجازیدا پێک دەهێنێت. کەشوهەوای باسەکان ڕەنگدانەوەی شکڵ و جۆری جیابوونەوەکانن. جیابوونەوە و توندوتیژیی پێکەوە دێن؛ باسی لایەنەکانیش هەر بەو شێوەیە هاوکات بووە لە گەڵ توندوتیژیی. ئەگەرچی جیابوونەوەکان هەر جارێک و بۆ ماوەیەکی کورت جموجۆڵێکی دیاری بەشوێنەوە هاتووە، بە گشتی ئەنجامەکەیان بوەتە پەرەپێدانی خەمۆکیی سیاسی. لە هەمان کاتدا، جیابوونەوەکان بێ‌متمانەیی کۆمەڵگا و ڕووناکبیرانی لە حیزبی سیاسی بە گشتی و حیزبە کوردستانییەکان بە تایبەتی خەستتر کردوەتەوە. لە کوردستانی ئێران/ڕۆژهەڵات، پێناسەی حیزبەکان کە هەم لە باری ڕێکخراوەیی و هەم لە باری بەرنامەی سیاسییەوە ڕێکخراوی ئێرانی پێناسە دەکرێن، لە ١٣٧٠/١٩٩٠ بەملاوە بریتی بووە لە ”انشعاب” واتە جیابوونەوە. چەند ڕێکخراوی ئێرانی و کوردستانی لەو وڵاتە و لە عێراق بە درێژایی ساڵەکانی دەیەی ١٣٦٠/١٩٨٠ چەندین جیابوونەوەیان تاقی کردەوە. ئێستا نەریتی سیاسیی حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵە هەر کامەیان لە لایەن چەند ڕێکخراوەوە نوێنەرایەتی دەکرێ. لە هەرێمی کوردستانیش دابڕان و ئاکامەکانی لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕاندا خۆی دەرخست. هیچ حیزبێکی دیکە نییە کە ئیدیعای ئەوە بکات کە خاوەن ئینسیجامێکی هزرییە و بێبەرییە لەو کێشمەکێشانەی وا لە حیزبەکانی دیکەدا دابڕان و جیابوونەوەی لێ کەوتوەتەوە ئەگەر جیابوونەوەیشی تێدا ڕوو نەدابێ؛ ناڕەزایەتی کۆنتڕۆڵ (سەرکوت) کراوە. جوگرافیای جیابوونەوە و پێکەوە نەسازان تەنیا تایبەتی کوردستان نییە. بۆ وێنە حیزبەکانی دیکە لە ئێران و نەریتە سیاسییەکانیش وەک فیدایی و بەرەی چەپ گیرۆدەی ئەو کێشمەکێشانەن کە زۆرتر دابڕان و نەک سازانیان لێ دەکەوێتەوە. هەوڵ دان بۆ سازان و پێکهێنانی بەرە لە هیچ نموونەیەکیدا سەرکەوتوو نەبووە و جاری واش هەیە هەوڵی چەندین ساڵە بۆ پێکهێنانی بەرەیەک یان حیزبێک بێ ئاکام ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی وزە و تینێکی زۆر بە خسار چووە. بێ گومان لێکدانەوەی ئەم وتارە ناتوانێ بۆ هەموو نموونەکانی جیابوونەوە و گەشەی بیری جیاواز لە ڕەوتی ژیانی حیزبێکدا بگونجێ. بەڵام هەر وەک لە خوارترەوە دەوترێ، هەوڵ ئەدا چەند خاڵێکی هاوبەش بدۆزێتەوە کە حیزبایەتی سەردەم پێناسە ئەکەن. لە هەمان کاتدا ئەو هۆکار و چەمکانە کە باسەکە پێکەوە گرێ دەدەن و بۆچوونی ئەم وتارە پێک دەهێنن، ناتوانن هەموو ئەو خالانە یان تەنانەت زۆربەیان بن کە حیزبی سەردەمی ئێمە پێناسە ئەکەن. لێرەشدا هەوڵم داوە چەند چەمکێکی هاوبەش بدۆزمەوە. تێگەیشتنەکان و ئەزموونی سیاسی نووسەر لە ناخی نەریتی سیاسی و چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شکڵی گرتووە و بێ‌گومان ئەو پێشینە کاریگەریی لە سەر بۆچوونەکانی ئەم وتارە دادەنێ. لە لایەکی دیکەوە، ئەو نموونانە دەهێنمەوە کە بتوانن یارمەتی باسەکە بکەن. بۆیە ئەم نووسراوەیە کە نەدەکرا لەمە کورتتر بێ، دەبێ وەک پێشەکییەک بۆ هەڵخڕاندنی باس و توێژینەوەی زۆرتر لە سەر بابەتی حیزبی هاوچەرخ چاوی لێ بکرێ.

