بۆ بزووتنەوەی ژینا خەباتێکی دژەکۆلۆنیالیستییە؟
سازکردنەوە خەڵک بە مەبەستی ڕزگاری
شاهۆ زەنگەنە
“سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ.ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.”
ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێ بە ڕەمز.
غەریبی غوربەتی کردم بە ئەوتان/ سەراپا ئەرزی لێ کردوومە زیندان!
حاجی قادری کۆیی
پێشەکی: گوتاری کوردایەتی و ڕووداوی ژینا
کاتێک دەمانهەوێ باس لە ڕووداوێک بکەین، بەپێی ئەوەی لە چ گوتارێکدا قسە دەکەین مانای جیاواز بۆ ڕووداوەکە ساز دەبێ. تەنانەت ئەگەر ڕووداوەکە زۆر لێمان نزیک بێ و بەپێی تێگەیشتنی باو نەچووبێتەوە ناو مێژووەوە، مادام دەمانهەوێ باسی بکەین و بیری لێ بکەینەوە لەناو یەکێک لەو گوتارانەی لە ناو کۆمەڵگادا زاڵن سەرنجی خۆمان دەردەبڕین. ژینا مرد یا شەهید بوو؟ ئایا ژینا لە سەقزەوە چوو بوو بۆ تاران وەک چۆن لە شیرازەوە دەکرا بڕوا بۆ تاران، یا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە سەفەر ڕێی کەوتبووە ناوەندی ئێران؟ ئەو کاتەی ژینا و براکەی بە پۆلیسیان دەگووت ئێمە لێرە غەریبین، ڕێک بیریان لە چی دەکردەوە؟ لە کاتی ناشتنی تەرمی ژینادا بۆ خەڵکی کوردستان سروودی “ئەی ڕەقیب”یان دەخوێندەوە؟ ژینا چۆن دەبێ بە ڕەمز؟ ئایا پێویستە لە دووانەی ژینای ئێمە/کوردستان یا مەهسای ئەوان/ئێران یەکیان هەڵبژێرین؟ سێ جار مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ڕۆژهەڵات چۆن نیشاندەری هێزە و چۆن خەڵک خۆیان دەتوانن ببنە ڕزگاریدەری خۆیان؟
بۆ هەڵسەنگاندنی وەڵامی کۆمەڵگای کوردی بۆ ئەم پرسیارانە و تێگەیشتن لەم ڕووداوە، هەوڵ دەدەم شیکاری ئەو گوتارە زاڵەی ئێستا ناو کۆمەڵگای کوردی بکەم کە دەکرێ وەک گوتاری کوردایەتی ناوی لێ ببەین. سەرەتا باس لە هەندێک گریمانە دەکەم کە بۆ شیکاریی ئەم گوتارە پێویستمانە. تێگەیشتنی ئێمە لە دنیای دەوروبەرمان لەسەر بنەمای شیکاری گوتارە. ڕووداوێک لە دنیای ڕاستەقینەدا ڕووی داوە، بەڵام ئەوە گوتارەکانن مانا بۆ ڕووداوەکان ساز دەکەن. هەروەها لە بنەڕەتدا ئێمە لە بەستێنێکی مێژوویی و کولتووریدا بیر دەکەینەوە. مەعریفەی ئێمە بەرهەمی کارلێکردنی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا هەندێک هەقیقەتی هاوبەش ساز دەکەین و لەسەر ڕاست و هەڵەبوونی دیاردەکان پێکەوە کێبەرکێمان هەیە. بەمگوێرەیە زانست و دەسەڵات پێکەوە گرێدراون و، سازکردنەوەی کۆمەڵایەتیی هەقیقەت و زانست دەرەنجامی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە. (Jørgensen and Phillips, 5-6)
ئەگەرچی گوتاری کوردایەتی لە دوای کۆماری کوردستان و بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا دوژمنی خۆی وەک داگیرکەر پێناسە کردووە، بەڵام نە بەڕوونی دیار بووە کە داگیرکەری چ تایبەتمەندییەکی هەیە و، نە ئەم وێناکردنە توانیویەتی لە چوارچێوەی خەباتی ڕزیگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سنوورەکانی نێوان ئێرانیبوونی و کورد/کوردستانیبوون دیاری بکا. لە لایەنی یەکەمدا باشترە داگیرکاری لە کۆلۆنیالیزم جیا بکەینەوە. (ئەردەڵان ٢٠١٩ئەلف، ٤٤-٤٥) داگیرکاری بە دەستێوەردانێکی سوپایی وڵاتێک بۆ سەر وڵاتێکی دیکە دەوترێ کە دوای شەڕ لە نێواندا و بەپێی هەندێک فاکتەری وەکوو پارسەنگی هێز و یاسا نێودەوڵەوتییەکان کۆتایی پێ دێت. قۆناغی داگیرکاری درێژخایەن نییە و کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی وڵاتی داگیرکراو دانانێت. بەڵام کاتێک وڵات یا نەتەوەیەک بەکۆلۆنی دەگیرێ لایەنی کۆلۆنیالیست نەک هەوڵ دەدا دەستێوەردانی هەموو پێکهاتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بکا، بەڵکوو هەروەها ئەم کاریگەرییە نەرێنییە تەنانەت بۆ دەیان ساڵ پاش ڕزگاریی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو دەمێنێتەوە و بەئاسانی ناسردڕێتەوە.
