ئارامتر بخوێنەوە

چل ساڵ پاش کورتەباس: بۆچی سۆسیالیزمی
دێموکراتیک هێشتا کارامەیە؟

سارۆ ئەردەڵان




پێشەکی

ڕێک چل ساڵ لـەمــەوبـــەر لە مانگی گەلاوێژی ١٩٨٣ نــامیلکەیـــەکی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو بە ناوی کورتەباس (کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم) لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە. هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری کورتەباس، قاسملوو لە پلینۆمی پازدەهەمی کومیتەی ناوەندیی حدکا کە لە ڕێکەوتی ١٥/٨/١٩٨٤ بەڕێوە چوو، وتارێک بە ناوی شیکردنەوەی کورتەباس پێشکەش دەکا. کورتەباس لە هەمان ساڵدا وەک بەرنامەی کۆنگرەی شەشەمی حدکا پەسەند کرا و تاکوو ئیستا ماوەتەوە. ئەم کتێبە هەر لە هەمان سەرەتاوە هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە نێوخۆی حیزبی دێموکراتیشدا بەرەوڕووی بەرەنگاری بۆوە، لە دەرەوەی حیزبی دێموکراتیشدا دژایەتیی کراوە. جێی ئاماژەیە د. قاسملوو هەر لە کۆنگرەکانی سێهەم (١٩٧٣)، چوارەم (١٩٨٠)، و پێنجەمدا (١٩٨١) هەوڵی داوە ئەو سۆسیالیزمەی وەک ئامانجی دواڕۆژی حیزب لە بەرنامەدا گونجێندراوە پاشگری دێموکراتیکی بەدواوە بێ، بەڵام سەرکەوتوو نابێ؛ چونکە بەشێک لە ئەندامانی حدکا پێیان وابووە کە ئەمە لادانە لە سۆسیالیزم. (حەسەنزادە، ٤٢-٤٤)

لە دەرەوەی حدکاشدا، جەعفەر شەفیعی لە ڕۆژنامەی “پێشڕەو”دا (ئۆرگانی سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) باس لەوە دەکا بەرنامەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک هەوڵێکە بۆ ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریی پرۆڵتاریا، کەواتە حدکا وەفاداریی خۆی بۆ سیستەمی سەرمایەداری دووپات کردووەتەوە (شەفیعی، ١٣٦٣). هەروەها لە ڕۆژنامەی “راه کارگر” (ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران) ئەم جۆرە ڕەخنەیە دووپات بووەتەوە و سارا مەحمود پێی وایە بەرنامەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک تا قامی قیامەت بەدی نایەت، چونکە دیکتاتۆری پڕۆڵتاریای ڕەت کردووەتەوە. (بازیار ١٣٩٩، ١٣٦)

ئەگەر لەم ڕەتکردنەوە و دژایەتییانە تێپەڕین، لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێک نووسەری جیددیتر هەوڵیان داوە سەرەڕای گرنگیدان بە نامیلکەی کورتەباس، باس لەوە بکەن کاتی ئەوە هاتووە حدکا لە سۆسیالیزمی دێموکراتیک تێپەڕێ و بەرەو سۆسیال دێموکراسی بڕوا، یا ڕەنگە ئەگەر دوکتور قاسملووش زیندوو با، بۆخۆی ئەم گۆڕانکارییەی ساز کردبا. ئیسماعیل بازیار پێی وایە کە “ئەگەر مەرگ مەجالی قاسملووی دابا بەرەو سۆسیال دێموکراسی دەڕۆیشت” و حدکاش بەکردەوە هەر بەم ڕێڕەوەدا ڕۆشتووە. (بازیار ١٣٩٩، ١٤٥) ئیدریس ئەحمەدی باس لەوە دەکا لە کاتی گرتنی کۆنگرەی چواردەی حدکادا یەکێک لەو بابەتانەی کۆدەنگی لەسەر بووە پێداچوونەوە بە سۆسیالیزمی دێموکراتیکدا بوو. (ئەحمەدی، ١) ئەویش وەک بازیار پێی‌وایە حدکا بەکردەوە سۆسیال دێموکرات بووە (هەمان، ١٨) و هەر بۆیەش خوێندنەوەیەکی ڕێفۆرمیستییانە لە سۆسیالیزمی دێموکراتیک بەدەستەوە دەدا و دەنووسێ “سۆسیالیزمی دێموکراتیک سەرمایەداری ڕەد ناکاتەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدا لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەدا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دابین بکا.” (هەمان، ٣٢) بیریار ژاوەڕۆییش دەنووسێ “باشتر وایە کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک وەک سۆسیال دێموکراسی ڕاڤە بکرێت یا بگۆڕدرێت بە سۆسیال دێموکراسی.” (ژاوەڕۆیی، ٣٥)

