ئارامتر بخوێنەوە

ئاوڕدانەوەیەکی تیۆریک لە سەر چەمکگەلی شەڕی دەروونی و پڕۆپاگەندە

د. ئالان حەسەنیان


“شەڕی دەروونیی سەردەم، لە زانستی سایکۆلۆژیای هاوچەرخ بۆ نەخشەدانان، بەڕیوەبردن و گەیشتن بە ئامانجەکانی، کەڵک وەردە گرێت. ماس میدیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان و جۆرەهای دیکەی تەکنۆلۆژیا، وەکوو ئامراز لە لایان هیزەکانی بکەری ئەم شەڕەوە (دەوڵەتەکان و ‌هێندیك جاریش هێزە نادەوڵەتییەکان و گرووپگەلێکەوە) بۆ ئەنجامدانی ئەم شەڕە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. بۆیەش ئەمانە دەبن بە بەشێک لە ئامراز و میدیاگەلێکی گرنگ لە جێبەجێکردنی ئەم  شەڕەدا.  شەڕی دەروونی و پڕۆپاگەندە (وەکوو میکانیزمێکی گرینگ لە خزمەتی ئەم شەڕەدا)،عەقڵیەت و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە/دوژمنە دیاریکراوەکەی (well-defined audience) دەکاتە ئامانج.”


پێشەکی

مەبەست لەم کورتە نووسراوەیە تیشک خستنەسەر لایەنە جیاوازەکانی شەڕی دەروونی و ئەو ئامرازانەیە کە لە خزمەت ئەم شەڕەدا بەکاردەهێنرێن. هۆکاری گرنگیدان بە زانستی شەڕی دەروونی لەم نووسراوەیەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داگیرکەرانی کوردستان هەموو کاتێک هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی هێزی سەربازیدا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە کوردستان، گرنگییەکی تایبەتیان بە بوارە جۆراوجۆرەکانی دیکەی شەڕ داوە، لەوانەش بەڕێوەبردنی شەڕێکی هەمەلایەنەی دەروونی بە مەبەستی ناشیرینکردن و ناوزڕاندنی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستان، ئاسمیلە کردنی و تواندنەوەی کۆمەڵگای کوردی و بێ هیواکردنی تاک و کۆمەڵگای کورد لە یارمەتیدان ودرێژەپێدانی خەبات و تێکۆشاندا. ئەم بابەتە بە گشتی گرنگی دەدات بە لایەنە زانستی و تیۆریکییەکانی شەڕی دەروونی و ئەو ئامرازانەی کە دەتوانرێن لە بەڕێوەبردنی وەها شەڕێکدا بەکار بهێندرێن. لە کۆتاییدا ئاماژەیەکی کورت دەدرێت بە مەبەستەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی شەڕی دەروونی لە دژی کۆمەڵگا و دژبەرانیدا لە ئێران.

زۆربەی ڕوانگەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئێمە لە سەردەمی شەڕی دەروونی/سایکۆلۆژیدا (psychological warfare) دەژین. هارۆڵد لاسوێل (Harold Lasswell)، لە بناخەدانەرانی لێکۆڵینەوە لە بواری شەڕی دەروونیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕی دەروونی، بیرۆکەیەکی کۆنە دەربارەی چۆنیەتیی بەرپاکردنی شەڕێکی سەرکەوتوو “بەو مانایە کە بیرۆکەی بنەڕەتیی ئەم جۆرە شەڕە ئەوەیە کە باشترین سەرکەوتن لە شەڕدا بە تێکشکاندنی ئیرادەی دوژمن بۆ بەرەنگاربوونەوە و بە ئامانج گەیشتن بە بەکارهێنانی کەمترین هێز و کەم تێچووترین شەڕ”.[1] لە ڕوانگەی دەیڤید چارترز (David Charters) شەڕی دەروونی جۆرێکی دیکەی شەڕ و توندوتیژییە بۆ سڕکردن، ناشیرین کردن، تۆقاندن و سوکایەتی پێ کردن،،چەواشە کردن و شێواندنی ڕاستیەکان، بە مەبەستی ناوزڕاندن و گۆشەگیر کردنی خەڵک، کۆمەڵگا، یان گرووپێکی دیاریکراو.[2] شەڕی دەروونی بە بەکارهێنانی زانیاری لە دژی دەروونی خەڵک پێناسە دەکرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی پڕۆپاگەندە و تەکنیکی ژێربەژێر بۆ دانانی کاریگەری لە سەر هەڵوێست، هەڵبژاردن و هەڵسوکەوتی دوژمنێکی دەستنیشانکراوی دەرەکی یان ناوخۆیی. هێندێک جاران دیاریکردنی بکەری شەڕی دەروونی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا بکەر خۆی وەکوو هێمایەکی پیرۆز، بەهێزو بە توانا، بەسۆز و ڕزگاریكەر دەردەخات. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەڕی دەروونی پەیوەستە بە بردنەوەی شەڕ بە بێ بەکارهێنانی هێزی سەربازی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە گۆڕەپانی  شەڕدا هەموو ئامرازەکان (بۆ وێنە پڕۆپاگەندە)، دەتوانن بکەوەنە خزمەتی شەڕی نەرمەوە.