خەسارە سیاسییەکان و لاوازکردنی یەکیەتی و خەبات لە پێناو ئامانجی سیاسی بەهۆی ئەو دابڕان و نەسازانەوە لە لایەن زۆر کەسەوە باس کراوە و لەوانەیە تەنها خاڵێک بێ کە بیروڕای گشتی ئێمە لە سەری هاودەنگە. تێکشکاندنی کەسایەتییەکان و دابەزاندنی ورەی سیاسی و هزریی، لاوازکردنی توانایی کەسەکان و بەفیڕۆدانی سەرمایە ئینسانییەکان، ئەمانە خەسارەکانی دیکەی دابڕان و جیابوونەوەکان پێک دەهێنن. لە هەمان کاتدا کەسانی دیکە هەوڵیان داوە هۆکارەکانی ئەو جیابوونەوانە کە تەنیا لاوازیی و پرژوبڵاویی ڕیکخراوەیی و هزریی و نەک بەهێزبوونیان لێ کەوتووەتەوە، دەست نیشان بکەن. تازەترین کتێبی مەلا بەختیار لە ژێر ناوی ‘لە بری بیرەوەری’ نموونەیەکە لەو هەوڵانە. لە گەلێک وتار و باسی ئەم دواییانەدا سەبارەت بە نەریتی چەپی ئێرانی، بۆشایی نەبوون یان بەردەوام‌نەبوونی ”ڕێبازی سیاسی” (خط‌مش سیاسی) زەق دەکرێتەوە و هۆکارەکەی “جبەخانەی تیۆریک” دەزانرێت کە ئەو نەریتە پاڵی پێوە داوە بەڵام ناهێڵێ ڕێبازی سیاسی گونجاو و سەردەمییانە (واتە نوێ) شکڵ بگرێ تا جوابی ویستەکانی زەمانی خۆی بداتەوە. نە تەنیا هەموو ئەو جوابانە لە جێگای خۆیان دان، بەڵکوو ئەوە بۆ هیچ کەسێک ئەرکێکی زەحمەت نییه کە بتوانێ چەند هۆکارێک بۆ دابڕانەکان بە گشتی و ئەوانەی حیزبەکەی خۆی بە تایبەتی بدۆزێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەوەیکە ئەم وتارە دەیهەوێ ئاماژەی پێ بکا لایەنێکە کە کەمتر هێنراوەتە بەر باس. لە جیاتی ئەوەی حیزبێکی دیاریکراو بکاتە بابەتی لێکۆڵینەوە، ئەم نووسراوەیە سەرنجەکان بۆ ئەوە ڕادەکێش کە هۆکاری جیابوونەوەکان لە هۆکاری یەکگرتنە یەکەمەکان دەبێ بدۆزرێنەوە، واتە لە هاوڕایی یەکەم (کۆدەنگی لە سەر بنەما هزرییەکانی پێکهێنەر) کە لە درێژەی ژیانی سیاسی ڕێکخراوەکەدا و هاوکات لە گەڵ ئاڵوگۆڕی مێژوویی ئیتر توانایی پاراستنی یەکگرتوویی لە کیس دەدا و خۆی دەبێتە هۆی کێشمەکێش و نەسازان. ئەمە لە خوارترەوە شی دەکرێتەوە. بەڵام لەوانەیە کەسێک بڵێ کە لاوازبوونی کۆدەنگی یەکەمیش نابێ ئاکامی وەها خراپی لێ بکەوێتەوە. ئەمە وایە. ئەوەیکە لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەکەم ئەوەیە کە حیزبی سیاسی هاوچەرخ لە سەر چ نەریتێک دادەمەزرێت و بیروباوەڕە یەکەمەکان بە چ ئاقارێکدا دەڕۆن. لە خزمەت ئەو باسەدا، حیزبی هاوچەرخ بە گشتی لە ژێر تیشکی چەند ئەزموونێکی مێژوویی دەدەمە بەر باس. چەند کتێبێکی ئەدەبی هەڵخڕێنەری بیرۆکەکانی ئەم وتارەن: کتێبەکانی واکڵاو هاوڵ (سەرۆک کۆماری وڵاتی چێک)، چسڵاو میلۆش (نووسەری لەهێستانی) و جۆرج ئوڕوێڵ (نووسەری ئینگلیزی) بەدوای یەکدا لە ژێر ناوەکانی ‘دەسەڵاتی بێ‌دەسەڵاتەکان، زەینی دیل‌کراو’، و ‘١٩٨٤’ کە بابەتەکانیان بریتین لە ژیانی هزری و سیاسی و ئەدەبی لە ژێڕ ڕێژیمی ستالینیستی لە خۆرهەڵاتی ئەورووپا. سەرچاوەکانی دیکە بریتین لە ‘ئەفسانەی سیاسی’ نووسراوەی هێنڕی تودۆڕ و کتێبە مێژووییەکان سەبارەت بە ڕووداوە مێژووییەکانی سەدەی بیستەم لە ڕووسیا و ئاڵمان و ناوچەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کە ڕوانگەی جۆربەجۆر بۆ ئەم وتارە دەخولقێنن. دەست و دامێنی وەها سەرچاوەگەلێک بوون ئەو باشییەی هەیە کە ڕوانینی توێژەر بەرینتر و توانایی لێکدانەوە بەرفراوانتر دەکەن. ئەنجامی بە تەنها خولخواردنەوە لە دەور بابەتی لێکۆڵینەوەکە (لێرەدا حیزب) و پێکهێنانی ڕەوایەتێک لە ڕووداوە‌کان، ناتوانێ لێکۆڵینەوەیەکی تێر و تەسەل و بەرهەمهێنەر بێ و توێژینەوەی دیکە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
حیزب لە سەردەمی هاوچەرخدا

حیزب بەرهەمی سەردەمی هاوچەرخە کە سیستەمی ئابووری سەرمایەداریی و گۆڕانکاریی مەزن و خێرای کۆمەڵایەتی و سیاسی پێناسەکانی پێک دەهێنن. ئەوەیکە حیزب لە کەیەوە و لە کوێ پێک هاتوە، پەیوەندی بە سەرەتای دەسپێکردنی “سەردەمی هاوچەرخ” لە هەر شوێنێکەوە هەیە. گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای حیزبی سیاسییەوە هەوڵی بەشداری لە دەسەڵات و سەرچاوەکانی سیاسی و ماددی وڵات دەدەن. حیزب لە ناخ و بەستێنی پێکهاتنی دەوڵەتی نوێ دا شکڵی گرت. ئەوەیکە بۆ ئەم وتارە گرینگە ئەوەیە کە حیزبی هاوچەرخ درێژخایەنە. لە دیمۆکراسی ئەورووپایی و ڕۆژاواییدا یەک یان دوو حیزبی سەرەکیی پێک دێن و دەبنە پێناسەی گۆڕەپانی سیاسی و حکوومەت و لە درێژەدا بەشێک لە پێکهاتی کۆمەڵگاکە؛ ئەگەرچی بەرنامەکانیان و ڕێبەرانیان دەگۆڕدرێن بەڵام ناوی حیزب و بنەمای پێکهاتنیان وەک خۆیان دەمێننەوە. ئیستا تەنیا ئەوانەی وا لە باری مادییەوە بەتوانان، دەتوانن لە گۆڕەپانی سیاسییدا بمێننەوە. بۆیە حیزبی دیکە یان پێک نایە یان ئەگەر پێک بێ شانسی بەرگە گرتن و بەدەسەڵات گەیشتن مەگەر لە هاوپەیمانیی لەگەڵ حیزبی دیکەدا، دەنا بۆی ناڕەخسێ. حیزبی هاوچەرخ وەک بەرهەمە نوێکانی دیکە لە بوارەکانی ماددی (تەکنەلۆژی) و مەعنەوی (ئیدە نوێکان وەک پارلمان و یاسای بنەڕەتیی و دیمۆکراسی)، بووەتە نەریتێکی درێژخایەن لە ناوچەکەی ئێمەش. لە زۆربەی نموونەکاندا، حیزبی هاوچەرخ دەسپێکی هەیە بەڵام کۆتایی نایە تەنانەت ئەو کاتەی وا دەگاتە دەسەڵات و ئامانجەکانی خۆی بۆ گۆڕانی سیستەمی سیاسی مسۆگەر کردووە. ئەگەر حیزبێک قەوارەی ڕێکخراوەیی خۆی لە ئاکامی گۆڕانکارییەکی سیاسی یان سەرکوتەوە لە کیس بدا، هێشتا وەک نەریت دەمێنێتەوە بەجۆرێک کە جیلەکانی دواتر قەوارەیەکی سیاسی بۆ ئەو نەریتە پێک دەهێننەوە، بەلام دەست لە ناوەکە هەڵناگرن. بۆ وێنە حیزبی تودەی ئێران بەدوای کودەتای ١٣٣٢/١٩٥٣ و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە کۆماری کوردستانەوە (١٣٢٤/١٩٤٦) هەتا ڕاپەڕینی ١٣٥٧/١٩٧٩ی ئێران، چەند قۆناخی لەو جۆرەیان تێپەڕ کرد.


