بزووتنەوەی ژینا و قۆناغی مەدەنیی کوردایەتی
چیا کاویان
پێشەکی
ڕووداوه سیاسییه‌کان ئه‌گه‌ر ته‌نیا وه‌کوو ڕووداوێک ببینرێن و خوێندنه‌وه‌کان له ئاستی شیکارییه‌کی سیاسیی ڕۆژنامه‌وانی یان بــهڵگاندنێکی ئایدۆلۆژیی ڕووتدا قه‌تیس بمێننه‌وه، هه‌ر زۆر زوو له بـــهستێنی سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌ی داده‌بڕێن و ده‌بن به بۆنه‌یه‌کی مێژوویی و چی دی توانای گۆڕان و خوڵقاندنی ڕووداوه‌کانی دوای خۆی نامێنێ. سووژه کاتێک ده‌توانێ که‌یلی به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی ڕووداو به مانا بهدیۆیه که‌ی بێ که له حه‌قیقه‌تی ڕووداوەکە گه‌یشتبێ. ده‌رک به‌وه بکات که داینامیزمهکهی له چییه‌وە وه‌رگرتووه و ده‌یهه‌وێت کام کەمایەسییانە له جه‌سته‌ی هه‌لاهه‌لا کراوی خه‌باتی کورددا پڕ بکاته‌وه و بانگی چی به گوێماندا بچرپێنێ و ده‌یهه‌وێ به‌ره‌و کوێ بمانبا؟ بزووتنه‌وه‌ی ژینا خاڵێکی وەرچهرخانی گه‌وره‌یه له مێژووی خه‌باتی سیاسیی کورد له‌م سه‌د ساڵی مودێرندا که پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵی فره‌لایه‌نه‌یه و ده‌بێ ته‌واوی لایه‌نه مێژوویی، کەلتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌که‌ی بخرێته ڕوو. ئه‌وه‌ی له‌م نووسراوه کورته‌دا به‌خێرایی هه‌وڵی ڕوونکردنه‌وه‌ی ده‌درێ، له سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه ده‌ستنیشان کردنی شوێنێکه بۆ بزووتنه‌وه‌ی ژینا له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی مێژوویی، کەلتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا. له ڕاستیدا به‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌کی چڕی مێژوویی و به بینینی گۆڕانی پێکهاته‌یی له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ناتوانین له بزووتنه‌وه‌ی ژینا، هۆکار و ئامانجه‌کانی بگه‌ین. هه‌ربۆیه ده‌بێ سه‌ره‌تا له ڕه‌گه‌زه پێکهێنه‌ره‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بگه‌ین. به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ناسیوناڵیزمی کوردی و گۆڕانی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای کوردی ناتوانین په‌رده له‌سه‌ر شوناس، سیاسه‌ت، کەلتوور و ئایدۆلۆژیای ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه لا بده‌ین.
کۆچه‌را خه‌باتی کورد له چوارچێوه‌ی سێ قۆناغدا پۆلێنبه‌ندی ده‌کات که بریتین له قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، ئایینی و سیاسی (کۆچێرا، 199111998). هه‌رچه‌ند ئه‌م قۆناغبه‌ندییه تا حه‌فتاکانی زایینییه و ڕه‌نگه هه‌ڵگری هه‌ندێک کێشه‌ی میتۆدۆلۆژیکیش ببێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م پۆڵێنبه‌ندییه به بنه‌ما بگرین، ئێستاکه کوردایه‌تی له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی خۆیدا داخڵی قۆناغێکی نوێ بووه، ئه‌ویش قۆناغی مه‌ده‌نییه و له دوای شکستی خه‌باتی چه‌کداریی کورد له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌ست پێ ده‌کا و له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا بـــهتـــهواوهتی به به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ قۆناغه‌کانی پێش خۆی دابڕانی دروست کردووه که بزووتنه‌وه‌ی ژینا لووتکه‌ی ده‌رکه‌وتنی ئه‌م قۆناغه‌یه و چی دی که‌س ناتوانێ چاوپۆشی لێ بکات. له‌م نووسراوه‌دا بزووتنه‌وه‌ی ژینا له درێژه‌ی خه‌باتی سه‌د ساڵه‌ی مودێرنی کورد پێناسه ده‌کرێ، به‌ڵام به‌رهه‌می قۆناغێکی نوێیه که هه‌م له فۆڕم، مێکانیزم و گوتاردا دابڕانه له قۆناغه‌کانی پێش خۆی. گه‌ر بمانه‌وێ له‌مپه‌ره‌کانی پێش گه‌شه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یە لا به‌رین و هەڵیسەنگێنین، ده‌بێ سه‌ره‌تا له ئامانج، خه‌سڵه‌ت، شونـــاس و تـــایبهتمهندییهکانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بگه‌ین و لێره‌دایه ئه‌رکی تیۆری وه‌کوو شیکردنه‌وه‌ی کۆنکرێتی دۆخی هه‌نووکه، ڕۆڵێکی چاره‌نووسساز ده‌گێڕێ. تیۆری ده‌بێ ڕوانینێکی گشتخوازانه له هه‌مبه‌ر دیارده‌که ڕه‌چاو بکا و ڕه‌گه‌زه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه له کۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ پێناسه بکا و فه‌کته‌کان وه‌کوو هه‌ندێک خاڵی دابڕاو له یه‌کتر پێکه‌وه گرێ بدا و له‌ناو یه‌که‌یه‌کی واتاداردا ڕێکیان بخات. هه‌ربۆیه هه‌وڵ ده‌درێ داینامیزم و گۆڕانی پرۆسه که‌لتووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕوون بکرێته‌وه و کاریگه‌رییه‌کانی ده‌ستنیشان بکرێت. ئه‌م نووسراوه‌یه به شیوه‌یه‌کی ڕه‌چه‌ڵه‌کناسانه هه‌وڵی شیکردنه‌وه‌ی قۆناغه‌کانی گه‌شه‌ی ناسیوناڵیزمی کوردی ده‌دا و خاڵی دابڕان و هاوبه‌شی نێوانیان باس ده‌کا و، له کۆتاییدا جەخت له‌سه‌ر قۆناغی بـــزووتنــهوهی ژینا، تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی قۆناغی نوێ، لـــهمپهرهکانی به‌رده‌م ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و هه‌روه‌ها ماته‌وزه و پتانسیهلهکانی ده‌خاته ڕوو.
ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ناسیوناڵیزمی کوردی:
پرسی کورد له سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه تا ئه‌مڕۆکه به چه‌ندین قۆناغی جۆراوجۆردا تێپه‌ڕیوه و هه‌رجاره و به شێوه و ڕوخسارێکی جیاوازه‌وه دهرکهوتووەتەوه، ئامراز و که‌ره‌سته‌ی جۆراوجۆری به‌کار هێناوه و مه‌یدان و گۆڕه‌پانی جۆراجۆری تاقی کردووه‌ته‌وه. گه‌ر ئه‌و تێزه‌ی ئه‌ندێرسۆن به بنه‌ما بگرین که ناسیوناڵیزم لــــه هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای ئایینی و مــــهڵبهندی خانه‌دانییه‌وه سەر هەڵدەدا، ئه‌وا زۆرێک له ناسیوناڵیزمهکانی دەوروبهر و ناسیوناڵیزمی کوردیش هه‌مان ڕه‌وتی پێواوه. ده‌ره‌به‌گ بوون و ئایینی بوونی یه‌که‌م ڕێبه‌رانی کورد به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره بۆ ئه‌م تێزه‌ی ئه‌ندێرسۆن. هه‌ربۆیه سه‌ره‌تا سیمایه‌کی خێڵه‌کی و دواتر ئایینی گرتووه‌ته خۆی و خێڵ و ته‌ریقه‌ت وه‌کوو دوو پێکهاته‌ی گرینگی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه له دوو ده‌یه به‌ر له شه‌ری یەکەمی جیهانییه‌وه تا کۆتایییه‌کانی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییەوە ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌م خه‌باته بوون. مزگه‌وت و حوجره به‌رهه‌مهێنەری سووژه بوون، گوتارێکی نه‌ریتی و ئایینی جڵه‌وی بانگه‌وازه‌که‌یانی ده‌کرد و خێڵ و ته‌ریقه‌ت که‌رەسته و ئامرازی جێبه‌جێکاری ئامانجه‌کانی بوون. به‌ڵام له دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییەوە، ئه‌م خه‌باته له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی نفووزی ئه‌م دوو پێکهاته‌یه، ئامانجه ستراتیژیکەکانی خۆی ده‌ستنیشان کرد و له چوارچێوه‌ی فۆڕمێکی نوێی سیاسی و نیزامی‌دا به ناوی حزب خۆی ڕێک خسته‌وه، هه‌رچه‌ند نه‌یتوانی به‌ته‌واوه‌تی خۆی له کاریگه‌رییه دوور و نزیکه‌کانی ئه‌م دوو پێکهاته‌یه داببڕێت. له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونی حزبدا، هاوڕاین له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای گۆڕان له جێگه و پێگه‌ی سووژه‌دا، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی شارنشینی و سیسته‌می په‌روه‌رده، گه‌شه‌ی چینی مامناوه‌ندی شاری، گه‌شه‌ی پـــهیــــوهنــدییه سه‌رمایه‌دارییه‌کان و هاتنی ئایدیۆلۆژیی چه‌پ بۆ نێو خه‌باتی کوردی. ئــهمـــانه ســـهرهتاکانی هه‌ڵکردنی شه‌پۆلی مودێڕنه بوون له کوردستان که له‌گه‌ڵ خۆی ناسیۆنالیزم و که‌لتووری مودێڕنی هێنا و ده‌بوو له ڕێگه‌ی چینی دهستەبژێرهوه ئامرازی گۆڕانی