 شەڕی دەروونی بە مانا بەرینەکەی، بریتییە لە بەکارهێنانی بەشێک لەو زانستەی کە پێی دەوترێت دەروونناسی، بۆ بەڕێوەبردنی ئەم  شەڕە؛ و بە مانا بەرتەسکەکەی، شەڕی دەروونی پێکدێت لە بەکارهێنانی پڕۆپاگەندە لە دژی دوژمن، هاوشان لەگەڵ ڕێوشوێنە سەربازییەکاندا. وەکوو زانای پێشەنگی بە چەمککردنی شەڕی دەروونی، پاول لاینبارجر (Paul Linebarger) ئەڵێت: “نە  شەڕ و نە دەروونناسی بابەتێکی نوێ نێن و هەر یەکێکیان تەمەنیان بەقەدەر تەمەنی مرۆڤایەتی درێژە”.[3] لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لە شەڕی دەروونی بوارێکی نوێی زانستە، مێژووی کۆن و هاوچەرخی مرۆڤایەتی پڕە لە نموونەی بێشوماری ئەم جۆرە شەڕانە، کە بۆ زاڵ بوون و سەرکەوتن بەسەر هێڵی دوژمندا بەکارهاتوون. شەڕی سایکۆلۆژی، مێژوویەکی درێژی هەیە و وەکوو بەشێکی گرینگ لە هونەری  شەڕ (Art of War) چاوی ڵێ دەکرێت. بۆ وێنە بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە لە تەکنیکی شەڕ لە هەزارە و سەدەکانی پێشوودا، دەکرێت ئاماژە بکرێت بە گەورە فەرماندەی چینی، سەن تزوی[4] (Sun Tzu) کە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، سایکۆلۆژیی ستراتێژیی سەربازیی زۆر کاریگەری بۆ سەرکەوتن بە سەرنەیارەکانیدا بە کار هێناوە. هەروەها ئەم جۆرە لە ستراتێژیی  شەڕ لەلایەن ئیمپراتۆریەتەکانی ڕۆمای کۆن و مەغۆلەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و ئیمپراتۆریەتە کۆڵۆنیالیستەکانی ئەورووپای سەدەی نۆزدەهەم بەکارهێنراوە. لە چوارچێوەی مێژووی هاوچەرخدا، لە کاتی  شەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەم و  شەڕی ڤیەتنام، شەری دەروونی، بە شێوەیەکی چڕوپڕ و سیستەماتێک بە کارهێنراوە.[5] بۆ وێنە و بە گوتەی لاینبەرجەر” لە ماوەی  شەڕی جیهانیی یەکەمدا، شەڕی دەروونی، ڕۆڵی ئامێرێکی سەربازیی گرنگی گێڕا، دواتریش تەنانەت بەو چەکەی کە شەڕەکەی بردەوە، ناوبانگی دەرکرد”.[6]