لە ڕوانگەی مێژووییەوە، سەدەی بیستەم پڕاوپڕە لە ئەزموونی ئەحزابی جۆربەجۆر کە هەر کامەیان سیستەمێکی هزریی و ئامانجێکی سیاسییان شوێن گرتووە، ڕاپەڕینی مەزنیان ڕێبەری کردووە و دەوڵەتیان پێک هێناوە. ئەزموونی حیزبەکان لەو سەدەدا نەریتێکی داسەپاوی بۆ حیزبایەتی بە میرات جێهێشتووە. بۆ وێنە حیزبی لێنینی وەک حیزبی یەکگرتوو لە هەموو بارێکەوە کە تەنها دەبێ پەیڕەوی یەک بۆچوونی هزری بێ، نەساز بێ، تاکەبنەمایی بێ و دەسەڵاتی سیاسی بۆ خۆی وەک نوێنەری چینێکی کۆمەڵگا واتە چینی کرێکار مسۆگەر بکا، بووە مۆدێلی حیزبی کۆمۆنیستیی سەدەی بیستەم. بەڵام دیکتاتۆرەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین یان لە بەشەکانی دیکەی جیهان کە لە ژێر دەسەڵاتی سۆڤییەتدا نەبوون یان خۆیان بە کۆمۆنیست و پەیڕەوی حیزبی لێنینی نەدەزانی و بەتەواویی سیستەمێکی هزریی دیکەیان شوێن دەگرت، نەسازان و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات لە ژێر ناوی خەڵک یان میللەت (و ئەم دواییانە بە ناوی ئیسلام) پێناسەکانی ئەوانیشی پێک هێنا. سەرەڕای ئەمە، لەوانەیە هەڵە نەبین کە بڵێین حیزبی لێنینی یەکەم حیزبی بەوجۆرەیە کە ئامانجی خۆی وەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ خۆی دیاری دەکا و لە ئاکامدا دەوڵەتی تاک‌حیزبی (یان ئامانجی دەسەڵاتی سیاسی بۆ حیزب) دەکاتە پێناسەیەکی سەرەکی سەدەی ڕابردوو.

بەڵام حیزبی نوێ بێبەری نییە لە کاریگەرییەکانی ڕابردوو. هەر وەک نیهادێکی جەمعیی-ئایینی لە ڕابردوودا، حیزبی هاوچەرخیش خاوەن ناسنامەیەکی گشتییە و لە درێژەدا داب و نەریت و بۆنە و تەشریفاتی خۆی پێک دەهێنێ. هاوکات لە گەڵ خۆلقاندنی داب و نەریتی نوێ، کەڵک لە سومبولەکان یان نیشانەکان و ناو و وشەکانی پێشوو وەردەگرێ. بڕواننە نەریتی شەهید کە پێشینەیەکی درێژخایەنی هەیە یان بۆنە ئایینییەکان کە لە حیزبی هاوچەرخدا هاوتای خۆیان بەجۆرێکی دیکە و لە بۆنەی “سێکولار”دا دەدۆزێتەوە. نەریتێکی دیکە لە بزووتنەوەی تەسەوف یان سۆفی‌گەرییەوە سەرچاوە دەگرێ کە گرینگی زۆرتر بە دەقی دەروون یان باتن دەدا (بۆ پێکهێنانی وەحدەتی وجوود لە گەڵ خودای گەورە) و ئەگەرچی پێویستیی دەقی دیکە (فقە و حەدیس) دەسەلمێنێت بەڵام ئەوانە وەک دەقی زاهر (بۆ ڕواڵەتی دەرەوەی تاکەکان، بۆ ڕێنوێنی‌کردنی ژیانێکی لە خوا ترساو) پێناسە دەکا. ئایا کەم بیستوومانە کە لە حیزبی مارکسیستیی یان سێکولار لە ئێران و کوردەوارییدا جەخت لە سەر ئەوە کراوە کە دەروون گرینگە و نەک ڕواڵەت؟ نموونە زەقەکانی دیکە بریتین لە شێوازی جلوبەرگ لەبەرکردن و سەرکوتی حەزەکان وەک سۆفی کە بووە ڕێنما و پێداویستییەکی سەرەکی بۆ نەسڵە شۆڕشگێڕەکانی دەیەکانی پێشوو. نموونەیەکەی دیکە بریتییە لە ڕەخنە لە خۆ گرتن لە ناو جەمعدا کە لە کاتی هەستیاردا دەگاتە وەدرۆ خستنەوەی بیری جیاوازی خۆ لە ناو جەماوەردا و لە کۆبوونەوەی بەریندا. ئەمانە پێشینەیەکی ئایینی و دوورودرێژیان هەیە کە دەگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی پشکنینی بیروەباوەڕ لە سەدەکانی ڕابردوودا لە هەر دوو دنیای مەسیحییەت و ئیسلامدا. لە باری ڕێکخراوەییشەوە، حیزب سیستەمی هەرێمی/توێژەکان دەخولقێنێ و دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوارەوە دابەش دەکا. ئەم سیستەمە (هەر وەک لە ڕۆژاوا) دەکرێ بەدیمۆکرات‌تر بکرێ واتە خوارەوە بتوانێ بگاتە سەرەوە یان نوێنەرایەتی و سەرچاوەکان باشتر دابەش بکرێن؛ یان لە ڕێگای کۆنگرەکانەوە مەجالی گۆڕانگاریی و چاکسازیی بڕەخسێ. بەڵام کێشەی من ئەوەیە کە تەنانەت بەدیمۆکراتیک‌ کردن، کۆتایی بە کێشەکانی درێژخایەنی حیزبی هاوچەرخ و فەرهەنگە چەقبەستوەکەی، ناهێنێ. کەوابوو، حیزبی هاوچەرخی ئێمە ئەگەرچی لە سەردەمدا دەژی بەڵام ڕەنگ دانەوە‌ی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە کە خۆی لە ژێر قورسایی ڕابردوودایە.

ئەم بەشە بەمجۆرە کۆ دەکەمەوە: حیزب دیاردەیەکی نوێیە، ئەزموونی سەدەی بیستەمی پێوە دیارە و بەوجۆرە بووەتە ڕۆڵگێڕێکی گۆڕەپانی سیاسی وڵات یان وڵاتانی ئێمە لەم ناوچەدا. لە گەڵ ئەوەی خاڵی هاوبەشی لە گەڵ حیزبی هاوچەرخ بە گشتی هەیە، خاوەن تایبەتمەندییەکانی ناوچەیی خۆیشیەتی. سەرەڕای ئەمە، ئەم وتارە بە خەمی خاڵە جیاوازەکان نییە، کە دەتوانێ حیزبێک لە جەمسەری چەپ و ئەوی دیکە لە ناوەڕاست یان نزیک بە ڕاست دابنێ، بەڵکوو بۆ ئەو خاڵە هاوبەشانە دەگەڕێ کە جیابوونەوە و دابڕانەکان، بە هەمان شێوە سەرکوتکردن و دەرکردنەکان و کەم‌تەحەمولیی سیاسی و هزری، شی دەکەنەوە. بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بپێکم، چەمکی “هاوڕایی یەکەم” دەکەمە دەستپێک تا دواتر ئەو ڕەوتە زەق بکەمەوە کە حیزب بەرە بەرە دەکاتە سیستەمێکی چەقبەستووی خاوەن کۆمەڵێک وشکەبیرۆکە (دوگم) کە بە توندی دژی هەوڵی گۆڕان و پێداچوونەوە دەوەستێتەوە.



