سەروتار

ڕێبوار ڕۆژهەڵات


ساڵێک زیاتر بەسەر بزووتنەوەی ژینادا تێپەڕی و پاش ئەم ماوەیە زۆر شتمان بۆ ڕوون بووەوە. کورد و نەتەوە بندەستەکان هاوکێشەی سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە بوون و جارێکی دیکەش جەمسەر و هێڵی سیاسیی خۆیان یەکلایی کردەوە، لە لایەک بە گژ فاشیزم و سەرەڕۆییی ناوەنددا چوونەوە و، لە لایەکی دیکەشەوە سەروەری، مافی دیاریکردنی چارەنووس، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی جێندەری و نەهێشتنی هەر چەشنە چەوساندنەوەیەکیان بە مافی بەرحەقی خۆیان زانی.

بزووتنەوەی ژینا، بزووتنەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو بوو بۆ تێپەڕبوون لە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکڕاتیک و فرەچەشن کە فرەنەتەوەیی، فرەزمانی، فرەکولتووری و فرەئایینی تێیدا ڕەنگ بداتەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە مەیدانی کردەوەدا پێویستی بە هاوپشتی و هاوخەباتی لەنێوان هەموو نەتەوەکاندا بوو و پێویست بوو ستراتێژی و تاکتیکی خۆیان بۆ داهاتوو دیاری بکەن، کەچی لە درێژەی بزووتنەوەکەدا ئەم پرسە هەستیارە بەلاڕێدا برا. لە لایەک هەرێمە نەتەوەیی‌یەکان لەسەر کۆمەڵێک چەمک و بەهای سیاسی و نیشتمانی کۆک بوون و لە بنەڕەتدا خوازیاری هەڵوەشانەوەی ماهییەتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بوون. حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەبەر سەرکوتی خوێناوی و دڕندانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان چەند جاران داوایان لە خەڵکی کوردستان و باقیی هەرێمەکانی دیکە کرد، مان بگرن، ئەم داوایەش دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و بۆ جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان ئەکتی مەدەنییان هاوتەریب لەگەڵ ڕادیکاڵیزەبوونی شەقام پێشانی ئازادیخوازان دایەوە، کەچی بەداخەوە لە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی فارسدا دەنگی ڕزگاری و ئازادیخوازیی نەتەوە بندەستەکان وەکوو پێویست بە هەند وەرنەگیرا و زۆر جاریش دەنگ، هێما و دروشمی شەقامەکانی کوردستان و تەنانەت بەلووچستانیش قڵت و بڕ کرا. لە لایەکی دیکەشەوە، ناوەند و لایەنگرانی بزووتنەوەی مەهسا لەسەر هێندێک وردەپرسی وەک حیجاب و کۆمەڵێک ئازادیی سنوورداری مەدەنی سوور بوون و واوەتر نەڕۆیشتن، چونکە مەزنیخوازی و سەرەڕۆییی ئێرانییەکان بۆ یەکپارچەییی جوغڕافییای سیاسی، بە بنەمانەگرتنی مافی نەتەوەکان، هێشتنەوەی سپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکان یەکێک لە کۆڵەکە و پاشخانە فکرییەکانی نەتەوەی باڵادەست و بیری ئێرانشاری بوو، هەربۆیە نەکرا دوو ئایدیۆلۆژیای دژ بە یەک لە بەرەیەکدا کۆ ببنەوە.

بە درێژاییی مێژووی خەباتی سیاسیی کورد لە هەر دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا، کورد لە چاو زۆربەی نەتەوەکانی دیکە ڕەچەشکێن، پێشکەوتنخواز و مۆدێرن بووە. بۆ ئێمەی کورد زۆر گرینگە ئەزموون لە ڕووداوەکانی بزووتنەوەی ژینا و هەموو بەرە و هاوپەیمانەتییەکان وەربگرین. هێنانە بەرباسی پلاتفۆڕمی تایبەتیی خۆمان و ستراتیژیی دیاریکراو بۆ بنەبڕکردن و یەکلایی کردنەوەی کێشەی نەتەوە بندەستەکان لە هەر بەرەیەکدا دەتوانێ سەنگ و قورساییی ئێمە لە جاران زیاتر پێشان بدات.