بە گشتی لە  شەڕی دەروونیدا، هەروەک ناوەکەی ئاماژە دەکات، بەکارهێنانی زانستی دەروونناسی، ئامرازێکی گرینگە بۆ سەرکەوتن لەم شەڕەدا.  شەڕی دەروونی بە شێوەیەکی داڕێژاوە و سیستەماتیک تێدەکۆشێت بۆ کارتێکردن لە دڵ و دەروون و دابەزاندنی ورەی دوژمندا. ئەم جۆرە شەڕانە بە تاقەتپڕووکێنترین و درێژخایەنترین پرۆسە مەزەندە دەکرێن، کە سەرکەوتن و شکست لەم شەڕانەدا لە مانگەکان یان ساڵانی دوای بەکارهێنانیان دەتوانرێت هەڵبسەنگێندرێت. یەکێک لە جیاوەزییەکانی  شەڕی دەروونی و شەڕی سەربازی لەوەدایە کە شەڕی سەربازی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە و ئەم دەرئەنجامانەی کە لەدوای خۆی بەجێیان دەهێڵێت، دەتوانرێت کە بە چاو ببینرێت، بەڵام شەڕی دەروونی دەتوانرێت وەکوو کردەوەیەکی ناتوندوتیژ بەکار بهێنرێت و ئاکامەکانیشی بە شێوەی جۆراوجۆر و لەکاتی جیاوازدا دەردەکەوێت و ئەنجامەکان هەرگیز ناتوانرێت بە تەواوی پێشبینی بکرێن. لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین کە شەڕی سایکۆلۆژی، شەڕێکە بۆ لاواز کردنی کاردانەوەی/بەرگری دوژمن، بەمەبەستی دابەزاندنی ورە و کەم کردنەوەی کاراییی هێزی نەیاردا، لە ڕێگەی دروست کردنی گومان و لەدەستدانی بیر و باوەڕەوە. جا بۆیە کلۆو (Clow) شەڕی دەروونی بە شەڕی “دڵ و عەقڵ” ناودەبات.[7] هەرەوها شەڕی دەروونی هەم دەتوانێت بەشیک بێت لە هێرشی بەرفراوانی سەربازی، هەمیش بەشێکی گرنگ بێت یا مەزەندە بکرێت وەکوو ئامادەکاری بۆ شەڕی داهاتووو.

شەڕی دەروونیی سەردەم، لە زانستی سایکۆلۆژیای هاوچەرخ بۆ نەخشەدانان، بەڕیوەبردن و گەیشتن بە ئامانجەکانی، کەڵک وەردە گرێت. ماس میدیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان و جۆرەهای دیکەی تەکنۆلۆژیا، وەکوو ئامراز لە لایان هیزەکانی بکەری ئەم شەڕەوە (دەوڵەتەکان و ‌هێندیك جاریش هێزە نادەوڵەتییەکان و گرووپگەلێکەوە) بۆ ئەنجامدانی ئەم شەڕە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. بۆیەش ئەمانە دەبن بە بەشێک لە ئامراز و میدیاگەلێکی گرنگ لە جێبەجێکردنی ئەم  شەڕەدا.  شەڕی دەروونی و پڕۆپاگەندە (وەکوو میکانیزمێکی گرینگ لە خزمەتی ئەم شەڕەدا)،عەقڵیەت و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە/دوژمنە دیاریکراوەکەی (well-defined audience) دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی دوو ئامانجی سەرەکی بپێکێت:

 ا) دابەزاندنی ورە و کەمکردنەوەی کاراییی دوژمن، بە دروستکردنی گومان و دوودڵی و بێباوەڕی.

 ب) بەدەسهێنانی هەست، سۆز و پشتیوانیی جەماوەرێک کە هێشتا بڕیاریان نەداوە کە لە کام بەرەی شەڕدا بن.

 جیاواز لە  شەڕی سەربازی، لە شەڕی دەروونیدا توندوتیژیی جەستەیی کەمتر بەکار دێت، بەڵام لەم جۆرە شەڕانەدا تووی ترس و دوودڵی دەچێنرێت. پڕۆپاگەندە سەرەکیترین ئامرازە لە خزمەتی شەڕی دەروونیدایە و هەربۆیە لاینبارجر بە “قایلکردنی پلان بۆداڕێژراو بە ڕێگای ناتوندوتیژ” وەسفی دەکات.[8] لە خوارەوە تیشک ئەخرێتە لەسەر چەمکی پڕۆپاگەندەو چۆنیەتیی بەکار هینانی ئەم ئامرازە لە بەڕێوەبردنی شەڕی دەروونیدا.


