ئارامتر بخوێنەوە
لێکۆڵینەوەی مێژوویی-کۆمەڵایەتی لە ئێستادا
د. مەعرووف کەعبی
“لە دوو دەیەی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیدار بە کۆمەڵگای کوردەواری لە ئێران گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، هەوڵێکە بۆ خۆ ڕزگارکردن لە ژێر قورساییی کۆمەڵگای سیاسی و نەریت و پەرۆشەکانی. توێژینەوەکان بە گشتی ئەو بابەتانە بەسەردەکەنەوە کە کۆمەڵگای هاوچەرخی ئەمڕۆ گیرۆدەیانە. لەوانەش دەکرێ ئەمانە ناو ببەین: ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی، کشتوکاڵ، گەشەی ئابووری، زمان و جنسییەتی کۆمەڵایەتی. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، گۆڤارەکانی زانکۆکانی ئێران و کوردستان (وەک دیاردەیەکی تازە) و بلاوکراوەکانی دیکە بە زمانی کوردی بوونەتە خاوەن وتاری توێژەرانی نوێی بواری کۆمەڵایەتی.”
پوختە
ئەم وتارە دوو مەبەستی سەرەکیی هەیە. یەکەم، تیشک دەخاتە سەر سەرهەڵدانی توێژینەوەی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیدار بە کۆمەڵگای کوردەواری لە ئێران بە تایبەت لە ١٣٨٠ بەملاوە؛ و دووهەم، باسی ئەوە ئەکات کە چلۆن گەشە لەو بوارەدا هاوکات لەگەڵ بەربڵاوبوونەوەی چوارچێوەی نەزەری و تیۆری بەڕێوە چووە. باسی چوارچێوەی نەزەری، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕوانین بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ کێشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردەواری لە ئێران هەیە. لەم ساڵانەی داوییدا، هەتا هاتووە تیۆرییەکانی دواداگیرکاری (پۆستکۆلونیال) ڕەنگدانەوەی زۆرتریان بووە لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا. بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕوانین بۆ کۆمەڵگای کوردەواری لە سۆنگەی دیکەشەوە هەبووە. بۆ وێنە، خوێندنەوەی پەیوەندیی فەرهەنگی لە ئێران وەک پەیوەندییەکی هێژمۆنیک کە تێیدا سەروەری بۆ فەرهەنگ و زمانێکی دیاریکراو مسۆگەر کراوە و هەرجارە ئەو پێگە سەروەرە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات هەڵکێشێک لەوانە پێک بهێنێت تا خزمەتی ڕەوتی داهاتووی لێکۆڵینەوەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لە ئیران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بکات. بەستێنی سیاسی و مێژووییی ئەم باسە، سەردەمی دوای جەنگی جیهانیی دووهەمە کە لە ناخیدا تیۆرییەکانی نوێسازی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵدا. ئەم باسە ئاکامی چەندین ساڵ خوێندن و لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم بابەتانەیە. ئەم وتارە لە کۆتاییدا بانگەوازی خۆتەیارکردن دەکات بە بۆچوونێکی هەمەلایەنە یا چەندڕەهەندی کە ڕێنمایەکی باشترە بۆ بواری مێژوو و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی.
پێشەکی
لە دوو دەیەی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیدار بە کۆمەڵگای کوردەواری لە ئێران گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، هەوڵێکە بۆ خۆ ڕزگارکردن لە ژێر قورساییی کۆمەڵگای سیاسی و نەریت و پەرۆشەکانی. توێژینەوەکان بە گشتی ئەو بابەتانە بەسەردەکەنەوە کە کۆمەڵگای هاوچەرخی ئەمڕۆ گیرۆدەیانە. لەوانەش دەکرێ ئەمانە ناو ببەین: ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی، کشتوکاڵ، گەشەی ئابووری، زمان و جنسییەتی کۆمەڵایەتی. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، گۆڤارەکانی زانکۆکانی ئێران و کوردستان (وەک دیاردەیەکی تازە) و بلاوکراوەکانی دیکە بە زمانی کوردی بوونەتە خاوەن وتاری توێژەرانی نوێی بواری کۆمەڵایەتی. دوانامەکانی ئاستە جۆربەجۆرەکانی خوێندن، لەوانە ئاستی دوکتۆرا، هەرچی زۆرتر خۆیان لەو بوارانە داوە کە پەیوەندییان بە کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردەوارییەوە هەیە. ئەمە خۆی لە ناخی گەشەی بواری ئاکادێمیک لە کوردستانی ئێران لە ژێر سایەی زیادبوونی ناوەندەکانی خوێندن لە شار و لادێ و هەڵکشانی ڕادەی خوێندکاران لە ئاستەکانی بەرزتری خوێندندا ڕووی داوە.
هاوکات، توێژینەوەکان پشتئەستوور بوون بە گەلێک تیۆری و ڕەوشتناسیی تایبەتەوە بۆ ئەوەی چوارچێوەی نەزەریی خۆیان دیاری بکەن. گەلێک سیستەمی فیکری وەک تیۆریی ڕەخنەگرانەی مەکتەبی فرانکفۆرت، پۆستمۆدێڕنیسم و لێکۆڵینەوەی فەرهەنگی و هتد، بە لێشاو لە توێژینەوەکاندا دەرئەکەون. لەم دواییانەشدا، تیۆرییەکانی دواداگیرکاری (پۆستکۆلونیال)، لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، ڕەنگدانەوەی زۆرتریان بووە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕوانین بۆ کۆمەڵگای کوردەواری لە سۆنگەی دیکەشەوە هەبووە. بۆ وێنە، خوێندنەوەی پەیوەندیی فەرهەنگی لە ئێران وەک پەیوەندییەکی هێژمۆنیک (واتە نەک موستەعمەرانە) کە تێیدا سەروەری بۆ فەرهەنگ و زمانێکی دیاریکراو مسۆگەر کراوە و هەرجارە ئەو پێگە سەروەرە بەرهەم دەهێنرێتەوە. کەوابوو، لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی ڕوانین یا خاڵی دەسپێکی لێکۆڵینەوە پێکەوە دێن.
بەڵام بە ڕای من ئەو هەوڵانە کێشەی خۆیان هەبووە. لەگەڵ ئەوەیکە توێژینەوەکان دەسپێکی سەردەمێکی بەنرخن لە بواری ئاکادیمی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ڕوانینی هەڵە بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی درێژەی هەبووە یا قورسایی خراوەتە سەر تەنها جۆرێک لە تێۆرییەکان. تا ئەو جێگایەی بۆ ڕوانینی هەڵە دەگەڕێتەوە، نموونەکەی درێژەی دابەشکردنی مێژووە بە دوو سەردەمی سوننەتی و هاوچەرخ. توێژینەوەکان بە گشتی نەیانتوانیوە خۆیان لە ژێر ئەو دابەشکردنە کە ئاکامی تیۆرییەکانی نوێسازی و گەشەی دوای شەڕی دووهەمی جیهانییە، ڕزگار بکەن. بۆیە لە زۆر جێگادا، توێژینەوەکان، سەردەمی ئەمڕۆ وەک سەردەمی تێپەڕبوون (گذار) پێناسە دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی تیۆرییەکانی دواداگیرکاری زۆرتر بوونەتە باو، یا بەدەگمەن بۆچوونە گرینگەکانی ئەو تیۆرییە لە جێگای خۆیان بەکار دەبرێن یا ئەو بۆچوونانە دەکرێنە پشتیوانەی بۆچوونێکی ڕووکەشانە.
لە خزمەت پەرەپێدان و قووڵترکردنەوەی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، ئەم وتارە چەندین ئامانج بۆ خۆی دیاری دەکات. لە بەشی یەکەمدا، ئەوە شی دەکاتەوە کە بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردەواری لە ئیران دەبێ سەرنج بدرێتە دوو ڕەوتی نوێسازیی کۆمەڵایەتی-ئابووری و یەکجۆرسازیی فەرهەنگی کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم. گرینگیی ئەمە لەوەدایە کە ئەو دوو ڕەوتە کۆمەڵگایەکی دایمە لە حاڵی گۆڕان و نەک چەقبەستوو دەردەخەن و وامان لێ دەکەن کە لە دۆزینەوەی جوابی هەمیشەیی بۆ پرسیارەکان خۆمان بپارێزین. بەدوای ئەمەدا، باسی توێژینەوەکانی ئەم دواییانە دەکەم. لە بەشی دواتردا باسی تیۆرییەکانی نوێسازی و بۆچوونی یەکڕەهەندی (یک بُعدی)ی ئەو تیۆرییانە دەکەم کە بوونە ڕێنمای نوێسازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا. لە بەرانبەردا بۆچوونی چەندڕەهەندی وەک بەدیلی ئەو تیۆرییانە باس دەکرێت. لە درێژەدا، باسی تیۆرییەکانی دواداگیرکاری و هێژمونی فەرهەنگی دەکرێت و هەوڵ ئەدرێت هەڵکێشێک لەوانە پێک بهێنێت تا خزمەتی ڕەوتی داهاتووی لێکۆڵینەوەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لە ئیران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بکات.
ئەم وتارە پشت ئەستوورە بە چەندین ساڵ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کاریگەریی نوێسازیی ئێران لە سەر کۆمەڵگای کوردەواری لە سەدەی بیستەم بە تایبەت لە نێوان ساڵەکانی ١٣٣٠ هەتا ١٣٥٧ (١٩٧٨-١٩٥٠)؛ سەردەمێک کە لە ناخیدا پێکهاتەکانی ئەمڕۆی ئێران و کومەڵگای کوردەواری قەوارەیان گرتووە. بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت بە ئاسانی سەرچاوەکان بدۆزێتەوە، سەرچاوە ئینگلیسسییەکان هەر بەو زمانە و وەک خۆیان هاتوون و لاپەڕە بە p دیاری کراوە.
کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردەواری: ڕەوتەکانی نوێسازی و یەکجۆرسازی
لە سەر بناغەی گۆڕانگارییە مەزنەکانی سەدەی نۆزدەهەم، سەردەمی هاوچەرخ یا مۆدێڕنیتە لە وڵاتانی ئاسیاییدا بە درێژاییی سەدەی بیستەم لە دوو ڕەوتی هاوشاندا خۆی دەرخست. ئەو دوو ڕەوتە بریتین لە ڕەوتی گۆڕانکاریی ئابووری-کۆمەڵایەتی و ڕەوتی یەکجۆرکردنی فەرهەنگی. بە واتایەکی دیکە نوێسازی (مۆدێڕنیزاسیۆن) و یەکجۆرسازی. نوێسازیی دەوڵەت و کۆمەڵگا لە جەرگەی پێکهێنان و قەوارەگرتنی دەوڵەت-میللەتانی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاکامەکەی بوو بە پێکهێنانی ئابوورییەکی واحید لە وڵاتێکی دیاریکراوی نوێدا کە کۆمەڵگاکان و خەڵکانی جۆربەجۆری لە ژێر سەقفێکی ئابووری و سیاسیدا دادەپۆشی. بەڵام ڕەوتی یەکجۆرکردنی فەرهەنگی گەلێک کێشەی مەزنی سیاسیی لێ کەوتەوە و ئاکامەکەی بوو بە کێشمەکێشمێکی درێژخایەنی قەومی-سیاسی-فەرهەنگی لە ئاستێکی بەریندا. ئەمە لە وڵاتی هاوچەرخی ئێران کە وڵاتێکی هەمەفەرهەنگی و چەندمیللیەتییە، ڕێک ئەو ڕەوتە مێژوویییە بووە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بووەتە پێناسەی ئێران و، کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتەی شکڵ پێداوە. کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردەواری لە ئێران شتێک نییە جگە لە تێکەڵبوونێکی ئابووری-کۆمەڵایەتی لە ئێراندا و بەرگریی سیاسی و فەرهەنگی لە بەرانبەر هەوڵەکان بۆ سڕینەوە و زەوتکردنی مافە سیاسی و فەرهەنگییەکانی خۆی. لە ئاکامی ئەو دوو ڕەوتەدا، کۆمەڵگای کوردەواری هەرچی زۆرتر (یا بەتەواوەتی) تێکەڵی پێکهاتەی ئێران کرا، لە کاتێکدا بووە خاوەن کوردایەتییەکی هاوچەرخ کە بەردەوام لە بەرانبەر یەکجۆرکردنی فەرهەنگی وەستاوە و بۆ بردنەسەرەوەی پێگەی فەرهەنگی و سیاسی (و ئابووری)ی کۆمەڵگاکەی لە هەوڵدا بووە. ئەگەرچی مێژووی سیاسیی سەدەی بیستەم خاوەن گەلێک ڕووداوە کە شیاوی باس و لێکۆڵینەوەن، بەڵام ئەم وتارە بە تەما نییە باسی ئەو مێژووە و ڕووداوەکانی بکات و زۆرتر دەیهەوێت سەرنجی خوێنەر بۆ ئەو خاڵە گرینگە ڕابکێشت کە کێشەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردەواری لە ئێڕان دەبێ لە ژێر تیشکی ئەو دوو ڕەوتەدا تاوتوێ بکرێن.