جێی سەرنجە ئاڵۆزی و تەنانەت تێکەڵکاریی نێوان ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزمی دێموکراتیک و سۆسیال دێموکراسی تەنیا تایبەت بە حدکا یا بیرمەندانی کورد نییە. زۆر جار ئەم دوو ئایدیۆلۆژییە لە جیاتی یەک بەکار هاتوون و لە مانیفێستی حیزبە ڕۆژئاواییەکاندا کەڵکیان لێ وەرگیراوە. تەنانەت لە کتێبە بەناوبانگەکاندا جاروبار بەوردییەوە لە نێوان ئەم دوو ئایدیۆلۆژییە جیاوازەدا جیاکاری نەکراوە. بۆ نموونە لە بژاری پێنجەمی کتێبە بەناوبانگەکەی ئەندرو هەیوود، ئایدیۆلۆژییە سیاسییەکاندا هاتووە: “سۆسیالیستە دێموکراتەکان یا دێموکراتە سۆسیالیستەکان بەرەبەرە دەیانەوێ گۆڕانکاری لە سەرمایەداریدا بکەن و مەبەستیان ڕێفۆرم یا بەئینسانیکردنی سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی کەمکردنەوەی نایەکسانیی ماددی و نەهێشتنی هەژارییە.” (Heywood 2012, 97) بەڵام لە پێداچونەوەی حەوتەمی ئەم کتێبەدا چەمکی سۆسیالیستە دێموکراتەکان دەرهاوێژراوە و تەنیا نووسراوە دێموکراتە سۆسیالیستەکان. (Heywood 2021, 75)

هەندێک‌جار ئەزموونی سەرنجڕاکێشی وڵاتانی سکاندیناڤیا یا نۆردیک (دانمارک، فەنلاند، ئایسلەند، نۆروێژ و سوید) لە بەڕێوەبردنی سیستەمی دەوڵەتی خۆشبژێو بووەتە هۆی ئەوەیکە سیستەمی بەکردەیی ئەوان سۆسیالیزمی دێموکراتیک ناوزەد بکرێ و پێویست بە جیاکاری نییە (Bruenig 2018) بەڵام ئەم تێگەیشتنە ڕەخنەی لێ گیراوە و باس لەوە کراوە کە سیستەمی ئەو وڵاتانە سۆسیال دێموکراسییە. (McCarthy 2018) بە باوەڕی مەک‌کارتی تایبەتمەندیی سۆسیال دێموکراسییەکان بریتییە لە دیمۆکراسییەکی نوێنەرایەتی و دەستووری، یارمەتییەکانی خۆشبژێوی، پێکهاتنی بەکۆمەڵ و خاوەنداریەتییەکی سنوورداری دەوڵەتی. لە کاتێکدا ئەم دامەزراوانە لە مۆدێلی نیولیبراڵ باشترن، بەڵام سۆسیالیزمی دێموکراتیک لە ڕێگەی داکۆکیکردن لە خاوەنداریەتیی گشتی لە زۆرینەی سەروەت و سامانی بەرهەمدار، نەهێشتنی کاری زۆرەملی لەژێر دەستی کۆمپانیاکانی سەرمایەداری و، دامەزراوەی دێموکراتیکی بەهێزتر لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگەدا لە سۆسیال دێموکراسی تێ‌دەپەڕێ.