که‌لتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و لابه‌لا کردنه‌وه‌ی پرسی سیاسیی کورد جێبەجێ بکرێ، به‌ڵام به هۆی ده‌ره‌کی بوونی ئه‌م پرۆسه‌یه، باری سه‌ختی ژێئۆپۆلتیکی و پارچەبوونی کوردستان، دواکهتووییی پێکهاته‌ی که‌لتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ڕوانینی ڕووکه‌شییانه به مودێڕنه له لایه‌ن چینی دهستەبژێرهوه، وه‌رگرتنی لایه‌نی تهکنەلۆژی و ئامرازی مودێڕنه و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکه ئه‌قلانی و ڕه‌خنه‌گرانه‌که‌ی و هه‌روها کزی و لاوازیی چینی ڕۆشنبیر، که وه‌کوو دوڕگه‌یه‌کی بچووک له‌ناو ده‌ریایه‌ک له دواکه‌وتوویی و نەخوێندەواریدا بوون، ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بە ئیفلیجی له‌دایک بوو. ناسیوناڵیزمیش که له هه‌ناوی ئه‌م پڕۆسه‌دا بوو، له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م ڕه‌وته بەلاڕێدا ڕۆیشتووەدا سه‌قه‌ت و بێ کاریگه‌ر له‌دایک ده‌بێ. ناسیوناڵیزم له کوردستان به تایبه‌ت و له ڕۆژهه‌ڵات به گشتی به پێچه‌وانه‌ی ڕۆژئاوا که لانکه‌ی سه‌رهه‌ڵدانیه‌تی، بزوێنه‌ره‌که‌ی نێوخۆیی نییه، به‌رهه‌می گه‌شه‌ونه‌شه‌ی سروشتی کۆمه‌ڵگا و خواست و ویستی ئه‌و کۆمهڵگایەیە بۆ گه‌یشتن به ئاستێکی سه‌رووتر له ده‌رکه‌وتن و، فۆڕمێکی نوێ بۆ ئیداره‌دان و ڕێکخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگا و به‌خشینی شوناسێکی نوێ نییه، به‌ڵکوو بزوێنه‌ره‌که‌ی ده‌ره‌کییه و به‌رهه‌می ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ خۆرئاوا که به هاتنی کۆلۆنیالیزم ده‌ست پێده‌کات و له ڕێگه‌ی چینی ده‌ستەبژێری خوێندەوارهوه گه‌شه ده‌کات. ناسیوناڵیزم له ڕۆژئاوا له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه له‌دایک ده‌بێ و له لایه‌ن چینی مامناوه‌ندی شارییه‌وه که هێزێکی پێشه‌نگی گۆڕانی سیاسی، که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه، پشتیوانی ده‌کرێت و ته‌واوی ئه‌و فۆڕمه پێش مودێرنانه له ڕێکخستن و ئیداره‌دان له باری ئابووری و سیاسییه‌وه له‌نێو ده‌با و یه‌که‌یه‌کی یه‌کگرتووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی پێک دێنێ که سنووره‌کانی ته‌نیا سنووری زمانی و ئه‌تنیکی نییه، به‌ڵکوو سنووری بایەخ، به‌رژه‌وه‌ندی و جیهانبینیی هاوبه‌شیشه. هه‌ر ئه‌م جیاوازییه به‌رچاوه له‌نێو ناسیوناڵیزمی جیهانی سێهه‌می و ڕۆژئاوایییه که وا ده‌کا خدووری ناسیوناڵیزمی جیهانی سێهه‌می به گشتی بە به‌رهه‌می کلۆنیالیزم و ئه‌و دهستەبژێرانهی له ڕۆژئاوا ده‌رسیان خـــوێندووه، بزانێ(191،11960Kedourie). که‌واته ناسیوناڵیزمی جیهانی سێهه‌م، هه‌م بزوێنه‌ره‌که‌ی ده‌ره‌کییه و هه‌م سروشتێکی په‌رچه‌کردارانه‌ی هه‌یه. بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر په‌رچه‌کردار له هه‌مبه‌ر هێزه کۆلۆنیالیستییه‌کان و بۆ کوردیش په‌رچه‌کردار له به‌رانبه‌ر پرۆسه‌ی دروستکردنی ده‌وڵــه‌ت-نــــهتــــهوهی وڵاتـــــانی سه‌رده‌ست.
ناسیوناڵیزمی کوردی هه‌ر جۆرێک لێی بڕوانین وه‌کوو ناسیوناڵیزمیکی جیهانی سێهه‌می، دوو تایبه‌تمه‌ندیی دیاری هه‌ن که ئه‌وانیش بزوێنه‌ره‌کانیان ده‌ره‌کییه و سرووشت و خه‌سڵه‌تی پهرچهکردارانهیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م ناسیوناڵیزمه جیا ده‌کاته‌وه له هاوتا جیهانی سێههمییهکانی خۆی، پارچەبوونی جوغڕافیاکهیهتی له کاتی له‌دایکبوونیدا. ئه‌مه وا ده‌کا ئه‌م ناسیوناڵیزمه هه‌ر له سه‌رەتای له‌دایکبوونییه‌وه له باری که‌لتووری، سیاسی، ئابووری و شوناسییه‌وه، وه‌کوو جه‌سته‌یه‌کی دابڕاو له یه‌کتر و هه‌لاهه‌لا کراو ده‌رکه‌وێ و هێز و توانای خۆی له هه‌مبه‌ر باری سه‌ختی ژێئۆپۆلتیکیدا و گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی که‌لتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ناوخۆییدا بۆ سه‌رخستنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیوناڵیستیی ته‌ندروست و سه‌رانسەری له ده‌ست بدا. ناسیوناڵیزم وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی کاتێک سه‌ر ده‌که‌وێ که بتوانێ دەست له ساحه‌ی شوناس (Domain of Identity) وەربدات که بریتییه له زمان، که‌لتوور، دابونه‌ریت و مێژوو، … هتد و، له‌م ڕێگه‌یه‌وه کۆده‌نگییه‌ک له‌سه‌ر سروشتی کۆمه‌ڵگا، سنووره‌کانی و ڕه‌گه‌زه پێکهێنه‌ره‌کانی، به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌مبۆله‌کانی له‌نێو به‌شه جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگادا دروست بکا و جڤاتێکی خه‌یاڵکراو به‌رهه‌م بێنێت که خاوه‌ن جیهانبینی و گۆشه‌نیگای هاوبه‌شه (Anderson, 2006). ئه‌وه‌ی لێرده‌ا ده‌مهه‌وێ ڕوونی بکه‌مه‌وه ئه‌و بارودۆخه‌یه که تێیدا ناسیوناڵیزمی کوردی له‌دایک ده‌بێ و حیزب له جێگه‌ی خێڵ و ته‌ریقه‌ت ده‌بێ به ئاڵاهه‌ڵگری، به‌ڵام بێتوانایه له به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئامانجه‌کانی. یه‌ک له‌و گرینگ‌ترین ئامانجانه، به‌خشینی شوناسێکی یه‌کگرتووی هاوبەشە که بێگومان ناسیوناڵیزم به‌بێ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه ده‌کرێ وه‌کوو بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیی ناسه‌رکه‌وتوو پێناسه بکه‌ین. به‌بێ شوناسێکی هاوبەشی هه‌ژمۆن، باس کردن له هه‌ر جۆره بیر و هه‌ستیکی ناسیوناڵیستی له‌ناو گرووپێکی دیاریکراوی کۆمه‌ڵایه‌تیدا مومکین نییه. ئه‌مه پێشمه‌رجی بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیوناڵیستییه و ناسیوناڵیزمی کوردی ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ له ده‌سته‌به‌ر کردنی ئه‌م شوناسه‌دا شکستی هێناوە. به گشتی ناسیوناڵیزمی کوردی له دۆخێک‌دا له‌دایک ده‌بێ که جوغڕافیاکه‌ی پارچه کراوه، که‌لتووره‌که‌ی له‌ژێر هه‌ژمۆنی چوار که‌لتووری سه‌رده‌ستدایه، شوناسه‌که‌ی له به‌رانبه‌ر شوناسی تورکی، ئێرانی و عه‌ربیدا له کاڵبوونه‌وه‌دایه و له‌ناو به‌ستێنێکی پڕ له دواکه‌وتوویی وگهشهنهسهندوویدا ده‌یهه‌وێ هه‌وێنێک بێ بۆ ئازادی و نوێبوونه‌وه. که‌واته ناسیوناڵیزمی کوردی هه‌ر له سه‌ره‌تای له‌دایکبوونییه‌وه له ناسیوناڵیزم بوون دەکەوێ، بۆیه دادهبهزێتە ئاستی هه‌ندێک بزووتنه‌وه‌ی ناوچه‌یی و پـــارچــــهیی و بــــه ده‌ستی خۆی ئه‌و پارچه‌بوونه سه‌ره‌تاییه مۆر ده‌کات. به‌ڵگه بۆ ئه‌م پارچهبوونهش به پله‌ی یه‌که‌م پارچه‌بوونی سیاسه‌ته‌که‌یه‌تی نه‌ک له ئاستی ته‌واوی کوردستان، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له ئاستی پارچه‌یه‌ک له کوردستاندا. له بزووتنه‌وه‌ی ژینادا ئه‌م پارچه‌بوونه به ڕوونی دیار بوو و کورد له ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتدا سیاسه‌تێکی یه‌کگرتووی نه‌بوو و ئه‌مه هێز و کاریگه‌ریی کوردی تا دواپله چووک کرده‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی له‌م بێڕێسایییهی ناسیوناڵیزمی کوردی بگه‌ین، ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی وردتر بپەرژێینه سه‌ر ئه‌م ساته‌وه‌خته هه‌ستیاره، ئه‌ویش چرکه‌ساتی له دایکبوونیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌رکه‌وێ له کوێدا ئه‌م ناسیوناڵیزمه به‌لاڕێدا چووه و دواتر په‌یوه‌ندی ده‌ده‌ین به‌و وه‌رچه‌رخانه گرینگه‌ی که زیاتر له دوو ده‌یه‌یه ده‌ستی پێکردوه و له بزووتنه‌وه‌ی ژینادا گەیشتە لووتکه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ئه‌م جاره‌یان به پێچه‌وانه‌ی قۆناغه‌کانی پێش خۆی، له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا و له ئێستادا خه‌ریکی ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م لادانه مێژوویییه‌یه له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی کوردایه‌تی و خه‌باتی ناسیوناڵیستیی کورددا.