چارەنووسی هاوڕایی یەکەم لە ڕەوتی مێژوویی حیزبدا

ڕێکخراوێکی وەک حیزب لە سەر بناغەی تێگەیشتنێکی هاوبەش پێک دێ. ئەو تێگەیشتنە پشت‌ئەستوورە بە سیستەمێکی هزریی یان فەلسەفەیەک کە هەبوونی ئەو ڕێکخراوە لە مێژوودا دەسەلمێنێ و بایەخی پێ دەدا. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە پێشدا سیستەمێکی هزریی دادێ و دواجار کەسانێک دەس بە خەبات و تێکۆشان دەکەن. بە پیچەوانە، هەر وەک ئەزموونەکان نیشانیان داوە، پێداویستییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتیی، کەسانێک لە دەور یەکتر کۆ دەکاتەوە کە بڕیارەکەیان لە گەڵ سیستەمێکی هزریی باوی سەردەم یەک دەگرێتەوە. لە نموونەی چەپدا سەرنج بدەینە مارکسیسم وەک گوتاری زاڵ بەدوای جەنگی جیهانیی دووهەم. لە گەڵ بیرۆکەکانی دیکە وەک گرینگیی پێکهێنانی حیزبی چینی کرێکار بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی، ئەو جیهان‌بینییە یەکگرتووییەکی هزریی و ڕێکخراوەیی بەدیاریی هێنا. بەڵام پێکهێنەرانی دیکەی کۆدەنگی یەکەم دەکرێ گەلێک بابەتی دیکە وەک ناسنامەی نەتەوایەتی، چینایەتی یان ئایینی بن. ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەی وا لە دەور ئەو حیزبە کۆ دەبێتەوە، بەرە بەرە دەبێتە خاوەن ئەو بیرە هاوبەشە بەجۆرێک کە لە درێژەدا ئیتر ئەو ڕێکخراوە زۆرتر بە بیرۆکە یەکەمەکانییەوە دەناسرێتەوە لە کاتێکدا کە لە کرداردا ڕووبەڕووی بابەت و سەردەمی نوێ دەبێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی پێکهاتنی کێشمەکێشێک لە نێوان هزر و کرداردا. بابەتێکی گرینگی دیکە پێکهاتنی داب و نەریتێکی تایبەت بەو حیزبە یان ڕێکخراوەیە کە بە درێژایی زەمان قەوارە دەگرێ. هەر وەک هاوڵ لە کتێبی دەسەڵاتی بێ‌دەسەلاتەکاندا دەڵێ، بە پێی ئەزموونە مێژووییەکان لە ژێر سیستەمی ستالینیستی لە وڵاتانی جۆربەجۆردا، لە گەشەکەوتن ئەنجامی هەر ڕێکخراوێکە کە لە درێژەی ژیانیدا داب و نەریت واتە فەرهەنگ یان سیستەمێک لە ماناکان و پەیوەندییەکان پێکدێنێ کە ئیتر گۆڕانیان زەحمەتە؛ حیزب دەبێتە سیستەمێکی چەق‌بەستوو کە ناتوانێ لە گەڵ سەردەمێکی نوێدا خۆی بگونجێنێ. لە هەمان کاتدا داب و نەریت هەروەها دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بیری جیاواز یان بە واتایەکی دیکە ئەبێتە هەڕەشە لە سەر تێگەیشتنە هاوبەشەکە یان هاوڕایی یەکەم. سەرهەڵدانی بیری جیاواز دەربڕینی ناڕەزایەتی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش لە بۆشایی نەبوونی پێڕاگەیشتنی کاریگەری ململانێی هزری، مەترسی جیابوونەوە و دابڕان پەرە پێ دەدا.
مێژووی مرۆڤایەتی گەلێک نموونەی لە خۆ گرتووە کە پیشانی دەدا چلۆن ڕێکخراوێک کە بە هۆی بیرێکی هاوبەش قەوارە دەگرێ لە درێژەی ژیانی خۆیدا تووشی دابڕان دەبێ و لق و پۆپی دیکەی لێ دەبێتەوە. زەقترین نموونەکان لە ئاییندا ڕوویان داوە. ئیسلام لە سەرەتاوە بە سوننی و شێعە دابەش نەکرا. ئەگەرچی لە سەر جێنشێنی پێغەمبەر ناکۆکی هەبوە و چەندین ڕووداوی دیکە بۆ وێنە لە سەردەمی خەلافەتی عەلیدا جیاوازیی زۆرتر لە نێوان پەیڕەوانی عەلی و ئەوانی دیکە دەردەخا، بەڵام دیاردەکانی سوننی و شێعە بۆ یەک دوو سەدە دوای هاتنی ئیسلام دەگەڕێنەوە. لەو یەک دوو سەدەیەدا، شارستانییەتی ئیسلامی هەم ناوچەیەکی بەرینتری داپۆشی و هەم ئایینی نوێی ئیسلام لە لایەن خەڵکێکی زۆرترەوە وەرگیرا. پەرەپێدانی دەسەڵاتی ئومەوییان (٧٤٩-٦٦١) و دواتر خەڵافەتی عەبباسی (١٢٥٨-٧٤٩) هاوکات بوو لە گەل پێداویستیی زۆرتر بۆ یاسای شەرعی و عورفی نوێ لە پێناو مسۆگەر کردن و بەردەوامیی دەسەڵات بە سەر ناوچە داگیرکراوەکان یان زەمانەتی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. سەرهەڵدانی ئایینزاکان لە سەردەمی خەلیفە ئەلمەئموون (خ: ٨٣٣-٨١٣) لە سەرەتای سەدەی نۆی زایینی دەریدەخا کە چلۆن هەلومەرجی نوێ، پێویستیی بە ئاڵوگۆڕ پێک دەهێنێ. لە لایەکی دیکەوە وەستانەوەی ئەلمەئموون و دەرکردنی بڕیاری ئەلمیحنە (محنة) واتە پشکنینی بیروباوەڕ بۆ سزادانی عولەماکان وەک شافێعی و حەنبەڵی و ئەوانی دیکە، بەربەرەکانی لەگەڵ ویستی گۆڕانکاریی و سەرکوتی کەسانێک کە مەترسی ئەوەیان لێ دەکرێ کە بەشێک لە جەماوەر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن یان تێگەیشتنی زاڵ ببەنە ژێر پرسیار. ئەلمەئموون ئەوان بە خوانەناس، “زمانی ئیبلیس” و درۆزن ناو دەبا و بەمجۆرە لە ڕێگای میکانیزمەکانی سەرکوتەوە وەکوو ناوزڕاندن و تۆقاندن هەوڵ ئەدات بێ ئێعتیباریان بکا، پێگەیان لە ناو جەماوەردا لاواز بکا و دەسەڵاتی مەعنەوی و سیاسی خۆیشی بپارێزێ. لە ئاینی مەسیحییەتیشدا، بزووتنەوەی مارتین لوتەر و سەرهەڵدانی ئایینزای پڕۆتێستانت لە سەرەتای سەدەی شازدەهەم نموونەی دیاردەیەکی دیکەیە کە کۆدەنگی یەکەم دەخاتە مەترسییەوە یان خوێندنەوەیەکی جیاواز دەخولقێنێ.

