سەروتار

ناسر مورادی


بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی”ژن، ژیان، ئازادی”، نوقتەگۆڕانێکی دیکەیە کە تێکەوەپێچانی پەیوەندییە داسەپاوەکانی ناوەند – پەراوێز و دەسەڵات و جوغڕافییای فرەنەتەوەی ئێرانی کردووەتە ئامانجی خۆی. دەکرێ لە چوارچێوەی ئەم ئامانجە گشتییەدا، ئەو کێشە و کەلێن و قەیرانە پێکهاتەیی و پێکهاتووانە وەرد بدەینەوە کە بوونەتە دەستمایە و بزوێنەر. لانیکەم لە دوو ڕەهەندەوە جیاکارییەک پێویستە.

یەکەم، ئەم بزووتنەوەیە هەستانەوەی پەراوێز(پێکهاتە و ناسنامە سەرکوتکراوەکان) لە دژی ناوەند(کۆی پەیوەندییەکانی سوڵتە) هەژمار دەکرێ. واتە لە ڕەوتێکی مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کە دواجار لەسەر شەقام خۆی نواند، قورساییی هێز و ویستی پەراوێز، هاوکێشەکانی لاسەنگ کردووە و ئەوەی بەرەو ناجێگری دەڕوات، هەیمەنە و پەیوەندییەکانی سوڵتەیە.

دووەم، بزووتنەوەی ژینا وەک بزاوتێکی فرەڕەهەند، لەگەڵ ئەوەی بووەتە سەرەداوی هەڵتەکاندنەوەی سەروەری و حاکمییەتی یەک لایەنەی پێکهاتەی (فارس- ناوەند)، هاوکات بووەتە ڕەوتێک کە توانای نوێنەرایەتیکردنی ڕوانگەی کوردستانی هەیە و دوا ئامانجی ڕزگاری، تێپەڕاندنی دۆخی بندەستی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی هەڵاواردنی جێندەرییە. ڕووداوەکانی دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، بە ئاوڕدانەوە لە بەستێن و پاشخانی بزاوتەکە، ئەوەی سەلماند کە ئەم بزووتنەوەیە توانستی ئەوەی هەیە کە بوار بۆ بە جەمسەربوون و هەژمۆن کردنی بەها و ئیدەئالەکانی خۆی بڕەخسێنێ کە بە دروشمی”ژن، ژیان، ئازادی” نەخشێندراوە، بەهاگەلێک کە بە سەرنجدان بە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی بزووتنەوەی نەتەوەییی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەنگی ئەم خەباتەی دەرخستەوە.

ئەوەی زۆر گرینگە و پێویستە لەنگەریان لەسەر بگرین، دوو تەوەری سەرەکین. یەکەم، خوێندنەوەی بەربڵاوی بەستێنەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا. دووەم، دەستنیشان کردنی دەستکەوت و، هاوکات کۆسپ و سەرەڕێکانی بەردەم درێژەکێشان و بەئەنجام گەیاندنی بزووتنەوەکە. سەبارەت بە تەوەری یەکەم، بەڕێوەبەریی گۆڤار، هەوڵی داوە بە دیدی ڕەخنەگرانەوە تیشک بخاتە سەر کۆمەڵێک پرسیار و بابەتی پەیوەست. لە ژمارەی بەردەستدا، هەوڵ دراوە ڕەهەندە دیار و جیاوازەکانی بزووتنەوەی ژینا شی بکرێتەوە. بە هەند وەرگرتنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینا و لەوەش گرینگتر خستنە بەرباسی ئالنگارییەکان و، خوێندنەوە جیاوازەکان و زۆر جاریش دژبەیەکبوونیان، بەڕێوەبەریی گۆڤاری هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە ئاوڕێک لەو باسانە بداتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەی داهاتووی گۆڤارمان بۆ ئەم مژارە تەرخان کردووە.