ڕەوتە هاوکاتەکانی نوێسازیی ئابووری-کۆمەڵایەتی و یەکجۆرکردنی فەرهەنگی، ڕەوتگەلێکی چەقبەستوو یا وەستاو لە جێگای خۆیان نین. بە پێچەوانەوە، کارتێکردنەکان (دیالێکتیک)، کاریگەری لە سەر یەکتر و پێکەوە بوونیان، ڕەوتێکی مێژوویی بەجموجۆڵ و لە حاڵی گۆڕانی دایمیی شکڵپێداوە، بەجۆرێک کە بە هەمان ڕادە گرینگ، لە هەر سەردەمێکدا کیشە و بابەتی نوێی لە خۆی دەرخستوە و دەرئەخات. بۆ وێنە کارتێکردنی ئەو دوو ڕەوتە لە سەر یەکتر لە بەستێنی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕەزا شا (١٣٢٠-١٣٠٥) کە گەڵێک بەرنامەی چاکسازی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی بەڕێوە برد، خاوەن کێشە فەرهەنگی و سیاسییەکانی خۆی بووە. بەڵام ئێرانی ساڵەکانی ١٣٤٠ و ١٣٥٠ دەبێتە شاهیدی گۆڕانکاریی مەزن و خێراتر لە هەموو ئاستەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ڕووناکبیری و هەروەها بەمیدیایی کردنی کۆمەڵگا واتە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن وەک تلویزیۆن و سینەما.[1] یەکێک لە جیاوازییەکانی ئەو دوو سەردەمە تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگای کوردی، دەکرێ ئەوە بێت کە لە سەردەمی یەکەمدا یەکجۆرکردنی فەرهەنگی لە خزمەت بەسەروەرکردنی فەرهەنگ و زمانی فارسی لە ڕێگای زەبر و زەنگێکی ئاشکراتر بەڕێوە دەچێت. کەچی لە سەردەمی دووهەمدا، بیرۆکەی سەروەریی فەرهەنگی ئەو زمان و فەرهەنگە لە ڕێگای بەنەریتدەرهێنانی (بە نۆڕم کردنی) ئەو بیرۆکەیە ڕوو دەدا. بەنەریتدەرهێنان نەک تەنها لە ڕێگای خوێندنی هاوچەرخ و گەلێک گۆڤار و بڵاوکراوەوە، بەڵکوو هەروەها لە ڕێگای ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە کە زمانی هەموویان (جگە لە ڕادیۆ کە چەند کاتژمێر بەرنامەی کوردیی هەبووە) فارسی بوو. کەوابوو، گەرەنتی و دابینکردنی سەروەریی فەرهەنگێکی ”بەباندەستکراو”، گەلێک شێوەی نائاشکرا دەگرێتە خۆ کە بۆ تاکەکان وەک ”حەقیقەت” خۆیان دەردەخەن.
ڕەوتی بەنۆڕمکردنی فەرهەنگێکی دیاریکراو، ڕەوتێک نییە کە بەرەنگاری و بەرخۆدان لە بەرانبەر خۆیدا نەبینێت. بە پێچەوانەوە، بەرەنگاریی زمان و فەرهەنگە پەڕاوێزخراوەکان، هۆکارێكی گرینگە کە کاریگەرییەکی زۆر لە سەر گۆڕەپانی ململانێی فەرهەنگی دادەنێت. لە ڕەوتی پێکهێنانی دەوڵەتی هاوچەرخی ئێراندا، دەسکەوتەکانی زمان و فەرهەنگی کوردی لە ڕێگای هەوڵدانی چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی، سیاسی، و ئەدەبی بەدی هاتوە. هۆکاری مێژووییش دەوری خۆی گێڕاوە. واتە سەرەڕای زەبروزەنگەکان و هەبوونی پشتیوانییەکی ڕووناکبیرانەی بەهێز کە لە لایەن نەریتێکی وەک ئەوەی مەحموود ئەفشار و گۆڤارەکەی(آیندە) نوێنەرایەتی دەکرا، بیرۆکەی مێژووییی ئێران خۆی بە قەوم/میللەتانی پێکهێنەری خۆی پێناسە کردووە و بەم جۆرە مەودای مانەوەی ناو و فەرهەنگی خەڵکانی جۆربەجۆری خۆی ڕەخساندووە. (ئەفشار لە باری زمانییەوە دەکرێ بڵێین ئاتاتورکی ئێران بوو لە ئاستێکی بچووکتردا). بۆ وێنە، ئەفشار لە وتارێک سەبارەت بە یەکیەتیی نەتەوەییی ئێران (وحدت ملی ایران) لە ژمارەی یەکەمی گۆڤاری ئایەندەدا، داوا دەکات لە پێناو یەکیەتیی نەتەوەییی ئێران، ناوی ئوستانەکان وەک خۆراسان، بەلووچستان، فارس، ئازەربایجان و کوردستان لابچن و لە جێگایان ناوی شیاوتر (واتە ”هاوچەرخ”) دابنێن. ئەم داواکارییە بەرانبەر بە جلوبەرگ و زمانیش دەکاتەوە.[2] لەبەر ئەو جۆرە داواکارییانە یا هەر هۆکارێکی دیکە، لە یاسای ٩ی مێهری ١٣١٦ دا (٣١ سێپتامبر ١٩٣٧)، ئێران دەبێتە دە ئوستان کە ناوچە کوردنشینەکان بە زۆری لە نێوان ئوستانەکانی چوارەم و پێنجەمدا دابەش دەکرێن. لەساڵی ١٣٣٦دا، ئوستانی کوردستان پێک دێت کە بەشێکی بچووکی ناوچە کوردنشینەکانە، و لە ساڵی ١٣٣٩دا ناوەکان هەمیسان جێگای ژومارەکان دەگرنەوە. (ئەمە داستانی جلوبەرگیشە کە دواتر هەم لە بەر بەرخۆدان و هەم لە ڕێگای دووانەیی مەحەللی-ڕەسمی، جۆربەجۆری جلوبەرگ بەردەوام کرا).
دەکرێ نموونەی زۆرتر بۆ جیاوازیی سەردەمەکان بهێنینەوە بەڵام جەختی ئەم وتارە لەسەر دوو ڕەوتی گۆڕانکاریی ئابووری-کۆمەڵایەتی و یەکسانسازیی فەرهەنگییە لە هەر سەردەمێکدا کێشەی نوێ پێک دەهێنن. لە باری سیاسی و فەرهەنگییەوە، ڕووکەشی ئەو دوو ڕەوتە لە کێشمەکێشمی هێژمۆنی (سەرەوەری)ی فەرهەنگی و موقاومەت لە ژێرەوە خۆی دەردەخات. ئەگەر لە ئێرانی ئەمڕۆدا، بە پێچەوانەی سەردەمی پەهلەوی، گۆڤاری دووزمانە و کتێبی دەرسی بە کوردی هەیە، یا کۆنگرەی مەشاهیر دەگیرێت، لە بناغەدا (ئەگەرچی هۆکاری دیکە ڕەت ناکەمەوە) ئەوە ڕەنگدانەوەی پاشەکشە و پێشڕەوی لە سنوورەکانی نێوان هێژمۆنی و زەبروزەنگ لە لایەک و موقاومەت لە لایەکی دیکەدایە. لێرەدا فەرهەنگی سەروەر بۆ ڕاگرتنی پێگەی بەهێژمۆنکراوی خۆی، ئامادەیە پاشەکشە بکات و مەودایەکی زۆرتر بۆ فەرهەنگی ژێردەست بڕەخسێنێت. بەمجۆرە مانەوەی خۆی وەک فەرهەنگی باندەست لە درێژماوەدا گەرەنتی دەکات.
لە گۆشەنیگای لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، ئاکامی کارتێکردنی ئەو دوو ڕەوتە، گۆڕەپانێکی پرجموجۆڵە کە لە بەستێنی جیاوازدا بابەتی نوێ پێک دەهێنێت بێ ئەوەی جوابی حازر و ئامادە پێشکەشی توێژەر بکات. بە ڕای من ئەمە گرینگترین بابەتە کە وا دەکات توێژەر جوابی پرسیارەکانی خۆی لە ناخی کارتێکردنی ئەو دوو ڕەوتەدا (کە زۆر لایەن و لقی دیکەی لێ دەبێتەوە) ببینێتەوە. ئەمە هەروەها خزمەت بەو ئامانجە دەکات تا بواری لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان دایمە ڕوو لە گەشە و پڕ تین و تەوژم بمێنێتەوە.