لایەنەکان یەکتر لە لادان لە بنەما یەکەمەکان یان تێنەگەیشتنیی سەردەم تۆمەتبار دەکەن. هیچ کام لەو جیابوونەوانەی سەرەوە بێ کێشە و بێ شەڕ ڕوویان نەداوە. کەمتر جیابوونەوەیەک هەیە کە توندوتیژیی لێ نەکەوتبێتەوە. ڕێبەرانی ئایینزاکان کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، هەموویان موحاکمە و زیندانی کران و داوای تۆبەکردنیان لێ کرا. پشکنینی بیروباوەڕ و وەگەڕخستنی میکانیزمەکانی سەرکوتی ئێنحراف (لادان) کە هاوکات لە گەڵ ئەشکەنجە و تێرۆری کەسایەتی و کتێب سووتاندن بەڕێوە دەچوو، هەروەها لایەنێکی جیانەکراوەیە لە مێژووی مەسیحییەت لە سەردەمی کۆنەوە و بە درێژایی سەدە ناوەڕاستەکان و پێش سەردەمی هاوچەرخ. سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی دیکە وەک وەهابی و جەلالی و زۆری دیکە بە پانتایی جیهان، نموونەکانی دیکەن. ئەمە بۆ جیابوونەوەی تاکەکەسیش دەگەڕێتەوە. جیابوونەوەی تاک هیچ کات بێ ناو و ناتۆرە ڕوویان نەداوە. لە سەردەمی هاوچەرخدا واژەکانی خائین، بێ ئایدیۆلۆژی، ئاشبەتاڵ، انحلال‌طلب واتە تێکدەر، لادەر و هتد بۆ خوێنەر زۆر ئاشناتر لەوەیە کە پێویست بە شیکردنەوە بکا—وشەی هاوچەرخ بۆ میکانیزمەکانی سەرکوت لە سەردەمی هاوچەرخدا— هەر کام لەو وشانە خاوەن گەڵیک پێناسەی دیکەن وەک ترسەنۆک، خوێڕیی، خۆشگوزەران و ئەگەر ئەوەی بیری جیاوازی هەیە ژن بێ، ئەوە گەلێک وشەی دیکەی نەرێنی ئەخلاقیی ئاڕاستە دەکرێ یان جۆری ئەشکەنجەش جیاواز دەبێ.



وەستانەوە لە بەرانبەر گۆڕانی مێژوویی

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ حیزبی هاوچەرخ، لە ژێر تیشکی ئەو شیکردنەوەی سەرەوەدا بۆمان دەردەکەوێ کە هەتا لە ڕەوتی مێژوودا درێژە بە ژیانی خۆی دەدا، هەرچی زۆرتر وزە و توانای خۆی نەک لە ئێستا و داهاتوو بەڵکوو لە ڕابردووەوە وەردەگرێ. بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستی ئەو وتەیە بڕواننە حیزبێک کە بەدوای دامەزراندنییەوە لە سەردەمێکی دیاریکراودا و لە هەلومەرجێکی تایبەتی مێژووییدا دەورێکی گرینگ دەگێڕێ و دەبێتە ڕۆڵگێڕێکی دیاری مێژوویی. هەتا حیزب لەو سەردەمە دوور دەکەوێتە کە بنەمایەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی بۆ پێک هێناوە یان قەوارەی بە سیستەمی داب و نەریتەکەی داوە، زۆرتر دەبێتە حیزبێکی ڕوو لە ڕابردوو نەک بەخەمی ئێستا و داهاتوو. ئەمە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی سەرهەلدانی ناڕەزایەتی و بیری جیاواز لە حیزبی هاوچەرخە کە بە ئاسانی دەتوانین نموونەکەی لە حیزبە کوردستانییەکاندا ببینین. قارەمانی پێشوو نەک لە بەر تواناییەکانی ئێستای بەڵکوو لە بەر پێشینەی دەبێتە داهێنەری یاسا. بەهۆی سەردەمێک کە بە سەردەمی بەرخۆدان و خەباتی خوێناویی پێناسە دەکرێ، ڕابردوو دەبێتە ئاڕمان نەک سەرچاوەیەک بۆ وشیاریی مێژوویی تاکەکان. دیارە ڕابردوو پەیوەندییەکی گرینگی بە بابەتی ڕەواییەوە هەیە. بۆ حیزبێک کە لە بەرانبەر گۆڕاندا لاسارە، ڕابردوو بەتەنیایی دەبێتە خولقێنەر و بەردەوامیی ڕەوایی لە ئێستادا. ئەوە شتێکی نامۆ نییە کە بابەتی ڕابردوو دەبێتە جێگای مشتومڕێکی توند لە کاتی سەرهەڵدانی بیری جیاواز و ناڕەزایەتییەکاندا، جا حیزبی هاوچەرخ بێ یان فرقەیەکی ئایینی لە ڕابردوو و ئێستادا. ڕابردوو لە ئایدیۆلۆژیدا جێگایەکی تایبەتی هەیە. لە ڕاستیدا سەرهەڵدانی بیری جیاواز هەروەها بە مانای هێنانە ژێر پرسیاری خوێندنەوەی هاوبەشی ڕابردووە. توێژینەوە مێژووییەکان دریدەخەن کە مێژووی شۆڕشی ڕووسیا بەشێوەیەکی شێوێندراو بۆ ئەوانە گوێزراوەتەوە کە لەو شۆڕشە ئیلهامیان وەرگرتووە و خۆیان مێژوویان لە سەر ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە پێک هێناوە. بۆیە تەفسیری جیاوازی ڕابردوو (کە وێدەچێ نەبێتە هۆی جیابوونەوە و دابڕان)، دەبێتە خاڵێکی گرینگ لە کاتی سەرهەڵدانی ململانێی ناوخۆیی.
ئاکامێکی گرینگی پێکهاتنی فەرهەنگی سیاسی یان سیستەمێک لە دابونەریت، دروست بوونی ئەفسانەی سیاسییە کە داستانی کۆمەڵگایەکی سیاسی ئەڵێتەوە. بەوجۆرەی هێنری تودۆڕ شی دەکاتەوە، کێشەی ئەفسانەی سیاسی ئەوە نییە کە داستانەکە خاوەن بەڵگە نییە، ڕووی نەداوە یان هەڵبەستراوە. بەڵکوو ئەو شکڵە دڕاماتیکەیە کە داستانەکە دەیگرێتە خۆ و لە خزمەت کرداری سیاسیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. کۆمەڵگایەک کە پەڕاوێزخراوە، دەتوانێ بۆ کۆتاییهێنان بە پەڕاوێزخراویی کەڵک لە ئەفسانە سیاسییەکان وەرگرێ. لە ئاستێکی بچووکتردا واتە حیزبێک، یەکێک لە ئاکامەکانی ڕەوتی مێژووی ئەو حیزبە، پێکهاتنی ئەفسانەی سیاسییە. بۆ وێنە ڕێبەرانی پێشوو کە ئیستا نەماون، دەبنە ئەفسانەی سیاسی یان ڕووداوەکانی ڕابردوو بۆ هاندانی جیلەکانی داهاتوو، شێوازێکی دڕاماتیک بە خۆوە دەگرن. بەڵام ئەوەیکە بۆ باسەکەی ئێمە دەگەڕیتەوە، ئەوەیە کە پێکهاتنی دژایەتی نێوان فکر و کردار، گۆڕانی سەردەمەکان و جیلەکان و سەرهەڵدانی بیری جیاواز، خوێندنەوەیەکی نوێی ڕووداوەکان و کەسایەتییەکانی لێ ئەکەوێتەوە، چونکوو هیچ ململانەیەکی ئایدیۆلۆژییانە لە ئێستادا ناتوانێ ململانێ لە سەر خوێندنەوەی ڕابردووی بەدواوە نەیە. کەچی لێرەشدا سیستەمی چەقبەستوو بەرەنگاری خوێندنەوەی نوێ و پەرە ئەستاندنی ڕەخنە لە ڕەوایەتە زاڵەکان دەبێتەوە. ئەویش هەر وەک سیستەمەکانی پێشوو وەک ئەلمەئموون و مەسیحییەت دەست بۆ جۆرێک لە ئەلمیحنە دەبا. پێکهاتنی جیاوازیی لە نێوان هزری یەکەم و کرداردا بەو مانایە نییە کە بایەخە کۆمەڵایەتییەکان یان ئامانجە ئینسانییەکان دەبێ لە سەردەمێکی نوێدا کە داوای کرداری نوێ دەکا، فەرامۆش بکرێن. بە پێچەوانە، ئەنجامی دەسهەڵگرتن لەو بایەخانە کە حیزبێک قوربانی بۆ داوە، دەتوانێ داڕمانی هزریی و فەرهەنگی بەداوە بێ. (بۆ وێنە کەسێک دەتوانێ توێژینەوە لە جوابی ئەم پرسیارە بکا کە ئاخۆ لەبیر کردنی بایەخەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە سەرهەڵدانی گەندەڵی فەرهەنگی و سیاسی لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا کاریگەریی هەبووە؟). پرسیار ئەوەیە چۆن دەکرێ ئەو بایەخانە لە کاتی خۆگونجاندن لە گەڵ سەردەمێکی نوێدا بۆ کرداری نوێ بپارێزرێن؟ هەر وەک ڕەخنەگرانی فەرهەنگیی سەردەمی فاشیسم دەڵێن: ئەرکی ئێمە ڕاگرتنی ڕابردوو نییە، بەڵکوو پاراستنی بایەخەکانی ڕابردووە.

