ئارامتر بخوێنەوە

کردەی قسەیی لە گوتاری سیاسیدا

گوتاری “عبدالرحمان قاسملوو”، بەنموونه

د. چیا عەلی مستەفا (مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەڕین)

قادر وریا (خوێندکاری دوکتورا)

‌‌ “لەم لێکۆڵینەوەیەدا پشت‌ به ‌تیۆریی شیکردنەوەی گوتار بەستراوه؛ لە شیکاریی گوتارەکاندا، پەیڕەوی لە ڕێبازی شیکاریی پڕاگماتیکی کراوە؛ بەپێی تیۆریی کردەی قسەییەکان (Speech act) بۆ دەستنیشان کردنی جۆری کردەکان، نەخشه ‌و خشتەی ئامارەکان بە بەرنامەی (Excel) دیاری کراوە و خراونەتەڕوو.”


پوختە

ناونیشان و بواری توێژینەوەکە

ناونیشانی نامەکە بریتییه لە “کردەی قسەیی لە گوتاری سیاسی، گوتاری عەبدولڕەحمان قاسملوو بە نموونە” توێژینەوەکە هەوڵێکە بۆ دەستنیشانکردنی جۆری کردەی قسەیی لە گوتاری سیاسیی ناوبراودا.

کەرستەی لێکۆڵینەوە 

کەرستەی ڵێکۆڵینەوەکە بریتیە لە گوتارێکی سیاسیی ناوبراو که کۆتایی هاوینی‌ (١٩٨٨) لە ئیسپانیا، لە سەر بانگهێشتی‌ “ئەنستیتۆی‌ هاوپێوەندی‌ لەگەڵ‌ گەلانی‌ ئەمریکای‌ لاتین و ئەفریقا” لە کۆنفرانسێکدا‌ لە بارەی تەقەوەستان لە نێوان ئێران و عێڕاق و شوێنەواری‌ ئەو تەقەوەستانە لە سەر بزووتنەوەی‌ گەلی‌ کورد، پێشکێشی کردووە.

هۆی هەڵبژاردنی ناونیشان و بایەخی توێژینەوەکە

بایەخی توێژینەوەکە لەم خاڵانەدا کورت دەکرێتەوە

  • لە ئاستی زماندا، توێژینەوەکە هەوڵێکە بۆ دیاریکردن و دەستنیشان کردنی کردەی قسەییەکان له ‌گەیاندنی پەیام لە گوتاری سیاسیدا، هەروەها خستنەڕووی داتاکان به ‌شێوەی ئامار.
  • لە ڕووی سیاسیەوە، توێژینەوەکە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی ڕوئیای نێرەر لەمەر ڕوداو و پێشهاتەکان. دواتر‌ ئەنجامی توێژینەوەکە دەخرێنە ڕوو.

پرسیاری توێژینەوەکە

توێژینەوەکە هەوڵێکە بۆ وەرگرتنی وڵامی ئەو پرسیارانە:

  • لە گوتاری دیپلۆماسیی کوردیدا، لە بۆنەی سیاسی، نێرەر بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی سیاسی به ‌وەرگران، زیاتر پەنا بۆ کام کردەی قسەیی دەبات؟
  • دارشتنی زمانی گوتاری دیپلۆماسیی کوردی، بە چ شێوازێک بووە؟
  • لە ڕووی سیاسییەوە بەهۆی ڕاپەڕاندنی کردەکان، کورد چ داوایەکی هەبووە‌؟

ڕێباز و سنووری توێژینەوەکە‌

لەم لێکۆڵینەوەیەدا‌ پەیڕەوی لە ڕێبازی وەسفی شیکاری کراوە، سنووری لێکۆڵینەوەکە ئاستەکانی سیمانتیک و پڕاگماتیک دەگرێتەوە.

تیۆری توێژینەوەکە

‌‌ لەم لێکۆڵینەوەیەدا پشت‌ به ‌تیۆریی شیکردنەوەی گوتار بەستراوه؛ لە شیکاریی گوتارەکاندا، پەیڕەوی لە ڕێبازی شیکاریی پڕاگماتیکی کراوە؛ بەپێی تیۆریی کردەی قسەییەکان (Speech act) بۆ دەستنیشان کردنی جۆری کردەکان، نەخشه ‌و خشتەی ئامارەکان بە بەرنامەی (Excel) دیاری کراوە و خراونەتەڕوو.

  • 8 شێوازی کارکردن
  • بەپێی خشتەیەک کە بە بەرنامەی (Excel) کاری لەسەرکراوە، خشتەکە لەچەند ستوونێک پێکدێت.
  • ستوونی ژمارەی گوتن: گوتاری ناوبراو بەسەر چەند گوتنێک بە ژمارە دابەش کراوه، گوتنەکان لەسەربنەمای یەکەی واتایی دیاری کراون.
  • ستوونی جۆری کردە:‌ لەم ستوونەدا جۆری کردەی ڕاپەڕێنراو دیاریکراوە.
  • ستوونی چەند جارەی دووبارەبوونە‌وەی کردەکان: لەم ستوونەدا ژمارەی چەند جارەی دووبارەبوونەوە و بەکارهێنانی کردەکان دیاری کراوە.

ناوەرۆکی نامەکە

جیا لە پیشەکی و ئەنجام، ئەم نامەیە له ‌دوو بەش پێکهاتوە:

بەشی یەکەم: لایەنی تیۆرییە، باسکردنە لە چەمکی گوتار لەگەڵ دیاریکردنی ڕەگەزەکانی گوتار، پاشان باسکردنی شیکاریی گوتار و گوتاری سیاسی. دواتر تەرخانکراوە بۆ باسکردن لە پڕاگماتیک و تیۆری کردەی قسەیی.

بەشی دووەم: لایەنی پراکتیکیی توێژینەوەکەیە و دیاریکردنی جۆری کردە قسەییەکانە.


بەشی یەکەم 

گوتار (Discourse)

لەلای زمانەوانان بۆچوۆنی جیاواز لە نێوان زمان و گوتاردا هەیە. له ‌لای ڕۆنانکارyیەکان ‌ڕستە گەورەترین دانەی زمانە له ‌ئاستی ڕۆناندا. بە بۆچوونی  فێردیناند  دی سوسێر (Ferdinand de Saussure) سیستەمی زمانی (Languge) و ئاخاوتن (parole) دوو بابەتی جیاوازی زمانین. (ابراهیم خلیل 2010: 82) لە سەرەتادا لەلای زمانەوانانی دێرین گرینگی بە پێکهاتەی مۆرفۆلۆژی و ڕۆنانی ناوەوەی ڕستە دەدرا، ڕستەش گەورەترین دانەی زمان لە ئاستی ڕۆناندا بوو، واتاش بریتی بوو‌ لە واتایەکی پیتیی وشە لە ڕۆنانی ڕستەدا. دواتر لێکۆڵینەوە‌ زمانەوانییەکان بەرەو سەرووی ئاستی ڕستە هەنگاویان نا، زمان وەک هۆکارێکی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، لێکۆڵینەوەی لە بارەوە دەکرا. لەم بارەدا یەکەی پەیوەندیکردن گوتارە، کە فۆڕمێکی زمانییە و لە سەرووی ئاستی ڕستە دایه و یەکەیەکی واتایە. ڕستەش یەکەیەکە لە یەکەکانی گوتار. بەڕای “هاریس”، گوتار‌ یەکەیەکی زمانیی درێژە کە لە بەدوایەکدا هاتنی ڕستەیی پێکدێت (منیە عبیدی، 2016:17). پەیامێکی ئاراسته ‌کراوە، واتا له ‌دەوروبەر وەردەگرێت. گوتار، قاڵبێکە بۆ گەیاندنی پەیام لە نێوان قسەکەر و گوێگر، یان نووسەر و خوێنەر. (شێرکۆ حەمەئەمین: ٢٠٠٩: ٣٢). لەم بارەدا گوتار زمانی بەکارهێنانە لە ڕستەیەک یان زیاتر لە ڕستەیەک پێکدێت، هەڵگری مەبەستە، ئامانجی دانانی کاریگەرییە لەسەر وەرگر. “گوتار یەکەیەکە پێویستی بە قسەکەر و گوێگرە، قسەکەر هەوڵدەدات کاریگەری بخاتە سەر وەرگر به ‌هەر ڕێگەیەکی دیاریکراو” (سعید یقطن :1989: 17).