توێژینەوەی کۆمەڵایەتی
بەسەرکردنەوەیەکی بواری لێکۆڵینەوە بە ئاسانی دەری دەخات کە هەتا ئەم دواییانە ئەوەیکە زۆرتر باو بووە، توێژینەوە و مێژوونوسینی سیاسی و کەسایەتیمیحوەر بووە. لەو جۆرە توێژینەوانەدا هەموو دیاردە و لایەنێکی کۆمەڵگای کوردی لە سێبەر یان لە خزمەت لایەنی سیاسیدا مانایان پێ دراوە. دیارە ئەمە تەنها پێناسەی کۆمەڵگای کوردی نەبووە و بۆ خۆی دیاردەیەکی جیهانیترە. سەرەڕای ئەمە و هەروەها بە سەلماندنی هۆکارەکانی هەبوونی کێشەی قووڵی سیاسی و توندوتیژییەکان، لێکۆڵینەوەی فەرهەنگی، ئەدەبی، بواری ژنان یان جنسیەتی کۆمەڵایەتی، کار و باشبژیویی کۆمەڵایەتی، شار و لادێ نشینی و هتد ئەو لایەنە گرینگانە بوون کە لە ژێر فشاری سیاسەت و کێشەکانیدا دەتلیقانەوە. تەنانەت بێ ئەوەی خۆمان بزانین، ئەو لایەنانە پەڕاوێز خراون یا لە پێناو بیرۆکە یا ئامانجێکی سیاسیدا بەکار هاتوون، یا لە ڕەوایەتی نەتەوایەتیدا تەنها لە خزمەت ”خەباتی نەتەوەیی” کەڵکیان لێ وەرگیراوە. بابەتی ژنانی کورد زۆرتر لە پەیوەندی لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازانەدا باس دەکرا (یا دەکرێت) نەک لە پەیوەندی لەگەڵ گۆڕانی پێکهاتە جنسییەکان لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا. بابەتی ژن هەروەها پەڕاوێزی خەباتی چینایەتی بووە و لەگەڵ ئەوەدا مانای پێ دراوە و خۆی بوارێکی سەربەخۆی بۆ نەدەسەلما. لە وتووێژێک لەگەڵ نووسەری ئەم وتارە، کەسێک کە لە ساڵەکانی ١٣٥٠دا لە دێهاتەکانی کوردەواری مامۆستا بووە، دەیگێڕێتەوە کە ئاگاداری دیاردەی خەتەنەی ژن بووە بێ ئەوەی زۆر شوێنی ئەو بابەتە بکەوێت؛ لە بەر ئەوەی گوایا بابەتی سەرەکیتر لەوە هەبووە. ئەمە نموونەی بیرۆکەیەکی زاڵە کە چەمکگەلێکی وەک چین و نەتەوە و حیزب دەکاتە شەمس کە هەموو بابەتەکانی دیکە دەبێ لە سەر هێڵێکی دیاریکراودا و بەدەوریدا بسووڕێنەوە. دیارە لێرەدا مەبەست ئەوە نییە بزانین هەر کام لەو چەمکانە ئایا ڕەوان یا نا. مەبەست ئەوەیە پێشانی بدەین کە چلۆن بواری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی لە پەڕاوێزدا ماوەتەوە.
سەرەڕای ئەمە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا بواری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی نەسڵێک لە توێژەران لە ئێران و کوردستاندا. چوونە سەرەوەی ڕێژەی خوێندکارانی زانکۆکان، مامۆستایان و توێژەرانی ئاکادیمیک، گەڵیک لێکۆڵینەوەی بەنرخی لێ کەوتوەتەوە.[3] ئێمە ئێستا خاوەن گەڵیک توێژینەوەین سەبارەت بە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی سەردەمی ”شۆڕشی سپی” لە ساڵەکانی ١٣٤٠ و ١٣٥٠، هەروەها سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بوارەکانی خوێندن، مێژوویی، فەرهەنگی، جەمعییەتی، بێهداشت/تەندرووستی، جنسیەتی، کۆمەڵایەتی و ئەدەبی کە سەردەمی دوا-ڕاپەڕینی ١٣٥٧ دەگرنە خۆ. چەندین کتێب لەو بوارانەدا چاپ کراون و زۆر وەرگێڕانی بەنرخیش لە ژێر بابەتی تیۆری و شێوازناسی و کۆمەڵناسی پێشکەش کراون. وەک ڕەوتێکی هاوکات، ڕێژەی خوێندکار و توێژەری ژن بە ڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەشێک لەو هەوڵانە لە لایەن ئەوانەوە دراوە. ئەم ڕەوتە سنوورەکانی لادێ و شاری بەزاندووە. لەگەڵ ئەمەدا هەتا هاتووە کۆبوونەوە و سمینار و کۆنفرانس لە سەر ئەو بابەتانەی کە دەتوانین لە ژێر چەتری ”لێکۆڵینەوەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی” جێگایان بۆ بکەینەوە، زیادی کردووە. ئەمانە دەسکەوتگەڵێکی بەنرخن و لە یەک وشەدا دەتوانین بڵێین کە لێکۆڵینەوەی بواری کۆمەڵایەتی وەک بوارێکی سەربەخۆ، قەوارەی بە خۆی داوە و هەتا هاتووە جێگای خۆی قایم تر کردووە. بەداخەوە ئەم هەوڵانە لە بواری لێکۆڵینەوەکانی کوردی و ئێرانی لە دەرەوەی ئێران لانیکەم بە تەواوەتی دانیان پێدا نەهێنراوە. لە بەر ئەوەی (لە ناو گەلێک هۆکاری دیکەدا) ئەو جۆرە بوارانە زۆرتر سەرقاڵی هەمووخەمەکانی بوارەکانی لێکۆڵینەوە لە ئورووپا و ئامریکان یا لە قەفەسەی تیۆریی دوا-داگیرکاری (ئەگەرچی بەنرخ و گرینگن) خۆیان قەتیس کردووە و ناتوانن لە کێشەکانی ئێرانێکی چەند فەرهەنگی/میللیەتی تێبگەن. کەموکوڕییەکان لەم پەیوەندییەدا لە گۆڤارەکانی Kurdish Studies و Iranian Studies دەردەکەون کە پێناسەیەکیان کەم بوونی وتارە لە سەر کوردستانی ئێران. ئەگەر بڕوانینە تێزەکانی دوکتۆرا، ئایا دەتوانین هەوڵێکی بەرچاو و چالاک لە خزمەت لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی بدۆزینەوە؟ بە زۆرینە ئەو جۆرە لێکۆڵینەوانە لە ئێراندا ڕوویان داوە و توێژەران هاوکات لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، درێژەیان بە توێژینەوە داوە.
سەرەڕای سەلماندنی ئەو هەوڵانە، وا هەست دەکرێت کە خاڵەکانی دەسپێکی “شێوازناسی”ی توێژینەوە لانیکەم بەتەواوەتی لە جێگای خۆیان نین. لێرەدا مەبەستی ئەم وتارە زۆرتر بۆ ئەوەیە تیشک بخاتە سەر بۆشاییی نەبوونی هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانە لە تێۆرییەکانی گەشە (توسعە) و نوێسازی (مۆدێرنیزاسیۆن)، بە ئامانجی گرینگیدان بە بۆچوونەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی کە بە جۆرێکی چەندڕەهەندی دەڕواننە کێشەکانی کۆمەڵگا. لە هەمان کاتدا، دیاردەی دووپاتکردنەوەی تیۆرییەکان لە وتارەکان و کۆتانامەکانی زانستگاکان دەبینین کە لە دەقێکی دوور و درێژدا چۆنییەتیی ئەو تیۆرییانە دووپات دەکەنەوە، لە حاڵێکدا چوارچێوەی نەزەری بۆ ئەوەیە کە بڵێت بۆ چ مەبەستێک ڕیسالەیەک لە بۆچوون و تیۆرییەکی دیاریکراو کەڵکی وەرگرتوە. واتە خۆی نەکاتە شوێنێک بۆ شیکرنەوەی تیۆرییەکی دیاریکراو یا هەوڵ بدات ئاستی زاناییی نووسەر دەربخات. ئاستی زانست و تواناییی فیکریی نووسەر، تەنها لە ناخی لێکدانەوەدا دەردەکەوێت نەک لە ڕێگای دووپات کردنەوەی وتەی کەسانی دیکەوە. لەم بەشەی دواییدا ئەم دوو لایەنە شی دەکەمەوە.
سەردەمی هاوچەرخ و بەهاوچەرخ کردن[4]
تیۆرییەکانی گەشە و نوێسازی کە بە دوای جەنگی دووهەمی جیهانیدا سەریان هەڵدا، دەورێکی گرینگیان لە بەرنامەکانی ناوەندگەرا و شار-میحوەری دەوڵەتی ئێراندا گیڕا. [5] لە هەمان کاتدا “نوێسازی” و “گەشە”، تێگەیشتنێکی گشتییان لە گۆڕان وەک ڕەوتی گواستنەوە (گذار) لە “دابونەریت” (سنت) بۆ “هاوچەرخ” (مدرن) جێ خست. ئەم دووانەیە لە ڕێگای کۆمەڵناسیی ماکس وێبەرەوە گشتگیر کرا. [6] ئەمە ئەو بۆچوونەیە کە لە لێکۆڵینەوەکانی بواری کۆمەڵایەتیی کوردیدا هێشتا بەدی دەکرێت.
نەریتخواز (سنتی) و هاوچەرخ (مدرن) دوو چەمکی خاوەن مانای دیاریکراو و ڕوون نین. هەر وەک رەینارد بێندیکس شیی دەکاتەوە، ئەو دوو چەمکە یەکتریش پووچەڵ ناکەنەوە. لە لێکۆلینەوەیەکی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی بریتانیا لە نێوان دوو جەنگی جیهانیدا، توێژەرێك دەڵێت کە ”هەموو سەردەمەکان سەردەمی گواستنەوەن” و ڕەچەڵەکی زۆرێک لە گرنگترین پێناسەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی پێشووتر. [7] کەوابوو، بە پێی ئەو توێژینەوەیە، تێگەیشتن لە سەردەمێک هاوکات لەگەڵ سەلماندنی ئەو ڕاستییەدایە کە ئەو سەردەمە ”هەم کۆتایییە و هەم دەسپێکەرە، سەردەمێکە کە بابەتەکانی ڕابردوو هەمان دەوری گرینگ دەگێڕن کە بابەتەکانی کۆمەڵگای نوێ دەیگێڕن”.[8]
لە سەدەکانی هەژدە و نوزدەهەمدا، وشەی نوێسازی بەرانبەر بوو لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و پێکهاتێک بوو ”لە بەرەوپێشچوونی ئابووری و سیاسیی ژمارەیەک لە کۆمەڵگا پێشڕەوەکان و لە درێژەدا گۆڕانکارییەکان لە کۆمەڵگاکانی دیکەدا”. [9]گۆڕانکاریی خێرای کۆمەڵایەتی، ئاکامەکەی بوو بە سەرهەڵدانی کۆمەڵناسیی نوێ کە پێشەنگەکانی بریتی بوون لە کارڵ مارکس، ئێمیل دوورکەیم و ماکس وێبەر کە بە گشتی لە دەوری ئەو بابەتانە و ئانتی تێزانە خولیان دەخوارد کە ئاکامی ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بوون.[10] بەڵام لە هەمان کاتدا تێگەیشتنێکی ساکارانەی نەریتخواز لە بەرانبەر هاوچەرخ پێک هات. ئەو خوێندنەوە ساکارە ئاکامی ”خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆژییانەی جیاوازیی دابونەریت و هاوچەرخ و هەروەها بەگشتکردنی ئەزمونی ئورووپایی بوو”. [11] ئەو بەگشت کردنە، مۆدێلێکی (پاڕادایم) لێ کەوتەوە کە سەردەمی هاوچەرخی (مدرنیتە) وەک شارستانییەتی نوێی ئورووپا و ئامریکای باکوور و ڕەوتی گەشەی ئەوان پێناسە دەکرد. سەردەمی هاوچەرخ وەک شارستانییەتێکی نوێ لە پەناوە ئاماژەیە بە بێ وێنە بوونی خۆی لە مێژووی مرۆڤدا و خۆی لە سەر هێمایەکی پۆزێتیڤ دامەزراندووە کە ”فەرهەنگی هاوچەرخی ڕۆژاوا حەزی لێیە بیداتە خۆ”. [12]سەردەمی هاوچەرخ بە گشتی وەک ”سیستەمێکی پێکەوە لکاو یا بەستەیەکی بازرگانی لەگەڵ کۆمەڵێک خاڵی خۆ-پێناسەکراو” ناسراوە. [13]لە درێژەدا و بەدوای جەنگی جیهانیی دووهەمدا، نوێسازی زۆرتر وەکوو بەرنامەکانی دەوڵەت بۆ نوێکردنەوەی وڵاتە ناڕۆژاواییەکان لە سەر بناغەی پارادایمی تیۆرییەکانی نوێسازی پێناسە ئەکرا.