لایەنێکی گرنگی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی تایبەتمەندی وەخۆگرانەی ئەم کۆلۆنیالیزمە. ئەردەڵان پێیوایە “مەبەست لە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر ئەوەیە کە حکوومەتی ئێران بۆ مەشروعیەتدان بە تاڵانی کوردستان، چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد و هەروەها پەرەپێدان بە دەسەڵاتی خۆی لە کوردستان لە ڕێگەی سازکردنی هێژمونیی کولتوورییەوە سیاسەتێکی دیاریکراوی بۆ بەهیخۆکردنی هەموو بەشەکانی ناسنامەی کوردی لە ژێر چەمکی ئێرانیبووندا هەیە و لەم چوارچێوەدا کوردبوون وەکوو ژێرکۆمەڵەی ئێرانیبوون پێناسەی بۆ دەکرێ. ئەم سیاسەتی بەهیخۆکردنە لایەنێکی سۆزداریشی پێوە کە ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن لە نێوان کورد و فارسدا مێژوو، کولتوور و ئەزموونێکی هاوبەشی ساختە ساز بکەن و لەم ڕووەوە وا نیشانی بدەن کە کوردیان خۆش دەوێ، لەگەڵی نەرمونیانن و لە ڕواڵەتدا بەگەرموگوڕی لەگەڵ مرۆڤی کورد هەڵسووکەوت دەکەن.” (ئەردەڵان ٢٠١٩ب، ٢٦) ئەم لایەنە وەخۆگرانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی هەوڵیداوە کە ناسنامەی کوردی/کوردستانی وەک ناسنامەیەکی قەومی/مەحەللی لەناو ناسنامەی نەتەوەیی ئێرانیدا پێناسە بکرێ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی ڕێگریکردنە لە دەربڕین و دەرخستنی ویستی نەتەوەیی کورد؛ بۆ گەیشتن بەم مەبەستە ناسیۆنالیزمی ئێرانی/فارسی وەک ناسنامەیەکی قەومیی ساختە پێناسەی ناسنامەی کوردی دەکا. (سولەیمانی و محەمەدپوور ٢٠١٩)
کاتێک سەیری ڕووداوەکەی ژینا دەکەین بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە میدیا و نوخبەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەو بەشەدا لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی ڕژیمی ئیسلامی هاودەنگن کە دەیهەوێ دەبڕینی نەتەوەیی لە ژینا/ بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بسڕنەوە یا پەراوێزی بخەن. یەکیەتیی نەتەوەیی وەکوو دالی هێژمونیکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی وێنایەکی مێژوویی بۆ کۆمەڵگای ئێرانی ساز کردووە کە تێیدا جۆری حکومەت، مۆدێرنیتە، دێموکراسی، ژینگە و ژیان کاتێک مانایان هەیە کە یەکیەتییەکی هەمیشەیی لە جوگرافیای ئێراندا هەبێ کە پێش لە سەدەی بیستەم هیچ کات بوونی نەبووە. ناوی ڕەمزی ناسینەوەی ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە کە مەحمود ئەفشار سەرنووسەری گۆڤاری ئایندە نزیک بە سەدەیەک لەمەوبەر بەوردی و ڕاشکاوانە نەخشەڕێگاکەی بۆ داڕشتووە: “مەبەستی ئێمە لە یەکیەتیی نەتەوەییی ئێران یەکیەتی سیاسی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی ئەو خەڵکانەیە کە لە سنوورەکانی ئێستای مەملەکەتی ئێران نیشتەجێن. ئەم دەربڕینە دوو چەمکی دیکە لەخۆ دەگرێ کە بریتین لە ڕاگرتنی سەربەخۆییی سیاسی و یەکپارچەییی خاکی ئێران. بەڵام مەبەستی من لەوەی دەوترێ یەکیەتییەکی نەتەوەیی تەواو دەبێ جێبەجێ بکرێ ئەوەیە کە لە هەموو مەملەکەتی ئێران زمانی فارسی بگشتێندرێ و، ناکۆکییە ناوچەییەکانی وەکوو جلوبەرگ، ڕەوەشت و هتد بسڕدرێتەوە و، ملوک ئەلتەوائێفی بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت. کورد و لۆڕ و قەشقایی و عەرەب و تورک و تورکەمان و هتد هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نەبێ. هەر کامیان نابێ جلوبەرگ و زمانی خۆیان هەبێ… بە باوەڕی ئێمە تا ئەو کاتەی لە ئێران یەکیەتیی نەتەوەیی لە دووتوێی زمان، ئەخلاق، جلوبەرگ و هتد دەستەبەر نەبێ لە هەموو کاتێکدا ئەگەری سازبوونی مەترسی بۆ سەر سەربەخۆییی سیاسی و یەکپارچەییی نەتەوەییمان هەیە.” (افشار ١٣٠٤)
ئەگەر پێمانوابێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئەم بیرۆکەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەهەڵدا چووین. تەنانەت دوابەدوای حکومەتی پەهلەوی یەکەمەوە ئەم بیرۆکەیە وەک ستراتیژییەکی نیشتمانی پەیڕەو کراوە تا ناسنامەی کوردی/کوردستانی لە هەموو جومگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بسڕنەوە. ئێستا کە سەیری تیڤییەک وەک ئیران ئینتەرنەشناڵ دەکەین کە خۆی وەکوو میدیای سەرەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نیشان دەدا، بەڕوونی دەبیندرێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان لە دیاسپۆرا و ڕۆژهەڵات بەشێوەیەک تێیدا نیشان دەدرێ کە لە ویستی نەتەوەیی کورد چاوپۆشی بکرێ و گوایە خەڵکی کوردستان بەشێک لە خەڵکی ئێرانن. بۆ نموونە بەڕێوەچوونی سێ جار مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک تەنیا جووڵەی خاوەن هەڵوێستی بەکۆمەڵی خەڵک کە لە جۆری خۆیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێوێنەیە بەشێوەیەکی بێبایەخ ڕووماڵ دەکرێ، خۆپیشاندانەکانی دیاسپۆرای کورد بەتەواوی سانسۆر دەکرێ (چونکە ئازادانە دەتوانن هێما نیشتمانییەکانی کوردستان بەکار بهێنن)، درووشمە نەتەوەییەکانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەلا دەنرێن، کاریگەریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لاواز نیشان دەدرێ و باس لە توانای هێزی پێشمەرگە ناکرێ. گومان لەوەدا نییە زیاتر لە سەد ساڵ کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بووەتە هۆی ئەوەی ویستێکی هاوبەش لەگەڵ نەتەوەی فارس لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕواڵەت ساز ببێ. بەڵام لە بنەڕەتدا ویستی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەوان جیاوازی هەیە.