   
ڕەگەزەکانی گوتار

 نێرەر لە کردەی گەیاندندا مەبەستیەتی، لە بۆچوون و بیرکردنەوە و ئاراستەکانی وەرگر تێبگات. بۆ ئەوەی کردەی تێگەیشتن لە ئاستێکی بەرزدابێت. ڕۆبێرت باراک پێی وایە گەیاندن کردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، کە لە چوارچێوەیدا، تاک توانای درک پێ کردنی بۆچوون و ئاراستەکانی بەرانبەری هەیە، تا ئاستێکی دیاریکراو (مەحمود عوکاشە : ٢٠٠٥: ٢١). پێویستە دوو کەناڵ (نێرەر و وەرگر) هەبێت. جگە لەم دوانەش هۆکاری دیکە کار دەکەنە سەر مەبەستی پەیامی ئاراستەکراو.


 نێرەر Sender

 خاڵی دەستپێکردنی پەیوەندییە، کۆدی زمانی دەنێرێت کە هەڵگری واتان. نێرەر کەسایەتی و ئایدۆلۆجیا و مەبەست و بیروبۆچوونی خۆی باردەکات لە کۆدە زمانییەکان و دەگات بە وەرگر. لە کردەی پەیوەندیکردندا نێرەر، بەمەبەستی  ڕازیکردن، هەوڵ دەدات کاریگەری بخاتە سەر عەقلی  وەرگر.

پەیام  text

 چەقی گوتارە؛ دەسکەوتێکی زمانییە. نێرەر ئایدۆلۆجیا و مەبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هتدی خۆی لەرێگەی پەیامەوە دەگەیەنێت بە وەرگر. ئەرکی زمان لە کردەی پەیوەندیکردندا بریتییە لە گەیاندنی پەیام بە وەرگر.


وەرگر Receiver

گوتاری ئاراستە دەکرێت و شیکردنەوەی کۆدە زمانییەکان لای ئەوە بۆ ئەوەی بگات بە واتا. هەندێک جار بۆ لێکدانەوەی وشەکان پەیوەندیی نێوان “دال و مەدلول”، لە ئاستی سیمانتیکەوە دەڕوات بۆ ئاستی پراگماتیک. نێرەر ڕەچاوی لایەنی “پەیوەندی و پایەی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، جیاوازی ڕۆشنبیری، تەمەن و … تاد”ی وەرگر دەکات. ئەرکی گوتار بریتییە لە ڕازیکردنی وەرگر، لە هەندێک جۆری گوتاری وەک گوتاری سیاسیدا، بە شێوەیەکی گشتی وەرگر کۆیە، لێرەدا ئەرکی کردەی ڕازیکردن قورس و ئاڵوز دەبێت؛ بەتایبەت ئەگەر وەرگرەکان خاوەنی ئایدۆلۆژیای جیاواز بن.


کەناڵ  Channel

لەرۆژگاری ئەمرۆدا کەنالەکانی پەیوەندیکردن و گەیاندن زۆرن، بەڵام لەگەڵ یەکتر جیاوازن، بۆ نموونە پەیوەندیکردن لە ڕێگای شانۆی ” پانتۆمیم “* جیاوازە لە پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ. ئەرکی “کەناڵ” لەکردەی پەیوەندیکردندا، تەنیا گواستنەوەی پەیامی  نێرەرە بۆ وەرگر؛ واتە ناوەندێکە بۆ گواستنەوەی پەیام. لەم ڕوویەوە “تەلەفیزیۆن و ماڵپەرە کۆمەڵایەتییەکان” دوو ناوەندی چالاکی گواستنەوەی پەیامن.


کۆد  Code

لە زانستی زماندا کۆد بریتییە لە “ژمارەیەک کەرستە کە دەتوانرێت لێکبدرێن بۆ بەرهەمهێنانی کەرستەی نوێ و ئالۆزتر، لەپاڵ یەکتر ڕیز دەکرێن بۆ ئەوەی فرێز و ڕستە و دانەی تریان لێ بێتە بەرهەم”. ( محمد مەعروف فەتاح: ٢٠١٠: ٦٣) کۆد هەڵگری بیرو مەبەست و ئایدۆلۆژیای “نێرەر-وەرگر”ە. هەر دوو ڕەگەزەکە بۆچوونی خۆیان لە کۆدە زمانییەکان بار دەکەن، بۆ ئەوەی بە یەکتری بگەیەنن. بۆیە پێویستە کۆدە زمانییەکان واتادار بن و ڕاستەوخۆ گوزارشت لە بیرەکە بکەن. پێویستە بیرەکانیش یەک بەدوای یەکدا بێن و تەواوکەری یەکتر بن، بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوون لەلای “نێرەر-وەرگر” دروست بێت. لەکردەی پەیوەندیکردندا کۆد هەڵگری بیرو بۆچوونی هەر دوو ڕەگەزەکەیە  (نێرەر-وەرگر).


دەوروبەر Context 

شیکردنەوەی گوتار پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دەوروبەرەوە هەیە، نێرەر لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دەوروبەر گوتار دادەڕێژێت. نێرەر بۆ ڕازیکردنی بەرانبەر هەوڵدەدات دەوروبەرێک دروست بکات، کە  بگونجێ لەگەڵ مەبەستەکەی و وا لە وەرگر بکات کە پێی رازی بێت یان بگونجێ لەگەڵی، “لە هەندێک باردا کردەی هەڵخەڵەتاندنیش دێتە ئاراوە”. لەڕوی زمانییەوە دەوروبەر هەموو ئەو کردە زمانی و نازمانییە دەگرێتەوە کە لە پرۆسەی پەیوەندیکردندا ڕۆڵیان دەبێت. شیکردنەوەی دەقی گوتار، پەیوەندیی بە واتای دەوروبەرەوە هەیە.


دەق و گوتار Discourse & text

دوو چەمکی واتایین، بۆچوونی جیاوازیان لەسەرە، هەندێک ڕایان وایە که “دەق و گوتار” جیاوازن. دەق درێژەی تۆماری زمانییە، بە مەبەستی شیکردنەوە یان وەسفکردنی دیاردەیەک، کەسێک یان شتێک (کریستاڵ:٢٠٠٣: ٤٦١). پەیامێکە بەهۆی نووسینەوە بەرجەستە دەبێت‌ و ئاراستەی وەرگرێکی نادیار دەکرێت. بریتییە لە بەڵگەی نووسراوە کە لە کاتی شیکردنەوە بە تەنها وەردەگیرێت. یەکەیەکی سیمانتیکیی‌ گەورەیە لە یەکەی بچووک پێکدێت، شیکارییەکی سیمانتیکی بۆ یەکە پێکهێنەرەکانی دەکرێت‌. هەرچی گوتارە، بە کەناڵی درکاندن ڕاستەوخۆ بەوەرگر دەگات، تایبەتە بە ئاخاوتن،‌ گۆکردنێکی زمانییە، پەیوەندیی زارەکی دروست دەکات، واتا لە سیاقی ئاخاوتن وەردەگرێت. بریتییە لە بەدوایەکداهاتنێکی ڕستەیی، کە پەیوەندییەکی گرنگ کۆیان بکاتەوە. بێگومان ئەو پەیوەندییەش پەیوەندییە تێکستییەکانە، کە لە سەرووی یاساکانی ڕێزمانەوەن، چونکە ڕێزمان لە ڕستەدا دەوەستێ. (دیار عەلی کەمال: ٢٠٠٩: ٦) هەندێک لە زانایانی زمان لە ڕووی ئەرک و گەیاندنی پەیام، جیاوازی لە نێوان ئەم دوو چەمکە ناکەن واتە کاری هەر دوووکیان گەیاندنی پەیامە، لە نێرەرەوە بۆ وەرگر. کەواتە (دەق و گوتار لەم تێگەیشتنەوە، هەمان ئاماژەکردنە بە هاریکاریکردن، بۆ کردەی گەیاندن لە نێوان مرۆڤەکاندا). (حوسێن خەمەری: ٢٠٠٧: ٣٥). بەڕای ئەم توێژینەوەیە دەق و گوتار دوو چەمکی واتاییی هاوئەرکن لە کردەی گەیاندندا.