تیۆرییەکانی نوێسازی لە باری نەزەرییەوە شێوەیەکی نوێ و بەهێزی فکرییان سەبارەت بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکان جێ خست. لە ڕێگای کەڵک وەرگرتن لەو شێوەیە، زانایانی بواری کۆمەڵایەتی لە ئامریکا هەوڵیان دەدا لە چۆنایەتیی و داهاتوی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئاسیا و ئافریقا و ئامریکای لاتین تێبگەن. [14] ڕەچەڵەکی ئەو مۆدێلە بۆ کۆمەڵێک گریمانەی هاوبەش سەبارەت بە چۆنایەتی و ڕەوتی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دەگەڕایەوە.[15] لە باری فکرییەوە، سەرچاوەی ئەو تیۆرییانە دەگەڕایەوە بۆ نەریتێکی فکری کە جیاوازییەکی توندی لە نێوان ڕۆژاوا و باقی دونیا پێک دەهێنا. لەم ڕەوتەدا، هەر وەک لە کارەکانی هامیلتۆن گیب و بێڕنارد لوییز دا دەردەکەوێت، دووانەی پێشوو لە نێوان شارستانییەت و وەحشیگەری، جێگای خۆی بەخشی بە دووانەیی لە نێوان نەریت و هاوچەرخدا کە خۆی، هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، لە کۆمەڵناسیی ماکس وێبەرەوە سەرچاوەی دەگرت. [16] بە پێی وێبەر، کۆمەڵگای نەریتخوازی “ڕۆژهەڵات”، دەبێ ڕێبازی یەکخەتیی شارستانییەت شوێن بگرێت، ڕێبازێک کە کۆمەڵگاکانی ڕۆژاوا گوایا بە سەرکەوتوویی تێپەڕیان کردووە، هەتا بتوانن بگەنە پێناسە هاوچەرخەکان و کۆتایی بە دواکەوتوویی بهێنن. [17]
لە باری ئاکادیمییەوە، تیۆرییەکانی نوێسازی، ئاکامی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بوون کە خۆیان لە بزووتنەوەکانی سەربەخۆییخواز، سەرهەڵدانی وڵاتانی نوێی دوائیستێعماری و لەوانە گرینگتر سەرهەڵدانی ئامریکا وەک زلهێزێکی جیهانی دەردەخست. لە جەرگەی زیادبوونی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا کە کۆمەڵێک تیۆریی نوێسازییان بەرهەم هێنا، نوێسازی بووە واژەیەکی نوێباو. [18] ئەو تیۆرییانە لە سەر بناغەی تیۆرییەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی (تکامل اجتماعی) دامەرزابوون و لێکۆڵینەوە ئەهلییەکان لە ئامریکایان ڕێنوێنی دەکرد. بە پێچەوانەوە، لە ئورووپا تیۆریی گەشەی کۆمەڵایەتی “بۆ تەفسیری پێکدادانی وڵاتانی سەنعەتی و پێشکەوتووی ڕۆژاوا و فەرهەنگەکانی ناوچە داگیرکراو و ناسەربەخۆکانی ئافریقا و ڕۆژهەڵات بەکار دەبرا.” [19] لە جەرگەی شەڕی سارد دا، تیۆرییەکانی گەشەی سیاسی (توسعە) لە بەرانبەر مارکسیسمی زاڵدا هێنرانە ئاراوە. هۆکاری ئەمە ئەوە بوو کە ئەو بۆچوونانەی وا بە مارکسیستی دەناسران، گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان گرێ دەدا بە نایەکسانیی ئابوورییەوە و بانگەوازی چاکسازیی زەوی و داوای بەرنامەی دەوڵەتی بۆ گەشەی ئابوورییان دەکرد؛ ئەمانە دواجار لە لایەن حکوومەتە ڕۆژاوادۆستەکانەوە قۆزرانەوە و بە مەبەستی سیاسی بەڕێوە چوون.[20] نموونەی ئەوە لە ئێراندا شۆڕشی سپی (١٩٧٨-١٩٦٢)ی حەمە ڕەزا شا بوو. وەک کەسایەتییەک کە نوسخەی بۆ نوێسازیی پادشایییە نەریتخوازەکان دەنووسی، ساموێل هانتینگتۆن سەرەڕای ئەوە بە دروستی دەڵێت لە حاڵێکدا کە ئامانجی پادشا نوێخوازەکانی سەدەی نۆزدەهەم “بەرپەرچدانەوەی ئیمپریالیزم” بوو، ئامانجی ئەوانەی سەدەی بیستەم “بەرپەرچدانەوەی شۆڕشە”.[21] تا ئەو جێگایەی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە و هەر وەک توێژەران سەرنجیان داوەتێ، شۆڕشی سپی لە هەوەڵەوە کاردانەوەیەک بوو بەرانبەر بە شۆڕش و کودیتاکانی ناوچەکە بۆ پاراستنی ڕێژیمی پەهلەوی و بۆ بەرگرتن لە شۆڕش لە خوارەوە. [22] زۆرێک لێکۆلینەوە سەبارەت بە پێکهاتەکانی ئایدیۆلۆژیی شۆڕشی سپی هەن کە بە دروستی نوێسازییەکەی وەک گەشەیەکی ناڕێک (ناموزون) دەناسێنن.[23]
لە دەیەکانی دوای جەنگی دووهەم کە نوێسازی لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق، میسر و باقی وڵاتانی ئافریقا گەشەی خێرای بەخۆیەوە بینی، نوێسازی هەرچی زۆرتر وەک تێپەڕبوون (گذار) بۆ مۆدێڕنیتەیەکی ئورووپا-میحوەر پێناسە کرا. بە پێی ئەو تێگەیشتنە، هەموو وڵات و فەرهەنگێک جیا لە زەمان و جێگا، دەبوا بەجۆرێک ئەو هەلومەرجانە پێک بهێنێت کە پێناسەکانی سەردەمی هاوچەرخن، تاکوو بتوانێت بە سەرکەوتوویی نوێسازی بە ئەنجام بگەیێنێت. بەڵام وەک بێندیکس دەڵێت، “پێشتر و دواتر” دەبێ وەک “ئامرازی شیکاری و شڕۆڤە” نە وەک ئامرازێک بۆ پێشبینی کردنی دواڕۆژی وڵاتانی “ڕوو لە گەشە” چاو لێ بکرێت.[24] لەم گۆشەنیگایەوە و تا ئەو جێگایەی بۆ بواری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگای کوردەواری دەگەڕێتەوە، چەمکەکانی مۆدێڕنیتە، دابونەریت و نوێسازی، دەبێ هەرچی زۆرتر لە ژێر تیشکی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە تێۆرییەکانی نوێسازی و گەشە، تاوتوێ بکرێن هەتا توێژەر خۆی لەو بۆچوونەنانە بپارێزێت کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی وەک ڕەوتی گواستنەوە پێناسە دەکەن. دانیەل بێرنێر یەکێک لە داڕێژەرانی تیۆرییەکانی نوێسازی، نوێسازی و گواستنەوە هاوتا و هاومانا ئەکات. لە کتێبەکەیدا (١٩٥٨) دەڵێت، نوێسازی “ڕێڕەوێکە” لە دۆخێکی نالەبار و دواکەوتوو بۆ دۆخێکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ. پێناسەی ئەو ڕێڕەوە دووانەییەکی نابەرابەرە کە بۆ نموونە لەمانەدا خۆی دەردەخات: “گوند بەرانبەر شار، زەوی بەرانبەر پووڵ (نقدینگی)، بێسەوادی بەرانبەر ڕووناکبیری، داتەپین بەرانبەر خاوەن ئاوات بوون، تەقوا لە بەرانبەر وروژان”. [25] کەوابوو گۆڕان لە یەکێک لەمانەوە بۆ ئەوی دیکە ئەو ڕێڕەوەیە بۆ تێپەڕبوون لە کۆمەڵگای نەریتخواز.
لە بەرانبەر ئەو بۆچوونەدا کە بانگەوازی هەڵوێستێکی یەکڕەهەندی بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی دەکات، لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی دەبێ پشتئەستوور بێت بە هەڵوێست و خوێندنەوەیەکی چەندڕەهەندی یان هەمەلایەنەتر کە تێیدا هەموو چەمکەکان بە نیگایەکی ڕەخنەگرانەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ تا هەم وەک حەقیقەت یا ”زانستی” چاو لێ نەکرێن و هەم ببنە هەڵخرێنەری توێژینەوەی زۆرتر و بنەڕەتیتر لە دیاردەکانی کۆمەڵگا. بەمجۆرە، بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوە زەمانەت دەکرێت و سەرهەڵدانی توێژینەوە لە بابەتی جۆربەجۆر هەم گەشە دەکات و هەم تین و تەوژمێکی بەردەوام بۆ بواری توێژینەوە بە دیاری دەهێنێت.
جیاوازیی ڕوانینە یەکڕەهەندی و چەندڕەهەندییەکان بۆ توێژینەوەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردی
ڕوانینی یەکڕەهەندی لە سەر بناغەی تیۆرییەکانی نوێسازی و گەشە ڕاوەستاوە، لە کاتێکدا ڕوانینی چەندڕەهەندی یا هەمەلایەنە لە سەر بناغەی تیۆرییەکانی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی دامەزراوە. هەر کامەیان خاوەن مێکانیزمەکانی سەرەکیی خۆیانن و لە ڕێگای کۆمەڵێک پێکهێنەر (عناصر) و بۆچوونی دیکەوە لە یەک جیا دەبنەوە. ڕوانینی چەندڕەهەندی سەرنج دەداتە ڕەوتە مێژوویییەکان و فەرهەنگ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و نایهەوێ تەنها مۆدێلێک لە جێگای مۆدێلێکی دیکەدا دابنێت.