گۆڕانی مێژوویی بریتییە لە پێکهاتنی جیاوازیی لە نێوان سەردەمەکان لەگەڵ یەکتر؛ لە ڕاستیدا مێژوو بریتییە لە گۆڕانکاری بەردەوامی مێژوویی نەک هێڵێکی ڕاست بەرەو پێشکەوتن. سەردەمی نوێ دادێ کەچی حیزبی هاوچەرخی درێژخایەن ناتوانێ خۆی لە گەڵیدا بگونجێنێ. لە بەر ئەوەی خۆ گونجاندن لە گەڵ سەردەم هاوکات دەبێ لە گەڵ پێداچوونەوە و ژێر پرسیار خستنی داب و نەریت، واتە فەرهەنگی ماناکان و پەیوەندییەکان کە ئەو حیزبەی تا ئێستا پێ پێناسەکراوە، بەڕێوە بچێ. گۆڕانی مێژوویی هەروەها خاوەن چەند لایەنێکی دیکەیە کە کەمتر ئاماژەی پێ دەکرێ. یەکەم، گۆڕانی جیلەکان؛ دووهەم، گۆڕانکاریی تاکەکان لە بواری سایکۆلۆژیی و فیزیکی؛ سێهەم، گۆڕانی ئایدیۆلۆژیک واتە خوێندنەوەیەکی نوێی بیروباوەڕەکان. وێدەچێ حیزبی هاوچەرخ لە ژێر ناوێک درێژە بە ژیانی خۆی دەدا بێ ئەوەی هەست بە جیاوازیی سەردەمەکان بکا، کەچی جیلەکانی پێکهێنەری ئەو حیزبە لانیکەم هەر دە ساڵ جارێک گۆڕان لەو بوارنەی سەرەوەدا تاقی دەکەنەوە. نەریتی پێشمەرگایەتی نموونەیەکی زەقە کە بۆ ئێمە ئاشنایە. هێشتنەوەی ئەو چاوەڕوانییە کە کەسێک دوای دە ساڵ پێشمەرگایەتی بتوانێ دە ساڵی دیکە هەر بەوجۆرە درێژە بە ژیانی خۆی بدا، تەنیا کێشەی لێ کەوتووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، جیلێکی نوێ پێدەگا کە خاوەن هەست و بیرکردنەوە و زانیاریی نوێیە و سەردەمی خۆی لە بواری ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی، ئەدەبی، هونەری، کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییەوە نوێنەرایەتی دەکا؛ سەردەمێک کە گەلێک جیاوازیی بنەڕەتی لە گەڵ چەند دەیە لەوە پێشی هەیە. لانیکەم لە وڵاتی ئێمەدا هیچ حیزبێکی هاوچەرخ پیشانی نەداوە کە لەو ڕاستییە تێگەیشتووە. بارنەهێنانی کادر و ڕێبەر و هێشتنەوەی سەروەریی ئەوانەی پێشوو، پێناسەیەکی زەقی ژیانی حیزبی هاوچەرخە کە پشت‌ئەستوورە بە ئولیگارشی حیزبی (حکوومەتی چەند کەس) و سیستەمێکی هەرێمی (چین و توێژ).