شیکاری(شیکردنەوە)ی گوتار Discourse Analysis

تێڕوانین و قوتابخانە و بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، بەگشتی شیکاریی گوتار بریتییە لە هەڵوەشاندنەوە و بەستنی بەدەوروبەر، دووبارە بەستانەوەی بە یەکتری. بە ڕای هاریس، شیکاریی گوتار بریتییه ‌له ‌هەڵوەشاندنەوه ‌و بنیاتنانەوەی سەرووی ئاستی ڕسته. ‌(باتریک شارودو دومنیک مونغو،1998: 44) شیکاریی گوتار بەواتای شیکاریی زمان لە بەکارهێناندا. لەم بارەدا شیکەرەوەی گوتار تەنها پەیوەست نابێت بە زمان بەڵکوو سیاقی گوتاریش ڕۆڵی دەبێت لە شیکردنەوەی گوتاردا. پەیوەندییان لەنێواندا هەیە بۆیە شیکاری بە واتەی هەڵوەشاندنەوە و دووبارە ‌بنیاتنانەوه، یان پارچە پارچە‌کردنی گشت بۆ یەکە پێکهێنەرەکانی و دواتر دۆزینەوەی پەیوەندی لە نێوانیان و لێکدانەوه ‌و بەستنەوەیان به ‌یەکتری. هەر کەرستەیەک یارمەتیی وەرگر بدات بۆ گەیشتن بە مەبەستی نێرەر، به ‌کەرستەی شیکاریی گوتار دادەنرێت. لەنێو گوتار یان له ‌دەرەوەی گوتاردا بێت، کلیلی شیکاریی گوتارن لە کەرستە زمانی و نازمانییەکان پێکدێت، کەرستە زمانییەکان لەنێو گوتاردان. فۆرمی ڵێڵن؛ ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ شۆێن و کات و هاوبەشەکانی گوتار دیاری دەکەن. گوتن به ‌دەوروبەر دەبەستنەوه، سنووری کارکردنیان لە نێوان سیمانتیک و پڕاگماتیک دایە (قەیس کاکل,2002: 45). کەرستە نازمانییەکان لە دەرەوەی گوتاران، یاریدەری شیکەرەوەی گوتارن.


گوتاری سیاسی

جۆرێکی گوتارە و گوتاری دەسەڵاتە. گوتارێکە بە مەبەستێکی دیاریکراو ئاراستەی وەرگرێکی دیاریکراو دەکرێت، بە مەبەستی ڕازیکردنی بە ناوەڕۆکی گوتار، بە ئایدۆلۆژیا و بابەتی سیاسی. نێرەر لە کردەی پەیوەندیی سیاسیدا ڕەچاوی ڕەگەزەکانی “کات و شوێن و هەڵوێستی سیاسیی بەشداربوانی گوتار، بابەتی قسەلەسەرکراو، ناوەرۆک و ڕێکخستن و بەدوای یەکداهاتنی بابەتەکان” دەکا. ئەم ڕەگەزانە لە هەمان کاتدا یاریدەری وەرگریشن لەکاتی شیکردنەوەی گوتاردا و بنەمای پەیوەندیکردنی سیاسین‌. لاسوێل (Lass well) کردەی پەیوەندیی سیاسی بەم شێوەیە دەناسێنێت: “Who says’ what’ in which Chanel’ To Home’ With what Effect”

(محمود عکاشە،2005: 20) واتە “کێ قسەدەکات؟ چی دەڵیت؟ لەکام کەناڵ؟ بۆ کێ قسەدەکات؟ کاریگەریی چیە؟”.  نێرەر بەهۆی گوتاری سیاسییەوە گوزارشت لە ئایدۆلۆجیا و بیر و بۆچوونی دەکات و تێروانینی لەسەر بابەت‌ و ڕووداوە سیاسییەکان دەخاتە ڕوو. لە هەمان کاتدا پەیامێکی زمانییە یان هێمایییە، ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە کە کاریگەری خستنە سەر گوێگری گوتار بەپێی دەوروبەری دیاریکراو و مەبەستی نێرەرە.  

 
پراگماتیک

لە زمانەوانیی نوێدا بەکارهێنانی زاراوەی پراگماتیک، سەرەتا لە لای “چارلس مۆریس”ەوە بەکارهات. کاتێک بە شێوەیەکی گشتی، لە زانستی هێماکاریدا سێ جۆر پەیوەندیی لە نێوان هێماکاندا دیاری کرد، هەر جۆرەشی بە لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانی ناوبرد، بەم شێوەیە:

١/ ڕستەسازی Syntax

بریتییە لە پەیوەندیی نێوان هێمایەک لەگەڵ هێماکانی دیکە، لە چوارچێوەی ڕستەیەکدا.

٢/ سیمانتیکس Semantics  

لێکۆڵینەوەیە لە پەیوەندیی نێوان هێما و هێمابۆکراو (شت).

٣/ پراگماتیک Pragmatics

پێوەندیی هێما بە بەکارهێنەر و لێکدەرەوەکەی دەگرێتەوە.

ئەم ناساندنەی پراگماتیک لەلایەن مۆریسەوە، ناساندنێکی سادە و سەرەتاییی زانستەکە بوو. لەدوای ئەوەوە و بەپێی ئەرکی، پراگماتیک پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. بۆ نموونە ناساندنێکی دیکەی پراگماتیک ئەوەیە، کە بریتییە لەو زانستەی، کە لێکۆڵینەوە لە واتای ناو دەوروبەر دەکات، واتە لێکدانەوەی ئەو مەبەستەیە کە هاوبەشانی قسەکەران بەهۆی دەوروبەرێکی دیاریکراوەوە لێی تێدەگەن. پراگماتیک لەوەش زیاتر ورد کراوەتەوە، وا پێناسەکراوە، کە “ئەو زانستەیە، کە لە کردەی قسەیی و گریمانەی پێشینە و دەرکەوتە ئاخاوتنەکان و دەوروبەر، کات و شوێن و دەوروبەری قسەکردن و پلەی کۆمەڵایەتیی قسەکەر و گوێگر و زانیاریی هاوبەش و زانیاریی دنیاییان، لێکدەداتەوە” (محەمەد مەعروف فەتاح: ٢٠١١: ١٩١). ئەم پێناسەیە بە وردی بوارەکانی پراگماتیک دیاری دەکات.


تیۆریی کردە قسەییەکان

بۆچوونی دێرینەکان لەبارەی قسەکردنەوە، بەجۆرێک بوو کە قسەکردنیان وەک کار ئەنجامدان نەدەبینی، (بەڵکو قسەکردن و کار ئەنجامدان وەک دوو دیاردەی لێک جیاواز دادەنران. تەنانەت ئەم دو دیاردەیە بە دو شتی دژ بەیەک لەقەڵەم دەدران، وەک لە ڕستەی “بە قسەم بکە، بە کردەوەم مەکە”دا مەبەستەکە ڕوون دەبێتەوە). (قەیس کاکل: ١٩٩٥: ٣٨) دێرینەکان هەر بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵکو پێیان وابوو ئەرکی زمان بریتییە لە وەسفکردنی “بارودۆخێک، کەسێک، ڕووداوێک و …”، کە ئەمە لە ئێستادا (بە هەڵەی وەسفی واتایی “Fallacy Semantic” ناودەبرێت. باوەڕێک نییە کە تەواو هەڵە بێت، چونکە هەموو گوتنێک وەسفی بارودۆخی تێدایە، بەڵام ئەم وەسفە لە خۆیدا هەموو شتێک نییە).(محەمەد مەعروف فەتاح: ٢٠١١: ٢٠٧)

 لەگەڵ سەرهەڵدانی زانستی پراگماتیک و تیۆریی کردە قسەییەکان، ئەم بۆچوونەی دێرینەکان ئاوەژوو کرایەوە. لە شەستەکانی سەدەی بیستدا فەیلەسوفی بەریتانی “ج. ل. ئۆستن-Austin L J” قسەکردنی بە ئەنجامدانی کارێک دانا. ئەگەرچی لەسەرەتاوە ئوستن دەیویست تیۆرەکەی لەسەر هەندێک جۆری ڕستە تاقی بکاتەوە کە لە گەڵیدا کار ئەنجامدانیشی تێدایە، بۆ نموونە:

ئەوا من ڕۆیشتم.

لەم ڕستەیەدا لەگەڵ درکاندنیدا کاری “رۆیشتن”یش ئەنجامدەدرێت. بەڵام دواتر بۆ تەواوی قسەکردن هەمان تیۆری جێبەجێکرا. لە ژێر کاریگەریی تیۆریی کردە قسەییەکان، واتای ڕستە بریتی نابێت لە واتای وشەیی و سیمانتیکی، بەڵکو کردەیەکە لە ڕێگەیەوە کارێک ئەنجام دەدرێت، یان مەبەستیک دیاری دەکرێت، کە لە هەموو بارەکاندا پەیوەستە بە (دەوروبەر – Context)ەوە. (واتای سینتاکسیی ڕستە گرنگی نادات بە مەبەستی قسەکەر، بەڵکو مەبەستی قسەکەر لە دەوروبەر(سیاق)دا دەردەکەوێت). (جرهارد هلپش: ٢٠٠٧: ٢٠٧) بۆ نموونە:

بایەکی بەهێزی دێت.