گوتاری کوردایەتی لە ئانتاگۆنیسمێکی ئاشتیهەڵنەگر لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی ئێرانیدایە. دالی هێژمونیکی گوتاری کوردایەتی بریتییە لە ڕزگاری. ڕزگارییەک کە مانا بە خەباتی درێژخایەتی کورد بۆ وەدیهێنانی سەرەوەریی نەتەوەیی دەدا. پێداگری لە ڕزگاربوون لە شێوەکانی ستەم و چەوساندنەوەیە کە مانا بە کوردایەتی دەدا و هەموو هەوڵەکانی نەتەوەی کورد تەنانەت ئەو کاتەی باس لە دێموکراسی دەکا یا دەیهەوێ لەسەر خاکی کوردستان حکومەتێکی خودموختار، فیدراڵ یا سەربەخۆ ساز بکا پێکەوە گرێ دەداتەوە. ئەگەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەیهەوێ لە ڕێگەی سازکردنی چەمکی ئێرانییەوە مەشروعییەت بۆ تاڵانکردنی کوردستان و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد ساز بکا، خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد هەوڵ دەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی ڕزگار بکا. کاتێک لە ٢٥ خەرمانانی ٢٠٢٢دا ژینا بە دەستی نوێنەرەکانی کۆلۆنیالیزمی ئێرانییەوە کوژرا، هەر بەخێرایی خەڵکی کوردستان ژینایان وەک شەهید ناو برد و خاوەنداریەتییان لێ کرد. ژینا و براکەی لە تاران هاواریان کردبوو کە ئێمە لێرە غەریبین. چونکە بۆ ئەوان و زۆرینەی ڕەهای کوردان تاران پایتەختی وڵاتێک نییە کە تێیدا کەرامەتی ئینسانییان هەبێ؛ تاران پایتەختی وڵاتێکی غەریبەیە و ئەوان ئەگەرچی ناچاربوون زمانی خەڵکەکەی فێر ببن بەڵام تێیدا هەست بە ئاسوودەیی ناکەن. نیشتمانی ئەو دوو گەنجە کوردستانە، ئەو شوێنەی لەگەڵ خەڵکەکەی هەست بە ئاشنایەتی دەکەن.
لێرەدایە بۆمان دەردەکەوێ چەند گرنگە بتوانین بەپێێ گوتاری کوردایەتی خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکەی ژینا بکەین. دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی ئێرانی نەک دەیهەوێ مافی دەربڕین و پێشاندانی ناسنامەی کوردی لە نەتەوەی کورد قەدەغە بکا بەڵکوو هەنگاوێک واوەتر دەڕوا و دەیهەوێ بوونی کورد وەخۆ بگرێ و بەئێرانی بکا. دۆزینەوەی زمانێکی شیاو بۆ هەڵسەنگاندن و پێناسەکردنی دۆخی بندەستی و ویستێکی بەکۆمەڵ بۆ ڕزگاری ڕەنگە دژوارترین قۆناغی نوێی بزووتنەوەی دژەکۆلۆنیالیستی کوردایەتی بێ. هەر وەک چۆن فانۆن بەدرووستی ئاماژەی پێ دەکا: “مرۆڤێک کە زمانی هەیە لە ئەنجامدا دەبێتە خاوەنی ئەو جیهانەی کە بەو زمانە دەربڕدراوە و ئاماژەی پێکراوە. ئەوەی پێی دەگەین ڕوون دەبێتەوە: شارەزابوون لە زمان دەسەڵاتت پێ دەبەخشێت” (Fanon, 9). ئەو زمانەی مامۆستا زارا محەمەدی پێی دەدوا ئاستێکی پێگەیشتوو لە دەربڕینی کوردایەتی بێ کە تێیدا نەک بوێرانە دژ بە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی دەوەستێتەوە، بەڵکوو هەروەها باس لە سەروەری سیاسی دەکا. هەروەها ئەگەر سەیری دووانەی ناوی ژینا/مەهسا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ بەرەبەرە گوتاری کوردایەتی توانیویەتی هێما ناسنامەییەکانی ئەویتر وەلا بنێ. بە سەیرکردنی ئینستاگرامی ژینا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو خۆی حەزی کردووە لە ڕێگەی ناوی ژیناوە خۆی پیشان بداتەوە. هەڵبژاردنێک کە لای بەشێکی بەرچاو لەو کەسانە دەبیندرێ کە ناوی عەرەبی یا فارسییان هەیە و بە ویستی خۆیان دەیانەوێ کوردانە دەرکەون.