جێی سەرنجە کە قاسملوو بەڕوونی لە کورتەباسدا باس لە جیاوازیی نێوان سۆسیالیزمی دێموکراتیک و سۆسیال دێموکراسی دەکا و دەنووسێ: “سۆسیالیزمی دێموکراتیک لەگەڵ سۆسیال دێموکراسی فەرقی هەیە. سۆسیال دێموکراسی ڕێبازێکی ڕێفۆرمیستییە کە بە ناوی سۆسیالیزم سەرمایەداری دەپارێزێ و هەڵیدەسووڕێنێ… لە حاڵێکدا سۆسیالیزم بە مانای هەڵوەشانی سەرمایەداری بەتەواوی و پێکهێنانی کۆمەڵێکی نوێیە.” (کورتەباس، ٤٠) لە درێژەدا قاسملوو ئاماژە بەوە دەکا سۆسیالیزمی دێموکراتیک سیستەمێکی فیکرییە و سۆسیال دێموکراسی ڕێبازی حیزبێکی سیاسییە. لە ڕاستیدا ئەم جیاوازیدانانەی قاسملوو زۆر ژیرانە دێتە بەر چاو. قاسملوو وا بیری کردووەتەوە کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک دەتوانێ ڕێسا گشتییەکان لە ڕووی زانستییەوە دەستنیشان بکا، بەڵام کاتێک حیزب یا دەوڵەتێک دەیهەوێ بەکردەوە ئەم ڕێسایانە ڕەچاو بکا پێویستی بە سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە و ئەوسا وەک سۆسیال دێموکراسی ناوزەد دەکرێ. ڕەنگە هەر ئەم تێگەیشتنە بووبێتە هۆی ئەوەی کاتێک حدکا ویستوویەتی بەرنامەیەک بەکردەوە دابڕێژێ، بەرەو سیاسەتێکی سۆسیال دێموکراسییانە هەنگاوی ناوە.

دەستپێشخەری قاسملوو بۆ تێهەڵکێشکردنی بەرنامەیەکی پێشڕەوانەی سۆسیالیستی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی/کوردایەتی هەتاکوو ئیستاش لە جۆری خۆیدا بێوێنەیە. لە سەرەتایەکی بەهێزدا بۆ کورتەباس، قاسملوو بەڕوونی باس لە گرنگترین پرسی کوردستان دەکا و بەشێوەیەکی شارەزایانە دەنووسێ ئەگەرچی حدکا حیزبێکی دێموکراتی میللییە بەڵام چونکە حیزبێکی پێشڕەوە و دەیهەوێ هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی کورد، پرسی کۆمەڵایەتیش چارەسەر بکا. (کورتەباس، ٧) بە باوەڕی قاسملوو بۆ پرسی نەتەوەیی باس لە مافی دانانی چارەنووس دەکا کە لە ڕێگەیەوە سێ شێوەی سەروەریی نەتەوەیی (سەربەخۆیی، فیدرالیزم و خودموختاری) شی دەکاتەوە. بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆمەڵایەتی، قاسملوو باس لە سۆسیالیزم دەکا کە ڕێگەی بنەڕەتی بۆ لەنێوبردنی چەوسانەوەی مرۆڤە و وەک بەرنامەی دواڕۆژی حدکا ناوی لێ دەبا. (هەمان، ٩) ئەو چەوساندنەوانە لە ڕوانگەی قاسملووەوە بریتین لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی، چینایەتی و سیاسی. (هەمان، ٦٦)

من لە درێژەی ئەم وتارەدا باس لەوە دەکەم هێشتا بیرۆکەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک بۆ بەڕێوەبردنی وڵات کارامەیی ماوە و، بە بەراورد لەگەڵ سۆسیال دێموکراسی دەتوانێ چەوساندنەوەی مرۆڤ کەمتر بکا. لەم وتارەدا من ناچمە سەر مێژووی سازبوونی ئەم ئایدیۆلۆژییانە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ هەر دوو جۆری بیرکردنەوەکە تاوتوێ دەکەم. هەروەها باس لە کۆمەڵناسیی سیاسیی حیزبەکانی دیکە لە ڕۆژئاوا یا ئامریکای باشوور ناکەم کە گوایە تیایاندا سۆسیالیزم باوی نەماوە و هەموویان کەوتوونەتە باوەشی سەرمایەدارییەوە. ئەم تێگەیشتنە باوە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکانێک پێیان‌وابێ پێویست دەکا حدکا خۆی لەگەڵ سەرمایەداری ڕێک بخا. ئەمە لە کاتێکدا قەیرانەکانی سەرمایەداری بوونەتە هۆی ئەوەیکە کە ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی سیستەمی سەرمایەدارین بەرەو سۆسیالیزم هەنگاو بنێن. لە دوایین نموونەدا دەکرێ باس لەوە بکرێ تەنانەت لە ئامریکا کە وەکوو مەکۆی سەرەکی سەرمایەداری دەناسرێ، ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزمی دێموکراتیک لە لایەن کەسانێک وەکوو بێرنی سەندێرزەوە پەرەی پێ دەدرێ. (Gautney 2020) هەروەها، کێنوۆرسی پێی‌وایە سیستەمی سەرمایەداریی ئامریکا بەرەبەرە بەرەو سەرمایەدارییەکی سۆسیال دێموکرات هەنگاو دەنێ، ئەگەرچی ئەو بەڵگە دێنێتەوە کە سۆسیال دێموکراسی لە کردەوەدا دەتوانێ باشتر لە سۆسیالیزمی دێموکراتیک بێ و تەنانەت وڵاتە هەژارەکانیش بەرەو ئەم جۆرە لە سەرمایەداری دەڕۆن. (Kenworthy, 2022)