واتای سینتاکسیی ڕستەکە، بریتییە لە ڕستەیەکی هەواڵگەیاندن، بەڵام کاتێک ڕستەکە بە دەوروبەر دەبەسترێتەوە، لەوانەیە مەبەستی قسەکەر (ئاگادارکردنەوە، هەڕەشەکردن، دڵنیاکردنەوە و تاد) بێت. پوختەی تیۆرەکە (لەکاتێکدا لێکدانەوە بۆ هەر گوتنێک بکرێت پێویستە لە دوو ڕووەوە لێکدانەوەی واتاییی بۆ بکرێت. ڕوویەکی ئاشکرا و ڕوونی گوتنەکە، کە خۆی لە واتای سینتاکسی و سیمانتیکیی ڕستەکەدا دەبینێتەوە و ڕووی دووەم بریتییە لە واتای شاراوەی مەبەستی قسەکەر، کە پەیوەستە بە دەوروبەرەوە. کردەی قسەیی بریتییە لە گەیاندنی پەیام بە گوێگر، جا لەبەر ئەوە هێزی گوتن بۆ گەیاندنی پەیامی سەرکەوتوو پێویستە. ئەم هێزەش بە زمان دەردەبڕدرێت و پێویستی بە ئامرازەکانی کردەی قسەیی هەیە. هێزی گوتن، بە دوو ڕێگا دەگەیەنرێت بە گوێگر:

١/ هێزی ئاوازە و بۆتەی ڕێزمانی:

                              شەڕەکە ڕابگرن                     ئاوازەی ڕستە

ئەم ڕستەیە بەهۆی ئاوازەوە، کاریگەریی ئەنجامدانی کارەکە دیاریدەکات.

                            پێم باشە شەڕەکە ڕابگرن.                    بۆتەی ڕێزمانی

هیزی ئەم گوتنەش لە بۆتە ڕێزمانییەکەیدا دەردەکەوێت.

لە هەر دوو باری سەرەوەدا، لێڵییەک لە گوتنەکەدا دەردەکەوێت، بە جۆرێک کە مەرج نییە مەبەستی قسەکەر لە ئەنجامدانی کارەکە، هەمان مەبەست بێت لەلای گوێگر، واتە ئەم کارە مەرج نییە جێبەجێ بکرێت.

٢/ هێزی کاری ڕاپەڕاندن:

من فەرمانتان پێ دەدەم کە شەڕەکە ڕابگرن.

هێزی گوتنەکە، لە کاری ڕاپەڕاندنەکە (فەرمانتان پێ دەدەم)دایە، کە هیچ لێڵییەک لە ئەنجامدانی کاری ڕستەکادا ناهێڵێتەوە.

ئوستن بۆ پەیامی سەرکەوتوو، کاری ڕاپەڕاندن، بە پێویست دەزانێ، چونکە هیچ جۆرە لێڵییەک لە گوتنەکەدا ناهێڵێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، کارەکان بۆ دوو جۆری (ڕاپەڕاندن و ناڕاپەڕاندن) دابەش دەکات، کاری ڕاپەڕاندنیش دەکات بە دوو جۆر (ئاشکرا و شاراوە)، وەک لەم هێڵکارییەدا ڕوونکراوەتەوە.


جۆرەکانی کردە قسەییەکان  The Types of The Speech Acts

یەکێک لە گرفتەکانی تیۆریی کردە قسەییەکان، بریتییە لە جیاکردنەوە و پۆلێنکردنی جۆری کردەکان. هەر کردەیەکی قسەیی بە مەبەستێک بەکاردێت. کردەکان پەیوەست نین بە توانستی ڕستەیی، بەڵکو پەیوەستن بە توانای گەیاندنەوە. ئەمە وای کردوە، کە پۆلێنی جیاواز بۆ کردەکان بکرێت. دوو جۆر پۆلێنی باو هەیە، کە بە پۆلێنی “ئوستن و سیریل” ناسراون. بە کردەی قسەیی ڕاستەوخۆ دادەنرێن، چونکە ڕاستەوخۆ کاری ڕاپەڕاندنی ئاشکرایان تێدایە.


پۆلێنی ئوستن

یەکەم سەرهەڵدانی تیۆریی کردە قسەییەکان، بۆ وانە(محازەرە)کانی ئوستن دەگەڕێتەوە،  ئوستن ڕوونی کردووەتەوە (چۆن کردەکان لە ڕێگای گوتنەکانەوە ئەنجامدەدرێن) (جرهارد هڵپش: ٢٠٠٧: ٢٧١). ئوستن کردەکانی قسەکردنی لەسەر بنەمای ڕۆڵە بەدەستهاتووەکان بە سەر پێنج جۆردا  دابەش کرد.

١. کردەی بڕیارەکان Verdictives

ئەو جۆرە کردانە دەگرێتەوە کە گوزارشت لەو بڕیارانە دەکەن، کە لەلایەن (سوێندخۆر، دادوەر، ناوبژیوان و تاد)ەو دەدرێن. بەڵام مەرج نییە بڕیاری کۆتایی بن، بەڵکو ڕێژەیی و گریمانەیییە، وەکو کردەکانی (هەڵسەنگاندن، نرخاندن، بیرکردنەوە و تاد).

٢. کردەی بڕیاردان Executives

ئەو کردانەن کە گوزارشت لە بڕیاردان لە بەرژەوەندیی کەسێک یان شتێک دەکەن، یان بە پێچەوانەوە، بۆ نموونە کردەکانی وەک (دەنگدان، قەدەغەکردن، داواکردن و تاد)

٣. کردەی پەیماندان Commisives

ئەو کردانەن کە قسەکەر پەیوەست بە ئەنجامدانی کارێک دەکات، وەک کردەکانی (پەیماندان، دانپیانان، ڕێککەوتن و تاد)

٤. کردەی ڕەوشت Behabitive

هەموو ئەو کردانە دەگرێتەوە کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجام دەدرێن، وەکو (سەردانکردن، سوپاسکردن، سەرەخۆشیکردن و  تاد)

٥. کردەکانی ڕوونکردنەوە Expositives

هەموو ئەو کردانە دەگرێتەوە کە بۆ ڕوونکردنەوەی بۆچوونێک، یان دەرخستنی بۆچوونێک بەکاردێن؛ بۆ نموونە کردەکانی (سووربوون، بیرهێنانەوە، ئاگادارکردنەوە و تاد) (بڕوانە جرهارد هڵپش: ٢٠٠٧: ٢٧٨)

2-8-1 پۆلێنی سیریل

سیریل بۆچوونەکانی ئوستنی فراوان کرد، کە لە کتێبەکەی بەناوی (The Speech Acts)دا خستییە ڕوو. بە هەمان شێوە کردەکانی بۆ پێنج جۆر دابەش کردوە، بەم شێوەیە:

١. کردەی نواندن Representative

قسەکەر لەم جۆرە کردەیەدا، بارێک دەنوێنێت و وای پێشان دەدات، کە کەشێکی ئارام یان نائارام لە ئارادایە. جا ئەم نواندنە ڕاست بێت یان ناڕاست. وەکو کردەکانی (پێشبینی کردن، خستنەڕوو، ڕوودان و تاد).

٢. کردەی ئاراستەکردن Directives

ئەم کردانە وا لە گوێگر دەکەن، کە کارێک ئەنجام بدات، وەکو کردەکانی (فەرمانپێکردن، ئامۆژگاریکردن، ڕێنمایی پێدان و تاد).

٣. کردەی پەیوەستبوون Commissives

لەم کردانەدا قسەکەر خۆی پەیوەست دەکات بە ئەنجامدانی کارێک لە داهاتوودا، بۆ نموونە کردەکانی وەکوو (بەڵێندان، هەرەشەکردن، سوێندخواردن و تاد).

٤. کردەی هەستدەربڕین Expressives

قسەکەر هەستی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بە (رووداوێک، کەسێک یان شتێک) بۆ گوێگر، وەکو کردەکانی (پیرۆزبایی، سەرەخۆشیکردن، سوپاسکردن و تاد)

٥. کردەی ڕاگەیاندن Declaration

ئەم جۆرە کردانە بەوە جیا دەکرێنەوە لەوانی دی، کە وابەستەی دەوروبەرن، بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم کردانە، پێویستە هۆکارەکانی وەک مزگەوت، ڕێکخراو، پارتی سیاسی و تاد هەبێت. وەکوو کردەکانی (بانگەشەکردن، خۆپیشاندان، جاڕدان و تاد). (هەمان سەرچاوە: ٢٨٠)


 کردە قسەییە ناڕاستەوخۆکان

لەو جۆرە ڕستانەدا بەرچاو دەکەوێت کە کاری ڕاپەڕاندنیان تێدا نییە، بەڵکوو هێزی ڕەوانبێژیی گوتنەکە، یان بۆتەی ڕێزمانیی ڕستەکە و بەستنەوەی بە واتای دەوروبەرەوە، جۆری کردەکە دیاری دەکات.