بەڵام دەبینین کە ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی نایهەوێ ژینا ببینێ و تێیدا دەست لەسەر ناوێک دادەندرێ کە لە شناسنامەکەیدا و بە زمانی فارسی نووسراوە. ئەگەرچی خەبات بۆ ئازادی سنوورەکانی ئیتنیک، ڕەگەز و ئایین تێدەپەڕێنێ، بەڵام چاوپۆشیکردن لە ویستی ژینا بۆ ئەوەی وەک ژینا بناسێندرێ هەڵگری پەیامێکی مەترسیدارە کە ئازادیی ئێرانییەکان دەتوانێ بە مانای ئازادیی کورد نەبێ. چۆن دەکرێ ئازادیی ئێرانی دیسانەوە زیندانێک بۆ کورد ساز بکاتەوە؟ ڕەنگە زۆر کەس وا بیر بکەنەوە کە ئایدیۆلۆژی لە وشیاریی سوژەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام بە باوەڕی ئالتوسێر ئایدیۆلۆژی بەقووڵی دیاردەیەکەی ناوشیارە (Ferretter, 76). واتە ئایدیۆلۆژی جۆرێک لە گوتارە کە ئێمە لە ڕووی وشیارییەوە جێبەجێی نایکەن و بەشێوەی عەقڵانی ڕاستییەکەی هەڵناسەنگێنین. ئەگەر سەیری ئەو گۆرانییە بکەین کە شێروین حاجیپوور بە ناوی “برای…” بڵاوی کردووەتەوە بەڕوونی دەردەکەوێ کە چۆن ناوشیاری مرۆڤی ئێرانی سازێنەری ئایدیۆلۆژیی ئێرانییە و تێیدا نەتەوە نافارسەکان و کێشە و ئازارەکانیان وەلا دەنرێن. گوایە شێروین لەناو هەزاران تویتی بەرهەڵستکارانەدا دەقی گۆرانییەکەی هەڵبژاردووە. لەوانەدا بۆ سەدان مژار ئاماژە کراوە کە پەیوەندی بە ژیان و جۆرەکانی ستەمەوە هەیە، بەڵام شێروین چۆن تەنیا ئەو چەند تویتە هەڵدەبژێرێ؟ من پێموایە سڕینەوەی داواکارییە نەتەوەییەکانی نەتەوە نافارسەکان، کوشتنی سیستەماتیکی کۆڵبەرانی کورد، لەناوبردنی ژینگەی زاگرۆس، زیندانیانی سیاسی و چەندین مژاری دیکە بۆ ناوشیاری مرۆڤی ئێرانی دەگەڕێتەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە خەم بۆ دارە وشکەڵاتووەکانی شەقامێک لە تاران و بەچکە پڵینگێک بخوا بەڵام چەوساندنەوەی چەند ملوێن ئینسان نەبێنێت. بۆیە نابێ پێمان سەیر بێ لە گۆرانییەک بۆ بزووتنەوەی ژینا وتراوە تەنانەت باس لە ژینا ناکرێ و درووشمێک کە هەڵقووڵاوی خەبات لە کوردستانە، زن/زندگی/آزادی بە ڕیتم و سەروایەکی پیاوسالارانەی مرد/میهن/آبادی لەبار دەبردرێ. درووشمێک کە لە ناوشیاری بەکۆمەڵی نەتەوەی ئێرانی/فارسییەوە هەڵقووڵاوە: پیاوی فارس کە نیشتمانی ئێرانی ئاوەدان کردووەتەوە و ئەگەر ئەو نەبێ یەکیەتیی نەتەوەییی ئێران هەڵدەوەشێتەوە. ئەگەر باس لە نیشتمانی پیاوی ئێرانی نەکەین ئازادی ژنی کورد یەکپارچەییی خاکی ئێران دەخاتە مەترسییەوە!
کوردایەتی وەکوو خەباتێکی فرەچەشنی دژەچەوساندنەوە
لە دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارگەلێک وەکوو سنە و سەقز بوونە ناوەندی ڕابوون و بەرخۆدان. جیاوازییەکی بنەڕەتی خەباتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ شۆڕشی ١٣٥٧ (١٩٧٩) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر لە تاران و گەورەشارەکانی ئێران ڕاپەڕینێک ڕووی دابوو و بەرەبەرە شارەکانی کوردستانی گرتەوە، بەڵام ئێستاکە ڕاپەڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێ کردووە و ئەگەری ئەوە هەیە کە شارەکانی ئێرانیش بگرێتەوە. جێی سەرنجە کە لە درێژەی یەک سەدەی ڕابردوودا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد چەشنێکی دیکەی لە خەباتی دژەکۆلۆنیالیستی نیشان داوە کە هەموو میدیا ئێرانییەکان هەوڵیانداوە لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی چاوپۆشی بکەن.