حیزب لەجیات نه‌ته‌وه:
ناسیوناڵیزم له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ناو وێرانه‌کانی ئێمپراتووریه‌تی عوسمانییه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا و به پله‌ی یه‌که‌م شه‌ڕ، ڕیفۆرم، ته‌جاره‌ت و هاتنی ئەورووپاییهکان و به تایبه‌ت میسیۆنەره مه‌سیحییه‌کان هۆکاره پێکهاته‌یییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ناسیوناڵیزم له‌ناو کورد، عه‌ره‌ب، تورک، ئه‌رمه‌نی،…هتد بوون. ئه‌م هۆکارانه جۆرێک له دژوازیی به‌رژه‌وه‌ندی له‌نێو ئه‌م گرووپه ئهتنیکییانهدا درووست کرد که پێشتر هه‌موویان پێکه‌وه به‌بێ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ ئه‌م ئێمپراتووریهتهیان به‌ڕێوه ده‌برد و بارودۆخێکی دروست کرد که ئیتر ئه‌م گرووپانه هه‌موویان به جیا شه‌ڕ بۆ پله‌وپایه و جێگه‌ی باشتر بۆخۆیان بکه‌ن و خه‌ریکی جیاکردنه‌وه‌ی خۆیان له یه‌کتر بوون. له دوای درووستبوونی دژوازیی به‌رژه‌وه‌ندی، قۆناغێکی دیکه ده‌ست پێده‌کا که قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی مانایه و هه‌موو ئه‌م نه‌ته‌وانه هه‌وڵی دروستکردنی ئاڕمان و ئاسۆگه‌ی نوێ، به که‌ڵک وه‌رگرتن له مێژوو، وێژە (شێعر و په‌خشان، ڕۆمان و گێڕانه‌وه) ده‌ده‌ن. به‌رهه‌مهێنانی مانا بۆ ئه‌م قۆناغه نوێیه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی چینێکی ڕۆشنبیر که زۆربه‌یان خوێنده‌واری زانکۆکانی ڕۆژئاوان و به که‌ڵک وه‌رگرتن له پیشەسازیی چاپ (ڕۆژنامه، گۆڤار) و ڕادیۆ مانا و بایەخی نوێی به‌رهه‌مهاتوو به ناو خه‌ڵکدا بڵاو ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر کام له‌م نه‌ته‌وانه له‌م قۆناغه‌دا له 1840 به دواوه خاوه‌ن سه‌دان ڕۆشنبیر و ئاکادێمیسییهن بوون که خه‌ریکی نووسینه‌وه‌ی مێژوو و دروستکردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان له ڕێگه‌ی شێعر و په‌خشانه‌وه بوون و توانییان تا شه‌ڕی یەکەمی جیهانی و ساڵه چاره‌نووسسازه‌کانی دوای ئه‌م شه‌ڕه شوناسێکی نه‌ته‌وه‌ییی هاوبەش ببه‌خشن به نه‌ته‌وه‌ی خۆیان و خۆیان له‌وانی تر جیا بکه‌نه‌وه. له دوای به‌رهه‌مهێنانی مانا و ئاڕمانی نوێ، قۆناغی ڕێکخراوەی سیاسی ده‌ست پێده‌کا که حیزب، ئه‌نجومه‌ن و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان له پێناوی ئاڕمان و مانای نوێ‌دا خه‌ڵک ڕێک ده‌خه‌ن و شه‌ڕی به‌ها، به‌رژه‌وه‌ندی و شوناسی نوێ به‌رهه‌م دێنن. به گشتی ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ناسیوناڵیزم له خۆرهه‌ڵات سێ قۆناغی پێکهاته‌یی (درووست بوونی دژوازیی به‌رژه‌وه‌ندی)، به‌رهه‌مهێنانی مانا(چینی ڕۆشنبیر) و ڕێکخراوی سیاسی (حیزب)ی بڕیوه. کاتێک له ناو نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ردا سه‌یری ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌که‌ین، دوای گۆڕانی په‌یوه‌ندیی هێزه‌کان له قۆناغی یه‌که‌مدا له ڕێگه‌ی شۆڕشێکی فکری و که‌لتووری و ڕۆشنبیرییه‌وه مانا و ئاڕمانی نوێیان به‌رهه‌م هێنا، له‌م قۆناغه‌دایه نه‌ته‌وه وه‌کوو شوناسێکی سیاسی و هاوبەشی نوێ له‌دایک ده‌بێ و دواتر ڕێکخراوه سیاسییه‌کان دروست بوون و توانییان سنووره سیاسییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ش جیا بکه‌نه‌وه. حیزب له‌م ڕه‌وته‌دا دواهه‌مین قۆناغه، له دوای له‌دایکبوونی نه‌ته‌وه دروست ده‌بێ. نه‌ته‌وه به‌رهه‌می شۆڕشێکی فکری، که‌لتوری و ڕۆشنبیرییه و سه‌ره‌تا سنووری بایەخ، شوناس و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی خۆی جیا ده‌کاته‌وه و دواتر حیزبه کە سنووره سیاسییه‌که‌شی بۆ دروست ده‌کات.
کـــاتێک سه‌یــــری ڕه‌وتی گـــــهشهی ناسیوناڵیزمی کوردی به به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ نـــاسیــــوناڵیزمهکانی ده‌وروبه‌ر ده‌که‌ین، ده‌بینین ئه‌م ڕه‌وته له‌ناو کورددا زۆر درەنگتر ده‌ست پێ ده‌کات. شه‌ڕ، بازرگانی و هاتنی میسیۆنەره مه‌سیحییه‌کان دژوازیی به‌رژه‌وه‌ندی بۆ کورد له هه‌مبه‌ر ده‌وروبه‌رییه‌کانی دروست کرد، به‌ڵام له قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی مانادا به هۆی نه‌بوونی چینێکی ڕۆشنبیری به‌هێز، کورد نه‌یتوانی مانا و ئاڕمانی نوێ بۆ ئه‌م قۆناغه نوێیه له ململانێ به‌رهه‌م بێنێ. ڕۆشنبیرانی ئه‌وان هه‌م له باری ڕێژەوە زۆرتر بوون، هه‌م میراتگری سیسته‌مێکی دیوانسالار بوون، هه‌م له ڕۆژئاوا نزیکتر بوون و په‌یوه‌ندییه‌که‌یان ڕاسته‌وخۆ بوو و له کۆنیشه‌وه توانیبوویان خۆیان جیا بکه‌نه‌وه. به‌ڵام ڕۆشنبیرانی کورد هه‌م که‌م بوون و هه‌م له‌و به‌ستێنه سیاسی و مه‌عریفییه بێبه‌ری بوون، بۆیه نه‌یانتوانی له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ باسه‌که‌مان گرینگە، بێبه‌ری بوونی کورده له ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م قۆناغه و نه‌ته‌وه وه‌کوو به‌ها، به‌رژه‌وه‌ندی، مانا و شێوه‌ی ڕوانینی هاوبه‌ش له‌م قۆناغه‌دا، به هۆی بزربوونی ئه‌و شۆڕشه فکری، که‌لتووری و ڕۆشنبیرییه‌وه، له‌دایک نابێ و له دوای دابه‌شبوونی سنووره‌کانی له دوای شه‌ڕی دووهەمی جیهانییەوە حزب له‌دایک ده‌بێ. قۆناغی ڕێکخراوی سیاسی ده‌که‌ویته پێش قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی مانا و له‌دایکبوونی نهتهوەوە. حیزب له دۆخێک‌دا له‌دایک ده‌بێ که مانا و ئاڕمانی نوێ، شوناسێکی گشتی و گۆشه‌نیگا و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش دروست نه‌بووه و ئه‌م ئه‌رکه مەزنانە ده‌که‌ونه سه‌ر شانی حیزب که له لە بنەڕەتدا ئه‌رکی ئه‌و نییه. حیزب له نەبوونی که‌لتوورێکی فکری و ڕوشنبیریدا، به هۆی هه‌ژاریی تیۆریکی هانا بۆ ئایدیۆلۆژیی چه‌پ دەبا، که ئێستاکه‌ش نه‌یتوانیوە خۆی لێ ده‌رباز بکا و ئه‌م ئایدیۆلۆژییه هه‌م درووشمه‌کانی له ناوه‌رۆک بەتاڵ کرد و هه‌میش چاره‌سه‌ری پرسی کوردی بهستووەتەوە به چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی چه‌پ له ئاستی جیهان و ناوچه‌کەدا، که له توانای حیزب به‌ده‌ره. له ئاستی ناوخۆشدا و له غیابی نه‌ته‌وه‌دا، حیزب جێگه‌ی نه‌ته‌وه ده‌گرێته‌وه و متمانه، به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی له‌گه‌ڵ متمانه، به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی یەکانگیر ده‌بێ و به هۆی بوونی حیزبی تر لەجیات دروستبوونی یـــهکـــانگیــری و یه‌کگرتووییی ناوخۆیی، پارچه‌بوون و پەرتەوازیی دروست ده‌بێ.