زۆر جار قسەکەر بۆ دەربڕینی مەبەستەکەی پەنا دەباتە بەر کردەی قسەییی ڕاستەوخۆ. لە کردەی قسەیی ڕاستەوخۆدا قسەکەر بۆ گەیاندنی پەیامەکەی پەنا دەباتە بەر هۆکاری تری وەک (رێزمانی، ناڕێزمانی)، بۆ دەربڕینی هێزی ڕەوانبێژیی گوتنەکە. قسەکەر بەهۆی ڕستەکەوە مەبەستێک دەردەبڕێت، کە واتای ڕێزمانیی ڕستەکە نییە.

لەم جۆرە ڕستانەدا واتای ڕێزمانیی ڕستەکە مەبەست نییە، بەڵکو قسەکەر مەبەستی گەیاندنی پەیامێکی دیکەیە، کە لە واتای ڕێزمانیی ڕستەکەدا نییە، بۆ نموونە:

  • وەرزش بەسوودە بۆ لەش.

ئەگەر واتای ڕێزمانیی ڕستەکە لێکبدرێتەوە، خۆی لە ڕستەیەکی “هەواڵگەیاندن یان پرسیاری”دا دەبینێتەوە، بەڵام بە بەستنەوەی واتای ڕستەکە بە دەوروبەرەوە، بۆ نموونە لە میواندارییەکدا، واتای ڕستەکە بریتی دەبێت لە:

حەزم لە وەرزشە.

کردەی قسەیی ناڕاستەوخۆ لە توانایدایە تێمان بگەیەنێ، کە چۆن ئەو ڕستانەی هێزێکی ڕەوانبێژییان تێدایە، وەک بەشێک لە واتاکانیان، دەتوانرێت بۆ جێبەجێکردنی کردەیەک بەکار بێن، وەکو ڕستەی ڕاگەیاندن، بۆ کردەی (ئاگادارکردنەوە، پێشنیار، فەرماندان و تاد).



بەشی دووەم

سەرەتا

لایەنی کارەکیی توێژینەوەکە، و دیاریکرنی جۆری کردە قسەییەکانە لە گوتاری سیاسیی کوردی

  • نێرەر: عبدالرحمان قاسملوو
  • کات: ساڵی 1988
  • شوێن: وڵاتی ئیسپانیا
  • بۆنە: هاوپەیمانیی گەلان

وەرگر: ئەندامانی کۆنگرە (زیاتر لە نەتەوە و ئایدیالۆجیایەک)

لە خشتەی ژمارە (1) جۆری کردەقسەیی و چەند جارەی کردە قسەییەکان دیاریکراوه. لە چارتی ژمارە (1) ڕێژەی سەدیی بەکارهێنانی کردەکان خراوەتەڕوو. لەچارتی ژمارە (2) چەند جارەی بەکارهێنانی کردەکان دیاریکراوە.


خشتەی ژمارە (1) نیشاندانی کردەکان

ژمارەی گوتە جۆری کردەی قسەیی ژمارەی چەند جارەی بەکارهێنانی کردە
1 پێڕاگەیاندن 5
2 خەمڵاندن 1
3 ئاگادارکردنەوە 4
4 پێڕاگەیاندن
5 ئاگادارکردنەوە
6 پێڕاگەیاندن
7 ئاگادارکردنەوە
8 دڵنیابوون 3
9 ڕوونکردنەوە
10 دڵنیابوون
11 ڕوونکردنەوە 17
12 نیشاندان 1
13 ڕوونکردنەوە
14 ڕوونکردنەوە
15 دڵنیابوون
16 پێڕاگەیاندن
17 پێشبینیکردن 4
18 ڕوونکردنەوە
19 پێشبینیکردن
20 بیرهێنانەوە 2
21 ڕوونکردنەوە
22 ڕوونکردنەوە
23 ڕوونکردنەوە
24 ڕوونکردنەوە
25 پێشبینیکردن
26 پێشنیارکردن 1
27 ئامۆژگاریکردن 5
28 پێڕاگەیاندن
29 ڕێنمایی کردن 1
30 ئامۆژگاریکردن
31 ڕوونکردنەوە
32 ڕوونکردنەوە
33 ئاگادارکردنەوە
34 دڵنیایی پێدان 1
35 ڕوونکردنەوە
36 ئامۆژگاریکردن
37 گلەیی کردن 2
38 ڕوونکردنەوە
39 ڕوونکردنەوە
40 پێشبینیکردن
41 ئامۆژگاریکردن
42 توانجلێدان 1
43 پاساوهێنانەوە 1
44 ڕوونکردنەوە
45 خۆناساندن
46 داواکاری
47 ڕوونکردنەوە
48 پێدانی زانیاری
49 گرینگی پێنەدان
50 نیگەرانبوون
51 جەختکردنەوە
52 ڕوونکردنەوە
53 گلەیی کردن
54 ئامۆژگاریکردن
55 خۆناساندن 5
56 داواکاری
57 ئامۆژگاریکردن
58 خۆناساندن
59 بەڵێندان 2
60 خۆناساندن
61 ڕوونکردنەوە
62 بیرهێنانەوە
63 بەڵێندان
64 داواکاری
65 ڕوونکردنەوە
66 هیواخۆاستن 1



خستنە ڕوو

بەپێی داتاکان و ئەنجامی بەدەستهاتوو:

  • ڕێژەی بەکارهێنانی کردەی ڕوونکردنەوە لەئاستی یەکەمدایه، بە بەکارهێنانی (17) کردە بەڕێژەی ‌(%30).
  • هەریەک لە کردەکانی “خۆناساندن، ئامۆژگاریکردن، پێڕاگەیاندن” لەئاستی دووەمدان، بەڕێژەی (%9).
  • هەریەک لە کردەکانی “ئاگادارکردنەوە، پێشبینیکردن” لە بەکارهێناندا لە پلەی سێیەم دێن بە بەکارهێنانی (4) کردە، بەرێژەی (%7).
  • کردەی دڵنیابوون بە بەکارهێنانی (3) جار لە پلەی چوارەم دێت، بە ڕێژەی (%5)
  • هەریەک لە کردەکانی “بەڵێندان، گلەییکردن، بیرهێنانەوە” بە بەکارهێنانی (2) جار لە پلەی پێنجەم دێن، بەڕێژەی (%4).
  • هەریەک لە کردەکانی (هیوا خواستن، پاساو هێنانەوە، توانجلێدان، دڵنیایی پێدان، ڕێنمایی کردن، پێشنیارکردن، نیشاندان، خەمڵاندن) لە پلەی شەشەم دێن بە بەکارهێنانی (1) جار، بە ڕێژەی (%2).

 
ئەنجام

  • بە ڕاوەستانی شەڕی عێراق و ئێران، بزووتنەوەی کورد بەرەوڕووی مەترسیی هێرش و پەلاماری سوپایی گەورەتر و هەمەلایەنەی دەوڵەتانی ئەو دوو وڵاتە دەبێتەوە. د.قاسملوو وتاری خۆی بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕۆژاوایییەکان لەو مەترسییە و ڕاکێشانی پشتیوانیی ئەوان بۆ لای خەباتەکەیان و نەتەوەکەی بەکار دێنێ.
  • لە گوتاری سیاسی(دیپلۆماسی)ی کوردی، نێرەر زیاتر پەنا بۆ کردەی ڕوونکردنەوە دەبات بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی، بە مەبەستی نیشاندانی واقیعی شۆرش و خەباتی نەتەوەی کورد.
  • زمانی گوتاری سیاسی (دیپلۆماسی) لە گوتاری کوردیدا زیاتر گرینگی بە ناوەڕۆک دەدات.