پڕۆپاگەندە

کۆتا دەیەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم بە سەردەمی بەرفراوانبوونی چالاکیی پڕۆپاگەندە مەزەندە دەکرێت. هۆکارەکانی پەرەسەندنی پڕۆپاگەندە دەگەڕێنەوە بۆگەشەی میدیای جەماوەری و باش بوونی ڕەوت و ڕێژەی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی زانیاری و شتومەک، هەروەها گرنگیدانی دەوڵەتان بە فرەڕەهەند بوونی شەڕ و ئامرازەکانی. جا بۆیە لەم بوارەدا هەریەک لە میدیا جەماوەرییەکان، چاپ، فیلم، ڕادیۆ و پاشان تەلەفزیۆن بە شێوازی جیاواز، کەوتنە خزمەت پڕۆپاگەندەوە.[9] پێناسەکان بۆ دەستەواژەی پڕۆپاگەندە زۆرن. بەڵام خاڵی هاوبەشی ئەم پێناسانە ئەوەیە کە پڕۆپاگەندە بە یەکێک لە کاریگەرترین و گرنگترین ئامرازەکانی  شەڕی دەروونی پێناسە دەکرێت و پڕۆپاگەندە وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوت و بیری کۆمەڵگای بەئامانجکراو و، چەواشەکردنی ڕاستییەکان بۆ ئەوەی بەکارهێنەرەکەی دەرئەنجامێکی خوازراو بەدەست بهێنێت چاوی لێ دەکرێت. جیاواز لە توندوتیژی کە دەیهەوێت لە رێگای بە کارهێنانی هێز و زۆرەوە، هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەکان بگۆڕێت، پڕۆپاگەندە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەکان لە ڕێگای قایل کردنەوە. دەتوانرێت بوترێت کە پڕۆپاگەندە بریتییە لە بەکارهێنانی سیستەماتیک و پلان بۆ داڕێژراوی هەر جۆرە ئامرازێک بۆ دروست کردنی کاریگەری لەسەر عەقڵ و هەست و کردارەکانی گرووپێکی دیاریکراو بۆ ئامانج و مەبەستێکی دیاریکراو.[10] بە پێی لێکۆڵینەوەکانی جۆوێت و ئۆدۆنێل؛ پڕۆپاگەندە هەوڵدانێکی بەئەنقەست و سیستماتیکە بۆ کارتێکردن یان دیاریکردنی ڕوانگەیەکی تایبەتی (Shaping Perceptions)، کارتێکردن ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆبەمەبەستی گۆڕینی هەڵسوکەوتی کۆمەڵگا و/یان گرووپێکی بە ئامانجکراو بۆ بەدەستهێنانی و گەیشتن بە ئامانجگەلێکی دیاریکراو.[11]

لاینبارجر دوو جۆری سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندە وەک ئامێری شەڕی دەروونی دیاری دەکات: پڕۆپاگەندەی هێرشبەر (offensive propaganda) و پڕۆپاگەندەی گۆڕێنەر (conversionary propaganda). هەروەک لاینبارجر ئێژێت؛ پڕۆپاگەندەی هێرشبەر مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگایەکی دیاریکراوەو و یان بۆ جێخستنی کولتوور و داب و نەریتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دیاریکراو، ئەنجام دەدرێت. بەڵام پڕۆپاگەندەی گۆڕێنەر بۆ ئەوە ئەنجام دەدرێت کە پشتوانی و سۆزداری ڕابکێشرێت بۆ لای هێزی بەکارهێنەری ئەم شەڕە دەروونییە یان پشتیوانیی تاکەکان لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تربگۆڕێت [12].

گریمانەیەکی گرنگ سەبارەت بە پڕۆپاگەندە ئەوەیە کە پڕۆپاگەندە لەسەر بنەمای درۆی یەک ڕەهەندی ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کاریگەری دانان لە سەر بیر و کردەوەی خەڵک، بە سەریاندا زاڵ ببن. بەڕای لاسوێل لەم سەردەمەدا پڕۆپاگەندە “بووەتە پیشە”(profession) و بە شێوەی “پلانداڕێژراو سیستەماتیک بە ڕیوەدەچێت”. پڕۆپاگەندە وەک شتێکی خراپ ناوزەد دەکرێت و زیاتر لەلایەن ڕژێمە ستەمکارەکانەوە بەکار دەهێنرێت بۆ شکۆدارکردنی سەرکردەکانیان و ناوزڕاندنی نەیارەکانیان لە ڕێگەی کارتێکردن لەسەر ڕای گشتی. هەر وەها بۆ بەهێزکردنی شەرعییەتی خۆیان.[13]

بەکارهێنانی پڕۆپاگەندە بە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت و کاتی بەکارهێنانی ئەم ئامرازە بە شیوەی پلان بۆ دارێژراو و سیستەماتیک، وەکوو ئامرازێکی فەلسەفی و تیۆریک دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. بەڵام بۆ وێنە لە سەردەمی دوای 1945 دا بەکارهێنانی پڕۆپاگەندە بووە بە ڕێکارێکی سەرەکی لە شەڕی ئایدیۆلۆژیی نێوان وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا و بە بەرزبوونەوەیەکی زۆر تا کۆتایی  شەڕی سارد، چالاکیی پڕۆپاگەندە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام بووە.[14] کاتێک دانیال لێرنەر[15](Daniel Lerner) ئاماژە بە شەڕی دەروونی دەدادت، گرنگییەکی تایبەت دەدات بە ڕۆڵی هێماکان بۆ سەرخستنی سیاسەتەکان لە چوارچێوەی ئەم شەڕەدا. لێرەدا ڕۆڵی پڕۆپاگەندە ئەوەیە کە هەم هێما وەکوو ئامرازێک لە بەرژەوەندیی گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکار بێنێت و هەمیش هێرش کاتە سەرئەو ژینگە ڕەمزی و هێمایانە کە بۆ ئەو خەڵک و کۆمەڵگایەی کە ئامانجی شەڕی دەروونی و پڕۆپاگەندەن، پیرۆزن.