لەگەشەکەوتنی حیزبی هاوچەرخ بە مانای بێگانە‌بوونە لە بزووتنەوە و هێزی کۆمەڵایەتی. واتە حیزب لە هێزە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی کە مانای بە بوونی داوە، دوور کەوتووەتەوە. حیزب وەک بزووتنەوە دەگۆڕدرێ بۆ حیزبێک کە زۆرتر لە تاقم، فرقە یان هێزێک دەچێ یان لە بزووتنەوەیەکەی کۆمەڵایەتییەوە دەبێتە عەشیرە کە لە باری پێکهاتە و بیرکردنەوە و ڕەوشتەوە هەموو پێکهێنەرانی لە یەک دەچن. (حیزبی تاراوگە بە تایبەتی بەو جۆرەیە. تەنیا لە گەڵ خۆیان هاتوچۆیان هەیە و هەموویان وەک یەک بیر دەکەنەوە، وەک یەک جل لە بەر دەکەن، هتد.). گۆڕانی ڕواڵەتی حیزب بەمجۆرە بە تایبەت لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە حیزب لە کۆمەڵگای خۆی دوورکەوتووەتەوە (یان لە شاخە، یان لە هەندەران). بە وتەی واسڵاو هاوڵ، مەترسیدارترین ئاکامی پێکهاتنی ئەو کەلێنە ئەمەیە: “وازهێنان لە عەقڵ و ویژدان و بەرپرسایەتی لە لایەن تاکەوە، چوونکوو یەکێک لە پێداویستییەکانی ئەو ئایدیۆلۆژییە ڕادەستکردنی عەقڵ و ویژدانە بۆ دەسەڵاتێکیی سەرووتر”. عەقڵانییەتی کۆیلە!



کاتێک کە بنەمای هاوبەش دەکەوێتە مەترسییەوە

هۆکارەکانی پێکهاتنی داب و نەریت لە درێژەی ژیانی حیزبی هاوچەرخ، گۆڕانکاری مێژوویی کە گۆڕانی هەلومەرج، جیلەکان، بیروباوەرەکان و پێداویستییەکان دەگرێتەوە، هەڕەشە لە هاوڕایی یەکەم وردە وردە دەکاتە مەترسییەک. یان بە واتایەکی دیکە زەخت لە سەر تێگەیشتن و بەرنامە و ڕێکخستنەکانی تا ئێستا زیاد دەکەن. بەڵام ئەوەیکە ئێمە لە لایەن حیزبی هاوچەرخەوە دیتوومانە، هەست کردن بەو ئاڵوگۆڕانە نییە، بەڵکوو پێداگرتن لە سەر ئەو بەرنامە و پێکهاتانەی پێشوویە. حیزب دەبێتە حیزبێکی لاسار بەرانبەر گۆڕانکاریی و خۆ نوێکردنەوە؛ دەبێتە کۆیلەی ناو و وێنە و ڕابردووی خۆی؛ ئیتر ئامراز نییە، چەمکێکە! ئەوە لایەنێکی کێشمەکێشەکانە. لایەنێکی دیکە گەشەی بیری جیاواز و ناڕەزایەتییە بەرانبەر سیستەمی چەقبەستووی ماناکان و پەیوەندییەکان. هەموو ئەمانە هەڕەشە لە کۆدەنگی یەکەم دەکەن. کاتێک کە ئەو کۆدەنگییە لە ئاکامی (١) لەگەشەکەوتنی حیزب و (٢) زۆر بوونی بیری جیاواز، تووشی خەسار دەبێ (واتە بیری یەکەم ڕەت دەکرێتەوە یان خوێندنەوەی نوێ دەخوازێ)، مەترسی دابڕان و جیابوونەوەش زیاد دەکا. کاتێکیش کە حیزبەکە خۆی لە ناخی وەها دۆخێکدا دەبینێتەوە، لە بەر خراپ ڕاگەیشتن بە سەر دۆخەکە (نەبوونی مودیرییەتی لێهاتووانە و دێموکراتیک)، ناتوانێ پێش بە جیابوونەوە بگرێ. لێرەدا هاوڕێیەتی پڕبایەخ یان یەکگرتوویی هزرییش تووشی خەسار دەبێ. بەڵام خراپ مودیرییەت‌کردن خۆی ئاکامی هۆکارێکی دیکەیە بەجۆرێک کە ناکرێ لە دۆخێکی ئەوجۆرەدا یان لە سیستەمێکی چەقبەستوو و لاساردا بەردەوام چاوەڕوانی پێڕاگەیشتنێکی باش بین. هاوڵ لە ژێر تیشکی ئەزموونی ڕێژیمی ستالینیستیدا دەڵێ، “سیستەمەکە لە باری سیاسییەوە وەها لەگەشە کەوتووە و خۆی توند وقایم کردووە کە لە کردەوەدا هیچ ڕێگایەک بۆ ئەوەی بیری جیاواز لە پێکهاتەی ڕەسمی سیستەمەکەدا ڕچاو بکرێ، بەدی ناکرێ”. لە ڕاستیدا، جیابوونەوە و دەرکردن دەبنە باشترین ڕێگا چارە.
بابەتی لەگەشەکەوتنی دیاردەیەک لە کاتێکدا کە گۆڕانی خێرا لە دەورووبەریدا ڕوو دەدا، دەکرێ لە ژێر تیشکی دوو ڕووداوی گەورەی سەدەی ڕابردوو، واتە شۆڕشی ١٩١٧ی ڕووسیا و شۆڕشی ١٣٥٧/١٩٧٩ی ئێران ، تاوتوێ بکرێ. هەر دوو دەوڵەتەکە کە لە ئاکامی ئەو شۆڕشانەدا ڕووخان، ئەو خاڵە هاوبەشەیان هەبوو کە لە کاتێکدا کۆمەڵگاکەیان بەخێرایی گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دەبینی، لە باری سیاسییەوە ئامادەی هیچ چاکسازییەک نەبوون و لە سەر دەسەڵاتی ڕەها و تاکڕەو پێداگریان دەکرد. ئاستی وشیاریی مێژوویی ئێستا پێمان دەڵێ کە مەرج نەبوو هیچکام لەو شۆڕشانە ڕوو بدەن. واتە ئەوان خۆلێلانەدەر (اجتناب‌ناپذیر) نەبوون. لێرەدا مافی بۆچوونی جیاواز بۆ خوێنەر دەسەلمێنم و کەسانێک هەن کە جەخت لە سەر هۆکاری ئابووریی دەکەن. هەرچۆنێک بێ، ئاکامی پێداگرتن لە سەر تاکڕەوی و ئیستبدادی سیاسیی، تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوو کە گەلێک ڕووداوی چاوەڕواننەکراو و ناخۆشی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم خاڵە پەیوەندی بە بابەتی خەتی سیاسییەوە هەیە کە لە سەرەوە باس کرا، کە لە نەبوونیدا چاکسازیی دەبێتە گرفتێکی گەورە.