لە ئاستی سیاسیدا دەگەین بەو ئەنجامانە:

  • -بە تەقەوەستانی نێوان ئێران و عێراق، ئاشتی لە ناوچەکەدا سەقامگیر نابێ، چونکە پرسی کورد هەر بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
  • -سنووری دوور و درێژی ئەو دوو وڵاتەش بە کوردستاندا ڕادەبرێ، کورد دەتوانێ ئارامیی ئەو ناوچەیە بشێوێنێ ئەگەر مافەکانی نەدرێن.
  • -دەبێ پرسی کوردیش ببێت بە خاڵێک لە خاڵەکانی ئاشتیی ناوچەکە، ئەگەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەیهەوێ ئاشتی بگەڕێتەوە ناوچەکە.
  • -ئەم سەردەمە(١٩٨٨) وەک (١٩٧٥) نیە کە بە ڕێککەوتنی ئێران و عێڕاق، بزووتنەوەی کورد ئاشبەتاڵ بکا. چونکە سەرکردایەتیی ئێستای بزووتنەوەکە خێڵەکی نییە و شۆڕشگێڕە.
  • -بزووتنەوەی کورد و کوردەکان بە گشتی، لە هەلومەرجێکی ئاوادا (کە ئێران و عێراق دەیانەوێ ڕێک بکەون)، دەبێ یەکگرتوو بن، دەبێ لە سەر خەباتەکەی خۆیان بەردەوام بن، دەبێ پرسی کورد بکەن بە فاکتەرێکی سەربەخۆ تا دنیا بزانێ کە بزووتنەوەی کورد بەشێک نییە لە شەڕی ئێران و عێراق، بەڵکوو خەباتی ڕەوای نەتەوەیەکی بندەستە.
  • -کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نابێ تەنیا ئەو کاتەی کورد بە کیمیایی لێی دەدرێ، ئاوڕی لێ بداتەوە؛ بەڵکوو دەبێ وەک پرسی نەتەوەیەکی ٢٠-٢٥ میلیۆنی کە ئۆتۆنۆمی مافی ڕەوای خۆیەتی، بەرگریی لێ بکا.
  • -پێشبینیی ئەوەی کردووە کە ڕێژیمی ئێران، بە هۆکاری مەزنیخوازی و شیعەگەری، بە ئاشتی لە گەڵ عێراق پابەند نابێ و تەداخولی کاروباری وڵاتانی ناوچە دەکا و لە سەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام دەبێ.


لیستی سەرچاوەکان

  • ابراهیم خلیل، ٢٠٠٩، فی الیسانیات والنحوالنص، دار المصیرة للنشر والتوزیع، عمان.
  • باتریک شاردو، دومنیک منغو، ٢٠٠٨، معجم تحلیل الخطاب، ترجمة،عبدالقادر المهیری، حمادی صمد، طبعة الاولی، دارسیناترا.
  • جرهارد هلبش، ١٩٧٠، تطور علم اللغة منذ عام، ترجمة، سعید حسن بحیری،2007، مکتب الزهراء الشرق، القاهرة.
  • حسین خمرخمری،٢٠٠٧، نظریة النص من البنیة المعنی الی سیمائیة الدال، طبعة الاولی،دار العربیة للناشڕوون، الجزائر.
  • حەمەئەمین، شێرکۆ قادر، ٢٠٠٩، شیکاری گوتاری چیرۆکە هەواڵ، مەڵبەندی کورۆلۆجی، سلێمانی.
  • سعید یقطین، ١٩٨٩، تحلیل الخطاب الروائی، الزمن، السرد، التبئیری، طبعة الولی، مرکز ثقافی العربی.
  • علی، دیاری کمال، ٢٠٠٩، گوتاری سیاسی کوردی لەڕوانگەی پێشگریمانەکانەوه،‌ نامەی دکتورا، کۆلێژی زمان، زانکۆی سەلاحەدین.
  • قادر وریا، ٢٠٠٥، “قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە”، چاپی یەکەم، ئاودێر، هەولێر(وتاری د.قاسملووی لێ وەرگیراوە)
  • کاکل، قیس توفیق، ١٩٩٥، جۆرەکانی ڕسته ‌و تیۆری کردەی قسەیی، نامەی ماستەر، زانکۆی سەلاحەدین.
  • معروف، محمد فتاح، ٢٠١٠، لیکۆلینەوە زمانەوانییەکان، کۆ کردنەوه ‌و ئامادەکردنی، شێروان حسێن، شێروان میرزا، دەزگای موکریان، هەولێر.
  • محمود عکاشة،٢٠٠٥، لغة الخطاب السیاسی،دراسة لغویة تطبیقیة فی الضوءة نظری الاتصال، دار النشر للجامعات، مصر.
  • منیة عبیدی، ٢٠١٦، التحلیل النقدی للخطاب، نماذج من الخطاب الاعلامی، طبعة الاولی، دار الکنوز، عمان

بە زمانی ئینگلیزی:

  1. David Crystal (2003) dictionary of linguistics & phoniest Blackwell
  2. Stephen C Levinson )1997 pragmatics Cambridge