سۆسیالیزمی دێموکراتیک

سۆسیالیزمی دێموکراتیک دەکرێ بە فەلسەفەیەکی سیاسی پێناسە بکرێ کە لە ڕێگەی دێموکراسییەوە هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێکی ئابووری سۆسیالیستی دەدات. دەیهەوێ بە داکۆکیکردن لە خاوەندارێتی بەکۆمەڵ، دووبارە کۆمەڵگە دابڕێژێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە بەشێوەیەکی دێموکراتیک ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن کۆنترۆڵ دەکا. لەم تیۆرییەدا دەسەڵاتی ئابووری لامەرکەزییە و لەنێوان کرێکاراندا هاوبەشە یان دەوڵەت بەناوی خەڵکەوە ئەو دەسەڵآتەی بەدەستەوەیە.

ناوەندی سۆسیالیزمی دێموکراتیک، بەدواداچوون بۆ دادپەروەریی ئابووری و یەکسانییە. سۆسیالیستە دێموکراتەکان دەڵێن کە لە سەردەمی سەرمایەداریدا سامان و دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێکدا چڕ دەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی جیاوازیی کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەوان مۆدێلی بەدیل پێشنیار دەکەن کە خۆشبژێویی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە لە پێشینەدا بن و، ئامانجیان کەمکردنەوەی نایەکسانی و نەهێشتنی هەژارییە. سۆسیالیستە دێموکراتەکان بە داکۆکیکردن لە باجدانی پێشکەوتنخوازانە و تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتیی بەهێز و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەیەکی یەکسانتر دروست بکەن کە هەمووان دەستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان بگات.

سۆسیالیستە دێموکراتەکان ڕۆڵی دەوڵەت لە چارەسەرکردنی نایەکسانیی سیستەمی و دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان دەناسن. ئەوان بانگەشە بۆ دەوڵەتێکی چالاک و دەستێوەردەر دەکەن کە نەک هەر بازاڕ ڕێک بخات بەڵکوو چالاکانە بەشداریی لە پلاندانانی ئابووریش بکات. بۆ ڕێگریکردن لەوەی دامەزراوە تایبەتییەکان نەتوانن سەرچاوەکان یان هێزی کار بە مەبەستی قازانج و بە ناوی خێری هەمووانەوە قۆرغ بکەن، زۆرجار سۆسیالیستە دێموکراتەکان باس لەوە دەکەن کە پیشەسازی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک ئامرازێک بۆ بەدێموکراسیکردنی ئابوور بەکار دێنن. هــەروەها ئەوان پشتگیری لە بەنیشتمانی‌کردنی پیشــــەســــازییــــە ســـــەرەکییــــەکـــــــان دەکــــەن.

لایەنێکی دیکەی سەرەکیی سۆسیالیزمی دێموکراتیک، پابەندبوونیەتی بە خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ. سۆسیالیستە دێموکراتەکان باوەڕیان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە گشتگیرەکان هەیە، وەکوو چاودێریی تەندروستی، پەروەردە، نیشتەجێبوون و چاودێری منداڵان. هەر کام لەمانە وەک مافێکی گشتگیر کە هەمووان دەبێ دەستیان پێ بگات سەیر دەکرێن. بۆ مەبەستی دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان و بەرەوپێشبردنی جووڵەی کۆمەڵایەتی، ئەوان دەڵێن کە ئەم خزمەتگوزارییانە دەبێ بەخۆڕایی بن یان پاڵپشتییەکی زۆریان بۆ بکرێ. سۆسیالیزمی دێموکراتیک بە گرنگیدان بە خۆشبژێوی تاکەکان و جڤاتەکان، هەوڵ دەدا کۆمەڵگەیەک دروست بکا کە هەموو کەسێک بتوانێ تیایدا گەشە بکات.