مێژووی بەرفراوان بوونی پڕۆپاگەندە لەسەر سێ فاکتەری بەیەکەوە گرێدراو بنیاتنراوە: یەکەم؛ زیادبوونی پێویستی بەکارهێنانی ئەم کردەوەیە هاوکات لەگەڵ زیاد بوونی جیاوازییە سیاسی و کولتوورییەکانی نێوان دەوڵەت-نەتەوەکان، بۆ بردنەوەی ئەوەی کە پێی دەوترێت “شەڕی دڵ و عەقڵ”، دووەم؛ زیادبوونی میدیا و ئامرازەکانی پەیوەندی بۆ گەیاندنی پەیامی پڕۆپاگەندە، سێیەم؛ زیاتر تێگەیشتن لە دەسکەوتەکانی شەڕی سایکۆلۆژی، گرنگیی پڕۆپاگەندە لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم شەڕە.[16]

توندوتیژی و پڕۆپاگەندە زۆر شتی هاوبەشیان هەیە، بەڵام خاوەنی چەند جیاوازیی سەرەکیشن. بۆ وێنە یەک لە جیاوازییەکان ئەوەیە کە توندوتیژی مەبەستیەتی کە هەڵسوکەوتی ئامانجەکەی بگۆڕێت لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزەوە، پڕۆپاگەندە هەمان ئامانجی هەیە بەڵام زیاتر هەوڵ دەدات بە گۆڕینی هەڵسوکەوت لە ڕێگای باوەڕ پێ هینان و قایل کردنەوە. تیرۆر دەکرێت وەک تێکەڵەیەک لەم دووانە تەماشا بکرێت.[17] سزانتۆ پڕۆپاگەندە پۆلێن دەکات بە پرۆپاگەندەی گێرەشێوێن (agitative) و پرۆپاگەندەی یەکدەستکەر/ تێکڵاوکەر(integrative)، و دەڵێت کە لە کاتێکدا کە پڕۆپاگەندەی گێرەشێوێن هەوڵ دەدات کارتێکەریی چەواشەکارانەی هەبێت لەسەر هەڵسوکەوتی کەس و کۆمەڵگای ئامانج، پڕۆپاگەندەی تێکەڵاوکەر/ یەکدەستکەرهەوڵ دەدات کۆمەڵگا و کەسی ئامانجکراو پاسیڤ بکات بە جۆرێک کە بێ ئاڵەنگاری، داواکاری و سیاسەتەکان قەبووڵ بکەن.[18]


پێوەندیی کەرەستە و شەڕی دەروونی و پرۆپاگەندە

لە هەر شوێنێک کە کەناڵی پەیوەندی بوونی هەبێت، بواری ڕوودانی پرۆپاگەندە زۆرە. ئینتەرنێت و شێوە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندی دیجیتاڵ بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەدا. هەروەک هابرماس[19] ئاماژەی پێدەکات ئەنتەرنێت بوو بە شوینێکی گشتی ‘گوندە جیهانییەکان’ “global villages” و مارک پۆستەر[20] وەک ‘مۆدی زانیاری’، ئاماژە بە ئینتەرنێت دەکات و ئێژێت کە ئینتەرنێت ڕووی لە شوێنی گشتی کردووە و ڕێگە بە هەمەجۆریی ناوەڕۆک، ئاڵوگۆڕی بیرۆکە دەدات و بەربەستەکان بەر پێوەندیکردن بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو کەم دەکەنەوە و یان لایان دەبەن.بەڵام لە لایەکیدیکەوە، تەکنەلۆژیای پەیوەندی کردن توانیویانە ببن بە ئامرازێک لە خزمەتی ڕژێمە ئۆتۆکراتەکان بۆ سانسۆڕکردنی بیروڕای گشتی، بڕەو پێدان بە ئایدۆلووژیا و پرۆپاگەندەی دەسەڵات، ترساندن، وبەشیوەی سیستماتیک چاودێریکردنی بەرهەڵستکاران.[21] بەکارهێنانی ئەم ئامراز و تەکنۆلۆژیایانە لە لایان دەسەڵاتە ئۆتۆکرات و داپڵۆسێنەرەکانەوە بووە بە هۆێ درووست بوونی حاڵەتێک کە دەتوانرێت ئاماژەی پێبکریت وەکوو دەوڵەتی/دەوڵەتانی ئۆروێلی (The Orwellian State). لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتە نادیموکراتیەکان، میدیا لە حاڵەتی پردی پێوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتەوە وە دەگۆرێت بۆ ئامرازێکی پێوەندی یەکلایەنە و ئامرازی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندەی دەوڵەتان.