نموونەی گوتار

  • “شەڕی ئێران و عێراق کە نیزیکەی هەشت ساڵ درێژەی کێشا، بۆ هەر دوو وڵات ئاکامی زۆر دڵتەزێنی بە دواوە بووە. زیاتر لە یەک میلیۆن کوژراو و بریندار، سەدان شار و دێی وێران، هەزاران قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنیاتی ئابووریی لە کەڵک کەوتوو، بە میلیۆن مرۆڤی ئاوارە و بێ ماڵوحاڵ، کورتەیەک لە ئاکامەکانی ئەو شەڕەن.
  • ئەگەر زیانەکانی ماددیی شەڕ بە 300 هەتا 500 میلیارد دۆلار بەراورد دەکرێ،
  • شوێنەوارە دەروونییەکەی لە بەراوردکردن نایە و ڕەنگە تا دەیان ساڵی دیکەش هەر بمێنێ.
  • لەم هەشت ساڵ شەڕە خوێناوییەدا، بۆ کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع لە هەر جۆرە چەکێک، تەنانەت ئەو چەکانەی کە بەکارهێنانیان بە پێی بڕیارنامە نێونەتەوەیییەکان مەنع کراوە، کەڵک وەرگیراوه. هەر ئەمە لە نێو خەڵکی دوو وڵاتی دراوسێدا بۆتە هۆی دوژمنایەتییەکی وا کە لەنێوچوونی مەگەر لە داهاتوویەکی دووردا،
  • ئەگینا ئیمکانی نیە.
  • زەبرە دەروونییەکان، نەخۆشییە ڕەوانییەکان و لێکهەڵوەشانی بنەماڵەکان، ئاکامێکی دیکەی ئەم شەڕەن. شەڕێک کە هیچ قازانجی گەلانی ئەم دوو وڵاتەی لێ‌ پەیدا نەبوو.
  • پاش ئاکامەکانی زیانی ماددی و ئینسانیی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە، ئێستا هەر دوو وڵات خۆیان ڕاست لەو جێگایەی کە شەڕیان لە سێپتامبری 1980دا دەست پێ کردبوو دەبیننەوه.
  • جا لە بەرانبەر ئەم بیلانە دڵتەزێنەدا داخوا بە ڕاستی دەکرێ باس لە لایەنی سەرکەوتوو لەم شەڕەدا بکرێ؟ هەر دوو وڵات بە هۆی لە دەستچوونی بەرەبەرەی هێز و توانایان لە شەڕدا بە ناچار تەقەوەستانیان قبووڵ کرد.
  • عێراق لە چەند ساڵ لە مەوبەرەوە داواکاری ئاگربەس بوو، ئێرانیش لە ڕووی ناچارییەوە سەرەنجام قبووڵی کرد. خومەینی کە شەڕی بە “نیعمەتی ئیلاهی” دەزانی، بە پێچەوانەی مەیلی دڵی خۆی ملی بۆ بڕیارنامەی 598 ی ئەنجومەنی ئاسایش ڕاکێشا. لە ڕاستیدا خومەینی کە بۆخۆی قبووڵکردنی بڕیارنامەی بە مانای خواردنەوەی ژار دانا،
  • تەنیا لەبەر ئەوە تەقەوەستانی قبووڵ کرد.
  • کە حاکمییەتی ئاخوندەکان بە هۆی دژایەتی و بەربەرەکانیی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتری خەڵک لەگەڵ شەڕ، لە مەترسی کەوتبوو. ئەم بەربەرەکانییە خۆی لە ناڕەزایەتیی گشتی و، خۆ بواردنی لاوان لە چوون بۆ بەرەکانی شەڕدا نیشان دەدا و، قەیرانی ئابووری و ناتەبایییە کۆمەلاتییەکان دەبوونە هۆی پەرە ئەستاندنی شکستە سوپاییەکانی.
  • چەند مانگی دوایی نیشانی دا کە ورەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم زۆر هاتووەتە خوارێ.
  • لە حاڵێکدا هەر ئەم ورەیە سەردەمێک وەک هۆی سەرەکیی بەهێز بوونی “لەشکریانی ئیسلام” حیسابی لە سەر دەکرا. تەریککەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی لە مەیدانی نێونەتەوەییدا کە ئاکامی پەنا بردنی ڕێژیم بۆ کاری تێرۆریستی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و، لە ژێر پێ نانی هەموو ئوسوولێکی دیپلۆماسی بوو لە لایەک و،  گیر و گرفتەکانی ڕێژیم لە دابین کردنی چەک و تەقەمەنی و هێندێک پرسی نێوخۆیی لە لایەکی دیکە، ببوونە هۆی ناتەبایی تەنانەت لە نێو ئۆرگانەکانی سەرووی ڕێژیم و، هەروەها ترس و سەرلێشێوان لە نێو ڕێبەرایەتیدا.
  • فشاری گەورە دەسەلاتەکان لە کەنداوی فارس بە تایبەتی لە لایەن ئەمریکاوە، حاکمییەتی لەرزۆکی ئاخوندەکانی زیاتر لە پێشوو خستبووە مەترسییەوە. حکوومەتی خومەینی بۆی دەرکەوت کە درێژەی شەڕ بە جیددی هەڕەشە لە مان و مەوجوودییەتی دەکا.
  • بۆیە بۆ پاراستنی بە ناچار تەقەوەستانی قبووڵ کرد.
  • دیارە سەقامگیر بوونی تەقەوەستان لە نێوان دوو وڵاتدا بە مانای کۆتاییهاتنی یەکجاری بە شەڕ نیە.
  • ڕەوتی وتووێژەکان وا نیشان دەدا کە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام ڕێگایەکی دوور و درێژ لە پێشدایە.
  • گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە لەنێوچوونی ناکۆکییەکان لە نێو دوو وڵات، یانی دڵنیا بوون لە دەست تێوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی یەکتردایە، هەتا دەگاتە هاوکاریی نێوان دوو وڵات .
  • پسپۆران و خاوەنڕایان لەوە دا یەکدەنگن کە بێ گۆڕانێکی‌ بنەڕەتی لەو دوو وڵاتەدا، وتووێژی ئاشتی لەوانەیە چەندین مانگ و تەنانەت چەند ساڵ درێژەی هەبێ.
  • لە هەلومەرجی ئێستادا چاولێکردنی وەک یەکی ڕووداوەکانی ساڵی 1988 لە گەڵ ساڵی 1975(ساڵێک کە ڕێککەوتننامەی ئەلجەزیرە لە نێوان ئێران و عێراقدا ئیمزا کرا و بوو بە هۆی تێکشکانی بزووتنەوەی گەلی کورد بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی) شتێکی دروست نیە.
  • ئەو کات کە عێراق بەشێک لە “شط العرب”ی لە بەرانبەر هاوکاری نەکردنی ڕاپەڕینی کوردەکانی عێراق، دا بە ئێران. ڕێبەرایەتیی ڕاپەڕینی کورد بە هۆی تایبەتمەندیی بەهێزی عەشیرەیی، نەیتوانی بەرانبەر بە هەلومەرجی نوێ خۆی ڕابگرێ و، سووک و سانا خۆی بە دەستەوە دا.
  • هەلومەرجی ئێستا جیاوازە،
  • ئەم هۆیانەی شەڕێکی ئاوا درێژ و خوێناوییان هەڵگیرساند هەر لە جێگای خۆیان ماون.
  • ئێمە تەنیا ئیشارە بە گرینگترینیان دەکەین کە بریتین لە: دیاریکردنی سنوورەکان بە تایبەت لە “شط العرب”دا، پرسی، کورد بە لەبەرچاوگرتنی هەموو لایەنەکانییەوە، ویست و مەیلی مەزنیخوازانە و، سەرەنجام کێشەی نێوان ناسیۆنالیزمی عەرەب و ناسیۆنالیزمی فارس کە ڕیشەیەکی لەمێژینە و مێژووییی هەیە. نێوەرۆک و فەلسەفەی بە تەواوی لێک جیاوازی ئەو دوو ڕێژیمەش دەبێ لەبەرچاو بگرین. ڕێژیمی ئێران کە ڕێژیمێکی شیعەی بونیادگەرایە، دەستتێوەردان لە کارو باری وڵاتە موسوڵمانەکان بە تایبەتی لەو وڵاتانەدا کە ڕادەیەکی زۆر لە دانیشتوانیان شیعە مەزهەبن، بە ئەرکێکی پیرۆزی خۆی دەزانێ.
  • ئێستا ئەگەر مێژوو دووپات بێتەوە و، ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە، بۆ جارێکی دیکەش بۆ تێک شکاندنی بزووتنەوەی نیشتمانیی گەلی کورد، پێکەوە ڕێک کەون (هەرچەند کە ئیمکانی شتێکی ئەوتۆ کەمە ) کوردەکان دەبێ چ بکەن ؟ 
  • لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا بۆ کوردەکان تەنیا یەک ڕێگا دەمێنێتەوە:
  • ئەویش  بریتییە لەوە کە: یەک بگرن و بە هەموو هێزیانەوە دیفاع لە خۆیان بکەن. بە ئاشکرا دەبێ بڵێین کە ئەمجار باسی ئاشبەتاڵ و خۆبەدەستەوەدان لە گۆڕێدا نییە. بەربەرەکانی و خۆڕاگریی گەلی کورد لە شار و لادێدا هەر درێژەی دەبێ و، لە تەواوی جۆرەکانی خەباتیش کەڵک وەردەگیرێ.
  • ئەمڕۆ بزووتنەوەیەکی بە تەواوی سازماندراو بە ڕێبەرایەتییەکی شۆڕشگێڕەوە لە کوردستاندا لە گۆڕێدایە.
  • لە هەلومەرجی تەقەوەستانی شەڕ لە نێوان ئێران و عێراقدا کوردەکان دوو ئەرکی گرینگیان لە سەر شانە  :
  • لە پێشدا کوردەکان دەبێ وێڕای درێژەدان بە خەباتی چەکدارانە، خۆیان وەک فاکتەرێکی سەربەخۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا نیشان بدەن.
  • پێویستە خەڵکی جیهان لە ڕاستییەک کە تا ئێستا لە بەرچاویان شاردراوەته، باش ئاگادار بن. ئەویش ئەمەیە کە لەم ناوچەیەدا تەنیا یەک شەڕ لە گۆڕێ دا نیە، یانی شەڕ هەر لە نێوان عێراق و ئێراندا نیه، بەڵکو سێ شەڕ هەیە . تەقە وەستاندنی نێوان ئێران و عێراق، لە خۆیدا ئاشتیی نێوان کوردەکانی ئێران و حکوومەتی ئێران لە لایەک و، کوردەکانی عێراق و حکوومەتی عێراق لە لایەکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە.