دەتوانین بڵێین کوردایەتی خاوەنی هەوێنی شۆڕشێکی دێموکراتیکە، چونکە هەڵگری گوتارێکە کە تێیدا کردەوەی شۆڕشگێڕانە لە پێناو خەباتێکی دژ بە چەوساندنەوەیە و دەیهەوێ بەرهەڵستکاری پەیوەندییەکانی ملکەچی ببێتەوە. واتە کوردایەتی دەیهەوێ لە ڕێگەی بیرۆکەی ڕزگارییەوە دژ بە گوتارەکانی دوژمن بوەستێتەوە و نیشانی بدا چۆن دەتوانین پەیوەندییەکانی ملکەچی، وەک پەیوەندییەکانی سەرکوت پێناسە بکەین. ملکەچبوون وەک نیشانەی سەرەکی دۆخی کۆلۆنیالیستی، پەیوەندییەکی سەرکوتکەرانەیە و بەرهۆی دۆخێکی سروشتی نییە. گوتاری دوژمن هەوڵ دەدا بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی بندەستی پەیوەندییەکانی ملکەچی وەکوو جیاوازییەکی سروشتی نیشان بدا، بەڵام گوتاری کوردایەتی دژی دەوەستێتەوە و دەیهەوێ لە ڕێگەی جومگەبەندیی هاونرخی شێوازەکانی خەباتەوە (Ernesto and Mouffe 2001)، شۆڕشێکی فرەڕەهەندی بەکۆمەڵ ساز بکا کە تێیدا وەک قاسملوو ئاماژەی پێ دەکا نەمانی سێ شێوازی ستەمی نەتەوایەتی، چینایەتی و سیاسی دوا ئامانجی خەباتی کوردایەتی دەبێ.
لە ڕاستیدا، مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنی هەر شۆڕشێکی دێموکراتیک، سڕینەوەی ئەو پەیوەندییانەیە کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە ساز بوون و لە ڕۆژهەڵات لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێ کوردستان لە دۆخی کۆلۆنیالیزم ڕزگاری ببێ. بەڵام تێگەیشتنی پێشووتر لە شۆڕش ڕەنگە نەتوانێ بەم ئامانجە کۆتایییە بمانگەیەنێت، چونکە هەم لە لایەکەوە پێیوایە دەکرێ بە مانەوەی پێکهاتەی سیاسیی ئێران مرۆڤی کورد ڕزگاری ببێ؛ هەروەها لەم شێوازەدا زیاتر بیر لەوە کراوەتەوە کە یەک ناوەند بۆ چڕکردنەوەی هێز هەیە کە تێیدا کۆمەڵگا لە ڕێگەی هێزیکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتووەوە (هێزی پێشمەرگە) بەرەو ئامانجی کۆتایی هەنگاو هەڵبێنێت. بەڵام ئەم دیمەنە لە لایەکەوە ناتوانێ لە هەموو تواناکانی بەشە چەوساوەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ شۆڕش کەڵک وەرگرێ کە ویستی ڕزگاربوونیان هەیە. بە واتایەک ئەم جۆر تێگەیشتنە بە سەر چەشنە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا کراوە نییە، هەروەها ڕێگە بۆ هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمی ئێرانی خۆش دەکا کە بە ئاسانی هێزی شۆڕشگێڕ سنووردار بکا و لە ئاستی کاریگەریی کەم بکاتەوە. هەر لەم مانایەدا قاسملوو باس لەوە دەکا کە: “لەو بڕوایەدام کە ئەم ڕێژیمە لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و نووسینی چەند وتار لە دەرەوەی وڵات ناڕووخێ. [بەڵکوو] دەڵێم لە ڕێگای زاڵبوونەوە ئەم ڕێژیمە لە بەین دەچێ؛ ئێستا ئەم زاڵبوونە ڕاپەڕینی چەکدارانە لە نێو شارەکان دەبێ یا تێکەڵێک لە شەڕی چەکدارانەی شاری لەگەڵ شەڕی پارتیزانی لە دێهاتەکاندا و مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵکی لە نێو شارەکاندا، لەو بڕوایەدام ناکرێ لە پێشدا ئەمە دیاری بکرێ. بەڵام سەبارەت بەوە کە داخوا ئەو ڕێژیمە دەڕووخێ ئەویش لە ڕیگای زاڵبوون بە سەریدا، من هیچ لە شک و گوماندا نیم کە ڕێژیم لە قەیرانێکی قووڵدایە.” (قاسملوو ١٣٨٤، ٥٥).