سۆسیالیزمی دێموکراتیک، هەر وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێ، جەخت لەسەر دێموکراسی و بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە پرۆسەکانی بڕیاردان دەکات. سۆسیالیستە دێموکراتەکان بانگەشە بۆ دێموکراسییەکی بەشدارتر دەکەن کە کاریگەریی پارە و بەرژەوەندی کۆمپانیاکان لە سیاسەتدا کەم ببێتەوە. ئەوان پێیان‌وایە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە دەبێ بڕیاری بەکۆمەڵ و بەهێزکردنی گروپ و کرێکارانی پەراوێزخراو لەخۆبگرێت. لەم ڕوانگەدا دەسەڵات لامەرکەزییە و تاکەکان لە داڕشتنی سیاسەت و دامەزراوەکاندا قسەیان بەهەند وەردەگیرێت.



ڕەخنە لە سۆسیال دێموکراسی

سۆسیالیستە دێموکراتەکان سۆسیالیزم وەک ئامانجی کۆتایی دەڕوانن و بڕوایان بە گەیشتن بەو ئامانجە لە ڕێگەی گۆڕانێکی بنچینەیی سیستەمی ئابووری و سیاسیی هەیە. ئەوان پێشبینی کۆمەڵگەیەک دەکەن کە کرێکاران کۆنترۆڵی دێموکراسییان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا هەبێت. لە بەرامبەردا سۆسیال دێموکراتەکان ئامانجیان گواستنەوەی تەواو بۆ سۆسیالیزم نییە. ئەوان هەوڵی چاکسازی و مرۆڤکردنی سەرمایەداری دەدەن نەک بە تەواوی جێگەی بگرنەوە. سۆسیال دێموکراتەکان سەرنجیان لەسەر گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە چوارچێوەی ئابووری تێکەڵاو و دامەزراوە دێموکراتییەکاندایە.

سۆسیال دێموکراسی، وەک ئایدۆلۆژیایەک کە هەوڵدەدا توخمەکانی سۆسیالیزم لەگەڵ ئابووریی بازاڕی سەرمایەداریدا تێکەڵ بکات، لە لایەن لایەنگرانی ئابوورییەکی سیاسی سۆسیالیستییەوە ڕەخنەی لێ گیراوە. لە کاتێکدا کە سۆسیال دێموکراسی ئامانجی گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانی لە ڕێگەی بەرنامەی خۆشبژێو و ڕێکخستنەوەیە، ڕەخنەی سۆسیالیستی باس لەوە دەکا کە لە چارەسەرکردنی کەموکوڕییە بنەڕەتییەکانی سەرمایەداریدا لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە ناکارامەیە:



پاراستنی سەرمایەداری

سۆسیال دێموکراسی، بە پەسەندی ئابووری بازاڕی سەرمایەداری، تەنیا مەبەستێکی ڕێفۆرمیستی هەیە. هەر بۆیە سۆسیال دێموکراسی لە کۆتاییدا لەبەر دژوازییە جەوهەرییەکان و سروشتی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری شکەست دەهێنێ. سۆسیال دێموکراسی بە پاراستنی خاوەنداریەتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، بەرەوڕووی ئەو پێکهاتە بنەڕەتیانەی دەسەڵات ناکات کە دەبنە بەردەوامی نایەکسانی و دابەشبوونی چینایەتی.



سنووردارکردنی دەستێوەردانی دەوڵەت

لە کاتێکدا سۆسیالیزمی دێموکراتیک بانگەشە بۆ دەستێوەردانی دەوڵەت و ڕێکخستنی ئابووری دەکات، ڕەخنە سۆسیالیستییەکان سنوورداربوونی ئەم جۆرە دەستێوەردانانە لە چوارچێوەیەکی سەرمایەداریدا دەردەخەن. ئەوان دەڵێن کە سیاسەتەکانی سۆسیال دێموکراسی، وەک سیستەمی باج و بەرنامەکانی خۆشبژێوی، دەتوانرێ بەهۆی کاریگەری بەرژەوەندییە بەهێزەکانی کۆمپانیاکانەوە تێک‌بچن.