مێکانیزمەکانی نوێسازی(ی دەوڵەتی) بریتین لە دەوڵەت وەک ڕۆڵگێڕێ تەنها، دامەزراوەکانی بەهاوچەرخکردن (بۆ وێنە خوێندن، تەندروستی)، بەڕێوەبردنی بەشەکانی دیاریکراوی نوێسازی و مودێلی گەشەی ڕۆژاوایی. هاوکات ئەم ڕوانینە یەک لایەنەیە ژمارەیەک کۆسپ و لەمپەر لە بەرانبەر گەشە (توسعە)دا ناو دەبات کە دەبێ دەوڵەت و کاربەدەستان سەرنجیان بدەنێ. ئەوانە دەتوانن بریتیی بن لە نەبوونی سەرمایەی گەورە و بێبەری بوون لە تێکنۆلۆژی و دامەزراوە و بایەخە نوێکان. لەمپەرەکانی دیکە هەروەها بریتیین لە موقاومەتی فەرهەنگی، هەبوونی بایەخە ئایینیی و ئەخلاقییەکان کە تەگەرە ئەخەنە سەر ڕێگای تاک کە ئامانجی دەست گەیشتن بە پێشکەوتنی مادییە. بۆچوونی یەک لایەنە، کۆمەڵگا و مرۆڤی نەریتخواز پۆلێن (کاتەگۆری) دەکات و پێناسەیان بۆ دیاری دەکات: چەقبەستوو، گەشەنەکردوو، لادێیی و چینی جوتیاری ناچالاک (پاسیو)، خاوەنی دابەشکردنێکی ساکاری کار لە سەر بناغەی “یەکگرتوویی میکانیکی”، خورافاتی، پیاوسالار و دواکەوتوو. هەر بەم پێیەش، ئینسانی نەریتخواز کەسێکی بەمجۆرەیە: ناعەقڵانی، ڕووکردوو لە دامەزراوە و شێوەکانی ژیانی کۆن، گوێ نەبیس (غیر انظباطی)، سڵەماو لە ئەزموون و تێگەیشتن و بایەخی نوێ، و گیرۆدەی دابەشبوونێکی سادە و ناپیشەیی کار.[26]
لە ڕوانینی یەک لایەنەدا، پێکهێنەرانی نوێسازی کە بە پێی مۆدێلەکانی گەشە بە تایبەت لە وڵاتە یەکگرتوەکان و ئورووپای ڕۆژاوا دیاری کراون، بە گشتی دەتوانین لە ژێر دووبۆچوونی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتی-ڕەوانی (sociopsychological) ڕیزیان بکەین. لە بۆچوونی دامەزراوەییدا، پێکهێنەرانی ئابووری بریتیین لە: سەنعەتیکردن، گەشەی جەمعییەت، بەکارهێنانی تێکنۆلۆژییای زانستی، لێهاتووکردنی هێزی کار لە ئاستێکی بەرز، شارسازی، خوێندنی نوێ، بەسکۆلار کردن، تەندروستی، میدیای پێشکەوتوو، بەچین و توێژ دەرهێنانی کۆمەڵگا (بە گشتی بە مانای سیستەمێکی نابەرابەری دامەزراو لە سەر چین و مەقام) و جیاسازیی کار (تفکیکسازی).[27] پێکهێنەرە سیاسییەکان گەلیک خاڵ دەگرنە خۆ کە گرینگترینیان بەعەقڵانییەت دەرهێنانی ئۆتۆریتە و بەناوەندکردنی دەسەڵاتە. (ئەمە نابێ جێگای سەرسوڕمان بێت کە هەموو دەوڵەتە هاوچەرخەکان بۆ وێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکڵێکی دیکتاتۆرییانە و سەرکوتکەرگەرانەیان بەخۆوە گرت). لە بۆچوونی کۆمەڵایەتی-ڕەوانیدا، جەخت ئەکرێتە سەر پێکهێنەرانی فەرهەنگی و فکری. بە واتایەکی دیکە، ئەو بۆچوونە ڕوو دەکاتە بەهاوچەرخکردنی تاک. لێرەدا “هاوچەرخ” دەبێتە سێندرۆم (واتە گروهێک لە نیشانەکان کە پێکەوە ڕوو دەدەن) بە گەلێک کەیفییەتی دیاریکراوی خۆیەوە، بەهاوچەرخکردنی هەم شێوەی بیرکردنەوە و هەم هەستکردن، دەبێتە مەبەست؛ بانگەوازی گۆڕانی ڕەوشت و بایەخ و تێگەیشتنەکان دەکرێت؛ هاوچەرخ (مۆدێڕن) دەبێتە سفەت و ڕۆحی مرۆڤ، دەبێتە دیاردەیەکی مەعنەوی، دەبێتە عەقڵییەت.
کەوابوو، بە پێی ئەو شیکردنەوەیەی سەرەوە نابێ پێناسەکردنی کۆمەڵگا و مرۆڤی هاوچەرخ کارێکی زەحمەت بێت. بە پێی ڕوانینی یەکڕەهەندی لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا، دەسەڵات بەناوەند کراوە و هەموو کەس تابیعی دەوڵەتە، لە کاتێکدا شارنشینیی و پیشەسازی پەرەیان سەندووە و عەقڵانییەت و زانستیش ئەو کۆمەڵگایە لەگەڵ کۆمەڵگاکانی پێشووی خۆی جیا دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا ئەو کۆمەڵگایە گوایا سکۆلارە، بەو مانایە کە دین پەڕاویز خراوە و هتد. ئینسانی هاوچەرخیش بە پێی ئەو بۆچوونە تاکێکی سەنعەتییە، گوێبیستە، لە ژێر سێبەری سیستەمێکی عەقڵانیدا دەژیت و گیرۆدەی بوروکراسییە، کرێکاری کارخانەیە و کەسایەتییەکەی لە کارخانەدا شکڵ دەگرێت. لە کۆتاییدا، هەموو ئەمانە پێویستیان بە کەیفییەتگەلێک هەیە کە تاک لە بەرانبەر ئەزموونی نوێدا، کراوە ڕادەگرن و وای لێ دەکەن بایەخ بە زانینی تەکنیکی بدات (یا لە ڕاستیدا ببێتە بەشێک لە ئامرازەکانی سەنعەت)، خوێندەوار بێت و لە تێکەڵ بوون لە سیستەمی ئاڵۆزی کار سڵ نەکات.[28]
ڕوانینی چەندڕەهەندی
بە پێچەوانەوە، ڕوانینی چەندڕەهەندی کە لە ژێر تیشکی تیۆریی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی خۆی دەردەخات، بەجۆرێکی بنەڕەتی لە ڕوانینی یەکلایەنە جیا دەبێتەوە. ئەگەرچی مێکانیزمە سەرەکییەکان، وەکوو دەوڵەت و بەرنامەی ئابووری و دامەزراوە نوێکان، دەتوانن خاڵی هاوبەش لەگەڵ ڕوانینی یەکلایەنە بن. بۆچووونی هەمەلایەنە بایەخ بە گرنگیی پێکهێنەران یا هۆکارەکانی پیشەسازی، تەندروستی، شارسازی، بەسکۆلارکردن و سیاسیکردنی کۆمەڵگا دەدات. بەڵام هەم ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی بەرانبەر ئەو هۆکارانە هەیە و هەم شک و گومان دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوانیان. بۆچوونی هەمەلایەنە، بە وتەی ئیلان پاپە، “ئەو لۆژیکە دەباتە ژێر پرسیار کە لە نێوان ئەو هۆکارانە و نوێسازیدا پێک دەهێنرێت”.[29] بۆچوونی هەمەلایەنە خاوەن چەند هۆکاری دیکەیە کە تیۆرییەکانی نوێسازی بایەخی پێ نادەن. ئەوانە بریتین لە دەورگێڕانی هۆکاری نادەوڵەتیی گۆڕان (واتە کەسایەتییەکان، بزووتنەوەکان)، و هۆکارەکانی سەردەم و بەستێنی مێژوویی و بەشداریی سیاسی و فەرهەنگیی جەماوەر. لە درێژەدا، تا ئەو جێگایەی بۆ کۆمەڵگای کوردەواری دەگەڕێتەوە، دەبێ سەرنج بدرێتە دوو کۆمەڵەهۆکار کە هەر کامەیان دابەش دەکرێن بە سەر گەڵیک هۆکار و پێکهێنەری دیکەدا.
یەکەم کۆمەڵەهۆکار ئەوانەن وا لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە کۆمەڵگای کوردەوارییان زۆرتر بە ئێرانەوە گرێ داوە. ئەم هۆکارانە لانیکەم خاوەن سێ لایەنن: (١) ئاکامی ڕەوتی نوێسازی دەبێتە دەوڵەتێکی ناوەندگەرا و سەرکوتکەر کە کردارەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردەواری شکڵ پێ دەدەن؛ (٢) بەستێنە مێژوویییەکان کە تیۆرییەکانی نوێسازی بەتەواوەتی لە چاو ونیان دەکەن. ڕووداوە مێژوویییەکان لە ناوخۆ و ناوچە و جیهاندا کاریگەریی مەزنیان لە سەر کۆمەڵگا بەجێهێشتوە. هەم بایەخ و بیرۆکەی نوێیان لێ کەوتووەتەوە، هەم کۆمەڵگا لە هەر سەردەمێکیدا بووەتە خاوەن نەسڵ و کۆڕوکۆمەڵی سیاسی و فەرهەنگیی خۆی و تێگەیشتنی جەماوەریش گەشەی کردووە؛ (٣) هۆکارەکانی نادەوڵەتیی گۆڕان. وەک هۆکارێکی دیکە، لە هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە مێژوویی و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانەدا، دەورگێڕانی نادەوڵەتیی گۆڕان، دەوری گرینگیان گێڕاوە. لێرەدا لە جیاتی ئەوەی دامەزراوە “نەریتخواز”ەکان بسڕدرێنەوە و هیچیان بۆ نەسەلمێت، بۆچوونی هەمەلایەنە، پەیوەندییەک لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا پێک دەهێنێت. بۆ نموونە خوێندنی هاوچەرخ لە ڕێگای سەرکوتکردن و ناوزڕاندنی مەدرەسە مێژووییەکانی حوجرە و خانەقا پیرۆز دەکرا، لە کاتێکدا زۆرێک لە هۆکارەکانی نادەوڵەتیی گۆڕان (بۆ وێنە لە بواری گەشەپێدان بە سەواد) بریتی بوون لەو ڕووناکبیرانە (وەکوو قانیع) وا لە وەها شوێنگەلێک فێری سەواد و زانیاری ببوون.
دووهەم کۆمەڵەهۆکار بریتییە لە هۆکارەکانی موقاومەت لە بەرانبەر نوێسازییەکی سەرکوتگەرانە و یەکجۆرکردنی فەرهەنگی. لە ژێر ئەم بابەتەدا، ناسنامە و فەرهەنگی کوردی و چارەنووسەکەی لە ڕەوتی نوێسازیی ئێراندا جێگا دەگرن. لەم بوارەدا، نوێسازی چەند ئاکامی لێ کەوتەوە. یەکەم بەنەتەوایەتیکردنی ناسنامە لە سەر بناغەی ناسنامەیەکی یەکگرتووی ئێرانی؛ دووهەم، بەفارسیکردنی فەرهەنگ و زمان؛ و سێهەم، سیاسەتەکانی نوێسازی کە بریتی کران لە داگیرکردنی چەکدارانەی (نیزامیکردنی) فەزای گشتی و دابەشکردنی ئیداریی ناوچە کوردنشینەکان. ئاکامی بەنەتەوایەتیکردنی ئێران بریتیی بوو لە ڕەوتگەلێکی درێژخایەن وەکوو سەرکوت و پەڕاوێزخستنی ناسنامەی کوردی، قەدەغەکردنی زمانی کوردی وەک زمانێک بۆ خوێندن و ئیدارات. بە درێژاییی ڕەوتی نوێسازیی ئێران، بە تایبەت دوابەدوای جەنگی دووهەمی جیهانی، ئاڵوگۆڕێکی گرینگ لە پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان خەڵکانی ئێران پێک دێت. هۆکارەکانی بەمیدیایی کردنی کۆمەڵگا، بەنۆڕمکردنی فەرهەنگێکی دیاریکراو، و بەرخۆدانی خەڵکانی دیکە، مێکانیزم یا ئامرازی سەرەکی بۆ ئەو پەیوەندییانە دەکاتە هێژمۆنی فەرهەنگیی یەکێک لە گرووپەکانی ناو ئیران بە سەر ئەوانی دیکەدا، یا ئەو ئامرازە زۆرتر و بەتەواوەتی جێ دەخات. هێژمۆنی فەرهەنگی بەو مانایە کە دەسەڵات (ئوتوریتە)، لێرەدا دەسەڵاتی زمان و فەرهەنگێکی دیاریکراو، نەک لە ڕێگای زەبروزەنگەوە بەڵکوو زۆرتر لە ڕێگای ڕاکێشانی رەزایەتی گشتییەوە، چنگ دەخرێت. واتە ئێمە هەموومان قەبووڵی دەکەین کە زمان و فەرهەنگێک لەوەی خۆمان و ئەوانی دیکە دەوڵەمەندترە و شیاوی ئەوەیە کە سەروەر بێت.[30]
کەوابوو، لە ڕوانینی هەمەلایەنەدا، کارتێکردنی هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە گرینگە و ئاکامی خۆیان هەیە و ناکرێ بەوجۆرەی وا تیۆرییەکانی نوێسازی و گەشە، ئاکامی بەرنامەکان هەر لە پێشەوە دەخوێننەوە، لە پێشدا پێشبینی بکرێن. ئاکامەکانی “باش” و “خراپ”ی چاکسازییە دەوڵەتییەکان، پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردیی شکڵ پێ دەداتەوە. لە هەمان کاتدا دەوری هۆکارە نادەوڵەتییەکانی گۆڕان لە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا دەسەلمێنرێت. لە کۆتاییدا، ڕوانینی هەمە لایەنە، بانگەوازی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی ئەم چەمک و بابەتانەی خوارەوە یان گونجاندنیان لە لێکۆڵینەوەکاندا دەکات: “نەریتخواز” و “هاوچەرخ”، خوێندنی هاوچەرخ، دامەزراوەکانی بەنوێکردن و تێکەڵکردنی کۆمەڵگا، بەرخۆدانی دامەزراوە ئایینییەکان، سکۆلارسیم، بەسکۆلارکردن، موقاومەت لە بەرانبەر بەسکۆلارکردن، سیاسەتەکانی نوێسازی، تێگەیشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، نیزامی جنسییەتی، چاکسازیی زەوی، پیشەسازی، کۆچ بۆ شار، گەشەی ژێرخانی ئابووری، شاری هاوچەرخ، میدیا، بەشداریی سیاسی، و هەروەها بەرخۆدانی سیاسی و فەرهەنگی و چەکدارانە.