فرەچەشنکردنی بیاڤی سیاسی و ڕێگرتن لەوەی کە هێز تەنیا لە یەک ناوەندا چڕ ببێتەوە، یارمەتیدەری گوتاری کوردایەتی دەبێ کە لە نێوان بزووتنەوە جیاکانی ناو کۆمەڵگای کوردی لە ڕێگەی جومگەبەندییەکی هێژمۆنیکەوە پێگەی فرەڕەهەند لە هەناوی یەکیەتییەکی دژەچەوساندنەوە بۆ خەبات ساز بکا. ئەگەر داواکارییەکانی دەستە و گرووپە جیاکان لێک جیاواز بن، لە زۆربەی کاتەکاندا پێکەوە ناگونجێن و هیچ جۆرە هاونرخییەک لە نێوانیاندا ساز نابێ. هەروەها کاتێک باس لەوە دەکەین کە کوردایەتی خەباتێکە بۆ لابردنی ستەم و چەوساندنەوە، کاتێک دەتوانین باس لەوە بکەین کە ئەم خەباتە توانایەکی هێژمۆنیکی هەیە کە بەسەر هەموو جومگەکانی ڕۆژهەڵاتدا شۆڕ ببێتەوە؛ هەروەها بتوانین بە شێوازێکی دێموکراتیک و پلۆڕال ئەو نابەرابەرییانەی کە پەیوەندییەکانی سەرکوت و سوڵتە سازیان کردووە، پێکەوە جومگەبەندی بکەین. واتە ئێمە دەبێ لە ڕێگەی گێرانەوەیەکی بەهێزی پێشوەختەوە (گوتاری دژەچەوساندنەوەی کوردایەتی) بتوانین بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان لە هەمان کاتدا کە سەربەخۆن و گرنگی بە داخوازییەکانیان دەدرێ، هاونرخ بکەین و لە پێناوی ڕزگاریدا دوژمنی پێ لەناو بەرین و پێگەکانی لە ناو کۆمەڵگادا پڕ بکەینەوە.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە دەتوانن چیرۆکێکی مەزنتر و خوێندنەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئامانجی دیاریکراو بۆ گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان ساز بکەن؛ هەروەها هەر گروپێکی بندەست کە دەیهەوێ خۆی لە پەیوەندییەکانی ملکەچبوون ڕزگار بکا بەدڵنیاییەوە هەڵوێستەکانی لەناو بزووتنەوەیەکی دێموکراتیکدا فۆڕم دەگرن. چونکە لەبنەڕەتدا ناکرێ خەباتێک دژی چەوساندنەوەی نەتەوەیی بی یا خوازیاری سڕینەوەی سیستەمی پیاواسالاری بێ بەڵام نادێموکراتیک بێ. بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو دەبێ کە بتوانێ وێنایەکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی بەدیل ساز بکا. ئەگەر داخوازییەکانی گرووپێکی بندەست تەنیا وەکوو داواکارییەکی نەرێنی پێشکەش بکرێ و بیهەوێ نەزمی هەنووکەیی تێک بشکێنێ، بێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی کردەیی بۆ سەرلەنوێ سازکردنەوەی کۆمەڵگە بە دەستەوە بدا، بە ئەگەری زۆرەوە ناتوانێ لە هەمان سەرەتاوە کردارێکی هێژمۆنیکی هەبێ و لە ئاکامدا شکەست دێنێ.
ئەوەی ئێستا لە بزووتنەوەی ژینادا دەبیندرێ کە خۆی لە درووشمی ژن، ژیان، ئازادیدا چڕ کردووەتەوە نیشاندەری چەند ساڵ گرێدانی خەباتی شاخ/چەکداری و خەباتی شار/مەدەنییە کە تێیدا گرنگی بە هاونرخکردن و ئاوڕدانەوە لە ویستی ڕزگاری گروپە بندەستەکان لە کوردستان دراوە. خەڵکی کوردستان بە هەر کام لە ویستە جیاوازییەکانیانەوە بۆ سڕینەوەی ستەم و پەیوەندییەکانی ملکەچی، لە ستەمی جێندەرییەوە بگرە تا ستەمی چینایەتی. لە ستەمی نەتەوەییەوە بگرە تا ستەمی ژینگەیی توانیویانە خۆیان لە گوتاری کوردایەتیدا ببیننەوە. چونکە لەم شێوازە نوێیەی خەباتی کوردایەتیدا دالی هێژمونیکی ڕزگاری دەتوانێ بێ ئەوەی وەدیهاتنی ویستی هیچ کام لە گروپە بندەستەکان بۆ ئایندەیەکی نادیار دوا بخا، هەنووکە پێکەوە دژ بە سیستەمی سوڵتە هاودەنگیان بکا.
خەڵک وەک سەرچاوەی هێز
خەڵکی کوردستان نەیانهێشت تەرمی ژینا بە شاراوەیی و بە بێکەسی شەوانە ئەسپێردەی خاک بکرێ. بەڵکوو بوێرانە و لە ژێر چاوەدێری سوپای کۆلۆنیالیزمدا لە ناشتنەکەیدا درووشمی دژەداگیرکەریان دا و سروودی ئەی ڕەقیبیان خوێندەوە. هەر دوابەدوای ئەمە ڕووداوە دڵتەزێنەدا بە دەستپێشخەری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و پشتیوانی حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو. لێرەدایە گرنگی گرێدراوەیی کاری حیزبی و ڕێکخراوەیی لەگەڵ وشیاری سیاسیی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای مەدەنی دەردەکەوێ. چونکە ژینا یەکەم ژنێک نەبوو کە لەم ساڵانەی دواییدا بەم شێوە دڕندانەیە بکوژرێ، بەڵام لە نموونەکانی دیکەدا خەڵکی غەیرە کورد لەبەر نەبوونی ئەو دوو فاکتەرە نەیانتوانی خاوەنداریەتی لە ئەندامانی کۆمەڵگای خۆیان بکەن. مانگرتنی دووەم کە تەنانەت زیاتر لە مانگرتنی یەکەم هەموو ناوچەکانی ڕۆژەهەڵاتی گرتەوە نیشانی دا کە کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر خاوەنداریەتیی لە شەهیدانی خۆی و پشتگیری لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هاودەنگە. قەبوڵ کردنی ئەم ڕووداوە مێژووییە کە لە ویستی هاوبەشی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوەی دەگرت بۆ میدیای ئێرانی هێندە قورس بوو کە بە بایەخییەوە سەیریان دەکرد یا هەوڵیان دەدا لە درێژەی هەندێک ناڕەزایەتیی بچووکی شارەکانی دیکەدا کورتی بکەنەوە.
چۆن خەڵکی کورد لە جەماوەرێکی بێناوەوە کە میدیا ئێرانییەکان وەکوو جەماوەری ناوچە کوردنشینەکان باسیان لێ دەکرد توانییان ئەم جۆرە ئەکتە سیاسییە بەهێزە نیشان بدەن؟ ڕەنگە کلیلی تێگەیشتن لە باسەکە لە هەمان ویستی دژەکۆلۆنیالیستی نەتەوەی کورددا بێ کە ناوشیاری بەکۆمەڵی خەڵکی ساز کردووە. هەر وەک چۆن مبێمبە ئاماژەی پێ دەکا: “ئەگەر بکرێ وەک ڕووداوێک سەیری سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم بکەین، بنەڕەتی واتا فەلسەفییەکەی لە ویستێکی چالاک بۆ کۆمەڵگەدایە – بە هەمان شێوەی کە پێشتر وەک ویست بۆ دەسەڵات باسیان لێ کردبوو. ئەم ویست بۆ کۆمەڵگەیە ناوێکی دیکەیە بۆ ئەو شتەی کە دەکرێ وەکوو ویست بۆ ژیان ناوێ لێ ببردرێ. ئامانجەکەی وەدیهاتنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بوو: پشتبەستن بەوەی هەمانە و سازکردنی میراتێک.” (Mbembe, 3)
ئەوەی چەندین ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیبینین و لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتدا پێگەیشتووە ویستی خەڵکی کوردستانە بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم. ئەو ویستەیە کە بووەتە سەرچاوەی هێز. خەڵکی کوردستان بەدرێژایی دەیان ساڵ نەیانویستووە ملکەچی سیستەمی سوڵتەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بن. گوتاری کوردایەتی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی گەڕانەوە بۆ خەڵک گرنگی بە ویستی ئەوان دەدا و ڕێز لە لایەنی سۆز و هەستی ئەوان دەگرێ. ئامانجی ستراتێژیکی کوردایەتی نزیکە لەو باسەی کە موف بۆ سیاسەتێکی چەپی پێشڕەو پێناسەی دەکا: “سازکردنی خەڵک وەکوو زۆرینەیەک لە جەماوەرە بۆ ئەوەی بە دەسەڵات بگا و هێژموونییەکی پێشکەوتووخوازانە دابمەزرێنێت.” (Mouffe 2017,30) لەم مانایەدایە کە بزووتنەوەی ژینا گرنگییەکی سەرنجڕاکێش بە خۆیەوە دەبینێت و لە قسەکانی مستەفا هیجری (بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) بەڕوونی دەکرێ ئاماژەکانی بەڕوونی دەردەکەوێ: “ئەوەی دەبێت ئێمە حیسابی بۆ بکەین شەقامە. یەکێک لە درووشمە و ئامانجەکانی ڕاسان ئەوە بوو کە خەڵک دەبێ بزانن هێج کەس ڕزگاریدەریان نییە، خەڵک بۆخۆی دەبێ ببێتە قارەمانی ڕزگاریدەری خۆی… ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک ناوەندی هاوکاری [حیزبەکانی کوردستانی ئێران] بەشێکین لەو خەڵکە. جیا نین لەوان. ڕەنگە خەباتەکەی ئێمە لەگەڵ ئەوان هەندێک جیاوازی هەبێ بەڵام ئامانجەکەی یەک شتە. ئێمەش وەکوو ئەوانین و دەمانهەوێ خەڵک ببێتە ڕێبەر و ڕزگاریدەی خۆی” (هیجری ٢٠٢٢).
گەڕانەوە بۆ خەڵک ئەو مژارەیە کە ئەو چەپانەی بەرەو نوخبەگەرایی ڕۆیشتووین نەک هەر لەبیریان کردووە بەڵکووو بە سووکی سەیری دەکەن. گرنگینەدان بە لایەنی سۆزداری خەڵک لە سیاسەتدا و هەروەها بێنرخ سەیرکردنی لایەنی دروونشیکاری کە چۆن ناوشیارە لە ڕاستیدا ئایدیۆلۆژیا دەستنیشان دەکا بووەتە هۆی کە مەیدان بۆ حیزبە دەستە ڕاستییەکان لە ئەورووپا چۆڵ بکەن (Mouffe 2017). ئەگەر سەیری هەر ئەم باسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بکەین دەبیندرێ کە چۆن لە لایەکەوە ئیسلامی سیاسی دەتوانێ لەناو کۆمەڵانی خەڵک پێگەی بەهێز ساز بکا و هەم چۆن دەسەڵاتە سەرەڕۆکان دەتوانن بە جووڵاندنی هەستی نیشتمانی خەڵک ئەوان لەگەڵ سیاسەتە نیولیبراڵەکانیان هاودەنگ بکەن. بەڵام ئایا ڕێگەچارە دژایەتی لەگەڵ پۆپولیزمدایە یا بەپێچەوانەوە گەڕانەوە بۆ خەڵکە تا لە ڕێگەی ڕادیکاڵیزەکردنی دێموکراسییەوە خەڵک ساز بکرێتەوە؟ هەر بۆیە موف لە نێوان پۆپولیزمی ڕاست و پۆپولیزمی چەپدا جیاوازی دادەنێ. بە باوەڕی ئەو ئەگەرچی ئامانجی هەر دوو جۆر لە پۆپولیزمەکە ئەوەیە لە داواکارییە وەدینەهاتووەکانی خەڵک ڕێک بخەن بەڵام ئەم کارە بە شێوەگەلی جیا جێبەجێ دەکەن. جیاوازیی نێوانیان لە سازکردنی ‘ئێمە’ و شێوازی پێناسەکردنی ‘ئەوان’ وەک نەیاردایە. (Mouffe 2017, 18)