ئاکامەکانی لەگەشەکەوتنی سیستەم

لەگەشەکەوتنی سیستەم یان لە باسەکەی ئێمەدا حیزبی هاوچەرخ هۆی گەلێک بابەتی دیکە ڕوون دەکاتەوە کە بە لێشاو لە کاتی سەرهەڵدانی کێشمەکێش لە نێوان سیستەمی چەقبەستووی داب و نەریت و هەروەها لە کاتی سەرهەڵدانی بیری جیاوازدا خۆیان دەردەخەن. سەرەکیترینی ئەوانە بەکارهێنانی دەسەڵاتی ڕەها و توندئاژۆیە لە دژی بیری جیاواز و ویستی گۆڕانکاریی. ئەمە دەرکردن، هەڕەشە، ناوزڕاندن و بێ‌ڕێزیی لە بەرانبەر یەکتر لە ئاستێکی مەزندا بەدوای خۆیدا دەهێنێ. هاوڕێیەتی پێشوو تووشی خەسارێکی قورس و لە زۆر کاتدا قەرەبوونەکراو دەبێ. لێرەدا “ئەوی دیکە” واتە “غەیرە” پێک دێ تا ناسنامەی خۆ بە پێی جیاوازیی لە گەڵ ئەو غەیرەدا هەمیسان پێناسە بکاتەوە. پێکهێنانی غەیرە بۆ پێناسەکردنەوەی خۆ، لانیکەم یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانە بۆ ئەوی بزانین بۆچی جیاوازییەکان بەجۆرێکی ڕووکەشانە کە گوایا لە جیاوازییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانەوە سەرچاوەیان گرتوە، شی دەکرێنەوە (بۆ وێنە دابەشکردن لە ڕێگای دوانەیی پرولیتاریا و بورژوازی)؛ یان لە بواری ئاییندا، بۆچی جیاوازییەکان لە ڕێگای دوانەی کافر و دیندار شی دەکرێنەوە. لە سیستەمی چەقبەستووی حیزبی هاوچەرخیشدا هیچ خۆیەک بێ هەبوونی غەیرەیەک بوونی نابێت. بۆیە پێکهێنانی غەیرەیەکی دوژمنانە دەبێتە ئامانجی دەسەڵاتی بانتر کە داوای ڕادەستکردنی ویژدان و عەقڵ دەکا و شانازیی مێژوویی کە لە ڕێگای بۆنەکانەوە بیر ئەخرێنەوە، تەنیا بۆ خۆی زەوت دەکا.
بەڵام سەرهەڵدانی بیری جیاواز و ناڕەزایەتی بێ خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی حیزبی هاوچەرخ دەسپێکەری هەمان ڕەوتە کە ئاکامەکەی ئەبێتە لەگەشەکەوتن. درێژەکێشانی دابڕان و جیابوونەوەکان لە ناو ئەوانەی وا جیابوونەتەوە ئەوە دەردەخەن کە ئەوانیش بە هەمان ئاقاری حیزبی هاوچەرخدا دەڕۆن و بە پێی زەمان دەبنە درێژەدەری داب و نەریتی پێشوو یان خاوەن فەرهەنگی خۆیان. کەوابوو ناتوانن قەوارەیەکی ڕێکخراوەیی گونجاو بۆ خۆیان بدۆزنەوە و دەکەونەوە هەمان بازنە کە لە هاوڕایی یەکەمەوە دەست پێدەکا. لە بەر ئەمەیە کە وزە و تینی دوای جیابوونەوە بە زوویی دادەمرکێتەوە. بۆیە هەر وەک زۆر نموونە پێمان دەڵێن، جیابوونە تەنیا لە بەر هەبوونی بیری جیاواز و ناڕەزایەتی زەمانەتی جۆرێکی دیکە لە حیزبایەتی ناکا.



کۆبەندی

لە ڕوانگای ئەم وتارەوە، هۆکاری بنەڕەتی بۆ دابڕانەکان دەبێ لەم خاڵەدا بدۆزرێتەوە: پچڕانی پەیوەندی بیرۆکە هابەشەکانی پێشوو کە بنەمای کۆدەنگی یەکەمی پێک دەهێنا، لە گەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم یان بێتوانایی لە خۆڕێکخستن لە گەڵ پێدوایستییەکانی سەردەمێکی نوێ‌تر. لە هەمان کاتدا، ئەوەیکە دەبێتە کۆسپێکی مەزن لە سەر ڕێگای خۆگونجاندن لە گەڵ سەردەم، داب و نەریت واتە سیستەمێک/فەرهەنگێک لە ماناکان و پەیوەندییەکانە کە لە درێژەی مێژووی حیزبدا شکڵ دەگرێ. ئەم سیستەمە چەقبەستووە خۆی دەبێتە هۆکاری یەکەمی لە گەشەخستنی حیزب و بەدوای خۆیدا ناڕەزایەتی و بیری جیاوازی لێ ئەکەوێتەوە. ئەوە دەبێ بسەلمێت کە هەر نموونەیەک لە حیزبایەتی و جیابوونەوە خاوەن پێناسەکانی تایبەت بە خۆیەتی و لەوانەیە ئەم ڕوانینە گشتگیرە هەموو ئەوانه نەگرێتەوه. سەرەڕای ئەمە، هەر وەک لە سەرەتاوە باس کرا، ئەو شتەی مێتۆدی ئەم وتارە پێک دەهێنێ، لێکۆڵینەوە نەک لەو لایەنە جیاوازانە بەڵکوو تیشک خستنە سەر چەند خاڵێکی هاوبەشە کە بە گشتی ڕەوتی پێکهاتنی حیزبی سەردەمی ئێمە ڕوون دەکەنەوە. لە ڕاستیدا، حیزبی هاوچەرخ لە سەر بنەمای مێژوویەکی دوورودرێژ و لە ناخی فەرهەنگێکی جێکەوتوودا (کە بەشێکی گرینگی ئایینییە) پێک هاتووە و کاریگەری لێ وەرگرتوە. پێکهاتنی بیری جیاواز تەنهاهۆکار نییە بۆ پاساوکردنی جیابوونەوەکان لە حیزبەکانی سەردەمی ئێمەدا. بە پێچەوانە، لاوازییەکان و کەموکوڕییەکان دەریدەخەن کە یەکێک لەوانە دەستەوەستانی لە مامەڵەکردن لە گەڵ بیری جیاواز و ناڕەزایەتی لە حیزبی هاوچەرخدایە. لە هەمان کاتدا لە ڕوانگای ئەم وتارەوە تەنیا بەدیمۆکراتیک‌کردنی حیزبایەتی یان شێوەی ڕاگەیشتن بە سەر ململانێ هزرییەکاندا ناتوانێ جوابی بنەڕەتی ئەو پرسیارە بێ کە بۆچی جیاوبوونە لە ئاستێکی زۆردا لە حیزبەکان ڕوویانداوە و هەر کامەیان شێوازێکی نادیمۆکراتیکیان لە خۆ نواندووە. بۆ جوابی بنەڕەتیتر دەبێ تێشک بخرێتە سەر بنەمای پێکهێنەری حیزبی هاوچەرخ و لە هەمان کاتدا ئاستی وشیاری لە هۆکارەکانی لەگەشەکەوتنی حیزب بەرز بکرێتەوە.



پێزانین

نووسەر سپاسی ئەو کەسانە دەکات کە ئەم وتارەیان پێش بڵاوبوونەوە خوێندەوە و پێشنیارەکانیان بوە هۆی ڕوونترکردنەوەی ئامانجی نووسراوەکە و هەڵەی کەمتر.

نووسەر دوکتۆرای مێژووی هەیە لە زانکۆی سەینت ئاندرووس، بریتانیا. بواری توێژینەوەی پەیوەندی هەیە بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و کوردستان. بۆ وتارەکانی بە زمانی ئینگلیزی دەتوانن بڕواننە ئەم لینکە:

https://orcid.org/0000-0001-7259-4504