ئه‌مه ئه‌و بێڕێسایییه سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه که عه‌باس وه‌لی پێی ده‌ڵێ ناسیوناڵیستی بێ ناسیوناڵیزم و به‌ختیار عه‌لی ناوی ده‌نێ غیابی نه‌ته‌وه. ناسیوناڵیزمی کوردی له غیابی نه‌ته‌وه‌دا له‌دایک ده‌بێ و بێبه‌رییه له بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیوناڵیستیی جه‌ماوه‌ری که خاوه‌ن که‌لتوور، شوناس و سیاسه‌تێکی یه‌کپارچه بێ. ناسیوناڵیزمی کوردی وه‌کوو ناسیوناڵیزمێکی بێ کاریگه‌ر، هه‌ژار له باری تیۆری، بێ‌توانا له ڕێکخستنی خه‌ڵک، بێ‌توانا له دروستکردنی گۆڕانی که‌لتووری-کۆمه‌ڵایه‌تی، بێبه‌ری له ئه‌قڵ که هه‌ست و سۆز و حەماسە جڵه‌وی ڕه‌فتاری ده‌کا و خاوه‌ن شوناس، که‌لتوور و سیاسه‌تێکی پارچه بووه، هه‌ربۆیه له‌وه ده‌که‌وێ که ناسیوناڵیزم بێ، به‌ڵکوو زیاتر خیتابێکی ناسیوناڵیستیی بێ ناوه‌رۆک، بێبه‌ری له ئیمکانی ماددی و ڕۆحی و بێ ستراتێژه، که ته‌نیا له مه‌یدانی سیاسه‌تدا چاوه‌ڕوانی ئێعجازێکی سیاسییه. ئامانج له‌م شیکردنه‌وه خێرایه‌ی ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ناسیوناڵیزم له ناوچه‌که و له کوردستان به پله‌ی یه‌که‌م ناسینێکی سه‌ره‌تایی ئه‌م ڕه‌وته، دواتر خه‌سارناسیی ناسیوناڵیزمی کوردی و ده‌ستنیشان کردنی ئه‌ڵقه‌ی ونبووی ئه‌م ناسیوناڵیزمه بەلاڕێدا چووە بوو. دۆزینەوە و ناسینی ئه‌م لادانه مێژوویییه‌ی ناسیوناڵیزمی کوردی بۆ باسەکهمان گرینگه، چونکه ئێستا ئه‌م ناسیوناڵیزمه چووەتە ناو قۆناغێکی نوێ له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی خۆی، که ده‌توانێ ئه‌م ناسیوناڵیزمه بخاته سه‌ر ڕێڕه‌وه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی، هه‌ربۆیه له درێژه‌ی باسه‌که‌ماندا دهپەرژێینه سه‌ر ئه‌م قۆناغه نوێیه و ئەگەرەکانی ئه‌م قۆناغه بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م بێڕێسایییه.
مودێڕنه و قۆناغی مه‌ده‌نیی ناسیۆناڵیزمی کوردی:
له‌دایکبوونی قۆناغی مه‌ده‌نی له ناسیوناڵیزمی کوردی‌دا جیا نییه له‌و ڕه‌وته گشتییه‌ی گه‌شه‌ی مودێڕنه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. گه‌ر به‌خێرایی چاوێک به‌م ڕه‌وته‌دا بخشێنین، ده‌بینین سه‌ره‌تا به قۆناغێک له شه‌یدایی و مه‌فتوون بوون به مودێڕنه‌وه ده‌ست پێده‌کا که نموونه‌ی له شۆڕشی مه‌شرووتییه‌ت له ئێران و ڕێفۆرمه‌کانی مێسر و عوسمانی‌دا ده‌بینرێ. دواتر قۆناغێک له په‌رچه‌کرداری کۆنەپارێزانە و کانزێرواتیڤ ده‌بڕێت که چینی ده‌سته‌بژێری ئه‌م وڵاتانه بۆ بهرەنگاری له هه‌مبه‌ر کۆلۆنیالیزم له ناسیوناڵیزمێکی سه‌ره‌تایی، ئیسلامی سیاسی و مارکسیزم که‌ڵکیان وه‌رگرت. له‌م قۆناغه‌دا ته‌نیا لایه‌نه ئامرازییه‌که‌ی مودێڕنه وه‌رگیرا و لایه‌نه به‌هایی و ڕه‌خنه‌گرانه‌که‌ی وەلا نرا. مودێڕنه ته‌نیا له شێعر و هونه‌ردا به لووتکه گه‌یشت. ئه‌م قۆناغه له‌نێو کورددا هاوتەریبی قۆناغی حیزبی/سیاسییە که به عام مارکسیزم و ناسیوناڵیزمێکی سه‌ره‌تایی جڵه‌وی هه‌وڵه‌کانی کورد بۆ ڕزگاری و نوێبوونه‌وه ده‌کات، که له‌گه‌ڵ شکستی مارکسیزم و ناسیوناڵیزمی سه‌ره‌تایی، هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌ش شکست دێنن. له‌نێو کوردیش ته‌نیا له شێعردایه که ئایدیای مودێڕنه و ناسیوناڵیزم ده‌گاته لووتکه، به‌ڵام زمانی شێعر توانای خوێندنه‌وه‌ی واقیع و دروستکرنی گۆڕانی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی بە کردەوەی نییه، هه‌ر وەکوو ده‌ریدا ده‌ڵێ، زمانی ئه‌ده‌بی گوزارشت له واقیع ناکا به‌ڵکوو هه‌ڵچوون به نیسبه‌تی واقیعه‌وه ده‌ورووژێنێ (Derrida, 2010). ئه‌وه زانست و ئه‌قڵه کە ده‌توانێ هه‌م ته‌فسیر له دۆخی هه‌نووکه بکا و هه‌م ئامرازێک بێ بۆ گۆڕان. شکستی مودێڕنه له خۆرهه‌ڵات به گشتی به‌رهه‌می زاڵبوونی چینی نه‌ریتی و کۆنەپارێزە به‌سه‌ر که‌لتووردا، هاوکات ڕه‌وتی خێرای ڕووداوه‌کان له‌م ناوچه‌یه و بوونی کۆلۆنیالیزم و شه‌ڕ و ئاڵۆزی، ده‌رفه‌تێکی بۆ بنبه‌ست بوونی مودێڕنه نه‌هێشته‌وه و له نموونه‌ی کورددا له پهرواێزبوونی ئیداری-سیاسی کورد، به شێوه‌ی مێژوویی له‌و هۆکاره هاوبه‌شانه‌ی سه‌ره‌وه کاریگه‌ریی نه‌رێنیی زیاتری داناوه له‌سه‌ر وه‌لانانی مودێڕنه. شه‌رابی گه‌شه‌ی مودێڕنه ده‌به‌ستێته‌وه به گه‌شه‌ی که‌لتور و له‌دایکبوونی چینێکی نوێی ڕۆشنبیر و فهیلهسووفهوه، ئه‌ویش له‌و باوه‌ڕه‌دایه که مودێڕنه ته‌نیا له شێعر و هونه‌ردا گه‌یشتووەته لووتکه، به‌ڵام ناوه‌رۆکی ئه‌قڵانی و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی مودێڕنه به هه‌ند نه‌گیراوه و ده‌ڵێ ئه‌بێ ڕۆشنبیران و فه‌یله‌سووفانی مودێڕن له‌دایک ببن (Sharabi, 2007). له حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه، قۆناغی سێهه‌می گه‌شه‌ی مودێڕنه له خۆرهه‌ڵات ده‌ست پێ ده‌کات که به‌رهه‌می شکستی ناسیوناڵیزمی سه‌ره‌تایی، ئیسلامی سیاسی و مارکسیزمه له دروستکردنی گۆڕانی سیـــاسی-کــۆمهڵایهتی. تهشـهنهسهندنی پرۆسه‌ی بەجیهانیبوون له نه‌وه‌ده‌کان به دواوه، گۆڕانی به‌هاکان، شێوه‌ی ژیان، گه‌شه‌سه‌ندنی تاکگه‌رایی و که‌لتووری مودێڕن، گه‌شه‌ی شارنشینی و چینی مامناوه‌ندی شاری، بووە هۆی له‌دایکبوونی چینێکی ڕۆشنبیری مودێڕن له خۆرهه‌ڵات (ئا‌رگۆن، ته‌ڕابیشی، شه‌رابی، ئه‌بووزه‌ید، جه‌هانبه‌گلوو،….) که ئه‌م جاره له زانست و ئه‌قڵ که‌ڵک وه‌رده‌گرن بۆ دروستکردنی گــۆڕانی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی. به گشتی ڕه‌وتی گه‌شه‌ی مودێڕنه، سه‌ره‌تا هاوڕا بوو له‌گه‌ڵ سەرسام بوون و لاساییکردنه‌وه، دواتر په‌رچه‌کردار و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و له ئاکامدا ناسینی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ڕۆژئاوا و میتۆده مه‌عریفییه‌کانی و به‌کارهێنانی بۆ دروستکردنی گۆڕانی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌م قۆناغی سێهه‌مه، له‌نێو کۆمه‌ڵگای کوردیش ده‌ستی پێ کردووه و بووه‌ته هه‌وێنی دابڕان له قۆناغی پێش خۆی و هۆی له‌دایکبوونی قۆناغی مه‌ده‌نی و ناسیوناڵیزمی مه‌ده‌نی له کوردستان.