تیۆرییەکانی دواداگیرکاری و ڕوانینی تێوەگلانی فەرهەنگی
جیاکردنەوەی بۆچوونەکانی یەکڕەهەندی و چەندڕەهەندی، پەیوەندییەکی چروپڕی بە دیاریکردنی بەدیلی تیۆریک یا داڕشتنی چوارچێوەی نەزەرییەوە هەیە. لە ڕاستیدا جەختکردنە سەر ڕوانینی چەندڕەهەندی، دەبێ توێژەر وا لێ بکات کە بە تێفکرینێکی قووڵتر و هەمەلایەنەترەوە دەست بۆ تیۆرییەکان ببات یا تەنانەت وای لێ بکات ڕوانگەیەکی (ئەگەر نە تیۆرییەکی) دیکە یا چوارچێوەیەکی نەزەریی نوێ دابڕێژێت. هەر بەوجۆرەی وا ڕوانینی چەندڕەهەندی بە ورەیەکی کراوە و هەمەلایەنەوە دەڕوانێتە پێکهاتەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردەواری، ورەیەکی کراوەتر بۆ بەکارهێنانی تیۆرییەکان و داڕشتنی ڕوانینەکان پێویستە. بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسییانە، ڕێخۆشکەر و ڕێنوێنی بۆچوونی یەکڕەهەندییە. بەڵام لە پێناو بۆچوونێکی چەندڕەهەندی بۆ توێژینەوە لە سەر گرفتەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردەواری لە ئێران (و تەنانەت لە وڵاتانی دیکەشدا)، دەبێ لە بەکڵێشەکردنی ڕوانینەکانی تیۆریی دواداگیرکاری خۆ بپارێزین و ئەو تیۆرییانە لە پێناو تێوەگلانی فەرهەنگی لە وڵاتێکی چەند فەرهەنگییدا بەکار ببەین. لە ڕاستیدا بەکڵێشەکردنی ئەو تیۆرییانە وای کردووە کە تێوەگلانی فەرهەنگی کە بەشێکی گرینگی تیۆرییەکانی دواداگیرکارییە، بکەوێتە سێبەرەوە و نەبینرێت.
بەکڵێشەکردنی تیۆریی دواداگیرکاری، جێگا بۆ ڕوانینی دیکە خۆش دەکات. یەکێک لەوانە نەتەوەگەرێتییەکە کە بێبەرییە لە زانستی قووڵ بەڵام خاوەن چوارچیوەیەکی بەرتەسکە و زمانێکی نائاکادیمیکی هەیە. بۆ وێنە، ”فارسەکان” دەخرێنە خانەیەکی دیاریکراو و هەموو وەک ”شۆڤێنیست” پێناسە دەکرێن. ”ئێران”یش دەکەوێتە ژێر قورسایی بەکارهێنانی ناڕەخنەگرانەی ”ڕۆژهەڵات” و پارێز لەبەکارهێنانی هەیە. لە کاتێکدا ئێران پێکهاتەیەکی گرینگی جوگرافی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییە و خاوەن مێژووییەکی دیاریکراوە. لە هەموو ئەو بوارانەدا، کۆمەڵگای کوردەواری لە ئێران (کوردستانی ئێران/ڕۆژهەڵاتی کوردستان) خاوەن گەلێک خاڵی هاوبەشە. بە هەمان ڕادە گرینگ، ئەگەر ئەو بۆچوونە خاو و خلیسکانە دەیانهەوێت ”ئێران” وەک پێکهات یا چەمکێک بسڕنەوە، دەبێ جوابی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە ئێمە لەگەڵ ناسنامەی ئێرانی کە بەشێک لە ناسنامەی کورد لە ئێران پێک دەهێنیت، دەبێ چ بکەین؟ لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە ئێران هەم وەک دیاردەیەکی مێژوویی و هەم وەک چەمکێک بەرز بکرێتەوە و ناسنامەی دیکە دابەزێنرێت. مەبەست ئەوەیە بزانین چ بۆچوونێک (چوارچێوەی نەزەری) دەتوانێت وەک ڕێگایەکی باشتر بۆ جوابدانەوە بەو پرسیارانە ڕەچاو بکرێت.
نموونەی دیکەش دەتوانین بهێنینەوە. بۆ وێنە مردنی شەجەریان، گورانیبێژی بەناوبانگی ئێران، قسەوباسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. سەرنجڕاکێشترین بۆ من ئەوە بوو کە کلیپێک بڵاو کرایەوە کە تێیدا ئیدیعای ئەوە دەکرا کە شەجەریان گۆرانیی عەلی مەردانی دزیوە! ئاکامی ئەو ئیدیعایانە ئەوەیە کە کورد لە هونەر و مۆسیقادا زۆر لە فارس پێشترە و ئەمە دەبێ ئەوە بسەلمێنێت کە کورد زۆر کۆنترە لەوان. ئێمە دەتوانین لە ڕێگای نموونەی گۆرانی ”کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شیینە/چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە” بە دەنگی مەزهەری خالقی، تیشک بخەینە سەر ئەم بابەتە. پروفێسۆر ئەمیر حەسەنپوور لە وتارێکی یەکجار بەنرخدا لە ژێر ناوی Wandering in Adalar Sahilinde باسی ڕەچەڵەکی ئەو گۆرانییە دەکات.[31] ئەو گۆرانییە بە چەندین زمانی دیکە لەوانە تورکی و یۆنانی و عەرەبی وتراوەتەوە و ڕەچەڵەکی لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە ئەگەر نە کۆنتریش.[32] لەبەر ئەمە دەستنیشانکردنی ئەوەی ئەو گۆرانییە لە پێشدا بە چ زمانێک و چۆن وتراوە دەبێتە کارێکی زۆر ئاستەم و هیچ خەڵکێک ناتوانێت ئیدیعای ئەوە بکات کە ئەو گۆرانییە هی ئەوە. لە هەمان کاتدا دەبێ ئێمە بزانین دەرخستنی ڕاستییەکی بەوجۆرە بە چ مەبەستێکە؟ کەوابوو سنوورەکانی مۆسیقا و هونەر زۆر لەوە بەرفراوانترە کە نەتەوەگەرێتی بتوانیت بەرتەسکیان بکاتەوە. دۆخی مۆسیقا و هونەر لە ئەمڕۆشدا هەر بەو جۆرەیە: سنوور ناناسێت بەڵام ئاستی هونەر و فەرهەنگی خەڵکێکی تایبەتیش دەردەخات. بۆیە خەبات لە دژی بەرتەسک کردنەوەی فەرهەنگی خەڵکانی دیکە لە ئێران، هەوڵێکی ڕەوایە و ئامانجی ئەوەیە تا کۆسپەکانی بەردەم گەشەی تواناییی فەرهەنگی و هونەریی خەڵکێک لا ببات. ئەمە بەو مانایە کە شەجەریانیش دەبێ لەو بەستێنە ناوچەیییەدا هەڵبسەنگێنرێت. دەنا ئایا دەتوانین ئەوە بسەلمێنین کە گۆرانییەکانی عەزیز وەیسی لە مادەکانەوە بە میرات گەیشتووە و ئاسەواری هیچ فەرهەنگێکی دیکەی پێوە دیار نییە؟ بە پێی چ پێوەرێک دەبێ شێکسپێر و زمانەکەی گرینگ بکرێت، بەڵام گۆرانیبێژانی فارس و زمانەکەیان دابەزێنرێت؟
ڕوانینی ڕۆژهەڵاتناسییانە هێشتا بۆچوونێکی زاڵی مێژوویییە کە تیۆرییەکانی گەشە و نوێسازی، ڕێنوێنیی کردووە و دەیکات. لە ئاستی ڕوانینی مێژووییدا، بۆچوونی یەکڕەهەندی تا بینەقاقا لە ڕوانینێکی ڕۆژهەڵاتناسییانەدا ڕۆچووە. هەر وەک ئێدوارد سەعید لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسیدا شیی دەکاتەوە، ئەو ڕوانینە دوو دونیای ”ڕۆژاوا” و ”ڕۆژهەڵات” دادەتاشێت و جیاوازییەکی هەبوونناسانە و سیستەماتیک لە نێوانیاندا پێک دەهێنێت. ڕەخنە لە مەکتەبی ڕۆژهەڵاتناسی، یەکێک لە دەسپێکە گرنگەکانی تیۆرییەکانی دواداگیرکارییە. ئەم تیۆرییانەش چوارچێوەیەکی بەهێز و قووڵ بۆ توێژینەوە لە سەر کۆمەڵگاکانی ئەم بەشە لە جیهان، پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و گرووهە کۆمەڵایەتییەکان و مێژووی ئەو کۆمەڵگایانە دابین دەکەن. بۆ وێنە لە توێژینەوەی هەمەلایەنە و قووڵی سارۆ ئەردەڵان لە سەر سینەمای ئێران (تیشک، ژمارە ٥٨)، تیۆرییەکانی دواداگیرکاری، ڕێنمایەکی بەهێزن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ڕەخنەیەکی قووڵی هونەری پێشکەش بکەین.[33] بۆ ئەوەی باسەکە درێژتر نەبێتەوە، لە هێنانی نموونەی دیکە خۆ دەپارێزم کە دەتوانن نیشانی بدەن کە چلۆن مێشک و ژیانی ئاسایی لە ڕێگای ئامرازی جۆربەجۆرەوە داگیر دەکرێت و دواجار ئەو داگیرکردنە لە خزمەت دەسەڵاتێکی دیاریکراودا بەردەوام و تەمەندرێژ دەکرێت. سەرەڕای ئەمە، و بۆ ئەوەی بە بنەماکانی بۆچوونێکی چەندڕەهەندی وەفادار بمێنینەوە، دەبێ جیاوازییەکان لە نێوان کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکان لە چاو ون نەکەین. بۆ وێنە دەبێ جیاوازییەکان لە نێوان کۆمەڵگایەکی چەند میللیەتی وەک ئێران بە مێژووییەکی درێژخایەن و هاوبەش لە نێویاندا و وڵاتێکی ڕاستەوخۆ داگیرکراو وەک ئەلجەزایەر لە پێش چاو بگرین. هەروەک لە باسەکانی بیل ئاشکرۆفتدا دەردەکەوێت، تیۆرییەکانی دواداگیرکاری نابێ تەنها لە دەوری ئەوە خول بخوات کە ئایا ”ژێردەستان بۆیان هەیە قسە بکەن” یا ”ئەوی دیکە” The Other دەبێ هەتاهەتا ئەوی دیکە بمێنێتەوە.[34] لە لایەکی دیکەوە، دیتنی ئەو جیاوازی و خاڵە هاوبەشانە، گرینگییەکی دیکەی هەیە. ئەویش دۆزینەوەی بەدیلی دژەهێژمۆنییە. ئێمە ناتوانین لە تیۆری بۆ بۆڵەکردن کەڵک وەربگرین. هەر وەک ئاشکرۆفت جەختی لە سەر دەکات، بەدیل نەک دژایەتیکردن، بەڵکوو تێوەگلانە (interpolation, engagement) لەگەڵ فەرهەنگی دیکە. واتە، بەکارگرتن و کەڵک وەرگرتن لە ئامرازەکانی فەرهەنگی بەبانتر کراو و ئەو سەرمایە فەرهەنگییەیە کە لە ناخی بەرهەمهێنانی فەرهەنگییەوە بەرهەم هاتوە و بەرهەم دێت.[35] مەبەستی ئەم بەکارگرتن و کەڵکوەرگرتنە شتێک نییە جگە لە بەرزکردنەوەی ئاستی فەرهەنگیی ژیردەستە و لە پەڕاوێزخراو بۆ پلەیەکی باشتر و شیاوتری فەرهەنگی، بۆ مسۆگەرکردنی بەرابەریی فەرهەنگی. ئەم بۆچوونەش هەروەک “محەممەد بەزرئەفکەن” و “محەممەد رەزایی” لە وتارێکی بەنرخدا باسی دەکەن، بەدیلێکە لە بەرانبەر ئانتاگۆنیسم واتە دژایەتیی فەرهەنگی.[36]
لە کۆتاییی ئەم بەشەدا، مەرجی گەشەی بواری توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لەوەدایە کە توێژەر پەیوەندیی نێوان ئەو ڕەهەندانە ببینێت تا بتوانێت ئەگەر پێویست کرا بەدیلەکان بۆ ئەمڕۆش دەستنیشان بکات. تا ئەو جێگایەش کە بۆ تیۆرییەکان دەگەڕێتەوە، خۆقەتیسکردن بە تیۆرییەکی دیاریکراو، نابێ ورەی توێژەر پێک بهێنێت. بەپێچەوانەوە، توێژەر دەبێ لە پێناو بەربڵاوترکردنەوەی گۆڕەپانی ڕوانینمان، مەجال بۆ بۆچوونی جۆربەجۆر بڕەخسێنێت.