  • لە ئاکامدا خەباتی کوردەکان هەر درێژەی دەبێ و هەتا کاتێک پرسی کورد چارەسەر نەکرێ، ناوچەکە ئاشتییەکی بەردەوام بە خۆیەوە نابینێ.
  • پێویستە بگوترێ‌ ئەم شێوە بیرکردنەوەیە، کە بە سەقامگیر بوونی ئاشتیی نێوان ئێران و عێراق چاوەدێرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیر لە سنوورەکانی وڵات ئیدی شاهیدی هەڵگیرسانەوەی شەڕ نابن،
  • خەیاڵێک زیاتر نیە.
  • لە ڕاستیدا زیاتر لە 500 کیلۆمیتر لەو سنوورەی کە ئێران و عێراق لێک جیا دەکاتەوە لە نێو کوردستاندایە. ناوچەیەک کە ئەمڕۆ بەشێکی لە ژێر چاوەدێریی بزووتنەوەی نیشتمانیی کورددایە.
  • دووهەم ئەرکی گرینگ ئەوەیە کە کوردەکان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد هەوڵ بدەن.
  • بە ڕاستی زۆر جێی داخە کە پرسی کورد تەنیا دوای هاتنەگۆڕی پرسی بە کار هاتنی چەکی شیمیایی بە دژی کوردەکان کەوتە بەر سەرنجی بیروڕای نێودەوڵەتی.
  • بەر لە هەموو شتێک دەبێ لە بەستنەوەی پرسی کورد بە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی دەست هەڵگرین. پێویستە پرسی کورد لە هەموو لایەنەکانییەوه بخرێتە بەر چاو. پرسی 20 هەتا 25 میلیۆن ژن و پیاو بێتە گۆڕێ کە نەتەوەیەک پێک دێنن و مافی بە دەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆیان هەیە.
  • ئاشکرایە کە ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە خاوەنی ڕێژیمی سیاسیی لێک جیاوازن. تورکیە بەردی ئۆرووپا و دێموکراسی لە سینگ دەدا و، سەرەڕای بێدەنگی و خۆبواردنی ڕێبەرانی ئێستای،
  • وێ دەچێ کە سەرەنجام ڕۆژێک ناچار بە ناسینی کەسایەتی و مافی نەتەوەیی کوردەکان بێ.
  • لە دۆخێکی ئاوادا کوردەکان دەتوانن لە ئیمکاناتی قانوونی بە مەبەستی سەلماندنی داخوازەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن.
  • کەچی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە سەرەڕۆییەکی لە چەشنی سەدەکانی نێوەڕاست زاڵە،
  • کوردەکان بۆ پاراستنی کەسایەتی و مافەکانی خۆیان، ناچار بوون چەک بە دەستەوە بگرن.
  • مافی دیاریکردنی چارەنووس دەتوانێ بە چەشنی جۆر بە جۆر بێتە گۆڕێ و شکڵ و شێوەی جۆر بە جۆر بە خۆیەوە بگرێ کە بریتین لە : ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی و سەربەخۆیی .
  • لە ئێراندا ئێمە شکڵی ئۆتۆنۆمیمان هەڵبژاردوە و، دروشمی حیزبی ئێمە “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان”، لە چوار چێوەی وڵاتی ئێراندایە. بە سەرنجدان بە ئەزموونە مێژوویییەکان و هەروەها هەلومەرجی ژێۆپۆلیتیکیی ناوچەکە، ئێمە لە سەر ئەم بڕوایەین کە دروشمی ئێمە دروشمێکی واقیعبینانەیه.‌ داوای ئۆتۆنۆمی، داوایەکی ڕەوا و سادەیە.
  • ئێمە خوازیاری پاراستنی کولتووری خۆمانین و دەمانەوێ زمانی کوردی لە کوردستانی ئێراندا بە زمانی ڕەسمی بناسرێ. لە کوردستان دەبێ پەروەردە و فێرکردن بە زمانی کوردی بێ، دەسەڵاتی سیاسی دەبێ لە پاوانی یەک ناوەند بێتە دەر و، کاروباری نێوخۆی کوردستان بدرێتە دەست نوێنەرانی گەلی کورد کە بە شێوەی دێموکڕاتیک هەڵدەبژێردرێن. مەبەستی بنەڕەتی لەم داخوازانە ئەوەیە کە کوردەکان چیدیکە لە وڵاتی خۆیاندا وەک بێگانە چاویان لێ نەکرێ و، بە هاووڵاتیی دەرەجە دوو و تەنانەت دەرەجە سێ نەژمێردرێن .
  • ئەمڕۆ کورد بوون لە ئێراندا جۆرێک تاوانه!. دەیان ساڵە کوردەکانی ئێران بۆ ئۆتۆنۆمی و بەدەستهێنانی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان خەبات دەکەن. هەر ئێستا دە ساڵی بەردەوامە کە شەرێکی نەخوازراو بە سەر ئێمەدا سەپاوە. سەرەڕای قەڵاچۆی پەنجا هەزار کەس لە خەڵکی سڤیل و شەهید بوونی 4500 پێشمەرگە لە مەیدانی خەباتدا، بەربەرەکانیی ئێمە هەروا درێژەی هەیە.
  • بە پێی ئەو هەواڵە تازانەی بە دەستمان گەیشتوون ئاخوندەکان لە حاڵی ئامادە کردنی هێرشێکی گەورە بۆ سەر کوردستانی ناوەندیدان.
  • ئەو هێرشە ناتوانێ بۆ پێشمەرگەکان کە شەڕی پارتیزانی دەکەن، گیروگرفتێکی ئەوتۆ بێنێتە پێش.
  • بەلام ئێمە یەکجار زۆر نیگەرانی چارەنووسی خەڵکی سڤیلین.
  • هەر بۆیە ئێمە پێ لەسەر ئەم پرسە دادەگرین
  • کە ئۆتۆنۆمی بەشێک لە مافی مرۆڤە و، نابێ تەنیا وەک پرسێکی نێوخۆییی وڵاتان چاوی لێ بکرێ. کۆمەڵی نێونەتەوەیی دەتوانێ و دەبێ لە ئامانجەکانی گەلی کورد بە گشتی و، هەر وەها لە مافی ئۆتۆنۆمی بەرگری بکا. هەر بەو مەبەستە زۆر پێویستە داوا بکرێ پرسی کوردیش لە دەستووری وتووێژەکانی نێوان ئێران و عێراق لە ژێر چاوەدێریی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بگونجێ .
  • هاودەنگیی نێودەوڵەتی تا ئێستا لە سەر کاروباری بەشێکی زۆر لە وڵاتان شوێنەوارێکی باشی داناوە.
  • ئەو هاودەنگییە دەتوانێ بە لایەنگری لە داخوازیی ڕەوای کوردەکان کە ئێستا لە دۆخێکی دژواردان جارێکی دیکە کاریگەریی خۆی بنوێنێ .
  • هەڵبژاردنی دروشمی “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” نیشاندەری ئۆگریی بە تەواومانای حیزبی ئێمە بە دێموکڕاسییە.  ئەم ڕاستییە لە بنەماکان و یاسای بە تەواوی دێموکراتیی نێوخۆی حیزبی دیموکرات و هەروەها لە ڕێزی حیزبی ئێمە بۆ پلۆرالیزم لە نێوخۆی وڵاتدا سەرچاوە دەگرێ.
  • ئەوەشم لێ قبووڵ بکەن
  • کە بەڕێوەبردنی دێموکراسی و پاراستنی، لە مەڵبەندێکی دواکەوتووی بێ پێشینەی دێموکراتیک و لە حاڵی شەڕدا، کارێکی زۆر دژوارە.
  • رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تا ئێستا بۆ پاراستن و بەڕێوە بردنی بنەما دیموکراتییەکان لە نێو حیزب و هەر وەها لە ناوچەکانی کوردستاندا، هەوڵ و تێکۆشانێکی بەرینی لە خۆی نیشان داوە و،
  • لە مەودواش هەموو توانای خۆی لەم بوارەدا بەکار دێنێ .
  • ئێمە بڕوایەکی پتەومان بە نەخشی سەرەکی و بنەڕەتیی دێموکراسی هەیە.
  • بێ دێموکراسییەکی جێگیر و بنەگرتوو لە ئێراندا، خودموختاریی کوردستان هەموو کات لە بەرانبەر مەترسی و هەڕەشەی لە نێوچووندا دەبێ. تەنیا دەستەبەری ئۆتۆنۆمیی کوردستان، بوونی دێموکڕاسییەکی سەقامگیر لە ئێراندایە.
  • حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی دێموکرات بە پێی ئوسوول و ڕێبازی خۆی‌، هەمووکات تێرۆریزمی – لە فڕۆکە ڕفاندنەوە بگرە تا دەگاتە بۆمب دانانەوە و بارمتە گرتن – ڕەت کردووەتەوە .
  • بە گشتی حیزبی ئێمە هەر کردەوەیەک کە ژیان و هێمنایەتیی تاکە سڤیلەکان بخاتە مەترسییەوە، ڕەت دەکاتەوە. ئێمە بە هیچ جۆرێک ئامادە نین سەبارەت بە هێندێک دەسکەوتی تەبلیغاتی و کورتخایەن، لە ئوسوولەکانمان بترازێین و سیمای حیزبەکەمان کە وەک حیزبێکی سیاسیی بەرپرس، دێموکڕات و مرۆڤدۆست ناسراوە، خەوشدار بکەین .

دۆستانی بە ڕێز !

  • ئێمە پێویستییەکی زۆرمان بە پشتیوانیی مەعنەوی و سیاسیی کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەیه.
  • پەندێکی کوردی دەڵێ: “دوژمنێک زۆرە و هەزار دۆست کەم”. بەداخەوە کوردەکان دوژمنیان زۆرە، هەر بۆیە ئێمە بە دوای دۆستدا دەگەڕێین.
  • هیوادارم ئەمڕۆ لەم تالارەدا هێندێک دۆستمان بۆ خۆمان دیتبێتەوە .

* شانۆگەریی بێدەنگ، تەنها بە جووڵە.

داگرتنی بابەت