قۆناغی مه‌ده‌نیی ناسیوناڵیزمی کوردی قۆناغی دابڕانه، دابڕانێکی ئێیستمۆلۆژیکه (زانستناسییە) به به‌راورد له‌گه‌ڵ قۆناغی پێش خۆی که قۆناغی حیزبی/سیاسییه. چرکه‌ساتی دابڕانی ئێپیستمۆلۆژی به مانا باشلاردییهکهی ساته‌وه‌ختێکه که تێیدا زۆرێک له له‌مپه‌ره‌کانی پێش ناسیوناڵیزمی کوردی که ساڵانیکی زۆر به شێوه‌یه‌کی ناهۆشیار وه‌کوو کاکڵه‌ی کوردایه‌تی ده‌بینرا له‌پڕ کاڵ ده‌بنه‌وه و په‌یوه‌ست ده‌بن به ڕابردوویه‌کی لێوان‌لێو له ناهۆشیارییه‌وه. به پیـرۆزکردنی سه‌رکرده، به بنه‌ماگرتنی متمانه‌ی حیزبی، به ڕۆمانتیزه کردنی مێژوو، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ناوەرۆکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی مودێڕنه، پێشترییەتیدان به سیاسه‌ت، هانا بردن بۆ ئایدیۆلۆژییە بان نه‌ته‌وه‌یییه‌کانه‌وه و … هتد. له‌م چرکه‌ساته‌دا ئیتر ده‌بن به به‌شێک له ڕابردوویه‌کی خۆرافی، ناهۆشیار، زانست و عه‌قڵی کوردی وه‌کوو به‌ربه‌ستێک به‌سه‌ریاندا باز دەدا. ئه‌مانه کۆمه‌ڵێک له‌مپه‌ری ئێپیستمۆلۆژی بوون که کورد سه‌رده‌مانێک پێی وابوو به به‌هێزکردنی ده‌توانێ ده‌روازه‌ی ئازادی و ڕزگاری به‌ڕووی خۆیدا بکاته‌وه. ئه‌م دابڕانه هێزی خۆی له چه‌ندین پرۆسه‌ی گۆڕانی گرینگی که‌لتووری، ڕۆشنبیری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌گرێ که به گشتی جیا نییه له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی مودێڕنه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که له سه‌ره‌وه به‌خێرایی باسمان کرد. شکستی ناسیوناڵیزمی کوردی له گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی، گه‌شه‌سه‌ندنی که‌لتووری واڵا( گشتگیر بوونه‌وی خوێندن و په‌روه‌رده) و شکستی چه‌پ هه‌م له باری ئایدیۆلۆژیکی و هه‌م له باری سیاسییه‌وه، ئه‌و هۆکارانه‌ن که ئه‌م دابڕانه‌یان دروست کرد که به‌رهه‌مه‌که‌ی له‌دایکبوونی چینێکی ڕۆشنبیر و ئه‌ڵقه‌یه‌کی فکری و ڕۆشنبیریی نوێ بوو( که‌سانێک وه‌کوو ئه‌میر حه‌سه‌ن پوور، به‌ختیار عه‌لی، حه‌میدی بووزئهرسهلان، عه‌باس وه‌لی،…) که ئیتر نه‌ک به شێوه‌ی ئایدۆلۆژیک، به‌ڵکوو به شیوه‌ی تیۆری و زانستی پرسی کوردیان ده‌خوێنده‌وه، ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵیان له ڕابردوو ده‌گرت و پرسی کوردیان وه‌کوو پرسێکی سیاسیی ڕووت سه‌یر نه‌ده‌کرد. ئه‌م گۆڕانه مەزنە له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا کاریگه‌ریی قووڵی له‌سه‌ر پرسی کورد داناوه و کوردایه‌تی له شۆڕشێکی سیاسی-نیزامی ڕووهتهوه گواستووه‌ته‌وه به‌ره‌و شۆڕشێکی فره‌ڕه‌هه‌ندی که‌لتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ڕوشنبیری. گه‌شه‌ی شارنشینی و که‌لتووری مودێڕن له‌م ساڵانه‌ی دواییدا شاره‌کانی کوردستان و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی کردووه به چه‌قی خه‌باتی مودێڕنی کورد. هێڵه‌کانی ئه‌م دابڕانه له قۆناغی پێش خۆی که قۆناغی حیزبی/سیاسی بوو به ڕوونی هه‌م له ئاستی ئایدۆلۆژیک و هه‌میش له ئاستی ستراتێژیکدا ڕوون و بــهرچاون. له باری ئایدیۆلۆژیکه‌وه هه‌ڵگری گوتارێکی فرەجهمسهرن که له هه‌وڵی جومگه‌به‌ندیی پرسی نه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ژن، ژینگه، چینایه‌تی و پرسه که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندان و به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له گوتاری ئایدیۆلۆژیکی و به گشتی چه‌پی ماوه به‌سه‌رچووی حیزبه‌کان دابڕاون. له باری ستراتێژیکیشهوه دالی سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یه و به‌رژه‌وه‌ندی، به‌هاکان و متمانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له پێشه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی، به‌هاکان و متمانه‌ی حیزبی، ناوچه‌یی و پارچهیییه.
ئه‌م دابڕانه موژده‌ی له‌دایکبوونی ناسیوناڵیزمی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ خۆیدا بڵاو کرده‌وه، ناسیوناڵیزمێک که چی دیکە بێ‌توانا نییه له به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانی و نابینا نییه له ئاست ئەرکەکانی. ئه‌م دابڕانه به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌و بێڕێسایییه سه‌یره‌ی که سه‌رده‌مانێکه ناسیوناڵیزمی کوردی گیرۆده‌ی خۆی کردووه، له‌نێو ده‌با. ئه‌و بێڕێسایییهی که له سه‌ره‌وه به‌وردی باسمان کرد، بریتییه له غیابی نه‌ته‌وه، تێکەڵبوونهوهی حیزب له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یان ئایدیای ناسیوناڵیستی به‌بێ ئایدیۆلۆژیای ناسیوناڵیزم. هه‌ربۆیه ئه‌م قۆناغه گرینگییه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ناسیوناڵیزمی کوردی‌دا، که پێویسته به‌باشی بناسرێت و ده‌رکی پێ بکرێ. ناسیوناڵیزم بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسییه که هه‌وڵی دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌دا و سنووره ئه‌تنیکی، به‌هایی، سه‌مبۆلیک و واتایییهکانی خۆی له جیهانی ده‌وروبه‌ری جیا ده‌کاته‌وه. هه‌ر پێناسه‌یه‌ک بۆ ناسیوناڵیزم ده‌ستنیشان بکه‌ین، هیچ له‌وه ناگۆڕێ که ناسیوناڵیزم به‌رهه‌می مودێڕنهیه و له هه‌ناوی به‌ها جیهانییه‌کانی مودێڕنه‌وه سەر هەڵدەداتەوە. ناسیوناڵیزم به‌بێ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و دێمۆکراسی هیچ واتایه‌کی نییه و هه‌ر ناسیوناڵیزمێک، لایه‌نه ئه‌تنیکییه‌که‌ی به‌سه‌ر لایه‌نه مه‌ده‌نییه‌که‌یدا زاڵ بێ، ناسیوناڵیزمێکی نا دێمۆکراتیک و له ڕێگه ده‌رچووه. ناسیوناڵیزم ئه‌گه‌ر به دیوێکدا ده‌سته‌به‌رکردنی سه‌روه‌ریی سیاسی بێ، ئه‌وه بێگومان به دیوێکی دیکه‌دا گۆڕان و ده‌ستکاری کردنی بێبهزیییانهی پێکهاته‌ی که‌لتووری، کۆمه‌لایه‌تی و ئابووریی کۆمه‌ڵگایە. ئه‌م گۆڕانه‌ی دووهه‌م بێگومان گرینگییه‌که‌ی هاوشانی گۆڕانی یه‌که‌مه و ته‌واوکه‌ری یه‌کترن و، به‌بێ که‌ڵک وه‌گرتن له که‌لتوور و به‌ها جیهانییه مودێڕنه‌کان، باوه‌ڕ به ئازادیی تاکه‌که‌سی، ئازادیی بیروڕا، ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵی ئه‌قڵانییه‌تی ئایینی و نه‌ریتی، گرینگی‌دان به ژینگه و مافی گرووپه په‌راوێزخراوه‌کان و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی نایەتە دی. ئه‌گه‌ریش به هه‌ر هۆکارێک سه‌روه‌ریی سیاسی بکه‌وێته پێش گۆڕانی که‌لتووری -کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ئه‌وا ده‌ستکه‌وته‌کان بچووک و شایانی له‌نێو چوونن، لانیکه‌م ئێمه نموونه‌ی باشوورمان وه‌کوو ڕاستییه‌ک بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگاندنه له‌بەر چاوه.
ده‌رکه‌وته‌ی که‌لتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئه‌م دابڕانه، لە ئێستادا به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕوون و به‌رچاوه و ئاکامه‌که‌ی وه‌رچه‌رخانێکی مه‌ده‌نییه. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه مه‌ده‌نییه که هاوشان بووه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی شارنشینی، گه‌شه‌ی چینی مامناوه‌ندی شاری، کاڵبوونه‌وه‌ی لایه‌نی نه‌ریتی و ئایینیی کۆمه‌ڵگا و گه‌شه‌ی ئامرازه‌کانی په‌یوه‌ندی گرتن و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و، هه‌روه‌ها گۆڕانی دێمۆگرافیکی و لاوازبوونی که‌لتووری خێڵه‌کی، ناوچه‌یی و پیاوسالاری، جیلێکی نوێی خوینده‌واری شاری به‌رهه‌م هێناوه که به گشتی به‌رهه‌می زانکۆکانن و سووژه‌ی ناسیوناڵیزمی مه‌ده‌نین. ئه‌م جیله نوێیه به پێچه‌وانه‌ی ڕۆشنبیرانی پێش خۆیانه‌وه، به شێوه‌ی ناوچه‌یی و پارچه‌یی سه‌یری کێشه‌ی کورد ناکه‌ن، ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵیان له ڕابردوو و مێژووی خەباتی کورد هه‌یه، له‌ژێر کاریگه‌ریی ڕووداو و گوتاری حزبیدا نین و له ده‌لاقه‌ی ئایدیۆلۆژییەوه سه‌یری پرسی کورد ناکه‌ن، به‌ڵکوو له ڕێگه‌ی زانسته‌کانه‌وه بۆ نموونه فه‌لسه‌فه، کۆمه‌ڵناسی، ده‌روونشیکاری، زمان‌ناسی،… هتد به شێوه‌ی ئه‌قڵانی، ڕه‌خنه‌گرانه و تیۆریک هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی پرسی کورد ده‌ده‌ن. گۆڕەپانی خه‌باتی ئه‌م جیله نوێیه کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه، فه‌زای گشتیی شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ته‌واوی ئه‌و ئه‌نجومه‌ن و ڕێکخراوه مه‌ده‌نییانه‌ن که بە بیانووی جۆراوجۆر و به شێوه‌ی ئاشکرا و شاراوه دامه‌زراون و خه‌ریکی کار و چالاکین. پانتاییی خه‌باتی ئه‌م جیله نوێیه ته‌نیا سیاسه‌ت نییه، به‌ڵکوو ژینگه، ژن، پرسی چینایه‌تی و تۆڕێکی به‌ربڵاو له پرسه که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌گرێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌م جیله نوێیه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن نه دابه‌زاندنی پرسی کورده بۆ پرسێکی سیاسیی ڕووت و، نه داماڵینی که‌لتووره له سیاسه‌ت. ئه‌م فۆڕمه نوێیه له ناسیوناڵیزم چی دی گڕوتینی خۆی له مینبه‌ری مزگه‌وته‌کان، میدیا و ڕاگەیەنەکانی حیزبه‌کانه‌وه وەرناگرێ، به‌ڵکوو ناسیۆناڵیزمێکی مه‌ده‌نی هه‌ر ڕۆژه‌یه که پشت ئه‌ستووره به تیۆری و له‌گه‌ڵ ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌م جیله‌دا تێکه‌ڵاو بووه، ده‌مامکه‌کانی شه‌رم له کوردبوونی لا داوه و کوردبوون و کوردایه‌تی به‌ستووه‌ته‌وه به ژیانی مودێڕنه‌وه و خه‌ونی ئازادیی گرێ داوه به خه‌ونی نوێبوونه‌وه.
کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و بزووتنه‌وه‌ی ژینا:
کاتێک له باری تیۆرییه‌وه ده‌ڕوانینه په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، دوو شێوه ڕوانینی باو ده‌بینین که به دوو شێوه‌ی ته‌واو جیاواز له یه‌کتر سه‌یری کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌که‌ن. له لایه‌ک مارکسیسته‌کان کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌کوو گۆڕەپانێکی پاسیڤ و بێکاریگه‌ر ده‌بینن که به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر ههیمهنەی ئایدیۆلۆژی و به‌هاکانی چینی بورژوازیدایه. مارکس باوه‌ڕی وایه کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی په‌یوه‌ندییه کاڵایییهکان و که‌لتووری سه‌رمایه‌داریدایه و بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه پێویستیمان به شۆڕشه له ڕێگه‌ی داموده‌زگایه‌کی به‌هێزی سیاسییه‌وه (Cited by Cohen and Arato, 1992). چه‌په‌کان به گشتی، هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ چه‌په نوێیەکانی لێ ده‌ر بکه‌ین، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌کوو سه‌رخانی سیاسیی بورژوازی ده‌بینن که بـــهتاڵ له ماته‌وزه‌ی ڕزگارییه و بـــاوهڕیان به هێـزێکی سیــاسیی چینایه‌تییه که ده‌سه‌لات دهگـــرێتـــه ده‌ست و ده‌ست بـــه‌ســـه‌ر ده‌وڵه‌تـدا ده‌گــرێ که ئه‌رکی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پهیوهندییهکـــــانی بــــهرهــــهم هێنانه.
له به‌رانبه‌ردا ڕوانینێکی دیکه هه‌یه که کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به چاره‌سه‌ری ته‌واوی کێشه‌کان ده‌زانێ و هه‌وڵی ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت له‌ناو کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا بتوێنێته‌وه و له‌نێوی به‌رێ. ئانارشیسته‌کان و چه‌په ڕادیکاڵه‌کان و هه‌روه‌ها لیبڕاڵه نوێیەکان به‌م شیوه‌یه ده‌ڕواننه په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. ئه‌و بڕوایه‌ی که پێی وایه کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی گۆڕەپانی ئازادیی ڕەها و چاره‌سه‌ریی ته‌واوی کێشه‌کانی تێدایه، جۆرێک باوه‌ڕی مه‌سیحایی و مێتافیزیکییه که وه‌ختی خۆی هه‌مان شێوه ڕوانینەش به نیسبه‌تی مه‌سیحییه‌ت و مارکسیزمه‌وه هەبووه و هه‌ڵه‌یه. ئه‌م دوو ڕوانگه‌یه تا ڕاده‌یه‌ک باڵی کێشاوه به‌سه‌ر باس و بابه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له کوردستاندا و هێزه سیاسییه‌کانی کوردیش له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م دوو ڕوانگەیەدان. له لایه‌ک کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌کوو گۆڕەپانێکی پاسیڤ ده‌بینرێت که له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی کۆماری ئیسلامیدایه و ئه‌گه‌ر بوونێکی سه‌ربه‌خۆشی هەبێ، ده‌بێ له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی حیزب‌دا بێ و حیزب و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دووانه‌یه‌کی له یه‌ک دانه‌بڕاون و، حیزب ده‌بێ له ڕێگه‌ی شۆڕشه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر جۆمگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا بگرێ و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیش ڕزگار بکا. له لایه‌کی دیکەوە جۆرێک فوبیای ده‌وڵه‌ت (State Phobia) هه‌یه که پێی وایه له ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخستنی ده‌وڵه‌ته‌وه و له گۆڕەپانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا هه‌ڵبه‌ت به پێشه‌نگیی حیزبێکی پێشه‌نگ، ده‌بێ بیر له چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بکه‌ینه‌وه و به له‌نێوچوونی ده‌وڵه‌ت، کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر ده‌بن. ئێمه لێره‌دا پێویستیمان به ڕوانگه‌یه‌کی سێهه‌م هه‌یه که خۆی له زاتگه‌رایی ده‌پارێزێ، واتە نه کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به گۆڕەپانێکی ناکاریگه‌ر ده‌زانێ و نە لەو باوڕەشدایە که شاکلیلی چاره‌سه‌ریی ته‌واوی کێشه‌کانه و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا فۆکۆ ده‌توانێ له‌م دوئالیزمه ڕزگارمان بکا. فۆکۆ باوه‌ڕی وایه که نه به‌ته‌واوه‌تی ده‌توانین ده‌وڵه‌ت له‌نێو به‌رین و نه ده‌شتوانین ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرین، بۆیه ده‌وڵه‌تێکی بچووک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیی به‌هێز، ده‌توانێ ڕێگاچارەی کێشه‌کان بێ. کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی گۆڕەپانێکی بایەخی و ئه‌خلاقیی نوێیه که هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک شوناس و جیاوازییه که له دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئابووری و سیاسی ده‌جه‌نگێ و شێوه ڕوانینی ده‌سه‌ڵات به نیسبه‌تی حه‌قیقه‌تی شته‌کان و کۆمه‌ڵگاوه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌لاقه‌یه‌کی نوێ بۆ ڕوانین لە ئینسان و کۆمه‌ڵگا ده‌کاته‌وه، هه‌ربۆیه کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی گۆڕەپانی به‌رهه‌مهێنانی حه‌قیقه‌ته (Cited by Burchell, 1991). هاوکات نه ده‌توانین کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌کوو بوونێکی له‌مێژینه (Primordial) سه‌یر بکه‌ین و نه ده‌شتوانین وه‌کوو گۆڕەپانێکی سه‌ربه‌خۆ، که له بۆشاییدا دروست ده‌بێ، به‌ڵکوو به‌رهه‌می سه‌رده‌می لیبڕاڵیزمه و له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا له‌دایک ده‌بێ، شوناس، هێز و سنووره‌کانی گرێ دراوه به هیز، شوناس و تواناکانی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
لێره‌دا نامهه‌وێ زیاتر له‌مه بچمه ناو ئاڵۆزیی تێئۆریی په‌یوه‌ندیدار به باسی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه، به‌ڵکوو له‌ژێر ڕووناکاییی ئه‌م شێوه ڕوانینه‌دا، باس له چوار تایبه‌تمه‌ندیی گرینگی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌که‌م که ناسین و تێگەیشتنی و له ئاکامدا به‌هێزکردنی ده‌توانێ له قۆناغی مه‌ده‌نیی ناسیوناڵیزمی کوردی‌دا، ئێمه به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی نوێ به‌رێ و، له‌مپه‌ره‌کانی پێش بزووتنه‌وه‌ی ژینا له‌نێو به‌رێ و هانده‌رێک بێ بۆ یه‌کخستنی ته‌واوی تواناکانمان له پێناو ڕاهێنان و به‌هێزکردنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا.