بەڕێوەبەرانی شەڕی دەروونی مۆدێرن هەموو ئامرازەکانی پڕۆپاگەندەی بەکاردێنن لە هەڵمەتەکانییاندا، بۆ وێنە بڵاوکراوە/رۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، فیلم، ئینتەرنێت، فەیسبووک، تویتەر، تیڤی، یوتیوب، کارتۆن، پۆستەر، وتار، ئاڵا، کتێب، شانۆ، مۆسیقا، پیشانگا، مۆزەخانە، ڕووداوە وەرزشی و کلتورییەکان و هتد. فەیسبووک و تویتەر و سەرچاوەکانیتری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ئامرازی گرنگی پەیوەندیکردن بە گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە سەرتاسەری گۆی زەویدا. بیگوومان میدیاکان لە سەردەمی مۆدێرندا ئامێرگەلێکی بە هێزن لە خزمەت شەڕێ دەروونی و پرۆپاگەندەدا، کە دەکرێت وەک ئامێری  شەڕ سەیریان بکرێت.[22] لە لایەکەی ترەوە سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی گرینگیان گێراوە (و دەیگێرن) لە ڕێکخستنی ناڕەزایی و درووست کردنی پەیوەندی و بڵاوکردنەوەی زانیاری بەربڵاو سەبارەت بە چالاکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەیی، هتد، تا ڕادەیەک کە ئەم پلاتفۆرمە میدیایە ئۆنلاینانە بوونەتە ئامرازی ڕێکخستن و سەرهەڵدانی ئاراستەیەک کە بە گشتی بە “چالاکی سۆشیال میدیا” ناسراوە. [23]بۆیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ئامێری پێوەندی بۆ نزیکەبوونەوەی بزووتنەوەگەلێکی جیاواز لە سەر ئاستی جیهانیدا. لاری دایمۆند ( Larry Diamond) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ” تەکنەلۆژیای ڕزگاری ” ناودێر دەکات کە ” هاوڵاتیانی ئاساییش توانای بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ئاشکراکردنی هەڵەی دەسەڵاتداران هەبێت و دەربڕی بیروڕای جیاوازبن کە ئەمانەش دەبنە هۆی فراوانکردنی ئاسۆی ئازادییان.[24] بەڵام دەوڵەتان، بەهۆی دەست ڕۆیشتوویی ئابووری و توانایانەوە زیاتر لە هاوڵاتانی ئاسایی، چالاکانی مەدەنی و هیزە بەرهەڵستکارەکان، قازانجیان لە ئەنتەرنێت، تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و ‘سایبەر سپەیس’ بینیوە. ئامرازەکانی پێوەندی بەکۆمەڵ، لە ناویاندا تەلەفزێۆن زۆر بە بەرفراوانی و سیستەماتێک کەڵکی لێوەردەگیردرێت بۆ بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندە. تەلەفزیۆن بە هۆی توانای سەرنجڕاکێشانی سروشتی بینراوی (visual) دەتواندرێت بەئاسانی بە شیوەیەکی خراپ بەکار بهێنرێت وەکوو ئامرازی پڕۆپاگەندە. بۆیە تەلەفزیۆن ئەرکێکی گرنگ لە بڵاو کردن و وەسەر خستنی پڕۆپاگەندە بە جێدەگەیەنێت.[25]