دابەشکردنەوەی سامـان بــە شێوەیەکی ناتەواو

زۆرجار سۆسیال دێموکراسی ناتوانێ دووبارە دابەشکردنەوەی سامان و دەسەڵاتدا سەرکەوتوو بن. دەبیندرێ کە تەنانەت لە وڵاتەکانی سکاندیناڤیاشدا سیستەمی باج ناتوانێ بەرەوڕووی چڕبوونەوەی سامان لە دەستی چەند کۆمپانیایەکدا بگرێ. ئەوان دەڵێن، هەر لەبەر ئەوە پێویستە لە ڕێگەی گرنگیدان بە خاوەنداریەتییەکی دێموکراتیک و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان بواری ئابووری بەشێوەیەکی ڕادیکاڵتر دابڕێژترێتەوە تا دادپەروەرییەکی ئابووریی ڕاستەقینە بەدی بێت.



نەبوونی کۆنترۆڵی کرێکاران

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئابووری سیاسەتی سۆسیالیستی، بیرۆکەی کۆنترۆڵی کرێکارانە بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا. بیرۆکەی سۆسیال دێموکراسی بەگشتی پێشتریەتی و بانگەشە بۆ خاوەنداریەتی و کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی کرێکاران ناکەن. هەر بۆیە بێئەوەی کرێکاران و بەشداریکردنیان لە پرۆسەکانی بڕیاردان بەهێز بکرێ، ڕەنگە سۆسیال دێموکراسی چاوپۆشی لە پۆتانسێلی ڕێکخستنی ئابووری دێموکراسی بکات و نەتوانێت بەرەوڕووی پێکهاتە پلەبەندییەکانی دەسەڵات لەناو شوێنی کاردا بکات.



دەرەنجام

قاسملوو لە کورتەباسدا هەر وەکوو پۆلانزاس (Poulantzas 1978) پێی‌وایە کە سۆسیالیزمی دیموکراتیک جێگرەوەی دوو مۆدێلی سۆسیالیزمی دەوڵەتی بیرۆکراتی یەکیەتی سۆڤیەت و ڕیفۆرمیزمی سۆسیال دیموکراسییە کە لە ئوروپای ڕۆژئاوا باو بوو. سۆسیالیزمی دیموکراتیک لە ڕوانگەی ئەوانەوە دیموکراسیی ڕاستەقینە لەگەڵ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان تێکەڵ دەکات. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە دەبێ دێموکراسیی نوێنەرایەتی تێپەڕێندرێ و بەرەو دێموکراسییەکی قووڵ (قاسملوو ٢٠١٤)، ڕادیکاڵ و ڕاستەوخۆ (Poulantzas 1978, 79) بڕۆین. بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و کرێکاران لە پڕۆسەی بڕیارداندا بەشدار بن و پێکهاتەکانی دەسەڵاتی پلەبەندی (هیرارشی) هەڵبوەشێندرێتەوە، دەوڵەت دەوری سەرەکی دەگێڕێ. بەڵام دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتە و ئەرکەکانیدا ناتوانێ لە خزمەتی چینی کرێکار و گروپە پەراوێزخراوەکاندا بێ. بۆ ئەم گۆڕانکارییە پێویست دەکا کە دەیان ساڵ چالاکی بۆ وەدیهاتنی بەرنامەیەکی سۆسیالیستی بکرێ.

لە ئیستادا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی کۆلۆنیالیستیدا سەرچاوەکانی قۆرغ کراون و هێزی کارەکەی دەچەوسێندرێتەوە، لە قۆناغی یەکەمدا پێویست دەکا کە خەباتێکی ڕزیگاریخوازی کوردستان دەسەڵاتی دەوڵەت بەدەستەوە بگرێ. نموونەی وڵاتانی ناوچەکە نیشانی داوە کاتێک حکومەتە تۆتالیتەر و سەرەڕۆکان دەڕووخێن یان بەڕواڵەت دەیانەوێ لە خۆیاندا گۆڕانکارییەک ساز بکەن، بەرەو ئابوورییەکی نیولیبراڵ هەنگاو دەنێن و لەم ڕێگەوە سەرمایەدارییەکی هاوڕێیانە ساز دەبێ. (Ishac et al. 2019) لەم شێوە مەترسیدارەی سەرمایەداریی هاوڕێیانە کە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی سەندووە، بە بیانووی کەرتی تایبەتەوە سەرچاوەکان و ئامرازی بەرهەمهێنان دەکەوێتە دەستی تاقمێک ئۆلیگارشیی گەندەڵەوە و بە پاساوی بەرژەوەندی خەڵکەوە و پەرەپێدان بە کەرتی تایبەت، سەرچاوە گشتییەکان لە دەستی دەوڵەت دەردەهێندرێ و دەکەوێتە خزمەتی تاقمێکی کەمەوە. کەواتە ئابوورییەکی سۆسیالیستی بۆ نەتەوەیەک کە لە ژێردەستی ڕزگاری بووەوە دەتوانێ لە لایەکەوە گارانتی دابەشبوونی سەرچاوەکان بەشێوەیەکی دێموکراتیک بکا و، لە لایەکی دیکەوە نەهێڵێ کە لۆمپەن بورژوازییەک کە لە سایە سەری ڕانتی جاشیەتییەوە ساز بوون دیسان ئامرازەکانی بەرهەمهێنان قۆرغ بکەنەوە یا خۆیان بۆ بۆرژوازییەکی کۆمپرادۆر بگۆڕن کە تەنیا ئامانجیان گواستنەوەی سەرچاوەکانی کوردستان و خزمەت بە سەرمایەداریی هاوڕێیانەیە.