کۆتایی
ئەم وتارە، تیشک دەخاتە سەر دوو ڕوانینی سەرەکی بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و داوا دەکات ئەوانە لە ناخی لێکۆڵینەوە لە سەر مێژووی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردەواری لە ئێران تاوتوی بکرێن. هەر کام لەو ڕوانینانە ئاکامی ڕەوتگەلێکی سیاسی و فیکری و ئاکادیمیکی دوابەدوای جەنگی دووهەمی جیهانین. بەڵام لە هەمان کاتدا، هەر دوو ڕوانینەکە بەتایبەت ئاکامی شکستی بەرنامەی دەوڵەتی بۆ چاکسازیی ئابووری-سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقان. کارێکی زەحمەت نییە پیشان بدرێت کە چلۆن نوێسازییە دەوڵەتییەکان لە وڵاتانێکی وەک ئێران، میسر، عێراق و تورکیا ئاکامی گرینگی سیاسییان لێ کەوتەوە کە بە پێچەوانەی حەز و ئامانجی نوێسازییەکان بوون. وەک نموونەیەکی زۆر زەق، دەتوانین پرسیار بکەین کە ئەگەر ”بەسکۆلار کردن”، کۆمەڵگای ”هاوچەرخ”ی لێ دەکەوێتەوە، ئەی بۆچی ئاکامی ئەو ڕەوتە لەو وڵاتانەدا بوو بە ئیسلامی سیاسی؟ زەحمەت نییە دەرک بەوە بکەین کە مەشروتکردنی دەوڵەتی ناوەندگەرا و بە ”عەقڵانییەت” دەرهێنانی ئۆتۆریتەی سیاسی لە لایەن مۆدێلی یەکڕەهەندیی نوێسازییەوە، ڕاستەوخۆ دەوڵەتی سەرکوتگەر و دیکتاتۆری وەک ئاتاتورک و شای ئێران و ئەفسەرانی میسر و بەعسی عێراق و سووریای لێ کەوتەوە. بە هەمان شێوە، هێنانی ڕواڵەتێکی نوێ لە ژن بۆ ئەوەی ئەو نیزامە سیاسییانە خۆیان وەک کۆمەڵگای هاوچەرخ بناسێنن، بوو بە نەریتێک کە ئەمڕۆش ئاکامەکەی لەوەدا دەبینین کە بۆ بە”سکۆلار” بوون، هێزە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن ڕواڵەتێکی ڕووکەشانە لە گرفتی ژن یا ”مافی ئافرەت” لە خۆ پیشان بدەن. لە ئاخرین نموونەدا، لەم دوایانەدا، خەلیفە جەوانەکەی عەرەبستان، وێنەی ژنێکی ئەندامی گرووپی پارێزگاریی لە جلوبەرگی نیزامییدا بڵاو کردەوە. بۆیە بەخشینی مافی شۆفیری بە ژنانی ئەو وڵاتە وەک دەسکەوتێکی مەزن لە وڵاتانی ڕۆژاوادا هەڵای لێ ساز دەبێت لە بەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لەو بەشە لە جیهان لای وا نییە کە ژنانی عەرەبستان، ئێران یا میسر دەتوانن لەوە زیاتر دەورێک بگێڕن. بە هەمان ڕادە گرینگ، دەوڵەت-میللەتان بە درێژاییی سەدەی بیستەم دایمە هەوڵیان دا بزووتنەوەی ژنان لە خوارەوە یا سەرکوت بکەن یا بچووکی بکەنەوە و بیانکەن بە هێزێکی دەوڵەتی. ئەمە بۆ پرسی دینیش هەر بەو جۆرەیە. بە بۆچوونێکی هەڵە، سکۆلاریسم وەک دژایەتی لەگەڵ دین پێناسە کرا، ئەگەرچی ئەو جۆرە دەوڵەتانە زۆرجاریش هێزە ئایینییەکانیان بەکار دەهێنا (وەک بەکارهێنانی تەریقەتەکان لە دژی ئیخوانەکان لە میسر). سکۆلاریسم لە سەر بناغەی جیاییی دین لە دەوڵەت دامەزراوە، بەڵام بە هەمان ڕادە گرینگ، دەبێ بە مانای سیستەمێکی فێرکردن و بارهێنان و لێکۆڵینەوەش چاو لێ بکرێت کە تاکی ڕەخنەگەر پێک دەهێنیت (نەک تاکی ”هاوچەرخ” داتاشێت). سکۆلاریسم بەم مانایە ناهێڵێت نەریت و کەسایەتیی مێژوویی، ببنە پەیکەر یا یادگاری مێژوویی کە وەک لەمپەڕ، ببنە بەربەست لەبەردەم توێژینەوە و ڕەخنە و بەرهەمهێنان لە هەموو ئاستەکاندا.
لە خزمەت باسی ئەم وتارەدا، ئەو وتانەی سەرەوە دەتوانن تیشک بخەنە سەر ڕەوتێکی مێژوویی کە شکڵی داوە بە وڵاتی ئێران بە گشتی و کۆمەڵگای کوردەواری بە تایبەتی. لە هەمان کاتدا، لەم وتارەدا دوو ڕوانینی سەرەکی بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی شی کرایەوە. مەبەست وەگەڕخستنی توێژینەوەی کۆمەڵایەتییە لە ژێر تیشکی ئەو خوێندنەوە ڕەخنەگرایانە، کە نەک بەجۆرێکی یەکڕەهەندی بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی هەمەلایەنەترەوە توێژینەوە لە سەر بابەتە جۆربەجۆرەکان دەکات. لە پێشکەشکردنی بناغە و پێکهێنەرانی ئەو دوو ڕوانینەدا، گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ئەو بۆچوونە ڕەخنەگرانەیە دەتوانێت زۆر لایەنی دیکە بدۆزێتەوە کە تا ئێستا باس نەکراون یا گیرۆدەی خوێندنەوەیەکی هەڵەن. ئەمە ڕێک ئامانجی سەرەکیی توێژینەوە بە گشتی و توێژینەوەی کۆمەڵایەتی بە تایبەتی، پێک دەهێنێت.
سەرچاوەکان
لێرەدا نووسەر نەیتوانیوە هەموو لێکۆڵینەوەکان بگونجێنێت کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بڵاو بوونەتەوە و ڕەنگدانەوەی گەشەی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە کوردستانی ئێرانن. سەرچاوە ئینگلیزییەکانیش بریتین لە ژمارەیەک لە گرینگترین توێژینەوەکان.
احمد محمدپور، رسول صادقی، مهدی رضایی، لطیف پرتوی، ”نوسازی، خانوادە و تجربە گذار جمعیتشناسی در کردستان،” پژوهش زنان، دوره ٧، شماره ٤، زمستان ١٣٨٨.
احمد محمدپور، مهدی رضایی، ”درک معانی پیامدهای ورود نوسازی بە منطقە اورامانات کردستان ایران،” مجلە جامعەشناسی ایران، دورە ٩، شمارە ٢-١، تابستان ١٣٨٧.
سید حسین سراج زاده، امید قادرزاده، جمیل رحمانی، ”مطالعە کیفی مذهب و قومگرایی در میان کردهای شیعە، جامعه شناسی ایران، سال پانزدهم، شماره 4، زمستان ١٣٩٣.
شهین رعنایی، اصلاحات ارضی در استان کردستان 53 – 1341: منطق استقرار، پیامدهای اجتماعی و تبعات سیاسی، ١٣٩٧.
امید قادرزاده، احمد محمدپور و امید قادری، ”تجارت مرزی و تفسیر مردم از تغییراتِ جهانزیست خانواده،” راهبرد فرهنگ، شـمارە بیست و دوم، تابستان ١٣٩٢.
احمد محمدپور ، مهدی رضايی ، لطيف پرتوی و رسول صادقی، ”بازسازی معنايی تغييرات خانواده به شيوه نظريه زمينەای: (مطالعه موردی: ايلات منگور و گورک)،” دورە ٨، شمارە ١٩، پاییز ١٣٨٨.
Abrahamian, E., Iran between Two Revolutions (Princeton, 1982).
Amanat, A., Iran: A Modern History (New Haven, London, 2017).
Ansari, A. M., “The Myth of the White Revolution” in Ali M. Ansari, ed., Politics of Modern Iran, Vol. 2 (London, 2001).