یه‌که‌م: کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له هه‌ر به‌ستێنێکدا بێ (چ به‌ستێنی لیبڕاڵی ڕۆژئاوا یان به‌ستێنی ئێستبدادی خۆرئاوایی) گۆڕەپانی له‌دایکبوونی به‌ها، به‌رژه‌وه‌ندی، خواست و ویستی هاوبه‌شه. له به‌رانبه‌ر سووژه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیخوازدا (Subject of Interest) که ده‌ست به به‌رژه‌وه‌ندییه تاکه‌که‌سییه‌کانی خۆیه‌وه ده‌گرێ و ئینسانێکی بێ به‌هره‌یه ، سووژه‌ی ئه‌خلاقیی مافه‌کان (Subject of Rights) له‌دایک ده‌بێ که به شێوه‌ی ئه‌کتیڤ و چالاک به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی به بنه‌ما ده‌گرێ. له‌دایکبوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌و چرکه‌ساته‌یه که سووژه‌ی مافه‌کان له‌دایک ده‌بێ و کۆمه‌ڵگای کوردی له ڕۆژهه‌ڵات ئه‌م چرکه‌ساته‌ی تێپه‌ڕاندوه و به تایبه‌ت له‌م دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا له به‌رانبه‌ر سووژه‌ی حیزبی که که‌لتووری حیزبی به‌رهه‌م دێنێته‌وه و ده‌ستی به گوتاری مانه‌وه گرتووه، سووژه‌ی ئابووری که ئینسانێکی ئابوورییه و ته‌نیا به دوای به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و تاکه‌که‌سیی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، سووژه‌ی ماف و به‌هاکان له‌دایک بووه که به‌رژه‌وه‌ندی و به‌های گشتی ده‌خاته پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانییه‌وه. هه‌ربۆیه ده‌توانین بڵێین پێشمه‌رجه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌وه‌یه که نابێ درێژکراوه‌ی ئابووری، حیزب و هه‌روه‌ها درێژکراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌ست بێ. ئه‌و شته‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری، تاکه‌که‌سی و حیزبی نییه، به‌ڵکوو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و بـــهرژهوهنــدییه نابهرژهوهندییهکانه.
دووهه‌م: کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوونەوەرێکی لۆکاڵ و سنوورداره و ناکرێ له‌گه‌ڵ کۆی مرۆڤایه‌تیدا هاوجووتی بکه‌ینه‌وه، به واتــایهکی تر خواست، ویست و بهرژهوهندییــهکـــانی پــهیوهست بـه کۆمه‌ڵگایه‌کی دیاریکراوه و هیچ کات هه‌وڵی ئه‌وه نییه له بری ته‌واوی جیهان شه‌ڕی ئازادی و ڕزگاری بکات، بوونه‌وه‌رێکی کۆمهڵگاخوازه نه‌ک مرۆڤخواز . نه‌ته‌وه یه‌کێک له فۆڕمه‌کانی خۆده‌رخستنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه. نه‌ته‌وه و دواتر نــاسیوناڵیزم له هــهناوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه دێته ده‌ره‌وه. نه‌ته‌وه به‌رهه‌می به سیاسی بوونه‌وه‌ی خواست، ویست، به‌رژه‌وه‌ندی و به‌هاکانی سووژه‌ی مافه‌کانه له گۆڕەپانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا و ناسیوناڵیزم ئه‌و بزووتنه‌وه سیاسییه جه‌ماوه‌رییه‌یه که له هه‌ناوی ئه‌م ڕووداوه دێته ده‌ره‌وه و خه‌ڵک له پێناوی ئامانجه‌کانیدا ڕێک ده‌خا. ئه‌مه ئه‌و ڕووداوه چاره‌نووسسازه‌یه که کۆمه‌ڵگای کوردی له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی خۆیدا به‌ره‌وڕووی بووه‌ته‌وه و خه‌ریکی ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و بێڕیسایییهی ناسیوناڵیزمی کوردییه که هه‌م ئایدیۆلۆژی دروست ده‌کا، هه‌م بزوێنه‌ره‌که‌شی له ده‌ره‌کییه‌وه ده‌کاتە ناوخۆیی و بزووتنه‌وه‌یه‌کی جهماوریشی بۆ به‌رهه‌م دێنێ، هه‌ربۆیه خاڵێکی زۆر گرینگ و جێگای سه‌رنجه. کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له پەیوەندییەکی پێچه‌وانه‌دایه، له‌گه‌ڵ کاڵبوونه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌که‌سی، حیزبی، ناوچه‌یی، ئه‌قڵانییه‌تی نه‌ریتی، ئایینی و پیاوسالارانه‌دا و له‌بەر کاڵبوونه‌وه‌ی ئه‌مانه‌دایه کە کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌هێز ده‌بێ، نه‌ته‌وه له‌دایک ده‌بێ و بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیوناڵیستیی ته‌ندروست و ســـهرتــــاســـهری گـــــهشـــــه ده‌ستێنێ.
سێهه‌م: کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به پێچه‌وانه‌ی باوه‌ری باو، خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام هێزی خۆی ده‌شارێته‌وه و له ساته‌وه‌خته چاره‌نووسسازه‌کاندا وه‌کوو ئه‌وه‌ی له بزووتنه‌وه‌ی ژینادا بینیمان، هێزی خۆی ئاشکرا دەکا و ئه‌گه‌ر ئه‌م گۆڕەپانە به‌هێزتر بێ، ده‌توانێ کێشه‌کان له به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵگا یەکلایی بکاته‌وه. پانتاییی سیاسه‌ت له کوردستان به‌رین ده‌کاته‌وه. سیاسه‌ت له گۆڕەپانێکی به‌رته‌سک و سنووردار که له قۆرغی حیزبدایه، ڕزگار ده‌کا و به‌شێکی گه‌وره‌ی ده‌به‌ستێته‌وه به گۆڕەپانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و تێزه‌ی گرامشی به بنه‌ما بگرین که بنه‌ماکانی هه‌ژمۆنی له کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدایه، ئه‌وا به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ شکست به هه‌ژمۆنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌ست بهێنین، ده‌بێ بیر له بچڕاندنی ئه‌و خاڵی په‌یوه‌ندییانه بکه‌ینه‌وه که ده‌سه‌ڵات له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا دروستی کردووه و توانیویه‌تی به‌شێک له کۆمه‌ڵگای کوردی له‌گه‌ڵ خۆی هاوبه‌رژه‌وه‌ندی و هاوچاره‌نووس بکات. هه‌ربۆیه ده‌بێ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بکرێته چه‌قی سیاسه‌تی کوردی و سیاسه‌ت له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا جیا ناکرێته‌وه له بیرکردنه‌وه له لێدان له بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵات له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا. به‌هێزکردنی ئه‌م گۆڕەپانە هێزی بهرەنگاری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ش له به‌رانبه‌ر خواسته ناوه‌ندخواز و نادێمۆکراتیکەکانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌ست دروست ده‌کا و پاشه‌کشە به ئایدیۆلۆژییەکهی و هه‌ژمۆنی سیاسی، که‌لتووری و ئابووریی ده‌سه‌ڵات دێنێ و سیاسه‌تی کوردیش له سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانی و سیاسه‌تی مێتافیزیکییه‌وه، ده‌گۆڕێ بۆ سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه و سیاسه‌ت له ئێره و ئێستادا.
چواره‌م: کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بزوێنه‌ری مێژوویه. ئه‌م گۆڕەپانە له پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی‌دا دروست بووه و له بهڕبهریزم و دواکهتوویییهوه به‌ره‌و شارستانییه‌ت و پێشکه‌وتن ده‌مانبا، له دۆخی بێمافییهوه به‌ره‌و شارومه‌ندی و دروستکردنی چــهتـــرێکی یــاسایی-سیاسی هه‌نگاو هه‌ڵدێنێ، له که‌لتووری ناوچه‌گه‌ریی، پیاوسالاری، خێڵه‌کی، حیزبی، نه‌ریتی و ئایینییه‌وه به‌ره‌و که‌لتوورێکی نه‌ته‌وه‌یی-دێمۆکراتیکی مودێڕن و سێکولار ده‌مانبا.
باسکردن له‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت، شوناس، ئامانج و وه‌زیفه‌ی چاره‌نووسسازه و ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له‌م دوایییانه‌دا به ڕوونی له بزووتنه‌وه‌ی ژینادا به‌رچاو بوون و بزوێنه‌ری سه‌ره‌کیی بزووتنه‌وه‌ی ژینایه له کوردستان. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هێزی خۆی له‌و وه‌رچه‌رخانه مه‌ده‌نییه‌وه وەرده‌گرێت که ناسیوناڵیزمی کوردی له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا ڕووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه به‌رهه‌می گۆڕانی جه‌وهه‌رییه له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیـاسی، که‌لتووری و ئایدۆلۆژیکی کۆمه‌ڵگای کوردی که مۆرکی خۆی له سروشت و خه‌سڵه‌ت و ئامانجه‌کانی خه‌باتی کوردی داوه. مه‌یدانی ستراتێژیی خه‌باتی له شاخه‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ شار، ئایدۆلۆژیی کوردایه‌تی له ئایدۆلۆژییه‌کی چه‌پی لاساییکەرەوە گۆڕیوه بۆ ئایدۆلۆژییه‌کی ناسیوناڵیستی فرەلایەن-دێمۆکراتیک و سووژه‌ی ناسیوناڵیزمی کوردی له سووژه‌ی ئایدیۆلۆژیکی حیزبییه‌وه کردووه به سووژه‌ی ئه‌قڵانی-زانستی که به‌رهه‌می زانکۆیه. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه ڕووداوێکی گه‌وره‌ی مێژوویییه که ناسیوناڵیزمی کوردی له ڕه‌وتی مێژووییی خۆیدا ده‌خاته سه‌ر ڕێڕه‌وه ڕاسته‌قینه‌که‌ی که هاوشان ده‌بێ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، مودێڕنبوونهوهی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووری کۆمـــهڵگــای کوردی و دێمۆکراتیک-پــلۆراڵ بـوونی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییی کورد.
ده‌رئه‌نجام:
بناخه‌ی تیۆریکی ئه‌م باسه له‌سه‌ر ڕوانگه‌یه‌ک له هه‌مبه‌ر ناسیوناڵیزم دامه‌زراوه که ناسیوناڵیزم به به‌رهه‌می مودێڕنه ده‌زانێ، به تایبه‌ت ناوه‌رۆکه ئه‌قڵانی و ڕه‌خنه‌گرانه‌که‌ی، هه‌ربۆیه به‌بێ بنبه‌ست بوونی ئاڕمان و به‌ها جیهانییه‌کانی مودێڕنه و له‌دایکبوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی که هه‌م گۆڕەپانی له‌دایکبوونی ئه‌و ئاڕمان و به‌ها نوێیانه‌یه و هه‌م گۆڕەپانی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ناسیوناڵیزم ته‌نیا وه‌کوو بابه‌تێکی سیاسیی ڕووت دێته به‌رچاو که توانای گۆڕانی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی نییه و ده‌ستکه‌وته‌کانی سنووردار و قابیلی له‌نێو چوونن. ده‌ستپێکردنی قۆناغی ناسیوناڵیزمی مه‌ده‌نی له ڕۆژهه‌لاتی کوردستان به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره بۆ دروستیی ئه‌م بناخه تیۆریکه که هه‌م هێزه سیاسییه‌کان و هه‌م دهستەبژێر و ڕۆشنبیرانی کورد ده‌بێ به‌باشی ده‌رک به گرینگیی ئه‌م قۆناغه بکه‌ن و ته‌واوی هێزی خۆیان یه‌ک بخه‌ن بۆ به‌هێزکردنی ئه‌م پرۆسه‌یه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگییه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری بۆ ئه‌م باسه‌مان هه‌یه، ئه‌وه‌یه که تاقه هێزێک که له‌م دۆخه‌ی ئێستادا ده‌توانێ بــه‌سه‌ر ئه‌و بـــهربهسته که‌لتووری و کۆمـــهڵایهتییانهدا سه‌ر که‌وێ، بـزووتنـــهوهیـــهکی جه‌ماوه‌ریی سه‌رانسه‌ریی ناسیوناڵیستی بخوڵقێنێ و شوناسێکی نه‌ته‌وه‌یی دێمۆکراتیک-پلۆڕال به‌رهەم بێنێ و یه‌کپارچه‌یی به شوناس، که‌لتوور و سیاسه‌تی ناسیوناڵیزمی کوردی ببه‌خشێ، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه. له‌دایکبوونی بزووتنه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نی که نه‌ته‌وه له هه‌ناویدا له‌دایک ده‌بێ، له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا نه‌ته‌وه هیچ نییه جگه له به سیاسی بوونه‌وه‌ی خواست و ویستی بەکۆمەڵی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، که به‌هاکان و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگا به بنه‌ما ده‌گرن و له ئاکامدا بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ده‌خوڵقێنێ که جڵه‌وی ئه‌م خواستانه دەکات و خۆی به‌ختی به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی مسۆگەر ده‌کا و چیدی خولانه‌وه له‌ناو بازنه‌ی به‌تاڵی شکسته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ناسیوناڵیزمی کوردی دووپات ناکاته‌وه. ڕێگای سه‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی ژینا له به‌هێزکردن و ڕاهێنانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه تێپه‌ڕ ده‌بێ. کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌یه که تێیدا بزووتنه‌وه‌ی ژینا له‌دایک ده‌بێ و به‌رهه‌می ئه‌و دابڕانه گه‌وره‌یه له ڕه‌وتی خه‌باتی کوردی‌دا، که ئه‌م خه‌باته‌ی له قۆناغی حیزبییه‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ قۆناغی مه‌ده‌نی. بزووتنه‌وه‌ی ژینا لووتکه‌ی له‌دایکبوونی نه‌ته‌وه‌یه، و په‌یدا بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیوناڵیستییه بۆ ناسیوناڵیزمی کوردی و سه‌رهه‌ڵدانی ئایدۆلۆژیی ناسیوناڵیستی.
ئه‌وه‌ی له‌م نووسراوه کورته‌دا باس کرا، ته‌نیا ده‌رخستنی سیمای ئه‌م قۆناغه بوو له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ناسیوناڵیزمی کوردی‌دا که قۆناغێکی چاره‌نووسسازه و ده‌توانێ ناسیوناڵیزمی کوردی له‌و بێڕێسایییه مێژوویییەی خۆی ڕزگار بکا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئاخۆ ده‌توانێ هه‌وێنی ڕزگاری و نوێبوونه‌وه بێ، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌ستراوه‌ته‌وه به ئاستی تێگه‌یشتن و ده‌رک پێکردنی ئێمه له‌م قۆناغه و کردار و گوتاری ئێمه لێره و ئێستادا. هه‌رچه‌ند کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به گشتی دوو له‌مپه‌ری گه‌وره‌ی له پێشدایه، یه‌که‌میان پاشماوه‌ی که‌لتووری خێڵه‌کی، ناوچه‌یی و پیاوسالاری و به گشتی گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی پێکهاته‌ی که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردییه که هاوشان له‌گه‌ڵ زه‌خت و سه‌رکوتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌ست و ستراتێژییه‌کانی سه‌رده‌ست بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م گهشهنهسهندوویییه له ڕێگه‌ی ئه‌ندازیاریی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه که هه‌وڵی به خێڵه‌کی کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی و به‌هێزکردنی سه‌له‌فییه‌ت و به که‌لتووری کردنی پرسی کورد ده‌دا، گه‌شه‌ی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی له ڕۆژهه‌ڵات به‌رته‌سک ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه حیزبی کوردیش له‌م گهشهنهسهندووییهی کۆمه‌ڵگای کوردی گوڕوتین وه‌رده‌گرت و له‌سه‌ر مانه‌وه و هه‌میشه‌یی کردنه‌وه‌ی که‌لتووری ناوچه‌گه‌ری، پیاوسالاری و ئه‌قڵانییه‌تی نه‌ریتی و ئایینی ده‌ژی و به هۆی ئه‌وه‌ی ستراتێژیی سه‌ره‌کیی حیزبی کوردی کۆکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره، هیچ کات به شێوه‌ی بنه‌ره‌تی هه‌وڵی په‌لاماردانی ئه‌م به‌ربه‌سته که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییانه له پێش ناسیوناڵیزمی کوردی نادات. له‌م بارودۆخه‌دا به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌ی ده‌که‌وێته سه‌ر شانی حیزبی کوردی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ نوێنه‌رایه‌تیی سیاسیی ئه‌م گۆڕانه گه‌وره‌یه به ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا بکا و ڕۆڵی مێژووییی خۆی بگێڕێ. نوێکردنه‌وه‌ی خۆیه‌تی له سێ ئاستی ئامانج، ئامراز و گوتاردا. حیزبی کوردی ئێستا له‌م سێ ئاسته‌دا له قۆناغی حیزبی سیاسی‌دا ده‌ژی و پێویسته به پێی بارودۆخی نوێی قۆناغی مه‌ده‌نیی ناسیوناڵیزمی کوردی، له هه‌ر سێ ئاستی ناوبراودا خۆی نوێ بکاته‌وه. حیزبی کوردی له قۆناغی مه‌ده‌نیی ناسیوناڵیزمی کوردی‌دا ڕۆڵی پێشه‌نگی خۆی له ده‌ست داوه و وه‌کوو قۆناغی حیزبی/سیاسی چی دیکە بزوێنه‌ری پشتی ڕووداوه‌کان نییه و هه‌روه‌ها تێگەیشتنێکی دروستی له‌م گۆڕانه گه‌وره که‌لتووری-کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی نییه. حیزب بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ڕۆڵی مێژووییی خۆی بگێڕێ، ده‌بێ سه‌ره‌تا خۆی نوێ بکاته‌وه و دواتر کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌کوو مه‌ڵبه‌ندی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه به فه‌رمی بناسێ و تواناکانی خۆی بۆ به‌هێزکردنی خه‌باتی شار و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بخاته گه‌ڕ، ئه‌گینا تـــووشی له‌تبوون و لــهنــاوچوون ده‌بێت.
سه‌رچاوه‌کان:
کـۆچێرا، کـریس(1998) بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، وهرگێــــڕ: ئیبــــراهیم یوونسی
Anderson, B. (2006). Imagined Communities. London: Verso.
Burchell G (1991) Peculiar interests: Civil society and governing ‘the system of natural liberty’. In: Burchell G, Gordon C, Miller P (eds) The Foucault Effect: Studies in Governmentality, Chicago: University of Chicago Press.
Cohen, J. and Arato, A. (1992) Civil Society and Political Theory. Cambridge, Massachusetts: MIT Press
Gramsci, G. (1971) Prison Notebooks. New York: International Publishers, and Anderson, P. (November 1976-January 1977) ‘The Antinomies of Antonio Gramsci’, New Left Review
Gaston Bachelard, The Formation of the Scientific Mind: A Contribution to a Psychoanalysis of Objective Knowledge, Beacon Press, 1986
Jacques Derrida, Copy, Archive, Signature: A Conversation on Photography, edited with an introduction by Gerhard Richter, translated by Jeff Fort (Stanford: Stanford University Press, 2010)
Kedourie, Elie (1960), Nationalism, Edition, 2, revised; Publisher, Hutchinson.
sharabi, hisham (2007), Embers and ashes: memories of an Arab intellectual, publisher: Interlink Books.
Vali, abbas(1998), The Kurds and Their “Others”: Fragmented Identity and Fragmented Politics, Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East.