سەرچاوەکان:

ئەحمەدی، ئیدریس. لە هێگڵەوە هەتا قاسملوو: بەرەو کۆنگرەی ١٤ و تازەکردنەوەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک. ٢٠٠٨. ماڵپەڕی کوردپیدیا.

https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=2010122214405718593&lng=1

بازیار، ئیسماعیل. “خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک.” تیشکی نوێ، ژ. ٤ (١٣٩٧): ٦١-٩٠.

بازیار، ئیسماعیل. “سۆسیالیزمی دێموکراتیک و هەنگاوەکانی حیزبی دێموکرات بەرەو سۆسیال دێموکراسی.” لە حیزبی دێموکراتی کوردستان: قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی، کۆیە: کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ١٣٩٩.

حەسەنزادە، عەبدوڵڵا. نیو‌سەدە تێکۆشان: ئاوڕێک لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. بەرگی دووەم (کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حدکا، ١٩٩٧).

ژاوەڕۆیی، بیریار. “لە سۆسیالیزمی دێموکراتیکەوە بەرەو سۆسیال دێموکراسی.” گۆڤاری تیشک ٢١، ژ. ٥١ (٢٠١٩): ٢٦-٣٥.

شەفیعی، جەعفەر. “حیزبی دێموکرات: سۆسیالیزم یا سەرمایەداری؟” پێشڕەو ١٠ (سەرماوەزی ١٣٦٣).

قاسملوو، عەبدولڕەحمان. کورتەباس. ئامادەکردن: سەلاح شەشە. ستۆکهۆڵم: کتێبی ئەرزان، ٢٠٠٣.

قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. “برنامە بە عبارت دیگر: گفتگو با عنایت فانی.” بی‌بی‌سی فارسی (٢٠١٤).

Bruenig, Matt. “Are State Officials in Nordic Countries Unaccountable?” People’s Policy Project (2018). https://www.peoplespolicyproject.org/2018/08/01/are-state-officials-in-nordic-countries-unaccountable/

Diwan, Ishac, Adeel Malik, and Izak Atiyas, eds. Crony capitalism in the Middle East: Business and politics from liberalization to the Arab Spring. Oxford: Oxford University Press, 2019.

Gautney, Heather. “Defining Bernie’s Democratic Socialism.” Jacobin (2020). https://jacobin.com/2020/03/bernie-sanders-democratic-socialism-heather-gautney

Heywood, Andrew. Political Ideologies: An Introduction. 5th ed. London: Palgrave Macmillan, 2012.

Heywood, Andrew. Political Ideologies: An Introduction. 7th ed. London: Palgrave Macmillan, 2021.

Kenworthy, Lane. Would Democratic Socialism Be Better? Oxford: Oxford University Press, 2022.

McCarthy, Michael A. “Democratic Socialism Isn’t Social Democracy.” Jacobin (2018). https://jacobin.com/2018/08/democratic-socialism-social-democracy-nordic-countries.

Poulantzas, Nicos. “Towards a Democratic Socialism.” New Left Review 109 (1978): 75-87.

داگرتنی بابەت

چل ساڵ پاش کورتەباس: بۆچی سۆسیالیزمی دێموکراتیک هێشتا کارامەیە؟

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان