سەروتار

ناسر مورادی


کوشتنی »ژینا« سەرەتا وەک خاوەندارێتی لە کەرامەت و ناسنامە، کاردانەوەی شەقام و ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەدوادا هات، دواتر بوو بە ڕاپەڕینێکی گشتی و، سەرلەبەری جوغڕافییــای ئێران و هەرێمــە نەتەوەیی و بندەستەکانیشی گرتەوە. هەر لە درێژەی ئەم ڕاپەڕینەدا، ئاکسیۆن و ناڕەزایەتیی دیاسپۆرای کــورد و ئێرانیش زۆربــەی وڵاتانی جیهانی تەنییەوە. ئــەم ڕووداوانەی دوایی کە بە »ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا« لای ئێمەی کورد دەناسرێتەوە، هەڵگــری کۆمەڵێــک ڕەهەندی جیــاواز و لــە هەمان کاتدا شــیاوی لــێ فێربوونە. لە گۆشــەنیگایەکەوە، وانەکانی ئەم ڕووداوانەی ئێــران کــە پانتایییەکــی نێودەوڵەتیشــی بەخۆوە گــرت، گرینگترینیان بەریەککەوتنی دوو ناســنامە، ئەویش بەریەککەوتنی »ژینا« بەرانبەر بە »مهســا« بوو. دوو ژینگەی جیاواز، هەروەک لە ڕووداوەکانی دوایی و لە جەرگەی ڕاپەرێنــی پەراوێز/ســەرکوتکراودا بە ڕوونی خۆی دەرخســت، هێما و گوتار و ڕەمزەکانی خۆیان ســەرلەنوێ جومگەبەنــدی کردەوە، بەتایبەتی کە ناســنامەی ژینا، نوێنەرایەتیی ناسنامەی سەرکوتکراو و بەکەمینەکراوەکانی دەکرد. کوشتنی ژینا، نەک لە کوردستان، بەڵکوو لە هەرێمە بندەســتەکانی دیکەی ئێرانیش و بگرە لای هەموو چیــن و توێژەکانی دیکەی ئــەم جوغڕافییایە مەرگەســاتێکی ئاســایی نایەتە بەرچاو، وەبیرهێنەرەوەی هەڵاواردن و نادادپەروەری، ستەمی دژ بە ژنان، داگیرکاری و ســتەمی نەتەوەیییە. مەرگــی ژینا، بووە ڕەمزی پێکەوەبوون بۆ تێپەڕاندنی بندەستی، دەربازبوون بەرەو قۆناغی ڕزگاری، سەروەری و چارەنووســێک جیــا لەوەی تاکوو ئێســتا نووسراوەتەوە. مەرگەساتی ژینا، چەخماخەی بیرکردنــەوە و وەخۆهاتنــەوە بــوو کە توانی ببێتە ڕەمزی کۆکردنەوە و بەیەک گەیشتنی ناســنامە پەراوێزخــراوەکان، توێــژ و چینە چەوساوە و سەرکوتکراوەکان. مەرگــی ژینــا وەک ڕەمــزی ژیانەوەی خەباتــی دێرینی ڕۆژهەڵات بۆ گەیشــتن بە ســەروەری و تێپەڕبوون لە ژێردەستی، خاڵی کۆکــەرەوە و جیاکــەرەوەی جیاوازییــەکان لەوانە »کوردســتان، بەلووچســتان، تەورێز و … پەراوێزەکانــی دیکەی ئــەم جوغڕافییایە بوو. بەریەککەوتنی ناســنامەی »ژینا/مهسا«، تەنانــەت بــواری میدیا و گوتــاری میدیایی لایەنەکانی ئۆپۆزســیۆنی ڕێژیمیشی گرتەوە. داهێنانی دروشــمی نوێ بەرانبــەر بە »ژن، ژیــان، ئــازادی«، هەوڵدانە بۆ داپۆشــین و کاڵکردنەوەی دروشـــمی ئاخێزگەی خەباتی ژینا کە مێژوویەکــی دوورودرێژی لە خەبات و قوربانیــدان لەپشــتە. هاوکات، بەشــێکی گوتاری میدیای فارسی لە هەندەران، وەلانان و بێبایەخ کردنی شۆڕشی خەڵکی کوردستان و سانســۆڕ و پەردەپــۆش کردنی شوناســی ناســنامەخوازانەی ئەم شۆڕشــەیە. کەچی، کاکڵ و زەینییەتی پشت دروشمی »مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر« ڕووخانی ئەم دەسەڵات و ڕێژیمە نگریسەیە. زەینییەتی پشت دروشمی »ژن، ژیان، ئــازادی« زەینییەتــی ژیانەوەی خەباتە لە پێناو بەهاکانی ئازادی و مرۆڤایەتی کە لــە مێژووی نەتەوەی کورددا بە »ژیانەوە« دەناسرێتەوە. ئەوەی نابێ لەبیر بکرێ، مانگرتن و ڕاپەڕینی چەندین جارە و بەردەوامی شار لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان وەکوو چەقی گۆڕانکاری، هاوخەباتی و هاوچارەنووسیی نەتەوەی کوردە. ســەرەڕای هەموو ئەمانە، پرســی سەروەریی نەتەوەیی، پرســێکی هاوبەشــی ســەرجەم نەتەوەکانە و لە دوای ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە، دەکرێ پتری ئاوڕ لــێ بدرێتەوە و، ڕەهەندە فکری و مەعریفییەکانــی یەکلایی بکرێتەوە تاکوو ســیناریۆی ســڕینەوە، هــەڵآواردن و ســتەمی نەتەوایەتی، چینایەتی و جێندەری چی دیکە نەبێتە گوتاری زاڵ.