میدیا لە ئێراندا؛ چەکی سەرکوتی بەکۆمەڵ

کۆماری ئیسلامی ئێران نمونەیەکەی دیاری دەوڵەتی ئۆروێلی یە، بەتایبەت کە دەگاتە ڕادەی بەکارهێنانی تەکلۆنۆژیا، تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بەگشتی ئەوەی کە پێی دەوترێت ‘نیو میدیا’، و بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندە لە پێناو کپکردن و سانسۆرکردنی دەنگە نارازیەکان لە ئێراندا. گەرچی لە ڕاستیدا بەرپرسیارێتی و ئەرکە سەرەکییەکانی میدیا بریتین لە، ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی و ئاگاداربوونە لە هەڵسووکەوتی دەسەڵاتداران و لەقاودانی بریار و کرداری نابەرپرسانەی کاربەدەستانی وڵات، وەکوو سەکۆیەک بۆ دەربڕین و بیستنی ڕایگشتی، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی دا (هەروەکوو دەسەڵاتە دیکتاتۆڕەکانیتر) ئەرکەکانی دەزگا ڕاگەیاندنییەکانی تەواو پێچەوانەن و لە بری ئەوە، ڕاگەیاندن ئەرکی ڕاگرتنی هاوڵاتیان لە تاریکیدا و داپۆشینی کارە ناڕەواکانی دەسەڵات و تێکدانی ڕاگشتی و کپکردنی هەر دەنگێک کە لایان دەسەڵاتە وەکوو دژبەر بناسێندرێت.

لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسەڵات، میدیا (بە هەموو لایەنەکانیانەوە) وەکوو ئامرازاێکی شەڕی دەروونی بەرانبەر بە کۆمەڵگا بەکار دەهێنێت. لە لێکۆڵینەوەی گشتگیر و نوێ کە لە لایان فێدراسیونی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ و دادپەروەری بۆ ئێران (International Federation for Human Rights (FIDH) and Justice for Iran (JFI))[26]  ئامادە و بلاوکراوەتەوە، لەسەر ڕۆڵی چەواشەکارانەی میدیا لە ئیران، بەکارهێنانی دانپێدانانی زۆرەملی و دادگایی کردن و بەرنامەی ناوزڕاندن لە ماوەی40 ساڵ لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، ئاماژەیان پێ کراوە. ژمارەی ئەو جۆرە بەرنامانەی کە لە لایەن دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکراونەتەو ە،دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە لە ساڵی 1979ەوە، قۆرخکارییەکی تەواو بەسەر تەلەفزیۆن و ڕادیۆدا کراوە و ئەم ڕێکخراوە و چڵ و پۆپەکانی، سەدان بەرنامەی دانپێدانانی زۆرەملێ و بەرنامەگەلێک بە ناوەڕۆکی ناوزڕاندنیان، بڵاوکردووەتەوە. جا بۆیە ئەم ڕێکخراوە میدیایییە، بووە بە ئامرازێکی سەرکوتکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو کۆمەڵگای مەدەنی، کوونترۆڵ کردنی وێژمانی گشتی، تۆقاندن و ناوزڕاندنی تاک و کۆمەڵگای مەدەنی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا، هێرشی بێبڕانەوە بۆسەر ئۆپۆزسیۆن؛ پاساو هێنانەوە بۆ سەرکوتکردنی دژبەر و چالاکوانانی دەرەوەو و ناوخۆ؛ پاساوهێنانەوە بۆ بەتاوابارکردن و ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییی چالاکانی مەدەنی و سیاسی.

هەروەک لە ڕاپۆرتی FIDH/JFIدا ئاماژەی پێ کراوە: ”دەزگای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی بەکۆمەڵی کۆمەڵگا، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکان و سوپای پاسداراندا. ئەم دەزگایە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارە لە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ”.[27] دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی چالاکییە جۆراوجۆرەکان لە چەندین بواری بڵاوکردنەوە و دیجیتاڵ میدیا و ڕۆژنامەگەری، هونەر، کەلتوور و پیشەسازی و ڕۆشنبیریدا، بە شێوەی جۆراوجۆر کارتێکەری دەکەنە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە ئێراندا. بۆ وێنە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، وەک ئۆرگانی سەرەکیی ڕاگەیاندن لە ئێراندا، لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوە هەواڵگری، ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیدا کار دەکات. ئەم دەزگایە کاریگەرترین ڕێکخراوە بۆ بەرهەمهێنان و پەخشی فیلم و پرۆپاگەندە بە ئامانجی کپکردنی دەنگە بەرهەڵستکارەکان لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران. مێژووی بەکارهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی بەمەبەستی سەرکوتی بەرهەڵستکاران دەکرێت بۆ سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی بگەڕێتەوە. پڕۆپاگەندەی ناوزڕاندن، ڕێک ئەو جۆرە  شەڕەیە کە لەلایەن دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامییەوە لە ژێر ئەجێندایەکی فراوانتری “ئەندازیاریی ڕۆشنبیری” (Cultural Engineering) دا داڕێژراوە کە لە لایەن ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی بەڕێوەدەچێت. کەڵک وەرگرتن لە شەڕی نەرم و هێزی نەرم بە گرنگترین ئامرازەکانی بە ئامانج گەیشتن بۆئەم مەبەستە دیاری کراون. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵ و کەسگەلێکی جۆراوجۆر بە ئامانج دەگرن، لەوانە: چالاکوانانی سیاسی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی بەرهەڵستکار، بەرگریکارانی مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ، چالاکوانانی ژینگە، چالاکوانانی مافەکانی منداڵان، ئەندامانی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان وهتد. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی، ناوزڕاندنی چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و نیشاندانی وێنەی تۆقێنەری هێزە ئەمنیەکان و ناردنی پەیامێکی بەهێزە کە هەر کەس، چەند بەهێز و سوور بێت، لە کۆتاییدا شکست دێنێت و ملکەچی دەسەڵات و بەهاکانی کۆماری ئیسلامی دەبێت.