ئەگەر بمانەوێ ئەم شێوازە تێگەیشتنەی موف زیاتر ورد ببیننەوە کە لە ڕێگەی ڕادیکاڵیزەکردنی دێموکراسی، پۆپولیزم وەک ستراتیژییەک بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە نیولیبراڵە دەستەڕاستییەکان سەیر دەکا دەبێ بۆ پێناسەکردنی لاکلائۆ لە پۆپولیزم بگەڕێینەوە. بە باوەڕی لاکلائۆ “پۆپولیزم پێویستی بە دوو مەرجی پێشوەختەی ڕوون هەیە (١) پێکهێنانی سنوورێکی دژبەری ناوخۆیی کە ‘خەڵک’ لە ‘دەسەڵات’ جیا دەکاتەوە؛ و (٢) جومگەبەندییەکی هاونرخ لە داواکارییەکان کە دەرکەوتنی ‘خەڵک’ مومکین دەکات. پێشمەرجێکی سێیەم هەیە کە لە ڕاستیدا سەرهەڵنادات تا ئەو کاتەی کە جماندنی سیاسی نەگاتە ئاستێکی باڵاتر: یەکیەتی ئەم داواکارییە جۆراوجۆرانە کە تا کاتی هانرخکردنیان لە هەستێکی یەکگرتووییی ناڕوون تێنەپەڕیبوون – تا لە سیستەمێکی جێگیر لە مانادا دەرکەون. (Laclau 2005, 74)
گرنگیی ئەم بیرۆکەیە بۆ خەباتی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوەدایە کە لە گوتاری نوێی کوردایەتیدا (پۆپولیزمی کوردایەتی) پێداگری لەسەر دەوری خەڵک دەکرێ تا بە پەیڕەوکردنی ستراتێژییەکی گوتارییەوە سنوورە سیاسییەکان بەڕوونی دەستنیشان بکرێنەوە و هەر بۆیە کۆمەڵگا بە سەر دوو بەرەدا دابەش دەبێتەوە: جماندنی خەڵکە ستمەلێکراوەکان دژ بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی ئێران. ڕەنگە پۆپولیزمی کوردایەتی پێویستی بە ڕێبەرییەکی کاریزماتیک بەشێوەی کلاسیک نەبێ، چونکە هەر کام لە گروپە ستمەلێکراوەکان خۆیان دەتوانن نوێنەرایەتیی دەنگی خۆیان بکەن و بەشێوەیەکی دینامیک ویستی خۆیان دەربخەن. حیزبێکی پێشەنگ لە کوردستان و، بە ئاوڕدانەوە لەم دۆخە نوێە، دەتوانێ لە نێوان خەباتی شاخ و شاردا گرێدانەوەییەک ساز بکا کە ئامانجەکەی بەهێزترکردنی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری بێت.
کتێبناسی:
افشار، محمود. ١٣٠٤. “آغازنامه.” مجله آینده ١. دسترسی از طریق: https://bit.ly/2Od4XV2
ئەردەڵان، سارۆ. ٢٠١٩ئەلف. “کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییە.” گۆڤاری تیشک ٢١ (٥١): ٣٦-٤٥.
ئەردەڵان، سارۆ. ٢٠١٩ب. “کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر: ئێران چۆن توانیویەتی لە کوردستان هێژمونی کولتووری ساز بکا؟” گۆڤاری تیشک ٢١ (٥٢): ٢٤-٤٥.
سولەیمانی، کەمال و ئەحمەد محەمەدپوور. ٢٠١٩. “ئایا غەیرە فارسەکان دەتوانن قسە بکەن؟ گێڕانەوەی حاکمییەت لە ‘ناسنامەی ئێرانی’.” گۆڤاری تیشک ٢١ (٥٢): ٢٧٦-٣٠١.
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤. “وتووێژی عاطفە گرگین لەگەڵ دوکتور قاسملوو لە پاییزی ١٣٦٥دا. ” لە تاڤگەی هەقیقەت (بەرگی دووەم). کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی. ٤٧-٦٨ (سلێمانی).
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ٢٠٠٣. کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم (ستۆکهۆڵم: کتێبی ئەرزان).
هیجری، مستەفا. ٢٠٢٢. “دیداری تایبەت: تاوتوێ کردنی دوایین ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان.” کورد کاناڵ (١١ ئۆکتۆبر).
Fanon, frantz. 2017. Black skin, white masks. Translated by Charles Lam Markmann (London: Pluto Press).
Ferretter, Luke. 2006. Louis Althusser (London: Routledge).
Jørgensen, Marianne W. and Louise J. Phillips. 2002. Discourse Analysis as Theory and Method (London: Sage Publications Ltd).
Laclau, Ernesto. 2005. On Populist Reason (New York: Verso).
Laclau, Ernesto and Chantal Mouffe. 2001. Hegemony and Socialist Strategy: Towards a Radical Democratic Politics (New York: Verso).
Mbembe, Achille. 2021. Out of the Dark Night: Essays on Decolonization (New York: Columbia University Press).
Mouffe, Chantal. 2017. For a Left Populism (New York: Verso).
داگرتنی بابەت