Ashcroft, B., Post-Colonial Transformation (New York, 2001).
Bazafkan, M., and M. Rezaei, ‘Othering the Ethnic Groups: A Meta-Analysis of Iranian Identity Studies’, The International Journal of Divers Identities Vol. 20, No. 2 (2020): 1-17.
Bendix, R., “Tradition and Modern Reconsidered” in Reinhard Bendix, ed., Embattled Reason, Vol. 2 (New Jersey, 1988).
Bendix, R., ‘Tradition and Modernity Reconsidered’, Comparative Studies in Society and History Vol. 9, No. 3 (April 1967): 292-346.
Bourdieu, P., “The Forms of Capital” in John G. Richardson, ed., Handbook of Theory and Research for the Sociology of Education (London, 1986).
Cabi, M., ‘The Duality of Official and Local: Historical and Intellectual Foundations’, Middle Eastern Studies Vol. (2021).
Cahoone, L., ed., From Modernism to Postmodernism: An Anthology (Australia, 2003).
Escobar, A., Encountering Development: The Making and Unmaking of the Third World (Princeton, 1995).
Hassanpour, A., “Wandering in Adalar Sahilinde” in Joyce Blau, ed., L’éternelle Chez Les Kurdes [En Ligne (Online, 8 Sep. 2017.
Huntington, S., Political Order in Changing Societies (New Haven and London, 1968).
Inkeles, A., and D. H. Smith, Becoming Modern: Individual Change in Six Developing Countries (London, 1974).
Keddie, N. R., ‘Secularism and State: Towards Clarity and Global Comparison’, New Left Review Vol., No. 226 (1997): 21-40.
Keddie, N. R., ‘Secularism and State: Towards Clarity and Global Comparison’, New Left Review Vol., No. 226 (Nov 1, 1997).
Kerr, C., Industrialism and Industrial Man, London (1962).
Lerner, D., The Passing of the Traditional Society: Modernizing the Middle East (USA, 1958).
Lockman, Z., The Contending Visions of the Middle East: The History and Politics of Orientalism, 2nd ed. (USA, 2010).
Pappe, I., A History of Modern Palestine, 2nd ed. (Cambridge, 2004).
Pappe, I., The Modern Middle East (New York, 2005).
Rostow, W. W., The Stages of Economic Growth: A Non-Communist Manifesto (Cambridge, 1990).
Stevenson, J., British Society 1914-1945 (London, 1984).
Thompson, J. B., Ideology and Modern Culture: Critical Social Theory in the Era of Mass Communication (UK, 1990).
Waters, M., Modern Sociological Theory (London, 1994).
Weber, M., Economy and Society: An Outline of Interpretive Sociology (California, 1978).
پەراوێز
[1] لە سەر بەمیدیاییكردنی کۆمەڵگای هاوچەرخ بڕواننە
- B. Thompson, Ideology and Modern Culture: Critical Social Theory in the Era of Mass Communication (UK, 1990).
[2] مەحمود ئەفشار، ”مطلوب ما: وحدت ملی ایران”، ئایەندە، ژومارەی ١، ١٣٠٤ (١٩٢٥)، لل. ٦-٥.
[3] لە زومرەی ئەو لێکۆڵینەوە بەرینانە بڕوانە:
احمد محمدپور، رسول صادقی، مهدی رضایی، لطیف پرتوی، ”نوسازی، خانوادە و تجربە گذار جمعیتشناسی در کردستان،” پژوهش زنان، دوره 7، شماره 4، زمستان ١٣٨٨: ٩٣-٧١؛ احمد محمدپور، مهدی رضایی، ”درک معانی پیامدهای ورود نوسازی بە منطقە اورامانات کردستان ایران،” مجلە جامعەشناسی ایران، دورە ٩، شمارە ٢-١، تابستان ١٣٨٧؛ سید حسین سراج زاده، امید قادرزاده، جمیل رحمانی، ”مطالعە کیفی مذهب و قومگرایی در میان کردهای شیعە، جامعه شناسی ایران، سال پانزدهم، شماره 4، زمستان ١٣٩٣؛ شهین رعنایی، اصلاحات ارضی در استان کردستان 53 – 1341: منطق استقرار، پیامدهای اجتماعی و تبعات سیاسی، ١٣٩٧؛ امید قادرزاده، احمد محمدپور و امید قادری، ”تجارت مرزی و تفسیر مردم از تغییراتِ جهانزیست خانواده،” راهبرد فرهنگ، شـمارە بیست و دوم، تابستان ١٣٩٢؛ احمد محمدپور ، مهدی رضايی ، لطيف پرتوی و رسول صادقی، ”بازسازی معنايی تغييرات خانواده به شيوه نظريه زمينهای: (مطالعه موردی: ايلات منگور و گورک)،” دورە ٨، شمارە ١٩، پاییز ١٣٨٨.
.
[4] سەردەمی هاوچەرخ لە جیاتی مۆدێڕنیتە و بەهاوچەرخ کردن لە جیاتی مۆدێڕنکردن بەکار هاتوە.
[5] بۆ تیۆرییەکانی گەشە بڕوانە:
- Escobar, Encountering Development: The Making and Unmaking of the Third World (Princeton, 1995).
بۆ ڕەخنەکان لە نوێسازی و لە دووانەیی نەریت و هاوچەرخ و هەروەها تیۆرییەکانی نوێسازیی بڕوانە:
- Bendix, “Tradition and Modern Reconsidered”, in Reinhard Bendix, ed., Embattled Reason, Vol. 2 (New Jersey, 1988); I. Pappe, The Modern Middle East (New York, 2005), pp. 1-13; Z. Lockman, The Contending Visions of the Middle East: The History and Politics of Orientalism, 2nd edn. (USA, 2010), pp. 134-48.
[6] بۆ وێنە بڕوانە:
- Weber, Economy and society: An Outline of Interpretive Sociology (California, 1978).
[7] J. Stevenson, British Society 1914-1945 (London, 1984), p. 17.
[8] هەمان جێگا
[9] R. Bendix, “tradition and Modernity Reconsidered,” Comparative Studies in Society and History 9, No. 3 (April 1967), 331.
[10] هەمان جێگا
[11] Bendix, ‘tradition and Modernity Reconsidered’, p. 293.
[12] L. Cahoone, ed., From Modernism to Postmodernism: An Anthology (Australia, 2003), p. 9.
[13] Lockman, The Contending Visions, pp. 137-8.
[14] هەمان جێگا، ل. ١٣٤.
[15] هەمان جێگا
[16] هەمان جێگا، ل. 88.
[17] هەمان جێگا، لل. ٤١-١٣٤.
[18] هەمان جێگا، ل. ٢٨٠.
[19] هەمان جێگا
[20] سەبارەت بە گەشەی سیاسیی، بۆ وێنە بڕوانە:
- W. Rostow, The Stages of Economic Growth: A Non-Communist Manifesto (Cambridge, 1990); S. Huntington, Political Order in Changing Societies (New Haven and London, 1968).
[21] Huntington, Political Order in Changing Societies, p. 155.
[22] London National Archives بڕوانە بەڵگە لە ئارشیویی لەندەن:
TNA, FO371 157605 EP 1015/123 24 May 1961, quoted in A. M. Ansari, “The Myth of the White Revolution”, in Ali M. Ansari, ed., Politics of Modern Iran, Vol. 2 (London, 2001), p. 262.
[23] E. Abrahamian, Iran Between Two Revolutions (Princeton, 1982), p. Ch. 9; A. Amanat, Iran: A Modern History (New Haven, London, 2017), Ch. 10-12.
[24] Bendix, ‘tradition and Modernity Reconsidered’, p. 316.
[25] D. Lerner, The Passing of the Traditional Society: Modernizing the Middle East (USA, 1958), p. 44.
[26] بڕواننە
- Inkeles and D. H. Smith, Becoming Modern: Individual Change in Six Developing Countries (London, 1974); Huntington, Political Order in Changing Societies; Lerner, The Passing of the Traditional Society; C. Kerr, Industrialism and Industrial Man, London (1962); Pappe, Modern Middle East; N. R. Keddie, “Secularism and State: Towards Clarity and Global Comparison,” New Left Review, No. 226 (1997); M. Waters, Modern Sociological Theory (London, 1994).
[27] Stratification and differentiation.
[28] : بۆ تیۆرییەکانی نوێسازی بڕوانە
Inkeles and Smith, Becoming Modern; Lerner, The Passing of the Traditional Society; Huntington, Political Order in Changing Societies; Kerr, Industrialism and Industrial Man; بۆ خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە لە نوێسازی بڕوانە Pappe, Modern Middle East; N. R. Keddie, “Secularism and State: Towards Clarity and Global Comparison,” New Left Review, No. 226 (Nov 1, 1997); Waters, Modern Sociological Theory.
ژمارەیەک لە تیۆرییەکانی نوێسازی و گەشە ئەوە دەسەلمێنن کە سەنعەتیکردن مۆدێلێکی یەکجۆر یا واحید نییە و ئاکامەکە بەسەنعەتبوونێکی هەمەجۆر بێت و هەلومەرجە فەرهەنگی و ئابوورییەکان بە پێی هەر وڵاتێک جیاواز بن بەجۆرێک کە بڕێکیان لەوانەی موقاومەتی زۆرتر لە خۆیان پیشان بدەن. سەرەڕای ئەمە وا دەردەکەوێت کە “سەنعەتیکردن” لە جیاتی نوێسازی یا بەڕۆژاواییکردن و “کۆمەڵگای سەنعەتی” وەک بەدیلێک بۆ “کۆمەڵگای هاوچەرخ” بەکار هاتوە. بۆ وێنە بڕوانە:
Kerr, Industrialism and Industrial Man, pp. 31-86.
[29] I. Pappe, A History of Modern Palestine, 2nd edn. (Cambridge, 2004), pp. 7-8.
[30] ئەم خاڵەم لەم وتارەدا زۆرتر شیی کردوەتەوە:
- Cabi, “The Duality of Official and Local: Historical and Intellectual Foundations,” Middle Eastern Studies (2021). https://doi.org/10.1080/00263206.2021.1891892.
هەروەها بڕواننە ئەم سەرچاوە بۆ باسەکانی ساڵەکانی ١٣٤٠/١٩٦٠ لە ئێران لەم پەیوەندییەدا:
رضا براهنی، تاریخ مذکر: فرهنگ حاکم و فرهنگ محکوم (تهران، ١٣٦٣). صص. ١٠٦-١٠٥.
[31] Amir Hassanpour, Wandering in Adalar Sahilinde, in Joyce Blau l’éternelle chez les Kurdes. Istanbul: Institut français d’études anatoliennes, 2017 (généré le 08 décembre 2017). Http://books.openedition.org/ifeagd/2220.
[32] https://www.awene.com/detail?article=7550
[33] بڕواننە
سارۆ ئەردەڵان، ”سینەما و کۆلۆنیالیزم: پیشاندانەوەی کورد لە سینەمای ئێراندا”، تیشک.
[34] بڕواننە
- Ashcroft, Post-Colonial Transformation (New York, 2001), p. 46, and Ch. 2.
[35] سەبارەت بە سرمایەی فەرهەنگی بڕواننە:
- Bourdieu, “The Forms of Capital”, in John G. Richardson, ed., Handbook of Theory and Research for the Sociology of Education (London, 1986).
[36] M. Bazafkan and M. Rezaei, “Othering the Ethnic Groups: A Meta-analysis of Iranian Identity Studies,” The International Journal of Diverse Identities 20, No. 2 (2020).
داگرتنی بابەت