سەرچاوەکان

[1] Harold D. Lasswell (1951). Political and psychological warfare. In D. Lerner (Ed.), Propaganda in war and crisis (pp. 261–277). New York: G. W. Stewart. 261.

[2] David A. Charters (1977). “Intelligence and Psychological Warfare Operations in Northern Ireland”, The RUSI Journal, 122:3, 22-27.

[3] Paul M. A. Linebarger (1948). Psychological Warfare. Washington; Indiana University,، 25.

[4] Tao Hanzhang (2007). Sun Tzu‟s Art of War: The Modern Chinese Interpretation. London: Sterling Innovation.

[5] Linebarger, “Psychological Warfare”; FRANK R. BARNETT (1989) POLITICAL WARFARE and PSYCHOLOGICAL OPERATIONS, RETHINKING the US APPROACH, National Defense University Press.

[6] Linebarger, “Psychological Warfare”, 62.

[7] Ryan Clow (2009). Psychological Operations: The Need to Understand the Psychological Plane of Warfare. Canadian Military Journal Issue 9:1, 21.

[8] Linebarger, “Psychological Warfare”, 25.

[9] Garth Jowett and Victoria O’Donnell (2014).Propaganda and Persuasion. London: Sage Publications, 105.

[10] Jowett and O’Donnell “Propaganda and Persuasion”; Alex Schmid (2005) Terrorism as Psychological Warfare, Democracy and Security 1:2, 142; Linebarger, “Psychological Warfare”.

[11] Jowett and O’Donnell “Propaganda and Persuasion”, 7.

[12] Linebarger, “Psychological Warfare”.45-46

[13] Harold D. Lasswell (1927). Propaganda technique in the world war. New York: Knopf.

[14] Jowett and O’Donnell “Propaganda and Persuasion”, 331.

[15] Daniel Lerner (1951). Propaganda in war and crisis. New York: G. W. Stewart.

[16] Jowett and O’Donnell “Propaganda and Persuasion”, 58 – 59.

[17] Schmid, “Terrorism as Psychological Warfare”, 142.

[18] George H. Szanto (1978). Theatre and propaganda. Austin: University of Texas Press, 10

[19] Habermas in Babak Rahimi (2011) The Agonistic Social Media: Cyberspace in the Formation of Dissent and Consolidation of State Power in Postelection Iran, The Communication Review, 14:3, 158-178,

[20] Mark Poster (2004) “Consumption and digital commodities in the every day”, Cultural Studies 18:2-3, 399.

[21] Rahimi, “The Agonistic Social Media”.

[22] Emily K. Vraga, Kjerstin Thorson, Neta Kligler-Vilenchik, Emily Gee (2015) How individual sensitivities to disagreement shape youth political expression on Facebook, Computers in Human Behavior 45, 281–289; Kenneth Payne (2005) “The Media as an Instrument of War.” The US Army War College Quarterly: Parameters 35:1, 81.

[23] Thomas Poell, (2014). Social Media Activism and State Censorship. In Social Media, Politics and the State: Protests, Revolutions, Riots, Crime and Policing in an Age of Facebook, Twitter and YouTube, edited by D. Trottier & C. Fuchs. 189-206. London: Routledge.

[24] Diamond in Poell “Social Media Activism”, 190-191.

[25] Jowett and O’Donnell “Propaganda and Persuasion”, 155.

[26] FIDH/JFI, “Orwellian State: Islamic Republic of Iran’s State Media as a Weapon of Mass Suppression”, No. 749a, 2020, 14.

[27] FIDH/JFI, “Orwellian State”, 6.

داگرتنی بابەت